نەرمین ساڵی 1962 لەشارى سلێمانى لەدایک بووە، لە بەرنامەى بەرنامە نازناوى (ڕەحە چل دەم)ى لێنرابوو. یەکەم بەرهەمی شانۆیی لە ساڵی 1975 دا نمایشکراوه. 30 ساڵ لە شانۆدا ڕۆڵی گێڕاوە، دوایین ڕۆڵی لە ساڵی 1998دا بووە، پاشان بەشداری لە بەرنامەی بەرنامە کردووە، ئەو بەرنامەیە یەکێک بووە لە پڕ بینەرترینەکانی باشووری کوردستان ماوەی چەند ساڵێكە هونەرمەند نەرمین قادر دووچاری نەخۆشیی شێرپەنجە بووە و چارەسەری پزیشكی وەردەگرت. دوو هەفتە لەمەوبەر لۆلان ئازاد، کچی هونەرمەند نەرمین قادر نووسینێکی لە هەژماری فەیسبوکی خۆی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە: “دایکم لەگەڵ خانەنشینان هەشت مانگە مووچەی وەرنەگرتووە، دایکم لەگەڵ ئەزیزان و خۆشەویستانی خانەنشینانی بە زۆرەملێکەی ساڵی پار، لە مانگی یانزەی ساڵی پارەوە مووچەی وەرنەگرتووە”. ئێوارەى ئەمڕۆ سێ شەممە نەرمین قادر هونەرمەندو ئەکتەری دیاری بەرنامەی بەرنامە کۆچی دوایی کرد.

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران بڕیاریدا ماوەی (1 هەفتە) مۆڵەتی كاركردنی لیژنە هاوبەشەكانی نێوان بەغدادو هەولێر درێژبكاتەوە بۆ ئەوەی كارەكانیان بۆ دیاریكردنی بەرهەمهێنانی نەوت و داهاتی نانەوتیی هەرێم دیاری بكەن.  لەدوای ئەم ماوەیەو تەواوبوونی كاری لیژنەكان، سودانی بڕیار لەسەر ناردنی موچەی مانگی شەش و حەوتی فەرمانبەرانی هەرێم دەدات. هەرچەندە سەرەتا پرسی نەوت و داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە کارنامەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا نەبوو، بەڵام دواتر بڕیاردا لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت. بەپێى وتەى چەند سەرچاوەیەک پێش تەواوبوونی کۆبوونەوەکە بڕیادرا، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پرسی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان باس بکرێت. لیژنەکانی نەوت و داهاتی ناوخۆ تاوەکو ئێستا راپۆرتەکانیان تەواونەکردووە بەڵام پێشنیاری خۆیان بۆ سودانی خستووەتەڕوو. بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەگەر سودانی رازیبێت بەو بڕە نەوتەی لیژنەکان بۆیان دیاریکردووە لەگەڵ داهاتی ناوخۆ ئەوا بەم نزیکانە پرسی ناردنی مووچەی حوزەیران یەکلادەبێتەوە.

پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ پەرلەمانى عێراق کۆبوویەوە، بەڵام دواى تەنها ٢٥ خولەک گرژى دروستبوو بەوهۆیەوە دانیشتنەکە تەواونەکراو دواخرا بۆ سبەینێ. بڕیار ڕەشید ئەندامى پەرلەمانى عێراق لەسەر فراکسیۆنى یەکێتى لەوبارەیەوە وتى: لەئەنجومەنی نوێنەران گرژی دروستبوو، بۆیە جەلسە هەڵگیراو تەواو نەکرا، گرژیەکەش بەهۆى زیادکردنى چەند بڕگەیەکەوەبووە بۆ دانیشتنەکەى ئەمڕۆى پەرلەمان.  لەلایەکى دیکەوە،  محەمەد زیادی، ئەندامی پەرلەمان، وردەکاری دواخستنی دانیشتنی پەرلەمانی ئاشکراکردوەو وتى: دوای کەمتر لە نیوکاتژمێر لە دەستپێکردنی دانیشتنەکە گرژى و ناوکۆکى ناکۆکی نێوان مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەكەی (موحسین مەندەلاوی)و (شاخەوان عەبدوڵا) دروستبووەو بەوهۆیەوە دانیشتنەكە هەڵگیرا. ئەو پەرلەمانتارە بەکەناڵى دیجلە نیوزی ڕاگەیاندوە، "سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ هەندێک گروپ و فراکسیۆن گفتوگۆی لەسەر ئەگەری پەیوەستبوون بە دانیشتنەکە دەکرد، بەڵام سەری سوڕما لە خستنەڕووی بڕگەیەک لەلایەن مەندەلاوی بۆ دەنگدان. سەرباری ناكۆكی و دەمەقاڵیی دەستەی سەرۆكایەتیی، لە خواریشەوە لەناو پەرلەمانتاراندا دەمەقاڵێ و شەڕە دەست روویداوە.  لە دانیشتنەكەدا پەرلەمان دەنگیدا لەسەر زیادكردنی بڕگەیەك بۆ بەرناممەی كاری خۆی كە ئەویش بڕگەی "دەنگدان لەسەر سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی راژەی فیدراڵ"و دەنگدان لەسەر "سەرۆكی ئەنجومەنی دەوڵەت" بوو، مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی پەرلەمان دژی زیادكردنی ئەم بڕگەیە بوو. هەروەها ئەوەش دەڵێت: ئەو بابەت و بڕگانە کە بڕیاربوو زیادبکرێت پێشتر لە نێوان فراکسیۆنە سیاسییەکانەوە هیچ ڕێککەوتنێکى لەسەر نەکراوە، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی ناکۆکی زارەکی لەنێوان مەشهەدانی و مەندلاوی، کە دواتر تەشەنەی کرد بۆ ئەندامانی پەرلەمان و لە ئەنجامدا دانیشتنەکە دواخرا. هاوکات هەر ئەمڕۆ لیژنەى مافى مرۆڤیش دەلێن پرۆژە یاساى ئازادى گربوونەوەو خۆپیشاندان کشێنراوەتەوە. بەشی ڕاگەیاندنی ئەنجومەیش دەڵێن ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاریدا دانیشتنەکەى ئەمڕۆ دوابخرێت.

ئێران جارێکى دبکە ئەو تۆمەتانەى باسکردەوە کە ئەمریکا یە تێکدانی دانوستانەکان تۆمەتبار دەکات کە چەند مانگێک لەمەوبەر لە نێوان هەردوو وڵاتدا دەستی پێکردبوو. محەممەد ڕەزا عارف یاریدەدەری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران، لە میانەی کۆنفڕانسێکدا سەبارەت بە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو لە تورکمانستان وتی: هەندێک وڵات پشتیوانی ئیسرائیلیان کردووە لە هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتەکەمان، لەبری ئەوەی ئەم دەستدرێژییە شەرمەزار بکەن. هەروەها ئەمریکای بە پاڵپشتیکردنی کیانی ئیسرائیل و دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی لە هێرش بۆ سەر دامەزراوە ناوەکییە ئاشتییەکانی ئێران" تۆمەتبار کرد. ئەو بەرپرسە باڵایەى ئێران جەختی لەوەش کردەوە کە واشنتۆن مێزی دانوستانی لە کاتێکدا لەناوبرد کە ڕێکخستن بۆ گەڕی شەشەمی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەکرا، ئەمەش جارێکی دیکە بێمتمانەیی جیهانی بە بەڵێنەکانی ئەمریکا بەهێزتر کرد. لەلایەکى دیکەوە سەعید خەتیب زادە جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران چەند ڕۆژ لەمەوبەر ئاماژەی بەوەدا کە تاران هیچ پەلەیەکی نییە بۆ بەشداریکردن لە هەر جۆرە پەیوەندییەکی ناڕاستەوخۆ یان دانوستان لەگەڵ واشنتۆن. ئێران و ئەمریکا پێنج خولی دانوستانیان بە نێوەندگیری سوڵتانییەتی عومان ئەنجامدا، بەڵام لە ئەنجامی شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا، کە ئەمریکا بە ئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان بەشداریی تێدا کرد، دانوستانەکان ڕاگیرا.

   وەزارەتی پێشمەرگە، ڕایدەگەیەنێت ئەمڕۆ ٥ی ئاب هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگى(٧) تەمویلی وەزارەتی پێشمەرگە کرا و رۆژی پێنج شەممە بەرواری ٧ی ئاب دەست بە دابەشکردنى دەکرێت. وەزارەتی پێشمەرگە دەشلێت نزیکەی 74 هەزار ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە لەڕێی هەژماری منەوە هاوکارییەکە وەردەگرن دەقى ڕاگەیەندراوەکە راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە ئەمڕۆ ٥ی ئابی ٢٠٢٥ هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگى(٧) تەمویلی وەزارەتی پێشمەرگە کرا و دوای ئەنجامدانی رێکارە دارایى و ژمێریارییەکان لەلایەن بەریوەبەرایەتى گشتى بوودجە و بەرنامەکان (ژمێریارى سەربازى) لە رۆژی پێنج شەممە بەرواری ٧ی ئاب دەست بە دابەشکردنى دەکرێت. لەم مانگەدا، نزیکەی (٧٤٠٠٠) ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە بە سیستەمی پڕۆژەی هەژماری من هاوکاری هاوپەیمانان وەردەگرن، ئەوانەی تریش لە رێگەی سیستەمی بانکیەوە هاوکارییەکان وەردەگرن.  لێرەوە، بە هەمووانی رادەگەینن کە سەرچاوەی یەکانەی فەرمی بۆ هەموو هەواڵ و زانیارییەکانی پەیوەست بە هێزی پێشمەرگە، تەنها ماڵپەری فەرمی و سۆشیال میدیا و پلاتفۆرمەکانی وەزارەتی پێشمەرگەیە. بۆیە هەر هەواڵ و زانیارییەک لە هەر پێگەیەکی تری میدیایی بڵاوبکرێتەوە  متمانەی پێناکرێت و وەزارەتی پێشمەرگە هیچ بەرپرسیاریەتیێک لە زانیارییە هەڵەکان هەڵناگرێت کە لە کەناڵەکانی ترەوە بڵاو دەکرێتەوە.

ئیسرائیل وردە وردە ڕێگە بە چوونە ژوورەوەی کاڵاکان دەدات بۆ ناو کەرتی غەززە لە ڕێگەی کەرتی بازرگانی تایبەتەوە، لە ژێر میکانیزمێکی نوێدا، ئەمەش دواى ئەوەدێت نزیکەى ساڵێکە ڕێگەى لەوکارەگرتووە. کۆمپانیای کۆگات دەڵێت ئامانجی ئەم هەنگاوە "زیادکردنی قەبارەی یارمەتییەکانی چوونە ناو کەرتی غەززە، لە هەمان کاتدا کەمکردنەوەی پشتبەستن بە کۆکردنەوەی یارمەتی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان." کۆگات دەڵێت: "وەک بەشێک لە داڕشتنی ئەم میکانیزمە، ژمارەیەکی سنووردار لە بازرگانانی ناوخۆیی لەلایەن دامەزراوەی بەرگرییەوە پەسەندکران، بە مەرجی پێوەرە تایبەتەکان و پشکنینی وردی ئەمنی." دەشڵێت، کاڵا پەسەندکراوەکان بریتین لە بەرهەمە خۆراکییە سەرەتاییەکان، خۆراکی منداڵان، سەوزە و میوە، و پێداویستی پاکوخاوێنی و “پارەدان بۆ کڕینی ئەو کاڵایانە تەنها لە ڕێگەی حەواڵەی بانکییەوە ئەنجام دەدرێت، لەژێر میکانیزمێکی چاودێری وردى ئیسرائیلدا”. ئەمەش لەکاتێکدایە، تەندروستیی غەزە هۆشدارى لە بڵاوبوونەوەى نەخۆشییە مەترسیدارەکان دەدات لە کەرتەکە و دەڵێ، کارەساتێکى راستەقینە بەڕێوەیە. ئەیمەن ئەبو رەحمە بەڕێوەبەری بەشى خۆپارێزی لە تەندروستیی غەزە بە رۆژنامەى شەرقلئەوسەتی رایگەیاندووە، حاڵەتەکانى توشبوون بە نەخۆشى (گیلان باریە) ساڵانە لە پێنج حاڵەت تێنەپەڕیووە، بەڵام تەنها لە ماوەى دوو مانگى رابردوودا 64حاڵەتى توشبوون تۆمارکراوە. تەندروستیی غەزە ئاماژەی بەوەشکردووە، دوو منداڵ و ژنێکى بە تەمەن بەو نەخۆشییە گیانیان لەدەستداوە کە دووچارى دەمارەخانەکان دەبێتەوە و جوڵەى پەلەکان لەکاردەخات. لە ماوەى 24کاتژمێرى رابردوودا، شەش حاڵەتى دیکەى گیانلەدەستدان بەهۆى برسێتییەوە لە غەزە تۆمارکراوە، بەمەش ژمارەى گیانلەدەستدان بەهۆى برسێتییەوە بۆ 180کەس بەرزبوەتەوە کە 93یان منداڵن. ئەو کاڵایانەى کە بڕیارە رێگەیان پێدەدرێت پێش چوونە ناو کەرتی غەززە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلەوە لە دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ غەززە پشکنینیان بۆ دەکرێت. لە ساڵی ڕابردوودا تەنیا ئەو یارمەتییانەی کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان یان ڕێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکانی دیکەوە دابینکراون، ڕێگەیان پێدراوە بچنە غەززە. لە بەیاننامەکەدا دەشڵێت: "سوپای نێودەوڵەتی لە ڕێگەی کۆگات و بە هاوکاری لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان، بەردەوام دەبێت لە کارپێکردنی میکانیزمەکانی چاودێری و چاودێری بۆ چوونە ناو کەرتی غەززە، هاوکات هەموو ڕێوشوێنێکی ئەمنى توند دەگرنەبەر بۆ ڕێگریکردن لە دەستێوەردانى ڕێکخراوی حەماس لە پرۆسەکانی هێنانە ناوەوە و دابەشکردنی هاوکارییەکاندا". ئیسرائیل پێشتر لە نێوان مانگەکانی ئایار و تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤دا ڕێگەی بە کاڵاکان لە ڕێگەی کەرتی تایبەتەوە دابوو بۆ غەززە. لە وەڵامێکی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤دا بۆ تانەیەکی دادگای باڵا لەلایەن گروپەکانی مافی مرۆڤەوە، کۆمپانیای کۆگات وتی کە "ئاماژە پشتڕاستکراوەکان نیشان دەدەن کە ڕێکخراوی تیرۆریستی حەماس هاتنە ژوورەوەی کاڵاکان بۆ کۆکردنەوەی ئابووری و سەربازی دەقۆزێتەوە." بۆیە بڕیاردرا لە ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، ڕێگە نەدرێت بەردەوامبوونی چوونە ژوورەوەی کاڵاکان بۆ ناو غەززە لە ڕێگەی کەرتی تایبەتەوە.

چوارچێوەى هەماهەنگى شیعەکان لەڕێی راسپاردەیەکەوە کە پێشکەشى چوار سەرۆکایەتییەکەى عێراقى دەکات، داواى بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنێکى پاک و بێگەرد دەکات. چوارچێوەى هەماهەنگى لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، کۆبوونەوەی ئاساییان لە نوسینگەى عەبد سادە فەریجى ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانێتى نەهجى نیشتمانى ئەنجامداوە بەمەبەستى گفتوگۆکردنى دوایین پێشهاتە نیشتمانی و هەرێمییەکان. ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ئامادەکارییەکان کراوە بۆ بەڕێوەچونى هەڵبژاردنی پەرلەمان و جەختیان لە ئەنجامدانى تەواوى پشتگیرییەکان و گرتنەبەرى رێکارى پێویست کردووەتەوە. ئەوەش هاتووە بڕیاریانداوە کە راسپاردەیەک بۆ هەر چوار سەرۆکایەتییەکەى عێراق بەرزبکەنەوە بۆ پەسەندکرنى چەند یاسایەک تا لەڕێیەوە گەرەنتى بەڕێوەچونى هەڵبژاردنێکى پاک و بێگەرد بکرێت. هەروەها گفتوگۆ لەبارەی ئامادەکارییەکانی دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانیی داهاتوو کرا و جەخت لە گرنگیی دابینکردنی پشتیوانیی پێویست و تەواوکردنی سەرجەم رێکارەکان کراوەتەوە.   وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە : "چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاری داوە راسپاردە پێشکەش بە چوار سەرۆکایەتییەکە بکات بۆ پەسندکردنی رێنماییەکانی گەرەنتیی پاکی هەڵبژاردنی پەرلەمان، دوای وەرگرتنی تێبینیی سەرجەم ئەندامان."   بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی 11ی ئەم ساڵ بکرێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێ کە 320یان گشتی و 9یەکەی دیکە کۆتان.   لە عێراق نزیکەی 29 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، زیاتر لە 21 ملیۆن کەس کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان هەیە و دەتوانن دەنگبدەن.

فەرماندەی گشتی هێزەکانی هەسەدە، ڕایدەگەیەنێت  پێویستە هەموو گەلانی سوریا بگەنە ڕێککەوتن، مافی هەموو گروپەکان لە دەستووردا پارێزراو بێت و سوریایەکی لامەرکەزی دامەزرێت تا بتوانێت بگەڕێتەوە ناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. سوریایەکی بەهێز دەتوانێت وەک وڵاتێکی بەهێز سەرهەڵبدات. لەچاوپێکەوتنێکى رۆژنامەوانیدا، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە باس لەچەند پرسێکى جیاوازدەکات. ئەو دەڵێت: دوای 14 ساڵ شەڕی ناوخۆ، مەحاڵە سوریا بگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێشووی. ناکرێ وەک سەردەمی بەعس مەرکەزی و تۆتالیتاری بێت. چونکە سیستەمی مەرکەزی هۆکاری بنەڕەتی شەڕی ناوخۆ بوو. کێشەکانی سوریا سیستماتیکی بوون نەک تاکەکەسی.  جەختى لەسەر ئەوەکردەوە کە ئێستا بۆ ئەوەی ئێمە لەسەر ئەم بنەمایە کێشەی سوریا چارەسەر بکەین، پێویستە سوریایەکی لامەرکەزی هەبێت. پێویستە هەموو گروپە سیاسی و ڕۆشنبیرییەکان مافی خۆبەڕێوەبەرییان هەبێت و هەموو پارێزگاکانی سوریاش بتوانن لەڕێگەی حکومەتە خۆجێییەکانەوە خۆیان بەڕێوەببەن.  فەرماندەى هەسەدە ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات کە ناوی سوریا لە سەردەمی بەعسەوە کۆماری عەرەبی سوریا بووە. ئەم ناوە ڕەنگدانەوەی واقیعی سوریا نییە. دەبێت وشەی "عەرەب" لاببرێت. سوریا تەنها هی عەرەب نییە. سەر بە هەموو گروپەکانە. دەبێت گۆڕانکاری ڕیشەیی لەم جۆرە لە سوریادا بکرێت. ئەگەر دروست نەکرێن ئەستەمە. مەزڵوم عەبدى وتیشى: ماوەی هەشت مانگی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس دەریخست کە سوریا بە ئاسانی یەک ناگرێتەوە. پێویستە هەموو گەلانی سوریا بگەنە ڕێککەوتن، مافی هەموو گروپەکان لە دەستووردا پارێزراو بێت و سوریایەکی لامەرکەزی دامەزرێت تا بتوانێت بگەڕێتەوە ناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. سوریایەکی بەهێز دەتوانێت وەک وڵاتێکی بەهێز سەرهەڵبدات. لەبارەى ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ حکومەتى دیمشق، فەرماندەى هێزەکانى هەسەدە هێما بۆ ئەوەدەکات کە لە ئێستادا دوو هێز لە سوریا هەن، یەکێکیان هێزەکانی حکومەتی دیمەشقە، ئەوی تریان هێزەکانی سوریای دیموکرات. ئەگەر ئەم دوو هێزە پێکەوە کۆببنەوە، دەتوانرێت ڕێککەوتن بکرێت. لەسەر ئاستی دەرەوەش دەوڵەتانی وەک ئەوروپا و ئەمریکا کە سزایان بەسەر سوریادا سەپاندووە، قسەیان هەیە.  ئەو پێى وایە ئەو بڕیارانەی ئەمریکا دەیدەن لەلایەن زلهێزەکانی دیکەوە لەبەرچاو دەگیرێن. لە ئێستادا ئیرادەیەکی بەهێزی نێودەوڵەتی هەیە کە کاریگەری لەسەر هەم ئێمە و هەم لەسەر حکومەتی دیمەشق هەیە. دوو هێزی تریش لەسەر زەوی هەن: SDF و HTS.  وتیشى: ئەگەر بگەینە ڕێککەوتن، سەردەکەوین. دیسانەوە پەیوەستە بە نیەتەوە. ئەگەر حکومەتی دیمەشق وەک حکومەتی بەعس بیەوێت بۆ کات بوەستێت و هەنگاوی دروست بۆ یەکگرتنی ڕاستەقینە هەڵنەگرێت، ئەوا ئەو هەوڵانە سەرناگرن. بەڵام لە بارودۆخی ئێستادا، ئەو هەلومەرج و هەلومەرجەی کە وا دەکات ئەم هەوڵانە سەرکەوتوو بن، لەوەش گەورەترن. چونکە سوریا پێویستی بە گەڕانەوەیە بۆ دۆخی سروشتی خۆی و دەبێت سزاکان هەڵبگیرێن.  سەبارەت بەمەرجانى یەکگرتنەکەش عەبدى دەڵێت: مەرجەکانی یەکگرتن لەگەڵ دەوڵەتەکان دانراون. من پێم وایە حکومەتی دیمەشق دەیەوێت ئەم پرۆسەیە سەرکەوتوو بێت و ئێمەش سەرکەوتوو دەبین. ئەم پرۆسەیە چانسی سەرکەوتنی زیاتری هەیە. لەبارەی کۆبوونەوەکە دواخراوەکەی پاریسەوە زانیارى نوێى خستەڕوو،وتی: بڕیاربوو کۆبوونەوەکە لە ٢٥ی مانگ بەڕێوەبچێت، ئینگلیزەکان، فەرەنسییەکان، ئەمریکییەکان، ئێمە، حکومەتی سوریاش ئامادەکارییەکان بۆ کۆبوونەوەکە کرابوو و تەواو بوو، بەڵام لە کۆتا خولەکدا دواخرا. ئەو وتیشى: دواتر بارۆت وەزیری دەرەوەی فەرەنسا پەیوەندی پێوەکردم، ئێمەش قسەمان کرد، باڵیۆزی ئەمریکا باراکیش تەلەفۆنی بۆ کرد، پەشیمانی خۆی دەربڕی و سوپاسی ئێمەی کرد بۆ ئامادەییمان بۆ کۆبوونەوەکە ئێمە بۆ ئەم کۆبوونەوەیە ئامادە بووین. پێم وتن کە حکومەتی سوریا داوای کردووە کە کۆبوونەوەکە دوابخەن، چونکە خەمی پرسی سوەیدایان هەیە. بەڵام ئەوان پێداگریان لەسەر ئەوە کرد کە جارێکی دیکە کۆبوونەوەکە ئەنجام بدات.  ئەو پێى وایە حکومەتی ئینتقالی سووریا ئامادە نەبووە بۆ ئەم کۆبوونەوەیە. وتى:  هۆکارەکەی نازانم؛ دەبێت خۆیان ڕوونی بکەنەوە. ئەوان ئامادە نەبوون چونکە شایبانی هاتبووە پاریس. بەڵام ئامادە نەبوون بۆ ئەم کۆبوونەوەیە. لەگەڵ ئیسرائیل دانیشتن و ئەمریکا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان لە نێوان خۆیاندا ئێستا ئامادەکارییەکان بۆ کۆبوونەوەکە بەردەوامن و کۆبوونەوەکەش ئەنجام دەدرێت.

بەپێى ئەو ئامارانەى ڕیکخراوى هەنگاو خستویانەتەڕوو لە ماوەی مانگی ڕابردودا سزای لەسێدارەدانی ٩٦ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە، لەو ژمارەیە 11 کەسیان کورد بوون. بەپێى بەدواچوونەکان و بەراوردى رێکخراوى هەنگاو ئەمساڵ رێژەی لەسێدارەدان لە ئێران بەراورد بە ساڵی رابردوو 74% زیادیکردووە، مانگی شەشى ساڵی ڕابردوودا سزای سێدارەی تەنها بەندکراو جێبەجێ کرابوو. بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی شەشى ٢٠٢٥دا سزای سێدارەی لانی کەم ٩٦ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە. ناسنامەی ۹۰ بەندکراو بە تەواوی بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە و بۆ ناسنامەی شەش بەندکراوی دیکە بەدواداچوون دەکرێت. لەو مانگەدا، سزای سێدارەی لانی کەم دوو بەندکراوی سیاسیی خەڵکی تاران بەناوەکانی مەهدی حەسەنی و بێهرووز ئێحسانی ئیسلاملوو بەشێوەی نهێنی لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کراوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سزای سێدارەی لانی کەم ۳ ژن لە بەندیخانەکانی یەزد، شیراز و مەشهەد جێبەجێ کراوە. عاتفە ئەمینی، بەندکراوی خەڵکی یەزد بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست، ناهید جەوکار بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و مەهتاب بەیاتنی بە هەمان تۆمەت لە بەندیخانەکانی یەزد، شیراز و مەشهەد لەسێدارە دراون. شایەنی باسە کە، لە سەرجەم ئەو ۹۶ بەندکراوەی لە ماوەی مانگی شەش لەسێدارە دراون، تەنیا ۴ حاڵەت لە سەرچاوە فەرمییەکانی ئێران و ماڵپەڕە پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو کراوەتەوە. هەروەها سزای سێدارەی ۲ بەندکراو بەشێوەی نهێنی و بێ ئاگاداریی بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیاندا جێبەجێ کراوە. سزای سێدارەی ۲ بەندکراو لە شارەکانی بۆکان و دامغان لەپێش چاوی خەڵکدا جێبەجێ کراوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ماوەی مانگی جولای لانی کەم سزای سێدارەی ۱۴ بەندکراوی لوڕ لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە کە ۱۴.۵٪ی کۆی حاڵەتەکان پێکدێنن. هەروەها ۱۳ بەندکراوی تورک، ۱۱ بەندکراوی کورد و ۹ بەندکراوی بەلووچ لەسێدارە دراون.

کاروانێکی سەربازی ئەمریکی چوونە ناو بنکەی قەسرەک لە لادێکانی باکوری حەسەکە، کە لە هەرێمی کوردستانەوە هاتبوون. روانگەى سورى بۆ مافى مرۆڤ بڵاویکردەوە، کاروانە سەربازییەکە کە لەلایەن هەلیکۆپتەرەکانى هاوپەیمانانەوە پارێزگارى لێدەکرا، لە رێگەى دەروازەى وەلیدى سنورییەوە و لە هەرێمى کوردستانەوە رەوانەى بنکەى قەسرک لە دەوروبەرى حەسەکە کراوە. کاروانێکى هاوکارى سەربازى ئەمەریکا لە هەرێمى کوردستانەوە رەوانەى رۆژئاواى کوردستان کرا، لە چوارچێوەى فراوانکردنى زیاترى گەیاندنى هاوکاریی سەربازیدا، مانگى رابردوو بەگشتى لەرێگەى 244 بارهەڵگر و حەوت فڕۆکەوە هاوکاریی رەوانەکراوە. کاروانە سەربازییەکە کە لەلایەن هەلیکۆپتەرەکانى هاوپەیمانانەوە پارێزگارى لێدەکرا، لە رێگەى دەروازەى وەلیدى سنورییەوە و لە هەرێمى کوردستانەوە رەوانەى بنکەى قەسرک لە دەوروبەرى حەسەکە کراوە. بەپێی ئامارەکانى روانگەى سورى، بەگشتى لە مانگى تەمموزدا، هاوپەیمانان لە رێگەى 244 بارهەڵگر و حەوت فڕۆکەوە هاوکاریی سەربازیان گەیاندووەتە بنکەکانیان، هەروەها 11 ئۆپراسیۆنى دابەزینیان لە ئاسمانەوە ئەنجامداوە. مانگی تەمموز پەرەسەندنێکی بێ وێنەى بەخۆوە بینى لە چالاکییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ناو خاکی سوریادا، چ لە ڕووی قەبارەی جموجۆڵە سەربازییەکان و چ لە ڕووی پانتایی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان کە شانەکانی داعشیان کردە ئامانج لە سەرانسەری وڵاتدا. ئەم جموجۆڵانە بریتی بوون لە بەهێزکردنی بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لەگەڵ زنجیرەیەک هەڵمەتی ئەمنی و هێرشی ئاسمانی، کە هەندێکیان ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریا و گروپەکانى سوپای نیشتیمانییان کردە ئامانج. ئەمەش ئاماژەیە بۆ فراوانبوونی بازنەی ئۆپەراسیۆنەکان و چڕبوونەوەی هەوڵەکان بۆ گەڕان بەدواى شانە نوستووەکانى داعش.

بۆ زەمینەسازیی یاسایی و سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، ئەمڕۆ  سێشەممە 5ـی ئابی 2025، یەکەم کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی پەرلەمانیی ئەو وڵاتە بەسەرۆکایەتی نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەدەچێت. بەپێی میدیاکانی تورکیا،  لە یەکەم کۆبوونەوەی کۆمسیۆنەکە، شێوازی کارکردن و ناوەکەی دیاریی دەکرێت، کارەکانی تایبەت دەبێت بە پرۆسەی ئاشتی کە لە 51 ئەندام پێکدێت، ئاکپارتی 21 ئەندامی دەبێت، جەهەپە 10 ئەندامی دەبێت، هەریەکە لە دەم پارتی و مەهەپە 4 ئەندامیان دەبێت، ئیی پارتی و یەنی یۆڵ 3 ئەندامیان بۆ دیاریکراوە،  پارتەکانی دیکە کە فراکسیۆنیان نییە، هەریەکەی ئەندامێکیان دەبێت.  بەگوێرەی میدیاكانی توركیا، بڕیارە لە کۆبونەوەدا، کە لە هۆڵی بۆنەكانی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت، ناوی لیژنەکەو رێکارەکانی کارکردن و پرەنسیپەکانی دیاری بکرێت، سەرەتای گفتوگۆكانیش یەكلاكردنەوەی ناوی لیژنەكە دەبێت، كە ئەم پرسە لە کۆبونەوەی نێوان نومان کورتوڵموش سەرۆکی پەرلەمان و جێگرانی سەرۆکی گروپی حزبەكان تاوتوێ کراوە، بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەكان، دروشمی سەرەکی بۆ ناوەکە، بریتین لە "هاوپشتی کۆمەڵایەتی، برایەتی و دیموکراسی". لە کۆبونەوەكەدا، باس لە پرسەکانی وەک کۆبونەوەکان بەڕووی رۆژنامەوانیدا کراوە دەبن یان داخراو، كۆنوسەكانی كۆبونەوەكە بڵاودەکرێنەوە، یان نا. نومان کورتوڵموش پێشتر رایگەیاند، لیژنەكە لە (51) ئەندام پێكدێت و بە زۆرینەی سێ لەسەر پێنجی دەنگ، بڕیارەکانیان دەدەن، هەندێک لە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانیش پێشنیازی زۆرینەی دوو لەسەر سێیان کردووە، لیژنەکە سەکۆیەک بۆ راوێژکردن لەسەر رێسا یاساییە پێویستەکان دابین دەکات. چاوەڕوان دەكرێت، کار لەسەر یاسا گرنگەکانی وەک جێبەجێكردنی سزادان، یاسای دژە تیرۆر، یاسای سزادانی تورکیا بکات و پێشنیازی نوێ بخاتەڕوو. هەروەها لیژنەکە داوای بۆچوونی پسپۆڕان دەکات و رای گشتیش لە ڕێگەی گەشتەکانی بۆ ئەنادۆڵ هەڵدەسەنگێنێت.

كەناڵی ١٢ى ئیسرائیل ئەمشەو بڵاویکردەوە بەرپرسێکی باڵا لە نوسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە: لەکۆبوونەوەى ئەمڕۆدا بڕیارەکە دراوەو لەچەند رۆژى داهاتوو کەرتی غەززە بەتەواوى داگیر دەکەین. بەوتەى بەرپرسە باڵاکە حەماس هیچ بارمتەیەک بەبێ تەسلیمبوونی تەواوى ئیسرائیل ئازاد ناکات، ئێمەش تەسلیمى حەماس نابین، ئەمەش بە واتاى ئەوەدێت سوپا دەچنە ئەو ناوچانەش تا ئێستا ئیسرائیل خۆی بەدوور گرتووە لەوەى چالاکیی سەربازی تێدا ئەنجامبدات. کەناڵە لەزارى نوسینگەى ناتانیاهۆوە ئەوەشى گواستوەتەوە کە بڕیارى ئەوەدراوە کە ئەگەر ئێستا هەڵسوکەوت و دەستپێشخەرى نەکەین، بارمتەکان لە برسێتیدا دەمرن و غەززە لە ژێر کۆنترۆڵی حەماسدا دەمێنێتەوە. هاوكات کەناڵی (١٢)ی ئیسرائیل ئاشکرایکردووە: ناتانیاهۆ خواستی لە فراوانکردنی هێرشەكان و دەستبەسەرداگرتنی تەواوی کەرتی غەززەیە. لای خۆیەوە، رۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرانۆت" لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلەوە بڵاویكردووەتەوە: ئەگەر داگیرکردنی کەرتی غەززە بۆ سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئيسرائيل (ئیال زامیر) گونجاو نییە، با دەست لەکاربکێشێتەوە، وەك وەڵامێك بۆ زامیر، كە دژی داگیركردنی تەواوەتی كەرتی غەززەیە. ئەو بەرپرسانە ئاماژەیان بەوەشکردووە: ئۆپەراسیۆنەكان ئەو ناوچانەش دەگرێتەوە کە بارمتەکانی لێیە. جەختیشانكردەوە: بڕیارەکە دراوەو بەرەو داگیرکردنی تەواوی کەرتی غەززە دەڕۆن. هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە: بڕیارە سبەی سێشەممە، ناتانیاهۆ کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ئەنجام بدات و بڕیار لەسەر ئەو بابەتە بدات.

ئێوارەى ئەمڕۆ دووکەس لە کاتی مەلەکردن لە پۆندی پریسى سەربە پارێزگای هەڵەبجە خنکاون، بەمەش ژمارەى ئەوانەى ئەمڕۆ لەئاودا خنکان گەیشتە شەش کەس. ئاکام قوتبەدین، وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە ڕایگەیاند: بەداخەوە دوو کەس لە کاتی مەلەکردن لە پۆندی پریس لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە خنکاون بە ناوەکانی محەممەد عومەر و رابەر حەمەڕەشید، تائێستا نەتوانراوە تەرمەکانیان دەربهێنرێت. هەر ئەمڕۆ دووشەممە، چوار گەنج لە سنووری بەردەڕەش خنکان، بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی لەکاتى مەلەکردن لەئاودا خنکاون بەرزبویەوە بۆ شەش کەس. بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 04-08-2025، چوار گەنج لەکاتی مەلەکردندا لە رووباری خازر لە سنووری قەزای بەردەڕەش خنکان.  عەقید عاسم حازم، ئەفسەری بەرگریی شارستانیی بەردەڕەش راگەیاند، هەر چوار هاونیشتمانییەکە خەڵکی بەردەڕەشی بچووکن لە قەزاکە.   بە گوتەی عەقید عاسم حازم، لەکاتێکدا 7 گەنج بۆ خواردنی نانی بەیانی چووبوونە لێواری رووباری خازر لە گوندی کانیلانی سنووری بەردەڕەش، "سەرەتا یەکێکیان بۆ خۆفێنککردنەوە چووەتە نێو ئاوەوە و بەهۆی شارەزانەبوونی لە مەلەکردندا، خنکاوە. دواتر ژمارەیەک لە گەنجەکان دوابەدوای یەکدیدا بۆ رزگارکردنی کەسانی پێش خۆیان چوونەتە نێو رووبارەکە، بەو هۆیەوە سێ کەسی دیکە خنکاون."

لە کۆبوونەوەی مانگانەی خۆیدا سەرکردەکانی ئەنجوومەنی سەربازی دێرەزوور، کۆمەڵێک بڕیار و ڕێوشوێن و ڕێکار گیراونەتەبەر بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەلامەتی ناوچەکە و پاراستنی دانیشتووانى پارێزگاکە لەو مەترسیانەى دروستبوون. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى، ئەمڕۆ دووشەممە ئەنجوومەنی سەربازی دێرەزوور  کۆبوونەوەی ئاسایی مانگانەی خۆی ئەنجامدا و سەرجەم سەرکردەکانی ئەنجوومەنی سەربازی لە پارێزگاکە ئامادەبوون. کۆبوونەوەکە بۆ چاودێریکردنی پێشهاتە ئەمنی و مەیدانییەکانی ناوچەکە بووە. کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتی فەرماندەی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزوور، ئەیاد تورکی ئەلخەبیل / ئەبو عەلی فولاد بەڕێوەچووە. بەپێى ڕاگەیەندراوەکە ئامادەبووان باسیان لە دوایین پێشهاتەکانی پارێزگای دێرەزوور کرد، دیارترینیان دۆخی ئەمنی و پەرەسەندنی مەترسییەکانی داعش بوو.  هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا باس لەپەرەسەندنی چالاکیی شانە نوستوەکانى داعشیانکردوە کە لە هەندێک ناوچە ئەو گروپانە سودیان لەو بۆشاییە ئەمنییەکان وەرگرتووە کە لەناوچەکەدا هەیە. لە میانی کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک بڕیار و ڕێوشوێن و ڕێکاری پراکتیکی گیراونەتەبەر بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەلامەتی ناوچەکە و پاراستنی دانیشتووان لە مەترسییە پەرەسەندووەکان.  بەشداربووان جەختیان لە گرنگی هەماهەنگی هاوبەش لە نێوان هەموو دەزگا سەربازی و ئەمنییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم تەحەددایانە کردەوە. ئامادەبووان جەختیان لەسەر چڕکردنەوەی هەوڵەکان لە ماوەی داهاتوودا بۆ داخستنی بۆشاییە ئەمنییەکان و کارکردن بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لەناو پارێزگاکەدا کردەوە.

دەستەی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی تەندروستیی هونەر رەشید ئاغا بڵاوکردەوەو دەڵێت: دوای بەدواداچوون بۆمان دەرکەوت تەندروستیی جێگیرە و هیچ کێشەیەکی نییە. لەماوەی رابردوودا دەنگۆی مردنی  هونەر رەشید ئاغا بڵاوکراوەیەوە، بەپێى ڕاگەیەندراوێکیان، ئەمرۆ دووشەممە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەدوا داچونیان بۆ دۆسیەی ناوبراو کردوە. لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە لەسەر فەرمانی سەرۆکی دەستە مونایاقۆ تیمێکی دەستەی ڕاسپێردراوە بۆ بەدوا داچونى کەیسی ناوبراوو تیمەکەش سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێریان کردو لەنزیکەوە لەکەڵ ئیدارەی ئاسایش گفتوگۆیان کردوە. بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی یاساو پاراستنی مافی مرۆڤ تاڤگە عمر ئاماژەی بەوە کردووە دوای سەردانی کردن و دڵنیابونەوە لەتەندروستی  هونەر رەشید ئاغا لە ئێستادا هیچ کێشەیەکی نیەو لەچوارچێوەی ڕیکارە یاساییەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ و ماوەی یاسایی خۆی بەسەر دەبات و دەستەش بەردەوام دەبێت لەبەدوا داچونەکان لەهەر کاتێکدا پێویست بێت.