پێش دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان، ئەمریکا سزای نوێی بەسەر ئێران سەپاند و مامەڵەکردنی تارانی بە 10 کانزای پێویست بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی و بواری سەربازیی قەدەغەکرد. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، کەرتی وەبەرهێنان لە ئێران لەژێر دەستی سوپای پاسداراندایە، جا بەشێوەیەکی راستەوخۆبێت یان ناڕاستەوخۆ. بەگوێرەی سزاکان، کانزاکان بریتیین لە نیکڵ، کرۆم، ئالۆوی مەگنیسیۆم، پیرکلۆراتی سۆدیۆم و ئەلەمنیۆم. سزاکان بەجۆرێکە هەر کەسێک بە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، ئەو کانزایانە لە ئێران هاوردە یان هەناردە بکات ئەوا رووبەڕووی سزاکانیان دەبێتەوە. هەروەها ئەمریکا بەردەوامدەبێت جێبەجێکردنی سیاسەتی توندترین فشار بەسەر ئێراندا تا ئەو کاتەی هەڕەشەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی نامێنێت و بەرنامەی مووشەکە بالیستییەکانی سنووردار دەکات و کۆتایی بە پارەدارکردنی گرووپە تیرۆرستییەکان دەهێنێت. ئەمە لەکاتێکدایە بەدر بوسعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان و نامەبەری دانوستانە ناڕاسەتەوخۆکەی تاران و واشنتن لە پۆستێکیدا لە پلاتفۆرمی ئێکس، رایگەیاند، رۆژی هەینی، گەڕی پێنجەمی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران لە رۆما بەڕێوەدەچێت.

  بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان، وادەی پێنجەمین خولی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکای راگەیاند.  بوسەعیدی، لە سەكۆی " ئێكس" نوسیویەتی: پێنجەمین خولی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا هەینی داهاتوو (٢٣)ی ئایار لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوە دەچێت. عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دوێنێ‌ رایگەیاند، وڵاتەکەی تا ئێستا بڕیاری کۆتایی نەداوە سەبارەت بە رۆژ و شوێنی پێنجەمین دانوستانى لەگەڵ ئەمریکا. هەر دوێنێ عەلی خامنەیی، رابەری باڵای ئێران لە وتارێكدا وتی، پێموانیە دانوستانە ناڕاستەوخۆكانی ئێران لەگەڵ ئەمریکا سەبارەت بەرنامە ئەتۆمییەکەی سەركەوتوبێت. هەر ئەمڕۆ، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە بارەی گەڕی پێنجەمەوە رایگەیاند، "تاوتوێی ئەوە دەکەین کە لە گەڕی پێنجەمی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا قبووڵ بکەین یاخود نا."   سێشه‌ممه‌ 20ـی ئایاری 2025 له‌ یه‌كه‌مین ساڵیادی گیانله‌ده‌ستدانی ئیبراهیم ڕه‌ئیسی سه‌رۆكی پێشووی وڵاته‌كه‌یدا، عه‌لی خامنه‌یی ڕابه‌ری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، وتارێكی پێشكه‌شكرد و گومانی خسته‌سه‌ر دانوستاندنی نێوان واشنتن و تاران و سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌كه‌ و وتی، "پێموانییه‌ وتووێژی دۆسیه‌ی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكادا بگاته‌ ئه‌نجام، نازانم...". خامنه‌یی ڕاشیگه‌یاند، "مادام باسی دانوستاندن ده‌كه‌ین، به‌ بیری لایه‌نی به‌رامبه‌ری ده‌هێنمه‌وه‌، ده‌بێت ئه‌مه‌ریكا كه‌ به‌شداریی دانوستاندنه‌كان ده‌كات، گفتوگۆ بكات و دانوستاندن بكات، هه‌وڵبدات قسه‌ی بێمانا نه‌كات". پێشتر ستێڤ ویتكۆف نوێنه‌ری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ڕایگه‌یاندبوو، "واشنتن ڕێگه‌ به‌ ئێران نادات به‌ هیچ جۆرێك یۆرانیۆم بپیتێنێت". لە 12ـی نیسانی 2025ـەوە چوار گەڕی دانوستاندن لە نێوان شاندی ئێران بە سەرۆکایەتیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە ناوبژیوانی عومان بەڕێوەچوون. سەڕەرای ناکۆکییەکان، هەردوو لایەن جەخت لە سەر درێژەدان بە دانوستاندنەکان دەکەنەوە.

  عەباس عێراقچی وزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تاران لە حاڵەتی پێداچونەوەیە ئایا بۆ خولی پێنجەمی دانوستانەکان بەشداری دەکات یان نا. دەشڵیت، پیتاندنی یۆرانیۆم بە گەیشتن بە رێککەوتن یان نە گەیشتن بەردەوامدەبێت. عێراقچی  دەڵێت، لەپشت  مێزی دانوستانەکان رووبەرووی داواکاری زیادەڕۆ دەبنەوە، بەڵام هەرگیز وازیان لە رێگای دیپلۆماسی نەهێناوە. قسەکانی عێراقچی لە کاتێدایە لە دوایین لێدوانیدا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران رایگەیاند، ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم چاوەڕێی رێگەپێدانى ئەمریکا نییە. گوتیشی، نازانن ئەم جارەش لە دانوستانەکان بە ئەنجام دەگەن یان. وەزیری دەرەوەی ئێران جەخت دەکاتەوە مەبەستی بەرنامە ناوەکییەکەی تاران بە تەواوی روونە و دەشڵێت، ئەگەر لایەنی بەرامبەر دەیانەوێت دڵنیایی لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران وەربگرن ئەوا ئامادەن، بەڵام بە مەرجی هەڵگرتنی ئەو سزایانە کە بە بیانووی بەرنامە ئەتۆمییەکە بەسەریان سەپێنراوە. گوتیشی، هێشتا لە پێداچوونەوەی ئەوەن بزانن ئایا دانوستانێکی بەسوود لەو کات و شوێنە دانراوە ئەنجام دەدرێت یاخود نا بۆ ئەوەی بەشداری تێدا بکەن. لە 12ی نیسانی 2025ـەوە چوار گەڕی دانوستاندن لەنێوان شاندی ئێران بە سەرۆکایەتیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەڕێوەچوون. سێشەممە، 20ی ئایاری 2025، عەلی خامنەیی لە رێوڕەسمێکدا بە بۆنەی یەکەمین ساڵیادی گیانلەدەستدانی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری پێشووی ئەو وڵاتە و یاوەرانی، سەرنجی خستە سەر گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا کە بە ناوبژیوانی عومان لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بەڕێوەدەچن و رایگەیاند، "پێموانییە دانوستاندنەکان لەگەڵ ئەمریکا بگەنە ئەنجام."   عەلی خامنەیی ئاماژەی بە گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە سەردەمی ئیبراهیم رەئیسی کرد و گوتی، "لە یەکەم چاوپێکەوتنیدا بە روونی گوتی کە ئێمە راستەوخۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا ناکەین."   خامنەیی هەروەها گوتی: "بێگومان لەسەردەمی شەهید رەئیسیدا دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ هەبوو، بەڵام بێ ئەنجام بوو."   رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماژە بە دانوستاندنەکانی ئێستای نێوان تاران و واشنتۆنیش کرد و رایگەیاند، "ئێستاش پێمانوانییە بگاتە ئەنجام و نازانین چی روودەدات."

  سەرۆک کۆماری ئێران لە میانی بەشداریکردنی لە مەراسیمی سڵایادی کۆچی دوایی ئیبراهیم ڕەئیسی، هێرشی کردە سەر ترەمپ و  وتیویەتی؛ سەیرە گەورەترین دزەکانی سەر زەوی بە ئێمە دەڵێن دز لە ساڵیادی کۆچی دوایی ئیبراهیم ڕەئیسی لە پەرلەمان، مەسعود پزیشکیان، ڕایگەیاند؛ لە سعودیە ترەمپ وتی "ئێمە دەخۆین و دزی دەکەین، با بێن بزانن ئێمە چۆن دەیخۆین"،  ناوبراو دەڵێت؛ ئەوان "خۆیان گەورەترین دزی سەر زەوین"، کەچی ئێمە تۆمەتبار دەکەن بە دزی. پزیشکیان باسی لە لێدوانەکەی ترەمپ کردوە  و وتویەتی؛ ترەمپ بە ئێمە دەڵێت دز و تاڵانچی، بەڵام خۆیان سەروەت و  سامانی وڵاتان تاڵاندەکەن و بانگەشەی شەری تیرۆر و گەندەڵێش دەکەن. سەرۆکەکەی ئێران،  باسی لە  سەردانەکەی بۆ شوێنی نیشتەجێبون و ماڵی سەرۆکی پێشوی وڵاتەکەی کرد و ڕایگەیاند، دایکی ڕەئیسی و بنەماڵەکەی لە گەڕەک و ماڵێکی سادەدا دەژین نەک وەک ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا باسی دەکات. ئەمە لەکاتیكدایە، دۆناڵد ترەمپ لە سعودیە وتی: لە کاتێکدا وڵاتانی عەرەبی سەرنجیان لەسەر بون بە پایەی سەقامگیری ناوچەکە و بازرگانی جیهانییە، سەرکردەکانی ئێران سەرنجیان لەسەر دزینی سامانی گەلەکەیانە بۆ دابینکردنی بودجەی تیرۆر و خوێنڕشتن لە دەرەوەی وڵات.

  ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕوسیا سەردانی ئۆبلاستی کورسکی کرد، ئەمەش یەکەم سەردان بوو بۆ ناوچەکە لەدوای ڕزگارکردنی تەواوەتی لەدەستی هێزەکانی ئۆکرانیا لە 26ی نیسانی ڕابردوو، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی کۆشکی کرملین. پوتین لە مانگی ئازاری ڕابردوودا سەردانی ناوچەکەی کرد، ئەمەش دوای جێبەجێکردنی سەرکەوتووانەی ئۆپەراسیۆنی پۆتۆک، کە هێزەکانی ڕووسیا توانیان بچنە قووڵایی پێگەکانی ئۆکرانیا لە ناوخۆی کورسک. کرێملین ئەوەی روون نەکردووەتەوە کە پووتین بۆ چ مەبەستێک سەردانی کورسکی کردووە، بەڵام رایگەیاند کە چاوی بە بەرپرسانی هەرێمەکە کەوتووە.   لە ئابی 2024ـەوە سوپای ئۆکراینا دەستی بەسەر بەشێک لە هەرێمی کورسکی رووسیادا گرتبوو، بەڵام لە کۆتایی مانگی نیسانی ئەم ساڵدا، مۆسکۆ بە یارمەتیی سەربازانی کۆریای باکوور، هەرێمەکەی لە سوپای ئۆکراینا پاککردەوە.   تەلەڤیزیۆنی فەرمیی رووسیا وێنەی سەردانەکەی پووتینی بڵاوکردەوە، تێیدا دەرکەوتووە سەردانی وێستگەی ئەتۆمیی هەرێمەکەی کردووە و لەگەڵ خەڵکی ناوچەکەش کۆبووەتەوە.   راگەیێندراوەکەی کرێملین لە کاتێکدایە، وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، ئەمڕۆ زیاتر لە 159 درۆنی ئۆکراینییان لەنێو خاکی رووسیا خستووەتە خوارەوە و زۆربەیان ئاراستەی هەرێمەکانی رۆژئاوای رووسیا کرابوون.

وەزیرى دەرەوەی ئەمریکا، لەبارەی دۆخی سووریاوە هۆشداریدەدات و دەڵێت، سووریا چەند هەفتەیەک لە شەڕی ناوخۆوە دوورە، ئەم هۆشدارییە لەکاتێکدایە، چەند رۆژێک دەبێت ترەمپ و شەرع چاویان بەیەکدیی کەوتووە. مارکۆ روبیۆ، وەزیرى دەرەوەی ئەمریکا لە ئەنجوومەنی پیرانی وڵاتەکەی رایگەیاند، "هەڵسەنگاندنمان بۆ قۆناغی راگوزەری سووریا ئەوەیە، بە راشکاوی و لەسایەی ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕووی بووەتەوە، سووریا نەک چەند مانگێک، بگرە چەند هەفتەیەک دوورە لە ئەگەری داڕووخان و جەنگی ناوخۆیی سەرتاسەریی و دابەشبوون". وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: حکومەتی نوێی سوریا لە رووخان نزیکە، سوریا لە شەڕێکی ناوخۆی گەورە نزیکە. ئەم گوتانەی مارکۆ روبیۆ، پاش چەند رۆژێک دێت لە دیدارى نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی راگوزەری سووریا. ترەمپ پێشتر لەسەر داواکاریی شازادەی جێنشینی سعودیە، بڕیاریدابوو بە هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا و دەرفەتدان بەو وڵاتە بۆ بووژانەوە. هەڵسەنگاندنی (ماركۆ رۆبیۆ) وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ دۆخی سوریا؛ لەوتەیەكیدا لەبەردەم ئەنجومەنی پیرانی وڵاتەكەی  و دوای چەند رۆژێك لە دیدارەكەی لەگەڵ سەركردەكانی قۆناغی راگوزەریی سوریا ڕوبیۆ ئەو دۆسیەیەی بۆ بەشداریکردنی حکومەتی نوێی سوریا و شەرع، یاخیبووی پێشووی خستەڕوو کە پێنج مانگ لەمەوبەر سەرکردایەتی هاوپەیمانی گروپە یاخیبووەکانی کرد بۆ ڕووخاندنی دیکتاتۆری دێرینی سوریا، بەشار ئەسەد. ئیدارەی ترەمپ پێشتر خۆی لە پەیوەندی فەرمی لەگەڵ شەرع بەدوور گرتبوو، کە گروپە چەکدارەکەی - تەحریر شام - بەهۆی پەیوەندییەکانی ڕابردووی لەگەڵ قاعیدە، تا ئێستاش وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەستنیشانکراوی ئەمریکا دەمێنێتەوە. سەبارەت بەئێرانیش رۆبیۆ رایگەیاند: هیوادارن لەگەڵ ئێران بگەن بەرێككەوتن، ترەمپ سورە لەسەر ئەوەی کەڕێگە نادات تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. لەسەر جەنگی نێوان بزوتنەوەی حەماس و ئیسرائیل، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، سەبارەت بە بژاردەی كۆچكردنی دانیشتوانی كەرتی غەززە بۆ لیبیا گفتوگۆی نەكردوە.

  باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە سووریا دانی بەوەدا نا کە لە دوای شکستهێنانی دانووستانی لایەنە نێودەوڵەتییەکان هەتەشە بەسەرکردایەتی ئەحمەد شەرعیان هەڵبژاردووە کە ببێ بە شوێنگرەوەی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد. ڕۆبەرت فۆرد باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە سووریا لە چوارچێوەی سیمینارێک لە ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی شاری بۆڵتیمۆر کە ڕۆژانی ڕابردوو لە ویلایەتی مێریلاند لە ئەمریکا سەبارەت بە دۆخی سووریا و ئەحمەد شەرع زانیاری نوێی ئاشکرا کرد. ڕۆبەرت فۆرد ڕایگەیاند: لە ڕابردوودا پسپۆران و باڵیۆز و ئەفسەرانی هەواڵگری ئەمریکی و بەریتانی پڕۆگرامێکی چڕی مەشق و ڕاهێنانیان بۆ هەتەشە ئەنجامداوە. فۆرد ئەوەشی ئاشکرا کردووە، ئەحمەد شەرع دوو خولی ڕاهێنانی لە ساڵەکانی ۲۰۲۳ و ۲۰۲٤ دا لەسەر دەستی خۆی بینیوە، واتە چەند مانگێک پێش ئەوەی دەست بەسەر دەسەڵاتی سووریادا بگرێت. ڕوونیشیکردەوە، سێهەمین خولی ڕاهێنان بۆماوەی ۱۰ ڕۆژ بووە لە کۆشکی سەرۆکایەتی سووریا لەسەر دەستی ڕۆبەرت فۆرد دوای دەسبەکاربوونی شەرع وەک سەرۆکی کاتی سووریا. باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە سووریا باسی لەوەشکردووە، خولی مەشق و ڕاهێنانەکان بۆ هەتەشە لە ڕابردوودا دەربارەی لایەنە سیاسی و ستراتیژییەکان بووە لە پارێزگای ئیدلب، بەڵام بەرواری ئەو خولانەی ئاشکرا نەکرد. فۆرد ئەوەشی خستەڕوو، هەڵبژاردنی هەتەشە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەوان لە گرووپ و ڕێکخراوەکانی تری ئۆپۆزسیۆنی سووریا ڕێکخراوتر بوون.

  حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، مەسرور بارزانی سەرپەرشتیی واژۆکردنی دوو رێککەوتننامەی لە بواری وزە لە واشنتن کردووە، میدیا جیهانییەکانیش دەڵێن، بەهای رێککەوتنەکان 110 ملیار دۆلارە. بەیان سامی عەبدولڕەحمان، راوێژکاری مەسرور بارزانی رایگەیاندووە، یەکێک لە رێککەوتنەکان تایبەتە بە کێڵگەی گازی میران، کە هەشت تریلیۆن پێ سێجا گازی سروشتیی تێدایە، جگەلەوەی پەرەدەرێت بە بە کێڵگەى تۆپخانە-کوردەمیر کە پێنج تریلیۆن پێ سێجا گاز و 900 ملیۆن بەرمیل نەوتی تێدایە و دەتوانرێت لەو رێگەیەوە کارەبا بۆ دەیان ملیۆن کەس لە هەرێمى کوردستان و عێراق دابینبکرێت. هاوکات ماڵپەڕی ئۆیل پرایسی جیهانی بڵاویکردووەتەوە، سەرەڕای ناکۆکیی یاسایی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو رێککەوتنی فەرمیی لەگەڵ دوو کۆمپانیاى ئەمریکی واژۆکردووە، کە بڕەکەی 110 ملیار دۆلارە، بەڵام وردەکاریی رێککەوتنەکان نەخراوەتەڕوو. مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەپاش واژۆکردنی رێککەوتننامەکە لەگەڵ دوو کۆمپانیا، کە بە ئەمریکی ناوی بردووە، لەبواری وزە، رایگەیاند، ئەم رێککەوتنە دەبێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێ بۆ پەرەپێدانی ئابووریی لە ناوچەکە. مەسرور بارزانی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە رێوڕەسمی واژۆکردنی رێککەوتنەکاندا تۆمارکراوە، رێککەوتنەکان بە گرنگ ناودەبات و دەڵێت، رێککەوتنەکان بەهایان دەیان ملیار دۆلارە و خۆی بەتایبەتی چووەتە ئەمریکا بۆ چاودێریککردنى واژۆکردنیان. باسی لەوەشکردووە هەر دوو کۆمپانیای ئێچ کەى ئێن و وێستێرن زاگرۆس، چەندین ساڵە لە هەرێمی کوردستانن و هاوکاریی زۆری کوردستان و خەڵکەکەیان کردووە، جگەلە سوودی ئەوان بۆ عێراق و وڵاتی خۆیان. مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی رێککەتنەکانەوە گوتی، "سوپاسی ژووی بازرگانیی ئەمریکا دەکەم بۆ رێکخستنی ئەم بۆنەیە و رێوڕەسمی واژۆکردنی دوو رێککەوتنی گرنگ لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکی، ئەم رێککەوتنانە، کە بەهایان ملیاران دۆلارە، جەخت لە پابەندبوونی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە بە ئاشتی و پێشکەوتن لەڕێگەی پەرەپێدانی ئابوورییەوە، خۆشحاڵم کە دووبارە لە واشنتنم، بەتایبەتی بۆ چاودێرێکردنی واژۆکردنی ئەم رێککەوتنانە، هەردوو کۆمپانیای HKN و وێستێرن زاگرۆس'ـی ئەمریکی، چەندین ساڵە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن و هاوکاریی زۆری کوردستان و خەڵکەکەیان کردووە، جگەلە سوودیان بۆ عێراق و وڵاتی خۆیان، بۆیە پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و عێراق دەکەم بۆ ئەم سەرکەوتنە و سوپاسی کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەکەم بۆ بەشدارییان لەم هاوبەشییە گرنگە، کە بڕوام وایە دەبێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە پەرەپێدانی ناوچەکە بە تەواوەتی". لەبەرامبەردا، رۆس پیرۆت سەرمایەدار و بازرگان کە لایەنێکى سەرەکیی رێککەوتنەکەیە، دەڵێت 18 ساڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا کاردەکەن و 81%ـی کارمەندەکانیان کوردن و لەبارەی رێککەوتننەکەشەوە رایگەیاندووە، دەبێتە وەرچەرخانی هەرێمی کوردستان لە فراوانکردنی توانای بەرهەمهێنانی کارەبا. هەروەها رۆس پیرۆت سەرمایەدار و بازرگان لەبارەی رێککەوتنەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان گوتی، "شانازیی دەکەین، کە 18 ساڵە ئێمە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەین و شەرەفێکی گەورەیە بۆ من کە لە کوردستان ئەم کارەمان بنیادناوە و 81%ـی کارمەندەکانمان کوردن، ئەمە پاڵنەر دەبێت بۆ وەرچەرخانی هەرێمی کوردستان لە فراوانکردنی توانای بەرهەمهێنانی وزە و کارەبا لە ناوچەکە".

  وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند پێشنیارەکان بۆ کات و شوێنی خولی داهاتووی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی عومانەوە خراوەتەڕوو و جەختی لەوە کردووەتەوە: "هێشتا کات و شوێنی وردی دانوستانەکان دیار نییە". ئەمڕۆ سێ شەممە ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاندووە کە کۆڕبەندی وتووێژی تاران درێژەدانە بە نەریتێکی لە مێژینە کە سێ چوار دەیە لەمەوبەر لە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی سیاسی و نێودەوڵەتیی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دامەزراووە. ناوبراو زیادیکرد لە پەراوێزی ئەم دیدارەدا ئاماژەی بە دیدارە باشەکانی وەزیری دەرەوە لەگەڵ هاوتاکانی لە عومان و قەتەرەوە کرد وتی: لەم دیدارانەدا دوایین پرۆسەی دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریکا بە شێوەیەکی بەرجەستە و زۆر بابەت باس و ئاڵوگۆڕ کرا. لەلایەکى دیکەوە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە ئێکس بڵاویکردەوە: "ئەگەر ئەمریکا ئارەزووی دڵنیابوونەوەی هەیە لەوەی ئێران چەکی ئەتۆمی نەبرێت، رێککەوتن نزیکە، ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆی جیدی بکەین ئەوەی بگەینە چارەسەرێک کە هەمیشە ئەو دڵنیاییە بدات."   عێراقچی گوتیشی: "بەڵام پیتاندن لە ئێران، بە رێککەوتن بێت یان نا، بەردەوام دەبێت."   ئێستا ئێران یۆرانیۆم بە رێژەی 60٪ دەپیتێنێت، کە زۆر لە سەرووی رێژەی 3.67٪ـی دیاریکراوە کە لە رێککەوتنی ساڵی 2015 ئاماژەی پێکرابوو، بەڵام کەمترە لە رێژەی 90٪ـی پێویست بۆ دروستکردنی کڵاوەی ئەتۆمی. ئێران و ئەمریکا لە 12ی نیسانەوە چوار جار کۆبوونەتەوە.   دوای کۆتاییهاتنی گەڕی چوارەمی گفتوگۆکان کە رۆژی شەممە لە عومان بەڕێوەچوو، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "ئەم خولەی دانوستاندن بەراورد بە سێ گەڕی پێشووتر جیدیتر و راشکاوانەتر بوو. لەم گەڕەدا لە بابەتە گشتییەکان دوورکەوتینەوە و چووینە نێووردەکارییەکان. سرووشتییە لە هەلومەرجێکی وەهادا دانوستاندن قورس بێت."   ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا گومانیان هەیە کە ئێران سەرقاڵی پەرەپێدانی بۆمبی ئەتۆمی بێت، بەڵام تاران بەردەوام ئەو تۆمەتە رەت دەکاتەوە و دەڵێت، تاکە ئامانجی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بەرهەمهێنانی کارەبا و لێکۆڵینەوەی پزیشکییە.

  کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکانیی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت رایگەیاند، ئەو رێککەوتنانەی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە واشنتن واژۆکراون بەهاکەیان زیاترە لە 100 ملیار دۆلار و بۆ پەرەپێدانی کەرتی نەوت و غازی هەرێمی کوردستانە. کەمال محەمەد لەبارەی رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن ئینێرجی و وێسترن زاگرۆس، باسی لەوە کرد راوێژیان بە وەزارەتی نەوتی عێراق نەکردووە، بەڵام گرێبەستەکان “گرنگن” و سوود بە حکومەتی عێراقیش دەگەیەنن. لەبارەی وردەکاری گرێبەستەکانەوە، کەمال محەمەد گوتی، کێشەی کارەبا چارەسەر دەکەن و کارەباش دەدەن بە عێراق چونکە رێککەوتنەکان بەشێکیان لەبواری پەرەپێدانی غازن بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا. گرێبەستی یەکەم لە بواری غازدا لەگەڵ کۆمپانیای میران ئێنیرجی، کە پێکهاتوون لە کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن ئێنرجی و گروپی ئۆنێکس واژۆکراوە، بەگوتەی وەزیری سامانە سروشتییەکان، ئامانج لێی ئەوەیە کێڵگەی غاز لە ژێرخانی هەرێمی کوردستاندابەکاربهێندرێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، بەو کارەبایەشی بۆ عێراق دەچێت، بۆیە دەتوانم بڵێم هەرێمی کوردستان و عێراقیش لێی سوودمەند دەبن.” بە گوتەی کەمال محەمەد، گرێبەستەکەی دیکە کە لەگەڵ وێسترن زاگرۆس واژۆکراوە، بۆ پەرەپێدانی زیاتری کێڵگەی تۆپخانە و کێڵگەی کوردەمیرە تاوەکو بەرهەمی نەوت و غازیان زیاتر بێت و پێشتریش ئەم کۆمپانیایە لە کێڵگەی کوردەمیر کاری کردووە.

دۆناڵد ترەمپ ئێوارەى ئەمرۆ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی روسیا ئەنجام دا، وەک بەشێک لە هەوڵەکانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی لە ساڵی 2022 هەڵگیرسا. بەڵام دمیتری پێسکۆڤ وتەبێژی کۆشکی کرملین رایگەیاند سەرۆک پوتن هیچ نیازێکی نییەلە ئێستادا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ هاوتا ئەمریکییەکەی کۆببێتەوەدانەنراوە، ئەمەش بەپێی ئاژانسی هەواڵی ڕوسیا RIA ئێوارەى ئەمڕۆ دووشەمە بڵاویکردەوە. ماوەیەکی کەم بەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەی دی ڤانس بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، واشنتۆن درکی بەوە کرد کە ڕێگای کۆتاییهێنان بە شەڕەکە وەستاوەو چەقى بەستووە، ئەگەر مۆسکۆ ئامادە نەبێت بەشداری بکات، ئەوا ئەمریکا لە کۆتاییدا ناچار دەبێت بڵێت ئەوە شەڕی ئەو نییە. ترەمپ لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتییدا لە ئەمریکا بەڵێنی دا لە دوای وەرگرتنی پۆستەکەی، "زۆر بە زوویی" کۆتایی بە ململانێیەکە بهێنێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هەوڵە دیپلۆماسییەکانی پێشکەوتنێکی کەمیان بەخۆوە بینیوە.   سەرەڕای ئەوەی ئۆکرانیا رایگەیاندووە، رووسیا لە کۆتایی هەفتەدا هێرشێکی "رێکۆردشکێن"ـی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەنجام دا، مۆسکۆ رۆژی دووشەممە رایگەیاند، پێی باشترە لە رێگەی دیپلۆماسییەوە کۆتایی بە ململانێیەکە بهێنێت و پەیوەندییە چاوەڕوانکراوەکەی بە "گرنگ" ناوبرد.   دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرملین، بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند: "بێگومان، پێمان باشترە لە رێگەی ئامرازە سیاسی و دیپلۆماسییەکانەوە بگەینە ئامانجەکانمان،" گوتیشی، رووسیا هەوڵەکانی واشنتۆن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە بەرز دەنرخێنێت. ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، پێش پەیوەندییەکە، داواکارییەکەی بۆ "ئاگربەستێکی تەواو و بێمەرج" نوێکردەوە.   شاندەکانی رووسیا و ئۆکرانیا رۆژی هەینی لە ئەستەنبووڵ بۆ یەکەمجار لە ماوەی سێ ساڵدا دانوستاندنی راستەوخۆیان ئەنجامدا، بەڵام گفتوگۆکان بەبێ پابەندبوون بە ئاگربەست کۆتاییان هات.   دوای دانوستانەکان، ترەمپ رایگەیاند کە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی روسیا ئەنجام دەدات، لە هەوڵێکدا بۆ کۆتاییهێنان بە "خوێنڕشتن" لە ئۆکرانیا، کە شەڕەکە بەشێکی زۆری وڵاتەکەی وێران کردووە و ملیۆنان کەسی ئاوارە کردووە.  

  بەلەمێکی  کۆچبەران لە نۆکەندی ئینگلیز، بە 63 سەرنشینەوە ژێرئاوکەوت و یەکێک لە کۆچبەرەکان گیانی لەدەستدا. بەپێى زانیاریەکان لە نزیک کەناراوەکانی سور مێر لە باکووری فەڕەنسا بەلەمێکی کۆچبەران لە کاتی رۆیشتنی بەرەو کەناڵی ئینگلیز ژێرئاوکەوت، کۆچبەرێک گیانی لەدەستدا و 62 کۆچبەری دیکە لە خنکان رزگارکران. بەگوێرەی زانیارییەکان، دایک و مندالێک بەهۆی خراپیی تەندروستیانەوە بە فڕۆکە گواستراونەتەوە نەخۆشخانە، سەرجەم کۆچبەرەکانی دیکەش گەیەندراونەتەوە بۆ کەناری شاری بۆلۆن سور مێر. ئامارەکانی ئەم دواییە دەریدەخەن ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کەناڵی ئینگلیز دەبڕن بەردەوام لەبەرزبوونەوەدایە، هەفتەی رابردوو ژمارەی هاتنی کۆچبەران لە کەناڵی ئینگلیزەوە 12 هەزار کەسی تێپەڕاندووە.

  لەمیانەى گفتوگۆکانی ئەم دواییەى نێوان ئەمریکا و ئێران لەبارەى مەسەلەى پیتاندنی یۆرانیۆم، مەجید تەخت ڕوانچى، جێگرى وەزیرى دەرەوەى ئێران دووپاتی کردەوە که وتووێژە ناوەکییەکان لەگەڵ ئەمریکا شکست دەهێنن ئەگەر ئەمریکا پێداگری لەسەر ڕاگرتنی ته واوی پیتاندنی یۆرانیۆم بکات. لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆی دووشەممەدا ئەو بەرپرسەى ئێران ئەوەشی خستەڕوو کە ئەگەر واشنتن پێداگری بکات لەسەر ئەو مەرجەی بەتەواوی پیتاندنی یۆرانیۆم لەناو ئێراندا ڕابگرێت، ئەو دانوستانانە سەرکەوتوو نابن. هاوکات  دوێنێ عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران پشتڕاستی کردەوە کە پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران بەردەوام دەبێت و ناوەستێت، جا ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەمەریکا بکرێت یان نا، لە وەڵامی لێدوانەکانی ستیڤ ویتکۆف نوێنەری ئەمەریکا، لە ئەکاونتی X ی خۆیدا بڕگەیەکی کتێبی "دانوستاندن"ی بڵاوکردەوە. رۆژی هەینی، دیپلۆماتە باڵاکانی ئێران لەگەڵ هاوتاکانیان لە بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، کۆبوونەوە.   تاران چوار خولی دانوستانی ئەتۆمیی لەگەڵ واشنتن ئەنجامداوە، کە بەرزترین ئاستی پەیوەندیی نێوان ئەو دوو نەیارە بووە لەوکاتەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 کشایەوە.   دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە ساڵی 2018 لە ماوەی یەکەمین خولی سەرۆکایەتییەکەیدا، ، بە کشانەوەی تاکلایەنە و دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر هەناردەی نەوت و کەرتی بانکیی ئێراندا، رێککەوتنەکەی پووچەڵکردەوە.   سێ زلهێزە ئەورووپییەکە، کە لە رێککەوتنەکەی 2015 بەشداربوون، تاوتوێی ئەوە دەکەن کە ئاخۆ میکانیزمی "سناپباک" (گەڕانەوەی خێرا) کارا بکەن یان نا. 

  بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕاگرتنی جەنگی ئۆکرانیا، بە تەلەفۆن گفتوگۆ لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا بکات، ئەمەش لە دوای بێ ئەنجامبوونی دانوستانی ڕاستەوخۆی ئاگربەستی جەنگ لە ئیستانبۆڵ، لە نێوان شاندی دانوستانکاری ڕووسیا و ئۆکرانیا. هەوڵەکانی ترەمپ بۆ کاتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا دەگەڕێتەوە، ئەو کات چەندین جار ڕایگەیاند، لەگەڵ دەستبەکاربوونی لە سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، لە ماوەی 24 کاتژمێردا کۆتایی بە جەنگی ڕووسیا – ئۆکرانیا دەهێنێت، بەڵام لە دوای چوار مانگ لە دەستبەکاربوونی، تاوەکوو ئێستا هەوڵە دیبلۆماتییەکانی بە ئامانج نەگەیشتوون. دوای نزیکەی سێ ساڵ تێپەڕبوون بەسەر جەنگی نێوان هەردوو وڵات، هەینی 16ی ئەم مانگە شاندی دانوستانکاری ڕووسیا و ئۆکرانیا بە نێوەندگیری تورکیا لە ئیستانبۆڵ لەبارەی ئاگربەست و ڕاگرتنی جەنگ، گفتوگۆیان کرد، بەڵام دوای دانوستانەکان، ترەمپ ڕایگەیاند، دانوستانەکە مایە پووچ بووە و هیچی لێ بەرهەم نەهاتووە؛ هەر بۆیە بڕیاری دا جارێکی دیکە بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ پوتن بکاتەوە. بە گوتەی خۆی، ترەمپ ئەمڕۆ دووشەممە 19ی ئایاری 2025، جیا لە قسەکردن لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، بە هەمانشێوە قسە لەگەڵ ڤلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا چەند سەرکردەیەکی هاوپەیمانی ناتۆش دەکات، ئومێدە دەکات، ئەمڕۆکە ڕۆژێکی بەرهەمدار بێت بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگێک کە هەرگیز نەدەبوو ڕوو بدات. لە دانوستانە ڕاستەوخۆکەی ئیستانبۆڵ، شاندی ڕووسیا و ئۆکرانیا ڕێککەوتن هەر یەکێکیان هەزار دیل ئاڵوگۆڕ بکەن، بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ پابەندبوونێک بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دیاری بکەن. دوای کۆبوونەوەکەش، ڕۆستەم ئومارۆڤ، وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا، کە سەرۆکایەتیی شاندی دانوستانکاری وڵاتەکەی دەکرد، ڕایگەیاند، هەنگاوی داهاتووی دانوستان، کۆبوونەوەی نێوان پوتن و زێلێنسکی دەبێت، بەڵام سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ڕووسیا ڕەتی کردەوە و بێ ئاگایی خۆیی لە داواکاریی و کۆبوونەوەیەکی وەها ڕاگەیاند.

  نووسینگەی جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا رایگەیاند، شێرپەنجەی پرۆستات لە ئەنجامی پشکنینەکانی بایدن دەستنیشانکراوە و لە جۆرێکی کوشندەیە. نووسینگەکەی دەڵێت، نمونەیەک لە پرۆستاتی براوە بۆ پشکنین و لەوە دڵنیابوونەتەوە و لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا چەند جارێک کێشەی میزکردنی بۆ دروستبووە. ئەوەش هاتووە، رۆژی هەینی بایدن براوە بۆ پشکنین، روونبووەتەوە ئەو شێرپەنجەیەی تووشی بووە لە قۆناغی چوارەمە و وەرەمی پیسیشی لەناو ئێسکیدا دروستکردووە. ئەو جۆرە شێرپەنجانەی بەناو لەشدا بڵاودەبنەوە وەک ئاستی چوارەم رەچاو دەکرێن کە سەخترین قۆناغی سیرپەنجەیە. بەگوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵکردن و نەهێشتنی نەخۆشییەکان، لە کۆی زیاتر لە 236 هەزار کەیسی شێرپەنجەی پرۆستات لە 2021، 70%یان دەستنیشانکراون (پێیانزانراوە) پێش ئەوەی شێرپەنجەکە بڵاوببێتەوە. نووسینگەکەی بایدن دەڵێت، بەگوێرەی سیستمی گلیسۆن، شێرپەنجەکەی بایدن لە 10 نمرە نۆ نمرەی بۆ دانراوە، بەمەش دەردەکەوێت کە شێرپەنجەکەی زۆر سەختە. پزیشکێکی پسپۆر لە کۆمەڵگەی پزیشکی لانگۆنی نیویۆرک بە رۆیتەرزی راگەیانددوە، نمرەی نۆ “مەترسییەکی زۆر گەورەیە”، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی ئەو پیاوانەی تووشی شێرپەنجەی پرۆستات دەبن دەکرێت “پێنج بۆ 10 ساڵی دیکە یان زیاتر” لەگەڵ ئەو نەخۆشییە بژین. لەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی نەخۆشییەکەی، دۆناڵد ترەمپ کە رکابەرێکی سەختی بایدن بوو لە هەڵبژاردنەکانی 2024، لە پۆستێکدا لە تروس سۆشیاڵ نوسیوویەتی: من و مێلانیا خەمبارین  بە بیستنی هەواڵی نەخۆشکەوتنی بایدن، هیوای زوو جاکبوونەوەی بۆ دەخوازین.