هاوڵاتی بەرەی یەکڕیزی دژی داگیرکاری بەیاننامەیەکی لەبارەی رێگرییەکانی ئاسایشی سلێمانی لە ئەنجامدانی خۆپیشاندان دژی داگیرکارییەکانی تورکیا بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، ئاسایشی سلێمانی فەرمانەکەی تورکیای جێبەجێکرد. ئەمڕۆ سێشەممە 23ی تەموزی 2024، بەرەی یەکڕیزی دژی داگیرکاری لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "دوێنێ دووشەممە بڕیاربوو لە باخی گشتی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەلایەن کۆمەڵێک ڕیکخراوەوە ئەنجام بدرێت بەمەبەستی ڕاگەیاندنی( بەرەی یەکڕیزی دژی داگیرکاری)، بەڵام ئەم کارە بەر لە کۆبوونەوەی خەڵکی ڕووبەڕووی پەلاماردان بونەوەو تەواوی دەزگاكانی ڕاگەیاندنیشیان دەرکرد و پێیانڕاگەیاندن کە ڕێگەپێدراو نین هیچ جۆرە ڕووماڵ و زانیاریەک لەبارەی گردبوونەوەکە ئەنجام بدەن". ئاماژە بەوەشکراوە، "کار بەمەشەوە نەوەستاو کەسانێک کە بە مەبەستی بەشداریکردن هاتبوون ڕووبەڕووی پەلامار و ڕێلێگرتن بوونەوە، بۆیە دواجار لیژنەی سەرپەرشتی (بەرەی یەکڕیزی دژ بە داگیرکاری) دەستبەجێ بڕیاریدا کە کۆنگرە ڕۆژنامەگەریەکە بباتە بەردەرکی سەراو لەوێ ئەنجامی بدەن... بۆیە بە گەشتنی بەشێک لە هەڵسوڕاوانی ئەم ڕێکخراوانە لەبەردەرکی سەرا دەستکرا بە ڕاگەیاندنی کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەو سەرەتا بەهادین حاجی بکر دارتاش قسەوباسێکی کرد لەسەر ئەنجامدانی ئەم کۆنگرە ڕۆژنامەگەریە و مامەڵە و ڕێگریەکانی ئاسایشی سلیمانی، دواتر دەستکرا بە خوێندنەوەی ڕاگەیاندنە هاوبەشەکە لە لایەن دڵسۆز زەنگەنەوە، لەپڕ هێزەکانی ئاسایش بە شێوەیەکی دڕندانەو ناشیرین پەلاماری بەشداربووانیاندا، بەڵام هەڵسوڕاوان شوێنەکەیان جێنەهێشت و بە دروشم وتنەوە دژ بە داگیركاری و هاوكارانی داگیركەران بەرگریان كرد، لەبەرامبەر بە پەلاماردانەکانی ئاسایشدا وەستانەوە و دواتر کەوتنە ئازارو ئەشکەنجەدانی هەلسوڕاوان، بۆیە سەرباری بریندارکردنی هەلسوڕاوێکمان كە پیشەی پارێزەرە بە ناوی نەریمان ئەحمەد بە جۆرێك كە لوتی بە زەبری هێزە ئەمنیەكانی سلێمانی شكێندراوە، هەروەها دەستیانگرت بەسەر کەرەستە ڕۆژنامەوانییەکانی ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوزدا". لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە، "لەم دەڤەرەدا کە ساڵەهایە لافی ئازادی و دیموکراسی لێدەدرێت، ئەمڕۆ لەبری ڕوبەڕووبونەوەی پۆلیس و ئاسایشی تورکیا، کەوتنە وێزەی دەنگی ئازادیخوازان، لەبری ڕاوەستانەوە دژ بەم داگیرگاریە كە زیاتر لە ٤٠ كیلۆمەتر خاكمان داگیركراوە و هەر ڕۆژێك مەترسیەكانی داگیركاری زیاتر دەبن، دێن و پەلاماری کەسانێک دەدەن کە دژ بە کردەوە فاشیستیەكانی دەوڵەتی توركیا خاوەن هەڵوێستی نیشتیمان پەروەرین، بۆیە ئێمە لە بەرەی یەکڕیزی دژ بە داگیرکاری، كە نوێنەرایەتی دەیان گروپ و ڕێكخراو و كەسایەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، سەرباری ئەوەی بە تووندی سەرزەنشت و ئیدانەی ئەم کارە قێزەونەی ئاسایشی سلیمانی دەکەین کە بەوجۆرە هاودڵی و هاوکاری خۆیان بۆ حکومەتی تورکیا دەربڕی، هاوکات داوا لە خەڵکی ناڕازی و ئازادیخواز دەکەین کە سەرباری ڕیسواکرنی ئەم سیاسەتەی ئاسایشو دەسەڵاتی سلیمانی، پێویستە بەتووندی ڕاوەستینەوە دژ بەم داگیرکایەو نائارام کردنی ژیانی خەلکی کوردستان! ئێمە بەردەوام دەبین و دەنگی هەموو نیشتیمانپارێزان و نەتەوەپارێزان دەگەیەنینە حكومەتی ناوەند و ناوەندە جیهانییەكان، ئەم هەوڵانەمان بۆ پاراستنی ژینگە و خاك و قەوارەكەمانە كە بە خوێنی سەدان هەزار شەهید بەرهەم هاتووە". لە کۆتایی بایەننامەکەدا بەرەی یەکڕیزی دژی داگیرکاری داوا لە دەسەڵات و دەزگا ئەمنییەكان دەکات هاوكاریان بن نەك بەربەستیان بۆ دروست بكەن.

هاوڵاتی مامۆستایانی وانەبێژ سەرجەمیان بەپێی پێویستی دانراون، وەزارەتی پەروەردە پێویستی بە مامۆستایانی وانەبێژ ھەیە و (30%) میلاکی پەروەردە پێکھاتووە لە مامۆستایانی وانەبێژ. لە ئێستادا ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ (37,774) وانەبێژە، کە ساڵ بە ساڵ ئەم ڕێژەیە لە زیاد بووندایە، بۆیە پێویستە بەدەم دواکاری نوێنەرانی دەستەی مامۆستایانی وانەبێژەوە بێن، کە دامەزراندن و کردنیانە بە ھەمیشەیی. پێویستە کەیسی مامۆستایانی وانەبێژ پێش هەڵبژاردنی مانگی 10ی 2024 بە دامەزراندنیان بە شێوازی هەمیشەیی یەکلایی بکرێتەوە. کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ تەنها پێویستی بە (9) ملیار دینارە بۆ ئەوەی دابمەزرێن و ببن بە ھەمیشەیی. لە ساڵی (2014)وە تا ئێستا، دامەزراندن نەبووە لە وەزارەتی پەروەردە! کەچی وەزارەتی پەروەردە ھەموو ساڵێک پێویستی بە دامەزراندنە، بۆیە لە ئێستادا پێویستە سەرجەم مامۆستایانی وانەبێژ دابمەزرێن. مامۆستای وانەبێژ ھەیە (15) ساڵە وانەبێژە؟! مامۆستای وانەبێژ ھەیە (13) ساڵە وانەبێژە. ئایا دوای ئەو هەموو ساڵە لە وانەبێژی، کەی حکومەت دەمانکاتە ھەمیشەیی؟ دوای (١٥) بۆ (١٦) ساڵ وانەبێژی کەی بەدەم داواکاری مامۆستایانی وانەبێژەوە دێن!؟ مامۆستایانی وانەبێژ گەنجێتی خۆیان، تەمەنی خۆیان، پێشکەش بە حکومەتی ھەرێمی کوردستان کرد، ھیوادارم حکومەتی ھەرێم پاداشتی مامۆستایانی وانەبێژ بداتەوە بە دامەزراندن و کردنیان بەھەمیشەیی. ..... عەلی رەئووف مستەفا نوێنەری گشتی وانەبێژان دووشەممە ٢٢ی ٧ی ٢٠٢٤  

هاوڵاتی نوێنەرانی دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی بە مەبەستی بەدواداچوون و ئاگاداربوون لە ڕەوشی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی بڕینی شاخی گۆیژە، سەردانی دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکیی فەرمانگەی داواکاری گشتییان کرد و ڕایانگەیاند لیژنە لەسەر ئەو زەویانەی شاخی گۆیژە پێکهێنراوە کە کاریان تێدا دەکرێت. ئەمڕۆ دووشەممە، 22ی تەمووزی 2024، نوێنەرانی دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی ڕاگەیندراوێکیان بڵاوکردەوە کە تێیدا باسی ئەوە کراوە؛ بە مەبەستی بەدواداچوون و ئاگاداربوون لە ڕەوشی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی بڕینی شاخی گۆیژە، سەردانی دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکی و فەرمانگەی داواکاری گشتییان کردووە لە سلێمانی. ئەوەشیان خستۆتەڕوو، “لە میانەی چاوپێکەوتن و سەردانەکەوە بۆیان دەرکەوتووە کە داواکاری ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە بە خودی وەزارەتی داراییشەوە بۆ پێدانی زانیاری لەسەر ئەو زەویانەی کە لەشاخی گوێژە کاری تێدا دەکرێت”. باس لەوەشکراوە، لیژنەی لێکۆلینەوەی کارگێڕی لەلایەن چەند لایەنێکی حکومییەوە پێکهێنراوە بۆ لێکۆڵینەوە لەو پرسە و داوا کراوە داواکاری گشتیی سلێمانی، ئەندامی خۆیان بۆ ناو لیژنەکە دیاری بکەن.

هاوڵاتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان لەبارەی کەمئاوی عێراقەوە هۆشداری ده‌دات و رایده‌گه‌یه‌نێت؛ عێراق له‌ ماوەی داهاتوودا رێژه‌یه‌كی كه‌م نه‌بێت، ناتوانێت بڕی ئاوی پێویست بۆ بەکارهێنان دابین بكات. ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 22ی ته‌ممووزی 2024، غولام محه‌ممه‌د ئیسحاق، رێكخه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و ڕێكخه‌ری كاروباره‌ مرۆییه‌كان له‌ عێراق له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌نووسیدا لەبارەی کەم ئاوی لە عێراق هۆشداری دا. دەشڵێت، عێراق له‌ ساڵی 2025دا ته‌نیا ده‌توانێت 15%ی رێژەی ئاوی پێویست دابین بكات. باسی لەوەشەکرد، عێراق یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ی كه‌وتووه‌ته‌ ژێر كاریگه‌رییه‌كی نه‌رێنی وشكه‌ساڵی و كه‌می ئاوەوە بۆیه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌م بارەیەوە هاوكاریی عێراق ده‌كات. جێگەی ئاماژەیە، رۆژی سێشه‌ممه‌ 20ی كانوونی یه‌كه‌می 2022، محه‌مه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌میانی به‌ڕێوه‌چوونی گه‌ڕی دووه‌می كۆنفرانسی به‌غدا بۆ هاوكاری و هاوبه‌شی له‌ عه‌ممانی پایته‌ختی ئوردن، وتارێكی پێشكه‌ش كرد و تێیدا باسی لە پرسی كه‌مئاوی کرد له‌ عێراقدا. سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق وتی، به‌هۆی كه‌مئاوییه‌وه ئێمه‌‌ له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌داین، پشكی عێراق له‌ ئاو كه‌مكراوه‌ته‌وه‌ و ئێمه‌ له‌ كێشه‌داین له‌گه‌ڵ ئێران و توركیا لەسەر ئەم پرسە، بۆیە داوایان لێده‌كه‌ین پشكی عێراق رەچاو بکەن و له‌رێگه‌ی سنووره‌وه‌ بڕی ئاوی پێویست بۆ عێراق به‌ربدرێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شه‌پێدان و سه‌قامگیری له‌ وڵاته‌كه‌مان به‌رده‌وامبێت". باسی لەوەشکرد، داوا له‌ هاووڵاتییان ده‌كه‌ین به‌هه‌ده‌ردانی ئاو كه‌مبكه‌نه‌وه‌ و ده‌ست بەم سامانە نیشتیمانشیەوە بگرن، وشكه‌ساڵی گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌مان به‌تایبه‌ت له‌ ناوچه‌كانی باشوور، داواش له‌ كۆمپانیا وه‌به‌رهێنه‌ره‌كان ده‌كه‌ین سوود له‌ ئاو وه‌ربگرن بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌تگوزاری كاره‌با پێشكه‌ش به‌ هاووڵاتییان بكه‌ن.  

هاوڵاتی بە ئامادەبوونی چەندین چالاکوانی سلێمانی بڕیار بوو دژی لەشکر کێشی و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان گردبوونەوەیەک بەڕێوەبچێت بەڵام لەلایەن هێزەئەمنییەکانی سلێمانی رێگری لە گردبوونەوەکە کراو و دەم و لووتی دوو کەسیشیان بە لێدان بریندار کرد. ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 22ی تەمووزی 2024، بڕیار بوو "بەرەی یەکڕیزی دژی داگیرکاری"ى گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتى دژی لەشکرکێشی و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان  لەبەردەم باخی گشتی شاری سلێمانی ئەنجام بدات، بەڵام هێزە ئەمنییەکان رێگەیان بە گردبوونەوەکە نەدا و هاوکات دوو لەو چالاکوانانەشیان بریندارکرد کە بەشداربوون لە گردبوونەوەکە و دەستیشیان بەسەر کەلوپەلی رۆژنامەنووسی ئاژانسی رۆژنیوزدا گرت. پاشان چالاکوانان بۆ خوێندنەوەى بەیاننامەی ناڕەزایەتییەکە چوونە بەر دەرکی سەرای شاری سلێمانی، بەڵام دیسان هێزە ئەمنییەکان گەیشتنە شوێنەکە و بە زۆر کۆتاییان بە بەشداربووانى گردبوونەوەکە هێنا و رێگە نەدرا تەواویی بەیاننامەکە بخوێندرێتەوە. جێگەی ئاماژەیە، هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەر بەشداربووانى گردبوونەوەکە و دوو کەسیان بە لێدان لە دەم و لوت بریندار کرد.  

هاوڵاتی وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عێراق دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە بە تێکڕا 900 مێگاوات کارەبا دەدات بە حکومەتی عێراق و ئەمەش كاریگەری لەسەر پێدانى كاتژمێرەكانی كارەبا هەیە. ئەمڕۆ دووشەممە، 22ی تەمووزی 2024، ئەحمەد موسا، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عێراق بە میدیا ناوخۆییەکانی رایگەیاند، بۆ دابینكردنی كارەباى 24 کاتژمێرى رۆژانە پێویستمان بە 48 هەزار مێگاوات هەیە، بەڵام ئێستاش عێراق رۆژانە 27 هەزار و 450 مێگاوات كارەبا بەرهەمدەهێنێت. ئەوەشی خستۆتەڕوو، هەرێمی كوردستان بە تێكڕا 900 مێگاوات كارەباى رۆژانە بە عێراق دەدات، ئەمەش كاریگەری لەسەر پێدانى كاتژمێرەكانی كارەبا هەیە. دەشڵێت، بێگومان لەڕێگەی هێڵەكانی گواستنەوەی وزەوە كارەبا دابین دەكەین، لەگەڵ ئێران چوار هێڵمان هەیە و لەگەڵ هەرێمی كوردستانیش هێڵمان هەیە، كە سەدان مێگاوات بۆ سیستەمی كارەبامان دابین دەكەن، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ بەردەوامبوونی پێدانی كارەبا. ئەحمەد موسا باسی لەوەشکردووە، بۆ دابینكردنی كارەبای عێراق رۆژانە پێویستمان بە 48 هەزار مێگاوات هەیە، بەڵام عێراق رۆژانە 27 هەزار و 450 مێگاوات كارەبا بەرهەمدەهێنێت. وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، هەرێمی كوردستان بە تێكڕا 900 مێگاوات كارەباى رۆژانە بە عێراق دەدات، ئەمەش كاریگەری لەسەر پێدانی کاتژمێرەکانى كارەبا هەیە و ئەو هاوكارییە گەورەیەشی وەزارەتی كارەبا لە رێگەی دابینكردنی بەشێك لە تاوەرەكانی گواستنەوەی كارەباوەیە لە پارێزگای دهۆك، لەو رێگەیەوە 300 مێگاوات کارەبا وەك قۆناغی یەكەم دەگوازرێتەوە. ئەوەشی ئاشکرا کرد، وەزارەتی كارەبای عێراق گرێبەستی لەگەڵ وەبەرهێنەرانی وێستگەكانی هەرێمی كوردستان هەیە، دوو هێڵ لە هەرێمەوە بۆ گواستنەوەی كارەبا بەستراوەتەوە بە پارێزگای دیالەوە، واتە هاوكاریمان هەیە و پێداویستی وزەمان لە هەرێمی كوردستانەوە پێدەگات. ئەمەش لە کاتێکدایە، هاوڵاتیانی هەرێمى کوردستان دەناڵێنن بەدەست كەمی و نەبوونی كارەبایی نیشتمانییەوە و لەو چوارچێوەشدا لە چەندین ناوچە گربونەوە دژى خراپى و کەمى کاتژمێرەکانى کارەبا لە ناوچە جیاوازەکان ئەنجامدراوە.  

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایش دەستگیرکردنی 21 تیرۆریستی راگەیاند، کە لەناویاندا دوو گەورە تیرۆریست و بەرپرسی ئەمنی وویلایەتی فەلوجە و دیجلە هەبووە. ئەمڕۆ دووشەممە 22ی تەموزی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایش رایگەیاند، "لە چالاکییەکی هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق دوای بەدواداچوون و چاودێری وورد و ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگری ماوەی چەند مانگێک بەردەوام بووە، بە فەرمانی دادوەر توانرا لە پارێزگای سلێمانی 21 تیرۆریستی (داعش) دەستگیربکەن کە داواکراون لەلایەن دادگاکانی عێراق، تیرۆریستان بەئامانجی خۆحەشاردان ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردبوو، لەئەنجامی دانپێدانانی تیرۆریستان لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت پیلاندانەر و بەشداری چەندین کردەوەی تیرۆریستی بوون". ئاماژە بەوەکراوە، "لە ئێستادا تیرۆریستان بە مادەی چواری تیرۆر داواکراون لەلایەن دادگاکانی عێراق،  لەبەر تایبەتمەندی کەیسەکانیان ڕادەستی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق کران".  

هاوڵاتی ئەمڕۆ دادگای فیدراڵیی عێراق لەبارەی حەوت سکاڵا کۆبووەوە کە لە ماوەی رابردوودا لەبارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان و دیاریکردنی کورسی پێکهاتەکان ئاڕاستەی دادگای فیدراڵی کرابوون. ئەمڕۆ دووشەممە 22ی تەموزی 2024، دادگای فیدراڵیی عێراق لەبارەی حەوت سکاڵا کۆبووەوە کە لە ماوەی رابردوودا لەبارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان و دیاریکردنی کورسی پێکهاتەکان ئاڕاستەی دادگای فیدراڵی کرابوون، لە کۆبوونەوەکەدا دادگای فیدراڵیی حەوت سکاڵاکەی رەتکردەوە. سکاڵاکاران مادەی دوو لەیاسای تۆماری لیستی کاندیدانی پەسەندکردنی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ژمارە 7ی ساڵی 2024 بە نادەستوری ناوبردووە و سکاڵایان لەسەر ئەو مادەیە لە دادگای فیدراڵی تۆمارکردووە، کە پەیوەستە بە ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمانی کوردستان و دیاریکردنی کورسی پێکهاتەکان. لەبەرامبەریشدا دادگای فیدراڵی بەهۆکاری ئەوەی پێشتر ئەو پرسە لەلایەن دادگاکەوە یەکلاکراوەتەوە لە دانیشتنی 21-5-2024، بۆیە ئەمڕۆ بڕیاریدا بە رەتکردنەوەی سکاڵاکان. پێشتر دادگای فیدراڵی بڕیاریدابوو کە کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە بکرێت بە 100 کورسی و 11 کورسی کۆتاکانی لابرد، بەڵام دەستەی دادوەری ئەنجومەنی کۆمسیاران بڕیاریدا پێنج کورسی لە کۆی ئەو 100 کورسییەی دادگاکە بڕیاری لێداوە بۆ کۆتاکان تەرخانبکات.

هاوڵاتی بەڕێوەبەری کارەبای دهۆک رایدەگەیەنێت، هەر هاوڵاتییەک قەرزی کارەبای نیشتمانی نەدات ئەوا کارەباکەی دەبڕێت. ئەمڕۆ دووشەممە 22ی تەموزی 2024، شاکر مەحمود، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دهۆک رایگەیاند، "ئەو بەشداربووانەی بەردەوام پارەی کرێی کارەبا نادەن یاخود قەرزدارن، کارەباکەیان دەبڕدرێت". حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری لێخۆشبوونی لە 20%ی تاوەکو 31ی تەموزی 2024 درێژکردەوە تاوەکو هاوڵاتییان قەرزی کارەبا بدەنەوە.  

هاوڵاتی سەرۆک وەزیرانی عێراق، مادە هۆشبەرەكان لە ئێستادا گەورەترین مەترسین لەسەر عێراق، ئاماژەی بەوەشدا مادە هۆشبەرەکان تەنیا كاریگەرییە خراپەكانیان لەسەر گەنجان نییە، بەڵكو دەبێتە هۆكاری ناسەقامگیری لە كۆمەڵگە. ئەمڕۆ دووشەممە 22ی تەموزی 2024، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەمیانەی بەشداریكردنی لە كۆنفرانسی رووبەڕووبوونەوەی مادە هۆشبەرەكان لە بەغدا وتارێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند، "مادە هۆشبەرەكان لە ئێستادا گەورەترین مەترسین لەسەر وڵاتەكەمان، چونکە دەبنە هۆكاری هەڵوەشاندنەوەی خێزانەكان، هەروەها درووستبوونی بەشێكی تیرۆر بەرهەمی بەكارهێنانی مادەى هۆشبەرە". ئەوەشی وت، "مادە هۆشبەرەکان تەنیا كاریگەرییە خراپەكانیان لەسەر گەنجان نییە، بەڵكو دەبێتە هۆكاری ناسەقامگیری لە كۆمەڵگە، هەربۆیە ئەو كەسانەى بازرگانی بە مادەی هۆشبەرەوە دەكەن بە تووندی سزا دەدرێن". سودانی ئەوەشی ئاشکراکرد، "لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە گفتوگۆداین بە مەبەستی هەماهەنگی كردن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر و درووستكردنی سیستەمێكی هاوبەش بۆ بە سزا گەیاندنی ئەو كەسانەی بازرگانی بەم مادانەوە دەكەن".

هاوڵاتی ئەندام پەرلەمانێکی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایکرد، کە له‌ به‌غدا مه‌ترسیى له‌سه‌ر 100 هه‌زار خانه‌نشینى هه‌رێمى كوردستان دروستبووە، ئاماژە بەوەشدەکات "موچه‌ى ئه‌و خانه‌نشینانه‌ لەدەرەوەی بەڕێوەبەرێتی گشتی خانەنشینی وەزارەتی دارایی‌ و ئابوورییه‌". ئەمڕۆ دووشەممە 22ی تەموزی 2024، سۆران عومه‌ر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی، "خانەنشینی سەربازیی، یەکێک لە دۆسێ پڕ لە ناموستەحەقەکانی حکومەتە، زیاتر لە 100 هەزار خانەنشینی سەربازیی هەیە لەهەرێم لەدەرەوەی بەڕێوەبەرێتی گشتی خانەنشینی لەوەزارەتی دارایی‌و ئابوری، بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی لەوەزارەتی پێشمەرگە هەیە لەیەکەی 70و 80 بەڕێوەبەرێتی خانەنشینی هەبوە، بەناوی پێشمەرگەی دێرین‌و ئەیلول، لەساڵی 2015وە بە فەرمی حکومەتی هەرێمم لەمکارە نایاساییانە ئاگادارکردووه‌تەوە". ئاماژەی بەوەشکرد، "دواجار لەیاسای چاکسازیی لەمادەی هه‌شت نوسراوە (گواستنەوەی گشت ئەو بەڕێوەبەرایەتی‌و هەر فەرمانگەو یەکەیەکی دیکەی کارگێڕیی‌و دارایی کە موچەی خانەنشینی لێ دابەشدەکرێت (سەربازیی‌و شارستانی‌و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆو یەکە ڕێکنەخراوەکانی هێزی پێشمەرگە) گواستنەوەی موڵک‌ و کەلوپەکانیان‌ و دۆسێکانیان بۆ سەر بەڕێوەبەرێتی گشتیی خانەنشینی لەوەزارەتی دارایی‌ و ئابووریی هەرێم". ئەوەش وتوە، "بەداخەوە تائێستا لەیەکەی 70 بەڕێوەبەرێتی خانەنشینی‌ و دۆسێی خانەنشیکراوەکانی پێشمەرگە کە ژمارەیان نۆ هەزار کەسە هەر لەوێ ماوەو نەگوازراوەتەوە، هەروەها چاودێری دارایی فیدراڵ داوایکردوە دۆسێی خانەنشینی سەربازیان پێبدرێت بۆ وردبینی، نابێت هیچ شوێنێک هەبێت بۆ خانەنشینی لەدەرەوەی بەڕێوەبەرێتی خانەنشینی گشتی وەزارەتی دارایی". ئەم وتانەی ئەو پەرلەمانتارە لەکاتێکدایە، ئه‌مڕۆ ئاوات شێخ جه‌ناب، وه‌زیرى دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان هه‌رێمی کوردستان رایگەیاند، "به‌گوێره‌ى یاسای چاکسازیی‌ و راپۆرتی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی، نابێت هیچ خانەنشینێک لە دەرەوەی بەڕێوه‌بەرایەتی گشتی خانەنشینی وەزارەتی دارایی موچە وەربگرێت، بەڵام ئەو خانەنشینانەی هێزەکانی یەکەی 70 تائێستا هیچ داتاو زانیاریی‌ و دۆسیەیەکیان لە بەڕێوه‌بەرایەتی گشتی ژمێرکاریی‌و بەڕێوه‌بەرایەتی گشتی خانەنشینی وەزارەتی دارایی نییە و لە وەزارەتی دارایی عێراق‌ و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوررستانیش هیچ تەرخانکراوێکی داراییان بۆ نەکراوە". ئاماژەی بەوەشدا، "وەزارەتی دارایی بەرپرسیار نییە لەدواکەوتن‌ و نەدانی مووچەکانیان، بەڵکو پێویستە فەرماندەی هێزەکانی یەکەی 70 کاربکات بۆ ئەوەی بەزوترینکات دۆسیەکانیان بگوازرێتەوەسەر بەڕێوه‌بەرایەتی گشتی خانەنشین لەوەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان"، به‌ڵام ئه‌وه‌شى وتوه‌، "هاوشێوەی مانگەکانی دیكه‌ وەزیری دارایی فەرمانیکردووه‌ بەخەرجکردنی موچەی مانگی ئایار و حوزەیرانی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی 70 بەشێوەی سلفە تا کێشەکەیان بەیەکجاریی چارەسەردەکرێت".

وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، دابەشکردنی مووچەی مانگی تەموزی سەرجەم فەرمانبەرانی دەستیپێکرد. ئەمڕۆ دووشەممە 22ی تەموزی 2024، وەزارەتی دارایی عێراق rایگەیاند "فەرمانگەی ژمێریایی وەزارەتەکەیان دەستی بە خەرجکردنی مووچەی مانگی تەموزی فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەکان کرد". داواشی لە وەزارەت و پارێزگا و دەستە سەربەخۆکان کرد کە نوێنەریان بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی وەرگرتنی مووچە بنێرن. ئەمەش لەکاتێکدایە، تائێستا روون نییە کەی بەغدا پارە بۆ مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت و کەی دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

هاوڵاتی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، پرۆژە یاسامان بۆ لێبوردنی گشتی زیندانیانی هەرێمی کوردستان ئامادەیە، ئاماژە بەوەشدەکات بەهۆی پەککەوتنی پەرلەمان و ناکۆکییە سیاسییەکانەوە نەتوانراوە یاسای لێبوردنی گشتی لە هەرێم دەربکرێت. کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەنگی ئەمەریکای راگەیاندووە، "لە سەردەمی کۆرۆنا نامەیەکم ئاڕاستەی سەرۆکی حکومەت کرد و داوای دوو شتم کرد، یەکەم پێدانی مۆڵەتی درێژخایەن بۆ سزا سوکەکان، دووەمیش لێبوردنی گشتی، ئەوکات سەرۆکی حکومەت لیژنەیەکی باڵای دروستکرد بەسەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و نوینەرایەتی چەند وەزارەت و دەستەیەک پڕۆژە یاسایەکمان ئامادەکرد، پڕۆژەکە چوە ئەنجومەنی شورا  و ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەیەکیشمان لەگەڵ لیژنە پەیوەندیدارەکانی پەرلەمان کرد، چونکە ئەوانیش پرۆژە یاسایەکیان ئامادەکردبوو". وەک وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "لەبەر ناکۆکییە سیاسییەکان کۆبونەوەی پەرلەمان کەم دەکرا تا گەشتە ئەوەی پەرلەمان هەڵوەشایەوە، ئێمە ئێستا پڕۆژە یاساکەمان حازرە و پەرلەمانیش یاساکەی خۆی حازرە، دەتوانن لە یەکەم وەرزی پەرلەمان خوێندنەوەی بۆ بکرێت و هەردوکی بکرێت بە یەک و لێبوورنی گشتی بۆ دەربکەن، چونکە لێبوردنی گشتی لە دەسەڵاتی پەرلەمانە و دەبێت یاسای بۆ دەربکرێت و بکرێتە بواری جێبەجێکردنەوە". ئەوەشی وت، "لەبەر زۆری ژمارەی سزادراوان دەبێت پەرلەمان یاساکە بکاتە کاری لە پێشینە و ڕایگەیاند، "لەئێستادا لیژنەیەک دروستکراوە لە سەرۆکایەتی هەرێم بە ئەندامێتی چەند وەزارەت و دەستەیەک بۆ ئەوەی سەرۆکی هەرێم لێبوردنی تایبەت دەربکات بۆ چەند سزادراوێکی پەککەوتە، کە دەبێت کارمەندەکانمان بیان شۆن و بیانگۆڕن کە لە 25 کەس زیاتر نییە". "سەرۆکی هەرێم لەوە زیاتر ناچێتە ژێر باری لێبوردنی تایبەت، بۆیە تەنها ڕێگە چارە ئەوەیە لە یەکەم وەرزی خۆیدا پەرلەمان لێبوردنی گشتی دەربکەن و لەبەر قەرەباڵخی زیندانەکان دەبێت پەرلەمان بیکاتە کاری لەپێشینە"، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان وادەڵێت. بەپێی وته‌ی کوێستان محەمەد بێت، تەنها لە چاکسازی گەورانی سلێمانی هەزارو 600 سزادراوی تێدایە و زیندانی چاکسازی گەورانی هەولێریش 1800 سزادراو و چاکسازی گەورانی دهۆکیش 2500 سزادراوی تێدایە.

هاوڵاتی بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 22ی تەموزی 2024، لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکاندا نرخی زێڕ بەرزبووەوە و یەک ئۆنسە زێڕ بە 2405 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. بەپێی وتەی بازرگانانی زێڕ و شارەزایانی ئابووری بێت کشانەوەی جۆ بایدن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بووە هۆی دابەزینی نرخی دۆلار و بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە بازاڕەکاندا. هەروەها کایل رۆدا، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکانی سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (کاپیتاڵ) رایگەیاندووە، "دابەزینی بەهای دۆلار و ناڕوونیی سیاسی لە ئەمەریکا، دەبنە هۆکار بۆ پاڵپشتی لە نرخی زێڕ". بەپێی نوێترین راپرسییەکان، 97%ی بازرگانان پێیانوایە لە مانگی ئەیلوولدا بانکی ناوەندیی ئەمریکا سوودی بانکی کەم دەکاتەوە، کەمکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمەریکا، خواست بۆ کڕینی زێڕ زیاد دەکات.

هاوڵاتی قائیمقامیەتی قەزای دوکان 22 هەلی کاری بەشێوەی گرێبەست راگەیاند ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ی تەمووزی 2024، قائیمقامیەتی قەزای دوكان دەرفەتی دامەزراندن لە بەڕێوەبەرایەتییەكی قەزاكە بەشێوەی گرێبەست راگەیاند لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، 22 هەلی دامەزراندن بەشێوەی گرێبەست بۆ بەڕێوەبەرایەتی بەرهەمهێنانی وزەی كارەبای دوكان راگەیەندراوە كە بەپێی چەند مەرجێك و لە فۆڕمەكەدا ئاماژەیپێكراوە. دەشڵێت، ئەم دەرفەتی دامەزراندنە تەنها بۆ هاوڵاتییانی ناوەندی قەزای دوكان و هەردوو ناحیەی سوورداش و خەلەكان و گوندنشینانی سنوورەكانیانە. ئاماژەی بەوەشکردووە، پڕكردنەوەی فۆڕمەی دامەزراندنەکە بەشێوەی ئۆنلاین دەبێت.