ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە ئیدارەی خۆسەر لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵلا (شمس) ڕایدەگەیەنێت: پەیوەندی لەگەڵ واشنتۆن و پاریس و ئەنكەرە هەیە سەبارەت بە پەرەسەندنەكانی حەلەب.  هەروەها ئەوەش دەخاەڕوو هەوڵدەدەین ئەو وڵاتانە رۆڵی نێوەندگیریان هەبێت لەنێوان ئێمەو دیمەشقدا.  لەبەشێکى دیکەى چاوپێکەوتنەکەیدا باس لەوەدەکات لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە هەوڵدەدەین بگەینە بەكارهێنانی زمانی عەقڵ و لۆژیك بۆ چارەسەری پرسەكان بەبێ پەنابردن بۆ ئەنجامدانی رەشەكوژی.  ئیلهام ئەحمەد وتیشى: هێرش بۆسەر گەڕەكەكانی (شێخ مەقسود)و (ئەشرەفیە) نوێ نییەو لە سەردەمی رژێمی پێشووش هێرش و ئەبڵوقە هەبوو، سەرباری ئەوەی رژێم كەوتووە، هێشتا ئابڵوقەو هێرشەكان بۆسەر ئەو دوو گەڕەكە بەردەوامن.  چەند پەیامێکى ترى ئیلهام ئەحمەد... ـ ئێمە لە پەوەندیداین لەگەڵ دیمەشق بۆ ئەوەی ئارامكردنەوەو رێگریكردن لە ئاڵۆزی گەورەتر، ئێمە لەگەڵ ئاشتی و دیالۆگ و چارەسەری پرسەكانداین. ـ ژمارەیەك لە گروپەكان لە لازقیەو سوەیدا رەشەكوژییان ئەنجامدا، ئەوانە ئێستا لە دەوروبەری شێخ مەقسودو ئەشرەفیەن، نازانم حكومەتی سوریا چ سودێك دەبینێت لە دووبارەبوونەوەی ئەم پێشێلكارییانە. ـ ئێمە وا لە بابەتەكە دەڕوانین كە بابەتێكی سوری- سورییە، چارەسەری پرسەكانیش دەبێت سوری بێت، بەڵام كاتێك دەستوەردان هەیە لەلایەن هێزی هەرێمایەتییەوە كە بەرژەوەندی لە سوریا هەیە، ئەمە دەبێتە بەربەست، توركیا مێژووی هەیە لە شێوەی مامەڵەكردنی لەگەڵ دۆزی كورد، باس لە مەترسی ئەمنی دەكات، لەكاتێكدا دۆزی كورد دۆزی مافە ڕەواكانەو دەبێت لەڕوانگەی مافی رەواوە تەماشای بكات نەك وەكو دۆسیەیەكی ئەمنی.  ـ هیوادارین توركیا رۆڵی هەبێت لە هێوركردنەوەی پەرەسەندنەكە.

مەلا بەختیار لەبارەی خۆکاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمارـ دەڵێت: یەکێتی و پارتی رێکنەکەون من هەلێکی گەورەم هەیە بچمە خولی دووەمی هەڵبژاردن. هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو کە پیشتیوانییەکی جەماوەی فراوانم هەیە،  بۆ ئەوە خۆم کاندیدکرد تاوەکو مافە خوراوەکەی خۆم وەربگرمەوە. بەشێکى دیکەى قسەکانى مەلا بەختیار لە چاوپێکەوتنەکەى لەگەڵ ڕووداوو.. ♦️ کێشەکانی ناو یەکێتی مافی من زەوتکرد. ♦️ ئەو ئامرازانەی کاندیدی سەرۆک کۆماری پێدیاریدەکرا لە یەکێتی هەڵە بووە. ♦️ لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی سەرۆک کۆمار خۆم دەخواردەوە. ♦️ نەمتوانی چیدیکە بێهەڵوێست بم و شوێنەکەی مام جەلال فەرامۆش بکەم. ♦️ کەس لە خۆم بە یەکێتیتر نازانم. ♦️ دەمتوانی بە دروستکردنی باڵ باڵێن ببم بە سکرتێری یەکێتی. ♦️ لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی بۆ خۆکاندیدکردنم قسەم نەکردووە. ♦️ ئامادەم لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆمار دانیشم.

شێخ مورشید خەزنەوی سڵاو لە تێکۆشانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کرد و گوتی: "دەبێت هەموو پارت و ڕێکخستنە کوردییەکان یەکگرتووبن؛ بۆ پاراستنی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات بەرەیەکی هاوبەش دابمەزرێنن، لە دەوری مێزێک کۆببنەوە و ببنە هێزێکی فراوان". مانگرتن و ناڕەزایەتییەکان بەهۆی قەیرانی ئابووری لە ئێران کە هەفتەی ڕابردوو لە تارانی پایتەخت دەستی پێ کرد، لە فراوانبووندایە. هێرشەکانی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران بۆ سەر خەڵک توندتر دەبن. لە چالاکییەکاندا تا ئێستا لانی کەم هەشت خۆپیشاندەر کوژراون و سەدان کەسیش دەستبەسەرکراون. زانای ئایینی کورد شێخ مورشید خەزنەوی سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکان قسەی کرد، سڵاو لە تێکۆشانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کرد و پەیامی پشتگیریی نارد. لە قۆناغێکداین گەڕانەوە نییە خەزنەوی بانگەوازی کرد بۆ یەکڕیزیی تەڤگەرە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات و گوتی: "گەل کوردمان لە ڕۆژهەڵات! سڵاو لە کارەکانتان، ڕەنجەکانتان، تێکۆشان و بەرخۆدانتان دەکەم. بەم تایبەتمەندییانە نامۆ نین. پارێزەری ناسنامەی کوردن، شوێنکەوتووی شۆڕشگێڕانن، هەڵگری ئازار و هیوای ١٠٠ ساڵن، نەوەی قازی محەمەدن، شوێنکەوتووانی یەکەمین کۆماری گەلی کوردن. نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جارێکی تر بە خوێن دەکێشرێت. لە گەلەکەتان، لە خوشک و براکانتان، لە ڕۆژئاوا بڕوانن. برینەکانی ڕۆژئاوا قووڵ بوون، ناکۆکی لە نێوان هێزە سیاسییەکاندا هەبوو، بەڵام کاتێک بڕیاری چارەسەریی درا پارتەکان بێدەنگ بوون؛ تەنها هاوارێکی بەرز بوو: کورد، کوردستان، بژی خوشک-برایەتی گەلی کورد. ئەم هاواری یەکێتییە بوو بە ئەکتەری سەرەکی گەل. ئەمڕۆ نۆرەی ڕۆژهەڵاتە. ڕژێم بە زوڵم و فشار درێژە بە دەسەڵاتی خۆی دەدات، بە دەنگی پێی شۆڕشگێڕان عەرشی دەلەرزێت. مێژوو دەستی دەکاتەوە، بەڵام هەرگیز پێشوازی لە بێ‌بڕیارەکان ناکات. ئەم هەلومەرجەی تێیداین جیاوازە لە سەردەمی پێشوو. لە سەردەمێکی واداین گەڕانەوە نییە". بانگەوازی یەکگرتوویی لە هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شێخ مورشید خەزنەوی ئاماژەی بەوەدا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە پڕۆسەیەکی مێژووییدا تێدەپەڕێت، گەلی کوردیش نابێت ئەو دەرفەتە لەدەست بدات و گوتی: "بە تایبەتی سڵاو لە پەدەکەی ئێران، پارتی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران، پارتی کۆمۆنیستی ئێران، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)، پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)، هەموو هێزەکانی ڕۆژهەڵات، کۆمەڵە و ڕێکخراوەکان دەکەم لە پای کارەکانیان، ڕەنج، تێکۆشان و بەرخۆدانیان و ڕێزی خۆم پێشکەش دەکەم.  بەناوی ئەو دایکانەی کە هیوایان ئێوەن و لە دەرگای زیندانەکان وەستاون، بەناوی ئەو گەنجانەی کە ڕووبەڕووی لەسێدارەدان دەبنەوە، بەناوی ئەو شەهیدانەی کە وەسێتەکانیان بۆ بەجێهێشتووین، بانگەواز دەکەم: با ئەم دابەشبوونە ئیدی کۆتایی بێت، ڕاگەیاندراوی جیاواز جیاواز کۆتایی بێت. خەڵکی ڕۆژهەڵات دەپرسن کەی لەژێر یەک ئاڵادا کۆدەبنەوە و هەڵوێستێکی هاوبەش نیشان دەدەن. بۆ پاراستنی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات، پلاتفۆرم و بەرەیەکی هاوبەش بنیات بنێنن، لە دەوری مێزێک کۆببنەوە و ببنە هێزێکی فراوان. تا کلیلی هەموو بەشەکان کۆنەکرێنەوە، دەرگاکانی ئازادیی ناکرێنەوە ئێوە دوژمنی یەکتر نین. دوژمنی ئێوە ئەو هێزانەن کە خاکی ئێوەیان داگیر کردووە. تۆ تاکە کلیلی هەموو بەشەکانیت. تا هەموو کلیلی چوار بەشی کوردستان کۆ نەکرێنەوە، دەرگاکانی ئازادیی ناکرێنەوە. گەلەکەمان لە سێ بەشی کوردستان چاوی لە هەڵوێستی ئێوەیە، کورد لە ڕۆژهەڵات یان وەک چیایەک دەوەستێت یان ئەم دەرفەتە زێڕینە لەدەست دەدات. بڕیاری یەکگرتوویی لە ڕۆژهەڵات خەون نییە و لە دەستی ئێوەدایە ئەم بڕیارە بدەن. بژی بەرخۆدانی ڕۆژهەڵات، بژی کورد، بژی کوردستا

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند ئۆپەراسیۆنێكی  نا ئاساییەمان لە ڤەنزوێلا ئەنجامدا. هەروەها ئەوەشى خستەڕوو،  تا قۆناغێکی گواستنەوە تەواو دەبێت، کۆنتڕۆڵی ڤەنزوێلا دەکەین، لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، جیهانی هێرشى وەك ئەوەی ڤەنزوێلاى بەخۆوە نەبینیوە.  سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، جەختى کردەوە کە ئۆپراسیۆنە سەربازییەكە بەشێوەیەكی نایاب ئەنجامدرا، هاوشێوەی ئۆپراسیۆنی كوشتنی قاسم سولەیمانی و بەغدادی و لێدانی شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران بوو. بەشێکى دیکەى قسەکانى دۆتاڵد ترەمپ.. ـ ئێستا مادۆرۆ و هاوسەرەکەی روبەڕوی دادپەروەری ئەمریکا دەبنەوە. ـ ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ڤەنزوێلا لە ڕێگەی ئاسمانی و وشکانی و دەریاییەوە ئەنجامدرا. ـ مادۆرۆ و هاوسەرەکەیمان گرت و سوپای ڤەنزوێلا سەلماندی بێ‌ سوودە.  ــ مادۆرۆ و هاوسەرەکەی لە نیویۆرک بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و تیرۆر روبەڕوی دادپەروەری دەبنەوە. ــ هیچ سەربازێکی ئەمریکی نەکوژرا، لە کاتی ئۆپەراسیۆنی گرتنی مادۆرۆشدا هیچ کەرەستەیەکی سەربازیمان لەدەست نەدا. ــ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەمان لە ڤەنزوێلا یەکێکە نمایشە سەرنجڕاکێش و كاریگەرەكان بۆ ئاستی هێز و توانای سوپای ئەمریکا. ــ لە 97%ی مادەی هۆشبەرمان نەهێشت کە لە ڕێگەی دەریاوە دەگەیشتە ئەمریکا، زۆربەیان لە ڤەنزوێلاوە دەهاتن. ــ ئاشتی و ئازادی و دادپەروەریمان دەوێت بۆ گەلی گەورەی ڤەنزوێلا. ــ ڕێگە نادەین ڤەنزوێلا لەلایەن کەسێکەوە سەرکردایەتی بکرێت کە کار بۆ بەرژەوەندی گەلەکەی نەکات. ــ توانا سەربازییەکانی ڤەنزوێلا پەكخران لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا کە بووە هۆی دەستگیرکردنی مادۆرۆ. ــ کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەچنە ڤەنزوێلا و ژێرخانی نەوت چاک دەکەنەوە و داهات بەدەستدێنن. ــ ئامادەین بۆ شەپۆلی دووەمی هێرشکردنە سەر ڤەنزوێلا ئەگەر پێویست بوو، هەرچەندە وا گریمانە دەکەین کە پێویست نەكات. ــ ڤەنزوێلا بەڕێوە دەبەین و کۆمپانیا نەوتییە گەورەکانمان دەچنە ئەوێ. ــ دیکتاتۆر مادۆرۆ پادشای تۆڕێکی بازرگانی نا یاسایی ماددە هۆشبەرەکان بوو كە بە قاچاغ رەوانەی ئەمریكای دەكرد. ــ مادۆرۆ و هاوسەرەکەی لە کەشتییەکی ئەمریکیدان و دەگەنە نیویۆرک بۆ ئەوەی روبەڕوی دادپەروەری ببنەوە.

ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە موستەفا قەرەسوو، لە بەشی دووەمی دیمانەکەیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات، دەڵێت: لە ئێستادا هیچ باشتربوونێک لە هەلومەرجی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆدا نییە. تەنها هەندێک زانیاری هەیە کە هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی ئەو شوێنەی کە تێیدا دەمێنێتەوە گونجاوتر بێت. هەروەها ئەوەشى خستەڕوو  لە گۆڕەپانی تورکیادا ئافراندنی گۆڕانکاری لە بواری سیاسەتەدا زۆر گرنگە. چارەسەرنەکردنی پرسی کورد گۆڕەپانی سیاسی ئیفلیج کردووە. لەم ڕەهەندەوە تێکۆشانمان تێکۆشانە لە سیاسەتی تورکیا لەسەر بنەمایەکی درووست. وتیشى: کاتێک ڕێبەر ئاپۆ داوای چارەسەری پرسی کورد لەگەڵ تورکیا دەکات، هەوڵدەدات ئەمە ببەستێتەوە بە پەیوەندییە مێژووییەکانی کورد و تورکەوە. دیالەکتیکی پەیوەندیی کورد، داینەمیکی سەرەکیی بوونی تورکە لە ناوچەکە.    بەشی دووەمی هەڵسەنگاندنەکانی موستەفا قەرەسوو  بەم شێوەیە: وەک تەڤگەر کە هەم بەشێکی ئۆپۆزسیۆنین و هەمیش ئاوێتە بە بەشەکانی کۆمەڵگەن دیوێکی ئەرێنییە، لەم پێگەیەوە ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن و بە تایبەت جەهەپە لە پرۆسەکەدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ لە هەموو جێگەیەکی ئەم جیهانەدا پشتیوانی کۆمەڵایەتی لە چارەسەرکردنی شەڕدا بابەتێکی گرنگە. دەسەڵاتێک کە ئیرادەی چارەسەری هەبێت، بە دواداچوون بۆ سیاسەتێک دەکات کە دەبنە هۆکاری پشتیوانی کۆمەڵایەتی. بۆ ئەمەش ئەو هەوڵانە تایبەتن کە هەموو  بەشەکانی ئۆپۆزسیۆن پشتگیری لە چارەسەرکردنی شەڕ دەکەن. بێگومان وەک تەڤگەرێک کە دەیان ساڵە بە دوای چارەسەرییەوە، بە ڕوانگەی زیادکردنی پشتگیری کۆمەڵایەتییەوە دەجوڵیینەوە و پشتگیری هێزە دیموکراتیکخوازەکان بە گرنگ دەبینین. بۆیە چارەسەکردنی پرسی کورد و دیموکراتیکبوون وەک دوانەیەکی تەواوکەر دەبینین و ئامانجمانە هەموو بەشە کۆمەڵایەتییەکان ببنە پشتیوانی ئەم پرۆسەیە. چارەسەرنەکردنی پرسی کورد گۆڕەپانی سیاسی ئیفلیج کردووە ڕۆڵی جەهەپە لە چارەسەکردنی پرسی کورد و هەوڵی دیموکراتیزەبوون گرنگە و پارتی دامەزرێنەری تورکیایە و نزیکی ٣٠ ساڵ لە دەسەڵاتدا بووە. بۆیە سیاسەتەکانی جەهەپە بەشدارن لە پرسی کورددا. بۆیە جگە لە چەپ-سۆسیالیستەکانی تورکیا، ڕۆڵی لایەنەکانی دیکە هیچ جیاوازییەک لە سیاسەتیاندا بەرانبەر و ئافراندنی پرسی کورددا نەبووە. بۆیە لە گۆڕەپانی تورکیادا ئافراندنی گۆڕانکاری لە بواری سیاسەتەدا زۆر گرنگە. چارەسەرنەکردنی پرسی کورد گۆڕەپانی سیاسی ئیفلیج کردووە. لەم ڕەهەندەوە تێکۆشانمان تێکۆشانە لە سیاسەتی تورکیا لەسەر بنەمایەکی درووست. بەو هۆیەی جەهەپە ساڵانێک پارتی زۆرینە بوو، مەیلگەلی سیاسی زۆری لە خۆدا کۆکردووەتەوە. لە لایەکی دیکەوە پارتێکە کە لە ژێر کاریگەری مۆدێرنێتەی ڕۆژئاوادا ماوەتەوە. لە لایەکەوە ئەم هەڵوێستە سیاسییەی بووەتەهۆکاری دبڕانی لە کۆمەڵگە، لە لایەکی دیکەوە لە ژێر کاریگەری هەندێک تایبەتمەندی ئەرێنی ڕۆژئاوادا ماوەتەوە.  پارتی داد کە درێژکراوەی پارتی دیموکراتیکە و لە ساڵی ١٩٥٠دا دەسەڵاتداری وەرگرت، وەک ڕاستڕە لێکدرانەوە و ئەمەش هەندێک ناکۆکی لە نێوان جەهەپە و ئەواندا درووست کرد. بە تایبەت هەڵوێستی نەرێنی پارتی داد لە بەرانبەر گەنجانی شۆڕشگێڕی نەوەی ٦٨ و ڕۆڵی بەرچاویان لە لەسێدارەدانی دەنیزەکان دا، لە دوای ١٢ـی ئادار دۆخێکی وەک پشتگیری چەپەکان بۆ جەهەپە هێنایە ئارا. لە ژینگەی شەڕی ساڵای ١٩٧٠دا ڕیتۆریکی چەپگەرایی جەهەپە دەمارێکی دیموکراسیانەی لە ناو جەهەپەدا هێنایە ئاراوە. نزیکبوونەوەی گەلی کورد لە جەهەپە بە ئامانجی ناچارکردنی جەهەپە بە خواستی دیموکراسیی بوو هێزە دیموکراسیخوازەکان و گەلی کورد بە مامەڵەی هاندانی جەهەپە بە دیموکراتیک بوون نزیکی دۆخەکە بوونەوە. جەهەپەش لەم دوایانەدا بۆ بە دەستهێنانی پشتگیری گەلی و کورد هێزە دیموکراسیخوازەکان، پرسی هەبوون و چارەسەکردنی پرسی کوردی هێنایە ناو گوتارییەوە، بەڵام کاتێک هەڵوێستی ڕوون لە چارەسەرکردنی پرسی کورد هاتە ئاراوە، مەیلێکی دژ کوردانە و دووچارکردنیان بە کۆمەڵکوژی لە ناو جەهەپەدا سەری هەڵدا. لە دژی ڕاستینەی گەلی کورد کە بە زمان، ناسنامە و چاندییەوە گەلێکی جیاوازە، کەوتە ناو هەڵوێستێکی پاشڤەڕۆوە. باڵی نكۆڵیکردنی تەقلیدیانەی سەرکوتکردنی کورد لە تورکیا خۆیان سەپاند و کۆتاییان بە مەیلە دیموکراسیخوازییەکەی ناو جەهەپە هێنا. هەرچەندە هەندێک کەس ئەم دۆخە بە دژایەتیکردنی ئاکەپە ڕاڤە دەکەن، لە بنەڕەتیترین پرسی تورکیادا ڕاڤەکردنێکی ئاوا جێگەی قبوڵ کردن نییە. ئەمە جگە لە ئارگۆمێنتێک بۆ پەردەپۆشکردنی ئەم پاشڤەڕۆییەی ناو  جەهەپە هیچی دیکە هەڵناگرێ. هەڵوێستی هەنووکەیی جەهەپە بە مانای لە دەستدانی هەلێکی مێژووییە بێگومان ئێمە دەڵێین دەسەڵاتداری ئاکەپە بۆ کۆمەڵایەتیبوونی پرۆسەکە بەرپرسیارێتییەکانی خۆی جێبەجێ ناکات، بەڵام بە پاساوکردنی ئاکەپە لە لایەن جەهەپەوە پاساو نییە بۆ ئەم هەڵوێستەیان. هەڵبەتە گەر لە پرسی کورددا هەڵوێستێکی درووست و چالاکی بگرتایە، بەم نزیکایەتییەوە لەسەر بابەتی بنەڕەتی دیموکراتیکبوون کاریگەرییەکانی لە ناو کۆمەڵگەدا زیاد دەبوو کە خواستی دیموکراسییە و دەبووە جێگرەوەیەکی ڕاستی دەسەڵاتداریی. دوای قۆناغی یەک-پارتیی، هەموو ئەو پارتانەی هاتنەسەر دەسەڵات سەرنجیان خستەسەر بابەتی دیموکراتیزەکردنی تورکیا و ئاکەپەش بەدەر نییە لەمە. بۆیە هەڵوێستی هەنووکەیی جەهەپە بە مانای لە دەستدانی هەلێکی مێژووییە. گەر لە داهاتوودا جەهەپە ڕۆڵی ئەرێنی نەگێڕێت ئەوا بەهەموو شێوەیەک گوتاری دیموکراسی و ئازادیخوازییەکانی بەتەواوەتی بێ مانا دەکەوێتەوە و هیچ بایەخێکی نامێنێت. لەم پرۆسەیەدا دەرکەوت هەندێک لایەن بە بەردەنگ وەرگرتنی ڕێبەر ئاپۆ نیگەرانن و بە دوای بەردەنگی دیکەدا دەگەرێن، هۆکاری ئەمە چییە و ئامانجی ئەو کەسانە چییە کە مشتومڕێکی لەم شێوەیەدان؟ ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ بە بەردەنگ وەرنەگرێت دژی کورد و چارەسەرییە ئەوانەی بە بەردەنگگرتنی ڕێبەر ئاپۆییان بە دڵ نییە و مامەڵەیان بۆ بە بەردەنگگرتنی کوردێکی دیکەیە، هیچ نییە جگە لە خواستییان بۆ چارەسەرنەکردنی پرسی کورد و دووژمنی کوردانن و نایانەوێت کورد وەک ئیرادەیەکی سیاسی ببینین. بە دوای بەردەنگێکدا ناگەڕێن کە دان بە ئیرادەی سیاسیی کورددا بنێت. باسکردنی هەندێک ناو تەنها بۆ ئاژاوەگێڕییە لە ناو کورداندا. ئەم کەسانە لە دژی هەموو کوردێک و خواستە سیاسییەکانی کوردن. جا بۆیە نیگەرانی ئەو کەسانە بە بەردەنگ وەرگرتنی ڕێبەر ئاپۆ نییە، بەڵکو لە بەردەنگ وەرگرتنی کەسێکە کە پارێزگاری لە ژیانی ئازاد و دیموکراتیکانەی کوردان دەکات. کاتێک مرۆڤ تەماشانی مامەڵەی ئەو کەسانە لە ئاست پرسی کورددا دەکات، بۆی دەردەکەوێت ئەو کەسانە بە بەردەنگگرتنی کوردێکی بە ئیرادە و ئەوەی کە خواست و پارێزەری مافە دیموکراتیکییە بنەڕەتییەکانی کورد قبوڵ ناکەن. ئەگەر ئیرادەی سیاسی واز لە سیاسەتی سەدساڵە بهێنێت، لە ماوەیەکی کەمدا چارەسەرییەکی مێژوویی کورد-تورک دێتە دی ڕێبەر ئاپۆ لە بانگەوازی ٢٧ـی شوباتدا تیشک دەخاتە سەر پەیوەندیی هەزارساڵەی کورد و تورک و دەڵێت: "ئەرکی سەرەکی ئەوەیە کە ئەو پەیوەندییە مێژووییەی لەمڕۆدا زۆر تەنک بووەتەوە، دووبارە لە ڕوحی خوشک-برایەتیدا ڕێکی بخەینەوە." لەم زەمینەیەدا بێگومان ئەرک دەکەوێتە ئەستۆی حکومەت و دەوڵەت. لە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتیدا دابینکردنی ئاشتییەکی ڕاستەقینە چۆن ڕێی تێدەچێت؟ ڕێسانامەی نوێی کۆمەڵایەتی لەسەر کام بنەمایە دەتوانرێت برەوی پێ بدرێت؟ بڕیاردانی پێشوەختە و ئاستەنگییەکان بە چ جۆرە تێکۆشانێک دەشێت تێپەڕێنرێن؟ خەڵکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەدان ساڵ وەکو دراوسێ ژیاون. هەرخۆی بەر لە دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەکان، خەڵک لەژێر سەروەریی سیاسیی بەشێک لە ئیمپراتۆرییەتەکاندا دەژیان. کوردیش ماوەیەک لەژێر سەروەریی ئیمپراتۆرییەتە ئێرانییەکان، ماوەیەک لەژێر سەروەریی ئیمپراتۆرییەتە ئیسلامییە عەرەبییەکاندا، و دواتریش لەژێر سەروەریی سیاسیی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا ژیاوە.  قبووڵکردنی سەروەریی سیاسی، بۆ ئیمپراتۆرییەتەکان بەس بوو. هەر گەلێک لەناو ئیمپراتۆرییەتدا، دەیتوانی بە زمان، کەلتوور و ناسمانەی خۆیەوە بژی. لە ئیمپراتۆرییەتەکاندا، دەسەڵاتە خۆجێیەکانیش قبووڵدەکران. کورد لە ساڵی ١٠٧١ـەوە لەگەڵ تورکدا دەژی. لەناو میرنشین یاخود ئیمپراتۆرییەتەکداندا، بە پاراستنی ناسنامەیانەوە، درێژەیان بە بوونی خۆیان داوە. پەیوەندییەکانی کورد و تورک سەدان ساڵ بەبێ کێشەیەکی جددی درێژەیان هەبووە. بۆ نموونە تاوەکو سەرەتای سەدەی ١٩ ڕووبەڕووی کێشەیەکی جددی نەبوونەتەوە. لەناو ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا پێگەی کورد لە هەموو ڕووێکەوە بەهێز و ستراتیژی بووە. بەرفراوانبوونی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بەرەو ناوچە عەرەب‌نشینەکان و ئەورووپاش دەرئەنجامی پەیوەندیی باش بوو لەگەڵ کورددا. بەو پشتیوانییەی کە کوردەکان لە کۆنگرەکانی ئەرزرۆم و سیواس دەریان بڕی، ئاناتۆڵیا ڕزگاری بوو و تورکەکان درێژەیان بە بوونی خۆیاندا لەگەڵ تورکیای نوێ. کاتێک ڕێبەر ئاپۆ داوای چارەسەری پرسی کورد لەگەڵ تورکیا دەکات، هەوڵدەدات ئەمە ببەستێتەوە بە پەیوەندییە مێژووییەکانی کورد و تورکەوە. دیالەکتیکی پەیوەندیی کورد، داینەمیکی سەرەکیی بوونی تورکە لە ناوچەکە. ئەمە ڕاستییەکی مێژووییە. ئەگەر ئەم مێژووە بەجددی وەربگیرێت و پشتی پێ ببەسترێت، پەیوەندییەکی بەهێزی کورد و تورک سەرلەنوێ دێتە بوون. هەم کورد و هەم تورک سوود لەمە دەبینن. ڕێبەر ئاپۆ لە ڕێی ئەم زیهنییەتەوە هەوڵدەدات وا بکات چارەسەریی نەتەوەی دیموکراتیک قبووڵ بکرێت. کورد بۆ چارەسەرییەکی لەم شێوەیە ئامادەیە. ئەگەر دەوڵەتی تورک و هێزە سیاسییەکانیش چارەسەرییەکی لەم شێوەیە لەسەر بنەمای ڕاستیی مێژوویی قبووڵ بکەن، ئەوا ئەم چارەسەرییە دێتە دی. لە ڕاستیدا گەلی تورک هیچ دژبەری و دوژمنایەتییەکیان لەگەڵ کورد نییە. بەڵام سیاسەتی سەدساڵە لەناو گەلی تورکدا برەوی بە دوژمنایەتی کورد دا و داخوازییەکانی ئازادیی کورد وەکو دژبەریی تورک نیشاندرا. ئەگەر ئیرادەی سیاسی واز لەم سیاسەتە بهێنێت، لە ماوەیەکی کەمدا چارەسەریی مێژوویی کورد و تورک دێتە دی؛ تەنانەت لە هی ڕابردوو بەهێزتر. هەربۆیە لە ئێستادا کورد لە هەموو شوێنێکی تورکیا جێگیر بوون. بێگومان ئەگەر هەموو ئاستەنگییەکانی بەردەم ژیانی ئازادی کورد، زمان، ناسنامە و کەلتووری لاببرێن! ئەگەر وەڵامی یاسایی و سیاسیی هەنگاوەکانمان نەدرێتەوە، پرۆسەکە دەگاتە بنبەست لە دیداری ڕێبەر ئاپۆدا لەگەڵ شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی و لەو پەیامەدا کە بۆ ڕای گشتی نارد، تیشک دەخاتە سەر چوونە قۆناغی دووەم. قۆناغی دووەم لە بنەڕەتدا چی لەخۆدەگرێت؟ نوێنەرانی دەسەڵاتیش لەم چوارچێوەیەدا لێدوان دەدەن، بەڵام گۆڕانکارییەکی بەرچاو ڕووینەدا. دەوڵەت بۆچی تاوەکو ئێستا وەڵامی چاوەڕوانییەکانی نەداوەتەوە؟ وەکو تەڤگەر ئێوە هەنگاوی زۆر بەرچاوتان ناوە بەڵام بۆچی لایەنی بەرامبەرتان هەنگاو نانێت؟ وەکو ڕای گشتی دەزانێت، ئێمە هەنگاوی زۆر گرنگ و ڕادیکاڵمان ناوە. بڕیاری کۆتاییهێنان بە هەموو کار و چالاکییەک لەژێر ناوی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە تێکۆشانی چەکداریمان دا، هێزەکانی گەریلامان لەو ناوچانە کە مەترسیی شەڕیان لێ هەبوو و لەسەر هێڵە سنوورییەکان کشاندەوە. چیتر پێویستە تورکیا ئەم پرۆسەیە بەرێتە سەر زەمینەیەکی سیاسی و یاسایی. پێویستە وەڵامێکی یاسایی و سیاسی بۆ ئەم هەنگاوانەی ئێمە هەبن. هەمیشەییبوونی ئاشتی بەم شێوەیە دێتە دی. ئەگەر دۆخی یاسایی گەریلا و کادرانی پەکەکە ڕوون نەبێت کە کۆتاییان بە هەموو کار و چالاکییەک لەژێر ناوی پەکەکە هێناوە و ئەو یاسایانە دەرنەکرێن کە هەلومەرجی سیاسەتی دیموکراتیکی ئازاد دەڕەخسێنن، ئەم پرۆسەیە لە ئاستێکدا کۆتایی پێ دێت. لەبەرئەوە ڕێبەر ئاپۆ داوایکردووە کە بچێتە قۆناغی دووەم. ئەم قۆناغە پرۆسەیەکە کە هەم پێکهاتە ڕێکخراوەییەکان، هەم ئەوانەی کە چەکەکانیان داناوە و هەم کوردیش دەخرێنە چوارچێوەیەکی یاساییەوە. بۆ بەڕێوەچوونی تەندروستی قۆناغی دووەم، پێویستە ڕێبەر ئاپۆ خاوەن هەلومەرجی کارکردنی ئازاد بێت. پرسی کورد بەشی تریشی هەن. پێویستە ڕێبەر ئاپۆ لەگەڵیاندا دیدار بکات و بیانهێنێتە ناو پرۆسەی چارەسەرییەوە. دووبارە، گرنگە کە زۆر بەش لە تورکیاش ببنە بەشێک لەم پرۆسەیە. بۆ ئەم مەبەستەش دیداری ڕێبەر ئاپۆ لەگەڵ ئەم لایەن و کەسانەدا و وەرگرتنی ڕا و بۆچوونیان دەبێتە هۆی بەهێزترکردنی چارەسەری. نەچوونی دەسەڵات بەرەو قۆناغی دووەم لە بەرامبەر ئەو هەنگاوانەی کە ئێمە ناومانن، بەناچاری لە مژاری نیاز و ئامانجەکانی دەسەڵاتدا گومان دروستدەکات. کردنە بیانووی هێزە بەرهەڵستکارەکانی پرۆسەکەش لەلایەن دەسەڵاتەوە، دووبارە جێی باوەڕ نییە. لە ڕاستیدا ئەوانەی کە بەئاشکرا دژایەتیی پرۆسەکە دەکەن، لاوەکین. لەبری ئەوانە، پشتیوانیی کۆمەڵایەتی دەتوانێت زیاد بکرێت. بەڵام دەسەڵاتی ئاکەپە لەم مژارەدا مامەڵەی پێویستی سیاسی نیشان نادات. لەبەرئەوە نیشاندانی ئەو کەموکوڕییانەی کە سیاسەتەکەی ئەو لەگەڵ خۆیدا هێناویەتی وەکو بیانوو، ڕاست نییە. لە پەیامەکانی ساڵی نوێدا دەڵێن کە ئەوان پاڵپشتی لە پرۆسەکە دەکەن. لەم پرۆسەیەدا کاتێک زۆر شت هەن کە پێویستە دەسەڵات بیانکات بەڵام نایانکات، ئەمە لەگەڵ قسەکانیان بۆ پاڵپشتیکردنی پرۆسەکە یەکناگرێتەوە. دەوڵەت باخچەلی خۆشی گوتی کە ئەم پرۆسەیە بە لایەک بەڕێوەناچێت. گوتی، فڕین بە باڵێک ناکرێت. لەبەرئەوە پێویستە دەسەڵات بە دەرکردنی یاسای ڕیالیست و بۆ چارەسەرکردنی پرسەکە لە پەرلەمان، متمانەی سەرکەوتنی پرۆسەکە لە تەواوی کۆمەڵگەدا زیاد بکات. ئەگەر بڕیارە ئەم پرسە بنەڕەتییە لەگەڵ بەردەنگ چارەسەر بکرێت، ئەوا دەبێت ڕێبەر ئاپۆ دەستبەجێ دەستی بگاتە هەلومەرجی کار و ژیانی ئازاد. لە پاڵ ئەمەشدا، بابەتی 'مافی هیوا' کە دەوڵەت باخچەلی بەڵێنی دابوو، پێویستە بخرێتە کارنامەی کارەوە. دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەوروپاش خوازیاری جێبەجێکردنی مافی هیوان. ئەم جۆرە بڕیارانە، بەگوێرەی دەستووری تورکیا، بڕیاری یاسایین کە پابەندبوون و جێبەجێکردنیان ناچارییە. پرسی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، بەبێ دەرکردنی یاساش دەتوانرێت چارەسەر بکرێت گەلی کورد مەراقی ئەوە دەکات ئایا پرسی مافی هیوا و ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ لە قۆناغی دووەمدا لە کارنامەی پەرلەماندا دەبێت، بەڵام لە ڕاگەیاندراوەکانی شاندی دەم پارتی تێدەگەین کە هیچ باشتربوونێک لە پرسی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆدا لەئارا نییە. هۆکاری ئەمە چییە؟ پرسی مافی هیوا و ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ لە ڕاستیدا پرسێکە بەبێ دەرکردنی یاساش لە پەرلەماندا دەتوانرێت چارەسەر بکرێت. هەربۆیە دوای ٢٥ ساڵ مافی هیوا لە کارنامەدایە. ڕێبەر ئاپۆ ٢٧ ساڵە لە هەلومەرجی دیلگرتندایە. بە پشتبەستن بە بڕیاری کۆمیتەی وەزیرانی ئەورووپا، دەتوانرێت ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر بکرێت. لە لایەکی ترەوە پەکەکە کۆتایی بەوکارانە هێناوە کە بەناویەوە دەکرێن، بڕیاری بێچەکبوون دراوە. ئەم دۆخە بۆ هەموو ئەندامانی پەکەکە و گەریلا یاسایەکی تایبەتی پێویستە. ئەم یاسایە بە پلەی یەکەم پەیوەندی بە ڕێبەر ئاپۆوە هەیە. ئەو یاسایەی کە دەبێت دەربکرێت، دەبێت ڕێبەر ئاپۆش بگرێتەوە. دەبێت ئەو یاسایەی دەردەکرێت ڕێبەر ئاپۆش بگرێتەوە؛ یاسایەک دەربچێت و بەڕێوەبەریی پەکەکە و گەریلا بگرێتەوە، کەچی ڕێبەر ئاپۆ بخرێتە دەرەوەی ئەم یاسایە، جێی قبووڵکردن نییە. ئاخر دابەشکردنی بەڕێوەبەریی و کادرانی پەکەکە، شەڕڤانان بەپێی کاتیگۆرییەکان، پرۆسەکە خاو دەکاتەوە. هەربۆیە گرنگە ئەو یاسا تایبەتەی کە بڕیارە دەربکرێت یان یاسای ڕاگوزەر بەپێی ڕۆحی پڕۆسەکە بێت و تایبەتمەندییەکی هەبێت کە سەرکەوتنی پڕۆسەکە مسۆگەر بکات. کەواتە ئەگەر مرۆڤ سەیری هاوار و گلەیی ئەو کەسانە بکات کە دوژمنایەتی ڕێبەر ئاپۆ دەکەن، دوژمنایەتی ئەو کەسانەی کە پارتەکەیان کۆتایی بەوکارانە هێناوە کە لە ژێر ناوییدا دەکرێت و کۆتاییان بە تێکۆشانی چەکداریی هێناوە و بڕیار دەدەن، ئەوا چۆن ئەم پڕۆسەیە بە سەرکەوتوویی بەرەوپێش دەچێت؟ پێمان وایە پەرلەمان کە گوێ لە هەموو ئەو لایەن و ئەکتەرانە دەگرێت کە خاوەندارێتی لە پڕۆسەکە دەکەن، دەبێت بە عەقڵانی نزیک ببنەوە و ئیرادەیەک بۆ بڕیاردانی درووست نیشان بدەن. لە ئێستادا هیچ باشتربوونێک لە هەلومەرجی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆدا نییە. تەنها هەندێک زانیاری هەیە کە هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی ئەو شوێنەی کە تێیدا دەمێنێتەوە گونجاوتر بێت. مەهەپە ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی خۆی ئامادە کردووە. ئاماژە بەوەشکراوە، دوای ئەوەی پارتەکانی دیکە ڕاپۆرتەکانیان پێشکەش دەکەن، ئەو پرسانەی کۆمیسیۆن لەسەری ڕێککەوتوون دەخرێنە کارنامەی پەرلەمانەوە. وەک ئەوەی بە ڕای گشتی ڕاگەیەندراوە، هەندێک پێشنیاری یاسایی، دادوەری، ئیداری و سیاسی و ڕێسای یاسایی پێشنیار دەکرێن، بەڵام بڕیاری کۆتایی لەلایەن پەرلەمانەوە دەدرێت. داواکاری تایبەتتان هەیە سەبارەت بە ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ و دەرکردنی یاسای سیاسەت و ئازادییە دیموکراتیکەکان. دەبێت پەرلەمان لەم قۆناغەدا چ ڕۆڵێک لەئەستۆ بگرێت؟ هەر پارتێک ڕاپۆرتی خۆی پێشکەش بە کۆمیسیۆنی پەرلەمان کردووە. سەرۆکی پەرلەمان لە گفتوگۆدایە لەگەڵ ئەوانەی لە کۆمیسیۆندان، یاسایەک پێشکەشی پەرلەمان دەکرێت. بێگومان گەیشتن بە قۆناغی خستنەڕووی یاسا بۆ پەرلەمان گرنگە. شتە سەرەکییەکە ناوەڕۆکی ئەم یاسایە کە چۆن دەبێت. ڕێبەر ئاپۆ دەیان ساڵە هەمیشە ویستویەتی پەرلەمان ڕۆڵبگێڕێت، کۆمیسیۆنێک لەناو پەرلەمان دابمەزرێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم پرسە. جەهەپە و پارتەکانی تریش ویستوویانە ئەم پرسە ببەنە پەرلەمان. هاوپەیمانی ئاکەپە-مەهەپەش ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ئەوەی پەرلەمان ڕۆڵبگێڕێت و لە ئەنجامدا کۆمیسیۆنی پەرلەمان دامەزرا. دامەزراندنی کۆمیسیۆن لە پەرلەمان هەنگاوێکی گرنگ بوو. هەرچەندە کەموکوڕیی خۆی هەیە، بەڵام کاری گرنگی ئەنجامداوە. ئێستا چاوەڕوانییەکان ئەوەیە بەپێی ئەم کارکردنە یاسایەک دەربکرێت. بێگومان چاوەڕوانی ئێمە ئەوەیە کە ئەو هەنگاوانەی ناومان ناوە، پێگەیەکی یاسایی بەدەست بهێنین و ئازادی سیاسەتی دیموکراتیک بەبێ هیچ "ئەگەر" و "بەڵام"ـێک مسۆگەر بکرێت. سری سورەیا ئۆندەر دوای خوێندنەوەی بانگەوازی ٢٧ـی شوبات ڕایگەیاند، بۆ بەدیهێنانی ئەمانە پێویستە مەرجە یاسایی و سیاسییەکان جێبەجێ بکرێن. مادام بانگەوازی ٢٧ـی شوبات لەلایەن هاوپەیمانی ئاکەپە-مەهەپە و هەموو کەسێکەوە وەک شتێکی ئەرێنی سەیر کراوە، چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت، ئەو پێویستییە یاسایی و سیاسیانەی کە بانگەوازی ٢٧ـی شوبات مسۆگەر دەکەن، لەلایەن پەرلەمانەوە جێبەجێ بکرێن. پەرلەمان تا ئێستا تەنها ڕۆڵێکی نەرێنی لە پرسی کورددا گێڕاوە. یاساگەلێک کە نکۆڵیکردن لە کورد و تورککردنی کوردی کردووە، دەرکردووە. لەو قۆناغەی پێی گەیشتووین، چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت ڕۆڵی ئەرێنی بگێڕێت. بەبێ ئەم ڕۆڵە نە پارتەکان دەبنە ئۆرگانێک کە بە مانا ڕاستەقینەکەی سیاسەت بکەن، نە پەرلەمان دەبێتە شوێنێک کە پرسەکان چارەسەر بکات. هەربۆیە ئەم قۆناغە وەک قۆناغێک دەبینین کە سیاسەت و پەرلەمان گەورەیی خۆیان دەسەلمێنن. ئەگەر ئەم ڕۆڵە نەگێڕن، سیاسەت و پەرلەمان دەبنە دامەزراوەگەلێک کە کۆمەڵگە فریو دەدەن. بەوپێیەی دەستیان نەخستۆتە سەر پرسە بنەڕەتییەکانی تورکیا، لە تورکیا متمانە بە پارتەکان و سیاسەتمەداران زۆر کەمبووەتەوە.

ساڵح موسلیم، ئەندامی کۆنسەی هاوسەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراسی (پەیەدە) دەڵێت لەبەر خراپی کەشوهەوا و چەند هۆکارێکی دیکە مەزڵوم عەبدی سەردانی دیمەشقی نەکرد، بەڵام بە دڵنیاییەوە سەردانی دەکات. ساڵح موسلیم ئەندامی ئەنجومەنی هاوسەرۆكایەتی پارتی یەكێتی دیموكرات-پەیەدە لە لێدوانیدا لەبارەی هۆکاری دواخستنی سەردانی مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات-هەسەدە بۆ دیمەشق ڕایگەیاند: ڕەوشی کەشوهەوا و چەند هۆکارێکی دیکەی سادە لەپشت دواخستنی سەردانەکەی مەزڵوم عەبدی بوون بۆ دیمەشق، بەڵام بەدڵنیاییەوە دەچێت و ڕێککەوتن دەکرێت. ساڵح موسلیم وتیشی هەر ڕێککەوتنێک کە کورد و دیمەشق ئەنجامی دەدەن، بە چاودێریی ڕاستەوخۆی ئەمەریکایە و بە هیچ شێوەیەک تورکیا بەشێک نییە لە بابەتەکە هەربۆیە هەوڵی بەشەیاتنکردنی هەسەدە دەدات. ساڵح موسلیم لەبارەی تورکیاوە وتیشی: هەڕەشەکانی تورکیا بۆ ڕۆژئاوا نوێ نین و نەک هەر ئەوە، بەڵکو ئەوان لەسەرەتاوە نەیانویستوە سوریا سەقامگیربێت تەنها بەو شێوەیە نەبێت کە خواستی خۆیانە، توركەكان دژی ڕێككەوتنی (10)ی ئازارن لەبەرئەوەی ئەوان بەشدارنەبوون و بەشێک نەبوون لێی و بەسەرپەرشتی ئەمریكا كراوە، بۆیە لەسەرەتاوە لەگەڵى نەبوون و ئێستاش بە جۆرەها ڕێگە بەربەستی بۆ دروست دەكەن فشار دەخەنە سەر حکومەتی سوریا. 

 لویس ساکۆ لەبارەی ئەو هەڵمەتەی ماوەی هەفەتەیەکە لە عێراق لەدژی دەستیپێکردووە لەسەر گوتنی وشی [ئاساییکردنەوە] کە بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل لێکدراوەتەوە، دەڵێت:  دەستەواژەی ئاساییکردنەوەم بەكارنەهێنا لەبارەی پەیوەندییەكان لەگەڵ قەوارەی زایۆنیدا. هەروەها ئەوەشى خستەڕوو قسەکانی منیان لە چوارچێوەی خۆیان دەرهێنا و بەشێوەیەکی جیاواز لێکدانەوەیان بۆ كرد، دەشڵێت: رووبەڕووی هەڕەشە بوومەتەوە و دووچاری سەرئێشەیان كردم بەهۆی شێواندنی لێدوانەكەم لەبارەی ئاساییکردنەوە. بەشێکى دیکە لە قسەکانى.. ـلە دوای قەیرانەکەوە دەسەڵاتدارانی حکومەت پەیوەندییان پێوە نەکردوم و مەرجەعیەتیش  بێدەنگی هەڵبژارد، ئەمە ئازاربەخش بوو، سەرەڕای هەڵوێستەکانم، لەنێویاندا هێنانی پاپا بۆ عێراق. ـ ژمارەی ئەو مەسیحیانەی عێراقیان بەجێهێشتووە دەگاتە یەک ملیۆن مەسیحی،  1500 مەسیحیش كوژراون و هەزار و 200 موڵکیشیان لە بەغداد دەستی بەسەردا گیراوە. ـ تەنها لە بەغداد 750 هەزار مەسیحی کلدانیمان هەبوو، پێش ساڵی 2003 ملیۆنێک و 500 هەزار مەسیحی لە عێراق بوون، ئەمڕۆش کەمتر لە 500 هەزار مەسیحی هەیە. ـ ئاڵوگۆڕی پیرۆزبایی  لە نێوان ئایینەکاندا بە مانای گۆڕینی ئایینی کەسێکی دیکە نییە و قەدەغەکردنی پیرۆزبایی لە مەسیحییەکان هەڵگری رق و کینەیە. 🔹دەیانەوێت کەنیسەکە بێدەنگ بکەن دوای ئەوەی دەنگی ئایەتوڵا سیستانیان بێدەنگ کرد. 🔹دەستەواژەی ئاساییکردنەوەم بەكارنەهێنا لەبارەی پەیوەندییەكان لەگەڵ قەوارەی زایۆنیدا. 🔹قسەکانی منیان لە چوارچێوەی سروشتی خۆیان دەرهێناو بە شێوەیەکی جیاواز لێکدانەوەیان بۆ كرد.  🔹تەنها بیرۆکەیەکم خستەڕوو، بەڵام لایەنێک بیرۆکەكەمى شێواند. 🔹یاوەری پاپا فرانسیس بووم بۆ ئوردن بەڵام ڕەتمکردەوە لەگەڵیدا بچم بۆ ئیسرائیل. 🔹 ئاساییکردنەوە بەرپرسیارێتی ئێمە نییە، حکومەت بڕیاردەدات چی لە بەرژەوەندیدایە. 🔹روبەڕوی هەڕەشە بوومەتەوەو دووچاری سەرئێشەیان كردم بەهۆی شێواندنی لێدوانەكەم لەبارەی ئاساییکردنەوە. 🔹من نوێنەرایەتی یەک ملیار و ٤٠٠ ملیۆن کاسۆلیک دەکەم لە سەرانسەری جیهاندا و تەنیا نیم. 🔹عێراق مەسیحی بووە، باوباپیرانم لە کوفە بە خاک سپێردراون. 🔹نەجەف و کەربەلا گرنگترین شوێنە پیرۆزەکانی شیعەن، بەڵام هیچ گرنگییەکیان پێنادرێت، تەنها لە زیارەت كردندا كورتكراوەتەوە. 🔹موقتەدا سەدر، وەڵامی نامەكەی دامەوە، ئەو  لە کۆی هەزار و 250 موڵکی مەسیحی كە دەستی بەسەردا گیراوە، 100 موڵکی گەڕاندووەتەوە. 🔹مەسیحییەکان بە هاوبەش نازانن بەڵکو بە تابوری پێنجەمی دەزانن، هەرچەندە ئێمە خەڵکی ئەم وڵاتەین. 🔹مەسیحییەکان وا هەست دەکەن عێراق وڵاتی دزراوی خۆیانە. 🔹پەرلەمانتارانی كۆتای مەسیحی بە رەوشت و رەفتاریان  ئاینەكەیان شێواندووە.

محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق رایگەیاند، لە هەوڵدان بۆ رێکخستنی دیدارێکی دوو قۆڵی لە نێوان ئەمەریکا و ئێران لە بەغداد و لایەنى ئەمەریکا رەزامەندە، ئێرانیش داواى گرەنتى دەکات و زمانى هەڕەشە رەتدەکاتەوە. سودانى لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵى “مەیادین” ئاماژەى بەوەدا، "لە زیاتر لە وێستگەیەک ئێمە لایەنێک بووین بۆ هێمنکردنەوەی ئەو ئاڵۆزییەی کە لە نێوان ئەمەریکا و ئێران دروستدەبوو، ئێستا لە هەوڵێکی گرنگداین بۆ رێکخستنی دیدارێکی دوو قۆڵی لە نێوان ئەو دوو وڵاتە لە بەغداد بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوانیان". رونیشیکردەوە "لە هەوڵ و پەیوەندیداین لە بەرزترین ئاستدا، بەڵام پرسەکە پێویستی بە هەندێک گەرەنتییە و زمانی هەڕەشەدا لەلایەنی ئێرانیەوە رەتدەکرێتەوە". لەبارەى ئەوەى ئایا ئیدارەى ئەمەریکا رازییە بەو پڕۆسەیە، سودانى ئاماژەى بەدا لە دواین سەردانی تۆم باراک نێردەی ئەمەریکا بۆ سوریا  بەشێک لە گفتوگۆکانیان لەسەر ئەو پرسە بووە و ئەمەریکا رەزامەندە لەسەر رۆڵى عێراق بەو ئاڕاستەیە. جەختیشیکردەوە، پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ هەردوو وڵاتی ئێران و ئەمریکا دەسەڵاتی پێدەبەخشێت بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی بەرچاو بگێڕێت لە پەرەپێدانی لێکنزیکبوونەوە لە نێوانیاندا. سودانى دەشڵێت، بە لایەنی ئەمەریکیان راگەیاندووە کە بە ڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ ئێران بکەن و خۆیان لە هەڕەشە بەدوور بگرن، چونکە دانوستان پێویستی بە متمانەیە و ناتوانرێت لەدۆخى لەو شێوەیەدا ئەنجام بدرێت. باسى لەوەشکردووە، عێراق جەختی لە سەر پێویستی هەڵگرتنی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران کردەوە وەک ئاماژەیەکی نیازپاکی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆن. "حکومەتەکەمان بە بێدەنگی لەسەر هەموو پرسەکان کاری کردووە بۆ گەڕاندنەوەی ڕۆڵی پێشەنگی عێراق لە ناوچەکەدا، ئێستاش بەشێکە لە چارەسەری کێشەکان کە پێشتر گۆڕەپانێک بووە بۆ شەڕەکان و یەکلاکردنەوەیان". لەبارەى پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران، سودانى رایگەیاند، پەیوەندی وڵاتەکەى لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر بناغە پتەوەکان بنیات نراوە و ئێران دەستوەردانى نەکردووە لە کاروبارى ناوخۆى عێراقدا و پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانیان لەسەر ڕێڕەوێکی ئەرێنی ماونەتەوە. هەروەها پەیوەندییەکانى عێراق لەگەڵ ئەمەریکاى بە "ناوازە" دانا و وتى ئەمەریکا هاوبەشێکی ستراتیژی عێراقە و بەشداریی لە ڕووخاندنی ڕژێمی دیکتاتۆری کردووە و لە ڕێگەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە هاوکاریان بووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش. ئەوەشى خستەڕوو، رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی لەگەڵ ئەمەریکا بوارێکى بەرفراوان دەگرێتەوە لە پەیوەندییە ئەمنی و سەربازییەکان زیاتر درێژدەبێتەوە. خولى دووەم لەبەشێکى دیکەى چاوپێکەوتنەکەدا سودانى رایگەیاند، خولی دووەمى سەرۆک وەزیران خواستێکى تاکەکەسى نییە، بەڵکو ئامادەییە بۆ لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی و تەواوکردنی پڕۆژەیەک کە دەستیان پێکردووە. وتیشى "هاووڵاتی چاوەڕێی ئەنجامی بەشداریکردنی دەکات لە هەڵبژاردنەکاندا لە ڕێگەی گۆڕانکاری لە ئاستی خزمەتگوزاری و ئاستی بژێوی و ئابووری و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە وڵات و بەهێزکردنی ڕۆڵی میحوەری عێراق". سودانى جەختیکردەوە "ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا بەڵگەیە لەسەر ئاستی ڕەزامەندی و متمانە بە ئاستی ئەدای جێبەجێکردنی حکومەت و ئەم هۆکارانەش وای لە هاووڵاتیان کردووە بەشدارییەکی بەرفراوان لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن". دەشڵێت، زۆرینەی هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی پەرۆشن بۆ پێکهێانى حکومەتێکی بەهێز کە رووبەڕووی ئاڵنگارییەکانی داهاتوو ببێتەوە "هێشتا لە شوێنی خۆمانین و بڕیاری کۆتایی لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران نەدراوە، هەر بۆیە دەستپێشخەرییەکمان پێشکەش کرد بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەو بارەیەوە".

محەممەد حاجی مەحمود دەڵێت: ساڵی 2025 رۆشت و بەغدا سێ مووچەی بەناحەق بڕی، بەڵام هەر دەڵێین کورد و عەرەب بران، دڵنیابن هیچ کەس برامان نییە. ئەمڕۆ شەممە، 27ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە وتارێکیدا لە سێیەمین دیداری گوڵەخانە، محەممەدی حاجی مەحمود، سکتێری گشتیی پارتی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند؛ لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین ڕێککەوتنی سیاسی لەگەڵ بەغدا واژۆ کراون، بەڵام سەرجەمیان لەسەر حیسابی مافەکانی گەلی کورد بوون.  ئاماژەی بەوە کرد؛ حکوومەتی ناوەندیی لە ماوەی ساڵی 2025دا، سێ مانگ مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتیی لە هەرێمی کوردستان دابین نەکردووە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ بەردەوامی کێشە داراییەکان، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە کێشەی سەرەکی لای بەغدایە کە نایەوێت گرفتەکانی لەگەڵ کورد چارەسەر بکات. حاجی مەحمود لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا باسی لە خۆڕاگری ئیرادەی گەلان کرد و گوتی واقیع ئەوەی سەلماندووە کە فشارەکان ناتوانن ئیرادەی گەل بشکێنن، وەک چۆن سەرەڕای هەموو هەوڵەکان کەس نەیتوانیوە حەماس لەناو ببات، ئەمەش بەڵگەیە بۆ ئەوەی ستراتیژە سەربازی و سیاسییەکان لە سەپاندنی واقیعی زۆرەملێدا سنووردارن. هاوکات سکرتێری پارتی سۆسیالیست ڕەخنەی لەو دروشمە سیاسییانە گرت کە باس لە برایەتی کورد و عەرەب دەکەن و ڕایگەیاند؛ ئەم جۆرە گوتارانە تەنیا دروشمی بێ ناوەڕۆکن و لە واقیعدا بە کردەیی جێبەجێ نەکراون، بۆیە داوای کرد خوێندنەوەیەکی واقیعیانە بۆ دیمەنی سیاسی عێراق بکرێت کە دوور بێت لە دروشمە بریقەدارەکان و ڕاستییەکان وەک خۆیان ببینرێن.

مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبردنی کۆما جڤاکێن کوردستان "کەجەکە" ڕایگەیاند، دەسەڵات بەگوێرەی پێویست لە پرۆسەکە نزیک نابێتەوە.  سیاسەتی تورکیا لەبارەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاست نییە، چونکە لەلایەک داوای ئاشتی بۆ غەززە دەکات و لەلایەک هەڕەشەی دەستوەردان لە سووریا دەکات و شەڕی بۆ کورد دەوێت. هەڵسەنگاندنی قەرەسوو بەم شێوەیەیە: لە ٢٣ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ کۆمەڵکوژی دووەمی پاریس ڕوویدا، دەربارەی کۆمەڵکوژییەکە چی دەڵێن؟ پێش هەموو شتێک بە ڕێزدارییەوە یادی ئەڤین گۆیی، عەبدولڕەحمان کزل و میر پەروەر دەکەمەوە. کۆمەڵکوژییەکە جاری دووەمە لە پاریس ڕووبدات و بەم شێوەیە هاوڕێیانی ژن و وڵاتپارێزانی تێدا تیرۆر دەکرێت، بێگومان جێگەی ڕاوەستەکردنە لەسەری. ڕوودانی کۆمەڵکوژییەکە لە پاریس هەروا بەڕێککەوت نییە، بەڵام شتەکە ڕوونیشە. ئەو وڵاتەی دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی وڵاتپارێزمانی لێیە ئەڵمانیایە، بەڵام کەچی هەردوو کۆمەڵکوژییەکە لە پاریس ڕوویدا، ڕەنگە لە ئەڵمانیا پلانڕێژی بۆ کرابێت، بەڵام لە پاریس ئەنجام درا، مرۆڤ دەبێت بەم شێوەیە لێکیبداتەوە. ساڵانێک لەگەڵ ئەڤین گۆیی کارمان کرد، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریمان بوو، لە ڕۆژئاوا کاری دەکرد، هێرشەکە بە مەبەست ئەنجام درا و وەک ئەندامێکی بەرێوەبەریمان کرایە ئامانج. هەرخۆی پێشتریش بەرانبەر هەڤاڵانی ژنمان هێرش ئەنجام درابوو، هاوڕێیانمان سارا، ڕۆژبین و ڕۆناهی. بەڕاستی دەبێت بە سەرنجەوە ئەم بابەتە هەڵسێنگێندرێت. هێرشەکە بە گشتی بۆسەر تەڤگەری ئازادی کوردستان بوو، بەڵام ژنان کران بە ئامانج!، ئەمەش زیاتر ئەو نیگەرانییانە پشتڕاستەکاتەوە کە بکەری پشتەوەی هێرشەکان تورکیایە. هەرخۆی لە تیرۆرکردنی هاوڕێ سارا و هەڤاڵانییدا زۆر بە ئاشکرا پەیوەندی میت بە ڕووداوەکە دەرکەوت. لەبەرئەوەی ژنان پێشەنگی شۆڕش و تەڤگەرمانن بۆیە هەمیشە ئامانجی یەکەمی دەوڵەتی تورک و هەموو ئەو هێزانەن کە خواستیان قڕکردنی کوردانە، هەردوو کۆمەڵکوژییەکەی پاریس دەرخەری ئەم ڕاستییە تاڵەیە. بەڵام بەڕاستی هەڵوێستی فەرەنسا جێگەی قبوڵکردن نیە، لای خۆی دەوڵەتی یاسا و دیموکراسییە، بەڵام لە هەردوو کۆمەڵکوژییەکەدا هیچ هەنگاوێکی نەنا. خۆ کۆمەڵکوژی یەکەمیان بەڕۆژی ڕووناک لە لایەن میتەوە ئەنجام درا، بەڵام کەچی بەرانبەر دەوڵەتی تورک هیچ هەڵوێستێکی نیشان نەدا. خۆی کپ و کڕ کرد و نەیتوانی بە تورکیا بڵێت، 'تۆ بە چی مافێک لەسەر خاکی من کۆمەڵکوژییەکی ئاوا دەکەی؟'. خۆ ڕەنگە لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە شتێکی گوتبێت، بەڵام ڕووداوێکی ئاوا شتێک نییە بە پەیوەندی دیپلۆماسی تێپەڕ بکرێت، لە ناوجەرگەی دەسەڵاتی دەوڵەتێکدا تیرۆکردنێکی ئاوا دەکرێت، دەرخەری ئەوەیە فەرەنسا لە ئاست ئەم شەڕە قێزەنەدا چاوی خۆی دادەخات و هەرچی یاسا و ڕێسای وڵاتەکەی هەیە پشتگوێ دەخات. بۆ دووەم کۆمەڵکوژی پاریش دەڵێت 'کەسێکی نەژادپەرست' کردوویەتی. دەی بۆچی ئەم کەسە کوردان دەکاتە ئامانج؟ پێشینە و ڕاستینەی کوردان شتێک نییە کۆمەڵگەی فەرەنسا نیگەران بکات. گەر هێرشەکە نەژادپەرستی بوایە ئەوا ئامانجەکە جیاواز دەبوو، ڕاستییەکە نازانین بەڵام بەم پێودانگەبێت دەبوایە لە بری کوردان ئامانجەکە شتێکی دیکە بوایە. نیشاندانی کۆمەڵکوژییەکە وەک 'هێرشی نەژادپەرستی' بەڕاستی سیاسەتی ونکردن و پەردەپۆشکردنی تاوانەکەیە. ئاشکرایە گەلێک هەیە، ڕێکخستنێکی ئەو گەلە هەیە و ڕۆڵەکانی ئەو گەلە هەیە و هێرشەکە لە دژی ئەوانە ئەنجام دراوە. کێ ئەمە دەکات؟ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێت فەرەنسا بیداتەوە. بەڕاستی دۆخی هەردوو کۆمەڵکوژییەکە یەک شتە. ڕەنگە بکوژی کۆمەڵکوژی دووەم بە پارە کرابێت و بە شێوەیەک کوردانی بۆ دەستنیشان کرابێت. نیشاندانی هێرشەکە وەک هێرشێکی نەژادپەرستی و دابڕاندنی لە دژایەتیکردنی کوردان و مەرامی سیاسی جێگەی قبوڵ کردن نییە. بۆیە گەلی کورد و ژنانی کوردیش ئەم کۆمەڵکوژییە پشتگوێ ناخات و بەدڵناییەوە تا ڕوونکردنەوەی هەردوو کۆمەڵکوژییەکە تێکۆشان بەردەوام دەبێت. ئەمە زۆر گرنگە، گەر وانەبێت ئەوا ئەگەری کۆمەڵکوژییەکان هەمیشە زیندوو دەبێت، بۆیە ژنانی کورد و گەلی کورد تێکۆشانێکی ئاوا بەڕێوەدەبەن و سڵاو لە تێکۆشانیان دەکەین. چیتر گەلی کورد کۆمەڵکوژکردنی قبوڵ ناکات و دا کۆتایی بە دواداچوون بۆ کریاری کۆمەڵکوژییەکە و لێپرسینەوە لێیان دەکات و گەشبینین بەمە. لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی مەرەشداین کە بە سەختی لەسەر کوردانی عەلەوی لە ڕۆژئاوای فورات ئەنجام درا، ئامانجی کۆمەڵکوژییەکە چی بوو؟ بەڵی بێگومان ڕاستە کۆمەڵکوژییەکە لە مەرەش ئەنجام درا، بەڵام ئامانج کوردانی ڕۆژئاوای فورات بوو، کە خواستەکەش داماڵینی ناوچەکە بوو لە کوردان، کە لە پلانی ڕیفۆڕمی شەرقی [ئیسڵاح شەرقی] و دەستووری ١٩٢٤ی دەوڵەتدا پلانڕێژی داماڵین و قڕکردنی کوردان بوو لە ڕۆژئاوای فورات. بەڕاستی ئیسڵاح شەرقی بە تەواوەتی پلانڕێژی قڕکاری بوو، کە لەو سەردەمەدا دەوڵەت بە ئاشکرا پەیڕەوی دەکرد. دەوڵەتێکی هەڵگری پلانڕێژی لەم شێوەیە دەکرێت لە دادگای نێونەتەوەییدا بە دەوڵەتی قڕکەر دادگای بکرێت، چونکە زۆر بەڕوونی قڕکردنی چاند و ناسنامەی کوردان لە پلانەکەدا ڕەنگی داوەتەوە و ڕوونە. بابەتەکە بابەتێکی ئاسایی نییە، لە ڕۆژئاوای فوارت دیلۆک، سەمسوور، مەرەش، مەلەتی و سێواسیش هەیە، لە گۆڕەپانێکی ئاوا بەرفراوان کورد کرا بە ئامانج، کە لە باشووری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستانش بەرفراوانترە. ئەم گۆڕەپانە بە ئێستایشەوە لەژێر هێرشی قرکردندایە. خۆ قرکردن تەنها جەستەیی نییە، بەڵکو دەکرێت چاندیش بێت. یانی دەمەوێت بڵێم پێناسەی 'کۆمەڵکوژی' لە پێڕەوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا تەنها لە ناوبردنی جەستەیی نییە، بەڵکو هاوکات قرکردنی چاند، ناسنامە، زمان و گۆڕانی دیمۆگرافیش دەگرێتەوە. هەنگاو بە هەنگاو داماڵینی کورد بە هەموو شێوازەکانییەوە لە ڕۆژئاوای فورات پەیڕەو کرا و بە کۆمەڵکوژی مەرەش گەیشت بە لوتکە. چونکە بە کۆمەڵکوژی مەرەش و دواتر دیکتاتۆرییەتی کودەتای ١٢ـی ئەیلوول کوردان ناچار بە کۆچی زۆرە ملێی و گرتنەبەری هەندەران کران. شتەکە وای لێکەوتەوە لە گوندە ئاوەدانەکانی کوردستاندا تەنها چەند کوێرە ماڵێک بە چەند پیروپەککەوتەیەکەوە بمنێتەو. ئەم دیاردەیە پەیوەندی بە ئابوورییەوە نییە وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکرێت، بەڵکو ئەم خاکەیان بۆ کوردان گۆڕی بۆ دەڤەرێک کە نەتوانن تێیدا بژین. لەم دوایانەیشدا بە بومەلەرزەکەی ٦ـی شووبات، سیاسەتی 'تەنیاجێهێشتنی کوردان' لە ڕۆژئاوای فورات، کە درێژکراوەی ئیسڵاح شەرقی و کۆمەڵکوژی ١٩٧٨ـی مەرەشە گەیشت بە ئاستێکی باڵاتری مەترسیدار. بەڕاستی دۆخێکی ئازار بەخشە، بۆیە دەبێت کاتێک باس لە کۆمەڵکوژییەکانی ڕۆژئاوای فورات دەکرێت، دەبێت درک بە کۆدەکانی بکرێت و هەڵویستی توڕەی و ناڕەزایەتیمان بێت. توڕەی و ناڕەزایەتی چییە؟ بێگومان گەڕانەوەیە بۆ ئەم خاکە و سەرلەنوێ بکرێتەوە بە خاکی ئاوەدانی کوردان. بۆیە نابێت مرۆڤ کۆمەڵکوژییەکان قبوڵ بکات، وەک ئەوەی هەندێک بە تەواوەتی قبوڵیان کردووە. نابێت مرۆڤ ملکەچ بێت و بڵێت ئیدی ئەو دەڤەرە بۆ کورد بوونی نەماوە. باو و باپیرانمان لە مێژەوە لەوێ بوون. بەرپرسیارێتمانە خاوەنداری لەو خاکە بکەین. بۆیە کۆمەڵکوژی مەرەش برینێکی زیندووی بە ئازارە. پێویستە خەڵکانی نیشتەجێی ڕەسەنی ئەو دەڤەرە زۆر بە باشی بیری لێبکەنەوە و پێویستە بە گەڕانەوە و ئاوەدان کردنەوەی هەیە. گەر ئەمە بکرێت ئەوا هەڵوێستەیەکەی درووست لە بەرانبەر کۆمەڵکوژییەکە دەگیرێتەبەر، کە خاوەنداریکردن و گەڕانەوەیە بۆ ئەو خاکە. لە ئێستادا هەندێک گەڕانەوە هەیە و خانوو درووستەکرێت کە بەشێکی بۆ گەشت و ئەو بابەتانەیە، یانی بە گشتی هەندێک خاوەنداریکردن هەیە، بەڵام پێویست بە خاوەنداریکردنی بەهێز هەیە. لە کۆمەڵکوژییەکەدا نزیکەی ٢٠٠ کەس لە هەموو چین و توێژەکان کۆمەڵکوژ کران، ئازارێکی سەختە. بەڕێزدارییەوە یادیان دەکەینەوە و هەمیشە زیندوو دەبن لامان و لە کوردستانی ئازاد و تورکیایەکی دیموکراتیکدا یادیان دەکەینەوە. دەربارەی پرۆسەکە سەرەڕای ئەوەی ساڵێک بەسەر پرۆسەکەدا تێپەڕیوە و وەکو تەڤگەری ئازادی هەنگاوی زۆرتان نا، لە مژاری 'مافی هیوا'دا بۆ ڕێبەر ئاپۆ هیچ هەنگاوێک نەنراوە. هێشتا گۆشەگیری بەردەوامە. لە قۆناغێکی وا مێژووییدا گۆشەگیری چ کاریگەرییەکی لەسەر پرۆسەکە دەبێت؟ پار مانگی تشرینی یەکەم دەوڵەت باخچەلی بانگەوازێکی کرد. گوتی، با بێت لە پەرلەمان قسە بکات، کۆتایی بە هەموو کار و چالاکییەکی ڕێکخستن بهێنێت و سوود لە مافی هیوا وەربگرێت. ئەم قسانە تۆمارکراوە. ڕێبەر ئاپۆش گوتی، من دەتوانم ئەم پرسە، پرسی کورد، پرسی شەڕی ٥٠ ساڵە ببەمە سەر زەمینەی یاسایی و سیاسی. ٢٧ـی شوباتیش بانگەوازێکی کرد. بانگەوازی ٢٧ـی شوبات لەلایەن دەسەڵاتی ئاکەپە، دەوڵەت باخچەلی و زۆر لایەنەوە بەئەرێنی بینرا. بەڵام ئەم بانگەوازە ڕوحێکی هەیە. گرنگترین قسەی ئەم بانگەوازە ئەوەیە کە پارێزەری هێژای ئاشتی و ئازادی سری سورەییا ئۆندەر ئاماژەی پێکرد و گوتی، بۆ جێبەجێکردنی بانگەوازی ٢٧ـی شوبات، پێویستە زەمینەی یاسایی و سیاسی بڕەخسێنرێت. ئەم پرۆسەیە بەم شێوەیەیە. کارەکتەرەکەی ئەمەیە. ئەگەر پرۆسەیەکی لەم شێوەیە هەبێت و بەم پێیە مامەڵە بکرێت، پێویستە ئەمە بکرێت. بانگەوازی ٢٧ شوبات و قسەکانی سری سورەییا ئۆندەر، ئاکەپە، دەوڵەت باخچەلی و مەهەپەش بەئەرێنی بینیان. پارتەکانی تریش، چەند پارتێکی فاشیست نەبێت، هەمووان هەڵوێستیان ئەرێنی بوو. پێویستە بەردەنگی ڕێبەر ئاپۆ قبوڵ بکرێت؛ گۆشەگیری زیانگەیاندنە بە پرۆسەکە و مافی هیوا مەرجە ئەگەر پرۆسەیەکی لەم شێوەیە زۆر گرنگ بێت، تەمەنی کۆماری تورکیا ١٠٠ ساڵە، ئەگەر مەبەست ئەوە بێت پرسێکی پەیوەندیدار بە ٥٠ ساڵ، بە نیوەی تەمەنی تورکیاوە چارەسەر بکرێت و ئامانجیش لێی هێنانەدیی خوشک-برایەتیی کورد و تورک بێت، ئەوا پێویستە بەردەنگیی ڕێبەر ئاپۆ قبووڵ بکرێت. بۆئەوەی بتوانێت لەم پرۆسەیەدا بە ڕۆڵێکی کاریگەر هەڵستێت، پێویستە هەلومەرجەکانی ژیان و کارکردنی ئازادی بۆ ئامادە بکرێت. ئەوەی پێی دەگوترێت 'مافی هیوا'، پێویستە بخرێتە بەرنامەی کارەوە. هەرخۆی ئەم مژارە یاساییە. لەلایەن دەستووری بنەڕەتیی ئەوانەوە قبووڵکراوە. دەوڵەت باخچەلیش گوتی، جێبەجێ دەکرێت. سەرەڕای ئەوە ڕاگرتنی ڕێبەر ئاپۆ لەناو هەلومەرجی گۆشەگیریدا بەمانای مامەڵەیەکی کەموکورت دێت لەگەڵ پرۆسەکە. بە مانای مامەڵەیەکی هەڵە دێت لەگەڵ پرۆسەکە. بەڵێ، ڕێبەر ئاپۆ زۆر هەوڵدەدات، هەنگاوی گەورەی نا. مامەڵەیەکی نادروست لەگەڵ ڕێبەرێکی لەو شێوەیە، بە مانای مامەڵەیەکی نادروست لەگەڵ پرۆسەکە دێت. باسی پرۆسەکە دەکرێت. دەڵێن 'تورکیای بێ تیرۆر'، بێگومان ئێمە بەو شێوەیە قبووڵمان نییە. پرۆسەی خوشک-برایەتییە نەک 'تورکیایی بێ تیرۆر' ئێمە وەکو پرۆسەیەک دەیبینین کە تێیدا خوشک-برایەتیی کورد و تورک دێتەدی، کورد و دەوڵەتی تورک ڕێکدەکەون کە سەدساڵە شەڕی یەکتر دەکەن، ئەنتێگراسیۆنێکی دیموکراتیک، واتا مسۆگەرکردنی مافەکانی کورد لە چوارچێوەیەکی یاساییدا دێتەدی. هەربۆیە ئەم مامەڵەیە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ پێویستە گۆڕانکاری بەسەردا بێت. پێویستە هەمووان هەڵوێستی خۆیان بگۆڕن. دەوڵەت باخچەلی گوتی، ڕێبەری دامەزرێنەر. دەسەڵاتی ئاکەپەش و دەوڵەت باخچەلیش هەنگاوەکانی ڕێبەرێتی بەئەرێنی دەبینن. مادام وایە، ئایا مامەڵەیەکی لەم شێوەیە دەگونجێت؟ هەربۆیە بەردەوامیی گۆشەگیری، ڕاگرتنی بەردەنگێک کە پرسی ٥٠ ساڵە چارەسەردەکات لەناو ئەم دۆخەدا، نیشانەی مامەڵەیەکی نادروستە لەگەڵ پرۆسەکە. سەرەتا دەوڵەت باخچەلی بانگەوازی کرد، باسی مافی هیوای کرد. مادام وایە پێویستە پێویستییەکانی جێبەجێ بکرێن. گوتی، با بێت و کۆتایی بە هەموو کار و چالاکییەکانی ڕێکخستنەکەی بهێنێت، با بێت لە پەرلەمان قسە بکات. ڕێبەر ئاپۆ لە قسەکانی دەوڵەت باخچەلی زیاتر هەنگاوی نا، وایکرد هەنگاو بنرێت. باشە، مادام وایە بۆچی پێویستییەکانی جێبەجێ ناکرێن. ئەمە نیشاندەری ئەوەیە کە ئاکەپە و مەهەپە، ئەوانەی کە بەردەنگی پرۆسەکەن، ئیرادەیەکی ڕوونیان نییە بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە. نیشاندەری ئەوەیە کە دوودڵن. کوردان نیگەرانن لە نەڕەخساندنی مافی هیوا لە مژاری مافی هیوادا هیچ هەنگاوێک نەنرا، لە مژاری گۆشەگیریدا پێشکەوتنێک ڕووینەدا. بێگومان هەندێک دیدار دەکرێن، شاندەکان دەچن و دێن. بەڵام ئەمە بەس نییە. لەم مژارەدا بێگومان کۆمەڵگەی کورد نیگەرانە. کۆمەڵگەی کورد دەڵێت، ئەگەر پرۆسەیەکی لەم شێوەیە هەبێت، پێویستە ڕێبەر ئاپۆ لەناو هەلومەرجی ئازاددا ئەم پرۆسەیە بەڕێوەبەرێت. باسی مافی هیوا دەکات. هەربۆیە لە ٤ـی کانوونی دووەمدا گەلی کورد بە داخوازیی مافی هیوا و ڕەخساندنی هەلومەرجی ئازادی کارکردن و ژیان بۆ ڕێبەر ئاپۆ هەڵوێستێک، ئیرادەیەک نیشاندەدات. گردبوونەوەیەک ڕێکدەخات. ئەمەش گرنگە. لەبەرئەوە گرنگە؛ پێویستە ئیرادەی گەلی کوردیش لەبەرچاو بگیرێت. ئێمە باسی خوشک و برایەتیی کورد و تورک دەکەین، هەربۆیە گەلی کورد ئیرادەی هەیە. کێ نوێنەرایەتیی ئیرادەی گەلی کورد دەکات؟ ئێمە لەو باوەڕەداین کە گردبوونەوەیەکی لەم شێوەیە ئیرادەی گەلی کورد نیشاندەدات. لەسەر ئەو بنەمایە باوەڕمان وایە کە بە گردبوونەوەیەکی بەهێز بۆ ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ و جێبەجێکردنی مافی هیوا هەڵوێست، ئیرادە نیشاندەدات. دوای ئەوەی کۆمیسیۆنی پەرلەمان چووە ئیمراڵی و لەگەڵ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالاندا دیداری کرد، پارتەکان ڕاپۆرتی خۆیان ئامادەکرد و پێشکەشی پەرلەمانیان کرد. ئێوە ڕاپۆرتی پارتەکانتان لە ڕووی ناوەڕۆکەوە چۆن بینی؟ ئێمە بەفراوانی بە دواداچوونمان کرد. بەش بە بەش لە ڕاگەیاندن بڵاودەکرێنەوە. هی جەهەپە، هی ئاکەپە بڵاودەکرێتەوە. هی دەم پارتی کەمێک بە فراوانتر بڵاوکرایەوە. بێگومان دەم پارتی ڕاستییەکان دەخاتە بەر چاو. ڕاپۆرتی بنەڕەتی پێویستە ڕاپۆرتێکی لەم شێوەیە بێت. ئەو هەموو دیدارە کران، ئەو هەموو گفتوگۆیە کران، بۆچوونی سەرۆکانی پەرلەمان وەرگیرا. دوای وەرگرتنی ئەو هەموو بۆچوونانە، مژارەکە خۆی پرسی کوردە، هەمووان دەزانن، پرسی دیموکراسییە. هەرخۆی کۆمیسیۆنی دیموکراسی، خوشک-برایەتی و پشتیوانیی نەتەوەییە. مادام وایە پێویستە بە پێی ناوەکەی مامەڵە بکات. لە ئێستادا شتێکی وا بوونی نییە. بەتایبەتی گەلی کورد، هێزە دیموکراسییەکان ڕەخنەیان هەیە. ئەو هەموو دیدارەیان کرد، دیداریان لەگەڵ هەموو کەسێک کرد، بۆچوونیان وەرگرتن. سەرۆکانی پەرلەمانی ٥٠ ساڵی ڕابردوو هەموویان بۆچوونی ئەرێنییان دەربڕی. پەرلەمانی تورکیا چەندە نوێنەرایەتیی گەلی تورکیا دەکات یان ناکات، ئەوە مژارێکی جیاوازی گفتوگۆیە. بەڵام بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە پەرلەمان نوێنەرایەتیی خەڵک دەکات. سەرۆکانی پەرلەمانیش بە شێوەیەکی ئاشکرا گوتیان، ناوی پرسەکە، پرسی کوردە. هەربۆیە ڕاپۆرتەکان زۆر گشتگیرن. ئایا بەم شێوەیە دەبێت؟ کۆمیسیۆنێکی وەها، کۆمیسیۆنی هەموو پارتەکان بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ پرسەکە دەکات؟ قورسایی خۆیان لەدەستدەدەن. ئەم مامەڵەیە، نەک تەنها لە مژاری پرسی کورد و دیموکراسیدا، نیشاندەری ئەوەیە کە لە مژاری جیاوازیشدا ناتوانن چارەسەر بۆ کێشەی خەڵک بدۆزنەوە. واتا نیگەرانییەکی وەها لای خەڵک دروستدەبێت. مامەڵەی جەهەپە بە ڕاستی زۆر دواکەوتووانەیە جەهەپە؛ خۆی نەچووە ئیمراڵی، باسی دیموکراسی دەکرد. مەگەر دیموکراسی بەبێ کورد دەبێت؟ باس لەوە دەکرێت کە دواتر لە ڕاپۆرتی جەهەپەدا مامەڵەیەکی لەو شێوەیە کراوە. لە لایەکی ترەوە، ئۆزگور ئۆزەل ئەو هەمووە دەیگوت پرسی کورد هەیە، لە کوردستان گەڕا. گوتی، ئەگەر کورد دەڵێت ئەم کێشەیە هەیە، ئەوا پێویستە چارەسەر بکرێت. زۆر شتی گوت. بۆچی ئەمانە نیشان نادرێن؟ ئەمە مامەڵەی پارتە سیاسییەکانە بە گوێرەی ڕووداوەکانی ڕۆژانە. یاخود بەرنامە، ڕێسانامەی پارتەکەی بە گوێرەی هەندێک پارتی تر ڕێکدەخات. پارتێک، تەڤگەرێک بێ ئەوەی چاو لە مامەڵەی پارتێکی تر بکات، پێویستە هەڵوێستی خۆی نیشان بدات. هەربۆیە مامەڵەی جەهەپە بە ڕاستی زۆر دواکەوتووانەیە. ڕەخنەی لە ئاکەپە و مەهەپە دەگرت، دەرکەوت ئەو ڕەخنانە هیچ مانایەکیان نییە. ئەو هەموو ڕەخنەیە بگریت، باسی دیموکراسی بکەیت، دواتریش لەسەر سەرەکیترین پرسی تورکیا ڕاپۆرتێک ئامادە بکرێت، باسی نەکەیت. ئەمە خەمساردییە. ڕاپۆرتێکی هاوبەش چۆن دەبێت، ئێمە نازانین. ئێمە لە ئێستاوە هیچ شتێکی نەرێنی ناڵێین، بەڵام ناتوانین بڵێین کە یەک بە یەکی ڕاپۆرتەکان ئەرێنین. ڕێبەر ئاپۆ ئاماژەی بەوە کرد کە پرۆسەکە چووەتە قۆناغی دووەمەوە. لەم قۆناغەدا ئێوە چاوەڕێی چ ڕۆڵێکن لە پەرلەمان؟ کۆمیسیۆنی پەرلەمان گرنگە. کۆمیسیۆنی پەرلەمان دامەزرا، ئێمە بە گرنگمان بینی. مێژووی تورکیا بەم شێوەیەیە؛ بەڵێ، پەرلەمان هەیە بەڵام لە مێژووی تورکیادا پەرلەمان بە کێشە سەرەکییەکانەوە سەرقاڵ نەبووە. پارتەکانیش پێیەوە سەرقاڵ نەبوون. ئەگەر پەیوەندی بە ئابوورییەوە هەبووبێت، کەمێک پەیوەندی بە تەندروستییەوە، بە فڵان شتەوە هەبووبێت، پێوەی سەرقاڵ بووە. کاتێک باسەکە هاتووەتە سەر پرسە ستراتیژییەکان، پرسە سەرەکییەکانی تورکیا، پرسی کورد، پرسی عەلەوییەکان، پرسە سەرەکییەکانی تر، پەرلەمان خۆی بێدەنگ کردووە. مێژووی تورکیا نیشانیدا کە پەرلەمانی تورکیا لە پرسە سەرەکییەکاندا خاوەن ئیرادە نییە. لەبری ئەوە باسی دەوڵەتی قووڵ دەکرێت، باس لە دەوڵەتی دەرەوەی نۆرم دەکرێت؛ ئەم لایەنانە لەم مژارانەدا بوونە خاوەن قسە. هەرچەندە دەبووایە سیاسەت ببووایە بە خاوەن قسە. دەبووایە سیاسەت چارەسەری بۆ هەموو کێشەکانی تورکیا پەیدا بکردایە. تا ئێستا پەرلەمان ئەم مامەڵەیەی نیشان نەداوە. پەرلەمان تەنها وەکو ڕووکارێک مایەوە. سەرقاڵی ئەو مژارانە دەبێت کە بۆ ئەوانی تر سەرەکین، با بڵێین ئابووری، پەروەردە کە سنوورەکەشی دیارە. کۆمیسیۆن دامەزرا، گفتوگۆی فراوان دروستبوون، ئاخۆ پەرلەمان ئیرادەی چارەسەرکردنی کێشەکانی تورکیا دەستنیشان دەکات. سیاسەت ئەمە دەستنیشان دەکات؟ یاخود کێشە سەرەکییەکانی تورکیا جارێکی تر بۆ هێزەکانی دەرەوەی سیاسەت، بۆ دەوڵەتی دەرەوەی نۆرم، بۆ دەوڵەتی قووڵ جێدەهێڵدرێت؟ ئیرادەی ئەم لایەنانە جارێکی تر سەروەر دەبێت؟ تورکیا جارێکی تر بەم شێوەیە بەڕێوەدەبرێت؟ ژینگەیەک کە تێیدا پارتەکان بێکاریگەرن، بەم شێوەیە دەبێت؟ کاتێک سەرۆکوەزیر، سەرۆککۆمار دەچنە ناو پرسە سەرەکییەکانەوە، بۆ نموونە ئۆزالیان خستە چ حاڵێکەوە، یاخود ئەربەکان، ئەوانی تر. ڕێبەر ئاپۆ بە دیدگای قوڵی سۆسۆلۆژیی و  مێژوویی پرۆسەکەی دەستپێکردووە بۆیە کاتێک دێتە سەر پرسە سەرەکییەکانی تورکیا وەکو پرسی کورد، پرسی عەلەوییەکان سەرۆکوەزیر و سەرۆککۆماریش کاریگەرییان نییە. ناتوانن کاریگەرییەکی وا دروست بکەن. ئێستا ڕێبەرێتی گوتی قۆناغی دووەم. کۆمیسیۆن دیداری لەگەڵ کرد. ڕێبەر ئاپۆ پرسە سەرەکییەکانی تورکیای خستە ڕوو. ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە گەلی کورد و تورک ببنە خوشک-برا. ئاماژەی بەوە کرد کە تورکیا بە پشتبەستن بەم مێژووە دەتوانێت بوونی خۆی بپارێزێت. هاوکات چاوەڕێی هەڵوێستی سیاسییەکانی کرد. تورکیا دیالەکتیکێکی هەیە، مێژووی تورکیاش دیالەکتیکێکە. سۆسیۆلۆژیایەکی مێژوویی هەیە. ڕاستییەکی دەوڵەتی تورک، ڕاستیی تورکیا هەیە کە لە مێژوو دانابڕێت. هەر لەبەر ئەوەیە کە ڕێبەرێتی بەردەوام پەیوەندییەکانی تورک و کورد دەخاتە ڕوو. ئاماژە بەوە دەکات کە بوونی تورکیا، داهاتووەکەی تەنها بە خوشک-برایەتیی تورک و کورد دەبێت. وا باشە سیاسەتمەداران و پارتەکان خاوەندارێتی لەم ڕاستییە مێژووییە بکەن، یاخود نکۆڵیکردن لە کورد بەردەوام دەبێت؟ گوایە کورد هەیە، بەڵام لە یاسادا ڕەچاو ناکرێت. هەربۆیە سیاسەت، پارتەکانی تورکیا لە ئەزموونێکی مێژووییدان. ئایا دەڵێن، 'ئێمە پارتی سیاسین، ئێمە چارەسەر بۆ کێشەکانی تورکیا دەدۆزینەوە، چارەسەرییەک دەخوڵقێنین' یاخود وەکو سەدساڵی ڕابردوو لەم مژارانەدا بێئەوەی هیچ بڵێن، تەنها بە کێشە لاوەکییەکانی ترەوە سەرقاڵ دەبن و خۆیان وەکو سیاسەتمەدار و پارتی نیشاندەدەن. سیاسەتمەداری بەم شێوەیە نابێت. پارتبوونیش بەم شێوەیە نابێت. نەکەوتنەناو کێشە سەرەکییەکانی تورکیاوە، جگە لە چەواشەکردنی کۆمەڵگەی تورکیا لە ڕێی ئەم سیاسەتمەدار و پارتانەوە، هیچ مانایەکی تری نییە. ئێمە لە پرۆسەیەکداین کە کەوتووەتە دووەم ساڵییەوە. بە دەستپێشخەریی ڕێبەری گەلان عەبدوڵا ئۆجالان وەکو تەڤگەر ئێوە هەنگاوی مێژووییشتان نا. بەڵام دەسەڵاتی ئاکەپە سەرەڕای هەنگاونەنان پەیوەست بە پرۆسەکەوە، سیاسەتەکانی خۆی لە زیندانەکانیش بە هەمان شێوە درێژەپێدەدات. نموونەی ئاشکراش ئەوانەن کە زیاتر لە ٣٠ ساڵە لە زیندانن، ئازاد ناکرێن. پێویستە ئەو مامەڵەیەی زیندانەکان چۆن لێکبدرێتەوە؟ ڕێکارەکانی گەریلا لە پێناو بەرەوپێشچوونی پرۆسەکەدایە ئەو پرۆسەیە کە تێیدا باسی دیموکراسی، پشتیوانیی نەتەوەیی و خوشک و برایەتی دەکرێت، چۆن دەبێت؟ هەنگاو نران. چەکەکان سووتێنران، هێزەکانی ناو سنووری تورکیا کشانەوە، لەو شوێنانەی کە مەترسیی شەڕی لێیە، گەریلا کشاوەتەوە بۆئەوەی ڕێ لە شەڕ بگرن، بۆئەوەی پرۆسەکە بەڕێوەبچێت. هەندێک گۆڕەپانیان چۆڵکرد. لەناو تورکیاش لە ئاستێکی گرنگدا کشانەوە ڕوویدا. باشە وەڵامێکی چۆنی ئەمە دەدرێتەوە؟ دەڵێن 'بێچەکبوون'، 'کۆتاییهێنان بە تیرۆر'. دەبووایە سیاسەتی دیموکراتیک پەیڕەو بکرایە. محەممەد ئاگار خۆی گوتبووی، با لە دەشت سیاسەت بکەن. هێشتا لە تورکیا هەزاران زیندانی هەن. هێشتا یاسای تیرۆر هەیە. باسی کورد و کوردستان بکە، دەتخەنە زیندان. واتا دەرفەتی سیاسەتی دیموکراتیک بوونی نییە. باشە ئەوە چۆن دەبێت؟ دەڵێن با بێن. چۆن بێن؟ ئایا گۆڕەپانی سیاسەتی دیموکراتیک دەبێت؟ ئازادانە دەشێت سیاسەتی دیموکراتیک بکرێت؟ یاخود کاتێک کەسێک باسی کوردایەتی، دیموکراسی بکات و هەندێک ڕەخنە بگرێت، زیندانی دەکرێت؟ شتیوا دەبێت؟ ٣٠ ساڵە لە زیندانە، پەڕاوەکەی دەسووتێنن و ئازادی ناکەن. ٣٠ ساڵە لە زیندانە، هێشتا زیاتر لە زیندان دەهێڵدرێتەوە. هەندێک لە ناچاری ئازاد دەکرێن. بابەتی زیندانیانی سیاسیی مشتومڕ هەڵناگرێت؛ ئازادکردن هاندانی پرۆسەکەیە واتا ناچار دەبن ئازادی بکەن. سێ دەیە تێپەڕیوە. با بڵێین ساڵێک درێژدەکاتەوە، دوو ساڵ درێژدەکاتەوە، ئازادی دەکات. ماوەی ڕابردوو بەشێک لەو زیندانیانەی ٣٠ ساڵ بوو لە زیندان بوون، ئازادکران. هەندێک لە میدیاکان دەڵێن، 'چۆن ئازاد دەکرێن؟' ئەوەی ٣٠ ساڵ زیندانی بووە، ٣٠ ساڵ. پێشتر ١٠ ساڵ جارێک، ١٥ ساڵ جارێک لێخۆشبوون ڕادەگەیەندرا، زیندانییە سیاسییەکان ئازاددەکران. ئێستا هەندێک هەڵدەستن گوایە خۆیان وەکو لایەنگری دیموکراسی نیشاندەدەن، دێن دژایەتیی ئازادکردنی زیندانییەک دەکەن، کە ٣٠ ساڵە لە زیندانە. ئەوانە فاشیستی ڕەش و تاریکن. دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە بەشێکیانی ئازادکرد، بەڵام هێشتا زۆر زیندانیی ٣٠ ساڵە ئازاد ناکرێن. ئەمە هیچ شرۆڤەیەک هەڵناگرێت. بەم شێوەیە پرۆسەکە چۆن پێشدەکەوێت؟ بەڵێ، ڕێبەر ئاپۆش بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە هەوڵدەدات، ئێمەش هەوڵدەدەین. هیچ نەبێت ئێمە بەم شێوەیە مامەڵە دەکەین؛ ئەگەر نییەتێک هەبێت دەڵێین فەرموو، کاری ئەوان ئاسان دەکەین. بەڵام ئازادنەکردنی زیندانییانی ٣٠ ساڵە، بابەتێک نییە کە جێی مشتومڕ بێت و قسەی لەسەر بکرێت. هەم باسی پرۆسەیەکی لەم شێوەیە دەکرێت، هەم دەڵێن با چەکەکانیان دانێن و بێن؛ بەڵام ئەوانەی ٣٠ ساڵە لە زیندانن، ئازاد ناکرێن. وەکو ئەحمەد کایا دەیگوت، ئەمە چ ناکۆکییەکی گەورەیە. دەتوانم ئەمە بڵێم. دۆخی سیاسیی سووریا و دەستەوەردانی تورکیا بەشێک لە دەسەڵاتدارانی تورک هەڕەشەی توند لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەن. هاکان فیدان، یاشار گولەر و ئیبراهیم کاڵن ڕۆشتنە سووریا. ئەو ڕۆژە هێرش کرایە سەر گەڕەکی شێخ مەقسوود لە شاری حەلەب. زۆرێک لە بازنەکان هەوڵی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ١٠ـی ئادار دەدەن، بەڵام دەوڵەتی تورک پیداگری لە هەڕەشەکردن دەکات. ئەمە مانای چییە؟ ڕێککەوتنی ١٠ـی ئادار ڕێککەوتنێکە لە نێوان شەرع و مەزلووم عەبدی واژۆکرا. ئەوەندەی ئێمە بزانین ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نێوەنگیرە، بەڵام لەم ڕێککەوتننامەی ١٠ـی ئادار شڕۆڤەی جیاواز هەیە. دیمەشق بەپێی خۆی شڕۆڤە دەکات. هەروەها دەوڵەتی تورک کاریگەری نەرێنی لەسەر شڕۆڤەی ڕێککەوتننامەی ١٠ـی ئادار هەیە. ئەو شڕۆڤانە بەربەستێکە لە بەردەم جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ١٠ـی ئادار. بە واتایەکی تر ڕۆژئاوا، بەڕێوەبەرانی ئەوێش خاوەندارێتی لێ دەکەن، بەڵام دەڵێن، دەبێت کرۆک، ناوەڕۆکەکەی و پێداویستییەکانی جێبەجێ بکرێت. لە مامەڵەکانی ئەم دواییەی تورکیا تێناگەین. ئایا کورد بەشێک نییە لە تورکیا؟ ئایا زۆرترین ژمارەی دانیشتووانی کورد لە تورکیا نییە؟ کەسوکاریان لە سووریان، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریان. لە شوێنێکی تر کە باسەکە دەبێتە تورکمانەکان خاوەندارێتی لێ دەکەن، وەک بەشێک لە تورکیا دەبینرێن، ماف و یاساکانیان پارێزراون، کولتوور، زمان و ناسنامەیان دەپارێزرێن. بۆچی کاتێک باس لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکرێت، وەک ئەوە وایە کوردەکانی ئەوێ، خەڵکی ئەوێ، بێگانە بن بۆ تورکیا. ئەم جۆرە نزیکایەتییە بەڕاستی نابێت. دەبێت تورکیا خاوەندارێتی و داننان بە کورد بکات. ئەگەر کورد بڕیارە لەوێ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی خۆی هەبێت، دەیانەوێت بە ناسنامە و کەلتووری خۆیان بژین، بۆچی تورکیا خاوەندارێتی لێ ناکات؟ ئایا کورد لە دوای تورک زۆرترین ڕێژەی دانیشتووانی تورکیا پێک ناهێنێت؟ ئایا ئەوان بەشێک نین لە تورکیا؟ ئێستا کەسوکاری کورد لێرەن. ئایا بەم شێوەیە نزیکایەتی خۆیان نیشان دەدەن؟ ئایا دەوڵەتێک بەم شێوەیە لە کەسوکاری هاووڵاتیانی خۆی نزیک دەبێتەوە؟ هیچ ڕوونکردنەوەیەک بۆ ئەمە نییە. کەس وەڵامی ئەمە ناداتەوە. بۆچی ئەمە دەکەن؟ نەک هەر کورد لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، نەک هەر ئەو کوردانەی دەنگ بە دەم پارتی دەدەن، بەڵکوو ئەو کوردانەشی دەنگیان بە ئاکەپە داوە، لەمە تێناگەن، هەموو کورد لەم نزیکایەتییە تێناگەن. بۆچی تورکیا ئەم کارە دەکات؟ هەربۆیە ئەم نزیکایەتییەی دەوڵەتی تورک ڕاست نییە. دەبێت تورکیا کۆتایی بە مامەڵە ئاژاوەگێڕییەکانی لە سووریادا بهێنێت ئایا تورکیا ناڵێت بۆچی ئەم شەڕە لە غەززە ڕوودەدات؟ بۆچی ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر لوبنان، بۆچی ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر فڵانە ناوچە؟ لە بەرانبەر هێرش دەوەستێتەوە، دەڵێت با ئاشتی هەبێت، بەڵام ئێستا هەڵدەستێت و دەڵێت، ئەگەر بەم شێوەیە ببێت، دەستوەردان لەو شوێنە دەکەین. ئەمە چ ئەقڵێکە؟ ئایا تورکیا لە کۆتاییدا ئەو گۆڕەپانە دەکاتە ناوچەی جەنگ؟ ئاشتیانە بوو؟ لە غەززە ئاشتی دەوێت، لە لوبنان ئاشتی دەوێت، لە سووریا ئاشتی دەوێت، بەڵام لە بەرانبەر کورد شەڕی دەوێت. لەوێ کورد و حکومەتی دیمەشق دەتوانن پرسەکانیان چارەسەر بکەن. دەتوانن گفتوگۆی چارەسەری بکەن. پرسی ناوخۆیی سووریایە. کورد ناڵێت با دابەشی بکەین، سووریا دابەش بکەین. نزیکایەتییەکی وەها نییە. بێگومان زۆر هێز تێوەگلاون. بەڵێ هێزی جیاواز هەیە. تەنها تورکیا نییە، هێزە جیاوازەکانیش لە سووریا پشێویی درووست دەکەن. ڕاستترین شت بەدیهێنانی سەقامگیرییە بۆ سووریا. سەقامگیرییش بەم شێوەیە بەدی نایەت. چۆن دەتوانرێت ئاشتی بە شەڕکردن و وەستانەوە لە بەرانبەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەدی بهێنرێت؟ هەربۆیە دەبێت دەوڵەتی تورکیا سیاسەتی خۆی بگۆڕێت. هەوڵ دەدات لە ڕێگەی فشار و هەڕەشەوە هەنگاو بنێت. ئەمە ڕێبازێکی درووست نییە. بەکارهێنانی ئەم ڕێبازە هەمووکات لە دژی کورد ڕاست نییە. بەتایبەت لە تورکیا ئێستا شەڕ نییە، پڕۆسەیەک هەیە. هێشتا ئەمە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، بۆ کوێ دەڕوات. لە قۆناغێکی وادا دەبێت لە سووریا، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاش نزیکایەتییەکانی بگۆڕێت. تورکیا دەبێت ستراتیژیتر بیربکاتەوە. تورکیا بیری ستراتیژی ناکاتەوە. بەهۆی ئەم نیگەرانییانە ناتوانێت ستراتیژی بیر بکاتەوە. ئەم نزیکایەتییە کورتخایەنانە تا چەند سوودی بۆ تورکیا دەبێت، جێگەی گومانە. لە ئەستەنبوڵ کۆنفڕانسی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی نێونەتەوەیی بەڕێوەچوو. لەسەر ئەم کۆنفڕانسە چی دەڵێن؟ لە ئەستەنبوڵ کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بەڕێوەچوو. ئەم کۆنفڕانسەمان بە گرنگ بینی. زۆرێک لە لایەنەکان بەشداربوون، لە نێویاندا هێزەکانی دیموکراسی تورکیاش بەشداربوون. بە واتایەکی تر هەوڵدرا پەیوەندییەک لە نێوان دیموکراسی و ئاشتیدا درووست بکرێت. بیرۆکەی ئەوەی کە پرسەکان بە دیموکراتیزەبوون چارەسەر دەکرێن، تا ڕادەیەکی بەرچاو لە تورکیادا ئامادەیە. ئەمڕۆ لە تورکیادا بەڕاستی خواست و پۆتانسێلی چارەسەرکردنی پرسەکان لەسەر بنەمای دیموکراسی هەیە، بەڵام سەرکوت دەکرێت، بێدەنگ دەکرێت. یان بە وشەی وەک "مانەوە"، "وڵات-میللەت-ساکاریا"... نیشان دەدرێت کە دیموکراتیزەبوون تورکیا دابەش دەکات. ترسەکانی وەک "ئەگەر تورکیا دیموکراتیزە ببێت، ئەگەر کورد بە مافەکانی خۆی بگات، تورکیا ڕووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە" ڕێگە نادات ئەم ئەزموونە ئەرێنییەی تورکیا سەرهەڵبدات. ئەمە بەڕاستی هێزێکی تورکیایە، پەرەسەندنێکی ئەرێنییە. تورکیا هێزێکی وای هەیە، بەڵام ئەم هێزە بەکارناهێنێت. دەڵێن "هێزی نەرم" و هتد... لە ڕاستیدا زۆر شت هەیە سەبارەت بە تورکیا لەم لایەنەوە، بەڵام کاتێک ئەمە هەڵبژاردن نییە؛ کاتێک هەڵبژاردنەکە سەرکوتکردن و بێدەنگکردنە، بێگومان ئەم ئەزموونە دیموکراتیکە، ئەو ئارەزووەی کە لەو کۆنفڕانسەدا بینرا و پێشهاتی ئاشکرا، دەرفەتی ئەوە نابینێت کە کاریگەرییەکی گەورەی لە تورکیادا هەبێت، بەڵام زەمینەیەکی لەو شێوەیە لە تورکیادا هەیە. لە تورکیا تێکۆشانێک هەیە بۆ دیموکراسی کە لەسەر بنەمای دەیان ساڵ، تەنانەت سەدەیەک و ئەزموونێک هەیە کە خۆی درووستی کردووە. بە واتایەکی تر ئەم ئەزموونە بە دڵنیاییەوە ڕێگایەک بۆ خۆی لە تورکیادا دەدۆزێتەوە. بەم بۆنەیەوە پیرۆزبای لەو کەسانە دەکەم کە ئەم کارەیان ئەنجامدا.

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە رایگەیاند، گەیشتووینەتە لێگتێگەیشتنێکی هاوبەش بەمەبەستی رێککخستن و چوونەپاڵی هیزەکانمان بۆ نێو [سوپای سوریا.] عەبدی ئاماژەی بەوەشکرد، شێوازی سیستمەکە و بەشداری یەکە جیاوازەکان لە پایە سەرەکییەکانی لێکتێگەیشتنەکەن، ئەمەش پێویستی بە دیالۆگی قووڵتر هەیە تا بگەینە دەستوورێک کە رەنگدانەوەی خواستی هەموولایەک بێت. بەشێکى دیکە لە پەیامەکەى.. ــ گەیشتوینەتە لێكتێگەیشتنی هاوبەش سەبارەت بە یەكخستنی هێزە سەربازییەكان؛ بەوجۆرەی كە لەگەڵ بەرژەوەندی گشتیدا بگونجێت.  ــ بابەتی دەستوری هەن كە پێویستیان بە كات هەیە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێك كە هەموو سوریا بگرێتەوە.  ــ وای دەبینین چارەسەر لە سوریا دەبێت (لامەركەزی) بێت.  ــ فۆرمی حوكمڕانی و بەشداری پێكهاتەكان لە پایە سەرەكییەكانەو، ئەمە پێویستی بە دیالۆگی قوڵتر هەیە بۆ گەیشتن بە دەستورێك كە رەنگدانەوەی هەموو خواستەكان بێت.  ــ بەرەوپێشچوون هەیە لە دروستكردنی روانگەی هاوبەش سەبارەت بە رێڕەو و سنورەكان.  ــ سامانی ژێرزەوی هی هەموو هاوڵاتیانی سوریایە.  ــ نزیكبوونەوە لە بۆچوونەكاندا هەیە سەبارەت بە بابەتە سەرەكییەكان و، هیواخوازین لە ماوەی ئایندەدا بگەین بە هەموو رێككەوتنەكان.  ــ دەمانەوێت رۆڵەكانی ناوچەكە لەچوارچێوەیەكی دەستوریدا خۆیان ناوچەكانی خۆیان بەرێوەببەن.

ئەندامی کۆنسەی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە ئاڵدار خەلیل ڕایگەیاند، دەسەڵاتی ساڵێکی  حکومەتەکەى ئەحمەد شەرع سووریای لە چارەسەری دوورخستووەتەوە و درێژەپێدەرێکی ڕاستڕەوی ڕژێمی بەعسە. ئاڵدار خەلیل گوتی، شەرع و حکومەتەکەشى بەهۆی دەستتێوەردانەکانی تورکیاوە ناتوانێ بڕیاریش بدات. یەکێک لە کەسایەتییە گرنگەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ئەندامی کۆنسەی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە ئاڵدار خەلیل، لەبارەی ساڵێک لە دەسەڵاتی دیمەشق بە سەرۆکایەتیی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە)، بۆ ئاژانسی هەواڵیی فورات (ANF) کرد.  ئاڵدار خەلیل گوتی:  "ساڵێک تێپەڕی کە تێیدا ڕژێمی نوێی سووریا ڕووخێنرا و هەتەشە لە دیمەشق هاتە سەر دەسەڵات. هەتەشە خۆی نەهاتە سەر دەسەڵات و هێنایانە سەر دەسەڵات. ئەم هێزانە بەیەکەوە مامەڵەیان کرد. بەتایبەتی دوای ڕووداوەکانی غەززە و شەڕ و گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و هەندێک دەوڵەتی ناوچەکە، هاوسەنگییەکان لە ناوچەکەدا گۆڕانکاری بەسەرداهات. ئەم گۆڕانکارییە کاریگەری لەسەر بڕیاری گۆڕینی ڕژێم هەبوو. بەڵام ئەمڕۆ هەتەشە کە لە دیمەشق دەسەڵاتدارە، بە هیچ شێوەیەک نوێنەرایەتیی داخوازییەکانی گەلی سووریا ناکات. ئەم ڕێکخراوە نە نوێنەری شۆڕشە و نە هەڵگری ئیرادەی گەلانە. بەپێچەوانەوە، ئەو حکومەتەی کە دامەزراوە، لە ناوەڕۆکدا ڕووییەکی تری ڕژێمی بەعسە. تاکە شت کە گۆڕاوە، مەیلی ئایدۆلۆژییە. پارتی بەعس لە ڕابردوودا خۆی لەسەر هێڵێکی چەپ پێناسە دەکرد. ئەمڕۆ هەتەشە پشت بە هێڵێکی ئایدۆلۆژیی ڕاستڕەو و ڕادیکاڵ دەبەستێت. لەبری ئەوە، لە بواری ئابووری، سیستەمی دادوەری، تێگەیشتنی پەرلەمان، بەڕێوەبردنی دەوڵەت و شێوازی کارکردندا ئەو وێنەیەی هاتووەتە ئاراوە، نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی سووریا نیشان نادات.   ئەو ڕێبازانەی کە لەمڕۆدا پەیڕەو دەکرێن، نیشانی نادەن کە چارەسەرییەک بۆ شۆڕش بەرهەمهێنراوە. دیمەشق خۆی وەکو پایتەختی سووریا پێناسەدەکات. بەڵام لە کرداردا پەیوەندیی ئەو لەگەڵ بەشێکی گەورەی وڵاتەکە دابڕاوە. لەو ناوچانە دەسەڵاتی سووریا نوێنەرایەتی ناکرێت. بۆ نموونە ناوچەکانی ژێر داگیرکاریی تورکیا. کاریگەریی دیمەشق لەو ناوچانە چەندە؟ ئەو حکومەتە ڕاگوزەرەی دامەزراوە، لە ماوەی ساڵێکدا لەو ناوچانە تا چەند توانی بوونی خۆی نیشان بدات، دامەزراوەکانی دابمەزرێنێت و بەڕاستی بڵێت "ئێرە خاکی سووریایە"؟ نەیتوانی. ئەو ناوچانە هێشتا لەژێر داگیرکاریی تورکیادان. دۆخی ناوچە کەناراوەکانیش بە هەمان شێوەیە. مەگەر لازقیە و تەرتووس بەشێک نین لە سووریا؟ لەو ناوچانەش دەسەڵاتی دیمەشق نەیتوانیوە نوێنەرایەتییەکی کاریگەری هەبێت. لە ئەنجامی گۆڕانکارییەکان لە باشووری سووریا، دیمەنێکی هاوشێوەی دوو دەوڵەتی دراوسێ هاتووەتە ئاراوە، کە لە تەنیشتی یەکن. لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاش بەڕێوەبەری و ڕێکخراوکردنێک هەیە. تاوەکو ئێستا هیچ دامەزراوەیەکی دەوڵەت لێرە کار ناکات. وێڕای ئەوەش ڕێککەوتننامە و هاوپەیمانیی جۆراوجۆر هەن. حکومەتەکەی هەتەشە نوێنەرایەتیی تەواوی سووریا ناکات لە ئەنجامدا ئەوەی ئەمڕۆ لە دیمەشق هەیە، لە بنەڕەتدا دیمەشق، بەشێک لە حەما و ناوچەیەکی سنووردار لە ئیدلیب دەگرێتەوە. بەدەر لەوە، ناتوانێت بڵێت "من نوێنەری تەواوی سووریا"م. بەڵام ڕژێمی کۆن، ئەگەرچی لەڕێی ڕێبازی ناوەندی و فشاریشەوە بوایە، لە ڕێی هەواڵگری، سوپا و ئامڕازەکانی دەوڵەتەوە توانیبووی لە تەواوی وڵات باڵادەستیی خۆی دابمەزرێنێت. ساڵێک تێپەڕی، ڕژێم ڕووخا. بەڵام لەو ماوەیەدا نە حکومەتێکی بەرفراوان دامەزرا، نە پەرلەمانێک کە نوێنەرایەتیی هەمووان بکات، نە لیژنەیەکی فراوان بۆ ئامادەکردنی دەستوور، نە ئەو ڕێککەوتننامانەش کەوتنە بواری جێبەجێکردنەوە، کە واژۆکراون."  ئاڵدار خەلیل لە بارەی بەردەوامیی کوشتنی خەڵکانی مەدەنی لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا و ڕەشبگیری و کۆچبەرکردنی زۆرەملێوە لە سووریا ڕایگەیاند: "پێکهاتەیەک کە دیموکراتیک نەبێت، خاوەنی کەلتوورێکی پێشکەوتووی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە نەبێت، ناتوانێت نوێنەرایەتیی شۆڕشێک بکات. هەرخۆی ئەو شتانەی کە لە ساڵێکدا ڕوویاندا ئەمەیان بە ڕوونی نیشاندا. کۆمەڵکوژیی زۆر ڕوویاندا، ستەمی زۆر لە خەڵک کرا. لە سووریا خەڵکی تەنها لەسەر ناسنامەی خۆیان دەکوژرێن. لە کەسێک دەپرسن "ئایا تۆ عەلەویت؟"، تەنها گوتنی "من عەلەویم" بەسە بۆ سەربڕینی یان کوشتنی. ئەوەی لەوان نەبێت، قبووڵی ناکەن، بۆ نموونە لە ناوچە کەناراوەکان لە سەرەتای ساڵەوە دەستیان بە هێرش کرد. بەهەزاران مرۆڤ کوژران، هەزاران ژن ڕفێنران. هێشتا ئەم کردەوانە بەردەوامن. لە سوەیداش هێرشی لەم شێوەیە ئەنجامدران. لەوێ خەڵک بەرخۆدانی کرد و ئەم کردەوانەی قبووڵ نەکرد. بەڵام دەرفەتیان کەم بوو. ئەو هێزانەی دەستیان بەسەر دیمەشقدا گرتووە، مامەڵەیەکی زۆر توند لەگەڵ کۆمەڵگەی سووریادا دەکەن. لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەش هەمان ڕێبازیان بەکارهێنا. هێرشیان کردە سەر ئەم گەڕەکانە، ویستیان داگیری بکەن. بەڵام ئەوەی جێی دڵخۆشی بوو، بریتیبوو لە بەرخۆدانی گەل. ئەگەر ئەم بەرخۆدانە نەبووایە، ئەوەی لە ناوچە کەناراوەکان کردیان، لەوێش دەیانکرد. ئەمڕۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوام لەژێر هەڕەشەدایە. دەگوترێت "با سیستەمی بەرگریتان نەبێت"، "با قەسەدە کۆتایی پێ بێت". بە بیانووی ئەنتێگراسیۆنەوە دەیانەوێت خەڵک بێ پاراستن بهێڵنەوە. ئامانجیان ئەوەیە کە سیاسەتەکانی خۆیان بەئاسانی پەیڕەو بکەن."  لە بەشێکی تری قسەکانیدا ئاڵدار ئاماژەی بەوە کرد، "دەسەڵاتی هەتەشە لە هەوڵدایە بۆ دروستکردنی جیاکاری و چینایەتی لەنێوان پێکهاتەکانی سووریادا، ئەوەی وەکو ئەوان بیرنەکاتەوە، دووری دەخەنەوە." گوتیشی، "سووریا لە مێژوودا بە دەوڵەمەندی و فرەڕەنگی ناسراوە. بەڵام ئەوانەی ئەمڕۆ هاتوون، بەر لە چارەسەرکردنی کێشە گشتییەکان و گەیاندنی پێکهاتەکانی کۆمەڵگە بە لێکتێگەیشتن، دەستیانکرد بە جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی کە دەسەڵاتی پیاو-ناوەندی بەهێزدەکەن و ئیرادەی ژن دەشکێنن. ئەو مافەی ژن زەوتدەکەن، کە ببێتە پەروەردەکاری منداڵە بچووکەکەی."  شەرع و حکومەتەکەی گوێڕایەڵی تورکیان لە بارەی هەڕەشەکانی تورکیاوە ئاڵدار ڕایگەیاند: "ڕۆڵی تورکیا لە سووریا ئاشکرایە. لە ساڵی ٢٠١١ و لە دەستپێکی شۆڕشەوە، تورکیا ڕاستەوخۆ هاتە ناو سووریاوە. ئەو گرووپانەی کە خۆیان وەکو "ئۆپۆزیسیۆن" پێناسەدەکرد، خستنیە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و بەناوی ئەوانەوە دەستی وەردەدایە سووریا. ئەم دەستوەردانانە تەنها لە گۆڕەپانی سیاسی، ئابووری و دیپلۆماسیدا نەمایەوە. گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا لە گۆڕەپانەکەدا چالاکن و بەشێک لە جوگرافیای سووریایان بەکردەیی داگیرکردووە. دەوڵەتی تورک گەیشتووەتە ئاستێک کە لە سووریا هەر گۆڕانکارییەک ڕووبدات، تەنها بە "بەڵێ"ـی خۆی قبووڵی دەکات. لە بنەڕەتدا خۆی وەک قەیومێک لە سووریا جێگیرکردووە و سووریا بەڕێوەدەبات.   بەڵێ، ئەمڕۆ شەرع و گرووپەکەی دیمەشق بەڕێوەدەبەن؛ بەڵام ناتوانن سەربەخۆ بڕیاری چارەنووسساز بدەن. تاوەکو تورکیا نەڵێت "ئەمە بکەن"، ناتوانن هەنگاو بنێن. تورکیا هەر لە گۆڕەپانی سەربازییەوە بیگرە تا دەگاتە ژێرخانی تەکنیکی، لە گەلێک بابەتدا ڕاستەوخۆ دەستوەردان دەکات. دەڵێت "ئێمە سەربازان و سوپاکەتان پەروەردە دەکەین". سیستەمی ئینتەرنێت و تەلەفۆنی خستووەتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە. میکانیزمە ئەمنییەکان کۆنترۆڵ دەکات، دەستێوەردانی ئابووری دەکات. هەرخۆی بەشێک لە جوگرافیاکەی خستووەتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە. تورکیا دەیەوێت سووریا بگۆڕێت بۆ سیستەمێک کە درێژکراوەی خۆی بێت. کاتێک گەلی سووریا هەوڵدەدات کێشە ناوخۆییەکانیشی چارەسەر بکات، ڕێگری دەکات. بۆ نموونە، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی سووریا نییە، کەچی لە وەزیری دەرەوەی سووریا زیاتر لێدوان لەسەر سووریا دەدات. کاتێک سەیری لێدوانەکانی ڕۆژانەی دەکەین، ئەگەر لێدوانێک لەسەر ڕۆژەڤی ناوخۆی تورکیا بدات، دوو لێدوان لەسەر سووریا دەدات. ئەم دۆخە بە ڕوونی ئاستی دەستوەردانەکە نیشاندەدات.  لە لایەکی ترەوە ئاشکرایە کە تورکیا خۆشی لە پرۆسەیەکدایە. ڕێبەر ئاپۆ لە باکووری کوردستان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و کێشەی نێوان کورد و تورک دەستپێشخەرییەکی کردووە. ئەم پرۆسەیە تا ئاستێک چووتە پێشەوە. دەوڵەتی تورکیش لەناوخۆیدا دەڵێت کە بەرامبەر بەم پرۆسەیە هەستیارە و دەیەوێت بچێتە پێشەوە. بەڵام لێرەدا ناکۆکییەکی جددی هەیە. لە لایەکەوە دەگوترێت، "من ئامادەم پرسی کورد لەگەڵ کورد چارەسەر بکەم"، لە لایەکی ترەوە لە سووریا ڕێنادرێت کە پرسی کورد چارەسەر بکرێت. ئەگەر بەڕاستی خواستی چارەسەری ئەم پرسە لە باکوور هەبووایە، ئەوا پشتیوانی لەو یەکێتییەش دەکرا کە لە سووریا هەوڵدەدرێت بنیات بنرێت، هاوکارییان دەکرد و هەوڵی تێکدانی ئەم پرۆسانەیان نەدەدا."  'هەموو گۆڕانکارییە هەرێمییەکان، کاریگەرییان لەسەر سووریاش دەبێت' وتیشی: "ئەمڕۆ چەندن هێزی جیهانی لە سووریادا هەن. هاوپەیمانی نێونەتەوەیی لە ٧٠ دەوڵەت زیاتر پێک دێت. ڕووسیا، ئیسرائیل و تورکیا لە گۆڕەپانەکە چالاکن. لە سووریا گرووپی جیاواز هەیە و هەر یەکێک لەوانەش پەیوەستە بە هێزێکی جیاوازەوە. ئەم تابلۆیە ئەوە نیشان دەدات کە ئەوەی لە سووریا ڕوودەدات سەربەخۆ نییە لە پێشهاتە گشتییەکانی هەرێمەکە. لە ئیسرائیل، لوبنان، عێراق و سعودیە گۆڕانکاری ڕوودەدات. هەموو ئەم گۆڕانکارییانە کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەیە و ڕاستەوخۆش ئەم پڕۆسانە کاریگەری لەسەر سووریاش دادەنێت. لەم پڕۆسەیەدا لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی چ بڕیارێک دەدرێت با بدرێت؛ کاتێک پرسە دەبێتە بڕیارەکان بۆ قوبرس، ئیسرائیل، میسر، ئوردن، سعودیە، تورکیا، ئێران و عێراق، یان تەنانەت بۆ یەمەنیش، بە دڵنیاییەوە دەبێت دۆخی سووریا لەبەرچاو بگیرێت. هەربۆیە ئەمڕۆ هەر گۆڕانکارییەک لە هەرێمەکەدا ڕووبدات، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر سووریا دەبێت. بە هەمان شێوە ڕووداوەکانی سووریاش لەسەر هەموو ئەم دۆسیانە کاریگەری یەکلاکەرەوەی دەبێت". 'دەوڵەتی تورک مەرج بەسەر سووریا دەسەپێنێت' ئاڵدار خەلیل سەرنجی خستەسەر دوایین سەردانەکەی هاکان فیدان بۆ دیمەشق و گوتی: "هاتنی هاکان فیدان بۆ دیمەشق و ئامانجی شاندی یاوەری ڕوونە: مەرجەکانی تورکیا بەسەر دیمەشق دەسەپێنن و دەبێت پلانەکانی داهاتووی تورکیاش قبوڵ بکەن. پەیامەکەیان ئەوەیە: "ئەگەر ڕێککەوتن لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بکرێت، ئەوا بەپێی مەرجەکانی ئێمە دەبێت". تورکیا مەرجەکانی خۆی بەسەر هەموو کەسێکدا دەسەپێنێت. بۆ بەدیهێنانی ئەمە فشاری سەربازی لەسەر ئیدارەی خۆبەڕیوەبەریی درووست دەکات، بە ئاشکرا لە میدیاکاندا هەڕەشە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکات". 'پڕۆژەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی لە پراکتیکدا جێبەجێکراون' ئاڵدار خەلیل باسی لەوەشکرد پڕۆژەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ٢٠١١ـەوە لە جێبەجێکردندایە و گوتی: "ئەوەی باسی دەکەین پڕۆژەیەکی تیوری نییە؛ لە پراکتیکدا جێبەجێکراوە، سیستەمێکی دامەزراوەییە. بە تایبەتی لە دوای ساڵی ٢٠١٤ـەوە ئەم تیۆرەمان گۆڕا بۆ پراکتیک و تا ئێستاش بەردەوامە. ئەم سیستەمە ئەوە نیشان دەدات: کۆمەڵگەیەک، بە شێوەیەکی ناناوەندی و بە ئیرادەی کۆمەڵایەتی خۆیەوە، چۆن دەتوانێت خۆی بەڕێوە ببات؟ چۆن دەتوانێت ئابووری، بەرگری، پەروەردە، تەندرووستی، ڕێکخستن و پێوانە سەرەتاییەکانی دیاری بکات؟ ئەو سیستەمەی ئێمە پێشنیاری دەکەین ئەمە نیشان دەدات. ئەم سیستەمە ئەو سیستەمەیە کە یەکێتی سووریا دەهێنێتە ئاراوە".

هادی عامری و شاندی دانوستانکاری پارتی جەختیان لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق لە زووترین کاتدا کردەوە. عامری دەڵێت "هیوایەکی زۆرمان هەیە 29ـی ئەم مانگە سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانی هەڵبژێردرێن." بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ـی کانوونی یەکەمی 2025، شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح، لە بەغدا کۆبووەوە.  هادی عامری دوای کۆبوونەوەکە کە نزیکەی کاتژمێرێکی خایاند؛ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "بەڕێزان لە پارتی شاندێکیان پێکهێناوە بۆ سەردانی بەغدا بەمەبەستی گفتوگۆکردن، نەک تەنیا لەسەر پێکهێنانی حکوومەت، بەڵکوو بۆ چۆنیەتیی چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق. شاندەکە بە سەرۆکایەتیی برای بەڕێزم فازڵ میرانی بوو و سەردانی هەموو لایەنە شیعەکانیان کردووە، ئەمڕۆش سەردانی ئێمەیان کرد." لەبارەی ناوەڕۆکی دیدارەکەیان، عامری ئاماژەی بەوە دا "گفتوگۆکانمان لەسەر چۆنیەتیی پێشخستنی عێراق بوو. یەکێک لە گرنگترین بابەتەکان، پەلەکردن بوو لە پێکهێنانی حکوومەتێکی توانا کە بتوانێت کێشەکانی عێراق چارەسەر بکات." لەبارەی دیاریکردنی کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح دووپاتی کردەوە "کاندیدی سەرۆک وەزیران بابەتێکی تایبەتە بە چوارچێوەی هەماهەنگی و ئینشائەڵڵا دەگەینە ڕێگەچارەیەک." عامری جەختی کردەوە، پێویستە سیمای حکوومەتی داهاتووی عێراق بە شێوەیەک بێت "هەمووان تێیدا بەشداربن و هەمووان بەرپرسیارێتییەکەی لە ئەستۆ بگرن. نابێت حکوومەتی ئیمتیازات بێت، بەڵکو حکوومەتی بەرپرسیارێتییە و هەمووان بەرپرسیارێتیی تەواو لە ئەستۆ دەگرن بۆ سەرکەوتنی ئەم حکوومەتە. سەرکەوتنی ئەم حکوومەتە، سەرکەوتنە بۆ عێراق و بۆ هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراق، بە عەرەب و کورد و سوننە و شیعە و کەمینەکانییەوە." لەبارەی پێکهێنانی حکوومەت لە وادەی دەستووری خۆیدا، ناوبراو جەختی کردەوە "هیچ بژاردەیەکمان نییە جگە لەوەی فشار لە خۆمان بکەین و ڕێز لە وادە دەستوورییەکان بگرین و پابەند بین پێیانەوە کە دەستوور دیاری کردوون." لەبارەی یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق و هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح ڕوونیکردەوە "دادگای فیدراڵی پێشتر دانیشتنی کراوەی هەڵوەشاندووەتەوە، ئیتر دانیشتنی کراوە و بەردەوام بوونی نییە. دانیشتنێک دەبێت و دەبێت یەکلایی بکرێتەوە." عامری گوتی "ئێمە هیوایەکی گەورە و متمانەیەکی زۆرمان بە هەموو برایان هەیە کە سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانی لە ڕۆژی ٢٩ی مانگدا یەکلایی بکرێنەوە. دوای ئەوەش بابەتی دیاریکردنی سەرۆک کۆمار و هەڵبژاردنی دێتە پێشەوە. دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، کاندیدی گەورەترین کوتلە بۆ پێکهێنانی حکوومەت ڕادەسپێردرێت."

سۆزدار حاجی، فەرماندەی گشتی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)، رەشبینی خۆی لە بارەی دانوستانەكانی ئێستا لەگەڵ دیمەشق دەربڕی و رایگەیاند: رێککەوتنە راگەیەندراوەکان وەرنەگێڕدراون بۆ هەنگاوی کرداری لەسەر زەوی، لە کاتێکدا ترس لە نوێبونەوەی گرژییە سەربازییەکان لە چەند بەرەیەک لە باکوری سوریا ل هەڵكشاندایە. سۆزدار حاجی، کە هاوکات ئەندامی فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەندامی تیمی دانوستانکارە لەگەڵ حکومەتی سوریا، لە لێدوانێكدا بە پێگەی هەواڵی "theamargi"ی وتووە: گفتوگۆکان لەگەڵ دیمەشق هیچ پێشکەوتنێکیان بەخۆوە نەبیینوەو پەیوەندییەکانیش بواری گفتوگۆ تێنەپەڕاندووە. ئاماژەی بەوەشکرد: وادەی دیاریكراو بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی ١٠ی ئازار نزیک دەبێتەوە بەبێ ئەوەی هیچ پێشکەوتنێکی بەرجەستە لە ئاردابێت و، دۆخی سەر زەوییش رەنگدانەوەی كەشوهەواوی هێوربونەوەی راستەقینە نییە، بە لەبەرچاوگرتنی بەردەوامی پێکدادانە بچڕپچڕەكان لە بەرەكانی روباری فورات. فەرماندەی گشتی پەپەژە باسی لەوەشكرد: ئەوەی ئێستا لە ئارادایە ناتوانرێت بە دانوستان وەسف بکرێت، بەو پێیەی لایەنی بەرامبەر هەوڵدەدات دیدگای خۆی سەبارەت بە تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموكرات لە پێکهاتەیەکی سەربازی نوێدا بسەپێنێت، بەبێ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی سیاسی روون، کە گەرەنتی هاوبەشی و نوێنەرایەتی بکات. رونیشی کردەوە: ناکۆکی سەرەکی لە بارەی میکانیزمی مامەڵەکردنە لەگەڵ هەسەدە، ل بەر رۆشنایی پێشنیازێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی و تێکەڵکردنی ئەندامەکانی بە تاک لە سوپای نوێدا، لەبری ئەوەی پێکهاتەی ئێستای بپارێزێت.

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەڵێت: كۆمەڵێك گروپی توندڕەو لەناو حكومەتی دیمەشق چارەسەرو رێككەوتنیان ناوێت، بە تایبەت ئەو گروپانەی كە پێشتر بۆ دەوڵەتی توركیا كاریان كردووەو ئێستا تێكەڵاوی هێزەكانی حكومەت بوون، لە نمونەی، ئەوانەی ناویان لە خۆیان نابوو "سوپای نیشتمانی" ئەوانەی عەفرینیان و عەزازو ناوچەكانی تریان داگیركرد. مەزڵوم عەبدی لە چاوپێكەوتێندا لەگەڵ كەناڵی " aryen tv" وتیشی: ئەوانە ئێستا بوون بە بەشێك لە دەوڵەت و دژی ئێمەو دژی گەلانی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا دۆخەكە ئاڵۆز دەكەن. وێڕای ئەوەی كۆمەڵێك گروپی جیهادی هەن، ئەوانیش دیسان دژایەتیمان دەكەن و نایانەوێت ئارامی بەرقەراربێت. فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات ئاماژەی بەوەشكرد: زۆرێك لە نەیارەكانمان دەڵێن: رێككەوتنی (10)ی ئازارو كۆتایی ئەمساڵ، كۆتایی شۆڕشی رۆژئاواو هەسەدەیە، بەڵام ئێمە دەڵین، كۆتایی ئەمساڵ بۆ ئێمە سەرەتایە نەك كۆتایی، سەری ساڵی 2026 دەستپێكی نوێیەو پێشكەوتن و ئاوەدانكردنەوە دەبێت. ساڵی (2026) بۆ كوردان دەبێتە ساڵی یەكێتی نەتەوەیی، ئێمە لەهەموو كات زیاتر نزیكتر دەبین لەوەی كورد لە هەر چوارپارچەی كوردستان و دیاسپۆرا یەكێتی خۆیان رێكبخەن و كۆنگرەی نەتەوەیی خۆیان ببەستن و سیاسەتێكی هاوبەشیان هەبێت، بۆ رۆژئاوای كوردستان (2026) دەبێتە ساڵی ئازادی و ساڵی مسۆگەركردنی ستاتیۆی خۆی لە دەستوری سوریادا.