هاوڵاتی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی رایگەیاند: "حکومەتی ئێران داوایەکی ئاژانسەکەمانی تایبەت بە چاککردنەوەی کامێراکانی یەکێك لە پێگە ئەتۆمییەکانی رەتکردووەتەوە ئیدی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم توانای نییە تەماشای چالاکییەکانی ماوەی رابردووی ئێران بکات". ئهمڕۆ یەکشهممه 24ی تشرینی یهكهمی 2021، رافائێل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی رایگەیاند: "حکومەتی ئێران داوایەکی ئاژانسەکەمانی تایبەت بە چاککردنەوەی کامێراکانی یەکێك لە پێگە ئەتۆمییەکانی رەتکردووەتەوە". سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی پێیوایە بە رەتکردنەوەی داواکارییەکەیان لەلایەن ئێرانەوە، ئیدی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم توانای نییە تەماشای چالاکییەکانی ماوەی رابردووی ئێران بکات. سەرەتای ئەمساڵ و لەدوای پەککەوتنی گفتوگۆکانی نێوان ئێران و وڵاتانی پەیوەست بە رێککەوتنی ئەتۆمی، حکومەتی ئێران رێگەی بە تیمی سەر بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم نەدا چاودێری "کتوپڕ" بۆ پێگە ئەتۆمییەکانی بکات، بەڵام گرۆسی توانی ئەو دەمە حکومەتی ئێران رازی بکات بەوەی، کە کامێراکانی نێو پێگە ئەتۆمییەکان بە کراوەیی و چالاکی بهێڵێتەوە تاوەکو هەر کاتێك پەیوەندییەکان ئاسایی بوونەوە، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بتوانێت لە رێگەی تەماشاکردنەوەی کامێراکان ئاگاداری کار و چالاکییەکانی ئێران بێت. گرۆسی دەڵێت حکومەتی ئێران داواکەی ئێمە بۆ چاککردن و تەماشاکردنی کامێراکانی نێو وێستگە ئەتۆمییەکانی رەتکردووەتەوە و چیدیکە ناتوانین بزانین ئێران لە ماوەی رابردوودا چ کار و چالاکییەکی کردووە. سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی نوێی ئێران، گرۆسی رایگەیاند ئەو تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە ئەو جۆرە پەیوەندییە راستەوخۆیە لەگەڵ حکومەتەکەی ئیبراهیم رەئیسی دابمەزرێنێت، هاوشێوەی ئەو پەیوەندییەی کە پێشتر لەگەڵ حکومەتەکەی حەسەن روحانی، سەرۆکی پێشووی ئێران هەیبوو.
هاوڵاتی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند:' بڕیاردراوە بە پەسەندکردنی ١٨ سکاڵا و رەتکردنەوەی ٣٢٢ سکاڵای دیکە کە بەڵگەیان لەگەڵدا نەخراوەتەڕوو، لەو چوارچێوەیەشدا ٢٣٤ سدنوق بەدەست دەژمێردرێنەوە". ئهمڕۆ یەکشهممه 24ی تشرینی یهكهمی 2021، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، بەردەوامن لە بەدواداچون بۆ ئەو سکاڵایانەی لەسەر ئەنجامەکانی پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان پێشکەشکراون. کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق دەشڵێت:" ئەمڕۆ وردبینی بۆ ٣٤٠ سکاڵا کراوە، بڕیاردراوە بەرەتکردنەوەی ٣٢٢ سکاڵا بەھۆی ئەوەی بەڵگەی پێویستیان لەگەڵدا نەخراوەتەڕوو". ئەوەشی خستەڕو، ئەنجومەنی کۆمسیاران بڕیاریداوە بەرەچاوکردنی ١٨ سکاڵا، بەمەش ٢٤٣ وێستگەی دەنگدان دوبارە بەدەست دەنگەکانیان دەژمێردرێنەوە، کە سەرجەمیان لە پارێزگاکانی سەڵاحەدین و بەسرە و بەغدان. کۆمسیۆن ئاماژەی بەوەشداوە:" لەبەرئەوەی ئەو ١٨ سکاڵایە بەبەڵگەوە خراونەتەڕوو، ئەنجومەنی کۆمسیاران پشتیوانی لێکردون و بەگونجاو زانراون بۆئەوەی رێکاری پێویستیان لەبارەوە بگیرێتەبەر". لەبارەی چۆنییەتی دووبارە ژماردنەوەی دەستی ئەو سندوقانەش، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان باسی لەوەشکرد، ژماردنەوەی دەنگەکانیش بەئامادەبونی نوێنەرانی کاندیدە رکابەرەکانی ئەو وێستگانە دەبێت و شوێن و کاتی گونجاویش بۆئەو مەبەستە لەماوەیەکی نزیکدا دیاریدەکەن.
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی رایگهیاند:" سبهینێ دووشهممه موچهی مانگی 10ـی وهزارهتی تهندروستی به ههمان میكانیزمی مانگی پێشوو و بێ لێبڕین دابهش دهكرێت". ئهمڕۆ یەکشهممه 24ی تشرینی یهكهمی 2021، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگهیاند:" سبهینێ دووشهممه موچهی مانگی 10ـی وهزارهتی تهندروستی به ههمان میكانیزمی مانگی پێشوو و بێ لێبڕین دابهش دهكرێت". دوێنێش جووتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند، 25ـی مانگ مووچە دابەش دەکرێت و بڕیارە دابەشکردنەکەش بەبێ لێبڕین بێت، هەروەها "حکومەتی هەرێمی کوردستان بەو داهاتەی لەبەردەستیدایە مووچە دابەش دەکات". مانگی تەمموزی ئەمساڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا مووچەی مانگی (تەموز/7) بەبێ لێبڕین دابەشبکات، دوای ئەوەی چەند مانگێک لێبڕینی 21%ی موچە بەردەوام بوو
هاوڵاتی فەرمانبەرانی گرێبەست داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، گرێبەستەکانییان بکرێت بە هەمیشەیی و دەڵێن ئەوە لە بەرژەوەندیی حکومەتدایە لەڕووی دارایی و ئیداریشەوە ئەرکی سەر شانی حکومەت ئاسانتر دەکەین". ئهمڕۆ یەکشهممه 24ی تشرینی یهكهمی 2021، لە راگەیێندراوەکەی فەرمانبەرانی گرێبەستدا هاتووە: "لە ماوەکانی رابردوودا لەسەر خواستی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران نووسراو ئاڕاستەی سکرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە بە ژمارە 10432 لە رۆژی 2/9/2021 بە مەبەستی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر پرسی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست، پاشان سکرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیران لە رۆژی 13/9/2021 لە نووسراوێکدا کە ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری کردووە بە ژمارە 10995 داوای تەواوی داتا و زانیارییەکانی تایبەت بە فەرمانبەرانی گرێبەستی کردووە، کە لە داواکارییەکەدا (ژمارەی فەرمانبەرانی گرێبەست، خشتەی بەراوردکاری بڕی مووچە بە هەمیشەیی و بە گرێبەستی، رای وەزارەتی دارایی بۆ ئەم پرسە) تێدا جێگە کراوەتەوە". لە راگەیێندراوەکەی فەرمانبەرانی گرێبەست ئاماژە بە وەڵامی وەزارەتی دارایی بۆ سکرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە و تێیدا هاتووە: "لە 27ی 9ی 2021 بە نووسراوی فەرمی کە لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە بە داتا و زانیاری ورد ئەوە سەلمێندراوە کە بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەران گرێبەست مانگانە بڕی دوو ملیار هەشت سەد و پێنج ملیۆن دینار بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێنێتەوە". وەزارەتی دارایی لە نووسراوەکەیدا دەڵێت: "بۆ ئەو تەرخانکراوە کە ئێستا موچەی گرێبەستی لێ وەردەگرن دەتوانرێت بکرێن بە هەمیشەیی و هیچ بارگرانیەکی دارایی دروست ناکات". فەرمانبەرانی گرێبەست دەڵێن: "ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە نەک بارگرانی بۆ حکومەت دروست ناکەین، بەڵکو لەڕووی دارایی و ئیداریشەوە ئەرکی سەر شانی حکومەت ئاسانتر دەکەین". فەرمانبەرانی گرێبەست داوا دەکەین کە پرسی بە هەمیشەییکردنیان بەشێک بێت لە بەرنامەی کاری ئەم هەفتەیەی ئەنجومەنی وەزیران و رۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا بڕیاری یەکلاکەرەوەی لەسەر بدرێت." لەکۆتاییدا هەڕەشەی گرتنەبەری رێوشوێنی دیکە دەکەن، ئەگەر وەڵامنەدرێنەوە، لەوبارەیەوە دەڵێن: "لەکاتی بەدەمەوە نەهاتنی داوا رەواکانی فەرمانبەرانی گرێبەست بەدڵنیاییەوە رێگەی شەقام و گوشاری مەدەنی دەگرینەبەر و گردبوونەوەی سەرتاسەری لە تەواوی هەرێم و بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران دەکەین".
هاوڵاتی سەرۆکی گشتی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رایگەیاند:" کڵچدارئۆغڵو سەرۆکی گشتی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە تویتێکدا رایگەیاندووە: "ئەو کەسەیە ئەم وڵاتە بەرەو هەڵدێر دەبات، ئەمجارەش فەرمانی داوە ئەو 10 باڵیۆزە بە پیاوە نەخوازراوەکان ناو ببرێن. بە روونی دەیڵیم؛ هۆکاری ئەم هەڵسوکەوتانە پاراستنی بەرژەوەندیی نیشتمانی نییە. بەڵکو لە هەوڵی ئەوەدایە فاکتەری دەستکرد بۆ فەوتاندنی ئابووریی وڵات دروست بکات. وەرە سەیرێکی خوانی خەڵک بکە!". رۆژی شەممە 23-10-2021 رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی ئەو 10 باڵیۆزەی داوای ئازادکردنی عوسمان کاڤاڵایان کردووە رایگەیاند رێنمایی بە وەزیری دەرەوە داوە بۆ ئەوەی بە "پیاوە نەخوازراوەکان" رایانگەیێنێت. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رۆژی شەممە لەمیانی وتاری کردنەوەی باخچە و کتێبخانەی میللی لە پارێزگای ئێسکیشەهیر، باسی لەو گوشارانە کرد کە بۆ ئازادکردنی عوسمان کاڤاڵای بازرگان و چالاکڤان خراونەتە گەڕ. بەتایبەتی لە چەند رۆژی رابردوودا باڵیۆزانی 10 وڵات لە ئەنقەرە داوایان لە حکومەتی تورکیا کرد ئەو بڕیارە جێبەجێبکات، کە لەلایەن دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپاوە بۆ ئازادکردنی کاڤاڵا دەرکراوە.
هاوڵاتی حەشدی شەعبی رایگەیاند: "هەڵبژاردن پیلانێکی نێودەوڵەتی بوو چەند لایەنێکی ناوخۆیی بەشدارن تێیدا". بەرپرسێكی حەشدی شەعبی تویتێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند:" راگەیێندراوی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێوەدەوڵەتیی ناوبانگ خراپ ئەوەی گوتوومانە دووپاتی دەکاتەوە لەوەی هەڵبژاردن پیلانێکی نێودەوڵەتی بوو چەند لایەنێکی ناوخۆیی بەشدارن تێیدا". لەتویتەكەدا وتویەتی:" ئێمە لەم تاوانە مێژووییە بێدەنگ نابین قوربانییەکانی هەرچییەک بن". داوا لە برایان و رۆڵەکانی گەلی جوامێرمان دەکەن گۆڕەپانەکانی ناڕەزایەتی و مانگرتن فراوانتر بکەن لەوسەری عێراق بۆ ئەوپەڕی. لەكۆتایی تیوتەەكەیدا جەختی لەوەكردۆتەوە:" کەتیبەکانی حیزبوڵڵا بە قەڵغانێک بۆ رۆڵەکانی عێراق دەمێنێتەوە و رێگە نادات زیانیان پێ بگات، لەلایەن هەر لایەکەوە بێت و لە ئامادەباشیی تەواو دەبێت و لەنزیکەوە چاودێری دەکات و لەدەستێکی گوڵ دەبێت و لەدەستەکەی دیکەی شمشێرێک دەبێت دەستی هەموو ئەو کەسانە دەبڕێتەوە کە یاری بە ئاسایش و سەلامەتی وڵات بکەن". رۆژی هەینی، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان راگەیێندراوێکی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بڵاوکردەوە و تێیدا دەستخۆشی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، یونامی و ئەو وڵاتانە دەکات، کە یارمەتی سەرخستنی هەڵبژاردنەکەیان دا و سەرکۆنەی ئەو لایەنانەش دەکات کە هەڕەشە لە کارمەندانی کۆمیسیۆن و یونامی دەکەن. داواشی کردبوو، کە حکومەتێکی گشتگیر لە عێراق پێکبهێندرێت و هەموو لایەنەکانی عێراقیش ئارامی پیشانبدەن و رێز لە هەڵبژاردنەکە بگرن. رۆژی 10-10-2021، هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو، تاوەکو ئێستاش کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئەنجامی کۆتایی رانەگەیاندووە. پێچەوانەی ئەو لایەنانەی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 10ی ئۆکتۆبەر ژمارەی کورسییەکانییان کەمی کرد یان کورسییان بەدەستنەهێنا بەتایبەت گرووپەکانی حەشدی شەعبی، کە لەرۆژی شەممە 23/10/2021 دەستییان داوەتە وەڵامدانەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدری پەسنی راگەیێندراوەکەی کرد.
هاوڵاتی بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، ئەم ھەلومەرجەی ھاتۆتە پێش وادەخوازێت کورد ماڵی خۆی رێکبخاتەوە و یەک وتاری یەکگرتووی ھەبێت بۆ بەغدا، یەکێتیش لەو رووەوە دەستپێشخەری دەکات و ھەماھەنگ دەبێت بۆ یەکڕیزی تا پێکەوە سەنگی نەتەوەیی بپارێزن و لەچوارچێوەی دەستوور شەڕی مافەکانی کورد بکەن، کە ئەم ھەنگاوەش "خزمەتکردنە بەئامانجە باڵاکانی گەلی کورد". بافڵ تاڵەبانی لە دەباشان لەگەڵ ئیلبروس کوتراشیڤ، باڵیۆزی رووسیا لە عێراق و ئۆلیگ لیڤن، کونسوڵی رووسیا لەھەرێمی کوردستان کۆبووەوە و رایگەیاند، قۆناغی ئێستا پێویستی هەیە بە رەخساندنی زەمینەی لەبار بۆ لێکتێگەیشتن و گەیشتن بە چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان و دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاو بۆ لێکنزیکردنەوەی لایەنەکان لەپێناو سەقامگیری سیاسی و ئابووری زیاتر لە وڵات. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ھەلومەرجەی ھاتۆتە پێش وادەخوازێت کورد ماڵی خۆی رێکبخاتەوە و یەک وتاری یەکگرتوومان ھەبێت بۆ بەغدا و یەکێتیش لەو رووەوە دەستپێشخەری دەکات و ھەماھەنگ دەبێت بۆ یەکڕیزی، تا پێکەوە سەنگی نەتەوەییمان بپارێزین و لەچوارچێوەی دەستوور شەڕی مافەکانمان بکەین، ئەم ھەنگاوەشی بە خزمەتکردنی ئامانجە باڵاکانی گەلی کورد وەسفکرد. لەبارەی دۆخی ناوخۆ و هەنگاوەکانی چاکسازیش ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوەی خستوەتەڕو، "گۆڕانکارییەکانی ناوخۆیی و ناوچەکە ھانمان دەدات ناکۆکییەکان وەلابنێین و بە ئیرادەیەکی بەھێزەوە کار بکەین بۆ چاکسازی راستەقینە و خزمەتکردنی زیاتر، لێشگەڕێین دامەزراوە رەسمییەکان ئەرکەکانی سەرشانیان جێبەجێبکەن." سەبارەت بە پرسی رۆژئاوای کوردستانیش بافڵ تاڵەبانی باسی لەوەکردوە، جەخت دەکەنەوە لەپشتیوانی، سەقامگیری سیاسی، دیالۆگ و چارەسەرکردنی سیاسییانەی کێشەکانی بە فاکتەری ئارامی و ئاسایش لەناوچەکە دەزانن و داوا لە رووسیاش دەکەن ھەماھەنگ و پشتیوانی زیاتربن لەو رووەوە.
هاوڵاتی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکیا لە کۆبانێ ئۆتۆمبێلێکی سڤیلی بۆردومان کرد و بە هۆیەوە سێ هاوڵاتی سڤیل شەهید بوون. ئێوارەی ئەمڕۆ دەوڵەتی تورکیا بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لەسەر رێگای کۆبانێ و حەلەب هێرشی کردە سەر ئۆتۆمبێلێکی سڤیل و لە ئەنجامدا سێ هاوڵاتی سڤیل شەهید بوون. رۆژی چوارشەممەی ڕابردوو فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکیا لە شاری کۆبانێ هێرشیان کردە سەر ئۆتۆمبێلێکی سڤیل و لە ئەنجامد دوو هاوڵاتی سڤیل شەهید بوون و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.
هاوڵاتی سەندیکای کرێکارانی بەریتانیا و ئیرلەندا لە کۆنفرانسی ساڵانەى خۆیدا بۆ ساڵی 2021 وێنەی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە"یان بەرزکردەوە و داوای ئازادییان بۆ ئۆجالان کرد. ئەمرۆ شەممە، میدیای پەکەکە بڵاوی کردەوە، کۆنفرانسی ساڵی 2021ی سەندیکای کرێکارانی بەریتانیا و ئیرلەندای باکور بە ناوی یەکێتیی یەکگرتوانە (Unite The Union) بە بەشداری 700 نوێنەری ئینگلتەرا و ئیرلەندای باکوور بەڕێوەچوو. باس لەوەشکراوە، کۆنفرانسەکە چەندین بابەتی بواری سەندیکایی و کێشەکانیان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا خستبووە بەرنامەى کاری خۆیەوە، هەروەها سەرەتای کۆنفرانسەکە بە ئەنجامدانی چەند چالاکییەک بۆ پشتیوانی لە گەلی کورد بەرێوەچوو. شارۆن گراهام سکرتێری گشتیی سەندیکاکە لە پەیامێکدا رایگەیاند، "نوێنەرانی کۆنفرانس لەسەر سیاسەتەکانی یەکێتیی یەکگرتوانە دەڵێن، 'ئێستا کاتیەتی' (#thetimeisnow). دەبێت دەوڵەتی تورک ئۆجالان ئازاد بکات و سەرلەنوێ لەگەڵ نوێنەرانی گەلی کورد دەست بە دانوستان بۆ ئاشتی بکاتەوە".
هاوڵاتی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت:"پێویسته لهسهر ئهم دهسهڵاته ڕاچڵهكێت و گوێ بۆ داواكاری زیاتر له 20ههزار مامۆستای وانهبێژ بگرێت، دەشڵێت، پەرلەمان حكومهت بخاته بهردهم لێپرسینهو"ه. ئەمرۆ شەممە 23ی تشرینی یەکەمی 2021 ، فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، ئێمه وهك فراكسیۆنی یهكگرتوو له پهرلهمانی كوردستان پشتگیری تهواوی خۆمان بۆ داواكاریهكانی مامۆستایانی وانهبێژ دوپاتدهكهینهوه كه چهندین ڕۆژه خۆپیشاندان و گردبوونهوه دهكهن و بایكۆتی هۆڵهكانی خوێندنیان كردووه و داوای مافی ڕهوای خۆیان دهكهن. فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەیان بۆ ئەوەشکردووە، پێویسته لهسهر ئهم دهسهڵاته ڕاچڵهكێت و گوێ بۆ داواكاری زیاتر له 20 ههزار مامۆستای وانهبێژ بگرێت له بری ههڕهشهكردن به دانانی كهسانی دیكه له شوێنیان گهر له بایكۆت بهردهوام بن. ئەوەشدەخاتەڕوو، نابێت چیتر پهرلهمان بێ دهنگ و بێ ڕۆڵ بێت و هیچ بههانهیهك بهێننهوه بۆ ئهنجام نهدانی كۆبوونهوهی پهرلهمان بهڵكو به پێچهوانهوه پێویسته لهسهر پهرلهمان دهستبهجێ بێته دهنگ و دانیشتنهكانی بۆ خزمهتی چارهسهری گرفتهكانی خهڵك بێت و حكومهت بخاته بهردهم لێپرسینهوه. دەقی ڕاگەیەندراوەکە: فراكسیۆنی یهكگرتوو لهبارهی بایكۆت و گردبوونهوهی مامۆستایان و قهیرانهكانی دیكه له كوردستان ڕاگهیهندراوێكی بڵاوكردهوه .... ئێمه وهك فراكسیۆنی یهكگرتوو له پهرلهمانی كوردستان پشتگیری تهواوی خۆمان بۆ داواكاریهكانی مامۆستایانی وانهبێژ دوپاتدهكهینهوه كه چهندین ڕۆژه خۆپیشاندان و گردبوونهوه دهكهن و بایكۆتی هۆڵهكانی خوێندنیان كردووه و بهشێوازێكی مهدهنیانه داوای مافی ڕهوای خۆیان دهكهن كه دامهزراندنه هاوشێوهی مامۆستایانی میلاك و سوودمهندبوونه له مافه یاساییهكانی خۆیان له موچه و مۆڵهت و خانهنشینی و سهرجهم مافهكانی تر. بۆیه پێویسته لهسهر ئهم دهسهڵاته ڕاچڵهكێت و گوێ بۆ داواكاری زیاتر له 20 ههزار مامۆستای وانهبێژ بگرێت له بری ههڕهشهكردن به دانانی كهسانی دیكه له شوێنیان گهر له بایكۆت بهردهوام بن. ههروهها پێویسته سهرۆكایهتی پهرلهمانی كوردستان چیتر ئهو یاداشتانهمان پشتگوێ نهخات كه ئاراستهمان كردوون سهبارهت به سازدانی دانیشتنی پهرلهمان لهسهر چارهنووسی مامۆستایانی وانهبێژ و فهرمانبهرانی گرێبهست و دامهزراندنی سێ یهكهمهكانی زانكۆ و پهیمانگاكان و گرفتهكانی تری وهك گرانبوونی بهنزین و كهمی سوتهمهنی و گرانبوونی شتومهك و دیاردهی كۆچی بهلێشاوی گهنجان و چهندین كێشه و گرفتی دیكه. یۆسه نابێت چیتر پهرلهمان بێ دهنگ و بێ ڕۆڵ بێت و هیچ بههانهیهك بهێننهوه بۆ ئهنجام نهدانی كۆبوونهوهی پهرلهمان بهڵكو به پێچهوانهوه پێویسته لهسهر پهرلهمان دهستبهجێ بێته دهنگ و دانیشتنهكانی بۆ خزمهتی چارهسهری گرفتهكانی خهڵك بێت و حكومهت بخاته بهردهم لێپرسینهوه و وهڵام نهدانهوهی داواكاریهكانی هاوڵاتیان و چارهسهرنهكردنی گرفت و قهیرانهكان. فراكسیۆنی یهكگرتووی ئیسلامی له پهرلهمانی كوردستان 23-10-2021
هاوڵاتی رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند:" پاڵپشتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و داننان بە بێگەردی پرۆسەکەدا دیمەنێکی جوانی دیموکراسی عێراق پێشاندەدات". موقتەدا سەدر، براوەی یەکەمی هەڵبژاردنی عێراقە بە 73 کورسی، لە تویتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو داننانە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە، "ئومێدێکمان پێدەبەخشێت بە ملکەچبوونی ئەو لایەنانەی کە بانگەشەی ئەوە دەکەن لە پرۆسە دیموکراسییەکەدا ساختەکاری کراوە." رۆژی هەینی، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان راگەیێندراوێکی لەبارەی هەڵبژاردنی ئەم مانگەی عێراق بڵاوکردەوە و تێیدا دەستخۆشی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، یونامی و ئەو وڵاتانە دەکات کە یارمەتی سەرخستنی هەڵبژاردنەکەیان دا و سەرکۆنەی ئەو لایەنانەش دەکات کە هەڕەشە لە کارمەندانی کۆمیسیۆن و یونامی دەکەن. داوای ئەوەیشی کردبوو کە حکومەتێکی گشتگیر لە عێراق پێکبهێندرێت و هەموو لایەنەکانی عێراقیش ئارامی پیشانبدەن و رێز لە هەڵبژاردنەکە بگرن. رێبەری رەوتی سەدر دەڵێت، بردنی وڵات بۆ پشێوی و شڵەژانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی بەهۆی باوەڕنەکردن و قبوڵنەکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن، "نەک هەر ئابڕوچونە و دۆخی سیاسی و ئەمنی ئاڵۆزتر دەکات، بەڵکو وێنەیەکی خراپیش پێشاندەدات." سەدر ئاماژە بەوە دەکات کە نابێت گوشار بخرێتە سەر کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، کاری دادگە و دادگەی فیدراڵی یان دەستوەردان لە کاروبارەکانیان بکرێت، بەڵکو پێویستە کەشێکی ئارام بڕەخسێندرێت تاوەکو کۆمیسیۆن رێکارەکانی لەبارەی تانەکان بگرێتەبەر. رێبەری رەوتی سەدر ئەوەشی گوتووە کە دەبێ "هەموو بزانن کە رازی بوون بە ئەنجامی ئەلیکترۆنی، سەقامگیری و ئارامی بۆ عێراق و گەلەکەی فەراهەم دەکات."
هاوڵاتی وەزیری بازرگانی عێراق رایگەیاند:" چەکێکمان بەبڕی ١٤٩ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دینار بۆ پارەی گەنمی ئەمساڵ بۆ ھەرێم و بەغدا تەرخانکردووە". ئەمڕۆ شهممه 23ی تشرینی یهكهمی 2021، عەلا جبوری وەزیری بازرگانی عێراق رایگەیاند:" وەزارەتی دارایی چەکێکی بەبڕی ١٤٩ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دینار بۆ پارەی گەنمی ئەمساڵ تەرخانکردووە کە وەکو شایستەی داراییە". باسی لەوەشکردووە، ھەماھەنگی بەردەوامییان لەگەڵ وەزارەتی داراییدا ھەیە بۆ ئەوەی شایستەداراییەکانی جوتیاران وەکو خۆی دابەشبکرێت. ئەمە لەکاتێکدایە، لە مانگی ئابی رابردوودا، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند:" قۆناغی یەکەمی چەکی پارەی گەنمی جوتیارانی ساڵی ٢٠٢١ دابەشدەکرێت".
شاناز حەسەن بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی رایگەیاند:" تائێستا بە فەرمی هیچ داوایەكمان بەدەست نەگەیشتووە بۆ زیادكردنی كرێی پاس و دەڵێت:" شۆفێر پاسەكان داوا دەكەن بەنزینی پێوستیان بۆ دابین بكرێت". سۆران عەبدولغەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی، لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" تائێستا بە فەرمی هیچ داوایەكمان لەلایەن شۆفێرانی پاسەوە بەدەست نەگەیشتووە بۆ زیادكردنی كرێی لە 500 دینارەوە بۆ 750 یان بۆ هەزار دینار". بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد پێشتر كاتێك نرخی كرێی گواستنەوەی پاس 250 دینار بووە، شۆفێرەكان داوایان كرد و نرخەكە كرایە 500 دینار و وتی:" بەڵی دەكرێت زۆر ئاساییە چونكە كاتی خۆی لە 250 وە نرخەكەی كرابە 500 بۆیە ئێستاش ئاساییە نرخەكەی گۆرانكاری تێدا بكرێت". سۆران عەبدولغەفور، جەختی لەوەشكردەوە:" ئەگەر نرخی سوتەمەنی بەمشێوەیە بەرزبێتەوە ئەوا پاسەكان زەرەر دەكەن و ئەو كرێیەی لەكاتی گواستنەوەی سەرنشیناندا دەستیان دەكەوێت، بەشی كڕینی بەنزین ناكات بۆیە داواكاریەكی ئاوا دەكرێت". وتیشی:" كاتێك بەفەرمی داوا كرا ئێمە بەتەنیا ناتوانین بڕیار بدەین، بەڵكو هەموو لایەنەكان پێكەوە بڕیار لەسەر زیادكدرنی كرێی پاس دەدرێت". بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینەوە، شۆفێرانی بەشێک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان چەند جارێک ناڕەزاییان دەربڕیوە و رێگەکانیان گرتووە.
هاوڵاتی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم رایگهیاند:" لە درێژەی هاوکارییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کاروانێکی پزیشکییان گەیاندە دەست لیوا هاوبەشەکان. ئەمڕۆ شهممه 23ی تشرینی یهكهمی 2021، وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم لە بڵاوکراوەیەکدا باسی لەوەکردوە: هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كاروانێكی دیکەی هاوكاری گەیاندە لیواكانی وەارەتی پێشمەرگە، كە پێكهاتووە لە كەرەستەی پزیشكی و دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەكان وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی خستۆتەرو،ئەو هاوکارییانە لە كاتی جەنگ و ڕوداوە نەخوازراوەكان بەكاردەهێنرێت هەروەها هەماهەنگییەكانی نێوان هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام دەبن. لەلایەن خۆیەوە لیوا عهبدوڵا کهریم، بەڕێوەبەری مەشقی سەربازی پێشمەرگە بە سەنتەری میدیا و زانیاری وهزارهتی پێشمهرگهی راگەیاند، بەهاوکاری هاوپەیمانان دوای ئەوەی بەهۆی بڵاوبونەوەی پەتای کۆڕۆنا بۆ ماوەیەک مەشق و ڕاهێنانەکانی پێشمەرگە وەستابوو، لەم کاتەدا مەشق و راهێنانەکانی پێشمەرگە دهستیپێکردوەتەوە و بەردەوام بێت.
هاوڵاتی نێردەی تایبەتی روسیا بۆ کاروباری سووریا دەڵێت، حکومەتی وڵاتەکەی پشتیوانی لە بەردەوامبوونی گفتوگۆکانی لیژنەی ئامادەکردنی رەشنووسی دەستووری سوریا دەکات. ئەوە لەکاتێکدایە کە رۆژی هەینی گەیر پیدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا رایگەیاند، گفتوگۆکان لەبارەی دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ دەستپێکردنی نووسینی رەشنووسی دەستووری سوریا بە هیچ ئەنجامێک نەگەیشتوون و شاندەکانی حکومەت و ئۆپۆزیسیۆن لەسەر کاتی دەستپێکردنی گەڕی حەوتەمی دانوستاندنەکانیش رێکنەکەوتوون. ئەلێکساندەر لاڤرێنتیڤ، نێردەی تایبەتی روسیا بۆ کاروباری سووریا لە جنێڤ رایگەیاند، متمانەی نێوان شاندەکانی ئۆپۆزیسیۆن و حکومەتی سوریا لە ئاستێکی نزمدایە و ناکرێت بەو بێ متمانەییە دەست بە نوسینی رەشنووسی دەستور بکرێت. رۆژی هەینی، شاندەکانی حکومەت و ئۆپۆزیسیۆن بەرپرسیاریەتیی شکستهێنانی گفتوگۆکانیان خستە ئەستۆی یەکدی. ئەلێکساندەر لاڤرێنتیێڤ وتیشی، گەڕی داهاتووی دانوستاندنەکانی ئاستانا لە نێوان رووسیا، ئێران و تورکیا لە کۆتایی ئەمساڵ لە شاری نوور سوڵتانی پایتەختی کازاخستان بەڕێوەدەچن، بەڵام ئاماژەشی کرد کە تاوەکو ئێستا وادەیەکی دیاریکراو بۆ ئەو کۆبوونەوەیە دانەنراوە. نێردەی تایبەتی روسیا بۆ کاروباری سوریا رایگەیاند، ئامانجێکی سەرەکیی گفتوگۆکانی ئاستانا ئامادەکاریی دەبێت بۆ ئەنجامدانی لووتکەی تاران لە نێوان ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران کە تایبەت دەبێت بە رەوشی سووریا. ئەلێکساندەر لاڤرێنتیێڤ، نێردەی تایبەتی روسیا بۆ کاروباری سوریا وتی: "بە شێوەیەکی گشتی، کۆبونەوەکان ئەنجامدران، بەڵام ناتوانم بڵێم تەواو ئەرێنی بوون. لایەنە ئەرێنییەکە ئەوەبوو کە شاندەکان قسەیان لەگەڵ یەکدی کرد. ژمارەیەک کۆبوونەوە لە نێوان سەرۆک شاندەکان ئەنجامدران و لایەنەکان هەوڵیاندا رێکبکەون لەسەر ئەوەی کە دەبێت چۆن هەندێ بنەمای دیاریکراوی دەستوور کاری لەسەر بکرێت. بەڵام دواجار گفتوگۆکان نیشانیاندا کە هەڵوێستی لایەنەکان هێشتا ئاڵۆزە و لە زۆربەی بوارەکاندا دژی یەکدین."
