هاوڵاتی هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر تۆمەتبارێکی بە رەگەز عەرەبی خەڵکی سووریای بەتۆمەتی کوشتن دەستگیرکرد. ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی ئایاری 2024، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، "چەند رۆژێک لەمەوبەر کەسێک لە دەورووبەری هەولێر دەکوژرێت و دوای رووداوەکە و لەماوەی کەمتر لە نیو کاتژمێردا، هێزەکانی پۆلیسی هەولێر تۆمەتباریان دەستگیرکرد". ئاماژە بەوەشکراوە، "تۆمەتبار لەسەر مادەی هۆشبەر بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر ئامۆزاکەی خۆی و کووشتوویەتی، دوای ماوەیەکی کورت لە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی هەولێر دەستگیرکرا".
هاوڵاتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان وەڵامی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراقی دایەوە لەبارەی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی بەپەلە لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان. ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی ئایاری 2024، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "سەبارەت بە نوسراوى وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کۆبوونەوەی بەپەلە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، ئێمە وەکو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ ئەوەدا بووین بەزووترین کات کێشەکە چارەسەر بکرێت و نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جیهانەوە بۆ دەرەوە هەناردە بکرێت. بۆ ئەم مەبەستە چەندین جار سەردانی بەغدامان کردووە و لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لەگەڵ سەرۆكى لیژنەی دارایی پەرلەمان و هەروەها لەگەڵ لیژنەی حکوومەتی فیدراڵ لە هەرسێ وەزارەتی نەوت و پلاندانان و دارایی کۆبووینەوە و کۆنووسەکەشی واژۆ کرا". ئاماژە بەوەشکراوە، "دوایین جاریش لە ڕۆژانی 19 و 20ی مانگى ئايار لێژنەکە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کۆبووەوە، ئێستا چاوەڕێین ئەنجامی کۆبوونەوەی لیژنەکە دەربچێت، هەروەها ئامادەین هەفتەی داهاتوو سەردانی بەغدا بکەین بەمەبەستى چارەسەرى ئەم بابەته". دوێنێ سێشەممە 28ی ئایاری 2024، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "بە پەرۆشین بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بۆیە داوا لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت دەکەین بە زووترین کات لە بەغدا کۆبوونەوەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بکرێت". ئاماژەی بەوەشدا، "کۆبوونەوەکە بەمەبەستی لێکۆڵینەوە و گفتوگۆکردن دەبێت لەسەر پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و رێککەوتن بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی بەرهەمهێنراو لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە بەپێی ئه و بڕه ی له یاسای بودجەدا جێگیركراوه".
هاوڵاتی بۆ جاری سێیەم سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ لایەنە براوەکانی کەرکوک لەسەر پرسی پارێزگاری کەرکوک کۆبووەوە. ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی ئایاری 2024، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ بەرپرسی یەکەمی لایەنە براوەکانی کەرکوک لەسەر پرسی پارێزگاری کەرکوک کۆبووەوە و کەمێک پێش ئێستا کۆبوونەوەکە کۆتایی هات. بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بێت، رێککەوتنی سیاسی لایەنەکان لەسەر دیاریکردنی پۆستەکان پەسەندکراوە و پێداچوونەوە بە هەندێک بڕگەی کراوە، هەروەها بڕیاردراوە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆببێتەوە. هەر بەپێی راگەیەندراوەکەی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بێت، لە کۆبوونەوەکەدا رێککەوتن کراوە دەست بە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک بکرێت. بەپێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کە رۆژی 18ی کانونی یەکەمی 2023 بەڕێوەچوو، کورد حەوت کورسی بەدەستهێنا، یەکێتی پێنج کورسی و پارتی دوو کورسی، هەروەها عەرەب پێنج کورسی و تورکمانیش دوو کورسیان بەدەستهێنا لەگەڵ کورسییەکی کۆتای کریستیانەکان.
هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی ئایاری 2024، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوە، کە میوانداری فەهمی بورهان سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کرابوو، ڕاپۆرتێکی وردی لەبارەی کار وچالاکییەکانی دەستە و دۆخی ئێستای ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی خستەڕوو، لە هەمانکاتدا ڕەشنووسی نەخشەڕێگەیەکی پێشنیار کرد لەسەر ئاستی بەرپرسیارێتی دامەزراوە تایبەتمەندەکانی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ لە ناویشیاندا ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەرانی فیدڕاڵ تایبەت بە ناوچە کوردستانیەکان لەبەر ڕۆشنایی ماددەی 140 ی دەستووری عێراق و کارکردن لە پێناو دیاریکردنی چارەنووسی ئەو ناوچانە و گەڕانەوەیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، کە ئاماژەی بە ڕێکاری هەنووکەیی و خێرا بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ئیداریی و ئەمنی و سەربازیی ئێستای ناوچە کوردستانییەکان و هەڵوەشاندنەوە و بەرگرتن لە ڕێکارە قبوڵنەکراوەکانی سیاسەتی بەعەرەبکردن کرد، ئەمەش پێش هەموو شت پێویستی بە یەک دید و هاوهەڵوێستی نیشتیمانیی هەموو هێز و لایەنە کوردستانیەکان هەیە. هەر لە میانەی ڕاپۆرتەکەی سەرۆکی دەستە، ئاماژەی بە هەموو ئەو دۆخە دژوار و سەخت و ڕەفتارە نا دەستوورییانە كرد کە ئەم ناوچە کوردستانییانە دووچاری دەبنەوە لە ڕووی بەردەوامبوونی سیاسەتی بەعەرەبکردن و داگیرکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان و دەرکردنی هاونیشتمانییانی کورد لە سەر زێدی باب و باپیرانیان و هەموو ئەو پێشێلکارییانەی دژ بە خەڵکی ڕەسەنی ئەم ناوچانە دەکرێن. سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ، دەستخۆشی لە سەرۆکی دەستە و هەموو کارمەندانی دەستە کرد بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە بەرفراوان و پڕ زانیارییە و خستنەڕووی ڕاستییەکان لە بارەی دۆخی سەختی ئەو ناوچانە، هەروەها سوپاس و پێزانینی بۆ خۆڕاگریی و لەخۆبردوویی و هەڵوێستی نیشتمانپەروەرانەی کوردستانییانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەربڕی و دووپاتیکردەوە کە هەرێمی کوردستان بەهیچ شێوەیەک ، دەستبەرداری ئەو ناوچە کوردستانییانە نابێت و داوا دەکات لە سەر بنەمای دەستوور کێشە و پێشێلکاری و دۆخی ناخوازراوی ئەو ناوچانە چارەسەر بکرێت. دواتر جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە سەرۆکی دەستە و هاوکارانی، پشتیوانی خۆی بۆ هێنانەکایەی نەخشەڕێگە و سیاسەتێکی نیشتیمانی و کوردستانییانە دەربڕی بۆ ناوچە کوردستانیەکان و کارکردنی جدیی لەسەر ئاستی دامەزراوەکانی هەرێم و فیدڕالیش بۆ بەجێگەیاندنی بەرپرسیارێتی جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور و دەستبەجێ ڕاگرتنی هەموو ئەو هەنگاو و ڕێکارانەی ئێستا دەگیرێنەبەر لەو ناوچانە کە هیچ خزمەت بە گیانی پێکەوە ژیان لەو ناوچانە ناکات. ئەنجومەنی وەزیران داوای کرد دۆخی ئەو ناوچە کوردستانییانە ئاسایی بکرێتەوە و کۆتایی بەو ڕەوش و دۆخە سەربازییە بهێنرێت کە بەسەر ئەو ناوچانە سەپێنراوە و هەموو پێشێلیکاریی و دەستدرێژییەک بۆ سەر هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە کۆتاییان پێ بێت و لە چوارچێوەی دەستوور و بەتایبەتی ماددەی 140 كێشە و ناکۆکییەکان چارەسەر بکرێن. لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەکی باڵای وەزاریی پێکهێنا بۆ پێداچوونەوە بە ڕەشنووسی نەخشەڕێگەی دەستەکە بۆ ناوچە کوردستانییەکان و دانانی پلانی جێبەجێکردنی بۆ ئەو نەخشەڕێگەیە و دۆسیەی خاک، کە لەکارە لەپێشینەکانی حکومەتە و داوای سەرەکی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان بووە و لەم پێناوەدا جەنگاوە و ئەرکی ئێمەیە بەردەوام بین لە داکۆکیکردن لەسەر ئەم ناوچانە و نابێت بە هۆی سیاسەتی سەرقاڵکردنی هەرێم بە بابەتەکانی دیکەوە، ئەم دۆسیەیە پشتگوێ بخرێت. بڕگەی دووەم بریتی بوو لە خستنەڕووی ڕاپۆرتێک لەبارەی خشتەکانی هاوپێچی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ بۆ ساڵەکانی 2025-2024 کە لە کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ لەڕێکەوتی 2024/5/19 پەسەند کرا ئەمەش دوای کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان هات لەگەڵ لیژنەی وەزاریی فیدراڵ تایبەت بە تەرخانکراوەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەم خشتانەوە، راپۆرتەکە لەلایەن ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و شاندی دانوستانکار خرایەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە شاندی هەرێم کە دواجار پێداچوونەوەی پێویستی لە سەر خشتەکانی تایبەت بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ئەنجامدا بە ئاراستەی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، لە هەمانکاتدا داوا لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنە کوردستانیەکان کرا کە بە یەک دەنگ داکۆکی لە ماف و شایستەکانی هەرێم بکەن لە خشتەکانی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2024 و 2025. ئەنجومەنی وەزیران، شاندی دانوستانکاریی هەرێمیشی ڕاسپارد لە هەماهەنگی پێویستدا بن لەگەڵ پەرلەمانتارانی کوردستانی لە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی و مافە دەستووریی و شایستەکانی مووچەخۆرانی هەرێم، چونکە هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردووە و لە دوا هەنگاویشدا ڕۆژی 2024/5/26 وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم بڕی 85 ملیار و 199 ملیۆن و 634 هەزار دیناری بە نەقدیی خستە سەر حیسابی وەزارەتی دارایی عێراقی فیدڕاڵ وەک بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتە نانەوتیەکانی هەرێمی کوردستان، کاری جدییش کراوە لەسەر ئاسانکاریی بۆ بە بانکیکردنی مووچەی هەرێم لە لایەن بانکی تی بی ئای وەک بانکێکی حکومی فیدڕاڵیی و داتا و زانیاریی پێویستی ژمارەیەک لە مووچەخۆرانی هەرێم ئاراستەی بانکەکە کراوە بۆ کردنەوەی حیسابی بانکیی بۆیان، هەروەها ڕاپۆرتی وردبینی لیستی مووچەی هێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگە تەواوکراون و ئاراستەی حکومەتی فیدڕاڵ کران کە بەداخەوە زیاتر لە 50 ڕۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە. سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە پێویستە سەرجەم وەزارەتەکان بەردەوام بن لە هەماهەنگیکردن لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بۆ خەرجکردنی مووچەی هەرێم و پێویستە لیستی مووچەخۆران و تەرازووی پێداچوونەوەی داهات و خەرجی هەرێم بێ کەموکورتی و لە کاتی خۆیدا ، ڕەوانەی حکومەتی فیدڕاڵ بکرێت و لە بەرامبەریشدا، حکومەتی فیدڕاڵ بەرپرسیارێتی دەستووریی خۆی بۆ ناردنی بەشی بودجەی هەرێم بەجێبگەیەنێت و چیتر مووچەخۆرانی هەرێم لە دڵەڕاوکێدا نەبن. لە بڕگەی سێیەمدا، کوێستان محەمەد وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی ڕاپۆرتێکی وەزارەتەکەی خستەڕوو کە تایبەت بوو بە برەودان بە سندوقی پشتیوانی پڕۆژە بچووکەکانی لاوان و پێشکەشکردنی ئاسانکاریی زیاتر کە ئەم سندوقە پاڵپشتی دارایی بۆ پڕۆژەی بچووک و مام ناوەند دابین دەکات لە چوارچێوەی پڕۆژەی (گەشانەوە) کە پڕۆژەیەکی هاوبەشی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتە لە پێناو دابینکردنی قەرزی ئاسان بۆ کارخوازان. ئەنجومەنی وەزیران وەک کارئاسانیی بۆ ئەو هاووڵاتیانەی کە سوودمەند بوون لە وەرگرتنی قەرزی بچووک لە ساڵانی پێشوودا، بڕیاریدا بە لێخۆشبوون لە ڕێژەی %20 لە کۆی گشتی بەرکەوتەکانی نەگەڕاوە، دوای ئەوەی بەدواداچوون دەکرێت بۆ دۆسیەی ئەو سوودمەندانەی کە پڕۆژەکانیان سەرکەوتوو نەبووە بەهۆی هۆکاری بەدەر لە ویست و ئیرادەی خۆیان ،بۆ ئەوەی بڕیاری پێویستیان لەبارەوە بدرێت. لە کۆتاییدا دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و ونیشتەجێکردن ، راپۆرتێکی سەبارەت بە ڕێگەو بانە سەرەکییەکانی نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان و کاریگەریی هاتووچۆی تانکەر و بارهەڵگرەکان و بەتایبەتیش ڕێگەوبانی نێوان هەولێر و سلێمانی خستەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی ڕاسپارد بە هەماهەنگی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سکرتاریەتی ئەنجومەن و وەزارەتی دارایی وئابووری و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە بۆ پێداچونەوە بەم دۆسیەیە لە ڕووی یاسایی و گرێبەستی پڕۆژەکانی ڕێگەوبان و میکانیزم وڕێکاری پەلەکردن لە تەواوکردنی پڕۆژەکانی دووسایدکردنی ڕێگەوبانی نێوان شارە سەرەکییەکان بە تایبەتی لە نێوان هەولێر و سلێمانی.
هاوڵاتی مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی قەرەداغ تەرمی ئەو هاوڵاتییەیان دۆزییەوە کە لەسەرەتای ئەم مانگەوە چارەنووسی نادیار بوو. ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی ئایاری 2024، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، "دوای ئەوەی هاوڵاتییەک بەناوی (نەجمەدین محمد ساڵح) تەمەن 75 ساڵ لەڕۆژی 1ی 5ی 2024وە لەماڵ چوبووە دەرەوەو چارەنووسی نادیار بوو، هێزەکانی پۆلیس بەردەوامبون لەگەڕان و پشکنین و لێکۆڵینەوەکانیان بۆ دۆزینەوەی هاوڵاتییەکە، سەرەنجام ئەمڕۆ تەرمی هاوڵاتییەکە لەقۆپییەکانی قەرەداغ لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دۆزرایەوە". ئاماژە بەوەشکراوە، "لەئێستادا تیمەکان سەرقاڵی گواستنەوەی تەرمەکەن بۆ پزیشکی دادوەریی بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لەهۆکاری گیانلەدەستدانی هاوڵاتییەکە".
هاوڵاتی ماڵپەڕی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسداران راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە باس لەوە دەکات کۆماری ئیسلامی "تەکنۆلۆژیای"ی مووشەکی بالیستیکی دژە کەشتی داوە بە حووسییەکانی یەمەن. ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا ( سێنتکۆم) چەند رۆژ لەوە پێش باسی لەوە کرد حووسییەکان پێنج مووشەکی بالیستیک و پێنج درۆنیان بەرەو دەریای سوور هەڵداوە هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانی و سەربازییەکان لە دەریای سوور. ماڵپەڕی تەسنیم رۆژی چوارشەممە 29ی ئایاری 2024 لە راپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە یەکەم مووشەکی بالیستیکی دەریایی کۆماری ئیسلامی بە ناوی ''قەدر" گەیەنراوەتە دەست حووسییەکانی یەمەن. کۆماری ئیسلامی پێشتر چەندجار ئەوەی رەت کردبۆوە کە ئێران یارمەتی سەربازی حووسییەکان ئەدات . ئەمیر سەعید ئیرەوانی، باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی لە نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی 18ی شوباتی 2024 لە نامەیەکدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند کۆماری ئیسلامی بە هیچ شێوەیەک چەک و چۆڵ و تەقەمەنی ناگەیەنێتە دەست حووسییەکان و راپۆرتی پێشتری سێنتکۆمی بە ناراست زانی کە باسی لە هاوکاری سەربازی و پشتیوانی ئێران لە حووسییەکان کردبووە. ماڵپەڕی تەسنیمی دەربارەی مووشەکی قەدر نووسیویەتی "ئەم مووشەکە لە بیرۆکەکەوە تا دروست بوونی بە تەواوەتی ، لە لایەن حەسەن تێهرانی بەڕێوەبەری رێکخراوی جیهادی خۆبژێوی سوپای پاسداران بوە کە 12ی تشرینی دووهەمی 2011 بە هۆی تەقینەوەیەکی گەورە لە دامەزراوەی مووشەکی (بیدگێنە) لە مێلارد کوژرا".
هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی ئایاری 2024، بە مەبەستی چارەسەکردنی کێشەی ژینگەی سلێمانی بەتایبەت هەڵکەندن و تێکدانی سروشتی شاخی گۆیژە دەستەی داکۆکیکاران لە سروشتی سلێمانی لەگەڵ سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی کۆبوونەوە. لەم بارەوە شوان محەمەد، رۆژنامەنوس بە هاوڵاتی راگەیاند، "ئێمە وەک و ئەندامانی دەستەی داکۆکیکار لە سروشتی شاری سلێمانی کە پێکدێین لە چەند کەسێک لەسەر داوای سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی سەردانمان کردن، بە مەبەستی وەستاندنی ئەو سەرپێێچیانەی بەرامبەر شاخی گۆیژە دەکرێت و سروشتەکەی بەرەو لەناوبردن دەبات". وتیشی، "لەدوای 2 کاتژمێر و نیو لە کۆبوونەوە لەگەڵیان نەگەیشتین بەهیچ و ئەوان تێکدانی سروشتی بناری گۆیژە بە یاسایی ناودەبن و دەڵێن کە کۆمپانیاکان بە شێوەیەکی یاسای داوای ئەو زەویانەیان کردووە و بەکاری دەهێنن". شوان محەمەد ئاماژەی بەوەشدا،" لە ئێستدا کۆمپانیاکان کار تەنها لەسەر دووگردی بناری شاخی گۆیژە دەکەن بەڵام لە پلانیان دایە دوو گردی تریش بەکاربهێنن بۆ پڕۆژەکانیان". جێگای ئاماژەیە، ماوەی چەند رۆژێکە بناری شاخی گۆیژە لە لایەن چەند کۆمپانیایەکەوە بۆ مەبەستی دروستکردنی پرۆژەی نیشتەجیبوون بەکار دەهێنرێت و بۆتە هۆکاری تێکادانی سروشتەکەی بەمەش نارەزای چین و تەوێژەکانی کۆمەڵگەی لێ کەوتۆتەوە.
هاوڵاتی بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و دەنگ و رەنگی کۆماری ئیسلامی رایگەیاند، شەش هەواڵنێر و ئامادەکاری بەرنامە، کە کاریان بۆ گرووپی " بعثە ایران" دەکرد و سەر بە ئایەتوڵڵا خامنەیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بوون، دوای چەند کاتژمێر دەستبەسەربوون لە سعوودییە دەرکراون. ئەم 6 کەسە کە لە لایەن "پەیمان جەبەلی" بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و دەنگ و رەنگی کۆماری ئیسلامییەوە، وەک ئەندامانای " گرووپی میدیایی بەعسە کۆماری ئیسلامی لە مەدینە" ناوبراون، پێش نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە ٢٩ی ئایار گەڕانەوە بۆ تاران. نوێنەرایەتی عەلی خامنەیی رێبەری ئێران بۆ کار و باری حەج "بعثە"ی بە مانای ناردنی دەستەو تاقم یان وەفدی سەربازی، سیاسی، کەلتووری بۆ شوێنێک یان ئەرکێکی پێسپێردراو مانا کردۆتەوە. بەڕێوەبەری گشتی دەنگ و رەنگی ئێران رایگەیاندووە، ئەم کەسانە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکە میدیاییەکانی خۆیان و تۆمارکردنی قورعان خوێندنەوە لە مەزگەوتی نەبی ، دەستگیرکراون و دوای لێپرسینەوە نێردراونەتەوە بۆ ئێران. میدیاکانی ئێران تا ئێستا لەمبارەوە هیچیان نەدرکاندووە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی ئایاری 2024، کۆڵبەرێکی خەڵکی سەردەشت بە ناو سینا رەسووڵزادە لە ناوچە سنوورییەکانی بانە لە لایەن هێزە سنوورییەکانەوە کوژرا. بە پێی هەواڵێک، کە ماڵپەڕی کۆڵبەر نیوز بڵاویکردۆتەوە، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری سەرتەزێنی بانە، تەقەیان لە کارونێکی کۆڵبەرەکان کردووە و بەو هۆیەوە کۆڵبەرێکی تەمەن 19 ساڵ بە ناوی سینا رەسووڵزادە خەڵکی گوندی نەڵاسی شاری سەردەشت بە تەقەی راستەوخۆ هێزە سنووریەاکان کوژرا. بە پێی ئامارەکان، لە سەرەتایی ساڵی 2024ەوە تا ئێستا 13 کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان کوژراون و دەیان کۆڵبەریش بریندار بوون.
هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی ئایاری 2024، بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، "لهههڵمهتێكی مهفرهزهكانی بنكهی پۆلیسی دهربهندیخاندا چوار تۆمهتبار دهستگیركران، كه بهنیازبون لهقهزای دهربهندیخان دزیی بكهنو دانیان بهتاوانهكهیاندا ناوه". ئەوەشخراوەتەڕوو، "دوای ئهوهی هێزهكانی پۆلیس چاودێرییان خسته سهر چوار تۆمهتبار كه بهنیازی دزیكردن چوبونه قهزای دهربهندیخان، لهههڵمهتێكی مهفرهزهكانی بنكهی پۆلیسی دهربهندیخاندا توانرا ههر چوار تۆمهتبارهكه دهستگیربكرێن". دەشڵێت، "لهلێكۆڵینهوهكانی پۆلیسدا تۆمهتباران دانیان بهوهدانا كه بهمهبهستی دزینی ماتۆڕسكیل چونهته قهزاكهو لهكاتی دهستگیركردنیاندا دهستگیرا بهسهر ماتۆڕسكیلێكدا. لهئێستادا تۆمهتباران (د، یـ، ع - ع، چ، ج - د، ج، س - أ، ع، م) بهبڕیاری بهڕێز دادوهرو بهپێی ماددهی 443 لهیاسای سزادان ڕاگیراونو لێكۆڵینهوهكان بهردهوامه".
هاوڵاتی پەسەندکردنی خشتەکانی یاسای بودجە دوادەکەوێت بەهۆی ئەوەی زیاتر لە 80 پەرلەمانتاری عێراق ئەم ساڵ بەشداریان لە فەریزەی حەجدا کردووە پەسەندکردنی یاسای بودجەی 2024 دوادەخات. ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی ئایاری 2024، غەریب ئەحمەد، سەرۆکى لیژنەى ئەوقافى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق راگەیاند، "زیاتر لە 80 پەرلەمانتار بەشداریى فەریزەى حەجى ئەمساڵ دەکەن، ئەوەش پەسەندکردنى خشتەکانى بوجەى 2024 لە ماوەى درێژکراوەى وەرزى یاسادانان ئەستەم دەکات". سەبارەت بە خوێندنەوە بۆ خشتەکانی بودجەش دەڵێت،" پێش جەژنى قوربان، خوێندنەوەى یەکەم و دووەم بۆ خشتەکانى بودجە دەکرێت، بەڵام پەسەند کردنیان دەکەوێتە دواى جەژن". ئەمەش لە کاتێکدایە، کە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، بۆ پەسەندکردنى خشتەکانى بودجەى 2024 وەرزى یاسادانانى بۆ ماوەى مانگێک، تاوەکو نۆى حوزەیران درێژ کردووەتەوە.
هاوڵاتی بە گوێرەى نوسراوێکى کۆمیسۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانی عێراق، کە ئاراستەى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستانى کردووە، پێشنیازیکردووە رۆژى پێنجى ئەیلولى 2024 هەڵبژاردنى گشتیى پەرلەمانى کوردستان بەڕێوەبچێت. ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی ئایاری 20124، کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق لە ڕێگەی نوسراوێکەوە پێشنیازێک ئاراستەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کردووە، رۆژى پێنجى ئەیلولى 2024 هەڵبژاردنى گشتیى پەرلەمانى کوردستان بەڕێوەبچێت. لە نوسراوەکەدا بە ئاماژەدان بە فەرمانى لایەندارى دادگاى باڵاى فیدراڵى بۆ سکاڵاى تۆمارکراو ژمارە 126ى فیدراڵى 2024 لە لایەن سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان لە دژى کۆمیسۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکان و لێکەوتەکانى فەرمانى لایەندارى دادگاى باڵاى فیدراڵى کە بریتیی بوو لە هەڵپەساردنى رێکارە هونەریی و داراییەکانى تایبەت بە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانى عێراق بە گوێرەى بڕیارى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران. ئەوەشخراوەتەڕوو، لە دواى دەرچوونى بڕیارى دەستەى دادوەرى کۆمیسۆنى هەڵبژاردنەکان لە 20ى ئایارى 2024، بڕیارەکە دەخوازێک سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان مەرسومێکى هەرێمى دەربکات بۆ دیاریکردنى وادەیەکى نوێ بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، کۆمیسیۆن پێشنیاز دەکات رۆژى پێنجى ئەیلولى 2024 هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەڕێوەبچێت، لەکاتێکدا خشتەى ئۆپراسیۆنەکانى کۆمیسۆن شیاوى درێژکردنەوە نیین.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ براوەیەکی خەڵاتی نۆبڵ دەڵێت، بەڕێوبەری گشتیی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان گەورەترین دیکتاتۆری سەردەمن. دەڵێت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە جۆرێک کۆنترۆڵی مرۆڤیان کردووە، هەموو لە یەک دەچن. ماریا رێسا، کە براوەی خەڵاتی نۆبڵە لە 2021 بۆ پارێزگاریکردن لە مافی رۆژنامەڤانان و بە نەتەوە فلیپینییە دەڵێت، سەرۆکی پێشووی فلیپین دیکتاتۆر بوو، "بەڵام دیکتاتۆرێکی زۆر بچوکتر بوو بەراورد مارک زوکەربێرگ و ئیڵۆن مەسک". ماریا رێسا لە فێستیڤاڵێکدا لە هەرێمی پۆویسی بەریتانیا باسی لەوەکرد، ئیڵۆن مەسک و مارک زوکەربێرگ ئەوەیان سەلماندووە، "بە چاوپۆشیکردن لە کلتور، زمان و جوگرافیا، شتەکانمان زیاتر لە یەک دەچن وەک لەوەی جیاواز بن، چونکە هەموومان بە یەک رێگە هەراسان و کۆنترۆڵ کراوین". ماریا دەڵێت، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن هەستەکانمان بگۆڕن و لە دواتریشدا وامان لێدەکەن تێڕوانین و جیهان بینیمان بگۆڕێت و دواتریش کاردانەوەمان بگۆڕێت. ماریا باس لەوە دەکات، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەموو وادەزانین ئازادین، بەڵام وا نین و هەست بە خۆمان ناکەین کە کۆنترۆڵکراوین. ئەو چالاکڤانە بەناوبانگەی فلیپین دەڵێت، ئامانجی سەرەکی تۆڕەکان دروستکردنی هەراو هۆسە و جیاوازی بیرکردنەوەیە لە ناو خەڵکدا. دەڵێت، لە فلیپین دەوڵەمەند و هەژارەکان لە دژی یەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قسەدەکەن و لە ئەمریکاش پێست رەش و پێست سپییەکان. دەڵێت، ئەو کۆمپانیای تۆڕە کۆمەڵایەتیانە وامان لێدەکەن رق لە ناوماندا بڵاوبێتەوە، ئەوەش وەک خۆراکێک بۆ بەردەوامبوونی تۆڕەکانی خۆیان لە کارکردن. دەڵێت دەبێت بە دوو رێگە رێگە لەو کارەساتەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بگرین، یەکەم، پێویستە ئەمریکا ئەو یاسایە لابدات کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تۆمەتبار ناکرێن لەسەر ئەو شتانەی بەکاربەرەکانیان بڵاویدەکەنەوە. دووەم، داوا لە خەڵک نەهێڵن منداڵەکانیان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاربێنن، چونکە "ئالوودەکەرن". ماریا ئاماژە بەوە دەکات، قەدەخەکردنی تیکتۆک لە ئەمریکا و ئیتاڵیا کارێکی باشە، بەڵام دەڵێت ئەوە تەنیا تیکتۆک نییە کە دەبێت لە خەمیدابین، بەڵکو تەواوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە.
هاوڵاتی بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حوکمەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حوکمەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەدان و چەند پرسێک تاوتوێ دەکەن. یەکێک لە تەوەرەکان تایبەتە بە خستنەڕووی راپۆرتێک سەبارەت بە خشتەکانی هاوپێچی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵەکانی 2024 – 2025، کە لە کۆبونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پەسەندکرا، ئەوەش دوای کۆبونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 15ی ئایاری 2024، لەگەڵ لیژنەی وزاریی حکومەتی فیدراڵ تایبەت بە تەرخانکراوەکانی هەرێمی کوردستان. تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، تایبەتە بە خستنەڕووی راپۆرتێک لەبارەی برەودان بە سندووقی پشتیوانیی پرۆژە بچووکەکانی لاوان و پێشکەشکردنی ئاسانکاریی زیاتر کە ئەم سندووقە پاڵپشتیی دارایی بۆ پرۆژەی بچووک و مامناوەند دابین دەکات. ههر لە کۆبونەوەی ئەمڕۆشدا، ئەنجومەنی وەزیران راپۆرتێک لەبارەی رێگە سەرەکییەکانی نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان و کاریگەریی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر دەخرێتەڕوو، هاوكات گفتوگۆ لهسهر دۆخی ئێستای ناوچە دابڕێنراوەکانیش دهكرێت. تەوەرێکی تریش تایبەت دەبێت بە کێشەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان و وەرگرتنی لە لایەن حوکمەتی عێراقەوە.
هاوڵاتی لیوا روكن بەختیار محەمەد ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، "دواكەوتنی مووچە كاریگەری لەسەر دۆخی پێشمەرگە هەبووە بەڵام مەترسی خۆپیشاندان دروستنەبووە، چونكە پێشمەرگە هێزێكی بەدیسیپلینە". سەبارەت بە مووچەی پێشمەرگەش ئەوەی خستۆتەڕوو، "داتای تەواویان لە وەزارەتی دارایی هەرێم هەیە و بۆ مانگی نیسانیش حكومەتی هەرێم ناوی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی بە كۆد بۆ بەغداد ناردووە، دوای وردبینیش لەلایەن بەغدادەوە مووچەكە دەنێرن، چونكە تائێستا بەغداد هیچ تێبینیەكی نەبووە". لیوا روکن بەختیار محەمەد، سەبارەت بە بەدواداچوونیان بۆ لیستی مووچەی پێشمەرگە وتی، "ئەوەی بەدواداچوونیان بۆ كردووە ڕێككەوتنەكە وایە كە وەزارەتی دارایی هەرێم لیستەكە بنێرێت بۆ وەزارەتی دارایی عێراق، چاودێری دارایی هەرێم و عێراق وردبینی بكەن ئینجا مووچەكە بنێرن" . ئاماژەیبەشکردووە، "هەرچەندە تەنها سەرچاوەی پێشمەرگە مووچەكەیەتی و نەهاتنی مووچە كاریگەری لەسەر دۆخی پێشمەرگە دەبێت، بەڵام وەك كێشە تائێستا نەبووە و مەترسی خۆپیشاندانیش دروستنەبووە، چونكە پێشمەرگە هێزێكی بە دیسیپلینە".