هاوڵاتی کاتژمێر 9:38 خولەکى بەیانى رۆژى 22ـى ئابى 2024، پەڕەى سەرەکیی کەناڵى تەلەڤزیۆنی زووم لە فەیسبووک داخرا. پەڕەی سەرەکی کەناڵی تەلەڤزیۆنی زووم ئەمڕۆ پێنج شەمە کاتژمێر 9:38خولەک هێرشی کرایە سەروو لە فەیسبوک داخرا . پاش بەدواداچوون و پەیوەندکردنی تیمی کەناڵەکە بە کۆمپانیای میتاوە دەرکەوتوە بەهۆی هێرشی ئەلکترۆنیەوە داخراوە تیمی تەکنیکی زووم سەرچاوەی هێرشەکەی ئاشکراکردەوە و هاوکاتیش بەرواری هێرشی یەکەمی بۆ سەر کەناڵەکە لەمانگی حوزەیراندا خستۆتەڕوو کە لەلایەن هەمان سەرچاوە زیاتر لە10جار هێرشی بۆسەر پەڕەکەیان ئەنجامداوە هەروەها کەناڵەکە ئەم هێرشە ئەلکترۆنیەی وەک هەواڵێک بۆ کپکردنی دەنگی ئازاد و بەرتەسکردنەوەی کاری میدیایی لەهەرێمی کردستان پێناسەکردوە. ئەوەشی خستۆتەڕوو، وەک دەزگایەکی میدیایی ئازاد گشت لایەنە پەیوەندیدارەکان لە عێراق، هەرێمى کوردستان، باڵیۆزخانە، کونسوڵ و نوێنەرایەتییەکان ئاگادار دەکاتەوە سەبارەت بەو پێشێلکاریانەی بەرامەبەری ئەنجامدراوە و داوایان لێدەکات پاڵپشتى دەنگى ئازاد بن، فشار بخەنە سەر دەسەڵاتدارانى هەرێمى کوردستان زووم، بەڵێن بە بینەرانى دەدات، فشار و هێرش ڕایناگرێت، کەناڵەکە لەسەر بنەماى پیشەییبوون، گەیاندنى زانیاریی راست، خستنەڕووى کێشەکان، بە ئامانجى چارەسەرکردنیان و گەیاندنى دەنگى خەڵک دامەزراوە و بەردەوام دەبێ. ئەوەش لە کاتێکدایە 19ی ئەم مانگە لەلایەن هێزێکی ئەمنی هێرش کرایە سەر ئەڤین عەتا پەیامنێری زۆوم لە شارۆچکەی خورماڵ

هاوڵاتی گەورەترین ئەڵماسی جیهان لە کارۆی باکووری ڕۆژهەڵاتی بۆستوانا دۆزرایەوە ڕۆژی 22-8-2024، لە کانە ئەڵماسەکانی کارۆی بۆستوانا یەکێک لە گەورەترین پارچە ئەڵماسی جیهان لەلایەن کۆمپانیایەکی کەنەدی دۆزرایەوە، کێشی ئەڵماسەکە 2,492 قیراتە. بۆستوانا، وڵاتێکە سەر بە کیشوەری ئەفریقا یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی ئەڵماس لە جیهاندا، کە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی ئەڵماسە. لە ساڵی 2019 گەورەترین ئەڵماس دۆزرایەوە بەردێکی 1758 قیراتی بوو.

هاوڵاتی ئەو لیژنە 15 كەسیەی لە دیوانی چاودێریی دارایی عێراق هاتنە هەرێمی كوردستان، لە دوێنێوە دەستیانكردووە بە وردبینیكردن لە خەرجی و داهاتی مانگەكانی چوار وپێنج و شەشی ئەمساڵی هەرێمی کوردستان. سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم بە هاوڵاتی وت: لە رۆژی 21ی ئابەوە ئەو لیژنە 15 كەسییەی كە لە دیوانی چاودێریی دارایی عێراقەوە هاتوونەتە هەرێمی كوردستان، بەهەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم بەمەبەستی وردبینیكردن لە خەرجی و داهاتەكانی هەرێمی کوردستان دەستیان بەكارەكانیان كردووە. ئەو سەرچاوەیە وتیشی: كارەكانی ئەو لیژنەیە وردبینیكردنە لە خەرجی و داهاتی مانگەكانی چوار پێنج و شەشی ئەمساڵ، هاوكات ماوەی كاركردن و وردبینكردنی ئەو لیژنەیە دیاری نەكراوە و تا ئەوكاتەی پێویست بێت لە هەرێمی كوردستان دەمێننەوە، بۆ ئەو مەوبەستەش چەند لیژنەیەكی لاوەكی پێكدەهێنرێن. "بەشێك لە لیژنە 15 كەسییە وردبینی لە خەرجی و داهاتی نەوتی و بەشێكیان وردبینی لە خەرجی و داهاتی نانەوتی دەكەن، هەروەها هەمان ئەو لیژنەیە سەردانی وەزارەت و فەرمانگەكان و پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان و دەروازە سنوورییەكانیش دەكەن بەمەبەستی وردبینی داهات و خەرجییەكان". سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی وای وت.

هاوڵاتی گروپە چەکدارە عێراقیەکانی هاوپەیمانی ئێران هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی بەهێزتر دەکەن بۆ سەر بنەکەکانی هاوپەیمانی ئێران دوای شكستهێنانی دیپلۆماسیەت و كۆتایهاتنی ئاگربەست. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ی ئابی 2024، ڕۆژنامەی (الشرق الاوسط)، بڵاوکردەوە گروپە چەكدارەكانی عێراق بەمزوانە هێرشەكانیان بەشێوەیەكی چڕتر دەستپێدەكەنەوە بۆ سەر بنكەكانی سوپای ئەمریكا لە عێراق. لەم بارەیەوە كەتیبەكانی "سەیدولوشەهەدا" ئەوەی خستەڕوو، شكستهێنانی هەوڵە دیپلۆماسیەكان بۆ كۆتایهێنان بە بوونی سوپای ئەمریكا، هانیدەدات دەستبكاتەوە بە پرۆسەی ئازادكردنی خاكەكەی. دەشڵێت، چاوەڕوانی حكومەتن هەڵوێستێكی فەرمی لەبارەی دانوستەكان ڕابگەیەنێت سەرەڕای ئەوەی دەزانن كە ئەمریكیەكان جدی نین لە كشانەوە.

هاوڵاتی بۆ جاری سێیەم هەڵبژاردنی ئەزموونی وەك ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت. كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق تائێستا زۆربەی ڕێكارەكانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی تەواوكردووە، كە بڕیارە لە 20-10-2024 لەسەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت. بەوتەی سەرچاوەیەک لە کۆمسیۆنی عێراق، لە سەرەتای مانگی نۆ هەڵبژاردنێكی دیكەی ئەزموونی وەك ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت و ئەمجارە فراوانترە. بەوتەی سەرچاوەکە، ئەمجارە هێزە ئەمنییەكانیش بەشداریی لە هەڵبژاردنە ئەزموونییەكە دەكەن.

هاوڵاتی بەرگریی شارستانی سۆران رایگەیاند، "زیاتر لە 14 تیمی بەرگریی شارستانی بەشدارن لە كۆنتڕۆڵكردنەوەی ئەو ئاگرەی ئێستا لە چیای زۆزك كەوتۆتەوە، بەڵام تا ئێستا كۆنتڕۆڵ نەكراوە". ئاماژە بەوەکراوە، "لە کاتژمێر 3:30ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ئاگرێکی گەورە لە چیای زۆزک کەوتۆتەوە، زیاتر لە 14 تیم لە ئەفسەر و کارمەندانمان بەژداربوون بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەكە". ئەوەشخراوەتەڕوو، "تا ئێستا نەتوانراوە ئاگرەكە بەتەواوەتی کۆنتڕۆڵ بکرێت، لە ئێستادا چەند تیمێکی تریان زیاد کردووە، هەروەها دوو تیمی دیكەی پۆلیسی دارستان و ژینگەش بەشدارن، بەهۆی نەگەیشتنی ڕێگای ئۆتۆمبێل بۆ شوێنی ئاگرەکە ئەرکی تیمەکانیان زۆر سەختە.

هاوڵاتی ئەنجامی لێكۆڵینەوە لە کەوتنەخوارەوەی هێلیكۆپتەری ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران، ئاشكرا دەكرێت.    ڕۆژی 19-05-2024، سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران کەوتنە خوارەوەی هێلیكۆپتەری ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆمار و ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوە و چەند بەرپرسێكی دیکەی لە کاتی گەڕانەوەیان لە سنووری هاوبەش لەگەڵ ئازەربایجان بەرەو شاری تەورێز ڕاگەیاند. ئاژانسی هەواڵی فارس لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنیی بڵاویکردەوە: دەسەڵاتدارانی ئێران لێکۆڵینەوەیان لە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەری رەئیسی تەواوکردووە، فڕۆکەکەی ڕەئیسی دوو سەرنشینی زیاتر هەڵگرتبوو و لەبەر هەبوونی تەم و مژ نەیتوانیوە بەرەو بەرزی پێویست بفڕێت و بووەتە هۆی  ئەوەی کە بەر لوتکەی شاخ بکەوێت.  بەوتەی ئاژانسی فارس، دەزگا هەواڵگەرییەکانی ئێران لێکۆڵینەوەیان لە 30 هەزار کەس کردووە و هیچ زانیاریی و فاکتەرێکی مرۆیی و هۆکاری گوماناوییان نەدۆزیوەتەوە.

هاوڵاتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەرپرسیارێتی حكومەتی فیدراڵییە مووچە لەكاتی خۆیدا بنێرێت، سەبارەت بە هەڵبژاردنیش پشتیوانی دووپات دەكاتەوە. ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی ئابی 2024، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. لەبەشێكی ڕاگەیەنراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە: نابێت بەهیچ جۆرێک هەبوونی تێبینی و سەرنج لە لایەن دیوانی چاودێریی داراییی فیدراڵ ببێتە هۆی ڕاگرتنی خەرجکردنی مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم، وەک ئەوەی ئێستا لە لایەن وەزارەتی داراییی فیدڕاڵەوە دەکرێت، ئەمە مامەڵەیەکی جیاکارییە لەگەڵ هەرێمی کوردستان. لەلایەكی دیكەوە "ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانیی خۆی بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن  دووپات کردەوە و جەختی لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی بێگەرد لە کەشێکی ئارامدا کردەوە".

هاوڵاتی دامەزراوەی كۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان، لەبارەی دوو جۆر دەرمانەوە هۆشداریی دەدات و بڕیاری قەدەغەكردنی فرۆشتنیان دەدات. دامەزراوەی کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان ڕایگەیاند: بە مەبەستی زیاتر هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی تاقیگەیی بڕیارمان دا بە ڕاگرتنی فرۆشتنی دوو بەرهەمی دەرمانسازیی تەواوکەریی خۆراکی بە شێوە ژەمی دەرمانسازیی قەترەی دەم کە ماددەی میلاتۆنینیان تێدایە.  دامەزراوەی كۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان ئاشكراشی دەكات، بەرهەمە دەرمانسازییەکان بە ناوەکانی (HONORTONIN drops) بە ژماره باجی (HNR1715) دروستکراوی کارگەی (HONOR) و (melatonin drops) بە ژمارە باجی (23B038) دروستکراوی کارگەی (inalme) دوای ئەوەی لەلایەن تیمەکانی چاودێریی بازاڕی بەڕێوەبەرایەتیی KMCA پشکنینی فیزیکیان بۆ ئەنجامدرا دەرکەوت کە تەنۆلکەی بینراو "visible particle" یان تێدایە. " داوا لەسەرجەم دەرمانخانە و کۆگاکانی دەرمان لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان دەكرێت كە لە ئەمڕۆ بەدواوە فرۆشتنی ئەو دوو بەرهەمە ڕابگرن، تاوەکو ئەنجامی تاقیگەیی نوێ لەسەر ئەو دوو بەرهەمە دەردەچێت". کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان وادەڵێت.

هاوڵاتی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق نیگەرانى خۆى لەبارەی پڕۆژە هەمواری یاسای باری کەسی نیشاندەدات و داوا لە عێراقییەکان دەکات ڕێزی تەواو لە مافەکانی ژنان و منداڵان بگرن. ئەلینا ڕۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) ، ئێمە نیگەرانین لە پێشنیارەکانی هەموارکردن لە یاسای باری کەسی، داوا لە عێراقییەکان دەکەین کە بەشداری گفتوگۆیەکی مەدەنی بکەن کە بە تەواوی ڕێز لە ئازادی ئایین یان باوەڕ و مافەکانی ژنان و منداڵان بگرێت. ڤێدانت پاتێل، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) لە بارەی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی لە عێراق دەڵێت، هەمواری یاسای باری کەسی عێراق دەبێتە هۆی پەراوێزخستنی مافەکانی ژنان و منداڵان. لە ساڵی 1959وە یاسایی باری کەسی لە عێراق کاری پێدەکرێت، شیعە مەزهەبەکانیش ئێستا دەیانەوێت هەمواری بکەنەوە و بیکەن بە یاسایەک کە مەزهەبی جەعفەری تیادا زاڵ بێت. مەزهەبی جەعفەریی شیعە ڕێگە بە هاوسەرگیری منداڵانی کچ لە تەمەن 9 ساڵی و کوڕانیش لە 15 ساڵی دەدات، لەکاتێکدا یاسا 18 ساڵی بۆ هاوسەرگیری دیاریکردووە. هاوکات تا ئێستا هەموارەکە خوێندنەوەی یەکەمی لە پەرلەمانی عێراق بۆ کراوە، بەڵام ناڕەزایەتی چالاکوانان و پارێزەرەکانی بە دوای خۆیدا هێناوە.

هاوڵاتی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەرجەم وەزارەتەکانی ئاگادارکردووەتەوە، لیستی مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگی حەوت تەواو بکەن، چونکە سبەی پێنجشەممە بۆ بەغدا دەنێردرێت. 31 ڕۆژە لیستی مووچەی مانگی حەوت ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە، بەڵام بەهۆی تێبینییەکانی بەغدا کە وەزارەتی دارایی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێکدا دانی پێدانا تائێستا مووچە نەنێردراوە و جارێکی دیکە دەبێت لیست ڕەوانە بکرێتەوە. بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی، ئەمڕۆ سەرجەم وەزارەتەکان لیستی مووچە ئامادەدەکەن بە گۆڕانکاری لێبڕینی خانەنشینی 10% و سبەی ڕەوانەی بەغدا دەکرێت، بەوتەی سەرچاوەکەی هاوڵاتی هەوڵدەدرێت تێبییەکانی چاودێری دارایی عێراقیش چارەسەر بکرێن. بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی دەبێت مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم هاوتای مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی عێراق بکرێت، بەپێی زانیاریەکانیش، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگەکانی (6 و 7)ی ئەمساڵی بە هاوتاکراوی ڕەوانەکردووە.

هاوڵاتی لە هەولێر ئاگر لە گەراجێکی کەلوپەلی ئۆتۆمبێل لە پشت فاملی مۆڵ کەوتەوە. پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ی ئابی 2024، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر ڕایگەیاند، تیمەکانی بەرگریی شارستانی سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن. لەم بارەیەوە موقەدەم شاخەوان سەعید، لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند، لە بوونی ئاگرێک لە گەراجێکی کەلوپەلی ئۆتۆمبێک ئاگەدارکراینەوە، تیمەکانمان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە لە شوێنەکەن. جێگەی ئاماژەیە، تا ئێستا ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکراوە و زەرەر و زیانەکان دیاری نەکراوە.

هاوڵاتی پەرلەمانی ئێران بۆ قبوڵكردنی وەزیرەكان لە كابینەكەی مەسعوود پزیشكیان کۆبوونەوەیەکەی ئەنجامدا. پەرلەمانی ئێران كۆبوونەوەیەكی تایبەتی بە سیڤی کاندیدەکان بۆ پۆستی وەزیرەكان ئەنجامدا، دوای خوێندنەوەی سیڤییەكان ناویان خرایە لیستەوە و خرانە دەنگدانەوە. لەلایەن خۆشیەوە، مەسعوود پزیشكیان، سەرۆككۆماری ئێران لە پەرلەمانی ئێران وتارێكی پێشكەش كرد و داوای لە ئەندامانی پەرلەمان كرد دەنگ بەكەسی شیاو بدەن، بۆ ئەوەی وڵاتەكەیان بباتە پێشەوە. ناوی ئەو وەزیرانەی پەرلەمانی ئێران دەنگی پێدان 1- عەلیرەزا کازمی... وەزارەتی پەروەردە 2- سەتار هاشمی.. وەزارەتی پەیوەندی و تەکنەلۆجیای زانیاریی 3- حوججەتول ئیسلام خەتیب؛ وەزارەتی ڕاگەیاندن 4- عەبدولناسر هیممەتی... وەزارەتی کاروباری ئابووری و دارایی 5- عەباس عێراقچی.. وەزارەتی دەرەوە 6- محەممەدڕەزا زەفەرکەندی.. وەزارەتی تەندروستی 7- ئەحمەد میداری.. وەزارەتی هاوکاری و کار و چاودێری کۆمەڵایەتی 8- غوڵامرەزا نوری قزاڵجە.. وەزارەتی کشتوکاڵ 9- ئەمین حسێن ڕەحیمی.. وەزارەتی داد 10- ئەمیر عەزیز نەسیرزادە... وەزارەتی بەرگریی 11- فەرزانە سادق مەلڤاجەرد.. وەزارەتی ڕێگاوبان و گەشەپێدانی شار 12- محەمەد عەتابەک... وەزارەتی پیشەسازی و کانگا و بازرگانی 13- حوسێن سیمای سەراف... وەزارەتی زانست و توێژینەوە و تەکنەلۆجیا 14- سەید عەباس ساڵحی.. وەزارەتی ڕۆشنبیری و ئیرشادی ئیسلامی 15- ئەسکەندەر مۆئمینی... وەزارەتی ناوخۆ 16- محەمەد ڕەزا ساڵحی عامری؛ وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار 17- موحسین پاکنەژاد.. وەزارەتی نەوت 18- عەباس عەلی ئابادی... وەزارەتی وزە 19- ئەحمەد دونیاماڵی... وەزارەتی وەرزش و لاوان

هاوڵاتی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە: هاوکات لەگەڵ هێرشی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات و هەڕەشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە دەوروبەری دێرەزوور، ئەمریکا چەکی پێشکەوتووی ڕەوانەی ڕۆژئاوای کوردستان کردووە. ڕوانگەی سووری ڕوونیشکردەوە نیشتنەوەی حەوت فڕۆکەی بارهەڵگری سەربازییان تۆمارکردووە کە چەکی پێشکەوتوو و سەربازییان لە دەوروبەری حەسەکە داگرتووە، ئەمە جگە لە داخڵبوونی 50 بارهەڵگری سەربازیی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ڕۆژئاوا. ڕێکخراوەکە ڕاشیگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا لە نێو بنکە سەربازییەکانیاندا مەشق و ڕاهێنانی چڕ دەکەن لەسەر سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی کە بە تیشکی لەیزەر کاردەکەن.

هاوڵاتی ژمارەیەک سەرباز لە پارێزگای زیقار بەهۆی ئەوەی سڵاوی سەربازییان بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق نەکردبوو دەستگیر کرابوون، بەڵام دواتر ئازاد کران. ڕۆژی سێشەممە 20ی ئابی 2024 سەرۆکوەزیرانی عێراق بە یاوەری شاندێکی حکومی سەردانی پارێزگای زیقاری کرد، لە فڕۆکەخانە پێشوازییان لێکرا، بەڵام ژمارەیەک ئەفسەر سڵاوی سەربازییان بۆ سەرۆکوەزیران نەکردبوو بۆیە دەستگیر کران. سەرچاوەیەکی ئەمنی لە زیقار ئاشکرای کردووە: ئەو ئەفسەرانە نەیانزانیوە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەنێو شاندەکەدا بووە. وتیشی: 10 ئەفسەری پلەی جیاواز بوون دەستگیر کرابوون، دوای کۆتایی هاتنی لێکۆڵینەوە لە درەنگانی شەوی ڕابردووەوە ئازاد کراون.