ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات- مەسەدە لەبارەی ڕەوشی کۆبانێ ڕاگەیاندراوێکی بەپەلەی بڵاوکردەوە . لە ڕاگەیاندراوەکەی مەسەدەدا هاتووە: ماوەی سێ هەفتەیە گەمارۆیەکی تووند  و خنکێنەر خراوەتە سەر کۆبانێ، ژیانی نیو ملیۆن هاونیشتمانی کردووەتە ئامانج. 🔴 مەسەدە: بڕینی ئاو، کارەبا و رێگری لە گەیشتنی خۆراک، سوتەمەنی، پێویستی پزیشکی و پێویستییە سەرەتاییەکانی دیکە بوونەتە هۆی تێکچوونی دۆخی مرۆیی 🔴مەسەدە: بەردەوامی ئەم واقیعە کارەساتبارە ژیانی خەڵکی مەدەنی خستووەتە مەترسییەکی گەورەوە 🔴مەسەدە: ژیانی هاونیشتمانیانی کۆبانێ بووەتە ململانێ لەنێوان ژیان و مردن و بە هەموو پێوەرەکان ئەوەی روودەدات تاوانی جەنگ و سزای بەکۆمەڵە 🔴مەسەدە: ئەو گەمارۆیە شەرمەزار دەکەین بەسەر کۆبانێ سەپێندراوە چونکە تاوانی دژی مرۆڤایەتی و پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و سەرجەم رێککەوتننامەکانی پاراستنی خەڵکی مەدەنییە لەکاتی ململانێدا 🔴مەسەدە: داوا دەکەین دیمەشق بەرپرسیارێتی بەرامبەر هاوڵاتییانی بگرێتە ئەستۆ و دەستبەجێ هەموو دەروازەکان بکاتەوە بۆ ئەوەی رێگە بدرێت بە هاتنە ژوورەوەی خۆراک، دەرمان، سووتەمەنی و هەر رێوشوێنێک شارەکە لە و گەمارۆیە دەرباز بکات 🔴مەسەدە: ئێمە لە ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات دووپاتی دەکەینەوە کە کەرامەتی خەڵکی کۆبانی جێگای گفتوگۆ نییە و ئیرادەی گەلەکەی کە داعشی تێکشکاند، بە گەمارۆ و برسێتی ناشکێت

مەسرور بارزانی بۆ دیلان یەشیلگۆز: پیرۆزبایت لێدەکەم و خوازیاری بەردەوامیی هەماهەنگی نێوانمانین مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە دیلان یەشیلگۆز کرد بە بۆنەی وەرگرتنی پۆستی وەزیری بەرگریی هۆڵەندا و جێگری سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە. مەسرور بارزانی دەشڵێت، "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هۆڵەندا بەرز دەنرخێنین و خوازیاری بەردەوامیی هەماهەنگی نێوانمانین." ئەمڕۆ دووشەممە، 09ـی شوباتی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" رایگەیاند "بە گەرمی پیرۆزبایی لە دیلان یەشیلگۆز دەکەم بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگریی هۆڵەندا." سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی باسی لەوەش کردووە "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هۆڵەندا بەرز دەنرخێنین و خوازیاری بەردەوامیی هەماهەنگیی نێوانمانین." رۆژی هەینی، 06ـی شوباتی 2026، دیلان یەشیلگۆز، خانمە سیاسەتمەداری کورد، وەک جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگری لە حکوومەتی نوێی هۆڵەندا دیاری کرا. دوای دانوستانێکی چڕ لە نێوان پارتە سیاسییەکانی هۆڵەندا، هەرسێ پارتی (D66)، (CDA) و (VVD) گەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی کەمینە. لەم دابەشکارییەدا، دیلان یەشیلگۆز وەک سەرۆکی پارتی (VVD) نەک تەنها پۆستی وەزیری بەرگری و جێگری سەرۆکوەزیرانی وەرگرت، بەڵکوو حزبەکەشی بەرپرسیارێتی شەش وەزارەتی گرنگی لە کابینە نوێیەکەدا بەرکەوت. بڕیارە لە 23ی شوباتی 2026 حکوومەتی نوێ بە فەرمی سوێندی یاسایی بخوات. لەم کابینەیەدا (رۆب جێتین) لە پارتی D66 دەبێتە سەرۆکوەزیران. پشکی وەزارەتەکانی پارتی VVD بەم شێوەیە دەبێت: - دیلان یەشیلگۆز: وەزیری بەرگری و جێگری سەرۆکوەزیران. - ئیلکۆ هاینین: وەزیری دارایی. - دەیڤد ڤان وێل: وەزیری داد و ئاسایش. - چەندین وەزارەتی تری وەک: کار، ژێرخان و تەندروستی. دیلان لە ساڵی 1977 لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا لە خێزانێکی کورد لەدایک بووە. لە تەمەنی منداڵیدا وەک پەنابەر روویان لە هۆڵەندا کردووە. دوای تەواوکردنی خوێندنی باڵا لە زانکۆی ئەمستەردام، پلە سیاسییەکانی بە خێرایی بڕی؛ لە ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەوە بۆ پەرلەمانتار، دواتر وەک وەزیری وزە و وەزیری داد، تا دواجار بووە یەکەم ژن سەرۆکایەتی پارتی (VVD) بکات و ئێستا یەکێکە لە بەهێزترین کارەکتەرە سیاسییەکانی ئەوروپا.

یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا لە دیمانەیەکدا لەگەڵ رۆژنامەی "حورییەت"، هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە خاکی سووریا دەکەن.  گولەر جەختی کردەوە، ئێستا هیچ بڕیار و ئەجێندایەک بۆ کشانەوە لەو ناوچانە لە ئارادا نییە. سەبارەت بە تێکەڵبوونەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە سوپای سووریا و کاریگەریی ئەمە لەسەر کۆتاییهاتنی یەپەگە و پەکەکە، وەزیری بەرگریی تورکیا ئاماژەی بەوە دا، ئەنقەرە پلانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەموو سیناریۆکان داناوە.  ئەو گوتیشی: "هەرچەندە لە ئێستادا نیشانەیەک بۆ سەرهەڵدانەوەی تیرۆر بەدی ناکرێت، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە مەترسییەکان نەماون، بۆیە لە رێکارە ئەمنییەکانمان بەردەوام دەبین." رۆژنامەکە لە زاری گولەرەوە ئەوەشی خستووەتە ڕوو، سەرەڕای بوونی زانیاری لەسەر واژۆکردنی رێککەوتنی یەکگرتن لە نێوان سوپای سووریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات، هێزەکانی تورکیا بەردەوام دەبن لە مانەوە. مەرجی سەرەکیی تورکیا بۆ کشانەوە بریتییە لە چوونەدەرەوەی تەواوەتیی گرووپە چەکدارە بیانییەکان و مسۆگەرکردنی سەقامگیریی تەواوەتی؛ تەنیا لەو کاتەدا تورکیا خۆی بڕیاری کشانەوە دەدات. دوای سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بووەتە باسێکی گەرم؛ ئەمەش وای کردووە جووڵە دیپلۆماسییەکان لە نێوان رووسیا، تورکیا و سووریا چڕتر ببنەوە بۆ پڕکردنەوەی هەر بۆشاییەک لە ئەگەری کشانەوەی ئەمریکادا.

ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێکارەکانی لیستی مووچەی مانگی یەکی فەرمانبەرانی کوردستان لە وەزارەتی دارایی عێراق تەواو بکرێت و دوای ئەو پرۆسەیە بڕیارە تەیف سامی واژۆ لەسەر خەرجکردنی مووچە بدات. ماوەی پێنج ڕۆژە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی مانگی یەکی خستووەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی عێراق، بەڵام تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری خەرجکردنی مووچەی نەداوە، سەرەڕای ناردنی ڕاپۆرتی هەناردەکردنی نەوت. سەرچاوەیەکی باڵا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە ئاڤای ڕاگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ واژۆ لەسەر ناردنی مووچە بکرێت. بۆیە ڕێکارەکانی ناردنی یان دەکەوێتە کۆتایی دەوامی ئەمڕۆ یانیش سبەی سێشەممە لەگەڵ دەستپێکی دەوام پارەی مووچەی فەرمانبەران دەنێرێت، ئەگەر هیچ گرفتێکی نوێ دروست نەبێت. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی کوردستان بە ئاڤای ڕاگەیاند، هەموو ئامادەکارییەک کراوە ئەگەر ئەمڕۆ پارە بگات خشتەی مووچە بڵاودەکرێتەوە و سبەی دەست بە دابەشکردنی دەکرێت و لەماوەی سێ ڕۆژدا سەرجەم مووچەخۆران مووچەکانیان وەردەگرن.

ئەمڕۆ، سەرۆک بارزانی و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ترەمپ لە سوریا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا. لە پەیوەندییەکەدا  باسی دۆخی ناوچەکە و گۆڕانکارییەکانی سوریا کرا، هەردوولا هاوڕابوون، کە دەبێت هەموو هەنگاوێک بگرێتەبەر بۆ ئەوەی ڕێگە لە پشێوی و ئاڵۆزی و شەڕ بگیرێت. دەقى راگەیەندراوەکە.. ناوەڕۆكی پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان سەرۆك بارزانی و نوێنەری سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری سووریا ڕۆژی یەكشەممە 8ی شوباتی 2026 پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە نێوان سەرۆك مەسعود بارزانی و بەڕێز تۆم باراك نوێنەری سەرۆك ترامپ بۆ كاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمەریكا لە توركیا ئەنجام درا. لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە بە گشتی و دوایین پەرەسەندن و گۆڕانكارییەكانی سووریا ئاڵوگۆڕ كرا. هەردوولا هاوڕا بوون لە پێویستی بەردەوامی گرتنەبەری هەموو هەنگاوێك بۆ ئەوەی ڕێگە لە پشێوی و ئاڵۆزی و شەڕ بگیرێت و ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە جێگیر ببێت. هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا هەردوولا دەستخۆشیان لەیەكتری كرد بۆ ئەو ڕۆڵە كاریگەرەی كە لە بەرقەراربوونی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا گێڕاویانە. هەروەها سەرۆك بارزانی وێڕای دەربڕینی پێزانین بۆ ڕۆڵی ئەمەریكا، جەختی لە بەردەوامیی هاوپەیمانێتی نێوان گەلی كوردستان و ئەمەریكا كردەوە.

شیعە دەیەوێت دەستە چەورەکانی بە کورد بسڕێت ئامادەکردنی: هاوڵاتی هەرچەندە پارتی و یەکێتی تا ئێستا لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار ڕێکنەکەوتوون، بەڵام چوارچێوەی هەماهەنگی دەیەوێت ئەمە بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی بڵێت کورد ڕێگرە لە پێکهێنانی حکومەت، لەکاتێکدا لەدوای هەڕەشەکانی ترەمپ، نێوماڵی شیعە تەقەی تێکەوتووە و بە مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران ڕازی نین. ڕۆژنامەی شەرقلئەوسەت لە نوێترین ڕاپۆرتیدا دەڵێت، پێدەچێت ناکۆکی نێو ماڵی شیعە لەوە زیاتر تەشەنەی سەندبێت کە دواکەوتنی ڕاسپاردنی سەرۆکوەزیرانیان پەیوەندی بە ناکۆکی کوردەوە هەبێت و ئەوان خۆیان ئێستا ڕای جیاوازیان بۆ دروستبووە. ڕۆژنامەکە دەڵێت، ئیستا چوارچێوەی هەماهەنگی بەتەواوی دابەش بووە و لەکۆی 12 هێز و هاوپەیمانی شیعەی نێو چوارچێوەکە، نیوەیان تێبینیان لەسەر مەترسیی کاندیدکردنی نوری مالیکی هەیە یان بێلایەنییان هەڵبژاردووە. هەڕەشەکانی دۆنالد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا کاریگەرییەکی زۆری دروستکردووە کە لە مانگی ڕابردوودا گوتی، دانانەوەی نوری مالیکی بە سەرۆکوەزیرانی عێراق بژاردەیەکی خراپە و ئەگەر ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران چیدیکە یارمەتی عێراق نادەن، ئەگەر واشبکەن ئەوا چانسی سەرکەوتنی عێراق سفر دەبێت. شەرقلئەوسەت باس لەوە دەکات، یەکێک لەوانەی ڕازی نییە بەوەی مالیکی ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران، قەیس خەزعەلییە لەگەڵ عەممار حەکیم و حەیدەر عەبادی کە هەرسێکیان پێش پەیامە تووندەکەی ترەمپ هۆشداریی ئەمریکایان لەوباریەوە دابوو. واشنتن مالیکی بە کەسایەتییەکی زۆر نزیکی ئێران دەزانێت، بەڵام لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا، نوری مالیکی وەک ئەوەی پاکانە بۆ خۆی بکات لای ئەمریکا گوتی: ترەمپ بە هەڵە تێگەیەنراوە و لەلایەن رکابەرە عێراقی و هەرێمییەکانەوە بەلاڕێدا براوە. چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە مالیکی بە میدیای ئەمواجیان گوتووە، مالیکی چاوی لە رووبەڕووبونەوەی ئەمریکا نییە و لە هەوڵی ئەوەدایە لەگەڵ واشنتن بگاتە لێکتێگەیشتنێک. ئێستا واشنتن چوارچێوەی هەماهەنگی و مالیکی خستووەتە دۆخێکی ئیحراجکەرانەوە، چونکە ناتوانن مالیکی بکشێننەوە، بۆیە بە ئاشکرا چوارچێوەی هەماهەنگی باس لەوە دەکات مالیکی لە کاندیدبوون ناکێشێتەوە و نوری مالیکی خۆیشی ئەوەی گوتووە کە ئەوەی ئەمریکا دەیکات دەستوەردانە و تەنها بە بڕیاری چوارچێوەی هەماهنەگی بەردەوام دەبێت یان دەکشێتەوە. کەواتە چارەسەر چییە؟ ئەمواج میدیا چەند سیناریۆیەکی خستووەتە ڕوو کە چوارچێوەی هەماهەنگی لەو ئیحراجییە ڕزگاری بێت. یەکەمیان ئەوەیە کە چوارچێوە دەتوانێت خۆی بڕیار نەدات، تا نەڵێن بە فشاری ئەمریکا کاندیدەکیان لابرد، بەڵکو مالیکی خۆی بکشێتەوە و ئەوانیش پێی ڕازیی ببن. دووەم سیناریۆ ئەوەیە، مالیکی رابسپێردرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت بەڵام دواتر لە پەرلەمان متمانەی لێ بسەنرێتەوە و کەسێکی دیکە بکرێتە سەرۆکوەزیران یان بەبێ ئەوەی متمانەی لێ بسەنرێتەوە خۆی لە پۆستەکە بکشێتەوە. بە یەکێک لەم ڕێگایانە مالیکی دەتوانێت کشانەوەیەکی ستراتیجی بکات و چوارچێوەی هەماهەنگیش لە ئیحراجبوون ڕزگار بکات، بەجۆرێک دەتوانێت دواتر بانگەشەی ئەوە بکات بەرژەوەندییەکانی ئەمریکای لەبەرچاوگرتووە بەبێ ئەوەی سازش لەسەر سەروەریی عێراق بکات.

دوای سێ جار لە دواخستنی دادگەییەکەی، ئەمڕۆ ‎سەرۆکی پێشووی هاوپەیمانیی نیشتمانی برایە بەردەم دادوەری دادگەی سلێمانی و دادوەری بینی. ‎ئەحمەدی کوڕی ئارام قادر، سەرۆکی پێشووی هاوپەیمانیی نیشتمانی، ئەمڕۆ یەكشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ بۆ یەكەم جار باوکمیان بردە لای دادوەر و لەوێ هەموو تۆمەتەكانی رەتكردنەوە".  ‎دوایین جار 13ی مانگی رابردوو، بڕیاربوو دادگایی ئارام قادر بەڕێوەبچێ، هاوشێوەی دوو جارەكەی پێشوو نەبرایە دادگە و دانیشتنی دادگە دواخرا بۆ ئەمڕۆ 8ی شوبات. ‎ئەحمەد ئارام قادر گوتی: "باوكم بە دادوەری گوت، یەكەم جارییەتی دەبرێتە دادگە و یەكەم جاریشە پارێزەرەكەی لە دادگە دەبینێت.  ‎ئارام قادر، سەرۆکی پێشووی هاوپەیمانیی نیشتمانی لە 12ـی حوزەیرانی پار دەستگیرکرا. ‎بە گوتەی ماڵباتەکەی بۆ رووداو، چەند جارێک سەردانی ئارام قادریان کردووە لە زیندان، بەڵام "جگە لە هەواڵپرسین، رێگە نەدراوە بە هیچ شێوەیەک باسی کەیسەکەی بکرێ". ‎كوڕەكەی ئارام قادر دەڵێ: ئەمڕۆ تەندروستی باوكم باش بوو، دادوەریش بڕیاریدا دانیشتنەكە هەڵبگرێ بۆ 23ی ئەم مانگە". ‎ئارام قادر پێشتر لە بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان پۆستی هەبووە، دواتر بووە سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانی، تاوەکو ئۆکتۆبەری 2024 دەستی لەکارکێشایەوە. ‎بەکر حەمەسدیق، پارێزەری ئارام قادر بە رووداوی گوت: "ئارام قادر بە مادەی 1 لە یاسای ژمارە 21ـی ساڵی 2003 تۆمەتبار کراوە کە تایبەتە بە کاری سیخوڕی. ئەگەر تۆمەتەکەی بەسەردا ساخبێتەوە، 5 بۆ 15 ساڵ زیندانی دەکرێت. ‎لەبارەی تۆمەتەکەوە، ئەحمەدی کوڕی ئارام قادر دەڵێ: "لەبەردەم دادوەریشدا باوكم تۆمەتەكانی رەتكردنەوە و گوتی شایانی قسەكردنیش نییە لەسەری".

ئاژانسی هەواڵی عێراقی وردەکاریی نوێی دەربارەی ئەو چەکدارانەی  داعش بڵاوکردەوە کە لە سوریاوە رادەستی عێراق کراونەتەوە بەپێی بڕیارە نوێیەکان، هەموو تۆمەتباران بەپێی یاساکانی عێراق دادگایی دەکرێن و هیچ چەکدارێک رادەستی وڵاتەکەی ناکرێتەوە تاوەکو لێکۆڵینەوەکان کۆتاییان نەیەت. * پرۆسەی لێکۆڵینەوە لەگەڵ چەکدارەکان لەنێوان 4 بۆ 6 مانگ دەخایەنێت. * تاوەکو رێکارە یاساییەکان تەواو نەبن، هیچ چەکدارێک رادەستی وڵاتەکەی ناکرێتەوە. * دەستگیرکراوەکان سەر بە 42 دەوڵەتی جیاوازن و چەکداری مەترسیدار و بەکارهێنەری چەکی کیمیاییان تێدایە. * سەرجەم تاوانەکان تەنیا و تەنیا بەپێی یاساکانی عێراق مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت

لە درێژەی هەڵمەتی سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیەوە، ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ زانیاری زیاتر سەبارەت بەو خۆپیشاندانانە ڕادەگەیەنن کە لە مانگی ڕابردووەوە لە ئێران سەریانهەڵدا. بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی هرانا ڕ لەوەتای دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکان لە ئێران تا کۆتایی 41هەمین ڕۆژ سەرجەم 675 ڕووداوی پەیوەندیدار بە خۆپێشاندانەکان لە 210 شار و 31 ستاندا تۆمارکراوە. ڕاپۆرتەکە دەڵێت ژمارەی کوژراوان 6 هەزار و 955 کەسن و لە ناویاندا 175یان منداڵن. نزیکەی 11 هەزار و 20 کەسیش بریندار بوون. بێجگە لە کوژراو و بریندار 51 هەزار و 251 کەسیش لەلایەن هێزەکانی ڕژێمەوە دەستبەسەرکراون کە 111 کەس لەوانە قوتابین. ئەو ئاژانسەی چالاکانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت ئەو ئامارانە ئاماژە دەکەن کە شێوازی گوشارەکان و تەپەسەرکردن تەنیا گرتنی سەرشەقامەکان ناگرێتەوە، بەڵکوو ژمارەی ئەوانەی بۆ لێپێچینەوە بانگ دەکرین زیاتر دەبن و هەڕەشە، دانپێدانانی بە زۆرەملی هەروا وەک کەرەسەیە بۆ سازکردنی دۆسیەی ساختە درێژەیان هەیە. هەر لە پەیوەندی زانیاری سەبارەت بە خۆپێشاندانەکان ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاپۆرتێکیدا کە ڕۆژی هەینی بڵاویکردووەتەوە دەڵێت ناسنامەی 257 هاووڵاتی کورد کە لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی مانگی بەفرانباردا لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کوژراون، پشتڕاستی ئاماری سەبارەت بە ناسنامەی کوردە کوژراوەکان دەکات لە نێویان دا لانی کەم 20 منداڵی خوار 18 ساڵی؛ لانی کەم 19 ژن؛ لانی کەم 29 کەس لە پەیرەوانی کەمینەی ئایینی یارسان؛ لانی کەم 10 خوێندکار، لانی کەم 5 پزیشک و پەرستار؛ لانی کەم 2 ئەندازیار و مامۆستایەک. هەنگاو ئاماژە بە خاڵە گرنگەکانی ئەو ئامارانە دەکات وەک: کوژراوان خەڵکی 67 شاری جیاواز بوون؛ زۆرترین هاووڵاتی بە تۆمارکردنی 89حاڵەت و کوژرانی 145 کەس هی ستانی کرماشانن. ڕێکخراوی هرانا ڕاپۆرتیش دەکات کە بەرەبەیانی شەمە 18ی ڕێبەندان (7ی مانگی 2ی 2026) لە سێدارەدانی لانی کەم 13 کەس لە بەندیخانەکانی خوڕڕەم ئاباد، سنە، دێزفوول، ئەلیگودەرز، کرماشان، یاسووج، نەهاوەند، زاهیدان، هەمەندان و بەندیخانەی ناوەندی شاری کەرەج بەڕێوەچوون.

ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، وردبینیی مووچەی مانگی 1 لە بەغدا لە ماوەی 2 ڕۆژی داهاتوودا تەواو دەبێت. ناوبراو دوای سەردانی بۆ لای تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، جەختی لەوە کردەوە کە مووچەی ساڵی 2025ی مووچەخۆرانی عێراق و هەرێمی کوردستان هیچ کێشەیەکی نابێت و تا ئەو کاتەی پابەندییەکان جێبەجێ بکرێن، پرۆسەکە بەردەوام دەبێت. وەزیری دارایی عێراق لەبارەی هۆکارەکانی دواکەوتنی مووچە ڕوونیکردووەتەوە، کە پێویستە سێ زانیاری سەرەکی لەبەردەستیاندا بێت کە بریتین لە: ژمارەی کۆتایی، داهاتی ناوخۆ و نووسراوی وەزارەتی نەوت سەبارەت بە ڕادەستکردنی نەوت. تەیف سامی جەختی کردووەتەوە کە هەر دواکەوتنێک لە دابینکردنی ئەم سێ مەرجەدا، ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی دواکەوتنی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆران. دەقى نوسینەکە.. لە وەزارەتی دارایی چیم بیست ؟ 🔹ئەحمەدی حاجی رەشید- ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ سەردانی وەزیری دارایم کرد سەبارەت بە ئەم بابەتانەی خوارەوە: یەکەم: موچەی مانگی یەک لە وردبینیدایەو لەم دوو ڕۆژە تەواو دەبێت. دووەم: بابەتی موچە بۆ دوا دەکەوێت و هەمیشە لەکاتی خۆیدا وەری ناگرین، وەزیری کاربەڕێکەر وتی  دەبێت سێ (٣) شتم بەدەست بگات کە بریتین لە (ژمێرەی کۆتایی، داهاتی ناوخۆو نوسراوی وەزارەتی نەوت سەبارەت رادەستکردنی نەوت) بۆیە هەر دواخستنیک لەو سێ بابەتە بکرێت منیش ناچار دەبم موچە دوا بخەم . (ئەم وەڵامە بۆ برای گەورەم کاک عومەری حاجی عینایەتە) کە لە هەڵەبجە فەرمویان بەدوادا چوونی بۆ بکە. سێهەم: پلە بەرزکردنەوەو سەرە موچە لە هەموو عێراق وەستاوە (ئەوە قسەی تەیف سامی)ە چونکە یاسای بودجەمان نییە. چوارەم: سەبارەت بە پارەی گەنمی جوتیاران  تەیف سامی وتی سیولەمان نیەو کەسیش قەرزمان ناداتێ چونکە حکومەت کاربەڕێکەرە . پێنجەم: موچەی ئەمساڵ کێشەی نابێت لە هەموو عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە تا ئەوکاتەی پابەندییەکان جێ بەجێ دەکرێن . شەشەم: ئەگەر لەگەڵ ترمپ تێکبچین ئەوا باری ئابوریمان زۆر خراپ دەبێت.

هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) شەهیدبوونی 8 شەڕڤانی راگەیاند و دەڵێت، لەنێوان 3ـی مانگی رابردوو بۆ 26ـی مانگ رابردوو لە شەڕی پاراستنی خاک و شەرەفی میلـلەتەکەیان دژی چەکدارانی دیمەشق شەهیدبوون. ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) بە ڕاگەیاندراوێک ناسنامەی هەشت شەڕڤانی ئاشکرا کرد کە لە کاتی جیاوازدا لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوا شەهیدبوون. قەسەدە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدەکان کرد و بەڵێنی دووپاتکردەوە بۆ درێژەدان بە ڕێگەکەیان تا بەدیهێنانی ئامانجەکان. ناسنامەی شەهیدەکان بەم جۆرەیە: ناسناو: مزگین ژیان ناو و پاشناو: شوکران یەڵدز ناوی دایک: حەمیدە ناوی باوک: شەریف شوێنی لەدایکبوون: ئەزمیر شوێن و کاتی شەهیدبوون: کۆبانی- ٢٦ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦. *  *  * ناسناو: کەمال قۆسەر ناو و پاشناو: فەرید ئابی ناوی دایک: شوکران ناوی باوک: خزر شوێنی لەدایکبوون: مێردین شوێن و کاتی شەهیدبوون: کۆبانی- ٢٦ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦. *  *  * ناسناو: حەمێ تەفشۆ ناو و پاشناو: ئەحمەد حاجی ناوی دایک: نازۆ ناوی باوک: حاجی شوێنی لەدایکبوون: کۆبانێ شوێن و کاتی شەهیدبوون: قامیشلۆ- ٥ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦. *  *  * ناسناو: مۆردەم گرێ‌سپی ناو و پاشناو: ئیسحاق ئەحمەد ناوی دایک: ساڵیحە ناوی باوک: خەلیل شوێنی لەدایکبوون: گرێ‌سپی شوێن و کاتی شەهیدبوون: دێرەزۆر- ١٨ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦. *  *  * ناسناو: دەمهات ناو و پاشناو: حوسێن شێخۆ ناوی دایک: وەحیدە ناوی باوک: عەبدولقادر شوێنی لەدایکبوون: کۆبانێ شوێن و کاتی شەهیدبوون: دێرەزۆر- ٣ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦. *  *  * ناسناو: شەڕڤان سەرێکانی ناو و پاشناو: سلێمان محەمەد ناوی دایک: عەدلە ناوی باوک: مەحمود شوێنی لەدایکبوون: سیرین شوێن و کاتی شەهیدبوون: دێرەزۆر- ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦. *  *  * ناسناو: مەحمود ناو و پاشناو: محەمەد بەکر ناوی دایک: عائیشە ناوی باوک: نەبۆ شوێنی لەدایکبوون: کۆبانێ شوێن و کاتی شەهیدبوون: دێرەزۆر- ٢٦ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦. *  *  * ناسناو: مەزڵوم کۆبانێ ناو و پاشناو: مەحمود ساڵەح موسلیم ناوی دایک: خەدیجە ناوی باوک: محەمەد شوێنی لەدایکبوون: کۆبانێ شوێن و کاتی شەهیدبوون: دێرەزۆر- ١٨ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦.  

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتووی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، باران بەردەوام دەبێت. کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینی کەشی ئەمڕ یەکشەممە، 8ـ-2-2026ـی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کاریگەری ئەو شەپۆلە بارانەی رووی لە ناوچەکەمان کردووە بەردەوام دەبێت، هەروەها کاریگەری تەم زیاتر دەبێت بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان. پێشبینی بەفر بارینێکی کەمیش لەسەر لووتکەی شاخە بەرزەکان و ناوچە سنوورییەکان دەکرێت.  بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ بە پلەی سیلیزی  هەولێر : 12 پلەی سیلیزی  پیرمام : 9  پلەی سیلیزی سۆران : 8 پلەی سیلیزی  حاجی ئۆمەران :  4 پلەی سیلیزی    سلێمانی :  9 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ :  11 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 11 پلەی سیلیزی  دهۆک : 12 پلەی سیلیزی  زاخۆ : 13 پلەی سیلیزی  ئاکرێ : 10  پلەی سیلیزی بەرێوەبەرایەتییەکە پێشبینییەکانی کەشی سبەی دووشەممە، 9-2-2026ـی بڵاوکردەوە و دەڵێت، کاریگەری شەپۆڵی باران لەسەر ناوچەکەمان زیاد دەکات، کەشی ناوچەکەمان هەور دەبێت و باران لە سەر تەواوی ناوچەکەمان دەبارێت، رێژەی دابارین لە سنووری ئیدارەی (سۆران و راپەڕین و زاخۆ) زیاتر دەبێت و هەندێ کات لێزمە باران دەبێت، سەنتەری پارێزگای دهۆکیش ئەگەری باران بارینی بە لێزمەی هەیە، ئاماژەی بەوەشدا، لە سەنتەری پارێزگای هەولێر سلێمانی کەرکووک هەڵەبجە باران لەسەر خۆ و نمە بارانی پچڕ پچڕ دەبێت، لە هەندێ کاتیش ئەگەری هەورە تریشقە و بەفر لەسەر ناوچە سنوورییە شاخاوییەکان هەیە. زۆرترین رێژەی باران لە (ئاکرێ، مێرگەسوور، بجیل، سیدەکان و پیران دەبێت کە پێشبینی دەکرێت لە سەرووی 40 ملم بێت . بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر : 13 پلەی سیلیزی  پیرمام : 10  پلەی سیلیزی سۆران : 10 پلەی سیلیزی  حاجی ئۆمەران :  5 پلەی سیلیزی    سلێمانی :  11 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ :  12 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 13 پلەی سیلیزی  دهۆک : 11 پلەی سیلیزی  زاخۆ : 12 پلەی سیلیزی  ئاکرێ : 12  پلەی سیلیزی

پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند، ناوی پەرلەمانتاران بۆ دابەشکردنیان بەسەر لیژنەکاندا دراوەتە دەستەی سەرۆکایەتی و بڕیارە سبەی دەنگیان لەسەر بدرێت. بەگوێرەی زانیارییەکان، کورد سەرۆکایەتیی 3 بۆ 4 لیژنەی پەرلەمانی عێراق وەردەگرێت. شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە 08-02-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سەرجەم فراکسیۆنەکان ناوی ئەندامەکانیان بۆ لیژنە هەمیشەییەکان رادەستی عەدنان فەیحان، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان کردووە و بڕیارە لە دانیشتنی سبەینێدا دەنگیان لەسەر بدرێت." بەگوتەی دووبەردانی، میکانیزمەکە بەو شێوەیە دەبێت کە دوای دەنگدانەکە، بەتەمەنترین ئەندامی هەر لیژنەیەک بە شێوەیەکی کاتی سەرۆکایەتیی لیژنەکە دەکات، تاوەکو هەموو لایەنەکان لەسەر دابەشکردنی پۆستی سەرۆک و جێگرانی لیژنەکان رێکدەکەون. لە پەرلەمانی عێراق 25 لیژنەی هەمیشەیی هەن. شێروان دووبەردانی گوتی، "نیوەی لیژنەکان بۆ لایەنە شیعەکان دەبن و ئەوانی دیکەش لەنێوان کورد، سوننە و پێکهاتەکاندا دابەش دەکرێن." سەبارەت بە پشکی کوردیش گوتی، "کورد سەرۆکایەتیی 3 بۆ 4 لیژنە وەردەگرێت و جۆری لیژنەکانیش بەندە بە دەرەنجامی گفتوگۆ و دانوستانەکان." بەپێی کارنامەی دانیشتنەکە کە فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردووەتەوە، بڕیارە کاژێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی سبەی دووشەممە 9-02-2026 پەرلەمان کۆببێتەوە. کارنامەکە لە دوو بڕگە پێکهاتووە: یەکەم، سوێندخواردنی دەستووریی ژمارەیەک پەرلەمانتاری نوێ؛ دووەم، دەنگدان لەسەر دیاریکردنی ئەندامانی لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمان.

ئومێد خۆشناو: محەممەد حەلبوسی هەر ئەوەندە وەفا و ئەمەکی بەرامبەر خەڵکی کوردستان هەیە لەکاتێکدا لەکاتی شەڕی داعــ..،،ــش کەسە نزیکەکانی ئێرەیان کرد بە پەناگەی خۆیان و لێرە گیرسانەوە.  چەند رۆژێک لەمەوبەر محەممەد حەلبوسی گوتی: ئەگەر ژیانیشمی لەسەر دانێم ناچمە هەولێر و دەبێت ئەو تێڕوانییە خۆبەزلزانییەم بگاتە ئاستی واقیع. یەکشەممە 8ـی شوباتی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، اتێک شەڕی داعش و نەهامەتی هەرەشە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی عێراق دەکرد، محەممەد حەلبوسی و کەسوکارەکەی پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێنا و لە هەولێر گیرسانەوە و حەوانەوە. پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد"حەلبوسی و بەشێک لە دەسەڵادارانی حکوومەتی عێراق نمەکی هەولێریان کرد و دواتر بێ ئەمەک دەرچوون بەرانبەر مرۆڤدۆستی و میواندۆستیی هەولێر." ئومێد خۆشناو گوتیشی: کاتێک ئەو لە دەسەڵاتدا بوو، حکوومەتی عێراق بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستانی بڕی، بەڵام هەولێر بووبوو بە پەناگە و شوێنێکی ئارام بۆ کەسوکاری ئەوان. پارێزگاری هەولێر بە تەنزەوە گوتی: کەواتە سوپاس بۆ وەفای حەلبوسی. ئومێد خۆشناو، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا،  باسی لە ئەو بڕە پارەیە کرد کە لە پڕۆژەی رووناکییەوە بۆ هاووڵاتییان هاتوەتەوە و بەشێکیان دەڵێن پارەی کارەبا زیادی کردووە، گوتی: رۆژانە هەندێک گرفتی تەکنیکی روو دەدەن و بە پەلە چارەسەر دەکرێن. سەبارەت بە نزخەکانیش روونە کە بە چی جۆرێکە، ئەگەر هاووڵاتی بەگوێرەی پێویست کارەبا بەکار بهێنێت و زیادەڕۆیی نەکات، بێگومان پارەی کەمتری بۆ دێتەوە، هاوکات دەبێتە هۆی ئەوەی کارەبای 24 کاتژمێری بەشی هەموو هەرێمی کوردستان بکات."

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، وڵاتەکەی بەدوای شەڕدا ناگەڕێت، بەڵام ئامادەیە بۆی، ئەگەر بەسەریاندا بسەپێندرێت، جەختیشی لە پابەندبوونی تاران بە رێبازی دیپلۆماسی و رەتکردنەوەی هەر جۆرە خۆسەپێنیەكی دەرەکی کردەوە. عراقچی ئەمڕۆ لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی،  ئێران دیپلۆماسی هەڵدەبژێرێت ئەگەر لایەنی بەرامبەر ئەو کارە بکات، وڵاتەکەی ئامادەیە وەڵامی هەر پرسیارێک بداتەوە لە چوارچێوەی دانوستانەکان لەسەر بنەمای رێزگرتنی یەکتر، بەبێ ملکەچكردن بۆ فشار یان زۆرەملێی هیچ لایەنێک. سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیش، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بە ئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ئامانجەکانی بەدەستنەهێناوە، تاکە رێگاش لەبەردەم لایەنی بەرامبەر دانوستانە. عراقچی بە توندی هەر داواکارییەک بۆ سفركردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم رەتکردەوە و دووپاتیکردەوە، ئەو مافە دانوستانی لەسەر ناکرێت. جەختیشكرد، ئێمە پێداگری لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم دەکەین، چونکە کەس مافی ئەوەی نییە بۆچوونی خۆی بسەپێنێت سەبارەت بەوەی پێویستە بكەین. ئاماژەی بەوەشكرد، ئێران دەست دەگرێت بە مافەكانی لە بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا، تەنانەت ئەگەر ئەمە ببێتە هۆی ئاڵۆزی یان شەڕ.