هاوڵاتی/ بەریتانیا ئامادەکردنی/ كاوە ڕەش دادگای تاوانەكانی شاری شەفێڵد لەبەریتانیا، گوێبیستی چیرۆكی ئەنجامدانی دەستدرێژیی و هێرشی زیندانی كراوێكی كورد بوو، بەناوی پێشەوا غەفور، بۆسەر كارمەندێكی ئافرەتی گرتوخانەكە، لەناو زینداندا. پێشەوا غەفور، ئێستا بەتاوانی كوشتنی گەنجێكی تەمەن حەڤدەساڵ بەچەقۆ ، لەكاتی شەڕ و ئاژاوەیەکدا لەشاری شەفێڵد بەناوی محەمەد ئیقبال، لەمایسی ٢٠٢٣دا، لەزینداندایە، لە گرتوخانەی شارۆچكەی دۆنكاستەر لە گێڕانەوەی چیرۆكەكەدا لەبەردەم دادوەر، كارمەندی لێكۆڵینەوە گوتی، تۆ لەناو زیندان زۆر توڕەبویت و هاوارت بەسەر كارمەندێكی گرتوخانەكەدا كردوە، لەبەرئەوەی تەلەفیزیۆنت نەبووە بۆ سەیركردن! كارمەندە ئافرەتەكەش چونكە بەباشی گوێی لێت نەبووەو لێت تێنەگەیشتوە، هاتۆتە ژوورەوەو دەرگای لێكردویەتەوە، بەڵام تۆ بەتوندی پەلامارت داوەو شانت گرتووە، دواتر هاوارت بەسەرداكردووە كەپێت گوتووە ”تۆ بۆ حەز بەمن ناكەیت و تەلەفیزیۆنم بۆ دابین ناكەن” كارمەندە ئافرەتەكە ویستویەتی خۆی لێت ڕزگاربكات و لەڕێگای ڕادیۆی بێ تەلەكەیەوە، داوای هاوكاری لەكارمەندەكانی دیكە كردووە، بەڵام تۆ دیسانەوە پەلامارت داوەو گرتوتە. هەرلەدانیشتنی ئەو دادگایكردنەدا، کەلە ٨ی ئابی ٢٠٢٤ بەڕێوەچوو، داداگا گوێبیستی ئەوە بوو کەچۆن دواتر ئەفسەرێكی دیكەی نێو زیندان هاتووە بۆ هاوکاریی کردنی هاوڕێكەی، تاهەوڵ بدەن پێشەوا غەفوری تەمەن ٣١ ساڵ، بخەنەوە ناو ژوورەكەیی و دەرگای لەسەر دابخەن، بەڵام جارێكی دیكەش بەهەڕەشەو توندو تیژی و هاواركردن ویستویەتی پەلاماری هەردووك كارمەندەكە بدات. پێشەوا غەفور، دانیشتوی جادەی بیرکێندەیڵ، وۆکلی، بووە لەشاری شەفێڵدی بەریتانیا، ئەو بەتاوانی كوشتنی هەرزەكارێكی تەمەن ١٧ساڵ بەچەقۆ لەكاتی پێك هەڵپژان لەیەكێك لەڕێستۆرانتەكانی شەفێڵد، سزای ٧ساڵ زیندانی بۆبڕاوەتەوە و ئێستا لەگرتوخانەی شارۆچكەی دۆنكاستەر، زیندانی كراوە. جگە لەو تاوانە، پێشەوا تاوانبارە بەگێچەڵ و دەستدرێژیکردنە سەر کارمەندانی گرتوخانەو فریاگوزاری. سەرباری سزای حەوت ساڵ زیندانی، كەبەتاوانی كوشتن و چەقۆكێشی بەسەریدا سەپاوە، دادوەر سزای چوار هەفتەی دیكەی بۆ زیادكردووە، بەهۆی مامەڵەی دەستدرێژیی و هێرشی توندوتیژی بۆسەر كارمەندانی گرتوخانەو فریاگوزاری.
هاوڵاتی بەرەی تورکمان ڕایدەگەیەنێت، ئەوەی دوێنێ روویدا دژی سازان و پێكەوە ژیانی پێكهاتەكانی كەركوك بوو، ئاماژە بەوەشدەکەن سکاڵا تۆماردەکەن. حەسەن تۆران، سەرۆكی بەرەی توركمانی لە کەرکوک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ئەوەی پێیوایە بە دابەشكردنی پۆستەكان كێشەكان چارەسەر دەكات لە خەیاڵدا دەژی، چونکە کێشەی کەرکوک بە دابەشکردنی پلە و پۆست چارەسەر نابێت". ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەوەی دوێنێ روویدا دژی سازان و پێكەوە ژیانی پێكهاتەكانی كەركوك بوو، توركمان پێكهاتەیەكی سەرەكین لەم پارێزگایەو هیچ لایەنێك نانوانێت فەرامۆشبیكات". حەسەن توران وتی، "كۆبوونەوەكەی دوێنێ پێشێلكردنی یاسایەو دەبێت سەرۆكی تەمەن سەرۆكایەتی كۆبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەن و پارێزگار بكات، بەڵام بانگهێشتی كۆبوونەوەكە نەكراوە". وتیشی، "نەبوونی توركمان لە دانیشتنەكانی دوێنێ، پێشێلكاریەكی گەورەیە و دانیشتنەكە بەتاڵە و لە دەرەوەی یاسایە و ئەنجامەكانی رەتدەكەینەوەو سكاڵا تۆماردەكەین". دوێنێ شەممە 10ی ئابی 2024، لە هۆتێل ڕەشیدی شاری بەغدا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا بەڕێوەچوو، لە کۆبوونەوەکەدا ڕێبوار تەها وەک پارێزگاری کەرکوک و محەمەد حافیزیش وەک سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک هەڵبژێردران.
هاوڵاتی ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەوڵدایە بۆ گێڕانەوەی تەمەنی خانەنشینبوون بۆ یاسا کۆنەکەی عێراق کە تەمەنی 63 ساڵی بوو نەک 61 ساڵ. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی ڕایگەیاند، "گەڕاندنەوە بۆ یاسا کۆنەکە چەندین سوودی هەیە لەوانەش، دەبێتە هۆی دابینکردنی دوو ساڵی زیادە بۆ فەرمانبەرانی حکومەت بۆ ئەوەی بتوانرێت بەشێوەیەکی کاریگەر وەبەرهێنیان تێدابکرێت". ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەموارکردنی پێشووی یاسای خانەنشینی کە تەمەنی بە 61 ساڵ دیاریکردبوو، ئامانج لێی رەخساندنی 300 هەزار هەلی کاری نوێ بوو، بەڵام لەگەڵ نەبوونی دامەزراندنی نوێ لە بودجەی ساڵانی ئێستا و داهاتوو، تەمەنی خانەنشینی دەمێنێتەوە رەنگە دۆخی ئێستا ببێتە هۆی کەمبوونەوەی فەرمانبەران". وتوشیەتی، " زۆرێک لەوانەی ئەگەری خانەنشینبوونیان دەبێت بەهۆی ئەم یاسایەوە، ئەزموونێکی زۆریان هەیە کە ناتوانرێت بە ئاسانی دروستبکرێنەوە، هەروەها مووچەی خانەنشینان لە بودجەدا هاتووە، هەربۆیە هێشتنەوەی فەرمانبەران لە شوێنی کار بۆ ماوەیەکی زیاتر هیچ بارگرانییەکی زیادە لەسەر بودجە دروستناکات".
هاوڵاتی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، پابەندین بە هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لە تێکشکاندن و سەرکوتکردنی چەکدارانی داعش. ئەلینا ڕۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، "دڵخۆشم بەگەیاندنی کاروانێکی دیکەی هاوکارییەکانی ئەمریکا بە هێزەکانی پێشمەرگە، ئێمە پابەندین بە بەهێزترکردنی تواناکانی هێزەکانی عێراق، لە نێوانیان هێزەکانی پێشمەرگە، بۆ ئەوەی دڵنیا بین لە بەردەوامیی تێکشانی داعش لە عێراق". گەیاندنی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کاتێکدایە، کە چەندان جار لە دامەزراوە باڵاکان و باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی ئەمەریکا جەخت لە پاڵپشتی هێزەکانی پێشمەرگە کراوەتەوە.
هاوڵاتی مامۆستایانی وانەبێژ گردبوونەوەیەکی فراوان ئەنجام دەدەن دژی دامەزراندنی چەند دەرچوویەک بەشێوەیەکی تایبەت، هەروەها هۆشداری دەدەن بە حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەمڕۆ یەکشەممە 11ی ئابی 2024، کارۆخ عەبدوڵلا، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ بە هاوڵاتی ڕایگەیاند، "هەواڵمان پێگەیشتووە چەند دەرچوویەک لە هەرێمی کوردستان بەشێوەی تایبەت دامەزراون، بۆیە بڕیارمانداوە ئەمڕۆ یەکشەممە لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی گردبوونەوەیەکی بەرفراوان ئەنجام بدەین". ئاماژەی بەوەشکرد، "هۆکاری دیکەی گردبوونەوەکەمان بەردەوامی دامەزراندنە لە کەرتی سەربازی و ڕاگرتنی دامەزراندنە لە کەرتی پەروەردە و دانەمەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ بۆ ماوەی چەندین ساڵە". نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ وتیشی، "ئەگەر حکومەتی هەرێم پێش کردنەوەی دەرگای ناوەندەکانی خوێندن وەڵامی داواکاریەکانمان نەداتەوە کە بریتیە لە گرێبەستکردنی سەرجەم مامۆستایانی وانەبێژ، ئەوە بێگومان بۆ ساڵی خوێندنی 2024 – 2025 دووبارە دێینە سەرشەقام بۆ خۆپیشاندان و بایکۆتی پرۆسەی خوێندن دەکەین". لەئێستادا ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان زیاترە لە 37 هەزار و حکومەتی هەرێم و وەزارەتی پەروەردە چاوەڕێی بەڵێنی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەن بۆ دابینکردنی شایستەی پێویست بۆ بە گرێبەست کردنی وانەبێژانی هەرێم.
هاوڵاتی لە ماوەی 24 کاتژمێردا ڕابردوودا، لە 15 ناوچەی جیهان بەرزترین پلەی گەرما تۆمار کرا و لەو 15 ناوچەیەش 10 ناوچەیان دەکەونە عێراقەوە. ئەمڕۆ شەممە، 10ی ئابی 2024، ماڵپەڕی بلاسەرڤیل لە ویلایەتی کالیفۆڕنیای ئەمریکا خشتەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، لە 15 ناوچەی جیهان بەرزترین پلەی گەرما تۆمار کراوە. دەشڵێت، لەو 15 ناوچەیەش 10 ناوچەیان دەکەونە عێراقەوە. ماڵپەڕەکە باسلەوەشدەکات، بەپێی خشتەکە شاری عەمارە لە عێراق بەرزترین پلەی گەرمای تێدا تۆمار کراوە کە 49.1 پلەی سەدی بووە. ئەوەشی خستۆتەڕوو، دوای عەمارە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەسڕە دێت بە 48.9 پلەی سەدی، هەروەها بەسڕە بە 48.8 پلەی سەدی ڕیزبەندی سێیەمی گرتووە. ئاماژەی بەوەشکردووە، ناوچەکانی دیکەی عێراق بریتین لە فاو 48.5 پلەی سەدی، عەلی غەربی 47.7 پلەی سەدی، بەدرە 47.7 پلەی سەدی لێ تۆمارکراوە. هەروەها فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی نەجەف ئەشرەف 47.6 پلەی سەدی و ناسریە 47.6 پلەی سەدی، کەربەلا 47.4 پلەی سەدی و تکریت 47.2 پلەی سەدی لێ تۆمارکراوە.
هاوڵاتی لە کۆبوونەوەی ئەمشەوی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە بە بەشداریی نۆ ئەندام لە بەغدا بەڕێوەدەچێت، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا هەڵبژێردران. دوای دوو کاتژمێر و نیو لە وادەی دیاریکراو، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەسەرپەرشتی پەروین فاتیح، لە هوتێل ڕەشیدی بەغدا دەستیپێکرد، پۆستی پارێزگار بۆ یەکێتی و سەرۆکی ئەنجوومەن بۆ هاوپەیمانی عەرەبی یەکلایی بوونەوە. بەپێی زانیارییەکان، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی لایەنەکان لە ماڵی حەلبووسی، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا دەستیپێکرد و ڕێبوار تەها وەک پارێزگاری کەرکووک و محەممەد حافز لە هاوپەیمانی عەرەبی وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاری کەرکووک هەڵبژێردران. بەشدارانی کۆبوونەوەکە پێنج ئەندامی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سێ ئەندامی کوتلەی عەرەبی و یەک ئەندامی کۆتای بزووتنەوەی بابیلیۆن لە کۆبوونەوەکەدا بەشدارن، دوو ئەندامی پارتی، سێ ئەندامی عەرەب و دوو ئەندامی تورکمان لە دەرەوەی کۆبووەنەوەکە بوون.
هاوڵاتی نووسینگەی کۆمیسیارای باڵای مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، تەنها لە مانگی تەمووزدا دەوڵەتی ئێران 38 کەسی کە سێدارەداوە و بەمەش ژمارەی لە سێدارەدان لە ئەمساڵدا گەیشتۆتە 345 کەس. ئەمڕۆ شەممە، 10ی ئابی 2024، نووسینگەی کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، تەنها لە مانگی تەمووزدا دەوڵەتی ئێران 38 کەسی لەسێدارەداوە. دەشڵێت، ژمارەی ئەو کەسانەی ئەمساڵ لەسێدارە دراون گەیشتووەتە 345 کەس، لەو ژمارەیەش 15 یان ژنن. ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئەم ئامارانە جێگەی نیگەرانین و ئەو کارە لە دەرەوەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤە، کە زۆربەی کات بە بێ ئاگاداری خێزان و پارێزەرەکانیان سزاکە جێبەجێ دەکەن. نووسینگەکە ئاماژەی بەوەشداوە، بۆ ئەو مەبەستەش لە ئێستادا لەناو زیندانەکان و گۆڕەپانەکان و لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، چالاکوانان هەڵمەتی ناڕەزایەتییان دەست پێ کردووە بەرامبەر بڕیارەکانی لەسێدارەدان لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە، کە وەک ئامرازێک بۆ ترساندن لەبەرامبەر سەرهەڵدانی شۆڕشی ژن-ژیان-ئازادیی، بەکاردەهێنرێت.
هاوڵاتی لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیارە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش هەر شەش ئەندامی ئەنجوومەن لە پشکی لایەنە عەرەبییەکان لە بەغدان و دەیانەوێت ڕێکبکەون. یەکێتیی، کۆتای کریستیانەکان و سێ ئەندامی عەرەب بەبێ پارتی، بەشێکی تورکمان و سێ ئەندامی دیکەی عەرەب ڕێککەوتوون لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوە و دابەشکردنی پۆستەکان لەنێوان خۆیاندا، بڕیارە ئەمشەو پۆستەکان یەکلایی بکەنەوە. ڕێککەوتنەکە چۆنە؟ بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی، ساڵێک و چوار مانگی یەکەم پۆستی پارێزگار بۆ یەکێتیی دەبێت، سەرۆکی ئەنجوومەن بۆ عەرەب و سەرۆکی شارەوانی کەرکووکیش وەردەگرن، دوو ساڵی دووەم پارێزگارێکی عەرەب هەڵدەبژێردرێت. بەوتەی سەرچاوەیەک لە لایەنە عەرەبییەکان، تاوەکو ئێستا یەکلایی نەبووەتەوە ژمارەی ئەو ئەندامانەی بەشدار دەبن چەندن. هاوڵاتی زانیویەتی، لایەنە عەرەبییەکان بۆ ئەوەی دووربن لە فشاری شەقامی عەرەبی بەفەرمی هەڵوێستی خۆیان لەسەر ڕێککەوتن و دەستبەرداربوونی پۆستەکە لە بەرژەوەندی کورد ئاشکرا ناکەن و پارتیش بێدەنگی هەڵبژاردووە و چاوەڕێی کۆبوونەوەی ئەمشەو دەکات.
هاوڵاتی ئاسایشی سۆران ڕایگەیاند، کەسێکی فێلباز دەستگیرکراوە کە لە ڕێگەی سحر و نوشتەو جادوو فێڵی لەخەڵکی کردووە. بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران ڕایگەیاند: کەسێکی فێلباز بەناوی (شێخ هاروون) لە دەرەوەی سنووری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕواندز دێتە ئەو سنوورە بە ناوی سحرو نوشتەو جادوو فێل لەخەڵکی دەکات. "لەلایەن کارمەندانی سنووری بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕواندز دوای دانانی بەرنامەیەکی تۆکمە چاودێریکردنی وورد، توانیان کەسێک دەستگیر بکەین بە ناوی (ن. ع.س) کە لە دەرەوەی سنووری قەزای ڕواندز هاتبوو بۆ فیل کردن لە هاووڵاتیان."ئاسایشی سۆران وادەڵێت بەوتەی ئاسایشی سۆران "تۆمەتبار دانی بەوە دانا کەخۆی کردووە بە شێخ ئەکاوەنتی لەتۆرە کۆمەڵایەتیەکانی سناپ چات و تیک تۆک بەناوی (شێخ هاروون )داناوە ماوەی نزیکەی دوو ساڵە فێڵ لە خەڵک دەکات بەناوی سحر و جادوو لەبەڕامبەر وەرگرتنی پارە ودروست کردنی پەیوەندی لەگەڵ ئافرەتان فێڵی لەزۆر خەڵک کردووە لە شارە جیاجیا کانی هەرێمی کوردستان.
هاوڵاتی فرۆشتنی خواردنەوەی وزە بەخشەکان لە خوێندنگاکانی سنووری بەڕێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر قەدەغەدەکرێت. ئەمڕۆ شەممە، 10ی ئابی 2024، بە ڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر لە ڕاگەندراوێکدا ڕایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر بەهاهەنگی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر ،لەڕێگەی تیمەکانی هۆبەی تەندروستی قوتابخانەکان سەر بە بەڕێوەبەرایەتی کاروباری پاراستنی تەندروستی هەولێر دەستیان کرد بە هەڵمەتێک بەردەوام بۆ چاودێرکردن و ئاگادارکردنەوەی سەرجەم دەستەی کارگێری قوتابخانەکان و فرۆشگاکان لە نەفرۆشتنی خواردنەوەی وزە بەخشەکان لە ناو ناوەندکانی خوێندندا. لە ڕاگەندراوەکەشدا هاتووە، بۆ بەمەبەستی پشکنینی تەندروستی لەنێو ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و نا حکومی بۆ قەدەغەکردن ونەهێشتنی ( خواردەنەوەی وزە بەخشەکان ) لە ناو فرۆشگاکانی قوتابخانەکان، دەستیان کرد بە هەڵمەتێک بەردەوام بۆ چاودێرکردن و ئاگادارکردنەوەی سەرجەم دەستەی کارگێری قوتابخانەکان و فرۆشگاکان لە نەفرۆشتنی خواردنەوەی وزە بەخشەکان لە ناو ناوەندکانی خوێندن. لە کۆتای ڕاگەندراوەکەشدا هاتووە و دەڵێن، شارەزایانی بواری پزیشکی پێیان وایە خواردنەوەی لەڕووی زانستیەوە خواردنەوەی ئەم وزە بەخشانە دەبێتە هۆکاری دواکەوتنی گەشەی مێشکی قوتابیان و ئاڵودەبوونیان ، خواردنەوەی بڕێکی زۆریش دەبێتە نۆرەی دڵ و مردنی کەسەکە.
هاوڵاتی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، سبەینێ تیروپشك بۆ كارمەندانی ڕۆژی دەنگدان دەكات. كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، زۆربەی ڕێكارەكانی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی تەواو كردووە، كە بڕیارە 20-10-2024 بەڕێوە بچێت. بەپێی ڕاگەیەنراوێكی كۆمسیۆن، كاتژمێر (10:00)ی سبەینێ یەكشەممە 10-8-2024 لە شاری هەولێر، تیروپشكی تایبەت بە فەرمانبەرانی سەر سندووق (كارمەندانی ڕۆژی دەنگدان) دەكرێت. كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەمڕۆ تیروپشكی بۆ ناوی ئەو لیست و كاندیدانە كرد، كە تازە ناویان لە كۆمیسیۆن تۆمار كردووە.
هاوڵاتی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، خەمیس خەنجەر سەرۆکی پارتی سیادە دەخاتە لیستی ئەو کەسایەتی و قەوارانەی کە مامەڵەکردن لەگەڵیاندا قەدەغەکراوە. بەگوێرەی بەڵگەنامەیەکی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا "لە ڕێگەی نووسینگەی کۆنترۆڵی سەرمایە بیانییەکانەوە خەمیس فەرحان عەلی خەنجەر عیساوی کە لە فەلوجەی عێراق لەدایکبووە، خستووەتە لیستی سزای تاک و لایەنەکان کە ناسراوە بە لیستی SDN". بەپێی بەڵگەنامەکە سزاکان بریتین لە "بلۆککردنی سەرمایە و قەدەغەکردنی مامەڵەی کۆمپانیا و تاکی ئەمریکی لەگەڵی، هاوکات بلۆککردنی هەر سەرمایەیەک لە ئەمریکا کە بۆ ئەو بگەڕێتەوە. لەگەڵ سنووردارکردنی توانای سوودمەندبوونیان لە سیستەمی دارایی ئەمریکا". هاوپەیمانی سیادە لە چەند پارتێكی سوننی پێكهاتووە كە خەمیس خەنجەر سەرۆكایەتی دەكات، لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هاوپەیمانییەكە 71 كورسی بەدەستهێنا.
هاوڵاتی جێگری فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایدەگەیەنێت، فەرمانەکانی ڕابەری باڵای ئێران لەبارەی سزادانی ئیسرائیل جێبەجێ دەکەن، ئاماژە بەوەشدەکات سزاکانی ئێران بۆ ئیسرائیل ڕوونە. ئەمڕۆ شەممە 10ی ئابی 2024، عەلی فەدەوی، جێگری فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، "فەرمانەکانی ڕابەری باڵای ئێران لەبارەی سزادانی ئیسرائیل جێبەجێ دەکەین". ئاماژەی بەوەشکرد، "فەرمانەکانی عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لەبارەی سزادانی ئیسرائیل و تۆڵەی ئیسماعیل ھەنییە ڕوون و ئاشکرایە، ئەوەش ئەرکی ئێستای ئێرانە فەرمانەکان بە باشترین شێوە جێبەجێ بکات". سەبارەت بە ھەڵبژاردنی یەحیا سنوار بۆ جێگرەوەی ھەنییە، فەدەوی وتی، "ھەڵبژاردنی سنوار بە واتای ئەوەدێت ئەو ھێڵی خەباتەی حەماس دەستیپێکردووە تا کۆتایی درێژەی دەبێت".
هاوڵاتی ئەمڕۆ شەممە 10ی ئابی 2024، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ژمارەی لیست و کاندیدەکانی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد. بەپێی تیروپشکەکە بێت لیستی بەرەی گەل بە ژمارە 169 بەشداری هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکات، پێشتریش بەرەی گەل هەمان ژمارەی هەبووە و هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر ژمارەکەیدا نەهاتووە. بەرەی گەل بزووتنەوەیەکی نوێیە کە ئەمساڵ دامەزراوە و لاهوور شێخ جەنگی سەرۆکایەتیی لیستەکە دەکات بەشدار دەبێت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە 20ی تشرینی یەکەمی 2024 ئەنجام دەدرێت.