بەهۆی ئەو زیانانەی لافاوەوە، کە بەر بەشێک لە گەڕەکەکانی سلێمانی کەوتووە، جێگری پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند کە لەسەر بڕیاری جێگری سەرۆکوەزیران، هەنگاوی بەپەلە بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان دەنرێت و شوێنی مانەوەیان بۆ دابین دەکرێت.  شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی لە میانەی بەسەرکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان بە کەناڵ8ی ڕایگەیاند، ئەو ماڵانەی بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە یان مەترسییان لەسەرە، لەسەر ڕاسپاردەی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ڕەزامەندی دراوە لەسەر تەرخانکردنی شوێنی نیشتەجێبوون بۆیان. ئەم بڕیارە وەک چارەسەرێکی کاتی بۆ ماوەی چەند مانگێک دەبێت تاوەکو گرفتە سەرەکییەکەیان بۆ چارەسەر دەکرێت، چونکە بەلای حکومەتەوە سەلامەتیی هاونیشتمانییان لە هەموو شتێک گرنگترە.  جێگری پارێزگار پردی گەڕەکی خەلیفاوای بەسەرکردەوە، کە بەهۆی شەپۆلی لافاوەکەوە زیانی بەرکەوتووە گوتی، تیمەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵدەدەن چارەسەرێکی خێرا بۆ چاککردنەوەی پردەکە بدۆزنەوە بۆ ئەوەی هاتوچۆی هاووڵاتییان ئاسایی ببێتەوە.   سەبارەت بە کێشەی ژێرخانی گەڕەکی خەلیفاوا، شاهۆ عوسمان گرنگترین پرسی بە پڕۆژەی ئاوەڕۆی گەڕەکەکە دانا و ئاماژەی بەوە کرد کە پڕۆژەکە بە بەڵێندەرێک سپێردراوە بەڵام کارەکانی تەواو نەکردووە. جێگری پارێزگار لە ڕێگەی کەناڵ8ـەوە بە فەرمی هۆشداری دایە بەڵێندەرەکە کە دەستبەجێ دەست بە کارەکانی بکاتەوە، بەپێچەوانەوە ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەکرێتەوە.

بارەگای بارزانی پەیامێکی سەرۆک بارزانی لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمار بڵاوکردەوە و سێ پێشنیازی خستووەتەڕوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێی عێراق. سەرۆک بارزانی دەڵێت، پێویستە هەموو لایەنە كوردستانییەکان ئەو بڕوایەیان هەبێت ئەم پۆستە پشکی كوردە و بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیی راستەقینەی گەلی كوردستان بكات، دەبێ میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماریش گۆڕانكاریی بەسەردا بێت و چیتر لایەنێک ئەو پۆستە بە موڵكی تایبەتی خۆی نەزانێت. دەقى ڕاگەیەندراوەکە.. پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان لەبارەی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق، پێویستە هەموو لایەنە كوردستانییەکان ئەو قەناعەتەیان هەبێت كە ئەم پۆستە پشکی كوردە و بۆ ئەوەی سەرۆككۆمار نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان بكات، دەبێ میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماریش گۆڕانكاریی بەسەردا بێت و چیتر لایەنێك ئەو پۆستە بە موڵكی تایبەتی خۆی نەزانێت. میكانیزمەكەش بەمشێوەیە بێت كە: یان لە پەرلەمانی كوردستان كەسێك وەك نوێنەری كورد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆمار دیاری بكرێت، یان تێكڕای لایەنە كوردستانییەكان كۆ ببنەوە و بۆ ئەو پۆستە لەسەر كەسێك ڕێك بكەون، یانیش نوێنەران و فراكسیۆنە كوردییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، كەسێك بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە دیاری بكەن. مەرجیش نیە ئەو كەسەی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆمار دیاری دەكرێت پارتی بێت یان یەكێتی بێت، دەكرێ لە لایەنێكی تر بێت یانیش بێلایەن بێت. گرنگ ئەوەیە  ئەو كەسە كۆدەنگیی كوردی لەسەر بێت و نوێنەرایەتیی گەلی كوردستان بكات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق. مسعود بارزانی 29ی كانوونی یەكەمی 2025

لە نێو هۆتاف و چەپڵەی هەزاران لە هاندەرانی ئاماد سپۆر و وتنەوەی دروشمی "لەیلا زانا شانازیمانە و بژی لەیلا زانا"، ئەمڕۆ ژنە سیاستەمەداری دیاری كورد لەیلا زانا چووە  ناو یاریگا بۆ بینینی یارییەکەی ئامەدسپۆر و ئێگدیرسپۆر لە دیاربەکر. بانگهێشتكردنی لەیلا زانا بۆ یاریگاكە لەلایەن ئامادسپۆرەوە دوای ئەوەهات، لە میانەی یارییەکەی هەفتەی رابردوی نێوان سوماسپۆر و بورساسپۆر لە خولی پلە دووی تورکیا، هاندەرانی تیپی بورساسپۆر بە دروشمی نەشیاو و  رەگەزپەرستانە لەیلا زانایان کردە ئامانج، ئەوەش كاردانەوەیەكی فراوانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بەدوای خۆیدا هێنا، دوای ئەوەی ڤیدیۆکان بە شێوەی ئۆنلاین بڵاوبووەوە. رۆژی هەینی رابردوو، ناهیت ئێرن سەرۆکی یانەی ئامەدسپۆر پەیوەندی بە لەیلا زاناوە کردو بانگهێشتی کرد بۆ ئەوەی بەشداری یاریی نێوان ئامەدسپۆر و ئێگدیرسپۆر بکات. زانا خۆشحاڵی خۆی بە بانگهێشتنامەکە دەربڕی و لە وەڵامدا وتی: با پێکەوە بیر لەوە بکەینەوە، با پێکەوە بڕیار بدەین.  

شارەزایانی کەشناسی ئاماژە بەوە دەکەن، ئەمشەو شەپۆلی بەفر و باران تاوەکو رادەیەک لاواز دەبێت. بەڵام لە سبەی دوای نیوەڕۆوە بەفر لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەکان دەبارێت و دەگاتە سەنتەری شارەکانی سلێمانی و دهۆکیش. رۆژی یەکشەممە، 28ـی کانوونی یەکەمی 2025، محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەهۆی بەردەوامیی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای نێوەڕاست، ئەمڕۆ لە زۆربەی شارەکانی هەرێمی کوردستان باران باریوە و لە هەندێک شوێن ئاستی ئاو بەرزبووەتەوە، هاوکات لە ناوچە شاخاوییەکانی وەک پێنجوێن، کۆڕەک، سەفین، پیرمام، چۆمان و گۆیژە بەفرێکی زۆر باریوە. بەگوتەی ئەو شارەزایەی کەشناسی، "ئەم قۆناخی یەکەمەی بەفر و بارانە تاوەکو کاتژمێر 11ـی ئەمشەو بەردەوام دەبێت، پاشان کاریگەرییەکەی کۆتایی دێت و کەشوهەوا تاوەکو سبەی نیوەڕۆ ئاسایی دەبێتەوە." ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری پێشووی کەشناسیی سلێمانی بە رووداوی گوت: "ئەمشەو تاوەکو سبەی بەیانی شەپۆلەکە کەمێک لاواز دەبێت، بەڵام لە دوای نیوەڕۆی سبەی کاریگەرییەکان بە چڕی دەستپێدەکەنەوە. پێشبینی دەکەین بەفر بگاتە سەنتەری شارەکان و خێرایی باش کەم ببێتەوە، بەڵام سەرماکە توندتر دەبێت." محەممەد کەمال ئاماژە بەوە دەکات کە لە نیوەڕۆی سبەی دووشەممەوە، قۆناخی دووەمی شەپۆلەکە دەستپێدەکات و پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن. پێشبینی دەکرێت بەفر ئەم ناوچانە سپی پۆش بکات:"دهۆک، سلێمانی، رواندز، سۆران، پیرمام، مێرگەسۆر، باڵەکایەتی، قەڵادزێ، پێنجوێن، شارباژێڕ، ماوەت، قەرەداخ، پیرەمەگروون، بناری بەمۆ، بارزان، شیلادزێ، ئامێدی، بامەڕنی، سیدەکان، بازیان، بانی مەقان، سەنگاو، بیارە، تەوێڵە، شەقڵاوە، دۆڵی خۆشناوەتی، بالیسان، هیران و نازەنین". لەگەڵ تەواوی گوند و شاخەکانی دەوروبەریان. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە لە سەنتەری هەولێر و هەڵەبجە بەفر و باران بە تێکەڵ (تەرزە) دەبارێت، لە گەرمیان و کەرکووکیش بارانی مامناوەندی زستانە دەبارێت و شەپۆلەکە تا بەرەبەیانی سێشەممە بەردەوام دەبێت. هەردوو کەشناس هۆشداری دەدەن کە پلەکانی گەرما لە هەموو ناوچەکان لە کاتی رۆژدا نزیک دەبنەوە لە سفر و لە شەودا دەچنە ژێر سفری سیلیزی، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی شەختە و بەستنێکی زۆر. داوا لە هاووڵاتییان دەکرێت سبەی هۆشیار بن و سەردانی ناوچە شاخاوییە بەرزەکان نەکەن.

ئیدارەی خۆسەر لە سووریا، سەرکۆنەی بەکارهێنانی هێز لەلایەن هێزەکانی حکوومەتی ڕاگوزەری سووریاوە دژ بە خۆپیشاندەرانی مەدەنی دەکات.  ئیدارەی (خۆسەر)،  حکوومەتی ڕاگوزەر بە بەرپرسیاری سەرەکیی پەرەپێدانی گوتاری ڕقوکینە و هاندان دژ بە هاووڵاتیان دەزانێت و جەخت دەکاتەوە لەوەی ئەوەی ئێستا لە ناوچەکانی کەناراو و ناوخۆی سووریا بەرانبەر بە دەنگە ناڕازییەکان دەکرێت، هاوشێوەی ئەو سەرکوتکارییانەیە کە پێشتر لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ئەنجام دراون. لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، ئیدارەی خۆجێی(خۆسەر)، ئاماژەی بەوە کردووە، پەنابردنە بەر توندوتیژی بۆ بێدەنگکردنی ئەو هاووڵاتیانەی داوای مافە ڕەواکانی خۆیان دەکەن، پێشێلکارییەکی زەقە و دۆخی سیاسی و مرۆیی سووریا ئاڵۆزتر دەکات. بەیاننامەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، هێزەکانی سەر بە حکوومەتی ڕاگوزەر لەبری گرتنەبەری ڕێگەی دیالۆگ، ڕێگەی سەرکوتکردن و بەکارهێنانی چەکیان دژ بە خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز هەڵبژاردووە، ئەمەش مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی دروست دەکات. هەروەها ئیدارەی خۆسەر هۆشداری داوە کە بڵاوکردنەوەی زمانی هاندان و ڕقوکینە لە ناوەندەکانی بڕیاری حکوومەتی ڕاگوزەرەوە، دەبێتە هۆی تێکدانی زیاتری شیرازەی کۆمەڵگەی سووریا و قووڵکردنەوەی قەیرانەکان، ئاماژە بەوەش کراوە کە پاراستنی مافی دەربڕینی ڕا و گردبوونەوەی ئاشتییانە، بنەمایەکی سەرەکییە بۆ هەر گۆڕانکارییەکی دیموکراتی، بەڵام ڕەفتارەکانی ئێستای هێزە ئەمنییەکان لە ناوچە جیاوازەکانی سووریا، پێچەوانەی هەموو پرەنسیپە مرۆیی و نێودەوڵەتییەکانە. ئەم هەڵوێستەی ئیدارەی خۆسەر لە کاتێکدایە کە، لە کۆتایی ساڵی 2025دا، ناوچە جیاوازەکانی سووریا بە تایبەت ناوچەکانی کەناراو، شاهیدی شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانن دژ بە دۆخی گوزەران و سیاستە چەوسێنەرەکان، ئیدارەی خۆسەر کە مۆدێلێکی جیاوازی بەڕێوەبردن پەیڕەو دەکات، بەردەوام ڕەخنە لە سیاستەکانی حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا دەگرێت، بە تایبەت دوای ئەو ئەزموونە تاڵانەی کە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب بەهۆی گەمارۆ و توندوتیژییەوە چەشتیان، کە تێیدا دانیشتووانە کورد ڕووبەڕووی فشارێکی زۆری سیاسی و سەربازی بوونەوە.

پڕۆژەی هەژماری من، لە فراوانبووندایە و ئەوانەی خۆیان لە پڕۆژەکە تۆمار دەکەن ملیۆنێک مووچەخۆر تێدەپەڕێنێت و ئەم مانگەش 630 هەزار مووچەخۆر لە ڕێگەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارەی پڕۆژەی "هەژماری من" مووچە وەردەگرن. ئەمڕۆ یەکشەممە 28-12-2025، لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 942 ملیار و 845 ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی 10ی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. سبەی دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت. بۆ مووچەی ئەم مانگە 630 هەزار مووچەخۆر لە ڕێگەی هەژماری من مووچە وەردەگرن، کە 330 هەزار فەرمانبەری مەدەنی، 197 هەزار پێشمەرگە و ئاسایش، 88 هەزار خانەنشین و 11 هەزار کەسوکاری شەهید.   ئەو 630 هەزار مووچەخۆرە بەمشێوەیە بەسەر پارێزگاکاندا دابەش بوون:- هەولێر: 319 هەزار و 500 مووچەخۆر دهۆک: 164 هەزار و 300 مووچەخۆر سلێمانی: 144 هەزار مووچەخۆر  تا ئێستا نزیکەی ملیۆنێک مووچەخۆر خۆیان لە هەژماری من تۆمارکردووە، 660 هەزار کارت دابەشکراون، هاوکات 517 ئامێری ڕاکێشانی پارە ATM لە 200 شوێنی جیاوازی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان دانراون، هەروەها بە گشتی مووچەخۆران لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 63 کەسە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ بەربژێرە سەرکەوتووەکانی یەکێتی بۆ پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە: ئەو بەڵێنانەی بە خەڵکە خۆشەویستەکەمان داوە کاری لەپێشینەمانە و جێبەجێی دەکەین. سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەربژێرە سەرکەوتووەکانی یەکێتی، ستراتیج و کارنامەی یەکێتی لە بەغداد تاوتوێدەکەن. بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ماڵی مام لە بەغداد لەگەڵ بەربژێرە سەرکەوتووەکانی حیزبەکەی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا کە نزار ئامێدی، شێخ ئەحمەد حەمە کەریم و رزگار حاجی حەمە، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئامادەیبوون، ستراتیژ و کارنامەی یەکێتی لە بەغداد خرایەبەر باس. سەرۆکی یەکێتی ڕایگەیاندووە، ئەو بەڵێنانەی بە خەڵکە خۆشەویستەکەمان داوە، کاری لەپێشینەمانە و جێبەجێی دەکەین، گوتوشیەتی، پێویستە نوێنەرەکانی یەکێتیش پارێزەری داوا و خواستەکانی هاوڵاتییان بن. بەگوێرەی ڕاگەیێنراوێکی نووسینگەکەی، بافڵ تاڵەبانی نوێنەرانی یەکێتیی راسپاردووە، لەسەر رێبازی سەرۆک مام جەلال لە بەغداد کارەکانیان بکەن و هەموو هەوڵەکانیان بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک بێت.

بڕیارە سبەی کۆبوونەوەی یەکەمی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت. بەربژێرێکی سەرکەوتووی پارتی دەڵێت، پشتگریی محەممەد حەلبووسی ناکەن. نوێنەرانی یەکێتی، هەڵوێست و یەکگرتوو دەڵێن، سبەی بڕیاری کۆتایی دەدەن. سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وەک نەریتێك بۆ عەرەبی سوننەیە و ئێستا دابەشی سەر دوو ئاراستە بوون.  عەلی مەحموود، ئەندامی حیزبی تەقەدووم، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سوننەکان 72 پەرلەمانتاریان هەیە و تەقەدووم خاوەنی 35 پەرلەمانتارە. "تاکە بەربژێری ئێمە محەممەد حەلبووسییە و هیچ ناوێکی دیکە لەئارادا نییە". ئەنجوومەنی سیاسیی سوننەکان لە پارتەکانی تەقەدووم و جەماوەری نیشتمانی، هاوپەیمانێتییەکانی سەروەری، عەزم و حەسم پێکدێت. محەممەد دەحام، ئەندامی سەرکردایەتیی عەزم و یەکێک لە رێگەپێدراوانی لایەنە سوننەکان بۆ لێدوانن بۆ میدیا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "پرۆسەی یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لە هەموو دۆخێکدا بەرەو دوو بەربژێر دەڕوات و بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێ بگەینە تەنیا یەک بەربژێر. هاوپەیمانیی عەزم رژدە لەسەر بەربژێرەکەی خۆی کە بەڕێز موسەننا سامەڕاییە و هیچ گۆڕانکارییەک لەو بڕیارەدا نییە". شێروان دووبەردانی، بەربژێری دەرچووی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا دانوستاندن و گفتوگۆکان بەردەوامن. سبەی شاندێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دێتە بەغدا و گفتوگۆی زیاتری لەبارەوە دەکرێ". دووبەردانی گوتی: "سبەی شاندی پارتی بڕیاری جەنابی سەرۆک بارزانی دەگەیێنێتە ئێمە و ئێمەش پێیەوە پابەند دەبین، بەڵام ئەوەی روون بووەتەوە ئەوەیە ئێمە پشتگیریی محەممەد حەلبووسی ناکەین. رکابەرەکان سبەی دەردەکەون و پێدەچێ زیاتر بن لە دوو کەس، نەوەک تەنیا حەلبووسی و سامەڕایی". سروە محەممەد، بەربژێری دەرچووی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا گفتوگۆکان بۆ کۆبوونەوەی سبەی بەردەوامن. ئەوەی لای ئێمە گرنگە ئەوەیە، جێگری سەرۆکی پەرلەمان بۆ کورد بێت. سەرۆکیش کەسێک بێت ئێستا و رابردوو دژی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان نەبووبێت". هەر ئەمڕۆ دەرچوویەکی دیکەی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە رووداوی گوت: "هێڵی سوورمان لەسەر هیچ بەربژێرێکی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق نییە. کۆبوونەوەکانیشمان بەردەوام دەبن بۆ پشتگیری بەربژێرێکی سەرۆکی پەرلەمان". سروە محەممەد گوتی: "تاوەکو یەک کاژێر پێش چوونە کۆبوونەوەی پەرلەمان گفتوگۆکانمان بۆ پشتیوانی بەربژێرێک بەردەوام دەبن. زۆرکات هەبووە چەند خولەکێک پێش دانیشتنی پەرلەمان بڕیارمان داوە". بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان لە بەغدایە. سروە محەممەد دەڵێ، کۆبوونەوەکانی بەغدا بەردەوامن و تاوەکو ئەمڕۆ بە فەرمی پشتگیرییان بۆ هیچ بەربژێرێکی سەرۆکی پەرلەمان یەکلایی نەبووەتەوە. ئەو بەربژێرە دەرچووە گوتی: "جێگری سەرۆکی پەرلەمان زۆر گرنگە بۆ کورد بێ کە پێشتر بۆ پارتی بووە وەک نەریتێک و بۆ یەکێتیش سەرۆککۆمار بووە. تاوەکو ئەمڕۆ هیچ بەربژێرێکمان نییە بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمان". ئیدریس محەممەد، بەرپرسی هەڵبژاردنی رەوتی هەڵوێست و ئەندامی ئەنجوومەنی رەوتەکە، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گفتوگۆکانمان بۆ پشتگیریکردنی بەربژێرێک بۆ سەرۆکی پەرلەمان بەردەوامن و تاوەکو ئەمڕۆ بڕیاری کۆتاییمان نەداوە". ئەو بەرپرسەی رەوتی هەڵوێست گوتی: "ئێمە لە هەرێمی کوردستان ئۆپۆزیسیۆنین، بەڵام لە بەغدا نا، بۆیە هێڵی سوورمان لەسەر هیچ بەربژێرێک نییە. ئەوەی گرنگە بەلامانەوە کەسێک بێ دژی مافی خەڵکی کوردستان، قەوارەی هەرێمی کوردستان و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەبێ". د. موسەنا ئەمین، پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق و سەرکەوتووی خولی شەشەم، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کۆبوونەوەکانمان بەردەوامن. تاوەکو ئەمڕۆ بڕیاری پشتگیری هیچ بەربژێرێکمان نەداوە. سبەی بڕیار دەدەین و پشتگیری ئەو کەسە دەکەین پشتگیری ئێمە بکات".

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: مووچەی مامۆستایانی گرێبەست و بەشێک لەفەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست دابەش دەکرێت. ئەمڕۆ یەکشەممە 28ـی کانوونی یەکەمی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، ڕۆژی چوار شەممە ( 31 ی کانوونی  یەکەمی 2025 ) مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دابەش دەکرێت.  ڕاشیدەگەیەنێت: هاوکات لەهەمان ڕۆژدا مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەکرێت کەلەدوای ( 1-7-2024 ) بەشێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێم دامەزراون کەشایستەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.

عەتا محەممەد سەرۆکی کۆمیسیۆنی فریاگوزاریی چەمچەماڵ ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو قەرەبووی ئۆتۆمبێل و دووكانە زیانلێکەوتووەکانی لافاوەکەى چەمچەماڵ دەکرێتەوە.   عەتا محەممەد، ئەوەشی خستەڕوو، ئەمڕۆ بڕیاردەدەن لەەسەر دیاریکردنی ڕۆژێک بۆ دابەشکردنی هاوکارییەکە بەسەر شۆفێر و دوکانە زیانلێکەوتووەکانی لافاوەکەی 9ـی مانگی چەمچەماڵ و دەورووبەری.   سەرۆکی کۆمیسیۆنی فریاگوزاریی چەمچەماڵ ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری دواکەوتنی قەرەبووەکە بۆ هەفتەی داهاتوو ئەوەیە، بانکی چەرموو لە چەمچەماڵ بۆ دابەشکردنى مووچە تەرخان دەکرێت، بەوپێیەی ئەو بانکە ناتوانێت لە یەک کاتدا مووچە و هاوکارییەکەی لافاوەکە پێکەوە دابەشبکات. کۆمیسیۆنى فریاگوزارى و بوژانەوەى چەمچەماڵ ڕایگەیاند، 1302 خێزانى زیانلێکەوتووى لافاوەکەى چەمچەماڵ تۆمارکراوە، لەو ژمارەیە 1268 خێزان چەکى قەرەبوویان وەرگرتووە و قەرەبوو کراونەتەوە، 38 خێزان چەکى قەرەبوویان وەرنەگرتووە، کە چوار خێزانیان بەخواستى خۆیان قەرەبووەکەیان ڕەتکردوەتەوە و بەهۆى ئەوەى پێشتر خێرخوازان قەرەبوویان کردونەتەوە و 34 خێزانیش بەهۆى بوونى نەخۆش و دەوامى سەربازى و چەند هۆکارێکى دیکە تاوەکو ئێستا چەکەکانیان وەرنەگرتووە. عەتا محەمەد سەرۆکى کۆمیسیۆنەکە لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بڕى پارەى قەرەبووى هیچ کەسێک نافەوتێت و دەتوانن لە رۆژانى داهاتوو سەردانى بانکى چەرموو بکەن و چەکى قەرەبوو وەربگرن و ڕاستەوخۆ پارەکەیان بۆ خەرجدەکرێت، لە ئەمرۆشەوە دەستدەکەن بە پۆلێنکردنى سکاڵاکان و تاوەکو ڕۆژى یەکشەممە لە پاش پۆلێنکردن کۆمیسیۆنەکە و لیژنەى چاودێرى کۆدەبێتەوە و بڕیار لە دەرئەنجامى سکاڵاکان دەدات. سەرۆکى کۆمیسیۆنى فریاگوزارى و بوژاندنەوەى چەمچەماڵ جەختیشیکردەوە، هەر رۆژى یەکشەممەى داهاتوو بڕیار دەدرێت لەبارەى رۆژى دابەشکردنى هاوکارییەکان بۆ خاوەنى ئۆتۆمبیل و دووکانە زیانلێکەوتووەکان. لەبارەى پرۆسەى چاودێریکردنى پرۆسەکەشەوە گوتى، ئەو هاوکارییەى کۆکراوەتەوە لەپرۆسەیەکى شەفافدا دابەشدەکرێت و هەموو خێرخوازان دەزانن کە بڕى هاوکارییەکانیان گەیشتوەتە شوێنى خۆى داواشیکرد، هەر رێکخراو دامودەزگایەکى دیکە پارەى بۆ چەمچەماڵ کۆکردوەتەوە سەرچاوەکەى و شێوازى خەرجکردنەکەشى بۆ ڕاى گشتى ئاشکرابکات. لەبارەى وەرگرتنى زیانمەندى نوێ سەرۆکى کۆمیسیۆنى فریاگوزارى چەمچەماڵ دەڵێت، سکاڵا و وەرگرتنى ناوى خێزانى نوێى زیانمەند کۆتایی هات بەڵام هەرکەسێک بەفەرمى بیسەلمێنێت ئۆتۆمبێل و دوکانى هەبووە و تۆمارنەکراوە ناوەکانیان تۆماردەکیت. لایخۆشیەوە، ئەحمەد ئەنوەر – سەرۆکى بۆردى چاودێرى قەرەبووکردنەوەى زیانلێکەوتووان ڕایگەیاند، هەر سکاڵایەک بەڵگەى هاوپێچ کرابێت بەدڵنیایی لەبەرچاو دەگیرێت و نەرمى دەنوێنن و هەوڵدەدەن زۆرترین قەرەبووى زیانلێکەوتووان بکەنەوە.

خشتەی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.   ڕۆژی دوو شەممە ڕێکەوتی ( ٢٩ ی کانوونی یەکەمی  ٢٠٢٥ ) دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و ڕۆژی چوارشەممە  ( ٣١ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ ) کۆتایی بەدابەشکردنی مووچە دێت.   تێبینی؛ بەهۆی ئەوەی وەرگرتنی پارە بەشێوەی کاش لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق دەکەوێتە سبەی لەکاتی دەوامی فەرمی و دواتر گواستنەوەی پارەکە بۆ سەرجەم بانکەکان لەپارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان، داوا لە سەرجەم مووچەخۆران دەکەین لەدوای کاتژمێر یەکی نیوەرۆ سەردانی بانکەکان بکەن بەمەبەستی وەرگرتنی مووچەکانیان بە پێی خشتەی ڕاگەیەنراو. ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری  ٢٨ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، تەمویلی مووچەی مووچەخۆران بۆ مانگی تشرینی یەکەم خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتەکەیان. ئەو بڕەی بەغدا خستوویەتییە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی، 942 ملیار و 845 ملیۆنە. پارەکە خراوەتەسەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، ''سەرەڕای ئەوەی لە 25ی ئەم مانگەوە بەهۆی سەری ساڵەوە پشووی فەرمییە، بەڵام دوای تەمویلکردنی پارەکە بۆ سەر هەژماری بانکیی وەزارەت، لیستی مووچە رادەگەیێندرێت و لە رۆژانی پشوودا لە 3 رۆژدا مووچە دابەش دەکرێ.'' 23ی ئەم مانگە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوەچوو و تێیدا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵی راسپارد مووچەی مانگی 10ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات. بەڵام هیچ بڕیارێک لەبارەی هەردوو مووچەی مانگی 11 و 12 نەدرا. ئێستا کە مووچەی مانگی 10 دابەش دەکرێت، ساڵی 2025 تەواو دەبێت و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی دوو مانگیان وەرنەگرتووە.  سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: ئەمڕۆ لیستی مووچە رادەگەیێنن. 

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ (SOHR) بڵاویکردەوە، لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی 2025ەوە، تا ئێستا، 13 هێرشی ڕێکخراوی داعش لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا تۆمار کراون. دەشڵێت: لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا 5 ئەندامی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کوژراون، کە فەرماندەیەکیان تێدایە، هەروەها 6 ئەندامی دیکەیان بریندار بوون کە یەکێکیان فەرماندەیە. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕوانگەکە کە بڵاویکردووەتەوە، شانە نهێنییەکانی داعش زنجیرەیەک هێرشیان لە پارێزگاکانی دێرەزوور و حەسەکە ئەنجامداوە، تێیدا چەکدارانی هەسەدە و دامەزراوە نەوتی و سەربازییەکانیان کردووەتە ئامانج. وردەکاری ئۆپەراسیۆنەکان و زیانەکان: ڕوانگەکە ئاماژەی بەوە کردووە 13 ئۆپەراسیۆنەکە بەم شێوەیە بوون؛ لە حەسەکە دوو ئەندامی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کوژراون. لە دێرەزوور سێ ئەندامی هەسەدە (فەرماندەیەکیان تێدایە) کوژراون، هەروەها شەش سەربازی دیکە بریندار بوون یەکێکیان فەرماندەیە. هەروەها دەشڵێت: لەم ڕووبەڕووبوونەوانەدا دوو ئەندامی داعش کوژراون و یەکێکی دیکەشیان بریندار بووە. ڕوانگەی سووری جەخت دەکاتەوە؛ ئەم هێرشانە نیشاندەری بەردەوامی و پەرەسەندنی ئەو هەڕەشە ئەمنیانەیە کە داعش لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدا دروستی دەکات. هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە پاڵپشتی دەکرێن، کۆنترۆڵی ناوچەیەکی بەرفراوان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەن، کێڵگە گرنگەکانی نەوت و گازی تێدایە. ئەم هێزە لە ساڵی 2019دا، توانی بە هاوکاری هاوپەیمانان کۆتایی بە دەسەڵاتی مەیدانی داعش لە دوایین مۆڵگەکانی لە ڕۆژهەڵاتی سووریا بهێنێت.

شارەزایەکی کەشناسی ڕایدەگەیەنێت، هیچ مەترسییەکی دروستبوونی لافاو نییە، بەڵام لە سبەی نیوەڕۆوە بەفربارین دەگاتە سەنتەری بەشێک لە شارەکان و پلەکانی گەرما زۆر نزم دەبنەوە. محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی ئاشکرای کرد، سبەی (دووشەممە) لە کاتەکانی نیوەڕۆوە بەفربارین دێتە سەنتەری پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک، هەروەها قەزاکانی سۆران و مێرگەسوور و ئەو ناوچانەی 700 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزن. سەبارەت بە بڕی بارانبارینەکە، ئەو شارەزایە دڵنیایی دەدات کە "مەترسیی جددیی دروستبوونی لافاو لە هیچ شوێنێک نییە" و دۆخەکە تەنیا کەشێکی باراناویی ئاسایی زستانەیە. بەگوێرەی پێشبینییەکان، بەتایبەت دوای سەریساڵ پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزین بەخۆیانەوە دەبینن؛ بەجۆرێک لە پێنجوێن دەگاتە 15 پلەی ژێر سفر و لە سلێمانیش 7 پلەی ژێر سفر تۆمار دەکرێت.

بڕیارە سبەی لە شاری بەغدا، پڕۆسەی دادگاییكردنی دوو ئەفسەری باڵای رژێمی پێشوو بە پلەی لیوا دەستپێبکات، کە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی تاوان دژی مرۆڤایەتی و تێوەگلان لە کۆمەڵکوژیی بارزانییەکان.  ئەم دادگاییكردنە دوای ئەوە دێت کە هێزە ئەمنییەکان هەردوو تۆمەتبارەکەیان دەستگیر کردووە و یەکێکیان لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا دانی بە چۆنیەتی ئەنجامدانی تاوانەکاندا ناوە. بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامە فەرمیانەی لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق و سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ڕەسافەوە دەرچوون، هەردوو تۆمەتباری سەرەکی، بریتین لە لیوا شاکر تەها یەحیا غەفور ئەلدوری و لیوا سەعدون سەبری جەمیل ئەلقەیسی.  دادگا بە فەرمی یاداشتی ئامادەبوونی بۆ دەرکردوون تاوەکو بەپێی ماددەکانی 12 و 15 لە یاسای دادگای باڵای تاوانەکان، کە تایبەتن بە تاوانە نێودەوڵەتییەکان و جینۆساید، دادگایی بکرێن. لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا، لیوا شاکر ئەلدوری بە وردی باسی لەو نەخشە و پیلانانە کردووە کە بۆ دەستگیرکردن و بێسەروشوێنکردنی بارزانییەکان پەیڕەو کراون، ئەم دانپیانانە وەک بەڵگەیەکی گرنگ لە دانیشتنی دادگای تاوانەکانی ڕەسافە دەخرێتە ڕوو.  هاوکات تیمی پارێزەرانی دۆسیەی بارزانییەکان و نوێنەری کەسوکاری قوربانییان لە هۆڵی دادگا ئامادە دەبن بۆ چاودێریکردنی پڕۆسەکە و بەرگریکردن لە مافی یاسایی قوربانییان. بەڵگەنامەکان ئاماژە بەوە دەکەن، دادگا لیستی ناوی 35 سکاڵاکار و شایەتحاڵی ئامادە کردووە کە دانیشتووی ناوچەکانی بارزان، هەریر، سۆران، پیرمام، مەسیف و ناحیەی بەحرکەن، ئەم هاووڵاتیانە وەک لایەنی سکاڵاکار لە دۆسیەی ژمارە 9/ج/2025 بانگهێشت کراون تاوەکو گەواهییەکانی خۆیان لەسەر ئەو کارەساتانە بدەن کە لە سەردەمی رژێمی بەعسدا بەسەر کەسوکاریاندا هاتووە. جینۆسایدی بارزانییەکان یەکێکە لە برینە قووڵەکانی مێژووی گەلی کورد، کە تێیدا لە ساڵی 1983دا نزیکەی 8000 مرۆڤی بێتاوان لە تەمەنە جیاوازەکاندا، لە کۆمەڵگە زۆرەملێیەکانەوە ڕاپێچی بیابانەکانی باشووری عێراق کران و لەوێ بێسەروشوێن کران، ئەم دادگاییكردنەی ئێستا کە بڕیارە لە ڕێکەوتی 28/12/2025 بەڕێوە بچێت، بە هەنگاوێکی مێژوویی دادەنرێت بۆ سزادانی ئەو تاوانبارانەی کە هێشتا لە ژیاندا ماون و دەستیان لەو کۆمەڵکوژییەدا هەبووە.