هاوڵاتی سبەینێ بەرپرسە باڵاکانی سەربازی و هەواڵگری تورکیا، سوریا، ئێران و روسیا لە مۆسکۆ کۆدەبنەوە و پرسی سەرەکی کۆبونەوەکە پرۆسەی لێکنزیککردنەوەی ئەنقەرە و دیمەشق دەبێت و تورکیاش چاوی لەوەیە لەدژی کورد ئەو وڵاتانە یەک بخات. خولوسی ئاکاری وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند، سبەینێ وەزیرانی بەرگری تورکیا، روسیا، سوریا و ئێران و سەرۆکی دەزگا هەواڵگرییەکانی هەر چوار وڵات لە مۆسکۆی پایتەختی روسیا کۆدەبنەوە. ئاکار لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا وتی، " لە کۆبونەوەکاندا ئێرانیش بە شێوەیەکی چالاک بەشداری دەکات و باسی پرسی 'تیرۆر' و گەڕاندنەوەی ئاوارە سوریەکان لە تورکیاوە و بۆ سەر زێدی خۆیان دەکرێت." ساڵی رابردوو بە نێوەندگیری روسیا، تورکیا هەوڵیدا دوای ١١ ساڵ لە ناکۆکی و دوژمنایەتیکردن لەگەڵ رژێمی سوریا ئاشت ببێتەوە، بەڵام مەرجی یەکەمی دیمەشق ئەوەیە کە پێویستە تورکیا هێزەکانی لە سوریا بکێشێتەوە و دەست لە پشتگیریکردنی گروپە چەکدارەکانی سوریا هەڵبگرێت کە ١١ ساڵە لەدژی رژێم شەڕ دەکەن. ئەم چاوپێکەوتنانە لە کاتێکدایە کە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاری تورکیا نزیک دەبنەوە و بەگوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵ، بەشار ئەسەد چاوەڕێی هەڵبژاردنەکان دەکات کە ئەگەری شکستی ئەردۆغان لە ئارادایە و نایەوێت لەگەڵیدا دانوستان بکات.

هاوڵاتی ئاژانسی ھەواڵیی ھاوار نیوز بڵاویکردەوە بەھۆی شەڕ و پێکدادانەکانی سودانەوە، ژمارەیەک ھاووڵاتی کوردی رۆژئاوای کوردستان لەو وڵاتە بوونەتە قوربانی. حەمۆ ئیبراھیم رەحمانۆ، کوردێکی نێشتەجێی خەرتوومی پایتەختی سودانە و لەساڵی ٢٠١١ەوە لەو وڵاتە دەژی، لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی ھەواڵیی ھاوار نیوزی راگەیاندووە، بەشێک لە چەکدارانی سەر بەھەردوو لایەنی شەڕکەری سودان، مامەڵەی رەگەزپەرستی بەرامبەر کورد و سورییەکان دەکەن. وتیشی، کوردانی رۆژئاوا و سورییەکانی سودان، گرفتی کارەبا و غاز و نان و ماددەی خۆراکییان ھەیە و لەلایەن خێزانە سودانییەکانەوە ھاوکاریی دەکرێن. هەروەها بەپێی چەند ئامارێکی جیاواز، ژمارەیەک ھاووڵاتیی سوریی و کوردی رۆژئاوای کوردستان لە سودان بوونەتە قوربانی و بەشێکیان بە پاڵنەری رەگەزپەرستی کوژراون، ھەربەپێی ئامارەکان، زیاتر لە ٩٠ ھەزار ھاووڵاتی سوری و کوردی دانیشتووی ناوچەکانی کۆبانێ و گرێ سپی لە سودان دەژین. هاوکات، شەوی رابردوو، ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاند، 14 هاووڵاتیی عێراقی لە فڕۆکەخانەی خەرتوومەوە گوازراونەتەوە فڕۆکەخانەی پۆرتی سوودان. گوتیشی گواستنەوەکە لەژێر چاودێریی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقدا بووە.  ئەحمەد سەحاف ئاماژەی بەوەش دا؛ هەموو هەوڵەکانیان دەخەنەگەڕ بۆ ئەوەی ئەو هاووڵاتییانەی دیکەش کە ماون، بگوازنەوە.  گواستنەوەی ئەو هاووڵاتییانە لەکاتێکدایە، لە 15ـی نیسانەوە شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان بە سەرکردایەتیی عەبدولفەتاح بورهان و هێزی پشتیوانیی خێرا بە سەرکردایەتیی محەممەد حەمدان دەگەلۆ دەستیپێکردووە. بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، تاوەکو ئێستا 420 کەس بەهۆی پێکدادانەکانەوە گیانیان لەدەستداوە و سێ هەزار و 700 کەسی دیکەش بریندار بوونە. 

هاوڵاتی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) یادی ئەو قوربانییە ئەرمەنییانەی کردەوە، کە لە کۆمەڵکوژیی ٢٤ی نیسانی ١٩١٥ دا جینۆساید کراون. دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندراوێک، یادی ئەو کەسانەی کردەوە، کە لە جینۆسایدکردنی ئەرمەنییەکان لە ٢٤ی نیسانی ١٩١٥دا گیانیان لەدەستداوە. هەدەپە دەڵێت، "هیچ ناسنامە، زمان، کولتوور، یان باوەڕێک و نەتەوەیەک نییە، کە لەسەر ئەم خاکە لە سەرووی ئەوی ترەوە بێت. ئەم ڕاستییە تا ئێستا وەک ڕاستییەکی گشتیی کۆمەڵایەتی و سیاسی قبوڵ نەکراوە." لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هەدەپە ئەوەی خستووەتەڕوو کە وەستانەوە لە بەرمابەر ئەو تاوانانەی کە دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدرێن، هەنگاوێکی گرنگە بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی هاوبەش و یەکسان و ئاشتیی کۆمەڵایەتی. دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) لە کۆتایی راگەیەندراوەکەیدا راشیگەیاند، "ئێمە بەو هەست و بیرکردنەوەیەوە، وەک گەلانی کۆن و دێرینی ئەنادۆڵ و میزۆپۆتامیا، خۆمان بە بەشداری ئازاری ۱۰۸ ساڵەی کۆمەڵکوژکردنی ئەرمەنەکان دەزانین و بە دڵتەنگی و ڕێزەوە یادی ئەو کەسانە دەکەینەوە، کە لەو پرۆسەیەدا گیانیان لەدەستداوە." ئەمڕۆ ١٠٨ ساڵ بەسەر "جینۆسایدی" ئەرمەنەکان لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە تێدەپەڕێت. پرۆسەی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان لە ساڵی ١٩١٥ تاوەکو ١٩٢٣ ئەنجامدرا و تێیدا ملیۆنێک و نیو ئەرمەنی کوژران.

هاوڵاتی محەمەد لەتیف ئەحمەدپور، کۆڵبەر و خەڵکی بانە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی سنوری هەنگەژاڵ بە ئۆتۆمبێل کرا به‌ ژێرەوە و دوای چوار ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانەیەکی سەقز بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەستدا. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ یەکشەممە محەمەد لەتیف ئەحمەدپور، کۆڵبەر و خەڵکی بانە، كه‌ تەمەنی 36 ساڵه‌ و خێزاندار و باوکی منداڵێک بوە، پێشتر لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە بە ئۆتۆمبێل کرابو به‌ ژێرەوە، لە نەخۆشخانەی شیفای شاری سەقز بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەستدا. ڕۆژی پێنج شەممەی رابردوو کۆڵبەرێکی ٣٦ ساڵان بە ناوی "لەتیف ئەحمەدپوور" لە کاتی گەڕانەوەی لە کاری کۆڵبەری، لەلایەن چەکدارانی  ئێرانەوە کرایە ژێر ئوتومبێلەوە و بە سەختی بریندار بوو دوای رووداوەکە، ئەو کۆڵبەرە گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی سەقز. بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە گیانی لە دەسدا، و تەرمی ئەو کۆڵبەرە ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و بەرەو بانە بەڕێ کراوە و بڕیارە لە گۆڕستانی سڵێمان بەگی شاری بانە بنێژرێت. بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە کاتێکدا ئۆتۆمبێلی ئەم هێزانە بەپاڵ گروپێک کۆڵبەر کە بە پێ خەریکی ڕۆیشتن بون تێپەڕیوە، سەربازێک لە ئۆتۆمبێلەکەوە بەدەست پشتە ملی محەمەد لەتیف ئەحمەدپوری گرتوە و و دوای چەند مەترێک ڕاکێشانی، ناوبراو هاوسەنگی خۆی لەدەستداوە و کەوتوەتە ژێر تایەکانی پشتەوەی ئەم ئۆتۆمبێلە. یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئەحمەدپور ڕایگەیاند، لە ئاکامی ئەم کارە بەئەنقەستەی هێزە چەکدارەکانی حکومەت، مل و شانی محەمەد لەتیف ئەحمەدپور لە چەند شوێنێکەوە شکاوە، کە دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی شیفا لە سەقز و مانەوەی چەند ڕۆژێک لەو نەخۆشخانەیەدا گیانی لەدەستدا. ئەو سەرچاوەیە  ڕاشیگەیاندوە، کە کەماڵ خدری، فەرمانداری بانە پەیوەندی بە بنەماڵەی ئەم کۆڵبەرەوە گرتوە و هەڕەشەی لێیان کردوە کە دەبێت تەرمی ناوبراو لە شەودا و بێئاگادارکردنەوەی ڕای گشتی بەخاک بسپێرن

هاوڵاتی  یەکەم کۆبونەوەی جەماوەری لە جۆلەمێرگ و دوایینیان لە ئامەد دەبێت پارتی چەپی سەوز کە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بەهۆی مەترسی داخستنی لە رێگەیەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەو وڵاتە کردووە، سبەینێ ٢٤ی نیسان دەست بە کۆبونەوە جەماوەریەکانی لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا دەکات. بەگوێرەی راگەیەندراوێکی پارتەکە، پەروین بوڵدان و میدحاد سانجار هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، چیدەم کلچگون ئوچار و ئیبراهیم ئاکن هاووتەبێژانی پارتی چەپی سەوز، بەرپرسانی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتی، کۆنگرەی دیموکراتی گەلان، سەرۆک و بەرپرسانی پارتەکانی بەشدار لە هاوپەیمانی رەنج و ئازادی بەشداری لە میتینگەکاندا دەکەن. لەم چوارچێوەیەدا لە ٢٤ی نیسانەوە تاوەکو ١٣ی ئایار لە ٦٥ پارێزگا و ناوچەی باکوری کوردستان و تورکیا، لەگەڵ جەماوەرەکەیان کۆدەبنەوە. لە یەکەم میتینگ لە جۆلەمێرگ و سلۆپی دەبێت و دوایینیشیان لە ئەستەنبوڵ و ئامەد دەبێت. هاوپەیمانی رەنج و ئازادی، لە هەدەپە و پێنج پارتی چەپ و سۆسیالیستی تورکیا و باکوری کوردستان پێک دێت و بەگوێرەی راپرسیەکان کە لەلایەن کۆمپانیاکانی تایبەت بە راپرسی و لێکۆلینەوە ئەنجامدراون، هاوپەیمانێتیەکە دەتوانێت، نزیکەی 12٪ی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت. هەرچەندە تاوەکو ئێستاش بە فەرمی کاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا دیاری نەکردووە، بەڵام پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە چەند رۆژ لەمەوبەر رایگەیاند کە دوای جەژنی رەمەزان، کاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی رادەگەیەنن و بە ئەگەرێکی زۆر، هاوپەیمانی رەنج و ئازادی دەنگ بە کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن دەدات. بەگوێرەی زۆرینەی راپرسیەکان کە لەبارەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەنجامدراون، لە خولی یەکەمی هەڵبژاردندا پێدەچێت هیچ کاندیدێک نەتوانیت رێژەی ٥١٪ی دەنگەکان بەدەست بهێنێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی دەنگەکانی کلچدارئۆغلۆ زیاترە، ئەگەرێکی زۆرە کۆتایی بە دەسەڵاتی ٢١ ساڵەی ئەردۆغان بهێندرێت.

هاوڵاتی سەلاحەدین دەمیرتاش رایگەیاند، ئەردۆغان لە مزگەوتەکانیشدا دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردن کردووە و قسەکانی تەنیا درۆ و سووکایەتیکردنە. سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە لە زینداندایە تویتێکی لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەکی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا و کاندیدی دەسەڵات بۆ پۆستی سەرۆکایەتی بڵاوکردەوە کە ئەردۆغان لەنێو مزگەوتێکدا بانگەشەی هەڵبژاردن دەکات. دەمیرتاش وتی، " ئەردۆغان لە مزگەوتی سوڵتان ئەحمەدی ئەستەنبوڵ میتینگی جەماوەری بۆ هەڵبژاردن ئەنجام دەدات. نیوەی قسەکانی درۆ و ئەوەی دیکش، سووکایەتی و ئیستیفزاز بوو. بۆ بەدەستهێنانی دەنگی هاوڵاتیان بە دین و نە ئیمانی هێشتەوە." دەمیرتاش لە تویتەکەیدا هەروەها بانگەوازی لە دەنگدەرانی تورکیا کرد و دەڵێت، " رێگە مەدەن ئەم عەقڵیەتە ڕەشە کە وەک مۆتەکەیە، داهاتوومان تاریک بکات." لە کاتێکدا کە سێ حەفتە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا ماوە، پارتە سیاسییەکان بە شێوەیەکی چالاک میتینگی جەماوەری ئەنجام دەدەن و بانگەشەیەکی توند دەستی پێکردووە. سەلاحەدین دەمیرتاشیش لە زیندانەوە و لە رێگەی تویتەکانییەوە، لەدژی دەسەڵات، پشتگیری لە پارتی چەپی سەوز و کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندید هاوپەیمانی گەل دەکات.

هاوڵاتی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکان له‌باره‌ی دۆخی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان هۆشداری ده‌دات و رایگه‌یاند، داگیرکردنی گوندەکان و خاپورکردنیان لە سایەی حکومەتەکانی دوای روخانی سەدامدایش بەردەوامە و ڕودەدات دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکان ئه‌مشه‌و له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "سەرگەڕان و بەدیاریکراوی لە سنوری گوندی پەڵکانەی سەر بە پارێزگای کەرکوک، بەردەرگا لە دانیشتوانی کوردی ناوچەکە دەگیرێت و لە یەکەم ڕۆژی جەژنی رەمەزاندا لە بری جەژنە پیرۆزەو گەردن ئازادی و دابەشکردنی شیرینی، عەرەبی هاوردە دەکەونە وێزەی دانیشتوانی کوردی ناوچەکەو خۆشی جەژن ئەگۆڕن بۆ پشێوی و هەڕەشەو چاو سورکردنەوەو پەلاماردانی کوردی خاوەن زەوی و زارو کێڵگەو زەرعاتی ناوچەکە". هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، "ئەم پەلاماردانە و داگیرکردنی گوندەکان و خاپوورکردنیان لە سایەی حکومەتەکانی دوای رووخانی سەدامیش بەردەوامە و روودەدات، ئەمەش دادگە و دادپەروەریی عێراقی دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتیی گەورەوە، ئێمە لە کاتێکدا سەرکۆنە و نیگەرانیی قووڵی خۆمان رادەگەیێنین، چاوەڕێین لە کابینەکەی بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی سنوورێک بۆ ئەم جۆرە دژایەتییانە دابنرێت و دووبارە و سەدبارە نەبنەوە، وەکو ئێستا بەدیدەکرێت." دەستەکە لە راگەیێندراوەکەدا داوا دەکات، دەستوور و یاسا بەرکارە نوێیەکان ببنە بنەما بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، "چونکە پەلامار و هەڕەشەی چەکداری نە برینەکان ساڕێژ دەکات و نە هاووڵاتییانی کوردی ئەو ناوچانەش بەم کردەوانە بێدەنگ دەبن." ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، "هەمو لایەک دڵنیادەکەین بەهەوڵی دڵسۆزان ئێستا بارودخی ناوچەکە ئارامە، بەڵام پێمان وایە ماددەی 140 بنەما گشتیەکەی چارەسەربونی یەکجاری کێشەکانە لەمبارەیەوە ڕو دەکەینە بەڕێزان لە سەرۆکایەتی کۆمارو وەزیرو فراکسیۆنە کوردەکان لە بەغدا، توانا دەستوریەکانی خۆیان لە ئاست جێبەجێکردنی ئەم ماددە دەستوریە بخەنەگەڕ، لەلایەکی تریش هەوڵەکانیان زیاتر بکەن بۆ نەهێشتنی ئەم یاساشکێنی و زیادە ڕەویانە". رۆژی هەینی 21-04-2023 شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان عەرەبی هاوردە و هاونیشتمانییانی ئەو گوندە دروستبوو. لەبارەی ئاڵۆزی و شەڕەکەوە، دوێنێ بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕان بە وەکالەت ڕایگەیاند، لە شەڕەکەدا سێ کەس بریندار بوون و لە نەخۆشخانە دەستبەسەرن.   گوندی پەلکانە دەکەوێتە رۆژئاوای کەرکووک و سەر بە شارۆچکەی سەرگەڕانە.    

لە مانگێکدا ژنێک و سێ کاسبکاری رۆژهەڵات دەکوژرێن و بەندکراوێکی کورد سزای سێدارەی بەسەردا دەسەپێنرێت. رێکخراوی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان (kurdistanhumanrights) ئامارەکانی تایبەت بە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە یەکەم مانگی بەهار (خاکەلێۆە) لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو دەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەکات لەو مانگەدا سێ کۆڵبەر و کاسبکار لە سنورەکانی نێوان رۆژهەڵات و هەرێمی کوردستان لە لایەن سوپای پاسدارانەوە کوژراون. لە ئامارەکاندا هاتوە تەنها لە یەکەم مانگی بەهاردا سێ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە ناوەکانی بەهزاد عەزیزی، ئازاد رەزایی و عەینوڵڵا قادرنەژاد لە بانە و شنۆ و کرماشان لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە تەقەیان لێکراوە و کوژراون.  تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاماژەی بەوە کردوە لەو مانگەدا لانیکەم 14 چالاکوانی کورد لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کراون کە ژمارەیەکیان بە دانانی بارمتە ئازاد کراون. رێکخراوەکە ئاشکرای کردوە کە مانگی یەکەمی بەهاری ئەمساڵدا ژنێکی تەمەن 28 ساڵ بە ناوی مریەم سلێمانی کە دایکی سێ منداڵ بوە و لە لایەن باوک و براکەی لە گوندێکی شاری (خۆی) لە رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراوە و لەو مانگەدا تەنها کوژرانی ئەو ژنە لە رۆژهەڵات تۆمار کراوە. هەر لەو مانگەدا دادگای کۆماری ئیسلامی ئێران لە ورمێ سزای سێدارەی بەسەر زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی نایب عەسگەری-دا سەپاندوە بە تۆمەتی دژایەتیی کۆماری ئیسلامی و ئەندامێتیی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک).   

هە*پە*گە رایگەیاند، لە رۆژی عارفە و دوو رۆژی جەژنی رەمەزاندا سوپای تورکیا ٣٢ جار لە خاکی هەرێمی کوردستان هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانیان. ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل لەم بارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و وتی، ٢٠ و ٢١ی ئەم مانگە، سوپای تورکیا هەرێمەکانی مەتینا و زاپی تۆپباران کردووە و سەربازانی تورکیا پێشڕەویەکان کردووە، بەڵام هێزەکانیان وڵامیان داوەتەوە و شەڕی قورس لەنێوان هەردوولادا روویداوە. دەشڵێت، هێزەکانیان توانیویانە کامێرایەکی حەڕاری تێکبشکێنن کە بۆ جموجووڵیان جێگیر کرابوو. لە بەشێکی دیکە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، " لە ٢٠ و ٢١ و ٢٢ ی نیساندا، سوپای تورکیا ٦ جار لەڕێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە دەوروبەری گوندی شیلازی ناوچەی مەتینا و گوندی سیگەر لە ئامێدی بۆردومان کردووە. لە ٢٠ و ٢١ ی نیسانیشدا، سوپای تورکیا، ٢٦ جاربە تانک و چەکی قورس، گۆڕەپانی شەڕی لە گردی بەهار و گردی ئێف ئێم و گردی جودی بۆردوومان کردووە."  

هاوڵاتی ماوەی هەفتەیەكە نەخۆشیەكی گواستراوە بەناوی "هەوكردنی پەردەی مێشك" لەپارێزگای هەڵەبجە بڵاوبۆتەوە و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ئەو پارێزگایەش رایدەگەیەنێت، هەمو جۆرە سەردانكردنێكمان بۆ نەخۆشخانەی منداڵان راگرتوە، لەبەرئەوەی ترس هەیە بەشێوەیەكی فراوان ئەو نەخۆشیە بڵاوببێتەوە. د. ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی، "ماوەی زیاتر لە هەفتەیەكە نەخۆشییەكی گواستراوە بە ناوی هەوكردنی پەردەی مێشك بڵاوبۆتەوە، تا ئێستا زیاتر لە 30 منداڵ رەوانەی نەخۆشخانەی منداڵان كراون". ئاماژەی بەوەشكردوە، "مەترسی هەیە زیاتر ئەو نەخۆشیە بڵاوببێتەوە، چونكە چەندین منداڵ كە ئەندامی یەك خێزانن توشی ئەو نەخۆشیە بون، هەربۆیە بڕیارمانداوە هەمو جۆرە سەردانكردنێكی نەخۆشخانەی منداڵان لە هەڵەبجە رابگیرێت، تا بتوانرێت بەر بەو نەخۆشیە بگرین".   هەوكردنی پەردەی مێشك چیە؟: بریتیە لە هەوكردنی پەردەی دەوری مێشك و دڕكه پەتك. هۆكارەكانی: لەوانەیه بەكتریا ، ڤایرۆس ، شێرپەنجە ، دەرمان ، یان پاڕاسایت بێت. نیشانەكانی لەوانەیە یەكێك یان كۆمەڵێك لەو نیشانانەی خوارەوە بێت: بۆ منداڵی بچوكتر لە سێ مانگ: 1- شیرخواردنی كەم ئەبێتەوە. 2- ڕشانەوە. 3-بێزاری و ازعاج بون . 4- تای بەرز. 5-گەشكە. 6-لەوانەیه پلەی گەرمی لەشی دابەزێت. 7- لەشی نەرم ئەبێت واتە بێ هێز . 8- شەكرەی خوێنی دابەزێت. 9- ئەو بەشەی لە كەللەی سەردا مەڵاشوی پێ ئەڵێن بەرەودەرەوە دەرئەچێت. نیشانەكانی لە منداڵی گەورەتر لە یەك ساڵ لەوانەیە یەكێك یان كۆمەڵێك لەو نیشانانە بێت: 1-ڕشانەوەو دڵ تێكهەڵاتن. 2- سەرئێشە. 3-هەستیاری بە ڕوناكی زیاد ئەكات ،واتە بە ڕوناكی ازعاج ئەبێت. 4-تای بەرز. 5- هۆشی منداڵەكە تێك ئەچێت. 6- بێ تاقەتی و ازعاج بون. 7- لەوانەیە گەشكەی لێبدات. 8- ملی ڕەق ئەبێت. بۆ دیاریكردنی نەخۆشیەكە پێویستە ئاو لە پشتی منداڵەكە دەربهێنرێت، بە داخەوە زۆرجار دایك و باوكی منداڵەكە ڕێگە نادەن ئەو شیكارە بكرێت كە زۆر ئاسانەو هیچ كێشەیەك بۆ منداڵەكە دروست ناكات. ئەگەر چارەسەر وەرنەگرێت منداڵەكە لەوانەی ڕوبەڕوی چ كێشەیەكی تەندروستی ببێتەوە؟ 1- لەوانەیە ببێتە هۆی مردنی. 2- كێشەی بینین و لە دەستدانی بینین. 3- كێشەی بیستن و لەوانەیە بیستنی بە تەواوی لەدەست بدات. 4- گەشكەی بەردەوام. 5- ئیفلیج بون. 6- زیرەكی و ئاستی توانای مێشكی كەم بێتەوە. دكتۆر پشدەر عەبدوڵا ئیسماعیل پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشیەكانی منداڵان و گەشەی منداڵان.

هاوڵاتی سەنتەری میترۆ، لە یادی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا، لە ڕاگەیاندراوێکدا داوا لە حکومەتی هەرێم دەکات، سەرلەنوێ لێكۆڵینەوە لە دۆسییەی تیرۆركردنی ڕۆژنامەنوسان ‌و سوتانی كەناڵەكان بكاتەوە، هەروەها گەرەنتی بدات لە پاراستنی گیانی ڕۆژنامەنوسان لەكاتی کارکردندا. ئەمڕۆ 125 ساڵ بەسەر دەركردنی یەكەم رۆژنامەی كوردیدا تێپەڕدەبێت، سەنتەری میترۆ بەوبۆنەیەوە لە پەیامێكدا دەڵێت:"بەبۆنەی دەرچونی یەکەم رۆژنامە بە زمانی کوردی،  جەژنی رۆژنامەگەریی کوردی لە رۆژنامەنوسانی کوردستان پیرۆز بێت و سەری رێز نەویدەکەین بۆ شەهیدانی رۆژنامەگەری." هەر لە ڕاگەیانراوەکەی سەنتەری میترۆدا هاتووە، لە هەرێمی كوردستان ئازادیی كاری ڕۆژنامەنوسی‌ و مافی زانیاریی بە یاسای ڕۆژنامەگەریی “ژمارە (٣٥) ی ساڵی ٢٠٠٧” ‌و یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری “ژمارە (١١)ی ساڵی ٢٠١٣” پارێزراون، بەڵام بەردەوام لە گرژییە سیاسییەكاندا و لە ڕۆژانی تریشدا، ڕۆژنامەنووسان ڕووبەڕووی هەڕەشە، هەراسانكردن، لێدان، گرتن، و توندوتیژیی جۆراوجۆر دەبنەوە و بكەرانیش لە سزادان دەربازیان بووە. ئەوەش هاتووە تێیدا: یاسای ڕۆژنامەگەریی “ژمارە (٣٥)ی ساڵی ٢٠٠٧” دەبوو ببێتە بنەما بۆ مامەڵەكردنی هێزە ئەمنییەكان، بەرپرسە حزبییەكان و دادگاكان لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان دا، بەڵام بەیاسای تر و بە بێ فەرمانی دادوەر رۆژنامەنووسان دەستبەسەر دەکەن . سەنتەری میترۆ پێی وایە، تا ئێستا ویستێكی سیاسی ئامادە نییە بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان ببێتە مەشخەڵی دیموكراسی لە ناوچەكەدا، ڕۆژنامەنوسانیش بێ ترس لە تۆڵەكردنەوە كارەكانیان ئەنجامبدەن. هەروەها داواشی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردوە "سەرلەنوێ بەقوڵی لێكۆڵینەوە لەو هێرشانەی سەر رۆژنامەنوسان بكات، كە بەچارەسەرنەكراوی ماونەتەوە، سەرلەنوێ لێكۆڵینەوە لە دۆسییەی تیرۆركردنی رۆژنامەنوسان‌و سوتانی كەناڵەكان بكاتەوە، هەروەها گەرەنتی بدات لە پاراستنی سەلامەتیی گیانی رۆژنامەنوسان لەكاتی ئامادەكردنی راپۆرتەكانیاندا لەسەر مەسەلەكانی گەندەڵی‌و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات."

هاوڵاتی به‌بۆنه‌ی ساڵیادی رۆژی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردی، كونسڵخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ هه‌ولێر په‌یامێكی‌ بڵاوكرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ "ئه‌مڕۆ ڕۆژی ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردیه‌ كه‌ بۆنه‌یه‌كه‌ بۆ به‌رزڕاگرتنی ئه‌و ڕۆڵه‌ گرنگ و سه‌ره‌كیه‌ی میدیا له‌ هه‌موو حوكمێكی دیموكراتیدا ده‌یگێڕێت". كونسڵخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ هه‌ولێر نووسیویه‌تی‌: "وه‌كو سه‌رۆك بایدن وتی، "ئێستا كاری ڕاگه‌یاندنی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ له‌ هه‌موو كات زیاتر گرنگه‌". 125 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و له‌ رێكه‌وتی 22ـی نیسانی 1898،  میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان و جه‌لاده‌ت به‌درخان یه‌كه‌م ژماره‌ی رۆژنامه‌ی كوردستانیان وه‌ك یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی كوردی له‌ قاھیره‌ی پایته‌ختی‌ وڵاتی‌ میسر بڵاوكرایه‌وه‌. دەقی ڕاگەیاندراوەکەی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر: ئەمڕۆ ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردیە کە بۆنەیەکە بۆ بەرزڕاگرتنی ئەو ڕۆڵە گرنگ و سەرەکیەی میدیا لە هەموو حوکمێکی دیموکراتیدا دەیگێڕێت. وەکو سەرۆک بایدن وتی، "ئێستا کاری ڕاگەیاندنی ئازاد و سەربەخۆ لە هەموو کات زیاتر گرنگە. بەردەوام دەبین لە پشتیوانییکردن لە ئازادیی ڕاگەیاندن و ڕوماڵکردنی ئازاد و بێلایەن و پڕۆفێشنەڵانەی هەواڵەکان و دەستڕاگەیشتن بە زانیاری لە هەرێمی #کوردستان و ڕێز لەو ڕۆژنامەنووسانەش دەگرین کە بەردەوامن لە پێدانی هەواڵی مانادار بە خەڵکی #هەرێمی_کوردستان و لەو پێناوەشدا دەکەونە بەر مەترسیی زۆر.

هاوڵاتی پارتەكەی ئەردۆغان لەهەوڵدایە بۆ مانەوەی سەڵاحەدین دەمیرتاش و هاورێكانی لەزینداندا ئەوەش بەهۆی ترسی لەدەنگی كوردانی باكور لەهەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی توركیادا. لەنێوان ٦-٨ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٤ دا، كوردانی باكوری كوردستان دژی هێرشەكانی داعش بۆ سەر كۆبانێ خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، بەڵام بەپاساوی چالاكییەكانی ٦ – ٨ی تشرینی یەكەم سكاڵا لەدژی هاوسەرۆكانی پارتی دیموكراتیكی گەلان (هەدەپە) فیگەن یوكسەكداغ و سەڵاحەدین دەمیرتاش، ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندیی هەدەپەو بەگشتی سكاڵا لە دژی ١٠٨ كەس تۆمار كرا كە ١٧ كەسیان لەئیستادا لەزینداندان. لەم هەفتەیەدا دوو جار دانیشتنی دادگاییكردنی سیاسەتمەدارانی كورد لەلایەن دادگای ئەنقەرەوە بەڕێوەچوو، ٢٣هەمین دانیشتنی دادگاییكردنی كەیسی كۆبانی لههۆڵی دانیشتنی كامپی زیندانی سینجانی ئەنقەرە و لەلایەن لیژنەی لقی ٢٢ی دادگای سزا قورسەكانی ئەنقەرەوە بەڕێوەچوو. لەدانیشتنی دادگادا، سەرەتا سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە قسەی كرد كە لەساڵی ٢٠١٦ەوە لە زینداندایە، وتی: « ئێوە وەك لیژنەی دادگا فەرمانەكانی ئاكەپەو مەهەپە جێبەجێ دەكەن، هەوڵدەدەن خزمەت بەئەوان بكەن، لەیەكەم رۆژی بومەلەرزەكەی شەشی شوباتدا داوام كرد موڵەتم پێبدرێت كەسوكارم ببینم، لەكاتێكدا كەكەسەكانمان لەژێر داروپەردوی باڵەخانەكاندا بوون، داواكەتان رەت كردەوە. وتیشی:» ئێوە وەك گروپێك كار بۆ ئاكەپە دەكەن لەهەڵبژاردنەكاندا، ئێمە بڕیارەكانتان ناناسین، ئێوە لەژێر فەرمانی رەجەب تەیب ئەردۆغاندان، كودەتا بەسەر هەڵبژاردندا دەكەن، ئێوە ناتوانن ئێمە تاوانبار بكەن، لەبەرئەوەی ئێوە تاوانبارن». دوای دەمیرتاش فیگەن یوكسەكداغ هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە قسەی كرد كەئەویش لەساڵی ٢٠١٦ەوە لەزینداندایەو بەشێوەیەكی توند رەخنەی لەدەسەڵات گرت و وتی: « كەمتر لەمانگێك ماوە بۆ هەڵبژاردنەكان، ئێوە كار بۆ دەسەڵات دەكەن و یاسا جێبەجێ ناكەن، بەڵام ئێمە و گەلەكەمان هەرمێ كۆناكەینەوە، چۆن پێشتر سیاسەتی دیموكراسیمان بەڕێوەبردووە ئێستاش هەمان سیاسەت بەڕێوە دەبەین». دوای قسەكانی یوكسەكداغ، لیژنەی دادگا دانیشتنەكەی بۆ ١٥ی مانگ دواخست. لە ١٥ی مانگدا، ٢٤هەمین دانیشتنی دادگاییكردنی كەیسی كۆبانی لەهۆڵی دانیشتنی كامپی زیندانی سینجان بەڕێوەچوو، لە دانیشتنەكەدا پارێزەران داوایان كرد كۆتایی بەدۆسیەی كۆبانێ بهێندرێت كە دۆسیەیەكی سیاسیە، بەڵام داواكارییەكانی سیاسەتمەداران و پارێزەران رەتكرایەوەو هێشتا بەرگری لەخۆكردنی سیاسەتمەداران وەرنەگیرابوو، كە دەستكرا بە هەڵسەنگاندنەكان و خستنەڕووی بۆچوونەكانی لیژنەی دادوەران، زیندانییە سیاسییەكان و پارێزەرەكانیان و بەشداربووانی دانیشتنەكەش بەچەپڵە لێدان دژی ئەو رەفتارو بڕیارە ناڕەزایەتیان نیشاندا و هۆڵەكەیان جێهێشت. دواتر داواكاری كۆماری لەدانیشتنەكەدا، داوای كرد، دەمیرتاش و هاوڕێكانی دیكەی، بەقورسترین شێوە سزا بدرێن، بەتۆمەتی دژایەتیكردنی دەوڵەت و هاندانی هاووڵاتیان بۆ پشێوی كە هۆكاری كوشتنی دەیان كەسە، داوای كرد حەوت جار سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر سەڵاحەدین دەمیرتاشدا بسەپێندرێت. ئەندامانی دادگاكە دوای پشوویەك، بڕیاری خۆی لەهۆڵێكی چۆڵدا خوێندەوە، بڕیاریدا بۆ ئەوەی وتەو لێدوانی سەرەكی لەبارەی كەیسەكەوە وەربگیرێن، دانیشتنی داهاتووی دادگای بۆ سێی تەمموز دواخست.  

سەركۆ جەمال كێشەی كەمی و نەمانی هەندێك دەرمانی سەرەكی تەنها لەسلێمانی و بەتایبەت لەنەخۆشخانەی هیوا چەند ساڵێكە بووەتە دیاردەو چارەسەر نەكراوە، وەزارەتی دارایی هەرێم ئەوە ئاشكرا دەكات» دەستكاریكردنی پارەی نەختینە لەبانكەكانی سلێمانی كێشەی كەمی دەرمانی دروستكردووە». دكتۆر سیڤەر رزگار لێپرسراوی هۆبەی دەرمان لەنەخۆشخانەی هیوا لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد كەمبوونەوەی دەرمان كاریگەری خراپی لەسەر نەخۆش هەیەو ئەو كۆمپانیایانەی گرێبەستیان هەبووە لەگەڵ تەندروستی سلێمانی پارەی دەرمانیان بۆ خەرج نەكراوە. هەروەها باسی لەو دەرمانانە كرد كە لەنەخۆشخانەی هیوا نەماوە وەك (دەرزی ئاڤاستین) كە مانگانە 300 دەرزیان پێویستە، وتیشی:»لەعێراقەوە ئەم هەفتەیە 40 دەرزیمان پێگەیشتووە، ئەو دەرزییە ئەگەر نەخۆش خۆی بیكڕێت لەبازاڕدا قاچاغەو گرانیشە، هەر دەرزییەك بە 300 بۆ 400 دۆلارە، ئەو دەرمانانە ئەگەر كوالێتییەكەی زۆر باش بێت بە ملیۆنێك دینارە». «ئێمە زیاتر كێشەمان لەگەڵ دەرمانە بایۆلۆجیەكاندا هەیە، چونكە زۆر گرانن و ژمارەشیان كەمە و زۆربەی نەخۆشەكانیش بەكاریدەهێنن بۆ نموونە كیترودا و پێجێتا، كیترودا بەشی یەكجار بۆ نەخۆش 10 ملیۆن دینارەو نەخۆشێكی زۆری لەسەرە، بەهۆی كەمیی ئەو دەرمانەوە كەمتر بۆ نەخۆشەكان بەكاریدەهێنین ئەمەش كاریگەری نەرێنی لەسەر نەخۆشەكان هەیە» لێپرسراوی هۆبەی دەرمان لەنەخۆشخانەی هیوا وادەڵێت. هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی دەڵێت كێشەی نەمانی دەرمان لەنەخۆشخانەكانی سلێمانی بەردەوامەو پەیوەندی بەنەبوونی پارەوە هەیە لەبانكەكاندا، چەندین جار وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم بەڵێنی چارەسەركردنیان داوە، بەڵام چارەسەریان نەكردووە. هاوكات ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم دەڵێت لەسەر هێڵین بۆ بابەتی دەرمان و داواكارییەكانیش بەرزكراوەتەوە بۆ شوێنی خۆی. ئاسۆ حەوێزی، وتیشی:» ئێمە لەگەڵ كۆمپانیاكان هەوڵمانداوە ئەو بەشە دەرمانانەی دابینی دەكەن بەپێی گرێبەستەكانی هەیە بەردەوام بێت، كێشەی دابینكردنی دەرمان تەنها لەپارێزگای سلێمانی نییە، بەڵكو لە شارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان ئەو كێشەیە روودەدات». وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم ئەوە ئاشكرا دەكات كێشەی دەرمان لەسلێمانی پەیوەندی بەدەستكاریكردنی پارەی نەختینەوە هەیە لەبانكەكاندا. هونەر جەمال بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی دارایی بەهاوڵاتی وت:» كێشەی نەمانی دەرمان لەنەخۆشخانەكانی سلێمانی بەهۆی كەمبوونەوەی داهات سەریهەڵداوەو دابینكردنی لەسەر داهاتی ناوخۆیە، لەسلێمانیش بەتایبەت دەستكاری پارەی نەختینە دەكرێت و ئەوەش هۆكاری سەرەكییە». بەرپرسەكەی وەزارەتی دارایی پێیوابوو ئەو رێككەوتنە نوێیەی لەنێوان هەرێم و عێراق كراوە كێشەی كەمبوونەوەی دەرمان لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان چارەسەر دەكات كەبەغداد مانگانە بەشە بودجە بۆ هەرێم بنێرێت». هاوڵاتی بەدواداچوونی بۆ كێشەكە كردو سەردانی نەخۆشخانەی هیوای كرد، بەشێكی زۆری نەخۆشەكان بەهۆی نەبوونی دەرمان ناچارن لەدەرەوە دەرمان بكڕن، ئازاد محەمەد، تەمەن 42 ساڵ یەكێك لەتووشبوەكانی شێرپەنجە  بەهاوڵاتی وت:»شەش ساڵە تووشی شێرپەنجەی سییەكان بووم، پزیشك پێم دەڵێت هەفتەی جارێك دەرمان وەربگرم، بەڵام لەڕێگەی قاچاخچییەوە دەستمدەكەوێت». پێندرۆ لیزۆماپ و پێترۆزوماپ، ئەو دوو جۆرە دەرمانەیە كە مانگانە 160 نەخۆش زیاتر پێویستیانە لەنەخۆشخانەی هیوا، تێچووەكەیان یەك ملیارو 40 ملیۆن دینارە، بەڵام ئێستا لەنەخۆشخانەكە نەماوە، نەخۆش دەبێت خۆی بیكڕێت كەتێچووی 200 ملیمی زیاترە لەدوو ملیۆن دینار. ساڵانە نەخۆشخانەی هیوا پێویستی بەزیاتر لە 40 ملیار دینارە بۆ دابینكردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكان، بەڵام وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم سەرەڕای ئەوەی لیژنەیەكی ناردە سلێمانی بۆ لێكۆڵینەوە لەنەمانی دەرمان لەنەخۆشخانە، بەڵام دەرمانی دابین نەكرد. د.یاد نەقشبەندی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لەسلێمانی ئاماژەی بەوەكردووە كەزۆر لەقەیراندان و زۆربەی كۆمپانیاكانی دەرمان بەفەرمی پێیان وتوون كەناتوانن دەرمان دابین بكەن، چونكە شایستە داراییەكانیان بۆ دابین ناكرێت. ئامارەكانی نەخۆشخانەی هیوا دەریدەخەن رۆژانە زیاتر لە 15 تووشبوی نوێی شێرپەنجە تۆمار دەكرێت و تەنیا لەیەك رۆژدا نزیكەی هەزار نەخۆش سەردانیان دەكات. نەخۆشخانەی هیوا لەگەڕەكی قڕگەی شاری سلێمانییە، لەساڵی 2007 ەوە كراوەتەوەو سەنتەرێكی تایبەتە بەچارەسەركردنی هەموو جۆرەكانی شێرپەنجە، نەخۆشخانەكە سەر بەوەزارەتی تەندروستییەو 180 تەخت لەخۆدەگرێت.

هاوڵاتی وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێم ئاماژە بەوەدەدات كەقەیرانی دارایی رێگرە لەدابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری و دەشڵێت:" زۆرجار گەیشتوینەتە ئەوەی 22 تا 23 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی بدەینە هاوبەشانی كارەبا". ئومێد ئەحمەد، بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵ و وتەبێژی كارەبای حكومەتی هەرێم لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" ئێمە لەڕووی بەرهەمهێنانەوە كارمان كردووە و بەرهەممان زیادكردووە، هەروەها لەڕووی تۆڕو وێستگەكانەوە بینامان كردووە بەپێی خواست و پێداویستی هاوبەشانی كارەبا، لەتۆڕی دابەشكردنیش فراوانكاری كراوەو بەردەوامیشە". هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد هەموو ئەوكارانە كراوە لەبەرامبەریشدا بۆ كۆنترۆڵی خواست و بەرهەمهێنانی كارەبا بەشێوە دروستەكەی و پریپەید بۆ ئەوەی هاوبەشان ئاگایان لەوەبێت كارەبا چۆن بەكاردەهێنن و چەند پارە دەدەن، هەموو ئەو هەنگاوانە ئامانجی وەزارەتی كارەبان و بەدڵنیاییەوە ئامانجی وەزارەت ئەوەیە بتوانێت كارەبای 24 كاتژمێری دابین بكات. ئومێد ئەحمەد وتیشی:" پلانەكانمان روونە بەڵام ئەوەی كەدیار نییە پێداویستیەكانی ئامانجەكەی ئێمەیە، زۆرجار گەیشتووین بەوەی كە 22 بۆ 23 كاتژمێر كارەبا بەرهەم بهێنین، یاخود بیگەیەنینە 24 كاتژمێری بەڵام قەیرانی دارایی و گرفتی سوتەمەنی و بابەتی لابەلا رووی تێكردووین وایلێكردووین نەك لەشوێنی خۆمان بمێنینەوە بەڵكو پاشەكشەش بكەین". ئومێد ئەحمەد ئەوەشی دووپاتكردەوە كە ئەوەی لەشوێنی خۆی نامێنێتەوە خواستی كارەبایە، گەشەی دانیشتوان و پێویستی هاوبەشانی كارەبایە بەوزەی كارەبا بۆیە پلانەكەی وەزارەتی كارەبا ئاشكرایە و بەشێوەیەكی باش دەستیپێكردووەو  ئەگەر ئەو پێداویستیانەی هەیە چارەسەر بكرێن، ئەوكات" بەدڵنیاییەوە بەپلانە زانستیەكان بەرهەمهێنانی كارەبا دەگەیەننە 24 كاتژمێری و ئەوكات رایدەگەیەنین كارەبای نیشتمانی بووەتە 24 كاتژمێری".