هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە 3ی حوزەیرانی 2024 سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی هەردوو پارکی ئالۆکا و سەرهەڵدانی لە شاری دهۆک دانا. رووبەری پارکی ئالۆکا یەک ملیۆن و 575 هەزار مەتر دووجا و پارکی سەرهەلدانیش 130 هەزار مەتر دووجایە و بە گوژمەی 131 ملیار و 898 ملیۆن و 515 هەزار دینار دروست دەکرێن. دروستکردنی ئەم دوو پرۆژەیە لەکاتێکدایە لە هەرێمی کوردستان کێشەی مووچەی فەرمانبەران بەردەوامە و تائێستا مووچەی مانگی چواری هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دابەشنەکراوە و حکومەت چاوەڕێی بەغدایە پارەیان بۆ بنێرێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاماری رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەی لە ئەمساڵدا بڵاوکردەوە. ئەمڕۆ دووشەممە 3ی ئایاری 2024، بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاماری گشتیی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەی لە هەولێڕ بڵاوکردەوە و بەپێی ئامارەکە بێت، لە ئەمساڵدا 407 رووداوی ئاگرکەوتنەوە روویانداوە، لەو ژمارەیە 156 رووداویان سووتانی ماڵ بوون و 94 رووداویشیان سووتانی ئۆتۆمبێل بوون و زۆرترین ئاگریش لە مانگی چواردا کەوتووەتەوە کە 104 ئاگربوون. وەک لە ئامارەکەی بەرگریی شارستانی هەولێر هاتووە، ئەمساڵ 33 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە مارکێت، دوکان و پێشانگەکان روویانداوە و 31 رووداوی ئاگرکەوتنەوەش لە خاشاک و تایە روویانداوە.
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر هەمواری پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2024 کۆبێتەوە. ئەمڕۆ دووشەممە 3ی حوزەیرانی 2024، دارا سێکانیانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە هاوڵاتی راگەیاند، "بڕیارە ئەمڕۆ کاتژمێر 3:00 دوانیوڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای بودجەی ساڵی 2024 کۆبێتەوە کە لەلایەن حکومەتەوە نێردراوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران". بودجەى عێراق بۆ ساڵی 2024 زیاتر لە 211 تریلیۆن دینارە کە نزیکەى 12 تریلیۆن دینارى بەراورد بە ساڵى 2023 زیاترە و لەو بڕە پارەیە 20.9 تریلیۆن دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە. ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو بەشە بودجەیەی لە یاسای بودجەدا بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە بڕێکی باشە، بەڵام جێبەجێکردنی خاڵەکانی یاسای بودجە پەیوەستە بە پابەندبوونی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بەو رێککەوتنەی کە لەنێوانیاندا هەیە".
هاوڵاتی درەنگانی شەوى رابردوو پۆلیسی تورکیا دەروربەری شاروانی جۆلەمێرگی گرت، هەروەها لە وان محەمەد سدیق ئاکش، هاوسەرۆکی شارەوانییەکەیان دەستگیر کرد. بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 3ی حوزەیرانی 2024 جارێکی دیکە لە چوارچێوەی دانانی قەیوم و هەوڵەکان بۆ لەناوبردنی کوردان پۆلیسی تورکیا دەستی بەسەر شارەوانیی جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستان گرت کە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا لە 31ی ئادار، پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان-دەم پارتی، شارەوانییەکەی بەدەستهێنا. بەرەبەیانی ئەمڕۆ پۆلیس هەڵێکوتایە سەر بینای شارەوانییەکە و دەرگاکەیان شكاند، هەموو کەرەستە و پێویستەکانیان لەگەڵ خۆیان برد، هەروەها پۆلیس محەمەد سدیق ئاکیش، هاوسەرۆکی شارەوانیی جۆلەمێرگى لە وان دەستبەسەر کرد. هەروەها دەم پارتی لە دژی هەڵکوتانە سەر شارەوانیی جۆلەمێرگ لە لایەن پۆلیسی دەوڵەتەوە راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و داوای لە هەمووان کرد لە دژی سیاسەتی قەیوم و لەناوبردن، هەڵوێستیان هەبێت.
هاوڵاتی میدیاکانی سووریا رایانگەیاند، "بەرەبەیانی دووشەممە 3ی حوزەیرانی 2024، لە لایەن ئیسرائیلەوە هێرش کراوەتە سەر ناوچەیەک لە نزیک شاری حەلەب و بەو هۆیەوە چەند کەس کوژراون و بریندار بوون و ئەمە دووهەمین هێرشی لەم جۆرەیە لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا". میدیاکانی سووریا وردەکاری زیاتریان لەم بارەوە بڵاونەکردووەتەوە و دەرنەکەوتووە بە دروستی ئەو شوێنەی کە بۆمباران کراوە لە کوێیە، بەڵام رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی سووریا رایگەیاندووە، "هێرش کراوەتە سەر چەند شوێنێک لە شارۆچکەی "حەییان" لە باکوور حەلەب و لانیکەم 12 کەس لە میلیشاکانی سەر بە ئێران کوژراون". بەپێی راپۆرتی رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی سووریا، هێرشەکانی بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 3ی ئایار بووە بە هۆی تەقینەوەیەکی گەورە لە کارگەیەکی و فریاگوزاری خێرا و ئاگرکوژێنەوە خۆیان گەیاندۆتە شوێنی رووداوەکە بۆ رزگارکردنی بریندارەکان. دەوڵەتی سووریا رۆژی چوارشەممە 29ی ئایاری 2024 رایگەیاند، " بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر شاری بانیاس مناڵێک کوژراوەو دەیان کەس بریندار بوون".
هاوڵاتی هیوا عەلی، "وەک وەزارەتى کشتوکاڵ داوامان کردووە زۆرترین گەنمى جووتیارانى هەرێمى کوردستان، لەلایەن حکومەتى عێراق وەربگیرێت، بەڵام عێراق تەنیا 700 هەزار تۆنى دیاریکردووە و ئەوانیش پێى رازى نەبوون". ئەمڕۆ یەکشەممە 2ی حوزەیرانی 2024، گوتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند،" بڕى کڕینەوەى گەنمى جووتیارانى هەرێمى کوردستان، لەلایەن سەرۆکوەزیرانى عێراق یەکلایدەکرێتەوە". هیوا عەلی، دەڵێت، "رۆژى سێشەممە لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، بڕى کڕینەوەى گەنمى جووتیارانى هەرێمى کوردستان، لەلایەن سودانى یەکلایی دەکرێتەوە و چاوەڕێى ئەوەن ئەو بڕە زیادبکرێت، چونکە دوو ملیۆن تۆن بەرهەمى گەنمیان لەهەرێمى کوردستاندا دەبێت". ئاماژەیبەوەشکرد، "وەک وەزارەتى کشتوکاڵ داوایان کردووە زۆرترین گەنمى جووتیارانى هەرێمى کوردستان، لەلایەن حکومەتى عێراق وەربگیرێت، بەڵام عێراق تەنیا 700 هەزار تۆنى دیاریکردووە و ئەوانیش پێى رازى نەبوون". سەبارەت بەوەرگرتنی پرۆسەی گەنمی جوتیارانی هەرێم کوردستان لە لایەن حکومەتی عێراقەوە وتی، "بڕیاربوو یەکى حوزەیران دەست بە وەرگرتنى پڕۆسەى وەرگرتنى گەنمى جووتیاران بکرێت، بەڵام چاوەڕێى بەغداد دەکەن، تاوەکو بڕى وەرگیراوى گەنم یەکلایی بکاتەوە و پاشان پشکى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان لەسەر بنەماى چاندنى دۆنم بە گەنم یەکلایی دەکرێتەوە". ئەمەش لە کاتێکدایە، لەهەرێمى کوردستان 10 سایلۆ و چەندین تانکیى گەورە لە ژێر زەوى ئامادەکراوە بۆ وەرگرتنى گەنمى جووتیارانى هەرێمى کوردستان.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ ماڵدیڤ گەشتی هاووڵاتیانی ئیسرائیل بۆ وڵاتەکە بەهۆی شەڕی غەززەوە قەدەغە دەکات. نوسینگەی سەرۆکایەتی ماڵدیڤ دەڵێت، بڕیارەکەیان وەک هاوسۆزییانە بۆ خەڵکی فەڵەستین. رۆژی یەکشەممە، 2ی حوزەیرانی 2024، گوتەبێژێکی سەرۆکی ماڵدیڤ رایگەیاندووە، سەرۆکی ئەو وڵاتە بڕیارێکی بۆ رێگریکردنی هاووڵاتیانی ئیسرائیل لە گەشتی ماڵدیڤ دەرکردووە. ئەو گوتەبێژە کاتی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی نەخستەڕوو. بڕیارەکەی سەرۆکی ماڵدیڤ دوای ئەوە هات، هاووڵاتی و پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنی ماڵدیڤ گوشاریان لەسەر محەممەد مویزو، سەرۆکی ماڵدیڤ دروستکرد تا قەدەخە بکاتە سەر چوونی گەشتیارانی ئیسرائیل بۆ دورگەکە. لە وەڵامی قەدەخەکردنەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە راگەیێنراوێکدا داوای لە ئیسرائیلییەکان کرد، چیدیکە سەردانی ماڵدیڤ نەکەن. پێش دەرکردنی بڕیارەکەش، ئامارە فەرمییەکانی ماڵدیڤ ئەوە نیشاندەدەن، ژمارەی ئەو ئیسرائیلییانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا سەردانی ماڵدیڤیان کردووە 528 کەسن، ئەوەش 88٪ کەمترە لە ژمارەی گەشتیارانی ئیسرائیلی لەو دورگەیە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ ئاژانسی نیشتمانیی بۆشایی ئاسمانی چین رایگەیاند، بە سەرکەوتوویی کەشتییەکی بێ سەرنشینیان گەیاندە سەر جەمسەری باشووری مانگ. یەکەم جارە لە مێژوودا وڵاتێک بگاتە ئەو شوێنەی مانگ. رۆژی شەممە 1-6-2024، کاژێر 11:23 خولەکی شەو (بەکاتی هەولێر)، ئاژانسی نیشتمانیی بۆشایی ئاسمانی چین رایگەیاند، کەشتی چانگە 6 بە سەرکەوتوویی لەسەر رووی مانگ نیشتووەتەوە. کەشتییەکە لە 3ی ئایاری ئەمساڵەوە نێردراوەتە بۆشایی ئاسمان و درەنگانێکی دوێنێ شەو گەیشتووەتە سەر جەمسەری باشووری رووی مانگ. ئامانجی کەشتییەکە وایە بەرد و خۆڵی سەر ئەو ناوچەیەی مانگ بگەڕێنێتەوە سەر زەوی. بڕیارە کەشتییەکە 3 رۆژ لەسەر رووی مانگ بمێنێتەوە و نزیکەی 2 کیلۆگرام خۆڵ و بەرد لە رێگەی کونکەرێک و دەستێکی میکانیکییەوە کۆبکاتەوە. ئەمە یەکەم جارە مرۆڤایەتی بەردی ئەو ناوچەیەی مانگ بگەڕێنێتەوە سەر زەوی. ئاژانسەکە رایگەیاندووە، پێش ئەوەی کەشتییەکە بنیشێتەوە، بە دەوری خولگەی مانگدا بۆ ماوەیەک خولاوەتەوە و چاوەڕێی نیشتنەوەی کردووە. کەشتییەکەی سەر مانگ دوای ماوەیەک لە خولڕۆکە (ئۆربیتەر) جیابووەتەوە و بۆ بەرزایی نزیکەی 100 مەتر لە رووی مانگ نزیک بووەتەوە. بە بەکارهێنانی لەیزەرێکی سێ رەهەندی پشکنینی بۆ بەرز و نزمی ناوچەی نیشتنەوەکە کردووە و شوێنێکی بۆ نیشتنەوەیەکی بێ ترس دیاریکردووە. تەواوی کۆقۆناخەکە لەلایەن مانگی دەستکردی چینیی چوەیچیاوەوە چاودێریکراوە. میدیای فەرمیی چین، نیشتنەوەی کەشتییەکەی لەسەر رووی مانگ بە "کاتێکی مێژوویی" پەسندکرد. چین لە 10ساڵی رابردوودا هەوڵی جیددی بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆگرامی بۆشایی ئاسمان داوە، ئەوەش بۆ رکابەریکردنی رووسیا و ئەمریکا لەو مەیدانەدا. تاوەکو ئێستا بە سەرکەوتوویی توانیویەتی رۆبۆت بۆ سەر مانگ و مەریخ بنێرێت و ئامانجیشی وایە تا 2030 مرۆڤ بنێرێتە سەر مانگ و لەسەر مانگ بنکەیەک دروست بکات.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ ئەحمەدی نەژاد، سەرۆکی پێشووی ئێران خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەو وڵاتە بۆ جاری سێیەم بەربژێردەکاتەوە. ئەمە لەکاتێکدایە، دوای ماوەی سەرۆکایەتییەکەی تاوەکو ئێستا دوو جار ویستوویەتی خۆی بەربژێربکاتەوە، بەڵام لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای پارێزەرانی ئێرانەوە داواکارییەکەی قبوڵ نەکرا. رۆژی یەکشەممە 2-6-2024، ئەحمەدی نەژاد، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران، داواکاریی بۆ بەربژێربوونی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێراندا پێشکێشی ئەنجوومەنی پارێزەران کرد. دوای پێشکێشکردنی داواکارییەکەی رایگەیاند، "دڵنیام ئەگەر ئەوپەڕی توانای نیشتمانیی خۆمان بەکاربهێنین، تەواوی کێشەکانی وڵاتەکە چارەسەر دەبن". بڕیارە 28ی حوزەیرانی ئەمساڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕێوەبچێت. ئەوەش دوای ئەوەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لە رووداوێکی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەدا گیانی لەدەستدا. ئەحمەدی نەژاد تەمەنی 67 ساڵە و لە 2005 تاوەکو 2013 سەرۆککۆماری ئێران بووە. لە ماوەی سەرۆکایەتی ئەحمەدی نەژاددا، پەیوەندی نێوان ئێران و رۆژئاوا لەوپەڕی خراپیدابووە. هۆکاری سەرەکیش بۆ ئەوە، پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران بوو. داواکاریی بەربژێربوونی ئەحمەدی نەژاد لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزەرانی ئێرانەوە دەبێت پێداچوونەوەی بۆ بکرێت، پاشان دەتوانێت دەست بە کامپەینەکەی بۆ بوونەوە بە سەرۆککۆماری ئێران بکات. لە 2017 و 2021دا لەلایەن ئەنجوومەنەکەوە داواکارییەکەی رەتکرایەوە. وەڵامی داواکارییەکەی ئەحمەدی نەژاد و بەربژێرەکانی دیکەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران، 11ی ئەم مانگە دەدرێتەوە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ یەکشەممە 1ی حوزەیرانی 2024، کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر لە ڕێگەی راگەیندراوێکەوە ئاگاداری هاوڵاتیانی عێراقی دەکاتەوە و دەڵێت، بە کورتەنامە و پەیوەندی پێوەکردنی تر هەڵمەخەڵەتێن، مامەڵەش لە گەڵ هیچ بانکێکدا مەکەن جگە لە بانکی بەغدا بۆ پارەدانی ڤیزای ئەمریکا. کونسوڵخانەی ئەمریکا دەشڵێت، ئەگەر پەیوەندیتان پێوەکرا لە رێگەی کورتەنامە یان تەلەفۆن و ئیمێڵەوە بۆ ناردن یاخود حەواڵەکردنی پارە لە بەرامبەر پێدانی ڤیزادا، ئەوە ساختەکارییە و دەبێت خۆتی لێ بەدووربگریت. ئاماژەی بەوەشداوە، مامەڵە لە گەڵ هیچ بانکێکدا مەکەن جگە لە بانکی بەغداد بۆ پارەدانی ڤیزای ئەمریکا. ئەوەشی خستۆیەڕوو، مەهێڵن هەڵتانبخەڵەتێنن، تەنیا شوێن کە پارەی ڤیزای گەشتیاریی ئەمریکای لێوە دەدرێت، یەکێك لە لقەکانی بانکی بەغدایە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لاپەڕەیەکی تایبەت بە خۆی لە تیکتۆک داناوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرۆکی ئەمریکا بوو کامپەینێکی فراوانی دژی تیکتۆک راگەیاند و هەوڵی قەدەخەکردنی لە ئەمریکا دەدا. لە یەکەم ڤیدیۆیدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردووەتەوە، ترەمپ لەگەڵ دانا وایت، سەرۆکی یو ئێف سی دا دەردەکەوێت. لە ڤیدیۆکەدا وایت دەڵێت، "سەرۆک ئێستا لە تیکتۆکە"، پاشان ترەمپ دەڵێت، "جێگەی شانازیمە". لاپەڕەکەی دۆناڵد ترەمپ لەسەر تیکتۆک باجی فەرمیی لەسەرە و تاوەکو ئێستا تەنیا یەک ڤیدیۆی تێدا بڵاوکراوەتەوە. تەنیا لە ماوەی یەک رۆژدا 650 هەزار شوێنکەوتووی لە خۆی کۆکردووەتەوە و ڤیدیۆکەش کە بڵاویکردووەتەوە 6 ملیۆن جار بینراوە. لایەنگرانی ترەمپ دەڵێن، بەشداریکردنی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە تیکتۆک بۆ ئەوەیە پەیامی، تێڕوانینی " ئەمریکا یەکەمینە"ی ترەمپ بگەیێننە هەموو سووچێکی وڵاتەکە. تۆڕی کۆمەڵایەتی تیکتۆک لەلایەن 170 ملیۆن ئەمریکییەوە بەکاردەهێنرێت. لە پێشوودا ترەمپ دژی بەکاربردنی تیکتکۆک بوو و هەوڵی قەدەخەکردنی لە ئەمریکا دەدا. دروستکردنی لاپەڕەی تیکتۆک لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە لەکاتێکدایە، دوو رۆژ لەمەوبەر لەلایەن دادگەیەکی ئەمریکاوە تاوانبارکرا بەوەی، لەو کاتەدا ویستوویەتی کامپەینی بۆ بوون بە سەرۆکی ئەمریکا کردووە، پارەی داوەتە ئەکتەرێکی فیلمە رووتەکان تاوەکو پەیوەندیی نێوانیان بشارێتەوە.
هاوڵاتی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بەدڵنیایەوە پارێزگاری کەرکوک کورد دەبێت و بەدڵی هەمووان دەبێت. ئەمڕۆ یەکشەممە 2ی حوزەیرانی 2024، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە دڵنیایەوە پارێزگاری کەرکووک کورد دەبێت و بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکە لەگەڵ لایەنەکان لە گفتوگۆ دان، لە ئاییندەیەکی نزیکدا پارێزگارێک دیاری دەکەن کە بە دڵی هەمووان بێت. سەبارەت بە سەردانەکەی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێم بۆ بەغدا، سەردانێکی زۆر سەرکەوتووبووە. دەشڵێت، لە بەغدا هەموو لایەنەکان کۆک بوون لەسەر ئەوەی بابەتی مووچە بەیەکجاری و بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێت، سەرۆکی حکومەت زۆر سوورە لەسەر ئەوەی لە ئاییندەیەکی نزیکدا ئەم بابەتە چارەسەر بکرێت.
هاوڵاتی هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ دوو وەزیری راستڕۆی ئیسرائیلی هەڕەشەی ئەوە دەکەن، ئەگەر ئیسرائیل بە پێشنیازی ئاگربەستەکەی ئەمریکا قایل بێت، دەست لەکاردەکێشنەوە. ئەمە دوای ئەوەی رۆژی هەینی جۆ بایدن پێشنیازی بۆ ئاگربەستێکی "تەواوەتی" کرد. رۆژی یەکشەممە 6-2-2024، ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایش و بیزالێل سمۆتریک، وەزیری دارایی ئیسرائیل رایانگەیاند، ئەوان بە تەواوەتی دژی ئاگربەستن. بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش پێشتر ئەوەی راگەیاندبوو کە هێشتا ئامادەی ئاگربەست نین. بیزالێل سمۆتریک لە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا رایگەیاندووە، "ئەوەم بۆ [بنیامین ناتانیاهو] روونکردووەتەوە، کە نابم بە بەشێک لەو حکومەتەی بە پێشنیازی ئاگبەستەکە رازیبێت و پێش لەناوبردنی حەماس و گێڕانەوەی تەواوی بارمتەکان جەنگ رابگرێت". هاوکات ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی ئیسرائیل پێشنیازەکەی بە "لەرزۆک" و "سەرکەوتنی تیرۆر" ناوبردووە و دەشڵێت، قایلبوون بەو ئاگربەستە مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل. ئیتامار کە سەرۆکی پارتێکی هاوپەیمانی ناتانیاهووە و بەیەکەوە حکومەتی ئێستای ئیسرائیلیان پێکهێناوە دەڵێت، ئەگەر سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە ئاگربەستەکە قایلبێت، پارتی ئۆتزما یەهوودی حکومەت هەڵدەوەشێنێتەوە. لەم کاتەدا بنیامین ناتانیاهو لە ژێر گوشارێکی گەورەی ناوخۆیی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دایە. هەرچی ئیسرائیلە دابەشبوون بەسەر دوو بەرەدا، بەشێکیان دەڵێن نابێت ئاگربەستەکە قبوڵ بکرێت و بەشێکیشیان بە پێچەوانەوە. بزوتنەوەی حەماس هەرزوو رایگەیاند، پێشنیازەکەیان بە ئەرێنیانە لێکداوەتەوە و ئامادەی هەر گفتووگۆیەکن لەبارەی ئاگربەستی هەمیشەییەوە بکرێت. رۆژی هەینی، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازی ئاگربەستێکی سێ قۆناخیی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی 8 مانگەی نێوان ئیسرائیل و حەماس کرد. قۆناخەکان بریتین لە ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان لە بەرامبەر ئازادکردنی بەندکراوە ئیسرائیلییەکان، دواتر گفتوگۆی نێوان حەماس و ئیسرائیل بۆ دڵنیابوون لە دروستنەبوونی پێکدادانی دیکە لە داهاتوودا و پاشانیش پلانێک بۆ بنیاتنانەوەی غەززە.
هاوڵاتی تیمی گۆیژە بپارێزە، زۆر بەتوندی ئیدانی تێکدانی سروشتی شاخی گۆیژە دەکەین، کە ماوەی چەند رۆژێکە لالیەن هەندێک کۆمپانیا زەویەکەی هەڵدەکەندرێت و بۆ پڕۆژەی نیشتەجێبوون بەکاردەهێنرێت. ئەمڕۆ یەکشەممە 2ی حوزەیرانی 2024، تیمی گۆیژە بپارێزە، کە پێکدێن لە چەندین چالاکوانی ژینگەی و نوسەر و رۆشنبیران و رۆژنامەنووسان، لە رێگەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بەیاننامەیەکیان خوێندەوە و رایانگەیاند، لە شوێنی ئەوەی شاخی گۆیژە زیاتر سەوز پۆش بکرێت و بۆ خزمەتی گشتی بەکاربهێنرێن لە لایەن چەند کۆمپانیایەکی سەر بەدەسەڵات دەکرێن بە پرۆژەی نیشتەجێبوون. دەشڵێن، دوای ئەوەی ئەم شاخە بەم شێوازە دەشێوێنرێت و سیمای شاری سلێمانی ناشرین دەکەن و دەیکەن بە پرۆژەی نیشتەجێبوون دواتر دەیخەنە خزمەتی چینە سەرمایەدارەکانی شارەکە. ئەوەشیانخستەڕوو، سەرجەم بڕگەکانی یاسای دادگای فیدراڵی و هەرێم کوردستانیش تایبەت بە زەوی و نیشتیمان لە کاتێکدا بەکاردەهێنرێن، کە لە خزمەتی گشتی و هاوڵاتیاندا بێت، بەڵام ئەوەی دەیبینین لە شاخی گۆیژە تەنها داگیرکاری شاخەکە و زەویەکەیە لە لایەن چەند لایەنێکە و پێچەوانەی یاسا و رێساکانە. جێگەی ئاماژەیە ، ماوەی چەند رۆژێکە شاخی گۆیژە لە لایەن چەن لایەنێکەوە دەکرێن بە پرۆژەی نیشتەجێبوون و سروشتەکەی تێکدەدرێت ئەمەش نارەزایەتی چین و توێژەکانی شاری سلێمانی لێکەوتۆتەوە و داوادەکەن بەزووترین کات پرۆژەکە رابگیرێت.
هاوڵاتی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە لەبارەى چالاکییى گەریلاکانیى ئازادیی کوردستان لە دژى تورکیا و هێرشەکانی راگەیاندراوێکى بڵاو کردەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە 2ی حوزەیرانی 2024، هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە رایگەیاند، "لە 16 چالاکیی گەریلاکانى یەژاستار و هەپەگەدا لە ڕۆژی 30ی ئایار تا 2ی حوزەیران لە هەرێمی شەهید دەلیلى رۆژئاوای زاپ لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئامێدی، لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئێف ئێم، گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی و لە هەرێمی مەتینا گۆڕەپانی میسکای بە چەکی قورس، چەکی نیو ئۆتۆماتیک و قەناس لە داگیرکەرانیان داوە لە ئەنجامدا گورزیان لە داگیرکەران وەشاندووە". ئاماژە بەوەش کراوە، "لە 30 و 31ی ئایار لە هەرێمی شەهید دەلیل رۆژئاوای زاپ لەسەر تونێلەکانی گەریلا لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئێف ئێم، 21 جار گازی کیمایی ژەهراویی بەکار هێنراون". ئەوەش هاتووە، "30ی ئایار لە هەرێمی شەهید دەلیل رۆژئاوای زاپ لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی بە درۆن بۆردوومان کراوە، 29ی ئایار و 1ی حوزەیران هەرێمی شەهید دەلیل رۆژئاوای زاپ تونێلەکانی گەریلا لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئامێدی هەشت جار بە تەقەمەنی قەدەغەکرا و بۆردوومان کراون". ئەوەشی ڕاگەیاندووە، "31ی ئایار و 1ی حوزەیران لە هەرێمی گارێ لە گۆڕەپانەکانی دەشتی کافیا، شاخی زنگەل، دەرگای ورچ و دێرەشێ، لە هەرێمی مەتینا لە گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی بازێ، سەری مەتینا و دەگەل، لە گۆڕەپانی سنینی هەرێمی خواکوڕک جارێک، لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ، بە گشتی 18 جار بە فرۆکەی جەنگی بۆردوومانکراون".