هاوڵاتی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ زەکەریا یاپجیئۆغلۆ سەرۆکی هوداپار کە دوژمنی سەرسەختی پارتی دیموکراتی گەلانە کۆبوە. هوداپار لەم بارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە زەکەریا یاپجیئۆغلۆ سەرۆکی هوداپار کردووە و لە کۆبونەوەکەدا، باسی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا و هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو وڵاتە کراوە. هەروەها دۆخی سیاسی عێراق و بەهێزکردنی پەیوەندیەکانی نێوان هوداپار و پارتی یەکێکی دیکە بووە لە پرسە سەرەکییەکانی کۆبونەوەکە. حەفتەی رابردووش بارزانی و یاپجیئۆغلۆ بە تەلەفون قسەیان کردبوو و باسی پرسی هەڵبژاردنەکانیان کردبوو. پەیوەندیەکانی پارتی و هوداپار لەم کاتەدا کە ماوەیەکی کەم بۆ هەڵبژاردن ماوە، کاردانەوەی زۆری لە باکوری کوردستان لێکەوتەوە. هوداپار لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاردا، هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) بەستووە و لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا دەنگ بە ئەردۆغان دەدات. لە ساڵی ٢٠١٦دا، لە کاتی هێرشی داعش بۆ سەر شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان، ئاڵۆزیەکی گەورە لەنێوان هوداپار و هەدەپە لە باکوری کوردستان روویدا و لەو رووداوانەدا نزیکەی ٢٠ کەس کوژران. هوداپار کەمتر لەسەدا نیوی دەنگەکانی لە هەڵبژاردنەکانی رابردووی پەرلەماندا بەدەست هێنابوو، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا بەگوێرەی رێککەوتنێکی نێوان هوداپار و ئاکەپەدا، بەڵێنی چوار کورسی پەرلەمانی پێدراوە.
هاوڵاتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە سەبارەت بە ئەنجامی چوونی شاندی حکومەت بۆ لای جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "ئێمە دەمانەوێ تیمی یەکێتی بگەڕێتەوە و هیوادارین لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بن و ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن و چیتر نەبنە هۆی ئەوەی هاووڵاتییان باجی دەوام نەکردنیان بدەن ." ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبونەوەو بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی حکومەتی هەرێم کۆبونەوەکە لە سێ بڕگە پێکهاتووە و یەکێکیان سەبارەت بە سەردانی شاندی حکومەت بووە بۆ لای قوباد تاڵەبانی و حکومەتی هەرێم داوایەکی ئاڕاستەی تیمی یەکێتی کرد کە بگەڕێنەوە کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران. بە گوێرەی ڕاگەیاندراوەکە حکومەتی هەرێم داوا لە تیمی یەکێتی دەکات کە " هەر کێشە و گرفتێکیش هەبێت کە ئامانجی خزمەتکردنی بەرژوەندی گشتی بێت، پێویستە لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت". هەروەها سەبارەت بە پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران لەلایەن کۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی دانەوێڵەی سەر بە وەزارەتی بازرگانی عێراق، لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ڕایگەیاند، "وەزارەتە پەیوەندیدارەکانمان ڕاسپارد کە ڕێکاری پێویست بگرنەبەر و لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکانی حکومەتی فیدراڵ لە پەیوەندیدا بن بۆ کڕینەوەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان." بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە ، لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر دیاردەی چەکهەڵگرتنی نایاسایی و چەکی بێ مۆڵەت و هەوڵەکان بۆ سنوردارکردنی و باسیش لە بڵاوبوونەوەی پەتای هەوکردنی پەردەی مێشک (مانەنجایتس) لە نێو منداڵانی پارێزگای هەڵەبجە و ڕێکارەکانی ڕێگریکردن لەم نەخۆشییە کراوە. دەقی راگەیێندراوی حکومەت: ئەمڕۆ سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانمان کرد. بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن بوو لەبارەی ئەنجامی سەردانی تیمی ئەنجومەنی وەزیران بۆ لای بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کە لە لایەن ئەندامانی تیمەکە خرایەڕوو. وێڕای دەستخۆشیکردنمان لە تیمی ئەنجومەنی وەزیران بۆ سەردان و هەوڵەکانیان، دووپاتمان کردەوە کە چەندین جار داوامان لە بەڕێزان جێگری سەرۆک وەزیران و تیمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردووە کە بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران و ئێستاش جارێکی دیکە داوا دەکەین کە بگەڕێنەوە و ئەرکە یاسایی و کارگێڕییەکانی خۆیان لە پێناو خزمەتکردنی هاووڵاتییان جێبەجێ بکەن. هەر کێشە و گرفتێکیش هەبێت کە ئامانجی خزمەتکردنی بەرژوەندی گشتی بێت، پێویستە لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت. جەختمان لەوە کردەوە کە ئێمە دەمانەوێ تیمی یەکێتی بگەڕێتەوە و هیوادارین لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بن و ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن و چیتر نەبنە هۆی ئەوەی هاووڵاتییان باجی دەوام نەکردنیان بدەن. لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، باسمان لە پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران لەلایەن کۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی دانەوێڵەی سەر بە وەزارەتی بازرگانی عێراق کرا کە لەلایەن بەڕێز کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی خرایەڕوو، کە باسی لە ئەنجامی دوا سەردانی بۆ بەغدا و گفتوگۆکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ كرد بە مەبەستی کڕینەوەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و ئاماژەی بەوە دا کە لەمبارەیەوە گفتوگۆ و هەوڵەکانیان بەردەوامە. وەزارەتە پەیوەندیدارەکانمان ڕاسپارد کە ڕێکاری پێویست بگرنەبەر و لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکانی حکومەتی فیدراڵ لە پەیوەندیدا بن بۆ کڕینەوەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان. جەختمان لەوە کردەوە کە پێویستە هەموو هەوڵێک بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی جووتیارانی کوردستان دڵنیابن کە بەرهەمەکانیان دەکڕدرێتەوە. لە بڕگەی سێیەمدا، پڕۆژە یاسای ( بەرکارکردن و هەموارکردنی یاسای ڕێکخستنی کاری دڵنیایی عێراقی ژمارە ( (10 ی ساڵی 2005 لە هەرێمی کوردستان ) لە لایەن بەڕێز ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان خرایەڕوو. دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و خستنەڕووی چەندین تێبینی و پێشنیار، ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژە یاساکەی پەسەند کرد. دواتر بەڕێز ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە ڕێکارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی تەقەکردن لەناو شاری هەولێر و دەستگیرکردنی سەرپێچیکاران پێشکەش کرد. دووپاتمان کردەوە کە پێویستە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو ڕێکارێکی پێویست له پێناو سەقامگیرکردنی ئاسایش و پاراستنی هاووڵاتییان بگرنەبەر و بە هیچ شێوەیەک، نابێت چاوپۆشی لە بەرامبەر تاوانباران و سەرپێچیکاران بکرێت و دەبێ دیاردەی چەکهەڵگرتنی نایاسایی و چەکی بێ مۆڵەت سنووردار بکرێت و کۆتایی پێ بێت. داواش لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەین کە نەبنە سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی توندوتیژی و ترس و تۆقاندن، بەڵکو دەبێ ڕۆڵی گرنگی خۆیان لە پاراستنی ئارامی و ئاشتی کۆمەڵایەتی بگێڕن. پاشان بەڕێز سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، کورتەیەکی دەربارەی بڵاوبوونەوەی پەتای هەوکردنی پەردەی مێشک (مانەنجایتس) لە نێو منداڵانی پارێزگای هەڵەبجە خستەڕوو و دڵنیاییدا کە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون کراوە و ڕێکاری پێویست گیراوەتەبەر و نەخۆشەکان چارەسەری پێویست وەردەگرن و دۆخەکە لە ژێر کۆنترۆڵدایە.
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی کێشە لە دابەشکردنی مووچە خانەنشینان لە چەند رۆژی رابردوو لە سلێمانی روونکردنەوە دەدات. لە روونکردنەوەی وەزارەتی دارایی هاتووە: "لە چەند رۆژی رابردوودا لەکاتی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەران و خانەنشینان، لە چەند بانکێک لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین جیاکاری لە دابەشکردنی مووچەی چین و توێژە جیاوازەکان کراوە، بەپێی زۆری و کەمی مووچە و پلەکانیان کاتی دابەشکردنی مووچەیان بۆ دیاری کراوە". ئاماژە بەوەشکراوە: "ئەوەی کراوە کاری سەربەخۆی بانکی ناوەندی هەرێم/سلێمانی بووە و بە هیچ جۆرێک وەزارەتی دارایی لێی بەرپرس نییە و بڕیاردەری ئەو کارە رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە". دەقی روونکردنەوەی وەزارەتی دارایی: لە چەند رۆژی رابردوودا لەکاتی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەران و خانەنشینان لە چەند بانکێک لە سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین جیاکاری لەدابەشکردنی مووچەی چین و توێژە جیاوازەکان کراوەو بەپێی زۆری و کەمی مووچە و پلەکانیان کاتی دابەشکردنی مووچەیان بۆ دیاری کراوە. ١- ئەوەی کراوە کاری سەربەخۆی بانکی ناوەندی هەرێم/ سلێمانی بووەو بەهیچ جۆرێک وەزارەتی دارایی لێی بەرپرس نییە و بڕیاردەری ئەو کارە ڕوبەڕوی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە. ٢- دابەشکردنی مووچە بە پێی خشتەی ڕاگەیەنراو دەبێت کە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە کە لە پەیجی فەرمیمان بڵاودەکرێتەوە، هەروەکوو لە رابردوو پەیڕەوکراوە جگە لە وەزارەت کەس مافی دەستکاری و گۆڕانکاری لەخشتەکەدا نییە.
هاوڵاتی تیمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان تائێستا سوورە لەسەر نەگەڕانەوەی بۆ ئەنجومەنی وەزیران و چەندین داواكارییان گەیاندووە بەوەفدی حكومەتی هەرێم كە لەوەزیری شەهیدان و ئاوەدانكردنەوەو ئەوقاف پێكهاتبوون. زیاتر لەشەش مانگە تیمی یەكێتی بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و هەریەك لەوەزیرانی (پلاندانان، رۆشنبیری، كشتوكاڵ، پێشمەرگە، خوێندنی باڵا، سەرۆكی دەستەی ناوچە جێناكۆكەكان، سەرۆكی دەستەی ژینگە، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران) بەشداری كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیرانیان نەكردووە. قوباد تاڵەبانی لە 26ی تشرینی یەكەمی 2022 و وەزیرەكانی یەكێتی لە 11ی كانونی یەكەمی 2022 وە بەشدارییان نەكردووە. نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دوو جارو لەدوو كاتی جیاوازدا داوای لە قوباد تاڵەبانی و تیمی یەكێتی نیشتمانی كردووە بگەڕێنەوە بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام سەرۆكی هەرێم بێهیوا بووە لەچارەسەركردنی ئەو كێشەیە. لە 26ی شوبات سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بەنووسراوی فەرمی، داوای لەتیمی یەكێتی كرد كەبگەڕێنەوە بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، تیمی یەكێتیش وەڵامی نووسراوەكەیان بەفەرمی دایەوە كە لەبەر «رەچاونەكردنی پرەنسیپەكانی هاوبەشیكردن لەبڕیاردانو شێوازی بەڕێوەبردنی حكومەتو بەربەست لەبەردەم پیادەكردنی دەسەڵاتەكان ناگەڕێنەوە بۆ كۆبوونەوەكان». مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەجەژنی نەورۆزی ئەمساڵدا، بەفەرمی لەوتارێكدا داوای لەتیمی یەكێتیی كرد بگەڕێنەوە بۆ ناو كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام قوباد تاڵەبانی هیچ وەڵامێكی فەرمی نەدایەوە. دواتر لەسەر پێشنیاری عەبدوڵای حاجی مەحمود، وەزیری شەهیدان تیمێك كە لەهەریەك لەپشتیوان سادق، سەرۆكی تیمی وزاری پارتی و دانا عەبدولكەریم، ئەندامی تیمی وزاری بزوتنەوەی گۆڕان و عەبدوڵاحاجی مەحمود، وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوان پێكدێت و لەهەولێر رۆژی 17ی نیسان سەردانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمیان كرد. بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی كەزانیاری وردی دەستكەوتووە لەو كۆبوونەوەیەدا، تیمەكەی گۆڕان و پارتی و سۆشیالیست داواكارییەكانی تیمی یەكێتی گەیاندووە بە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و بڕیارە دانوستاندنەكان بەردەوامی هەبێت، بەڵام هیچ ئومێدێك بۆ گەڕانەوەی تیمی یەكێتی لەئێستاداو بەم زووانە بوونی نییە. هەروەها قوباد تاڵەبانی جەختی لەوەكردووەتەوە كە حكومەت بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیانەو پێویستە داهاتەكانی هەرێم بەشێوەیەكی دادپەروەرانە بەسەر پارێزگاو ناوچەكاندا دابەشبكرێتەوە «نەك بەمەبەست سزای دارایی و ئابووری پارێزگای سلێمانی بدرێت و بخنكێندرێت، كەئەوە لای یەكێتی قبوڵكراو نییە». داواكارییە بنەڕەتییەكانی تیمی یەكێتی بۆ مەسرور بارزانی 1-پێدانەوەی تەواوی دەسەڵاتەكانی جێگری سەرۆك وەزیران 2-زیادكردنی دەسەڵاتی وەزیرو سەرۆكی دەستەو بریكارو بەڕێوەبەرە گشتتیەكانی یەكێتی 3-لیژنەیەك پێكبهێندرێت لەسەر دۆسیەی كوژرانی عەقید هاوكار جاف بەهاوبەشی نێوان یەكێتی و پارتی و بەئامادەبوونی هاوپەیمانان تا یەكلایبكرێتەوە 4-راگرتنی سزادانی سلێمانی لەڕووی داراییەوە كەپارەی پێویستی بۆ رەوانە ناكرێت لەداهاتی نەوت. 5-متمانەكردن بەداهاتی نانەوتی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین 6-دابینكردنی بودجە بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین هاوشێوەی پارێزگاكانی هەولێرو دهۆك و جیاوازی نەكردن لەنێوانیاندا. 7-پێدانی پارەی بەڵێندەران و كۆمپانیاكانی دەرمان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە 8-گەڕانەوەی بودجەی هێزەكانی دژەتیرۆری سلێمانی كە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمەوە راگیراوە 9-دەسەڵاتی دامەزراندن لەسنوری سلێمانی بدرێتە قوباد تاڵەبانی كە سەدان میلاكی پێویستیان دەوێت بەتایبەت بۆ تەندروستی و پەروەردە 10-دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەست كە بەڵێنی یەكێتی بووە لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا.
هاوڵاتی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی ئەنجامی چوونی شاندی حکومەتە بۆلای قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران. فەرمانگەی میدیای و زانیاری رایگەیاند،ئەمڕۆ چوارشەممە، 26-04-2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی دەکات. لە کۆبوونەوەکەدا چەند تەوەرەیەک باسیان لێوە دەکرێت و گەنگەشە دەکرێن؛ تەوەرەی یەکەمیان تایبەتە بە خستنەڕووی بەرەنجامی سەردانی تیمی ئەنجومەنی وەزیران بۆ لای جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران. رۆژی 17-04-2023، شاندێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر سەردانی قوباد تاڵەبانییان کرد. شاندەکە پێکهاتبوون لە عەبدوڵلا حاجی مەحموود، وەزیری شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراون، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە. ئەو سەردانەش دوای ئەوە هات کە رۆژی 12-04-2023 لە کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیراندا جگە لە پلانی حکومەت، باسی گەڕانەوەی تیمی یەکێتی کرا و عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراون، پێشنیازیکرد شاندێکی ئەنجوومەنی وەزیران سەردانی قوباد تاڵەبانی بکەن بۆ ئەوەی رازی بکەن بگەڕێتەوە و مەسرور بارزانیش پێشنیازەکەی قبووڵکردووە. لە تەوەرەی دووەمی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا باس لە پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران لە لایەن وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە دەخرێتە ڕوو. بڕگەی سێیەم و کۆتایی تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی پرۆژەیاسای بەرکارکردن و هەموارکردنی یاسای رێکخستنی کاری دڵنیاییی عێراق.
سەركۆ جەمال كەیسی دەستدرێژیكردنەسەر منداڵێكی حەوت ساڵ لەقوتابخانەیەكی هەولێر لەسەرەتای مانگی دووی ئەمساڵ ئاشكرابوو، راپۆرتی پزیشكی ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە دەستدرێژی كراوەتەسەر ئەو منداڵە، بەڵام هێشتا دادگا بڕیاری كۆتایی نەداوەو مامۆستاكەش دەستبەسەرە. سوعاد ئەلنەسیمی خەڵكی مەغریبەو لەهەولێر دادەنیشێت و هاوسەرەكەی ئەڵمانیە، دایكی منداڵەكە دەڵێت: «سێ مانگ لەمەوپێش گیرفانی كچەكەم پارەو زێڕی تێدابوو، دواتر ئەنگوستیلەیەكی زێڕم لەگیرفانی دۆزییەوەو پێم وت كێ ئەو پارەیەی پێداوی؟ وتی برادەرەكانم پێیان داوم، بەڵام برادەر 25 هەزاری پێنادات». هەروەها وتیشی:» كچەكەم پێی وتم راهێنەرەكەم ئەنگوستیلەیەكی زێڕی بەدیاری پێداوم». سوعاد ئەلنەسیمی دەشڵێت: «سەرەتا لەژووری وەرزشی قوتابخانەكە دەستدرێژییەكە كراوەتەسەر، پێشتر كامێرای چاودێری نەبووە، ئێستا كامێرای چاودێرییان داناوە، پێموایە دیمەنی كامێراكانی چاودێری سڕدراوەتەوە.» «سكاڵام لەسەر ئەو كەسەیە دەستدرێژی سێكسی كردووەتەسەر كچەكەم، قوتابخانەكەش نەیانتوانیوە بیپارێزن سكاڵام لەسەر ئەوانیش هەیە»، دایكی كچەكە وای وت. پارێزەری كچە حەوت ساڵانەكە دەڵێت:»دەركەوت كەئەو منداڵە دەستدرێژیی سێكسی كراوەتەسەر». كارزان سەید تەحسین، پارێزەری كچەكە بەهاوڵاتی وت:» دەركەوت ئەو منداڵە دەستدرێژیی سێكسی كراوەتەسەری و دادگا فەرمانی كردووە كە راپۆرتی پزیشكی بكرێت و بەپێی راپۆرتەكەش منداڵەكە زیاتر لەجارێك دەستدرێژیی كراوەتەسەر». «منداڵەكە لەپێش دادوەر باسی ئەوەی كردووە كە مامۆستای وەرزش دەستدرێژی كردووەتەسەری «. كارزان سەید تەحسین وادەڵێت. موونا یاقوو، سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێم لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بەدواداچوونمان كردووەو چووینەتە قوتابخانەكەو لەگەڵ بەڕێوەبەرەكەی دانیشتین، دواتر چووینە ماڵی كچەكەو لەگەڵ دایك و باوكی دانیشتین، بەنیازین مامۆستاكەش ببینین كەڕاگیراوەو دەزگا ئەمنیەكانیش دەبینین تابزانین لێكۆڵینەوەكان گەیشتوون بەكوێ». هەروەها وتیشی:»بەڵگەی زۆر نییە لەسەر كەیسەكە، بەڵام پارێزەری هەیەو هێشتا نەگەیشتووەتە ئەوەی لەدادگا دۆسیەكە یەكلایی ببێتەوە». وەك سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی كوردستان دەڵێت:»تائێستا مامۆستاكە دانی بەتاوانەكەیدا نەناوەو هیچ كەسێكی دیكەش سكاڵای تۆمارنەكردووە كەمنداڵەكەی لەلایەن ئەو مامۆستایەوە دەستدرێژی كرابێتەسەر». قوتابخانەی فەڕەنسی لەهەولێر ناسراوەو لەسلێمانیش قوتابخانەیەكیان هەیە، ساڵانە بڕی شەش هەزار دۆلار لەخانەوادەی هەر قوتابییەك وەردەگرن، هاوڵاتی چەندینجار پەیوەندی پێوەكردن، بەڵام سەرەڕای ئەوەی داوایانكرد بەئیمەیڵ پرسیارەكان بنێردرێت وەڵامیان نەدایەوە. كچە حەوت ساڵانەكە لەوتەكانیدا بۆ كەسوكارەكەی و پۆلیس وتوویەتی:»مامۆستاكە جاروبار دەیبردم بۆ هۆڵی قاتی ژێرەوەی قوتابخانەكە یاخود سەرەوەو دەیوت یاریت لەگەڵ دەكەم، بەڵام ئەزیەتی دەدام و منیش دەستمدەكرد بەگریان، بەڵام دەیوت ئەگەر قسە بكەی لەلای دایك و باوكت و كەسی دیكە ئەوا دەتكوژم، دەمووچاویشی دەبەستمەوە و دەستی پێدا دەهێنام و دەستدرێژی دەكردەسەرم». ئەو مامۆستایەی تۆمەتبار دەكرێت بەوەی دەستدرێژی كردووەتەسەر كچە حەوت ساڵانەكە خەڵكی دیمەشقی سوریایەو تەمەنی سەروو 30 ساڵەو زیاتر لەدوو ساڵە لەو قوتابخانە فەڕەنسییە وانە دەڵێتەوە. تۆمەتبار بەمادەی 393 دەستگیركراوە، بەپێی ماددەكە سزای ئەو كەسانە دەستنیشانكراوە كەدەستدرێژیی سێكسی دەكەنەسەر منداڵانی خوار تەمەن 18 ساڵ و سزاكەی بەندكردنی سەرووی 10 ساڵە تازیندانی هەتا هەتایی. قوتابخانەی دانێڵ میتران ئەهلی فەرەنسی لەهەولێر، پێشتر لەڕوونكردنەوەیەكدا رایگەیاند: «تۆمەتی دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر منداڵێك لەژێر لێكۆڵینەوەدایە، لەگەڵ پێشكەشكردنی سكاڵاكە، مامۆستا تۆمەتبارەكە لەلایەن قوتابخانەكەوە لەكارەكەی دوورخراوەتەوە.
هاوڵاتی شەوی رابردو ژمارەیەک تۆمەتبار هەوڵیانداوە بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی بچنە ناو نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد ڕەشیدی مناڵان لە سلێمانی، لەئەنجامیشدا شەڕ و دەمەقاڵێ دروستبوە و دو کارمەندی پۆلیس کە پاسەوانی نەخۆشخانەکەن برینداربون. دکتۆر پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد ڕەشیدی مناڵان لەبارەی روداوەکەوە رایگەیاند، درەنگانی شەوی رابردو کەسوکاری نەخۆشێک هەوڵیداوە بچێتە ناو نەخۆشخانەکەیانەوە بەمەبەستی سەردانیکردنی منداڵێکی نەخۆش، لەلایەن پۆلیسی پاسەوانی نەخۆشخانەکەش پێیڕاگەیەندراوە، دایک و باوکی منداڵەکە لەناو نەخۆشخانەکەن و رێگەی پێنەدراوە. وتیشی، دوای چەند سەعاتێک ئەو کەسە لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە بە چەک ھەڵیانکوتایەسەر نەخۆشخانەکە و تەقەیەکی زۆریان کرد بەناو نەخۆشخانەکەدا. د.پشدەر عەبدوڵا راشیگەیاند، لە ئەنجامی تەقەکان دوو پۆلیسی نەخۆشخانەکە برینداربوون و یەکێکیان قاچی شکاوە و ئێستا لە نەخۆشخانەی شار چارەسەر وەردەگرن، سەرجەم تۆمەتبارەکانیش لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران. هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لەبارەی رووداوی تەقەکردن لە نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی و برینداربوونی دوو کەس لە بەرەبەیانی ئەمڕۆدا، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێ ئەوانەی تەقەیان کردووە لەژێر کاریگەریی ماددە کهوولییەکاندا بوون. بەپێی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی، دوو کەسەکە بە تۆمەتی تەقەكردن لە نەخۆشخانەی منداڵان و برینداركردنی كارمەندێكی پۆلیس و كارمەندێكی نەخۆشخانەكە، دەستگیركراون. لەئێستادا هەریەك لەتۆمەتباران، (ش، خ، أ) لەدایکبووی ١٩٨٥ و (ئ، خ، م) لەدایکبووی ٢٠٠٣ ن بەپێی ماددەی ٢٣٢ لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە و لەئێستادا ھەردوو برینداری ڕووداوەکە لەنەخۆشخانەن و چارەسەری پزیشكی وەردەگرن و دۆخی تەندروستییان جێگیرە
ژمارەی خۆکوشتن لە ئێران بەرز دەبێتەوە و سێ پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان زیاترین مەرگ بەهۆی خۆکوژیەوە تۆمار دەکەن. ناوەندیی زانیارییە کراوەکانی ئێران (iranopendata.org) بڵاوی کردوەتەوە کە لە نوێترین توێژینەوەدا دەرکەوتوە ئاماری خۆکوشتن لە ماوەی 10 ساڵدا 40% زیادی کردوە و پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام و لوڕستان زۆرترین رێژەی خۆکوژیان بەراورد بە پارێزگاکانی ئەو وڵاتە تۆمار کردوە. لە ئامارەکاندا دەرکەوتوە لە رۆژهەڵات و پارێزگاکانی ئێران ساڵانە زیاتر پێنج هەزار کەس خۆیان کوشتوە لە کاتێکدا ساڵانی رابردو ژمارەی خۆکوشتن لە ساڵێکدا نزیکەی سێ هەزار و 500 کەس بوە. پۆلیسی ئێران بڵاوی کردوەتەوە کە لە ماوەی 10 ساڵی رابردودا 40 هەزار مەرگی بە روداوی خۆکوشتن تۆمار کردوە کە ئەو ژمارەیە دوو هێندەی ئەنجامدانی تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست بوە لە وڵاتەکە. لە توێژینەوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە لەگەڵ خراپبونی دۆخی ئابوریی و سەرهەڵدانی قەیرانەکان لە ئێران رێژەی خۆکوژیی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بوەتەوە و لە دوای ساڵی 2010 زیاترین قەیرانی (ئابوریی، سیاسیی، کۆمەڵایەتیی) روبەڕوی وڵاتەکە بوەتەوە. ئامارەکان دەریانخستوە لە ساڵی 2016 تا ساڵی 2021 نێوەنجی مەرگ بەهۆی خۆکوژیی، ساڵانە چوارهەزار و 200 کەس بوە و لەو پێنج ساڵەدا زیاترین مردن بەهۆی خۆکوژییەوە لە کرماشان بە رێژەی (11.78%) و ئیلام بە رێژەی (11.49%) و لە لوڕستان (8.81%) مردن بەهۆی خۆکوژیەوە تۆمار کراوە.
هاوڵاتی عهبدوڵای كوێخا موبارهك له یهكهمین لێدوانیدا لهبارهی كوژرانی كوڕهكهی، پهیامێكی ئاڕاستهی كهسوكاری كرد و رایگهیاند، جگه لهو چهند كهسهی كه "دیاریكراون و شاراوه نین" دهست بۆ هیچ كهس و لایهن و هێزێك نهبرێت له چهمچهماڵ و هیچ شوێنێكی دیكهی كوردستاندا. عهبدوڵای كوێخا موبارهك ئهمشهو له لێدوانێكدا لهكاتی ناشتنی تهرمی كوڕهكهی له چهمچهماڵ، رایگهیاند، "ئهم گهنجهی ئێمه كه كوژرا، زۆر تایبهت بو، زۆر خۆشهویست و شیرین بو، بههۆی ئهوهی گهنجێكی خاوهن پێداویستی تایبهت بو، چهند ساڵێك لهمهوبهر توشی روداوی هاتوچۆ ببو، هیچ پهیوهندیهكی به ململانێی دوژمنداری و سیاسیهوه نهبو، تهنانهت توانای چهكداریشی نهبو، مهگهر بۆ خۆشی رهسمی به چهكهوه گرتبێت". ههروهها راشیگهیاند، ئهو كوڕهی من پهیوهندی به ناكۆكی سیاسی نهبوو، ئهو گهنجه بههۆی رووداوێكی هاتووچۆ كهمئهندام بوو، پهیوهندی به پرسی سیاسییهوه نهبوو. ئاماژهی بهوهشكرد، "كارێكی نامرۆڤانهی نامهردیه كه ئێمه برا و كوڕی ترم ههیه و ئاڵاون بهو كهسهوه كه خاوهن پێداویستی تایبهته، خودا عهفوی بكات و ههر روداوێك كه بهسهرماندا بێت ههر شوكری خودای گهور دهكهم، ئێمه پهیوهستین بهو رێسا و یاسایهی كه شهریعهت و دینی ئیسلام بۆمانی داناوه و داوا له ههمو خزم و كهسوكار دهكهین نامانهوێت دۆخی كوردستان كه خۆی نالهباره زیاتر تێكبچێت، دهبێت ئارامی و ههرێمی كوردستان و چهمچهماڵ لهسهروی رۆحی منیشهوه بێت نهك كوڕهكهم" پاشنیوهڕۆی ئهمڕۆ سێشهممه لە چەمچەماڵ تەقە لە سهرههد عهبدوڵا كوێخا موبارهك كرا و گیانی لهدهستدا، بهگوێرهی زانیاریهكان روداوهكه لهسهر كێشهیهكی كۆمهڵایهتی بوه.
هاوڵاتی ئێوارەی ئەمڕۆ لە چەمچەماڵ دەستڕێژی گولـلە لە کوڕێکی عەبدوڵڵا کوێخا موبارەک کرا و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا. ئهمڕۆ سێشهممه لە چەمچەماڵ تەقە لە سهرههد عهبدوڵا كوێخا موبارهك کراوە کە تەمەنی 22 ساڵە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە و هەر ئەمشەو بەخادەسپێردرێت. بەپیی زانیاریەکان، گرفتەکە لەنێوان ماڵێک و ئەو کوڕەی عەبدوڵای کوێخا موبارەکدا بووە و دوابەدوای رووداوەکەش ماڵی ئەو کەسەی کە تەقەی لە کوڕەکەی عەبدوڵای کوێخا موبارەک کردووە بەتەواوی سوتێندراوە و چەندین ماڵیش لە دەوروبەریدا بەهۆی دەستڕێژی گولەوە زیانیان پێگەیشتووە. هاوکات بە پێی چەند سەرچاوەیەک پێشتر کێشە لەنێوان هەردوولادا هەبووە و ساڵی رابردوو کێشەیەکی کۆمەڵایەتییان هەبووە کە بەهۆی ئەو رووداوەوە بووە،پێشتر سکاڵا لەدژی کوڕەکەی عەبدوڵای کوێخا موبارەک تۆمارکراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە داڵدە دراوە و ماوەیەک کوڕەکە لە هەولێر ماوەتەوە و دواتر گەڕاوەتەوە بانی مەقان بۆلای باوکی و هیچ رێکارێکی یاسایی بەرامبەر نەگیراوەتەبەر. لە ئێستادا ڕوداوەکانی هێرشکردنە سەر ماڵان و بەکارهێنانی چەک و توندوتیژی بە ناوی کێشەی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان لە زیادبوندایە. هەر ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆ لە ڕاگەیاندراوێکدا داوایکرد ھیچ حزبێک لە بۆنەکاندا چەک وەکو دیاری نەبەخشێتە ئەندام و لایەنگرانیان، داواش لە ھاووڵاتیان دەکات لە جێگەی چەک بە گفتوگۆ و لە رێگەی دادگاوە کێشەکانیان چارەسەر بکەن. وەزارەتی ناوخۆ داواش لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکات پەرە بە کلتوری ناتوندوتیژی بدەن و ھانی ھاووڵاتیان بدەن تا بۆ چارەسەری کێشەکانیان پەنا بۆ گفتوگۆ و دادگاکان بەرن، دەشڵێت، پێویستە لەھەمو بارەگای لایەنە سیاسییەکاندا کۆگای ھەڵگرتنی چەک ھەبێت تاوەکو تەنھا لەکاتی پاسەوانیدا چەک ھەڵبگیرێت.
هاوڵاتی لە پارێزگای ئامەدی باکوری کوردستان چەندین ۆژنامەنووس، سیاسەتمەدار، پارێزەر و هونەرمەند دەستگیرکران. بەگوێرەی میدیاکانی باکوری کوردستان، لە ئۆپراسیۆنەکەدا عەبدولرەحمان گۆک سەرنوسەری ئاژانسی میزۆپۆتامیا، ئەحمەد کانبال پەیامنێری میزۆپۆتامیا، عوسمان ئاکن بەڕێوەبەری نووسینی ڕۆژنامەی یەنی یاشام، قادر ئەسەن خاوەن ئیمتیازی ڕۆژنامەی خۆبوون، خالس داکالی هاوسەرۆکی لقی ئامەد لە کۆمەڵەی پارێزەران و مافناسانی ئازادی و پارێزەر، پارێزەران ئۆزوم ڤورگون، بونیامین شەکەر، بەردان ئاجون، پیرۆزخان کارالی، سەزەن مەرجان ڕاوێژکاری ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هاوسەرۆکی دەبەپە ساڵیحە ئایدەنیز، لە شانۆی شاری ئامەد یاوز ئاککوزو، ئۆزجان ئاتەش و ئەلڤان کۆچەر یڵدرم و ژمارەیەکی زۆر سیاسەتمەدار دەستگیرکران. تەیب تەمەل جێگری هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە ناڕەزایەتیی دژی ئەم ئۆپراسیۆنە دەربڕی و وتی، "دەسەڵات جارێکی دیکە پێش هەڵبژاردنەکان لە ترسی دۆڕاندنی خۆی دەستی بە ئۆپەراسیۆن و دەستگیرکردن کردەوە. سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دەیان هاوڕێمان، لەنێویاندا ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی، جێگرانی هاوسەرۆک، ڕۆژنامەنووسان، هونەرمەندان و پارێزەران لە ئامەد دەستگیرکران، بەڵام ئێوە لە دۆڕان و ڕووخان ڕزگارتان نابێت". مەهدی ئۆزدەمیر جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی پارێزەرانی ئامەد بۆ ئاژانسی میزۆپۆتامیا وتی، بە فەرمانی داواکاری گشتی نزیکەی ١٥٠ کەس دەستگیرکراون. ئۆزدەمیر وتیشی: "ئۆپەراسیۆنەکە هێشتا بەردەوامە. دەستگیرکردن بەردەوامە، پشکنین و گەڕان لە نوسینگەی زۆرێک لە هاوڕێی پارێزەرەکانمان بەردەوامە. تا ئێستا هۆکاری ئەو هەڵکوتان و دەستگیرکردنانە ئاشکرا نەکراوە. هیچ هۆکارێک و بیانوویەک بە ئێمە نەوتراوە. ئۆپەراسیۆنەکە لە دژی پیشە جیاوازەکانە. هونەرمەندان، سیاسەتمەداران، نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پارێزەران لەخۆدەگرێت. لێکۆڵینەوەیەکی گشتییە" . هەروەها کۆمەڵەی پارێزەران و مافناسانی ئازادی لە هەژماری میدیا دیجیتاڵییەکەیاندا ڕایانگەیاند، لە ئامەد، ئێلح و ڕحا ڕۆژنامەنووسان، هونەرمەندان، سیاسەتمەداران و هاوڵاتیان دەستگیرکراون.
هاوڵاتی ڕۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردۆتەوە، هەناردەکردنی نەوتی هەریم چەند نیشانەیەکی دیاریکراوی نیشانداوە بۆ دەستپێکردنەوە دوای نزیکەی مانگێک لە وەستان، لە کاتێکدا لایەنەکانی ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و تورکیا هێشتا چارەسەر نەکراون. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕۆژی دووشەممە لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، کە هەریەک حکومەتی هەرێمی کوردستان و سۆمۆ دەیانەوێت هەناردەکردنی نەوتی هەریم لە سەرەتای مانگی پێنج دەستپێبکاتەوە . هەر ئەو سەرچاوەیە ڕایانگەیاندووە کەئەوە کارێکی محاڵەو بە لایەنی کەمەوە دوو بۆ سێ هەفتە زیاتریشی پێدەچێت. رۆیتەرز لەسەر زاری سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەڵێت، تورکیا دەیەوێت تاوەکو دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کە بڕیارە لە 14ـی ئایاری ئەمساڵ لە تورکیا بەڕێوەبچێت، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دوابخات. هاوکات دەیەوێت پێش ئەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، هەموو ئەو کەیسانەی تایبەت بە نەوتی هەرێمی کوردستانن، کە تائێستا لە دادگەی نێوبژیوانی نێودەوڵەتی یەکلایی نەبوونەتەوە، یەکلایی بکاتەوە بەتایبەت هەوڵدەدات گفتوگۆی تایبەت لەگەڵ بەغدا بکات سەبارەت بەو 1.5 ملیار دۆلارەی کە فەرمانی پێکراوە بیدات بە عێراق لە دۆسییەی دادگاییکردنەکەدا. ئەو ئاژانسە دەشڵێت، ئامادەنەبوونی عێراق بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پرسە، تورکیای نیگەران کردووە دوای ئەوەی لە 25ـی ئادارى رابردووەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لەلایەن تورکیاوە راگیرا ئەمەش بەهۆى بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس دارایی هەرێمی کوردستان بەهۆی نەبوونی داهاتی نەوتەوە دەناڵێنێت وداهاتی لەدەستچوو بەهۆی ڕاگرتنی نەوتی خاوی برێنت گەیشتۆتە زیاتر لە 850 ملیۆن دۆلار، بەپێی خەمڵاندنەکانی ڕۆیتەرز لەسەر بنەمای هەناردەکردنی 375 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕازی بووە بە کۆمپانیای بازاڕکردنی نەوتی خاوی عێراقی (SOMO) بۆ بازاڕکردنی نەوتی خاوی خۆی، کە سنووردار دەکرێت لە ڕۆیشتن بۆ ئاسیا و نرخەکانی بەرامبەر بە نرخی فەرمی فرۆشتنی کەرکوک (OSPs) سنووردار دەکرێت. ڕۆیتەرز دەڵێت، گرێبەستەکانی سۆمۆ هێشتا لە ژێر گفتوگۆدان، بەڵام میکانیزمی گەڕاندنەوەی قەرزەکانی بازرگانان هێشتا ڕوون نییە. هەروەها بەگوێرەی ڕێکەوتنەکەی 4 نیسان داهاتی نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەژمارێکی بانکی بانکی عێراقی لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان دادەنرێن، بەڵام بەغدا دەتوانێت چاودێری و پشکنینی بۆ بکات لەگەڵ ئەوەشدا، وردەکارییەکان سەبارەت بە هەژمارە بانکییەکە لەژێر پێداچوونەوەدایە، لەوانە شوێنەکەی، کە پێدەچێت بنکەکەی لە دەرەوەی وڵات بێت. هاوکات ئەو کێڵگانەی کە هێشتا لە کاردان بریتین لە خورملە، کە بەرهەمهێنانی لە نزیکەی 135 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بۆ 100 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمکردەوە، بەپێی سەرچاوەیەکی ئاشنا بە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەو کێڵگە نەوتییە . هەروەها بەگوێرەی وتەبێژی کۆمپانیای جینێل ئینێرجی کێڵگەی تەقتەق بەردەوامە لە بەرهەمهێنان و خەزن دەکرێت.
رێکخراوێک ئاشکرای دەکات هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە حەوت مانگی رابردودا زیاترین تاوانیان بەرامبەرا منداڵان و لاوان ئەنجام داوە و دەیان منداڵ لە لایەن ئەو هێزانەوە دەستدرێژیی کراوەتەوە سەریان و ئەشکەنجە دراون. رێکخراوی ھیومن رایتس وۆچ ئەمڕۆ سێشەمە راپۆرتێکی پێشێلکارییەکانی دەسەڵاتی ئێرانی بەرامبەر منداڵان و لاوان لە دوای خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ناوچەکانی ئەو وڵاتە بڵاو کردەوە و رایگەیاندوە؛ هێزە ئەمنییەکان تاوانی ئەشکەنجە و دەستدرێژییان بەرامبەر بەو منداڵانە کردوە و ژمارەیەکیشیان بێسەروشوێن کراون. روانگەی مافەکانی مرۆڤ (ھیومن رایتس وۆچ) ئاماژەی بەوە کردوە لە رێگەی چاوپێکەوتن و وەرگرتنی وتەی ژمارەیەک منداڵ و لاو کە لە ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی دەستگیر کراون، بەشێک لە تاوانەکانی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەرامبەر منداڵان ئاشکرا بوە. بە پێی راپۆرتەکە؛ زۆربەی منداڵان و لاوانی تەمەن 13 بۆ 16 کە بە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان دەستگیر کراون لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بە توندی و بە داری کارەبایی ئەشکەنجە کراون و ژمارەیەکیان روبەڕوی دەستدرێژیی سێکسی بونەتەوە و تەنانەت دوای زیاتر لە شەش مانگ ژمارەیەک لەو دەستگیرکراوانە بێسەروشوێنن و چارەنوسیان نادیارە. ھیومن رایتس وۆچ ئاشکرای کردوە مێرمنداڵێکی 16 ساڵ دوای دەستگیرکردنی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئەشکەنجە کراوە و دواتر دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەری و دوای ئازادکردنی دوو جار هەوڵی خۆکوشتنی داوە و چیرۆکی زۆربەی ئەو منداڵان و مێرمنداڵانەی دەستگیر کراون هاوشێوەیە و چەند کەسێکیان خۆیان کوشتوە. هێزە ئەمنییەکان ئەو دەستگیرکراونەیان ناچار کردوە بە دانپێدانانی ناڕاست و تۆمارکردنی وتەکانیان بۆیە دوای ئازادکردنیان ژمارەیەک زۆر لە قوربانییەکان هەوڵی خۆکوشتنیان داوە. ئەو رێکخراوەیە لە راپۆرتەکەدا جەختی لەوە کردوەتەوە لە دوای ناڕەزایەتییەکان، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران سەرکوتی توندیان بەکارهێناوە و دەستیان لە هیچ جۆرە توندوتیژییەک و تەنانەت نادادپەروەیی بەرامبەر منداڵان و لاوان نەپاراستوە و لە دادگاکانیشدا رێگەیان نەداوە پارێزەریان هەبێت. ھیومن رایتس وۆچ چیرۆکی ژمارەیەک منداڵ و لاوی دیکەی بڵاو کردوەتەوە کە روبەڕوی دەستدرێژیی و ئەشکەنجە و سەپاندنی سزای توند لە دادگاکانی ئێران بونەتەوە و رایگەیاندوە وتەی سەرجەم ئەو قوربانییانە کراوەتە بەڵگە و دۆکۆمێنت. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بڵاویان کردوەتەوە لە ناڕەزایەتییەکاندا لانیکەم 68 منداڵ بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون. لە کاتی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگری ژینا ئەمینی جگە لە کوژرانی نزیکەی 600 کەس زیاتر لە 39 هەزار کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستگیرکران کە ژمارەیەکیان منداڵ و مێرمنداڵ بون و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و تەلەفیزیۆنی سی ئێن ئێن لە ئەمریکا بەڵگەی دەستدرێژیکردنی ژمارەیەک لەو قوربانییانەیان بڵاو کردەوە کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە تاوانیان بەرامبەر کراوە.
هاوڵاتی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم بڕیاریدا بەپێکهێنانی لیژنەیەکی پزیشکی و پسپۆڕ بەمەبەستی سەردانیکردنی سلێمانی و هەڵەبجە بۆ لێکۆڵینەوە لەرێکارەکانی پەتازانی و رەوشی نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشک لەنێو منداڵان. بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردەوە ڕایگەیاند، لەپێناو بەدواداچونی ڕەوشی نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشک (التهاب الصحايا Meningitis) لەنێو منداڵان، وەزارەتی تەندروستی بڕیاریدا بە پێکهێنانی لێژنەیەکی پزیشکی و پسپۆڕی فراوان بۆ سەردانیکردنی مەیدانی شاری هەڵەبجە و سلێمانی. هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ئامانجی لیژنەکە بەدواداچون و لێکۆڵینەوەی زانستیە لە ڕێکارەکانی پەتازانی و دۆزینەوەی حاڵەتەکان و دەسنیشانکردن و چارەسەریەکان و پێداویستیەکانی ڕەوشی ئەم نەخۆشیە لە نەخۆشخانەکانی منداڵان. مانگێک زیاترە نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک وەکو نەخۆشییەکی مەترسیدار لە پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانی سەریهەڵداوە، نزیکەی 200 تووشبوو بەو نەخۆشییە لەو دوو پارێزگایە تۆماکراون، بەرپرسانی تەندروستی دەڵێن، سەرجەمی نەخۆشەکان منداڵن، نەخۆشییەکە لە هەولێر و دهۆکیش هەیە. هەوکردنی پەردەی مێشک، بریتییە لە هەوکردنی پەردەی دەوروبەری مێشک و دڕکه پەتک، نەخۆشییەکە لەرێگەی خوێن یان دەستلێدانەوە دەگوێزرێتەوە، درەنگ دەستنیشانکردن و چارەسەرنەکردنیشی ئەگەری مردنی تووشبووەکەی لێدەکەوێتەوە. لیژنەکەی وەزارەتی تەندروستی لە حەوت کەس پێکهاتوون کە چواریان پزیشکن، لەگەڵ دەرمانسازێک لە دیوانی وەزارەتی تەندروستی و یاریدەدەرێکی پزیشک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە، لەگەڵ تێبینەرێک.
هاوڵاتی بهیانى ئهمڕۆ هێزێك لهشارى ههولێر بهئۆتۆمبێلى جام ڕهش ههڵیانكوتاوهته سهر ماڵى چالاكوانی سیاسى عەلی مەحمەد محەمەد و ڕفاندویانه. شارپرێس لە زاریی ڕێبازهاشم ئەندامی مەڵبەندی هەولێری حزبی شیوعی کوردستان ڕایگەیاند "بەیانی ئەمڕۆ بە هێزێکى چهكدار بەئۆتۆمبێلی جامڕەش هەڵیانکۆتاوەتەسەر ماڵی عەلی سیاسی چالاکوانی بواری جینۆسایدو کۆمەڵگەی مەدەنیو بەرەو جێگهیەکی نادیار ڕفاندویانهو تائێستا شوێنی نادیارە". ئەو بەرپرسە وتوشێتی،"ئهوكهسهى ڕفێندراوه چالاکوانی بواری جینۆسایدو کۆمەڵگەی مەدەنیهو تائێستا بێسهروشوێنه". باسی لەوەشکردووە لە ئێستادا لە هەوڵدان بۆ ئەوەی بزانن ئهو چالاكوانه بۆ كوێ براوهو هۆكارى ههڵكوتانهسهر ماڵهكهیىو ڕفاندنو دواتر پشكنینى ماڵهكهى چییه. هاوکات دەڵێت " تائێستا هۆكارهكهی نازانن ". عەلی مەحموود چالاکوانی بواری جینۆساید و ئەندامی ئەنجوومەنی باڵا و ئەندامی دامەزرێنەری یەکێتیی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان بوو یەکێتیی نووسەرانی جینۆسایدیش دەڵێت: "لە ماڵەکەی خۆیدا رفێندراوە." دەشڵێت، دامودەزگا پەیوەندیدارەکان لەو بارەیەوە ئاگادار دەکەینەوە بۆ سۆراخکردن و ئاشکرا کردنی چارەنوسی و پاراستنی سەلامەتی گیانی عەلی مەحمود محەمەد. هەروەها بە گوێرەی زانیارییەکانی شارپرێس بڵاویکردۆتەوە ، هۆكارى دهستگیركردنى ئهو چالاكوانه بۆ ئهوه دهگهڕێتهوه، پێشتر عهلى سیاسى، باوكى قائیمقامى ههولێرى تۆمهتبار كردوه بهوهى، دهستی ههبوه لهئهنفالكردنى باوكو بهشێك لهكهسوكارهكهییو لهبهرامبهریشدا قائیمقامى ههولێر سكاڵاى لهسهر تۆماركردوهو داواى سهلماندنى ئهو زانیاریانه دهكات.
