بۆ زەمینەسازیی یاسایی و سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، ئەمڕۆ سێشەممە 5ـی ئابی 2025، یەکەم کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی پەرلەمانیی ئەو وڵاتە بەسەرۆکایەتی نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەدەچێت. بەپێی میدیاکانی تورکیا، لە یەکەم کۆبوونەوەی کۆمسیۆنەکە، شێوازی کارکردن و ناوەکەی دیاریی دەکرێت، کارەکانی تایبەت دەبێت بە پرۆسەی ئاشتی کە لە 51 ئەندام پێکدێت، ئاکپارتی 21 ئەندامی دەبێت، جەهەپە 10 ئەندامی دەبێت، هەریەکە لە دەم پارتی و مەهەپە 4 ئەندامیان دەبێت، ئیی پارتی و یەنی یۆڵ 3 ئەندامیان بۆ دیاریکراوە، پارتەکانی دیکە کە فراکسیۆنیان نییە، هەریەکەی ئەندامێکیان دەبێت. بەگوێرەی میدیاكانی توركیا، بڕیارە لە کۆبونەوەدا، کە لە هۆڵی بۆنەكانی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت، ناوی لیژنەکەو رێکارەکانی کارکردن و پرەنسیپەکانی دیاری بکرێت، سەرەتای گفتوگۆكانیش یەكلاكردنەوەی ناوی لیژنەكە دەبێت، كە ئەم پرسە لە کۆبونەوەی نێوان نومان کورتوڵموش سەرۆکی پەرلەمان و جێگرانی سەرۆکی گروپی حزبەكان تاوتوێ کراوە، بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەكان، دروشمی سەرەکی بۆ ناوەکە، بریتین لە "هاوپشتی کۆمەڵایەتی، برایەتی و دیموکراسی". لە کۆبونەوەكەدا، باس لە پرسەکانی وەک کۆبونەوەکان بەڕووی رۆژنامەوانیدا کراوە دەبن یان داخراو، كۆنوسەكانی كۆبونەوەكە بڵاودەکرێنەوە، یان نا. نومان کورتوڵموش پێشتر رایگەیاند، لیژنەكە لە (51) ئەندام پێكدێت و بە زۆرینەی سێ لەسەر پێنجی دەنگ، بڕیارەکانیان دەدەن، هەندێک لە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانیش پێشنیازی زۆرینەی دوو لەسەر سێیان کردووە، لیژنەکە سەکۆیەک بۆ راوێژکردن لەسەر رێسا یاساییە پێویستەکان دابین دەکات. چاوەڕوان دەكرێت، کار لەسەر یاسا گرنگەکانی وەک جێبەجێكردنی سزادان، یاسای دژە تیرۆر، یاسای سزادانی تورکیا بکات و پێشنیازی نوێ بخاتەڕوو. هەروەها لیژنەکە داوای بۆچوونی پسپۆڕان دەکات و رای گشتیش لە ڕێگەی گەشتەکانی بۆ ئەنادۆڵ هەڵدەسەنگێنێت.
كەناڵی ١٢ى ئیسرائیل ئەمشەو بڵاویکردەوە بەرپرسێکی باڵا لە نوسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە: لەکۆبوونەوەى ئەمڕۆدا بڕیارەکە دراوەو لەچەند رۆژى داهاتوو کەرتی غەززە بەتەواوى داگیر دەکەین. بەوتەى بەرپرسە باڵاکە حەماس هیچ بارمتەیەک بەبێ تەسلیمبوونی تەواوى ئیسرائیل ئازاد ناکات، ئێمەش تەسلیمى حەماس نابین، ئەمەش بە واتاى ئەوەدێت سوپا دەچنە ئەو ناوچانەش تا ئێستا ئیسرائیل خۆی بەدوور گرتووە لەوەى چالاکیی سەربازی تێدا ئەنجامبدات. کەناڵە لەزارى نوسینگەى ناتانیاهۆوە ئەوەشى گواستوەتەوە کە بڕیارى ئەوەدراوە کە ئەگەر ئێستا هەڵسوکەوت و دەستپێشخەرى نەکەین، بارمتەکان لە برسێتیدا دەمرن و غەززە لە ژێر کۆنترۆڵی حەماسدا دەمێنێتەوە. هاوكات کەناڵی (١٢)ی ئیسرائیل ئاشکرایکردووە: ناتانیاهۆ خواستی لە فراوانکردنی هێرشەكان و دەستبەسەرداگرتنی تەواوی کەرتی غەززەیە. لای خۆیەوە، رۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرانۆت" لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلەوە بڵاویكردووەتەوە: ئەگەر داگیرکردنی کەرتی غەززە بۆ سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئيسرائيل (ئیال زامیر) گونجاو نییە، با دەست لەکاربکێشێتەوە، وەك وەڵامێك بۆ زامیر، كە دژی داگیركردنی تەواوەتی كەرتی غەززەیە. ئەو بەرپرسانە ئاماژەیان بەوەشکردووە: ئۆپەراسیۆنەكان ئەو ناوچانەش دەگرێتەوە کە بارمتەکانی لێیە. جەختیشانكردەوە: بڕیارەکە دراوەو بەرەو داگیرکردنی تەواوی کەرتی غەززە دەڕۆن. هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە: بڕیارە سبەی سێشەممە، ناتانیاهۆ کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ئەنجام بدات و بڕیار لەسەر ئەو بابەتە بدات.
ئێوارەى ئەمڕۆ دووکەس لە کاتی مەلەکردن لە پۆندی پریسى سەربە پارێزگای هەڵەبجە خنکاون، بەمەش ژمارەى ئەوانەى ئەمڕۆ لەئاودا خنکان گەیشتە شەش کەس. ئاکام قوتبەدین، وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە ڕایگەیاند: بەداخەوە دوو کەس لە کاتی مەلەکردن لە پۆندی پریس لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە خنکاون بە ناوەکانی محەممەد عومەر و رابەر حەمەڕەشید، تائێستا نەتوانراوە تەرمەکانیان دەربهێنرێت. هەر ئەمڕۆ دووشەممە، چوار گەنج لە سنووری بەردەڕەش خنکان، بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی لەکاتى مەلەکردن لەئاودا خنکاون بەرزبویەوە بۆ شەش کەس. بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 04-08-2025، چوار گەنج لەکاتی مەلەکردندا لە رووباری خازر لە سنووری قەزای بەردەڕەش خنکان. عەقید عاسم حازم، ئەفسەری بەرگریی شارستانیی بەردەڕەش راگەیاند، هەر چوار هاونیشتمانییەکە خەڵکی بەردەڕەشی بچووکن لە قەزاکە. بە گوتەی عەقید عاسم حازم، لەکاتێکدا 7 گەنج بۆ خواردنی نانی بەیانی چووبوونە لێواری رووباری خازر لە گوندی کانیلانی سنووری بەردەڕەش، "سەرەتا یەکێکیان بۆ خۆفێنککردنەوە چووەتە نێو ئاوەوە و بەهۆی شارەزانەبوونی لە مەلەکردندا، خنکاوە. دواتر ژمارەیەک لە گەنجەکان دوابەدوای یەکدیدا بۆ رزگارکردنی کەسانی پێش خۆیان چوونەتە نێو رووبارەکە، بەو هۆیەوە سێ کەسی دیکە خنکاون."
لە کۆبوونەوەی مانگانەی خۆیدا سەرکردەکانی ئەنجوومەنی سەربازی دێرەزوور، کۆمەڵێک بڕیار و ڕێوشوێن و ڕێکار گیراونەتەبەر بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەلامەتی ناوچەکە و پاراستنی دانیشتووانى پارێزگاکە لەو مەترسیانەى دروستبوون. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى، ئەمڕۆ دووشەممە ئەنجوومەنی سەربازی دێرەزوور کۆبوونەوەی ئاسایی مانگانەی خۆی ئەنجامدا و سەرجەم سەرکردەکانی ئەنجوومەنی سەربازی لە پارێزگاکە ئامادەبوون. کۆبوونەوەکە بۆ چاودێریکردنی پێشهاتە ئەمنی و مەیدانییەکانی ناوچەکە بووە. کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتی فەرماندەی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزوور، ئەیاد تورکی ئەلخەبیل / ئەبو عەلی فولاد بەڕێوەچووە. بەپێى ڕاگەیەندراوەکە ئامادەبووان باسیان لە دوایین پێشهاتەکانی پارێزگای دێرەزوور کرد، دیارترینیان دۆخی ئەمنی و پەرەسەندنی مەترسییەکانی داعش بوو. هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا باس لەپەرەسەندنی چالاکیی شانە نوستوەکانى داعشیانکردوە کە لە هەندێک ناوچە ئەو گروپانە سودیان لەو بۆشاییە ئەمنییەکان وەرگرتووە کە لەناوچەکەدا هەیە. لە میانی کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک بڕیار و ڕێوشوێن و ڕێکاری پراکتیکی گیراونەتەبەر بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەلامەتی ناوچەکە و پاراستنی دانیشتووان لە مەترسییە پەرەسەندووەکان. بەشداربووان جەختیان لە گرنگی هەماهەنگی هاوبەش لە نێوان هەموو دەزگا سەربازی و ئەمنییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم تەحەددایانە کردەوە. ئامادەبووان جەختیان لەسەر چڕکردنەوەی هەوڵەکان لە ماوەی داهاتوودا بۆ داخستنی بۆشاییە ئەمنییەکان و کارکردن بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لەناو پارێزگاکەدا کردەوە.
دەستەی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی تەندروستیی هونەر رەشید ئاغا بڵاوکردەوەو دەڵێت: دوای بەدواداچوون بۆمان دەرکەوت تەندروستیی جێگیرە و هیچ کێشەیەکی نییە. لەماوەی رابردوودا دەنگۆی مردنی هونەر رەشید ئاغا بڵاوکراوەیەوە، بەپێى ڕاگەیەندراوێکیان، ئەمرۆ دووشەممە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەدوا داچونیان بۆ دۆسیەی ناوبراو کردوە. لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە لەسەر فەرمانی سەرۆکی دەستە مونایاقۆ تیمێکی دەستەی ڕاسپێردراوە بۆ بەدوا داچونى کەیسی ناوبراوو تیمەکەش سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێریان کردو لەنزیکەوە لەکەڵ ئیدارەی ئاسایش گفتوگۆیان کردوە. بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی یاساو پاراستنی مافی مرۆڤ تاڤگە عمر ئاماژەی بەوە کردووە دوای سەردانی کردن و دڵنیابونەوە لەتەندروستی هونەر رەشید ئاغا لە ئێستادا هیچ کێشەیەکی نیەو لەچوارچێوەی ڕیکارە یاساییەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ و ماوەی یاسایی خۆی بەسەر دەبات و دەستەش بەردەوام دەبێت لەبەدوا داچونەکان لەهەر کاتێکدا پێویست بێت.
تۆم باراک، نوێنەری ئەمریکا لە دیمەشق، ڕۆژی دووشەممە داوای لە سوورییەکان کرد کە ناکۆکیەکانیان لە ڕێگەی وتووێژەوە چارەسەر بکەن و جەختی لەوە کردەوە کە واشنتۆن پشتیوانی لە یەکگرتوویی سووریا دەکات. ئەمەش لە پۆستێکی باراکدا هات لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس کە لەلایەن باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشق دووبارە بڵاوکرایەوە و کۆمێنتێکی لەسەر ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سویدا و مەنبەجی سوریا نووسی. باراک لە پۆستەکەیدا دەڵێت: "دوێنێ (یەکشەممە) توندوتیژی تێکدەر لە سویدا و منبج سەریهەڵدا"، ئاماژەی بەوەشکرد "دیبلۆماسی و گفتوگۆ باشترین ڕێگایە بۆ وەستاندنی توندوتیژی و بنیاتنانی چارەسەرێکی ئاشتیانە و بەردەوام". هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو وڵاتەکەى (ئەمریکا) شانازى بەوەوەدەکات کە ڕۆڵى هەبووە لەئاگربەست و ڕیککەوتن لەسوەیدا لەنێوان حکومەت و گروپە چەکدارەکانى ناوچەکە. ئەمە لەکاتێکدایە، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی هەسەدە دەڵێن: بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی دیمەشق هێرشیان کردووەتە سەر چوار بنکەمان لە گوندی ئیمام، شەڕڤانانى هەسەدە لە 20 خولەکدا رووبەڕووی هێزەکانی حکومەتی سوریا بوونەتەوە. لە بەیاننامەیەكدا كە ئەمڕۆ بڵاویكردووەتەوە، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات جەختى کردەوە دووبارەبوونەوەی ئەم دەستدرێژییانە هەڵکشانێکی بێپاساوە، هاوکات حکومەتی دیمەشق بەرپرسیارێتیی تەواوەتیی ئەم رەفتارانە دەزانێت. هەر لەو ڕاگەیەندراوەى هێزەکانى هەسەدەدا ئەوەش خراوەتەڕوو هێزەکانمان وەڵامی هێرشەکانیان داوەتەوە و بەرگرییان لە پێگەی خۆیان کردووە، شەڕی بۆ ماوە 20 خولەک بەردەوام بووە. دەشلێن: دووپاتی دەکەینەوە، بەردەوانی ئەو هێرشانە جەبێتە هۆی درووست بوونی گرژی زیاتر و مەترسیی لەسەر سەقامگیری ناوچەکە درووست دەکات. لەلایەکى دیکەوە ئێوارەی ڕۆژی شەممە، وەزارەتی بەرگری سوریا ڕایگەیاند، لە هێرشێکدا کە هێزەکانی سوریای دیموکراتی تۆمەتبار کردبوو ، لە لادێکانی منبج لە پارێزگای حەلەب (باکوور)، چوار سەرباز و سێ هاوڵاتی مەدەنی برینداربوون. ڕۆژی دواتر، ئەندامێکی ئاسایشی سوریا کوژرا و کەسانی دیکەش برینداربوون لە هێرشەکانی ئەو گروپانەی کە دیمەشق بە "دەرەوەی یاسا" وەسفیان کردبوو لە لادێکانی سویدە (باشوور) , ئەمەش پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی ئاگربەست بوو کە لە مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوودا گەیشتبووە ئەنجام.
دابەشکردنی مووچەی خانەنشینانی سەربازی و شارستانی بۆ مانگی ئابی 2025 دەستیپێکردوەو سەرۆکوەزیرانى عێراقیش، وەزارەتى دارایی فیدراڵى راسپارد، فەرمانى پلەبەرزکردنەوە و سەرەمووچەى ساڵانەى مووچەخۆران دەربکات. ئەمڕۆ دووشەممە، لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند سەرجەم رێکارەکانی پارەدارکردنی دەستەی خانەنشینی نیشتیمانی دەستپێکراوە، بۆ ئەوەی لە رێگەی بانکە تایبەتمەندەکانەوە دابەش بکرێت. هەروەها هاتووە: دواکەوتنی مووچەی خانەنشینان بەهۆی پشووی کۆتایی هەفتەی بانکەکانی دەرەوە بووە، کە ناردنی شایستە داراییەکانی فرۆشتنی نەوت دواکەوتووە، هەر ئەوەش بووەتە هۆی دوای کەوتنی حەواڵەکانی پارە کە تەنها لە رۆژانی دەوامی فەرمی ئەنجام دەدرێت. وەزارەتی دارایی دڵنیایی داوە لەوەی کە مووچەی ئەمساڵ بە تەواوەتی دەستەبەر کراوە و ئەو هەواڵانەی باس لە کەمی پارەی نەختینە دەکەن دوورە لە راستییەوە، داوا لە خانەنشینان دەکات لە ئەمڕۆوە چاودێریی ئاگادارکردنەوەی بانکەکان بکەن، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا دابەشکردنی مووچە دەست پێدەکات و مووچەکانیان دەچێتە سەر ئەژمارەکانیان. لەلایەکى دیکەوە نووسینگەى راگەیاندنى سەرۆکوەزیرانى عێراق بڵاویکردەوە، سودانى، وەزارەتى دارایی راسپارد فەرمانى پلەبەرزکردنەوە و سەرەمووچەى ساڵانە دەربکات و بڕوانامەى بەدەستهاتوو لەکاتى خزمەت هەژمار بکرێت، لەپێناو پاراستنى پلەکانى رێکخستن و مافى بەدەستهاتوو بۆ سەرجەم فەرمانبەرانى دەوڵەت. هەروەها سەرۆکوەزیران، وەزارەتى دارایی فیدراڵى راسپارد بە هەژمارکردنى گۆڕانکارییەکان و مافى دارایی بەگوێرەى خشتەکانى خەرجى و ناونیشان و پلەى وەزیفى نوێ لە چوارچێوەى رێکارە یاساییەکاندا. وەزارەتى دارایی عێراق لە 17ـى کانوونى دووەمى ئەمساڵ رایگەیاند، ماف و شایستەى دارایی سەرجەم مووچەخۆران لە پلەبەزرکردنەوە و سەرەمووچە بەگوێرەى پارێزراوە و ئەو گشتاندنەى بە ژمارە 555 بۆ ساڵى 2025 کراوە بۆ راگرتنى خزمەتگوزارییەکانى گواستنەوە، پلە بەرزکردنەوە و هەژمارى خزمەتى گرێبەستەکان، رێکارێکى رێکخراوەییە و ساڵانە پشت دەبەستێت بە تەرخانکراوە داراییەکان. هەروەها حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ساڵى 2016ەوە پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەرانى شارستانى راگرتووە. دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب لە عێراق لەکاتێکدایە، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تائێستا مووچەی مانگی حوزەیران (شەش)یان وەرنەگرتووە، دوای زیاتر لە 80 رۆژیش، رۆژی (25ـی تەمموزی 2025) مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەشکرا.
بارزانی لەسەر کێشەکانى هەرێم و حکومەتی فیدراڵ ڕایدەگەیەنێت، گەڕانەوە بۆ پڕەنسیپەکانی تەوافق و تەوازن و شەراکەت باشترین چارەسەرە و ئێمە دەمانەوێ دەستور جێبەجێ بکرێت. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆنامەوانى ڕۆژی دووشەممە 4ی ئابی 2025 لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی پێشوازی لە كریستیەن هۆهمەن باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق كردوە. لە دیدارەکەدا بارزانی تایبەت بە پەیوەندییەکانی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ ئاماژەی بەوەدا، گەڕانەوە بۆ پڕەنسیپەکانی تەوافق و تەوازن و شەراکەت باشترین چارەسەرە و ئێمە دەمانەوێ دەستور جێبەجێ بکرێت. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا ئەوەشى وتووە کە ئێمە شتێکی زیاتر لە چوارچێوەی دەستورمان داوا نەکردووە، بەڵام بە کەمتریش لەوە رازی نابین کە دەستور بە گەل و هەرێمی کوردستان داوە. بەپێى ڕاگەیەندراوەکە لە دیدارەکەدا کە باڵیۆزی ئەڵمانیا بە مەبەستی ماڵئاوایی و کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی سەرۆک بارزانی کردبوو و ئاڵبێرت ڤۆن ویتكێ کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا ئامادەییبوو، بارزانی سوپاسی ڕۆلی ئەڵمانیا و یەکێتی ئەوروپای کرد بۆ پشتگیری لە قەوارەی دەستوریی هەرێمی کوردستان. بەپێی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، لە بارەی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، بارزانی ئاماژەی بەوەداوە دوای کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، تێگەیشتنی باشتر هەیە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و ئومێدەوارین پێش هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پێک بهێنرێت. بارودۆخی سیاسی و دوایین گۆڕانكارییەكان لەسەر ئاستی ناوچەكە و عێراق و جەختکردنەوە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئەڵمانیا تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەبوون.
ەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیاری بەرزکردنەوەی پلەی زیاتر لە 12 هەزار پێشمەرگە و پلەداری داوە. ئەم بڕیارە ئەو کارمەندانە دەگرێتەوە کە سەر بە دیوانی وەزارەت و لیواکانی پیادەن و لە چوارچێوەی خشتەی پلەبەرزکردنەوەی نەورۆزی ساڵی 2025دا دێت. بەپێی راگەیێندراوەکە، بڕیارەکە پاڵپشت بە فەرمانی وەزاری و بەپێی ماددەی 14 لە سیستمی ژمارە 6ی ساڵی 2011ی تایبەت بە پەیڕەوی راژە و خانەنشینی پێشمەرگە (یاسای ژمارە 38ی ساڵی 2007) دەرچووە. هەروەها لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بە فەرمانی بەڕێوەبەرایەتیی ئیدارەی گشتی ژمارە (6033) کراوە، کە لە ساڵی 2011 دەرچووە و تایبەتە بە رێنوێنییەکانی پلە بەرزکردنەوە. پلەبەرزکردنەوەی پێشمەرگە و ئەفسەران بەپێی خشتەیەکی ساڵانە ئەنجام دەدرێت و ئەم بڕیارە نوێیە وەکو بەشێک لە ماف و شایستەکانی ئەو پێشمەرگانە دێت کە مەرجەکانی پلەبەرزکردنەوەیان تێدایە.
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی هەسەدە دەڵێن: بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی دیمەشق هێرشیان کردووەتە سەر چوار بنکەمان لە گوندی ئیمام، شەڕڤانانى هەسەدە لە 20 خولەکدا رووبەڕووی هێزەکانی حکومەتی سوریا بوونەتەوە. لە بەیاننامەیەكدا كە ئەمڕۆ بڵاویكردووەتەوە، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات جەختى کردەوە دووبارەبوونەوەی ئەم دەستدرێژییانە هەڵکشانێکی بێپاساوە، هاوکات حکومەتی دیمەشق بەرپرسیارێتیی تەواوەتیی ئەم رەفتارانە دەزانێت. هەر لەو ڕاگەیەندراوەى هێزەکانى هەسەدەدا ئەوەش خراوەتەڕوو هێزەکانمان وەڵامی هێرشەکانیان داوەتەوە و بەرگرییان لە پێگەی خۆیان کردووە، شەڕی بۆ ماوە 20 خولەک بەردەوام بووە دەشلێن: دووپاتی دەکەینەوە، بەردەوانی ئەو هێرشانە جەبێتە هۆی درووست بوونی گرژی زیاتر و مەترسیی لەسەر سەقامگیری ناوچەکە درووست دەکات. هاوکات دووپاتى ئەوەدەکەنەوە کە حکومەتی دیمەشق بەرپرسیاری ئەو هەڵوسکەوتانەیە، لەبەیاننامەکەدا هاتووە: هێزەکانمان ئەمڕۆ لە هەرکاتێک زیاتر ئامادەن بۆ بەکارهێنانی مافی وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانە بەوپەڕی هێز و ئیرادەوە. هێزەکانمان وەڵامی هێرشەکەیان دایەوە بەوشێوەیەی پێویست دەكات بۆ بەرگریکردن لە پێگەو شەڕڤانەكانیان، بەوهۆیەوە پێکدادان سەریهەڵدا کە بۆ ماوەی ٢٠ خولەک بەردەوام بوو.
ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاندووە: سوریا لە دوای روخانی رژێمی ئەسەد لە(8)ی کانونی یەکەمی 2024وە، گۆڕانکاری ریشەیی سیاسی و جیۆپۆلەتیکی بەخۆیەوە بینیوە، کە لە بەرەی ئێران و روسیاوە گواستراوەتەوە بۆ بەرەكەی دژی، ئەوەشی بە گۆڕانکارییەكی چۆنایەتیی ناوبردووە. عەبدی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی (Yeni Yaşam) ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، پێی وابووە، رژێمی ناوەندگەرایی و تۆتالیتاری لە سوريا چیتر توانای بەردەوامبونی نییە، بەتایبەت دوای جەنگێك كە (١٤) ساڵى بەردامبوو. ئاماژەی بەوەشکردووە: ئێستا سوریا پێویستی بە گۆڕانکاری جەوهەریی ناوخۆیی هەیە، بەرەو سیستەمێکی نا ناوەندی، کە رێگە بە هەموو پێکهاتەکانی دانیشتوان بدات رۆڵی سیاسی و ئیداری خۆیان بگێڕن. رونیشکردەوەتەوە: رێککەوتنی (١٠)ی ئازار لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا، دەرئەنجامی زنجیرەیەک کۆبونەوە بووە کە لە کۆتاییەکانی کانوونی دووەمی (٢٠٢٤) لە دیمەشق دەستی پێکردووە، بەڵام لە سەرەتادا سەرکەوتوو نەبوون. وتوشەیەتی: گفتوگۆکە بەردەوام بوو، بە نێوەندگیری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەمریکا و بەریتانیا، تا رۆژی (10)ی ئادار دووەم کۆبونەوە ئەنجامدرا، کە تێیدا رێککەوتنی ئاگربەستی سەرتاسەری کرا، لە سایەی مەترسی پەرەسەندنە تائیفی و پێکدادانەكان لە ناوچە جیاجیاکانی سوریا. فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكراتی لە بەشێكی تری چاوپێكەوتنەكەدا وتوشیەتی: ئامانجی رێککەوتنەکە بەدیهێنانی ئاگربەست و یەکخستنەوەی سوریایە کە بەسەر چوار دەسەڵاتی جیاوازدا دابەشکرابوو، پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان پێكهاتەكانی سوریا بووە هۆی خێراکردنی ئەم رێککەوتنە، بەمەبەستی رێگریکردن لە سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ و، دڵنیابوون لە گەڕانەوەی خەڵکی سڤیل بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
سەرۆکی دەستەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان رایگەیاند، بۆ یەکەمجار و لە عێراق، تووشبووانی نەخۆشیی شێرپەنجە مووچەیان بۆ دەبڕدرێتەوە. رۆژنامەی سەباح رایگەیاند، حکومەتی عێراق لە هەوڵدایە مووچەی مانگانە بۆ تووشبوانی شێرپەنجە دابینبکات و بۆ ئەمە مەبەستەش لیژنەیەک پێکهێنراوە، ئەمەش یەکەمجارە هەوڵی بڕینەوەی مووچە بۆ ئەو چینە لە وڵاتەکە بدرێت. بریکاری وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵاتی عێراق بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، لیژنەیەکی تەندروستى و کارگێڕییان پێکهێناوە بۆ بەدواداچوونى دۆسیەى ئەو هاووڵاتییانەى تووشى نەخۆشى شێرپەنجە بوون تا لەنێو بەرنامەى چاودێریکردنى خاوەن پێداویستى تایبەتدا بە هاوکاریی وەزارەتى تەندروستى مووچەى تایبەتی مانگانەیان بۆ دابینبکرێت. ئەوەش هاتووە بۆ ئەو مەبەستە لە پارێزگاى کەربەلاوە دەستپێدەکەن و بەشێوازیی ریزبەندى و تەواوبوونى کارەکان سەرانسەرى عێراق دەگرێتەوە. ئەو بریکارەی وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵاتی عێراق باس لەوە دەکات، ئەم مووچەیە تەنها دەستبارێکە بۆ هاوکاریکردنی ئەو کەسانەى تووشى نەخۆشییەکە بوون و هیچ پەیوەندییەکی بە مووچەى دیکەوە نییە. هاوکات نە رۆژنامەکە و نە وەزارەتیش ئاماژەیان بە بڕی مووچەکە نەکردووە و ناشزانرێت تووشبوانى شێرپەنجەى هەرێمى کوردستانیش دەگرێتەوە یان نا. بەگوێرەی ئامارێکی وەزارەتی تەندروستی عێراق، 200 هەزار حاڵەتی شێرپەنجە لە وڵاتەکە بوونی هەیە و تەنها لە 2022 زیاتر لە 39 هەزار کەیسی نوێ تۆمارکراون. لە ساڵی 2023ش نزیکەی 10 هەزار حاڵەتی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.
وەزارەتی ناوخۆی سوریا، ڕایدەگەیەنێت گرووپە تاوانکارییەکان لە سوەیدا ئاگربەستیان شکاندوە، هاوکات گروپە چەکدارەکانی سوەیداش بەوەتۆمەتبار دەکات خۆراک و هاوکارییەمرۆییەکان دەدزن بۆیە ناردنى ئەو کۆمەکانەیان ڕاگرتووە. ئەمڕۆ جارێکى دیکە دۆخی باشووری سوریا ئاڵۆزبویەو شەڕو پێکدادان دروستبوویەوەو تائیستاش دووکەس کوژراون، حکومەت و گروپە چەکدارەکانیش یەکترى بەوە تۆمەتباردەکەن کە ئاگربەست و رێککەوتنەکەیان پێشێلکردوە، ئەمەش وایکردوە حکومەتى دیمشق ڕێڕەوی مرۆیی بەسەر سوەیدا داخستووەو ڕێگەنادات هاوکاریەکان بگەنە ئەو پارێزگایە. لەبەیاننامەیەکیاندا وەزارەتی ناوخۆی سوریا دەلێن گرووپە تاوانکارییەکان لە سوەیدا هێرشیان کردوەتە سەر هێزە ئەمنییەکان، چەند ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان کوژران و بریندار بوون. وەزارەتى ناوبراو باس لەوەشدەکەن گرووپە چەکدارەکان بە پاڵنەری کەسیی سەرکردەکانیان دەیانەوێت پشێوی بنێنەوە، دەشڵێن: گرووپە چەکدارەکانی سوەیدا کۆمەک و هاوکارییەکان دەدزن. ئەم ئاڵۆزییەش هاوکات بوو لەگەڵ بەردەوامی لەشکرکێشیەکانی ئیسرائیل، کە هەڵکوتانە سەر گوندە سنوورییەکانی سوریا، هاوکات لەگەڵ هێرشی ئاسمانی لە باشووری سوریا. بەپێى ڕاپۆرتێکى ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانى مرۆڤ، ئەمڕۆ لەدوو ناوچەى جیاوازى لادێکانى پارێزگاى سوەیداى سوریا، گڕژى و پێکدادانی توندوتیژى نێوان گروپە چەکدارییەکان و ئەندامانی ئاسایشی ناوخۆى حکومەت دروستبووەو بەپێى ئامارێکى سەرەتایش دوو کەس کوژراوە و نۆ کەسی دیکەش برینداربوون. هەر بەپێى ئەو ڕاپۆرتە، یەکێک لە کوژراوەکانی شەڕەکەی سوەیدا هاووڵاتیی درووزە و ئەوەی دیکە لە هێزە ئەمنییەکانە، چەکدارانی درووز ناوچەی تەل حەدیدیان لە رۆژئاوای سوەیدا کۆنترۆڵکردووە. تەل حەدید شوێنێکی بەرزە لە لادێکانی ڕۆژئاوای سوەیدا، ڕووی لە ناوچە بەرفراوانەکانە، لەوانە شارۆچکەی ثعلە و ناوچەکانی دەوروبەری. هەروەها ڕووی لە ڕێگا گرنگەکانە ئەمەش وایکردووە ببێتە خاڵێکی سەرەکی کۆنترۆڵکردن بۆ ناوچەکانی دەوروبەری.
ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) ڕایگەیاند، بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە مانگی ئەیلولی داهاتوودا بۆ ٤ ملیۆن و ٢٢٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیاد دەکات، بەدەر لە پلانەکانی قەرەبووکردنەوە. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوەکە کەئەمڕۆ یەکشەمە بڵاویکردەوە ئەوەدەخاتەڕوو پشکی ڕاستەقینەی عێراق لە مانگی ئەیلولدا 4 ملیۆن و 663 هەزار بەرمیل دەبێت لە ڕۆژێکدا، ئەمەش بە بەراورد بە مانگی ئاب 12 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیادیکردووە. ڕاپۆرتەکە ئەوەش باسدەکات ئەم زیادبوونە لە چوارچێوەی پلانی سوککردنی وردە وردە بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی خۆبەخشی زیادە دێت کە لە ساڵی 2023ەوە هەشت وڵات پابەندبوون پێیانەوە. ئەو هەشت ئەندامەی ئۆپێک+ کە بریتین لە وڵاتانی سعودیە، ڕووسیا، عێراق، ئیمارات، کوێت، کازاخستان، جەزائیر و عومان، پێشتر لە مانگەکانی نیسان و تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ دەستکاریی خۆبەخشی زیاتریان ڕاگەیاندبوو، لە ٣ی ئابی ٢٠٢٥ لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا، بۆ پێداچوونەوە بە پێشهاتەکانی بازاڕی نەوت و ئاسۆکانی داهاتوو.
وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایدەگەیەنێت ١٢٠ ملیار دینارى داهاتى ناوخۆ ئامادەیەو هەرکات گرفتى وەرگرتنى کێشەی نەوت چارەسەر بوو ئەوا دەینێرین، هێشتا حکومەتى عێراق ڕەزامەندى نەداوە بۆ وەرگرتنى ئەو بڕەى نەوتەى ئێستا لەهەرێم بەرهەمدێت. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند: داهاتی نانەوتی مانگی شەش کە بڕەکەی 120 ملیار دینارە، ئامادەیە بۆ ناردن، بەڵام کێشەی بەغدا ئێستا وەرگرتنی بڕی نەوتی بەرهەمهێنراوە، دەبێت بەغدا بەو بڕە ڕازی بێت کە ئێستا لە توانای کێڵگە نەوتییەکاندایە، کە ئەم کێشەیە چارەسەر بوو ناردنی پارەکە ئاسانە. توانای بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان ئێستا نزیکەی 150 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا. ئەگەر کێشە ئەمنییەکان چارەسەر بکرێن و دڵنیایی بدرێتە کۆمپانیاکان، پێشبینی دەکرێت ئاستی بەرهەمهێنان بەرزببێتەوە بۆ 280 هەزار بەرمیل، کە لەو بڕە 230 هەزار بەرمیلی دەدرێتە بەغدا. رۆژی یەکشەممە، سێی ئابی 2025، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند. ئەمڕۆ لیستی مانگی تەممووزی مووچەخۆرانیان لە رێگەی تیمێکی تەکنیکییەوە رەوانەی بەغدا کردووە. ناردنی لیستی مووچەی مانگی تەممووز لە کاتێکدایە، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هێشتا مووچەی مانگی حوزەیرانیان وەرنەگرتووە. زیاتر لە مانگێکە لیستی مووچەی مانگی حوزەیران بۆ بەغدا نێردراوە. بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان وتى، "لە بەغدا وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی حوزەیران تەواو بووە، تاوەکو ئێستا هیچ تێبینییەکیان لەسەر لیستەکە پێ نەوتووین." ئێستا لیستی مووچەی هەردوو مانگی شەش و حەوت لە بەغدایە، هاوشان لەگەڵ تەرازووی پێداچوونەوەی دارایی مانگی شەش. تیمەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی ئامادەکردنی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی حەوتن تاوەکو پێش 15ـی مانگ بیدەنە بەغدا. لەبارەی پرسی مووچە و نەوت، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دوێنێ رایگەیاند، ''کۆبوونەوەمان لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا هەبوو. ئەوانیش پێیان وایە نابێت چارەسەرکردنی ئەم بابەتە چی دیکە لەلایەن حکومەتەوە (فیدراڵی) دوابخرێ.'' شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە کرد، ''گوشارێک هەیە لەسەر حکومەتی فیدراڵی بۆ ئەوەی پەلە بکرێت لە هەناردەکردنەوەی نەوت و خەرجکردنی مووچەی هەردوو مانگەکانی حوزەیران و تەممووز.''