رۆژنامەیەکی ئەمریکی زانیاریی نوێ لە ژەهراویکردنی کچانی خوێندکار لە ئێران بڵاو دەکاتەوە و ناوەندێک ئاشکرای دەکات زۆرترین ژەهراویبون لە رۆژهەڵاتی کوردستان بوە. ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوی کردوەتەوە؛ ژەهراویبون لە 90 خوێندنگە لە پارێزگاکانی سنە و کرماشان و ورمێ رویداوە کە تەنها چوار خوێندنگەیان تایبەت بە کوڕان بون. هەنگاو ئاماژەی بەوە کردوە؛ 160 خوێندنگە لە ئێران و رۆژهەڵات روبەڕوی هێرشی کیمیایی بونەتەوە کە 56%ی ئەو خوێندگانە لەو سێ پارێزگایەی رۆژهەڵاتی کوردستان بون. لە لایەکی دیکەوە رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)ی ئەمریکی لە زاری چەند پزیشکێک لە ئێران ئاشکرای کردوە؛ هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی داوایان لە پزیشکان و بەرێوبەرانی خوێندگەکان کردوە کە لە لێدوانەکانیاندا بۆ میدیا بڵێن: هۆکاری رەوانەکردنی کچانی خوێندکار بۆ نەخۆشخانەکان دڵەڕاوکێ و ترس بوە نەوەک هێرشی کیمیایی یان ژەهراویبون بە ماددە کیمیاییەکان. واشنتۆن پۆست پەیوەندیی گرتوە بە ژمارەیەک مامۆستا و خوێندکار لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و دەرکەوتوە دوای ژەهراویبونی خوێندکاران تۆماری کامێراکانی چاودێریی ئەو خوێندنگەیانەی ژەهراویبون تێیدا رویداوە دەستی بەسەردا گیراوە. هاوکات رێکخراوی تەندروستی جیهانی بە رۆژنامەکەی راگەیاندوە؛ تیمێکی پسپۆڕ و شارەزای بۆ هاوکاریی تەندروستیی ئێران ئامادە کردوە و ئەگەر پێویست بکات ئەو تیمە لە نزیکەوە بەدواداچون بۆ ژەهراویبونی کچانی خوێندکار دەکات.      

هاوڵاتی ٢٥ی ئەم مانگە جارێکی دیکە، سوریا، تورکیا، ئێران و روسیا لەمۆسکۆ لەبارەی قەیرانی ١٢ ساڵەی سوریا کۆبوونەوە. کۆبونەوەکەی ئەم جارە لەسەر ئاستی بەرپرسە سەربازی و ئەمنیەکانی ئەو چوار وڵاتە ئەنجامدرا. خولوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا بەر لەکۆبوونەوەکە رایگەیاندبوو کەپرسێکی گرنگی کۆبوونەوەکەیان پرسی خۆبەڕێوەبەری باکورو رۆژهەڵاتی سوریاو هێزە چەکدارەکەی (هەسەدە)یە کەئەو وەک پرسی (تیرۆر) ناوی هێناوە. تورکیا لەکۆتایی ساڵی رابردوو، دەستی بەپرۆسەیەک کرد بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ رژێمی سوریاو روسیاش وەک نێوەندگیر رۆڵ دەگێڕێت، هەرچەندە تاوەکو ئێستا رژێمی سوریا رازی نەبووە، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەنقەرە ئاسایی بکاتەوەو مەرجی ئەوەی هەیە کەپێویستە تورکیا هێزەکانی لەنێو خاکی سوریا بکێشێتەوە، بەڵام تورکیا لەم هەوڵانەی بەردەوامەو ئامانجی سەرەکیشی ئەوەیە کە بەرەیەکی ناوچەیی لەدژی پێگەی کورد لەسوریا دروستبکات. هەوڵەکانی تورکیا بۆ دژایەتیکردنی پێگەی کورد لەڕۆژئاوای کوردستان لەکاتێکدایە کە خۆبەڕێوەبەری باکورو رۆژهەڵاتی سوریا، بەیاننامەیەکی چارەسەری بۆ قەیرانی سوریا راگەیاندو داوای لە رژێمی سوریا کرد، دەرگاکانی دیالۆگ و گفتوگۆ بۆ چارەسەری کێشەکان بکاتەوە. خۆبەڕێوەبەڕێتیەکە لەبەیاننامەیەکەیدا دەڵێت،» ئێمە لەچوارچێوەی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیدا، بۆ چارەسەری کێشەکانی سوریا لەچوارچێوەی دیموکراسی و ئاشتیدا ئەم دەستپێشخەرییە رادەگەیەنین کە ئێش و ئازاری ملیۆنان هاووڵاتیمان کۆتایی پێبهێنین». لەبەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە، « بەگوێرەی بەرپرسیاری خۆمان لەبەرامبەر گەلانی سوریا، هەوڵدەدەین هەنگاوی پێویست بۆ چارەسەری ئاڵۆزی و مسۆگەرکردنی ئاشتی و ئارامی بنێین، بەهۆی ئەوەی کۆبوونەوەو دەستپێشخەریەکانی هەرێمی و نێودەوڵەتی وەک جنێف و ئاستانە هیچ ئەنجامێکیان نەبووەو هۆکارەکەشی ئەمانەیە: یەکەم/ نەبوونی شیکاری راست بۆ ئاڵۆزی سوریا. دووەم/ نەبوونی بەرنامەی چارەسەری ئاشتیانەو دیموکراتی. سێیەم/ نەبوونی رۆڵێکی باشی هێزە چالاکەکانی سوریا لەدیالۆگ و گوفتوگۆدا بۆ چارەسەری. خۆبەڕێوەبەری باکورو رۆژهەڵاتی سوریا، هەروەها ئاماژەی بەوەکردووە کەسوریا وڵاتی هەموو پێکهاتەکانەو بەو هۆیەوە چارەسەری کێشەکان بەبەشداری هەموو پێکهاتەکان هۆکاری سەرەکی هەنگاوی چارەسەریەو بۆیە پێویستە، یەکێتی سوریا بپارێزرێت و نابێت لەدەرەوە هەوڵی چارەسەری کێشەکانی سوریا بدرێت. پێویستە مافی پێکهاتەکانی وەک کورد، عەرەب، سوریانی و ئاشوری بپارێزرێت. لەڕێگەی ئەزموونی باکورو رۆژهەڵاتی سوریا، ئاشکرا بووە کەهەموو پێکهاتەکان دەتوانن لەئاشتی و ئارامیدا پێکەوە بژین. دەبێت سەرچاوە سروشتیەکانی وەک (گازی سروشتی و نەوت) بۆ هەموو گەلانی سوریا بێت. دەستوەردانی تورکیا بەتایبەتی قەیرانەکانی سوریای قوڵتر کردووەتەوەو پێویستە رێگری لەدەستوەردانەکانی دەرەکی و بەتایبەتی لەدەستوەردانەکانی تورکیا بکرێت. لەکۆتایی دەستپێشخەریەکەدا خۆبەڕێوەبەری باکورو رۆژهەڵاتی سوریا بانگەوازی لەڕژێمی سوریا دەکات و دەڵێت، « بۆ چارەسەری کێشەی سوریا بەرپرسیارێتیەکی گەورەمان لەسەرشانە. باش دەزانین کە بەدەیان هەزار هاووڵاتیمان گیانیان لەدەستداوەو بەملیۆنان هاووڵاتیمان ئاوارەو دەربەدەر بوون. بۆیەش داوا لەڕژێمی سوریا و هەموو لایەنە دیموکراتەکان دەکەین کە وەڵامی دەستپێشخەریەکەمان بدەنەوە و پێکەوە هەوڵ بۆ سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەمان بدەینەوە». ٣٢ پارتی سیاسی سوریا پشتگیریان لەدەستپێشخەریەکە کرد لەڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا، ٣٢ پارتی سیاسی سوریا پشتگیری خۆیان بۆ دەستپێشخەریەکەی خۆبەڕێوەبەری باکورو رۆژهەڵاتی سوریا پیشانداو رایانگەیاند، ئێمە وەک پارتە سیاسیەکانی سوریا بۆ چارەسەری قەیرانی سوریا بڕوامان بەدیالۆگ هەیە. ئێمە بانگەوازی برایەتی و ژیانی هاوبەش و چارەسەری سیاسی دەکەین. پارتە سیاسییەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، «ئێمە هیچ کاتێک هەوڵی دابەشکردنی سوریامان نەداوە، بەڵام دوژمنانمان بەبەردەوامی ئەم بانگەشەیە دەکەن. پرۆژەکەمان، سوریایەکی دیموکرات، رەنگاوڕەنگ و لامەرکەزیە. بۆیە پشتگیری لەدەستپێشخەریەکەی خۆبەڕێوەبەری باکورو رۆژهەڵاتی سوریا دەکەین». تاوەکو ئێستا، رژێمی سوریا کە لەلایەکی دیکەوە، سەرقاڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەو بەتایبەتی وڵاتانی عەرەبییە لەچوارچێوەی کۆمکاری عەرەبیدا، وەڵامی دەستپێشخەریەکەی نەداوەتەوە. چەند رۆژ لەمەوبەریش، ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات، باسی ئەوەی کرد کەتورکیا هەوڵدەدات، لەگەڵ گروپە چەکدارەکانی لایەنگری خۆی و سوپای سوریا، هێزێکی هاوبەش پێکبهێنێت و لەدژی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) بەکاریبهێنێت. بەم شێوەیە، گروپە چەکدارە جیهادیەکان کە بەفەرمانی تورکیا دەجووڵێنەوەو رژێمی سوریا، دوای ١٢ ساڵ لەکوشتن، ئازادو جەنگ هیچ پرۆژەیەکی چارەسەریان لەڕێگەی دیالۆگەوە پێ نییەو ئەوەی دەمێنێتەوە، بانگەوازی کوردە کەدەبێتە فریادڕەسی قەیرانە ئاڵۆزەکەی ئەو وڵاتە.

هاوڵاتی لە ناوچەی قلەبانی شڕنەخی باکوری کوردستان، دەست بەسەر چەکی ٥ جاشدا گیرا کە لایکیان بۆ وێنەی دەمیرتاش کردبوو. ئاژانسی میزۆپۆتامیا رایگەیاند، لە گوندەکانی بێژوهـ، مەرگەهـ و ئەلەمونی سەر بە ناوچەی قلەبانی پارێزگای شڕنەخی باکوری کوردستان، دەست بەسەر چەکی پێنج جاشدا گیراوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا، لایکیان بۆ وێنەی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی کوردستان (هەدەپە) کردووە. بەگوێرەی زانیاریەکانی ئاژانسەکە، فەرماندەیی سوپای تورکیا لە قلەبان، پێنج جاشەکەی بانگهێشت کردووە و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کردووە و دواتر دەستبەسەر کراون. ئاژانسی میزۆپۆتامیا لە زاری دانیشتووانی سێ گوندەکە رایگەیاندووە، فەرماندەی قەرەقولەکە هەڕەشەی لە ٥ جاشەکە کردووە و پێیانی وتووە، نابێت لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگ بە جەهەپە و هەدەپە بدەن و فشارێکی زۆر لەسەر گوندنشینانی ناوچەکە دەستی پێکردووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا لە دەرەوەی وڵات دەستی پێکرد و تاوەکو ٩ی ئایار بەردەوام دەبێت. ١٤ی ئایاریش هەڵبژاردنی گشتی بەڕێوە دەچێت و بانگەشەیەکی توند لەنیو تورکیادا بۆ هەڵبژاردنەکان دەستی پێکردووە. پارتی چەپی سەوز کە هەدەپە لە رێگەیەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا کردووە، لە ٦٤ پارێزگای تورکیا و باکوری کوردستان دەستی بە کۆبونەوەی جەماوەری کردووە و کادرەکانی گوند بە گوند و شار بە شار دەگەڕێن.

سەركۆ جەمال هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان زیاتر لەمانگێكە راگیراوە سەرەڕای ئەوەی رێككەوتن لەنێوان هەرێم و عێراق هەیە، دوو پەرلەمانتاری كورد دڵنیایی دەدەن لەجێبەجێكردنی رێككەوتنەكە. بەپێی رێككەوتنی هەرێم و عێراق هەرێمی كوردستان پێویستە رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لەڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆی نیشتمانی عێراق بفرۆشێت و بڕیارە داهاتەكەی بخرێتەسەر هەژمارێكی بانكی و سەرۆك وەزیرانی هەرێم مافی ئەوەی هەیە پارەی لێ دەربكات بەچاودێری سەرۆك وەزیرانی عێراق. بەپێی پڕۆژە بودجەی 2023 و 2024 و 2025 پشكی هەرێم 12.67% و هەرێم و عێراق پابەندكراون كە جێبەجێی بكەن. هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەگشتی خۆشحاڵن بەڕێككەوتنی نێوان عێراق و هەرێم كەدۆخی ئابووری هەرێمی كوردستان باش دەبێت و دۆسیەی نەوت بەشەفافانە داهاتەكەی دەگاتەوە هەرێمی كوردستان.  ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت هەرێمی كوردستان مافی خۆیەتی داوای شایستە داراییەكانی لەعێراق بكات بۆ دابینكردنی مووچەو پێداویستیە داراییەكانی. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئەم دۆخەی هاتووەتە ئاراوە لەسەر داخوازی و سكاڵای دەوڵەتی عێراقی بووە واتە راگرتنی نەوتی هەرێم لەسەر ئەنجامی ئەو سكاڵایە بووە كەدەوڵەتی عێراق جوڵاندوویەتی ئەو بڕیارە دەرچووە، لەبەر ئەوە هەرێم مافی خۆیەتی داوای قەرەبوو بكاتەوە بۆ ئەو بڕە پارەیەی لەفرۆشتنی نەوت دەستیكەوتووە لەپێشتردا». هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد دواجار مووچەی هاووڵاتیان و فەرمانبەرانە ناكرێت چاوەڕێ بن تا ئەوكاتەو مووچە نەدرێت تا نەوت هەناردە دەكرێتەوە. لە 25ـی ئاداری رابردووەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەلایەن توركیاوە راگیراوە ئەمەش بەهۆی بڕیارێكی دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لەپاریس، دادگاكە لەسەر سكاڵای عێراق لەدژی توركیا بۆ هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، بڕیاری لەبەرژەوەندیی عێراقداو لەسەر بنچینەی ئەو بڕیارەش هەناردەكردنی نەوتی كوردستان راگیراوە. ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق رەتیدەكاتەوە رێككەوتنی هەرێم و بەغدا هیچ كێشەیەكی بۆ دروست بووبێت و بەڕێككەوتنێكی بەهێزیش ناوی دەبات شوان محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» هیچ ئاماژەیەكی شكستی رێكەوتنی هەولێرو بەغداد لەئارادا نییە، بەپێچەوانەوە متمانەی باش لەنێوان هەردوولادا هەیەو تائێستاش محەمەد شیاع سودانی راستگۆیە لەگەڵ بەڵێنەكانی و كاری جددی بۆ جێبەجێكردنی كارنامەی كابینەكەی دەكات». «رێكەوتنی ئەمجارەی نێوان هەولێر - بەغداد رێكەوتنێكی پتەوو بەهێزە لەبەرژەوەندی هەردوولادایەو دەبێتە فاكتەری دەستەبەربوونی ئارامی دارایی لەعێراقدا بۆ ئێمەی كوردیش دەسكەوتێكی گرنگەو بەم نزیكانە هەناردەی نەوت دەستپێدەكاتەوە». شوان محەمەد وادەڵێت. هاوكات بەوتەی سەرچاوەیەك لەوەفدی دانوستانكاری هەرێم بۆ بەغدا تائێستا رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا هیچ كێشەیەكی بۆ دروست نەبووەو لەپرۆژەیاسای بودجەشدا جێگیركراوە. ئاژانسی رۆیتەرز لەڕاپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەكردووە چەند ئاماژەیەك هەیە بۆ ئەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دەستپێبكاتەوە، رۆیتەرز ئەوەشی خستووەتەڕوو توركیا دەیەوێت تادوای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كەبڕیارە لە 14ـی ئایاری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان دوابخات. زیانەكانی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم *385 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە *11,550,000 بەرمیل لەمانێگدا *تێكڕای نرخی نەوت 77 دۆلار بووە *بەرمیلێك بە 10,5 دۆلار كەمتر فرۆشتووە *بۆ هەر بەرمیلێك 66.5 بۆ ماوەتەوە *داهاتی 768 ملیۆن دۆلار دەكات *یەك ترلیۆن و 75 ملیار دیناری عێراقی دەكات دابینكردنی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێم *حكومەتی عێراق 400 ملیار دینار رەوانە دەكات *300 ملیار دینار لەداهاتی ناوخۆ * 900 ملیار دینار بۆ مووچە *یەك ملیۆن و 251 هەزارو 350 مووچەخۆر *170 ملیار دینار لەپارەی فرۆشراوی نەوت ماوەتەوە *كورتهێنان بەقەرزی ناوخۆیی پڕدەكرێتەوە تا پەسەندكردنی بودجە

هاوڵاتی سەرۆکی لێژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەڵێ "زۆر نیگەرانە لەوەی بەغدا هێشتا رێگە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان نادات"... داواش دەکات کێشەکە چارەسەر بکرێت. مایکڵ مەککۆڵ سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، کە سەر بە پارتی کۆمارییەکانە، لە پێگەی رەسمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە، نیگەرانە لەوەی ھێشتا بەغداد رێگە بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان نادات، داواشی کرد ئیدارەکەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا فشار لەسەر حکومەتی عێراق دروست بکات چونکە دەستپێنەکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم مەترسییە بۆ سەر سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە.  ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە رۆژی ٢٥ی ئادار راگیرا، ئەوەش دوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس کە دۆسێیەکی لە بەرژەوەندی عێراق یەکلایی کردەوە، دوای چەند رۆژێک لە راگرتنی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم، رۆژی ٥ی ئەم مانگە ھەرێم و بەغداد رێککەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم لە رێگەی سۆمۆوە بەڵام دوای زیاتر لە مانگێک ھێشتا ھەناردەی نەوتی ھەرێم دەستیپێنەکردووەتەوە. هاوکات لەم بارەیەوە، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕۆژی دووشەممە لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە  بڵاویکردەوە، کە هەریەک حکومەتی هەرێمی کوردستان و سۆمۆ  دەیانەوێت هەناردەکردنی نەوتی هەریم لە سەرەتای مانگی پێنج دەستپێبکاتەوە و تورکیا دەیەوێت تاوەکو دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کە بڕیارە لە 14ـی ئایاری ئەمساڵ لە تورکیا بەڕێوەبچێت، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دوابخات.  ئەو ئاژانسە دەشڵێت ،تورکیا  دەیەوێت پێش ئەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، هەموو ئەو کەیسانەی تایبەت بە نەوتی هەرێمی کوردستانن، کە تائێستا لە دادگەی نێوبژیوانی نێودەوڵەتی یەکلایی نەبوونەتەوە، یەکلایی بکاتەوە بەتایبەت هەوڵدەدات گفتوگۆی تایبەت لەگەڵ بەغدا بکات سەبارەت بەو 1.5 ملیار دۆلارەی کە فەرمانی پێکراوە بیدات بە عێراق لە دۆسییەی دادگاییکردنەکەدا.  

هاوڵاتی دەنگدانی دەرەوەی وڵات بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا ئەمڕۆ دەستی پێکرد. بەگوێرەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، هەڵبژاردنی دەرەوەی وڵات کە لە کونسوڵخانەکانی تورکیا لە وڵاتان و فڕۆکەخانەکان بەڕێوە دەچێت، ئەمڕۆ ٢٧ی نیسان دەستی پێکردووە و تاوەکو ٩ی ئایار بەردەوام دەبێت. سێ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار هاوڵاتی تورکیا لە ماوەی ١٢ رۆژدا مافی دەنگدانیان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیادا هەیە. هەڵبژاردنی دەرەوەی وڵات لە ٧٤ وڵاتی جیهان بەڕێوە دەچێت و ١٧٧ بنکە کراونەتەوە و رۆژانە هاوڵاتیان دەتوانن لە کاتژمیر ٨ی بەیانیەوە تاوەکو ٦ی ئێوارە دەنگ بدەن. بە گشتی ٦٤ ملیۆن و ١٩١ هەزار و ٢٨٥ هاوڵاتی تورکیا مافی دەنگدانیان هەیە. هەروەها بە گشتی نزیکەی پێنج ملیۆن هاوڵاتی تورکیا بۆ یەکەمجار دەنگ دەدەن. کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئامادەکاری هەڵبژاردنەکانی کردووە و ١٩٥ هەزار و ٧٠٥ سندوقی دەنگدانی لە ناوەندەکانی دەنگدان ئامادە کردووە.

دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگرێسی ئەمریکا گەڵالەکردنی یاسای ژینا ئەمینی پەسند دەکات و دەبێت سەرۆکی ئەمریکا پابەندی ئەو یاسایە بێت بۆ سزادانی زیاتری ئێران. ئەمڕۆ چوارشەممە دەستەی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا (کۆنگرێس) بە کۆی دەنگی نوێنەرانی دیموکراتەکان و کۆمارییەکان گەڵالەی یاسایەکی بە ناوی مەهسا(ژینا ئەمینی) پەسند کرد و دواتر لە ئەنجومەنی نوێنەران دەخرێتەوە دەنگدانی گشتییەوە. دارێڵ ئیسا، نوێنەری کۆمارییەکان لە کۆنگرێس کە سەرپەرشتیی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی ئەو دەستەیەی کرد رایگەیاند؛ ئەمریکا دەبێت سود لە هەمو تواناکانی خۆی وەرگرێت بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ناچار بکات دەستبەرداری ئازاردانی ستەمکارانەی هاوڵاتییانی ببێت. بە پێی یاساکە دەبێت سەرۆک کۆماری ئەمریکا دوای 90 رۆژ لە پەسندکردنی یاسای ژینا، ساڵانە دەستنیشانی بکات چ بەرپرس و دامەزراوەیەکی کۆماری ئیسلامی ئێران سزا بدرێن و ئەوانەشی کە سزادانیان لە لایەن سەرۆکی ئەمریکا رەت دەکرێتەوە دەبێت رونکردنەوەی لەسەر بدرێت. لە کاتی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا، بەرپرسانی ئەمریکا پڕۆسەی زیندوکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی 5+1-یان راگرت و رایانگەیاند؛ سەرنجی واشنتۆن لەسەر پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکان دەبێت و سزاکان دژی تاران توندتر دەبێتەوە.   

هاوڵاتی ئارام سایەخان و هاوژینەکە شەرمین عەلی کە هەردووکیان بەرپرسی پێشووی دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخانن، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ  لە ماڵی خۆیان دەستگیر کران. ئارام حەسەن سایەخان و شەرمین عەلی، هاوسەریی کە فەرمانبەرن لە بەڕێوبەرایەتی باجی خانوبەرەی گەرمیان، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە لە گەرمیان دەستگیركراون، تاوه‌كو ئێستاش ئازادنه‌كراون. حەسەن سایەخان، باوکی ئارام حەسەن رایگه‌یاند، کوڕەکەی و بوکەکەی لەلایەن هێزێکەوە دەستگیرکراون و پێیان وتون، "بابەتی رۆژنامەوانییە"، له‌نێو ماڵه‌كه‌ی خۆیاندا له‌ گه‌ڕه‌كی شه‌هیدانی كه‌لار ده‌ستگیركراون. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، هێزێک چونه‌ته‌ ماڵه‌كه‌یان كه‌ کڵاشینکۆفیان پێبوه‌ و ژور بە ژوری خانوه‌كه‌یان گەڕاون. ئارام حەسەن سایەخان تاوه‌كو مانگێک به‌ر له‌ ئێستا به‌رپرسیارێتی له‌ دەروازەی پەروێزخان هه‌بوه‌ و شەرمین عەلیش بەرپرسی راگەیاندنی دەروازەکە بوه‌، بەڵام فەرمانی وەزیری دارایی راژەکەیان لە دەروازەکەوە گوازرایەوە بۆ بەڕێوبەرایەتی باجی خانوبەرەی گەرمیان. هاوکات باوکی ئاران حەسەن لە لێدوانێکدا بۆ ڕادیۆی دەنگ ڕایگەیاندووە، بەدوریدەزانێت دەستگیرکردنەکەیان لەسەر کێشەی دەروازەی پەروێزخانبوبێت ،وەکخۆی دەڵێت"ئەمان نەقڵ بوونلە دەروازەی پەروێزخان". هاوکات تا ئێستا لایەنە ئەمنی و پەیوەندیدارەکان لەم بارەیەوە هیچ ڕونکردنەوەیەکیان نەداوە.  

سازدانی: هاوڵاتی ئەندامێكی كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كەجەكە ئاماژە بەوە دەدات ئەردۆغان و هاوكارەكانی لەم هەڵبژاردنەدا شكستدەهێنن و دەشڵێت:»(هەدەپە) هاوپەیمانی رەنج و ئازادیی دەتوانێت شكستی گەورە بەپارتی ئەكەپەو ئەردۆغان بهێنێت». هەدەپە بەهۆی ئەوەی ئەگەری داخستنی لەسەر بووە  لەڕێگەی پارتی چەپی سەوزەوە هاوپەیمانێتییەكی بەناوی( رەنج و ئازادی) بۆ بەشداری لەهەڵبژاردنەكاندا پێكهێناوە، بۆیە بەدەستهێنانی كورسیەكی زۆر بۆ كورد بەگرنگ دادەنرێت. رۆنی سەردەم، ئەندامی كۆمیتەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی كەجەكە لەم چاوپێكەوتنەیدا  لەگەڵ هاوڵاتی دەڵێت:» ئەردۆغان هەم پۆستی سەرۆكایەتی و هەم زۆرینەی كورسی پەرلەمان لەدەستدەدات». هەروەها دەشڵێت:» بۆ كوردو هێزە دیموكراتەكان، هەڵبژاردنی پەرلەمانی لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتی گرنگترە،  كە بەپێی زانیاریەكانمان لەپەرلەماندا هاوپەیمانی گەل و هاوپەیمانی كۆمار ناتوانن زۆرینەی كورسیەكان بەدەستبهێنن».   هاوڵاتی: هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان و سەرۆكایەتی توركیا نزیك دەبنەوە، ئایا پێتانوایە لەم هەڵبژاردنەدا پارتەكەی ئەردۆغان لەبەرامبەر شەش لایەنی ئۆپۆزسیۆن شكستدەهێنێت؟ رۆنی سەردەم: كۆماری توركیا لەمساڵەوە دەكەوێتە دووەمین سەدەی دامەزراندنیەوە، دەوڵەت سەدەیەكی تێپەڕاند. ئەردۆغان لەدووەمین سەدەی كۆماردا دەیەوێت سیستم و رژێم لەتوركیا بگۆڕێت. بەو هۆیەوەشە لەچارەكی كۆتایی سەدەی رابردووی كۆماردا، هەنگاوی جددی ناوە. ئەردۆغان بەبەردەوامی بەشاراوەیی هەوڵی ئەجێنداكانی خۆیداوە لەسەدەی نوێدا، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا، بەئاشكرایی باسی لەئەجنداكەی كردووە. لەم قۆناغەدا لەگەڵ نەتەوەپەرستە توندڕەوەكان هاوپەیمانی دروستكرد. بەهاوكاری لایەنە ئایینیەكان و نەتەوەپەرستەكان دەستی بەبنیاتنانی رژێمەكەی لەسەدەی نوێدا كرد. ئەم دۆخەش نیگەرانی لەلای رژێمی پێشوو و ئەو كەسانە دروستكرد كەگومانیان لەئەردۆغان هەیە. بەتایبەتی كەمالیست و لایەنە سكۆلەرەكان لەبەرامبەر هەنگاوی ئیسلامییەكانی ئەردۆغان نیگەرانی خۆیان بەشێوەیەكی ئاشكرا دەربڕی. لەلایەكی دیكەوە هەندێك لایەنی موحافزكار (بنئاژۆخواز) و نەتەوەپەرستەكانیش لەبەرامبەر ئەم هەنگاوانەی ئەردۆغان كە سیاسەتێكی تاریكی بەڕێوە بردووە، نیگەرانییەكانیان دەربڕی. ئەو لایەنانە ماوەیەكی درێژ لەگەڵ ئەردۆغان سیاسەتیان دەكرد. شەش لایەنەكە بەو هۆیەوەو لەهەندێك لەو لایەنانە پێكهێنرا. بەواتایەكی دیكە ئەو لایەنانەش ئەكتەری سەرەكی دەسەڵاتن لەسەدەی نوێی كۆماردا. سەرەتا دەتوانین بڵێین كە ئەو لایەنانە لەو كەسانە پێكدێت كە لە ٨ ساڵی رابردوودا هاوبەشی سیاسەتی ئەردۆغان بوون. ئەگەر دۆخەكە بەم شێوەیە بێت، باشە ئێستا بۆچی لەدژی دەوەستنەوە؟ ئەمە گرنگترین پرسە كەپێویستە لێی تێبگەین. دەوڵەتی توركیا سەرەتا لەسەر رەتكردنەوەی سێ پێكهاتەو تووێژ دامەزرا. لایەنی یەكەم گەلی كوردە. دووەمیان تووێژی ئیسلامیە دەسەڵاتخوازەكان و سێیەمیش لایەنە چەپ و سۆسیالیستەكان بوو. لەسەدەی یەكەمدا ئەم سێ پێكهاتەو تووێژە بەبەردەوامی لەدژی رژێمی توركیا لەنێو شەڕو تێكۆشاندا بوون. رژێم لەكودەتای ١٢ی ئەیلولی ساڵی ١٩٨٠دا، هەوڵیدا ئیسلامیەكان تێكەڵ بەخۆی بكات. رژێم ئەم هەنگاوەی لەگەڵ ئەربەكان هەڵگرت و لەگەڵ ئەردۆغان گەیاندیە لوتكەو بگرە لەبەرامبەر لەناوبردنی كورد، رژێمی رادەستی ئیسلامیەكان كرد. لەلایەكی دیكەوە تووێژی چەپ و سۆسیالیستی ئیتر هەڕەشە نەبوو بۆ سەر رژێم و لەنیوەی دووەمی نەوەدەكاندا بێكاریگەر كرا، ئەمەش وەك درێژەپێدەری ئەو كودەتا شۆككەرە بەڕێوەبەرا، كە ١٢ی ئەیلوولی ١٩٨٠ ئەنجامدرا . دوای ئەوە تەنیا تێكۆشانی پەكەكە بەسەرۆكایەتی رێبەر ئاپۆ مایەوە كە رۆژ بەڕۆژ خەباتەكەی گەورەتر دەبێت. لێرەدا ئەردۆغان داوای پاڵپشتی تەواوی دەوڵەتی كردو رەزامەندی هەموو چین و تووێژە سیاسییەكانی توركی بەدەستهێناو بەڵێنیدا كۆتایی بەبەرخۆدانی كورد بهێنێت، كەدەوڵەت و رژێمەكەی سەرەڕای هەموو هەوڵەكانیان نەیانتوانی تێكۆشانی كورد لەناوببەن و پاشەكشێی پێبكەن. ئەو بانگەشەو بەڵێنانەی بۆ لەناوبردنی بەرخۆدانی كوردو قڕكردنی كورد وایكرد كەهەوڵی سوڵتانبوون بدات و رژێمێكی تاكەكەسی خۆی بنیات بنێت. بۆیەش لەچارەكی سەدەی رابردوودا، هەموو كەسێك خۆی رادەستی ئەردۆغان كرد، یاخود لەناوچوو. تاڕادەیەك كەجگە لەبزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردو رێبەر ئاپۆ، هیچ كەسێك نەمایەوە كەبەرخۆدان بكات. كاتێك كەئەردۆغان لەبەڵێنەكانی بۆ تەسفیەكردنی بزوتنەوەی كورد لەسەدەی دووەمی كۆماردا شكستی هێنا، لایەنەكانی دیكە هەرچەندە لاوازیش بوون دەستیان بەكاردانەوە كردو هەوڵیاندا رژێمێكی نوێ بنیات بنێن. بەكورتی ئەو لایەنانە كەگەشەیان كردووە، قەرزاری رێبەر ئاپۆو پەكەكەن. ئەگەر رێبەر ئاپۆو پەكەكە لەبەرامبەر ئەردۆغان شكستیان بهێنایە و لاوازبوونایە، ئەوا ئەردۆغان دەبووە ئەتاتوركی سەدەی دووەم و كەسیش نەیدەتوانی لەدژی بوەستێتەوە. بەرخۆدانی پەكەكە ئەم پلانەی پووچەڵكردەوە و بۆیەش لایەنەكانی دیكە لەدژی ئەردۆغان دەستیان بەجووڵە كردو لەدەوری یەكدی كۆبوونەوە. بەگوێرەی بۆچوونی ئێمە هاوپەیمانی شەش لایەنەكە بەم شێوەیە دروستبوو. واتە ئەوانەی دوێنێ لەگەڵ ئەردۆغان كاریان دەكرد، یاخود بەهەموو شێوەیەك هاوكاریان دەكرد، ئەمڕۆ بەهۆی شكستەكەی لەبەرامبەر بەرخۆدانی گەلی كورد كە لاواز بووە، دەستیان بەدژایەتیكردنی كرد. ئەردۆغان بەم شێوەیە ئیسلامیەكان و نەتەوەپەرستەكانی كۆكردەوە و هاوپەیمانی كۆماری پێكهێناو لەبەرامبەریشدا لایەنی دیكەی سیستمیش هاوپەیمانی گەلیان پێكهێنا، هەرچەندە كێبڕكێی هەڵبژاردن لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا دەبینرێت، بەڵام لایەنی سێیەم هەیە كەدەتوانێت شكست بەئەردۆغان بهێنێت. هاوڵاتی: لایەنی سێیەم كەهاوپەیمانی رەنج و ئازادیە دەتوانێت شكستی گەورە بەپارتی ئەكەپەو ئەردۆغان بهێنێت؟ هاوپەیمانی رەنج و ئازادیی بەرگری لەبەها دیموكراتەكان، كورد، عەلەوی و ئەو ئێتنیك، باوەڕی و لایەنانە دەكات كەسەد ساڵە مافیان رەتدەكرێتەوە و ئەم لایەنەیە كەئەنجامی هەڵبژاردنەكان یەكلایی دەكاتەوە. ئەم بەرەیە كەبەرگری لەمافی ژنان و دیموكراسی و پاراستنی سروشت دەكات، رۆڵی كلیل لەهەڵبژاردنەكاندا دەگێڕێت. لەگەڵ ئەوەی نزیكەی ١٠ هەزار كەس لەئەندامان، پەرلەمانتار، سەرۆك شارەوانی و بەڕێوەبەری ئەم بەرەیە لەزیندانەكاندان، بەڵام خۆی رادەست نەكردو هەدەپەو هاوبەشە چەپ، سۆسیالیست و دیموكراتەكانی تێكۆشانیان كرد. بەگوێرەی بۆچوونی ئێمە، ئەوەی كەئەردۆغان لەم هەڵبژاردنەدا شكست دەدات، هاوپەیمانی گەل نییە، بەڵكو هاوپەیمانی رەنج و ئازادیە. لەهەمان كاتدا، لەڕێگەی بەدەستهێنانی كورسیەكی زۆری پەرلەمان، لەپێكهێنانی حكومەتدا رۆڵێكی كاریگەر دەگێڕێت. بۆیەش بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارەكەتان بەبەڵێ و نە بدەینەوە، پێویستە بوو بەم شێوەیە شیكردنەوەیەك بۆ دۆخەكە بكەین. وەك ئەوەی وتم، نەك هاوپەیمانی گەل، بەڵكو هاوپەیمانی رەنج و ئازادی دەتوانێت شكست بەئەردۆغان بهێنێت. دوای ئەوەی شكست بەفاشیزمی ئەردۆغان هێنرا، وەك ئەوەی دەبینرێت، هاوپەیمانی رەنج و ئازادی جارێكی دیكە رۆڵێكی یەكلاییكەرەوە لەپێكهێنانی حكومەتدا دەگێڕێت. بۆیەش دوای هەڵبژاردنەكان ئەوەی لەگەڵ پارتی چەپی سەوز دانوستان بكات دەتوانێت حكومەت پێكبهێنێت. ئێمە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بەم شێوەیە دەبینین. ئەمە یەكلاییبووەتەوە: ئەردۆغان هەم پۆستی سەرۆكایەتی و هەم زۆرینەی كورسی پەرلەمان لەدەستدەدات. ئەمەش یەكلایی بووەتەوە كەئەردۆغان لەمێژووی توركیادا، گەورەترین دوژمنی كوردە و ئەم دوژمنایەتیەی لەلوتكەدا ئەنجامداوە. دوای ئەو هەر لایەن و كەسێك بێتە سەر دەسەڵات بەم ئەندازەیە دوژمنایەتی كورد ناكات و ناتوانێت بەم شێوەیە دوژمنایەتی بەڕێوەببات. لەبەرئەوەی ئەم دوژمنایەتیە لەلوتكەدا تێكشكێندرا. هاوڵاتی: سەرۆكانی گەورە شارەوانییەكانی ئەستەنبوڵ و ئەنقەرەو  لەئاستێكی بەرزدا كوردیش پشتگیری خۆیان بۆ كلچدار ئۆغلۆ ئاشكراكرد. لەم رووەوە بۆچوونی ئێوە چییە؟ رۆنی سەردەم:  بۆ ئێمە گرنگ نییە كێ پشتگیری لەكلچدار ئۆغلۆ دەكات یان پشتگیری ناكات. گرنگ ئەوەیە فاشیزمی ئەردۆغان بڕووخێنرێت. لەبەرئەوەی ئەردۆغان بەڵێنی چارەسەری پرسی كورددیدا و بۆیەش سەركەوت. بەڵام لە ٢١ ساڵی دەسەڵاتیدا دەركەوت كەدەیەوێت سیاسەتی قڕكردنی كورد بگەیەنێتە بەرزترین ئاست. لەدەسەڵاتەكانی دیكەشدا زۆر كەس دوژمنایەتی كوردیان كردووە. ئەوانەی دوژمنایەتی كوردیان كردووە لەڕابردوودا كەم نین. بەڵام هیچ كەسێكیان بەئەندازە و فراوانی ئەردۆغان دوژمنایەتییان نەكرد. بۆیەش پێمانوایە، لەم هەڵبژاردنەدا كوردەكان پشتگیری لەگونجاوترین كاندیدی سەرۆكایەتی لەدژی ئەردۆغان دەكەن. بۆیەش پێویست نییە ئێمە یان كەسێكی دیكە داوا لەگەلی كورد بكات كەدەنگ بەكەسێك بدەن. لەبەرئەوەی تاوەكو سەر مۆخی ئێسقان ئەزموونیان لەگەڵ ئەردۆغان هەیە كەدوژمنایەتی كورد دەكات و بەسیستمە ئایین و نەتەوەپەرستیەكەی دوژمنایەتی ژنان دەكات. نەك تەنیا گەلەكەمان لەباكوری كوردستان، بەڵكو گەلەكەمان لەڕۆژئاوا، باشور، رۆژهەڵات و لەئەوروپاش ئەمەی بینی و تامی كرد.  رژێمی ئەردۆغان تاوەكو چ رادەیەك لەدژی گەلەكەمان دوژمنایەتی كردبێت، بەو ئەندازەیەش گەلەكەمان لەدژی سیاسەتی قڕكردنی ئەردۆغان بەرخۆدانی گشتی ئەنجامدا. بێگومان ئەردۆغان گروپێك هاوكاری لەدەوری خۆی كۆكردەوە. ئەوانەش كەسانێكی جاشن كەهاوكاری ئەردۆغان دەكەن. بەتایبەتی پارتی (پەدەكە) و هاوكارەكانی، لەگەڵ ئەم هەموو فاشیزمەی ئەردۆغان، هاوكاری رژێمەكەی دەكەن. ئێمە ئەو لایەنانە لەدەرەوەی بەرخۆدانی گەلەكەمان دەبینین. بۆیەش گەلەكەمان و لایەنە دیموكراتەكانی توركیا ئاساییە كە لەبەرامبەر فاشیزمی ئەردۆغان، كەمال كلچدار ئۆغلۆ وەك كاندیدێكی گونجاو ببینن. هاوڵاتی: ئایا پێتانوایە كورد دەتوانێت لەهەڵبژاردنەكانی پەرلەماندا ١٠٠ كورسی پەرلەمان بەدەستبهێنێت؟ رۆنی سەردەم:  بۆ كوردو هێزە دیموكراتەكان، هەڵبژاردنی پەرلەمانی لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتی گرنگترە،  بەگوێرەی زانیاریەكانمان لەپەرلەماندا هاوپەیمانی گەل و هاوپەیمانی كۆمار ناتوانن زۆرینەی كورسیەكان بەدەستبهێنن. پێكهێنانی حكومەتی نوێ پەیوەندی بەهەڵوێستی پارتی چەپی سەوزەوە دەبێت. ئێوە دەزانن هەدەپە بەهۆی ئەوەی ئەگەری داخستنی لەسەرە، لەڕێگەی پارتی چەپی سەوزەوە بەشداری لەهەڵبژاردنەكاندا كرد. بۆیەش بەدەستهێنانی كورسیەك زۆر گرنگە. پارتی چەپی سەوز بەتەنیا لەكورد پێكنایەت. بناغەی سەرەكی پارتەكە كوردە، بەڵام هەموو گەلان، باوەڕیەكان، كەسایەتییەكان و ژێردەستەكان توركیا جێگەی خۆیان تێیدا گرتووە. لەچەپەكان، سۆسیالیستەكان و كەسایەتیەكانی دیموكرات پێكهاتووە. لەبەرئەوە ئەگەر تەنیا باسی كورد بكەین، هەڵە دەبێت. ئەگەر ساختەكاریەكی گەورەو زەق روونەدات، پارتی چەپی سەوز نزیكەی ١٠٠ كورسی بەدەستدەهێنێت. هەموو زانیاریەكانمان ئەم ئەنجامەمان پێدەڵێن. بگرە ئەگەر كورسی زیاتریش بەدەستبهێنێت، سوپرایز نابێت. هاوڵاتی: ئەردۆغان لەهێرشكردنەسەر باشوری كوردستان و بۆردومانكردنی هێزەكانی گەریلا بەردەوامە، یاخود دوای بانگەوازەكەی كەجەكە لەچوارچێوەی بومەلەرزەكەدا هێرشەكانی كەمیكردووە؟ رۆنی سەردەم:  وەك دەزانن لەچوارچێوەی بەرپرسیاری مرۆیی و ئەخلاقیەوە، بەڕێوەبەریەكەمان بۆ ئەوەی گەلەكەمان لەباكوری كوردستان برینی خۆیان ساڕێژبكەن كە بەهۆی بومەلەرزەوە كارەسات دروستبوو، بێچالاكی راگەیاند. دەوڵەتی داگیركەرو قڕكەری تورك، هێشتا بەدەیان هەزار كەس لەگەلەكەمان لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەكاندا بوون، كەدەستی بەئۆپراسیۆنی نوێ كرد. بەهۆی ئەوەی سەربازی بۆ رزگاركردنی قوربانیانی بومەلەرزە نەنارد كە سەدان هەزار سەربازی هەیە، رەخنەیەكی زۆری لێگیرا. خولوسی ئاكار وەزیری بەرگری و دوژمنی كورد وتی، ‹ ناتوانین سەرباز بۆ ناوچەی زیانلێكەوتووانی بومەلەرزە بنێرین، لەبەرئەوەی لەسنورەكانمان و لەدەرەوەی سنورەكانمان ئۆپراسیۆن هەیە›. بەم شێوەیە ئاشكرایكرد كەئۆپراسیۆنەكانیان لەدژی كورد راناگرن. لەكاتێكدا كەزیانلێكەوتووانی بومەلەرزەكە تائێستاش بەهۆی نەبوونی چادرو سوپاو پێداویستی دیكەوە دەناڵێنن و لەدۆخێكی خراپدان، بەڵام لەزاپ و ئاڤاشین و مەتینا گەریلاكانمان دەستیان بەسەر ئەو پێداویستیانەدا گرت كەنەدراون بەزیانلێكەوتووان و لەئۆپراسیۆنەكاندا بۆ سەربازەكانیان بەكاریانهێناون. ئەم دیمەنانە لەماڵپەڕەكانی گەریلا تی ڤی دا دەتوانرێت ببینرێن. شكستی ئەردۆغان لەم هەڵبژاردنەدا تەنیا بەدادگاییكردن كۆتایی نایەت، بەڵكو پرسی هەبوون و نەبوونە بۆ ئەو. لەبەرئەوەی هەموو دەوڵەمەندی و كایەكانی دەوڵەت لەدەستی ئەردۆغاندان. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نەیتوانی پەكەكە لەناوببات و سەركەوتوو نەبووە. ئەوە سەرنەكەوێت دادگایی دەكرێت، لەوانەشە باجەكەی بەماڵ و گیانی خۆی بدات. ئەردۆغان ئەمە زۆر باش دەزانێت. لەبەرئەوەی لەساڵی ٢٠٠٨دا هەموو فەرماندە سەربازیەكانی دادگایی كرد كەنەیانتوانی لەشەڕی زاپدا سەربكەون، سزای چەندین ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپاندو هەندێكیان لەزینداندا مردن. دەزانێت كە لەوە زیاتر بەسەریدا دێت. ئابوری وڵاتی لەشەڕی دژی كورددا تەواو كرد، لەشەڕی دژی كورددا هەموو یاساكانی پێشێل كرد، سیاسەتی دەرەوەی بەهەموو شێوەیەك لەدژی كورد بەكارهێنا، توركیای بەتەنیا هێشتەوە. بەو هۆیەوە ئەگەر دەسەڵاتی ئەردۆغان كۆتایی بێت، بەڵایەكی گەورەی بەسەردا دێت. ئەردۆغان پێشتر بانگەشەی لەناوبردنی پەكەكەی دەكردو بەو هۆیەوە لەهەڵبژاردنەكاندا سەركەوت. بەڵام ئەردۆغان نەیتوانی پەكەكە شكست پێبهێنێت، لەناوببات و سەربكەوێت. ئەردۆغان لەبەرامبەر پەكەكە پێویستی بەسەركەوتنی ‹ساختە›یە. لەبەرئەوەی دەیەوێت بەم سەركەوتنە ساختەیە هەستی نەژادپەرستەكان بجووڵێنێت و لەهەڵبژاردنەكاندا سەربكەویت. بۆیەش بەهیچ شێوەیەك كۆتایی بەئۆپراسیۆن و هێرشەكانی نەهێناو كەمی نەكردەوە. گەریلاكانمان لەچوارچێوەی هەڵوێستی بێچالاكیدا، بەرگری رەوا لەخۆیان دەكەن. ئەردۆغان لەبەرئەوەی لەبەرامبەر گەریلاكان ئەنجامی پێویستی بەدەستنەهێناو بۆ ئەوەی سەركەوتنی ساختە رابگەیەنێت، هێرشی هاوشێوەی، فڕۆكەخانەی سلێمانی بەشێوەیەكی ترسنوكانە ئەنجامدا. ئەگەر لەو هێرشەدا، لەبەرامبەر هەڤاڵ مەزڵوم كۆبانێ ئەنجامی بەدەستبهێنایە، ئەگەری هەبوو دەنگی زۆربەی نەتەوەپەرستەكان بەدەستبهێنێت و جارێكی دیكە سەربكەوێت. بۆیە پێمانوایە، دەكرێت، هێرشی هاوشێوە تاوەكو هەڵبژاردنەكان بەردەوام بن. بەڕێوەبەری ئێمەش، دۆخەكەی بەباشی هەڵسەنگاندو تاوەكو ١٤ی ئایار رۆژی هەڵبژاردنەكان، ئەو بێچالاكیەی كە بەهۆی بومەلەرزەوە رایگەیاندبوو، درێژكردەوە. لەئێستاشدا لەزۆر شوێنی كوردستان ئۆپەراسیۆن و هێرش ئەنجامدەدات. وەك ئاماژەمان پێكرد، ئەردۆغان دوژمنی هەموو كوردو كوردستانە. لەڕۆژئاوا، شەنگال، مەخمورو باشورو لەهەموو شوێنێك كوردێك هەبێت كەخۆی تەسلیم نەكردبێت، هێرش دەكات. ئەمڕۆ هۆكاری قەیرانی ئابوری، سەربازی، سیاسیی و كۆمەڵایەتی لەباشوری كوردستان، ئەردۆغان و هاوكارە كوردەكانیەتی. شكستی ئەردۆغان نەك تەنیا لەتوركیاو باكوری كوردستان، بەڵكو لەباشورو رۆژئاوای كوردستانیش ئارامی و ئاسایشی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. لەڕاستیدا دەبێتە هۆكاری ئاسایش و ئارامی هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هۆكاری نائارامی كوردستان و ناوچەكە ئەردۆغان و ئەو هێزانەن كەهاوكاری دەكەن. بۆیەش شكستی ئەردۆغان لەهەمان كاتدا شكستی ئەو هێزانەیە كەهاوكاری دەكەن. ئەگەر بەئاشكرا قسە بكەین، شكستی ئەردۆغان بەواتای گشتی پارتی (پەدەكە) دێت كە لەهەموو بوارێكدا هاوكاری دەكات. ئەگەر پەدەكە لاواز بكرێت و شكستبهێنێت، متمانەتان هەبێت كەئاشتی و ئارامی لەباشوری كوردستان بەرقەرار دەبێت. لەبەرئەوەی پارتی (پەدەكە) لەماوەی ٨ ساڵی رابردوودا هاوپەیمانییەكی قەدەری لەگەڵ ئەردۆغان بەستووەو لەسیاسەتی باشوری كوردستاندا، لاسایی دەكاتەوە. مەسعود بارزانی هەموو رۆژێك هۆزە جاشەكانی باكوری كوردستان بانگهێشتی هەولێر دەكات و داوایان لێدەكات هاوكاری ئەردۆغان بكەن. بگرە جاشەكانی باكوری كوردستانیش لەدوژمنایەتیكردنی ئەردۆغان بۆ كورد بێزار بوون، بەڵام مەسعود بارزانی دەیەوێت رازییان بكات. ئەمەش پیشانی دەدات كە تاچ رادەیەك لەنێو هاوكارییەكی قوڵدان. لەبەرئەوەش بۆ هەموو كوردەكان گرنگە كە لەهەڵبژاردنەكانی ١٤ی ئایاردا، پارتەكانی باشوری كوردستان، هۆزو خانەوادەو كەسایەتیەكان، لەدژی ئەردۆغان، لەسەر هێڵی وڵاتپارێزی باكوری كوردستان، بۆ هەدەپە – پارتی چەپی سەوز كاربكەن. هەر كوردێك لەهەر جێگەیەك بێت، پێویستە لەدژی ئەردۆغان كەگەورەترین دوژمنی كوردە هەرچیەك لەدەستی بێت، بیكات. لەبەرئەوەی ئەم پرسە تەنیا پەیوەندی بەپارچەیەكی كوردستانەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بەهەموو كوردەوە هەیە. هاوڵاتی: زیاتر لەساڵێك بەسەر ئۆپەراسیۆنی (چنگ – كلیل)ی سوپاكەی ئەردۆغان و باخچەلی تێدەپەڕێت. هیچ ئامارێكی شەڕو پێكدادانەكان لەدەستی ئێوەدا هەیە؟ رۆنی سەردەم:  هەپەگە لە ١٤ی نیسانی ٢٠٢٣دا راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە: لەڕاگەیەندراوەكەدا ئاماری شەڕو پێكدادانەكانی لە ١٣ی نیسانی ٢٠٢٢ تاوەكو ١٤ی نیسانی ٢٠٢٣ لەهەرێمەكانی پاراستنی میدیا ئاشكراكرد كە بەم شێوەیە بوو: ٢٥٩ هەڤاڵی گەریلامان شەهید بوون. دوو هەزارو ٨٣٣ داگیركەر سزادراون ٣٨٧ داگیركەر برینداركراون. سێ هەزار و ٧٣٠ جار چەكی قەدەغەكراوی (فسفۆڕ، تێرموباریك و تاكتیكی ئەتۆمی) لەهێرشەكاندا لەدژی هێزەكانی گەریلا بەكارهێنراون. چوار هەزارو ٢٣٣ جار هێرشی ئاسمانی لەڕێگەی فڕۆكەوە ئەنجامدراوە. پێنج هەزارو ٦٢٨ جار بەهەلیكۆپتەری جەنگی هێرش ئەنجامدراوە. هاوڵاتی: گەلی كورد لەباكوری كوردستان بۆ هەموو گەلانی توركیاو گەلی تورك داوای دیموكراسی دەكات. ئەمەی بەسەدان جار لەپەرلەمان و لەنێو گەلدا دەربڕیوە. ئەم هەڵوێستە لەهەڵبژاردنەكانی توركیادا لەنێو گەلاندا تاوەكو چ رادەیەك جێی خۆی دەگرێت و تاوەكو چ رادەیەك ئەم سیاسەتە كاریگەر دەبێت؟ رۆنی سەردەم:  گەلەكەمان لەباكوری كوردستان باوەڕی بەهێڵی نەتەوەیی دیموكراتی هەیە كە لەلایەن رێبەر ئاپووە خوڵقێنراوەو لەسەر ئەو بنەمایە خەبات بۆ چارەسەری سیاسی دەكات. هەدەپە پارتێكە كەبەم روانگەیەوە دامەزراو سەركەوتنی سیاسی جددی بەدەستهێناوە. لەڕێگەی رێنماییەكانی رێبەر ئاپۆ، گەلان، باوەڕیەكان، دیموكراتەكان، سۆسیالسیت و چەپەكان، ژنان و گەنجان كۆنگرەی دیموكراتی گەلانیان پێكهێنا. لەم رێگەیەوە پێكەوە هەوڵدەدەن سەرەتا ئازادی گەلی كورد بەدەستبهێندرێت و هەموو كێشەكانی گەلان، باوەڕییەكان، ژنان و كۆمەڵگا چارەسەر بكرێت. لەم قۆناغەدا پارادایمی نەتەوەیی دیموكراتی جێبەجێ كرا كەهاوكات بوو لەگەڵ شۆڕشی رۆژئاوای كوردستان. جێبەجێكردنی ئەم پارادایمە لەڕۆژئاوای كوردستان بەشێوەیەكی سەركەوتووانە بووە هیواو ئۆمێد بۆ هەموو گەلانی توركیا. لەو كاتەدا لەچوارچێوەی كۆنگرەی دیموكراتی گەلاندا، هەدەپە لەسەر هزری رێبەر ئاپۆ وەك پێویستیەك دامەزرێنرا. ئەمە تەنها بۆ داواكردنی دیموكراسی نەبوو، بەڵكو بۆ دەستپێكردنی پرۆسەی بنیاتنانی ئایندەیەكی دیموكراسی بۆ هەموو توركیا بوو. ئەم رێنمایی و پارادایمە وەڵامێكی سیاسی بەهێزی بەخۆیەوە بینی، لەلایەن كۆمەڵگاوە قبوڵكراو ئەمەمان لەهەڵبژاردنەكانی ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٥دا بەئاشكرا بینی. دواتر هەم كوردەكان و هەم لایەنە دیموكراتەكانی كورد زیاتر متمانەیان بەم پارادایم و سیاسەت و رێنماییانە كرد. لەسەر ئەم بناغەیە لەهەشت ساڵی رابردوودا سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەكانی دەسەڵاتی فاشیستی ئەردۆغان – باخچەلی بۆ گۆشەگیركردنی كورد، ژمارەیەكی زۆر لەكەسایەتی، رێكخراو و هێزی دیموكراسی توركیا، شانبەشانی كورد بەردەوام بوون لەتێكۆشاندا. لەئێستاشدا زۆر كەس پێشەنگایەتی كورد لەخەباتی دیموكراسیكردنی كورد قبوڵ دەكات و پشتگیری لێدەكات. راستە ئاسان نییە كە بە تەواوەتی بەسەر ئەو هەست و هزرە قووڵە ناسیۆنالیستییەدا زاڵ بین كەكۆماری فاشیستی تورك لەسەر بناغەی رەتكردنەوەی كورد دایمەزراندووە. بەڵام گۆڕانكاری لەبەشێكی بەرچاوی رۆشنبیران و نووسەران و هونەرمەندانی توركیادا بەدیدەكرێت. توێژێك لەتوركیا پەیدا بووە كەباوەڕی بەخەباتی ئازادیخوازی كورد هەیەو پێشەنگایەتی كورد لەخەباتی دیموكراسی توركیادا قبوڵ دەكات. بۆیە دەتوانین بڵێین لێرەدا وەڵامی پرسیارەكەتان بدەمەوەو بڵێین كەبەڵێ پشتگیری لەتێكۆشانی دیموكراسی و ئازادی كورد رۆژ بەڕۆژ زیاد دەبێت.

هاوڵاتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم، بەسەردانێک گەیشتە یۆنان و بڕیاریەش دوای بەشداریکردن لەکۆڕبەندی ساڵانەی ئابوری دێڵفی، لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای وڵاتان کۆببێتەوە. بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی حکومەت ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردۆتەوە، کۆڕبەندی ساڵانەی ئابوریی دێڵفی لە یۆنان ئەمڕۆ 26ی نیسان، بە بەشداریی ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی باڵا، بیرمەندان و سەرمایەدارانی جیهان، دەستیپێکرد و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانیش بۆ دوەمین ساڵە لەسەر یەک بەشدارە لە کۆڕبەندەکەدا. سەبارەت بە  ئامانجی کۆڕبەندەکە لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە  گفتوگۆکردنە لەبارەی گرفت و پێشهاتە سیاسی و ئابورییەکانی جیهان و تیایدا پلان و ستراتیژی چارەسەرکردنی قەیرانەکان تاوتوێ دەکرێت. بڕیارە قوباد تاڵەبانی لە کۆڕبەندەکەدا باس لە دواپێشهات و گۆڕانکارییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بکات و بۆچونی خۆشی لەبارەی چارەسەرکردنی گرفتەکان بخاتەڕو. باسلەوەشکراوە ، لە پەڕاوێزی کۆڕبەندەکەشدا، بڕیارە قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای وڵاتان کۆببێتەوە، لەم سەردانەیدا بۆ یۆنان دابان شەدەڵە جێگری سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم، یاوەری جێگری سەرۆک وەزیران دەکات. هاوکات قوباد تاڵەبانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک لەم بارەیەوە بڵاویکردەوە، "لە یۆنانم بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ساڵانەی ئابوری دێڵفی. لەوێ باسی دواپێشهاتە سیاسی و ئابورییەکانی کوردستان و عێراق و ناوچەکە دەکەین و دیدی خۆمان بۆ چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشەکان دەخەینەڕوو." دەشڵێت "ئێمە لە کوردستان و عێراقیش کۆمەڵێک کێشەی بنەڕەتی و چارەسەرنەکراومان هەیە، کێشەکان چارەسەر ناکرێت بەبێ سەلماندنی نیازپاکی و هەنگاونانی کردەیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. شەڕی میدیایی و بەلاڕێدابردنی کێشەکان ئەزمونێکی شکستخواردووە و کێشەکان قوڵتر دەکاتەوە."

هاوڵاتی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ زەکەریا یاپجیئۆغلۆ سەرۆکی هوداپار کە دوژمنی سەرسەختی پارتی دیموکراتی گەلانە کۆبوە. هوداپار لەم بارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە زەکەریا یاپجیئۆغلۆ سەرۆکی هوداپار کردووە و لە کۆبونەوەکەدا، باسی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا و هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو وڵاتە کراوە. هەروەها دۆخی سیاسی عێراق و بەهێزکردنی پەیوەندیەکانی نێوان هوداپار و پارتی یەکێکی دیکە بووە لە پرسە سەرەکییەکانی کۆبونەوەکە. حەفتەی رابردووش بارزانی و یاپجیئۆغلۆ بە تەلەفون قسەیان کردبوو و باسی پرسی هەڵبژاردنەکانیان کردبوو. پەیوەندیەکانی پارتی و هوداپار لەم کاتەدا کە ماوەیەکی کەم بۆ هەڵبژاردن ماوە، کاردانەوەی زۆری لە باکوری کوردستان لێکەوتەوە. هوداپار لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاردا، هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) بەستووە و لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا دەنگ بە ئەردۆغان دەدات. لە ساڵی ٢٠١٦دا، لە کاتی هێرشی داعش بۆ سەر شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان، ئاڵۆزیەکی گەورە لەنێوان هوداپار و هەدەپە لە باکوری کوردستان روویدا و لەو رووداوانەدا نزیکەی ٢٠ کەس کوژران. هوداپار کەمتر لەسەدا نیوی دەنگەکانی لە هەڵبژاردنەکانی رابردووی پەرلەماندا بەدەست هێنابوو، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا بەگوێرەی رێککەوتنێکی نێوان هوداپار و ئاکەپەدا، بەڵێنی چوار کورسی پەرلەمانی پێدراوە.

هاوڵاتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە سەبارەت بە ئەنجامی چوونی شاندی حکومەت بۆ لای جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "ئێمە دەمانەوێ تیمی یەکێتی بگەڕێتەوە و هیوادارین لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بن و ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن و چیتر نەبنە هۆی ئەوەی هاووڵاتییان باجی دەوام نەکردنیان بدەن ." ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبونەوەو بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی حکومەتی هەرێم کۆبونەوەکە لە سێ بڕگە پێکهاتووە و یەکێکیان سەبارەت بە سەردانی شاندی حکومەت بووە بۆ لای قوباد تاڵەبانی و حکومەتی هەرێم داوایەکی ئاڕاستەی تیمی یەکێتی کرد کە بگەڕێنەوە کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران. بە گوێرەی ڕاگەیاندراوەکە حکومەتی هەرێم داوا لە تیمی یەکێتی دەکات کە " هەر کێشە و گرفتێکیش هەبێت کە ئامانجی خزمەتکردنی بەرژوەندی گشتی بێت، پێویستە لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت". هەروەها سەبارەت بە پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران لەلایەن کۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی دانەوێڵەی سەر بە وەزارەتی بازرگانی عێراق، لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ڕایگەیاند، "وەزارەتە پەیوەندیدارەکانمان ڕاسپارد کە ڕێکاری پێویست بگرنەبەر و لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکانی حکومەتی فیدراڵ لە پەیوەندیدا بن بۆ کڕینەوەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان." بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە ، لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر دیاردەی چەکهەڵگرتنی نایاسایی و چەکی بێ مۆڵەت و هەوڵەکان بۆ سنوردارکردنی و باسیش لە بڵاوبوونەوەی پەتای هەوکردنی پەردەی مێشک (مانەنجایتس) لە نێو منداڵانی پارێزگای هەڵەبجە و ڕێکارەکانی ڕێگریکردن لەم نەخۆشییە کراوە. دەقی راگەیێندراوی حکومەت:  ئەمڕۆ سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانمان کرد. بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن بوو لەبارەی ئەنجامی سەردانی تیمی ئەنجومەنی وەزیران بۆ لای بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کە لە لایەن ئەندامانی تیمەکە خرایەڕوو. وێڕای دەستخۆشیکردنمان لە تیمی ئەنجومەنی وەزیران بۆ سەردان و هەوڵەکانیان، دووپاتمان کردەوە کە چەندین جار داوامان لە بەڕێزان جێگری سەرۆک وەزیران و تیمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردووە کە بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران و ئێستاش جارێکی دیکە داوا دەکەین کە بگەڕێنەوە و ئەرکە یاسایی و کارگێڕییەکانی خۆیان لە پێناو خزمەتکردنی هاووڵاتییان جێبەجێ بکەن. هەر کێشە و گرفتێکیش هەبێت کە ئامانجی خزمەتکردنی بەرژوەندی گشتی بێت، پێویستە لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت.  جەختمان لەوە کردەوە کە ئێمە دەمانەوێ تیمی یەکێتی بگەڕێتەوە و هیوادارین لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بن و ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن و چیتر نەبنە هۆی ئەوەی هاووڵاتییان باجی دەوام نەکردنیان بدەن.   لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، باسمان لە پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران لەلایەن کۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی دانەوێڵەی سەر بە وەزارەتی بازرگانی عێراق کرا کە لەلایەن بەڕێز کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی خرایەڕوو، کە باسی لە ئەنجامی دوا سەردانی بۆ بەغدا و گفتوگۆکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ كرد بە مەبەستی کڕینەوەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و ئاماژەی بەوە دا کە لەمبارەیەوە گفتوگۆ و هەوڵەکانیان بەردەوامە. وەزارەتە پەیوەندیدارەکانمان ڕاسپارد کە ڕێکاری پێویست بگرنەبەر و لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکانی حکومەتی فیدراڵ لە پەیوەندیدا بن بۆ کڕینەوەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان. جەختمان لەوە کردەوە کە پێویستە هەموو هەوڵێک بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی جووتیارانی کوردستان دڵنیابن کە بەرهەمەکانیان دەکڕدرێتەوە. لە بڕگەی سێیەمدا، پڕۆژە یاسای ( بەرکارکردن و هەموارکردنی یاسای ڕێکخستنی کاری دڵنیایی عێراقی ژمارە ( (10 ی ساڵی 2005 لە هەرێمی کوردستان ) لە لایەن بەڕێز ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان خرایەڕوو.  دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و خستنەڕووی چەندین تێبینی و پێشنیار، ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژە یاساکەی پەسەند کرد.  دواتر بەڕێز ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە ڕێکارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی تەقەکردن لەناو شاری هەولێر و دەستگیرکردنی سەرپێچیکاران پێشکەش کرد. دووپاتمان کردەوە کە پێویستە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو ڕێکارێکی پێویست له پێناو سەقامگیرکردنی ئاسایش و پاراستنی هاووڵاتییان بگرنەبەر و بە هیچ شێوەیەک، نابێت چاوپۆشی لە بەرامبەر تاوانباران و سەرپێچیکاران بکرێت و دەبێ دیاردەی چەکهەڵگرتنی نایاسایی و چەکی بێ مۆڵەت سنووردار بکرێت و کۆتایی پێ بێت. داواش لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەین کە نەبنە سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی توندوتیژی و ترس و تۆقاندن، بەڵکو دەبێ ڕۆڵی گرنگی خۆیان لە پاراستنی ئارامی و ئاشتی کۆمەڵایەتی بگێڕن.  پاشان بەڕێز سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، کورتەیەکی دەربارەی بڵاوبوونەوەی پەتای هەوکردنی پەردەی مێشک (مانەنجایتس) لە نێو منداڵانی پارێزگای هەڵەبجە خستەڕوو و دڵنیاییدا کە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون کراوە و ڕێکاری پێویست گیراوەتەبەر و نەخۆشەکان چارەسەری پێویست وەردەگرن و دۆخەکە لە ژێر کۆنترۆڵدایە.

هاوڵاتی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی کێشە لە دابەشکردنی مووچە خانەنشینان لە چەند رۆژی رابردوو لە سلێمانی روونکردنەوە دەدات. لە روونکردنەوەی وەزارەتی دارایی هاتووە: "لە چەند رۆژی رابردوودا لەکاتی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەران و خانەنشینان، لە چەند بانکێک لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین جیاکاری لە دابەشکردنی مووچەی چین و توێژە جیاوازەکان کراوە، بەپێی زۆری و کەمی مووچە و پلەکانیان کاتی دابەشکردنی مووچەیان بۆ دیاری کراوە". ئاماژە بەوەشکراوە: "ئەوەی کراوە کاری سەربەخۆی بانکی ناوەندی هەرێم/سلێمانی بووە و بە هیچ جۆرێک وەزارەتی دارایی لێی بەرپرس نییە و بڕیاردەری ئەو کارە رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە". دەقی روونکردنەوەی وەزارەتی دارایی:  لە چەند رۆژی رابردوودا لەکاتی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەران و خانەنشینان لە چەند بانکێک لە سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین جیاکاری لەدابەشکردنی مووچەی چین و توێژە جیاوازەکان کراوەو بەپێی زۆری و کەمی مووچە و پلەکانیان کاتی دابەشکردنی مووچەیان بۆ دیاری کراوە.                                                      ١- ئەوەی کراوە کاری سەربەخۆی بانکی ناوەندی هەرێم/ سلێمانی بووەو بەهیچ جۆرێک وەزارەتی دارایی لێی بەرپرس نییە و بڕیاردەری ئەو کارە ڕوبەڕوی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە.   ٢- دابەشکردنی مووچە بە پێی خشتەی ڕاگەیەنراو دەبێت کە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە کە لە پەیجی فەرمیمان بڵاودەکرێتەوە، هەروەکوو لە رابردوو پەیڕەوکراوە جگە لە وەزارەت کەس مافی دەستکاری و گۆڕانکاری لەخشتەکەدا نییە.

هاوڵاتی تیمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان تائێستا سوورە لەسەر نەگەڕانەوەی بۆ ئەنجومەنی وەزیران و چەندین داواكارییان گەیاندووە بەوەفدی حكومەتی هەرێم كە لەوەزیری شەهیدان و ئاوەدانكردنەوەو ئەوقاف پێكهاتبوون. زیاتر لەشەش مانگە تیمی یەكێتی بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و هەریەك لەوەزیرانی (پلاندانان، رۆشنبیری، كشتوكاڵ، پێشمەرگە،  خوێندنی باڵا، سەرۆكی دەستەی ناوچە جێناكۆكەكان، سەرۆكی دەستەی ژینگە، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران) بەشداری كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیرانیان نەكردووە. قوباد تاڵەبانی لە 26ی تشرینی یەكەمی 2022 و وەزیرەكانی یەكێتی لە 11ی كانونی یەكەمی 2022 وە بەشدارییان نەكردووە. نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دوو جارو لەدوو كاتی جیاوازدا داوای لە قوباد تاڵەبانی و تیمی یەكێتی نیشتمانی كردووە بگەڕێنەوە بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام سەرۆكی هەرێم بێهیوا بووە لەچارەسەركردنی ئەو كێشەیە. لە 26ی شوبات سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بەنووسراوی فەرمی، داوای لەتیمی یەكێتی كرد كەبگەڕێنەوە بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، تیمی یەكێتیش وەڵامی نووسراوەكەیان بەفەرمی دایەوە كە  لەبەر «رەچاونەكردنی پرەنسیپەكانی هاوبەشیكردن لەبڕیاردان‌و شێوازی بەڕێوەبردنی حكومەت‌و بەربەست لەبەردەم پیادەكردنی دەسەڵاتەكان  ناگەڕێنەوە بۆ كۆبوونەوەكان». مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان لەجەژنی نەورۆزی ئەمساڵدا، بەفەرمی لەوتارێكدا داوای لەتیمی یەكێتیی كرد بگەڕێنەوە بۆ ناو كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام قوباد تاڵەبانی هیچ وەڵامێكی فەرمی‌ نەدایەوە.  دواتر لەسەر پێشنیاری عەبدوڵای حاجی مەحمود، وەزیری شەهیدان تیمێك كە  لەهەریەك لەپشتیوان سادق، سەرۆكی تیمی وزاری پارتی و دانا عەبدولكەریم، ئەندامی تیمی وزاری بزوتنەوەی گۆڕان و عەبدوڵاحاجی مەحمود، وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوان پێكدێت و لەهەولێر رۆژی 17ی نیسان سەردانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمیان كرد. بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی كەزانیاری وردی دەستكەوتووە لەو كۆبوونەوەیەدا، تیمەكەی گۆڕان و پارتی و سۆشیالیست داواكارییەكانی تیمی یەكێتی گەیاندووە بە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و بڕیارە دانوستاندنەكان بەردەوامی هەبێت، بەڵام هیچ ئومێدێك بۆ گەڕانەوەی تیمی یەكێتی لەئێستاداو بەم زووانە بوونی نییە. هەروەها قوباد تاڵەبانی جەختی لەوەكردووەتەوە كە حكومەت بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیانەو پێویستە داهاتەكانی هەرێم بەشێوەیەكی دادپەروەرانە بەسەر پارێزگاو ناوچەكاندا دابەشبكرێتەوە «نەك بەمەبەست سزای دارایی و ئابووری پارێزگای سلێمانی بدرێت و بخنكێندرێت، كەئەوە لای یەكێتی قبوڵكراو نییە». داواكارییە بنەڕەتییەكانی تیمی یەكێتی بۆ مەسرور بارزانی 1-پێدانەوەی تەواوی دەسەڵاتەكانی جێگری سەرۆك وەزیران 2-زیادكردنی دەسەڵاتی وەزیرو سەرۆكی دەستەو بریكارو بەڕێوەبەرە گشتتیەكانی یەكێتی 3-لیژنەیەك پێكبهێندرێت لەسەر دۆسیەی كوژرانی عەقید هاوكار جاف بەهاوبەشی نێوان یەكێتی و پارتی و بەئامادەبوونی هاوپەیمانان تا یەكلایبكرێتەوە 4-راگرتنی سزادانی سلێمانی لەڕووی داراییەوە كەپارەی پێویستی بۆ رەوانە ناكرێت لەداهاتی نەوت. 5-متمانەكردن بەداهاتی نانەوتی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین 6-دابینكردنی بودجە بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین هاوشێوەی پارێزگاكانی هەولێرو دهۆك و جیاوازی نەكردن لەنێوانیاندا. 7-پێدانی پارەی بەڵێندەران و كۆمپانیاكانی دەرمان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە 8-گەڕانەوەی بودجەی هێزەكانی دژەتیرۆری سلێمانی كە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمەوە راگیراوە 9-دەسەڵاتی دامەزراندن  لەسنوری سلێمانی  بدرێتە قوباد تاڵەبانی كە سەدان میلاكی پێویستیان دەوێت بەتایبەت بۆ تەندروستی و پەروەردە 10-دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەست كە بەڵێنی یەكێتی بووە لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا.

هاوڵاتی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی ئەنجامی چوونی شاندی حکومەتە بۆلای قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران.  فەرمانگەی میدیای و زانیاری رایگەیاند،ئەمڕۆ چوارشەممە، 26-04-2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی دەکات. لە کۆبوونەوەکەدا چەند تەوەرەیەک باسیان لێوە دەکرێت و گەنگەشە دەکرێن؛ تەوەرەی یەکەمیان تایبەتە بە خستنەڕووی بەرەنجامی سەردانی تیمی ئەنجومەنی وەزیران بۆ لای جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران. رۆژی 17-04-2023، شاندێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر سەردانی قوباد تاڵەبانییان کرد. شاندەکە پێکهاتبوون لە عەبدوڵلا حاجی مەحموود، وەزیری شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراون، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە.  ئەو سەردانەش دوای ئەوە هات کە رۆژی 12-04-2023 لە کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیراندا جگە لە پلانی حکومەت، باسی گەڕانەوەی تیمی یەکێتی کرا و عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراون، پێشنیازیکرد شاندێکی ئەنجوومەنی وەزیران سەردانی قوباد تاڵەبانی بکەن بۆ ئەوەی رازی بکەن بگەڕێتەوە و مەسرور بارزانیش پێشنیازەکەی قبووڵکردووە. لە تەوەرەی دووەمی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا باس لە پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران لە لایەن وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە دەخرێتە ڕوو. بڕگەی سێیەم و کۆتایی تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی پرۆژەیاسای بەرکارکردن و هەموارکردنی یاسای رێکخستنی کاری دڵنیاییی عێراق.