سازدانی: ئارا ئیبراهیم وتەبێژی كۆماجڤاكێن كوردستان(كەجەكە) ئاماژە بەوە دەدات كە توركیا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی رانەگەیاندووەو شەری دژوارو توند بەردەوامەو چەكی كیمیایی بەكارهێناوە و دەشڵێت:» سوپای توركیا هیچ هەرێمێكی گەریلای كۆنترۆڵ نەكردووەو شەڕ بەردەوامە». زاگرۆس هیوا، وتەبێژی كۆماجڤاكێن كوردستان(كەجەكە) لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی دوا زیانیاری لەبارەی ئۆپەراسیۆنەكەی سوپاكەی ئەردۆغان دەخاتەروو، ئەوەش دووپاتدەكاتەوە كە راستە سوپای توركیا ئێستا لەهەندێك شوێن هەیەو نەیتوانیوە سەقامگیر بێت و شەڕو پێكدادان لەنێوان سوپای توركیاو گەریلادا تا ئێستاش بەردەوامەو گەریلا ئەو هەرێمانەی بەرنەداوە. هاوڵاتى: سوپای توركیا قۆناغی یەكەمی ئۆپراسیۆنەكەی راگرتووە، هۆكارەكەی چییە؟ ئایا شكستی هێناوە بۆیە رایگرتووە؟ زاگرۆس هیوا: لە چاپەمەنیدا شتی وا دەوترێت و خەڵكی زۆر خۆشحاڵە و ئەوە ئێمە زۆر واتای دەدەینێ‌ و شتێكی بەنرخ و بەبەهایە، بەڵام لە مەیدانی شەڕ و بەپێی ئەو زانیاریانەی كە هەمانە هیچ ئاماژەیەك نییە كە توركیا پاشەكشەی كردبێت و ئۆپراسیۆنەكەی راگرتبێت. هەروەك چۆن لە رۆژی یەكەم رۆژ ئۆپەراسیۆن بەتوندی دەستیپێكردووە، ئێستاش بەهەمان توندی و دژواری شەڕ بەردەوامە لەهەموو هەرێمەكاندا، توركیا لەدوو رۆژی كۆتایی ئەم هەفتەیەدا دەستیكردووە بەبەكارهێنانی چەكی كیمیایی. هاوڵاتى: هیچ زانیارییەكی نوێ هەیە لەبارەی زیانەكانی سوپاكەی ئەردۆغان؟ زاگرۆس هیوا: لە بەیاننامەكەماندا هاتووە تا دوێنێ بەدیاریكراوی 218 سەربازی توركیا كوژراون و زیاتر لە 40 سەربازی دیكەیان برینداربوون هەروەها 11 هەڤاڵی ئێمە شەهیدن لەڕۆژی یەكەمەوە تا دوێنێ‌ كە راگەیەندراوە. هاوڵاتى: بەڵام توركیا وا وێنای دەكات كە 56 گەریلای پەكەكەی شەهیدكردبێت؟ زاگرۆس هیوا: توركیا ئەو شەڕەی بۆ ئەوەیە لە رای گشتیدا خۆی وەكو سەركەوتوو نیشانبدات و بڵێت  سەركەوتوو بووم و ناچارە ژمارەكە زۆر دەكات، بەڵام ئەگەر ئێمە ژمارەی ئەو گەریلایانە كۆبكەینەوە كە توركیا دەڵێت شەهیدبوونە 10 بەرامبەری ژمارەی هەموو پەكەكەیە. هاوڵاتى: هیچ گەریلایەكتان بەچەكی كیمیایی شەهیدبووە؟ زاگرۆس هیوا: گەریلایەكی عەرەب كە راگەیەندرابوو بە چەكی كیمیایی شەهید بووە. هاوڵاتى: ئایا پارتی هاوكاری سوپای توركیای كردووە لە م ئۆپەراسیۆنەیدا؟ سوپای توركیاش دەڵێت چەند شوێنێكی هەستیارمان گرتووە ئەو شتە چۆنە؟ زاگرۆس هیوا: پارتی بۆ ئەوەی كە توركیا بەسەر گەریلادا سەربكەوێت هەموو ئاسانكاری و هەموو هاوكاریەكی سوپای توركیای كردووە، كاردانەوەی خەڵكی ئامێدی و خەڵكی بامەڕنێ بەرامبەر سوپای توركیا هەبوو 2008 نەیانهێشت سوپای توركیا بێتە پێشەوەو كورەژار و ئەو شوێنانە بگرێت، ئێستا بۆ ئەوەی كاردانەوەی خەڵك دروست نەبێت ئامێدی، دێرەلوك، شیلادزێ‌، بامەڕنێ  و ئەو شوێنانە سوپای توركیا عەسكەرەكانی بەجلی زێرەڤانییەوە لەناو سەیارەی زێرەڤانی و ئاسایشدا دەچن بۆ شوێنی نزیك گەریلاكان و ئەوكات بەجلی سوپای توركیاوە دەچنە هەرێمی هەڤاڵان. واتا پارتی هەموو هاوكاریەكیان دەكات، ئەو هەلیكۆپتەرانەی كە دێن عەسكەر دادەنێن ئەو هەلیكۆپتەرانە هیچكامیان لە سنوری توركیاوە نایەنە ناوەوە، ئەوان سەرەتا دێنە بامەرنێ و ئامێدی و لەپشتەوە دەیانەوێت دەربازی هەرێمی گەریلا ببن و عەسكەر داببەزێنن. راستە سوپای توركیا ئێستا لە هەندێك شوێن هەیەو نەیتوانیوە سەقامگیر بێت و شەڕوپێكدادان لەنێوان سوپای توركیاو گەریلادا تا ئێستاش بەردەوامە و گەریلا ئەو هەرێمانەی بەرنەداوە. هاوڵاتى: تیمی كوردستانی عێراقی سی پی تی هەیە باسی نەخشەی ئۆپەڕاسیۆنی سەربازی چنگی قوفڵی كردووە،واتە دوایین گۆڕانكارییەكان، ئەو باسی ئەوەی كردووە كە لەچەند ناوچەیەك سەربازیان داناوە بۆ نموونە: لەكورەژار چەند شوێنێكی دیكە، ئایا ئەمە ئەسڵی هەیە؟  زاگرۆس هیوا: نەخێر، ئەگەریش لەوێ داینابێت هەڤاڵان لەوێ پاشەكشەیان نەكردووە و لەگەڵیان شەڕ دەكەن. هاوڵاتى: دەتوانین بڵێین سوپای توركیا شكستی هێناوە؟ زاگرۆس هیوا: تائێستا شكستی هێناوە بەپێی ئەو پلانانەی كە دایناوە، بەپێی ئەو هەموو چەك و جبەخانە و تەكنەلۆجیایەی كە بەكاریهێناوە و سوپای دووەمی ناتۆیە، بەڵام تائێستا نەیتوانیوە بڵێت ئێرەم بەتەواوی خستۆتە ژێر كۆنترۆڵی خۆمەوەو تائێستاش لەو شوێنانەی كەعەسكەریشی دانابێت شەڕو پێكدادان بەردەوامە. هاوڵاتى: ئەو چەكە بەهێزە چییە كە ئەمجارە گەریلا توانیویەتی زەڕبەی توند لەسوپاكەی ئەردۆغان بوەشێنێت، لەماوەی هەفتەیەكدا سەدانیان لێ بكوژێت؟ زاگرۆس هیوا: چەكی ئێمە تاكتیكی ئێمەیە، واتا خۆڕێكخستنەوەی گەریلایە بەپێی سەردەم، چەكی ئێمە تاكتیكی تیمی جوڵەپێكراوە، سوپای توركیا ناتوانێت بیانبینێتەوە، قوڵایی ئەرازی بەكاردێنین، تاكتیكی ئێمە ئەو شەڕەیە كە تیمەكانی ئێمە ئەنجامی دەدەن، بەو شێوەیە ئێمە بەتاكتیكی خۆمان هەم تەكنیكی سوپای توركیا پوچەڵدەكەینەوەو هەم زەڕبەشیان لێدەدەین. هاوڵاتى: موراد قەرەیلان فەرماندەی نەبەگە قسەی لەگەڵ گەریلاكان كردبوو لەڕێگەی ئامێری بێتەلەوە، ئەم قسەكردنەی سەركردەكانی پەكەكە لەگەڵ گەریلاكان تاچەند بەرخودانیان زیاد دەكات بەرامبەر سوپای توركیا و تاچەند تەحەمول و ئارامگرتنیان پێدەدات لەو ناوچانەدا؟  زاگرۆس هیوا: بێگومان ورەو هێزیان پێدەدات تا زیاتر و زۆرتر بەرەنگاری بكەن و زۆرتر خۆڕاگری بكەن و بەرخودان بكەن و شتێكی پۆزەتیڤە.

سازدانی: ئارا ئیبراهیم ئەندامێكی نوێنەرایەتی رۆژئاڤا لەهەرێمی كوردستان دەڵێت:» پێویستە حكومەتی هەرێم لەڕێگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و بەتایبەت ئەمریكا ئەم پرسە باس بكات و رێگە نەدات خاكی هەرێمی كوردستان بەكاربهێندرێت بۆ دوژمنانی كورد»، دەشڵێت:» شەڕكردنی توركیا لەگەڵ پەكەكە شەڕ كردنە لەگەڵ میلەتی كورد». فەتحوڵا حوسێنی، ئەندامی نوێنەرایەتی رۆژئاڤا لەهەرێمی كوردستان لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە» خەونی توركیا خەونێكی گەورەیە، توركیا دەیەوێت هەموو باشووری كوردستان و رۆژئاڤای كوردستان داگیر بكات و ئیمپراتۆرییەتی گەورە دروست بكات و نەخشەی خۆی زیاد بكات». هاوڵاتى: ئۆپەراسیۆنی توركیا لەدوای 15ی نیسانەوە چ ئامانجێكی دیكەی هەیە؟  فەتحوڵا حوسێنی: توركیا نە بەس دژایەتی باشووری كوردستان دەكات یان كوردی رۆژئاڤای كوردستان، بەڵكو دژایەتی كورد لەباكوری كوردستانیش دەكات، چونكە هیچ دەستكەوتێكی كورد لای توركیا جێگەی قبوڵ نییە، توركیا سەیری میلەتی كورد وەك دوژمن دەكات كە میللەتێكە مافی نییە كیانی خۆی هەبێت. ئەم ئۆپەراسیۆنەی دوای 15ی نیسان، زنجیرەیەكە لە ئۆپەراسیۆنەكانی كە لەباشوورو رۆژئاوای كوردستان ئەنجامی دەدات، هەرچەندە توركیا سەركەوتوو نابێت لەم لەشكركێشی و ئۆپەراسیۆنە داگیركاریانەیدا، بەڵام شتێك دەخوڵقێنێت لای خەڵكی خۆمان كەتەدەخولی سەربازی هەیەو هیچ كەسێك دەنگ ناكات و توركیا وای دەبینێت كە باشووری كوردستان بەشێكە لەخاكی توركیا، دوژمنایەتی توركیاش بەرانبەر كورد ئاشكرایە لەباشورو باكورو رۆژئاڤای كوردستان. هاوڵاتى: پێتوایە دەبێت حكومەتی هەرێم و عێراق هەڵوێست وەربگرن و ئەو بێدەنگییە لەبەرانبەر داگیركارییەكان رابگرن؟ فەتحوڵا حوسێنی: ئەم ئۆپەراسیۆن و داگیركارییەی توركیا دژی میللەتی كوردەو پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان كە تائێستا هەڵوێستی نییەو ئەمە جاری یەكەمیشی نییە كە هەر بێدەنگە، بۆیە بێدەنگی حكومەتی هەرێم هانی توركیا دەدات كە زیاتر دەستوەردان بكات كە قبوڵیەتی خاكی باشووری كوردستان بچێتە ژێر دەستی توركیاوە. پێویستە حكومەتی هەرێم لەڕێگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و بەتایبەت ئەمریكا ئەم پرسە باس بكات و رێگە نەدات خاكی هەرێمی كوردستان بەكاربهێندرێت بۆ دوژمنانی كورد. ئەوەندەی بزانین كە رێككەوتنێك لەنێوان حكومەتی توركیاو حكومەتی عێراق بوونی هەیە كە ئەنجامدانی ئەم ئۆپەراسیۆنانە، بەڵام دەبێت حكومەتی هەرێم هەڵوێستێكی باش و بەپەلەو جددی و بەهێزی هەبێت كە شەڕی پەكەكە شەڕێكی ئاساییی نییەو شەڕكردن لەگەڵ پەكەكە شەڕكردنە لەگەڵ میلەتی كورددا، ئەگەر پەكەكە بوونی نەبوایە توركیا زۆر زیاتر خاكی باشورو رۆژئاوای كوردستانی داگیر دەكرد. ئەم ئۆپەراسیۆنەی سوپای توركیا دژی هەموو میللەتی كوردەو بەتەنها دژی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) نییە، دژی دەستكەوتەكانی كوردەو دەبێت حزبە سیاسییەكان وەفد بنێرنە توركیا كە پێیان بڵێن پەكەكە بەشێكە لە جوگرافیای هەموو كوردستان. هاوڵاتى: پێتوایە توركیا بەمەوە ناوەستێت دەیەوێت شەنگال و موسڵ داگیربكات و بوونی پەكەكەی كرووەتە بیانوو؟ فەتحوڵا حوسێنی: خەونی توركیا خەونێكی گەورەیە، ئەگەر وابڕوات و هێزی نێودەوڵەتی و حكومەتی عێراقی و حكومەتی هەرێم هەڵوێستی نەبێت توركیا دەتوانێت و دەیەوێت هەموو باشووری كوردستان و رۆژئاڤای كوردستان داگیر بكات و ئیمپراتۆرییەتی گەورە دروست بكات و نەخشەی خۆی زیادبكات،تەمەدود دەكات، توركیا هاوشێوەی بیری داعشە، لەدەرەوەی سنوری خۆی ئۆپەراسیۆن دەكات و خەتەرە گەورەكە ئەوەیە كە هێزی ناوخۆیی هەڵوێستی نییە ئیتر چۆن لەئاستی نێودەوڵەتی هەڵوێستێك دەبێت. ئۆپەراسیۆنی ئەمجارە خەتەرێكی گەورەیە لەسەر هەرێمی كوردستان و شەنگال و رۆژئاڤای كوردستان و مەترسی زیاترە، چونكە ئەكەپە ساڵێك زیاتری لەبەردەم خۆیدا ماوەتەوە بۆ هەڵبژاردن، دەیەوێت لەماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا هەندێ داگیركاری دیكە بكات و بیری شۆڤێنی تورك لای لایەنگرانی زیاتر بكات بۆ ئەوەی سوودی لێ ببینێت بۆ هەڵبژاردنەكان.  هاوڵاتى: خەڵك چ هەڵوێستێكی هەبێت دەتوانێت رۆڵی هەبێت؟ فەتحوڵا حوسێنی: خەڵكی هەرێمی كوردستان لای حكومەتی هەرێمی كوردستان برسی كراوەو بەسەدان پێداویستی رۆژانە هەیەو حكومەت نەیتوانیوە دابینی بكات، مەسئولیاتی و بارقورسی ژیانی خەڵك لەهەرێمی كوردستان زیاد بووە بەڕاستی، ئەگەر خۆپیشاندانیش بكرێت لەهەرێمی كوردستان رای گشتی دروست ناكات، دەبێت فشارێك لەلایەن لایەنە سیاسییەكانەوە هەبێت لەسەر حكومەتی هەرێم، خەڵكی هەرێمی كوردستان لەچیایەك دەژین و حكومەتی هەرێمیش لەچیایەكی دیكەو میللەتێ باشووری كوردستان گوێی لێ ناگیرێت. هاوڵاتى: ئێستا توركیا چەندێك خاكی رۆژئاڤای كوردستانی داگیر كردووە؟ فەتحوڵا حوسێنی: ئێستا سێ شاری كوردی بەدەست توركیاوەیەو داگیركراوە، ئەوانیش كانترنی عەفرین، كانتۆنێكی گەورەیە، شاری سەرێكانی و شاری گرێسپی و شارێكی عەرەبی سوری بەدەست توركیاوەیە،تەماحی ئەم داگیركارییەی توركیا لە رۆژئاڤا زۆر زیاترە،بەڵام تائێستا رێككەوتنێك هەیە كە لەنێوان توركیاو ئەمریكا لەلایەك و رووسیاو توركیا هەیە كەهەنگاوی نوێ نەهاوێژێت بۆ داگیركاری رۆژئاڤای كوردستان. دەتوانین بڵێن توركیا لەسەدا 10 تا لەسەدا 12%ی خاكی رۆژئاڤای كوردستانی داگیر كردووە. هاوڵاتى: پێتانوایە توركیا بەرنامەی ئەوەی هەیە لەڕێگەی شەنگالەوە رۆژئاڤای كوردستان داگیر بكات؟ فەتحوڵا حوسێنی: راستە ئەمە پیلانی توركیایەو پیلانی تەكتیكی نییەو پلانی ستراتیژی توركیایە، بەڵام ئایا چەند هێزی نێودەوڵەتی تەحەمولی ئەم پیلانە دەكات، توركیا پلانی ئەوەیە سێگۆشەی سنور لەدەستی ئەودا بێت، زاخۆو دێرەلوك و شەنگال و موسڵ لەدەستیدا بێت، تموحی زیاترە بۆ ئەوەی میللەتی كورد زەلیل بكات و دەستكەوتەكانی نەهێڵێت، ئەو خەتە گەورەیەی باشووری كوردستان لەگەڵ رۆژئاڤا بپچڕێنێت، راستە كیانێكی كوردی دروست بووە، بەڵام توركیا رازی نییەو تەحەمولی ناكات. توركیا دەتوانێت داعش پەروەردە بكات و دەتوانێت هاوكاری جەبهە نوسرە بكات هاوكاری هەموو تیرۆرستەكان بكات، بەڵام میللەتێكی سڤیلی وەك كورد لەسەر خاكی خۆی لەلای توركیا جێگەی قبوڵ نییە. هاوڵاتى: توركیا گفتوگۆ دەكات لەگەڵ حكومەتی هەرێم لەبارەی هەناردەی غازەوە، پێتوایە بێجگە خاكی كوردستان، توركیا بۆچی چاوی بڕیوەتە سەروەتە نیشتمانییەكانی؟ فەتحوڵا حوسێنی: هەرێمی كوردستان بووەتە بازاڕێك بۆ بیزاعەی توركیا، هەموو ئابووری هەرێم بە رێژەیەكی گەورە سەرمایەكەی بۆ توركیا دەچێتەوە. پارتی پیلانی وازحی هەیە لەگەڵ توركیاو پیلانەكانی زۆر زۆر ستراتیژن، سێ شاری رۆژئاڤای كوردستان لەلایەن توركیاوە داگیركراوە تائێستا یەك هەڵوێستی نەبووە، ئێستا لەسایەی سیاسەتەكانی پارتی دەرگای سمێلكا داخراوەوە كە مەنفەزێكی حدودی تاقانەی نێوان هەرێمی كوردستان و رۆژئاڤایە. خۆتان دەزانن ئێستا شەڕڤانان شەڕ دەكەن و لەژێر گەمارۆیەكی قورسی ئابووریداین، پارتی دەبێت بەمەسئولەتی خۆی و بەسیاسەت و ئینسانی و نیشتمانی و نەتەوەیی هەستێت، ئێستا ئێمە چۆن لەخەتەرداین، پارتی دیموكراتی كوردستانیش هەر لەخەتەردان، چونكە میللەت لێیان رازی نییە و پارتی تەنها توركیا رازی دەكات. هاوڵاتى: پارتی بۆچی ئەم بەرژەوەندیە لەپێش هەموو بەهابەكی نیشتمانی و نەتەوەیی دەبینێت؟ فەتحوڵا حوسێنی: پارتی حزبێكی لاوازە، ئەگەر وڵاتێكی وەكو توركیا دەعمی پارتی نەكات، پارتی لە وڵاتێكی وەكو پاشووری كوردیستان چییە و هیچ نییەو خەیراتی هەرێمی كوردستان لەژێر دەستی ئەردۆغان و پارتیدایە. پارتی دێت حزبەكانی دیكەی هاوڕێی لاواز دەكات و رۆڵی توركیا لەناوچەكەدا گەورەتر دەكات. پارتی دەبێت ئیستحقاقی نەتەوەیی خۆی زیاتر بكات، خەڵكی شیلادزێ كوردن و پەكەكەش بەشێكە لەنەخشەی كوردستان، پارتی دەتوانێت بەشێوەی ئیجابی لەگەڵ وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی  بۆ بەرژەوەندی گەلی كورد مامەڵە بكات، نەك بۆ رووخاندنی دەستكەوتی میللەتی كورد لە رۆژئاڤاو باشووری كوردستان

سازدانی: ئارا ئیبراهیم ئەندامێكی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لەبارەی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەنێوان پەكەكەو حزبەكەی دەڵێت»لەدونیای سیاسەتدا هەمیشە و هەتا هەتایە مەجالی دیالۆگ و گفتوگۆ هەر دەمێنێت»، دەشڵێت:» هیوادارین هەرگیز پێكدادان لەنێوان پارتی و پەكەكە روونەدات». ئاری محەمەد هەرسین، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى لەبارەی هەناردەكردنی غازی سروشتییەوە لەڕێگەی دەوڵەتی توركیاوە هاوشێوەی نەوت لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە» یەكێتی بەشدارە لەحكومەت لەگەڵ ئێمە، بۆیە حكومەت هەر هەنگاوێك بنێت بەدڵنیاییەوە یەكێتی نیشتیمانیش بەشدارە لەو هەنگاو و بڕیارانەدا». هاوڵاتى: كاك ئاری لەئێستادا پەیوەندییەكانی پارتی و یەكێتی لەچ ئاستێكدایە، بۆچی پێتوایە گەیشتووەتە مریشكە رەشە؟ ئاری هەرسین: پەیوەندیەكانی ئێمەو یەكێتی وەك پێویست نیە، كەناڵەكانی پەیوەندی لەنێوانماندا سنوردارن و كەوادری هەردولامان لەسۆشیال میدیا سەنگەربەندیەكی نابەجێیان بەرامبەر یەك گرتووە. هاوڵاتى: لەدوای رووخانی سەدام حوسێنەوە پارتی و یەكێتی پێكەوە لەحكومەتدا شەریك بوون بەتایبەت لە 2005، ئایا پاش 17 ساڵ پێكەوەیی ناتوانن هەڵبكەن پێكەوە، یان بەرژەوەندییەكان كەمەو بەشیان ناكات؟ ئاری هەرسین: نا، ئەوە راست نیە. ئێمەو یەكێتی ئێستاش ئەتوانین پێكەوە هەڵ بكەین. كێشە سەرەكیەكە لەوێدایە كە هەندێك مژار لەنێوانماندا كەڵەكە بوون و هەروەها كەسانێك لەهەردولامان كە لەدەرەوەی دەسەڵاتی بڕیارداندان رۆڵێكی ئیجابی نابینن و هەرچی مەسەلەی بەرژەوەندیشە، بەدڵنیاییەوە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان و هەردوولامان لەوەدایە كە تەبا بین لەگەڵ یەكتر. هاوڵاتى: سەرۆكی حكومەتی هەرێم چووە توركیاو پرسی وزە باسكراوە و لەئیماراتیش مەسرور بارزانی باسی هەناردەی غازی كردووە، پێتوایە ئەم پرسە پێویستی بە رێككەوتنە لەگەڵ یەكێتی و ئینجا عێراق دواتر توركیا، یان وەك نەوت دەكرێت مامەڵەی لەگەڵ بكرێت؟ ئاری هەرسین: یەكێتی بەشدارە لەحكومەت لەگەڵ ئێمە، بۆیە حكومەت هەر هەنگاوێك بنێت بەدڵنیاییەوە یەكێتی نیشتیمانیش بەشدارە لەو هەنگاو و بڕیارانەدا. هاوڵاتى: فرۆشی نەوتی هەرێم لەمانگی ئازاردا یەك ملیارو  (128) ملیۆن دۆلار بووە، تەنها 551 ملیۆن دۆلار كە دەكاتە لەسەدا 49% بۆ حكومەتی هەرێم ماوەتەوە، ئەمە چ قازانجێكی بۆ كورد تێدایە لەسەدا 51% بۆ كۆمپانیاكان بێت؟ ئاری هەرسین: راستە قازانجەكە لە ئاست داخوازیەكانماندا نیە، بەڵام زۆرینەی هەرە زۆری وڵاتانی هەناردەكاری نەوت لەجیهانی سێهەم بەدەست ئەم كێشەیەوە دەناڵێنن كە هۆكارەكەی ئەوەیە كە وڵاتانی جیهانی سێهەم خاوەنی تەكنۆلۆژیای نەوت نین، بۆیە ناچارن تەكنۆلۆژیاكە بكڕن. هاوڵاتى: هیچ زانیاریەكتان هەیە لەبارەی سەردانی بەرپرسانی ئێران بۆ لای سەرۆكی پارتی و سەرۆكی هەرێم و دواتر سەرۆكی حكومەت؟ ئاری هەرسین: نەخێر نیمە. هاوڵاتى: ئێران هەولێری موشەكباران كرد یەكێتی وەك هەر لایەنێكی دیكەی هەرێم و عێراق ئیدانەی كرد، بەڵام توركیا بە رۆژی رووناك هاتووە خاكی هەرێم داگیردەكات و وەك «پەكەكە» دەڵێت پارتی بووەتە چاوساغی و هێزی رۆژو لیوای گوڵانی بردووە بۆ شیلادزێ و دێرەلوك تا گەمارۆ بخاتەسەر گەریلا؟ ئەگەر ئەمەی پەكەكە دەیڵێت راست بێ پارتی دیموكراتی كوردستان لەكوێدا نەتەوەیی و نیشتمانییە؟ ئاری هەرسین: پارتی كرێكارانی كوردستان رێكخراوێكی سیاسی و سەربازی كوردستانی توركیایە، ئایا مەعقولە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ جوڵە پێكردنی هێزی پێشمەرگە، ئیزن لەپەكەكە وەربگرێت؟ دواجار قسەی پەكەكە بەشێكە لەپڕوپاگەندەی حزبێكی سیاسی، چونكە پەكەكە حزبە، مەرج نیە هەرچی پەكەكە گوتی راست بێت. هاوڵاتى: مەترسی پێكدادان لەنێوان پەكەكەو پارتی هەیە؟ بەتایبەت كە پارتی هێزی جوڵاندووە بە ئاراستەی ئەو شوێنانەی پەكەكە بوونی هەیە؟ ئاری هەرسین: هیوادارین هەرگیز ئەوە روو نەدات، بەڵام ئەگەر پەكەكە لەسەر ئەم سیاسەتی عەنتەرتاریەتە بەردەوام بێت و هیچ حسابێك بۆ ان و دامەزراوەیی حكومەتی هەرێمی كوردستان نەكات، ئەوە نەك بۆ ئێمە، بەڵكو مەترسی پێكدادان لەگەڵ یەكێتیش دێتە ئاراوە. هاوڵاتى: پێتوانیە پەكەكە تازە بووەتە بەشێك لەنەخشەی حزبە سیاسییەكانی كوردستانی گەورە بەم ئۆپەراسیۆنانە چارەسەر ناكرێت، بەڵكو دەبێت رێگای دیالۆگ بدۆزرێتەوە و دەكرێت پارتی رۆڵ ببینێت بۆ ئاشتی لەنێوان توركیاو پەكەكەدا؟ ئاری هەرسین: ئەو پرسیارە دەبێت لە پەكەكە بكرێت، ئێمە هەمیشە گوتومانە كە كێشەی كورد لەپارچەكانی تری كوردستان تەنیا بەدیالۆگ چارەسەر دەكرێت. هاوڵاتى: پێشتر گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەنێوان پەكەكەو پارتی هەبووە كە پێكدادان لەنێوانیاندا روونەدات، ئێستا پێتوایە ئەو گفتوگۆ ناڕاستەوخۆیە هەرماوە، یان لەجەنگێكی سارددان؟ ئاری هەرسین: لەدونیای سیاسەتدا هەمیشەو هەتا هەتایە مەجالی دیالۆگ و گفتوگۆ هەر دەمێنێت. هاوڵاتى: كاك ئاری كورد چی بكات كە دراوسێكانی لەجیهانی سێیەمدان و چاویان بڕیوەتە خاكەكەی، توركیا، ئێران، سوریا، عێراقیش؟ چۆن كورد دەتوانێت لەنێو ئەم جوگرافیایەدا مامەڵەیەكی تەندروست بكات؟ ئاری هەرسین: كورد دەبێت یەك شتی زۆر سادە بكات، ئەویش ئەوەیە كە لەناوخۆیدا یەكڕیز بێت و ناوماڵی خۆی كۆبكاتەوە، ئینجا لەسەر بنەمای ئەجیندایەكی نیشتیمانی بەرەو داهاتوو هەنگاو بنێت. كورد هیچ چارێكی دیكەشی نیە، چونكە جوگرافیای سیاسی كوردستان لەقازانجی ئێمە نیە. هاوڵاتى: خەڵك نیگەرانە لەپارتی و یەكێتی، با پرسیارەكە بۆ پارتی بێت كە دەوترێت زۆرترین جومگەی حكومەتی هەرێمی لایەو خەڵك لەكاتی خۆی مووچە وەرناگرێت و خەدەمات وەك پێویست نییە؟ پێتوایە ئەم حزبانە بێباكن لەخەڵك و حساب بۆ سزای گەل ناكەن؟ یان مەسەلە چیە لەم دۆخە دەروونی و ئابووریە خراپەدا ئاوڕی جددی لەخەڵك نادرێتەوە؟ ئاری هەرسین: بەداخەوە، بەڵام لەهەرێمی كوردستان دیاردەی دووئیدارەیی بەزەقی دەردەكەوێت، ئێمەی پارتی بەئەندازەی دەسەڵاتی جوگرافیایمان لەگوزەرانی خەڵك بەرپرسیارین. وابزانم وەڵامەكەم روونە. هاوڵاتى: یەكێتی لەئاستی سەركردایەتی دەڵێت، پۆستی سەرۆك كۆمارو پارێزگاری كەركوك بڤەیەو ئیستحقاقی یەكێتییە؟ بەم نەفەسە لەگەڵ یەكێتی دەگەنە ئەنجام لەبارەی بەغدادەوە؟ ئاری هەرسین: لەسیاسەتدا ئەم جۆرە لەدەربڕین میزاجین، سیاسەت بەموتڵەقی و عینادی ناكرێت، هەموو شتێك لەسیاسەتدا قابیلی گفتوگۆیە.  گەر بەو جۆرەو بەو نەفەسە سیاسەت لەگەڵ یەك بكەین، ئەوا هەرگیز ناگەینە ئەنجام و لەئاكامی ئەم جۆرە لەسیاسەتكردنیش خەڵكی كوردستان زەرەرمەندی یەكەم دەبن.

سازدانی: ئارا ئیبراهیم وتەبێژی كۆماجڤاكێن كوردستان(كەجەكە) لەبارەی داگیركاری و ئۆپەراسێونەكەی دەوڵەتی توركیا بەهاوبەشی پارتی زانیاری نوێ ئاشكرا دەكات و دەڵێت:" ئەو هێزانەی بەرانبەر گەریلا جوڵەیان پێكراوە هێزی زێرڤانی و گوڵان و هێزی (چەتەی رۆژ)ن، ئەو هێزانە لەبەرانبەر گەریلا دادەنێت، ئەو هەرێمانەی گەریلای لێیەو شەر دەكات بەو هێزانە گەمارۆی دەدات". زاگرۆس هیوا، وتەبێژی كۆماجڤاكێن كوردستان(كەجەكە) لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی لەبارەی مەترسی پێكدادانی هێزەكانی پارتی و گەریلا،دەشڵێت:" ئێستا پارتی هەم بە چاوپێكەوتنی ئەردۆغان و مەسرور بارزانی، هەروەها ئیزنی داوە لە بامەرنێ و ئامێدی هەیكۆپتەر هەڵسێت و جوڵە پێكردنی هێزە چەكدارەكانی خۆی بەرەو شیلادزێ و دێرەلووك وا دیارە پارتی دەیەوێت شەرێكی وا بكات". هاوكات، وتەبێڤی كۆما جڤاكێن كوردستان داوا لە هەموو حزبەكانی هەر چوار بەشی كوردستان لە گەلی كورد لە رۆشنبیران و نوسەران و سیاسەتمەداران دەكات لەم داگیكارییەدا پاڵپشتی گەریلا بن و خاوەن هەڵوێست بن و نارەزایەتی خۆیان دەربڕن بە هەرشێوەیەك بێت. لە 15ی نیسان تا 18ی نیسان 47 جار ئەو هەرێمانە بۆردومان كراوە، دوێنێ شەو كە ئۆپەراسیۆنەكە كاتژمێر 9ی دەستی پێكرد، بەدەیان جاری دیكەش ئەو هەرێمانە بۆردومان كراون، هەم بەفرۆكەی شەڕكەر، بەتۆپی ویتسر، بەهاوەن، بەكاتیۆشا، بە فرۆكەی كەشف، چەكدار و هەلیكۆپتەری كوبرا، هەم لەتوركیاوەو هەم لە باشووری كوردستانەوە بە هەلیكۆپتەر عەسكەریان گواستەوە بۆ ئەو هەرێمانەی گەریلای لێیە هاوڵاتی: ئەم ئۆپەراسیۆنەی دەوڵەتی توركیا بۆ لەم كاتەدا دەستی پێكردووەتەوە، ئایا چەند جار هێرشیان ئەنجامداوە؟ زاگرۆس هیوا: پێشتر رامانگەیاندبوو كە توركیا بەنیازە بەهاوكاری پارتی لەناوەراستی مانگی نیسان هێرش بكاتە سەر باشووری كوردستان بەتایبەت هەرێمەكانی پاراستنی میدیا شوێنی گەریلا، ئەوەبوو ناوەراستی 15ی نیسان مەسرور بارزانی ئەردۆغانی بینی، ئیتر بریاری ئۆپەراسیۆنەكە لەو كاتەوە درا.  15ی نیسان تا 18ی نیسان 47 جار ئەو هەرێمانە بۆردومان كراوە، دوێنێ شەو كە ئۆپەراسیۆنەكە كاتژمێر 9ی دەستی پێكرد، بەدەیان جاری دیكەش ئەو هەرێمانە بۆردومان كراون، هەم بەفرۆكەی شەڕكەر، بەتۆپی ویتسر، بەهاوەن، بەكاتیۆشا، بە فرۆكەی كەشف، چەكدار و هەلیكۆپتەری كوبرا، هەم لەتوركیاوەو هەم لە باشووری كوردستانەوە بە هەلیكۆپتەر عەسكەریان گواستەوە بۆ ئەو هەرێمانەی گەریلای لێیە،بەتایبەت هەرێمەكانی(وارخەلێ، چیای رەش، ژ كەفتێ برینداران، كوڕە ژارۆ) بوونەتە ئامانج  ئەو چەكدارانەی دەگوازرێنەوە بۆ كورە ژارۆ و ژ كەفتێ برینداران ئەوانە لە بامەرنێ و هەلیكۆپتەرەكان دەیانگوازێتەوە دیارە بە هەماهەنگی لەگەڵ پارتی ئەم كارە دەكەن بۆ هێرش كردنە سەر گەریلا. هاوكات پارتی جوڵەی بەهێزەكانی خۆی كردووە لە شیلادزێ و دێرە لووك بەرەو كورەژارۆ مەبەست ئەوەیە كە ئاسانكارو هاوكاری دەوڵەتی توركیا بكات لەهێرشەكانی بۆ سەر گەریلا، ئامانجی ئەو هێرشانە لە درێژ مەودادا داگیركردنی باشووری كوردستانە، چونكە ئەردۆغان لە زووەوە وەعدی داوە كە "موسڵ و كەركوك و میساقی میللیەو دەیگەرێنمەوە"، ئەو هێرشانە لەو چوارچێوەیەدا ئەنجام دەدرێت.  ئێستا هەڤاڵانی گەریلا خاكی باشووری كوردستان لەبەرانبەر داگیركاری  دەوڵەتی توركیا دەپارێزێت، تا ئێستا 28 عەسكەری توركیا كوژراون و 9 دیكەیان بریندارن و شەرەكە هێشتا بەردەوامە. ئێستاش پارتی بەهەمان شێوە لەگەڵ ئەرتەشی توركیا هاوكاری دەكات بۆ ئەوەی لە خەباتی رزگاری خوازی كورد لەباكور بدات، پارتی دیموكراتی كوردستان ئامرازێكە بەدەست داگیركەرانەوە و بەشێكە لە سیستمی داگیركاری سەر كوردستان، بە جوڵە پێكردنی هێزە چەكدارەكانی خۆی بەرەو شیلادزێ و دێرەلووك وا دیارە پارتی دەیەوێت شەرێكی وا بكات هاوڵاتی: بۆچی پارتی هاوكاری توركیا دەكات بۆ هێرش كردنە سەر گەریلا؟ زاگرۆس هیوا: پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە و بە درێژایی مێژوو، لەگەڵ دوژمنانی كورد بووەتەیەك و لەدژی بزوتنەوە كوردییەكانی دیكە هێرشی كردووە، لەرۆژهەڵاتی كوردستان لەگەڵ سوپای پاسداران بوون بەیەك كاتی قیادە موقەتە لەدژی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و كۆمەڵە شەڕیان كرد.  لەگەڵ رژێمی سەدام بوو بەیەك لەدژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان شەریان كرد و هەولێریان داگیر كرد، بەعس و جاشی هێنایە هەولێر.  ئێستاش پارتی بەهەمان شێوە لەگەڵ ئەرتەشی توركیا هاوكاری دەكات بۆ ئەوەی لە خەباتی رزگاری خوازی كورد لەباكور بدات، پارتی دیموكراتی كوردستان ئامرازێكە بەدەست داگیركەرانەوە و بەشێكە لە سیستمی داگیركاری سەر كوردستان. هاوڵاتی: پێتانوایە پارتی بە هێزی زێرەڤانی دەیەوێت هاوكاری سوپای توركیا بكات دژی گەریلا؟ زاگرۆس هیوا: ئەو هێزانەی بەرانبەر گەریلا جوڵەیان پێكراوە، ئەو هێزانە هێزی زێرڤانی و گوڵان و هێزی (چەتەی رۆژ) ن، چەتەی رۆژئاوا. ئەو هێزانە لەبەرانبەر گەریلا دادەنێت، ئەو هەرێمانەی گەریلای لێیەو شەر دەكات بەو هێزانە گەمارۆی دەدات و پەیوەندی نێوان هەرێمەكانی گەریلا دادەبرێت و گەمارۆیان دەخاتەسەر بۆ ئەوەی هیچ هاوكارییەكیان بۆ نەچێت.  داواكاری ئێمە بۆ هەموو حزبەكانی هەر چوار بەشی كوردستان لە گەلی كورد لە رۆشنبیران و نوسەران و سیاسەتمەداران لەم داگیركارییەدا پاڵپشتی گەریلا بن و خاوەن هەڵوێست بن و نارەزایەتی خۆیان دەربڕن بە هەرشێوەیەك بێت بۆ ئەوەی بتوانین هەموو پێكەوە لەدژی ئەم داگیركارییە بووەستینەوە. هاوڵاتی: واتا ئەگەری پێكدادانی هێزەكانی پارتی و گەریلا هەیە؟ زاگرۆس هیوا: ئێستا پارتی هەم بە چاوپێكەوتنی ئەردۆغان و مەسرور بارزانی، هەروەها ئیزنی داوە لە بامەرنێ و ئامێدی هەیكۆپتەر هەڵسێت، بە جوڵە پێكردنی هێزە چەكدارەكانی خۆی بەرەو شیلادزێ و دێرەلووك وا دیارە پارتی دەیەوێت شەرێكی وا بكات. هاوڵاتی: بەرخودانی گەریلا بەرانبەر ئۆپەراسیۆن و داگیركارییەكەی توركیا چۆنە؟ زاگرۆس هیوا: تا ئێستا هەڤاڵان لە شوێنی خۆیانن و خۆراگری دەكەن و شەڕو پێكدادان بەردەوامە، هەوڵدانی ئێمە ئەوەیە ئەو هێرشانە بشكێنین و خاكی باشووری كوردستان بەرانبەر  ئەم داگیركارییە بپارێزین. هاوڵاتی: چ پەیامێكتان بۆ حزبەكان و رای گشتی هەیە؟ زاگرۆس هیوا:داواكاری ئێمە بۆ هەموو حزبەكانی هەر چوار بەشی كوردستان لە گەلی كورد لە رۆشنبیران و نوسەران و سیاسەتمەداران لەم داگیركارییەدا پاڵپشتی گەریلا بن و خاوەن هەڵوێست بن و نارەزایەتی خۆیان دەربڕن بە هەرشێوەیەك بێت بۆ ئەوەی بتوانین هەموو پێكەوە لەدژی ئەم داگیركارییە بووەستینەوە.

ئامادەکردنی هاوڵاتى مانگرتنی حەوت نەخۆشی سلێمانی، ناوی ئەو نمایشە هونەریەیە کە شێوەکار حەمە هاشم بەماتڕیاڵی سادەو شێوەی دەربڕین ئامێز نیشانی دایین. بەرهەمە هونەرییەکەی لەسەر تابلێتێکی حەپی ئەمۆکسلینە کەزۆربەمان لەماڵەکانمان و لەبەکارهێنانەکانی رۆژانەماندا بەرچاومان دەکەوێت، بەڵام لەنمایشەکەی ئەم هونەرمەندەدا بەفۆڕمێکی ئیستاتیکی و بەناوەرۆکێکی ئایدیایی جیاواز دەیبینینەوە، ئەم بەرهەمە هونەریەی هونەرمەند بۆ زۆرێک لەبینەرەکانی وەک داهێنانێکی هونەری دەدرێت لەقەڵەم بەتایبەتی لایەنی فکریی کارەکە.  سەبارەت بەم بەرهەمە هونەرییەی هونەرمەند (حەمە هاشم) و روانگە ئایدیاییەکانی زیاتر بۆ (هاوڵاتى) دەدوێت و دەڵێت: ئەم کارە هونەرییە سادەتریین سادەییە لەماتڕیاڵدا، بەڵام دەربڕی رەهەندی گەورەی فکرییە، ئەو رەهەندانەی کەیەکانگیر دەبنەوە لەگەڵ باری کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و ئیداری خەڵک، لەنێو تەنگەژەی نادادپەروەرییەکی رووتدا، بیرۆکەکە زۆرتر لەکۆتایی هاتنی ئەو حەپانەوە هات کاتێک بۆ ئارامکردنەوەی سەرئێشەی خۆم پێویستم پێی بوو، دواتر سەیرمکرد من لەسەرئێشەیەکی گەورەتردام، خەڵکانی دەورووبەرم لە دەردەسەری و نەهامەتی گەورەدان، کۆمەڵگایەک دەناڵێنێ بەدەست نادادپەروەری و سیستەمی بەڕێوەبردنەوە، کاتێک کە مرۆڤ بیردەکاتەوە خەستەخانەکانی شارێکی وەک سلێمانی دەرمانی تێدا نامێنێت، دەبێت بیربکاتەوە لەو کارەساتە، دەبێ بیهەژێنێت، تۆ ئەگەر مرۆڤیت و رۆحت تەریبی مرۆڤایەتییە دەبێ سڵ نەکەیتەوە لەدەربڕینە راستگۆیەکانت بەردەوام بیت، من وەک هونەرمەندێک تاکە چەکی دەستی من هونەرەکەمە، دەبێ هونەرەکەم بەهێزو گوزارشتی بەتوانای بخەمە بەر بۆئەوەی پەیامەکەی بگات، ئایدیاکەی بچێتە جێگای خۆی، ئەمە گرنگە لەهونەری پۆست مۆدێرندا، بەهای هونەری پۆست مۆدێرن زۆرتر لەبیرۆکە و ئایدیادایە نەک ماتریاڵ و فۆڕمی ئیستاتیکی، بەڵام من نەمهێشتووە بەها ئیستاتیکییەکەش وون بێت، چونکە بینەری کورد تائێستاش چاوێکی عاتیفی هەیە بۆ بینینی بەرهەمی هونەری و زۆر تاقەتی سەوداسەری و گەڕانی نییە بۆ تەفسیرکردنی کاری هونەری، بۆیە من ویستوومە لەڕێگای حەوت دەموچاوی قوپاوی تێکشکاوی خەمناکەوە باس لەکۆی نادادییەکە بکەم، باس لە روانین و فکری کۆی ئەو نەخۆشانە بکەم کەهیوابڕاو دەکرێن لە نەبوونی دەرمانی پێویست،.  بەو ماتریاڵە سادەیەی کە بەکارمهێناوە دەتوانم گوزارشتێکی زۆری فکری دەرببڕم، ئەمەش کاری هونەرمەندی راستەقینەیە . هەروەها سەبارەت بەشێوازی کارکردن لەسەر فۆڕمی گشتی ماسکەکان زیاتر دواو گووتی : ئەو شێوە بینراوانەی کە لەکارەکەدا بەکارم هێناون، هەمان ئەو ماسک و دەموچاوانە بوون کە نزیکەی ٢٥ ساڵ لەمەوبەر وەک ستایڵی کارکردنی خۆم بەکارم دەهێنا، بەتایبەتی لەپێشانگای تایبەتیم بەم جۆرە ستایڵە هونەرییە بەناوی (ئەنفال.. سێبەری وڵاتێکی ونبوو) کەساڵی ٢٠٠١ کردوومەتەوە ئەم کارە هونەرییانە مێژووەکەیان بۆ ساڵی ١٩٩٨ دەگەڕێتەوە ماتڕیاڵی کارەکان جۆراوجۆربوون، هەندێکیان پێستەی خۆشکراوو و هەندێکیان قوماش و ئیسفەنج و هەندێکیان پلێت بوون، لەم دواییانەدا چەند کارێکی دیکەم لەم چەشنە بە (فایبرگڵاس) ئەنجامدا، وە رەنگی بەکارهاتوو لەزۆربەی کارەکاندا بریتی بوو لە (خم) ، ئەم جۆرە رەنگە پاودەرێکی تایبەتە لە رەنگکردنی قاڵی و فەرشدا بەکارهاتووە لەکۆندا، هەڵبەتە من سوودم لەئەزموونەکانی (نەنکە شیرین)م وەرگرتبوو کە دەکاتە دایکی باوکم (رۆحیان شادبێت) چوونکە ئەو بەگەنجی خۆی تەونچی بووەو تا لەژیاندا مابوو جارجار ئەو تەجرەبانەی دووبارە کردبۆوە،  بۆ من گرنگ بوو ئەو رەنگە بەکاربهێنمەوە، چوونکە پێم وابوو ئەگەر بمەوێ لەکارەکانمدا رۆحێکی گەرمیانیانەو کوردانە بدەم، دەبێ هیچ نەبێ لەماتریاڵ و تەکنیکیشدا ئەوکارە بکەم، بەو پێیەش ئەنفال شاڵاوی زۆری گەیشتە گەرمیان و دەشتی کۆیە، ئەم بەکارهێنانی (خم)ە جۆرێک لەنزیکایەتی و هاوبەشی پێدەبەخشیم، لەلایەک وەک ئەوەی کەهونەرێک دەکەم جیاوازە لەهونەری (باو ) کە بۆ ئەوکاتەی باشووری کوردستان زۆر مۆدێرن بوو، لەلایەکیش وەک پەیوەندییەکی لۆکاڵی بەکەرەستەوە بایەخی خۆی هەبوو.  لەکارەکانمدا وا تەفسیرم دەکردن کەفۆڕمێک بدەم بەدەستەوە شێوەی لەدەمووچاو بچێت، دەمووچاوی ماندوو، پڕ ئازارو ژان، نیگەران، تەنیا ، هەموو ئەمانەم کۆدەکردەوە لەو رواڵەتانەی کە شێوەی قوماشێک وەریدەگرێت کە دەربڕ بوو بۆ ئەو قوماش و جلوبەرگانەی کە مرۆڤی ئەنفالکراوی کورد دوای زیندەبەچاڵکردنی و دوای چەندین ساڵ لەنێوو رووکەشی خاکەکەدا قووماشەکانی دەمێنێت و شێوە تراژییدیە گەورەکە بەیان دەکاتەوە .  ئەم کارانە لەفۆڕمدا دەکەونە خانەی هونەری (مۆدێرن ئاڕت) تێماکانی وەک پەیکەری ئەبستراکتی دەربڕینخوازی پیشان دەدات، کەرەستەی سادەو فۆڕمی سادە دەخووڵقان، هەرچەندە بۆ زەمەنی خۆی زۆر قبووڵکراوو نەبوون لەپانتایی گشتی هونەری شێوەکاری لۆکاڵی کوردی، بەڵام من ئیمانم موکڕبوو لەسەر بەرهەمێکی ناوازەو دانسقەی دوونیای مۆدێرنیتە،.  ئەمە بۆمن لە ئاکامی گەشەی فیکری و تێگەیشتنی زۆرم بوو لەو ئاگاییانەی لەدوونیای هونەری مۆدێرن و پۆست مۆدێرن لەجیهاندا گوزەری دەکرد، بۆیە ئێستاش بەهەوڵێکی جددی و و قووڵی دەزانم لەمێژووی هونەری خۆم، جۆرێکیش بوو لەئاماژەی هەڵوێستی مرۆڤدۆستانە بۆ کارەساتی ئەنفال.  ئەم بەرهەمانەم لەچوار پێشانگای تایبەتی نمایشکرد لەکاتی خۆییدا، هەروەها لەنمایشێکی تایبەتی دیۆەشدا لەشاری (گووا) لەهیندستان ئەزموونەکەم دووبارەکردەوە . بۆیە دەتوانم بڵێم ئەو بەرهەمە تازەیەم گەڕانەوەشە بۆ بینگەی یەکەمی کارە هونەرییەکان مـوەک تەکنیک و بەکارهێنانی بۆ ئایدییایەکی بەهێز بۆ ئێستای خۆمان.

سازدانی: شاناز حەسەن یوسف محەمەد سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان  دەڵێت لەرێگەی هەڵبژاردنەوە گۆرانكاری نەیەتە كایەوە پێوست دەكات دەسەڵاتداران چاوەرێی دۆخێكی یەكجار خراپتر بن و دورنیە ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن ناهاتنە كایەی گۆرانكاری لەرێگەی هەڵبژاردنەوە پەل بكێشێت بۆ تەقینەوەی جەماوەری. یوسف محەمەد، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق و سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لەمچاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى دەشڵێت:» روانینی ئێمە بۆ پرسی كاری سیاسی لەداهاتوودا بەم شێوەیەیە و هیوادارین ئەوەی لە هاوپەیمانی هیوا دروستمان كرد لە پەرلەمانی عێراق، بەڵام نەتوانرا بكرێتە لیستێكی هەڵبژاردن بتوانرێت لەداهاتوو كارێكی لەو شێوەیە بكرێت و سەرجەم هێز و دەنگە نارازییەكان كۆبكرێتەوە كە زۆرینەشیان بێت بەو شێوەیە هەوڵی هێنانەكایەی گۆرانكاری بنچینەیی بدرێت». هاوڵاتى: دۆخی ئێستا عێراق لەرووی سیاسییەوە تووشی چەقبەستووی بووە، یان دوای تویت و راگەیاندنەكەی موقتەدا سەدر كێشە سیاسییەكان چارەسەر دەبن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو پێكهێنانی حكومەت؟ یوسف محەمەد: پرۆسەی سیاسی لە عێراق بەو شێوەیەی كە لە دوای 2003وە رێكخراوەتەوە،  لەسەر بنەمای رێككەوتن، یەكێك لە بنەما سەرەكیەكانی تەواقفە جیا لە بنەمای شەراكەت و تەوازون و هاوسەنگی و بریار لەروی سیاسیەوە  ئەم بنەمایانە جێیگر كراون لەدوای روخانی رژێمی پێشووەوە، بەڵام لەوی دەستوری و یاساییەوە بابەتی تەواقف لە دەستوری عێراقدا سێ رەكیزەی هەیە.  یەكەم بریتیە لە ئەنجومەنی سەرۆكایەتی بۆ یەك خول، لەدوای ئەو خولە مەجلیسی ئیتیحادی بكرێتەوە كە بەداخەوە تائێستا دروست نەكراوە. ئەو ئەنجومەنی سەرۆكایەتیە هەر یەكێك لە ئەندامەكانی مافی ڤیتۆی یاساكانی پەرلەمانیان هەبوو، ئەوە یەكێك لە رەكیزەكانی تەواقف بوو، كە ئێستا نەماوە و ئەبوایە ئەنجومەنی ئیتیحاد جێگەی بگرێتە كە تائێستا دروست نەكراوە،  رەكیزەی دووەم دوو لەسەر سێیە بۆ دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، خولی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، كە ئەمە لە دەستوردا ئاماژەی پێدراوە و تائێستا بەركارە، ئەو زۆرینەیەی كە ئێستا هەیە دیسانەوە بیگۆرن، بەڵام دادگای باڵای فیدراڵی لەرێگەی بریارەكەیەوە، نەیهێشت هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بە زۆرینە تێپەرێنرێت و ماوە. رەكیزەی سێیەم بریتیە لە دەنگدان لەسەر هەندێك لە یاساكان كە ئەویش هەر پێویستی بە دوو لەسەر سێ هەیە وەك یاسای ئەنجومەنی ئیتیحاد و یاسای دادگای باڵای فیدراڵی . بۆیە لەسەر ئەم بنەمایە عێراق دامەزراوە و لە دەستوریشدا ئاماژەی پیكراوە، بۆیە تا رێككەوتن نەكرێت  لەسەر سەرۆك كۆمار  و سەرۆك وەزیران هەردووكیان، ناتوانرێت ئەو پرۆسەیە ئەنجامبدرێت، تەنانەت كە رێككەوتنیش بكرێت لەسەر  سەركۆك كۆمار هەتا رێكەوتن نەكرێت لەسەر سەرۆك وەزیران  ناتوانرێت پرۆسەكە تێپەرێندرێت، ئەگەر شیعەكان رێككەوتن لەسەر سەرۆك وەزیران و چۆنیەتی دیاریكردنی و كوتلەی گەورەترین، ئەوە ئەو كاتە دور نییە فشار لە هەردوو لایەنی كوردی پارتی و پەكێتی بكرێت  بۆ ئەوەی رێككەوتن بكەن لەسەر كاندیدێكی دیاریكراو بۆ پۆستی  سەرۆك كۆمار. هاوڵاتى: پێتانوایە دابەشبوونی كورد بەتایبەت پارتی و یەكێتی لەسەر پرسی سەرۆك كۆمار چ زەرەرێكی داوە لە پێگەی كورد لەبەغدا؟ یوسف محەمەد: ئاساییە پارتی و یەكێتی ململانێ‌ بكەن لەسەر  پۆستەكان چ لە ئاستی هەرێمی كوردستان یان لە ئاستی عێراقیش، بەڵام گرنگ بوو پارتی و یەكێتی و هەموو لایەنەكانی دیكەش رێككەوتن بكەن لەسەر بەرنامەیەكی دیاریكراو لەسەر چۆنیەتی پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو و ئەو مافانەی كورد هەیەتی و پێویست دەكات بە دەستی بهێنێت و ئەو بابەتانەی كەلەنێوان هەرێم و بەغدا هەیە و چۆن چارەسەر دەكرێت. بەداخەوە  هەمیشە زیاتر تەركیز لەسەر پۆستەكانە، كە تەركیز لەسەر ئەو كێشانە بێت كەلەنێوان هەرێم و بەغدا بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە،  پۆستی سەرۆك كۆمار پۆستێكی تەشریفاتییە و تەنانەت وەزیرەكانی كورد كەلەعێراق  تائیستا دەستبەكار بوون، نەیانتوانیوە  رۆلێكی ئەوتۆیان هەبێت،  لەچارەسەر كردنی كێشە بچینەییەكان بەتایبەتی كێشەی خاك، كە دەبوو  تا كۆتایی 2007 یەكلا بكرایەتەوە، كە ئەوەتا تائیستاش یەكلا نەكراوەتەوە و  بگرە دۆخی ناوچە جێناكۆكییەكان زۆر خراپترە، لە دوای روخانی رژێمی سەدام تا 2017وە و ئەنجامدانی ریفراندۆمەكە. بۆیە لەبری ئەم شەرەی لەسەر پۆست دەكرێت باشتر بوو لەسەر بەرنامەیەكی سیاسی رێككبكەون  بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ سەرجەم پێكهاتەكانی دیكەی عێراق وە بەتایبەتی شیعە لەكاتی پێكهێنانی حكومەت و مەرجەكانی خۆیان دیاریبكەن و ئەوكات تەنانەت كە ململانێشیان لەسەر پۆست بكردایە كارێكی ئاساییی بوو ، بەڵام بەداخەوە ئەو جارانەشی كە بەیەكەوە رۆیشتوون و بەیەكەوە رێككەوتوون لەسەر پۆستەكان، هەر هیچ وەرەقەیەكی سیاسیان نەبوە بۆ ئینزامكردنی لایەنەكانی دیكە بۆ ئەو مافانەی كورد هەیەتی لەعێراق. هاوڵاتى: ئەگەر لەو ماوەیەی موقتەدا سەدر بۆ لایەنی پەكخەر دایناوە حكومەت پێكبهێنن كە ماوەكەی چل رۆژە نەتوانرێت چی روودەدات؟ هەڵبژاردن دەكرێتەوە یان چ دەگوزەرێت؟ یوسف محەمەد: ئەمانە تەواقفی لەسەر بكرێت، چۆن لایەنەكانی هاوپەیمانی رزگاركردنی نیشتیمانی عیراق نەیانتوانی بەبێ لایەنەكانی تەنسیقی و یەكێتی  و لایەنەكانی تریش  پۆستی سەرۆك كۆمار یەكلا بكەنەوە، لایەنەكانی  چوارچێوەی هەماهەنگی و یەكێتیش ناتوانن ئەم بابەتە  یەكلابكەنەوە،  بەڵكو پێویستە رێكەوتنی لەسەر بكرێت. پێم وایە كە  هەڵبژاردنی پێشوەخت باشترین چارەسەرە و تەنانەت  خەریكە دەبێتە پێویستیەكی دەستوری و یاساییش لەدوای بریارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی سەبارەت بە  پرسی دووبارە كردنەوەی دەرگای خۆ كاندید كردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار. لەراستیدا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خۆی كردۆتە زاوییەیەكی بەرتەسكەوە، خۆی ئەوەی وتووە، كە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، لە خۆكاندیدكردنەوە بۆ دەنگدان لەسەری، پێویست دەكات لە یەك مانگ تێنەپەرێت،  بەپێی دەقە دەستورییەكەی، كە لەدەستوردا هاتووە كە پێویست دەكات لەماوەی یەك مانگدا پۆستی سەرۆك كۆمار  هەڵبژێدرێت، دادگای باڵای فیدراڵیش لەبریارەكەیدا ئاماژەی بۆ ئەوەدا كە تەنیا بۆ یەك جارە و ئەویش پەرلەمان بە دەنگدانی ئەندامانی پەرلەمان دەتوانن بۆ یەك جار دەرگای خۆ پاڵاوتن بكەنەوە، ئەو جارەش دەرگای خۆپاڵاوتن كرایەوە و مانگەكەش كۆتایی پێ هات، لە بریارەكەی دادگای فیدرالیدا ئەوە هاتووە پێویست دەكات دامەزراوەكان هەستن بە ئەركی خۆیان بەتایبەتی دەسەڵاتی تەشریعی لەهەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و حكومەت بۆ ئەوەی بتوانرێت دامەزراوەكانی دەوڵەت بەرێوە بڕوات، ئەگەر نا  ئەو هەڵبژاردنانە نەكرێت ئەوا دامەزراوەكان شەرعیەتی خۆیان لەدەست دەدەن، كەبە مەرامی دەستوری خۆیان هەڵنەستن. لە زۆرێك لە دەستورەكانی دیكەی دنیاشدا ئەوە هەیە، كە ئەگەر پەرلەمان متمانەی بە یە یان دوویان سێ كابینەی وزاری یەك لەدوای یەك نەدا ئەوە خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە یان بە هەڵوەشاوە حسابە، ئەمە لە دەستوری عێراقدا نییە، بەڵام چونكە تائێستا پەرلەمان نەیتوانیوە سەرۆك كۆمار هەڵبژێرێت و دواتریش سەرۆك كۆمار كاندیدی زۆرینە رابسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت بۆیە یەكێك لە رێگاكان بریتیە لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەخت، كە ئەمە دەكرێت  لەلایەن یەك لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمانەوە تەرح بكرێت و پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات، بە زۆرینەی  رەهای كۆی ئەندامەكانی خۆی هەڵوەشێنێتەوە یان هەرچەندە ئەمە لە دەسنوردا ئاماژەی پێنەدراوە، لەو رووەوەوەی دادگای باڵای  فیدراڵی لایەنی یەكلاكەرەوەی هەر تانەیەكە لەسەر جێبەجێنەكردنی دەستور و پێشێلكردنی، بۆیە دەكرێت لەرێگەی داوایەكەوە داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بكرێت بەتایبەتی دادگای باڵای فیدراڵی بریار لەسەر كۆتا ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەدات بۆ دانیشتنی پەرلەمان. بەدوری نابینم دادگای باڵا ئەگەر داوایەكی لەم شێوەیە برواتە بەردەستی پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە، واتە ئەمە لایەنە یاسایی و دەستورییەكەی، بەڵام لایەنە سیاسی و ئینتیخابییەوە ئەم هەڵبژاردنە لە كەشێكی زۆر  ئاڵۆزدا ئەنجامدرا و هەڵبژاردنی پێشوەختە بوو، بۆیە تا مانگێك پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكەش كەس نەیدەزانی دەكرێت یان نا، بەتایبەتی كە رەوتی سەدر كشابۆوە لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكە، لەهەمانكاتیشدا شێوازی هەڵبژاردنەكە گۆرانكاری  بەسەردا هێنرا، نەك تەنیا بچوكردنەوەی بازنەی هەڵبژاردنەكان بەڵكو ئەسڵەن شێوازی هەڵبژاردنەكە گۆرا و سیستمەكەی گۆرا بۆ سیستمەنی  یەك دەنگی نەگوازراوە، واتە خەڵك دەنگی بە تاكەكەس دا نەك حزبە سیاسییەكان لە ئەنجامی كۆی ئەمە، دەرەنجامی هەڵبژاردنەكە دەرئەنجامێكی (موشەهەوە)واتە دەرئەنجامەكەی ناهاوسەنگە. هاوڵاتى: مەبەستت لە چییە دەرئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نا هاوسەنگ بووە؟ یوسف محەمەد: هەندێك هێزی سیاسی ژمارەی دەنگەكانیان لە ئاستی جەماوەریدا كورسیان بەدەست هێناوە بۆیە ئەمانە داوای ئەوە دەكەن مافی خۆیان بەدەست بهێنن و ئیستیحقاقی خۆیان پێبدرێت،  تەنانەت داوای ئەوە دەكەن ئەو سیستمە حوكمرانیەی عێراقی لەسەر دامەزراوە كەلەدوای 2003وە  كەخۆشیان بەشدار بوون تێیدا و هەموو ئەو حكومەتانەی لە عێراق دروست بووە بیگۆرن. لەهەمانكاتدا هەندێك هێزی سیاسی تر زۆر لەهەقی خۆیان كەمتر كورسیان بەدەست هێناوە، بۆ نمونە تەیاری حیكمە، نزیكەی 400هەزار دەنگی  بەدەستهێناوە، بەڵام  لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتی هێزەكانی دەوڵەت  پێم وابێت كورسییەك یان دوو كورسی بەدەست هێناوە، ئەمە وایكردووە ئەمانە هەست بە ئەوە دەكەن غەدرێكی گەورەیان لێكراوە، بۆیە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی تر رەنگە رێگە خۆشبكات بۆ ئەوەی كە هاوسەنگییەكی سیاسی هەیە، تازە بێتە كایەوە. بەپێی بریاری دادگای باڵای فیدراڵی پێویستە بەر لەهەر هەڵبژاردنێك یاسای هەڵبژاردن  هەموار بكرێتەوە بەتایبەت بابەتی دەستی ژماردنی دەنگەكان جێگیر بكرێت. هاوڵاتى: ئایا رێكەوتنی پارتی لەگەڵ حەلبوسی و سەدر ئاسانتر بووە لەرێكەوتن لەگەڵ یەكێتی، یان رێكەوتنی یەكێتی لەگەڵ مالكی ئاسانتر بووە لە رێكەوتن لەگەڵ پارتی؟ بۆچی ئەم دۆخەی نێوان پارتی و یەكێتی بەمە گەیشتووە؟ یوسف محەمەد: نەخێر دەبوو رێككەوتنی كورد و كورد ئاسانتر بێت، وەك لە رێككەوتنی هێزێكی سیاسی كوردی لەگەڵ لایەنە سیاسیەكانی تری ناو پێكهاتەی سوننە و شیعە، بەڵام شەر لەسەر پۆستەكان وایكردووە ئەم رێككەوتنانە بەم شێوەییە بن هەر لایەكیان پەلەی ئەوەی بێت لەگەڵ لایەنە سیاسیەكانی دیكەی عێراق بكەوێتە سەودا و مامەڵە و مامەڵەی بەدەستهێنانی پۆستەكان. رازی بوون بە مەرجەكانی ئەوان لەپێناو پۆست بۆ هەر یەكێك لەو هێزانە بێت، دەكرێت ئەوە بڵین پارتی دەستپێشخەر بوو لەم پرسانەدا لەماوەی دورودرێژی رابردوودا كاری لەسەر ئەوە دەكرێت لەگەڵ كوتلەی سەدر و حەلبوسی هاوپەیمانی پێكبهێنن، تەنانەت ئەم هاوپەیمانییە دەگەرێتەوە بۆ گفتوگۆكانی نزیكەی سالێك پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆیە ئەمە هەمووی پەیوەندی بە شەری پۆستەكانەوە هەیە، بۆیە رێكەوتنی ئەمە دوو حزبە لەگەڵ لایەنەكانی دیكە ئاسانتر بووە لە رێككەوتنی نێوان خۆیان. هاوڵاتى: وەك چاودێرێكی سیاسی سەركردایەتی سیاسی كورد دەبێت چ بەرنامەیەكی هەبێت بۆ ئەوەی بەرانبەر بە شیعەو سونەكان پێگەی بەهێز بێت؟ یوسف محەمەد: بروام بە شتێك نیە بە ناوی سەركردایەتی سیاسی كورد هیچ شتێك نیە بەم ناوەوە، هیچ موئەسەسەیەك نیە بەم ناوەوە، ئەوەی كە هەیە ئەو هێزانەی كە براوە دەبن پێویست دەكات كە هەماهەنگ بن لەگەڵ یەكتر لەسەر بەرنامەیەكی سیاسی دیاریكراو  رێكبكەون بۆ چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم لەگەڵ عێراق و  ئەوانە هەموو بكەنە مەرج بۆ بەشداریكردن لە حكومەت و هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، چونكە ئەم ساتە ساتی پێكهاتن و رێكەوتنە، لەدوای هەر هەڵبژاردنێكی پەرلەمانی عێراق كە سەرۆك كۆمار  هەڵبژێردرا ئیتر كلیلی رێككەوتن كراوەتەوە، كە ئیتر دەبێت هەموو شتەكان یەكلاكرابێتەوە. بۆیە دوای ئەوە هەموو شتەكان بە زۆرینە تیدەپەرێت، بۆیە دەبوو پیشتر رێكبكەون، لەسەر وەرەقەیەكی سیاسی و لەسەر مەسەلەی جێناكۆكەكان و پرسی پێشمەرگە و بودجە و مووچەی خەڵكی هەرێمی كوردستان و قەرەبووكردنەوەی خەڵكی لەو تاوانانەی كە رژێمی بەعس ئەنجامی داوە. لەسەر پرسی نەوت و غاز و ئەمانە خاڵی بنچیبنەیی هێزە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان بن لەگەڵ حكومەتی ئیتیحادی، بەڵام ئەوەندەی ئەزمونم هەیە، پارتی و یەكێتی شەرەكانی خۆیان كورتدەكەنەوە لەسەر پۆستەكان و تەنانەت هەندێك جار لەسەر دانانی كەسێك لە پۆستێكی دیاریكراودا، لە خولی رابردوو هەموو داواكاریەكانی پارتی ئەوەبوو كە فوئاد حسێن وەزیر بێت، ئەم خولە هۆشیار زێباری كاندیدی بێت، یەعنی بابەتەكان نەك لە پۆست هەندێ جار لە شتی شەخسیش كورت دەكرێنەوە، جا چی لەوەی بپەرژێنە سەر مافەكانی خەڵكی كوردستان و بەرنامەیەكی سیاسی دیاریكراو. هاوڵاتى: پێتانوایە ئەوەی روویدا دابەشبوونی بەتەنها لایەنە سیاسییەكانە بەسەر بلۆكی ئێران و بلۆكی توركیاو ئیمارات و سعودییەدا؟ یوسف محەمەد: بەدڵنیاییەوە ئێستا جیهان زۆر پێكەوە  بەستراوە دەستتێوەردان زۆر زیاتر بووە  لەكاروباری ناوخۆی دەوڵەتان، بەتایبەتی ئەو دەوڵەتانەی كە لاوازن، بەتایبەتیش لەدوای رژێمی پێشووەوە دەستێوەردانی  ئیقلیمی  لەعێراق بە بەردەوامی هەبووە، ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، زۆر رون و وازعە كەئێستا  هێزەكان هەمویان دابەش بون بەسەر دەوڵەتە ئیقلیمیەكاندا  و رێككەوتنی نێوان سوننەكان ئەردۆغان  ئەنجامیدا، لەكاتێكدا ئیماراتیەكان بەردەوام لەسەر خەت بوون بۆ رێككەوتنی نێوان هەر سێ لایەنی  هاوپەیمانی رزگاركردنی نیشتیمانی عێراق، ئێران بەردەوام كارەكتەرێكی سەرەكی بوە لە عیراق و دەستێوەردانی هەبووە لەكاروباری سیاسی عێراق، بەردەوام لەسەر خەتە لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی و یەكێتی، واتە بەدڵنیاییەوە دەستێوەردانی دەرەكی و ئیقلیمی  رۆلێكی كارا و كاریگەری هەیە كە دەتوانم بڵێم زیاتر لە رابردوو كاریگەری لەسەر پرۆسەی سیاسی عێراق هەیە. هاوڵاتى: پێتانوایە «حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی» كە سەدر بانگەشەی بۆ دەكات بۆ ئەم دۆخەی ئێستای عێراق گونجاوە یان دەبێت تەنها حكومەتی تەوافوقی هەبێت؟ یوسف محەمەد: من بابەتێكی لەسەر ئەوە نوسی و كە مەسەلەی حكومەتی زۆرینەی نیشتیمانی  كەلەلایەن تەیاری سەدریەوە بۆ ئامانجی تر بەكاردەهێنرێت، یعنی سەدر ئامانجەكەی تەنیا دورخستنەوەی كۆمەلێك لە لایەنەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بوو، بەتایبەتی تریش دەوڵەتی قانون و نوری مالكی  لە پێكهێنانی حكومەت، ئەگینا ئەوەتا ئیستا ئامادەبووە لەگەڵ هەموو سوننە رێكەوتنی كردووەو ئامادە بووە لەگەڵ هەموو سوننە  و هەموو كوردیش رێكەوتن بكات، بەڵام بە مەرجەكانی خۆی، ئەمە لایەكیەتی، بەڵام لاكەی تری واتە لای دووەمی پرسی هاوپەیمانی سێ قۆڵی یان ئەوەی ناو نراوە پرسی رزگاركردنی نیشتیمان، بریتیە لە شەری مەرجەعیەتی هەر سێ پێكهاتەكەی عێراق، یعنی  لەو گفتوگۆیانەی كەلەساڵی رابردوودا  و سالێكپێش هەڵبژاردنیش لەنێوان پارتی و سەدریەكاندا بوو، پارتی چەندین جار ئەوەی لەگەڵ سەدرییەكان باسكردووە ئەوان ئامادەن دان بە مەرجەعیەتی سیاسی سەدر بنێن بۆ پێكهاتەی شیعە بە مەرجی ئەوەی سەید موقتەدا سەدریش دان بە مەرجەعیەتی كاك مەسعود بنێت بۆ  مەرجەعیەتی سیاسی پێكهاتەی كورد، بەڵام پارتی لە ئەمەدا زۆر بە هەڵەدا چوون، چونكە كاك مەسعود ناتوانێت ببێت بە مەرجەعیەت بۆ كورد و بۆ هەرێمی كوردستان، بەتایبەت بەو هەڵوێستانەی دەیگرێت، كە هەڵوێستەكانی بەرتەسكەو ناتوانێت نیشتیمانی بێت تا بتوانێت هەموو لایەنە سیاسیەكانی تر لەدەوری خۆیدا كۆبكاتەوە. ئەسڵەن لەناو كورد دا مەسەلەی مەرجەعیەت بونی نییە، بەڵام كاك مەسعود كە وەك كەسێك كە یەكێكە لە سەركردەكانی یەكەم وەك مام جەلال و كاك نەوشیروان، هاوشێوەی ئەوان لە سەفی یەكەمی قیادەی سیاسی كورد بووە، یەكەم سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوە، دەیتوانی رۆلێكی گرنگتر ببینێت كە فراوانتر لە حزبەكەی خۆی كاریبكردایە. لەسەرو حزبەكەی خۆیدا كاریبكردایە، هەوڵی پێكهێنانی حزبەكانی دیكەی بدایە، نەك هەوڵی دەست شكاندنەوە و شكاندنی لایەنەكانی دیكە بدات، چ بە گۆرانی ئەوسا و ئێستاش كە ئەمە ململانێیەی كەلەگەڵ یەكێتی دەستیداوەتێ لەسەر پرسی سەرۆك كۆمار، بۆیە ئەو ناتوانێت ببێتە مەرجەعی كورد، بەڵام سەید موقتەدا لەوانەیە زۆر بە ئاسانی بتوانێت  پرسی مەرجەعیەتی شیعە یەكلابكاتەوە، كە  حكومەتی زۆرینەكەی دروست بكردایە، بەتایبەتی كە ئەو قاعیدەیەكی جەماوەری لە بەغدای پایتەخت هەیە، جیا لەوەش لەوانەیە سەید موقتەدا لەبیری ئەوەبێت، كە مەرجەعیەتی دینیش لە داهاتوودا بەدەستەوە بگرێت، بەتایبەتی كەئیستا ئایەتوڵڵا سیستانی، تەمەنی گەورەیە رەنگە مەرجەعیەتێكی رون و وازعی دینی  بۆ دوای ئایەتوڵڵا سیستانی بونی نەبێت، سەید موقتەدا  بەوەی خۆی لەخێزانێكی ئایینیە و كوری مەرجەعێكی باڵای شیعەكان بووە، دور نیە لەبیری ئەوە بێت تەنانەت مەرجەعیەتی گەورەی شیعەكانی  لەروی دینیەوە بۆ خۆی كۆنترۆڵ بكات. هاوڵاتى: واتا بەشێكی ئەو هاوپەیمانێتییەی نێوان مالكی و سەدر داننان بووە بە مەرجەعیەتی یەكتردا؟ یوسف محەمەد: بەشێكی ئەو هاوپەیمانییە شەری مەرجەعیەتی پێكهاتەكانە، نەك مەسەلەیەكی سیاسی بێت، چونكە ئەو فەسادەی لەعێراقدا هەیە هەموو ئەم هێزانە بەشدار بوون تیدا، بۆیە مەسەلەی فەساد پەیوەندی بە حكومەتی تەوافیقیەوە نیە، چونكە سویسرا بە نمونە حكومەتێكی تەواقیفی بەرێوەی دەبات، بەڵام گەندەڵی نیە، چونكە گەندەڵی بەهۆی چاوپێشیكردنە لە كارە پیسەكانی یەكتری بەهۆی سەروەرنەبونی یاساوەیە. هاوڵاتى: بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان سوودی دارایی هەبووە، پێتانوایە دەتوانرێت پەرلەمانتارانی عێراق داوا بكەن لەگەڵ دابینكردنی بایەعی بۆ خەڵك بڕە پارەیەك لەداهاتی نەوت بدرێتە ان، ئایا ئەمە دەكرێت؟ یوسف محەمەد: ئەوەتا ئێستا حكومەتی ئیتیحادی خۆی هەڵساوە بەوە و  بریاریداوە وەك بەرزبونەوەی نرخی شتومەك و قەرەبوكردنەوە و ئەو هاوكاریە كۆمەڵایەتیەی هەیەتی زیاتری بكات و برێك پارە بەسەر فەرمانبەرانیشدا دابەش بكات، بەڵكو ئەو فەرمانبەرانەی داهاتیان لە یەك ملیۆن دیناری مانگانە كەمترە. لەعێراقدا پێش كۆتایی هاتنی مانگی سێ دەستكرا بە دابەشكردنی موچەی مانگی چواری خانەنشینی و  لەگەڵیدا بۆ هەر خانەنشینێك 100هەزار تەرخانكراوە، كە ئەوەش دەدرێت بە فەرمانبەران، لەكاتێكدا حكومەتی ئیتیحادی بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ  بەزربونەوەی نرخی نەوتدا دەكات، لەهەرێمی كوردستان نەك هەر ئەوەی هاوكاری خەڵكی هەژار ناكرێت، لەلایەن ئەم دەسەڵاتەی خەڵكی هەرێمەوە. هاوڵاتى: ئەو كاتەی بەڕێزتان سەرۆكی پەرلەمان بوون هەمواری یاسای هەڵبژاردن بكرایە و هەرێم بكرایە بە چەند بازنەیەك باشتر نەبوو لە پرسی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم؟ یوسف محەمەد:  هەمواری یاسای هەڵبژاردن پرۆژەی بۆ ئامادەكرابوو، ئێمە ناوەندێكی راوێژكاری یاسامان دامەزراندبوو، بەشی یەكەمی هەموارەكەش حازركرابوو، لەو ناوەندەوە، بەڵام هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كاتی مابوو، لەو كاتەدا كە دەست برا بۆ یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، كەلەو كاتەدا زەروریەتێك بوو بۆئەو قۆناغە، چونكە كێشەیەكی  یاسایی و سیاسی  لەخولی پێش ئێمەوە بۆ ئێمە بەجێمابوو. لەكاتی خۆیدا هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم ئەنجامنەدرابوو، كە دەبوو لەگەڵ  هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەپێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم لەساڵی 2013 ئەنجام بدرێت، بەڵام خولی پێش ئێمە هەڵبژاردنی  سەرۆكی هەرێمیان دواخست بۆ ماوەی دوو ساڵ،  بۆكاك مەسعود هەر بەبێ هیچ بیانویەك تازە كردوەوە و درێژیان كردەوە، بۆیە ئەمە وەك كێشەیەكی هەڵپەسێردراو بۆ خولی ئێمە بەجێما كەدەبوو چارەسەر بكرێت. كە دەبوو لەناو خەڵكەوە هەڵبژێردرایە و سەرۆكێكی تازە دابنرێت، لەو یاسایەش كە پەسەندیان كردبوو بۆ درێژكردنەوەكە دەبوو تەنیا بۆ دوو ساڵ بێت، بەراستی ئێمەش ئامادە نەبووین كە ئەو هەڵەیە جارێكی دیكە دووبارە بكەینەوە، یان یاسای هەڵبژاردن یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەمواربكرێت بۆ ئەوەی بتوانریت سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت. بۆ ئەوە داوامان لە كۆمسیۆن كرد كە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو خەڵكەوە ئەنجامبدات، بەهۆی شەری داعش و گرفتی داراییەوە  كۆمسیۆن وتیان ناتوانین ئەوە بكەین، لە ئەنجامدا كوتلە پەرلەمانیەكان پرۆژە یاسایان پێشكەش كرد بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و بۆ ئەوەی لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت، بۆیە ئەم دوو بابەتە بەدیلی یەكتر نەبوون ، ئەوە پێویستیەك بوو دەبوو چارەسەر بكرایە، زۆر هەوڵماندا ماوەی ساڵێك خەریك بووین بۆ ئەوەی سازان لەسەر ئەو پرسە بكەین بەڵام نەكرا، چونكە پارتی بەتەما بوو بەبێ ئەوەی خۆی داوا بكات جارێكی دیكە تەمدید بۆ كاك مەسعود بكرێت، بەشێكی زۆر لەهێزەكانی تر كەبەشێوەی ئاشكرا ئامادە نەبون ئەوە قبوڵ بكەن، هەرچەندە هەندێكیان بەشێوەی نائاشكرا  چونە ژێر باری ئەوەوە، بەڵام تەمدید نەكرا، لە پەرلەمانی كوردستان، ئەوە بۆیە پارتی و كاك مەسعود خۆی بەرپرس بوو لە داخستنی پەرلەمان، دایخستت و چونكە تەمدید بۆ نەكرد، بەڵام هەندێك لایەنی تر چونە ژێر باری ئەوەی شەرعیەت بە مانەوەی كاك مەسعود بدەن. هاوڵاتى: دەوترێت ئێوەو چەند هەڵسوراوێكی دیكەی پێشووی گۆڕان لیستان دەبێت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەتایبەت لەگەڵ كاك عوسمانی حاجی مەحمود؟ یوسف محەمەد: هەر كارێكی سیاسی بۆ ئەم قۆناغەی ئیستای هەرێم پێوست دەكات كارێكی شێوەبەرەیی بێت هەر وەك كارێكی سەرەتایی دروستبونی گۆران، یان ئەو چوارچێوەیەی  كەئێمە لە پەرلەمانی عێراق دروستمان كرد بە ناوی هاوپەیمانی هیوا، یعنی خەڵكی هەرێمی كوردستان زۆر نائومێد بوون لە پرۆسەی سیاسی لەهەرێمدا و چەقبەستوییەكی سیاسی گەورە هەیە. دروست كردنی هێزێكی تر ناتوانێت وەڵامگۆ بێت بۆئەم دۆخەی ئێستای هەرێم و ئەو نارەزاییەتیە گەورەیەی كە ئێستا لە شەقامی هەرێمدا هەیە، كە نەتوانرێت بەرەیەكی فراوان لە كۆی هێزە نارازییەكان و هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان دروست بكرێت،   ئەمە خۆ‌ی وەك بەدیل بۆ دەسەڵات بخاتەروو و فشار بكات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی نزیك لەهەرێمی كوردستان، بەپێی كۆمەڵێك قەواعیدی تازە  كە هەوڵی ئەوە بدات گۆرانكاری ریشەیی بكات و بیهێنێتە كایەوە روانینی ئێمە بۆ پرسی كاری سیاسی لەداهاتوودا بەم شێوەیەیە و هیوادارین ئەوەی لە هاوپەیمانی هیوا دروستمان كرد لە پەرلەمانی عێراق، بەڵام نەتوانرا بكرێتە لیستێكی هەڵبژاردن بتوانرێت لەداهاتوو كارێكی لەو شێوەیە بكرێت و سەرجەم هێز و دەنگە نارازییەكان كۆبكرێتەوە كە زۆرینەشیان بێت بەو شێوەیە هەوڵی هێنانەكایەی گۆرانكاری بنچینەیی بدرێت، چونكە دۆخی هەرێمی كوردستان دۆخێكی یەكجار ئاڵۆزە و  یەكجار خراپە و وەك ئەم دەسەڵاتەی هەرێمی كوردستان  زۆر  بێباكە  لە چارەسەر كردنی كێشە و گرفتەكان و بەراستیش دۆخی هەرێم و ئەم سیستمە لە لێواری روخاندایە. بەراستی لەناوەوە داروخاوە و دور نیە لەهەر ئان و ساتێكدا بروخێت، بۆیە باشترین چارەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردە بە سیستمێكی تازە  بەتایبەت ئەوەی كە ئێستا بۆتە داخوازییەكی بەربڵاوی هێز و لایەنە سیاسیەكان و خەڵكە شارەزاكانی بواری هەڵبژاردن كە فرە بازنەیی و ناوەندی  مەسەلەن، لەهەشت بازنە یان 4بازنە و هەرێم دابەش بكرێت و تۆماری دەنگدەرانیش سیستمی بایۆمەتری  عێراق بكرێتە پێوەر  بە چاودێرییەكی نێودەوڵەتی گەورە و بەرفراوانەوە بكرێت، خەڵكیش بەرێژەیەكی بەرفراوان بەشداری بكەن، ئەگەرنا لەرێگەی هەڵبژاردنەوە گۆرانكاری نەیەتە كایەوە پێوست دەكات دەسەڵاتداران چاوەرێی دۆخێكی یەكجار خراپتر بن و دورنیە ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن ناهاتنە كایەی گۆرانكاری لەرێگەی هەڵبژاردنەوە پەل بكێشێت بۆ تەقینەوەی جەماوەری  كە دەرئەنجامەكانی جگە لە روخانی ئەم دەسەڵاتە داهاتوویەكی ناروون لەبەردەمماندا دەبێت، چونكە هەرێمی كوردستان شوێنێكە دەستێوەردانی ئیقلیمی تێیدا زۆرزۆر ئاسانە و لەئەنجامدا دۆخێكی نەخوازراو دێتە كایەوە، بۆیە باشترین كار ئەنجامدانی هەڵبژاردنەوە بە بنەمایەكی تازەوە.

سازدانی: ئارا ئیبراهیم نووسەری كتێبی ئەنفالستان دەڵێت كە دۆسییەی ئەنفال زۆر قوڵ و ئاڵۆزەو هەندێ جار نەك جاشەكان ئەفسەرەكانیش هەڵخەڵەتێندراون، دەشڵێت:» جاشم مقابەلە كردووە كە برای خۆی ئەنفال كردووە». عومەر محەمەد نووسەری كتێبی ئەنفالستان، لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی دەشڵێت پێویستە حكومەتی هەرێم هەماهەنگ بێت بۆ دادگایی كردنی هەموو ئەو تۆمەتبارانەی ناویان هەیە لەدادگای باڵای تاوانەكانی عێراق. هاوڵاتی: كتێبێكتان نووسیوە لەبارەی شاڵاوی ئەنفالەوە چی بۆ كەسوكاری ئەنفال هێناوەتە كایەوە بەتایبەت كاربەدەستان؟ عومەر محەمەد: تاكو ئێستا لەلایەن وەزارەتی شەهیدانەوە بۆ نووسینی كتێبەكەم هیچ پێشوازییەكم نەبینیوە، لەڕاستیدا هەر ئەو رۆژی مەراسیمی بڵاوكردنەوەی كتێبەكەش كەسم نەبینی لەوەزارەتی شەهیدان ئامادە بێت و دەستخۆشیان كردبێت. ساڵانێكی زۆر لەو مەجالەدا كارم كردووەو ئیشی رۆژ و دوو رۆژ نەبووەو ئیشی 10 بۆ 15 ساڵە، لە راستیدا ساڵی 2006 بڕی 400 هەزار دینار هاوكاری گۆڤارەكەیان كردووەو لەدوا لاپەڕەیدا ئاماژەم پێكردووە و داوام لێنەكردبوون، بەڵام لەسەر كتێبەكەم هیچ كاردانەوەیەكیان نەبووە. هاوڵاتی: چ چیرۆكێكت لەلایە لەناو كتێبەكەتدا دەربارەی ئەنفال كە جەوهەری بێت؟ عومەر محەمەد: لەكتێبەكەمدا دیدیاو چاوپێكەوتنم ئەنجامداوە لەخانەقینەوە تا زاخۆ، هەموو ئەوانەی جاش و موستەشار بوونەو مقابەلەم كردوون دانبەوەدا دەنێن كە بەشداربوون لەتاوانی ئەنفالدا، بەڵام دەڵێن نەیاندەزانی كەئاوایە، جۆرێك لە راستی لەقسەكانیاندا هەیە. دۆسییەی ئەنفال زۆر قوڵ و ئاڵۆزە هەتا نەچیتە ناوی نازانی چەند ئاڵۆزە، هەندێ جار نەك جاشەكان ئەفسەرەكانیش هەڵخەڵەتێندراون، مەسەلەن جاشم مقابەلە كردووە كە برای خۆی ئەنفال كردووە، دەڵێت:» كاتێك كە براكەمم تەسلیم كرد خۆ هەر براكەم نەبوو، 10 بۆ 12 ئامۆزاو پورزای خۆمم لەگەڵدا بوو لەبەرئەوەی پێیان وتین كە دەبێت براكەشت بهێنی لەبەرئەوەی مەكرەمەیەكی سەید رەئیس هەیە بۆ ئەوەی براكەت بێبەش نەبێت»، دەبێت ئەوەش لەبەرچاوت بگریت، ئەم دۆسییانە وردو ئاڵۆزن، جاشەكان زۆر رۆڵی خراپ و دڕندانەیان بینیوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەڵخەڵەتاندنی تێدا بووە». هاوڵاتی: چی كراوە بۆ كەسوكاری ئەنفالكراوان كە بەشێك لەزامەكانیان ساڕێژ بووبێت؟ عومەر محەمەد: حكومەتی هەرێم بۆ كەسوكاری ئەنفالكراوان مووچەو مینحەی بۆ بڕیونەتەوە و زەوی پێداون و منداڵەكانیان لەزانكۆو پەیمانگاكان دەخوێنن لەسەر حسابی وەزارەتی شەهیدان و پارەیان بۆ خەرج دەكرێت، بەڵام ئەوە مافێكی سەرەتایی خۆیانە. ئەوەی لەهەرێمی كوردستان دەگوزەرێت ئەوەیە كە كەسوكاری ئەنفالكراوان هەست بەشكۆمەندی ناكەن لەبەرئەوەیە تۆمەتبارانی كەیسی ئەنفال لەبەردەمیاندا هاتوچۆ دەكەن و بێمنەتن لێیان و ناچنە بەردەم دادگا و بەلایەنی كەمەوە ئەوانەی بەشداری تاوانی ئەنفالیان كردووە هەست بەشەرمەزاری ناكەن، واتا ئامادە نین داوای لێبوردنیش بكەن، ئەمەیە كە كەسوكاری ئەنفالكراوانی ئەزێت داوەو هەتا خەڵكی ئازادیخوازی كوردستانی ئەزێت داوە. هاوڵاتی: پێتانوایە ئەوانەی تۆمەتباران بەكەیسی ئەنفال لەلایەن دەسەڵاتەوە داڵدە دراون؟ عومەر محەمەد: بێگومان ئەوانە داڵدە دراون و ئەوە هیچ گومانی تێدا نییە، ئەوەی كە بۆ هەرێم بووەتە مایەی ئابڕوومەندی ئەوەیە كە دادگای حكومەتی عێراق داوای دادگایی كردنی تۆمەتبارانی ئەنفالی كردووەو حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادە نەبووە بیانگرێت و تەسلیمی دادگای عێراقیان بكات، بەپێچەوانەوە زۆربەیان لەناو حزبەكاندا هەن و هەندێكیان بكوژی راستەوخۆشن نەك تەنها گومانیان لەسەر بێت كە جاش یان موستەشار یان بەعسی بووە، خەڵك هەبووە بەعسی بووەو چەكدار نەبووەو بەشداری تاوانەكەی كردووە كە هانی خەڵكی دابێت و هەموو ئەمانە تۆمەتبارانی دۆسییەكەن. ئەو بەڵگەو دیكۆمێنتانەی لەسەر لیستی تۆمەتبارانی ئەنفال هەیە لەدادگای عێراق بوونی هەیەو بڵاوكراوەتەوەو دادگا داوای كردوون. بەگریمان دایبنێن ئەو دادگایەی عێراق دایمەزراندووە كەمتەرخەمی دەنوێنێت لەدۆسییەی محاكەمەكردنی تۆمەتبارانی ئەنفالدا، دەبوایە حكومەتی هەرێم دەستگیریانی بكردایەو رەوانەی دادگایانی بكردایە. هاوڵاتی: ناكرێت لەهەرێمی كوردستان ئەو كەسانە دادگایی بكرێن؟ عومەر محەمەد: ئەوە ناكرێت دادگایی كردنی تۆمەتبارانی ئەنفال یاساو رێسای خۆی هەیە كەشاڵاوی ئەنفال جینۆسایدەو بەندە یاساییەكانی ئەوەیە كە پابەندبن بە جەرائیمی نێودەوڵەتییەوە ئەگەر دادگایەك لەعێراقیش دابمەزرێت دەبێت لەسەر بنەمای دادگای نێودەوڵەتی دابمەزرێت، لەبەرئەوەی تۆمەتباری جینۆساید خەسڵەتی تاوانەكە نێودەوڵەتییەو ئەگەر تۆمەتبارێكی كۆمەڵكوژی هەڵەبجە یان ئەنفال و ئەنفالی بارزانییەكان ئەگەر لەبەریتانیا یان لەوڵاتانی دیكەی ئەوروپا كەسێك سكاڵایان لەسەر تۆمار بكات دەستگیردەكرێن یان دادگایی دەكرێت یان رەوانەی دادگاییەكانی عێراق دەكرێنەوە كە شوێنی تاوانەكە بووە. بۆ نموونە هەلومەرجی سیاسی خراپ هەبێت لەعێراقدا هەیەو عێراق قبوڵی ئەوە ناكات ئەوكات ئەو وڵاتە خۆی دادگایی دەكات، خەسڵەتەكەی جیاوازە. هاوڵاتی: هەموو ساڵێك لەیادی شاڵاوی تاوانی ئەنفالدا داوای دادگایی كردنیان دەكرێت و دوای تەواوبوونی یادەكە باسەكە دادەخرێت، چارەسەری ئەمە چییە؟ عومەر محەمەد: چارەسەر ئەوەیە كە عێراق دەوڵەتێكی تەندروست و سەلیم بێت حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوكاری بێت لەگەڵیدا كە نەك هەر موستەشارو جاشە كوردەكان هەموو ئەوانەی دەستیان تێیدا هەبووەو ناویان هەیە دادگایی بكات، لەبەرئەوەی دەوڵەتێكی سەلیم و تەندروستی هەبێت. ئەگەر عێراق و هەرێمی كوردستان حكومڕانییەكی تەندروستیان هەبوایە دەبوایە ئەم دۆسییەیە بەهیچ شێوەیەك فەرامۆش نەكرایەو بەپێچەوانەوە دەبوو لەسەر ئەو تاوانە جارێكی تر خۆیان بنیادبنایەتەوە كە جارێكی دیكە زەمینەساز نەكەن ئەو جۆرە تاوانە لەعێراق دووبارە بكاتەوە، ئەگەر دادگاو سزا هەبێت دەبێت ئەوانە دادگایی بكرێن. هاوڵاتی: ئەو لیستەی بڵاوكراوەتەوە كوردی زیاتر تێدایە یان عەرەب؟ عومەر محەمەد: ئەوانەی داواكراون وەك تۆمەتباری تاوانی ئەنفال ژمارەیان نزیكەی 450 كەسێكە و عەرەب و كوردی تێدایەو زۆرینەی كوردن. زۆرێك لەو ئەفسەرە عەرەبانەی كە نۆت و شوجاعەیان وەرگرتووە لەسەر ئەنفال و قۆناغەكانی ئێستا لەناو سوپای عێراقدا دەستی باڵایان هەیەو هەتا پلەی وەزیر رۆیشتوون، مەسەلەن تاوانباری گەورەی ئەنفال (ئەیاد خەلیل زەكی) ئەوە قاعیدی قواتی ئەنفالی دوو بووە ئەوە دەستگیركرابوو شیعەكان ئازادیان كرد، عەلی غێدان كەئێستا لەناو سوپای عێراق پلەكەی فەریقە یەكێكە لەتاوانبارەكانی ئەنفال، زابتە عێراقییەكان زۆریان تێیدا بەشداربوون، ئینجا بێجگە لە عەلی حەسەن مەجید كێ دادگایی كراوە، ئەی ئەوانەی گوللەبارانی بەكۆمەڵیان دەكرد كوان؟. هاوڵاتی: كاتی خۆی كە بەرەی كوردستانی دروستبوو لێبوردنێكی گشتی دەركردووە، ئایا تۆمەتبارانی تاوانی ئەنفالی گرتووەتەوە؟ ئەمە پەیوەندی بەوە نییە كە تائێستا دادگایی نەكراون؟ عومەر محەمەد: نەخێر تۆمەتبارانی تاوانی ئەنفال ناگرێتەوە، بەندەكانی دادگای باڵای تاوانەكان لەسەر بنەمای نێودەوڵەتی دامەزراوە، كە ئەم دادگایە دامەزراوە لەسەر بەندی 11 و 12 و 13ی پەیماننامەی نێودەوڵەتییەوە هێندراوە كە دادگایی ئەوانە بكرێت كە تاوانی ئەنفالیان ئەنجامداوەو دەستیان تێیدا هەبووە. كە دادگاییەكە دامەزرا یاسای ژمارە 10ی ساڵی 2005 كە بەدەستور هەموو ئەو لێبوردنە گشتیانە رەتدەكاتەوە كە پێش دروستبوونی ئەم دادگایە دراوە كەیەكێك لەوانە لێبوردنەكەی بەرەی كوردستانییە. هاوڵاتی: پێتانوایە ژمارەی تاوانی ئەنفالكراوان زیاترن لە 182 هەزار كەس؟ عومەر محەمەد:تاوانی جینۆساید بەژمارە یەكلاییناكرێتەوەو تاوانەكە هەر وەك خۆیەتی، ئەگەر بێتە سەر قەرەبوو پێویستمان بەژمارەیە، بەپێی بەدواداچوونم بەبەڵگە دەیسەلمێنم كە ژمارەیان لە 200 هەزار كەس زیاترە نەك 182 هەزار كەس.

سازدانی: هاوڵاتى وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دەڵێت:» یەكێتی دەیەوێت بەدواخستنی دابەشكردنی مووچە حكومەت و پارتی عەیبدار بكات تا پارتی سازشی بۆ بكات لەپۆستی سەرۆك كۆماردا»، دەشڵێت:» یەكێتی لەدوای سەری ساڵەوە داهاتە ناوخۆییەكان كەمانگانە زیاتر لە 150 ملیار دینارە ناگەڕێنێتەوە بۆ حكومەت، ئەگەر بیشیگەڕێنێتەوە لە 20 تا 30 ملیار دیناری مانگانە تێپەڕ ناكات». هاوڵاتى: كێشەی نەمانی پارە لەبانكەكان هەیەو مووچە دواكەوتووە، دابەشكردنی مووچەی مانگی شوبات هێشتا لەسلێمانی تەواو نەبووە؟ پێشەوا هەورامی: كاریگەری نەك تەنها لەسلێمانی لەهەموو هەرێمی كوردستان كردووە، خەریكە تەكلیف دەكرێت، مووچەی مانگی سێ دوابخرێت كەهێشتا مووچەی مانگی شوبات لەسلێمانی تەواو نەبووە، مەوزوع ئەوەیە بۆ شەڕێكی سیاسی خەریكە یاری بەتەندروستی خەڵكەوە دەكەن و یاری بەوەزعی خانەنشینەوە دەكەن، حەقە خەڵك پرسیار بكات بۆچی لەهەولێرو دهۆك خانەنشینان بە رێكوپێكی موچەی خۆیان وەردەگرن، بۆچی دابەشكردنی مووچە لەهەولێر و دهۆك كۆتایی هاتووەو خەڵك چاوەڕێی موچەی مانگی سێیە، كە لەسلێمانی هێشتا موچەی مانگی شوبات تەواو نەبووە. هاوڵاتى: پرسی سەرۆك كۆمارو ئاڵۆزییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی وای كردووە ئەمە رووبدات؟ پێشەوا هەورامی: هەموو كەیسەكان تێكەڵ كراون، بەشێكی پارەی بانكەكان لەسلێمانی براوە بۆ بانگەشەی مەوزوعی سەرۆك كۆمار، چونكە یەكێتی ئەم بابەتە لایان بۆتە تەحەدی و عینادییەكی گەورە كەحازرن باجی ئەو تەحەدییە خەڵك بیدات، ئامانجێكی دیكەشی كە بڵێن ئەم حكومەتە مووچەی پێنادرێت، ئەوەتا ئێستا لای هەمووان وازح بوو كە سووچی حكومەت نییە خەڵك لەسلێمانی مووچەی وەرنەگرتووە. هاوڵاتى: واتا تەمویلی پارە بۆ مووچەی مانگی شوبات نێردراوە بەبێ كەموكورتی؟ پێشەوا هەورامی: بەڵێ هەموو پارەی مووچە نێردراوە بۆ سلێمانی، بەڵام 160 بۆ 170 ملیار دیناری مانگانەی داهاتی ناوخۆی سلێمانی یەك دیناری نەخراوەتە خزمەتی مووچەی خەڵكەوە، ئەوە چوار بۆ پێنج مانگە داهات هەرچەند بووبێت نەگەڕێندراوەتەوە بۆ حكومەتی هەرێم، جگە لەو قاچاغییەی كە لەو سنورە هەیە، هەمیشە مانگانە داهاتی ناوخۆی سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە زیاتر بووە لە 150 ملیار دینار، ئەگەر گەڕاندبێتیانەوە لە 20 بۆ 30 ملیار دینار تێپەڕی نەكردووە، كە دەبوو هەمووی بگەڕێندرێتەوە بۆ حكومەت، بەڵام ئێستا دەرمان وا نامێنێت لەنەخۆشخانەكانی سلێمانی، ئێمە پرسیارمان لەوەزیری تەندروستی كردووە دەڵێین كاكە دەرمان بۆ نەماوە، وەزیری تەندروستی دەڵێت:»دەسەڵاتمان داوە بە بەڕێوەبەری تەندروستی كە ئەو داهاتەی لەبەردەستیاندایە بیدەنە دەرمان، بە ئەنقەست نایدەن و تەندرین خاو دەكەنەوە بۆ ئەوەی بیكەنە ئەستۆی حكومەتەوە». هاوڵاتى: داهاتەكانی ناوخۆ بەگشتی لەهەرێمی كوردستان دەگاتە چەند؟ پێشەوا هەورامی: داهاتی ناوخۆ بەگشتی لەباشترین حاڵەت 350 ملیار دیناری تێپەڕاند كە كۆرۆنا هات نزیك بووەوە لەسفر، بەڵام دوای باشبوونەوەی وەزع داهاتی ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران هاتۆتەوە وەزارەتی دارایی و تەرخان كراوە بۆ مووچە، پارتی هەموو داهاتە ناوخۆییەكانی لە دهۆك و هەولێر گەڕاندووەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی. هاوڵاتى: واتا تەنها یەكێتی داهاتی ناوخۆیی نەگەڕاندووەتەوە؟ پێشەوا هەورامی: یەكێتی دەیەوێت بدات لەم حكومەتەو لە پارتی بدات تاپارتی سازشی بۆ بكات لەپرسی پۆستی سەرۆك كۆماردا. هاوڵاتى: ئەی پارتی پارەی نەبردووە بۆ بەغدا بۆ پرسی سەرۆك كۆمار؟ پێشەوا هەورامی: پارتی رێگای ناشرین ناگرێتەبەر بۆ بەدەستهێنانی پۆست، كەس نازانێت یەكێتی چی لەو پارانە كردووە كە لەبانكەكاندا نەماون، بەشەو قاچاغی دەكرێت و بەنیوەڕوان دەكرێت و پارە لەبانكەكانیش ناهێڵت. هاوڵاتى: پارەی مانگی سێ حازرە بۆ مووچە دابەش ناكات حكومەتی هەرێم؟ پێشەوا هەورامی: پارتی حزبی ئینتخابییەو دەنگی هەڵەبجەو كەلارو سلێمانی دەوێت و نابێتە هۆكار بۆ ئەوەی حكومەت مووچە نەدات، بەڵام یەكێتی بەمەنتق دەیەوێت حكومەت عەیبدار بكات، داهاتی پێویست لەبەردەست بێت مووچە دابەشبكرێت. ئێمە داوای كۆبوونەوەی پەرلەمانمان كردووە كێ بەرپرسیاری ئەم دۆخەیە بهێندرێتە پەرلەمان ئەگەر پارتیش بێت، بەڵام سەرۆكی پەرلەمان دەڵێت وەڵامی ئەو مەوزوعە نادەمەوە. هاوڵاتى: یەكێتی هۆشداری داوەتە پارتی لەبارەی ئەم دۆخەوە؟ كە چارەسەر بكرێت؟ پێشەوا هەورامی: یەكێتی لەو مەوقعەدا نییە هۆشداری بداتە پارتی، چونكە هەركاتێك بیانەوێت هەرێم بخەنە مەترسییەوە دەیكەن و كەی بۆیان بگونجێت كەی لەبەرژەوەندییاندا بێت ئەنجامی دەدەن.

سازدانی: ئارا ئیبراهیم ئەندامێكی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی دەڵێت:» هەموو داهاتەكان بەڕێگای خۆی دەچێتەوە بۆ هەولێرو هەموو كەموكورتییەكان لەئەستۆی پارتیدایە كە داڕشتنی سیاسەتی ئابووری و دارایی و نەوتیش لای پارتییە». بێستون سابوراوایی، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى دەشڵێت:» یەكێتی بەرنامەی خۆی هەیەو لەكاتی خۆیدا دێتە پێشەوە، یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەناشرینكردنی خەڵك و بەڕەزیلكردنی خەڵك رازی نابێت». هاوڵاتى: پرسی دواكەوتنی مووچە لەسلێمانی نیگەرانی دروستكردووەو یەكێتی بەبەرپرسیار دادەنرێت، هاوشێوەی پارتی‌و گۆڕان، راتان چییە لەبارەی دواکەوتنی مووچەوە؟  بێستون سابوراوایی: ئەگەر خۆمان لەبابەتەكە لانەدەین پێموابێت دۆخەكە زۆر روون و ئاشكرایە، حكومەتی هەرێمی كوردستان پایتەختەكەی لەسلێمانی نییە و پایتەختەكەی لەهەولێرە، داهاتەكانی هەرێمی كوردستان كە هەمووی كۆدەكرێتەوە دەچێتەوە بۆ هەولێر كە دەسەڵاتداری یەكەم لەسیاسەتی دارایی و ئابووری و سیاسەتی نەوتی لەژێر دەستی پارتییە، ئەوان سیاسەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەبەن، لەبەرئەوە هەموو كەموكوڕییەكان لە ئۆباڵی پارتیدایە، ئەگەر دەیانەوێت هەموو كەموكوڕییەكان لەئۆباڵی یەكێتی بێت فەرموون با جێگە چۆڵ بكەن و سەرۆك وەزیران دابنێت ئەوكات ئێمە هەموو بەرپرسیارێتییەك هەڵدەگرین. هاوڵاتى: پێتوایە پرسی سەرۆك كۆمار گرژی لەنێوان پارتی و یەكێتی دروستكرد كاریگەری نەرێنی هەبووە لەسەر پرسی موچەو دواكەوتنی، بەشێك لەپارتی یەكێتی تۆمەتبار دەكات كە پارەی بانكەكان بۆ پرسی سەرۆك كۆمار براوەتە بەغدا؟ قسەتان چییە؟ بێستون سابوراوایی: عەرزم كردی داهاتەكانی سلێمانی بەشێوازێكی رێکوپێك رێگای خۆی دەگاتە هەولێرو هیچ كەموكورتی تێدا نییەو لەهەولێرە، ئەمەی تریان گەمەی پارتی كە گەمەیەكی سیاسیە پەیوەندیدار بەهەڵوێستەكانی خۆی، چ بە ئاشكرا چ رێگەی پەیج و دامودەزگا فەیكەكانییەوە بەرانبەر یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەیكات، ئەوە لەچوارچێوەی هەڵمەتێكی راگەیاندنی چەواشەدایە بەرانبەر یەكێتی، بێجگە لەوە پێش ئەوەی یەكێتی هیچ بریارێك بدات لەبەغداو پەیوەندی بەكێوە بكات و لەگەڵ كێ رێكبكەوێت لەگەڵ چ تەوژمێكی سیاسی شیعەو سوننە رێكبكەوێت، پارتی ژێر بەژێر رێكەوتنی خۆی كردبوو لەگەڵ سەدرییەكان و سوننەكان، لەژێر ناوی «رزگاركردنی نیشتمان»، كە یەكێتی تائێستاش لەگەڵ ئەوەدایە لەبەغدا یەك هەڵوێست و یەك قسە بین، كەسمان بەتەنها لەگەڵ لایەنە عەرەبییەكان رێكنەكەوین، ئەگەر رێكیش بكەوین لەسەر بنەمای پاراستن و مافەكانی گەلی كورد بێت و پێكەوە بڕیار بدەین. هاوڵاتى: پێتانوایە قسەی یەكێتی سەركەوت كە نەچووە هیچ رێكەوتنێكەوە لەبەغدا؟  كە ماڵی شیعە خۆیان رێكدەكەون و كاندیدی سەرۆك وەزیران یەكلایدەكەنەوەو تۆپەكە هەڵدەدەنەوە ساحەی كورد كە رێكبكەون؟ بێستون سابوراوایی: ئێمە لە عێراقدا مەحكومین لەچوارچێوەی دەستوری عێراق هەڵسوكەوت بكەین وەكو كورد، لەم حاڵەتەدا زیرەكی دبلۆماسییەتی كورد لەوەدایە كەچۆن مامەڵەی ژیرانە دەكات لەگەڵ سیاسەت دارێژەرانی عێراق لەبەغدا، دەبێت لەمەیدانەكە زۆر لەوە زیرەكتربین هەڵبسوڕێندرێین بۆ مەبەستێكی تایبەتی، دەبێت ئاگامان لەستراتیژی میللەتەكەمان و بەرژەوەندییە باڵاكانی میللەتەكەمان بێت و پارێزگاری لەكەرامەتی نەتەوایەتی بكەین كە چی بخوازێت ئەوە بكەین. هاوڵاتى: دەرفەتێك ماوە بۆ كورد كە رێكبكەون كە دواجار هەر دەبێت پارتی و یەكێتی لەسەر پرسی سەرۆك كۆمارو پۆستە وزارییەكان رێكبكەون؟ بێستون سابوراوایی: ئەوەی لەسیاسەتی یەكێتی شارەزا بم دەرگای برایەتی نەك هەر دانەخستووە، بەڵكو دەستی درێژكردووە بۆ برایەتی لەگەڵ پارتیدا بۆ رێككەوتن و یەكڕیزی و یەکهەڵوێستی، هەروەها دەستیشی درێژكردووە بۆ هەموو كوتلە سیاسییەكان بەعەرەب و كوردو ئەترافە جیاوازەكان كە بەهەموومان بەغدا سیاسەتێكی ئاشتیانەو دابینكردنی خۆشگوزەرانی باشی ئابووری بێت لەناوچەكەشدا. هەر دەبێت رێكبكەوین چونكە لەدەرئەنجامەكەی لە بۆشاییەكی دەستوریدا دەخولێینەوە ئەوەش ئاكامەكانی باش نابێت. هاوڵاتى: باس لەپرۆژەیەكی پارتی دەكرێت ئەگەر یەكێتی دەستبەرداری پۆستی سەرۆك كۆمار بێت پۆستەكانی دیكەی حكومەتی نوێی عێراق بدرێتە یەكێتی؟ بۆچوونتان چییە لەمبارەیەوە. بێستون سابوراوایی: ئەوە نە پرۆژەیەو نە بناغەیەكیشە بۆ رێككەوتن ئەگەر ئەو پرۆژەیە راستیشی تێدا بێت، چونكە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەرنامەو داواكارییەكانی دیاری كراوە، ئەو مەرجانەی هەمانە بۆ برایەتی مەرجی تەعجیزی و پەكخستن نییە، مەرجەكانمان سادەن و تەنها ئەوەیە پارتی رێكبكەوێت و ئیعتراف بەوە بكات كە ئەوەی تا ئێستا بۆتە عورفێكی سیاسی لەعێراقدا، كە سەرۆكایەتی كۆمار لای كورد دەبێت و سەرۆك وەزیران بۆ شیعەیەو سەرۆكی پەرلەمان بۆ سوننەیە، لەناو ئەو عورفەدا پارتی دەبێت لەگەڵیدا بێت و ئیعترافی پێبكات كە بەبێ مەرج سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەبێت، ئیتر بۆ پۆستەكانی تر پێشتر چۆن رێكەوتووین لەگەڵ پارتی، بەڵام چ یەكێتی و چ پارتی بیرلەوە بكەینەوە پۆست نەخەینە پێش بەرژەوەندی میللەتەوە، پۆستەكانیش دیار بێت كە بۆ خزمەتی خەڵكی كوردستانمانە نەوەكو لە ئێستاوە مەبەستەكەی بەرژەوەندی تایبەتی  بێت بۆ حزبێكی دیاری كراو كەئەوە لای یەكێتی بەتەواوەتی رەتدەكرێتەوە. هاوڵاتى: ئێوە وەك یەكێتی ئامادەنین سازش لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار بكەن بۆ پارتی؟ بێستون سابوراوایی: نەخێر ئەوە بابەتێكە هەر هی موناقەشە نییە، بابەتی سەرۆك كۆمارو هەم بابەتی پارێزگاری كەركوك لای یەكێتی نیشتمانی كوردستان بڤەیەو هیچ گفتوگۆیەكی لەسەر ناكرێت. هاوڵاتى: ئەم وەزعەی كە هەیە خەڵك چی بكات، خەڵك دەرمان و پارەی نەمێنێت چی بكات، یەكێتی بەرپرسیارێتی لەسەرشانە؟ بێستون سابوراوایی: هەموو داهاتەكانی هەرێمی كوردستان لە هەولێر كۆدەبێتەوە. هاوڵاتى: پرسی نەوت كە بەغدا داوای دەكاتەوە چۆن چارەسەر دەكرێت؟ یەكێتی بۆچوونی چییە؟ كە داهاتی نەوت زیادی كردووەو مووچە هەر دوادەكەوێت؟ بێستون سابوراوایی: سیاسەتی هەڵە كە پارتی بڕیاردەرە تێیدا خەڵكی كوردستان بەرەو هەڵدێر دەبات، پێموابێت ئەوە دەرئەنجامی هەڵەی ئەو جۆرە سیاسەتەیە كە لەوانەیە سیاسەت داڕێژەرانی پارتی لەچوارچێوەی حكومەتی هەرێم پێیانوابووبێت كە هەرچی بكەن بۆمان دەچێتە سەر، ئەوە ناچێتە سەر خۆ ئێمە وڵاتێكی جیاواز نین تاكو سیاسەتی خۆمان هەبێت، هەتا ئەگەر وڵاتێكی سەربەخۆش بین هەر ناتوانین سەدا سەد بەموتڵەقی سیاسەتی خۆمان دابڕێژین. هاوڵاتى: یەكێتی بەرنامەی چییە، لامەركەزی دارایی و كارگێڕی جێبەجێ دەكات لەگەڵ بەغدا رێكدەكەوێت چی دەكات؟ خۆ ناكرێت دۆخی خەڵك هەر بەم شێوەیە بێت؟ بێستون سابوراوایی: یەكێتی بەرنامەی خۆی هەیەو لەكاتی خۆیدا دێتە پێشەوە، یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەناشرینكردنی خەڵك، بە رەزیلكردنی خەڵك رازی نابێت. هەموو بژاردەكان لەبەردەم یەكێتی نیشتمانی كوردستان مومكینن بێجگە لەدووئیدارەیی، دووئیدارەییمان قبوڵ نییە، بەڵام هەموو بژاردەكانی دیكە لەبەردەمماندا كراوەیە هەرچی بیشیكەین لەگەڵ بەغدا رێكبین باشە نەك دژی بەغدا بین. هاوڵاتى: لەماوەی رابردوو ئاسۆ مامەند، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاند كە یەكێتی رێگەی نەداوە غاز بەدەردی نەوت ببرێت، ئەمە بۆچوونی یەكێتییە؟ بێستون سابوراوایی: یەكێتی بەهیچ جۆرێك رازی نابێت غازیش بەدەردی نەوتەكە ببرێت، هەڵوێستی خۆمان دیاری كردووەو كە جەنابی كاك بافڵ تاڵەبانی ئەو هەڵوێستەی راگەیاند كە»بەهیچ جۆرێك رێگە نادەین غازەكەش بەدەردی نەوتەكە ببردرێت». هاوڵاتى: مەسرور بارزانی لە ئیمارات رایگەیاند كە ئامادەن غاز هەناردەی ئەوروپا بكەن؟ دواتر قوباد تاڵەبانی چووە ئیمارات؟ ئایا لەگەڵ یەكێتی گفتوگۆی لەسەر كراوە؟ بێستون سابوراوایی: ئەوەی كاك مەسرور وتوویەتی هیچ جۆرە رێككەوتنێكی لەسەر نەكراوە لەگەڵ یەكێتیدا. هاوڵاتى: دیداری یەكێتی، حزبەكە هەڵدەسێنێتەوەو خۆتان رێكدەخەنەوە؟ ئامانجەكەی چییە؟ بێستون سابوراوایی: ئەم دیدارانە لەبنەڕەتدا داخوازی بنكەی جەماوەری یەكێتییە، لەفەترەكانی پێشووتر بۆچوونیان وەربگیرێت بۆ تازەكردنەوەی یەكێتی و گەشەپێدانی یەكێتی و بەخۆداچوونەوەو رەخنە لەخۆگرتن بۆ تەماشاكردنی باڵاو پەیكەری یەكێتی، بۆ چارەسەركردنی خەلەلەكان، ئەگەر ژەنگێك هەبێت و پیربوون و وشك بونێك هەبێت دەستكاری بكرێت و نوێبونەوەی تێدا بێت لەهەمانكاتدا موتوربەكردنیش بەئەفكاری نوێ بۆ پەرەپێدانی یەكێتی لەهەموو  بوارەكاندا جێبەجێ بكرێت.

سازدانی: هاوڵاتى  سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری دەڵێت ئەگەر لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن رێكبكەون بەسازان دەتوانرێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەكاتی خۆیدا بكرێت. دەشڵێت:" پەرلەمانی كوردستان تاكە دامەزراوەیە كە پەیوەندی بەخەڵكەوە هەیەو بۆیە ناهێڵن كارابێت و كاری خۆی بكات، چونكە ئەو دامەزراوەیە پەیوەندی بەخەڵك و ژیانی خەڵك و موعاناتی خەڵكەوە هەیەو با كارابێت و كێشە چییە با لێپێچینەوە لە چوار وەزیر بكات". عەبدوستار مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری لەم چاوپێكەوتنەیدا دەشڵێت:» دوو هۆكار هەیە كە داوای هەمواركردنەوەی ئەم یاسایە دەكەین، یەكەم نوێنەرایەتی راستەقینەی شوێنەكان بكرێن، دووەم رێگەگرتن لەو تەزویرە بەلێشاوەی كە كراوەو پارسەنگی شوێنەكانی دیكەی پێ خراپ كراوە». هاوڵاتى : ئێوەو یەكێتی و گۆڕان و یەكگرتوو یاداشتان داوەتە سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ ئەوەی یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێتەوە، ئەو پرسە گەیشتووە بەچی؟ عەبدولستار مەجید: ئێمە وەك سەرۆكی فراكسیۆنەكان رێككەوتووین لەسەر ئەوەی كە سەبارەت بەیاسای هەڵبژاردن و سەبارەت بە كۆمسیۆن هەیە چارەسەر بكرێت، ئەم دوو بابەتە پەیوەندی بەهەموو لایەنەكانەوە هەیەو رەهەندێكی نیشتیمانی و فراوانی هەیە. هەروەها بۆ ئەوەش كە لەكەشوهەوایەكی ئارامداو دوور لە تەشەنوج و تەوەتوور ئەم هەڵبژاردنە بكرێت، ئێمە بڕیارماندا كە ئەم دوو بابەتە هەوڵدەدەین و پێویستە بە سازان بێت، نابێت بە زۆرینە و كەمینە بێت، چونكە من قەناعەتم بەو زۆرینە و كەمینەیەی ئێستا نییە چونكە زۆرینەیەكی تەزویر دروستكراوە ، گەر نا زۆر ئاساییە زۆرینە و كەمینە كاری پێبكرێت. ئێمە و ئەو حزبانە بۆ یاسای هەڵبژاردن هەریەكە و پڕۆژەی خۆی هەبووە و هەریەكە و پڕۆژەی پێشنیاری خۆی هەبووە سەبارەت بەهەمواری یاسای هەڵبژاردن و هەموویمان كۆكردۆتەوە و شتێكی لێدەرچووەو زۆربەمان خاوەندارێتی دەكەین و ئەمە دەكرێت لەگەڵ فراكسیۆنی پارتی و پێكهاتەكان بێین لەسەری رێكبكەوین. هاوڵاتى : ئەو داواكاریانەی ئێوە داواتان كردووە لەپرۆژەكەتاندا دەكرێت روونكردنەوەی لەسەر بدەن؟ عەبدولستار مەجید: ئەوەی ئێمە داوامان كردووە بریتییە لەوەی هەرێمی كوردستان لەیەك بازنەوە بكرێتە چوار بازنەو پاشان داوامان كردووە تۆماری دەنگدەران كە ئێمە كێشەی تێدا دەبینینەوە و ناوی دووبارەو مردووانی تێدایە پاكبكرێتەوە، ئێمە داوامان كردووەو كۆمسیۆنیش ئامادەیی دەربڕیوە كە دەتوانێت تۆمارێكی نوێی پاكی دەنگدەران ئامادەبكات و ئەوە رێكبخرێت.  هەروەها داوامان كردووە كە پێكهاتەكان بە تایبەت پێكهاتەی مەسیحی كە ئەوان ئاسانترن لەپێكهاتەی توركمان كە تۆمارێكی سەربەخۆی دەنگدەرانی خۆیان هەبێت و خۆیان دەنگ بەنوێنەرەكانی خۆیان بدەن نەك ئەوەی هەموومان بتوانین دەنگ بەنوێنەری ئەوان بدەین، چونكە خەڵك هەیە خەڵكی دیكە دەنگی پێداوەو نوێنەری حزبێكی دیكەیە نەك نوێنەری راستەقینەی پێكهاتەكەی خۆی و كۆمەڵێك بابەت هەیەو بابەتی سەرەكی لە قەزیەكەدا پێمان وایە ئەم یاسایەیە بۆ ئەوەی كە خەڵك متمانەی بۆ پەیدا ببێتەوە گەرموگوڕ بێت لە بەشداریكردن لەپڕۆسەی هەڵبژاردنداو یەكێكە لەهۆكارەكانی گەرمكردنەوەی خەڵك و بەشداری خەڵك هەمواركردنەوەی ئەم یاسایەیە. دوو هۆكار هەیە كە داوای هەمواركردنەوەی ئەم یاسایە دەكەین، یەكەم نوێنەرایەتی راستەقینەی شوێنەكان بكرێن، دووەم رێگەگرتن لەو تەزویرە بەلێشاوەی كە كراوەو پارسەنگی شوێنەكانی دیكەی پێ خراپ كراوە. هاوڵاتى : جیاوازی نێوان ئەو لایەنانەی داوای هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن دەكەن لەگەڵ پارتی و پێكهاتەكان چییە؟ عەبدولستار مەجید: دەبێت گفتوگۆ بكەین و ئەوان لەسەر ئەوە كۆكن كە یەك بازنەیی بێت، دەڵێن نابێت مافی پێكهاتەكان پێشێل بكرێت، ئێمەش لەگەڵ پێشێلكردنی مافیاندا نین و بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوە نین كەئەوان نوێنەرایەتی خەڵك نەكەن لە پەرلەمانی كوردستان، نەخێر ئێمە بەپێویستیان دەزانین، بەڵام نوێنەری راستەقینەی خەڵكەكەی خۆیان بن. هاوڵاتى : نەوەی نوێ لەم پرسەدا لەگەڵ ئێوەدایە یان لەگەڵ پارتی و پێكهاتەكاندایە؟ عەبدولستار مەجید: بەڵێ فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەگەڵ ئێمەدان. هاوڵاتى : چارەسەر بۆ ئەم پرسە چییە و كەی دادەنیشن بەتایبەتی كە سەرۆكی هەرێم بڕیاریداوە هەڵبژاردن لەكۆتایی مانگی ئەیلولدا بكرێت. عەبدولستار مەجید: ئەو ماوەیە پشوو بووە و دەبێت بەلایەنی كەم سەرۆكی فراكسیۆنەكان كۆببینەوە بۆ ئەوەی لەسەر ئەم یاسای هەڵبژاردن و وردەكاریانە رێكبكەوین، ئەگەر رێك نەكەوین بڕوا ناكەم بخرێتە بەرنامەی كارەوە. هاوڵاتى : دەوترێت سەرۆكی هەرێم پێیگەیشتووە كە هەندێ لایەنی سیاسی لەگەڵ ئەوەدان كە هەڵبژاردن دوابخرێت، راستە فراكسیۆنەكان لەگەڵیدان بەڵام وەك لایەنی سیاسی، دەوترێت تۆپەكە فڕێدراوەتە ساحەی كۆمسیۆنەوە تا لەوێوە بە رێككەوتنی هەموو لایەك هەڵبژاردن مانگێك یان شەش مانگێك دوابخرێت؟ عەبدولستار مەجید: ئێمە وەك خۆمان لەبەرژەوەندیمان بێت یان لە زەرەرمان بێت لەگەڵ ئەوەداین كە هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت، لەگەڵ نوێكردنەوەی تەمەنی پەرلەماندا نین و بەشتێكی خراپی دەزانین و یاسایی نییە، ئەگەر دەست و برد بكرێت دەتوانرێت لەكاتی خۆیدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30ی ئەیلولی ئەمساڵدا بكرێت، ئەگەر بێت و لەسەر یاساكە رێكبكەوین هیچ كێشەیەكی دیكەمان نییە. هاوڵاتى : ئەم پڕۆسەیەی هەمواركردنەوەیەو پرسی كاراكردنەوەی كۆمسیاران یان گۆڕینیان  كاتی ناوێت، لەكاتێكدا كۆمسیۆن شەش مانگی دەوێت بۆ كارەكانیان؟ عەبدولستار مەجید: ئەوە كۆمسیۆن دەیزانێت و ئەوە پەیوەندی بەكۆمسیۆنەوە هەیەو پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، ئەوەی پەیوەندی بەپەرلەمانەوە هەیە كە پەلە بكات و هەمواری یاسای هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی ئەنجومەنی كۆمسیاران بخاتە بەرنامەی كارەوە. هاوڵاتى : ئەگەر ئێوەو ئەو لایەنانەی تر لەگەڵ پارتی و پێكهاتەكان بتانەوێت رێكبكەون ماوەی چەندتان پێویستە؟ عەبدولستار مەجید: پێموایە بە یەك هەفتە رێكدەكەوین ئەگەر ئیرادەی رێككەوتن هەبێت دەتوانین بگەینە ئەنجام و رێككەوتن. هاوڵاتى : لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمان قسەتان كردووە كەئەم شتە دوانەكەوێت؟ عەبدولستار مەجید: ئەگەر هەڵە نەبم پێموایە دەبێ ئەمڕۆ پێشكەش كرابێت و جارێ قسەیان لەگەڵدا نەكراوە. هاوڵاتى : قسە لەسەر پەرلەمانی كوردستان هەیە دەوترێت شوێنێكە بووەتە وەزارەتێكی حكومەت لەجیاتی ئەوەی دەسەڵاتەكانی خۆی بەكاربهێنێت، ئەم بۆچوونە راستە؟  عەبدولستار مەجید: سەبارەت بەیاسادانان ئەركێكی سەرەكی پەرلەمانی كوردستانەو بزانە هەر پڕۆژە یاسایەك كە حكومەت ناردبێتی دەستبەجێ خراوەتە بەرنامەی كارەوە یان نا، بەڵام ئایا لەبەرامبەردا ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران كاتێك پڕۆژە یاسایەكیان واژۆ كردووە ئایا خراوەتە بەرنامەی كارەوە یان نا؟ چەند پڕۆژە یاسامان هەیە ئێستا هی فراكسیۆنەكانە هی كۆمەڵێك پەرلەمانتارە، یاداشتە پێشكەشكراوە، چەندی خراوەتە بەرنامەی كارەوە؟ چەندی جێبەجێكراوە؟ بڕوابكە ١٠%شی جێبەجێنەكراوە و نەخراوەتە بەرنامەی كارەوە. هاوڵاتى : بۆچی؟  عەبدولستار مەجید: منیش ئەو قسەیە دەكەم و دەڵێم پەرلەمان ئەو دامەزراوەیە كە سەربەخۆیی خۆی لەدەستداوەو سەربەخۆ نییەو بووەتە پاشكۆی حكومەت و حكومەت بڕیاری بۆ دەردەكات و دەیجوڵێنێت و ئاڕاستەی دەكات و ئەوە زۆر وازحە، كاتێك دەسەڵاتەكانی حكومەت، دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێم تەماشا دەكەین وەكو خۆی دەسەڵاتەكانیان بەكاردەهێنن، ئایا دەسەڵاتەكانی پەرلەمان یان سەرۆكایەتی پەرلەمان وەك خۆی بەكارهێنراوە؟ من دەپرسم.....                                                                               لەڕووە سیاسییەكەیەوە نووسراوە پەرلەمان بەرزترین دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێری و مەرجەعی سیاسی هەرێمی كوردستانە، تا چەند بووەتە مەرجەعی سیاسی هەرێم؟ ئەم هەموو كۆبوونەوەو سیاسەت و ئیتیفاقات و عیلاقاتانە دەكرێت لەگەڵ عێراق و لەگەڵ كوتلەكانداو شیعە پەرتەوازە دەكرێت و كورد خۆی پارچە پارچە دەكات و لەولاوە لە سوننە دەدرێت، پەرلەمانی كوردستان ئەم هێڵە گشتییانە پەسەند دەكات؟ هاوڵاتى : بەشێكیشی پەیوەندی بە ئێوەوە نییە؟ بۆ نموونە لە دەرەوەی پەرلەمان د.رێواس ئەندامی سەركردایەتی یەكێتییەو لەڕێگەی تەنسیقی سیاسییەوە لەئاستی باڵا دەتوانن قسەیان لەگەڵ بكەن، بەهەمان شێوە لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتیدا؟ عەبدولستار مەجید: ئێمە لەسەر ئاستی باڵا قسەمان لەسەر كردووەو وتوومانە پەرلەمانی كوردستان تاكە دامەزراوەیە كە پەیوەندی بەخەڵكەوە هەیەو بۆیە ناهێڵن كارابێت و كاری خۆی بكات، چونكە ئەو دامەزراوەیە پەیوەندی بەخەڵك و ژیانی خەڵك و موعاناتی خەڵكەوە هەیەو با كارابێت و كێشە چییە با لێپێچینەوە لە چوار وەزیر بكات.

سازدانی: ئارا ئیبراهیم وتەبێژی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە هەموو ژێرخانی كارەبا بوونی هەیە بۆ دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری، بەڵام دابین نەكردنی بودجە و سوتەمەنی دوو فاكتەری سەرەكین كە لەدەرەوەی توانای وەزارەتەكەیاندایە، دەشڵێت:» قەیرانی دارایی نەبوویایە لەهەرێم كارەبای یەدەگمان دەبوو دەمانتوانی بیفرۆشینەوە». ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی كارەبای حكومەتی هەرێم لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى، ئاماژە بەوەدەدات كە ئەگەر پلەكانی گەرما بەرز ببێتەوە دوو تا سێ كاتژمێر كارەبا دەتوانین رۆژانە زیاتر بدەین بەهاووڵاتیان، ئێستا كە 12 كاتژمێر كارەبا دەدەین ئەوكات 14 تا 15 كاتژمێر كارەبا دەدەین لەمانگی نیساندا. هاوڵاتى: وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێم باسی لەوەكرد كە بۆ مانگی نیسان كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی زیاد دەكات بۆ هاووڵاتیان، مانگی رابردوو 10 بۆ 12 كاتژمێر بووە؟ چەند زیاد دەكرێت؟ ئومێد ئەحمەد: ئەگەر بە دیاریكراوی دیاربووایە جەنابی وەزیر باسی دەكرد، بەڵام گرفتەكەی ئێمە لەوەدایە كە نامانەوێت بكەوینە ناو ئەو واقعانەی كە چەند كاتژمێرێک بڵێن و وا دەرنەچێت، لەمێژووی ساڵانی رابردوو ئێمە لەناو وەرزی بەهار بەساڵنامە، هەتا ئەمڕۆ  كە گفتوگۆ دەكەین لەناو مەوسمی زستانداین، بەرهەمی كارەبا 300 مێگاوات لەبەرنامەی چاكسازیدا بۆ مانگی نیسان دەگەڕێتەوەو بەر مەبنای ئەوە وەزیری كارەبا وتوویەتی كاتژمێرەكانی كارەبا زیاتر دەبێت، بەڵام چەند دەبێت هێشتا روون نییە، لەبەرئەوەی نازانرێت مانگی نیسان، بە كرداری مانگی چوار دەبێت لەڕووی كەشوهەواوەو پلەكانی گەرما بەرزدەبێتەوە یان شەپۆلی سەرماو باران دەبارێت. ئەگەر پلەكانی گەرما بەرز ببێتەوە دوو تا سێ كاتژمێر كارەبا دەتوانین رۆژانە زیاتر بدەین بەهاووڵاتیان، ئێستا كە 12 كاتژمێر كارەبا دەدەین ئەوكات 14 تا 15 كاتژمێر كارەبا دەدەین لەمانگی نیساندا، بەڵام مەوجەی سەرماو شەپۆلی نائاسایی هەیە، لەزۆربەی ناوچە شاخاوییەكان لە رۆژی نەورۆزدا بەفر باریوە. ئێمە زۆرترین خواستی كارەبا لەوەرزی زستاندا بووەو هەمیشە كارەبا بەدیلی خۆگەرمكردنەوە بووە. هاوڵاتى: تائێستا ملیۆنێك و 250 هەزار هاوبەشی كارەبا پێوەری زیرەكی بۆ بەستراوە، چەندی دیكە ماوە بۆیان ببەسترێت؟ كەی دەخرێتە كار؟ ئومێد ئەحمەد: 500 هەزار زیاتر هاوبەشی كارەبا ماوە پێوەری زیرەكی بۆ ببەسترێت، ئەمە تەنها پێوەرە زیرەكەكانە، هێشتا سۆفت وێرەكەی بڕیارە لەمانگی شەشی ئەمساڵدا تەواو ببێت و زائیدەن سەنتەری كۆنترۆڵەكەی تەواو ببێت ئەوكات بەدڵنیایی پرۆژەی پێوەری زیرەك ئامانجەكەی خۆی دەپێكێت. هاوڵاتى: كارەبا بەپێوەری زیرەک چل ئەمپێر دەدرێت بەهاووڵاتیان یان كەم و زیاد دەكرێت؟ ئومێد ئەحمەد: ئەوانەی پێوەری زیرەكیان هەیە تا ئەم دەقەیە چل ئەمپێرە، ئەوەی لە رابردوودا كردمان بەتایبەت لەم وەرزی زستانەدا كە جەوەكە زۆر ساردبوو ناچاربووین بیكەینە 30 ئەمپێر بۆ ئەوەی  وێستگەكانی كارەبا تووشی سوتان و گرفتی گەورە نەبن لەم قەیرانی داراییەدا نەتوانین چاكیان بكەینەوە، بەڵام راستەوخۆ دوای مانگی شوبات كردمانەوە بەچل ئەمپێر. هاوڵاتى: ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا لەنێوان سێ هەزارو 200 تا سێ هەزارو 400 مێگاواتدایە كە وەزیری كارەباش دەڵێت كێشەی سوتەمەنیمان هەیە نەك ژێرخانی كارەبا بۆ ئەمە چارەسەر ناكرێت؟ ئومێد ئەحمەد: ئەو غازەی كە هەمانە لەدوو سەرچاوەوەیە، سەرچاوەی غازی كۆرمۆر داناغازو ئەوی دیكە لەكێڵگەی خورمەڵە، ئێمە بەهەردووكی 550 ملیۆن پێ سێجا غازمان هەیە، بەڵام بۆ دابینكردنی سوتەمەنی بۆ چارەسەر ئەو وێستگانەی بەغاز كاردەكەن پێویستمان بە 950 تا هەزار ملیۆن پێ سێجا غاز هەیە، بۆ ئەمە بەرهەمی غازی زیاد بكرێت و پایەر پلانی وێستگەی غازی دهۆك كە هەزار مێگاوات كارەبا دەدات بەداخەوە ئەوە راوەستاوە، ئەو كارە كاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكانە كە هەماهەنگیمان هەیەو داتاو ژمارەكانمان پێداون، ئەوان كاریان لەسەر كردووەو بڕیاریانداوە جێبەجێی بكەن. هاوڵاتى: بەڕێزتان لە چاوپێكەوتنێكی هاوڵاتى كە شەش مانگ لەمەوبەر ئەنجامتاندا باستان لەوەكرد كە پێش تەواوبوونی كابینەی نۆیەم دەتوانین كارەبای 24 كاتژمێری بۆ هاووڵاتیان دابین بكەین، ئەگەر بودجەو پێداویستییەكان لەبەردەستدا بێت؟ ئێستاش هەمان قسە دەكەنەوە كە كابینەی نۆیەم تەنها شەش مانگێكی ماوە؟ ئومێد ئەحمەد: ئێمە دامەزراوەیەكی هونەرین بیردەكەینەوەو پلانمان هەیەو ماستەرپلانمان هەیە، بەڵام هەموو فاكتەرەكانی تەحقیق بوونی ماستەرپلانەكەمان لای ئێمە نییە، ئێمە كاردەكەین و محەتەی مۆبایل دادەنێین و خەت رادەكێشین و كێشەی هونەری دروست دەبێت چارەسەری دەكەین و چاكسازی دەكەین، بەڵام ئەوەی لەدەرەوەی ئیرادەی ئێمەیە دوو شتە، یەكێكیان پارەیە كە لای ئێمە نییەو ئەوی دیكەشیان سوتەمەنییە ئەویش لای ئێمە نییە. ئێمە كە وتوومانە ئەوە هەنگاوەكانی ئێمەیە ئەمە جێبەجێ بكرێت دەگەینە ئەوە رەنگە ئەو وردەكارییە تەفسیلییە پێویست نەبێت بۆ خەڵك، دەمانەوێت لەكۆتایی پرۆسەكەدا كەرتی كارەبا بگەیەنین بەكەناری ئارامی، ئەمانەمان هەموو ئامادە كردووە کاتێ: دەڵێین ئەم هەنگاوەی تر دەڵێن پارە نەما، كاتێك كە دەڵێین با ئەوە بكەین دەڵێن سوتەمەنی نییە، ئەمە ناكاتە ئەوەی كە وەزارەتی كارەبا لۆمەكەی بچێتەسەر. هاوڵاتى: ئایا بەرچاوڕوونیتان داوە بەحكومەتی هەرێم لەبارەی دابینكردنی بودجەو سوتەمەنی بۆ گەیشتن بەكارەبای 24 كاتژمێری؟ ئومێد ئەحمەد: نەك ئەوە پرۆژەكان خۆیان قسە دەكەن، بۆ نموونە دروستكردنی وێستگەیەكی 400 وەحدەیی ئەوەندە ملیۆن دۆلارە، راكێشانی خەتێكی سەدو سی و دوو كەیڤی ئەوەندە بودجەكەیەتی دەیان پرۆژەی وامان دەوێت. ئێمە بۆ سوتەمەنی پێویستمان بە 500 ملیۆن پێ سێجای دیكەیە كە ئامادە بكرێت بۆ وێستگەكانی غازی كارەبا، ئەوەیان لای وەزارەتی سامانە سروشتییەكانە، ئەگەر تەواوی ژێرخانی كارەبا لەكاردابێت ئێمە هەموو مانگێك بەلانی كەمەوە سەد ملیۆن دۆلارمان دەوێت بۆ كڕینی وزە، ساڵانە ملیارێك و دووسەد ملیۆن دۆلار دەكات، ئنجا پرۆژەی 400 محەتەیمان بەدەستەوەیە و چەندین پرۆژەی دیكە، تەواوكردنی پێوەری زیرەكمان ماوەو هەمووی پاكێجێكە ئەمانەش پرۆژەی ملیار دۆلارین بۆ كارەبای نیشتمانی. بودجە فاكتەرە بەهێزەكەیە، بەڵام ئەمە كاتی دەوێت، بیناكرنی محەتەیەكی 400 مێگاواتی ساڵێكی دەوێت، راكێشانی هێڵێكی 132 كەیڤی شەش بۆ 10 مانگی دەوێت، ئێمە بەداخەوە لەساڵی 2014 تائێستا كە هەشت ساڵ دەكات جۆرێك لەوەستاندا ژیاوین و ژێرخانەكانمان بردووە بەڕێوەو ئیدارەی ئەوەمان كردووە كەهەمانەو داومانە بەهاوبەشانی خۆمان كە لەبەردەستدا بووە. ئەگەر قەیرانی دارایی نەبوویایە لە 2014داو ساڵانە بودجەمان هەبووایە و بەشی وەزارەتی كارەبا تەرخان بكرایە، ئێستا ئێمە خاوەنی كارەبای یەدەگ دەبووین و دەمانتوانی كارەبا بنێرینە دەرەوەو شتی گەورە بكەین.  هاوڵاتى: پێوەری زیرەك كە تەواو بوو یەكێكە لەو پاكێجەی كە یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەفیڕۆ نەدانی كارەبا؟ ئومێد ئەحمەد: یارمەتیدەرەو باسی ئیمتیازەتەكانیمان كردووەو كۆنترۆڵی خواست دەكات و ئەویش ئامانجی خۆی هەیەو پێویستت بەفراوانكردنی تۆڕەكان هەیە. هاوڵاتى: ئێستا لەلایەن كەرتی تایبەتی هەرێمەوە كارەبا دەدرێت بەموسڵ و كەركوك، بۆچی هەوڵنادەن بەشێك لەو كارەبایە بۆ هەرێم دابین بكەن؟ ئومێد ئەحمەد: كەرتی تایبەت لەماوەی رابردوو لە 2014 شایستە داراییەكانمان بۆ خەرج نەكردوون و گرێبەستمان هەبووە كەوزەكەیان لێ بكڕین، لێمان نەكڕیوون، ئەوەشی كە پێیان داوین شایستە داراییەكانمان پێنەداون، لە 2017 ئێمە سووتەمەنیمان نەبووە بۆیان دابین بكەین، بۆیە رێگەمان پێدان سوتەمەنیان بۆ دابینكراوە لەلایەن حكومەتی عێراقییەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە هەندێ وەبەرهێنەرمان هەبووە بیانی بوون وەك وەبەرهێنی بیانی نەبووەو راناوەستان، نموونەی خەتی توركی كە كارەباكەیان بڕی نموونەی كۆمپانیای ئەدریكۆ لەگەرمیان كە دەبوو مانگانە پارەیان پێبدرێت، بەڵام بەسوپاسەوە وەبەرهێنەرە ناوخۆییەكان، كۆمپانیاكانی(ماس لەسەروو هەموویانەوە، قەیوان، كار) هەرسێكیان قەرزاری ماددی ئەوانین.

سازدانی: شاناز حەسەن سەركردایەتییەكی یەكێتی دەڵێت:»پارتی دیموكراتی كوردستان بەرنامەی تایبەت بەخۆی پەیڕەو دەكات لەكابینەی حكومەتداو لەگەڵ حزب و لایەنەكانی تر راستگۆ نیە»، دەشڵێت:» پارتی هەوڵ بۆ دەستگرتن بەسەر تێكڕای پۆستە سیادیەكانی هەرێم و عێراق دەدات، بێگومان ئەمەش لەلای ئێمەوە قەبوڵكراو نیە «. بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى، ئاماژە بەوەش دەكات كە «تا ئێستاش زۆرێك لە بەرپرسان بەراوردی نابەجێی هەرێم دەكەن لەگەڵ وڵاتانی تردا و لەو بڕوایەدان كە هەرێمەكەمان لەوپەڕی باشیدایە و كەموكورتیەكان زۆر كەمن و وڵاتانی ترو ناوەندی عێراق ئیرەیی بە پێشكەوتنەكانی هەرێم دەبەن، لەڕاستیدا نازانم ئەم بەرپرسانە لەسەر چ هەسارەیەك دەژین». هاوڵاتى: دۆخی ئێستای هەرێم چۆن دەبینن وەك سەركردایەتیەكی یەكێتی؟ بڵێسە جەبار فەرمان: دۆخی هەرێم تا دێت زیاتر بەرەو ناهەمواری و ناسەقامگیری دەڕوات. ئەو ساڵانەی كە مەترسی داعش بوونی هەبوو، هەموو وڵاتانی جیهان روویان لەكوردستان بوو و پاڵپشتێكی گەورەی هەرێم بوون لە شەڕی دژ بە داعش. ئێمە ناومان نابوو شەڕی بەرەنگاری لەمرۆڤایەتی. بەداخەوە نەمانتوانی ئەو شەڕە بەشێوەیەكی جوان ئیستسمار بكەین و لە میدیا جیهانیەكاندا زیاتر وەكو بەكرێگیراوێك دەركەوتین لەبری ئەوەی وەك داكۆكیكەرێك و پارێزەری مرۆڤایەتی دەركەوین.  وەكو وتم ئەمەی كە من دەیڵێم لە دیدی میدیا جیهانیەكانەوەیە، هیوادارم بە هەڵە تێگەیشتن روونەدات. لە دوای تەواوبوونی جەنگی داعش كۆمەڵێك هەڵەی ستراتیجی تر كرا كەپێگەی هەرێمی كوردستانی لەعێراق و لای هاوپەیمانان زیاترو زیاتر بەرەو لاوازی برد. ئێمە لەبەردەم وڵاتانی دراوسێدا زۆر لاوازین ئەمە لەكاتێكدایە كە بەشێكی زۆری ئابووری ئەوان و ساغكردنەوەی شتومەكەكانیان وابەستەیە بەهەرێمی كوردستانەوە. بەڵام دیسانەوە نەمانتوانیوە ئەوە وەكو كارتێكی فشار بەكاربهێنین. ئێستاش ئەوەتا وەكو دەبینین پەیوەندیەكانمان لەگەڵ وڵاتێكی زلهێزی ناوچەكە كە ئێرانە لەوپەڕی خراپیدایە كە ئەمە دەرئەنجامی نەرێنی دەبێت و هەرێم بەرەو ناسەقامگیری زیاتر دەبات. هەروەها لە رووی ئابورییەوە ئەو بڕیارەی دادگای فیدرال سەبارەت بەفرۆشتنی نەوتی هەرێم، دووبارە كاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر سەقامگیری هەرێم. هاوڵاتى: یەكێتی هاوشێوەی پارتی شەریكە لە حكومەتدا، پێتان وایە پارتی بڕیار بەدەستەو یەكێتی و گۆڕان بڕیار بەدەست نین؟ بڵێسە جەبار فەرمان: ئەم حكومەتە كە دروست بوو لەسەر بنەمای بنكەفراوانی دروستبوو. یەكێتی و گۆڕان بە بەرنامەو پاكێژی تایبەت بەخۆیان بەشداربوون لە دروستبوونی حكومەت. بەرنامەی هەموو حزبەكان كۆكرایەوەو داڕێژرایەوە و كرا بەبنەمای كارو بەرنامی حكومەت. بەڵام ئەو بەرنامەیە جێبەجێ نەكرا. لە سەرەتاوە وترا دەبێت چاوەڕێ بكرێت تا كێشەكان چارەسەر دەكرێن و بەو بەرنامانە دەسپێدەكرێت، بەڵام دوای تێپەڕبوونی زیاتر لەسێ ساڵ و كارپێنەكردنی ئەو بەرنامانە ئەوە دەخاتەڕوو كە پارتی دیموكراتی كوردستان بەرنامەی تایبەت بەخۆی پەیڕەو دەكات و لەگەڵ حزب و لایەنەكانی تر راستگۆ نیە و سیاسەتی مباگلە پەیڕەو دەكات. هاوڵاتى: خەڵك بەگشتی نیگەران و توڕەیە لەم دۆخەی ئێستا، پێتوایە دەبێت یەكێتی چی بكات؟ بڵێسە جەبار فەرمان: ماوەیەكی زۆرە دەوترێت میللەت توڕەیە و میللەت لەتەقینەوەدایە. چەندەها جار گردبوونەوەی ناڕەزایی و خۆپیشاندان ئەنجام درا كە زۆرجار توندوتیژی لێكەوتەوە، بەداخەوە حكومەت و حزبەكان كەمتەرخەمن لەگوێگرتن لە ناڕەزاییەكان. تا ئێستاش زۆرێك لە بەرپرسان بەراوردی نابەجێی هەرێم ئەكەن لەگەڵ وڵاتانی ترداو لەو بڕوایەدان كە هەرێمەكەمان لەوپەڕی باشیدایە و كەموكورتیەكان زۆر كەمن و وڵاتانی ترو ناوەندی عێراق ئیرەیی بەپێشكەوتنەكانی هەرێم دەبەن، لەڕاستیدا نازانم ئەم بەرپرسانە لەسەر چ هەسارەیەك دەژین؟ حاشاهەڵنەگرە كە بارودۆخی هاووڵاتیان لەوپەڕی دژواری دایەو دەبێت ئەمە چیتر نادیدە نەگیرێت. یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەزۆرێك لە سیاسەت و ستراتیجیەتی خۆیدا چۆتەوە و لەهەوڵی باشتركردنی پەیوەندیەكانێتی لەگەڵ هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگادا، وەك بینرا لەخوێنكارانەوە دەستپێكراو بێگومان لەسەر ئەو سیاسەت و نەهجە بەردەوام دەبێ. هاوڵاتى: پێتانوایە دوورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگی یەكێتی لەڕووی جەماوەرییەوە لاواز كردووە؟ بڵێسە جەبار فەرمان: حزب دەبێت لە رووی بەرنامە و ستراتیجیەت و كارەكانی هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت، بێگومان میللەتەكەمان لەئاستێكدایە كە  بڕیارەكانی خۆی لە سەر بنەمای هەڵسەنگاندن بدات و وابەستەی نەكات بە كاراكتەرێكەوە. هاوڵاتى: پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لەنێوان پارتی و یەكێتی چارەسەرنەكراو  تەوافوق و رێكەوتن نەكراوە، ئایا ئەمە چ كاردانەوەیەكی دەبێت لەسەر ئاستی هەرێم؟ بڵێسە جەبار فەرمان: بێگومان ئەم كێشەیە لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق رەنگدانەوەی دەبێت. كێشەی نێوان ئەم دوو حزبە لەسەر كورسی سەرۆك كۆمار نیە بەڵكو لەسەر شێوازی دروستبوونی حكومەتە و لەسەر هەوڵدانی پارتیە بۆ دەستگرتن بەسەر تێكرای پۆستە سیادیەكانی هەرێم و عێراق. بێگومان ئەمەش لەلایە ئێمەوە قەبوڵكراو نیە. ئەم هەڵسوكەوتەی پارتی پێچەوانەی ئەو دیموكراسیەت و تەوافقانەیە كە ئیدیعای ئەكات. هاوڵاتى: پێتانوایە پارتی ئەگەر سەرۆك كۆمار ببات، یەكێتی پاشەكشە لەحكومەتی هەرێم دەكات؟ بڵێسە جەبار فەرمان: حكومەتی هەرێم بەخەبات و تێكۆشانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هاتۆتە كایەوە. ئێمە خۆمان بە بەرپرس دەزانین و لەو بڕوایەداین بۆ باشتركردن و گۆڕینی حكومەت دەبێت لەناو حكومەتەوە كاربكرێت. هاوڵاتى: پێتانوایە پرسی سەرۆك كۆمار ململانێی ئیران و سعودیەو توركیایە نەك یەكێتی و پارتی؟ بڵێسە جەبار فەرمان: عێراق بە شێوەیەكی گشتی و ئەم هەرێمەی ئێمە بەشێوەیەكی تایبەتی هەمیشە گۆرەپانی ململانی وڵاتانی ترو سیاسەتی وڵاتە زلهێزەكان بووە. ناوچەكەمان ناوچەیەكی جیۆپۆلەتیكی گرنگە بۆ دەستبادانی یەكتری وڵاتان. شاراوە نیە كە هەریەك لەم وڵاتانە و وڵاتانی تریش لە هەوڵی چەسپاندنی باڵادەستی خۆیانن بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەكانیان. هاوڵاتى: بڕیار دراوە هەڵبژاردن لەمساڵدا بكرێت، ئایا یەكێتی ڕەزامەندە بەبێ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، هەڵبژاردن بكرێ؟  بۆچونێكیش هەیە ساڵێك دوابخرێت و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیشی لەگەڵ بكرێت؟ بڵێسە جەبار فەرمان: كێشە تەنها لە هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردندا نیە بەڵكو بەسەرچوونی ماوەی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی هەرێم گرفتێكی گەورەیە. ئەوەی دەبێت ئاماژەی پێ بكرێت ئەوەیە كە مەترسیەكی گەورە لەئارادایە لەلایەن ناوەندەوە بۆ ئیلغاكردنەوەی كۆمیسیونی باڵای هەڵبژاردنەكانی هەرێم. من جارێكی تریش ئاماژەم پێی داوەو بەداخەوە بەهەند وەرنەگیراو. گەر ناكۆكیەكانمان لەسەر كاراكردنەوەی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بەردەوام بێت دەرگا بۆ نەیارانمان دەكاتەوە لە دادگای فیدرالی عێراق تانە لەیاسایی بوونی ئەو دامەزراوەیە بدرێت. زۆرێك لەو بڕوایەدان هەڵبژاردن بابەتێكی نیشتیمانیە و دەبێت هەموو هەڵبژاردنێك لەلایەن كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە سەرپەرشتی بكرێت. ئەم بابەتە بەتایبەتی لەدوای ڕێفراندۆمەوە چەند جارێك وروژێنراوە. ئەمەش هەروەك بڕیاری دادگای فیدرالی لەبارەی فرۆشتنی سەربەخۆیی نەوتەوە لێدانێكی تر دەبێت لە پێگەی حكومەتی هەرێم. بێگومان ئیستا زۆرێك وەڵام دەدەنەوە كە نەخێر شتی وا نیە و نابێ و هەروەك چۆن لەمەسەلەی نەوتدا ساڵانێك ئەو مەترسیەمان خستەڕوو و كەس گوێبیست نەبوو. دواتر بێینە سەر سیستێمی هەڵبژاردن، ئێمە لەو بڕوایەداین یەك بازنەیی هیچ دیموكراسی نیەو گەر بێتو بمانەوێ میللەت نوێنەری باوەڕپێكراوی خۆی هەڵبژێرێت ئەوا دبێت هەڵبژاردن فرە بازنەیی بێت. هەروەها لەو بڕوایەداین كە هیچ دادپەروەریەك لە شێوازی دەستنیشانكردنی كەمینەكاندا نیەو لەڕاستی دا ئەو كەمینانەی ئێستا لە پەرلەماندان ئەوەندەی نوێنەرایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەن، نیوئەوەندە نوێنەرایەتی كەمینەكانیان ناكەن. بابەتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و شارەوانیەكان بێگومان گرنگی و بایەخی خۆیی هەیە و دەبێت بە هەمان شێوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان گرنگی پێبدرێت. ساڵانێكە ئەم دوو دامەزراوەیە هەڵبژاردنیان بۆ نەكراوە و دەسەڵاتیان قۆرغ كراوە. ئەم بابەتە دەبێت ببێت بەبابەتی گەرمی ڕۆژو گفتوگۆی زیاتری لەبارەوە بكرێت. هاوڵاتى: ئەم دۆخەی ئیستای ناوخۆی هەرێم كە لایەنە سیاسییەكان نا تەبان چ دەرئەنجامێكی لێدەكەوێتەوە؟ بڵێسە جەبار فەرمان: زۆركات مەترسیەكانی سەر هەرێم خراونەتەڕوو ، هەمیشە لەو بڕوایەدابووم ناتەباییەكانی نێوان خۆمان دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوە و لەباربردنی ئەم تەجروبەی حوکمڕانیەی كورد.

سازدانی: هاوڵاتى ئەندامێكی ئەنجومەنی دامەزرێنەرانی كۆمەڵی دادگەری ئاماژە بە رووداوەكانی ئەو كاتە دەكات كە ئەمریكا مووشەك بارانی ئەنساری كردووەو دەڵێت:» ئەوەی لە كتێبی رۆژمێری پێشمەرگەیەكی كاك محەمەدی حاجی مەحمودا باس كراوە ئەسڵی نییەو پارە نەدراوەتە مامۆستا عەلی باپیر، بەڵكو دوای دوومانگ لە چۆڵكردنی كۆمەڵ لەو ناوچەی خورماڵ وەك قەرەبوو یەكێتی پارەی داوەتە كۆمەڵ بۆ ئەو خەڵكانەی ماڵ و حاڵیان لەوێدا هەبووە». بیلال سولەیمان، ئەندامی ئەنجومەنی دامەزرێنەرانی كۆمەڵی دادگەری لەمچاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى دەشڵێت:» ئەم پرسە سیاسییە و پەیوەندی بە هەڵوێستی كۆمەڵی دادگەرییەوە هەیە كە لەبەرەی گەلەو دەیانەوێت تەشهیر بە كۆمەڵ و سەركردایەتی و شەخسی جەنابی مامۆستا عەلی باپیر بكەن». هاوڵاتى: كتێبی رۆژمێری پێشمەرگەیەكی محەمەد حاجی مەحمود باسی كۆمەڵ و عەلی باپیر دەكات كە بڕی 250 هەزار دۆلاری لە مام جەلال وەرگرتووە؟، ئەم پرسە چۆنە؟ بیلال سولەیمان: پێموایە كاكە حەمە ئەو شتانەی كە نوسویەتی لەو كتێبەدا خۆیشی قەناعەتی پێی نییە، بەڵام نازانم بۆ كردوویەتی، دیارە ئێمە ئەوكات رێككەوتنێكمان هەبووە لەگەڵ یەكێتی بۆ بەشداری كردن بووە لە حكومەت، ئێمە لە سنوری خورماڵ و هەڵەبجە هیچ گومرگمان دانەناوە، بەڵام رێككەوتنێكمان لەگەڵ یەكێتی هەبووە كە بەشداریمان كردووە لەو حكومەتدا و چەند خاڵ و بەندێكی تێدایە، وەرگرتنی ئەو پارەیە كە كاكە حەمە باسی كردووە شتی وانییەو مامۆستا عەلی باپیر لەژیانیدا نەمبیستووە وەك شەخس وەریگرتبێت دەبوو بدرێتە دارایی كۆمەڵ، كاتێك دارایی وەرینەگرتووەو مامۆستا عەلی باپیریش ئینكاری دەكات كە نەیبینیوە نازانم كاكە حەمە ئەو پارەیەی لەكوێوە هێناوە بۆ خۆی وەریگرتووە یان بەكسێكدا نێردراوەو نەدراوەتە كۆمەڵ ئەوەیان خوا دەیزانێت.  هاوڵاتى: بۆچی دوای دوو رۆژ لەموشەكیبارانی ئەمریكا كاكە حەمە پەیوەندی بە بەرێزتانەوە كردووە؟ بیلال سولەیمان: كاكە حەمە پەیوەندی پێوە كردم كە وتی پەیامێكم هەیە بۆ مامۆستا عەلی باپیر لەلای مام جەلالەوە، وتم بۆ قسە لەگەڵ خۆی ناكەیت وتی تەلەفونەكەیم بۆ وەرناگیرێت، من لە تاران بووم دیارە تەلەفونەكەی خۆی داخرابوو ئەوكات سورەییا هەبوو لەرێگەی تەلەفونی كاك دڵشاد گەرمیانی پەیوەندیم كردو وتم دەمەوێت لەگەڵ مامۆستا عەلی باپر قسە بكەم وتی چەند خولەكێكی دیكە دەگەمە لای دیارە ئەوكات فرۆكە بەسەر ناوچەكەدا دەسورایەوە و موشەك دەدرا لە ناوچەكە، دواترمن قسەم لەگەڵ مامۆستا عەلی باپیر كردو وتم كاكە حەمە پەیامێكی بۆتان هەیەو دەیەوێت قسەت لەگەڵ بكات، ئیتر بەتەلەفونێك قسەم لەگەڵ كاكە حەمە دەكردو بە تەلەفونێكی دیكە قسەم لەگەڵ مامۆستا عەلی باپیر دەكرد، نەدەتوانرا بەیەكەوە قسە بكەن و تەلەفونەكەم كرد وام كرد هەردووكیان گوێیان لەیەكتر بێت و قسە بەیەكەوە بكەن. كاكە حەمە پەیامەكەی ئەوەبوو كە جەنابی مام جەلال دەیەوێت وەفدێك بنێرێت و دانیشتن بكرێت لە گوڵەخانە كەدەكاتە 24ی 3ی 2003، ئیتر مامۆستا عەلی باپر وتی وەڵامتان دەدەمەوە، ئەوكات مامۆستاو ئەندامانی دیكەی كۆمەڵ لە شاخدا بوون لە پشتە ناو لەپشتی خورماڵ. هاوڵاتى: واتا كاكە حەمە دەویست نێوەندگیری بكات لەنێوان كۆمەڵ و یەكێتی؟ بیلال سولەیمان: دەكرێت نێوەندگیری بڵێن هەرچەند مام جەلال رایسپاردبوو، كە وەفدی هەردوولا پێكەوە دابنیشن. هاوڵاتى: ئەحمەد قەدەفەری بەرپرسێكی یەكێتییە لە شارەزوور دەڵێت مامۆستا عەلی باپیر نەك 250 هەزار دۆلار 300 هەزار دۆلاریشی لە مام جەلال وەرگرتووە؟ بیلال سولەیمان: ئەو لێوانەیم خوێندەوە كە دەڵێت لەبەرانبەر ئەو خانوو موڵكانەی ئەندامانی كۆمەڵ و سەركردایەتی كە لەو ناوچەیە بەجێهێڵدراوە، ئەوە دوو تا سێ مانگ دوای چۆڵكردنی كۆمەڵ بووە لە خورماڵ و دەوروبەری، ئەو ماڵانەی لەوێ بوون كە ماڵەكانیان چۆڵ كردبوو، ماڵەكان هی ئەندامانی كۆمەڵ بوو یەكێتی دەستی بەسەردا گرتبوو، داوامان كرد ئەوانە هی ماڵی ئەندامانی كۆمەڵن، مام جەلالیش وتی بۆ ئەوەی كێشە دروست نەبێت قەرەبوویان دەكەمەوە، ئەوەبوو كۆمەڵێك قەرەبوو كراوەتەوە، ئەوە قەرەبووی ئەندامانی كۆمەڵ بووەو پەیوەندی بە حزبەوە نەبووە. هاوڵاتى: پێتانوایە بۆچی ئەم پرسە لەم كاتەدا دەوروژێندرێت دوای نزیكەی بیست ساڵ؟ بیلال سولەیمان: ئەم پرسە سیاسییە و پەیوەندی بە هەڵوێستی كۆمەڵی دادگەرییەوە هەیە كە لەبەرەی گەلەو دەیانەوێت تەشهیر بە كۆمەڵ و سەركردایەتی و شەخسی جەنابی مامۆستا عەلی باپیر بكەن، هەر ئەوەیە. هاوڵاتى: ئایا ئەم پرسە گرژی لەنێوان كۆمەڵ و سۆشیالیست دروست كردووە؟ بیلال سولەیمان: دەكرێت ئەو مەوزوعە وەك هەر شتێكی دیكە تێپەرێت، كاكە حەمە بەنوسین هێرشی كردووەو دەكرێت ئەوانەی ئاگاداری ئەو دۆخەبوون بەنوسین وەڵامی بدەنەوە. هاوڵاتى: شەریف عەلی باپیر، كە كوڕی سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری دەكات لەسەر ئەو پرسە وشەیەكی بەرانبەر كاكە حەمە بەكارهێناوە كە تەشهیرە؟ بیلال سولەیمان: ئەوە تەعبیر لە رەئی خۆی دەكات، ئەوانەی ئاگاداری ئەو دۆخەن دەكرێت وەڵام بدەنەوە. هاوڵاتى: وتەبێژی كۆمەڵ دەڵێت كە بودجەمان لە یەكێتی وەرگرتووە لەوكاتەدا؟ بیلال سولەیمان: بەڵێ‌ كۆمەڵ بەپێی رێككەوتننامەی تاران بودجەی لە یەكێتی وەرگرتووە، كە مانگانە دوو ملیۆن دینار بدرێت بە كۆمەڵ. پێشتر بزوتنەوەی یەكبوونی ئیسلامی هەبوو دوای ئەوەی ئیعلانی كۆمەڵ كرا كە لەگەڵ یەكێتی گفتوگۆ كرا بۆ دابینكردنی ئەو بودجەیە. هاوڵاتى: كۆمەڵی دادگەری لەئێستادا هیچ بودجەیەك لە حزبەكانی دەسەڵات یان حكومەت وەردەگرێت؟ بیلال سولەیمان: ئێستا هیچ بودجەیەكمان نییە.

سازدانی: ئارا ئیبراهیم یەكێك لەو حەوت كەسەی چاودێری كارەكانی گۆڕان دەكەن بۆ گەیشتن بە كۆنفرانسی نیشتمانی دەڵێت:» پارتی رێككەوتنی حكومەتی بەرانبەر گۆڕان جێبەجێ نەكرد، ئەگەر ئەوان ئەو رێككەوتنەیان جێبەجێ بكردایە وەك خۆی ئێستا دۆخەكە وای لێ نەدەهات و دەشڵێت:» پێویستە گۆڕان بڕیار بدات». نزار مەحمود، یەكێك لەو حەوت كەسەی چاودێری كارەكانی گۆڕان دەكەن بۆ گەیشتن بە كۆنفرانسی نیشتمانی لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى ئەوە دەخاتەروو كە» هیچ وەزارەتێك بە وەزارەتی دارایشەوە هیچ دەسەڵاتێكیان نییەو تەنها هەندێ كاروباری رۆژانە جێبەجێ دەكەن». هاوكات جەختی لەوەشكردەوە كە»بۆ دابینكردنی مووچە حكومەت تەنها 350 ملیۆن دۆلاری داهاتی نەوت دەدات بە وەزارەتی دارایی، ئەوی دیكەی بەپێی رێكەوتنێك پارتی بەرێژەی لەسەدا 57 و یەكێتی بەرێژەی لەسەدا 43% داهاتەكان دەدەنەوە بەوەزارەتی دارایی و ئەوی دیكەی لای خۆیانە». هاوڵاتى: ئێوە وەك حەوت كەس دیاری كراون بۆ ئەوەی سەرپەرشتی گۆڕان بكەن تا دەگەنە كۆنفرانس، كە بڕیاربوو لەمانگی شوبات ئەنجام بدرێت؟ بۆچی نەكراوە؟ نزار مەحمود: وادەكەی بە فەرمی دیاری نەكرا، رەئییەك هەبوو كە لەمانگی شوباتدا كۆنفرانسی نیشتمانی ببەسترێت، بەڵام بریاری لەسەر نەدراوە، چونكە لە راستیدا ئەم پرسە پەیوەندی بە رێكارەكانییەوە هەیە تا كاتەكەی دیاری بكرێت. كاتەكەی لە ژووری یاسایی و هەڵبژاردنی گۆڕانەوە هەیە، ئەوانیش بەپێی تەواوبونی رێكارەكان وادەكەی دیاری دەكەن، راستە ئێمە پەلەمانە بەڵام هێشتا رێكارەكان تەواو نەبووە. هاوڵاتى: چیتان كردووە وەك حەوت كەسە بۆ ئەوەی گۆڕان لەم قۆناغە رزگاری ببێت و بگاتە كۆنفرانس؟ نزار مەحمود: جگە لە ئێمە لیژنەیەكی باڵای كۆنفرانسمان هەیە ئەوانەی كە راپۆرتەكانیان لایەو نزیكەی حەوت راپۆرت ئامادە دەكرێت، هەر راپۆرتێك لیژنەی فەرعی خۆی هەیەو ئیشیان لەسەر كردووە بۆ ئەوەی تەواو ببێت و ئێمەش جۆرێك لەهەماهەنگیمان هەیەو چاودێری كارەكەیان دەكەین. قۆناغەكە گۆڕانكاری دیكەی پێویستە، هەندێ لە راپۆرتەكان لەسەدا 80% تەواو بووە، بەڵام گۆڕانكاری دیكەی پێویستە و دەبێت بە شێوەیەكی دیكە مامەڵەی لەگەڵدا بكەیت، بەتایبەت وەزعێكی نوێ بۆ گۆڕان هاتۆتە پێشەوە كە هەم لە بۆچونەكان و هەڵوێستەكانەوە بێتە دی. هاوڵاتى: گۆڕان لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كورسی بەدەست نەهێنا، بەڵام ئایا یەكسانە بە سفر؟ نزار مەحمود: ئێمە حزبێكی سیاسین بەرنامەیەكی هەیەو دەڵێت دەنگ بدەن بەم بەرنامەیە بۆ ئەوەی بۆتان بكەم، بەشێكی خەڵك لەوانەیە قەناعەتت پێ بكاو بەشێكی پێت نەكات، ئێمە لەسەر هەندێ هەڵەی رۆژانە كە كردوومانە و ئەوانەی دەنگدەرمان بوون قەناعەتیان بەو وەزعە نەبووەو دەنگیان پێ نەداین، ئەمە ناكاتە ئەوەی كە  واز لە عەمەلییەی سیاسی بهێنین، حزبی سیاسی دایمە دەبێت كار بكات و لەهەوڵدا بێت. هاوڵاتى: ئایا بزوتنەوەی گۆڕان دەبێتەوە بەو بزوتنەوەیەی پێشتر؟ نزار مەحمود: ئێمە هەر ئەو بزوتنەوەیەی پێشترین، مرۆڤیش هەڵەو كەموكوری هەیە، ئێستا كە زانی كەموكوری هەیە پێداچونەوە بە خۆیدا دەكات. هاوڵاتى: پێتانوایە بەشداری كردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا بە زەرەر بەسەر گۆڕاندا شكایەوە؟ نزار مەحمود: ئێمە كە بەشداری حكومەتمان كردووە بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی بووەو دەنگیان پێدا بە دەرچەیەكی باشمان دەزانی كە ناكرێت هەر ئۆپۆزسیۆن بین و داوای چاكسازی بكەین، با خۆمان بچین و كار بكەین بۆ ئەنجامدانی چاكسازی لەناو حكومەتدا، هەر چۆنێك بێت ئەم میللەتە رزگار بكەین ئەگەر چاكسازییەكی كەمیش بكەین هەر باشە، بەڵام دیار بوو جەماوەرەكەی ئێمە ئەوەیان پێ قبوڵ نەكرا. هاوڵاتى: پێتانوایە پارتی لە ئاست ئەو بەڵێنەدا نەبوو كە رێككەوتنتان لەگەڵدا كردووەو بەندەكانی جێبەجێ نەكردووە؟ نزار مەحمود: بە تەئكید ئێمە رێككەوتنمان لەگەڵ پارتیدا هەبووە، جا ئەگەر ئەوان ئەو رێككەوتنەیان جێبەجێ بكردایە وەك خۆی ئێستا دۆخەكە وای لێ نەدەهات. كاتێك كە بەشداریمان لە حكومەتدا كرد بۆ ئەوەبوو كە چاكسازی بكرێت كاتێك بەرنامەكەی خۆیان هێنا پارتی هیچی لەوەی ئێمە كەمتر نەبوو بۆ چاكسازی، ئێمە بینیمان ئەوان ئاوا چاكسازیان بوێت و یەكێتی داوای دەكرد، وتمان بە هەموولایەك چاكسازی دەكەین، بەڵام هیچی جێبەجێ نەكرا. ئێستا دۆخەكە خراپترە لەو كاتەی كە ئێمە بەشداریمان لە حكومەتدا كردووە كە ئەوكات دوو ئیدارەیی كاڵ بوبویەوە، بەڵام ئێستا دوو ئیدارەیی تۆخ بووتەوەو دەستگرتن بەسەر داهاتەكاندا زەقترە هەموومان دەزانین كە كێڵگەكانی نەوت و گاز هەر بە ئیجار لە حكومەت وەرگیراوە،  تەنها بڕی 350 ملیۆن دۆلاری داهاتی نەوت دەدرێتە وەزارەتی دارایی و ئەوی دیكەی دیار نییە، نەوتی خاو بە 40 دۆلار بوو هەر ئەو برە دراوەتە وەزارەتی دارایی و ئێستاش كە لەسەرو سەد دۆلارەوەیە هەر ئەو بڕە دراوەتە وەزارەتی دارایی. هاوڵاتى: ئەوەندەی ئاگادار بین نیگەرانییەكەی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی پەیوەندی بەوەوە هەیە یان پرسی داهاتی ناوخۆ بووە؟ نزار مەحمود: ئەو نیگەران بووە لە داهاتە ناوخۆییەكان و ئەو گرفتانەی كە لە بانكەكان هەبووە بەتایبەت ئەوەی لە سلێمانی هەیە، دیارە عیلاقەی بە بانكەكان هەبووەو ئیجرائاتەكانی وەزیری دارایی جێبەجێ نەكرا، حكومەت كەمتەرخەم بووە تێیدا. هاوڵاتى: دۆخێك دروست بووە خەڵك لە نۆرەی وەرگرتنی مووچەدا گیان لەدەست دەدات، سویلە لە بانكەكاندا نییە، گۆڕان وەزارەتی دارایی و ئاوەدانكردنەوەو بازرگانی و كارو كاروباری كۆمەڵایەتی لایە كە هەمووی پەیوەندی راستەوخۆی بە خەڵكەوە هەیە چوار وەزارەتی ئابووریانەن، ئایا دەسەڵاتیان نییە؟ نزار مەحمود: هەریەك لەوەزارەتەكان گرنگن، باسی وەزارەتی دارایی دەكەم كاتێك ئەو وەزارەتە گرنگی هەیە و هەندێ بڕیار بدات كە هەموو داهاتەكان بێتەوە نێو خەزێنەی وەزارەتی دارایی، وەك رەئی خۆم دەیڵێم هیچ وەزارەتێكی ئەم حكومەتی هەرێمە بەوەزارەتی دارایشەوە هیچ دەسەڵاتێكیان نییە، تەنها هەندێ كاروبار بەشێوەی رۆتینی جێبەجێ دەكەن، داهاتی نەوت لەسەدا 50ی نایاتەوە خەزێنەی وەزارەتی دارایی، داهاتەكانی ناوخۆ بەرێككەوتنی پارتی و یەكێتی كە داهاتەكان 57 بە 43 تەسلیمی وەزارەتی دارایی بكەنەوەو ئەوی تری ببەن بۆ خۆیان، هیچ مانایەك بۆ هیچ وەزارەتێك نییە بەتایبەت وەزارەتی دارایی. ئەو داهاتەی كە بۆیان دیاری كراوە بۆ دابین كردنی مووچە، 350 ملیۆن دۆلاری داهاتی نەوتە، ئەوی دیكەی پارتی لەسەدا 57ی دابین دەكات و یەكێتی لەسەدا 43ی داهاتەكانی گومرگ و باج و رسوماتەكان دەداتەوە بە وەزارەتی دارایی و ئەوی دیكەی بۆ خۆیانە، گۆڕان زەرەرمەندی یەكەم بووە، بەدەرەجەی یەكەم گۆڕان زەرەرمەندەو چونكە بزوتنەوەی خەڵك و دەنگدەرەو دەیەوێت كار بكات و هیچ مانایەك بۆ مانەوەی گۆڕان لە حكومەتدا نەماوە. هاوڵاتى: بۆچی گۆڕان بریار نادات لەم پرسە بێتە دەرەوە؟ نزار مەحمود: پێویستە گۆڕان بریاری یەكلاكەرەوە بدات، گۆڕان تووشی حاڵەتێك هاتووەو دوای دەستلەكاركێشانەوەی رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەراندن ئێستا گۆڕان مەشغولی كاروبارەكانی ناوخۆی خۆیەتی ئەگینا گۆڕان پێویستی بەوەیە بریار بدات. بە دوو سێ رێگا كار لەسەر ئەم پرسە دەكات بۆ بەرێوەچوونی كارەكان، گۆڕان بە سیستم ئیش دەكات، گۆڕان رێكخەری گشتی و مەكتەب سیاسییەكەی نەماوە حزبێكی دیكە بوایە ئێستا نەیدەزانی چی دەكات.

  سازدانی: شەنای فاتیح پسپۆرێكی مێژوویی و زمانی كوردی دەڵێت:" تەنیا كورد بەخوێن بەرگری لەنەورۆز كردووە و شەهیدی بۆ داوە"، دەشڵێت:" نەورۆز لەسەرەتاوە لەكوردستان سەری هەڵداوەو بەدنیادا بڵاوبووەتەوە". دكتۆر مەولود ئیبراهیم، مامۆستای كۆلێژی زمان لەزانكۆی سەڵاحەدین لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی  ئاماژە بەلایەنە مێژووییەكانی جەژنی نەورۆز دەدات كەكورد چۆن ئەو یادەیان بەرز راگرتووە پێش میللەتانی دیكە. هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو كە پڕۆژەی نێوەندی نەورۆز  پڕۆژەی ئەوانەو چەندین ساڵە بڵاوی كردووتەوەو هەوڵێكە بۆ ئەوەی كە بتوانن هاوچەرخانەو زانستیانە سود لەجەژنی نەورۆز ببینن و بیكەن بەپردی پێكەوە بەستنەوەی كوردستان لەگەڵ هەموو ئەم وڵاتانەی لەكۆنەوە ساڵانە نەورۆز پیرۆز دەكەن. هاوڵاتی : وشەی نەورۆز لە چیەوە هاتووە ؟ دكتۆر مەولود ئیبراهیم: نەورۆز ناوی جەژنێكی كۆنە، كۆنییەكی دوازدە هەزار ساڵەیی، لەو مێژووە دوورو درێژەدا ناوی ئەو جەژنە گۆڕانێكی زۆری بەسەردا هاتووە و بەزۆر زمان ناونراوە ، بەڵام لەهەموو ناوو زمانەكاندا لەوە دوور نەكەوتووەتەوە كە مەبەست جەژن و سەری ساڵ بێت! لەكۆنترین ناوی كە لەنووسراوە كۆنە سۆمەریەكاندا ناوی هاتووە نزیكەی پێنج هەزار ساڵ دەبێت ، بە زەگموك - ناوی هاتووە ، كە ئەو ناوە بە سۆمەری دەكاتە ..جەژنی سەری ساڵ ، ساڵی نوێ، رۆژی نوێ ، ساڵێ نوێ، لەنوێیشدا مەبەست نوێبوونەوەی ژیان و سروشت و زیندووبوونەوەی دەمموزیە! دەمموزی خوداوەندی داستانی (دەمموزو ئیستار= عەشتارە) كە بەپێی ئەفسانەو ئایینی كۆنی سۆمەریەكان، شەش مانگ دەچیتە ژێر زەوی و لەڕۆژی یەكەمی مانگی یەكەمی ساڵی نوێی سۆمەری دا زیندوو دەبێتەوە . كەدەكاتە ١/١/ساڵی نوێ و دەكاتە رۆژی یەكەمی مانگی نەورۆزی ساڵی نوێی كوردیمان، هەندێ جار لەگەڵ (ئەكیتۆ ) تێكەڵ كراوە، بەڵام  بەڕای من ئەكیتۆ جەژنێكی جیایە لەگەڵ زەگموك، ئەكیتۆ لە یەكی نیساندایە! ئەو جەژنە -نەورۆز- چۆن بەهۆی كۆنیەكەیەوەو وەك بەشێك لەئایین و كلتوری سۆمەریەكان لەگەڵ تەواوی شارستانیەتەكەیان هەرزوو بە چوار دەوردا بڵاوبووەتەوە، لەمیسر بە (شم النسیم) ناسراوە، لەهەندێ وڵات بەجەژنە بەهارە ناو دەبردرێ، لەسەردەمی ئیمپراتۆریەتی  ساسانیە كوردكان بە (نوك ڕۆژ ) دەناسرا ، نوك واتە نوێ، رۆژیش هەر رۆژەكەی خۆمانە، لەشاهنامەی فیردەوسی بە (نوروز ) و باباتاهیری هەمەدانی بە -نەورۆز- ناوی هێناوە ، نەورۆز ناوێكی هاوبەشە لەنێوان  كوردی و فارسیدا ، لەفەرهەنگی فارسیدا نووسراوە : (نەورۆز وشەیەكی زمانی فارسی ناوەڕاستەو ریشەكەی لەئاوێستاوە هاتووە) ئەوەش زانراوە كە ئاوێستا قۆناغێكی زمانی كوردیە! هەروەها لە(زەمانی زوو نەورۆز بەناوەكانی -ناوا سردا- واتە ساڵی نوێ، هەروەها - نوسارد - و نوسارجی - ناوبراوە ، نو نوی كوردیەو- سار- ساڵی كوردیەو جی - یش پاشگرە . ئەگەر بەپێی فەرهەنگی فارسی نەورۆز ریشەكەی ئاوێستایی بێت و لەسەردەمی ساسانیان كە بەشێوە زاری -پەهلەوی ساسانی- دواون و نوك رۆژیان پێ گوتبێ ، كەواتە نەورۆز پتر ناوێكی كوردیە تافارسی! نەورۆز لە -نەو - و -رۆز - پێكهاتووە، نەو و نو- و - رۆزكوردو فارس هەردوكیان بەكاریان دەهێنن، بەڵام ، ئێستا لەهەموو جیهان ئەو جەژنە كۆنە بە ناوی( نەورۆز) ناسراوە . هاوڵاتی : بەڵگە چییە كە نەورۆز كۆنترین جەژنە لەهەموو جیهاندا؟ دكتۆر مەولود ئیبراهیم:  هەموو پسپۆرو شارەزاكان لەمێژووی كۆن و شوێنەوارو شارستانییەتی سۆمەریەكان، لەسەر ئەوە كۆكن كە جەژنی -زەگموك -ی سۆمەریەكان كۆنترین جەژنی مرۆڤایەتیە، هیچ سەرچاوەیەك تائێستا باسی جەژنێكی لەوە كۆنتریان نەكردووە ، ئەو جەژنە لەداستانی -دەمموزو ئیستار، عەشتار- دا باسكراوە ، پسپۆران داستانی دەمموزو ئیستار بۆ سەردەمی كشتوكاڵی ئەشكەوت و سەرهەڵدانی كشتوكاڵ دەگەڕێننەوە، ئەو زەمەنەش دەكاتە (١٠هەزار ساڵ ) پێش زایین، كە ئێستا دەكاتە (١٢ هەزار ساڵ) هەر پسپۆرانی شارستانییەت و كلتوری سۆمەریەكان جەژنی زەگموك بەجەژنی نەورۆز دەزانن، بەهۆی ئەوەی كە باپیرانی سۆمەریەكان لەكوردستان بوون و نەورۆزو زەگموك لەهەمان رۆژی یەكەمی ساڵی نوێی سۆمەری و كوردی دا دەكرێن بەجەژن، زۆرن ئەوانەی كە زەگموك و نەورۆز بەیەك جەژن دەزانن ، بۆ نموونە : هینری فرانكفۆرت شوێنەوارناس لە لێكۆڵینەوەیەكدا بەناوی ( گقوس تموزیە فی كردستان - سروتە دەمموزیەكان لەكوردستان) لەساڵی ١٩٣٢دا دەڵێ: ٠كوردەكان لەنەورۆزدا هەمان شت دەكەن كە سۆمەریەكان لە جەژنی زەگموك دا دەیانكرد ). هەروەها دكتۆر خەزعەل ماجدی لە كتێبی ئایینی سۆمەری دا دەنووسێ: جەژنی نەورۆز هەمان جەژنی زەگموكی سۆمەریەكانە . بۆ نموونە: هەردوو جەژن لەڕۆژی یەكەمی ساڵی نوێیە كە هەردوو ساڵی نوێی سۆمەری و كوردی لەیەك رۆژدا دەستپێدەكەن و سەرەتای بەهارە و كۆتایی زستانە، لەهەردوو جەژن ئاگر دەكرێتەوە و زۆر هۆی تر .  هەروەها ئەو جەژنە لە سۆمەریەكانەوە گەیشتووە بە هەموو نەتەوەكانی تر وەك ئەكەدی و بابلی و ئاشوریەكان، دیسان گوتیەكان و میتانیەكان و هوریەكان و لولوبیەكان و ئیلامیەكان و میدیەكان و كاردۆخیەكان و ساسانیەكان و هەموو ئەوانەی دێنەوە نێو مێژووی كورد جەژنی نەورۆزیان وەك جەژنێكی كۆن بەجەژنی خۆیان زانیوە و هەر بۆیە تائێستاش ئەو جەژنە كۆنە بەردەوامە و جەژنی لەوە كۆنتر تائێستا باس نەكراوە ! هاوڵاتی : چۆن دەیسەلمێنرێت نەورۆز لە كوردستان سەریهەڵداوە؟ ئەی بۆچی دەوترێت نەورۆز تایبەتە بەنەتەوەی فارس؟ دكتۆر مەولود ئیبراهیم: پێشتر گوتمان جەژنی  نەورۆز لە جەژنی زەگموكی سۆمەریەوە هاتووە، سۆمەریەكان خۆیان و باپیرانیان لەكوردستان بوون، ئەوە رای زۆربەی هەرە زۆری سۆمەرناسان و شارەزایانی مێژووی كوردستان و دوو رووبارانن، كە سۆمەریەكان لە كوردستان بوون و نەورۆزیش لەجەژنی زەگموكی داستانی دەمموزی و ئیستاری سۆمەریەوە هاتبێ و ئەو داستانەش داستانێكی كۆنی سۆمەریەكان بێت ئەو داستانەش بۆ سەردەمی كشتوكاڵی ئەشكەوت دەگەڕێتەوەو كۆنترین كشتوكاڵیش لەكوردستان سەری هەڵداوە، كەواتە ئەو جەژنە لەكوردستان سەری هەڵداوەو زەمەنەكەشی بۆ زیاتر لە دوازدە هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە، ئەو جەژنە لەزیندووبوونەوەو هاتنەوە سەر دنیای دەممووزی  دەستپێدەكات، كە پێشتربە شەش مانگ دەمموزی دەچێتە جیهانی ژێرەوەو بندنیای سۆمەریەكان واتە- عالم السفلی-ی سۆمەریەكان، ئێمە لەدوو ساڵی رابردوو لە لێكۆڵینەویەكی زانستیدا ئەوەم سەلماند كە شاری - دێرینكۆیۆی ژێرزەمینی - كە هەشت چین لەژێر چینەو دەكەوێتە كوردستانی باكوور، ئەو شارە ژێر زەمینیە زۆر لەگەڵ چوونە خوارەوەی دەمموزی و ئیستارو ئیننەنا دەگونجێ، چۆن هەر یەكێك لەوانە كە دەچنە خوارەو، دەبێ - حەوت دەرگا - ببڕن و لە هەر دەرگایەك بەشێك لەپۆشاكەكانیان داكەنن، ئەو شارە هەشت چین لەژێر چینەش، ئەو شوێنەیە كە دەمموزی و ئینەناو ئیستار لێیەوە جوونەتە خوارەوە. كەواتە جەژنی نەورۆز هەمان جەژنی زەگموكی سۆمەریەكانەو ئەو جەژنەش كۆنترین جەژنی جیهانەو سۆمەریەكانیش خۆیان و باپیرانیان لەكوردستان بوون و كەواتە جەژنەكەشیان لەكوردستان سەری هەڵداوەو هەر لەكوردستانیش بەدنیادا بڵاوبووەتەوە . هاوڵاتی : ئایا نەورۆز تایبەتە بە نەتەوەی فارس؟ كە ساڵانە سیانزە بەدەر پەیڕەو دەكەن لەنەورۆزدا؟ دكتۆر مەولود ئیبراهیم: راستیەكەی دەگوترێ جەژنێكی ئێرانییە، بەڵام ، نەمبیستووە بڵێن نەورۆز تایبەتە بە نەتەوەی فارس! بەهۆی ئەوەی كە ئێران وەك دەوڵەت و لەمێژە بەفەرمی  ساڵانە یادی ئەو جەژنە دەكاتەوە، ئەمە وای كردووە كە ئێران خۆی بەخاوەنی نەورۆز بزانێ و جیهانیش زۆرتر دەوڵەت دەبینێ تا نەتەوەی بێ دەوڵەت!! هەروەها لەساڵی ٢٠١٠ دا نەتەوەیەكگرتووەكان نەورۆزی وەك جەژنێكی كلتوری ئاشتی  بەجیهان ناساند، ئەمەش لەسەر داوای چەند دەوڵەتیك بوو، لەوانە ئێران، توركیا، ئەفغانستان..و زۆری تر. هەر بۆیە دواجار نەتەوەیەكگرتووەكان نەورۆزی وەك جەژنێكی ئیرانی -فارسی ناوبردو گوتیان تەمەنی (٣٠٠٠) ساڵە و لەڕۆژی ٢١/٣ی هەر ساڵ رۆژی جەژنی نەورۆزە! لەمەدا نەتەوەیەكگرتووەكان لەهەرسێ پێناسە بەهەڵەدا چووە! یەكەم : نەورۆز وەك پێشتر باسم كردو سەلماندمان تەمەنی (١٢) هەزار ساڵە نەك (٣) هەزار ساڵ! ئەو جەژنە ریشەكەی ئێرانی نیە، بەڵكو لەكوردستان سەری هەڵداوە، ئەمەش زۆر لێكۆڵەری ئێرانی ئەم راستیەیان باسكردووە بۆ نموونە (خەیام ) كە ساڵنامەی جەلالی داناوەو ساڵنامەكەی لەڕۆژی نەورۆز دەستپێدەكات، ریشەی نەورۆز دەباتەوە سەر خوداوەندی گیاو سەوزایی و -دەمموزی - دیسان لێكۆڵەر ( دكتۆر ژاڵە ئاموژگار) دەنووسێ: نەورۆز لە زەگموكی سۆمەری هاتووەو تەمەنی ٤٥٠٠ ساڵە . هەروەها (دكتۆر چیا‌و صدر الاشرافی) دەنووسێ : (سۆمەریەكان لەسەرەتای بەهار جەژنێكی گەورەیان هەبوو ١٢ دوازدە  رۆژی دەخایاند، كە دەكاتە نەورۆزی خۆمان ) دیسان لێكۆڵەر (خەسرەو قولی زادە) رێوڕەسمی یادكردنەوەی نەورۆز بەهەمان رێوڕەسمی یادی زیندوو بوونەوەی دەمموزی دەچوێنی و بەیەك جەژنیان دەزانێ ، (میهرداد بەهار) مێژووناسی كوردی ئێرانی  نەورۆز بەجەژنی سۆمەریەكان دەزانێ و تەمەنی بە ٧٥٠٠ ساڵ دەخەمڵێنێ! زۆر لێكۆڵەری تریش! ئەم لێكۆڵەرە ئێرانییانە وەك ئەوەی نەورۆز بەجەژنی سۆمەریەكان دەزانن، ئەوە تەمەنیشی بۆ ٧٥٠٠ ساڵ دەگەڕێننەوە ، نەك (٣٠٠٠) هەزار ساڵ!!. دەمێنێتەوە ئەوەی ئایا نەورۆز لە ٢١/٣ دا دەكرێ ؟ ئەوەی راستی بێت رۆژی ١/١ ساڵی نوێی كوردی و سۆمەری رۆژی جەژنی نەورۆزە ، ٢١/٣ دەكەوێتە بەرامبەر  رۆژی نەورۆز  بەساڵنامەی زایینی ، پێویستە ئێمە نەورۆز لەنێو ساڵ و ساڵنامەی كوردی دا ببینین ، نەك ساڵنامەی زایینی ! هاوڵاتی : بۆچی دەوترێت نەورۆز تایبەتە بەنەتەوە ئاریەكان؟ لەكاتێكدا ئەكەدی و ئاشوری كە لەنەتەوەی سامین یادی نەورۆزیان كردووتەوە؟ دكتۆر مەولود ئیبراهیم: نەورۆز هەر لەسەرەتاوە بەچوار دەوری سۆمەریەكاندا بڵاوبووەوەو بەرەو بەجیهانی بوون چوو، هەربۆیە ئێستا لەكۆنیدا زۆر نەتەوە بەهی خۆیان دەزان، ئەكەدی و ئاشوریش لەسەر شارستانیەتی سۆمەریەكانەوە پێگەیشتوون و زۆر سودیان لەسۆمەریەكان بینیوە و جەژنی زەگموك - نەورۆز- یشان بە هەمان شیوە لەسۆمەریەكانیان وەرگرتووە ، جگە لەوان بابیلیەكانیش جەژنی نەورۆزیان وەك جەژنی خۆیان پیرۆزكردووەو هەتا لەمێژوودا بە -نەورۆزی بابیلی- ناسراوە، بۆ ئەوەی كە هەندێ بەجەژنێكی ئاری دەزانن ، ئەمەش لەوەوە هاتوووە كە كوردو هەتا سۆمەریەكانیش هەندێ مێژووناس بە ئاریان دەزانن و ئەمەش دوور نیە لەڕاستی و ئێستاش ئەو میللەت و وڵاتانە زۆرن كە نەورۆز بەهی خۆیان دەزانن   . هاوڵاتی : بۆچی نەتەوە یەكگرتووەكان نەورۆزی بە بۆنەیەكی ئێرانی ناساندووە ؟ تاچەند ئەم ناساندنە پەیوەندی بەنەبوونی دەوڵەتێكی كوردییەوە هەیە؟ دكتۆر مەولود ئیبراهیم: پێشتر باسمان كرد، ئێران وەكو دەوڵەت لەگەڵ چەند دەوڵەتێكی تر داوایان لە نەتەوەیەكگرتووەكان كردبوو كە نەورۆز وەك جەژنێكی جیهانی بناسێنن، لەنێو دەوڵەتەكانی داواكردوو، ئیران لەهەمووان لەپێشتر بوو، بەداخەوە دەوڵەتی عێراق لەگەڵ ئەم داواكردنە نەبووە! دەنا لەڕاستیدا كە ئێستا هەرێمی كوردستان بەشێكە لەعێراق، نەورۆزیش جەژنێكی عێراقیە بەپێی جوگرافیایەكەیەوە، ئەوەش زۆر راستە چۆن كورد دەوڵەتی نەبوو دەنا كورد لەهەمووان لە پێشترە بەبەڵگەی مێژوویی و جوگرافی پتر لەهەمووان خاوەنی نەورۆزە .  هاوڵاتی : پەیوەندی نێوان ئایینی زەردەشتی و جەژنی نەورۆز لەچیدایە؟ دكتۆر مەولود ئیبراهیم: لەسەرەتاوە جەژنی نەورۆز - زەگموك -ی سۆمەری تەواو جەژنێكی ئایین سۆمەریەكانە! پاشتر هەر میللەت و ئایینێكی كە نەورۆزیان وەرگرتووە ، هەوڵیان داوە وەك جەژنێكی ئایین خۆیان، ئاهەنگی بۆ بگێڕن و پیرۆزی بكەن، بۆ ئایین زەردەشتیش هەروا بوو ، شتێك هەیە نەورۆز لەسەرەتاوە ئاگری بۆ كراوەتەوە و ئاگر رەگەزێكی گرنگ و گەورەی جەژنی نەورۆز بووە، چۆن زەردەشتیەكانیش ئاگریان وەك هێمایەكی گرنگی ئایینەكەی خۆیان زانیوەو لە ئاتەشگەدەی زەردەشتی بەردەوام ئاگر داگیرساوەو وەك روناكی دژی تاریكی و ئەهریمەن و هێمایەك بووە بۆ رۆژ، لێرەوە بوو كە هەندێ كەس زەدەشتیەتیان بەئاگرپەرستی دەزانی و ئاگری نەورۆزیشیان وا لێكدەدایەوە كە ئاگرپەرستیە، دەنا نەورۆز چەند هەزار ساڵێك پێش پەیدابوونی ئایینی زەردەشتیە،  سەرەتا موسڵمانەكانیش نەورۆزیان رەتكردەوە، دواجار لەنەورۆزدا باج و خەراجیان كۆكردەوە  چۆن پاشا ساسانیەكان ئەوانیش لەجەژنی نەورۆزدا دیاری و باج و خەراجیان بۆ دەهات، موسڵمانەكان لەپەراوێزی باوەڕی دینیدا نەورۆزیان بەزۆر مێژووی خۆیانەوە گرێ داوە ، وەك ئەوەی ئەو رۆژەی خودا جیهانی دروستكرد، رۆژی نەررۆز بوو، ئەو رۆژەی خودا ئادەمی دروستكرد رۆژی نەورۆز بوو، ئەو جۆرە باوەڕە ئایین و میللییانە زۆرن كە نەورۆز بەزۆر رووداوی مێژوویی و كەونی دەبەستنەوە. هاوڵاتی : بۆچی تائێستا حكومەتی  هەرێم و حكومەتی عێراق كەمتەرخەم بوون بەرامبەر ئەو هەڵەیەی كە نەتەوەیەكگرتووەكان كردوویەتی  و راستیان نەكردووتەوە؟ دكتۆر مەولود ئیبراهیم: ئەوەی راستی بێت تا ئێستا من نەمبیستووە چ حكومەتی عێراق و چ حكومەتی هەرێم باسیان لەم بابەتە كردبێ! من بۆ خۆم ئەمە بۆ سیاسەت دەگێڕمەوە ، چۆن ئێستا نە حكومەتی عێراق و نە حكومەتی هەرێم نایانەوێ ئەم فایلە بكەنەوەو لەگەڵ ئێران رووبەڕووببنەوە! لەكاتێكدا ئەمە مافێكی رەوای عێراق و كوردستانە و بۆ ئەم مافەش هەموو بەڵگەكان لەبەرژەوەندی عێراق و كوردستانەدایە؛ هیوادارم ئەم مافە رەوایە چیتر بێدەنگی لێنەكرێ و بەشیوەیەكی فەرمی هەوڵی جددیانەی بۆ بدرێ و ئێستاش داوابكرێ هەر باشەو چیتر درەنگ نەكەوێ ! بەداخەوە ئێستا ساڵانە نەتەوەیەكگرتووەكان و زۆر وڵات ساڵانە  پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لەئێران دەكەن! لەكاتێكدا دەبوایە لەعێراق و كوردستان بكرێ! راستكردنەوەی ئەم هەڵەیە كە جەژنی نەورۆز ریشەكەی ئێرانی نیەو عێراقی و كوردستانیە! سودی زۆری بۆ كوردستان و عێراق هەیە، لەهەموو روویەكەوە. ئێمە ساڵی ٢٠١٠ پاش ئەوەی نەتەوەیەكگرتووەكان ئەوەی بڵاوكردەوە، كەنەورۆز ریشەكەی ئێرانییەو تەمەنی (٣٠٠٠) ساڵە، نامەیەكم بۆ سكرتێری  گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان نووسی و لەڕۆژنامەكان بڵاومكردەوەو لەكتێبەكەشمدا جارێكی تر راستیە مێژووییەكانم خستە بەرچاو، بەداخەوە چۆن من وەك خۆم ئەمەم كردو هیج نێوەندێكی دەسەڵات پشتگیری ئەم هەوڵەی ئێمەی نەكردو دەنگمان نەگەیشتە نەتەوە یەكگرتووەكان و هەرچەندە لەڕاگەیاندنەكان زۆرمان باسكردو خستمانە بەرچاوو گوێی هەموو لایەك .   هاوڵاتی : هۆی چیە تائێستا (نێوەندی نەورۆز) دانەمەزراوە؟ دكتۆر مەولود ئیبراهیم: پڕۆژەی نێوەندی نەورۆز، پڕۆژەی ئێمەیە و چەندین ساڵە بڵاوم كردووتەوەو هەوڵێكە بۆ ئەوەی كەبتوانین هاوچەرخانەو زانستیانە سود لەجەژنی نەورۆز ببینین و بیكەین بەپردی پێكەوە بەستنەوەی كوردستان لەگەڵ هەموو ئەم وڵاتانەی لەكۆنەوە ساڵانە نەورۆز پیرۆز دەكەن و لەگەڵ هەموو جیهان، بتوانین نەورۆز بكەین بە بۆنەیەكی جیهانی و چالاكی هونەری و ئەدەبی و شانۆیی و سینەمایی و ئاهەنگ و گۆرانی و گەشت و گەشتی شوێنەواری وەرزشیی لەكوردستان و بەهاوبەشی هەموو ئەو وڵاتانەی كە مێژوویەكی دوورو درێژیان هەیە لەگەڵ نەورۆزدا،  هەروەها هەموو جیهان، ساڵانە لەنەورۆزدا دوازدە رۆژ ئاهەنگی گەورەو هەمەجۆر لەشارەكانی كوردستان و بەهاوبەشی تیپ و نێوەندە هونەری و ئەدەبیەكان و سازكردنی پێشبڕكێی هەمەجۆرو بەخشینی (خەڵاتی نەورۆزی) بەكەسە براوەو تیپە سەركەوتووەكان، ئەمەش دەبێتە هۆی چالاكیەكی گەورەو دەرگای كارو كاسبی بۆ هەزاران گەنج و بێكار دەكاتەوە ، بەهاتنی تیپە هاوبەشەكانی دەرەوەو گەشتیارەكان، گەرم و گوڕیەكی زۆر دەخاتە نێو وڵات و ئابووری كوردستان دەبوژێنێتەوە لەم سەردەمی بێكاری ئەم هەموو گەنج و دەرچووەی نێوەندەكانی خوێندن . هاوڵاتی : ئەو نەتەوانەی نەورۆز بەموڵكی خۆیان دەزانن كێن ؟ دكتۆر مەولود ئیبراهیم: ئێستا زۆر نەتەوە نەورۆز بەجەژنی خۆیان دەزانن، ساڵی ٢٠١٠ كە نەتەوەیەكگرتووەكان جەژنی نەورۆزی كرد بەجەژنێكی جیهانی، لەسەر داوای ئازەربایجان و ئەفغانستان و ئێران و توركمانستان و توركیاو تاجیكستان و قەرەغیزستان و كازاخستان بوو، دواتر وڵاتانی ئەلبانیاو كۆماری مەقدۆنیاو هیند چوونە ناو داواكارانی پرۆژەكە،  واتە ئەم وڵاتانە هەمویان نەورۆزیان بەهی خۆیان دەزانی ، هەتا كە بەناوی ئێران بڵاوكرایەوە وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان توڕەبوو دانیشتنەكەی بەجێهێشت  و چووە دەرەوە، ئەوە توركیاش ئەمەی قبول نەبوو كە نەورۆز ریشەی ئێرانیەو نەورۆزی بەهی خۆی دەزانی، لەكاتێكدا بەئاگر رێی لەكورد دەگرت كە نەورۆز پیرۆز بكەن و دەیخستنە بەندیخانە! پێشتر گوتمان نەورۆز هەر لەسەرەتاوە بەرەو جیهانی بوون چوو ، هەربۆیە نەتەویەكی زۆر لەپێش زایین و بەهەزاران ساڵە نەورۆز وەك جەژنی نەتەوەییو وڵاتی خۆیان دەناسن، بەڵام هیچ یەك لەو وڵات و نەتەوانە هێندەی كورد بەڵگەی مێژویی و جوگرافی و كلتوریان لەبەردەستدا نیە! هاوڵاتی : كورد چۆن دەڕوانێتە نەورۆزو جیاوازی نەورۆز چیە لەنێوان كوردو میللەتانی تر كە ئەوانیش لەكۆنەوە نەورۆز پیرۆز دەكەن؟ دكتۆر مەولود ئیبراهیم: نەورۆزی كورد زۆری جیایە لەنەورۆزی میللەتانی تر! لەڕووی مێژووییەوە هەر لەسەرەتاوە لەكوردستان پەیدابووەو ئێستاش بووە بەشێك لە مەرجی نەتەوەیی بوونی كورد، میللەتان نەورۆز وەك بۆنەیەك و گەشت و سەیرانی بەهارە نەورۆز دەبینن و بووە بە جەژنێكی كلتوری لای ئەوان، بەڵام؛ لای كورد جەژنێكی نەتەوەییەو بە خوێن پاراستوویەتی و نەورۆزی تیكەڵ خەباتی نەتەوەیی خۆی كردووەو لەنەورۆزان خەبات و تێكۆشانی كورد گەرم تر دەبێت و داگیركەرانیش توندتر دژایەتی كورد دەكەن و تائێستا بەسەدان كورد لەپێناو گەش ڕگرتنی ئاگری نەورۆز گیانی خۆیان كردووەتە قوربانی و شەهید بوون لەو پێناوە، ئەمەش لەهەموو پارچەكانی كوردستان ئاوایە، بەڵام؛ تائێستا نەمانبیستووە كە جگە لەداگیركەرانی كوردستان هیچ دەسەڵاتێك نەورۆزی لە هاووڵاتیانی خۆی قەدەغە كردبێت! واتە نەورۆز بۆ كورد بەخوێن و خەبات تێكەڵ مێژووەكەی بووە، هەربۆیە -خەباتی نەورۆزی - مێژوویەكی دوورو درێژو بەرهەمێكی ئەدەبی زۆری لێكەوتووەتەوە، بەتایبەت ئەدەبی خەبات و تێكۆشان و قوربانیدان، كە ئەمە لەمێژووی میللەتانی تر نابیندرێ!