ئەندامێكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای كردووە، لیستی دانوستانی شاندی پارتی بۆ بەغدا پێنج داواكاری لەخۆگرتووە. وەفا محەمەد، ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاند، "ئەو پێنج خاڵەی پارتی دانوستانی لەسەر دەكات لە بەغدا پێكهاتووە لە دەركردنی یاسای نەوت و گارز و جێبەجێكردنی مادەی 140". وتيشى، "سێ‌ خاڵەكەی تر پێكهاتوون لە گەرەنتیكردنی بەشی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی و هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان و چارەسەركردنی دۆسیەی دابەشكردنی كورسییەكان و شایستە دەستوورییەكان". دوێنێ‌ سێشەممە شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی فازڵ میرانی، سەردانی بەغدای كرد و یەكەم دانیشتنیشیان لەگەڵ سەرۆك كۆماری عێراق بوو لە چوارچێوەی جموجۆڵی لایەنەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشاسناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم، ئاماری بارانبارینی 24 سەعاتی رابردووی لە چەند ناوچەیەکی هەرێم بڵاوکردەوە و بە گوێرەی ئامارەکانیش، لە قەزای چوارتا و  ناحیەی سەرکەپکان و گوندی نازەنین زۆترین بڕی بارانبارین تۆمارکراوە. بەگوێرەی ئامارەکانی کەشناسی لە سنوری سلێمانی زۆترین باران باریوە؛ لە قەزای چوارتا 38.5 ملم لە ناو سەنتەری پارێزگاکەش 21.7 ملیم باریوە. هاوکات لە هەمان کاتدا، لە سنوری پارێزگای هەولێر، لە ناحیەی سەرکەپکان 23.1 ملم بارانباریوە و لە گوندی نازەنینیش زۆترین بارانبارین تۆمارکراوە کە 26.9 ملم و  لە سەنتەری پارێزگاکەش 14 ملیم بارانباریوە . کەشناسی ئاماری پارێزگای دهۆکی بڵاونەکردوەتەوە و لە پارێزگای هەڵەبجەش کەمترین بڕی بارانبارین تۆمارکراوە، کە تەنها 1.5 ملم باریوە و لە شارۆچکەی تەوێڵەش 2 ملم  و لە هەریەکە لە قەزای خورماڵ و ناحەیەی سیروانیش 1.3 ملم باریوە. پێشتریش کەشناسی رایگەیاندبوو، لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە شەپۆلی بارانبارین کۆتایی دێت و کەشەکە ئاساییی دەبێتەوە، پلەکانی گەرماش بەراورد بە دوێنێ کەمێک نزمدەبنەوە.

لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممەوە، شەپۆلێکی بەفربارین ناوچە سنووریی و شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و لە سەنتەری شارەکانیش باران دەبارێت. بەهۆی بەفرەکەوە ئاستەنگی هاتوچۆ لە بەشێک لە ڕێگەکان دروستبووە و دەروازەیەکی سنووریش داخراوە. بەهۆی بارینی 15 بۆ 20 سانتیمەتر بەفر لە مەرزی کێلێ، هاتوچۆ لە مەرزەکە وەستاوە. هەرچەندە لە دیوی هەرێمی کوردستانەوە ڕێگاکە پاککراوەتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە دیوی ئێرانەوە ڕێگاکە بە داخراوی ماوەتەوە، جموجۆڵ لە مەرزەکەدا پەکیکەوتووە. خدر کەریم، جێگری بەڕێوەبەری گومرگی ڕاپەڕین پشتڕاستکردەوە، ڕێگای دیوی هەرێم تاوەکو نووسینگەی پاسپۆرت پاککراوەتەوە، بەڵام دیوی ئێران بەفر ڕێگەکەی گرتووە. بەو هۆیەوە ژمارەیەک هاونیشتمانی و بارهەڵگر کە بە مەبەستی پەڕینەوە چوونەتە مەرزەکە، ناچار بوون بگەڕێنەوە. لە شەوی ڕابردووەوە بەفر بارین لە (ئەزمڕ، گۆیژە و سیتەک) لە پارێزگای سلێمانی دەستیپێکردووە. تیمەکان ڕێنمایی هاونیشتمانییان دەکەن کە لەپاش کاتەکانی نیوەڕۆوە ڕوو لەو ناوچانە نەکەن، چونکە ئاستی بینین کەم دەبێتەوە و ئەگەری بەستنی شەقامەکان هەیە. هەروەها شەوی ڕابردوو لە زینی وەرتێ گرفت بۆ ئۆتۆمبێلە بچووکەکان دروستبوو. بەفر زۆرینەی ناوچە شاخاوییەکانی دەڤەری باڵەکایەتی، برادۆست و چیاکانی دەوروبەری ڕواندز و سۆرانی سپیپۆش کردووە. لە حاجی ئۆمەرانیش شەش سانتیمەتر بەفر باریوە. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ لە سنووری هەولێر و دهۆک پەڵەهەور دەبێت، بەڵام لە سلێمانی، هەڵەبجە، کەرکووک و گەرمیان نمەباران بەردەوام دەبێت و دوانیوەڕۆ کەشەکە جێگیر دەبێتەوە. بۆ سبەی پێنجشەممە، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت. نزمترین پلەی گەرما لە سۆران (11 پلە) و بەرزترین لە گەرمیان (18 پلە) دەبێت. هاوکات دەستەی کەشناسیی عێراق پێشبینی دەکات لە هەفتەی داهاتووەوە شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.

کارەبای سلێمانی بڵاویکردوەتەوە، بەپێی داتاكانی بەڕێوەبەرایەتی كۆنترۆڵ و گەیاندنی كارەبای سلێمانی، لەماوەی ساڵێكدا لە دوای جێبەجێكردنی "پرۆژەی رووناكی" خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبا بە رێژەی (42%) كەمیكردوه‌ و هۆکارکەشی بۆ هۆشیاری هاووڵاتییان گەڕاندوەتەوە. ئەمڕۆ چوارشەممە، بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە؛ بەراورد هەمان کاتی ساڵی رابردوو، رێژەی بەکارهێنانی کارەبا  زیاتر لە 800 مێگاوات کەمی کردوە و بە تێکرا 14 سەعات کارەباش دەدەنە ئەو شوێنانەی بەشدارنین لە پڕۆژەی روناکیدا. ئەندازیار، غالب محمد بەڕێوەبەری كۆنترۆڵ و گەیاندنی كارەبای سلێمانی رایگەیاندوە، لە مانگی 12ی ساڵی 2024، خواست له‌سه‌ر بەكارهێنانی كارەبا بەتێكڕایی (1912) مێگاوات بووە و لەو مانگەدا بەتێكڕایی 8 سەعات و 31 خولەک كارەبا بە هاووڵاتییان دراوە. ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەمساڵ دوای جێبەجێكردنی (پرۆژەی رووناكی) لە مانگی 12 خواست لەسەر بەكارهێنانی كاره‌با بەراورد بە مانگی 12ـی ساڵی رابردوو دابەزیوە بۆ (1107 مێگاوات)، بەوەش خواست لەسەر كارەبا بەرێژەی (42%) كەمیكردوە، دەشڵێت؛ ئەو شوێنانەی لە لەچوارچێوەی پرۆژەی رووناكیدا نین،  بە بەرده‌وام لەم مانگەدا بەتێكڕایی (14) سەعات كارەبایان هەبووە. کارەبای سلێمانی هۆكاری كەمبوونەوەی خواستی لەسەر کارەبای بۆ ئەوە گێراوەتەوە، لە ئێستادا هاووڵاتییان هۆشیارانە و بەرپرسیارانەتر كارەبا بەكاردەهێنن، ئەوەشیان خستوەتەڕوو، كە كارەبا بەردەوام بێت، سیستم و تۆڕی كارەبا سەقامگیرتر دەبێت و  کێشە کەمتر دەبێت، ئەمەش وادەکات بەردەوام کارەبا هەبێت و  خواست كەم ببێتەوە.

هادی عامری و شاندی دانوستانکاری پارتی جەختیان لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق لە زووترین کاتدا کردەوە. عامری دەڵێت "هیوایەکی زۆرمان هەیە 29ـی ئەم مانگە سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانی هەڵبژێردرێن." بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ـی کانوونی یەکەمی 2025، شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح، لە بەغدا کۆبووەوە.  هادی عامری دوای کۆبوونەوەکە کە نزیکەی کاتژمێرێکی خایاند؛ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "بەڕێزان لە پارتی شاندێکیان پێکهێناوە بۆ سەردانی بەغدا بەمەبەستی گفتوگۆکردن، نەک تەنیا لەسەر پێکهێنانی حکوومەت، بەڵکوو بۆ چۆنیەتیی چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق. شاندەکە بە سەرۆکایەتیی برای بەڕێزم فازڵ میرانی بوو و سەردانی هەموو لایەنە شیعەکانیان کردووە، ئەمڕۆش سەردانی ئێمەیان کرد." لەبارەی ناوەڕۆکی دیدارەکەیان، عامری ئاماژەی بەوە دا "گفتوگۆکانمان لەسەر چۆنیەتیی پێشخستنی عێراق بوو. یەکێک لە گرنگترین بابەتەکان، پەلەکردن بوو لە پێکهێنانی حکوومەتێکی توانا کە بتوانێت کێشەکانی عێراق چارەسەر بکات." لەبارەی دیاریکردنی کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح دووپاتی کردەوە "کاندیدی سەرۆک وەزیران بابەتێکی تایبەتە بە چوارچێوەی هەماهەنگی و ئینشائەڵڵا دەگەینە ڕێگەچارەیەک." عامری جەختی کردەوە، پێویستە سیمای حکوومەتی داهاتووی عێراق بە شێوەیەک بێت "هەمووان تێیدا بەشداربن و هەمووان بەرپرسیارێتییەکەی لە ئەستۆ بگرن. نابێت حکوومەتی ئیمتیازات بێت، بەڵکو حکوومەتی بەرپرسیارێتییە و هەمووان بەرپرسیارێتیی تەواو لە ئەستۆ دەگرن بۆ سەرکەوتنی ئەم حکوومەتە. سەرکەوتنی ئەم حکوومەتە، سەرکەوتنە بۆ عێراق و بۆ هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراق، بە عەرەب و کورد و سوننە و شیعە و کەمینەکانییەوە." لەبارەی پێکهێنانی حکوومەت لە وادەی دەستووری خۆیدا، ناوبراو جەختی کردەوە "هیچ بژاردەیەکمان نییە جگە لەوەی فشار لە خۆمان بکەین و ڕێز لە وادە دەستوورییەکان بگرین و پابەند بین پێیانەوە کە دەستوور دیاری کردوون." لەبارەی یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق و هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح ڕوونیکردەوە "دادگای فیدراڵی پێشتر دانیشتنی کراوەی هەڵوەشاندووەتەوە، ئیتر دانیشتنی کراوە و بەردەوام بوونی نییە. دانیشتنێک دەبێت و دەبێت یەکلایی بکرێتەوە." عامری گوتی "ئێمە هیوایەکی گەورە و متمانەیەکی زۆرمان بە هەموو برایان هەیە کە سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانی لە ڕۆژی ٢٩ی مانگدا یەکلایی بکرێنەوە. دوای ئەوەش بابەتی دیاریکردنی سەرۆک کۆمار و هەڵبژاردنی دێتە پێشەوە. دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، کاندیدی گەورەترین کوتلە بۆ پێکهێنانی حکوومەت ڕادەسپێردرێت."

کۆمیسیۆنى فریاگوزارى و بوژانەوەى چەمچەماڵ ڕایگەیاند، 1302 خێزانى زیانلێکەوتووى لافاوەکەى چەمچەماڵ تۆمارکراوە، لەو ژمارەیە 1268 خێزان چەکى قەرەبوویان وەرگرتووە و قەرەبوو کراونەتەوە، 38 خێزان چەکى قەرەبوویان وەرنەگرتووە، کە چوار خێزانیان بەخواستى خۆیان قەرەبووەکەیان ڕەتکردوەتەوە و بەهۆى ئەوەى پێشتر خێرخوازان قەرەبوویان کردونەتەوە و 34 خێزانیش بەهۆى بوونى نەخۆش و دەوامى سەربازى و چەند هۆکارێکى دیکە تاوەکو ئێستا چەکەکانیان وەرنەگرتووە. عەتا محەمەد سەرۆکى کۆمیسیۆنەکە لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بڕى پارەى قەرەبووى هیچ کەسێک نافەوتێت و دەتوانن لە رۆژانى داهاتوو سەردانى بانکى چەرموو بکەن و چەکى قەرەبوو وەربگرن و ڕاستەوخۆ پارەکەیان بۆ خەرجدەکرێت، لە ئەمرۆشەوە دەستدەکەن بە پۆلێنکردنى سکاڵاکان و تاوەکو ڕۆژى یەکشەممە لە پاش پۆلێنکردن کۆمیسیۆنەکە و لیژنەى چاودێرى کۆدەبێتەوە و بڕیار لە دەرئەنجامى سکاڵاکان دەدات. سەرۆکى کۆمیسیۆنى فریاگوزارى و بوژاندنەوەى چەمچەماڵ جەختیشیکردەوە، هەر رۆژى یەکشەممەى داهاتوو بڕیار دەدرێت لەبارەى رۆژى دابەشکردنى هاوکارییەکان بۆ خاوەنى ئۆتۆمبیل و دووکانە زیانلێکەوتووەکان. لەبارەى پرۆسەى چاودێریکردنى پرۆسەکەشەوە گوتى، ئەو هاوکارییەى کۆکراوەتەوە لەپرۆسەیەکى شەفافدا دابەشدەکرێت و هەموو خێرخوازان دەزانن کە بڕى هاوکارییەکانیان گەیشتوەتە شوێنى خۆى داواشیکرد، هەر رێکخراو دامودەزگایەکى دیکە پارەى بۆ چەمچەماڵ کۆکردوەتەوە سەرچاوەکەى و شێوازى خەرجکردنەکەشى بۆ ڕاى گشتى ئاشکرابکات. لەبارەى وەرگرتنى زیانمەندى نوێ سەرۆکى کۆمیسیۆنى فریاگوزارى چەمچەماڵ دەڵێت، سکاڵا و وەرگرتنى ناوى خێزانى نوێى زیانمەند کۆتایی هات بەڵام هەرکەسێک بەفەرمى بیسەلمێنێت ئۆتۆمبێل و دوکانى هەبووە و تۆمارنەکراوە ناوەکانیان تۆماردەکیت. لایخۆشیەوە، ئەحمەد ئەنوەر – سەرۆکى بۆردى چاودێرى قەرەبووکردنەوەى زیانلێکەوتووان ڕایگەیاند، هەر سکاڵایەک بەڵگەى هاوپێچ کرابێت بەدڵنیایی لەبەرچاو دەگیرێت و نەرمى دەنوێنن و هەوڵدەدەن زۆرترین قەرەبووى زیانلێکەوتووان بکەنەوە.

کێ دەستپێشخەری کرد و ئاگرەکەی خۆشکرد؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی. شەوی رابردوو هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەلەب، کە سەر بە هەسەدەیە لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی سەر بەحکومەتی سوریا، لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە کە دوو گەڕەکی زۆرینە کوردنشینن لە باکووری رۆژئاوای حەلەب رووبەڕووی یەکبوونەوە. سەردانی دوێنێی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ سوریا بووەتە جێی مشتومڕ و گومان دەکرێت ئاگری ئەو شەڕەی لەگەڵ خۆی هێنابێت، چونکە تەنها دوای چەند کاتژمێرێک شەڕ دەستیپێکرد. هاکان فیدان لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی راگوزەری حکومەتی سوریا کۆبوویەوە و دواتر لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا، کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیان ئەنجامدا و چەند جارێک باسی هەسەدەیان کرد. هاکان فیدان لەبارەی هەسەدە بە دەموچاوێکی تووڕەوە گوتی، هیچ پەرۆشییەکیان تێدا نابینین بۆ تێکەڵبوون لەگەڵ سوپای سوریا، چەند جارێکیش چالاکی و ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان لەگەڵ سوپای ئیسرائیل ئەنجامداوە، کە ئەمەش بەربەست بۆ دانوستانەکان لەگەڵ دیمەشق دروستدەکات. قسەکانی ئەسعەد شەیبانیش لە قسەکانی فیدان توندتربوو، گوتی، لە داهاتوودا هێزەکانی سوریا دەچنە هەرێمی جەزیرە و جێگیر دەبن. تەنها دوای چەند کاتژمێرێک لەم قسانە، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، بڵاویکردەوە، گروپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق بە چەکی قورس و مامناوەند گەمارۆی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەیان داوە لە باکووری رۆژئاوای حەلەب و هێرشی چڕ دەکەن.  تەنها بەوەوە نەوەستان، بەڵکو لە پەخشی راستەوخۆی کەناڵی حەدەس و جەزیرە تانک و زرێپۆشی سوپای سوریا لە گەڕەکە کوردنشینەکان دەبینران، ئەمەش راگەیاندراوەکەی هەسەدەی پشتراستکردەوە کە گوتبووی بە تانک و تۆپهاوێژ گروپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق هێرش دەکەن. لە رووبەڕووبوونەوەکاندا سێ کەسی مەدەنی گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 20 کەسی دیکەش برینداربوون کە سێ کەسیان سەر با ئاسایشی رۆژاڤان. کێ دەستپێشخەری شەڕەکە بوو؟ لە سەرەتای دروستبوونی شەڕەکەوە، هەسەدە و وەزارەتی ناوخۆی سوریا یەکتریان بە هەڵگیرسێنەری شەڕەکە تۆمەتبارکرد، بەڵام رامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ کە رێکخراوێکی بێلایەنە و لە ساڵی 2016ـوە لە بەریتانیا دامەزراوە، قسەکانی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریی سوریای رەتکردەوە و گوتی: هێرشەکە سەرەتا لەلایەن گروپێکی چەکداری سەر بە وەزارەتی بەرگریی حکومەتی کاتیی سوریاوە کراوەتە سەر خاڵێکی پشکنینی هاوبەشی هێزەکانی ئاسایش و ئەمنی گشتی لە بازگەی شەیحان، بەڵام هێرشەکە بەتوندی وەڵام دراوەتەوە و شەڕەکە گۆڕاوە بۆ رووبەڕووبوونەوەیەک کە تێیدا چەکی قورس بەکاردەهێنرێت. فەرماندەیەکی ژن ئاگری شەڕەکەی راگرت. دوای زیاتر لە شەش کاتژمێر لە شەڕ و پێکدادان، ئاخین نوجان، فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە، ئەو ژنەی فەرماندەیی رووبەڕووبوونەوەکانی بەرامبەر گروپە چەکدارەکانی دیمەشق دەکرد ئاگری شەڕەکەی بە راگەیاندراوێک خامۆشکرد. ئاخین نوجان گوتی: توانای بەرگریکردنی تەواومان لە گەڕەکەکان هەیە، بەڵام ئێمە لەگەڵ ئاشتین، نامانەوێت خوێنی هاوڵاتی مەدەنی بڕێژرێت. دواتر فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، ئێمە تەقەکردمان راگرت وەک وەڵامێک بۆ ئەو دەستپێشخەرییەی بۆ راگرتنی شەڕەکە هەیە، وەزارەتی ناوخۆی سوریاش کۆتای بە هێرشی گروپە چەکدارەکان هێنا.

شاندی دانوستانکاری پارتی لە بەغدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کۆبووەوە و دوایین پێشهاتەکانی وڵات و گرنگی یەکخستنی هەڵوێستەکانی نێوان هێزەکان تاوتوێ کرا. نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئەمڕۆ سێشەممە، 23ـی کانوونی یەکەمی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، پێشوازی لە شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی سکرتێری حیزبەکە فازڵ میرانی کرد. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە میانی دیدارەکەدا باسیان لە دوایین پێشهاتەکانی وڵات و گرنگی یەکخستنی هەڵوێستەکانی نێوان هێزە نیشتمانییەکان کرد، هەروەها کارکردن بە دیدێکی یەکگرتوو بۆ ئەوەی بەشدار بێت لە پاڵپشتیکردنی بەردەوامی پرۆژەکانی گەشەپێدان و بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوە، بە شێوەیەک لەگەڵ خواستەکانی گەلی عێراقدا بگونجێت. نووسینگەکە دەشڵێت: هەر لە دیدارەکەدا جەخت لە گرنگی خێراکردنی جێبەجێکردنی شایستە دەستوورییەکان کرایەوە بەپێی کاتی دیاریکراو، بەمەبەستی بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی بەرنامەکانی چاکسازی و گەشەپێدان بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی. هاوکات بە گوێرەی زانیارییەکانی شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا بڕیارە شاندی دانوستانکاری باڵای پارتی ئەمشەو لەگەڵ لەگەڵ سابت عەباسی، هاوپەیمانی حەسمی نیشتمانی و خەمیس خەنجەر سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە کۆببنەوە. لە ئێوارەی دووشەممەوە، 22ـی کانوونی یەکەمی 2025، شاندێکی باڵای دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی لە بەغدایە، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق. شاندەکەی پارتی پشکی کورد لە حکوومەتی داهاتووی عێراق و ئیستحقاقی پارتی وەک براوەی یەکەمی هەڵبژاردن لەگەڵ لایەنەکان تاوتوێ دەکات. شاندی پارتی پێکدێن لە: - فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی. - فوئاد حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی. - نەوزاد هادی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی. - ئومێد سەباح، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی. - فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی رایگەیاند، سبەی رێکارەکانی تەمویلکردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات. باسی لەوەش کرد: "بە ئەگەری زۆرەوە تەمویلکردنی پارەکە دەکەوێتە رۆژی پێنجشەممە."   رۆژی سێشەممە، 23ـی کانوونی یەکەمی 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی داراییی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، رەزامەندیی داوە مووچەی مانگی 10ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت؛ ئەو رەزامەندییە دەکرێتە نووسراوێک بۆ وەزارەتی داراییی عێراق و تەیف سامی واژۆی دەکات. ئەمڕۆ دەست بە ئامادەکارییەکانی نووسراوەکە کراوە و سبەی دەنێردرێتە وەزارەتی دارایی و لەوێش رێکارەکان تەواو دەکرێن." بە گوتەی سەرچاوەکەی رووداو، ئەگەر سبەی رێکارەکان تەواو بن، پارەکە دەنێردرێت، "بەڵام بە ئەگەری زۆرەوە سبەی رێکارەکان تەواو نابن و تەمویلکردنی پارەکە دەکەوێتە رۆژی پێنجشەممە." لەبارەی لیستی مووچەوە، سەرچاوەکەی رووداو گوتی، "ئەو رۆژەی پارەکە تەمویل دەکرێت، لیستی مووچە رادەگەیێنین. ئەگەر رۆژی پێنجشەممە پارەکە بنێردرێت، دابەشکردنی مووچە دەکەوێتە سەرەتای هەفتەی داهاتوو و لە ماوەی 3 رۆژدا مووچە دابەش دەکرێت." ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوەچوو. محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵی راسپارد مووچەی مانگی 10ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات. 29ـی تشرینی دووەمی 2025، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی بڵاوکردەوە و رۆژی دواتر و لە سێ رۆژدا مووچەکەی دابەش کرد.  

مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە سەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی کۆبوویەوە و دەڵێت: سوورین لەسەر لەسەر پێكهێنانی حكومەتێكی دادپەروەری خزمەتگوزاری نیشتمانیی و بۆ ئەوەش دەرگای گفتوگۆی بنیاتنەرانەمان کراوەیە. راگەیەندراوی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان: ‎مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە ئەمڕۆ سێشەممە 23/12/2025 بە سەرپەرشتی هەڤاڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەدەباشان، كۆبووەوە، بە وردی پرسەكانی پێكهێنانی هەردوو حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستانی تاوتوێكرد. ‎كۆبوونەوەكە، پەیوەست بەپێكهێنانی حكومەتی هەرێم، سووربوونی یەكێتی لەسەر پێكهێنانی حكومەتێكی دادپەروەری خزمەتگوزاری نیشتمانیی نیشاندا؛ لەسەر ئەوبنەمایەش، یەکێتی دەرگای گفتوگۆی بنیاتنەرانەی کراوەیە. ‎هەروەك، لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی فیدراڵیش، لەکۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسیدا، تەئکید کرایەوە لەوەی یەكێتی مەبەستییەتی لەبەغدادیش حكومەتێكی خزمەتگوزاریی نیشتمانیی پێكبهێنرێت.کە تێیدا ماف و شایستە دەستوورییەکانی گەلەکەمان پارێزراوبێت و گوزارشت بکات لە خواستی هەموو پێکهاتەکانی وڵات، ئەمەش لەسۆنگەی تێڕوانیی دروستیی یەکێتییەوەیە، کە بەغداد قوڵایی ستراتیژی هەرێمی کوردستانە. بۆ ئەو مەبەستەش، گفتوگۆ و كۆبوونەوەكانی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، بەردەوامدەبێت، لەگەڵ سەرجەم لایەنەکاندا. ‎مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

بەگوێرەی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی هەرێمی کوردستان، لە رۆژی پێنجشەممە، 25ی كانوونی یەكەمی 2025، تاوەکو رۆژی شەممە، 3ی كانوونی دووەمی 2026، لە سەرجەم دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان، پشووی فەرمی دەبێت.    هاوکات دەوام لە دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان، بە شێوەی ئێشکگری دەبێت.   لە كاتی هاتنی مووچەی مانگی 10ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، پرۆسەی دابەشكردنی مووچە لە رۆژانی پشوو بەردەوام دەبێت.   رۆژی یەکشەممە، 4ی كانوونی دووەمی 2026، دەوامی فەرمی لە سەرجەم دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان دەست پێدەكاتەوە.

لە چوارچێوەی گەڕی نوێی سەردان و کۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ پارتە سیاسییەکان، شاندی ئیمراڵی سەردانی هەریەک لە وەزیری دادی تورکیا و سەرۆکی پەرلەمانی کرد و لەدوای کۆبوونەوەکانیش ئاماژەیان بەوەکرد کۆبوونەوەکانیان بەسوود بوون و باسیان لە زەمینەی یاسایی پرۆسەی ئاشتیی و ڕاپۆرتی هاوبەشی لیژنە پەرلەمانییەکە کردووە.  شاندی ئیمراڵی کە لە هەریەک لە پەروین بوڵدان، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، میدحەت سانجار، پەرلەمانتاری پارتی دەم، فایەق ئۆزگور ئەرۆڵ، پارێزەری ئۆجەلان پێکهاتووە، ڕۆژی هەینی 12ـی 12، دەستی بە گەڕێکی نوێی سەردانی پارتە سیاسییەکان کرد کە ئامانج لێی، بەهێزکردنی سازانی سیاسی و دەستخستنی پشتیوانیی جەماوەرییە بۆ پرۆسەی ئاشتی کە ئەنقەرە بە تورکیای بێ تیرۆر ناوی دەبات. لە پاش کۆبوونەوەیان لەگەڵ یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا، پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار، ئاماژەیان بەوەکرد، باسی پرسە یاساییە هەنووکەییەکانیان کردووە و پێشنیازی خۆیان لەوبارەیەوە خستووەتەڕوو.  ئاشکراشیان کرد، وەزارەتی داد لەئامادەکارییەکی چڕدایە لەبارەی ڕێکار و هەمواری یاسایی پەیوەست بە پرۆسەکە. دواتر شاندەکە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمان گەیشتە باڵەخانەی پەرلەمان و دوای کۆبوونەوەشیان پەروین بوڵدان ڕایگەیاند: "بیروڕامان لەبارەی کارەکانیلیژنە پەرلەمانییە و ئەو ڕاپۆرتەی دەینووسێت ئاڵوگۆڕکردووە و چاوەڕواندەکرێت لە ناوەڕاستی مانگی یەکی ساڵی داهاتوودا ڕاپۆرتەکە ئامادەببێت". لەم گەڕە نوێیەی سەردانەکاندا، شاندی ئیمراڵی سەردانی هەریەک لە: پارتی دیموکراسیی و پێشکەوتن (دەڤا) پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) پارتی ئایندە، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) پارتی کرێکارانی تورکیا (تیپ) پارتی کۆماریی گەل (جەهەپە) پارتی ڕەنج (ئەمەپ)یان کردووە. پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندەکە ڕایگەیاند، ڕەنگە لە کۆتایی سەردانەکانیاندا بۆ لای پارتە سیاسییەکان، دیدارێکیان لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا هەبێت. بوڵدان باسی ئەوەشیکرد، "لە کۆتایی سەرجەم دیدارەکاندا سەردانی دوورگەی ئیمراڵی دەکەین بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئۆجەلان". ئەم گەڕەی سەردانەکان، دوای کۆبوونەوەی ڕۆژی 2ـی ئەم مانگەی شاندەکە دێت لە دوورگەی ئیمراڵی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەر و دامەزرێنەری پەکەکە.

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە، لەگەڵ گەیشتنی مووچەی فەرمانبەران، دەستبەجێ دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.  محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ  سێشەممە، 23ـی کانوونی یەکەمی 2025ـی ئەنجوومەنی وەزیران؛ تەیف سامی، وەزیری دارایی ڕاسپارد مووچەی مانگی 10ـی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئازەر فارووق، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەگەڵ گەیشتنی پارەکە دەست بە دابەشکردنی مووچەکە دەکرێت و لە ڕۆژانی پشووش پێدانی مووچە بەردەوام دەبێت.  بە گوێرەی زانیارییەکان هەر چەندە پێنجشەممەی داهاتوو، 25ـی کانوونی یەکەم، پشووی فەرمییە لەسەر ئاستی عێراق، بەڵام وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەوامی خۆی دەکات و ئەگەر ڕێککارەکان تا ئەو ڕۆژە تەواو ببن، ناردنی مووچەکە بەهۆی پشووکەوە دواناخرێت.  ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی دووشەممە، 22ـی کانوونی یەکەمی 2025، 120 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتیی هەرێم بۆ مانگی تشرینی یەکەم (10) بە شێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. ڕۆژی یەکشەممەش، 07ـی کانوونی یەکەمی 2025،  لیستی مووچەی مانگی تشرینی دووەم (11)ـی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە لایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتەکەوە، ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵی عێراق کرا. کۆتا جار مووچە لە لایەن بەغداوە خەرج کرابێت، ڕۆژی شەممە، 29ـی تشرینی دووەمی 2025، بوو، کاتێک بڕی 941 ملیار و 874 ملیۆن دینار خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، وەک شایستەی مووچەی مانگی ئەیلوول (9)ـی فەرمانبەر و مووچەخۆران.  بەگوێرەی ڕێککەوتنەکان، پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی ناوخۆیی و نەوتی ڕادەستی بەغدا بکات، لە بەرامبەردا حکوومەتی فیدراڵ شایستە داراییەکانی هەرێم، بەتایبەتی مووچەی فەرمانبەران، دابین بکات.

بەپێى ڕاگەیەندراوێکى بارەگای بارزانی ئەمڕۆ سێشەممە 23ی کانوونی یەکەمی 2025 لە پیرمام، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە محەممەد ئەلحەسسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی نێردەی یۆنامی لە عێراق کرد. بارەگای بارزانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند؛ لە دیدارەکەدا نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی نێردەی یۆنامی لە عێراق بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی و بە مەبەستی ماڵئاوایی سەردانی سەرۆک بارزانی کردبوو و سوپاس و پێزانینی خۆی نیشاندا لەو پاڵپشتیە بەردەوامانەی سەرۆک بارزانی بۆی هەبووە لە پێناو سەرخستن و پێشڤەچوونی ئەرکەکانی لە عێراقدا. ڕاشیگەیاند؛ هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی سوپاسی نێردەی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد بۆ ئەو هەوڵانەی کە داویانە بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکان لە عێراق و پشتگیریان بۆ سەرخستنی پڕۆسەی سیاسیی و هەماهەنگیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق و پێکهاتەکانی عێراق لە پێناو دەستەبەرکردنی ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ گەلانی عێراق. هەروەها هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکی داهاتوویدا.

هه‌ریه‌كە لە (مامۆستایانی ڕەوتی هەڵوێست)، (مامۆستایانی کۆمەڵی دادگەریی)، (ده‌سته‌ی مامۆستایانی یه‌كگرتوو)و (ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایان و مامۆستایانی سەربەخۆ)، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا لە هەولێر ئه‌نجومه‌نێكیان بۆ بەرگیركردن لە ماف و كێشه‌كانی مامۆستایان پێكهێنا. دەقی یاداشتەکەیان بۆ ڕایگشتی: ئێمە وەکو چەند لایەنێکی مامۆستایانی دەرەوەی دەسەڵات، لە سۆنگەی هەستکردنمان به بەرپرسیارێتی و ئه‌ركی سەر شانمان، دوای کۆبوونەوە و گفتوگۆکردن و ڕاگۆڕینەوە لەگەڵ یەکتری، لەسەرئەم خاڵانەی لاى خوارەوە ڕێکەوتووین و بە هەموو لایەکی ڕادەگەیەنین: 1-  هاودەنگی و هاوهەڵوێستی و کار و چالاکی و یه‌ك بەرەیی لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵات بەپێویست دەزانین لە پێناوی مافەکانی مامۆستایان و تەواوی مووچەخۆران. 2-  داواکارین لە دەسەڵاتدارانی هەرێم و ئەندام پەرلەمانە دەرچووەکانى ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەوڵی جددی بده‌ن تا مووچەی هەردوو مانگی 11 و 12 /2025 بۆ تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکرێت و چیتر باسی فەوتانیان نەکرێت. 3-  بەردەوام دەبین لە پێناوی داکۆکیکردن لە هەموو مافە ڕەواکانی مامۆستایان، لە پێشەوەیاندا داواکارین لە ساڵی نوێ و لە مانگی یەکدا سه‌رمووچه‌ و پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و تەواوی فەرمانبەران دەستپێبکاتەوە، کە بە نا یاسایی چه‌ندین ساڵە وەستێنراوە. 4-  هەموو ڕێگه‌یەکی مەدەنی و یاسایی دەگرینەبەر بۆ دەستەبەرکردنی مافەڕەواکانی مامۆستایان و مامۆستایانی خانەنشین. 5-  بەڕێزەوە داوا لە سەرکردایەتی هەموو حزب و لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵات و ئەندام پەرلەمانە بەڕێزەکان دەکەین هاوکارمان بن لە ڕێگه‌ی هەوڵدانمان بۆ مافەکانی مامۆستایان، بۆ ڕوونکردنەوەی شێوازی پشتگیریکردنیان بۆمان سەردانی هەموو لایەک دەکەین. 6-  (ئەنجومەنی داکۆکیکار لە مافەکانی مامۆستایان)ڕادەگەیەنین، ده‌رگه‌ی ئه‌نجومه‌نیش به‌ڕووی هه‌موو لایه‌ن و رێكخراو و كه‌سانی داكۆكیكار له‌ مافه‌كانی مامۆستایان كراوه‌ ده‌بێت.  ٭مامۆستایانی ڕەوتی هەڵوێست  ٭مامۆستایانی کۆمەڵی دادگەریی  ٭ده‌سته‌ی مامۆستایانی یه‌كگرتوو  ٭ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایان   ٭مامۆستایانی سەربەخۆ