ناوەندی راگەیاندنی سوریای دیموكرات دەڵێت: گروپە چەكدارەكانی سەر بە دیمەشق لە دژی گەرەکەکانی حەلەب تانک و تۆپخانە بەکاردەهێنن. ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە، لە بەیاننامەیەكدا: بە توندی ئەو بانگەشانە رەتدەکاتەوە کە لەلایەن دەزگا ئەمنی و سەربازییەكانی حکومەتی دیمەشقەوە سەبارەت بە ئامانجگرتنی گەڕەکەکانی حەلەب لەلایەن هێزەکانيانەوە، کە بەپێی رێککەوتنی 1ی نیسان خاڵەكانی رادەستی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ_ئاسایش کردوە. هەسەدە ئاماژەی بەوەشكردووە: پێویستە لێكۆڵینەوە لە گروپە  دابەشبووەكانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بكرێت، کە لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا گەمارۆی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەیان داوەو چەندین جار هێرشیان كردووەتە سەر خەڵکی مەدەنی بە بەرچاوی چاوی دەزگاكانی حکومەتەوە، سەرەڕای رێککەوتنی 1ی نیسان. دەشڵێت: بۆردومانكردنی ئێستای ناوچە نیشتەجێبوەکان دەرئەنجامی راستەوخۆی كردەوەكانی هەمان ئەو گروپانەیە، بەتایبەتی لە رۆژئاوا و باکوری حەلەب، کە موشەکەکان بە درێژایی ڕێڕەوی سەربازی ئاشكرا لە پێگەکانیانەوە بەرەو گەڕەکەکانی شارەکە هەڵدەدرێن بە ئامانجی تێکدانی سەقامگیری ئاسایش و ئاژاوە نانەوە. ئەو گروپانە گەیشتوونەتە ئاساتێك  کە تانک و تۆپخانەیان هێناوە بۆ تۆپبارانکردنی گەڕەکی شێخ مەقسودو ئەشرەفیە لە پەرەسەندنێكی مەترسیداردا کە هەڕشە لەسەر ژیانی خەڵکی سڤیل و سەقامگیری ناوچەکە دروست دەکات.

ئایا کوردستانی بە قیبلەی موسڵمانان شوبهاندووە؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی لەسەروربەندی یەکەم ساڵیادی رووخانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد گوتارێکی د.مورشید خەزنەوی لە نەرویج بووە بابەتی رۆژ، بەشێک لە خەڵکی دەستخۆشیان لێدەکرد و بەشێکی دیکەیان بە توندی رەخنەیان لێگرت و وەڵامیان دایەوە، تەنانەت هەندێک میدیای هەرێمی کوردستان قسەکەیان گۆڕی و بەلارێیاندا برد، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی هێرشێکی ناڕەوای بکرێتەسەر. د.مورشید مەبەستی چی بوو؟ د.مورشید لە سەرەتای ئەم مانگەوە کۆرێکی لە ئۆسلۆی وڵاتی نەرویج بۆ رێکخرابوو و تێیدا باسی دۆخی رۆژاڤای کوردستان و سوریای کرد دوای ساڵێک لە رووخانی رژێمەکەی ئەسەد.  ئەو وەڵامی هەندێک کەسی دایەوە کە دەیانوت خاکی کوردستان خاکێکی ئاساییە حکومەتی سوریا دەستیبەسەردا بگرێت بۆ ئەوەی شەڕ روونەدات. لە وەڵامدا د.مورشید گوتی، کوردستان ناوی لە قورئاندا هاتووە و لە قورئاندا سێ شوێنی پیرۆز هەیە، لە دوای مەککە و قودس، کوردستانە. دواتر ئەم قسانە کاردانەوەی زۆری لێکەوتووە. لە میدیای کوردی خوێندنەوەی هەڵە بۆ قسەکانی کرا یاخود بەئەنقەست شوێندرا چونکە قسەیەکیان بەدەمی د.مورشید خەزنەوییەوە دەنووسی کە هەرگیز شتی وای نەگووتوە. میدیای کوردی دەیانووسی، د.مورشید خەزنەوی دەڵێت: کوردستان سێیەم قیبلەی موسڵمانانە. بەڵام لەراستیدا ئەگەر بەوردی گوێ بۆ قسەکانی بگیرێت، د.مورشید دەڵێت، نوح پێغەمبەر دوعای کردووە کەشتییەکەی لە شوێنێکی پیرۆز بگیرسێتەوە، خوای گەورەش لە جودی گیرساندییەوە، لە قورئاندا ناوی جودی هێنراوە بۆیە خاکی کوردستان پیرۆزە و دەبێت پارێزگاری لە خاکەکەی بکرێت دژی داگیرکەران. -------- بەهۆی پیشەیی نەبوونی میدیاکانی کوردستان و هەوڵدان بۆ کۆکردنەوەی لایک و کۆمێنت، د.مورشید خەزنەوەی هێرشێکی ناڕەوای کرایەسەر و چەندین تۆمەت درایەپاڵی و قسەی ناشرینی بەرامبەر کرا، لەکاتێکدا مامۆستایەکە هەمیشە رێزی سرووتە ئاینییەکانی گرتووە و بەردەوام ئایینی ئیسلام بە جوانترین شێوە بۆ خەڵک رووندەکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەرگریکارێکی سەرسەختی نەتەوەکەی خۆیەتی. د.مورشید خەزنەوی، کوڕی محەمەد مەعشوق نەقشبەندییە کە ساڵی 2005 لەلایەن حکومەتەکەی بەشار ئەسەد رفێنراو دواتر تەرمەکەی دۆزرایەوە. د.مورشید، لە گوندی تەلمەعروفی شاری قامیشلۆ لە دایک بووە. لە شەقام، مزگەوت و هەرکۆڕ و کۆبوونەوەیەک بۆی بچێت باسی کوردستان بابەتی سەر زارییەتی. د.مورشید خەزنەوی، بەردەوام بە مامۆستاییەکی ئاینی پشتیوانیکاری رۆژاڤای کوردستان و ئیدارەی خۆسەر دادەنرێت، لە کەم لێدوان و چاوپێکەوتنی هەیە باسی رۆژاڤا و دۆخی کورد نەکات.

هەسەدە رایگەیاند، لە هێرشی گروپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق 5 کەسی سڤیل برینداربوون، کە یەکێکیان منداڵە. هەسەدە دەڵێت، هێرشی ئەو گروپانە بە چەکی قورس بۆ سەر گەرەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود بەردەوامە. ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە دەڵێت: بەهۆی هێرشی بەردەوامی گروپە چەكدارەكانی سەربە حكومەتی دیمەشق بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە شاری حەلەب، بە بەکارهێنانی هاوەن و چەکی قورس پێنج هاوڵاتی مەدەنی برینداربون كە یەكێكیان منداڵە.  هەسەدە راشیگەیاندوە: دانیشتوانی ئەو دوو گەڕەکەو هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەردەوامن لە بەرەنگاربونەوەی ئەو دوژمنكارییەو، هەموو رێوشوێنێکی پێویست دەگرنەبەر بۆ پاراستنی خۆیان و گیانی هاوڵاتیان. ئێوارەى ئەمڕۆ گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سوریا دیسان هێرشیان بۆ گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب دەستپێکردەوە و ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەڵێت:  دوو ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە خاڵێکی پشکنینی گەڕەکی شێخ مەقسود لە حەلەب بەهۆی هێرشی گرووپەکانی سەر بە دیمەشقەوە برینداربوون. هەروەها دەشلێت ئەم هێرشە بەردەوامی چاودێرینەکرددنی ئەو گروپانە دەسەلمێنێت کە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی شارەکە و ژیانی خەڵکی سڤیل. ♦️ هێرشەکە سەلمێنەری ئەوەیە دیمەشق ناتوانێت گرووپە چەکدارەکانی کۆنتڕۆڵ بکات. ♦️ ئێمە دمیەشق بە بەرپرسیاری تەواوی ئەم هێرشانە دەزانین.  

گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سوریا دیسان هێرشیان بۆ گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب دەستپێکردەوە و ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەڵێت:   دوو ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە خاڵێکی پشکنینی گەڕەکی شێخ مەقسود لە حەلەب بەهۆی هێرشی گرووپەکانی سەر بە دیمەشقەوە برینداربوون. هەروەها دەشڵێت ئەم هێرشە بەردەوامی چاودێرینەکرددنی ئەو گروپانە دەسەلمێنێت کە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی شارەکە و ژیانی خەڵکی سڤیل. هێرشەکە سەلمێنەری ئەوەیە دیمەشق ناتوانێت گرووپە چەکدارەکانی کۆنتڕۆڵ بکات،  ئێمە دمیەشق بە بەرپرسیاری تەواوی ئەم هێرشانە دەزانین.  بارودۆخی ئەمنیی شاری حەلەب بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەچێت و پێکدادانی پچڕپچڕ لەنێوان سوپای سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە چەند گەڕەکێکی ستراتیژی دەستیپێکردووە. لە کاتێکدا شەڕی چەکداری لە ئارادایە، نیشانەشکێنەکان جموجۆڵیان لە ناوچە سەرەکییەکان پەکخستووە و مەترسییان بۆ سەر ژیانی مەدەنییەکان دروست کردووە.  ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕوودانی ئەو شەڕ و پێکدادانە چەکدارییانەی لە سنووری باکووری حەلەب پشتڕاست کردەوە، کە بووەتە هۆی تێکچوونی تەواوی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە. گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب، کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن، لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سەر بە هەسەدەدان و هاوسنوورن لەگەڵ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی سووریا. بازنەی شیحان وەک خاڵێکی بەیەکگەیشتنی ستراتیژی لەنێوان ئەو ناوچانەدا دەبینرێت. دروستبوونی شەڕ لەم تەوەرانەدا و بەکارهێنانی نیشانەشکێن، مەترسییەکی گەورەی بۆ سەر سەلامەتی مەدەنییەکان دروست کردووە و ئاماژەیە بۆ قۆناغێکی نوێی گرژییەکان لەنێوان لایەنە ناکۆکەکانی ناو سووریا. بەپێی نوێترین زانیارییە مەیدانییەکان، ئێستا پێکدادانی پچڕپچڕ لەنێوان سوپای سووریا و هێزەکانی هەسەدە لە دەوروبەری گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە شاری حەلەب لە ئارادایە. هاوکات لەگەڵ ئەم شەڕە، نیشانەشکێنەکانی هەسەدە لە دەوروبەری بازنەی شیحان جێگیر بوون و هێزە ئەمنییەکان، هاووڵاتییانی مەدەنی و هەر جموجۆڵێک لەو ناوچەیەدا بێت دەکەنە ئامانج. ئەم پەرەسەندنانە دوای ئەوە دێن کە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەلەب ڕایانگەیاندبوو کە بازگەیەکی هاوبەشی ئەوان و هێزەکانی ئاسایشی گشتی لە بازنەی شیحان کەوتووەتە بەر هێرشێکی چەکداری و بەهۆیەوە 2 کارمەندیان بریندار بوون. هەرچەندە ئاسایشی ناوخۆی حەلەب گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی سووریای بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار کرد، بەڵام میدیا فەرمییەکانی سووریا و ڕاپۆرتە مەیدانییەکان ئاماژە بۆ پێکدادانی ڕاستەوخۆ لەنێوان سوپای سووریا و هەسەدە دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی مانگانەی ڕێکخراوی هەرانا، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ١٥ حاڵەتی کوشتنی ژنان تۆمار کراوە، هەروەها ٢١ حاڵەتی پێشێلکاریی دژ بە ژنان تۆمار کراوە. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا سەبارەت بە بارودۆخی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە ٢٢ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بۆ ٢١ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە ٢٢ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ تا ٢١ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ١٥ حالەتی کوشتنی ژنان تۆمار کراون. ئاماژە بەوەشکراوە، هەر لەو ماوەیەدا ٢١ حاڵەتی پێشێلکاریی سیستماتیکی لە ئەنجامی یاسایی جیاکاری ڕەگەزییەوە تۆمار کراون کە ژنان ڕووبەڕووی دەستدرێژیی سێکسی، تۆمەتبارکردن بەهۆی نەبوونی پابەندبوونی باڵاپۆشی زۆرەملێ و داخستنی شوێنی کارەکانیان بوونەتەوە. جێگای ئاماژەیە، لەدوای سەرهەڵدانی شۆڕشی”ژن ژیان ئازادی” کە بە پێشەنگایەتی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستی پێکرد، ژنان ڕووبەڕووی گرفت و بەربەست، توندوتیژی و سووكایەتی زۆر بوونەتەوە،هەتا دێت ئەم پێشێلكارییانە زیاتر و زیاتر دەبن و ئازادییەكانیان زیاتر بەرتەسك دەبێتەوە.

ئەمڕۆ شاندی دەمپارتی، سەردانی ئۆزگور ئۆزال، سەرۆکی جەهەپەیان کرد، ا شاندی دەمپارتی رایانگەیاند، دەمانەوێت گفتوگۆکان بەردەوام بێت،   پرۆسەی ئاشتی گەیشتووەتە خاڵێکی مێژوویی. کۆبوونەوەی جەهەپە و شاندی ئیمراڵی کۆتایی هات و هەردوولا جەختیان کردەوە، کاتی ئاشتییە و پێویستە چیدیکە شەڕ سەرهەڵنەداتەوە. ئەمڕۆ دووشەممە، 22ی کانوونی یەکەمی 2025، لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان؛ شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ ئیمراڵی، لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کۆبووەوە.  دوای کۆبوونەوەکە کە زیاتر لە کاتژمێرێکی خایاند؛ سەرۆکی جەهەپە و ئەندامانی شاندی ئیمراڵی؛ لە کۆنفرانسێکی هاوبەشیی ڕۆژنامەوانیدا، باسیان لە پرۆسەی نوێی ئاشتی کرد.  ئۆزگور ئۆزەل: ئاشتی بۆ سووریا و تورکیا دەخوازین ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی جەهەپە، لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا گوتی: "هیوادارین ڕشتنی فرمێسک لەم وڵاتە بوەستێت و برایەتی و ئاشتی باڵادەست بێت. ئاواتەخوازین لە داهاتووی تورکیادا لە ئاشتیدا، دەست لەناو دەست و شانبەشانی یەکتر بین. تورک و کورد و هەموو کەس دڵنیابن لە داهاتووی منداڵەکانیان، باشترین پەروەردە وەربگرن، پێکەوە بە خێرایی پێشبکەوین و داهاتوویەکمان هەبێت بە دادپەروەری دابەشی بکەین." بە گوتەی ئۆزەل: "هەم لە تورکیا و هەم لە سووریا، بۆ تورکەکان، بۆ کوردەکان، بۆ درووزییەکان، بۆ عەلەوییەکان و بۆ تورکمانەکان، هیوای دوو دەوڵەتی دەستووری، دیموکراتیک و ئاشتیانە دەخوازین. هیوادارین ئاشتی، برایەتی و دیموکراسی هەم لە تورکیا و هەم لە سووریا باڵادەست بێت. لە هەردوو وڵاتدا ژینگەیەکی ئاشتیی ڕاستەقینە بێتە ئاراوە، پەیوەندییەکی باش لەنێوان تورکیا و سووریا دروست ببێت و برایەتی لە هەردوو دیوی سنوور بەهێزتر بێت."  پەروین بوڵدان: پێشکەشکردنی ئاشتی بە 86 ملیۆن کەس ئەرکی هەموومانە دوای ئۆزگور ئۆزەل، پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری وانی دەم پارتی، ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ ئێمە لە بارەگای گشتیی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ـین. بەتایبەتی سوپاسی بەڕێز سەرۆک و شاندەکەی دەکەم. دەمەوێت جەخت بکەمەوە دیدارێکی زۆر گرنگ و بەرهەمدارمان ئەنجام دا. بە وردی گفتوگۆمان لەبارەی قۆناغەکانی پڕۆسەکەوە کرد. لەم وەرچەرخانە مێژووییەدا، ئێمە گرنگییەکی زۆر بە ڕۆڵی بنیاتنەری پارتی گەلی کۆماری دەدەین." بوڵدان ئاماژەی بەوەش دا: "هۆکاری بوونمان لێرە ئەوەیە پرسی کورد پرسێکی سەروو سیاسەتە و چارەسەرکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتیی هەموومانە. ئاشتی، بێگومان، شایستەی تورکیایە. ساڵانێکی دوورودرێژ پڕۆسەیەکی پڕ لە پێکدادان بەڕێوەچوو. لەم جوگرافیایەدا خوێنێکی زۆر ڕژا، دایکان گریان، گەنجان چوونە ژێر خاک و لاشەی گەنجەکان نێژران." ئەو ئەندامەی شاندی دەم پارتی جەختی کردەوە "بۆ ئەوەی چیتر پڕۆسەیەکی لەم شێوەیە ڕوونەداتەوە، کاتی ئەوە هاتووە هەموومان دەست و جەستەمان بخەینە ژێر باری بەرپرسیارێتییەوە. دەمەوێت بڵێم هەوڵی هەموو ئەو کەسانەی لەم پرسەدا کاریان کردووە، بەنرخە. پێشکەشکردنی ئاشتی بە 86 ملیۆن کەس ئەرکی هەموومانە."

ئاژانسی ئەنادۆڵۆ بڵاویکردووەتەوە، شاندێکی باڵای تورکیا لەبارەی چەند پرسێکی سیاسی و ئەمنی لە سوریان. شاندەکەی تورکیا پێکهاتووە لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی، ئیبراهیم کاڵن، بەرێوەبەری دەزگای هەواڵگیری، یەشار گولـلەر، وەزیری بەرگری چەند کەسێکی دیکە. بەگوێرەی زانیارییەکان، تەوەری سەرەکی سەردانەکە پرسی تێکەڵبوونی هێزەکانی سوریای دیموکرات [هەسەدە] و جێبەجێکردنی رێککەوتنامەی 10ـی ئازارە، چونکە تورکیا بە هاوسنووری خۆی دەزانێت پەرۆشی سەقامگیری سنوورەکەیەتی. هەروەها بەشێکی دیکەی تەوەری گفتوگۆکان، پرسی هێرشەکانی ئیسرائیلە بۆ سەر سنووری ئیسرائیل و بەزاندنییەتی. ئەنادوڵۆ دەڵێت: هێرشەکانی داعش لە ماوەیەی رابردووە و کوژرانی دوو سەرباز و هاوڵاتییەکی ئەمریکی و هاوپەیمانی هێزەکانی ئاسایشی سوریا و ئەمریکا لە ناوچەکە. بەگوێرەی هەواڵەکە، پرسی دەستوور بەشێکی دیکە گفتوگۆکان دەبێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی کانوونی یەکەمی 2025، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ماڵی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کۆدەبنەوە. بڕیارە لەم کۆبوونەوەیەدا پرسی دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق یەکلایی بکرێتەوە و کۆتایی بە مشتومڕەکان بهێنرێت. سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە میدیاکانی ناوخۆی ڕاگەیاندووە، سەرکردەکان هەوڵ دەدەن سەرەتا بە ڕێککەوتن کاندیدێک دیاری بکەن، ئەگەر نەگەیشتنە ئەنجام پەنا بۆ دەنگدان دەبەن و لە حاڵەتی بنبەستیشدا پەنا بۆ "بەربژێری سازان" دەبەن. سەرچاوەکە ئاشکرای کردووە کە سەرەڕای بوونی چانس بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی ئێستا، بەڵام مانەوەی بۆ خولی دووەم ڕووبەڕووی بەربەستی گەورە بووەتەوە، نووری مالیکی سوورە لەسەر ئەوەی ویلایەتی سوودانی نوێ نەکرێتەوە و بەشێک لە سەرکردەکانی دیکەش تێبینییان هەیە، ئەم دۆخە ڕەنگە هێزەکان ناچار بکات کەسایەتییەک لە دەرەوەی ناوە پێشنیازکراوەکان هەڵبژێرن. تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە دۆسیەی "چەکداماڵین"، چوارچێوەی هەماهەنگی گفتوگۆ لەسەر بابەتی چەک بەدەستی دەوڵەت و دانانی میکانیزم بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو گرووپە چەکدارانەی ئامادە نین چەک دابنێن، دەکات. دەستپێشخەرییەکەی سوودانی ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ هاوپەیمانی ئاوەدانی و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی، دەستپێشخەرییەکی نوێی خستەڕوو بۆ چارەسەری دۆخەکە و پێکهێنانی حکوومەتێکی سەقامگیر، بڕیارە وردەکارییەکەی لە کۆبوونەوەکەدا بخاتە بەردەم هێزەکانی چوارچێوە. هاوکات هەر ئەمڕۆ دووشەممە، هاوپەیمانی ئاوەدانی و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، دەستپێشخەرییەکی سیاسی گشتگیری بۆ کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی و یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران ڕاگەیاند. لە بەیاننامەیەکدا هاوپەیمانییەکە ئاشکرای کرد کە لە کۆبوونەوەیەکدا بە سەرپەرشتی سوودانی، تاوتوێی دۆخی سیاسی کراوە و گەیشتوونەتە داڕشتنی دەستپێشخەرییەک کە پشت بە "سازانی نیشتمانی و ئیستیحقاقی دەستووری" دەبەستێت. بڕیارە وردەکاریی ئەم دەستپێشخەرییە لە کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی "چوارچێوەی هەماهەنگی"دا بخزێتەڕوو، بە ئامانجی دروستکردنی لێکتێگەیشتن بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی بەهێز. هاوکات دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی پەسەند کرد، سەرۆک کۆماری عێراق ڕۆژی 29ـی کانوونی یەکەمی بۆ یەکەم دانیشتنی پەرلەمان دیاری کردووە.

مارك ساڤایا، نێردەی تایەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ عێراق دەڵێت: ئەو هەنگاوانەی گروپە چەکدارەکانی عێراق رایانگەیاندووە بەرەو داماڵینی چەک، پێشهاتێکی پێشوازی لێکراو و هاندەرە، ئەم هەنگاوە نمایندەی وەڵامێکی ئەرێنی دەکات بۆ بانگەوازو خواستە لەمێژینەکانی مەرجەعییەت و دەسەڵاتە ئاینیە بەڕێزەکانمان. ساڤایا لە پەیامێكدا لە سەكۆی "ئێكس" رایگەیاندووە: بە تەنیا نیشاندانی نیەت بەس، داماڵینی چەک دەبێت هەمەلایەنە بێت و گەڕانەوە نەبێت و لەڕێی چوارچێوەیەکی نیشتمانی ڕوون و پابەندکەردا جێبەجێ بکرێت، ئەم پرۆسەیە دەبێت هەڵوەشاندنەوەی تەواوی گروپە چەکدارەکان لەخۆبگرێت و گواستنەوەیەكی رێكخراو و یاسایی ئەندامەکانیان بۆ ژیانی مەدەنی مسۆگەر بکات. وتوشیەتی: بەپێی دەستوری عێراق و سەروەری یاسا، هیچ  حزبێكی سیاسی یان رێکخراو و تاکێک مافی خاوەندارێتی یان بەڕێوەبردنی پێکهاتەی چەکداری لەدەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت نییە، ئەم پرەنسیپە بە شێوەیەکی یەکسان لە سەرانسەری هەموو بەشەکانی عێراقدا جێبەجێ دەکرێت، بەبێ جیاوازی.  جەختیشكردووە: دەسەڵاتی تایبەتی هەڵگرتنی چەک و بەکارهێنانی هێز دەبێت تەنها لەگەڵ ئەو دامەزراوە فیدراڵی و هەرێمە شەرعیانەدا بێت کە رێکخستن و فەرماندەیی و بەڕێوەبردنی هێزە چەکدارەکانی میللەتیان پێ سپێردراوە بۆ پاراستنی گەلی عێراق و بەرگریکردن لە سەروەری نیشتمانی. ساڤایا، لە بەشێكی تری پەیامەكەیدا ئاماژە بەوەشدەكات: عێراق ئەمڕۆ لەبەردەم دووڕیانێكی یەکلاکەرەوەدا وەستاوە، دەتوانێت بەرەو سەروەری و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی و یەکڕیزی و سەروەری یاسا هەنگاوبنێت یان بە هەڵپەسێردراوی لە بازنەی پارچەپارچەبوون و ناسەمگیریدا بمێنێتەوە.

چی دەربارەی گرێبەستە 15 ساڵییەکەی ئیسرائیل و میسر دەزانی؟ ئامادەکردنی، هاوڵاتی. رۆژی 17ـی ئەم مانگە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کە وەزیری وزەی لە تەنیشتەوە وەستا بوو لە کۆنفرانسیکدا رایگەیاند، گرێبەستێکمان لەگەڵ میسر بەبەهای 35 ملیار دۆلار بۆ هەناردەکردنی غاز واژۆ کردووە  و ئێستا ساتێکی مێژووییە. گرێبەستەکە چۆنە؟ مێژووی رێکەوتنەکە دەگەرێتەوە بۆ ساڵی 2019 کاتێک ئیسرائیل بڕی 60 ملیار مەتر چوارگۆشە غازی فرۆشت بە میسر بەڵام لە کۆتایی ئەمساڵ گرێبەستەکە گەورەتر کرا بۆ 130 ملیار مەتر چوارگۆشە و بە بڕی 35 ملیار دۆلار گرێبەستەکەش بۆ ماوەی 15 ساڵە بەگوێرەی زانیارییەکان ئیسرائیل نزیکەی 18 ملیار دۆلار قازانج دەکات و بۆ بواری تەندروستی و پەرەوەردە بەکاری دەهێنێت. میسر بۆ غازی ئیسرائیل دەکرێت؟ هەرچەندە میسر خاوەنی کێڵگەی زۆهرە کە لە ساڵی 2015وە غازی لێ دەردەکرێت بەڵام ئێستا رێژەی بەرهەمهێنانی لە ٪40 دابەزیوە و ناتوانرێت کارەبای پێویست بەرهەم بهینرێت هەروەئەوەش نا بەڵکو لە چەندین شوێنەوە بۆرییەکانی گواستنەوەی غاز توشی لێچوون و بوون و غازێکی زۆر بەفیرۆدەروات.  بەڵام هەندێک لە شارەزایانی ئابووری و سیاسەت ئەم هەنگاوەی میسر بە سیاسی دەزانن و دەڵیت، ئەمریکا رۆڵی هەبوو لە گرێبەستەکەدا هەبووە چونکە دەیەوێت ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەقامگیر بێت وچونکە میسر دراوسێی ئیسرائیلە زیاتر لە 200 کیلۆمەتر هاوسنوورە لەگەڵی.  و میسر رێگە خۆش دەکات بۆ چوونە نێو رێکەوتنی ئیراهیمی. بەڵام حکومەتی میسر ئەو قسانە رەتدەکاتەوە و دەڵیت لەبەر چەند هۆکارێک بووە یەکەم: رێژەی بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی زۆهر لە ٪40 دابەزیووە کە دەکاتە نزیکەی ملیارێک. دووەم: میسر ژمارەی دانیشتووانی 110 ملیۆن کەسە، رێژەی بەرهەمهێنانی کارەبا دابەزیوە هەندێک جار رۆژی 6 بۆ 7 کاتژمێر دەتوانین کارەبا بدەین. سێیەم: نرخی کرێنی غاز لەڕێی بۆرییەوە هەرزانترە لە ئیسرائیل وەک لە وڵاتانی دیکە. چوارەم: ئیسرائیل خاوەنی پاڵاوگە نییە بۆ ئەوەی غاز بگۆرێت بۆ غازی شل، بەڵام ئێمە هەمانە. ئامانجی ئیسرائیل چییە؟ ئیسرائیل لەڕێی هەناردەکردنی غازە بۆ میسر چەند سودێک دەبینێ وەک ئەگەر میسر ئەو غازە بەکاربهێنیت یان نا دەبێت پارە هەر بدات بە ئیسرائیل. دیوێکی دیکەی بریتیە لە رێگری کردن لە قەتەر بۆ ناردنی غاز بۆ میسر چونکە قەتەر پێشتر نیازێکی وای هەبوو.

ڕێبەر ئاپۆ پەیامێکی بۆ کۆنگرەی ئەنکادەر نارد، ڕایگەیاند کە "وەفاداری بۆ شەهیدان" بریتییە لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و وتی: "بیرهێنانەوەی ڕاستەقینە، بردنی تێکۆشانە بەرەو ئاستێکی پێشکەوتووتر، هۆشیارانەتر و ژیانپەروەرانەتر." کۆمەڵەی پشتیوانی و هاوکاریی بنەماڵەی بێسەروشوێنکراوانی ئەنادۆڵ (ئەنکادەر)، چوارەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی لە ناوچەی ئۆکمەیدانیی ئەستەنبوڵ ساز کرد. ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک بەشدارییان لە کۆنگرەکەدا کرد. هاووتەبێژی هەدەکە مەراڵ دانش بەشتاش هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ئەستەنبوڵ عارفە چنار و چنار ئاڵتان ، نوێنەرانی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان  نوێنەرانی دایکانی ئاشتی، کۆمەڵەی پشتیوانی لە بنەماڵەی زیندانیان و تەڤگەری ژنانی ئازاد ئامادەی کۆنگرەکە بوون. لە کۆنگرەکەدا چەندین جار دروشمەکانی "شەهید نامرن"، "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بێ سەرۆک ژیان نابێت" وترانەوە. کۆنگرەکە بە خولەکێک وەستان بۆ ڕێزلێنان دەستی پێکرد.  مەراڵ دانش بەشتاش لە کۆنگرەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە کرد: "چیتر نامانەوێت خوشک و براکانمان لەدەست بدەین. سەرمان بە شەهیدەکانمان بەرزە، ئەوان هەموویان بەهای ئەم گەلەن. ئەگەر ئەمڕۆ دەتوانین باس لە دیموکراسی و ئازادی بکەین و بە زمانی خۆمان بدوێین، ئەوە بەهۆی ئەوانەیە. گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا لە ناو بەرخوداندایە. هیوامان زۆرە، هەروەها لە قۆناغێکی هەستیارداین. ئەم پڕۆسەیە بە بانگەوازەکەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢٧ی شوباتدا دەستی پێکرد. من لەو بڕوایەدام ڕێبەریش بیر لەوە دەکاتەوە کە چ باجێکی قورس دراوە. ئەگەر ئەو تێکۆشانەی تێیداین سەربکەوێت، هەموومان پێکەوە پێدەکێنین. لە لایەکی ترەوە، ئەمڕۆ ناتوانین بڵێین گۆشەگیری کۆتایی هاتووە. دیدارەکانی ئیمراڵی هێشتا بەبێ ڕەزامەندی وەزارەت ئەنجام نادرێن، بەڵام بەراورد بە دوێنێ، ئەمڕۆ دیدارەکان ئاسانترن. بیروڕا و وتەکانی بەڕێز ئۆجالان ڕێ نیشاندەرن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. پەیام، فکر و کتێبەکانی ئەو جیهان ڕووناک دەکەنەوە. با گوێ لە بەڕێز ئۆجالان بگرین. ئێمە ئەم پڕۆسەیە بەبێ چەک، بەبێ ڕشتنی خوێن و بەبێ لەدەستدانی مرۆڤەکانمان، لە ڕێگەی سیاسەتی دیموکراتیکەوە ڕێکدەخەین."  پەیامی ڕێبەر ئاپۆ خوێندرایەوە  پاشان دەقی کوردیی پەیامی ڕێبەر ئاپۆ لەلایەن محەمەد بوڵوت و دەقە تورکییەکەی لەلایەن دایکی ئاشتی ڕەوشان دۆنەر خوێندرایەوە.  دەقی پایەمەکەی ڕێبەر ئاپۆ بەم شێوەیەیە: "وەفاداریی ئێمە بۆ یادی شەهیدانی تێکۆشانمان، بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکە لە ناو ئاشتیدا. یادی هەموو شەهیدانی تێکۆشان کە لەم خاکانەدا لە پێناو ئازادی، شکۆ و ژیانی یەکسانی گەلان گیانیان بەخشیوە، بە ڕێز و پێزانینەوە دەکەمەوە. فیداکاریی ئەوان لە کاروانی ئازادیی ئەم گەلەدا وەک هۆشیاری، ئیرادە و میراتێکی مێژوویی دەژی. ئەوان ویژدانی تێکۆشانی ئێمە و ڕاستییە مێژووییەکانن کە لە یادەوەریی گەلەکەماندا شوێنەواری پڕ بایەخیان جێهێشتووە. بەڵام دەبێت بە ڕاشکاوی بوترێت کە لە قۆناغی ئێستادا، تێکۆشانی ئازادی هونەری زیادکردنی مردن نییە، بەڵکو هونەری ڕێکخستنی ژیانە. یادی شەهیدەکانمان نەک بە لەدەستدانی کەسی نوێ، بەڵکو بە بنیاتنانی ئەو ژیانە دیموکراتیک و یەکسان و سەربەرزانەیە واتا پەیدا دەکات کە ئەوان لە پێناویدا بەرخۆدانیان کردووە. هەر لەدەستدانێک، چەندە بۆ من دەبێتە هۆکاری تێکۆشان، هێندەش ئازارێکی قورسە کە لە دڵمدا هەڵی دەگرم. دەمەوێت ڕێگری لە شەهیدبوونی تەنانەت یەک گەنجیش بکەم و نەهێڵم دایکێکی تر لە دوای ڕۆڵەکەی شین بگێڕێت.  وەفاداریی ڕاستەقینە کردنەوەی ڕێگە نییە بۆ لەدەستدانی نوێ؛ بە پێچەوانەوە، نیشاندانی بوێرییە بۆ بنیاتنانی زەمینەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ تێکۆشانێکی ئاشتییانە. ئەو میراتەی ئەوان بۆیان جێهێشتووین بەردەوامبوونی شەڕ نییە، بەڵکو نیشاندانی ئیرادەی چارەسەری دیموکراتیکە. ئەوان تێکۆشانیان کرد چونکە باوەڕیان وابوو دواڕۆژێک کە گەلان تێیدا پێکەوە و بە ئازادی بژین مەحاڵ نییە. ئەو ئەرکەی ئەمڕۆ دەکەوێتە سەر شانمان، تاجدارکردنی ئەم ڕەنجە مێژووییەیە بە ئاشتی و کردنەوەی دەرگای سەردەمێکی نوێیە کە لەسەر بنەمای تەبایی دیموکراتیک بنیادنرابێت. ڕێزی ڕاستەقینە، ڕێگریکردنە لە لەدەستدانی نوێ. یادی ڕاستەقینە، بردنەپێشەوەی تێکۆشانە بەرەو ئاستێکی پێشکەوتووتر، هۆشیارانەتر و ژیانپەروەرانەتر. وەفاداری بۆ شەهیدان ئەوەیە کە مرۆڤ ئەو بوێرییەی هەبێت لەو شوێنەی ئەوان لێی وەستاون، کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکتر، ئازادتر و مرۆییتر بنیات بنێت. بەم هەست و بەرپرسیارێتییەوە، سەری ڕێز لەبەردەم یادی هەموو پاکڕەوانانی تێکۆشان دەچەمێنمەوە و سڵاوی ڕێز و خۆشەویستی بێپایانم بۆ کەسوکاریان دەنێرم."  'فەلسەفەی بەڕێز ئۆجالان لە جیهاندا دەنگ دەداتەوە'  پاشان هاوسەرۆکی ئەستەنبوڵی دەم پارتی عارفە چنار وتی: "لە ئەنجامی ئەو شەڕەی ٥٢ ساڵە بەردەوامە، باجی قورس دراوە و لەدەستدانی گەورە هەبووە. عەقڵیەتی دەوڵەتی تورک هەمیشە لەسەر شاردنەوەی ڕاستییەکان بووە، بەڵام ئەوەی ڕاستی دەخاتە ڕوو و مانا بە ژیان دەبەخشێت، تێکۆشانی شەهیدەکانمانە. بەڕێز ئۆجالان بەو بانگەوازەی بۆ ئاشتی لە ٢٧ی شوباتدا کردی، نەخشەڕێگایەکی بۆ ئاشتییەکی خێرا خستە ڕوو و لە پێناویدا لە زیندانی ئیمراڵی بەرخۆدان دەکات. فەلسەفەی قووڵی بەڕێز ئۆجالان تەنیا لە باکوور نییە، بەڵکو لە هەموو جیهاندایە و ڕووناکییەکەی لەم جیهانە تاریکەدا دەدرەوشێتەوە."  دوای وتارەکان، لە هەڵبژاردنێکدا ئیلهام کورت و هولیا ئیلبارس وەک هاوسەرۆکانی نوێی ئەنکادەر هەڵبژێردران. کۆنگرەکە بە شایی و هەڵپەڕکێ کۆتایی هات.  

بەمە دەوترێت شێرەژن؛ ببینە بێریتان گونەش، پەرلەمانتاری دەمپارتی، چۆن لەسەر خوێندنی زمانی کوردی لە وەزیری پەروەردەی تورکیا تووڕە دەبێت    

چاوەڕوان دەکرێت بەم نزیکانە مارک ساڤایا نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ عێراق بگاتە بەغداد، لەگەڵ هەڵوێستى ئەرێنى بەشێک لە گروپەچەکدارەکان بۆ دانانى چەکەکانیان، لەکاتێکدا ئەمەریکا فشارەکانى بۆ دوورخستنەوەى گروپەکان لە حکومەتى داهاتوو چڕکردووەتەوە. پێگەى شەفەق نیوزى عێراقى ئەمڕۆ یەکشەممە (21ـی کانوونی یەکەمی 2025)، لە سەرچاوەیەکى باڵاى حکومییەوە گواستییەوە، ساڤایا بەم نزیکانە بە سەرۆکایەتى شاندێکى باڵاى ئەمەریکا دەگاتە بەغداد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق. بەپێی سەرچاوەکە، گفتوگۆکانی ساڤایا لەگەڵ بەرپرسە عێراقییەکان لەسەر سیاسەتەکانی داهاتووی عێراقە، لەناویاندا پرسی ئاسایش، هەماهەنگییە ئابوورییەکان، لەگەڵ باسکردنی کاتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، پلانەکان بۆ راهێنان و پێدانى چەک بە هێزە عێراقییەکان. سەردانەکەی نێردەی تابیەتی ئەمەریکا بۆ عێراق لە کاتێکدایە گفتوگۆیەکی گەرم هەیە لەسەر چەکداماڵینی ‌گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران. لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، ژمارەیەک لە گرووپە چەکدارەکانی وەک: کەتائیبی ئیمام عەلی، عەسائیبی ئەهلی حەق، ئەنسار ئەلئەوفیا و کەتائیبی سەید شوهەدا رایانگەیاند خۆیان ئامادە دەکەن بۆ پشتیوانیکردنی هەبوونی چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا، بەڵام گرووپەکانی دیکەی وەک کەتائیبی حیزبوڵلا و بزوتنەوەى نوجەبا چەک دانان رەتدەکەنەوە. لە مانگەکانی رابردوودا بەردەوام بەرپرسانی ئەمەریکا داوایان لە بەغداد کردووە حکومەت هەموو چەکەکان بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە، بەڵام لە روانگەی ئەمەریکییەکانەوە تا ئێستا حکومەتی عێراق هەوڵی رژدی نەداوە بۆ کۆنترۆڵکردنی گرووپەکانی دەرەوەی دەوڵەت. هۆشیار زێبارى وەزیرى پێشووى دەرەوەى عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵى "شەرقییە" رایگەیاند، هۆکارى دواکەوتنى سەردانى ساڤایا بۆ عێراق ئەوەیە لە ئێستادا رونکردنەوە و وردەکاریی لە ناوەندەکانى بڕیارى ئەمەریکا (دەرەوە، سی ئاى ئەى، پنتاگۆن) لەبارەى دۆخى عێراق وەردەگرێت و زۆربەى کاتەکانى بۆ ئەو پرسە تەرخانکردووە. وتیشى ساڤایا پەیوەندى لەگەڵ شیعە و کورد و سوننە هەیە و پەیوەندى زۆرى لەگەڵ هێزە سیاسییە شیعییەکان هەیە کە بەم نزیکانە ئاشکرادەبێت. بەوتەى زێبارى، هەڵوێستى ئەمجارەى ئەمەریکا لەجارەکانى پێشوو روونترە، مامەڵە لەگەڵ هەر حکومەتێکدا دەکات کە لەسەر بنەماى سندوقەکانى دەنگدان پێکبهێنرێت و دەستوەردان لە پێکهێنانیدا ناکات،بەڵام واشنتن دوو خاڵى سەرەکى بەلایەوە گرنگە، کە بریتین لەسەربەخۆیی حکومەت و نەبوونى گروپەکان تێیدا. جەختیشیکردووەتەوە، ئەگەر وەزیر لە کابینەى داهاتوودا لەگروپەچەکدارەکان دیارى بکرێت، واشنتن مامەڵەى لەگەڵدا ناکات و ساڤایاش سیاسەتەکانى واشنتن لەو بارەیەوە جێبەجێ دەکات. لەدواى دیاریکردنى لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکاوە لە  (19ـی تشرینی یەكەمی 2025) وەک نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ عێراق، ساڤایا بازرگانی كلدانی بە ڕەچەڵەك عێراقی چەند پەیامێکى لەبارەى عێراق بڵاوکردووەتەوە. ساڤایا دواى کۆتایی هاتنى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی کرد، بەڵام لەهەمانکاتیشدا جەختیکردەوە “وڵاتەکەی بە توندی پابەندە بەوەی دەبێت سنورێک بۆ گروپە چەکدارەکان دابنرێت.” ساڤایا هەروەها لەپەیامێکى دیکەیدا پێش بەڕێوەچوونى هەڵبژاردن جارێکی دیکە جەختی کردبووەوە، هیچ شوێنێک بۆ گروپە چەکدارەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت نییە، پێویستە هێزە چەکدارەکانی لە چوارچێوەی سەرکردایەتی یەک حکومەت و یەک دەوڵەت و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق کۆبکرێنەوە. لەدواى بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنیش، مارک ساڤایا، ئاماژەى بەوەکردبوو، ئەمەریکا دەستوەردانی دەرەکی لەپڕۆسەى پێکهێنانى حکومەتى نوێی عێراق رەتدەکاتەوە، لە ئاماژەیەکدا بۆ ئەوەی واشنتۆن لە نزیکەوە چاودێری پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت دەکات، پەیامێک کە لەلایەن چاودێرانەوە وا لێکدەدرێتەوە کە ئاراستەی ئێران کراوە. ئەو پەیامانە بە ئاماژەیەکى روون لێکدەدرێنەوە بۆ لاپەڕەیەکی نوێى ململانێی هەژموون لە عێراق لە نێوان واشنتن و تاران، بۆ دووبارە داڕشتنەوەى هاوسەنگى و هەژموون لە گۆڕەپانی عێراقدا. لە کاتێکدا ئەمەریکا دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی بڕیاردانی عێراقى بە مەرجێکی پێشوەختە بۆ پاراستنی ئەو پێشکەوتنانەی لە ساڵانی رابردوودا بەدەست هاتووە دەزانێت، ئێران بە هەستیارییەکی بەرچاوەوە چاودێرى دۆخى عێراق دەکات،  لایەنە عێراقییەکانیش لەژێر فشارى تاران و واشنتندا جموجۆڵیان بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێ دەستپێکردووە.  

رۆژی سێشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق کۆدەبێتەوە و سەرچاوەیەکی باڵاش لە حکومەتی عیراق  راگەیاند، پرسی شایستە داراییەکانی هەرێم و بەغداد تاوتوێ دەکرێت. بەپێى هەواڵێکى کوردسات نیوز رایگەیاند، لە کارنامەی دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق کە بڕیارە رۆژی سێشەممە بەڕێوەبچێت، بڕگەی سێی کارنامەکە دیاریکراوە بۆ قسەکردن لەسەر شاییستە داراییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداد. وتیشی، چاوەڕوان دەکرێت خەرجکردنی موچەی مانگی 10ـی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بەدوادا بێت. ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، سبەینێ 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی مانگی 10ـی هەرێم بۆ عیراق دەنێرین وەزارەتی دارایی بڵاویکردەوە، دووشەممە، 22ی کانوونی یەکەمی 2025، بڕی 120 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی تشرینی یەکەم بەشێوەی کاش دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. پێش بڵاوبوونەوەی ئەم راگەیێندراوە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتەکە بە رووداوی گوتبوو، سبەی 120 ملیار دینارەکە دەنێرن. بەشێک لەو 120 ملیار دینارەی بۆ بەغدا دەنێردرێت، داهاتی نانەوتیی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەیە. سەرچاوەیەک لە بانکی ناوەندیی هەرێم-سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ 48 ملیار دینار لە داهاتی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، رەوانەی هەولێر کراوە. لیستی مووچەی مانگی 10 لە 25-11-2025 و لیستی مانگی 11 لە 07-12-2025 رادەستی بەغدا کراون، هەروەها لیستی مووچەی مانگی 12ش لە 16ی ئەم مانگەدا نێردراوە. 29ـی تشرینی دووەمی 2025، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی بڵاوکردەوە و رۆژی دواتر و لە سێ رۆژدا مووچەکەی دابەش کرد.  

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میسرە، لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆماری وڵاتەکە کۆبووەوە. هەردوولا جەختیان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان کردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی کانوونی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆشکی کۆماری لە قاهیرە، لەگەڵ عەبدولفەتتاح سیسی، سەرۆک کۆماری میسر کۆبووەوە. بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی میسر خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نیشان دا و ئامادەیيی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە دووپات کردەوە. وەک ئەوەی لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە "سەرۆکی حکوومەت ستایشی ڕۆڵی میسر و سەرۆک سیسی لەپێناو چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە کرد."