هاوڵاتی Archeology Magazine : لە سەرەتای مانگی ئابدا تیمی مۆزەخانەکانی لەندەن، لە یەکێک لە مۆزەخانەکانی لەندەندا تابلۆیەكى عێراقى ٤ هەزار ساڵیان دۆزیوەتەوە. تابلۆكه چوار هەزار ساڵ لەمەوبەر لە ڕێی جوڵەی سێبەرەکانەوە بەكارهێنراوه بۆ دياركردنی کاتی شەو و ماوەی مانگگیران و خۆر گیران و پێشبینیکردنی نیشانەکانی جەنگ لە سیپارى کۆندا، کە دەکاته عێراقى سەردەمی ئێستا. ئەندرۆ جۆرج، مامۆستای ئیمێریتۆس لە زانکۆی لەندەن ساڵی ٢٠١٦, ڕایگەیاندووە کە ئەم شوێنەوارانە زیاتر لە ١٠٠ ساڵە لە مۆزەخانەی بەریتانیادا هەڵگیراون. كه توێژەران ڕوونیان کردووەتەوە، پاشاکانی بابل ڕاوێژکاریان هەبووە چاودێری ئاسمانی شەویان کردووە بۆ ئاگاداربوون لە ڕووداو و پێشهاتەکانی داهاتوو. توێژەری سەربەخۆ جونکۆ تانیۆگۆچی: له ڕێى بارودۆخی ئاسمانی شەوەوه توانراوه پێشبینییه هەڕەشەئامێزەكان لەبەرچاو بگیرێت، هەروەها توانراوه لێکۆڵینەوەی زیاتر بکرێت له سەر بنەماى ئەو پێشبينيانه كاتى ڕێوڕەسمه ئاینییەکان دیاری بكرێت يان هەڵبووەشێندرێنەوه.

هاوڵاتی ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی ئابی 2024، دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی كۆتا پەیامی ئاڕاستەی سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و كارمەندانی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی كرد و ماڵئاوایی لێكردن. لە پەیامەکەید مامۆستا دڵشاد عومەر ڕایگەیاند، "هاوکارانم لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی بەرێزان / سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و كارمەندان سڵاوی پەروەردەو زانستتان لێبێت لەماوەی نۆ ساڵی کارکردنم لەگەڵ ئێوەی بەڕێوەبەری پەروەردەکان و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکان و لێپرسراوی هۆبەکان سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و کارمەندان بە ئاسوودەیی زۆر سوودمەند بووم بە پێشنیارو ڕاو بۆچوونەکانتان، کە خۆشەویستیتان بووە بۆ پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن، هەرچەندە ڕووبەڕووی ئاڵنگاری سەخت بووینەتەوە، بەڵام دواجار گەشبین بووین بۆ ڕۆژانی داهاتوو، هەرگیز دەرفەتێکتان لەدەست نەداوە بۆ دەوڵەمەندکردنی پرۆسەی پەروەردە، هیواو ئاواتی هاوبەشتان هەبووە من هیچیان لەبیر ناکەم ئێوە پشتیوانی من بوون لەم پۆستەدا". ئاماژەی بەوەکرد، "هیوادارم بە هەوڵی هەمووان توانیبێتمان هەنگاومان نابێت بۆ گۆڕانکاری لە ناوەندەکانی خوێندندا بە بێ جیاوازی و لایەنگری حزبی بە یەکسانی و دادپەروەری. هەروەها لەماوەی دەست بەکاربوونم لە ٥/٧/٢٠١٥ حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی بووە کە تاکو ئێستاش بەردەوام قەیران هەیە". وەک لە پەیامەکەدا هاتووە، "سەرەڕای کێشەو گرفتەکان و قەیرانەکان و نیگەرانییە سەختەکان بە هەوڵی دڵسۆزانەی ئێوەو هاندانی ڕێکخراوەکان و وەبەرهێنەران و سەرمایەداران و خێرخوازان لە نۆژەنکردنەوە و دروست کردنی قوتابخانەو دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندن درێغیتان نەکردووە، دووبارە دەمەوێت سوپاس و پێزانینی خۆم بۆ ئەو هاوکاری و پاڵپشتییە میهرەبانییە دەردەبڕم کە پێشکەشتان کردووم بۆ سەرخستنی پرۆسەی پەروەردە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی. بەهیوام پەیامم بگاتە هەموو فەرمانبەران و کارمەندان و مامۆستایان هەمیشە هاوکارو پشتیوانتان دەبم هەربژین سەرکەوتوو بن".  

هاوڵاتی لوفتهانزا تا 26ی ئەم مانگە گەشتەکانی بۆ تەلئەبیب، تاران، بەیروت، عەممان و هەولێر هەڵپەساردووە. گروپی لوفتهانزا كە گەورەترین كۆمپانیای فڕۆكەوانی ئەڵمانیایییە، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەكانی بۆ تەلئەبیب، تاران، بەیروت، عەممان و هەولێر تاوەكو 26ی ئەم مانگە هەڵپەساردووە. لە تۆڵەی تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەكتەبی سیاسی حەماس لە تارانی پایتەختی ئێران، ئەگەر ئاگربەست نەكرێت تاران دەیەوێت هێرشی سەربازیی راستەوخۆ بكاتە سەر ئیسرائیل، ئەمەش ئەمریكای نیگەران كردووە و پێشبینی ئەوە دەكەن ناوچەكە رووبەڕووی جەنگێكی بەرفراوان بكاتەوە.

هاوڵاتی، سازگار ئەحمەد لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، نرخی تەماتەی خۆماڵی بەراورد بە 10 ڕۆژی ڕابردوو بەرزبووەتەوە، کیلۆیەک تەماتەی خۆماڵی لە 600 دینارەرە بەرزبووەتەوە بۆهەزار دینار. ئەمڕۆ دووشەممە 19ی ئابی 2024، عەتا محەمەد، نوێنەری ژووری بازرگانی لە عەلوەی سلێمانی بە هاوڵاتی ڕاگەیاند، "لە هەفتەی ڕابردووەوە نرخی تەماتە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە، بە جۆرێک لە ئێستادا نرخی کیلۆیەک تەماتە لە بازاڕەکاندا کەمتر نییە لە 1500 دینار". لەبارەی هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکەی  نوێنەری ژووری بازرگانی لە عەلوەی سلێمانی وتی، "هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی تەماتە بۆ هاتنی زیارەتکاران دەگەڕێتەوە بۆ عێراق، چونکە تەنها یەک مەرزی بازرگانی لەئێستادا بەرهەمی لێ هاوردە دەکرێت ئەویش مەرزی سۆمارە و ئەویش قەرەباڵغییەکی زۆری لەسەر بوو، ئەمەش وایکرد نرخی تەماتە بەرزبێتەوە". وتیشی، "لە دوای ڕۆشتنەوەی زیارەتکاران و کردنەوەی دەروازەکانی دیکە نرخی تەماتە دووبارە لە بازاڕەکاندا دادەبەزێتەوە".

هاوڵاتی کورتهێنانی بودجەی ئەمریکا لەسەردەمی جۆ بایدندا گەیشتووەتە بەرزترین ئاست، لە مێژووی وڵاتەکەدا هاوشێوەی نەبووە.  وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بڵاویکردەوە:، کورتهێنانی بودجە لە وڵاتەکەیان گەیشتووەتە 6.6 ترلیۆن دۆلار، ئەوەش گەورەترین کورتهێنانە کە لە مێژووی وڵاتەکەدا تۆمارکرابێت.  لەسەردەمی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، کورتهێنانی بودجەی وڵاتەکە بەرزترین ئاستی تۆماکردووە، لە کاتێکدا لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بە هەمان شێوە قەبارەی کورتهێنان ریکۆردی نوێی شکاند و  گەیشتە 5.6 ترلیۆن دۆلار. کاتێک پەتای کۆرۆنا بەرۆکی ئەمریکای گرت. ئەمریکا ئەو قەبارە گەورە کورتهێنانە بە قەرز پڕدەکاتەوە، لەکاتێکدا ئەویش ئاستی مێژوویی تۆمارکردووە و بۆ سەرووی 35 ترلیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە.  ساڵ لە دوای ساڵ، قەبارەی کورتهێنانی بودجەی ئەمریکا و قەرزەکانی فراوان دەبێت، تەنیا لەسەردەمی باراک ئۆباما نەبێت، کە توانی لە ماوەی 100 ساڵی رابردوویدا بۆ یەکەمجار،کورتهێنانی بودجە بۆ 2.2 ترلیۆن دۆلار کەم بکاتەوە.

هاوڵاتی سەرۆکی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، دانوستاندنەکانی ئاشتی غەززە بەڕێوەدەچن و هێشتا راگەیاندنی ئاگربەست ئەگەرێکی بەهێزە. لەبارەی ئاگربەستی نێوان غەززە و ئیسرائیل جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "دانوستاندنەکانی ئاشتی غەززە بەڕێوەدەچن و هێشتا راگەیاندنی ئاگربەست ئەگەرێکی بەهێزە، کۆڵنادەن تاوەکو دانوستاندنەکانی غەززە بە نێوەندگیری وڵاتەکەی و قەتەر و میسر ئەنجامی دەبێت". حەماس و ئیسرائیل یەکتری بە خۆدزینەوە لە رێککەوتن تۆمەتبار دەکەن، بەڵام ئەمریکا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ دانوستانەکانی ئاشتی غەززە و ڕێنمایی تیمەکانی دانوستاندنی کردووە، پێشنیازی نوێی ئەمریکا بۆ نزیککردنەوەی حەماس و ئیسرائیل بەرەوپێش ببەن.  

هاوڵاتی CNN Healthلە 16ی ئابی 2024، بڵاوى كردۆتەوە، ئەو توێژینەوەیانەی کە لەلایەن تیمی تەندروستی ئەمریکاوە ئەنجامدراون دەیسەلمێنن، پێشبینی دەکرێت کۆڤید-19 لەم هاوینەدا سەرهەڵبداتەوە ،كه لە ڕێگەی ئاوی پیسەوە لە ڕۆژئاوای ئەمریکا دەست به بڵاو بوونەوە دەکات و پاشان لە وڵاتانی دیکە بەردەوام دەبێت. سەنتەری خۆپارێزى نەخۆشيیەکان لە ئەمریکا، دوای لێکۆڵینەوەکان کە لەسەر کۆڤید -19 کردوویانە، دڵنیامان دەكەنەوە لەوەی کۆڤید لەم هاوینەدا، لە مانگي ئاب یان ئەیلولدا سەرهەڵدەداتەوە بە کاریگەری لاوەکی زیاتر لە کۆڤیدی ساڵى 2021. دکتۆر جۆناسان یۆدەر، جێگری بەڕێوەبەری پرۆگرامی چاودێریى ئاوی پیسی CDC وتی: “شەپۆلی ئەمساڵی کۆڤید-19 خێراتر و کاریگەرتر دەبێت لە ساڵی 2021 ، کە لە کۆتایی مانگی ئاب و سەرەتای مانگی ئەیلولدا ڕوویدا”. ئەم شەپۆلەى کۆڤید لە ڕێگەی ئاوی پیسەوە بە هەوادا بڵاو دەبێتەوە. هەر لەبەر ئەمەشە تیمی تەندروستی ئەمەریکا داوا لە خەڵک دەکات لەمڕۆوە ڕێگاكانى خۆپاراستن جێ بە جێ بكەن و ماسکی دەموچاو و پاککەرەوەی هەوا بەکاربهێنن. دکتۆر مارلین وۆڵف، یاریدەدەری مامۆستای تەندروستی ژینگەیی و تەندروستیى گشتی لە زانکۆی ئیمۆری و بەڕێوەبەری پرۆگرام لە کۆمپانیای Wastewater SCAN جەختی لەوە کردەوە، "ئێمە لە ئێستادا لە سەدا سەدی نمونەکانمان لەسەر SARS-CoV-2 لە سەرتاسەری وڵاتدا دەستنیشان دەکەین."  

هاوڵاتی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی گومانلێکراو لە هەرێمی کوردستان نییە، چوار بڕیاریش دەردەکات. نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون لە ئێستادا لە نزیکەی 25 وڵاتدا بڵاوبووەتەوە و لەبارەی نەخۆشییەکەوە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری داوە. وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە: ئەمڕۆ یەکشەممە 18-08-2024 سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبووەوە و بۆ بەرەنگاربوونەوە و خۆپارێزی لە نەخۆشییەکە وەزارەتی تەندروستی ئەم بڕیارانەی دەرکرد: - بەیانی رێکارەکانی خۆپارێزی و ئامادەکاری لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە بۆ دامودەزگاکانی تەندروستی رابگەیەنرێت. - لیژنەیەکی باڵای هاوبەش لەنێوان وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی کشتوکاڵ پێکبهێنرێت. -پەیامەکانی تەندروستی بۆ هاوڵاتییان و گەشتیاران دابنرێت بۆ هۆشیاری تەندروستی و هەڵمەتی راگەیاندن و رۆشنبیری تەندروستی. - ئامادەکاری دابینکردنی تێستی پشکنینی تاقیگەیی لەگەڵ رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئەنجام بدرێت ئەنجامەی ڕابگەیەنرێت ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیموون بەهۆی گازگرتن و چڕنووك گرتنی ئاژەڵێكی تووشبوو دەگوێزرێتەوە بۆ ئاژەڵی دیكە و لەوێشەوە بۆ مرۆڤ، یان لەڕێگەی تێكەڵبوون بەهۆی هەڵمژینی هەناسەی کەسی تووشبوو و بەكارهێنانی كەلوپەلەکانیان.

هاوڵاتی بەهۆی تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق گەنجێکی کۆڵبەر کوژرا دوای ئەوەی گەنجێکی گوندی سەرگەتی سەر بە قەزای خورماڵ بەناوی ئارام خەلیل، لەکاتی کۆڵبەریدا لە مەرزی سیپە لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنوورەوە تەقەی لێکراوە و بە سەختی بریندارکراوە، بۆ بنکەی تەندروستی گواستراوەتەوە و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە. دەروازەی سنووری سیپە دەروازەیەکی نافەرمییە و زۆرجار لەلایەن کۆڵبەرانەوە وەک ڕێگەیەکی پەڕینەوە بۆ سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەکاردەهێنرێت.

هاوڵاتی بەر لە چوار مانگ پێش وادەی بەڕێوەچوونی سەرژمێری گشتیی لە عێراق و کوردستان، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕەزامەندی دا لەسەر دابینکردنی ئامێری پێویست بۆ گواستنەوەی داتاکان. ئامادەکاری وەزارەتی پلانادنانی عێراق بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوامە، 120 هەزار کارمەند لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ سەرپەرشتی پڕۆسەکە ڕاهێنراون. لە ڕاگەیێنراوی فەرمی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا هاتووە: ڕەزامەندی دراوە لەسەر دابینکردنی ئامێر و سێرڤەری پێویست بۆ گواستنەوەی داتای سەرژمێری دانیشتوانی گشتیی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا. دوایین سەرژمێری دانیشتووان لە عێراق ساڵی 1997 کراوە و ئەوکاتیش هەرێمی کوردستان لە سەرژمێرییەکەدا بەشدار نەبووە.

هاوڵاتی دڵشاد عومەر، كە لەسەر پشكی بزوتنەوەی گۆڕان ماوەی نۆ ساڵە بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی سلێمانییە، لەبارەی هۆكاری دەستبەرداربوونی لە پۆستەكەی، بە میدیای فەرمی حزبەكەی راگەیاندووە، بڕیارەكە پەیوەستبووە بە گەڕاندنەوەی ئەو 182دۆنم زەوییەی ئامادەیی كشتكوكاڵی بەكرەجۆ، كە بەچەند ڕێگەیەكی نایاسایی درا بە وەبەرهێنەرێک. وتیشی: لەبەر ئەم زوڵمەی لە كەرتی گشتی و پەروەردە دەكرێت، بڕیارمدا سبەینێ 19ـی مانگ وەك پێشتر بڕیارمدابوو دەستلەكار بكێشمەوە دەورو تەسلیمی خۆم دەكەم، هەموو شتێكیشم لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان بڕاندووەتەوە و پێشنیار كراوە كەسێكی تر لەجێگەكەم دابندرێت.

هاوڵاتی نرخی یەک ئۆنسە زێر لە بۆرسەکانی جیهان، بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و گەیشتە دوو هەزار و 507 دۆلار، ئەمەش بەرزترین ئاستە لە مێژوودا تۆمار کرابێت. بەرزبوونەوەی ئاستی کڕینی زێڕ لەلایەن بانکە ناوەندییەکانی جیهان و هەڵکشانی زیاتری گرژییە سیاسییەکان بووەنەتە هۆی ئەوەی نرخی زێڕ لە بەرزبوونەوە بەردەوام بێت. هەروەها خاوبوونەوەی ئابووریی و کەمبوونەوەی هەلیکار لە ئەمریکا کاریگەریی لە سەر بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ هەیە، چونکە لەم حاڵەتەدا بازرگانان پەنا دەبەن بۆ کڕینی زێڕ. نرخی زێڕ لە بۆرسەی هەولێر بەم شێوەیەیە: مسقاڵێک زێڕی عەیارە 24=605,000 مسقاڵێک زێڕی عەیارە 22=555,000 مسقاڵێک زێڕی عەیارە 21=530,000 مسقاڵێک زێڕی عەیارە 18=455,000

هاوڵاتی لە ماوەی 14 ڕۆژدا 50 هاوڵاتی لەلایەن دەوڵەتی تورکیا لە کانتۆنی عەفرین ڕفێنران و کە لە نێوانیاندا 7 ژن و سێ منداڵی تێدایە. ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ی ئابی 2024، سەنتەری بەڵگەنامەکردنی سەرپێچییەکان لە کانتۆنی عەفرین ڕفاندنی هاوڵاتییانی لە ماوەی 14 ڕۆژی سەرەتای ئەم مانگەدا بڵاوکردەوە. دەڵێت، لە ماوەی ڕۆژانی یەک تا 14ی ئەم مانگە لە کانتۆنی عەفرین، دەوڵەتی تورکیا 50 هاوڵاتی ڕفاندووە. سەنتەری بەڵگەنامەکردنی سەرپێچییەکان لە کانتۆنی عەفرین، ئاماژەی بەوەشداوە، لە ناو ڕفێندراوەکاندا حەوت ژن و سێ منداڵ هەیە. جێگای ئاماژەیە ئەو هاوڵاتییانەی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە دەڕفێندرێن، دەگوازرێنەوە بۆ شوێنێکی نادیار و لە بەرامبەر ئازادکردنی هەر یەکێکیان داوای بڕە پارەیەکی زۆر لە خێزانەکانیان دەکرێت.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپەراسێونەکانی ئاسایش، دەستگیرکردنی سێ تۆمەتباری سوتاندنی چیایی گۆیژە ڕادەگەیەنێت. ئەمڕۆ یەکشەممە 18ی ئابی 2024، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپەراسێونەکانی ئاسایش، توانیان سێ تۆمەتبار دەستگیربکەن". ئاماژە بەوەکراوە، "شەوی 30ی تەموزی 2024 بکەری سوتاندنی درەخت و پۆش و پاوان و تێکدانی بەشێک لە ژینگە و سروشتی جوانی چیای گۆیژە بوون، تۆمەتباران بەپێی مادەی 342 لە یاسای سزادان ڕاگیراون و ڕووبەڕوی یاسا کرانەوە".

هاوڵاتی فیستیڤاڵی (ژن ژیان ئازادی) لەلایەن رێکخراوی (ناوەندی هونەرمەندانی سینەما و شانۆی ئێران لە دەرەوەی وڵات) سازدەکرێت بە ئامانجی پشتیوانی لە سینەماکارانی سەربەخۆ و نیشاندانی بەرهەمی خەباتی ژنان لە بواری هونەریدا. فیستیڤاڵەکە بە فەرمی لە یەکی تەمموزەوە دەستی بە کارەکانی کردووە و تا ئێستاش زیاتر لە ٢٥٠٠ فیلم بۆ فێستیڤاڵەکە نێردراون.  فیستیڤاڵەکە ٢٦ـی ئەیلوول لە چەند شارێکی ئەمریکا، کەنەدا، ئەوروپا و ئوسترالیا دەستپێدەکات و بۆ ماوەی شەش ڕۆژ بەردەوامبدەبێت. ئەندامانی دەستەی داوەرانی فێستیڤاڵەکە لە شەش هونەرمەند پێکهاتوون و لە نێویشیاندا، دەرهێنەری ئوسترالی (ماری کامیرۆن) هەیە، هاوکات خانمە دەرهێنەری ئێرانی و خاوەنی خەڵاتی کان مەرجان ساتراپ سەرۆکی لیژنەکەیە.