ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە لەمیانى کۆبوونەوەیەکى جەماوەریدا لەگەڵ هاوڵاتیانى  پارێزگای حەسەکە، ڕایگەیاند: گەلی کورد بەشێک دەبێت لە ئایندەی سوریا، وەفدی هاوبەشی کورد چاوەڕوانی وەڵامى دیمشقە بۆ ئەوەى لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی کاتی سوریا کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێکى گرنگ. بەوتەى ئاڵدار خەلیل شاندی کوردی لەگەڵ حکوومەتی کاتی سووریا سەبارەت بە مافی زمانی کوردی و پرسی زیندانیان و هەڵگرتنی گەمارۆی سەر کۆبانێ و گوندەکانی دەوروبەری گفتوگۆ دەکەن. ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە ئاماژەى بۆ ئەوەشکردوە دوای هێرشەکانی سەر شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە و ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ڕێبەر ئاپۆ هۆشداریی بە دەوڵەتی تورکیا دا: 'ئەگەر شەڕی ڕۆژاڤا نەوەستێت، پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک شکستدەهێنێت، ناوچەکەش دەکێشرێتە ناو شەڕێکی گەورەوە'. بۆیە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە دۆسیەی سوریا کۆبونەوە و ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونى دووەم کرا.

سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، دەڵێت، باوەڕم بە عێراقێکی دیموکراسی کراوە هەیە کە پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپادا هەبێت، ئاشکراشی دەکات کە بڕیارەکانی بە پلەی یەکەم لە بەرژەوەندی گەلی عێراقەوە سەرچاوە دەگرێت. نوری مالیکی کە ئێستا کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگییە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیامێکدا لە تۆڕی ئێکس ئاماژەی رایگەیاند، "بەرپرسیاریەتی نیشتیمانیمان بەرامبەر گەل و نیشتیمانەکەمان لەسەر واجب دەکات هەوڵ بدەین و ئەزموونمان بۆ ڕاستکردنەوە و بەهێزکردنی ئاراستەی سیاسی بەکاربهێنین. سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، دەشڵێت، ئێمە باوەڕمان بە عێراقێکی دیموکراسی مەدەنی کراوە بەڕووی هاوبەشی نێودەوڵەتی ڕەسەن لەگەڵ وڵاتانی وەک ئەمریکا و ئەوروپادا هەیە، کە پەیوەندی ئابووریمان لەگەڵیاندا هەبێت بۆ دروستکردنی شۆڕشێک لە بونیادنانی ژێرخان، زانست، وزە و گەشەپێدانی خزمەتگوزارییەکان." پەیوەست بە بڕیارەکانیشی ئەوەی خستووەتەڕوو، "ئێمە جەخت دەکەینەوە لەسەر ناسنامەی ڕەسەنی عێراقیمان کە پاڵپشتە بە ئیرادەی گەلی عێراق، بڕیاریشمان لە بەرژەوەندی گەلەکەمان بە پلەی یەکەمەوە سەرچاوە دەگرێت، بۆ هاوکاریی و پێکەوەکارکردنی هەرێمی و نێودەوڵەتیش دەستمان درێژ دەکەین ئەویش بەجۆرێک لە بەرژەوەندی گەلانی ناوچەکە و جیهاندا دەبێت."  

پەروین بوڵدان ڕێ و ڕێبازەکانی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیکی ڕوونکردەوە و دەستنیشانی کرد ئەنتێگراسیۆن بە مانای قبوڵکردنی مافەکانی یەکترە. بوڵدان ئاماژەی بەوەشدا، یەكێتی نەتەوەیی بۆ کوردان پێویستییەکی حەتمییە و بۆچونی ڕێبەر ئاپۆیش لەم ڕووەوە ڕوونە. ئەندامی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی پەروین بوڵدان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی یەنی ئۆزگور پۆلەتیکا، زانیاری  وردی دەربارەی کۆتا دیداری ئیمراڵی خستەڕوو کە شاندەکە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا ئەنجامی دا. 'بەڕێز ئۆجالان بە مۆراڵە و سەرنجی لەسەر پرۆسەکەیە' پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوەدا، ڕێبەر ئاپۆ لە کۆتا دیداردا وێڕای تەندرووست باشیی، بە مۆراڵەوە وزەی لە بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە وەرگرتووە و گوتی: "بەڕێز ئۆجالان بە مۆراڵە و سەرنجی لەسەر پرۆسەکەیە."  بوڵدان ئاماژەی بەوەدا لە دیدارە سێ کاتژمێری و نیوەییەکەیاندا ڕێبەر ئاپۆ ڕۆژەڤەکانی بەشێوەی یاداشت لەگەڵ شاندەکەدا هاوبەش کردووە و وەک هەموو جارێک بە ئامادەباشییەوە بەشداری کۆبوونەوەکان بووە. ڕێبەر ئاپۆ لە دیدارەکەدا پەیامی بۆ کێ ناردووە؟ بوڵدان ئاشکرای کرد ڕێبەر ئاپۆ دەربارەی دۆخی زیندانیان پرسیاری لێ کردوون و بە تایبەت سڵاوی بۆ زیندانیانی ژن لە گرتووخانەی سینجار ناردووە. هەروەها پەیامێکی بۆ ئیسماعیل بێشکچی نارد. بوڵدان ئاماژەی بەوەشدا ڕێبەر ئاپۆ پەیامێکی سەرەخۆشی بۆ بنەماڵەی سەلیم ساداک ناردووە. 'گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە دۆخی ئیمراڵیدا ڕووی نەداوە' هەرچەند لەگەڵ بەرەپێشچوونی پرۆسەکەدا ڕای گشتی لە چاوەڕوانی گۆڕین و باشکردنی دۆخی دانوستانکاریانەی ڕێبەر ئاپۆدایە کە بەردەنگی پرۆسەکەیە، لەم ڕووەوە بوڵدان جەختی کردەوە کە هیچ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە دۆخی ئیمراڵیدا نەهاتووەتەگۆڕێ و گوتی: "مرۆڤ ناتوانێت بڵێت گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە دۆخی ئیمراڵیدا هاتبێتە گۆڕێ. هەرخۆی جگە لە ئێمە و شاندە دانوستانکارەکان دەرفەت بۆ کەسی دیکە نەڕەخساوە دیدار بکات، ئەوەی ئێمەش وەک شاندەکە تەنها مانگی جارێک دەتوانین دیداری ئەنجام بدەین. ئەوەش بڵێین جار جار بنەماڵەکەی سەردانی بەڕێز ئۆجالانیان کردووە، هەروەها جارێک پارێزەران ڕۆشتوون بۆ ئیمراڵی." دەربارەی ئەنتێگراسیۆن؛ ئەنتێگراسیۆنی دیموکراسی چۆن دەڕەخسێت؟ بە گوتەی پەروین بوڵدان، ڕێبەر ئاپۆ پرۆسەکە بە دوو قۆناغ هەڵدەسەنگێنێت و لەم ڕووەوە گوتی: "بەڕێز ئۆجالان کاتێک باس لە ئەنتێگراسیۆن دەکات مەبەستی لە یەکگرتنێکی کلاسیکیانە نییە، بەڕێزیان دەربارەی پرۆسەکە کە بە دوو قۆناغ پێناسی دەکات ئەمەی گوت"کۆتاییمان بە قۆناغی یەکەم هێنا و تێمان پەڕاند. یانی شەڕ و پێکدانان کۆتایی هات، گەر سیموڵیانەش بێت، چەک دانرا"، بەڕێز ئۆجالان ڕایگەیاند بە هەموارکردنەوەی یاساییەوە دەبێت ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک بکەوێتە بواری جێبەجێ کردنەوە. بە دڵنیایەیەوە ئەمەش یەکگرتنێکی کلاسیکیانە نییە. بەڕێزیان کاتێک باسی ئەنتێگراسیۆنیان کرد جەختی کردەوە دەبێت ئەنتێگراسیۆنەکە مافەکانی یەکتر مسۆگەر بکات. لێرەدا بێگومان مەبەستی بەڕێزیان چەندین بابەتی پەیوەست بە مافەکانی کوردانە، لە سەروی هەموویانەوە بابەتی پەروەردە و خوێندنە بە زمانی کوردی. بەڕێزیان ئاماژەیان بەوەدا هەموو بابەتەکانی پەیوەست بە کوردان پێویستی بە گەرەنتی یاسایی هەیە. ئەوەیشی دەستنیشان کرد دەبێت ڕێکارێک بگیرێتەبەر کە مافەکانی گەلی کورد لە ناسنامە، زمان و چاندیی کوردیی بپارێزێت. بەڵێ ئەنتێگراسیۆن بەم میکانیزمە یاسایی و ڕێکارانە دێتەدی." دەربارەی ڕاپۆرتی هاوبەشی کۆتایی کۆمیسیۆن پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوەدا ڕاپۆرتەکەی کۆمیسیۆن 'گرنگ و سەنگینە'، بەڵام شرۆڤەیان لەسەر دوو بەشی دا. دەربارەی ڕۆحی یەکێتیی نەتەوەیی پەروین بوڵدان سەرنجی خستەسەر ئەو هاودەنگییە نەتەوەییە کە دوای هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا لە ناو کوردان و دۆستانی کورددا دەرکەوت و ئاماژەی بەوەدا ئەم هاودەنگییە ڕۆحی نەتەوەیی بە‌‌هێزتر کردووە و لەم ڕووەوە ئاماژەی بە بۆچوونی ڕێبەر ئاپۆ کرد لەسەر ئەم مژارە. پەروین بوڵدان گوتی: "لە مێژە ئاشنای دیدگا و بۆچوونی بەڕێز ئۆجالانین دەربارەی بابەتی یەكێتیی نەتەوەیی. دیارە لەگەڵ هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان ڕۆحی نەتەوەیی گڕوتینێکی دیکەی وەرگرت و ئەم ڕۆحێتە لە هەموو جێگەیەک کە کوردانی لێ دەژین نیشان درا. بەڕاستی یەکێتی نەتەوەیی لەسەر ئاستی هەموو کوردستان مێژوویی بوو. هاودەنگییەک بوو لە خاوەنداریکردن لە ڕۆژئاوای کوردستان. پێموایە لە چارەسەکردنی ئەم بابەتەدا لە کاتی گفتوگۆ و دانووستاندا ئەم یەكێتییە کاریگەرە. بەڕێز ئۆجالان لەم بابەتەدا هەوڵدانی بێپایانی هەیە." پەروین بوڵدان چی گوت لە بارەی هەڵویستی پارتە سیاسییەکانی باشووری کوردستانەوە؟ پەروین بوڵدان لەسەر پرسی دەرکەوتنی ڕۆحی یەکێتی نەتەوەیی لە باشووی کوردستان ئەمەی گوت: "مامەڵە و نزیکایەتی پارتە سیاسییەکانی باشووری کوردستان زۆر گرنگە. کە زۆر سەنگینە و بە دڵیناییەوە بە سەنگینی دەبینین و مانادارییەکی مەزن دەداتە ئەم بابەتە. هەمووان ڕۆڵیان هەبوو لە دەرکەوتنی بەهێزیی ڕۆحی یەکێتی نەتەوەییدا. ئەم ڕۆحێتە پشکوتووە و کاتی ئەوەیە کاریگەری دانێت. بۆچوونی بەڕێز ئۆجالانیش لەسەر بابەتی یەکێتی نەتەوەیی ڕوونە. یەکێتی نەتەوەیی بابەتێکی حەتمییە لە پێشماندا. لێرە بەدواوە دەبێت بە ڕێبازگەلی جیاوازەوە لە ئاستی ڕاگەیاندن، دانووستان و گفتوگۆ و تەنانەت لە ژیانی ئاسایشدا پەیڕەو بکرێت."

رەجەب تەیب ئەردۆغان، لەبارەی رێککەوتنی هەسەدە و حکومەتی سوریا، ڕایدەگەیەنێت گەورەترین خواستی ئێمە ئەوەیە، سوریا لە ژێر سایەی یەک دەوڵەت و یەک سوپادا یەکگرتوو بێت. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا، لەناو فرۆكەكەی لەكاتی گەڕانەوەی لە سەردانەكەی بۆ سعودیەو توركیا: * چەسپاندنی سەقامگیری و ئاشتی لە باکوری سوریا جێگای بایەخی راستەوخۆیە بۆ ئێمە. *  گەورەترین خواستی ئێمە ئەوەیە سوریا لە ژێر سایەی یەک دەوڵەت و یەک سوپادا یەکگرتوو بێت . * پابەندبوونی بەناو "هێزەکانی سوریای دیموکرات" بەو رێککەوتنانەی کە واژۆیان کردووە، دەبێتە هۆی بەهێزکردنی کەشوهەوای ئاشتی لە سوریا و ئاسانکاری بۆ سەقامگیری هەمیشەیی دەکات. * تەنانەت نابێت کەس بیر لە وروژاندنی ململانێ، یان هەڵكشانی  گرژییەکان، یان دەستی دەستی بكاتەوە. * ئێمە پشتیوانی لە سوریایەکی یەکگرتوو و بەهێز و ئارام دەکەین بە هەموو پێكهاتەكانیەوە، ئێمە لەگەڵ سوریادا وەستاوین. * کێشەی ئێمه لەگەڵ تیرۆردایه، لەگەڵ ئەو کەسانەیه که "تیرۆر" وەک ئامرازو میتۆد بەکاردەهێنن بۆ گەیشتن به ئامانجه جوداخوازەکانیان. * بە چارەسەرکردنی کێشەى باکوری سوریا، بارگرانی لەسەر پرۆسەی "تورکیاى دوور لە تیرۆر" سوكتر بووە. * لە ئێستادا لیژنەكەی پەرلەمان سەرقاڵی کۆتایی هێنانە بە راپۆرتە هاوبەشەكەی.  * هیوادارین راپۆرتەکە بە کۆدەنگی بێت و دیدگایەک پێشکەش بکات کە گڕوتین بدات بە پرۆسەكە.

مەسرور بارزانی دەڵێت، تا ئێستا پارتی و یەکێتی لەبارەی پرسی سەرۆککۆمار نەگەیشتوونەتە رێککەوتن. لەبارەی رۆژئاوای کوردستانیش، جەخت دەکاتەوە، "سەرۆک بارزانی ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە ڕاگرتنی شەڕ و رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق." بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 01ـی شوباتی 2026،  بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رێوڕەسمی ساڵیادی 'شەهیدانی یەکی شوبات' لە هەولێر بەڕێوەچوو.  لە رێوڕەسمەکەدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تاجەگوڵینەی رێز و وەفای لەسەر مۆنۆمێنتی شەهیدانی یەکی شوبات دانا. دوای تەواوبوونی ڕێوڕەسمەکە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە و باسی لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق، دۆخی رۆژئاوای کوردستان و چەند پرسێکی دیکەی کرد.  سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە، گفتوگۆکانی هەردوو شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق بەردەوامن، بەڵام وەک خۆی گوتی "تا ئێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن".  مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە، پێکهێنانی کابینەی دەیەم و هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار "دوو پرسی جیاوازن و پێموایە نابێت تێکەڵ بکرێن." گوتیشی "هەڵبژاردنی کوردستان لێرە کراوە و هەڵبژاردنێکی تریش لە سەرتاسەری عێراق کراوە دوو پرسی جیاوازن و پێموا نییە تێکەڵ بکرێن یان هیچ لە بابەتەکان بگۆڕێت، بۆیە ئێمە بە دوو پرسی جیاواز تەماشای هەردوو لایان دەکەین." هەر لەبارەی پێکهێنانی حکوومەت، مەسرور بارزانی گوتی "ئێمە هەر دوای هەڵبژاردنی کوردستان کە ساڵێک زیاتری بەسەردا چووە، گوتوومانە پێویستە رێز لە دەنگی خەڵکی کوردستان بگیرێت و رێز لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بگیرێت. ئێمە هەر لەسەر ئەو بیرۆکەی خۆمان بەردەوامین، ئەمە بیروبۆچوونی پارتییە کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەبن بە رێگە بۆ دروستکردنی کابینەی حکوومەت." لەبارەی سەردانەکەی شاندی چوارچێوەی هەماهەنگی کە بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆببێتەوە، سەرۆکی حکوومەت ئەوەی خستەڕوو، چاوەڕێی ئەنجامی کۆبوونەوەکەی نێوان شاندەکە و سەرۆک بارزانی دەکەن و دواتر بە رەچاوکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کورد، بڕیاری کۆتایی لەبارەی پرسەکان دەدەن.  سەرۆکی حکوومەت لە 22ـەمین ساڵیادی شەهیدانی یەکی شوباتدا، رایگەیاند "هیوادارین ئەم نەهامەتانە چیتر بەسەر گەلی کورددا نەهێن، بەداخەوە ئەمە ساڵڕۆژی شەهیدبوونی کۆمەڵێک سەرکردە و خەڵکی کوردستانە کە بەداخەوە لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا هەموویان شەهید بوون. ئەمڕۆ یادکردنەوەی ئەو شەهیدانە و هەموو شەهیدانی ڕزگاریخوازی کوردستان." مەسرور بارزانی لەم بۆنەیدا جەختی یەکڕیزی و یەکگرتوویی گەلی کورد کردەوە و گوتی، "دەبێت (رووداوە تیرۆریستییەکە) ئەو پەیامەمان پێ بدات کە دەبێت ئێمە یەکگرتوو بین، خاوەن هەڵوێست بین و لەسەر مافە رەواکانی گەلەکەمان بەردەوام بین و رێگەی ئەو شەهیدانە ئینشائەڵڵا بەرنەدەین تا دەگەین بە ئامانجی کۆتایی گەلەکەمان."  

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هیزەکانی سووریای دیموکرات، لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەی خۆیی و ئەحمەد شەرع و ڕێککەوتنەکەی بۆ ئاشکرا کردوون. دەقی قسەکانی دیکەی مەزڵووم عەبدی بۆ ئاڤا: ٠ بەپێی ڕێککەوتنەکەمان لەگەڵ ئەحمەد شەرع، کورد چوار لیوای دەبێت لەنێو سوپای سووریادا، سیانیان هەسەدەن لەپارێزگای حەسەکە، لیوایەکیش لە کۆبانێ بەناوی هێزەکانی کۆبانێ. ٠ هێزەکانی ئاسایشی هەسەدە، وەکو خۆیان دەمێننەوە، ئاسایشی سەر بە حکومەتی سووریایش، لەنێوان شارە کوردییەکاندا هیچ بازگەیەکیان نابێت. ٠ چەندین جار داوایان لێکردووم پۆست وەربگرم، وەکو جێگری وەزیری بەرگری سووریاو چەندین پۆستی دیکەیش، بەڵام من ڕەتمکردووەتەوەو وتوومە لەناو خەڵک و شەرڤانان دەمێنمەوەو پۆستم ناوێت. ٠ ڕێککەوتنەکەمان لەگەڵ ئەحمەد شەرع ئۆنلاین بووە، پرۆسەی جێبەجێکردنیشی کاتی دەوێت، لەماوەی ئەم شەڕەیشدا چوار جار ئەحمەد شەرعم بینیوە. ٠ هێزەکانی یەپەژەیش وەکو خۆیان دەمێننەوە هەتا میکانیزمێکیان بۆ دەدۆزرێتەوە. ٠ ئەگەر شەڕ نەما، ئەندامەکانی هەسەدە کە خەڵکی رۆژئاوای کوردستان نین دەگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان،  ئەگەریش حەز بکەن، دەتوانن لە رۆژئاوای کوردستان نیشتەجێ بن وەکو هاوڵاتییەکی ئاسایی. ٠ بەڕاستی سەرکردایەتی کورد لە هەرێمی کوردستان، ڕۆڵێکی زۆر کاریگەرییان هەبووە، رۆژانە پەیوەندییان هەبووە، بەردەوام ئاگاداری دۆخەکە بوون و لەگەڵ ئێمە بوون، لەمەودوا خۆم کار بۆ یەک دەنگی و یەکخستنی کورد لە رۆژئاوای کوردستان دەکەم، بۆ ئەوەی وەکو یەک بەرەی کوردی مامەڵە لەسەر هەر پرسێک بکەین، کاری سەرەکی من لەمەودوا ئەوە دەبێت. ٠ خۆپیشاندانەکان و یەک دەنگی کورد کاریگەری هەبووە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هێنایە سەر هێڵ. ٠ ترەمپ پەیامی بە شەرع داوە کە نابێ کۆمەڵکوژی دژی کورد هەبێت. ٠ ماکرۆن زۆرترین هەڵوێستی هەبووە، ڕۆڵێکی گرنگی گێڕاوە لەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێتە سەر هێڵ.

ساڵح موسلیم، ئەندامى دەستەى سەرۆکایەتیى پەیەدە سوپاسى خەڵکى سلێمانى دەکات و دەڵێت، خۆمان بە قەرزارى خەڵکى شارى سلێمانى دەزانین، وەکخۆی دەڵێت، بە سەدان هەزار کەس بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکان بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاواى کوردستان کردووە و گەنجەکان چوونەتە ڕۆژئاواى کوردستان بۆ بەرگریکردن و بەرخۆدان. ئەو ئەندامەى دەستەى سەرۆکایەتیى پەیەدە گوتیشى، هاونیشتمانییان لە باشوورى کوردستان و لایەنە سیاسییەکانیش، هەڵوێستەکانیان جوامێرانە بووە. ساڵح موسلیم گوتیشى، هەوڵدراوە شەڕ لەنێوان کورد و عەرەب هەلبگیرسێنرێت و دەڵێت، لە ئەگەرى سەرگرتنى ئەو پیلانەى کە لە دژى کورد ئامادەکرابوو، مەترسى لەسەر باشوورى کوردستانیش دروستدەبوو. ئەندامى دەستەى سەرۆکایەتیى پەیەدە گوتیشى، ئەم ڕێککەوتنەى کە هەیە، بووە بەربەست لەبەردەم ئەو هەوڵ و پیلانگێڕیانەى لە ئارادابوون بۆ فراوانکردنى شەڕ و ئاڵۆزییەکان. لەبارەی بەڕێوەبردنی فەرمانگەکان لە ناوچە کوردییەکان جەختی لەوە کردەوە، بەشێک لە فەرمانگە شارستانییەکان لە ناوچە کوردییەکان وەک خۆیان دەمێننەوە. ساڵح موسلیم، دەشڵێت، بەڵام بەشێکیان وەک ڕەگەزنامە و بارى شارستانى و پاسپۆرت، بەهاوبەشى بەڕێوەدەبرێن و دەبەسترێنەوە بە فەرمانگە ناوەندییەکان لە دیمەشق.

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەریی خۆسەر، رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق بە "هەنگاوێکی گرنگ" بۆ سەقامگیری وەسف دەکات و داوا لە ئەمریکا و فەرەنسا دەکات رۆڵی زامنکار بگێڕن لە جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتنەکەدا.  لە راگەیێندراوێکدا ئیلهام ئەحمەد سوپاسی هەوڵەکانی واشنتن و پاریسی کرد بۆ گەیشتن بەم لێکتێگەیشتنە. ئەو جەختی لەوە کردەوە کە هاتنی هێزە ئەمنییەکان بۆ ناوەندی شارەکان، پرۆسەیەکی "بەرپرسیارانە و قۆناخ بە قۆناخە" و ئامانجی پاراستنی کەرامەتی هەموو پێکهاتەکان و زامنکردنی هاوبەشیی راستەقینەیە. دەشڵێت: "ئەم رێککەوتنە رێ خۆش دەکات بۆ گەشەپێدانێکی دادپەروەرانە و گەڕانەوەی بەکەرامەتی ئاوارەکانی عەفرین و سەرێکانی بۆ زێدی خۆیان." بەگوێرەی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە کە رۆژی هەینی، 30ی کانوونی دووەمی 2026 بڵاوکرایەوە، هەردوولا لەسەر راگرتنی شەڕ و کشانەوەی هێزەکان لە هێڵەکانی بەریەککەوتن رێککەوتوون. بڕیارە فیرقەیەکی سەربازی پێکبهێنرێت کە سێ لیوای لە هێزەکانی هەسەدە بێت، لەگەڵ پێکهێنانی لیوایەکی تایبەت بە کۆبانی لە چوارچێوەی سوپای سووریا لە پارێزگای حەلەب. لە لایەکی دیکەوە، دامەزراوەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر تێکەڵ بە دامەزراوەکانی دەوڵەت دەکرێن و فەرمانبەرانی مەدەنی لە شوێنەکانی خۆیان جێگیر دەکرێن. رێککەوتنەکە بەڵێنی یەکلاکردنەوەی مافە مەدەنی و پەروەردەییەکانی گەلی کورد دەدات، وەک هەنگاوێک بۆ یەکخستنی خاکی سووریا و بونیاتنانەوەی وڵات.

هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا، لە چاوپێكەوتنێكدا بۆ كەناڵی الجزیرة: رێککەوتنی ئەم دواییەی حکومەتی سوریاو هێزەکانی سوریای دیموکرات زۆر گرنگە. *تورکیا پشتگیری لە هەر ڕێککەوتنێک دەکات، بەبێ گوێدانە لایەنە پەیوەندیدارەکان، لەگەڵ ئەوەشدا سەبارەت بە بەرژەوەندییەكانی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا، مەترسی تایبەت و هێڵی سوری خۆمان هەیە. *لەگەڵ ئەوەشدا کاتێک حکومەتی دیمەشق رێککەوتن لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات، بەزۆری ئەم رەچاوکردنانە لەبەرچاو دەگیرێن. *ئاگربەستەکە هێشتا پیادە دەكرێت، ئەوەش ڕێگە بە هێزەکانی ئەمریکا دەدات دەستگیرکراوەکانی داعش لە سوریاوە بگوازنەوە بۆ عێراق. *ئەمە بە پێشهاتێکی گرنگ دەبینم، باوەڕم وایە پێویستە هەموو لایەک لەم ڕووەوە هاوکار بن، ئێمە لە تورکیا هەموو هەوڵێک دەدەین لەگەڵ ئەمریکییەکان کاربکەین بۆ ئاسانکاری بۆ ئەم کارە. *لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە ئایا تورکیا هەر پێکهاتەیەکی پۆلیسی بە سەرکردایەتی کورد قبوڵ دەکات یان نا، وتی، لە بنەڕەتدا هەسەدە درێژکراوەی ڕێکخراوی "تیرۆریستی پەکەکە"یە  لە سوریا. *پەکەکە چوار لقی لە چوار وڵاتدا هەیە کە بریتین لە سوریا، عێراق، ئێران، تورکیا، واتە ئامانجی پەیوەندیدار بەو وڵاتانەوە هەیە. *تورکیا گرنگییەکی ڕاستەقینە بە کوردەکانی سوریا دەدات و دەبێت دادپەروەرانە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. *رێکخراوی "تیرۆریستی پەکەکە" پێشتر سەدان کەسی كۆ کردۆتەوەو ناردویەتی بۆ خزمەتکردن لە چوارچێوەی ریزەکانی (هەسەدە) لە سوریا. *ئەمانە سوری نین، ئێستا لە سوریان، تاکە ئامانجیشیان زیانگەیاندنە بە بە ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا، دەمانەوێت ئەم دۆخە کۆتایی پێبێت. *نزیکەی ٣٠٠ چەکداری سەر بە ڕێکخراوە چەپەکانی تورکیاشیان داڵدە داوە کە تاکە ئەرکیان گەڕانە بەدوای دەرفەت بۆ هێرشکردنە سەر سەرباز و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا. *هەموویان دەناسین، ئەوانیش دەزانن، ئێمەش دەمانەوێت ئەم دۆخە بە کۆتایی پێبێت، ئەو پرسانەی کە ماونەتەوە دەبێت لە چوارچێوەی بنەماکانی دەوڵەتێکی خاوەن سەروەرى و یەکگرتوودا چارەسەر بکرێن.  *لە دەوڵەتێکی یەکگرتوو و سەروەردا دوو سوپات ناوێت، پێویستە تەنها یەک سوپای هەبێت، لەژێر فەرماندەیی یەک دەسەڵاتدا. * دروستكردنی هێزی پۆلیس و بابەتەکانی تر دەتوانرێت لە نێوان دیمەشق و هەسەدەدا رێكبخرێن. *نامانەوێت بە وردەکارییەكانەوە سەرقاڵ بین، ئێمە بە تەواوی ئاگاداری هەستیارییەکانمانین،  پێمان وایە ئەوەی داوای دەکەین لە هێزەکانی هەسەدە  و لایەنەکانی دیکە بە تەواوی شیاوی جێبەجێ كردنن.  🔹هێزەکانی سوریای دیموکرات هەندێک جار ناکۆکی لە نێوان ئەمریکا و سوریادا دروستکردووە، ئەنكەرەو واشنتۆن و دیمەشق راوێژی هەمەلایەنە ئەنجام دەدەن بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسانە بە شێوەیەکی ڕێک و پێک.  

موستەفا قەرەسوو ڕایگەیاند، هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان، بۆ تێکدان و ڕێگریکردنە لە پڕۆسەی ئاشتیی، ئەم هێرشە بۆ سەر هەموو گەلی کورد و دەستکەوتەکانییەتی و نایانەوێت کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ستاتۆیەکی هەبێت، پرۆژەیەکی وەها هەیە و تورکیاش بەشێکە لەمە دەشڵێت: گەل یەکێتی خۆی هێناوەتەدی، بەرپرسیارێتیی هەموو هێزە سیاسییەکان ئەوەیە، کە ئەو یەکێتییە نەتەوەییە لە ڕووی سیاسییەوە جێبەجێ بکەن. ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە موستەفا قەرەسوو، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تایبەتی تەلەفزیۆنی (مەدیا خەبەر)ـدا قسەی کرد و سەبارەت بە دۆخی ئێستای ڕۆژئاوای کوردستان و پڕۆسەی ئاشتیی و چەندین بابەتی دیکەی گرنگ هەڵسەنگاندی کرد، ڕۆژنیوز بەشێک لە چاوپێکەوتنەکەی بڵاو دەکاتەوە. بەشێک لە هەڵسەنگاندنەکانی موستەفا قەرەسوو بەم شێوەیەیە: هێشتا هەلومەرجی کارکردنی ئازاد بۆ ڕێبەری گەلان عەبدوڵا ئۆجالان نەڕەخساوە، هەروەها لە چوارچێوەی ‘مافی هیوا’ـدا هیچ هەنگاوێک بۆ ئازادی جەستەیی ئەو نەنراوە، هەروەها بوون و نەبوونی کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان نادیارە، ئەم دۆخە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ موستەفا قەرەسوو: یانزە مانگ بەسەر بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ‘ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک’ لە ٢٧ـی شوباتی ٢٠٢٥ تێپەڕیوە، ماوەیەکی کەم نییە، هەروەها پێش ئەوە شتی تر هەبوو، پێش ئەوە، باخچەلی بانگەوازی کرد، پاشان ڕێبەر ئاپۆ ڕایگەیاند کە دەتوانێت پڕۆسەی شەڕی ٥٠ ساڵە و ١٠٠ ساڵە بگوازێتەوە بۆ زەمینەیەکی یاسایی و سیاسی، بەڕاستی هەنگاوی ڕادیکاڵی لەم بابەتەدا ناوە، ئێمەش بەگوێرەی بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بڕیاری گرنگمان دا، هەنگاوی گرنگمان ناوە. پەکەکە هەموو کار و چالاکییەکی لەژێر ناوی خۆیدا کۆتایی پێهێنا، تێکۆشانی چەکداریمان لەدژی تورکیا ڕاگرت، هەوڵماندا کێشەکان لەگەڵ تورکیا بە ڕێگەی ماقووڵ چارەسەر بکەین، گەلی ئێمەش پشتیوانی ئەم بانگەوازەیان کرد، هەروەها وەڵامی ئەرێنیمان دایەوە بۆ سەرکەوتنی ئەم بانگەوازە، چ لە ڕووی دروستکردنی ڕای گشتی کوردەوە و چ بە هەڵوێست و ڕوانگەی خۆمان، پاشان چەکەکان سووتێنران و هەڤاڵان لە باکوور کشانەوە، ئەوانیش ڕاگەیاندراویان هەبوو، بەم جۆرە، تا ئاستێکی بەرز بەرپرسیارێتیی خۆمان جێبەجێ کرد. لە شوێنەکانی تری جیهاندا هەنگاوی لەو شێوەیە ئاسان نەبوو، هیچ ڕێکخستنێک هەنگاوی لەو شێوەیەی نەناوە، بەڵام ڕێبەرێتی ئیرادەی نیشاندا، بارودۆخی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕەچاوکرد، چونکە دەوڵەت باخچەلیش بەم شێوەیە بانگەوازی کردبوو و هەنگاوێکی لەو شێوەیە نرا، ١١ مانگە، لەوەش زیاترە، ڕێبەر ئاپۆ بە سەبرەوە ئەم پڕۆسەیە بەڕێوەدەبات، پێشەنگایەتی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەکات، ئەگەر بە وردی لێکۆڵینەوە بکرێت لە هەر وشەیەک، هەر ڕستەیەکی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ٢٧ـی شوباتی ٢٠٢٥، ئەوە دەبینرێت کە ڕێبەرێتی بانگەوازەکەی بۆ ئەوەیە کە پرسی کورد، هەموو کێشەکانی تورکیا، چارەسەر بکرێت و تورکیا دیموکراتیک ببێت، بەرنامەیەکی خستەڕوو، هەڵوێستێکی ماقووڵی نیشان دا.  بەڵام دەوڵەتی تورک هەڵوێستی چی بوو؟ هەندێک کۆبوونەوە ئەنجامدرا، بۆ ئەوەی پەیامەکانمان بگات بە ڕێبەرێتی، پەیامەکانی ڕێبەریش بگاتە ئێمە، گۆشەگیری تا ئاستێک هەڵگیرا، پارێزەران جارێک چوونە ئیمراڵی، بنەماڵە چوون، بەتایبەت شاندەکان چوون؛ بەڵام ئەم هاتوچۆیە ئەنجامێ ئەوتۆی لێ نەکەوتەوە. لە کۆتاییدا کۆمیسیۆنەکە پێکهێنرا، ئێمە ساڵانێکە ئەمەمان دەوێت، ڕێبەرێتی ساڵانێکە دەیەوێت پەرلەمان دەستوەردان بکات، جەهەپە کە پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆنە، ویستی پەرلەمان دەستوەردان بکات، لەم چوارچێوەیەدا کۆمیسیۆنێک پێکهێنرا، پەرلەمان بەم شێوەیە دەستوەردانی کرد، بۆیە گرنگ بوو، ئەرێنی بوو. پەرلەمان بانگەشەی ئەوە دەکات کە نوێنەرایەتی ئیرادەی کۆمەڵگای تورکیا دەکات و بە ناوی کۆمەڵگا بڕیار دەدات و یاسا دادەڕێژێت و دەستور دەنووسێتەوە، دەستێوەردانی کۆمیسیۆنی پەرلەمان لە پرسی کورددا گرنگ بوو، بەڵام هیچ ئەنجامێک لەوەش نەهاتە ئاراوە، ڕێبازی ئەو کۆمیسیۆنە ئەوە نەبوو کە ڕای گشتی پێکبهێنێت و پێشنیارەکان بخاتەڕوو.  لە کۆتاییدا دیدارێکیان لەگەڵ ڕێبەرێتی ئەنجامدا، کۆنووسەکانی ئەو کۆبوونەوەیە بە تەواوی بڵاو نەکرانەوە، سەرەتا ٤ لاپەڕە بڵاوکرایەوە، پاشان ١٦ لاپەڕە، چەند بەشێکیان بڵاوکردەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە یەک پارچەیە، ناوەڕۆکەکەیان شێواندووە و بەو شێوەیە خستیانە بەردەم ڕای گشتی، بەڵام ئەرکی کۆمیسیۆن ئەوە بوو کە لە ئەنجامی کۆبوونەوەکاندا هەندێک پێشنیار بخاتەڕوو بۆ چارەسەری پرسی کورد و دیموکراتیزەکردن، بەڵام کات دەکوژن، ماوەی کارکردنی تا کۆتایی مانگی شوبات درێژ کرایەوە، بەحیساب ئەم کۆمیسیۆنە ناوی کۆمیسیۆنی دیموکراسی و خوشک-برایەتی و یەکێتیی نەتەوەییە، بەڵام لە ئاست ناوەکەی و چاوەڕوانییەکاندا نەبوو، ئەمە گرنگە. گەر هێشتا لە کۆمەڵگادا نیگەرانی لەبارەی پڕۆسەکە هەیە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ مامەڵەی حکومەت و کۆمیسیۆن کە بەرپرسیارێتی خۆی بەجێ نەگەیاندووە، مامەڵەی کۆمیسیۆن و حکومەت و دەوڵەت بەجۆرێکە، وەکبڵێی مامەڵە لەگەڵ پرسێکی جددییدا ناکەن، هەندێ لێدوان دەدەن و قسە دەکەن، کەچی هەنگاونانێن، گرنگترین شت، هێشتا ڕەوشی ڕێبەر ئاپۆ نەگۆڕاوە، تا ئێستاش لە ئیمراڵی لە گۆشەگیریدایە، جگە لە کۆبوونەوەی ناوبەناو لەگەڵ شاندەکە، هیچ دەرفەتێک بۆ ڕێبەر ئاپۆ نەبووە کە بۆچوونی خۆی بۆ ڕای گشتی بڵاو بکاتەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنی جیاوازدا کۆببێتەوە. لەبەرئەوەی ڕێبەرێتی ڕای گشتیی دیموکراتیک، کۆمەڵگەی کوردی، هەمووان بۆ ئەم پڕۆسەیە ئامادە دەکات، دەبوو ڕۆڵێکی زۆر گرنگی پێ بدەن لە ئامادەکاری بۆ ئەم پڕۆسەیە، بەڵام دەرفەتی پێ نەدرا، ئەمە مانای چییە؟ بەو مانایەیە کە هەڵوێستێکی درووست بۆ بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک نیشان نەدراوە. ئێستا، هێرش دەکرێتە سەر ڕۆژئاوا، هێرش بۆ سەر شێخ مەقسوود دەستی پێ کرد، پاشان بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئێستاش بۆ سەر هەموو هەرێمە کوردنشینەکان، ئەمەش خۆی لە خۆیدا هەڵوێستێکی ناجدییە بەرانبەر پڕۆسەکە، تێکدان و ڕێگریکردنە لە پڕۆسەکە، بەم واتایە دێت، هەمووان دەڵێن؛ چۆن ئاشتی لە ناوخۆی سووریا بە دوژمنایەتی بەرامبەر کورد بەدی دێت؟ بۆیە ئەو مامەڵەیە لە ڕۆژئاوا نیگەرانی دروست دەکات کە لەمەودوا پڕۆسەکە چۆن دەبێت. ئێمە دەزانین کە ڕێبەر ئاپۆ دوو جار پەیامێکی بۆ ڕۆژئاوا و ئیدارەی ئەوێ ناردووە، ئەو پەیامی “ڕووبکەنە ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک”ـی بۆ ئەوان نارد، واتە ویستی ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک لەوێش بێتەدی، وەک چۆن باکوور و لە تورکیادا داوای ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک دەکات، لە سووریاشدا هەمان شتی دەوێت. بەڵام ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک، سەپاندن نییە، بە واتایەکی تر ڕوانگەیەکی یەکگرتوو دەگرێتەخۆ بۆ دیموکراتیکبوون، بەڵام بە هێرشەکە وەڵامی بانگەوازی ڕێبەرێتی درایەوە، بانگەوازەکانی ڕێبەرێتی لەبەرچاو نەگیرا، باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و قەسەدە و ئیدارەی ئەوێ بانگەوازی ڕێبەرێتییان لەبەرچاوگرت، ئەگەر ڕێگەیان بە ڕێبەرێتی بدایە، دەیتوانی کێشەکان بەشێوەیەکی ماقووڵ و دوور لە شەڕ چارەسەر بکات. ڕێبەرێتی هۆشداریدا، مەکەونە نێو شەڕەوە و با شەڕ نەگاتە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەڵام دەوڵەتی تورک ئەم هەڵوێستانەی ڕێبەرێتی لەبەرچاو نەگرت، ئەمەش گرنگە، دەوڵەت دەزانێت هەڵوێستی ڕێبەرێتی چییە، ڕێبەرێتی چ جۆرە چارەسەرێکی دەوێت بۆ سووریا، چ جۆرە ئینتیگراسیۆنێکی دیموکراتیکی دەوێت، واتە ڕێوشوێنێکی ماقووڵ بۆ چارەسەر، بەڵام لە ڕێگەی گفتوگۆوە، لە ڕێگەی دیالۆگەوەم سەرەڕای ئەمەش ئەمە لەبەرچاو نەگیرا، بەپێچەوانەوە هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوا بە هاندان و دەستوەردانی دەوڵەتی تورک دەستی پێ کرد. هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوا بەدیوێکدا هێرشە بۆ سەر پڕۆسەکە، شێواندنی پڕۆسەکەیە، چۆن ڕوودەدات؟ ئێوە پڕۆسەیەک ئەنجام دەدەن، لەگەڵ ئیمراڵی پڕۆسەیەک ئەنجام دەدەن، بێگومان ئێمەش لەنێو ئەم کارەداین، وەک تەڤگەر ئێمەش لەنێو ئەم پڕۆسەیەداین، کار و چالاکییەکانمان لەژێر ناوی پەکەکەدا کۆتایی پێ هێنا، تێکۆشانی چەکداریمان ڕاگرت، ئەوەندە هەنگاومان ناوە، گەریلاکانمان لە ناوخۆی تورکیا کشاندەوە، بەڵام دەوڵەتی تورک هەڵوێستێکی ئەرێنی لەم ڕووەوە نیشان نەدا. لە لایەکی تریشەوە هەم هێرشی کردە سەر ڕۆژئاوا و هەم هێرشی سەر ڕۆژئاوای گۆڕی بۆ هێرشێکی ڕاستەوخۆ دژی ئێمە، لە هەموو هێرشێکدا ئێمەیان خستە ڕۆژەڤەوە، کاتێک هەموو هێرشێک هەڵدەسەنگێنن، ئێمە دەخەنە ڕۆژەڤەوە و دەمانکەنە ئامانج. پڕۆسەیەک هەیە، ئێمەش لەنێو پڕۆسەکەداین، ئەمەش هەم تێکدانی هەوڵەکانی ڕێبەرێتییە و هەم تێکدانی هەوڵەکانمانە بۆ ئاسانکاری، بۆیە ئێمەش بیر لەوە دەکەینەوە؛ لەمەودوا پڕۆسەکە چۆن بەرەوپێش دەچێت؟ ئایا بەم شێوەیە بەرەوپێش دەچێت؟ ڕێبەرێتی و ئێمە بە سەبرەوە ئەمەمان گەیاندە ئەم ئاستە، بەڵام ئەگەر مامەڵەیەکی جیاواز نیشان نەدرێت، واتە ئەگەر هەڵوێستەکانی ئێستا نەگۆڕێن، ئەم پڕۆسەیە چۆن بەرەوپێش دەچێت؟ زەحمەتە، دەکرێت بڵێین ئێستا بنبەستێک هەیە، هەمووان هەمان هەڵسەنگاندن و بیر و بۆچوونیان هەیە، دوای هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوا کێ دەتوانێ بڵێت پڕۆسەکە بە ئاسانی بەرەوپێش دەچێت؟ گەلی کوردستان و تەواوی جیهان سەرنجیان لەسەر ڕۆژئاوایە، ئەو هێرشە دڕندانەیە کە لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب بە هاوکاری دەوڵەتی تورک و داعش و هەتەشە دەستی پێکرد، لە سەرانسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا بڵاوبووەتەوە، چی دەڵێن لەسەر ئەم هێرشانە؟ موستەفا قەرەسوو: سەرەتا بە ڕێز و سوپاسەوە زیاد حەلەب و دەنیز چیا بیردەهێنمەوە کە لە شێخ مەقسوود شەهید بوون، هەروەها یازدەهەمین ساڵیادی بەرخۆدانی ڕۆژئاوایە، بە ڕێز و سوپاسەوە هەڤاڵ گەلهات و ئارین میرکان کە لەوێ شەهید بوون، بیردەهێنمەوە، بێگومان ئەم شەهادەتە ڕێبازی ئێمە نیشان دەدات، تیشک دەخاتە سەر پێویستی تێکۆشان و ڕێبازمان، بێ ئاوڕدانەوە لە هەڵوێستی شەهیدان، بێ هەڵسەنگاندن بۆ هەڵوێستی شەهیدان، ناتوانین هەنگاوێک بنێین، ناتوانین سیاسەتدا بکەین، ئەوان هێڵی ئێمە، هێڵی تێکۆشانمان پێناسە دەکەن، چونکە ئەوان لە پێناو دۆزێکدا شەهید بوون، بۆ ئەو ئامانجە شەهید بوون، بۆیە هەرچی پێویست بێت بۆ سەرخستنی ئەو دۆزە دەیکەین. ڕووداوی شێخ مەقسوود هێرشێکی ئاسایی نییە بۆ سەر شارێک، لە ڕاستیدا پیلانگێڕییەکی نێونەتەوەیی هەیە، لە ٤ـی کانوونی دووەم بۆ کۆبوونەوەیەک چوونە دیمەشق، خەریک بوو ڕێککەوتن بکرێت، ڕوانگەی ڕێبەرێتیش لەسەر ڕۆژئاوا هەبوو، ڕێککەوتنێک کرابوو، لێدوانێک دەدرا، وەزیری دەرەوەی سووریا دەستوەردان دەکات، دەڵێت ‘با لێدوان نەدەین، دەتوانین دواتر کۆببینەوە’.

فەرهاد شامی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی قەسەدە ڕایگەیاند، گەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان شکستیان هێنا ئەوا یەک هەنگاو پاشەکشە ناکەین و لە ئەگەری هەر هێرشێکی تر بەرەنگار دەبینەوە و پێشڕەوی دەکەین، داوا لە گەلیش دەکات لە گۆڕەپانەکاندا بمێننەوە و هەڵوێستەکانیان ڕێڕەوی ئەم قۆناغە دەگۆڕێت. لە بەشدارییەکی لە گەشتی هەواڵەکانی ڕۆناهی تیڤی، فەرهاد شامی، بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە)، دواین پێشهاتەکان دەخاتەڕوو. فەرهاد شامی سەبارەت بە پشتیوانییەکانی گەلی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان و دەرەوەی وڵات ڕایگەیاند، هەڵوێستی گەلی کورد لە ڕۆژئاوا و کوردستان و ئەورووپا ڕێڕەوی ئەم قۆناغە و ئەم سیاسەتانە دەگۆڕێت و ڕێگەمان پێدەدات بە سەلامەتی بەرەو قۆناغی داهاتوو هەنگاو بنێین، داوایان لێ دەکەین کە لە گۆڕەپانەکاندا بمێننەوە و پشتیوانی لە بەرخۆدانمان بکەن. ئاماژەی بە دانووستانەکان کرد و وتی: دانووستانەکانی دیمەشق لەژێر چاودێری نێودەوڵەتیدایە، بەمزووانە ئەنجامەکانی بۆ گەلەکەمان ڕادەگەیەنین، ئەگەر دیپلۆماسی شکستی هێنا، یەک هەنگاو پاشەکشە ناکەین. وتیشی: ئەگەر دوژمن جارێکی تر هێرش بکاتەوە، بەرەنگاریان دەبینەوە و هەنگاوی بەرچاو بۆ پێشەوە دەنێین. فەرهاد شامی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتیشی: ئەم تێکۆشانە بە دەگاتە لوتکەی سەرکەوتن و گەلەکەمان دەبێت باوەڕی بەو شتە هەبێت و بانگەوازیی لە گەلەکەمان دەکەین کە نەبنە یاریپێکەری دەستی دوژمن و میدیاکانی و سیاسەتەکانیان.

ژنە سیاسەتمەداری کورد گوڵتان کشاناک ڕایگەیاند، هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا تەنها لە دژی بوونی گەلی کورد نیی، هاوکات ئامانجە بۆ لەناوبردنی ژیانی هاوبەشی گەلان و گوتی: "ئەم هێرشانە بۆ گەلی کورد بابەتی مان و نەمانە." کشاناک ڕایگەیاند، ئەم هێرشانە ئەو مۆدێلی ژیانە هاوبەشە دیموکراتیک، فرەناسنامە و ئازادیخوازە دەکاتە ئامانج کە لە ڕۆژئاوا هاتووەتە بوون. گوتیشی ئەم مۆدێلە نەک تەنها بۆ کورد، بۆ هەموو گەلانی سووریا هیوا و ئەلتەرناتیڤێک بنیاتدەنێت. 'دیمەشق درێژکراوەی زیهنییەتی داعشە' کشاناک ئاماژەی بەوە کرد کە دووبارە زیهنییەتی داعش هاتووەتەوە گۆڕێی و تاوانەکانی شەڕ ئەنجامدەدات و گوتی: "لە ئێستادا ڕێکخراوێکی تیرۆریستیی توندڕەو لەژێر ناوی دەسەڵاتی دیمەشق هەڵسوکەوت دەکات. کە هەڵگری زیهنییەتی داعشە." 'دووبارەبوونەوەی کارەساتی شەنگالە' کشاناک ڕایگەیاند کە ئەم هێرشانە نوێ نین و گوتی: "ئێمە ئەم تاوانانەی جەنگ بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دەزانین. ئەمە هاوشێوە و درێژکراوەی هێرشکردنە سەر شەنگالە لە ساڵی ٢٠١٤. لەم زیهنییەتەدا هیچ شێوەیەک دان بە هەبوونی ژندان نانرێت و  ژن تەنها دەکرێتە کۆیلە." 'پەرە بە تێکۆشانی هاوبەشی ژنان دەدەین' لە بارەی تێکۆشانی ژنانەوە کشاناک ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە ژنان لە ڕێی ڕێکخراوکردنی خۆیانەوە هەڵوێستێکی بەهێزتر بگرنە بەر و گوتی: "پێویستە بانگەواز بۆ جوڵانەوەی ژنان لە جیهان بکرێت و تێکۆشانێکی هاوبەشیان لەگەڵدا ئەنجام بدرێت. ئێمە هەوڵدەدەین ئەمە بکەین، پێویستە بیکەین؛ باشتری دەکەین و پێویستە ئەم هێرشانە ڕابگرین." 'پێویستە گوشار لە تورکیا بکەین بۆ کردنەوەی دەروازەکان' گوڵتان کشاناک کۆتایی قسەکانی بە سەرنج خستنەسەر هێرشکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەربڕی و گوتی: "لە ئێستادا لە ڕۆژئاوا کارەساتێکی مرۆیی زۆر گەورە ڕوودەدات. گەمارۆ هەیە، سەرەکیترین پێداویستییەکان دابین ناکرێن. شەپۆڵێکی گەورەی کۆچبەری جارێکی تر ڕوودەدات. بەم زستانە کۆچبەرەکان لە دۆخێکی زۆر زەحمەتدا دەژین. منداڵان لە سەرمادا گیان لەدەستدەدەن. هەربۆیە پێویستە هەموومان دەستبەجێ پشتیوانییەکی گەورەی ڕێکخراو بکەین و پێویستە وەکو داخوازییەکی کۆمەڵایەتی داوا لە تورکیا بکرێت کە دەروازە سنوورییەکان بکاتەوە. پێویستە گەمارۆی ئەوێ بشکێنرێت و تراژیدیای مرۆیی ڕێگری لێ بکرێت."

🔴 سۆران مەڵکەندی، ئەو پیاوەی خەڵکی سلێمانی کە بە خۆبەخش چووەتە رۆژاڤا، باسی دۆخی شەڕ و ئەو گەنجانەی کوردستان دەکات کە بۆ شەڕ لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگن. 🔻 سۆران مەڵکەندی بۆ هاوڵاتی: ♦️ ئێمە رێگەمان پێنادرێت پێشڕەوی بکەین، لە سەرکردایەتی هەسەدەوە ئاگادارکراوینەتەوە پێشڕەوی نەکەین. ♦️ ئێستا کەشوهەوا ساردە و چەکدارانی دیمەشق ناتوانن بە پیادە پێشڕەوی بکەن. ♦️ بەهیچ شێوەیەک ناهێڵین چەکدارانی سوریا پێشڕەوی بکەن. ♦️ ئەو چەکدارانە جێی متمانە نین، ئاگربەست پێشێل دەکەن و لە هەر ساتێکدا هێرش دەکەن. ♦️ نزیکەی دوو هەزار گەنجی باشووری کوردستان لێرەن. ♦️ لێرە بە ویستی خۆتە بچیتە بەرەکانی پێشەوە یان وەک هێزی پشتیوانی بیت. ♦️ ئەوانەی لە باشوور و پارچەکانی دیکەوە هاتوون هیچیان ئامادە نین بگەڕێنەوە و دەیانەوێت گیانی خۆیان بەخت بکەن. ♦️ ئەگەر بڕیار بێت بمرین با لە پێشەوە بمرین نەک لە دواوە چاوەڕێی مردن بکەین. ♦️ بۆیە ئەوانەی هاتوون هیچیان ئامادە نەبوون لەدواوە بمێننەوە. ♦️ زۆربەی ئەوانەی هاتوون شەڕیان بینیوە پێشتر، ئەوانەشی شەڕیان نەدیووە بەغیرەتن. ♦️ ئەمەی دەیبینم لە رۆژاڤا زۆر سەیرە! ئەو کاتەی هێرش دەکرێتە سەرمان شەڕڤانان پێدەکەنن چونکە دەڵێن فرمێسک مۆراڵ و رقمان بەرامبەر دوژمن کەمدەکاتەوە. ♦️ هەست دەکەیت لەگەڵ مرۆڤی باڵادایت کاتێک دێیتە ناو شەڕڤانان، وەک بڵێی مرۆڤی سەر زەوی نین و مرۆڤی ئاسامانن. ♦️ دەمەوێت لەگەڵ ئەو مرۆڤانەی ئاسمان شە‌هیدبم، ئامادە نیم بگەڕێمەوە و لەگەڵ شەڕڤانان دەبم.

 فواد حسێن، کاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، ڕایدەگەیەنێت رەنگە دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بۆ رۆژی یەکشەممە دوابخرێت. ♦️ پێموانییە هیچ کاندیدێک لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردن سەربکەوێت. ♦️ رەنگە لەگەڵ یەکێتی رێکبکەوین کاندیدێکی هاوبەشمان هەبێت بۆ پۆستی سەرۆککۆمار. ♦️ پارتی ئامادەیە ئەو پۆستانەی هەیەتی لە بەغدا پێشکەشی یەکێتی بکات. ♦️ ئەگەر لەگەڵ یەکێتی رێکبکەوین من کاندیدی هاوبەش دەبم. ♦️ جێگری سەرۆکوەزیران، جێگری پەرلەمان، وەزیری دەرەوە و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەدەین بە یەکێتی لەبەرامبەر پۆستی سەرۆککۆمار.

موراد قەرەیلان، فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ کەناڵی "ستێرک تیڤی" سەبارەت بە هێرشی گروپە چەكدارەكانی حکومەتی کاتی سوریا بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا راگەیاند، ئەو هێرشانەی لە 6ی 1ی بەکرێگیراوانی دەستەی تەحریر شام و دەوڵەتی تورکیا لە حەلەبەوە دەستیپێکرد، شتێکی ئاسایی نین، روونە کە ئەمە پیلان و پلانێکی گەورەیە. قەرەیلان وتیشی: ئەوان دەیانویست بە پێی رێککەوتنی سایکس پیکۆ نەخشەی ناوچەکە بکێشنەوە، ئێستاش دەستیان کردووەتەوە بە دووبارە کێشانەوەی نەخشەکە، ئەمجارەیان لە ناوخۆی سوریاوە، نەخشە نوێیەکە هیچ شوێنێک بۆ کورد ناهێڵێتەوە، هێرشەکانی سەر رۆژئاواش ئامانجیان دروستکردنی مەهابادی دووەمە. قەرەیلان دووپاتی کردەوە، ئەم هێرشانە رەزامەندی وڵاتانی هەرێمایەتی و هێزە نێودەوڵەتییەكانی هەیە، ئەم پلانە لەلایەن دەوڵەتانی ناوچەیی وەک تورکیا و سعودیە و قەتەر و تەنانەت ئوردنیشەوە پاڵپشتیكراوە، جگە لە زلهێزە نێودەوڵەتییەکانی وەک ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا. ئاماژەی بە بانگەوازەکەی عەبدوڵان ئۆجەلانیش كرد لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥ کرد و وتی: ئامانجی بنەڕەتی ئەم بانگەوازە برایەتی نێوان گەلانە، لە کاتێکدا ئەم پیلانگێڕییە هەوڵی چاندنی دوژمنایەتییە لە نێوانیاندا. پەیامێکی روونیشی ئاڕاستەی دەوڵەتی تورکیا کردو رایگەیاند، پێویستە سەرۆک ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی لەوە تێبگەن، ئاشتی لەگەڵ کورد لەسەر جەستەی کوردانی رۆژئاوای کوردستان بەدی نایەت.