بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ هەینی 02-01-2026 کەش/ ئاسمان هەوری تەواو دەبێت، بارانی مامناوەند لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین و ئیدارەی سۆران بەردەوامی دەبێت لە ناوچەکانی تر نمە باران و بارانی مامناوەند بە شێوەی پچڕپچڕ دەبارێت، هەروەها لە ناوچە سنوریەکان بەفر بارین بەردەوامی دەبێت . لەکاتەکانی شەودا کەش ئاسایی دەبێتەوە کۆتایی بە شەپۆڵی بەفر و باران دێت . خێراى با / لەسەرخۆ - مامناوەند ( 10 – 20 ) کم/ک. ئاراستەی با / باکووری خۆرئاوا دەبێت . پلەکانی گەرما / بە 1 تــــا 2 پلە نزمتر دەبێت بەراورد بە تۆمارکراوی دوێنێ . مەوداى بینین / لەنێوان ( 7 – 9 ) کم دەبێت، لەکات و وشوێنی دابارین ( 4-6 ) کم دەبێت. سبەى شەممە 03- 01- 2026 کەش/ ئاسمان نیمچە هەور بۆ پەڵە هەور دەبێت، لە کاتەکانی بەیانی زوودا لە هەندێک ناوچە ئەگەری دروست بوونی تەم هەیە . خێراى با / لەسەرخۆ ( 05 – 15 ) کم/ک. ئاراستەی با / باکووری خۆرئاوا دەبێت . پلەکانی گەرما / نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ وەک لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە. مەوداى بینین / لەنێوان ( 7 – 9) کم دەبێت . بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر : 9 پلەی سیلیزی سلێمانی : 8 پلەی سیلیزی دهۆک : 9 پلەی سیلیزی زاخۆ : 8 پلەی سیلیزی کەرکوک : 10 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 8 پلەی سیلیزی گەرمیان : 12 پلەی سیلیزی
ئێران خۆی ئامادە دەکات و ئیسرائیلیش بەنیازی هێرشە ئامادەکردنی هاوڵاتی بەپێی راپۆرتی زۆربەی میدیا جیهانییەکان، ساڵی 2026 گەڕی دووەمی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران دەستپێدەکاتەوە و دەڵێن، ئیسرائیل لە هێرشەکەی پێشوو رازی نییە و دەیەوێت ئەمجارە تووندتر لە ئێران بدات. چی دەگوزەرێت؟ لە چەند هەفتەی رابردوودا بەرپرسانی ئیسرائیل دوودڵی و ترسی خۆیان بۆ ئیدارەی ترەمپ دەربڕیوە کە تاران خەریکی خۆ بنیادنانەوەیە لەرووی بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستیکی، بەهێزکردنی سیستمی بەرگری و بنیادنانەوەی بەرنامەی چەکی ئەتۆمی. پێگەی ئاکسیۆسی ئەمریکی دەڵێت، لە سەردانەکەی ئەم هەفتەیەی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بۆ لای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، باسی هێرشکردنەوە بۆ سەر ئێران کراوە و لە کۆبوونەوەکەدا نەتانیاهۆ بابەتەکەی ورووژاندووە. بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئاکسیۆسی راگەیاندووە، بە ئەگەری زۆرەوە ترەمپ پشتگیری هێرشەکە دەکات ئەگەر یەکلابێتەوە ئێران هەنگاوی جیدی دەنێت بۆ بنیادنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی. تەنانەت لە دوای کۆبوونەوەکە ترەمپ بە ئاشکرا گوتی، بیستوومە ئێران خەریکی بنیادنانەوەی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەیەتی و ئەگەر وابێت ئەوا دیسان دەبێت لێیان بدەین و خاپووری بکەین. بەڵام میدیای ئیسرائیل باسی شتێکی دیکە دەکات و دەڵێت، ترسی ئیسرائیل زیاتر لە بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستیکی ئێرانە نەوەک بەرنامە ئەتۆمییەکەی. راپۆرتێکی رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل باس لەوە دەکات، ئێران خۆی ئامادەکردووەتەوە و بەشێوەیەکی فراوان مووشەکی بالیستیکی بەرهەمدەهێنێت. لە جەنگی 12 رۆژەی هەردوولادا، ئیسرائیل بەشێوەیەکی فراوان سەکۆ مووشەکییەکان و سیستمی بەرگری ئێرانی تێکشکاند. کەناڵی ئێن بی سی نیوزی ئەمریکیش لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلییەوە ئاشکرایکردووە، ئێران هەنگاو دەنێت بۆ بەرهەمهێنانی سێ هەزار مووشەکی بالیستیکی لە ساڵێکدا. بەگوێرەی راپۆرتێکی دیکەی ئەلمۆنیتەر، بەرپرسانی ئیسرائیل ئێستا پێیانوایە ئێران خاوەنی دوو هەزار مووشەکی بالیستیکییە، ئەمەش هەمان ژمارەیە کە پێش جەنگی 12 رۆژە هەیبوو. ئیسرائیل لە چی دەترسێت؟ لە جەنگی 12 رۆژە، ئێران زیاتر لە 500 مووشەک و هەزار درۆنی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، بەڵام سیستمی بەرگری وڵاتەکە و سیستمی بەرگری ئەریکا زۆربەی ئەوانەی خستەخوارەوە. شیکەرەوانی ئیسرائیل باس لەوە دەکەن کە تەنها 38 مووشەکی ئێرانلەو سیستمانە تێپەڕیووە و کارەساتێکی گەورەی دروستکردووە، چونکە 28 کەس کوژران، زیاتر لە دوو هەزار ماڵ و 240 باڵەخانەش وێران بوون، 13 هەزار ئیسرائیلیش ئاوارەبوون. تایمز ئۆف ئیسرائیل دەڵێت، لە گەڕی دووەمی جەنگدا دەبێت ئیسرائیل ئاگاداری سیستمی بەرگریی بێت چونکە ئەو مووشەکانەی ئەمریکا بەرهەمی دەهێنێت و بۆ بەرگری لە ئیسرائیل لە جەنگی پێشوودا بەکاریهێنا %25ـی رۆشتووە و تێچوویەکی زۆر گەورەشی هەیە کە 12 ملیۆن دۆلارە بۆ هەر مووشەکێک، ئەمە جگەلەوەی بەرهەمهێنانیشی خاوە بەرامبەر مووشەکەکانی ئێران کە بە ماوەیەکی زووتر دروست دەکرێن، ئەمەش ناهاوسنەگی دروست دەکات و رەنگە ئەمجارە ئێران زیانی زیاتر بدات. کەی جەنگەکە دەستپێدەکات؟ ئاکسیۆس دەڵێت، نەتانیاهۆ و ترەمپ باسی کاتی هێرشیان نەکردووە، بەڵام کەناڵی ئێن بی سی نیوز دەڵێت، لە هێرشی پێشوودا نەتانیاهۆ چوار بژاردەی خستووەتە بەردەم ترەمپ بۆ لێدان لە ئێران کە لەمانە پێکهاتبوون: هێرشی ئیسرائیل بە تەنیا، هێرشی ئیسرائیل و یارمەتییەکی کەمی ئەمریکا، هێرشی هاوبەش، یان هیرشێک بە سەرپەرشتی ئەمریکا. ئێن بی سی نیوز باس لەوە دەکات، رەنگە نەتانیاهۆ هەمان چوار بژاردەی خستبێتەوە بەردەم ترەمپ بۆ ئەوەی یەکێکیان هەڵبژێرێت. پێشتریش لەمۆنیتەر لە زاری دیپلۆماتکارانی ئەوروپییەوە ئاشکرایکرد، هێرشی ئیسرائیل لە 2026 ئەگەری زۆرەوە و لەماوەی ئەو ساڵەدا روودەدات. قسەی ئاشکرای ترەمپ و راپۆرتی میدیا ئەمریکییەکان بەرپرسانی ئێرانی تووڕە کردووە، یەکێک لەوانە مەسعود پزشکیان، سەرۆکی ئێرانە کە رایگەیاند، هیچ دەستدرێژکارییەکی ستەمکارانە لە کەس قبوڵ ناکەین و ئەمجارە وەڵاممان سەخت و وێرانکەر دەبێت.
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی بەریتانیا، ڕایگەیاند، لە ساڵی 2025دا، 41 هەزار و 472 کۆچبەری نایاسایی بە بەلەم گەیشتوونەتە ئەودیوی کەناڵی ئینگلیزی. پێنجشەممە 1ـی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی بەریتانیا، ئاماری ساڵی ڕابردووی 2025ـی لە بارەی ئەو کەسانەوە ئاشکراکرد کە بە شێوەیەکی نایاسایی ڕوویان لەو وڵاتە کردووە، بە گوێرەی ئامارەکە تەنها لە ساڵی ڕابردوودا، 41 هەزار و 472 کەس بە شێوەیەکی نایاسایی گەیشتوونەتە بەریتانیا، ئەم ژمارەیە بەراورد بە ساڵی 2024 کە نزیکەی 36 هەزار و 800 کۆچبەر ڕوویان لە بەریتانیا کردووە بە ڕێژەی ١٣% زیادی کردووە. بە گوێرەی ئاماری نوێی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی بەریتانیا، ئەم ژمارەیە دووەم گەورەترین ژمارەی پێوانەیی کۆچبەرانە لە مێژوودا کە ڕوویان لەو وڵاتە کردووە، دوای ئەوەی لە ساڵی 2018، نزیکەی 46 هەزار کەس کەناڵی ئینگلیزیان بەزاند و خۆیان گەیاندە بەریتانیا. وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە نێوان 15ـی تشرینی دووەم و 12ـی کانوونی دووەمی 2025 هیچ پەڕینەوەیەک تۆمارنەکراوە، ئەمەش تاڕادەیەک ئاساییە، چونکە لە مانگی کانوونی دووەمدا بە شێوەیەکی ئاسایی هەوڵەکانی پەڕینەوە کەمدەبێتەوە بەهۆی کەشوهەوای سارد و بارودۆخی سەختەوە. هاوکات دەسەڵاتدارانی بەریتانیا ڕووبەڕووی فشاری زیاتر دەبنەوە بەهۆی تێچووی جێگیرکردنی کۆچبەران، ڕۆژانە ملیۆنان پاوەن خەرج دەکەن بۆ نیشتەجێکردنیان لە هۆتێلەکاندا. ئەمە لە کاتێکدایە پێش مانگێک، شەبانا مەحموود، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، ڕایگەیاندووە، بەم زووانە لە پەرلەمانی وڵاتەکەی پرۆژە یاسایەک پەسەند دەکرێت، تایبەتە بەو کەسانەی داوای مافی پەنابەری لە بەریتانیا دەکەن، بە گوێرەی پرۆژە یاساکە، ئەو کۆچبەرانەی ڕەزامەندی مانەوەیان پێدەدرێت، مافی پەنابەرێتیان پێ نادرێت تەنیا مانەوەی کاتی دەبێت. بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، لەوەتەی پارتی کرێکاران دەسەڵاتی گرتووەتە دەست نزیکەی 50 هەزار کۆچبەری نایاسایی لە بەریتانیا دەرکراون. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا لە گۆڕانکارییە نوێیەکانیدا لە سیستەمی کۆچبەری و پەنابەریدا سوود لە ئەزموونی دانیمارک وەردەگرێت، کە یەکێک لە توندترین سیستەمەکانی پەنابەری هەیە لە کیشوەری ئەورووپا و توانیویەتی ژمارەی پەنابەران بگەیەنێتە نزمترین ئاست لە 40 ساڵی ڕابردوودا.
تیمی هەژمای من لەبارەی کێشەکانی (بانکی ئیسلامی) و بانکی (بانکی بازرگانی عێراق - تی بی ئای) دڵنیایی بە مووچەخۆرانی بەشداری ئەو بانکانە دەدات، لە ساڵی نوێوە ڕێکاری جیاواز لەگەڵ ئەو بانکانە دەگرینەبەر کە کەموکوڕیان هەیە بەرامبەر مووچەخۆران. تیمی هەژماری من بە ئاڤایان ڕاگەیاند، مووچەخۆرانی بەشدار لەو دوو بانکە گلەییان لە کەمی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارەی (بانکی ئیسلامی) هەبووە، ئاگاداری بانکەکەمان کردووەتەوە. وەڵامی بانکەکە ئەوەبووە دوای سەری ساڵ ئەم کێشەیە چارەسەر دەکەن و ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە زیاد دەکەین. لەبارەی بانکی بازرگانی عێراق (تی بی ئای) تیمی هەژماری من دەڵێن، ئەم بانکە کەموکوڕی زۆریان هەیە، بەڵام مووچەخۆرانی بەشدار لە سلێمانی پێداگربوون لەسەر بەشدارییان لەم بانکە، بەڵام ئێستا گلەییان لێی هەیە، ئەو بانکەشمان ئاگادارکردوەتەوە، کەموکوڕییەکانی چاک نەکات، ڕێکاریان بەرامبەر دەگیرێتەبەر. لە ماوەی ڕابردوودا مووچەخۆران لە سلێمانی و هەولێر کێشەیان لەگەڵ بانکی (تی بی ئای) هەبوو، بەهۆی ئەوەی ئەی تی ئێمەکان کەمە و زوو پارەیان تێدا نەدەما، هەژماری من ئەو بانکەی ئاگادار کردەوە و بەڵێن درا کێشەکە چارەسەر بکات، هەروەها زۆرن ئەو مووچەخۆرانەی چەند مانگێکە ئەژماری بانکییەکانیان لە (تی بی ئای) پڕکردووەتەوە و هێشتا مامەڵەکانیان نەگەڕاوەتەوە و کارتیان بۆ دروست نەکراوە.
ئەندامێکی چوارچێوەی هەماهەنگی، ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا لایەنەکان ڕێکنەکەوتوون لە سەر دیاریکردنی یەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، بۆیە هەفتەی داهاتوو چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ تاوتوێکردن و دەستنیسانکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو کۆدەبێتەوە. پێنجشەممە 1ـی کانوونی دووەمی 2026، عودەی عەبدولهادی ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی، ڕایگەیاند، هێزەکانی پێکهێنەری چوارچێوەی هەماهەنگی سەرەتای هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی گرنگ ئەنجام دەدەن بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێک، دیارترینیان گەیشتنە بە کۆدەنگی لەسەر کاندیدێک بۆ سەرۆک وەزیرانی داهاتوو. ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا ژمارەی کاندیدەکان بۆ ئەم پۆستە کەمکردوەتەوە بۆ سێ کەس، ڕوونیشیکردەوە، بە هۆی هەبوونی بیروڕای جیاواز و داواکاریی لایەنەکانی نێو هاپەیمانێتییەکە تاوەکو ئێستا نەتوانراوە کاندیدێک بۆ سەرۆک وەزیرانی داهاتوو یەکلایی بکرێتەوە. عودەی عەبدولهادی، گوتویەتی،"لە کۆبونەوەی داهاتوو ڕەنگە دیدگای لایەنەکان لێک نزیک بێت و کەسێک بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان بکرێت، بەڵام هەمیشە دەبێ ئەوەمان لە بیر بێت لەم جۆرە کۆبونەوانەدا ئەگەری ڕوودای پێشبینینەکراو و سەرسوڕهێنەر هەیە". دوای دانیشتنی یەکەمی پەرلەمانی عێراق، بە تایبەتی دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، گفتوگۆکان لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا چڕتر دەبنەوە سەبارەت بە چۆنییەتی قۆناغی داهاتووی سیاسی عێراق، بەتایبەتی دوای ئەوەی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان پێداگری خۆی لەسەر کاندیدکردنی محەمەد شیاع ئەلسودانی بۆ خولی دووەم ڕاگەیاند، هاوکات ناوەکانی دیکەی ناو چوارچێوەکەش کێبڕکێ دەکەن بۆ ڕۆڵی سەرکردایەتی لە حکومەتی داهاتوودا. هەروەها پرسی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەگەڵ دەرئەنجامەکانی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی، ڕۆڵی گرنگی دەبێت لە پاراستنی هاوسەنگی نێوان هێزە شیعە و سوننە و کوردییەکان، ئەمەش وایکردووە کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتوو لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا ببێتە خاڵێکی سەرەکی لە داڕشتنی تایبەتمەندییەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بۆ حکوومەتی داهاتووی عێراق.
وەرگرتنی دۆلاری سپی لە سلێمانی بۆ 20% کەم دەکرێتەوە و بۆ جێبەجێکردنی هەنگاوێکی لەو جۆرەش هەولێر چاوەڕێی دهۆکە. جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارمان داوە وەرگرتنی دۆلاری چاپی سپی لە 30%ـەوە بکەینە 20% و لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە کاری پێ دەکرێ." پێشتر لە مامەڵە داراییەکان بە دۆلار، لە وەرگرتنى دۆلاردا 70%ـی چاپی شین و 30%ـی چاپی سپی بە بەهاى بازاڕ مامەڵەی پێوە دەکرا. ئەگەر رێژەی دۆلارە سپییەکە لە 30% زیاتر بووایە، بە نرخێکی کەمتر وەردەگیرا. جەبار گۆران رایگەیاند، بەگوێرەى بڕیارە نوێیەکە ئەگەر رێژەى دۆلارى سپى 20% زیاتر بێت بە نرخى کەمتر وەردەگیرێت. ئێستا لە هەردوو پارێزگاى هەولێر و دهۆک کار بە رێژەی 30%ـی دۆلاری سپی دەکرێ لە مامەڵەى ئاڵوگۆڕى دراو. سیامەند مەولوود، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەگەر دهۆکیش هەمان هەنگاوی سلێمانی بنێت و وەرگرتنی دۆلاری سپی کەم بکرێتەوە بۆ 20%، ئێمەش هەمان بڕیار دەدەین و ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو (4ـی کانوونی دووەم) بڕیار لەو بارەیەوە دەدەین." بەهای 100 دۆلاری چاپی سپی بەراورد بە چاپی شین لە بازاڕدا، سێ بۆ چوار هەزار دینار کەمترە. هەردوو بەرپرسەکەى بازاڕى ئاڵوگۆڕى دراو لە هەولێر و سلێمانى ئاماژە بەوەدەدن کە ئەو دۆلارە سپییەى کەوتووەتە بازاڕى هەرێمى کوردستانەوە، وەک ئەوەى بەدواداچونیان کردووە سەرچاوەکەى بەغدا و کۆمارى ئیسلامى ئێرانە.
سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئیسرائیل سوورە لەسەر بڕیاری داماڵینی چەک لە بزووتنەوەی حەماس و ساڵی 2026ـی بە "ساڵێکی چارەنووسساز" بۆ ئاسایشی دەوڵەتی جووەکان وەسف کرد ئایال زامیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل بەبۆنەی سەری ساڵ هێزەکانی وڵاتەکەی لە غەززە بەسەرکردەوە و بە سەربازەکانی ڕاگەیاند، ساڵی 2026 ساڵێکی یەکلاکەرەوە دەبێت لە ڕووی داڕشتنی واقیعی ئەمنی دەوڵەتی ئیسرائیل زامیر جەختی لە داماڵینی چەک لە بزووتنەوەی حەماس و تەواوی'' گرووپە تیرۆرستەکانی'' دیکە کردەوە و دووپاتی کردەوە، ڕێگە نادەن حەماس تواناکانی خۆی بوونیاد بنێتەوە و نابێت ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل. لەم هەفتەیەدا بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆبوویەوە و هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستی دەستبەرداربوونی حەماس لە چەکەکانی کردەوە. هاوکات لە بارەی چەکدادانی حەماس ترەمپ وتی، ئەگەر دەستبەرداری چەکەکانیان نەبن، کە لەسەری ڕازی بوون، دەبێت باجێکی قورس بدەن، دەبێت لەماوەیەکی کورتدا دەستبەرداری بن.
بەپێى ڕاپۆرتێکى میدیاکانى یەکێتى و بەگوێرەى بەدواداچوونێکى ڕۆژنامەوانى مووچەى هەردوو مانگى 11 و 12ـى 2025، خراوەتە بەشى ئەماناتى وەزارەتەکەوە، ئەمەش بەواتاى ئەوەى کەس چاوەڕوانى هاتنى مووچەى ئەو دوو مانگە نەبێت. سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان بە میدیاى یەکێتى ڕاگەیاند، بۆ ئامادەکردنى (حساباتى خیتامى) ژمێرەى کۆتایی ساڵ، مووچەى مانگەکانى 11 و 12ـى ساڵى 2025 کە لە بەغدادەوە ڕەوانەى هەرێمى کوردستان نەکراوە، لە بەشى خەرجییەکانى هەرێمى کوردستان، بڕگەى مووچە کراوەتە بەشى (ئەمانات) واتە کراوەتە سپاردە و لە وەزارەتى دارایی دانراوە، هاوشێوەى مووچەى مانگى 12ـى ساڵى 2024 کە کراوەتە سپاردە، بەڵام سێ مووچەى کۆتایی ساڵى 2023 کە دابەشنەکراوە، لە بەشى خەرجییەکانى هەرێمى کوردستان کراوەتە (ادخار) واتە پاشەکەوت کراوە، هاوشێوەى مووچە پاشەکەوتکراوەکانى دیکەى ساڵانى پێشوو، کە مووچەخۆران وەریان نەگرتووە. وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان، لە 26ـی تشرینی دووەم لیستی مووچەی مانگى 11 و لە 16ـی کانوونى یەکەم، لیستی مووچەی مانگى 12ـى ڕادەستی حکومەتی فیدراڵ کردووە، بەڵام وردبینییان بۆ نەکراوە. بە کوردى و بە کورتى، کەس بەتەماى مووچەى مانگى 11 و 12 نەبێت، کە وەزارەتى دارایی دەڵێت، خراوەتە بەشى ئەماناتەوە، واتە؛ بەغداد نەیناردووە، هەرکات بەغداد ناردى ئەوا پێدەچێت دابەشبکرێت، وەزارەتى دارایی عێراقیش ئەمڕۆ لە ڕاگەیێنراوێکدا دەڵێت، کۆتاییان بە دابەشکردنى مووچەى مانگى 12 هێناوە، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەى تەواوى مووچەى 2025یان دابەشکردووە، بەڵام بە وشەیەک باسى مووچەى هەرێمى کوردستانیان نەکردووە. بەغداد بۆ ناردنى مووچە بۆ هەرێمى کوردستان، پشت بە سێ مەرجى دیاریکراو دەبەستێت، یەکەمیان، ڕادەستکردنى نەوتى خاو بە عێراق کە لە 27ـى ئەیلولى ئەمساڵەوە ڕادەستى کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوت ( سۆمۆ) دەکرێت، دووەمیان، تەرازووى پێداچوونەوە، سێیەمیش، ڕادەستکردنى داهاتى نانەوتى مانگانە بە کاش. وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان دەڵێت، لە 26ـی تشرینی دووەم لیستی مووچەی مانگى 11 و لە 16ـی کانوونى یەکەمى 2025، لیستی مووچەی مانگى 12ـى ڕادەستی حکومەتی فیدراڵ کردووە، بەڵام وردبینییان بۆ نەکراوە، ئەمەش بە واتاى ئەوەى پشتگوێ خراوە. حکومەتى هەرێمى کوردستان، بۆ مووچەى مانگى 11 و 12 تەرازووى پێداچوونەوە و داهاتى نانەوتیى بۆ بەغداد نەناردووە، کە دەبوو هەرێمى کوردستان، تەرازووى پێداچوونەوە، کە بریتییە لە خەرجى و داهاتەکان لەگەڵ 240 ملیار دینارى داهاتى نانەوتى ئەو دوو مانگەى بۆ بەغداد ڕەوانە بکردایە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو داهاتانەی نەناردوە بەغداد لیستى مووچەى ئەو دوو مانگەى پشتگوێ خستووە و وردبینیى بۆ نەکردووە. بەغداد بۆ ناردنى مووچە بۆ هەرێمى کوردستان، تەنیا لیستى مووچەى لەسەر سیدییەک ناوێت، کە جاران دەیانگوت کۆمپیوتەرەکانى وەزارەتى دارایی عێراق سیدییەکانمان ناخوێنێتەوە! بەڵکو پێویستە داهاتى نانەوتى کە 120 ملیار دینارە، لەگەڵ تەرازووى پێداچوونەوە، کە خەرجى و داهاتەکانى مانگە بنێرێت، بەڵام وەزارەتى دارایی خۆمان، تەنیا لیستەکەى لیستەکەى بە سیدى و بە کاغەز بۆ بەغداد ناردووە، بەتەماشە مووچەى دوو مانگى بۆ بنێرێت!، هەربۆیە ئێستا ئەو لیست و شتە خراوەتە بەشى ئەماناتى وەزارەتى دارایی لە هەولێر. هاوکات لەگەڵ چوونە ساڵی نوێ وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان دەڵێت، ڕاستە داهاتى نانەوتى و تەرازووى پێداچوونەوەیان نەناردووە، بەڵام بۆ تەرازووى پێداچوونەوەى مانگى 11 ئامادە کراوە، بەس نەمانناردووە، نازانرێت بۆ! دەشڵێت، هەفتەیەک پاش ساڵى نوێ، تەرازووى پێداچوونەوەى مانگى 12 ئامادە دەکەین، ئیدى کەى دەینێرن ئەوەیان دیار نییە. پێشتر میدیاکان ئەوەیان ئاشکراکردبوو، وەزارەتى دارایی گفتوگۆی لەگەڵ بەغداد کردووە بۆ ئەوەى 240 ملیار دینار لە تەمویلى مووچەى مانگەکانى 11 و 12 ببڕێت و مەقاسەى بکات، بەڵام بەغداد ئەوەى قبوڵ نەکردووە، ئەمەش واتە بەغداد هەردوو مووچەکە بنێرێت، بەڵام پێش ناردنى بۆ هەر مانگێک 120 ملیار دینارى لێ دەربکات، لەبرى داهاتى نانەوتى، ئەمەش نەکرا. بەرپرسێکى دارایی لە بانکى ناوەندى هەرێمى کوردستان لقى سلێمانى، بە گەشبینییەوە قسەى بۆ کردین و گوتى، "لەڕووى ژمێریارییەوە ناتوانن بڵێن ئەو دوو مووچەیە فەوتاوە، بەڵکو کراوەتە سپاردە، دەبێت عێراق لە بودجەى 2026 یاداشتێک زیاد بکات، کە مووچەى مانگى 11 و 12ـى نەناردووە و لە بودجەدا دیاریى بکات، بەڵام ئەوە هەوڵى زۆرى دەوێت". ئەمە لەکاتێکدایە، بەغداد ئەوەى بڵاوکردووەتەوە پاش پشووەکانى ساڵى نوێى 2026، مووچەى مانگى کانوونى دووەم، واتە مانگى یەکى خانەنشینان و تۆڕى چاودێریى کۆمەڵایەتى دابەش دەکرێت و کەناڵ8 ئەوەى لە دارایی هەرێمى کوردستان وەرگرتووە لەمانگى داهاتوو کە مووچە ڕەوانە دەکرێت وەک مووچەى مانگى یەکى ساڵى 2026 دابەش دەکرێت.
ساڵح موسلیم، ئەندامی کۆنسەی هاوسەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراسی (پەیەدە) دەڵێت لەبەر خراپی کەشوهەوا و چەند هۆکارێکی دیکە مەزڵوم عەبدی سەردانی دیمەشقی نەکرد، بەڵام بە دڵنیاییەوە سەردانی دەکات. ساڵح موسلیم ئەندامی ئەنجومەنی هاوسەرۆكایەتی پارتی یەكێتی دیموكرات-پەیەدە لە لێدوانیدا لەبارەی هۆکاری دواخستنی سەردانی مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات-هەسەدە بۆ دیمەشق ڕایگەیاند: ڕەوشی کەشوهەوا و چەند هۆکارێکی دیکەی سادە لەپشت دواخستنی سەردانەکەی مەزڵوم عەبدی بوون بۆ دیمەشق، بەڵام بەدڵنیاییەوە دەچێت و ڕێککەوتن دەکرێت. ساڵح موسلیم وتیشی هەر ڕێککەوتنێک کە کورد و دیمەشق ئەنجامی دەدەن، بە چاودێریی ڕاستەوخۆی ئەمەریکایە و بە هیچ شێوەیەک تورکیا بەشێک نییە لە بابەتەکە هەربۆیە هەوڵی بەشەیاتنکردنی هەسەدە دەدات. ساڵح موسلیم لەبارەی تورکیاوە وتیشی: هەڕەشەکانی تورکیا بۆ ڕۆژئاوا نوێ نین و نەک هەر ئەوە، بەڵکو ئەوان لەسەرەتاوە نەیانویستوە سوریا سەقامگیربێت تەنها بەو شێوەیە نەبێت کە خواستی خۆیانە، توركەكان دژی ڕێككەوتنی (10)ی ئازارن لەبەرئەوەی ئەوان بەشدارنەبوون و بەشێک نەبوون لێی و بەسەرپەرشتی ئەمریكا كراوە، بۆیە لەسەرەتاوە لەگەڵى نەبوون و ئێستاش بە جۆرەها ڕێگە بەربەستی بۆ دروست دەكەن فشار دەخەنە سەر حکومەتی سوریا.
دەسەڵاتدارانی خۆجێیی پارێزگای لوڕستانی ڕۆژئاوای ئێران دەڵێن: ناڕەزایەتیەکان لە سنوورى پارێزگاکەیان بۆ پێنجەمین ڕۆژى لەسەریەک بەردەوامە و بەهۆیەوە ئەندامێکى بەسیج کوژرا و ١٣ کارمەندێکی ئەمنی برینداربوون. سەعید پووراڵی، جێگری پارێزگاری لوڕستان سەبارەت بە ئاڵۆزى و خۆپیشاندانەکانى شارەکەیان و کوژراو برینداربوونى چەند کارمەندێکیان، بۆ میدیاکانى وڵاتەکەى دەدوێت. سەعید پووراڵی ڕایگەیاند، ناڕەزایەتییەکانى سنوورى پارێزگاکەیان بۆ پێنجەمین ڕۆژى لەسەریەک بەردەوامە، بەهۆیەوە ئەندامێکى بەسیج کوژرا و ١٣ کارمەندێکی ئەمنی برینداربوون. ئاماژەی بەوەشکرد، پرسی بژێوی ژیان هێڵی سوورە بۆ حکومەت، بەرپرسانیش چەندین جار جەختیان لەسەر نیگەرانی خۆیان سەبارەت بەم بابەتە کردووەتەوە، حکومەت دەنگی هاوڵاتیانی بیستووە و ڕێوشوێنی پێویستی گرتووەتەبەر بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە. باسی لەوەشکرد، بەشێک لە قەیرانی ئابووری ئێستا بۆ ئەو فشاری دوژمنان لە ڕێگەی سەپاندنی سزای ناڕەوا درووست بووە. هەر لەو چوارچێوەیەدا، گرووپی ئەبو فەزڵ لە لوڕستان لە بەیاننامەیەکدا هەواڵی کوژرانى ئەمیر حسام خودایاری فەرد ئەندامی بەسیجیان بڵاوکردەوە. ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە، ناڕەزایەتییەکان و خۆپیشاندانەکان لە چەند شاری ئێران پەرەى سەندندووە و بە هۆی خراپی دۆخى ئابووری هاوڵاتیان و بەرزبوونەى بەهاى دۆلار و بێکارییەوە. جێگاى ئاماژەیە، هێزە ئەمنییەکانى ئێران بە گولە ڕووبەڕوى خۆپیشاندەران دەبنەوە و دەستگیریان دەکەن، لە بەشێکى ئەو شارانەى خۆپیشاندانى تێدایە، دووکان و بازاڕەکانیان پێ داخراوە و هێزە ئەمنییەکان هەرکەس لە دەرەوە ببینن دەستگیرى دەکەن.
وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق دەڵێت، "بابەتی شاخەوان عەبدوڵلا کەسی و سیاسی بووە و لەگەڵ لایەنەکانی دیکە لە گفتوگۆداین بۆ پۆستی سەرۆککۆمار". بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵى ڕووداو دەڵێت، "یەکێتی لەگەڵ دەنگدان نەبوو بە شاخەوان عەبدوڵڵا". هەروەها ئەوەش دەڵێت، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیوەندی پێوە کردووە و گوتویەتی، "دەنگ بە فەرهاد ئەترووشی دەدەین". هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو کە - بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی خۆی تەلەفۆنی بۆ كردم وتی دەنگ بە كاندیدەكەی پارتی (فەرهاد ئەتروشی) دەدەین. باس لەوەشدەکات کە هاوپەیمانی دژی پارتی هەیە هەندێك سونەو هەندێك شیعەو لەگەڵ یەكێتی و هەڵوێست و یەكگرتوو و كۆمەڵ، وتیشى: زەحمەتە سودانی و مالكی و عەبادی ببنە سەرۆك وەزیران لەبارەى مووچەکانی مانگی 11 و 12ـی ساڵی رابردوو و مووچەی ئەم مانگە بەنگین رێکانی لەبارەی مووچەی مانگی یەکی ئەم ساڵ دەڵێت، "هیچ کێشەیەک لەسەر مووچەی ئەم مانگە نییە". مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ساڵی رابردوو دوو مووچەیان وەرنەگرت. بەنگین رێکانی دەڵێت، وەکو پارتی داوایان کردووە ئەو دوو مووچەیەش خەرجبکرێت. ئەو وەزیرەی عێراق دەشڵێت، ئەگەری خەرجکردنی دوو موچەکە "کەمە" بەنگین رێکانی لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمارەوە دەڵێت، لایەنەکانی عێراق داوایان کردووە بە یەک بەربژێر روو لە بەغدا بکەن.
رەزا پەهلەوی، کوری محەمممەد رەزاشای ئێران، داوا لە خۆپیشاندەرانی ئێران دەکات خۆپیشاندانەکانیان فراوان بکەن و دەڵێت: منیش یارمەتیدان دەدەم. قەیرانی وزە، بێئاوی، مەترسی جەنگ و ئێستاش بێبەهابوونی تمەن؛ هەموو ئەمانە بەرۆکی خەڵکی ئێرانیان گرتووە و چیدیکە توانای بەرگەگرتنیان نییە، هەربۆیە چەند رۆژێکە هاتوونە سەر شەقامەکان و تووڕەی خۆیان دژی حکومەتی وڵاتەکە دەردەبڕن. خۆپیشاندانەکانی ئەمجارەی ئێران بۆ داواکردنی نانە، چونکە بەهای تمەن هێندە دابەزیوە کە تەنانەت بازرگانان و دوکاندارانیش زیانی گەورەیان کردووە. سەرەتا رۆژی یەکشەممە کاسبکاران و دوکاندارانی بازاڕی گەورەی تاران و زێرێنگەرانی ناوەندی بازاریی عەلادین دوکانیان نەکردەوە و هەموویان روویان لە گۆڕەپانەکانی ئیمام خومەینی و جمهوری و جەوادی کرد، دژی دابەزینی بەهای تمەن و بێبازاڕی.
بەبۆنەی ساڵی نوێ وە مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق، پەیامێکی تووندی بڵاوکردەوە، تیایدا ئاماژە بەوە دەکات، لە ساڵی نوێدا کار دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە ناسەقامگیری، بەقاچاخبردن و تاڵانیی سامان، نایەکسانی، گەندەڵی، دڵەڕاوکێ ناوخۆیی و دەرەکییەکان و کۆتاییهێنان بە میلیشیا چەکدارەکان. لە پەیامەکەیدا، سەرەڕای پیرۆزبایی لە گەلی عێراق بەبۆنەی ساڵی نوێ وە، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق، دەڵێت "ئەم گوتانەم ئاڕاستەی ئەو کەسانەیە کە لە خاکی عێراق گەندەڵی بڵاودەکەنەوە، پێیان دەڵێم: "سەردەمی ئێوە کۆتاییهات و ئێستا سەردەمی عێراق و عێراقییەکانە". مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق، جەخت لەوە دەکاتەوە، عێراق و ئاڵاکەی بەرز دەبن و دەبنە سەرچاوەی شانازیی هەموو عێراقییەکان، دەشڵێت: "هێشتا لە سەرەتای رێگاکەداین". نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق، لە پەیامی پیرۆزبایی ساڵی نوێ دا چەند خاڵێک دەخاتەڕوو و دەڵێت، کار لەسەر کۆتاییهێنانیان دەکەین، ئەوانیش زوڵم، نایەکسانی، هەژاری، نەزانی، بێکاری، لاوازیی خزمەتگوزاری، فێڵی یاسایی، پارە سپیکردنەوە، گرێبەستی وەهمی، قاچاخچێتی، گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی وڵات و چەندین خاڵی دیکەن. ساڤایا بە گەلی عێراق دەڵێت، هێز و خۆڕاگریی ئێوە، سەرچاوەیەکی هیوابەخشن بە جیهان، دووپاتیدەکاتەوە کە ساڵی نوێ هەلی باشتر و سەقامگیری و داهاتوویەکی گەشاوەتریان بۆ سەرجەم عێراقییەکان پێدەبێت، ئاماژە بەوەشدەکات، لە ساڵی نوێدا لەگەڵ حکومەتی عێراق، بەگوێرەی دەستوور و یاساکانی عێراق، داهاتوویەکی گەشاوە بۆ عێراق و عێراقییەکان دابیندەکەن.
مەکتەبی سیاسی پارتی کۆدەبێتەوە و پۆستی سەرۆک کۆمار و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێ دەکات. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 01ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرچاوەیەکی باڵا لە پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، مەکتەبی سیاسیی پارتی بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی و ئامادەبوونی جێگرانی سەرۆک، کۆدەبێتەوە. بە گوێرەی هەمان سەرچاوەی کوردستان24، کۆبوونەوەکە پێشنیوەڕۆی شەممەی داهاتوو، 03ـی کانوونی دووەم، لە پیرمام بەڕێوەدەچێت. لە کۆبوونەوەکەدا ئەم تەوەرانە تاوتوێ دەکرێن: 1. پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق. 2. پرۆسەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا. 3. پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان. 4. پێکهێنانی حکوومەتی نوێی فیدراڵ. 5. پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا. 6. دۆخی عێراق و ناوچەکە بە گشتی. سەرچاوەکەی کوردستان24 ئەوەشی خستەڕوو، جارێ دیار نییە پارتی کاندیدی دەبێت بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق یان نا، ئەم پرسە و چەندان پرسی دیکە لە کۆبوونەوەکەدا یەکلا دەکرێنەوە. ئەمە یەکەمین کۆبوونەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانە لە دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان. لە کۆبوونەوەکانی ڕۆژانی 29 و 30ی کانوونی یەکەمی 2025، پەرلەمانی عێراق دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی خۆی بۆ خولی شەشەمی یاسادانان هەڵبژارد. پرۆسەکە بە هەڵبژاردنی هەیبەت حەلبووسی وەک سەرۆکی پەرلەمان، عەدنان فەیحان وەک جێگری یەکەم و فەرهاد ئەترووشی وەک جێگری دووەم کۆتایی هات. بەپێی ماددەی 72ی دەستوور، دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، ماوەی 30 رۆژ لەبەردەم پەرلەماندایە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێی وڵات. دوای ئەوەی هەڵبژێردرا، سەرۆکی نوێی کۆمار کاندیدی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان کە بە پێی نەریتیی سیاسی، پشکی پێکهاتەی شیعەیە، ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی فیدراڵ.
کەشناسی هەرێم، رایگەیاند، شەپۆلی سەرما ارادەیەک کۆتایی دێت و پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە و لە ناوچە شاخاوییەکانیش بەفر دەبارێت، ئاماژەی بەوەشکردوە، لە زۆربەی ناوچەکانی تر نمەباران دەبێت و لە کاتەکانی شەودا رێژەی بارینی بەفر و باران و کرێوە زیاتر دەبێت . بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم پێشبینی بۆ 48 سەعاتی داهاتووی کەشوهەوا بڵاوکردوەتەوە و بە گوێرە پێشبینییەکان، لە تەواوی ناوچەکان نمەباران دەبارێت و لە ناوچە شاخاوییەکانیش بەفر. کەشناسی دەشڵێت؛ پلەکانی گەرما یەک بۆ سێ پلە بەرز دەبنەوە، بەڵام لە کاتکانی شەودا رێژەی بارینی بەفر و باران و کرێوە زیاتر دەبێت. لە بارەی کەشی سبەینێشەوە، دەڵێت؛ ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و لە کاتەکانی بەیانیدا بارانبارین و بەفر بەردەوامی دەبێت تا کاتەکانی شەو، دواتر شەپۆلەکە لاواز دەبێت. لەبارەی پلەکانی گەرماشەوە، کەشناسی هەرێم ئەوەیخستوەتەڕوو، بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ یەک بۆ سێ پلە نزمدەبنەوە. پێشبینی بۆ بەرزترین پلەکانی گەرماش بەمشێوەیەیە؛ هەولێر : 7 پلەی سیلیزی سلێمانی : 4 پلەی سیلیزی دهۆک : 5 پلەی سیلیزی زاخۆ : 4 پلەی سیلیزی کەرکوک : 9 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 6 پلەی سیلیزی
