بڕیارە سبەینێ یەکشەممە، وەزارەتی دارایی عێراق، ڕێکارەکانی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەست پێ بکات. بەپێى زانیاریەکانى سەرچاوەیەکى ئاگادار لە بەغداوە ڕایگەیاند "هێشتا مووچەی زۆربەی وەزارەتەکانی حکوومەتی فیدراڵ دابەش نەکراوە، چونکە عێراق کێشەی کەمیی پارەی نەختینەی هەیە. ئەمەش کاریگەریی خستووەتە سەر دواکەوتنی ناردنی مووچەی  فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان" سەرچاوەکە ئەوەشى وت: بڕیارە سبەینێ یەکشەممە، 28ـی کانوونی یەکەم، ڕێکارەکانی ناردنی مووچە لە وەزارەتی دارایی عێراق دەست پێ بکەن و ئەگەر ڕێکارەکان تەواو بن، هەر سبەینێ مووچەکە دەنێردرێت. ئەگەر نا، دەکەوێتە ڕۆژی دووشەممە. هاوکات، موزهیر محەممەد ساڵەح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراق (واع)ـی گوت: داهاتیی گشتیی ئێستای عێراق بەشی پێداویستییە سەرەکییەکانی حکوومەت، لە سەرووی هەموویانەوە مووچە و چاودێرییە کۆمەڵایەتییەکان دەکات؛ کە مانگانە، دەکەنە نزیکەی هەشت تریلیۆن دیناری عێراقی.

مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبردنی کۆما جڤاکێن کوردستان "کەجەکە" ڕایگەیاند، دەسەڵات بەگوێرەی پێویست لە پرۆسەکە نزیک نابێتەوە.  سیاسەتی تورکیا لەبارەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاست نییە، چونکە لەلایەک داوای ئاشتی بۆ غەززە دەکات و لەلایەک هەڕەشەی دەستوەردان لە سووریا دەکات و شەڕی بۆ کورد دەوێت. هەڵسەنگاندنی قەرەسوو بەم شێوەیەیە: لە ٢٣ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ کۆمەڵکوژی دووەمی پاریس ڕوویدا، دەربارەی کۆمەڵکوژییەکە چی دەڵێن؟ پێش هەموو شتێک بە ڕێزدارییەوە یادی ئەڤین گۆیی، عەبدولڕەحمان کزل و میر پەروەر دەکەمەوە. کۆمەڵکوژییەکە جاری دووەمە لە پاریس ڕووبدات و بەم شێوەیە هاوڕێیانی ژن و وڵاتپارێزانی تێدا تیرۆر دەکرێت، بێگومان جێگەی ڕاوەستەکردنە لەسەری. ڕوودانی کۆمەڵکوژییەکە لە پاریس هەروا بەڕێککەوت نییە، بەڵام شتەکە ڕوونیشە. ئەو وڵاتەی دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی وڵاتپارێزمانی لێیە ئەڵمانیایە، بەڵام کەچی هەردوو کۆمەڵکوژییەکە لە پاریس ڕوویدا، ڕەنگە لە ئەڵمانیا پلانڕێژی بۆ کرابێت، بەڵام لە پاریس ئەنجام درا، مرۆڤ دەبێت بەم شێوەیە لێکیبداتەوە. ساڵانێک لەگەڵ ئەڤین گۆیی کارمان کرد، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریمان بوو، لە ڕۆژئاوا کاری دەکرد، هێرشەکە بە مەبەست ئەنجام درا و وەک ئەندامێکی بەرێوەبەریمان کرایە ئامانج. هەرخۆی پێشتریش بەرانبەر هەڤاڵانی ژنمان هێرش ئەنجام درابوو، هاوڕێیانمان سارا، ڕۆژبین و ڕۆناهی. بەڕاستی دەبێت بە سەرنجەوە ئەم بابەتە هەڵسێنگێندرێت. هێرشەکە بە گشتی بۆسەر تەڤگەری ئازادی کوردستان بوو، بەڵام ژنان کران بە ئامانج!، ئەمەش زیاتر ئەو نیگەرانییانە پشتڕاستەکاتەوە کە بکەری پشتەوەی هێرشەکان تورکیایە. هەرخۆی لە تیرۆرکردنی هاوڕێ سارا و هەڤاڵانییدا زۆر بە ئاشکرا پەیوەندی میت بە ڕووداوەکە دەرکەوت. لەبەرئەوەی ژنان پێشەنگی شۆڕش و تەڤگەرمانن بۆیە هەمیشە ئامانجی یەکەمی دەوڵەتی تورک و هەموو ئەو هێزانەن کە خواستیان قڕکردنی کوردانە، هەردوو کۆمەڵکوژییەکەی پاریس دەرخەری ئەم ڕاستییە تاڵەیە. بەڵام بەڕاستی هەڵوێستی فەرەنسا جێگەی قبوڵکردن نیە، لای خۆی دەوڵەتی یاسا و دیموکراسییە، بەڵام لە هەردوو کۆمەڵکوژییەکەدا هیچ هەنگاوێکی نەنا. خۆ کۆمەڵکوژی یەکەمیان بەڕۆژی ڕووناک لە لایەن میتەوە ئەنجام درا، بەڵام کەچی بەرانبەر دەوڵەتی تورک هیچ هەڵوێستێکی نیشان نەدا. خۆی کپ و کڕ کرد و نەیتوانی بە تورکیا بڵێت، 'تۆ بە چی مافێک لەسەر خاکی من کۆمەڵکوژییەکی ئاوا دەکەی؟'. خۆ ڕەنگە لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە شتێکی گوتبێت، بەڵام ڕووداوێکی ئاوا شتێک نییە بە پەیوەندی دیپلۆماسی تێپەڕ بکرێت، لە ناوجەرگەی دەسەڵاتی دەوڵەتێکدا تیرۆکردنێکی ئاوا دەکرێت، دەرخەری ئەوەیە فەرەنسا لە ئاست ئەم شەڕە قێزەنەدا چاوی خۆی دادەخات و هەرچی یاسا و ڕێسای وڵاتەکەی هەیە پشتگوێ دەخات. بۆ دووەم کۆمەڵکوژی پاریش دەڵێت 'کەسێکی نەژادپەرست' کردوویەتی. دەی بۆچی ئەم کەسە کوردان دەکاتە ئامانج؟ پێشینە و ڕاستینەی کوردان شتێک نییە کۆمەڵگەی فەرەنسا نیگەران بکات. گەر هێرشەکە نەژادپەرستی بوایە ئەوا ئامانجەکە جیاواز دەبوو، ڕاستییەکە نازانین بەڵام بەم پێودانگەبێت دەبوایە لە بری کوردان ئامانجەکە شتێکی دیکە بوایە. نیشاندانی کۆمەڵکوژییەکە وەک 'هێرشی نەژادپەرستی' بەڕاستی سیاسەتی ونکردن و پەردەپۆشکردنی تاوانەکەیە. ئاشکرایە گەلێک هەیە، ڕێکخستنێکی ئەو گەلە هەیە و ڕۆڵەکانی ئەو گەلە هەیە و هێرشەکە لە دژی ئەوانە ئەنجام دراوە. کێ ئەمە دەکات؟ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێت فەرەنسا بیداتەوە. بەڕاستی دۆخی هەردوو کۆمەڵکوژییەکە یەک شتە. ڕەنگە بکوژی کۆمەڵکوژی دووەم بە پارە کرابێت و بە شێوەیەک کوردانی بۆ دەستنیشان کرابێت. نیشاندانی هێرشەکە وەک هێرشێکی نەژادپەرستی و دابڕاندنی لە دژایەتیکردنی کوردان و مەرامی سیاسی جێگەی قبوڵ کردن نییە. بۆیە گەلی کورد و ژنانی کوردیش ئەم کۆمەڵکوژییە پشتگوێ ناخات و بەدڵناییەوە تا ڕوونکردنەوەی هەردوو کۆمەڵکوژییەکە تێکۆشان بەردەوام دەبێت. ئەمە زۆر گرنگە، گەر وانەبێت ئەوا ئەگەری کۆمەڵکوژییەکان هەمیشە زیندوو دەبێت، بۆیە ژنانی کورد و گەلی کورد تێکۆشانێکی ئاوا بەڕێوەدەبەن و سڵاو لە تێکۆشانیان دەکەین. چیتر گەلی کورد کۆمەڵکوژکردنی قبوڵ ناکات و دا کۆتایی بە دواداچوون بۆ کریاری کۆمەڵکوژییەکە و لێپرسینەوە لێیان دەکات و گەشبینین بەمە. لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی مەرەشداین کە بە سەختی لەسەر کوردانی عەلەوی لە ڕۆژئاوای فورات ئەنجام درا، ئامانجی کۆمەڵکوژییەکە چی بوو؟ بەڵی بێگومان ڕاستە کۆمەڵکوژییەکە لە مەرەش ئەنجام درا، بەڵام ئامانج کوردانی ڕۆژئاوای فورات بوو، کە خواستەکەش داماڵینی ناوچەکە بوو لە کوردان، کە لە پلانی ڕیفۆڕمی شەرقی [ئیسڵاح شەرقی] و دەستووری ١٩٢٤ی دەوڵەتدا پلانڕێژی داماڵین و قڕکردنی کوردان بوو لە ڕۆژئاوای فورات. بەڕاستی ئیسڵاح شەرقی بە تەواوەتی پلانڕێژی قڕکاری بوو، کە لەو سەردەمەدا دەوڵەت بە ئاشکرا پەیڕەوی دەکرد. دەوڵەتێکی هەڵگری پلانڕێژی لەم شێوەیە دەکرێت لە دادگای نێونەتەوەییدا بە دەوڵەتی قڕکەر دادگای بکرێت، چونکە زۆر بەڕوونی قڕکردنی چاند و ناسنامەی کوردان لە پلانەکەدا ڕەنگی داوەتەوە و ڕوونە. بابەتەکە بابەتێکی ئاسایی نییە، لە ڕۆژئاوای فوارت دیلۆک، سەمسوور، مەرەش، مەلەتی و سێواسیش هەیە، لە گۆڕەپانێکی ئاوا بەرفراوان کورد کرا بە ئامانج، کە لە باشووری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستانش بەرفراوانترە. ئەم گۆڕەپانە بە ئێستایشەوە لەژێر هێرشی قرکردندایە. خۆ قرکردن تەنها جەستەیی نییە، بەڵکو دەکرێت چاندیش بێت. یانی دەمەوێت بڵێم پێناسەی 'کۆمەڵکوژی' لە پێڕەوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا تەنها لە ناوبردنی جەستەیی نییە، بەڵکو هاوکات قرکردنی چاند، ناسنامە، زمان و گۆڕانی دیمۆگرافیش دەگرێتەوە. هەنگاو بە هەنگاو داماڵینی کورد بە هەموو شێوازەکانییەوە لە ڕۆژئاوای فورات پەیڕەو کرا و بە کۆمەڵکوژی مەرەش گەیشت بە لوتکە. چونکە بە کۆمەڵکوژی مەرەش و دواتر دیکتاتۆرییەتی کودەتای ١٢ـی ئەیلوول کوردان ناچار بە کۆچی زۆرە ملێی و گرتنەبەری هەندەران کران. شتەکە وای لێکەوتەوە لە گوندە ئاوەدانەکانی کوردستاندا تەنها چەند کوێرە ماڵێک بە چەند پیروپەککەوتەیەکەوە بمنێتەو. ئەم دیاردەیە پەیوەندی بە ئابوورییەوە نییە وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکرێت، بەڵکو ئەم خاکەیان بۆ کوردان گۆڕی بۆ دەڤەرێک کە نەتوانن تێیدا بژین. لەم دوایانەیشدا بە بومەلەرزەکەی ٦ـی شووبات، سیاسەتی 'تەنیاجێهێشتنی کوردان' لە ڕۆژئاوای فورات، کە درێژکراوەی ئیسڵاح شەرقی و کۆمەڵکوژی ١٩٧٨ـی مەرەشە گەیشت بە ئاستێکی باڵاتری مەترسیدار. بەڕاستی دۆخێکی ئازار بەخشە، بۆیە دەبێت کاتێک باس لە کۆمەڵکوژییەکانی ڕۆژئاوای فورات دەکرێت، دەبێت درک بە کۆدەکانی بکرێت و هەڵویستی توڕەی و ناڕەزایەتیمان بێت. توڕەی و ناڕەزایەتی چییە؟ بێگومان گەڕانەوەیە بۆ ئەم خاکە و سەرلەنوێ بکرێتەوە بە خاکی ئاوەدانی کوردان. بۆیە نابێت مرۆڤ کۆمەڵکوژییەکان قبوڵ بکات، وەک ئەوەی هەندێک بە تەواوەتی قبوڵیان کردووە. نابێت مرۆڤ ملکەچ بێت و بڵێت ئیدی ئەو دەڤەرە بۆ کورد بوونی نەماوە. باو و باپیرانمان لە مێژەوە لەوێ بوون. بەرپرسیارێتمانە خاوەنداری لەو خاکە بکەین. بۆیە کۆمەڵکوژی مەرەش برینێکی زیندووی بە ئازارە. پێویستە خەڵکانی نیشتەجێی ڕەسەنی ئەو دەڤەرە زۆر بە باشی بیری لێبکەنەوە و پێویستە بە گەڕانەوە و ئاوەدان کردنەوەی هەیە. گەر ئەمە بکرێت ئەوا هەڵوێستەیەکەی درووست لە بەرانبەر کۆمەڵکوژییەکە دەگیرێتەبەر، کە خاوەنداریکردن و گەڕانەوەیە بۆ ئەو خاکە. لە ئێستادا هەندێک گەڕانەوە هەیە و خانوو درووستەکرێت کە بەشێکی بۆ گەشت و ئەو بابەتانەیە، یانی بە گشتی هەندێک خاوەنداریکردن هەیە، بەڵام پێویست بە خاوەنداریکردنی بەهێز هەیە. لە کۆمەڵکوژییەکەدا نزیکەی ٢٠٠ کەس لە هەموو چین و توێژەکان کۆمەڵکوژ کران، ئازارێکی سەختە. بەڕێزدارییەوە یادیان دەکەینەوە و هەمیشە زیندوو دەبن لامان و لە کوردستانی ئازاد و تورکیایەکی دیموکراتیکدا یادیان دەکەینەوە. دەربارەی پرۆسەکە سەرەڕای ئەوەی ساڵێک بەسەر پرۆسەکەدا تێپەڕیوە و وەکو تەڤگەری ئازادی هەنگاوی زۆرتان نا، لە مژاری 'مافی هیوا'دا بۆ ڕێبەر ئاپۆ هیچ هەنگاوێک نەنراوە. هێشتا گۆشەگیری بەردەوامە. لە قۆناغێکی وا مێژووییدا گۆشەگیری چ کاریگەرییەکی لەسەر پرۆسەکە دەبێت؟ پار مانگی تشرینی یەکەم دەوڵەت باخچەلی بانگەوازێکی کرد. گوتی، با بێت لە پەرلەمان قسە بکات، کۆتایی بە هەموو کار و چالاکییەکی ڕێکخستن بهێنێت و سوود لە مافی هیوا وەربگرێت. ئەم قسانە تۆمارکراوە. ڕێبەر ئاپۆش گوتی، من دەتوانم ئەم پرسە، پرسی کورد، پرسی شەڕی ٥٠ ساڵە ببەمە سەر زەمینەی یاسایی و سیاسی. ٢٧ـی شوباتیش بانگەوازێکی کرد. بانگەوازی ٢٧ـی شوبات لەلایەن دەسەڵاتی ئاکەپە، دەوڵەت باخچەلی و زۆر لایەنەوە بەئەرێنی بینرا. بەڵام ئەم بانگەوازە ڕوحێکی هەیە. گرنگترین قسەی ئەم بانگەوازە ئەوەیە کە پارێزەری هێژای ئاشتی و ئازادی سری سورەییا ئۆندەر ئاماژەی پێکرد و گوتی، بۆ جێبەجێکردنی بانگەوازی ٢٧ـی شوبات، پێویستە زەمینەی یاسایی و سیاسی بڕەخسێنرێت. ئەم پرۆسەیە بەم شێوەیەیە. کارەکتەرەکەی ئەمەیە. ئەگەر پرۆسەیەکی لەم شێوەیە هەبێت و بەم پێیە مامەڵە بکرێت، پێویستە ئەمە بکرێت. بانگەوازی ٢٧ شوبات و قسەکانی سری سورەییا ئۆندەر، ئاکەپە، دەوڵەت باخچەلی و مەهەپەش بەئەرێنی بینیان. پارتەکانی تریش، چەند پارتێکی فاشیست نەبێت، هەمووان هەڵوێستیان ئەرێنی بوو. پێویستە بەردەنگی ڕێبەر ئاپۆ قبوڵ بکرێت؛ گۆشەگیری زیانگەیاندنە بە پرۆسەکە و مافی هیوا مەرجە ئەگەر پرۆسەیەکی لەم شێوەیە زۆر گرنگ بێت، تەمەنی کۆماری تورکیا ١٠٠ ساڵە، ئەگەر مەبەست ئەوە بێت پرسێکی پەیوەندیدار بە ٥٠ ساڵ، بە نیوەی تەمەنی تورکیاوە چارەسەر بکرێت و ئامانجیش لێی هێنانەدیی خوشک-برایەتیی کورد و تورک بێت، ئەوا پێویستە بەردەنگیی ڕێبەر ئاپۆ قبووڵ بکرێت. بۆئەوەی بتوانێت لەم پرۆسەیەدا بە ڕۆڵێکی کاریگەر هەڵستێت، پێویستە هەلومەرجەکانی ژیان و کارکردنی ئازادی بۆ ئامادە بکرێت. ئەوەی پێی دەگوترێت 'مافی هیوا'، پێویستە بخرێتە بەرنامەی کارەوە. هەرخۆی ئەم مژارە یاساییە. لەلایەن دەستووری بنەڕەتیی ئەوانەوە قبووڵکراوە. دەوڵەت باخچەلیش گوتی، جێبەجێ دەکرێت. سەرەڕای ئەوە ڕاگرتنی ڕێبەر ئاپۆ لەناو هەلومەرجی گۆشەگیریدا بەمانای مامەڵەیەکی کەموکورت دێت لەگەڵ پرۆسەکە. بە مانای مامەڵەیەکی هەڵە دێت لەگەڵ پرۆسەکە. بەڵێ، ڕێبەر ئاپۆ زۆر هەوڵدەدات، هەنگاوی گەورەی نا. مامەڵەیەکی نادروست لەگەڵ ڕێبەرێکی لەو شێوەیە، بە مانای مامەڵەیەکی نادروست لەگەڵ پرۆسەکە دێت. باسی پرۆسەکە دەکرێت. دەڵێن 'تورکیای بێ تیرۆر'، بێگومان ئێمە بەو شێوەیە قبووڵمان نییە. پرۆسەی خوشک-برایەتییە نەک 'تورکیایی بێ تیرۆر' ئێمە وەکو پرۆسەیەک دەیبینین کە تێیدا خوشک-برایەتیی کورد و تورک دێتەدی، کورد و دەوڵەتی تورک ڕێکدەکەون کە سەدساڵە شەڕی یەکتر دەکەن، ئەنتێگراسیۆنێکی دیموکراتیک، واتا مسۆگەرکردنی مافەکانی کورد لە چوارچێوەیەکی یاساییدا دێتەدی. هەربۆیە ئەم مامەڵەیە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ پێویستە گۆڕانکاری بەسەردا بێت. پێویستە هەمووان هەڵوێستی خۆیان بگۆڕن. دەوڵەت باخچەلی گوتی، ڕێبەری دامەزرێنەر. دەسەڵاتی ئاکەپەش و دەوڵەت باخچەلیش هەنگاوەکانی ڕێبەرێتی بەئەرێنی دەبینن. مادام وایە، ئایا مامەڵەیەکی لەم شێوەیە دەگونجێت؟ هەربۆیە بەردەوامیی گۆشەگیری، ڕاگرتنی بەردەنگێک کە پرسی ٥٠ ساڵە چارەسەردەکات لەناو ئەم دۆخەدا، نیشانەی مامەڵەیەکی نادروستە لەگەڵ پرۆسەکە. سەرەتا دەوڵەت باخچەلی بانگەوازی کرد، باسی مافی هیوای کرد. مادام وایە پێویستە پێویستییەکانی جێبەجێ بکرێن. گوتی، با بێت و کۆتایی بە هەموو کار و چالاکییەکانی ڕێکخستنەکەی بهێنێت، با بێت لە پەرلەمان قسە بکات. ڕێبەر ئاپۆ لە قسەکانی دەوڵەت باخچەلی زیاتر هەنگاوی نا، وایکرد هەنگاو بنرێت. باشە، مادام وایە بۆچی پێویستییەکانی جێبەجێ ناکرێن. ئەمە نیشاندەری ئەوەیە کە ئاکەپە و مەهەپە، ئەوانەی کە بەردەنگی پرۆسەکەن، ئیرادەیەکی ڕوونیان نییە بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە. نیشاندەری ئەوەیە کە دوودڵن. کوردان نیگەرانن لە نەڕەخساندنی مافی هیوا لە مژاری مافی هیوادا هیچ هەنگاوێک نەنرا، لە مژاری گۆشەگیریدا پێشکەوتنێک ڕووینەدا. بێگومان هەندێک دیدار دەکرێن، شاندەکان دەچن و دێن. بەڵام ئەمە بەس نییە. لەم مژارەدا بێگومان کۆمەڵگەی کورد نیگەرانە. کۆمەڵگەی کورد دەڵێت، ئەگەر پرۆسەیەکی لەم شێوەیە هەبێت، پێویستە ڕێبەر ئاپۆ لەناو هەلومەرجی ئازاددا ئەم پرۆسەیە بەڕێوەبەرێت. باسی مافی هیوا دەکات. هەربۆیە لە ٤ـی کانوونی دووەمدا گەلی کورد بە داخوازیی مافی هیوا و ڕەخساندنی هەلومەرجی ئازادی کارکردن و ژیان بۆ ڕێبەر ئاپۆ هەڵوێستێک، ئیرادەیەک نیشاندەدات. گردبوونەوەیەک ڕێکدەخات. ئەمەش گرنگە. لەبەرئەوە گرنگە؛ پێویستە ئیرادەی گەلی کوردیش لەبەرچاو بگیرێت. ئێمە باسی خوشک و برایەتیی کورد و تورک دەکەین، هەربۆیە گەلی کورد ئیرادەی هەیە. کێ نوێنەرایەتیی ئیرادەی گەلی کورد دەکات؟ ئێمە لەو باوەڕەداین کە گردبوونەوەیەکی لەم شێوەیە ئیرادەی گەلی کورد نیشاندەدات. لەسەر ئەو بنەمایە باوەڕمان وایە کە بە گردبوونەوەیەکی بەهێز بۆ ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ و جێبەجێکردنی مافی هیوا هەڵوێست، ئیرادە نیشاندەدات. دوای ئەوەی کۆمیسیۆنی پەرلەمان چووە ئیمراڵی و لەگەڵ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالاندا دیداری کرد، پارتەکان ڕاپۆرتی خۆیان ئامادەکرد و پێشکەشی پەرلەمانیان کرد. ئێوە ڕاپۆرتی پارتەکانتان لە ڕووی ناوەڕۆکەوە چۆن بینی؟ ئێمە بەفراوانی بە دواداچوونمان کرد. بەش بە بەش لە ڕاگەیاندن بڵاودەکرێنەوە. هی جەهەپە، هی ئاکەپە بڵاودەکرێتەوە. هی دەم پارتی کەمێک بە فراوانتر بڵاوکرایەوە. بێگومان دەم پارتی ڕاستییەکان دەخاتە بەر چاو. ڕاپۆرتی بنەڕەتی پێویستە ڕاپۆرتێکی لەم شێوەیە بێت. ئەو هەموو دیدارە کران، ئەو هەموو گفتوگۆیە کران، بۆچوونی سەرۆکانی پەرلەمان وەرگیرا. دوای وەرگرتنی ئەو هەموو بۆچوونانە، مژارەکە خۆی پرسی کوردە، هەمووان دەزانن، پرسی دیموکراسییە. هەرخۆی کۆمیسیۆنی دیموکراسی، خوشک-برایەتی و پشتیوانیی نەتەوەییە. مادام وایە پێویستە بە پێی ناوەکەی مامەڵە بکات. لە ئێستادا شتێکی وا بوونی نییە. بەتایبەتی گەلی کورد، هێزە دیموکراسییەکان ڕەخنەیان هەیە. ئەو هەموو دیدارەیان کرد، دیداریان لەگەڵ هەموو کەسێک کرد، بۆچوونیان وەرگرتن. سەرۆکانی پەرلەمانی ٥٠ ساڵی ڕابردوو هەموویان بۆچوونی ئەرێنییان دەربڕی. پەرلەمانی تورکیا چەندە نوێنەرایەتیی گەلی تورکیا دەکات یان ناکات، ئەوە مژارێکی جیاوازی گفتوگۆیە. بەڵام بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە پەرلەمان نوێنەرایەتیی خەڵک دەکات. سەرۆکانی پەرلەمانیش بە شێوەیەکی ئاشکرا گوتیان، ناوی پرسەکە، پرسی کوردە. هەربۆیە ڕاپۆرتەکان زۆر گشتگیرن. ئایا بەم شێوەیە دەبێت؟ کۆمیسیۆنێکی وەها، کۆمیسیۆنی هەموو پارتەکان بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ پرسەکە دەکات؟ قورسایی خۆیان لەدەستدەدەن. ئەم مامەڵەیە، نەک تەنها لە مژاری پرسی کورد و دیموکراسیدا، نیشاندەری ئەوەیە کە لە مژاری جیاوازیشدا ناتوانن چارەسەر بۆ کێشەی خەڵک بدۆزنەوە. واتا نیگەرانییەکی وەها لای خەڵک دروستدەبێت. مامەڵەی جەهەپە بە ڕاستی زۆر دواکەوتووانەیە جەهەپە؛ خۆی نەچووە ئیمراڵی، باسی دیموکراسی دەکرد. مەگەر دیموکراسی بەبێ کورد دەبێت؟ باس لەوە دەکرێت کە دواتر لە ڕاپۆرتی جەهەپەدا مامەڵەیەکی لەو شێوەیە کراوە. لە لایەکی ترەوە، ئۆزگور ئۆزەل ئەو هەمووە دەیگوت پرسی کورد هەیە، لە کوردستان گەڕا. گوتی، ئەگەر کورد دەڵێت ئەم کێشەیە هەیە، ئەوا پێویستە چارەسەر بکرێت. زۆر شتی گوت. بۆچی ئەمانە نیشان نادرێن؟ ئەمە مامەڵەی پارتە سیاسییەکانە بە گوێرەی ڕووداوەکانی ڕۆژانە. یاخود بەرنامە، ڕێسانامەی پارتەکەی بە گوێرەی هەندێک پارتی تر ڕێکدەخات. پارتێک، تەڤگەرێک بێ ئەوەی چاو لە مامەڵەی پارتێکی تر بکات، پێویستە هەڵوێستی خۆی نیشان بدات. هەربۆیە مامەڵەی جەهەپە بە ڕاستی زۆر دواکەوتووانەیە. ڕەخنەی لە ئاکەپە و مەهەپە دەگرت، دەرکەوت ئەو ڕەخنانە هیچ مانایەکیان نییە. ئەو هەموو ڕەخنەیە بگریت، باسی دیموکراسی بکەیت، دواتریش لەسەر سەرەکیترین پرسی تورکیا ڕاپۆرتێک ئامادە بکرێت، باسی نەکەیت. ئەمە خەمساردییە. ڕاپۆرتێکی هاوبەش چۆن دەبێت، ئێمە نازانین. ئێمە لە ئێستاوە هیچ شتێکی نەرێنی ناڵێین، بەڵام ناتوانین بڵێین کە یەک بە یەکی ڕاپۆرتەکان ئەرێنین. ڕێبەر ئاپۆ ئاماژەی بەوە کرد کە پرۆسەکە چووەتە قۆناغی دووەمەوە. لەم قۆناغەدا ئێوە چاوەڕێی چ ڕۆڵێکن لە پەرلەمان؟ کۆمیسیۆنی پەرلەمان گرنگە. کۆمیسیۆنی پەرلەمان دامەزرا، ئێمە بە گرنگمان بینی. مێژووی تورکیا بەم شێوەیەیە؛ بەڵێ، پەرلەمان هەیە بەڵام لە مێژووی تورکیادا پەرلەمان بە کێشە سەرەکییەکانەوە سەرقاڵ نەبووە. پارتەکانیش پێیەوە سەرقاڵ نەبوون. ئەگەر پەیوەندی بە ئابوورییەوە هەبووبێت، کەمێک پەیوەندی بە تەندروستییەوە، بە فڵان شتەوە هەبووبێت، پێوەی سەرقاڵ بووە. کاتێک باسەکە هاتووەتە سەر پرسە ستراتیژییەکان، پرسە سەرەکییەکانی تورکیا، پرسی کورد، پرسی عەلەوییەکان، پرسە سەرەکییەکانی تر، پەرلەمان خۆی بێدەنگ کردووە. مێژووی تورکیا نیشانیدا کە پەرلەمانی تورکیا لە پرسە سەرەکییەکاندا خاوەن ئیرادە نییە. لەبری ئەوە باسی دەوڵەتی قووڵ دەکرێت، باس لە دەوڵەتی دەرەوەی نۆرم دەکرێت؛ ئەم لایەنانە لەم مژارانەدا بوونە خاوەن قسە. هەرچەندە دەبووایە سیاسەت ببووایە بە خاوەن قسە. دەبووایە سیاسەت چارەسەری بۆ هەموو کێشەکانی تورکیا پەیدا بکردایە. تا ئێستا پەرلەمان ئەم مامەڵەیەی نیشان نەداوە. پەرلەمان تەنها وەکو ڕووکارێک مایەوە. سەرقاڵی ئەو مژارانە دەبێت کە بۆ ئەوانی تر سەرەکین، با بڵێین ئابووری، پەروەردە کە سنوورەکەشی دیارە. کۆمیسیۆن دامەزرا، گفتوگۆی فراوان دروستبوون، ئاخۆ پەرلەمان ئیرادەی چارەسەرکردنی کێشەکانی تورکیا دەستنیشان دەکات. سیاسەت ئەمە دەستنیشان دەکات؟ یاخود کێشە سەرەکییەکانی تورکیا جارێکی تر بۆ هێزەکانی دەرەوەی سیاسەت، بۆ دەوڵەتی دەرەوەی نۆرم، بۆ دەوڵەتی قووڵ جێدەهێڵدرێت؟ ئیرادەی ئەم لایەنانە جارێکی تر سەروەر دەبێت؟ تورکیا جارێکی تر بەم شێوەیە بەڕێوەدەبرێت؟ ژینگەیەک کە تێیدا پارتەکان بێکاریگەرن، بەم شێوەیە دەبێت؟ کاتێک سەرۆکوەزیر، سەرۆککۆمار دەچنە ناو پرسە سەرەکییەکانەوە، بۆ نموونە ئۆزالیان خستە چ حاڵێکەوە، یاخود ئەربەکان، ئەوانی تر. ڕێبەر ئاپۆ بە دیدگای قوڵی سۆسۆلۆژیی و  مێژوویی پرۆسەکەی دەستپێکردووە بۆیە کاتێک دێتە سەر پرسە سەرەکییەکانی تورکیا وەکو پرسی کورد، پرسی عەلەوییەکان سەرۆکوەزیر و سەرۆککۆماریش کاریگەرییان نییە. ناتوانن کاریگەرییەکی وا دروست بکەن. ئێستا ڕێبەرێتی گوتی قۆناغی دووەم. کۆمیسیۆن دیداری لەگەڵ کرد. ڕێبەر ئاپۆ پرسە سەرەکییەکانی تورکیای خستە ڕوو. ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە گەلی کورد و تورک ببنە خوشک-برا. ئاماژەی بەوە کرد کە تورکیا بە پشتبەستن بەم مێژووە دەتوانێت بوونی خۆی بپارێزێت. هاوکات چاوەڕێی هەڵوێستی سیاسییەکانی کرد. تورکیا دیالەکتیکێکی هەیە، مێژووی تورکیاش دیالەکتیکێکە. سۆسیۆلۆژیایەکی مێژوویی هەیە. ڕاستییەکی دەوڵەتی تورک، ڕاستیی تورکیا هەیە کە لە مێژوو دانابڕێت. هەر لەبەر ئەوەیە کە ڕێبەرێتی بەردەوام پەیوەندییەکانی تورک و کورد دەخاتە ڕوو. ئاماژە بەوە دەکات کە بوونی تورکیا، داهاتووەکەی تەنها بە خوشک-برایەتیی تورک و کورد دەبێت. وا باشە سیاسەتمەداران و پارتەکان خاوەندارێتی لەم ڕاستییە مێژووییە بکەن، یاخود نکۆڵیکردن لە کورد بەردەوام دەبێت؟ گوایە کورد هەیە، بەڵام لە یاسادا ڕەچاو ناکرێت. هەربۆیە سیاسەت، پارتەکانی تورکیا لە ئەزموونێکی مێژووییدان. ئایا دەڵێن، 'ئێمە پارتی سیاسین، ئێمە چارەسەر بۆ کێشەکانی تورکیا دەدۆزینەوە، چارەسەرییەک دەخوڵقێنین' یاخود وەکو سەدساڵی ڕابردوو لەم مژارانەدا بێئەوەی هیچ بڵێن، تەنها بە کێشە لاوەکییەکانی ترەوە سەرقاڵ دەبن و خۆیان وەکو سیاسەتمەدار و پارتی نیشاندەدەن. سیاسەتمەداری بەم شێوەیە نابێت. پارتبوونیش بەم شێوەیە نابێت. نەکەوتنەناو کێشە سەرەکییەکانی تورکیاوە، جگە لە چەواشەکردنی کۆمەڵگەی تورکیا لە ڕێی ئەم سیاسەتمەدار و پارتانەوە، هیچ مانایەکی تری نییە. ئێمە لە پرۆسەیەکداین کە کەوتووەتە دووەم ساڵییەوە. بە دەستپێشخەریی ڕێبەری گەلان عەبدوڵا ئۆجالان وەکو تەڤگەر ئێوە هەنگاوی مێژووییشتان نا. بەڵام دەسەڵاتی ئاکەپە سەرەڕای هەنگاونەنان پەیوەست بە پرۆسەکەوە، سیاسەتەکانی خۆی لە زیندانەکانیش بە هەمان شێوە درێژەپێدەدات. نموونەی ئاشکراش ئەوانەن کە زیاتر لە ٣٠ ساڵە لە زیندانن، ئازاد ناکرێن. پێویستە ئەو مامەڵەیەی زیندانەکان چۆن لێکبدرێتەوە؟ ڕێکارەکانی گەریلا لە پێناو بەرەوپێشچوونی پرۆسەکەدایە ئەو پرۆسەیە کە تێیدا باسی دیموکراسی، پشتیوانیی نەتەوەیی و خوشک و برایەتی دەکرێت، چۆن دەبێت؟ هەنگاو نران. چەکەکان سووتێنران، هێزەکانی ناو سنووری تورکیا کشانەوە، لەو شوێنانەی کە مەترسیی شەڕی لێیە، گەریلا کشاوەتەوە بۆئەوەی ڕێ لە شەڕ بگرن، بۆئەوەی پرۆسەکە بەڕێوەبچێت. هەندێک گۆڕەپانیان چۆڵکرد. لەناو تورکیاش لە ئاستێکی گرنگدا کشانەوە ڕوویدا. باشە وەڵامێکی چۆنی ئەمە دەدرێتەوە؟ دەڵێن 'بێچەکبوون'، 'کۆتاییهێنان بە تیرۆر'. دەبووایە سیاسەتی دیموکراتیک پەیڕەو بکرایە. محەممەد ئاگار خۆی گوتبووی، با لە دەشت سیاسەت بکەن. هێشتا لە تورکیا هەزاران زیندانی هەن. هێشتا یاسای تیرۆر هەیە. باسی کورد و کوردستان بکە، دەتخەنە زیندان. واتا دەرفەتی سیاسەتی دیموکراتیک بوونی نییە. باشە ئەوە چۆن دەبێت؟ دەڵێن با بێن. چۆن بێن؟ ئایا گۆڕەپانی سیاسەتی دیموکراتیک دەبێت؟ ئازادانە دەشێت سیاسەتی دیموکراتیک بکرێت؟ یاخود کاتێک کەسێک باسی کوردایەتی، دیموکراسی بکات و هەندێک ڕەخنە بگرێت، زیندانی دەکرێت؟ شتیوا دەبێت؟ ٣٠ ساڵە لە زیندانە، پەڕاوەکەی دەسووتێنن و ئازادی ناکەن. ٣٠ ساڵە لە زیندانە، هێشتا زیاتر لە زیندان دەهێڵدرێتەوە. هەندێک لە ناچاری ئازاد دەکرێن. بابەتی زیندانیانی سیاسیی مشتومڕ هەڵناگرێت؛ ئازادکردن هاندانی پرۆسەکەیە واتا ناچار دەبن ئازادی بکەن. سێ دەیە تێپەڕیوە. با بڵێین ساڵێک درێژدەکاتەوە، دوو ساڵ درێژدەکاتەوە، ئازادی دەکات. ماوەی ڕابردوو بەشێک لەو زیندانیانەی ٣٠ ساڵ بوو لە زیندان بوون، ئازادکران. هەندێک لە میدیاکان دەڵێن، 'چۆن ئازاد دەکرێن؟' ئەوەی ٣٠ ساڵ زیندانی بووە، ٣٠ ساڵ. پێشتر ١٠ ساڵ جارێک، ١٥ ساڵ جارێک لێخۆشبوون ڕادەگەیەندرا، زیندانییە سیاسییەکان ئازاددەکران. ئێستا هەندێک هەڵدەستن گوایە خۆیان وەکو لایەنگری دیموکراسی نیشاندەدەن، دێن دژایەتیی ئازادکردنی زیندانییەک دەکەن، کە ٣٠ ساڵە لە زیندانە. ئەوانە فاشیستی ڕەش و تاریکن. دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە بەشێکیانی ئازادکرد، بەڵام هێشتا زۆر زیندانیی ٣٠ ساڵە ئازاد ناکرێن. ئەمە هیچ شرۆڤەیەک هەڵناگرێت. بەم شێوەیە پرۆسەکە چۆن پێشدەکەوێت؟ بەڵێ، ڕێبەر ئاپۆش بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە هەوڵدەدات، ئێمەش هەوڵدەدەین. هیچ نەبێت ئێمە بەم شێوەیە مامەڵە دەکەین؛ ئەگەر نییەتێک هەبێت دەڵێین فەرموو، کاری ئەوان ئاسان دەکەین. بەڵام ئازادنەکردنی زیندانییانی ٣٠ ساڵە، بابەتێک نییە کە جێی مشتومڕ بێت و قسەی لەسەر بکرێت. هەم باسی پرۆسەیەکی لەم شێوەیە دەکرێت، هەم دەڵێن با چەکەکانیان دانێن و بێن؛ بەڵام ئەوانەی ٣٠ ساڵە لە زیندانن، ئازاد ناکرێن. وەکو ئەحمەد کایا دەیگوت، ئەمە چ ناکۆکییەکی گەورەیە. دەتوانم ئەمە بڵێم. دۆخی سیاسیی سووریا و دەستەوەردانی تورکیا بەشێک لە دەسەڵاتدارانی تورک هەڕەشەی توند لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەن. هاکان فیدان، یاشار گولەر و ئیبراهیم کاڵن ڕۆشتنە سووریا. ئەو ڕۆژە هێرش کرایە سەر گەڕەکی شێخ مەقسوود لە شاری حەلەب. زۆرێک لە بازنەکان هەوڵی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ١٠ـی ئادار دەدەن، بەڵام دەوڵەتی تورک پیداگری لە هەڕەشەکردن دەکات. ئەمە مانای چییە؟ ڕێککەوتنی ١٠ـی ئادار ڕێککەوتنێکە لە نێوان شەرع و مەزلووم عەبدی واژۆکرا. ئەوەندەی ئێمە بزانین ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نێوەنگیرە، بەڵام لەم ڕێککەوتننامەی ١٠ـی ئادار شڕۆڤەی جیاواز هەیە. دیمەشق بەپێی خۆی شڕۆڤە دەکات. هەروەها دەوڵەتی تورک کاریگەری نەرێنی لەسەر شڕۆڤەی ڕێککەوتننامەی ١٠ـی ئادار هەیە. ئەو شڕۆڤانە بەربەستێکە لە بەردەم جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ١٠ـی ئادار. بە واتایەکی تر ڕۆژئاوا، بەڕێوەبەرانی ئەوێش خاوەندارێتی لێ دەکەن، بەڵام دەڵێن، دەبێت کرۆک، ناوەڕۆکەکەی و پێداویستییەکانی جێبەجێ بکرێت. لە مامەڵەکانی ئەم دواییەی تورکیا تێناگەین. ئایا کورد بەشێک نییە لە تورکیا؟ ئایا زۆرترین ژمارەی دانیشتووانی کورد لە تورکیا نییە؟ کەسوکاریان لە سووریان، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریان. لە شوێنێکی تر کە باسەکە دەبێتە تورکمانەکان خاوەندارێتی لێ دەکەن، وەک بەشێک لە تورکیا دەبینرێن، ماف و یاساکانیان پارێزراون، کولتوور، زمان و ناسنامەیان دەپارێزرێن. بۆچی کاتێک باس لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکرێت، وەک ئەوە وایە کوردەکانی ئەوێ، خەڵکی ئەوێ، بێگانە بن بۆ تورکیا. ئەم جۆرە نزیکایەتییە بەڕاستی نابێت. دەبێت تورکیا خاوەندارێتی و داننان بە کورد بکات. ئەگەر کورد بڕیارە لەوێ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی خۆی هەبێت، دەیانەوێت بە ناسنامە و کەلتووری خۆیان بژین، بۆچی تورکیا خاوەندارێتی لێ ناکات؟ ئایا کورد لە دوای تورک زۆرترین ڕێژەی دانیشتووانی تورکیا پێک ناهێنێت؟ ئایا ئەوان بەشێک نین لە تورکیا؟ ئێستا کەسوکاری کورد لێرەن. ئایا بەم شێوەیە نزیکایەتی خۆیان نیشان دەدەن؟ ئایا دەوڵەتێک بەم شێوەیە لە کەسوکاری هاووڵاتیانی خۆی نزیک دەبێتەوە؟ هیچ ڕوونکردنەوەیەک بۆ ئەمە نییە. کەس وەڵامی ئەمە ناداتەوە. بۆچی ئەمە دەکەن؟ نەک هەر کورد لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، نەک هەر ئەو کوردانەی دەنگ بە دەم پارتی دەدەن، بەڵکوو ئەو کوردانەشی دەنگیان بە ئاکەپە داوە، لەمە تێناگەن، هەموو کورد لەم نزیکایەتییە تێناگەن. بۆچی تورکیا ئەم کارە دەکات؟ هەربۆیە ئەم نزیکایەتییەی دەوڵەتی تورک ڕاست نییە. دەبێت تورکیا کۆتایی بە مامەڵە ئاژاوەگێڕییەکانی لە سووریادا بهێنێت ئایا تورکیا ناڵێت بۆچی ئەم شەڕە لە غەززە ڕوودەدات؟ بۆچی ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر لوبنان، بۆچی ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر فڵانە ناوچە؟ لە بەرانبەر هێرش دەوەستێتەوە، دەڵێت با ئاشتی هەبێت، بەڵام ئێستا هەڵدەستێت و دەڵێت، ئەگەر بەم شێوەیە ببێت، دەستوەردان لەو شوێنە دەکەین. ئەمە چ ئەقڵێکە؟ ئایا تورکیا لە کۆتاییدا ئەو گۆڕەپانە دەکاتە ناوچەی جەنگ؟ ئاشتیانە بوو؟ لە غەززە ئاشتی دەوێت، لە لوبنان ئاشتی دەوێت، لە سووریا ئاشتی دەوێت، بەڵام لە بەرانبەر کورد شەڕی دەوێت. لەوێ کورد و حکومەتی دیمەشق دەتوانن پرسەکانیان چارەسەر بکەن. دەتوانن گفتوگۆی چارەسەری بکەن. پرسی ناوخۆیی سووریایە. کورد ناڵێت با دابەشی بکەین، سووریا دابەش بکەین. نزیکایەتییەکی وەها نییە. بێگومان زۆر هێز تێوەگلاون. بەڵێ هێزی جیاواز هەیە. تەنها تورکیا نییە، هێزە جیاوازەکانیش لە سووریا پشێویی درووست دەکەن. ڕاستترین شت بەدیهێنانی سەقامگیرییە بۆ سووریا. سەقامگیرییش بەم شێوەیە بەدی نایەت. چۆن دەتوانرێت ئاشتی بە شەڕکردن و وەستانەوە لە بەرانبەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەدی بهێنرێت؟ هەربۆیە دەبێت دەوڵەتی تورکیا سیاسەتی خۆی بگۆڕێت. هەوڵ دەدات لە ڕێگەی فشار و هەڕەشەوە هەنگاو بنێت. ئەمە ڕێبازێکی درووست نییە. بەکارهێنانی ئەم ڕێبازە هەمووکات لە دژی کورد ڕاست نییە. بەتایبەت لە تورکیا ئێستا شەڕ نییە، پڕۆسەیەک هەیە. هێشتا ئەمە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، بۆ کوێ دەڕوات. لە قۆناغێکی وادا دەبێت لە سووریا، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاش نزیکایەتییەکانی بگۆڕێت. تورکیا دەبێت ستراتیژیتر بیربکاتەوە. تورکیا بیری ستراتیژی ناکاتەوە. بەهۆی ئەم نیگەرانییانە ناتوانێت ستراتیژی بیر بکاتەوە. ئەم نزیکایەتییە کورتخایەنانە تا چەند سوودی بۆ تورکیا دەبێت، جێگەی گومانە. لە ئەستەنبوڵ کۆنفڕانسی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی نێونەتەوەیی بەڕێوەچوو. لەسەر ئەم کۆنفڕانسە چی دەڵێن؟ لە ئەستەنبوڵ کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بەڕێوەچوو. ئەم کۆنفڕانسەمان بە گرنگ بینی. زۆرێک لە لایەنەکان بەشداربوون، لە نێویاندا هێزەکانی دیموکراسی تورکیاش بەشداربوون. بە واتایەکی تر هەوڵدرا پەیوەندییەک لە نێوان دیموکراسی و ئاشتیدا درووست بکرێت. بیرۆکەی ئەوەی کە پرسەکان بە دیموکراتیزەبوون چارەسەر دەکرێن، تا ڕادەیەکی بەرچاو لە تورکیادا ئامادەیە. ئەمڕۆ لە تورکیادا بەڕاستی خواست و پۆتانسێلی چارەسەرکردنی پرسەکان لەسەر بنەمای دیموکراسی هەیە، بەڵام سەرکوت دەکرێت، بێدەنگ دەکرێت. یان بە وشەی وەک "مانەوە"، "وڵات-میللەت-ساکاریا"... نیشان دەدرێت کە دیموکراتیزەبوون تورکیا دابەش دەکات. ترسەکانی وەک "ئەگەر تورکیا دیموکراتیزە ببێت، ئەگەر کورد بە مافەکانی خۆی بگات، تورکیا ڕووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە" ڕێگە نادات ئەم ئەزموونە ئەرێنییەی تورکیا سەرهەڵبدات. ئەمە بەڕاستی هێزێکی تورکیایە، پەرەسەندنێکی ئەرێنییە. تورکیا هێزێکی وای هەیە، بەڵام ئەم هێزە بەکارناهێنێت. دەڵێن "هێزی نەرم" و هتد... لە ڕاستیدا زۆر شت هەیە سەبارەت بە تورکیا لەم لایەنەوە، بەڵام کاتێک ئەمە هەڵبژاردن نییە؛ کاتێک هەڵبژاردنەکە سەرکوتکردن و بێدەنگکردنە، بێگومان ئەم ئەزموونە دیموکراتیکە، ئەو ئارەزووەی کە لەو کۆنفڕانسەدا بینرا و پێشهاتی ئاشکرا، دەرفەتی ئەوە نابینێت کە کاریگەرییەکی گەورەی لە تورکیادا هەبێت، بەڵام زەمینەیەکی لەو شێوەیە لە تورکیادا هەیە. لە تورکیا تێکۆشانێک هەیە بۆ دیموکراسی کە لەسەر بنەمای دەیان ساڵ، تەنانەت سەدەیەک و ئەزموونێک هەیە کە خۆی درووستی کردووە. بە واتایەکی تر ئەم ئەزموونە بە دڵنیاییەوە ڕێگایەک بۆ خۆی لە تورکیادا دەدۆزێتەوە. بەم بۆنەیەوە پیرۆزبای لەو کەسانە دەکەم کە ئەم کارەیان ئەنجامدا.

کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ هەینی    26-12-2025 کەش/ ئاسمان لە نێوان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەبێت , ئەگەری بارینی کەمێک نمە باران هەیە لەناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم (پارێزگای هەلەبجە و هەندێک ناوچەی پارێزگای سلێمانی ) لەگەڵ ئەگەری بارینی بەفرێکی کەم لەناوچە شاخاویە سنووریەکاندا , پاشان لە کاتەکانی شەودا کاریگەری دابارین درێژ دەبێتوە بۆ سەر ناوچەکانی سنووری پارێزگای دهۆک . خێراى با / لەسەرخۆ  ( 05 – 15 ) کم/ک.  ئاراستەی با / باکووری خۆرهەڵات دەبێت پلەکانی گەرما / کەمێک نزمتر دەبێت بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ وەک لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە. مەوداى بینین / 7 – 9 کم دەبێت سبەى شەممە    27-12-2025 کەش/  بە گشتی ئاسمان هەوری باراناوی دەبێت . نمە باران و بارانی مامناوەند لە زۆربەی ناوچەکان دەبارێت. هەروەها  لە ناوچە سنوریەکان و ناوچە شاخاوییەکان بە تایبەت ناوچە شاخاوییە بەرزەکان بەفر بارین دەبێت . پێشبینی دەکرێت لە ناوچە نیمچە بەرزەکان تێکەڵی باران و وردە بەفر ( کڕێوە ) ببارێت . کاریگەری ئەم شەپۆڵە بۆ ڕۆژانی دواتر بەردەوامی دەبێت. خێرا خێراى با / لەسەرخۆ- مامناوەند ( 15 – 25 ) کم/ک.  ئاراستەی با / باکووری خۆرهەڵات دەبێت پلەکانی گەرما / بە نزیکی 2 تـــــا 4 پلە نزمتر دەبێت بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ وەک لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە. مەوداى بینین / 6 – 8 کم دەبێت. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر : 12 پلەی سیلیزی سلێمانی : 8 پلەی سیلیزی دهۆک : 9 پلەی سیلیزی زاخۆ  : 9  پلەی سیلیزی کەرکوک : 12 پلەی سیلیزی  هەڵەبجە : 7 پلەی سیلیزی سۆران : 6 پلەی سیلیزی گەرمیان : 13 پلەی سیلیزی

بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات، ئاشکرایدەکات پێش كۆتایی ئەمساڵ ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی سەردانی دیمەشق دەكات، بە ئامادەبوونی ئەمریكاو فەرەنساو بەریتانیاو هەندێك وڵاتی عەرەبی.  فەرهاد شامی، بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە لێدوانیکیدا بۆ كەناڵی (العربیە) ئەوە دەخاتەڕوو، ئەگەر پەیوەندیمان لەگەڵ ئیسرائیل هەبوایە توركیا جورئەتی ئەوەی نەدەكرد پەرلامارمان بدات. هەروەها وتیشى:  تۆمەتباركردنمان لەلایەن توركیاوە بەوەی پەیوەندیمان هەیە لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، پاساوە بۆ دەستوەردان لە دۆسیەی سوریا. وتەبێژەکەى هەسەدە باس لەوەشدەکات کە لەبارەی دەستدرێژییەكانی ئیسرائیل لەناو خاكی سوریا، دەبێت ئەو پرسیارە دیمەشق وەڵامی بداتەوە، كە جۆلانی لە نەخشەی سوریادا سڕیوەتەوە، وتیشى:  لەناو هێزەكانی سوریای دیموكراتدا ئەندامی بیانی نییە. فەرهاد شامى دەڵێت: داواكاری ئێمە تەنها نا ناوەندی نییە بەڵكو شێوازی حوكمڕانی و بەشداری هەموو سورییەكانە لە ئیدارەدانی وڵاتەكەیان،   لەگەڵ دیمەشق باسی ناناوەندێتیمان كردووەو پێویستە هاوڵاتیانی سوریا ناوچەكانی خۆیان بەڕێوەببەن.

وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت: تا ئێستا 70%ـی هەرێمی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێری پرۆژەی ڕووناکی پێگەیشتووە، ڕاشیدەگەیەنێت، دوایین وەرزی زستان دەبێت لە کوردستان کە تێیدا کارەبا بپچڕێت. ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ـی کانوونی یەکەمی 2025، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا، وێڕای سوپاسی خەڵکی کوردستانی کردووە بۆ پشوو درێژی و هاوکاریی بەردەوامییان لەگەڵ دۆخی کارەبا و وەزارەتی کارەبادا. وەزارەتی کارەبا هاووڵاتییانی ئاگادارکردووەتەوە، چالاکییەکانی زیادکردنی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی و کارەبا و سازدانەوە لە تۆڕی کارەبای نیشتمانی لەپێناو دابینکردنی کارەبا بە باشترین شێوە، بەردەوام دەبێت.     لە ڕاگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم چالاکییانە كێشەی 30 ساڵەی کارەبا بەیەکجاری بنبڕ دەکەن و دەڵێت: ئەمە دوایین وەرزی زستان دەبێت کەوا کێشەی پچڕانی کارەبا ڕووبدات.     وەزارەتەکە وەک ئامارێک ئاشکرای کردووە، ئێستا %70ـی هەرێمی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێری پرۆژەی ڕووناکییان پێگەیشتووە و تاوەکو کۆتایی ساڵی داهاتوو هەموو هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کارەبای نیشتمانی بەردەوامییان پێدەگات.   ئەم ڕاگەیەندراوەی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە، پێنجشەممە، 25ـی کانوونی یەکەمی 2025، وەزارەتی کارەبا لە ڕاگەیەنراوێکی پێشووی ئاگاداری هاوبەشانی کردەوە: بەهۆی گرفتێکی تەکنیکییەوە لە کێڵگەی کۆرمۆر بڕی 250 ملیۆن پێ سێجا گاز کەمی کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بڕی 1000 مێگاوات کارەبا. هاوکات دڵنیایی دا، کە هەردوو وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، لەگەڵ تیمەکانی داناگاز لە هەوڵدان بۆ چارەکردنی گرفتەکە و ئاساییکردنەوەی  بارودۆخەکە.

بەگوتەی بەرپرسێکی باڵای حکومەتی عێراق، ناردنی پارە لەلایەن بەغدا بۆ مووچەی مانگی 10 کەوتە هەفتەی داهاتوو، دابەشکردنی مووچەش دەکەوێتە ساڵی داهاتوو.  تاوەکوو ئێستا حکومەتی عێراق دەستی بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی خۆی نەکردووە، بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەستپێبکات. دوای دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی خۆی ئەوکات دەست بە ڕێکارەکانی خەرجکردنی پارەی مووچەخۆرانی کوردستانیش دەکرێت. لەبارەی کاتی ڕەوانەکردنی مووچەی مانگی10، بەرپرسە باڵاکەی حکومەتی عێراق بە ئاڤای ڕاگەیاند: پێشبینی دەکەم چوارشەممەی داهاتوو 31ی مانگ پارە بنێردرێت. -لەبارەی دواکەوتنی مووچە، بەرپرسەکەی حکومەتی عێراق وتی: لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی قسەم کرد، دەڵێ: "کێشەی پارەمان هەیە و پارەمان لەبەردەست نییە، هەندێک پارە هەبووە، ئەویش هەفتەی ڕابردوو بەڵێندەر خۆپێشاندانیان کردووە و داوای خەرجکردنی پارەی پڕۆژەکانیان کردووە، ناچار ئەو پارەیەی هەبووە بەوانیان داوە". چونکە حکومەتی عێراق 50 تریلۆن دینار پارەی بەڵێندەر قەرزارە. بەرپرسەی عێراق لەبارەى ئەوەى بەردەوام دەوترێت لقی هەولێری بانکی ناوەندی سێ تریلۆن دیناری تێدایە بەشی سێ مووچەی خەڵکی کوردستان دەکات، بۆ ئەو پارەیە خەرج ناکرێت؟ بەرپرسەکەی عێراق وتی: ئەو پارەیە هی بانکی ناوەندییە، پارەی پڕۆژەکان و پارەی یەدەگە، وەزارەتی دارایی عێراق ناتوانێت هەر لەخۆیەوە بۆ مووچە خەرجی بکات. ئەگەر چوارشەممە پارە بنێردرێت ئەوا دابەشکردنی مووچە دەکەوێتە ساڵی داهاتوو. پێنجشەممەی داهاتوو دەکاتە یەکی مانگ پشووە لە عێراق، ئیتر هەینی و شەممەیشی بەسەردا دێت. هەرچەندە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردۆتەوە ئەگەر پارە نێردرا ئەوا لە ڕۆژانی پشوو مووچە دابەش دەکرێت، بۆ کاش کێشە نابێت، دەتوانن دابەشی بکەن. بەڵام کێشەکە بۆ دابەشکردنی مووچە لەڕێگەی هەژماری من دروست دەبێت کە ئەم مانگە زیاتر لە 600 هەزار مووچەخۆر لە ڕێگەی هەژماری من وەری دەگرن.  بانکەکانی بەشدار لە هەژماری من بە سیستەمی بانکی ناوەندیی عێراق کار دەکەن، لە ڕۆژانی پشووش بانکەکە دەوامیان نییە و سیستەمەکە کار ناکات.

ئێوارەی ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانیی بزوونتەوەی گۆڕان [گردەکە] راگەیەنداروێکیان لەبارەی پیرۆزبایەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و دەڵێن: سەرۆکی هەرێم، پێویست بوو ئاگادار بێت، کە ئەو کەسە [دانا ئەحمەد مەجید] رێکخەری بزووتنەوەی گۆران نییە لە 13ـی چواری 2025 وە ماوەکەی تەواو بووە، پێشتر بەهۆی ویستی دەستبەسەردا گرتن و دوور لە بنەماکەکانی دیمواکرسی کەسێک[ دانا ئەحمەد مەجید] لە ساڵی رابردوو بۆ ماوەی شەش مانگ کرا بە رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بەڵام ئێستا کاتەکەی تەواو بووە، خۆشی چەند جارێک ئەمەی باسکردووە. هەروەها دەڵێن، پێویست بوو بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاگادار بێت، کە لە رێکەوتی 13ی 4ی 2025 لەسەر بنەمای یاسا و بڕیاری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و فەرمانگەی پارت و رێکخراوە سیاسییەکان، ئەو کەسانە هیچ سیفەتێکی قانونی و رێکخراوەییان لە بزوتنەوەی گۆڕاندا نییە و نوێنەرایەتی گۆڕان ناکەن. تەنانەت خۆیان لە بەردەم هەموو کەناڵەکاندا بە ئاشکرا گوتیان تا ئەنجامدانی کۆنفرانسی نیشتمانی رێکخەر نین. هەر لە راگەیندراوەکەدا دەشڵێن: سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەبێت رێز لە یاسا بگرێت و دەستێوەردان نەکات، بەڵام بەو پیرۆزباییەی سەلماندی دەستوەردان لە کاروباری گۆڕاندا دەکات. دوێنێنێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەک نەریتی ساڵانەی خۆی، نامەی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم حزب و لایەنەکان کرد، لە پرۆزباییەکەی بۆ ساڵی نوێ لە بزووتنەوەی گۆڕان [کوردسات] دانا ئەحمەد مەجیدی، وەک رێکخەری گشتیی بزوونتەوەی گۆڕان ناوهێنا.

پێشبینی دەکرێ لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە شەپۆلێکی بەفر و باران هەرێمی کوردستان بگرێتەوە. سەرۆکی بەشی پێشبینیی کەشناسی لە دەستەی کەشناسیی عێراق پێشبینی دەکات، بڕێکی باش باران ببارێ و لە چەند ناوچەیەکیش بەفر ببارێ. رۆژی چوارشەممە، 25ی کانوونی یەکەمی 2025، مەحموود عەبدوللـەتیف، سەرۆکی بەشی پێشبینیی کەشناسی لە دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی کاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆیەکی دەریای نێوەڕاست، پێشبینی دەکرێ لە رۆژی شەممەوە شەپۆلێکی بەفر و باران روو لە هەرێمی کوردستان بکات و چەقی شەپۆلەکەش رۆژی یەکشەممە دەبێ. بە گوتەی سەرۆکی بەشی پێشبینیی کەشناسی، پێشبینی دەکرێ رۆژی یەکشەممە بارانبارین لە دهۆک و زاخۆ چڕ ببێتەوە و شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممەش، بەفربارین لە سنووری دهۆک و زاخۆ دەستپێبکات و پێشبینی دەکرێ بڕێکی باشی بەفریش لە حاجی ئۆمەران ببارێت. مەحموود عەبدوللـەتیف گوتیشی: "لە هەندێک ناوچەی دیکەش پێشبینی بەفربارین دەکرێ، بەڵام پێشبینییەکان لاوازن." ئەو کەشناسە ئاماژەی بەوەش کرد: "شەپۆلەکە تاوەکو رۆژی چوارشەممە بەردەوام دەبێ. بڕێکی باش باران لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەبارێ، بەڵام مەترسیی دروستبوونی لافاو نییە، هەروەها پلەی گەرماش بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێ." هاوکات، محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە رووداوی گوت: "بەپێی پێشبینییەکان رۆژی شەممە بارانبارین لە سنووری پارێزگای دهۆک دەستپێدەکات و دواتر هەولێر، کەرکووک، سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان دەگرێتەوە. بڕی بارانبارینیش لە هەندێک ناوچە دەگاتە 70 ملم، بەڵام مەترسیی لافاو نییە." بە گوێرەی پێشبینییەکانی ئەو شارەزای کەشناسییە بڕی بارانی پێشبینیکراو بەم شێوەیە دەبێ: سۆران: 40 بۆ 70 ملم راپەڕین: 50 بۆ 66 ملم دهۆک: 55 بۆ 60 ملم هەولێر و سلێمانی: 45 بۆ 50 ملم کەرکووک و گەرمیان: 25 بۆ 40 ملم ئەوەی کە پەیوەندی بە بەفربارینەوە هەیە، محەممەد کەمال دەڵێ، شەپۆلی بەفربارین بە 3 قۆناخ دەبێت و بەم شێوەیە دەبێ: 1- قۆناخی یەکەم - شەممە: بەفربارین لە ئامێدی، شێلادزێ، کانی ماسی، حاجی ئۆمەران، چۆمان و سەفین دەستپێدەکات. 2- قۆناخی دووەم - دووشەممە: ئەو ناوچانەی 1000 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزن بەفریان لێ دەبارێ، لەوانە شەقڵاوە، پێنجوێن، قەرەداخ و سەنگاو. 3- قۆناخی سێیەم - چوارشەممە: بەهێزترین شەپۆلە و ئەو شوێنانە دەگرێتەوە کە بەرزییان 850 مەترە، ئەگەری بەفربارین لە گەڕەکە بەرزەکانی سلێمانی، گۆیژە، ماوەت و چوارتا هەیە. بەپێی پێشبینی ئەو کەشناسە، بڕی بەفر لە سەنتەری ناوچە شاخاوییەکان 1 بۆ 17 سانتیمەتر و لە چیاکانیش 70 بۆ 90 سانتیمەتر دەبێ.

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە رایگەیاند، گەیشتووینەتە لێگتێگەیشتنێکی هاوبەش بەمەبەستی رێککخستن و چوونەپاڵی هیزەکانمان بۆ نێو [سوپای سوریا.] عەبدی ئاماژەی بەوەشکرد، شێوازی سیستمەکە و بەشداری یەکە جیاوازەکان لە پایە سەرەکییەکانی لێکتێگەیشتنەکەن، ئەمەش پێویستی بە دیالۆگی قووڵتر هەیە تا بگەینە دەستوورێک کە رەنگدانەوەی خواستی هەموولایەک بێت. بەشێکى دیکە لە پەیامەکەى.. ــ گەیشتوینەتە لێكتێگەیشتنی هاوبەش سەبارەت بە یەكخستنی هێزە سەربازییەكان؛ بەوجۆرەی كە لەگەڵ بەرژەوەندی گشتیدا بگونجێت.  ــ بابەتی دەستوری هەن كە پێویستیان بە كات هەیە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێك كە هەموو سوریا بگرێتەوە.  ــ وای دەبینین چارەسەر لە سوریا دەبێت (لامەركەزی) بێت.  ــ فۆرمی حوكمڕانی و بەشداری پێكهاتەكان لە پایە سەرەكییەكانەو، ئەمە پێویستی بە دیالۆگی قوڵتر هەیە بۆ گەیشتن بە دەستورێك كە رەنگدانەوەی هەموو خواستەكان بێت.  ــ بەرەوپێشچوون هەیە لە دروستكردنی روانگەی هاوبەش سەبارەت بە رێڕەو و سنورەكان.  ــ سامانی ژێرزەوی هی هەموو هاوڵاتیانی سوریایە.  ــ نزیكبوونەوە لە بۆچوونەكاندا هەیە سەبارەت بە بابەتە سەرەكییەكان و، هیواخوازین لە ماوەی ئایندەدا بگەین بە هەموو رێككەوتنەكان.  ــ دەمانەوێت رۆڵەكانی ناوچەكە لەچوارچێوەیەكی دەستوریدا خۆیان ناوچەكانی خۆیان بەرێوەببەن.

نووسراوێک بەناوی حکومەتی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، گوایە رێژەی 20% وەکو باج دەخاتە سەر نرخی کارتەکانی مۆبایل و ئینتەرنێت. سەرۆکی رێکخراوێکی گەیاندن دەڵێت، ئەگەر جێبەجێ بکرێت کارتێکی 10 هەزار دیناری دەبێتە 12 هەزار و 500 دینار. گوتەبێژی ئاسیاسێڵ و بەرپرسێک لە کۆڕەک تیلیکۆم دەڵێن: "هیچ بڕیارێکی فەرمیمان بۆ نەهاتووە". بەگوێرەی نووسراوێک کە میدیای عێراقیی وەکو ئەنجامنامەی کۆبوونەوەی 16-12-2025ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڵاوی کردووەتەوە، لە یەکێک لە خاڵەکانی بڕیارەکاندا هاتووە: "دەستپێکردنەوەی کارکردن بە سەپاندنی کرێی خزمەتگوزاری بە رێژەی 20% لەسەر پڕکردنەوەی باڵانسی مۆبایل و ئینتەرنێت، چ لە رێگەی کارتەکانەوە بێت یان لە رێگەی ئەپلیکەیشنە ئەلکترۆنییەکانەوە". زێرەڤان بەهادین، پارێزەری راوێژکار و شارەزای دادوەریی تیلیکۆم، کە هاوکات سەرۆکی رێکخراوی کوردستان کۆمیونکەیشنە بۆ تەکنەلۆژیای زانیاری و گەیاندن و ئاگاداری بڕیارەکەیە، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "چەند ساڵێک لەمەوپێش هەمان بڕیار پەیڕەو دەکرا و دواتر راگیرا، ئێستا ئەگەر ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت دووبارە نرخی کارت بەرز دەبێتەوە". تاوەکو ئەمڕۆ نرخی کارتەکانی مۆبایل و ئینتەرنێت بەرز نەبووەتەوە. زێرەڤان بەهادین گوتی: "دوای دەرکردنی رێنمایی لایەنە پەیوەندیدارەکان بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت و نرخی کارتێکی 10 هەزار دیناری دەبێتە 12 بۆ 12 هەزار و 500 دینار". عومەر فالح، گوتەبێژی کۆمپانیای ئاسیاسێل، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمەش لە میدیاکانەوە بڕیارەکەمان بینیوە، بەڵام هیچ بڕیار و نووسراوێکی فەرمیمان پێنەگەیشتووە، کە باس لە دانانی باج لەسەر کارتەکانی مۆبایل و بەرزبوونەوەی نرخ بکات". بەرپرسێکی باڵا لە کۆڕەک تیلیکۆم، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخی کارت تاوەکو ئێستا وەکو خۆی وایە، ئەو بڕیارەی دراوە بە فەرمی بۆ ئێمە نەنێردراوە". ئەو بەرپرسەی کۆڕەک تیلیکۆم گوتیشی: "ئەو بڕیارە لە کاتێکدا دراوە، کە حکومەتی عێراق حکومەتێکی کاربەڕێکەرە، هەرکات بە فەرمی بگاتە دەستمان قسەی خۆمان دەبێت". تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئەنجامنامەی کۆبوونەوەی 16-12-2025دا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە فەرمی ئاماژەی بە گەڕاندنەوەی 20%ـی باجی سەر کارتەکانی مۆبایل و ئینتەرنێت نەکردووە.

ڕێبەر ئاپۆ پەیامێکی بۆ یەکەمین کۆنگرەی ئاسایی فیدراسیۆنی لێکۆڵینەوەی ئیسلامیی میزۆپۆتامیا نارد و گوتی: "ئیسلامی دیموکراتیک گەڕانەوەیە بۆ ڕۆحی پەیمانی مەدینە کە پەیمانی پێکەوەژیانی باوەڕ و گەلان و کەلتوورە جیاوازەکانە ". فیدراسیۆنی لێکۆڵینەوەی ئیسلامیی میزۆپۆتامیا بە درووشمی "لە ئیسلامی دیموکراتیکەوە بەرەو ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" یەکەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی دەبەستێت. ڕێبەر ئاپۆ پەیامێکی بۆ کۆنگرەکە نارد و ڕایگەیاند کە جەوهەری ئیسلام، ئازادی و دادپەروەری و یەکسانییە. پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ بەم جۆرەیە: "بۆ کۆنگرەی فیدراسیۆنی لێکۆڵینەوەی ئیسلامیی میزۆپۆتامیا ئیسلام لە جەوهەردا ئایینی ئازادی و دادپەروەری و یەکسانییە. بەڵام ئیسلامی فەرمیی دەوڵەت یان بونیادە دەستە و فیرقەییەکان کە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری وەک ئامرازی دەسەڵات و تاڵانکاریی بەکاریاندەهێنێت، ئەم جەوهەرەیان لەدەستداوە. ئیسلامی دیموکراتیک، گەڕانەوەیە بۆ ڕۆحی پەیمانی مەدینە. ئەو پەیمانە، پەیمانی پێکەوەژیانی باوەڕ و گەلان و کەلتوورە جیاوازەکانە، بە ئیرادەی خۆیان و دوور لە زۆرەملێ. پێویستە بزانرێت، جیهادی ڕاستەقینە، تێکۆشان و خۆڕەخنەکردنی بەردەوامە دژی نەفس و ستەم. چەمکی شوورا لە ئیسلامدا هاومانایە لەگەڵ عەقڵی کۆڵەکتیڤ و بڕیاردانی دیموکراتیک. با ئیسلام بخەینە خزمەتی ژیانی ئازادی کۆمەڵگەیەکەوە کە لەژێرەوە ڕێکخراوە، لەبری ئەوەی بکرێت بە ئامرازی سیاسیی بە دەستی دەوڵەت و گرووپە جیاوازەکانەوە. ئیسلامی دیموکراتیک، شارستانییەتێکی ئەڵتەرناتیڤە کە ئازادیی ژن و هاوسەنگیی ئیکۆلۆژیی و خوشک-برایەتیی گەلان بەبنەما دەگرێت. تەنها ئەم شرۆڤە دیموکراتیکە دەرمانی برینەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. بەهیوام گفتوگۆکانتان سوودی هەبێت بۆ پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە ئێمە دەستمان پێ کردووە. لەگەڵ خۆشەویستی و سڵاوی بێ‌پایان... عەبدوڵا ئۆجالان ئیمراڵی".

باسی پرسی مووچە و بودجە کراوە؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی  دوو رۆژە شاندێکی پارتی لە بەغدایە و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان چەندین کۆبوونەوەی ئەنجامدا بەمەبەستی رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق و پشنیازکردنی داواکانی کورد لە کابینەی داهاتوو، بەتایبەتی زامنکردنی مووچە و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان. سەرۆک بارزانی هەفتەی رابردوو لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی ئەو شاندەی راسپارد بچنە بەغدا بەمەبەستی چەسپاندنی شایستە دەستوورییەکانی کورد  لە حکومەتی داهاتوو کە پێکهاتووە لە فازڵ میرانی، نەوزاد هادی، ئومێد سەباح و فارس عیسا. بەگوتەی وەفا محەمەد، ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان، کە بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاندووە، پارتی پێنج داواکاری هەیە بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق، یەکەم: دەركردنی یاسای نەوت و گاز. دووەم: جێبەجێكردنی مادەی 140. سێیەم: گەرەنتیكردنی بەشی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی و هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان. چوارەم: چارەسەركردنی دۆسیەی دابەشكردنی كورسییەكان. پێنجەم: دابینکردنی شایستە دەستوورییەكان. شاندەکە دوێنێ سێشەممە سەردانی بەغدایان کرد و یەکەم سەردانیان بۆ لای لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، بوو کە باسیان لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کرد. دواتر شاندەکە سەردانی نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسای کرد لە ناوچەی سەوزی بەغدا. پاشان شاندەکە سەردانی موسەنا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانی عەزمی کرد و لەبارەی پێکهینانی حکومەتی داهاتووی عێراق گفتوگۆکرا، هەر لە پێش نیوەڕۆی هەمان رۆژ شاندەکە لەگەڵ عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی  کۆبوونەوە. دوانیوەڕۆی هەمان رۆژیش، سەردانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و سەرۆکوەزیرانی عێراقیان کرد. لە کۆبوونەوەکەدا باسی شایستە داراییەکانی هەرێم، یەکخستنی نێو ماڵی عێراق و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرا. کۆتا کۆبوونەوەی دوێنێشیان لەگەڵ خەمیس خەنجەر، سیاسەتمەدار و کەسایەتی دیاری سوننەکان بوو  کە لەسەر هەمان پرس گفتوگۆکرا. بەیانی ئەمڕۆش شاندەکە لەگەڵ هادی عامری، سەرۆکی رێکخراوی بەدر کۆبوونەوە و باسی یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق کرا، کە بڕیارە لە 29ـی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت. دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکەش هادی عامری بە میدیاکارانی راگەیاند، لەگەڵ پارتی لەسەر زوو پێکهێنانی حکومەت هاوڕابووین کە نابێت زیاتر دوابخرێت، تەنها لەگەڵ برادەرانی پارتی باسی پێکهێنانی حکومەت نەکرا بەڵكو باسی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم بەغداد کرا، جەختمان کردەوە لەوەی بە رێگەی گفتوگۆ چارەسەری کێشەکان بکرێت.

 کەشناسی هەرێم: لە رۆژی شەممە ٢٧ـی ١٢، تا سێ رۆژ هەرێم دەکەوێتە ژێر کاریگەری شەپۆلێکی بەفر و باران و زۆرترین ماوەی دابارین رۆژی دووشەممە دەبێت. ئەمڕۆ چوارشەممە 24ـی 12ـی 2025، بەڕێوبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، رۆژی شەممە ناوچەکە دەکەوێتە ژێر کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست و بارستە هەوایەکی سارد روو لە ناوچەکە دەکات و سەرەتای شەپۆلەکە بە بەفربارین و نمە باران لە ناوچە سنووریەکان و ناوچە شاخاوییە بەرزەکان دەستپێدەکات و پاشان کاریگەرییەکەی درێژدەبێتەوە بۆ ناوچە جیاجیاکانی تر. هەر لە بڵاوکراوەکەیدا ئاماژەی بەوەشکرد، ئاستی بارانبارین مامناوەند دەبێت  و زۆرترین ماوەی دابارین دەکەوێتە رۆژی دووشەممە و رۆژی سێشەممە لەگەڵ نزمبوونەوەی زیاتری پلەکانی گەرما، ئەگەری بەفربارین هەیە بە تێکەڵی لەگەل نمەباران لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی و دهۆک. وتیشی، رۆژی یەکشەممە و دووشەممە خێرایی با زیاد دەکات و هەندێک کات دەگاتە سەرووی ٤٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە و لو ناوچە شاخاوییەکان پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفر دادەبەزێت. دوانیوەڕۆی رۆژی سێشەممە کاریگەری ئەم شەپۆلە کۆتایی دێت.

دوو رۆژە شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکان لە بەغدایە. ئەندامێکی شاندەکە دەڵێت، بەپێی شایستەی هەڵبژاردن، پۆستی سەرۆککۆماری عێراق مافی پارتییە. ئەمڕۆ چوارشەممە 24-12-2025، فارس عیسا، ئەندامی شاندەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''دوو رۆژە زنجیرەیەک دیدارمان لەگەڵ سەرجەم برادەرانی شیعە، سوننە، بەڕێزان سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران و هەروەها کەسایەتییەکانی دیاری گۆڕەپانی سیاسی کردووە.''   شاندی پارتی لە بەغدا لە درێژەی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق، سەردانی حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسری، لە دوای کۆبوونەکە، سەرۆکی نۆینەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا گوتی: دەبێت حکوومەتی داهاتووی عێراق، حکوومەتی هەمووان بێت و جیاوازیی لە نێوان پێکهاتەکاندا نەکات.  چوارشەممە، 24ی کانوونی یەکەمی 2025، حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر، پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: بۆ پێکهێنانی حکوومەت و هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران، کێشەمان نییە، بەڵکوو ئەوە پرۆسەیەکی سیاسییە و دەبێ بەگوێرەی وادە دەستوورییەکان جێبەجێ بکرێت و هەمووان پابەندی بنەماکانی دەستوور بین.  عەبادی، گوتیشی: هەفتەی داهاتوو پەرلەمان کۆ دەبێتەوە و هیوادارین سەرۆک و دوو جێگرەکەی هەڵبژێردرێن. پاشان سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت. دوای ئەوە کوتلە براوەکانی هەڵبژاردن کاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی وەزیران پێشکەش بە پەرلەمان بکەن. چونکە لەم هەڵبژاردنەدا، هیچ کوتلەیەک زۆرینەی یەکلاکەرەوەی بۆ پێکهێانی حکوومەت وەدەست نەهێناوە. لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ئایا عەبادی، بەرچاوترین کاندیدە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق؟ سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر، گوتی: من کاندیم، بەڵام ناتوانم بڵێم بەرچاوترینم.  ئامادەم بۆ وەئەستۆ گرتنی ئەو ئەرکە، چونکە لە ماوەی سەرۆک وەزیرانیی پێشوومدا بەرەنگاری دۆخی خراپتر لە ئێستا بوومەوە. وەک شەڕی داعش و هەرزانبوونی نرخی نەوت. عەبادی گوتیشی: بێگومان وڵاتان کاریگەرییان لەسەر چۆنییەتی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق هەیە. چونکە جیهان بچووک بووەتەوە و بەرژەوەندییەکان زۆر تێکەڵ بوونە، بەڵام ئەوەی گرنگە هەموومان لە پێناو بەرژەوەندیی گەلی عێراق کار بکەین. فارس عیسا، سەرۆکی نۆینەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و ئەندامی شاندی پارتیش گوتی: ئێمەش هاوڕای بۆچوونەکانی حەیدەر عەبادین. دەبێت هەموو لایەک پابەندی دەستوور بن. ئێمە ڕا و بۆچوونی خۆمان بە ڕاشکاوی گەیاندە عەبادی. گوتیشی: حکوومەتی نوێی عێراق، دەبێت حکوومەتی هەمووان بێت و جیاوازیی لە نێوان پێکهاتەکاندا نەکات. ئێمە عێراقێکی سەقامگیرمان دەوێت، عێراقێک کە ڕێز لە مافی سەرجەم عێراقییەکان بگرێت.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان "بە گەرمی و لە دڵەوە" پیرۆزبایی "جەژنی" لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح لە کریستیانەکان دەکات و دەڵێت، "پێکهاتەیەکی رەسەن و بەشێکی دانەبڕاوی مێژوو و ئێستا و داهاتووی كوردستانن". نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەم بۆنەیە لە تەواوی کریستیانەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و جیهان پیرۆز دەکات و دەڵێت، "هیوادارم ئەم جەژنە بە خۆشی و شادی و لە کەشێکی ئارامدا بکەنەوە". سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "خوشک و برایانی مەسیحی پێکهاتەیەکی رەسەن و بەشێکی دانەبڕاوی مێژوو و ئێستا و داهاتووی كوردستانن. لەم رۆژە پیرۆزەدا، جارێکی دیکە پابەندیی هەرێمی کوردستان دووپات دەکەینەوە بە پاراستنی کولتووری دێرینی پێکەوەژیان، لێبووردەیی و یەکترقبووڵکردن. دڵنیاتان دەکەینەوە هه‌رێمى کوردستان وەک هەمیشە بە لانەی ئارام و چەتری کۆکەرەوەی هەموو پێکهاتەکان دەمێنێتەوە". دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان: جەژنى لەدایکبوونی حەزرەتی عیسای مەسیح (سڵاوی خوای لێ بێت)، به‌ گه‌رمى و له‌ دڵه‌وه‌ لە هاووڵاتييانى مەسیحيمان لە هەرێمی کوردستان و عێراق، هه‌روه‌ها له‌ ته‌واوى مه‌سيحييان له‌ جیهان، پيرۆز دەکەم. هیوادارم ئەم جەژنە بە خۆشی و شادی و لە کەشێکی ئارامدا بکەنەوە. خوشک و برایانی مەسیحی پێکهاتەیەکی ڕەسەن و بەشێکی دانەبڕاوی مێژوو و ئێستا و داهاتووی كوردستانن. لەم ڕۆژە پیرۆزەدا، جارێکی دیکە پابەندیی هەرێمی کوردستان دووپات دەکەینەوە بە پاراستنی کولتووری دێرینی پێکەوەژیان، لێبووردەیی و یەکترقبووڵکردن. دڵنیاتان دەکەینەوە کە هه‌رێمى کوردستان وەک هەمیشە بە لانەی ئارام و چەتری کۆکەرەوەی هەموو پێکهاتەکان دەمێنێتەوە. ئێمە هەموومان لەم نیشتمانەدا هاوبەش و هاوچاره‌نووسین؛ پێکەوە لە ڕۆژە سەختەکاندا قوربانیمان داوە و پێکەوەش بە تەبایی و یەکڕیزی کار بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی گەشتر و سەقامگیرتر بۆ نەوەکانمان دەکەین. با پەیامی ئەم جەژنە، پەیامی ئاشتی و خۆشەویستی و قووڵکردنەوەی برایەتی بێت لەنێوان هەمووماندا. كريسمس لە هەموو لایەک پیرۆز بێت، هەموو ساڵێک بە خۆشی و کامەرانی. نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان 2025/12/24