هاوڵاتی لە پارێزگای ئامەدی باکوری کوردستان چەندین ۆژنامەنووس، سیاسەتمەدار، پارێزەر و هونەرمەند دەستگیرکران. بەگوێرەی میدیاکانی باکوری کوردستان، لە ئۆپراسیۆنەکەدا عەبدولرەحمان گۆک سەرنوسەری ئاژانسی میزۆپۆتامیا، ئەحمەد کانبال پەیامنێری میزۆپۆتامیا، عوسمان ئاکن بەڕێوەبەری نووسینی ڕۆژنامەی یەنی یاشام، قادر ئەسەن خاوەن ئیمتیازی ڕۆژنامەی خۆبوون، خالس داکالی هاوسەرۆکی لقی ئامەد لە کۆمەڵەی پارێزەران و مافناسانی ئازادی و پارێزەر، پارێزەران ئۆزوم ڤورگون، بونیامین شەکەر، بەردان ئاجون، پیرۆزخان کارالی، سەزەن مەرجان ڕاوێژکاری ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هاوسەرۆکی دەبەپە ساڵیحە ئایدەنیز، لە شانۆی شاری ئامەد یاوز ئاککوزو، ئۆزجان ئاتەش و ئەلڤان کۆچەر یڵدرم و ژمارەیەکی زۆر سیاسەتمەدار دەستگیرکران. تەیب تەمەل جێگری هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە ناڕەزایەتیی دژی ئەم ئۆپراسیۆنە دەربڕی و وتی، "دەسەڵات جارێکی دیکە پێش هەڵبژاردنەکان لە ترسی دۆڕاندنی خۆی دەستی بە ئۆپەراسیۆن و دەستگیرکردن کردەوە. سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دەیان هاوڕێمان، لەنێویاندا ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی، جێگرانی هاوسەرۆک، ڕۆژنامەنووسان، هونەرمەندان و پارێزەران لە ئامەد دەستگیرکران، بەڵام ئێوە لە دۆڕان و ڕووخان ڕزگارتان نابێت". مەهدی ئۆزدەمیر جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی پارێزەرانی ئامەد بۆ ئاژانسی میزۆپۆتامیا وتی، بە فەرمانی داواکاری گشتی نزیکەی ١٥٠ کەس دەستگیرکراون. ئۆزدەمیر وتیشی: "ئۆپەراسیۆنەکە هێشتا بەردەوامە. دەستگیرکردن بەردەوامە، پشکنین و گەڕان لە نوسینگەی زۆرێک لە هاوڕێی پارێزەرەکانمان بەردەوامە. تا ئێستا هۆکاری ئەو هەڵکوتان و دەستگیرکردنانە ئاشکرا نەکراوە. هیچ هۆکارێک و بیانوویەک بە ئێمە نەوتراوە. ئۆپەراسیۆنەکە لە دژی پیشە جیاوازەکانە. هونەرمەندان، سیاسەتمەداران، نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پارێزەران لەخۆدەگرێت. لێکۆڵینەوەیەکی گشتییە" . هەروەها کۆمەڵەی پارێزەران و مافناسانی ئازادی لە هەژماری میدیا دیجیتاڵییەکەیاندا ڕایانگەیاند، لە ئامەد، ئێلح و ڕحا ڕۆژنامەنووسان، هونەرمەندان، سیاسەتمەداران و هاوڵاتیان دەستگیرکراون.
هاوڵاتی ڕۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردۆتەوە، هەناردەکردنی نەوتی هەریم چەند نیشانەیەکی دیاریکراوی نیشانداوە بۆ دەستپێکردنەوە دوای نزیکەی مانگێک لە وەستان، لە کاتێکدا لایەنەکانی ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و تورکیا هێشتا چارەسەر نەکراون. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕۆژی دووشەممە لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، کە هەریەک حکومەتی هەرێمی کوردستان و سۆمۆ دەیانەوێت هەناردەکردنی نەوتی هەریم لە سەرەتای مانگی پێنج دەستپێبکاتەوە . هەر ئەو سەرچاوەیە ڕایانگەیاندووە کەئەوە کارێکی محاڵەو بە لایەنی کەمەوە دوو بۆ سێ هەفتە زیاتریشی پێدەچێت. رۆیتەرز لەسەر زاری سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەڵێت، تورکیا دەیەوێت تاوەکو دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کە بڕیارە لە 14ـی ئایاری ئەمساڵ لە تورکیا بەڕێوەبچێت، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دوابخات. هاوکات دەیەوێت پێش ئەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، هەموو ئەو کەیسانەی تایبەت بە نەوتی هەرێمی کوردستانن، کە تائێستا لە دادگەی نێوبژیوانی نێودەوڵەتی یەکلایی نەبوونەتەوە، یەکلایی بکاتەوە بەتایبەت هەوڵدەدات گفتوگۆی تایبەت لەگەڵ بەغدا بکات سەبارەت بەو 1.5 ملیار دۆلارەی کە فەرمانی پێکراوە بیدات بە عێراق لە دۆسییەی دادگاییکردنەکەدا. ئەو ئاژانسە دەشڵێت، ئامادەنەبوونی عێراق بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پرسە، تورکیای نیگەران کردووە دوای ئەوەی لە 25ـی ئادارى رابردووەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لەلایەن تورکیاوە راگیرا ئەمەش بەهۆى بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس دارایی هەرێمی کوردستان بەهۆی نەبوونی داهاتی نەوتەوە دەناڵێنێت وداهاتی لەدەستچوو بەهۆی ڕاگرتنی نەوتی خاوی برێنت گەیشتۆتە زیاتر لە 850 ملیۆن دۆلار، بەپێی خەمڵاندنەکانی ڕۆیتەرز لەسەر بنەمای هەناردەکردنی 375 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕازی بووە بە کۆمپانیای بازاڕکردنی نەوتی خاوی عێراقی (SOMO) بۆ بازاڕکردنی نەوتی خاوی خۆی، کە سنووردار دەکرێت لە ڕۆیشتن بۆ ئاسیا و نرخەکانی بەرامبەر بە نرخی فەرمی فرۆشتنی کەرکوک (OSPs) سنووردار دەکرێت. ڕۆیتەرز دەڵێت، گرێبەستەکانی سۆمۆ هێشتا لە ژێر گفتوگۆدان، بەڵام میکانیزمی گەڕاندنەوەی قەرزەکانی بازرگانان هێشتا ڕوون نییە. هەروەها بەگوێرەی ڕێکەوتنەکەی 4 نیسان داهاتی نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەژمارێکی بانکی بانکی عێراقی لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان دادەنرێن، بەڵام بەغدا دەتوانێت چاودێری و پشکنینی بۆ بکات لەگەڵ ئەوەشدا، وردەکارییەکان سەبارەت بە هەژمارە بانکییەکە لەژێر پێداچوونەوەدایە، لەوانە شوێنەکەی، کە پێدەچێت بنکەکەی لە دەرەوەی وڵات بێت. هاوکات ئەو کێڵگانەی کە هێشتا لە کاردان بریتین لە خورملە، کە بەرهەمهێنانی لە نزیکەی 135 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بۆ 100 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمکردەوە، بەپێی سەرچاوەیەکی ئاشنا بە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەو کێڵگە نەوتییە . هەروەها بەگوێرەی وتەبێژی کۆمپانیای جینێل ئینێرجی کێڵگەی تەقتەق بەردەوامە لە بەرهەمهێنان و خەزن دەکرێت.
رێکخراوێک ئاشکرای دەکات هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە حەوت مانگی رابردودا زیاترین تاوانیان بەرامبەرا منداڵان و لاوان ئەنجام داوە و دەیان منداڵ لە لایەن ئەو هێزانەوە دەستدرێژیی کراوەتەوە سەریان و ئەشکەنجە دراون. رێکخراوی ھیومن رایتس وۆچ ئەمڕۆ سێشەمە راپۆرتێکی پێشێلکارییەکانی دەسەڵاتی ئێرانی بەرامبەر منداڵان و لاوان لە دوای خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ناوچەکانی ئەو وڵاتە بڵاو کردەوە و رایگەیاندوە؛ هێزە ئەمنییەکان تاوانی ئەشکەنجە و دەستدرێژییان بەرامبەر بەو منداڵانە کردوە و ژمارەیەکیشیان بێسەروشوێن کراون. روانگەی مافەکانی مرۆڤ (ھیومن رایتس وۆچ) ئاماژەی بەوە کردوە لە رێگەی چاوپێکەوتن و وەرگرتنی وتەی ژمارەیەک منداڵ و لاو کە لە ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی دەستگیر کراون، بەشێک لە تاوانەکانی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەرامبەر منداڵان ئاشکرا بوە. بە پێی راپۆرتەکە؛ زۆربەی منداڵان و لاوانی تەمەن 13 بۆ 16 کە بە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان دەستگیر کراون لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بە توندی و بە داری کارەبایی ئەشکەنجە کراون و ژمارەیەکیان روبەڕوی دەستدرێژیی سێکسی بونەتەوە و تەنانەت دوای زیاتر لە شەش مانگ ژمارەیەک لەو دەستگیرکراوانە بێسەروشوێنن و چارەنوسیان نادیارە. ھیومن رایتس وۆچ ئاشکرای کردوە مێرمنداڵێکی 16 ساڵ دوای دەستگیرکردنی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئەشکەنجە کراوە و دواتر دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەری و دوای ئازادکردنی دوو جار هەوڵی خۆکوشتنی داوە و چیرۆکی زۆربەی ئەو منداڵان و مێرمنداڵانەی دەستگیر کراون هاوشێوەیە و چەند کەسێکیان خۆیان کوشتوە. هێزە ئەمنییەکان ئەو دەستگیرکراونەیان ناچار کردوە بە دانپێدانانی ناڕاست و تۆمارکردنی وتەکانیان بۆیە دوای ئازادکردنیان ژمارەیەک زۆر لە قوربانییەکان هەوڵی خۆکوشتنیان داوە. ئەو رێکخراوەیە لە راپۆرتەکەدا جەختی لەوە کردوەتەوە لە دوای ناڕەزایەتییەکان، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران سەرکوتی توندیان بەکارهێناوە و دەستیان لە هیچ جۆرە توندوتیژییەک و تەنانەت نادادپەروەیی بەرامبەر منداڵان و لاوان نەپاراستوە و لە دادگاکانیشدا رێگەیان نەداوە پارێزەریان هەبێت. ھیومن رایتس وۆچ چیرۆکی ژمارەیەک منداڵ و لاوی دیکەی بڵاو کردوەتەوە کە روبەڕوی دەستدرێژیی و ئەشکەنجە و سەپاندنی سزای توند لە دادگاکانی ئێران بونەتەوە و رایگەیاندوە وتەی سەرجەم ئەو قوربانییانە کراوەتە بەڵگە و دۆکۆمێنت. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بڵاویان کردوەتەوە لە ناڕەزایەتییەکاندا لانیکەم 68 منداڵ بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون. لە کاتی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگری ژینا ئەمینی جگە لە کوژرانی نزیکەی 600 کەس زیاتر لە 39 هەزار کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستگیرکران کە ژمارەیەکیان منداڵ و مێرمنداڵ بون و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و تەلەفیزیۆنی سی ئێن ئێن لە ئەمریکا بەڵگەی دەستدرێژیکردنی ژمارەیەک لەو قوربانییانەیان بڵاو کردەوە کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە تاوانیان بەرامبەر کراوە.
هاوڵاتی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم بڕیاریدا بەپێکهێنانی لیژنەیەکی پزیشکی و پسپۆڕ بەمەبەستی سەردانیکردنی سلێمانی و هەڵەبجە بۆ لێکۆڵینەوە لەرێکارەکانی پەتازانی و رەوشی نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشک لەنێو منداڵان. بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردەوە ڕایگەیاند، لەپێناو بەدواداچونی ڕەوشی نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشک (التهاب الصحايا Meningitis) لەنێو منداڵان، وەزارەتی تەندروستی بڕیاریدا بە پێکهێنانی لێژنەیەکی پزیشکی و پسپۆڕی فراوان بۆ سەردانیکردنی مەیدانی شاری هەڵەبجە و سلێمانی. هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ئامانجی لیژنەکە بەدواداچون و لێکۆڵینەوەی زانستیە لە ڕێکارەکانی پەتازانی و دۆزینەوەی حاڵەتەکان و دەسنیشانکردن و چارەسەریەکان و پێداویستیەکانی ڕەوشی ئەم نەخۆشیە لە نەخۆشخانەکانی منداڵان. مانگێک زیاترە نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک وەکو نەخۆشییەکی مەترسیدار لە پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانی سەریهەڵداوە، نزیکەی 200 تووشبوو بەو نەخۆشییە لەو دوو پارێزگایە تۆماکراون، بەرپرسانی تەندروستی دەڵێن، سەرجەمی نەخۆشەکان منداڵن، نەخۆشییەکە لە هەولێر و دهۆکیش هەیە. هەوکردنی پەردەی مێشک، بریتییە لە هەوکردنی پەردەی دەوروبەری مێشک و دڕکه پەتک، نەخۆشییەکە لەرێگەی خوێن یان دەستلێدانەوە دەگوێزرێتەوە، درەنگ دەستنیشانکردن و چارەسەرنەکردنیشی ئەگەری مردنی تووشبووەکەی لێدەکەوێتەوە. لیژنەکەی وەزارەتی تەندروستی لە حەوت کەس پێکهاتوون کە چواریان پزیشکن، لەگەڵ دەرمانسازێک لە دیوانی وەزارەتی تەندروستی و یاریدەدەرێکی پزیشک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە، لەگەڵ تێبینەرێک.
هاوڵاتی بهیانى ئهمڕۆ هێزێك لهشارى ههولێر بهئۆتۆمبێلى جام ڕهش ههڵیانكوتاوهته سهر ماڵى چالاكوانی سیاسى عەلی مەحمەد محەمەد و ڕفاندویانه. شارپرێس لە زاریی ڕێبازهاشم ئەندامی مەڵبەندی هەولێری حزبی شیوعی کوردستان ڕایگەیاند "بەیانی ئەمڕۆ بە هێزێکى چهكدار بەئۆتۆمبێلی جامڕەش هەڵیانکۆتاوەتەسەر ماڵی عەلی سیاسی چالاکوانی بواری جینۆسایدو کۆمەڵگەی مەدەنیو بەرەو جێگهیەکی نادیار ڕفاندویانهو تائێستا شوێنی نادیارە". ئەو بەرپرسە وتوشێتی،"ئهوكهسهى ڕفێندراوه چالاکوانی بواری جینۆسایدو کۆمەڵگەی مەدەنیهو تائێستا بێسهروشوێنه". باسی لەوەشکردووە لە ئێستادا لە هەوڵدان بۆ ئەوەی بزانن ئهو چالاكوانه بۆ كوێ براوهو هۆكارى ههڵكوتانهسهر ماڵهكهیىو ڕفاندنو دواتر پشكنینى ماڵهكهى چییه. هاوکات دەڵێت " تائێستا هۆكارهكهی نازانن ". عەلی مەحموود چالاکوانی بواری جینۆساید و ئەندامی ئەنجوومەنی باڵا و ئەندامی دامەزرێنەری یەکێتیی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان بوو یەکێتیی نووسەرانی جینۆسایدیش دەڵێت: "لە ماڵەکەی خۆیدا رفێندراوە." دەشڵێت، دامودەزگا پەیوەندیدارەکان لەو بارەیەوە ئاگادار دەکەینەوە بۆ سۆراخکردن و ئاشکرا کردنی چارەنوسی و پاراستنی سەلامەتی گیانی عەلی مەحمود محەمەد. هەروەها بە گوێرەی زانیارییەکانی شارپرێس بڵاویکردۆتەوە ، هۆكارى دهستگیركردنى ئهو چالاكوانه بۆ ئهوه دهگهڕێتهوه، پێشتر عهلى سیاسى، باوكى قائیمقامى ههولێرى تۆمهتبار كردوه بهوهى، دهستی ههبوه لهئهنفالكردنى باوكو بهشێك لهكهسوكارهكهییو لهبهرامبهریشدا قائیمقامى ههولێر سكاڵاى لهسهر تۆماركردوهو داواى سهلماندنى ئهو زانیاریانه دهكات.
هاوڵاتی بەهۆی تۆپباران سوپای تورکیا پێنج منداڵ لە رۆژئاوا گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون. بەهۆی تۆپبارانی سوپای تورکیا بۆ سەر گوندی عەین عەبدی سەر بە شارۆچکەی تەل تەمر، دوو منداڵ شەهیدبوون و سێ منداڵی دیکەی هەمان خێزان بریندار بوون. ئاژانسی هاوارنیوزی رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، گوندی عەین عەبد لە شارۆچکەی تەل تەمر لە هەرێمی حەسەکە، لەلایەن سوپای تورکیاوە بەچڕی تۆپباران کرا. بەگوێرەی زانیارییەکان، بەو هۆیەوە دوو خوشک گیانیان لەدەستداوە و خوشکێک و دوو براش بریندار بوون. بریندارەکان ڕەوانەی نەخۆشخانەی شەهید لێگەرینی حەسەکە کراون.
هاوڵاتی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەھید ھەژار له كهلار رایگهیاند، له ماوهی سێ رۆژی جهژندا دو حاڵهتی برینداربون به گولله تۆماركراون و 78 حاڵهتی ژەهراوییبون و تێکچونی گەدەش ههبون و شهش كهسیش گیانیان لهدهستداوه. نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەھید ھەژار له كهلار ئهمڕۆ دوشهممه ئامارهكانی سێ رۆژی رابردوی جهژنی بڵاوكردهوه و دهڵێت، 78 حاڵهتی ژەهراوییبون و تێکچونی گەدە و 27 حاڵهتی كهوتنهخوارهوه و 14 حاڵهتی روداوی هاتوچۆ و 11 حاڵهتی برینداربون به چهقۆ و دو حاڵهتی برینداربون به گولله تۆماركراون. ئاماژهی بهوهشكردوه،"455 نهخۆش سهردانی نهخۆشخانهكهیان كردوه و 342 پشكنینی تاقیگهیی ئهنجامدراون لهگهڵ 330 تیشك و چوار نهشتهرگهری". ڕشیگەیاندووە، ههر له رۆژانی جهژندا چوار حاڵهتی سوتاوی، یهك حاڵهتی كارهبا گرتن، دو حاڵهتی پێوهدان به دوپشك و شهش حاڵهتی گیان لهدهستدان تۆماركراون.
هاوڵاتی کۆمپانیایەکی بەناوبانی تورکیا رایدەگەیەنێت، دەنگەکانی کەمال کلچدارئۆغلۆ رێژەی ٧٪ لە دەنگەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان زیاترە. کۆمپانیای (ئۆ ئاڕ جی)ی تایبەت بە راپرسی و لێکۆلینەوەکان کە لەنێو تورکیادا متمانەی زۆری پێدەکرێت، راپرسیەکی لەبارەی دەنگی کاندیدەکانی سەرۆکایەتی و پارتە سیاسیەکانی تورکیا بڵاوکردەوە. راپرسیەکە کە لەنیوان ١٩ و ٢٢ی نیساندا ئەنجامدراوە و لە ٢٩ پارێزگای تورکیا و باکوری کوردستان سێ هەزار و ٩٢٠ کەس بەشداریان تێیدا کردووە بەم شێوەیەیە: رێژەی دەنگی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار: کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی هاوپەیمانی گەل ٤٩.٣٪ رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار ٤٢.٤٪ موحەڕەم ئینجە ٦.١٪ سینان ئۆغان ٢.٢٪ دەنگی پارتە سیاسیەکانی بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی: پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) ٣٢.٩٪ پارتی گەلی کۆماری (مەهەپە) ٢٨.٦٪ پارتی باش (ئیی پارتی) ١٥.١٪ هەدەپە (پارتی چەپی سەوز) ٩.٣٪ پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست ٦.٣٪ پارتی مەملەکەت ٢.٣٪ پارتی کرێکارانی تورکیا ١.٤٪ پارتی رەفاحی نوێ ١.٢٪ پارتی سەرکەوتن ٠.٩٪ ئەوانەی دیکە ١.٧٪ بەگوێرەی ئەم راپرسیە بێت، ئەگەرێکی زۆر هەیە لە خولی یەکەمدا کلچدارئۆغلۆ سەربکەوێت و ئەگەر لە خولی یەکەمیشدا سەرنەکەوێت، لە خولی دووەمدا دەتوانێت بە جیاوازیەکی زۆر شکست بە ئەردۆغان بهێنێت. لەلایەکی دیکەوە، ئاکەپە و مەهەپە کە بەگوێرەی راپرسیەکە ٣٩٪ی دەنگەکان بەدەست دەهێنن، زۆرینەی کورسیەکانی پەرلەمان لەدەست دەدەن و پێدەچێت، نەتوانن حکومەت پێک بهێنن.
هاوڵاتی هاوڵاتی ئەندامێکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند چەند هاوڵاتییەکی هەرێمی کوردستان بە پاسپۆرتی ساختەی وڵاتانی ئەوروپا یان دۆمینیکا گەشتیانکردووە لە چەند وڵاتێک دەستگیرکراون. موسەننا ئەمین، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە لە لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتی وتی ، بەهۆی پاسپۆرتی ساختەوە ئاگادارکراونەتەوە لە دەستگیرکردنی چەند هاونیشتمانییەک لە وڵاتانی دەرەوە و ڕاشیگەیاند ئەوان لە رێگەی باڵیۆزخانەکانی عێراقەوە هەوڵی ئازادکردنی ئەو هاونیشتمانیانە دەدەن. گوتیشی، "قاچاخچییەکان جگە لە پاسپۆرتی ساختە هەندێکیان فیزای ساختە دەدەن لە پاسپۆرتی عێراقی و بەم هۆیەشەوە لە چەند وڵاتێکی جیاواز هاوڵاتی هەرێم دەستگیرکراون و پێویستە هاونیشتمانیان بەهیچ شێوەیەک پاسپۆرتی ساختە نەکڕن و بڕوا بە بەڵێنی قاچاخچییەکان نەکەن، ئەوان "بازرگانی بە پارەو ژیانی خەڵکەوە دەکەن". باسی لەوەشکرد "ئەو هاوڵاتییانەی دەستگیرکراون ژمارەیان جیاوازەو لە سیریلانکا دوو هاوڵاتی و دوبەی چوار کەسن ولە داغستان نزیکەی حەڤدە کەسن ولە بیلاڕوسیا نزیکەی 13 کەسن". سەبارەت بەو ڕێوشوێنە ئەمنییانەی گیراوەتە بەر بۆ گەڕاندنەوەی ئەو هاوڵاتییانە ئەو ئەندام پەرلەمانە ڕایگەیاند،" ئێمە وەک لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی عێراق باڵوێزخانەکانی عێراقمان ئاگادار کردۆتەوە و ڕێوشوێنی پێویست گیراوەتە بەر". ئەو ئەندام پەرلەمانە باسی لەوەشکرد، "زۆربەی ئەو هاوڵاتییانەی پاسپۆرتی ساختەیان پێییە لە لایەن قاچاخچییەکانەوە پێیان دەگوترێت لە فڕۆکەخانەکانی هەرێم بە پاسپۆرتی عێراقی بچنە وڵاتێکی دیکە و لەوێوە پاسپۆرتە دروستکراوەکانیان بەکاربهێنن " سەبارەت بە هەڵوێستی حکومەتی هەرێم بۆ ڕێگریکردن لەم جۆرە قاچاخچێتییە، دکتۆر موسەنا ئەمین ڕایگەیاند، "حکومەتی هەرێم هیچ جۆرە هەڵوێستێکی نییە و ناگەڕێت بە دوای قاچاخچییەکاندا".
هاوڵاتی وەزیری نەوتی عێراق سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم ڕایگەیاند، هۆکاری دواکەوتنی هەناردەکان بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوەیە بووە بەم نزیکانە دەستپێدەکاتەوە. حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ میدیا عێراقییەکان ڕایگەیاند، هۆکاری دواکەوتنی نەوتی هەرێم بەهۆی کێشەی تەکنیکیی و بەرکەوتنی زیانە بەو بۆرییەی نەوتی هەرێم دەگوازێتەوە. دەشڵێت، بۆری گواستنەوەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهان بەهۆی بومەلەرزەکەی تورکیاوە زیانی بەرکەوتووە و تورکیاش ڕاگرتنی نەوتی هەرێمی قۆستۆتەوە بۆ نۆژەنکردنەوەی بۆرییەکە. ئەوەشی ڕونکردنەوە، کە وادەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکان دیار نییە بەڵام بە وتەی وەزیری نەوت لە دوبارە هەناردەی نەوتی هەرێم نزیکبونەتەوە.
هاوڵاتی سبەینێ بەرپرسە باڵاکانی سەربازی و هەواڵگری تورکیا، سوریا، ئێران و روسیا لە مۆسکۆ کۆدەبنەوە و پرسی سەرەکی کۆبونەوەکە پرۆسەی لێکنزیککردنەوەی ئەنقەرە و دیمەشق دەبێت و تورکیاش چاوی لەوەیە لەدژی کورد ئەو وڵاتانە یەک بخات. خولوسی ئاکاری وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند، سبەینێ وەزیرانی بەرگری تورکیا، روسیا، سوریا و ئێران و سەرۆکی دەزگا هەواڵگرییەکانی هەر چوار وڵات لە مۆسکۆی پایتەختی روسیا کۆدەبنەوە. ئاکار لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا وتی، " لە کۆبونەوەکاندا ئێرانیش بە شێوەیەکی چالاک بەشداری دەکات و باسی پرسی 'تیرۆر' و گەڕاندنەوەی ئاوارە سوریەکان لە تورکیاوە و بۆ سەر زێدی خۆیان دەکرێت." ساڵی رابردوو بە نێوەندگیری روسیا، تورکیا هەوڵیدا دوای ١١ ساڵ لە ناکۆکی و دوژمنایەتیکردن لەگەڵ رژێمی سوریا ئاشت ببێتەوە، بەڵام مەرجی یەکەمی دیمەشق ئەوەیە کە پێویستە تورکیا هێزەکانی لە سوریا بکێشێتەوە و دەست لە پشتگیریکردنی گروپە چەکدارەکانی سوریا هەڵبگرێت کە ١١ ساڵە لەدژی رژێم شەڕ دەکەن. ئەم چاوپێکەوتنانە لە کاتێکدایە کە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاری تورکیا نزیک دەبنەوە و بەگوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵ، بەشار ئەسەد چاوەڕێی هەڵبژاردنەکان دەکات کە ئەگەری شکستی ئەردۆغان لە ئارادایە و نایەوێت لەگەڵیدا دانوستان بکات.
هاوڵاتی ئاژانسی ھەواڵیی ھاوار نیوز بڵاویکردەوە بەھۆی شەڕ و پێکدادانەکانی سودانەوە، ژمارەیەک ھاووڵاتی کوردی رۆژئاوای کوردستان لەو وڵاتە بوونەتە قوربانی. حەمۆ ئیبراھیم رەحمانۆ، کوردێکی نێشتەجێی خەرتوومی پایتەختی سودانە و لەساڵی ٢٠١١ەوە لەو وڵاتە دەژی، لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی ھەواڵیی ھاوار نیوزی راگەیاندووە، بەشێک لە چەکدارانی سەر بەھەردوو لایەنی شەڕکەری سودان، مامەڵەی رەگەزپەرستی بەرامبەر کورد و سورییەکان دەکەن. وتیشی، کوردانی رۆژئاوا و سورییەکانی سودان، گرفتی کارەبا و غاز و نان و ماددەی خۆراکییان ھەیە و لەلایەن خێزانە سودانییەکانەوە ھاوکاریی دەکرێن. هەروەها بەپێی چەند ئامارێکی جیاواز، ژمارەیەک ھاووڵاتیی سوریی و کوردی رۆژئاوای کوردستان لە سودان بوونەتە قوربانی و بەشێکیان بە پاڵنەری رەگەزپەرستی کوژراون، ھەربەپێی ئامارەکان، زیاتر لە ٩٠ ھەزار ھاووڵاتی سوری و کوردی دانیشتووی ناوچەکانی کۆبانێ و گرێ سپی لە سودان دەژین. هاوکات، شەوی رابردوو، ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاند، 14 هاووڵاتیی عێراقی لە فڕۆکەخانەی خەرتوومەوە گوازراونەتەوە فڕۆکەخانەی پۆرتی سوودان. گوتیشی گواستنەوەکە لەژێر چاودێریی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقدا بووە. ئەحمەد سەحاف ئاماژەی بەوەش دا؛ هەموو هەوڵەکانیان دەخەنەگەڕ بۆ ئەوەی ئەو هاووڵاتییانەی دیکەش کە ماون، بگوازنەوە. گواستنەوەی ئەو هاووڵاتییانە لەکاتێکدایە، لە 15ـی نیسانەوە شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان بە سەرکردایەتیی عەبدولفەتاح بورهان و هێزی پشتیوانیی خێرا بە سەرکردایەتیی محەممەد حەمدان دەگەلۆ دەستیپێکردووە. بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، تاوەکو ئێستا 420 کەس بەهۆی پێکدادانەکانەوە گیانیان لەدەستداوە و سێ هەزار و 700 کەسی دیکەش بریندار بوونە.
هاوڵاتی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) یادی ئەو قوربانییە ئەرمەنییانەی کردەوە، کە لە کۆمەڵکوژیی ٢٤ی نیسانی ١٩١٥ دا جینۆساید کراون. دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندراوێک، یادی ئەو کەسانەی کردەوە، کە لە جینۆسایدکردنی ئەرمەنییەکان لە ٢٤ی نیسانی ١٩١٥دا گیانیان لەدەستداوە. هەدەپە دەڵێت، "هیچ ناسنامە، زمان، کولتوور، یان باوەڕێک و نەتەوەیەک نییە، کە لەسەر ئەم خاکە لە سەرووی ئەوی ترەوە بێت. ئەم ڕاستییە تا ئێستا وەک ڕاستییەکی گشتیی کۆمەڵایەتی و سیاسی قبوڵ نەکراوە." لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هەدەپە ئەوەی خستووەتەڕوو کە وەستانەوە لە بەرمابەر ئەو تاوانانەی کە دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدرێن، هەنگاوێکی گرنگە بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی هاوبەش و یەکسان و ئاشتیی کۆمەڵایەتی. دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) لە کۆتایی راگەیەندراوەکەیدا راشیگەیاند، "ئێمە بەو هەست و بیرکردنەوەیەوە، وەک گەلانی کۆن و دێرینی ئەنادۆڵ و میزۆپۆتامیا، خۆمان بە بەشداری ئازاری ۱۰۸ ساڵەی کۆمەڵکوژکردنی ئەرمەنەکان دەزانین و بە دڵتەنگی و ڕێزەوە یادی ئەو کەسانە دەکەینەوە، کە لەو پرۆسەیەدا گیانیان لەدەستداوە." ئەمڕۆ ١٠٨ ساڵ بەسەر "جینۆسایدی" ئەرمەنەکان لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە تێدەپەڕێت. پرۆسەی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان لە ساڵی ١٩١٥ تاوەکو ١٩٢٣ ئەنجامدرا و تێیدا ملیۆنێک و نیو ئەرمەنی کوژران.
هاوڵاتی محەمەد لەتیف ئەحمەدپور، کۆڵبەر و خەڵکی بانە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی سنوری هەنگەژاڵ بە ئۆتۆمبێل کرا به ژێرەوە و دوای چوار ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانەیەکی سەقز بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەستدا. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویكردهوه، ئهمڕۆ یەکشەممە محەمەد لەتیف ئەحمەدپور، کۆڵبەر و خەڵکی بانە، كه تەمەنی 36 ساڵه و خێزاندار و باوکی منداڵێک بوە، پێشتر لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە بە ئۆتۆمبێل کرابو به ژێرەوە، لە نەخۆشخانەی شیفای شاری سەقز بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەستدا. ڕۆژی پێنج شەممەی رابردوو کۆڵبەرێکی ٣٦ ساڵان بە ناوی "لەتیف ئەحمەدپوور" لە کاتی گەڕانەوەی لە کاری کۆڵبەری، لەلایەن چەکدارانی ئێرانەوە کرایە ژێر ئوتومبێلەوە و بە سەختی بریندار بوو دوای رووداوەکە، ئەو کۆڵبەرە گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی سەقز. بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە گیانی لە دەسدا، و تەرمی ئەو کۆڵبەرە ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و بەرەو بانە بەڕێ کراوە و بڕیارە لە گۆڕستانی سڵێمان بەگی شاری بانە بنێژرێت. بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە کاتێکدا ئۆتۆمبێلی ئەم هێزانە بەپاڵ گروپێک کۆڵبەر کە بە پێ خەریکی ڕۆیشتن بون تێپەڕیوە، سەربازێک لە ئۆتۆمبێلەکەوە بەدەست پشتە ملی محەمەد لەتیف ئەحمەدپوری گرتوە و و دوای چەند مەترێک ڕاکێشانی، ناوبراو هاوسەنگی خۆی لەدەستداوە و کەوتوەتە ژێر تایەکانی پشتەوەی ئەم ئۆتۆمبێلە. یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئەحمەدپور ڕایگەیاند، لە ئاکامی ئەم کارە بەئەنقەستەی هێزە چەکدارەکانی حکومەت، مل و شانی محەمەد لەتیف ئەحمەدپور لە چەند شوێنێکەوە شکاوە، کە دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی شیفا لە سەقز و مانەوەی چەند ڕۆژێک لەو نەخۆشخانەیەدا گیانی لەدەستدا. ئەو سەرچاوەیە ڕاشیگەیاندوە، کە کەماڵ خدری، فەرمانداری بانە پەیوەندی بە بنەماڵەی ئەم کۆڵبەرەوە گرتوە و هەڕەشەی لێیان کردوە کە دەبێت تەرمی ناوبراو لە شەودا و بێئاگادارکردنەوەی ڕای گشتی بەخاک بسپێرن
هاوڵاتی یەکەم کۆبونەوەی جەماوەری لە جۆلەمێرگ و دوایینیان لە ئامەد دەبێت پارتی چەپی سەوز کە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بەهۆی مەترسی داخستنی لە رێگەیەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەو وڵاتە کردووە، سبەینێ ٢٤ی نیسان دەست بە کۆبونەوە جەماوەریەکانی لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا دەکات. بەگوێرەی راگەیەندراوێکی پارتەکە، پەروین بوڵدان و میدحاد سانجار هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، چیدەم کلچگون ئوچار و ئیبراهیم ئاکن هاووتەبێژانی پارتی چەپی سەوز، بەرپرسانی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتی، کۆنگرەی دیموکراتی گەلان، سەرۆک و بەرپرسانی پارتەکانی بەشدار لە هاوپەیمانی رەنج و ئازادی بەشداری لە میتینگەکاندا دەکەن. لەم چوارچێوەیەدا لە ٢٤ی نیسانەوە تاوەکو ١٣ی ئایار لە ٦٥ پارێزگا و ناوچەی باکوری کوردستان و تورکیا، لەگەڵ جەماوەرەکەیان کۆدەبنەوە. لە یەکەم میتینگ لە جۆلەمێرگ و سلۆپی دەبێت و دوایینیشیان لە ئەستەنبوڵ و ئامەد دەبێت. هاوپەیمانی رەنج و ئازادی، لە هەدەپە و پێنج پارتی چەپ و سۆسیالیستی تورکیا و باکوری کوردستان پێک دێت و بەگوێرەی راپرسیەکان کە لەلایەن کۆمپانیاکانی تایبەت بە راپرسی و لێکۆلینەوە ئەنجامدراون، هاوپەیمانێتیەکە دەتوانێت، نزیکەی 12٪ی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت. هەرچەندە تاوەکو ئێستاش بە فەرمی کاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا دیاری نەکردووە، بەڵام پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە چەند رۆژ لەمەوبەر رایگەیاند کە دوای جەژنی رەمەزان، کاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی رادەگەیەنن و بە ئەگەرێکی زۆر، هاوپەیمانی رەنج و ئازادی دەنگ بە کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن دەدات. بەگوێرەی زۆرینەی راپرسیەکان کە لەبارەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەنجامدراون، لە خولی یەکەمی هەڵبژاردندا پێدەچێت هیچ کاندیدێک نەتوانیت رێژەی ٥١٪ی دەنگەکان بەدەست بهێنێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی دەنگەکانی کلچدارئۆغلۆ زیاترە، ئەگەرێکی زۆرە کۆتایی بە دەسەڵاتی ٢١ ساڵەی ئەردۆغان بهێندرێت.
