بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، دوێنێ هێزەکانی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئەبو عوبێدە وتەبێژی بزووتنەوەی حەماس، بەوتەی ئەو، "چاوەڕوانی ئەنجامەکان دەکەین. تێبینی دەکەم کە ڕاگەیاندنی حەماس کەمێک دواکەوتووە - وادیارە کەسیان نییە باسی بکات، چونکە وتەبێژەکەیان مرد". دوای چوار جار هەوڵی تیرۆرکردنی شکستخواردوو، سەرچاوەیەکی فەلەستینی بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەبوعوبەیدە وتەبێژی سەربازی كەتیبەكانی قەسام باڵى سه‌ربازیى حه‌ماس لەهێرشەکەى دوینێ شەودا گیانى لەدەستداوە، ئیسرائیلیش ئاماژەی هەیە کە کوژراوە، بەڵام لەم قۆناغەدا هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی کۆتایی نییە، ناتانیاهۆش وەک گاڵتەپێکردنێک دەڵێت: "بۆچی ڕاگەیاندنەکە دواکەوتووە؟ ڕەنگە کەسیان نەمابێت. هاوکات کەناڵی ١٤ى ئیسرائیل لەهەواڵێکى بەپەلەدا دەڵێت لەسەرچاوە دەزگا ئەمنییەکانەوە دوا پشتڕاستکردنەوە ئەوەیە کە ئەبو عوبێدە کوژراوە. شەوى ڕابردوو هێزەکانی سوپاى ئیسرائیل لەڕێگەى چەند فرۆکەو هێرشى ئاسمانیەوە هەوڵیداوە ئەبو عوبەیدە وتەبێژی حەماس لەناوببات. وتەبێژی ئیسرائیل بە ئاماژەدان بە هێرشەکە وتی: ماوەیەکی کەم پێش ئێستا هێزەکانمانبە ڕێبەرایەتی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری، بە بەکارهێنانی فڕۆکەی هێزی ئاسمانی هێرشیان کردە سەر بینایەک کە پێدەچێت شوێنى مانەوەى بەرپرسێکى باڵاى حەماس بوبێت لە باکوری کەرتی غەززە.  کەناڵی حەوتى ئیسرائیل لەزارى چەند بەرپرسێکەوە ئەوەى ئاشکراکردوە ئەگەرێکى زۆرهەیە لەو هێرشەدا ئەبوعوبەیدە، وتەبێژی کەتیبەکانی عیزەدین قەسام (باڵى سەربازى حەماس) کوژرابێت یاخود بەسەختى برینداربوبێت. بەگوێرەی زانیارییەکان لە غەززە، لە هێرشەکەدا کە بۆ سەر باڵەخانەی ئەلبەسو ئەنجامدراوە، 8 کەس کوژراون. بەگوێرەی ئەو سەرچاوە فەلەستینییەی کە بۆ تۆڕی قەتەری قسەی کردووە، لە شوقەیەک لە غەززە هێرش کراوەتە سەر ئەبو عوبەیدە و بنەماڵەکەی و سەرکردەکانی باڵی سەربازی حەماس پشتڕاستیان کردووەتەوە کەئەو کوژراوە. لەلایەکى دیکەوە، بنیامین نەتانیاهۆ لەسەر داگیرکردنی شاری غەززە دەڵێت ئێمە بڕیارەکەمان دەرکرد و سوپا جێبەجێی دەکات.

بەرپرسێکی ئیسرائیلی ڕایگەیاند کە بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە کابینەی ئەمنی دانیشتنێک ئەنجام بدات بۆ پەسەندکردنی پلانە سەربازییەکان بۆ داگیرکردنی شاری غەززە. ئەو بەرپرسە لە لێدوانەکانیدا بۆ ڕۆژنامەی مەعاریف ڕوونی کردەوە کە کارنامەکە باس لە ڕێککەوتنی گۆڕینەوەی زیندانییەکان ناگرێتەوە، بەڵکو تەنها پلانی سەربازی لەخۆدەگرێت. هەروەها مەعاریف لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە ڕایگەیاندووە، "هیچ ئاماژەیەک نییە کە حەماس ئامادەبێت تاوتوێی مەرجەکانی کۆتاییهێنان بە شەڕەکە بکات". لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، دەسەڵاتی پەخشی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەدا کە لە کۆبوونەوەی کابینەکەدا باس لە سەپاندنی سەروەری بەسەر کەرتی ڕۆژئاوادا دەکرێت، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ شەپۆلی دانپێدانان بە دەوڵەتێکی فەلەستینی کە چاوەڕوان دەکرێت مانگی داهاتوو. سەرچاوە پزیشکییەکان باسیان لەوە کردووە کە لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی غەززە لە بەرەبەیانی دوێنێوە زیاتر لە ٨٥ فەلەستینی کوژراون. هێرشەکانی ڕژێمی ئیسرائیل لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا چڕ بووەتەوە سەر گەڕەکی ئەلریمال و کەمپی پەنابەرانی ئەلشاتی لە ڕۆژئاوای شاری غەززە و جەبەلیە لە باکووری کەرتی غەززە. لەلایەکى دیکەوە ئەبو عوبەیدە، گوتەبێژە دەمامکدارەکەی کەتیبەکانی عیزەددین قەسام - باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس، بەگوێرەی بەشێک لە میدیای ئیسرائیل و ناوچەکە، کراوەتە ئامانج و ئەگەری هەیە کوژرابێت.   رۆژی شەممە 30-08-2025، سوپای ئیسرائیل راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، "لە ئەنجامی هێرشێكی ئاسمانی بۆسەر یەکەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری غەززە لە باکووری کەرتەکە، بەرپرسێكی باڵای چالاکی حەماس بەئامانجگیرا."   لە راگەیێندراوەکەیدا، سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بە ئەبو عوبەیدە نەکردووە، بەڵام میدیای ئیسرائیلی لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگری، دەڵێن، "ئەوەی کوژراوە ئەبو عوبەیدەیە"، کە ناوی راستەقینەی "حوزەیفە سەمیر عەبدوڵڵا کەحلووت"ه.

بڕیارە ئەمڕۆ لە دادگای دووبز، پرۆسەی دادبینی بۆ سێ سکاڵا بکرێت کە لەسەر سێ جووتیاری کورد تۆمار کراون. یەکێک لە سکاڵاکان دژی ئەو جووتیارە کوردەیە کە مانگی شوباتی ئەمساڵ لەلایەن سەربازێکی عێراقی هێرشی کرایە سەر و ویستی بە ملپپێچەکەی ملی لە تراکتۆرەکە بیهێنێتە خوارەوە. محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سنووری سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک، ئەمڕۆ وتى، "سکاڵای دژی من لەلایەن فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانەوە تۆمار کراوە، ئەویش لەسەر رووداوەکانی 17ی شوباتی ئەم ساڵ." لە 17ی شوباتی ئەم ساڵ، لەسەر زەوییەکەی خۆی لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک، محەممەد ئەمین، جووتیاری کورد لەسەر تراکتۆرەکەی سەربازێکی سوپای عێراق بە ملپێچەکەی رایکێشا، بەڵام نەیتوانی جووتیارەکە بهێنێتە خوارەوە. بڵاوبوونەوەی دیمەنەکە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و هاوسۆزی بۆ جووتیارە کوردەکە دروستبوو. محەممەد ئەمین دەڵێت، "سەربازەکان بە پەلاماردان ویستیان لەسەر تراکتۆرەکەم رامکێشنە خوارەوە، ئێستاش دەیانەوێت لە رێگەی دادگەوە سزام بدەن." سکاڵای دووەم کە هەر ئەمڕۆ لە دادگەی دوبز دادبینیی بۆ دەکرێت لەلایەن عەرەبێکی هاوردەوە بە ناوی ساڵح مشوت، دژی جووتیاری کورد دەشتی خەلیل تۆمارکراوە لە گوندی پەلکانە. لە ساڵی 2017ـەوە دووبارە کێشە لەنێوان جووتیارە کوردەکانی گوندەکانی (شەناغە و سەرگەڕان و پەڵکانە و چەند گوندێکی دیکە) و عەرەبی هاوردە سەریهەڵداوە. چەندین جار ڕووبەڕووبونەوە دروست بووە و ئێستاش لە ڕێگای دادگاوە کێشە بۆ جووتیارانی کوردی ئەم گوندانە دروست دەکەن.  مانگی یەکی ئەمساڵ پەرلەمانی عێراق دەنگی دا لەسەر پڕۆژە یاسای گەڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان، ئەم پڕۆژە یاسایە لە 13ـی شوبات لەلایەن سەرۆککۆماری عێراق واژۆی لەسەر کراوە و ڕۆژی 18ـی شوبات لە ڕۆژنامەی وەقایعی عێراقی بڵاو کراوەتەوە. 

هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" کۆتاییهاتنی ئۆپراسیۆنێکی ئەمنییان لە حەسەکە راگەیاند و 51 داواکراوی سەر بە داعشیان دەستگیرکردووە. لە راگەیەندراوێکدا، هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، زیاتر لە سێ هەزار شەڕڤانی ژن و پیاو بەشدارییان لە ئۆپراسیۆنەکەدا کردووە، کە لەژێر ناوی "ئاسایشی هەمیشەیی گەلاندا" بەڕێوەچوو و نزیکەی 14 کاتژمێری خایاند. ئەوەشیان خستووەتەڕوو، هێزەکانیان سەرکەوتوو بوون لە گەیشتن بە هەموو ئامانجەکانی ئۆپراسیۆنەکە، بە دەستگیرکردنی 51 داواکراوی سەر بە داعش، کە بەشداربوون لە هێرشکردنە سەر هاوڵاتییانی سڤیل و ناوەندە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان. دەشڵێت، توانیویانە چەند تۆڕێکی مەترسیدار هەڵوەشێننەوە، کە پلانیان هەبووە هێرش بکەنە سەر زیندانی سناعە و کامپی هۆل و توانیویانە دەست بەسەر کۆگای چەک و تەقەمەنی و پاڵپشتیی لۆجستی شانەکانی سەر بە داعشدا بگرن. ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئۆپراسیۆنەکە بە مەبەستی رێگریکردن بووە لە هێرشی پێشوەختەی داعش، هاوکات بۆ رێگریکردن بووە لە خۆڕێکخستنەوەی ئەو رێکخراوە، کە هاوکات بووە لەگەڵ جموجۆڵە چڕەکانی داعش لە سەرانسەری سووریا و هەوڵە ئاژاوەگێڕییەکانیان بۆ قۆستنەوەی بۆشایی ئەمنی لە بیابانەکان و ناوخۆی سووریا.

بەشێکى زۆرى میدیا ئیسرائیلیەکان باس لەوەدەکەن سوپاى ئیسرائیل بینایەکى بۆردومانکردوە شوێنى مانەوەى ئەبوعوبەیدە وتەبێژی سەربازی كەتیبەكانی قەسام باڵى سه‌ربازیى حه‌ماس بووە. ئێوارەی ئەمڕۆ (شەممە)، هێزەکانی سوپاى ئیسرائیل لەڕێگەى چەند فرۆکەو هێرشى ئاسمانیەوە هەوڵیداوە ئەبو عوبەیدە وتەبێژی حەماس لەناوببات. وتەبێژی ئیسرائیل بە ئاماژەدان بە هێرشەکە وتی: ماوەیەکی کەم پێش ئێستا هێزەکانمانبە ڕێبەرایەتی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری، بە بەکارهێنانی فڕۆکەی هێزی ئاسمانی هێرشیان کردە سەر بینایەک کە پێدەچێت شوێنى مانەوەى بەرپرسێکى باڵاى حەماس بوبێت لە باکوری کەرتی غەززە.  کەناڵی حەوتى ئیسرائیل لەزارى چەند بەرپرسێکەوە ئەوەى ئاشکراکردوە ئەگەرێکى زۆرهەیە لەو هێرشەدا ئەبوعوبەیدە، وتەبێژی کەتیبەکانی عیزەدین قەسام (باڵى سەربازى حەماس) کوژرابێت یاخود بەسەختى برینداربوبێت. بەڵام بزوتنەوەى حەماس هێشتا هیچ زانیاریەکى فەرمى لەسەر ئەو بابەتە نەخستوەتەڕوو. هەرچەندە هێشتا سوپاى ئیسرائیل بەفەرمى ڕاینەگەیاندووە ئایا هەوڵی تیرۆرکردنی بەرپرسەکەى حەماس لەلایەن ئیسرائیلەوە سەرکەوتوو بووە یان نا  هێشتا ڕوون نییە، بەڵام وتەبێژی IDF ڕوونی کردەوە: "پێش هێرشەکە، هەنگاوی زۆر نراوە بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری زیانگەیاندن بە هاووڵاتیانی مەدەنی، لەوانە بەکارهێنانی چەکی ورد و چاودێری ئاسمانی و زانیاریی هەواڵگریی زیادە". بەگوێرەی هەواڵەکان لە غەززە، لە هێرشەکەدا ٨ کەس کوژراون، لە بینای ئەلبەسوو لە شاری غەززە. 

فەرماندەی گشتی هێزەکانى سوریا جەختى کردەوە، ئەوان بەهەموو جۆرێک دژی شەڕن، بەڵام ئەوەشی لەدەستیان بێت بۆ پاراستنی ئەزموونەکەیان دەیکەن، بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادەن بەڵام هەوڵی خۆبەدوورگرتن لە شەڕ دەدەن. مەزڵوم عەبدى فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەڵێت: ڕۆژئاوای کوردستان بۆ هەموو ئەگەرێکی ئاشتی و بەرگریکردن ئامادەیە، بەڵام ئێستا هەموو هەوڵێک دەدەن کێشەکان بەڕێگەی گفتوگۆ چارەسەر بکەن و خۆیان لە بژاردەی شەڕ بەدووردەگرن. لە پەیامێکدا کە ئاڕاستەی کۆنفرانسی گەنجانی ڕۆژئاوای کوردستان لە ئەوروپا کرد، ئەوەشی خستەڕوو، "دەبێت هەموومان کە خەبات بۆ دۆزە ڕەواکەمان دەکەین، بۆ هەموو شتێک ئامادە بین بەڵام دەبێت لە هەمان کاتیشدا هەوڵ بدەین بە گفتوگۆ ڕێگریی لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی شەڕ بکەین". گفتوگۆکانی نێوان ئیدارەی ڕۆژئاوای کوردستان و دیمەشق نزیکەی شەش مانگە بەردەوامە و سەرەڕای نێوەندگیری ئەمریکا و فەڕەنسا، بەڵام تائێستا لەسەر چۆنییەتی تێکەڵبوونەوەی هەسەدە و دامەزراوە مەدەنییەکان لەگەڵ سوپا و دامەزراوەکانی حکومەتی سووریا ناکۆکی لە وردەکارییەکان هەیە، بەهۆی گفتوگۆکان نەگەیشتوونەتە ئەنجام. ئاماژەی بەوەشکرد، 14 ساڵ شەڕ بەسە لە سووریا و ئێستا کاتی بونیادنانەوەی سووریایەکی دیموکراسی، لامەرکەزی و هەمەڕەنگە بەجۆرێک تیایدا هەموو پێکهاتەکان پێگەی شایستەی خۆیان هەبێت، ڕێککەوتنی 10ی ئازاریش چوارچێوەیەکی باشە بۆ هەموو گەلان و لەڕێگەیەوە قۆناغ بە قۆناغ هەوڵی چارەسەری سیاسی دەدەن. مەزڵووم عەبدی وتیشی، هیچ گەنجێکی کورد کە چووەتە ئەوروپا لەبەر چێژی تایبەتی خۆی نەڕۆیشتووە بەڵکو بەهۆی ستەم، چەوسانەوە و شەڕ ناچار بووە وڵاتەکەی جێبهێڵێت، بۆیەش داوا لە گەنجانی کورد دەکەن هەمیشە نیشتیمانییانە مامەڵە بکەن و بەهۆکارە گونجاوەکانی بەردەستیان ئەرکی نیشتیمانی خۆیان جێبەجێ بکەن.

بڕیارە لەچەند هەفتەى داهاتوودا ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا سەردانێکی فەرمی بۆ عێراق ئەنجام بدات سەرۆک وەزیرانی عێراقیش دەلێت سەردانەکەی ماکرۆن بۆ بەغدا گرنگ دەبێت. بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ شەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنساوەو پێگەیشتوەو تێیدا تاوتوێی چەند پرسێكیان كردوە، لەوانە پەیوەندییە دوقۆڵییەكانی نێوان هەردو وڵات و بەهێزكردنی هاوبەشی و هەماهەنگی لە تەواوی بوارەكانداو هرەوەها گفتوگۆشیان لەبارەی ئەو پرسانەی ناوچەكەو جیهانەوە كردوە كە جێی بایەخی هەردولان. سودانی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا باسی لە هەوڵەكانی حكومەتەكەی كردوە لەبارەی بانگهێشتكردن بۆ بەستنی كۆنگرەیەكی هەرێم لە بەغدا بۆ تاوتوێكردنی پرسەكانی ناوچەكەو جەختیشی لە گرنگی سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی ماكرۆن بۆ بەغدا كردۆتەوە و پێزانینی عێراقی بۆ هەڵویستی فەرەنسا لەبارەی دۆزی فەلەستین دەربڕیوە. سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختیشی كردۆتەوە كە عێراق سەرنجی لە پەرەپێدانی ئابورییە بە گێڕانی رۆڵێكی بونیادنەر لە ناوچەكەو هۆشداریشی داوە لە مەترسییەكانی هەڵایسانی شەڕێكی نوێ لە ناوچەكە و جەختی كردۆتەوە كە بەغدا ئامادەیە بۆ كاركردن لەگەڵ فەرەنساو تەواوی هاوبەشەكانی لەنێویاندا ئێران ئەمریكا بۆ خۆبەدورگرتن لە شەڕێكی نوێ و عێراقیش هەر هەنگاوێكی پێویست دەگرێتە بەر بۆ بەرژوەندی خۆی و بە ئامانجی رێگری لە شەڕ لەڕێگەی گفتوگۆی بونیادنەرانە لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەكان. لای خۆیشییەوە ماكرۆن جەختی لەوە كردۆتەوە كە فەرەنسا شانازی بە قوڵی پەیوەندییە ستراتیژییەكانی نێوان هەردو وڵاتەوە دەكات و خواستی خۆیشی بۆ بەردەوامی پشتیوانیكردنی عێراق دەربڕیوەو هیواشی خواستوە سەردانە چاوەڕوانكردنەوەكەی بۆ بەغدا ئامانجەكانی بەدیبهێنێت.

سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاند، بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ بژاردەی شەڕدا نین بەڵام ترسیشیان لە شەڕ نییە. دەشڵێت، ئەمریكاو ئیسرائیل دەیانەوێت ئێران دابەش بكەن و لەناوی ببەن. لە گفتوگۆیەكی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ سێ میدیاكاری وڵاتەكەی مەسعود پزیشكییان، سەرۆك كۆماری ئێران، رایگەیاند: ئێمە جەنگمان ناوێت، بەڵام ئەگەر بیانەوێت هێرش و دەستدرێژی بكەن، بەوپەڕی هێزە لەبەرامبەریان دەوەستین. وتیشی، ئێمە جەنگمان ناوێت، ئەمەشمان لە یەكەم رۆژەوە وتوە، بەڵام ترسیشمان لە جەنگ نییە. ئێمە هەوڵی ئەوە ئەدەین كە جەنگ رو نەدات، بەڵام ئەمریكاو ئیسرائیل دەیانەوێت ئێران دابەش بكەن و لەناوی ببەن، بەڵام هیچ ئێرانییەك نایەوێت وڵاتەكەی دابەش بكرێت و یاخود بە سەرشۆڕی تەسلیم ببێت. لەبارەی بڕیاری ئەڵمانیا و بەریتانیاو فەرەنسا بۆ كاراكردنی سناپ باك و سەپاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەكان بەسەر ئێراندا پزیشكیان وتی، ترسی من لە سناپ باك یاخود هەڕەشە دەرەكییەكان نییە، بەڵكو لە ناكۆكییەكانی ناوخۆ دەترسم، ترسم لەو كەلێنە نێوخۆیی و ئەو كێشمەكێشانەیە كە هەندێك جار لەسەر بابەتی لاوەكی لەناوخۆ دروست دەبن، دوژمنانیش چاویان لەسەر ئەم ناكۆكییانەیە.

پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) زنجیرەیەک چالاکی و گردبوونەوەی جەماوەری لە دوو رۆژی داهاتوودا لە 20 شاری باکووری کوردستان و تورکیا ئەنجام دەدات. (دەم پارتی)، جەخت لە پاراستنی پرۆسەی ئاشتی لە هەر هەوڵێکی قۆستنەوەی سیاسی ناوخۆیی یان لادان لە ئامانجە بنەڕەتییەکانی دەكاتەوە. دەم پارتی، لە بەیاننامەکەدا رایگەیاندووە:هەنگاوەکان بەرەو چارەسەری دیموکراسی نابێت تەنها لە کاری لیژنە پەرلەمانییەكەدا كورت بكرێتەوە، بەڵکو پێویستی بە بەشداریی فراوانی دامەزراوە جیاوازەکان هەیە، لە پێشیانەوە، رێکخراوەکانی پارێزەران، لە ڕێگەی پێشنیازەکانی پەیوەست بە دادپەروەری راگوزەرو بەهێزکردنی ئازادی رادەربڕین و، جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و، پێداچوونەوە بە چەمکی هاوڵاتیبون لەسەر بنەمای یەکسانی و گشتگیری. لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە: ئەم نزیكبونەوانە نمایندەی بەهایەکی مێژوویی دەکەن کە دیدگای ئەمنی بۆ پرسی کورد تێدەپەڕێنێت و هەوڵدەدات رەگ و ریشەی کێشەکە چارەسەر بکات و، ژینگەیەکی لەبار بۆ چارەسەرێکی هەمەلایەنەی دیموکراسی دروست بکات. راشیدەگەیەنێت: دانیشتنەکانی ئەم دواییەی لیژنەكەی پەرلەمان بەشدارییان کردووە لە چەسپاندنی گوتارێک کە لەسەر بنەمای دیالۆگ و گەڕان بەدوای چارەسەرەکاندا بێت، جەختیش دەكاتەوە، جیاوازییەكانی کۆمەڵگا سەرچاوەی دەوڵەمەندی و بەهێزین و، زمانی خەڵک دەبێ پردی ئاشتی بن نەک ئامرازی دابەشبوون.

سوپاى ئیسرائیل لەشەوى ڕابردوەوە هێرشەکانی بۆ سەر غەززە چڕتر کردوەتەوە، میدیاکانی ئیسرائیلیش هەندێک وردەکاری لەبارەی "ڕووداوێکی سەختی ئەمنی" ئاشکرا دەکەن. میدیاکانی ئیسرائیل هەواڵی کوژرانی سەربازێک و برینداربوونی ١١ی دیکەیان بە سەختی بڵاوکردەوە. هەروەها باس لەوەدەکەن لەو هێرشانەدا بۆسەر گەرەکى زەیتون لە غەززە چوار سەربازی دیکە بێسەروشوێنن و سوپای ئیسرائیل ترسی ئەوەی هەیە کە ڕەنگە لەلایەن حەماسەوە بەدیل گیرابن، ئەم ڕووداوەش بە یەکێک لە سەختترین ڕووداوەکان دوای هیرشەکانى ٧ى ئۆکتۆبەر دادەنرێت. میدیاکان دەڵێن یەکێک لە ڕووداوە ئەمنییەکان لە غەززە تەقاندنەوەی بۆمبێکی چێندراو بووە کە ئۆتۆمبێلێکی " نەمر "ی کردە ئامانج و بەهۆیەوە حەوت سەرباز برینداربوون، کە باری تەندروستی سێ سەربازییان ناجێگیرە. لەلایەکى دیکەوە، کەناڵی 12 بڵاویکردەوە، بەگوێرەی سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی، دەکرا هەر لە هەفتەی ڕابردوودا بارمتە زیندووەکان لەناو ماڵەکەدا بوونایە و لەبری ئەوە حکومەت و کابینەکە بڕیاریانداوە کە بەرەو داگیرکردنی غەززە هەنگاو بنێن. ئەمڕۆ یەکشەممە ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرسە و بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەش هەموو بەرپرسانی دامەزراوەی بەرگری پلانیان هەیە بەرەیەکی یەکگرتوو بخەنەڕوو کە بەپێی ئەو بەرەیە دەبێت ئێستا ڕێککەوتنی بارمتەکردن بەرەوپێش ببرێت پێش ئەوەی بچنە داگیرکردنی غەززە.  هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئیسرائیل هیچ گفتوگۆیەکی لەسەر پێشنیاری ئاگربەست ئەنجام نەداوە کە حەماس زیاتر لە هەفتەیەک لەمەوبەر لەسەری ڕازی بووە.  وتەبێژی باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس، ئەبو عوبێدە، هەڕەشەی کرد کە "پلانی تاوانکاریی دوژمن بۆ داگیرکردنی غەززە دەبێتە کارەسات بۆ سەرکردایەتی سیاسی و سەربازییەکەی. سوپاى ئیسرائیل بە خوێنی سەربازەکانی باجەکەی دەدات، هەروەها ئەگەری ڕفاندنی سەربازی زیادە زیاتر دەبێت". ئاماژەی بەوەشکرد، شەڕڤانانمان لە ئامادەباشیدان و ئامادەن و ورەیان بەرزە، نموونەی ناوازەی قارەمانێتی و بوێری دەخەنەڕوو، وانەی سەختیش فێری داگیرکەران دەکەن. گوتیشی: "ناتانیاهۆ تاوانباری جەنگ و وەزیرەکانی بە ئەنقەست بڕیاریاندا نیوەی ژمارەی بارمتە زیندووەکانی دوژمن کەمبکەنەوە، هەروەها زۆربەی تەرمی کەوتووەکان بۆ هەمیشە دیارنەماون"، دەشڵێت: سوپای دوژمن و حکومەتە تیرۆریستییەکەی بەرپرسیارێتی تەواویان لە ئەستۆ دەگرن. ئەبو عوبەیدە بەڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە حەماس هەموو هەوڵێک دەدات بۆ پاراستنی بارمتەکان و هۆشداریشیدا لەوەی "لە ناوچەکانی شەڕ و ململانێدا لەگەڵ شەڕڤانانمان پێکەوە دەبن، لە هەمان هەلومەرجی مەترسیدار و هەمان بارودۆخی ژیانی هاوشێوەدا". گەڕەکی زەیتون و سابرا شاهیدی زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆن بوون لەلایەن چەکدارانى حەماسەوە کە بە بۆسەیەکیان دانابوو بەوهۆیەوە سەربازێکى ئیسرائیل کوژر، بەگوێرەی میدیا ئیسرائیلییەکان، کە پشتڕاستیان کردەوە کە سوپای ئیسرائیل بەناو "پرۆتۆکۆلی هانیباڵ" چالاک کردووە بۆ کوشتنی هەر سەربازێک پێش ئەوەی بگیرێت. هێلیکۆپتەرەکانی چۆڵکردن کەوتوونەتە بەر هێرشى سەخت و تەقەی قورس و پێدەچێت هێزەکانی فیرقەی ١٦٢ و لیوای ٤٠١ لە گەڕەکی زەیتون لە ڕۆژهەڵاتی غەززە بۆسەیان بۆ دابنرێت. سوپا دەستیکردووە بە کشانەوەی سەربازەکانی لە گەڕەکی زەیتون و گەڕاندنەوەیان بۆ سەربازگەکانیان، هاوکات سانسۆری سەربازی قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوە لەسەر ئەوەی بەسەر ئەو چوار سەربازەدا هاتووە لە گەڕەکی زەیتون، سەپاندووە. وتەبێژی سەربازی لیواکانی قەسام، ئەبو عوبێدە ، ڕایگەیاند، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و ئەوەی بە وەزیرە نازییەکانی وەسفی کردووە، بە ئیرادە بڕیاریانداوە ژمارەی زیندانییە زیندووەکانیان بۆ نیوە کەمبکەنەوە. هەروەها بڕیاریان داوە کە زۆربەی تەرمی زیندانییە مردووەکانیان بۆ هەمیشە ون بێت.

نێردەی تایبەتی ئەمریكا لە سوریا دەڵێت، هەسەدە بەشێك نییە لە پەكەكە و هاوپەیمانێكی سەرەكی ئەمریكایە و پاڵپشتی گفتوگۆی مەزڵوم كۆبانێ و هاكان فیدانیش دەكەن. تۆم باراك نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ كاروباری سوریا رایگەیاند، گفتوگۆی بەردەوام لە نێوان مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا و لێپرسراوانی تری ئەو وڵاتە هەیە و وەك ئەمریكاش پاڵپشتی ئەو گفتوگۆیانە دەكەن. وتیشی، توركیا هاوپەیمانێكی سوریایە، بەڵام روبەڕوی پەكەكە و هەسەدە دەبێتەوە، هەسەدەش لە شەڕی دژی داعشەوە هاوپەیمانێكی سەرەكی ئەمریكایە و ئەو ئاڵۆزییەش سەرئێشە بۆ ئەمریكا دروست دەكات. باراك ئاماژەی بەوەشكرد، پەیوەندی و ململانێی توركیا و هێزە كوردییەكانی سوریا سەرەڕای ململانێ و ناكۆكی قوڵی نێوانیان، بەڵام دەرخەری ئەو راستییەیە كە هەموو ئەگەرێكی گفتوگۆ كراوەیە بۆئەوەی خوێنی زیاتر نەڕژێت. دەشڵێت، ئەحمەد شەرع كێشەی ناوخۆیی گەورەی هەیە و دروزەكان و كورد و عەلەویەكانیش خاكیان دەوێت، لە كاتێكدا ئەو سورە لەسەر حكومەتێكی ناوەندیی لە سوریا.

"چاوێکم لەسەر عێراق بوو،" ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بەو رستەیە گرنگیی عێراقی بۆ وڵاتەکەی دەربڕی، ئەمەش ئەو کاتەی کە لە کۆتایی 2024 خۆی و هێزەکەى لە پارێزگای حەلەبەوە بەرەو دیمەشقی پایتەخت دەڕۆیشتن بۆ رووخاندنی رژێمی بەشار ئەسەد. ئەو دەڵێت، "چاودێریی دۆخی سەربازیی سووریام دەکرد لەگەڵ دەرهاویشتەکانی لەسەر عێراق."   ئەحمەد شەرع کە هەشت مانگە بە فەرمی بووەتە سەرۆککۆماری سووریا، دەڵێت، "لە کاتی شەڕەکانمان لە سووریا و بەر لە گەیشتنمان بە دیمەشق، تێبینیی ئەوەمان کرد کە هەندێک لایەنی عێراقی دەیانەوێت دۆخەکە بقۆزنەوە."   ئەو گوتانەی ئەحمەد شەرع لە کۆبوونەوەکەیدا بووە لەگەڵ ژمارەیەک میدیاکاری عەرەب، کە لە 24ی ئاب لە دیمەشق کرا، بەڵام دەقی گفتوگۆکە تازە بڵاوکراوەتەوە.   شەرع باسی دۆخی دوای گۆڕانکارییەکانی سووریا و کاریگەریی لەسەر عێراق کرد. بە گوتەی ئەو، لە ناوخۆی عێراقدا گوشارێک لەسەر بڕیاربەدەستان هەبوو، کە دەبێت حکومەت زوو دەستوەربدات و ئاڵنگارییەکی گەورە هەیە، ئەگەرنا "باجێکی قورس دەدات،" ئەویش هەوڵی بە دڵنیاکردنەوەی عێراقی داوە. لەدیدارەکەدا، ئەحمەد شەڕع، سەرۆکی سووریا ڕایگەیاند، لە کاتی ڕاپەڕینی گەلی سووریا دژی ڕژێمی پێشوو،  زۆرێک لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق دژی ئیرادەی خەڵکی سووریا وەستانەوە و کاتێک بۆ عێراق کشانەوە، دەستیان بە هێرشی ڕاگەیاندن لە دژمان کرد. - ئێمە داوای لێبووردن یان تۆڵەسەندنەوەمان نەکردووە، وەک ئەوەی دوای جەنگەکان ڕوودەدات، بەڵکو دەرگای سووریامان بۆ هەمووان کردەوە و وەک دەوڵەتێکی دراوسێ مامەڵەمان لەگەڵ عێراقدا کرد، چونکە بەرژەوەندیی هاوبەشی کۆمەڵایەتی، ئابووری و ئەمنیی پێکەوە دەمانبەستێتەوە." - ئێستا عێراق لەبەردەم ئاستەنگدایە و لەسەروبەندی هەڵبژاردنی پەرلەماندایە و ڕوون نییە چۆن بەڕێوەدەچێت گوشارێکی زۆریش لەسەر سوودانی هەیە و ئاماژەی نەرێنیش لە هەندێک لایەنەوە بەرامبەر سووریا هەیە. - زۆر لایەن هەوڵیان دەدا سوود لە دۆخی سووریا وەربگرن و بابەتی تائیفی لە عێراقدا بقۆزنەوە، بەڵام من ڕەتم کردەوە و مامەڵەی ڕاستەخۆم لەگەڵ حکومەتی عێراق پێ باشتر بوو و تا ئێستا پابەندین پێوە. 8ی کانوونی یەکەمی 2024 بە فەرمی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سووریا رووخا، کە پەیوەندیی هاومەزهەبی شیعەى لەگەڵ ئێران و زۆرینەی دەسەڵاتدارانى عێراق بەهێز بوو.   سەرۆککۆماری سووریا گوتی، "پەیامێکی راستەوخۆ و بەپەلەم نارد بۆ سوودانی کە لە پەرلەمان بوو، بۆئەوەی بڕیارێک بدات. لەوە ترسام کە بڕیارێکی هەڵە بدات و بە ڤیدیۆیەکی خێرا هاوکاریم کرد، کاردانەوەی باش بوو بۆئەوەی تێڕوانینێکی ئەرێنیی بۆ دۆخی سووریا هەبێت."   سنووری نێوان عێراق و سووریا زیاتر لە 605 کیلۆمەترە، دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، مەترسیی عێراق لەوە بوو کە گرووپە چەکدارەکان لە سووریاوە دزە بکەنە ناو وڵاتەکەی.   ئەحمەد شەرع گوتی، "ئەو پەیامە وایکرد عێراقییەکان دۆخەکە لەبەرچاو بگرن و تەنیا رێکاریان پاراستنی سنوور بێت."   رەخنەی سەرۆککۆماری سووریا ئاراستەی هەندێک لە لایەنی عێراقی بوو بەبێ ئەوەی ناویان بهێنێت و گوتی، "هەندێک لەو گرووپە چەکدارانەی بەڕوومان وەستانەوە، گرووپە چەکدارەکانی عێراق بوون. ئەوە یەکێک بوو لەو پرسانەی بە تەواوی لێی تێنەگەیشتم. کاتێکیش کشانەوە بۆ عێراق، لەوێ لەڕووی راگەیاندنەوە هێرشیان دەکردە سەرمان."

سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا ڕایده‌گه‌یه‌نێت، دوای ده‌نگدان له‌سه‌ر لیستی باڵیۆزان، ده‌بێت گه‌نده‌ڵكاران و ئه‌وانه‌ی لێپرسینه‌وه‌و دادپه‌روه‌ری ده‌یانگرێته‌وه،‌ له‌لیسته‌كه‌ دوور بخرێنه‌وه‌. نوری مالیكی، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا، له‌باره‌ی په‌سه‌ندكردنی ناوی باڵیۆزانی عێراق له‌وڵاتانی جیهان له‌ په‌یامێكدا ڕایگه‌یاندووه‌، ده‌نگدان له‌سه‌ر لیستی كاندیدان ده‌بێت به‌جۆرێك بێت، گه‌نده‌ڵكار و ئه‌وانه‌ش دوور بخرێنه‌وه‌ كه‌ ده‌سته‌ی لێپرسینه‌وه‌و دادپه‌روه‌ری ده‌یانگرێته‌وه‌. مالیكی راشیگه‌یاندووه‌، ساڵانێكه‌ عێراق به‌ده‌ست لاوازیی و كه‌موكورتی كادری دیبلۆماسی باڵیۆزخانه‌كانی له‌ده‌ره‌وه‌ ده‌ناڵێنێت، بۆیه‌ په‌سه‌ندكردنی لیستی باڵیۆزان، كاردانه‌وه‌ی به‌دوای خۆیدا هێنا و داوا ده‌كه‌ن ئه‌وانه‌ی ده‌سته‌ی لێپرسینه‌وه‌و دادپه‌روه‌ری ده‌یانگرێته‌وه‌، ئه‌وانه‌شی گه‌نده‌ڵن و دۆسیه‌ی تاوانكارییان له‌سه‌ره،‌ به‌ڕێككاری یاسایی و ده‌ستپاكی و ئه‌منیی‌ دوور بخرێنه‌وه‌.

بەلەمێکی گواستنەوەی کۆچبەرانی نایاسایی لە کەناراوەکانی مۆریتانیا ژێرئاو کەوت و بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا لانیکەم، 49 کەس گیانیان لەدەستداوە. بەرپرسێکی باڵای هێزی پاسەوانی دەریایی مۆریتانیا کە نەیویستووە ناوی بهێنرێت لەوبارەیەوە رایگەیاند، جگەلە گیانلەدەستدانی 49 کەس، هاوکات نزیکەی 100 کەسیش بێسەروشوێنن. ئەو بەرپرسەی مۆریتانیا ئاشکراشیکرد، بەلەمەکە 160  کۆچبەری نایاسایی لەسەر بووە، کە زۆربەیان خەڵکی سینیگال و گامبیا بوون. گوتیشی، هێزەکانیان توانیویانە تەنیا 17 کەس لە مردن رزگاربکەن و گەڕان و پشکنین بەدوای ونبووەکاندا بەردەوامە.  ساڵی رابردوو، مۆریتانیا رێککەوتنی پەنابەرانی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا واژۆکرد و بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە، رێگە لە پەڕینەوەی کۆچبەرانی نایاسایی دەگرێت و لە بەرامبەردا 210 ملیۆن پاوەند وەردەگرێت.  بەگوێرە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش لەو وڵاتە، لەچوارچێوەی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئەوروپا تەنیا مانگی ئازاری ئەمساڵ هەزار و 200 پەنابەر لە مۆریتانیاوە دیپۆرتکراونەتەوە. سەرەتای ئەم هەفتەیەش، هەڵمەتێکی گرتن و دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانیان دەستپێکرد و تاوەکو ئێستا سەدان کۆچبەری نایاسایی لە کەناراوەکاندا دەستگیرکراون.

لە یەکەم کاردانەوەی بڕیاری سێ وڵاتی ئەورووپی بۆ سەپاندنەوەی سزا بەسەر تاران، تمەن زیاتر دابەزی.  بە کاراکردنی میکانزمی سناپ باک، ئێران 30 رۆژی لەبەردەمە، کە یان دەبێت بە مەرجی ئەورووپییەکان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی رازی بێت، یانیش بکەوێتەوە ژێر سزا ئابوورییە سەختە نێودەوڵەتییەکان، لەوانەش سڕکردنی هەموو پارە و سامانی وڵاتەکە لە دەرەوە. ئارمان ڤاشەقانی فەراحانی، دانیشتووی تارانە و دەڵێت: "بۆ هەر شوێنێک بڕۆیت بۆ کڕینی خواردن، جل، پارچەی یەدەگ، چارەسەری تەندروستی یان هەر شتێکی دیکە، یەکسەر پێت دەڵێن بەهای دۆلار بەرزبووەتەوە بۆیە دەبێت پارەی زیاتر بدەیت." ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا رێکارەکەیان چالاک کرد. بەرلین داوا لە تاران دەکات، ئەم 30 رۆژە بکاتە دەرفەتێک بۆ دیپلۆماسی و لەدەستی نەدات. یۆهان ڤادێفول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، "ئێران دەزانێت کە دەبێت ئێستا چی بکات. پێویستە هاوئاهەنگیی تەواو لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بکات، پابەندی دانوستاندن بێت و پیتاندنی یۆرانیۆم بەشێوەیەکی سەلمێنراو کەمبکاتەوە." دوای راگەیاندنی کاراکردنی میکانزمی سەپاندنەوەی سزاکان، وەزیری دەرەوەی ئێران پەیوەندی بە هاوتا ئەورووپییەکانییەوە کرد و پێی گوتن، ئێران دەستەوەستان نابێت و دەکرێت ئەو هەنگاوەیان هاوئاهەنگیی تاران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لاوازتر بکات. کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە پێمان راگەیاندوون کە ئەگەر ئەمە رووبدات، ئەوا ئەو دەرەچەیەی بۆ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیمان کردووەتەوە، بە تەواوی زیانی بەردەکەوێت و رەنگە بوەستێنرێت. ئەگەر ئەوان میکانزمی سەپاندنەوەی سزاکان کارا بکەن، هیچ واتایەکی تێدا نییە کە ئێران لەگەڵیان بەردەوام بێت لە کارکردن." رووسیا دەڵێت، بڕیاری ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا دژی ئێران هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و تەنیا "چاوسوورکردنەوە و تەنگپێهەڵچنینە".   دیمیتری پۆڵیانسکی، جێگری نوێنەری هەمیشەیی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات، "بێگومان ئەمە کار دەکاتە سەر کەشی گشتیی پرسەکانی پەیوەست بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و هاوئاهەنگیی نێودەوڵەتی لەم بارەیەوە ئاڵۆز دەکات." رووسیا و چین پڕۆژە بڕیارێکی هاوبەشیان پێشكێش بە ئەنجوومەنی ئاسایش کردووە بۆ ئەوەی ماوەی هەڵوەشاندنەوەی سزاکان لەسەر ئێران درێژ بکرێتەوە، بەڵام ئەگەر ئێران ئەورووپییەکانی پێ رازی نەکرێت، ئەوا فەرەنسا و بەریتانیا دەتوانن بە ڤیتۆ شکستی پێبێنن.  رووسیا و چین ناتوانن بڕیاری سەپاندنەوەی سزاکان ڤیتۆ بکەن، چونکە ناخرێتە دەنگدانەوە، بەڵکو 30 رۆژ لە دوای تۆمەتبارکردنی ئێران بە پێشێلکردنی رێککەوتنی ئەتۆمی، خۆکارانە سزاکان کارا دەبنەوە.