هاوڵاتی  رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند:" پاڵپشتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و داننان بە بێگەردی پرۆسەکەدا دیمەنێکی جوانی دیموکراسی عێراق پێشاندەدات".  موقتەدا سەدر، براوەی یەکەمی هەڵبژاردنی عێراقە بە 73 کورسی، لە تویتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو داننانە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە، "ئومێدێکمان پێدەبەخشێت بە ملکەچبوونی ئەو لایەنانەی کە بانگەشەی ئەوە دەکەن لە پرۆسە دیموکراسییەکەدا ساختەکاری کراوە." رۆژی هەینی، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان راگەیێندراوێکی لەبارەی هەڵبژاردنی ئەم مانگەی عێراق بڵاوکردەوە و تێیدا دەستخۆشی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، یونامی و ئەو وڵاتانە دەکات کە یارمەتی سەرخستنی هەڵبژاردنەکەیان دا و سەرکۆنەی ئەو لایەنانەش دەکات کە هەڕەشە لە کارمەندانی کۆمیسیۆن و یونامی دەکەن. داوای ئەوەیشی کردبوو کە حکومەتێکی گشتگیر لە عێراق پێکبهێندرێت و هەموو لایەنەکانی عێراقیش ئارامی پیشانبدەن و رێز لە هەڵبژاردنەکە بگرن. رێبەری رەوتی سەدر دەڵێت، بردنی وڵات بۆ پشێوی و شڵەژانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی بەهۆی باوەڕنەکردن و قبوڵنەکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن، "نەک هەر ئابڕوچونە و دۆخی سیاسی  و ئەمنی ئاڵۆزتر دەکات، بەڵکو وێنەیەکی خراپیش پێشاندەدات." سەدر ئاماژە بەوە دەکات کە نابێت گوشار بخرێتە سەر کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، کاری دادگە و دادگەی فیدراڵی یان دەستوەردان لە کاروبارەکانیان بکرێت، بەڵکو پێویستە کەشێکی ئارام بڕەخسێندرێت تاوەکو کۆمیسیۆن رێکارەکانی لەبارەی تانەکان بگرێتەبەر.  رێبەری رەوتی سەدر ئەوەشی گوتووە کە دەبێ "هەموو بزانن کە رازی بوون بە ئەنجامی ئەلیکترۆنی، سەقامگیری و ئارامی بۆ عێراق و گەلەکەی فەراهەم دەکات."

هاوڵاتی  وەزیری بازرگانی عێراق رایگەیاند:" چەکێکمان بەبڕی ١٤٩ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دینار بۆ پارەی گەنمی ئەمساڵ بۆ ھەرێم و بەغدا تەرخانکردووە".  ئەمڕۆ شه‌ممه‌ 23ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، عەلا جبوری وەزیری بازرگانی عێراق رایگەیاند:" وەزارەتی دارایی چەکێکی بەبڕی ١٤٩ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دینار بۆ پارەی گەنمی ئەمساڵ تەرخانکردووە کە وەکو شایستەی داراییە". باسی لەوەشکردووە، ھەماھەنگی بەردەوامییان لەگەڵ وەزارەتی داراییدا ھەیە بۆ ئەوەی شایستەداراییەکانی جوتیاران وەکو خۆی دابەشبکرێت. ئەمە لەکاتێکدایە، لە مانگی ئابی رابردوودا، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند:" قۆناغی یەکەمی چەکی پارەی گەنمی جوتیارانی ساڵی ٢٠٢١ دابەشدەکرێت".

شاناز حەسەن بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی رایگەیاند:" تائێستا بە فەرمی هیچ داوایەكمان بەدەست نەگەیشتووە بۆ زیادكردنی كرێی پاس و دەڵێت:" شۆفێر پاسەكان داوا دەكەن بەنزینی پێوستیان بۆ دابین بكرێت". سۆران عەبدولغەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی، لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" تائێستا بە فەرمی هیچ داوایەكمان لەلایەن شۆفێرانی پاسەوە بەدەست نەگەیشتووە بۆ زیادكردنی كرێی لە 500 دینارەوە بۆ 750 یان بۆ هەزار دینار". بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد پێشتر كاتێك نرخی كرێی گواستنەوەی پاس 250 دینار بووە، شۆفێرەكان داوایان كرد و نرخەكە كرایە 500 دینار و وتی:" بەڵی دەكرێت زۆر ئاساییە چونكە كاتی خۆی لە 250 وە نرخەكەی كرابە 500 بۆیە ئێستاش ئاساییە نرخەكەی گۆرانكاری تێدا بكرێت". سۆران عەبدولغەفور، جەختی لەوەشكردەوە:" ئەگەر نرخی سوتەمەنی بەمشێوەیە بەرزبێتەوە ئەوا پاسەكان زەرەر دەكەن و ئەو كرێیەی لەكاتی گواستنەوەی سەرنشیناندا دەستیان دەكەوێت، بەشی كڕینی بەنزین ناكات بۆیە داواكاریەكی ئاوا دەكرێت". وتیشی:" كاتێك بەفەرمی داوا كرا ئێمە بەتەنیا ناتوانین بڕیار بدەین، بەڵكو هەموو لایەنەكان پێكەوە بڕیار لەسەر زیادكدرنی كرێی پاس دەدرێت". بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینەوە، شۆفێرانی بەشێک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان چەند جارێک ناڕەزاییان دەربڕیوە و رێگەکانیان گرتووە.  

 هاوڵاتی  وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم  رایگه‌یاند:" لە درێژەی هاوکارییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کاروانێکی پزیشکییان گەیاندە دەست لیوا هاوبەشەکان. ئەمڕۆ شه‌ممه‌ 23ی تشرینی یه‌كه‌می 2021،  وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم لە بڵاوکراوەیەکدا باسی لەوەکردوە: هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كاروانێكی دیکەی هاوكاری گەیاندە لیواكانی وەارەتی پێشمەرگە، كە پێكهاتووە لە كەرەستەی پزیشكی و دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەكان وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی خستۆتەرو،ئەو هاوکارییانە لە كاتی جەنگ و ڕوداوە نەخوازراوەكان بەكاردەهێنرێت هەروەها هەماهەنگییەكانی نێوان هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام دەبن. لەلایەن خۆیەوە لیوا عه‌بدوڵا که‌ریم، بەڕێوەبەری مەشقی سەربازی پێشمەرگە بە سەنتەری میدیا و زانیاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی راگەیاند، بەهاوکاری هاوپەیمانان دوای ئەوەی بەهۆی بڵاوبونەوەی پەتای کۆڕۆنا بۆ ماوەیەک مەشق و ڕاهێنانەکانی پێشمەرگە وەستابوو، لەم کاتەدا مەشق و راهێنانەکانی پێشمەرگە ده‌ستیپێکردوەتەوە و بەردەوام بێت.

 هاوڵاتی  نێردەی تایبەتی روسیا بۆ کاروباری سووریا دەڵێت، حکومەتی وڵاتەکەی پشتیوانی لە بەردەوامبوونی گفتوگۆکانی لیژنەی ئامادەکردنی رەشنووسی دەستووری سوریا دەکات. ئەوە لەکاتێکدایە کە رۆژی هەینی گەیر پیدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا رایگەیاند، گفتوگۆکان لەبارەی دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ دەستپێکردنی نووسینی رەشنووسی دەستووری سوریا بە هیچ ئەنجامێک نەگەیشتوون و شاندەکانی حکومەت و ئۆپۆزیسیۆن لەسەر کاتی دەستپێکردنی گەڕی حەوتەمی دانوستاندنەکانیش رێکنەکەوتوون.  ئەلێکساندەر لاڤرێنتیڤ، نێردەی تایبەتی روسیا بۆ کاروباری سووریا لە جنێڤ رایگەیاند، متمانەی نێوان شاندەکانی ئۆپۆزیسیۆن و حکومەتی سوریا لە ئاستێکی نزمدایە و ناکرێت بەو بێ متمانەییە دەست بە نوسینی رەشنووسی دەستور بکرێت.  رۆژی هەینی، شاندەکانی حکومەت و ئۆپۆزیسیۆن بەرپرسیاریەتیی شکستهێنانی گفتوگۆکانیان خستە ئەستۆی یەکدی.  ئەلێکساندەر لاڤرێنتیێڤ وتیشی، گەڕی داهاتووی دانوستاندنەکانی ئاستانا لە نێوان رووسیا، ئێران و تورکیا لە کۆتایی ئەمساڵ لە شاری نوور سوڵتانی پایتەختی کازاخستان بەڕێوەدەچن، بەڵام ئاماژەشی کرد کە تاوەکو ئێستا وادەیەکی دیاریکراو بۆ ئەو کۆبوونەوەیە دانەنراوە.  نێردەی تایبەتی روسیا بۆ کاروباری سوریا رایگەیاند، ئامانجێکی سەرەکیی گفتوگۆکانی ئاستانا ئامادەکاریی دەبێت بۆ ئەنجامدانی لووتکەی تاران لە نێوان ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران کە تایبەت دەبێت بە رەوشی سووریا.  ئەلێکساندەر لاڤرێنتیێڤ، نێردەی تایبەتی روسیا بۆ کاروباری سوریا وتی: "بە شێوەیەکی گشتی، کۆبونەوەکان ئەنجامدران، بەڵام ناتوانم بڵێم تەواو ئەرێنی بوون. لایەنە ئەرێنییەکە ئەوەبوو کە شاندەکان قسەیان لەگەڵ یەکدی کرد. ژمارەیەک کۆبوونەوە لە نێوان سەرۆک شاندەکان ئەنجامدران و لایەنەکان هەوڵیاندا رێکبکەون لەسەر ئەوەی کە دەبێت چۆن هەندێ بنەمای دیاریکراوی دەستوور کاری لەسەر بکرێت. بەڵام دواجار گفتوگۆکان نیشانیاندا کە هەڵوێستی لایەنەکان هێشتا ئاڵۆزە و لە زۆربەی بوارەکاندا دژی یەکدین."

هاوڵاتی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان  رایگه‌یاند:"  رۆژی دووشەممە 25-10-2021 دەستدەكرێت بە دابەشكردنی موچەی مانگی 10ی فەرمانبەرانی هەرێم". ئەمڕۆ شه‌ممه‌ 23ی تشرینی یه‌كه‌می 2021،  وەزارەتی دارایی، لەروونكردنەوەیەكدا  بڵاوكراوەتەوە، ئاماژەی بەوەكردووە، رۆژی دووشەممە 25ی تشرینی یەكەم، دەستدەكەن بەدابەشكردنی موچەی مانگی 10ی وەزارەتی تەندروستی بەبێ لێبڕین.

  هاوڵاتی لە شەڕێكی سەختی گەریلا لەگەڵ سوپای تورك لە هەرێمی مەتینا، بەهۆ سەختی شەڕەكەوە ڕۆژانە سەربازی تورك لەبەرەکانی شەڕ هەڵدێن، یان خۆیان دەكوژن. بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ئەنەفە، بەهۆی بێ ئەنجامبوونی لەو هێرشانە، سەربازانی سوپای تورکیا  تووشی دۆخێکی دەروونی خراپ بوونە، ئەوەندەی ئاشکرا بووە، تا ئێستا بەهۆی قورسیی شەڕەوە زیاتر لە ٣٠٠ هێزی تایبەتی بە کرێگیراو (ئەو سەربازانەى بە گرێبەست بۆ پارە شەڕ دەکەن) لە شەڕی دژ بە هێزەکانی ئازادیی کوردستان لە گۆڕەپانی شەڕ هەڵهاتوون و دەستیان لە کار کێشاوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە سەربازەکانیش خۆیان بریندار دەکەن بۆ ئەوەى لە گۆڕەپانی شەڕ دووربخرێنەوە. بەگوێرەی زانیارییە خۆجێییەکان، سەربازانی سوپای تورک لەڕووی دەروونیشەوە تێکشکاون، لەم دواییانەدا و لە ١٥ی تشرینی یەکەم سەربازێکی پسپۆڕی بەکرێگیراوی سوپای تورک لە شاخی تانک لە ناوچەی زەندورای مەتینا خۆی کوشتووە.  ئەو سەربازەی خۆی کوشتووە سەربازێکی بەکرێگیراو بووە، کە بۆ پارە شەڕیکردووە و دەستی هەبووە لە هێرشی داگیرکەریدا، زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، لە دوای ئەو ڕووداوە باری دەروونیی سەربازەکانی تورک لە ناوچەى زەندورای مەتینا زۆر تێکچووە، تووشی شپرزەیی و بارێکی دەروونی شێواو هاتوون. دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا زیاتر لە شەش مانگە هێرشێکی چڕی بە نوێترین چەکی ناتۆ بۆ سەرباشووری کورستان و تایبەت هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بەردەوامیی پێدەدات، لەبەرامبەریشدا بەرخۆدانی گەریلاکانی ئازادیی بە سەختی بەردەوامە.

  شاناز حەسەن   ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند:" بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی وەرگرتنی خوێندكاران لە زانكۆ و پەیمانگاكاندا و كێشەی مامۆستایانی وانەبێژ هەر سێ وەزیری پەرەوردە و خوێندنی باڵا و دارایی بانگێشتی پەرلەمان دەكەین". ئاشنا عەبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە پەرلەمانی کوردستان، لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:" وەزیری خوێندنی باڵا تایبەت بە وەرگرتنی خوێندكاران لە زانكۆ و پەیمانگاكاندا بانگێشت دەكەین و بۆ چارەسەركردنی پرسی مامۆستای وانەبێژیش وەزیری پەرەوردە و دارایی بانگهێشت كراون". چەند رۆژێکە مامۆستایانی وانەبێژ لە هەندێک شاری هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە و داوادەکەن بە فەرمی دابمەزرێن. کێشەکەیان ئەوەیە، کە لە ساڵی 2013ـەوە تاوەکو ئێستا هیچ مامۆستایەک دانەمەزرێندراوە. بەڵام سەبارەت بە كتی ئەناجمدانی كۆبونەوەی پەلەامن تائێستا هیچ زانیاریەك نیە كەی كۆبونەوە دەكرێت، كە بەپێی یاسا دەبێت بەر لە 72 كاتژمێر  پەرلەمانتاران ئاگادار بكرێنەوە.  

هاوڵاتی كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق رایگه‌یاند:"  ئه‌وان ناتوانن بڕیار لەسەر ژماردنەوەی دەنگەکانی سەرجەم وێستگەکان بده‌ن". ده‌شڵێت:" له‌ 294 سكاڵا یه‌كسكاڵا په‌سه‌ندكراوه‌ ئه‌ویش له‌كه‌ركوكه‌". به‌گوێره‌ى ڕاگه‌یه‌نراوێكى كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق باس له‌وه‌كراوه‌، له‌ 294 سكاڵا یه‌ك دانه‌یان له‌لایه‌ن كۆمسیۆنه‌وه‌ په‌سه‌ندكراوه‌ ئه‌ویش له‌پارێزگاى كه‌ركوكه‌و هه‌فته‌ى داهاتوش دوای ته‌واوبون به‌كارى پێداچونه‌وه‌ی سكاڵاكان، ئه‌نجامى كۆتایی هه‌ڵبژاردن ڕه‌وانه‌ی ده‌سته‌ی دادوه‌ری كۆمسیۆن ده‌كرێن. له‌و ڕاگه‌یه‌نراوه‌دا کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان وه‌ڵامى ئه‌و داواكاریانه‌شى داوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن زۆرێك له‌هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان‌و عێراقه‌وه‌ ئاراسته‌ى كراوه‌ سه‌باره‌ت به‌ئه‌ژماركردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌كان‌و جه‌ختیكردۆته‌وه‌، "ئێمه‌ ناتوانین ئه‌و بڕیاره‌ بده‌ین لەسەر ژماردنەوەی دەنگەکانی سەرجەم وێستگەکان". ئه‌م  ڕاگه‌یه‌نراوه‌ش له‌كاتێكدایه‌، دوێنێ وا بڵاوكرایه‌وه‌ گوایه‌ سه‌رجه‌م سندوقه‌كانى بازنه‌ى یه‌كى هه‌ڵبژاردن له‌پارێزگاى هه‌ولێرو چه‌ند شارێكى دیكه‌ى عێراقیش به‌ده‌ست دوباره‌ ئه‌ژماركردنه‌وه‌یان بۆ ده‌كرێت. هاوكات لەڕێگه‌ى ڕاگه‌یه‌نراوێكه‌وه‌، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پیرۆزبایی لەعێراقییەکان كردوه‌ بەبۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی عێراق‌و نوسیویه‌تى:"بەپێی ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان، هەڵبژاردنی 10ی تشرینی یەکەم کە لەعێراق بەڕێوەچوو، جیاواز لەهەڵبژاردنەکانی پێشوو پێشووتریش، پاك‌و بێگەرد بوەو لەبەڕێوەچونیشیدا ڕێکاری پێویست گیراوەتەبەر".

هاوڵاتی 44 ڕۆشنبیریی به‌ڕه‌گه‌ز عەرەب له‌نامه‌یه‌كدا كه‌ ئاراسته‌ى ڕێكخراوى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان‌و ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیاییان كردوه‌ داواى لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌تاوانكاریه‌كانى توركیا به‌تایبه‌ت به‌كارهێنانى چه‌كى كیمیایی كه‌ دژى كورد به‌كارهاتوه‌، ده‌شڵێن:"به‌دواییه‌، چەندین گرتەی ڤیدیۆیی‌و ڕاپۆرت بڵاوبونەته‌وە ده‌یسه‌لمێنێت تورکیا چەکی کیمیایی دژ بەگەلی کورد بەکارهێناوه‌". به‌گوێره‌ى هه‌واڵێكى ماڵپه‌ڕى فورات نیوز، دوای ئەوەی 109 ڕۆشنبیرو کەسایەتی کورد نامەیه‌كیان ئاراسته‌ى ئەنتۆنیۆ گۆتەرێس سکرتیری گشتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان‌و ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی كرد، دواى به‌دواى ئه‌وه‌ 44 ڕۆشنبیرو کەسایەتیی عەرەبیش، نامەیەکیان ئاڕاستەی ئەو دوو لایەنە کردوه‌. ئه‌و ڕۆشنبیره‌ عه‌ره‌بانه‌ له‌نامه‌كه‌یاندا نوسیویانه‌، "لەکاتێکدا لەئاستی نێودەوڵەتی ئەو چەکانە قەدەغەکراون، لەم چەند مانگەی دواییدا، چەندین گرتەی ڤیدیۆیی‌و ڕاپۆرت بڵاوبونەوە، کە نیشانیدەدات سوپای تورک چەکی کیمیایی دژ بەگەلی کورد بەکاردەهێنێت". ئه‌وه‌شیان نوسیوه‌، "تورکیا هەمان تاوانی سەدام حسێن‌و ڕژێمەکەی دژ بەگەلی کورد دوبارە دەکاتەوە، بۆیه‌ داواتان لێده‌كه‌ین لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەبەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، پێکبهێنن‌و بۆ ئه‌و ناوچانه‌ى بنێرن كه‌ زانیارییان له‌باره‌وه‌ بڵاوبۆته‌وه‌". ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌، پێشتر موراد قه‌ره‌یڵان فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندیی پاراستنی گەل (نه‌په‌گه‌) بانگه‌وازێكى به‌په‌له‌ ئاراسته‌ى ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان كردو داوایكرد، به‌په‌له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانیان ده‌ستپێبكه‌ن، چونكه‌ توركیا چه‌كى كیمیایی به‌كارهێناوه‌، وتبوى:"پێویسته‌ شاندى ڕێكخراوه‌كان سه‌ردانى شوێنى ڕوداوه‌كان بكه‌ن‌و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌وێ ده‌ستپێبكه‌ن".

هاوڵاتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە پرۆژە یاسایەکی دوو سیناتۆری دیموکرات و کۆماریی ئەمریکا دەکات لەبارەی هاوبەشیی بەهێزی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان و رایگه‌یاند:" دەستوەردانی مرۆیی و دیاریکردنی هەرێمی نەفڕین، ژیانی خەڵکێکی زۆری لە مردن ڕزگار کرد".  ​ئەمڕۆ شه‌ممه‌ 23ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند: "پێشوازیی لە پرۆژە یاسای هەر دوو حیزبی کۆماریی و دیموکراتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکەم کە لەلایەن هاوڕێ سیناتۆرەکانمان کریس ڤان هۆلین و مارکۆ روبیۆ سەبارەت بە رێزگرتن لە یادی ئۆپەراسیۆنی نەوای ئارام و هاوبەشیی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا پێشکەش کراوە".  مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا هەروەها سوپاسی "هەڵوێستی دۆستانەی" مایک وڵتز، جيم كوپەر، كريس ستيوارت، جەیسن کرۆ ، دینا دیتەس، ئاندی کیم و دۆن باکۆن ئەو حەوت ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەکات بۆ پشتگیریکردن و سپۆنسەرکردنی پرۆژە یاساکە.  سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێیوایە: "دەستوەردانی مرۆیی و دیاریکردنی هەرێمی نەفڕین، ژیانی خەڵکێکی زۆری لە مردن رزگار کرد، پاراستنی ئەو خەڵکە، لە پێناو پاراستنی ئەزموونی دیموکراسیمان زۆر پێویست بوو، کە بووە هۆی دروستبوونی دۆستایەتیی و هاوبەشییەکی بەهێز و مۆدێرن لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا. ئەمڕۆ کوردستان هەرێمێکی ئارامە لە ناوچەیەکی ناسەقامگیردا".   مەسرور بارزانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەڵێت: "دۆستایەتیمان لە سەر بنەمای بیروڕا و بۆچوونی هاوبەشەوە بنیاتنراوە، بە هیوای بەردەوامبوونی کارکردن و هەماهەنگیمان لەگەڵ هاوڕێکانمان لە حکومەت و کۆنگرێسی ئەمریکا، لە پێناو بەهێزترکردنی ئەو دۆستایەتییە".  ناوەڕۆکی پرۆژە یاساکە دوو سیناتۆری ئەمریکا، بۆ وەبیرهێنانەوەی ئۆپەراسیۆنی دابینکردنی نوای ئارام و هەرێمی نەفڕین، پرۆژە یاسایێکی پێنج خاڵیان پێشکێشی ئەنجوومەنی پیرانی وڵاتەکەیان کرد، بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە جەخت لە گرنگیی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا بکرێتەوە.    رۆژی پێنجشەممە، کریس ڤان هۆلێن سیناتۆری دیموکرات لە ماڵپەڕی خۆی بڵاویکردەوە، کە لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، سیناتۆری کۆمارییەکان ئەو پرۆژە یاسایەیان پێشکەشی کۆنگرێسی وڵاتەکەیان کردووە.    ئەمساڵ 30 ساڵ بەسەر ئۆپەراسیۆنی دابینکردنی نوای ئارام تێپەڕی، کە تێیدا ئەمریکا و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی لە ساڵی 1991 گەورەترین ئۆپەراسیۆنی مرۆییان دەستپێکرد بۆ هاوکاریکردنی گەلی کورد لە باشووری کوردستان و دوای ئەوەش ناوچەی دژەفڕینیان بۆ رێگریکردن لە هێرشی ئاسمانیی فڕۆکەکانی حکومەتی سەدام حوسێن بۆ سەر کورد، راگەیاند.   لە پرۆژە یاساکەدا باس لە نەهامەتییەکانی گەلی کورد لە سەردەمی رژێمی بەعس دەکات و پێنج داواکاریی ئاراستەی کۆنگرێس دەکات، کە بەمشێوەیەی خوارەوەن:   یەکەم: پێویستە کۆنگرێس بە فەرمی یادی 30ـیەمین ساڵەی ئۆپەراسیۆنی دابینکردنی نوای ئارام بکاتەوە.   دووەم: پێزانینی خۆی بۆ ئەو سەرباز، دیپلۆمات، سەرکردە سیاسی و هاوبەشەکانی هاوپەیمانیی ئەمریکا دەرببڕێت کە ئۆپەراسیۆنی دابینکردنی نوای ئارامیان جێبەجێکرد و پێویستە رێزیان لێبگرێت.   سێیەم: پێویستە کۆنگرێس دان بە قارەمانییەتی ئەو دوو ملیۆن ژن، منداڵ و پیاوە کوردەی عێراقدا بنێت و رێزیان لێ بگرێت، کە خەباتیان بۆ رزگاربوون لە برسێتیی و مردن کرد و پێشوازییان لە یارمەتییەکە کرد و دەرفەتی ژیانێکی نوێیان لە ئامێز گرت.   چوارەم: پێویستە کۆنگرێس هانی سەرکردە کوردەکانی عێراق بدات، کە رێز لە بەها دیموکراسییەکان، مافەکانی مرۆڤ و ئازادی بگرن، کە کوردستانی عێراقیان کردووەتە مێرگێک لە نێوەڕاستی ناوچەیەکی ناسەقامگیر.   پێنجەم:  1- پێویستە کۆنگرێس جەخت لە هاوبەشیی بەهێزی نێوان ئەمریکا و کوردی عێراق بکاتەوە، کە ئەو پەیوەندییە بە پێکەوەگونجان لەگەڵ هاوبەشییە بەهێزییەکەی ئەمریکا کە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا هەیەتی.   2- پێویستە جەخت لە بەردەوامبوونی رێز و پاڵپشتیی کۆنگرێس بۆ هاوڕێیە کوردەکانی ئەمریکا لە عێراق بکرێتەوە، کە بەشێوەیەکی بوێرانە لەگەڵ ئەمریکا لە دژی پەڕگیری و تیرۆر دەوەستنەوە.

   هاوڵاتی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگه‌یاند:" لە هێرشێکی درۆنیدا لە سووریا، سەرکردەیەکی باڵای رێکخراوی ئەلقاعیدەمان کوشتووە". جۆن سیسگبی، وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "عەبدولحەمید ئەلمەتار، سەرکردەی باڵای ئەلقاعیدەی لە هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکا لە باکووری رۆژئاوای سووریا کوژرا". سیسگبی ئاماژەشی بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک نییە ئایا کەسی دیکە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمریکاوە برینداربووبێت یان کوژرابێت و باسیشی لەوە کرد کە هێرشەکە لە رێگەی درۆنێکی جۆری ئێم کیو ناینەوە ئەنجامدراوە.  وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا گوتیشی، "لەنێوبردنی ئەو سەرکردە باڵایەی قاعیدە توانای رێکخراوە تیرۆریستەکە لە دانانی پلانی زیاتر و ئەنجامدانی هێرشی زیاتر بۆسەر جیهان لاواز دەکات." لە کۆتایی مانگی ئەیلوولدا، پێنتاگۆن کوشتنی سەليم ئەبو ئەحمەدی راگەیاند و گوتی، ناوبراو فەرماندەیەکی باڵای قاعیدە بووە لە سووریا و لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە نزیک ئیدلب کوژراوە.  بە گوێرەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، سەلیم ئەبو ئەحمەد بەرپرس بووە لە "پلاندانان، دابینکردنی پارە و پەسندکردنی هێرشی ئەلقاعیدە لە ناوچەکەدا". پێنتاگۆن لە راگەیێندراوەکەی لە بارەی کوشتنی عەبدولحەمید ئەلمەتار دەڵێت، "ئەلقاعیدە هێشتا هەڕەشەیە بۆ سەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانمان. قاعیدە وڵاتی سووریا وەکو پەناگەیەک بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی خۆی رێکبخاتەوە و هاوئاهەنگیی لەگەڵ هاوسۆزەکانی بکات و پلان بۆ هێرشی دەرەکی دابنێت". هێرشە ئاسمانییەکە دوو رۆژ دوای ئەوە هات کە هێرشکرایە سەر بنکەی سەربازیی تەنف لە باشووری سووریا کە نزیکەی 200 سەرباز و راوێژکاری سەربازیی ئەمریکی تێدایە. 

هاوڵاتی  ئەو ئەفسەرەی پۆلیسی دارستانی گەرمیان كە لەسەر پۆستێكی فەیسبوك زیندانی كرابوو، قوباد تاڵەبانی بڕیاریدا ئازاد بكرێت. راگەیاندنی ئیدارەی گەرمیان بڵاویكردەوە،  مقدەم ئەرکان رەحمان، ئەو ئەفسەرەی لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستانی گەرمیان، كە‌ لە بەرواری ( ٢٠-١٠-٢٠٢١ ) لەسەر بابە‌تێكی نووسین لە‌لایە‌ن بەرێوەبەری پۆلیسی دارستانی گەرمیان راگیرابوو، ئێوارە‌ی ئە‌مڕۆ ٢٢-١٠-٢٠٢١ بە فەرمانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران ناوبراو ئازادکرا. مقدەم ئەرکان رەحمان، ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستانی گەرمیان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە فەیسبوكی خۆی نوسینێكی ئاراستەی جێگیری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، داوای گۆڕینی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و خودی قوباد تاڵەبانی خۆیشی كردبوو. لەسەر ئەو پۆستە ئیدارەی گەرمیان سکاڵای یاساییان لەسەر ئەو ئەفسەرە تۆمار کرد و لە شوینی کارەکەی دەستبەسەرکرا.

 هاوڵاتی  ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات حکومەتێکی گشتگیر لە عێراق پێکبهێندرێت و هەموو لایەنەکانی عێراقیش ئارامی پیشانبدەن و رێز لە هەڵبژاردنەکە بگرن. ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان راگەیێندراوێکی لەبارەی هەڵبژاردنی ئەم مانگەی عێراق بڵاوکردەوە و تێیدا دەستخۆشی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، یونامی و ئەو وڵاتانە دەکات کە یارمەتی سەرخستنی هەڵبژاردنەکەیان دا و سەرکۆنەی ئەو لایەنانەش دەکات کە هەڕەشە لە کارمەندانی کۆمیسیۆن و یونامی دەکەن.  لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش پیرۆزبایی لە خەڵک و حکومەتی عێراق دەکەن بەبۆنەی دوایین هەڵبژاردنیان کە لە 10ی تشرینی یەکەمی 2021 ئەنجامدرا. ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاساییش پێشوازی لە راپۆرتە سەرەتاییەکان دەکەن کە پیشانیدەدەن هەڵبژاردنەکە بەشێوەیەکی رێکوپێک بەڕێوەچووە و پێشکەوتنێکی بەرچاوی لە بواری رێوشوێن و لایەنی تەکنیکییەوە بەخۆیەوە بینیوە، بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی رابردوو". ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش ستاییشی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکەن لە بەرامبەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی بەشێوەیەکی باش. هەروەها دەستخۆشی لە حکومەتی عێراق دەکەن لە بەرامبەر ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردن و رێگەگرتن لە دروستبوونی تووندوتیژی لە رۆژی دەنگدان.  ئەنجوومەنی ئاسایش هەروەها دەستخۆشی لە رۆڵی یونامی دەکات کە لەرێگەی پێشکێشکردنی یارمەتی تەکنیکی و دابینکردنی چاودێرەوە هاوکاریی پرۆسەکەی کردووە.  ئەندامانی ئەنجوومەنەکە هاوکات سوپاسی هەموو ئەو وڵاتانە دەکەن کە لە رێگەی ناردنی چاودێرەوە بەشدارییان لە پرۆسەکەدا کردووە.  لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش سەرکۆنەی هەڕەشەکانی ئەم دواییەی بەکارهێنانی تووندوتیژی دژی یۆنامی، کارمەندانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و ئەوانی دیکە دەکەن". ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش جەخت لە بانگەوازی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەنەوە کە داوا لە هەموو لایەنەکانی عێراق دەکات ئارامی پیشانبدەن و رێز لە هەڵبژاردنەکە بگرن. هەروەها جەختیش لەوە دەکەنەوە کە پێویستە هەموو ناکۆکیەک لەسەر شێوازی هەڵبژاردنەکە و ئەنجامەکانی، بە شێوەیەکی ئاشتییانە لە رێگەی یاساوە چارەسەر بکرێت. 

هاوڵاتی فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) له‌ تویتێكدا رایگه‌یاند كه‌ "توركیا هەوڵی هەڵگیرساندنی شەڕ دەدات". مەزڵووم كۆبانێ‌، فەرماندەی هێزەكانی سووریای دیموكرات له‌ تویته‌كه‌یدا وتی "لە كاتێكدا كە هەموو خەڵكی سوریا داوای ئاشتی دەكەن، توركیا ڕێككەوتنەكان پێشێل دەكات، بۆردومانكردنی هاوڵاتیانی مەدەنی لە كۆبانێ‌ هەوڵدانە بۆ هەڵگیرساندنی شەڕ". وتیشی " داوا لە لایەنە گەرەنتیكارەكان دەكەین كە بە ئەرك و بەرپرسیارێتیی خۆیان هەستن". تویته‌كه‌ی فه‌رمانده‌ی هه‌سه‌ده‌ لەكاتێكدایە كه‌ ئەمڕۆ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی توركیا دەربارەی ئەگەری هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوی كوردستان و هەسەدە، ڕایگەیاند "هەر هەڕەشەیەك بكرێتە سەر ئاسایشی توركیا و لە هەر شوێنێكەوە بێت، توركیا بە پێداگرییەوە هەنگاوە پێویستەكان دەنێت و ئەمە بۆ سوریاش هەمان شتە". راشیگه‌یاند "هەر كاتێك مەرجەكان گونجاو بێت و ڕێكبكەوێت، هێرش و ئۆپەراسیۆنی پێویست ئەنجام دەدەن".