جوان رۆژبەیانی لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی کۆمیتەی ناوەندنی پارتی دەڵێت:  دوو شاندی دانوستانکاری جیاواز بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستنیشانکران. شێوازی گفتوگۆی شاندەکە بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی دەستکەوتەکانی هەڵبژاردن دەبێت. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی کانوونی یەکەمی 2025، کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی و بە ئامادەبوونی جێگران و ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی بەڕێوەچوو. لەوبارەوە جوان ڕۆژبەیانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتوێ کران و دوو شاندی دانوستانکاری جیاواز بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دیاری کران. سەبارەت بە شێوازی دانوستانەکان، جوان ڕۆژبەیانی ئاماژەی بەوە دا، ئەمجارە بەگوێرەی دەستکەوتەکانی هەڵبژاردن، شێوازی گفتوگۆی شاندەکە بۆ پێکهێنانی حکوومەت جیاوازتر دەبێت لەوەی پێش هەڵبژاردن. لەسەر پرسە سیادییەکان، ڕۆژبەیانی ڕوونی کردەوە: "پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی کوردە، بەڵام مەرج نییە ئەو پۆستە تەنیا بۆ پارتی یان یەکێتی بێت، بۆیە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت کە بەر چ لایەنێکی کوردی دەکەوێت." لە کۆتاییدا ڕایگەیاند، گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەردەوام دەبێت و باس لە دابەشکردنی پۆستەکانیش دەکرێت. جەختیشی کردەوە: "ئەگەر پێشتر پارتی سازشی لەسەر هەندێک پۆست کردبێت بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی ، ڕەنگە ئەمجارە شێوازی گفتوگۆکان گۆڕانکارییان بەسەردا بێت.

سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، حکومەت بەرەو جێگیرکردنی نرخی دراو هەنگاو دەنێت نەک ناوەناوە گۆڕینی، جەختیش دەکاتەوە کە یەدەگی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ 108 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە و قەرزە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی سەر عێراقیش 47 تریلیۆن دینارە. محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی عێراقییەی حکومی ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا یەدەگی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ 108 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە، یەدەگی زێڕی عێراقیش لە 130 تۆنەوە بۆ 172 تۆن بەرزبووەتەوە، کۆی قەرزی دەرەکی عێراقیش 10 ملیار و 56 ملیۆن دۆلارە، کۆی قەرزی ناوخۆش 34 تریلیۆن دینارە. محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ كەناڵی عێراقیە: 🔹پێشبینی دەکەم چیتر پەنا بۆ بودجەی سێ ساڵە نەبەین. 🔹بودجەی عێراق لە ساڵی 2024دا 24 ملیار دۆلار بووە. 🔹ژمارەی فەرمانبەران لە ساڵی 2025دا چوار ملیۆن و 550 هەزار فەرمانبەرە. 🔹ژمارەی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی دوو ملیۆن و 960 هەزار کەسە.  🔹  (43)ملیۆن هاوڵاتی سودمەندن لە پسوڵەی بەشە خۆراکی.  🔹 چوار ملیۆن و (500) هەزار کەسی ناشایستە بەشە خۆراکیان وەرگرتبوو. 🔹 ساڵانە زیاتر لە 22 ترلیۆن دینار بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا خەرج دەکرێت. 🔹 ساڵانە 6 ترلیۆن دینار بۆ چاودێری کۆمەڵایەتی تەرخان دەكرێت. 🔹 لە بودجەی ساڵانە بڕی 12 ترلیۆن دینار بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان تەرخان دەکرێت. 🔹چاکسازی بەرچاومان كردووە بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان و بەفیڕۆدانی دارایی. 🔹 پێداچوونەوە بە گرێبەستەکانی پێشووی کارەبادا بووە هۆی پاشەکەوتکردنی 43%ی تێچووی پێشوو.  🔹هەندێک رێکخستنی دامەزراوەیی رەتدەکەنەوە، چونکە لەسەر ئاژاوە دەژین. 🔹 سیستەمی ئەسیكۆدا بە ڕوونی جێبەجێ کراوەو کۆنترۆڵی دەروازەو گومرگی هەیە. 🔹 کارمان کرد بۆ کاراکردنەوەی سیستمی باج بە شێوەیەک کە زیان بە هاووڵاتیان نەگەیەنێت. 🔹 هیچ وڵاتێکی جیهانی نییە  قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی نەبێت. 🔹هەموو ئەو بودجانەی لەلایەن حکومەتەکانی پێشووەوە پەسەندکرابوو، کورتهێنانی دارایی هەبووە. 🔹 کۆی قەرزی دەرەکی 10 ملیارو (56) ملیۆن دۆلارە. قەرزی دەرەکی عێراق لە نێو وڵاتانی ناوچەکەدا کەمترین ئاستە. 🔹 قەرزی ناوخۆ نزیکەی ٣٤ ترلیۆن دینار. 🔹 حکومەتی داهاتوو بەهۆی کورتهێنانەوە ناچار دەبێت قەرز بکات. 🔹 دەكرێت قەیرانی دارایی بە بێ زیانگەیاندن بە هاووڵاتیان تێپەڕێنرێت. 🔹 دۆخی دارایی عێراق جێگیرەو یەدەگی دراوی بیانی بۆ 108 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە. 🔹 یەدەگی زێڕی عێراق لە 130 تەنەوە بۆ 172 تەن زیادی کردووە. 🔹 رێژەی هەڵاوسان لە 7.5% بۆ 2.7% دابەزیوە. 🔹 حکومەت توانیویەتی کەلێنی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو کەم بکاتەوە. 🔹خواستی سەقامگیریمان هەیە لە جێگیرکردنی نرخی ئاڵوگۆڕ و نەگۆڕینی هەموو كاتە نا كاتێك. 🔹پشتگیریمان لە چاکسازی لە بانکە ئەهلییەکان و گەڕانەوەیان بۆ بازاڕ کرد.. 🔹کاتی ئەوە هاتووە پێداچوونەوە بە نایەکسانیەکانی پێوەرەکانی مووچەی کەرتی گشتیدا بکرێت.  🔹 (34)یاسا و فەرمانی تایبەت بە مووچەی کەرتی گشتی هەیە. 🔹 یاساکانی تایبەت بە دەرماڵەی زیادە کە زیاتر لە 60%ی مووچە پێکدەهێنن، دەبێت هەموار بکرێتەوە.  🔹 (50%) کاتەکانم بۆ چاودێریکردن و پەرەپێدانی کەرتی تایبەت تەرخانکراوە. 🔹مۆڵەتی وەبەرهێنانمان بەخشیوە بە بەهای 100 ملیار دۆلار بۆ پڕۆژەکانی ئێستا. 🔹 وەبەرهێنان هەیە کە لە گفتوگۆدایە کە زیاتر لە ١٠٠ ملیار دۆلارە. 🔹  (66)شەقام لە شاری سەدر پەرەپێدەدرێت لە بەرامبەر مۆڵەتی وەبەرهێنان بە بڕی 200 دۆنم. 🔹 پرۆژەی پەرەپێدانی چوار کێڵگەی نەوتی کەرکوک بەهای 26 ملیار دۆلارە. 🔹 بەهۆی شەفافیەتی ئەو ڕێکارانەی کە حکومەت پەسەندی کردبوو، کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل گەڕایەوە. 🔹 کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل و شیڤرۆن و هالیبێرتۆن خاوەنی تەکنەلۆژیا و تەکنیکە مۆدێرنەکانن. 🔹 شارە نیشتەجێبونەکان بژاردەی جێگرەوە بۆ هەموو چینە کۆمەڵایەتییەکان دابین دەکەن. 🔹 سوتانی غازی هاوەڵ دەبووە هۆی زیانی ساڵانەی  ٥ ملیار دۆلار.

هاوسەرۆکی پەیەدە رایگەیاند: تورکیا دەستوەردان لە کاروباری سوریا دەکات و وەک ویلایەتێکی خۆی سەیری دەکات، هەر ئەویش رێگرە لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئادار، سەرەڕای ئەوەی رێککەوتنەکە گەرەنتی ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە، بەڵام تورکیا سورە لەسەر ئەوەی هەسەدە بێ چەک بێت. غەریب حەسۆ، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند: ماوەی ساڵێک بەسەر تەمەنی حکومەتی کاتی سوریادا تێپەڕیوە، بەڵام خەڵکی سوریا بەدەر لە ئازار هیچ شتێکی لەم حکومەتە نەچنیوەتەوە، چونکە باوەڕی بە فرەڕەنگی نییە. هەموو گروپە توندڕەوەکان بە داعشیشەوە لە خۆیدا کۆکردوەتەوە. نازانین حکومەتی راگوزەر چی سودێک لەم کارانەدا دەبینێت. لەو چاوپێکەوتنەیدا لەگەڵ ئاژانسی فوراتنیوز، غەریب حەسۆ رایگەیاند: بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانر 10ـی ئادار لە نێوان حکومەتی کاتی سوریا و ئیدارەی خۆبەرێوەبەرییدا واژۆ کراوە و کاریگەرییە ئەرێنییەکانیشی دەرکەوتن، بەڵام دیمەشق هەنگاوی پێویستی نەگرتوەتەبەر. بەوتەی حەسۆ، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ئامادەن بۆ چارەسەر، بەڵام تورکیا رێگرە، وتیشی: "بۆ جێبەجێکردنی ماددەکانی رێککەوتنی 10ـی ئادار شاندەکانمان ئامادەن، چونکە بە تەنها بابەتی بەرگری ناگرێتەوە، بەڵکو لایەنی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابوری، ژن و گەنجانیش لە خۆ دەگرێت، بەڵام لایەنی بەرانبەر تەنها جەخت لەسەر لایەنی سەربازی دەکەنەوە." ووتیشی: "کورت و پوخت تورکیا رێگرە لە بەرکاربوونی رێککەوتنی 10ـی ئادار، قسەی سەر زمان و بن زمانی تورکیا بچووکردنەوەی هەسەدەیە، هەسەدە لەگەڵ دیمەشقدا گەیشتە ئاستێک لە رێککەوتن، بەڵام تورکیا و دیمەشق رێگرن لە کردەیبوونی رێککەوتنەکە. هاکان فیدان هەڕەشە لە ئیدارەکەمان دەکات، وتەبێژی ئاکەپە هەمانشێوە. ئەم دۆخە لە سوودی گرووپە توندڕە و نەژادپەرستەکانە. لە دژی ئێرادەمان دەوەستنەوە و پەرە بە گوتاری رقئامێز دەدەن، تورکیا دەستوەردان دەکات، بەڕاستی بەم شێوەیە هاوپەیمانی درووست نابێت." سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی، غەریب حەسۆ نیگەرانی خۆی نیشاندا و رایگەیاند: تورکیا دەستی داوەتەوە پرۆسەیەک و تاوتوێی چارەسەری دەکات. بێگومان ئێمەش پشتگیری دەکەین و هیوادارین بگات بە ئامانج، بەڵام راستییەکی تاڵە، ئەو سیاسەتەی تورکیا لە سوریادا بەڕێوەی دەبات مەترسییەکی گەورەیە لەسەر پرۆسەکە." غەریب حەسۆ، هاوسەرۆکی گشتی پەیەدە جەختی لەوەکردەوە چارەسەری لە سوریادا بە دیالۆگ دێتە ئاراوە ووتی: “ترسی تورکیا لە کشانی مۆدێلی ئیدارەی خۆبەڕیوەبەریە بەسەر هەموو سوریادا. گەر تورکیا دەیەوێت رۆڵی هەبێت لە ئاشتییدا دەبێت لەگەڵ هەموو لایەنەکان دیالۆگ بکات. دەبێت دەرگای دیالۆگ لەگەڵ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریدا بکاتەوە و کۆتایی بە داگیرکارییەکانی لە سوریادا بهێنێت و لەم وڵاتە بچێتە دەرەوە.”

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت: هێزەكانی سوریای دیموكرات، كە رێكخراوی پەکەکە/یەپەگە بڕبڕەی پشتی پێكدەهێنن، بوێری و پشتیوانی راستەوخۆ لە ئیسرائیلەوە وەردەگرێت و هەرگیز شانبەشانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دژی رژێمی ئەسەد جوڵەی نەکردووە. وتیشی: چارەسەری دۆخی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا دەبێت لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکرێت نەک هێز، وەک لە رێککەوتنی 10ی ئازاردا هاتووە، بەردەوامی دۆخی ئێستا هەڕەشە لە ئاسایشی سوریا و تورکیا و وڵاتانی دراوسێ دەکات. وەزیری دەرەوەی توركیا، لە میانی چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لە " تیڤی نێت"ی توركی، بەپێویستی زانی دەستبەجێ هێزەکانی سوریای دیموكرات دەستبەرداری تاکتیکی دەستی دەستی بێت و بەرەو یەکگرتن و جێبەجێکردنی رێککەوتنی ١٠ی ئازار هەنگاو بنێت. ئاماژە بەوەشكرد: بیانوی بەرەنگاربونەوەی داعش چیتر پاساوێک نییە بۆ درێژکردنەوەی هەژموون و دەسەڵاتی هەسەدە. سەبارەت بە پڕۆسەی داماڵینی چەک لەلایەن پارتی كرێكارانی كوردستانیشەوە وتی: تورکیا بە شەفافیەتێکی بەرز و زۆر باش مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتە دەکات و هیچ شتێكیشمان نەبیستووە لەبارەی ئەوەی رێکخراوەکە بەنیازە چی بکات. هاكان فيدان جەختیشی کردەوە: کێشەی باشوری سووریا لە خودی قەبارەكەیدا نییە، بەڵکو لەوەدایە ئیسرائیل بووەتە لایەنی دەستوەردانەكەر، کە ژینگەیەکی مەترسیدار دروست دەکات و، دۆخی باشوری سوریا رەنگە لە ئێستادا گەورەترین ناوچەی مەترسیداربێت بۆ ئێمە.

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، لە وتەیەكدا بە بۆنەی  یادی (١٠) ساڵەی دامەزراندنی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات، جەختى کردەوە کە دەبێت رێککەوتنی ١٠ی ئازار  بناغەی سوریای نوێ بێت. هەروەها وتیشى: ئێمە وەک هێزەکانی سوریای دیموكرات و  هێزە سەربازییەکانی باکوری رۆژهەڵاتی سووریا، پابەندین بە رێککەوتنی ١٠ی ئازار. بەشێکى دیکەى پەیامەکە.. ــ کێشەکانمان لە سوریا  لەچەند رۆژێکی كەمدا چارەسەر نابن. ــ وڵاتانی دراوسێ وەک جاران دوژمنایەتیمان ناکەن و گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە.  ــ کارکردن لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بە حەسەکە، دێرزور و رەقە بەردەوامە، پێویستە ئەم شارانە بە پێی پرەنسیپی نا ناوەندی خۆیان بەڕێوەببەن. ــ ئەنجومەنی سوریای دیموکرات رۆڵێکی گرنگی هەیە لە سوریای نوێدا، بەو پێیەی چەتری سیاسی هێزەکانی سوریای دیموكراتە. ــ زۆر بابەتی تر هەیە کە کاری لەسەر دەکرێت، چ لە ڕووی ئیداری و چ لە ڕووی دیکەوە.

دوران کاڵکان ئەندامی ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکانی عەبدوڵا ئۆجالان ئاماژەی بە گرنگی قۆناغی ئێستای پرۆسەکە کرد و گوتی: "پرۆسەیەکی یەکلاکەرەوەیە، مرۆڤ دەبێت زۆر ئاگاداربێت، چونکە پرۆسەیەکی کاتیی نییە بەڵکو پرۆسەیەکی ژیانییە." دوران کاڵکان ئەندامی ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکانی عەبدوڵا ئۆجالان دوێنێ ئێوارە لە بەشداری بەرنامەیەکی تایبەتی مەدیا خەبەر تیڤییدا هەڵسەنگاندنی بۆ بابەتەکانی؛ قۆناغی ئێستای پرۆسەکە و گرنگی کۆبوونەوەکەی ئیمراڵیی کۆمیسیۆن کە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا ئەنجامدرا و  پێشهاتە سیاسییەکانی تورکیا و هەرێمەکە کرد. 'پێویستە بە گرنگ تەماشای کۆبوونەوەکەی ئیمراڵی بکرێت' دوران کاڵکان سەرنجی خستە سەر ئەو ڕەخنانەی پەیوەست بە کۆتایهاتنی کارەکانی کۆمیسیۆنەوە لە ئارادان و گوتی: "لە کۆتاییدا شاندێک ڕۆشتنە ئیمراڵی و لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ کۆبوونەوە. بەشێک لە تێبینی و کۆنووسەکانی کۆبوونەوەکەدا بۆ ڕای گشتی بڵاوکرایەوە. پوختەی کۆبوونەوەکە لە کۆمیسیۆنی پەرلەماندا ئاشکرا کرا و لە ڕێگەی میدیاکانەوە لە ناو ڕای گشتییدا بڵاوبووەوە. هەموو ئەمانە هەنگاوی گرنگن. بەشداری پەرلەمان لەم ئاستەدا بە کۆیی کارەکانییەوە، بە کۆبوونەوەیشی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ هەموو هەنگاوی گرنگ بوو، پێویستە مرۆڤ بە گرنگییەوە لەم کارانە بروانێت." 'پرۆسەیەکی ژیانییە، نەک کاتی' کاڵکان لە بەردەوامییدا ئەمەی گوت: "ئەنجامی کۆبوونەوەکەی شاندەکەی کۆمیسیۆن و ڕێبەر ئاپۆ، ڕاگەیاندنی  ئەنجامەکەی لە کۆمیسیۆندا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت. بێگومان ئاساییە مشتومڕ و بۆچوونی جیاواز هەبێت. ئەم گفتوگۆیانە دەرخەری دۆخێکی تەندرووستە. دەگوترێت، کارەکانی کۆمیسیۆن لەسەر ئەم بنەمایە گەیشتووە بە خاڵێکی گرنگ و کاریگەر. خودی سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەم خاڵە دا و بە ڕای گشتی ڕاگەیاند. لە ئێستادا ڕاپۆرتی لایەنەکانی کۆمیسیۆن وەدەگیرێت. کۆمیسیۆن دەڵێت، لەسەر شێوەی چوارچێوەی سیاسی و یاسایی پرۆسەکە، ڕاپۆرتێکی بەرفروان پێشکەشی پەرلەمان دەکات. بەڕاستی ئەمە گرنگە. یانی ئەنجامی کارەکانی خۆی ڕادەگەیەنێت و کۆمیسیۆن پێشنیارەکانی ڕادەستی پەرلەمان دەکات. خاڵێکی یەکلاکەرەوەیە کە پەرلەمان سیاسەتی پرۆسەکە بەڕێوەدەبات، پێویستییەکانی پرۆسەکە جێبەجێ دەکات. چۆن دەبێت؟ چ ڕاپۆرتێک ئامادە دەکرێت و پێشکەش دەکرێت؟ ناوەڕۆکەکەی چۆنە؟ بێگومان ڕاوەستە لەسەر ئەمانە دەکەین و بەدواداچوونی بۆ دەکەین و دەیبینین. درووست نییە لە ئێستاوە هیچ شتێک لەسەر ئەم بابەتە بگوترێت، باشترە لە کاتی خۆییدا بۆچوونمانی لەسەر دەربرین. بۆیە لە ئێستادا ئێمە و ڕای گشتیش سەیری دۆخەکە دەکەین. بێگومان کاتێک هەنگاوێ نوێمان بینی بۆچوومانی لەسەر دەڵێیین، هەموو کەسێک هەڵوێستی خۆی دەردەبڕێت. قۆناغێکی یەکلاکەرەوەیە، دەبێت مرۆڤ زۆر ئاگاداربێت. پێویستە بە هەستیارییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. هەمیشە جەختمان لەمە کردووەتەوە؛ ئەم پرۆسەیە پرۆسەیەکی کاتیی نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی هەمیشەیی و ژیانییە. ڕێبەر ئاپۆیش چەندین جار جەختی لەمە کردووەتەوە. پرۆسەکە بۆ تورکیا و داهاتووی کورد و هەموو ناوچەکە و مرۆڤایەتیش گرنترین پرۆسەیە. ئەوانەی بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ پرۆسەکەدا ناکەن زۆر بە هەرزانی هەڵسەنگاندی بۆ دەکەن. بێگومان مرۆڤگەلێکی لەم شێوەیەش هەیە. پلانسازی سەد ساڵی، هەزار ساڵی بەڵام دەبێت مرۆڤ گوێ لەوانە نەگرێت. دەبێت مرۆڤ جددیەت و مانای پرۆسەکە ببینێت، بزانێت پرۆسەکە ڕێگری لە چ جۆرە کارەساتێک دەکات، چ جۆرە ئاییندەیەک درووست دەکات، چ ئاییندەیەکی دیموکراتیک درووست دەکات. ڕێبەر ئاپۆ گوتی: 'پلانسازی سەد ساڵ، هەزار ساڵە دادەڕێژین. لەسەر بنەمای خوشک-برایەتی و گەلانی تورک-کورد و گەلان، جیهانێکی نوێ بنیات دەنێین کە پشت بە خوشک-برایەتی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و یەکێتی دیموکراتیک دەبەستێت.' بە واتایەکی تر ئێمە دەڵێین سیستەمێکی جیهانی هەیە. خەریکە هەموو جیهان دەبێتە گوندێک. هەمووان ئیدی بە شێوەیەکی جیهانیی مامەڵە دەکەن. سیستەمی سەرمایەداری پێکهاتەیەکی هەژموونخوازی جیهانیی درووست کردووە. دەبینرێت سەد ساڵە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان خستۆتە چ حاڵێکەوە. ئەم دۆخە نەرێنییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەری لەسەر هەموو جیهان داناوە. فشار و داگیرکاری ئەزموونکردووە. ئەوەندە خراپەکاری، شەڕ، برسێتی، قەیران لە جیهاندا هەیە، لە ئێستادا کە کێشەی ئاو سەرهەڵدەدات و ڕێشەکەی لە سەختبوونی شەڕەکاندایە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان گەیاندووەتە دۆخێک، کە پرسی کورد بنکەکەیەتی. ڕێبەر ئاپۆ گوتی، 'هەوڵ دەدەین هەموو ئەمانە چارەسەر بکەین'. دەبێت مامەڵەیەکی درووست نیشان بدرێت لەم دواییانەدا شاندی دەم پارتی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ کۆبوونەوەی ئەنجام دا. لەسەر بۆچوونەکانی وی ڕاگەیاندراوێک بە میدایاکان درا. ڕاگەیاندراوەکان زۆر گرنگ بوون. ڕێبەر ئاپۆ جگە لەوەی جەختی لەسەر گرنگی پرۆسەکە بۆ ئاستی نێونەتەوەیی کردەوە، بانگەوازی لە ڕای گشتیی ناوخۆیی و کۆمەڵگەش کرد. بە واتایەکی دیکە جەخت لەوە دەکرێتەوە کە دەبێت هەمووان بە درووستی لە پرۆسەکە نزیک ببنەوە. ڕاشیگەیاند، دەبێت کۆمەڵگە بە درووستی درکی پێ بکات. هەموو ئەمانە بانگەوازی یەکێتی و یەکگرتووین. پەیامی زۆر گرنگ بوون. بێگومان ئەگەر دەرفەتی بەهێزتری بۆ بڕەخسێت پەیامی گرنگتر بە ڕاگشتیی دەدات". 'دەزانین پڕۆسەکە سەختی و دژواری خۆی هەیە' کاڵکان ئاماژەی بەوەشدا، هەمووان پەرلەمان وەک ناونیشانی چارەسەریی نیشان دەدەن  و گوتی: "لەو کاتەدا دەبێت پەرلەمان ئەم ئیرادەیە نیشان بدات، توانای خۆی دەرخات. هەربۆیە دەبێت بتوانێت زیاتر خاوەنداری لە پرۆسەکە بکات. بە واتایەکی تر شەڕ هەیە ڕێگەی چارەسەری دادەڕێژرێتەوە. ئەو لایەنانەی شەڕیان کردووە کۆدەبنەوە. دەبێت ئەم کۆبوونەوەیە بە جدی هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت و بەشداری تیدا بکرێت. ئەمە سەرەتاییترین شت بوو، هەندێک فشار هەیە. لە ڕاستیدا لە پرۆسەکەدا سەختی و دژواری هەیە، هەست بەمە دەکەین. بە واتایەکی تر بۆ هەموو کەسێک سەختی هەیە. سەختی و دژوارییەکان لایەنێکن، بەردەنگمان هەیە، بەڵام هەبوونی ئەم سەختییانە نابێت بکرێتە بیانوویەک بۆ ئەوەی سیاسەت بێدەنگ بکرێت و بە لاوازی نزیک ببنەوە. سیاسەتی تورکیا لەم چوارچێوەیەدا ڕووبەڕووی ئەزموونێکی مێژوویی و جدی بووەتەوە. نەیتوانی ئەزموونێکی باش لە پرۆسەی ڕابردوودا نیشان بدات. ئێستا دەتوانێت ئەزموونێکی باش نیشان بدات و هەنگاوێک بنێت یا نا؟ گرنگترین لایەن ئەم پرسیارەیە. واتە دەبوو ئەزموونێکی درووست دەرکەوتایە بەڵام وانەبوو." 'جەهەپە بەم ئەزموونەوە خاڵێکی لەدەستدا' کاڵکان سەبارەت بەو لایەنانەی نەچوونە ناو شاندەکە و ڕەخنەدانی خۆیانیان دایەوە وتی: "ئەو لایەنانەی نەچوونە ناو شاندەکە دواتر ڕەخنەدانی خۆیانیان نیشاندا، بەڵام بۆ هەندێک کەس دەتوانین بڵێین 'داوای لێبوردنیان لە کەموکورتیەکانیان گەورەتر بوو'. کردەوە و قسەکانی جەهەپە لە گەڵ یەک نەهاتنەوە. جەهەپە بۆ ئەمە وڵامێکی دەبێت. یانێ ئێستا مشتومڕ لە نێوانیان هەیە و دەڵێن لە نێوان هاوڕیانماندا دەستوەردان هەیە. باسی ئەوە دەکەن هەم لەناو فراکسیۆنی یەنی یۆل و هەم لە ناو جەهەپەدا دەستوەردان هەیە. ڕێبەر ئاپۆش هۆشداریی دابوو و وتبووی؛ 'دەتوانرێت میکانیزمی کودەتا لە هەر کاتێکدا بەکار بهێنرێت، لە ژێروە کار دەکرێت'. بۆیە دەبێت کاریگەری ئەوانەش هەبێت. بەڵام قسە و کردەوەیان یەکی نەگرت، یانێ بەو ئەزموونەوە خاڵێکیان لەدەستدا. لەوانەیە هێشتا یەکگرتوو بن بۆ نموونە، لایەنەکانی فراکسیۆنی یەنی یۆل زۆر قسەیان دەکرد. تەنانەت ئەگەر بۆچوونەکەشیان لە پەرلەمان پەسەند نەکرا، کاتێک شاند پێکهێنرا، دەبوو ئامادە بووان بۆ ڕۆیشتن بۆ ئیمراڵی. پاشان جەهەپە باسی لە چارەسەری دیموکراسیانەی پرسی کورد دەکرد. ئەگەر بەڕاستی یەکگرتوو ببووان، بێگومان بەردەنگی چارەسەری پرسی کورد ڕێبەر ئاپۆیە. ئۆزگور ئۆزەل لە ئامەد بەڵێنێکی بە ڕای گشتی دا و وتی؛ 'گەلی کورد هەرچییەک بڵێت، لەلای ئێمەش پەسەندکراوە. گەل دەڵێن 'ئیرادەمان لە ئیمراڵییە' بەڵام ئێوە ئەو ئیرادەیە قبوڵ ناکەن، دەڵێن ئێمە ئیرادەی کورد دیاری دەکەین. ئەی لە کۆێیە دیموکراسی؟ ئەی کوا چارەسەری دیموکراسی؟ زۆر و گوشارەکانی جەهەپە هێشتا گەورەترن. گۆڕانکاری شەڕی دەسەڵاتداری دەکرێت. بەڵام ئەگەر بەهەمان شێوەش بەردەوام بێت دیسان ناتوانێت شتێکی جیاواز بخوڵقێنێت، بۆیە دەبێت وریاتر بێت. بە کورتی دەبێت یەکدەنگ و یەکگرتوو بێت. هەروەها دەبوو ئەنجامی کۆبوونەوەکەی ئیمراڵی بەشێوەیەکی دروست و ڕەزامەندانە پێشکەشی کۆمسیۆنی پەرلەمان بکرێت. لەبەر ئەوە هیچ شتێکی شاراوە نییە. بۆچی لە بۆچوونەکانی رێبەر ئاپۆ دەترسن؟ من لەمە تێناگەم." 'دەبێت پەرلەمان نەترسێت' دوران کاڵکان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی کە پێشکەشی کۆمیسیۆن کرا، لە قسەکانی ڕێبەر ئاپۆ زیاتر، قسەکانی شاندەکە بۆ خۆیان بوون و وتی: "بۆچوونەکانی ڕێبەر ئاپۆ ڕانەگەیەندراون. ئێوە چوون بۆ کۆبوونەوە، ئێوە پێویستتان بە کۆبوونەوە بینی، بۆیە دەبوو لەو کاتەدا کارێک بکرایە. ئیمە چۆن باسی بکەین؟ دەبوو باسی ئەو بۆچوونانە بکرایا. بەڵام لەوە دەترسن. ئەمە ڕاستیەکەیە، ئایا دەکرێت بەمە بوترێت شۆڤێنیزم؟ دەتوانین بڵێین ئەمە نزیکبوونەوەیەکی نەتەوە پەرەستانەیە. جەهەپە لەبری ئەوەی بچێت بۆ ئیمراڵی، بەدوای بەردەنگێکی جیاوازدا دەگەڕا. ئەوانەی لەبری گواستنەوەی بۆچوونەکانی ڕێبەر ئاپۆ، بۆچوونەکانی خۆیان پێشکەش کرد. وەک ئەوەی بڵێن ئەوەی ئێمە بڕیار دەدەین جێبەجێ بکرێت، بەردەنگێکی جیاواز نییە. نا بەو شێوەیە ڕوونادات. لەلایەک دەڵێین شەڕ هەیە، تیرۆر هەیە. دەوڵەت دەچێت کۆبوونەوە ئەنجام دەدات، بەڵام سیاسەت لەوە دەترسێت ببێتە بەردەنگ. ئەی پەرلەمان بۆچی دەترسێت؟ نابێت ئەوەندە بترسێت. ئەم کۆبوونەوانە بەناوی دەوڵەتەوە ئەنجام دەدرێن. هەروەها مەهەپەش وتی؛ 'پڕۆژەیەکی دەوڵەتە'. سەرۆککۆمار ئەردۆغانیش ڕایگەیاند، ئەوەی دەکرێت پڕۆژەیەکی دەوڵەتە. باشە جەهەپە و پارتەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن بۆ دەترسن؟ بۆ لە بەشداربوونیان لە پرۆژەی دەوڵەتدا ترسیان هەیە؟ ڕاپۆرتی کۆمیسیۆن پێویستە خاوەن ناوەڕۆکی چارەسەری بێت  لە ڕاستیدا ئەم هەڵوێستە دروست و بەپێی پێویست نییە. ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت، 'ئێمە لە سێدارەوە بەرەو مێزی گفتوگۆمان هێنا' کاتێک لەگەڵ شاندەکەی دەم پارتی دیداری کرد. ئێمە هەوڵدەدەین دیدار لەگەڵ دەوڵەتتدا بەرەو ئاستی دیدار لەگەڵ سیاسەتدا ببەین. ئەمانە هەنگاوی زۆر گرنگن، ئێمە دەمانەوێت چارەسەری لە ڕێی سیاسەتەوە ئەنجام بدرێت. هەمووان باس لەوە دەکەن کە سیاسەت بە گرنگ دەبینن. ئێمەش باوەڕمان بەوە هەیە، هەمیشە ویستوومانە باوەڕمان پێی هەبێت. بەڵام دامەزراوەی سیاسی هێشتا لاوازە. پێویستە بەدڵنیاییەوە ئەم لاوازییە بنبڕ بکات.  ڕاپۆرتەکەی کۆمیسیۆن، هەربۆیە ئەو کارەی کە پەرلەمان دەیکات، پێویستە خاوەن ناوەڕۆکی چارەسەریی ڕاستەقینە بێت. واتا پێویستە درێژە بە کێشەکە نەدات. لەم چوارچێوەیەدا یاسا پێویستە. باسی یاساکانی ئازادی، یاساکانی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک، یاساکانی قۆناغی ڕاگوزەر دەکرێت. ئەگەر کێشەکە تەنها لە ئاستی 'تیرۆر' و 'کۆتاییهێنان بە تیرۆر'دا هەڵبسەنگێنرێت و ڕێوشوێنی کۆتاییهێنان بە سەرچاوەکانی 'تیرۆر'، هۆکارەکانی نەدۆزرێتەوە، یاسا و سیاسەت دەستوەردان نەکات، ئەوا چارەسەریش نایەتە دی. بێگومان لێرەدا مامەڵەیەکی دروست، چارەسەریی ڕاستەقینە دێنێتە دی. بەڕاستی پێویستە گوێ لە مشتومڕەکانی ئەم لایانانە نەگیرێت. مشتومڕی سەیرن، قسەی سەیر دەکرێت. هەرخۆی ئێمە بە هەندێک لایەنمان گوت کە ڕانتخۆرن، دوژمنانی سوێندخواردوون، هێرش دەکەن. ڕاگەیاندنیش وەک بڵێی بەقووڵی خزمەتییان دەکات. بەشێکی گرنگی ڕاگەیاندنە. پێویستە بەم شێوەیە نەبێت. بەرامبەر ئەوە پێویستە درێژە بە تێکۆشانێکی بەهێز بدرێت. ڕۆژنامەیەک دەڵێت، 'لە ئەڵمانیا ١٤ هەزار پەکەکەیی هەن. لە ٢٦ـی تشرینی دووەمی ١٩٩٣ـەوە پەکەکە لە ئەڵمانیا قەدەغەیە. کاتێک پەکەکەییەک دێتە سنوورەکەیەوە دەستگیری دەکات. چەند لە هاوسۆزانی پەکەکە لە ئەڵمانیا دەستگیرکران؟ هێشتا زۆرێکیان دەستبەسەرن. هەرخۆی پەکەکەیی نین، لایەنگرن.لە ئێستادا ١٤ هەزار وڵاتپارێزی کورد، بە هەرحاڵێک بێت کۆمەڵەیان دامەزراندووە، چالاکیی کەلتووری ئەنجام دەدەن. مەگەر بەم شێوەیە دەبێت؟ کورد نەبێت، کوردی ڕێکخراو نەبێت. پێویستە ئەم زیهنییەتە کۆتایی پێبێت.  هەڕەشەکانی تورکیا لەسەر ڕۆژئاوا  لە سووریا گیری خواردووە. بەهەموو هێزی خۆی تورکیا هەموو ڕۆژێک هەڕەشە دەکات. هەرچۆنێک بێت ئەو زانیاریانەی پێمان دەگات ئەوەیە کە دەگوترێت، خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا خوازیاری بەجێهێنانی ڕێکەوتننامەی ١٠ـی ئادارە. لایەنەدەرەکییەکانیش وا دەڵێن. واتا هیچ شتێکی وا لە ئارادا نییە کە شتێک ڕەتدەکاتەوە، ئەوان بۆچوونیان ئاشکرایە. لە ڕاستیدا دەسەڵاتی جۆلانی لەژێر فشاری زۆر هێزدایە، کاریگەریی هێزی دەرەکی و ناوچەییشی لەسەرە. هەوڵدەدات هەمووان بەڕێوەبەرێت. تورکیا خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وەکو بەرپرسیاری هەموو شتێک دەبینێت. بۆچی؟ لەبەرئەوەی کورد لەناویدا کاریگەری هەیە. ئەگەر تۆ ئەوەندە دوژمنایەتی کورد بکەیت، ئایا دەتوانی پرسی کورد چارەسەر بکەیت؟ بە کوردی بێهێز، کوردی لەناوچوو، تورکبوون بەرەو کوێ دەچێت؟ تۆ لە لایەکەوە بڵێیت، 'تورک بێ کورد، کوردیش بێ تورک نابێت'، لە لایەکی ترەوە بتەوێت کورد لەناوبەریت. ئەو کاتە تۆ تورک لەناودەبەیت. ئایا ئەمە ئاشکرا نییە؟ مەگەر ئەوەی ١٠٠ ساڵە تورکیای لاوازکردووە، ئەو سیاسەتە نییە بەرامبەر کورد؟ مەگەر ئەو سیاسەت و زیهنییەتە نییە کە نکۆڵی لە کورد دەکات؟ ئاشکرایە کە ئەمە هۆکارە. هەمووان دەزانن.  جەهەپە بیوری لە قاچی خۆیدا  پێویستە درێژە بەم پارادایمە نەدرێت. پێویست بە گۆڕانی پارادایم هەیە. چۆن؟ پێویستە ئەو سیاسەت و زیهنییەتە بگۆڕێت کە نکۆڵی لە کورد دەکات. پێشتریش گوتم. ئەگەر سیاسەت و زیهنییەتێکی دروست سەبارەت بە پرسی کورد هەبێت، ئەوا چارەسەری ئاسانە. لە ڕاستیدا چارەسەری هێندە زەحمەت نییە. ئەگەر سیاسەت و زیهنییەتێکی دیموکراتیک بوونی نەبێت، ئەگەر تۆ بە سیاسەت و زیهنییەتێکەوە مامەڵە بکەیت کە نکۆڵی لە بوونی کورد دەکات، ناتوانی چارەسەر بکەیت. ئەمە چەندە کورد لاواز دەکات، هێندەش تورک لاواز دەکات. جەهەپە نەچووە ئیمراڵی بۆ دیدارەکە، چی کرد؟ بیوری لە قاچی خۆیدا. سەرچاوەکانی هێزی خۆی وشککرد. مەگەر بەهێزتر بوو؟ لەوانەیە دڵی یەک، دوو دانە شۆڤێنی، نەتەوەپەرستی خۆش کردبێت. ئایا سوودیان لێ دەبینیت؟ بەم شێوەیە دەبیتە دیموکرات؟ نابیت. هەربۆیە هێشتا لاوازی لە گۆڕانی پارادایمدا هەیە. هەندێک لایەن هەوڵدەدەن ئەنجامی بدەن. لەناو مەهەپە، لەناو ئاکەپە هەندێک هەوڵدەدەن بەم پێیە مامەڵە بکەن، بەڵام هی دژبەریش هەن. پێویستە سیاسەت کراوەتر و بوێرانەتر بێت.  واتا پێویستە پێکهاتەی سیاسەت و زیهنییەتی دیموکراتیک بەهێزتر بکرێت. پێویستە بەهێزانە دەست بە دیموکراسییەوە بگرێت. بوونی خۆی، خزمەتکردنی بەخۆی، پێشبینیکردنی داهاتوویەکی باشتر بۆ تورکیا بەستراوەتەوە بەمەوە. بەهۆی ئەم لاوازییەوە، وەک بڵێی دەچنە شوێنێکی شاراوە، چوونە ئیمراڵی. دواتریش قسە دژبەرەکان هێندە زۆر و بەرز بوون. هیچ سیاسەتێکی دیموکراتیک نییە کە وەڵامدەرەوەی ئەوانە بێت. کەسیش خاوەندارێتی لێ ناکات. پێویستە ئەمە نەهێڵدرێت.  'پێویستە گۆشەگیری بەتەواوی لاببرێت'  بەڕاستی ئەمە پێویستە. بەم مەبەستەش پێویستە دەرگاکانی ئیمراڵی زیاتر بکرێنەوە. بەر لە هەر شتێک پێویستە دەرفەتەکانی ڕاگەیاندنی ڕێبەر ئاپۆ زیاد بکرێن. ئەگەر خۆیان نایکەن، هیچ نەبێت، با ڕێ بە خۆی بدەن. با ڕێبەر ئاپۆ ئەم شتانە بکات. خۆی دەڵێت، 'دەیکەم'. بەڵێ، وەکو وتمان، دیدار دەکرێن. بەڵام هێشتا بە تەواوی گۆشەگیری لانەبراوە، هەلومەرجەکانی کار و ڕاگەیاندنی ئازاد دەستەبەر نەکراون. ڕاگەیاندنێکی زۆر کەم هەیە. بە چوون و هاتنی شاندان نابێت. بەم شێوەیە پرۆسەکە سەرناکەوێت. هەربۆیە پێویستە هەلومەرجەکانی ئازادیی جەستەیی، ژیانی ئازاد، مەرجەکانی کارکردنی ئازاد دەستەبەر بکرێن، کە بەردەنگی پرۆسەکە ئەوە، ئەو پێشەنگایەتی و ڕێبەرێتی پرۆسەکە دەکات. لە هەمان کاتدا مکوڕ و پێداگرە. دەڵێت، 'دەرفەت بدەن، من سەری دەخەم'. مادام ئێمە لایەنگری ئەمەین، ئەوا پێویستە دەرفەت بڕەخسێنین. با ئەم کارە بکات و سەری بخات. پێویستە ئەم شتانە بنبڕ بکرێن، کە ئاستەنگن لەبەردەم کارکردن. لەبەرئەوە هێشتا هەنگاوی زۆر کەم دەنرێن. لە ڕاستیدا ئەوانەی کراون، تەنانەت ناشێت ناوی هەنگاویشیان لێ بنرێت. ئێمە بە گرنگی دەبینین، بەڵام پێویستە ئەمە دوانەخرێت." 

دوای ئەوەی بە مەیدانی سەردانی قەزای چەمچەماڵی کرد، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ هۆکارەکانی لافاوەکەی چەمچەماڵ و لێکۆڵینەوە لە کەمتەرخەمییەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان، قوباد تاڵيبانی رایگەیاند، ئەمڕۆ رۆژی تۆمەتبەخشینەوە نییە و رۆژی ئەوەیە هەموومان چەمچەماڵی بین، جەختیکردەوە کاری لەپێشینەیان پاراستنی ژیانی خەڵکی چەمچەماڵە و دواتر یارمەتیدانی ئەو کەسانەی زیانیان پێگەیشتوە. ئەمرۆ چوارشەممە، لە کۆنفرانسکی رۆژنامەوانیدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، هاوخەمی کەسوکاری قوربانیانن و بەڵێن بەخەڵکی چەمچەماڵ دەدەن لەگەڵیاندان و ناهێڵن لەوە زیاتر توشی نارەحەتیی ببنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش یەکەیەکی فریاگوزاری خێرایان پێکهێناوە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی چەمچەماڵ. قوباد تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو، دوو لیژنەیان پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لە روداوەکە، یەکیان بۆ فریاگوزاری خێرا و لیژنەیەکیش بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری روداوەکە و دوپاتیکردەوە هەرکەسێک کەمتەرخەم بووبێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت و بە کاتیش شوێنی گونجاو بۆ مانەوەی ئەو کەسانە دابین دەکەن، کە زیان بە ماڵەکانیان گەیشتووە. ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ پرسی خوێندنیش، لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە لەسەر هێڵن تا زیانەکان کاریگەریی لەسەر خوێندکاران دروست نەکات، جەختیشیکردەوە. جەختیشیکردەوە سندوقێکی هاوکاریی بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ دروست دەکەن، چونکە روبەڕوبوونەوەی ئەم جۆرە روداوانە پێویستی بەکاری هەرەوەزییە.  لە کۆتاییشدا قاوباد تاڵەبانی وپاسی هێزە ئەمنییەکان و تیمە فریاگوزاریەکانی کردو رایگەیاند هەر ئەو کارانە لەوان چاوەروان دەکرێت و سواپای هەموو ئەو لایەنانەی کرد کە دەستی هاوکارییان بۆ چەمچەماڵ درێژ کردوە.

ئەحمەد شەرع سەرۆكی قۆناغی راگوزەری سوریا لە دیبەیتێكدا لە چوارچێوەی كارەكانی گۆڕبەندی دەوحە 2025: ـ سوریا لەماوەی 60 ساڵی رابردوودا بە قۆناغی مەترسیداردا تێپەڕیوە، لە دابڕانێكی گەورەو ئابڵوقەیەكی خنكێنەری ئابوریدا دەژیا. سیاستەكانی رژێمی لەناوچوو وایكرد زۆرێك لە لایەنە نێودەوڵەتییەكان لە سوریا بكشێنەوە، لەدوای ئازادییەوە سوریا زۆرێك لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی گەڕاندەوە.  ـ دنیا بەڕووی سوریادا كراوەتەوە بۆ ئەوەی سود لە هەڵكەوتە گرنگەكەی و كاریگەرییە ناوچەییەكەی ببینێت، لەپێناو  سەقامگیریی ناوچەییدا.  ـ ئیسرائیل كار بۆ هەناردەكردنی قەیران بۆ وڵاتانی ترو هەڵاتن لەو رەشەكوژییانە دەكات كە لە غەززە دەیكات، بە مەترسی ئەمنیی بەهانە بۆ هەموو شتێك دەهێنێتەوە، لەكاتێكدا سوریا لەدوای ئازادییەوە پەیامی ئەرێنیی ناردووە لەپێناو سەقامگیریی ناوچەییدا.  ـ ئیسرائیل بە توندوتیژیی زۆر وەڵامی سوریای دایەوەو زیاتر لە هەزار هێرشی ئاسمانی و 400 هێرشی زەمینی كردووە، دواین دەستدرێژیش ئەو رەشەكوژییە بوو كە لە شارۆچكەی (بێت جن) لە ریفی دیمەشق ئەنجامیداو دەیان قوربانی لێكەوتەوە.  ـ لەگەڵ وڵاتانی كاریگەر لەسەر ئاستی جیهان كاردەكەین بۆ فشاركردن لە ئیسرائیل بەمەبەستی كشانەوەی لەو ناوچانەی كە لەدوای 8ی كانونی یەكەمی 2024وە داگیریكردوون، هەموو وڵاتانیش پشتیوانی ئەم داواكارییەی ئێمە دەكەن.  ـ سوریا سورە لەسەر پابەندبوونی ئیسرائیل بە رێككەوتنی راگرتنی شەڕ لە 1974، داواكاری دروستكردنی ناوچەی لەچەكداماڵراو پرسیاری زۆری لەسەرە، كێ ئەم ناوچەیە دەپارێزێت ئەگەر سوپای سوریا بوونی نەبێت (مەبەستی لە داواكاری ئیسرائیلە بۆ دروستكردنی ناوچەیەكی لەمجۆرە لەناو سوریادا).  ـ دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل هەیەو ویلایەتە یەكگرتووەكانیش بەشدارە لەگەڵمان، هەموو وڵاتان پشتیوانی داواكاری ئێمە دەكەن بۆ كشانەوەی ئیسرائیل بۆ بەر بلە 8ی كانونی یەكەم. ـ هەر رێككەوتنێك دەبێت زامنی بەرژەوەندییەكانی سوریا بكات، چونكە سوریا روبەڕووی هێرشی ئیسرائیل دەبێتەوە، كێ دەبێت داوای ناوچەی دابڕاو و كشانەوە بكات؟ ـ خەڵك لە سوریا هەست بە ترس ناكەن، ئەم رۆژانە ملیۆنان كەس دەرژێنە سەر شەقامەكان بۆ دەربڕینی خۆشی خۆیان بە كەوتنی رژێمی لەناوچوو، سوریا ئەمڕۆ لە باشترین دۆخی خۆیدا دەژی.  ـ رژێمی لەناوچوو ململانێی زۆری بۆ بەجێهێشتووین، تائیفەی دژی تائیفەیەكی تر بەكاردەهێنا، بەڵام ئێمە لەدوای شەڕی (رێگری لە دەستدرێژیی) لێبوردنمان كرد بە كاری لەپێشینە لەپێناو ئایندەیەكی ئارام بۆ گەلی سوریا. ـ لەدوای سەركەوتنی شۆڕشی میللییەوە سوریا لە سیستەمێكی حوكمڕانییەوە گواستراوەتەوە بۆ سیستەمێكی تر كە لە ئەو ناچێت، سەرباری ئەو كێشانەی روویانداوە سوریا لەسەر ئاڕاستەیەكی ئەرێنی بەرەو سەقامگیریی و گەشەی ئابوری دەڕوات. ـ بوژانەوەی ئابوری بەشێوەیەكی گەورە یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەدیهاتنی سەقامگیریی، بۆیە بەردەوامین لە كاركردن بۆ قایلكردنی ئەمریكا بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای (قەیسەر) كە لە بنەڕەتەوە بەمەبەستی لێپێچینەوە لەرژێمی لەناوچوو دانراوە بەهۆی ئەو تاوانانەی كە بەرامبەر بە گەلی سوریا كردویەتی.  ـ ئیدارەی سەرۆك ترەمپ پشتیوانی ئاڕاستەی هەڵگرتنی سزاكانی سەر سوریا دەكات، زۆرینەی وڵاتانی جیهانیش لەسەر ئەم ئاڕاستەیە دەڕۆن، نابێت چارەنوسی گەلی سوریا بە ئیرادەی ئەو كەسانەوە ببەسرێتەوە كە نایانەوێت سزاكان هەڵگیرێت.  ـ سوریا بووە كە بەدرێژایی مێژووی خۆی مانای پێكەوەژیانی ناساندووەو وانەی ئاشتی كۆمەڵایەتی وتوەتەوە، هەموو پێكهاتەكانی گەلی سوریاش بەشدارییان لە شۆڕشدا كردووە.  ـ كاردەكەین بۆ دادگایكردنی ئەوانەی تاوانەكانی ساحل و سوەیدایان ئەنجامداوە، لیژنەمان دروستكردووەو پێشوازیمان لە لیژنە نێودەوڵەتییەكانیش كردووە.  ـ ئەوەی ئەم ململانێیانەی دەستپێكرد، پاشماوەكانی رژێمی پێشوو بوون و دواتر پەرەی سەند بۆ ئەوەی كە روویدا، بەڵام سوریا دەوڵەتی یاسایەو مافی هەمووان دەپارێزێت.  ـ هەمووان ئەمڕۆ لەسەر بنەمای لێهاتوویی نەك پشك پشكێنە نوێنەرایەتی دەكرێن لەناو حكومەتدا، لەمەشدا سوریا رێگایەكی نوێ دەگرێتەبەر كە خەڵكی تر لێوەی فێردەبن كە چۆن دوای قەیران و جەنگەكان كاروبارەكان بەڕێوەدەبرێن.  ـ سوریا وڵاتێكی پێشكەوتووەو لەسەر بنەمای هەڵبژاردن راوەستاوە، سەرباری ئەوەی ئامادە نەبووین بۆی، بەڵام هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەلمان بەجۆرێك ئەنجامدا كە لەگەڵ قۆناغی راگوزەردا بگونجێت، بنەمای هەڵبژاردنی گەل بۆ ئەو كەسانەی كە حوكمی دەكەن كرا بە بنەمای سەرەكی. ـ بنیادنانی سوریا نابەستینەوە بە كەسەكانەوە، بەڵكو بە دامەزراوەكانەوە بەستراوەو ئەمە گەورەترین ئاڵنگاریی قۆناغی راگوزەرە كە پێیدا تێدەپەڕین.

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، لە میانی بەشداریكردنی لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە، لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کرد کە لە ئەستەنبوڵ بەڕێوەدەچێت: گرنگترین وتەکانى ئیلهام ئەحمەد.. ـ دەخوازین  گفتوگۆ لەگەڵ تورکیا بكەین لەسەر پرسەکانی ئاشتی و دیموکراسی و سەقامگیری. ـ  ئاشتی لە سوریا بە واتای ئاشتی دێت لە تورکیا. ـ بەستنی ئەم کۆنفرانسە ئەرکێکی جوامێرانەیە. ـ دەمانەوێت سوریایەکی ئازاد بونیاد بنێین. ـ  پێویستمان بە دیالۆگ هەیە و لەگەڵ شەڕدا نین ـ ئیدارەی خۆسەر ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە بەدیهێنانی ئاشتی لە سوریا ـ  سوریایەکی ئازاد بەبێ کورد مەحاڵە. ـ حکومەتی تورکیا توانای پشتیوانیكردنی ئاشتی هەیە. ـ  ئەگەر رێبەر ئاپۆ ئازاد بکرێت، ئەم پرۆسەیە بە ئاسانی بەرەوپێش دەچێت ـ ڕێبەر ئۆجالان ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە پرۆسەی ئاشتیدا و سڵاوی بۆ دەنێرم ـ ئاستتەنگی گەورە هەیە لە بنیاتنانەوەی سوریای نوێ ـ دەرفەت هەیە لە سوریادا هەموو پێکهاتەکان پێمەوە بە ئاشتی بژین ـ ئارامی سوریا گرێدراوە بە ئارامی تورکیاشەوە ـ پێویستە کێشەکانمان لەگەڵ تورکیا بە گفتوگۆ چارەسەر بگەین ـ  حکومەتی تورکیا و ڕاگەیاندنی تورکیا ئەتوانن ڕۆڵی باش بگێڕن لە پرۆسەی ئاشتیدا ـ لە دانانی چەک گرنگتر ئەویە گفتوگۆی پرۆسەی ئاشتی پێکەوە بکەین  ـ داوا لە سەرۆکی ئەمریکا دەکەم ڕۆڵی زیاتری هەبێت لە ئاشتی لە سوریا و تورکیا  ـ ڕێبەر ئۆجالان ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕێت، سەرکردایەتی ئەم پرۆسەیە دەکات لەکاتێکدا لە گۆشەگیری تەواودایە.

شاندی ئیمراڵی وردەکاریی دیدارە چوار کاتژمێرییەکەی دوێنێیان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکەن کە پڕۆسەکە پێویستی بە "یاسای ڕاگوزەری ئاشتیی سەدە" هەیە. شاندی ئیمراڵی لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاشکرای کرد، دوێنێ بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان کۆبوونەتەوە. لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەسەر سەردانی لیژنە پەرلەمانییەکە کراوە و جەخت کراوەتەوە کە ئەو سەردانە "کاریگەریی ئەرێنی" هەبووە لەسەر ڕەوتی پڕۆسەکە. لە بەشێکی دیدارەکەدا ئۆجەلان باسی لەو لێدوان و کردارانە کردووە کە دژی پڕۆسەی ئاشتین و ڕایگەیاندووە: "لە هەموو پڕۆسەکاندا کاری تێکدەرانە دووبارە دەبنەوە و ئەمانە هاوشێوەی کودەتان." شاندەکە دەڵێت، ئۆجەلان کارە تێکدەرانەکانی پڕۆسەکانی ڕابردووی وەبیر هێناوەتەوە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە نابێت ڕێگە بە دووبارەبوونەوەیان بدرێت. ئۆجەلان نەخشەڕێگای بۆ قۆناغی ئێستا خستووەتەڕوو و ڕایگەیاندووە: پێویستمان بە ئاشتییەکە کە پشت بە بنەمای گشتگیر ببەستێت. توندوتیژیی سیاسی و ڕێکاری دەرەوەی دیموکراسی دەبێت لە ڕۆژەڤی تورکیا بچنە دەرەوە. دەتوانین بەم هەنگاوە بڵێین "یاسای ڕاگوزەری ئاشتیی سەدە". بۆ ئەم مەبەستەش، ڕاگەیێنراوەکەی 27ی شوبات ڕێگەنیشاندەرە. ئۆجەلان پەیامی داوە کە ئەم پڕۆسەیە بریتییە لە "بەشداریکردنی کورد لەڕێگەی یاساییەوە لەناو کۆماری تورکیا" کە پشت بە فراوانترین پێکەوەیی کۆمەڵایەتی دەبەستێت و خواستی پێکەوەژیان نیشان دەدات. دوای داواکارییەکەی دەوڵەت باخچەلی لە تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، شاندی ئیمراڵی پێکهێنرا و بەمشێوەیە سەردانەکان دەستیان پێکرد: 28ی کانوونی یەکەمی 2024: یەکەمین دیدار لەلایەن سڕی سوورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان ئەنجامدرا (دوای 13 ساڵ دابڕان). بەردەوامی: بەگشتی مانگی جارێک سەردانەکان دەکرێن و پێش ئەم دیدارە، دوایین سەردان لە ٣ی تشرینی یەکەمدا بوو.

محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) رایگەیاند، لە سەرەتای رووخانی رژێمی ئەسەد دا دەسەڵاتدارانی ئێستای دیمەشق "کە ناویان لە لیستی تیرۆر دەرنەهێنرابوو، سزاکانی سەریان هەڵنەگیرابوون.. هەندێ قسەی خۆش و شیرین لەبارەی پێکهاتەکان" کرد و، ئەوانیش پێی دڵخۆش بوون، بەڵام ئێستا ئەو هەڵوێستەیان گۆڕاوە" دواتر کە سزاکان لەسەریان هەڵگیران و ناویان لە لیستی تیرۆر دەرهێنرا، گرێبەستی بە ملیاران دۆلار لەگەڵیان واژۆکران، هەڵوێستەکەیان بووە شتێکی دیکە، بەڕاستی ئەمە جێگەی مەترسییە". محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی (ئەنەکەسە) لە هەڤپەیڤینێک دا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو دا کە رۆژی 30-11-2025 لە شاری هەولێر سازکراوە، رایگەیاند کە رێککەوتنی 10ی ئادار پەیوەستە بە بواری سەربازی، کارگێڕی و خزمەتگوزارییەوە، ئەو شاندەی دانوستاندن لەسەر مافە سیاسی و نەتەوەییەکانی کورد دەکات شاندی هاوبەشە کە لە ئەنجامی کۆنفرانسی یەکڕیزیی کورد لە شاری قامشلۆ لە 25ی نیسانی 2024 دروست بووە، بەڵام دیمەشق ئامادە نییە پێشوازی لەم شاندە بکات.  هەروەها لەوبارەوە رەخنە لە نوێنەرانی فەرەنسا و ئەمریکا دەگرێت و دەڵێ "فەرەنسی و ئەمریکییەکان رۆژانە لای ئێمە بوون و دەیانگوت ئێوە رێکبکەون ئێمە لەگەڵتان دێین بۆ دیمەشق و وادەیەک دیاری دەکەین و هاوکاریتان دەکەین، بەڵام دوای ئەوەی ئێمە لەنێوخۆماندا رێککەوتین، هەردوولا دیار نەماون"، بەڵام ئاماژە بە گۆڕانێکی "ئەرێنی" دەکات و دەڵێ "ئەمریکییەکان نێوەندگیریی دەکەن لە بواری تەکنیکی دا و دەڵێن بوونی دوو شاند لە دیمەشق دەبێتە هۆی سەرلێشێوان، بەڵام ئەم دوواییانە باوەڕێک دروستبووە کە ئەگەر هەردوو شاند لە دیمەشق بن باش دەبێت".  محەممەد ئیسماعیل، کە لە هەمان کات دا سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان – سووریایە، دەڵێ ئەوان راگەیاندنی دەستووریی دیمەشقیان رەتکردەوە و، ئەو پەرلەمانەش کە ئێستا دروستکراوە سەرکەوتوو نییە و ناتەواوە، هەروەها دەڵێ یەک کەس و یەک حیزب ناتوانن سووریا بەڕێوەببەن و "مومکین نییە سووریا بگەڕێتەوە بۆ ناوەندیبوون"، هەروەها دەڵێ پاراستنی یەکێتی سووریا بە ناناوەندیبوون دەکرێت "سووریا یان پارچە دەبێت یان دەبێ خاوەنی سیاسەتێکی ناناوەندی بێت". 

ساڵح موسلیم، تورکیا تۆمەتبار دەکات بە رێگریی کردن لە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی ئادار و گروپە چەکدارەکانیش هان دەدات دژی هەسەدە و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی، دیمەشقیش هەماهەنگی داعش دەکات. پێیوایە حکومەتی نوێی سوریا بە تەواوەتی لە ژێر کاریگەریی ئەنقەرەدایە. ئەحمەد شەرع و ئەسعەد شەیبانی لە دەرەوە ئاراستە دەکرێن و نایانەوێت کێشەی کورد لە سوریا چارەسەر بکرێت. ساڵح موسلیم ئەندامی ئەنجومەنی هاوسەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە)، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا رایگەیاندووە: پێشئەوەی بچێتە واشنتن، ئەحمەد شەرع لەگەڵ شاندی دانوستانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی کۆبوەوە و لیژنە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی 10ـی ئادار درووستکرا، بۆ ئەوەی نیشانی بدات نەرمی نیشانداوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ هەسەدە و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، ئەمەریکاش دەیەوێت کێشەکان چارەسەر بکرێن، باسی رێککەوتنی سوریا و ئیسرائیل هاتە ئاراوە، بەڵام دواتر هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەنران. ساڵح موسلیم، رەخنە لە بەرپرسانی تورکیا دەگرێت بەوەی بەردەوام جەخت لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئادار دەکەنەوە، بەڵام لە پشت پەردەوە سیاسەتی دژی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا پەیڕەو دەکەن، دیمەشق بە تەواوەتی لەژێر کاریگەری تورکیادایە، هەرچی تورکیا بیەوێت دەیکات، گروپەکانی سەر بە تورکیا هەندێکجار هێرش دەکەنە سەر سنوورەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، ئەوان دەیانەوێت شەڕ لە دێرەزوور و شێخ مەقسود و ئەشرەفیە بکەن. ئەو گروپانە تا ئەمڕۆش پشتیوانی لە تورکیا وەردەگرن و هەوڵی درووستکردنی ئاستەنگ دەدەن. ساڵح موسلیم ئەوەی خستووەتەڕو، هەندێک گروپ هەن لەناو تورکیا کێشەکانی سوریا بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاردەهێنن و دەیانەوێت پشێوی دروست بکەن و پرۆسەکە پەکبخەن، کەسانێک هەن لەناو تورکیادا نایانەوێت دانوستانەکان بەردەوام بێت، ئەوەندەی دەبینین لە ئێستادا پرۆسەکە لەلایەن تاکەکانەوە بەڕێوەدەبرێت، یەکێکیان شەرعە و ئەوی دیکەیان شەیبانییە. ئەوان پەیوەندی دەرەکییان هەیە و نایانەوێت کێشەکان چارەسەر بکەن. ئەندامەکەی سەرۆکایەتی پەیەدە، ئاماژەی بەوەکردووە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دەیەوێت سنورەکانی لەگەڵ تورکیادا بکرێنەوە و هاوڵاتیان بە ئازادی هاتووچۆ بکەن، بەڵام تائێستا حکومەتی سوریا داواکارییەکی لەو شێوەیەی نەکردووە. سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەی حکومەتی دیمەشق دژی عەلەوییەکان و دروزەکان، موسلیم دەڵێت: رێککەوتنی 10ـی ئادار بۆ هەموو سوریا بوو، مادەی 1 و 2 بۆ هەموو نەتەوەکانی سوریا بوو. ئەو رێککەوتنە لە کاتی کۆمەڵکوژی عەلەوییەکان ئەنجامدرا، بۆ راگرتنی کۆمەڵکوژییەکان کراوە. پێدەچێت ئێستا بۆچوونی حکومەتی کاتی سوریا لەگەڵ ئەمەدا نەگونجێت، چونکە یەک هێزی حوکمڕانی دەوێت. بۆیە دووژمنایەتی درووز و عەلەوی و کورد دەکات. ئەوانیش بەرگری لە خۆیان دەکەن. سەبارەت بە هاوکاری نێوان حکومەتی دیمەشق و داعش ساڵح موسلیم وتوویەتی: "کاتێک داعش شەڕی ئێمەی دەکرد، ئەوان چوونە ئیدلب و ناو و جلوبەرگیان گۆڕی، ئەوەی ڕوویدا شانۆیەکی نهێنی بوو، کاتێک حکومەتی تەحریر شام هاتە سەر دەسەڵات و رژێمی سوریا رووخا، ئەوان لە ئیدلەب مابوونەوە. شانە نووستوەکان بەئاگاهاتنەوە گروپێکی زۆریان چەکیان هەڵگرت. بۆیە ناتوانین بڵێین حکومەت شەڕی داعش دەکات. ئەوان لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە یەکگرتوون، هێزە نێودەوڵەتییەکانیش لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لەسەر ئەو پرسە دەکەن.

پارێزگاری هەولێر بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە دەنگۆکان و دڵنیاییدان بە هاووڵاتییان گەیشتە گوندی لاجان و لە پەیامێکی تونددا پەردەی لەسەر پیلانێکی دەرەکی و میدیایی هەڵمای.  ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند: دروستکردنی ئاژاوە لە گوندی لاجان، هەوڵێکی نەزۆکی نەیارانە بۆ لەبیربردنەوەی هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر و کەمکردنەوەی شانازیی سەرکەوتنەکانی پارتی، بەڵام عەشیرەتی هەرکی و هێزە ئەمنییەکان بە یەکەوە ئەو پیلانە لەبار دەبەن. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە میانی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ناو گوندی لاجان، داوای لە دانیشتووانی گوندەکە کرد کە بەبێ ترس بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ناوبراو هەموو ئەو پروپاگەندانەی ڕەتکردەوە کە باس لە ئازاردانی خەڵک دەکەن و ڕوونی کردەوە کە هاتنی هێزە ئەمنییەکان تەنها بۆ پاراستنی سەروماڵی خەڵکی لاجان و ڕێگریکردنە لەو دەستە دەرەکییانەی دەیانەوێت ئارامیی ناوچەکە تێک بدەن، نەک بۆ لێدان لە خەڵکی کاسبکار و نیشتمانپەروەر. لە بەشێکی گرنگی لێدوانەکەیدا، پارێزگاری هەولێر هێرشی توندی کردە سەر بەشێک لە دەزگا میدیاییەکان و ئاشکرای کرد کە ئامانجی ئەو میدیایانە لە گەورەکردنی کێشەی لاجان و پێچواندنی بە دۆخی (لالەزار)، تەنیا بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو شەرمەزارییە گەورەیە بووە کە لە هێرشکردنە سەر کێڵگەی کۆرمۆر تووشیان بووە.  خۆشناو جەختی کردەوە، ئەم سیناریۆیانە ناتوانن سەرکەوتنە گەورەکەی پارتی لە هەڵبژاردنەکان لەکەدار بکەن و خەڵکی کوردستان ڕاستییەکان لەبیر ناکەن. سەبارەت بە هەڵوێستی عەشیرەتی هەرکی، ئومێد خۆشناو ستایشی ڕۆڵی مێژوویی ئەو عەشیرەتەی کرد و بە پارێزەرانی سەنگەرەکانی پێشەوەی کوردستان وەسفی کردن، ئەو ڕوونی کردەوە، چەند کەسێکی ئاژاوەگێڕ بە هیچ شێوەیەک نوێنەرایەتیی عەشیرەتێکی گەورەی وەک هەرکی ناکەن، بەڵکو خودی هەرکییەکان لە پێشەوەی حکوومەتن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دەستە تێکدەرانە و خۆیان بە خاوەنی ڕاستەقینەی حکوومەت و وڵات دەزانن. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا: ــ  ئەو دەزگا ئیعلامیانەی كە دەڵێن لاجان داگیركراوە بە دڵنیایی حەزدەكەن هەموو كوردستان داگیربكرێت، ئەوانە هەر حەزیان لە سێبەری داگیركارانە. ــ  دڵنیایی بە خەڵكی كوردستان دەدەین بەسەر ئەو فیتنەگێڕییەدا سەردەكەوین. ــ دەستی ئەوانە دەبڕدرێت كە دەیانەوێت ئاژاوە لە كوردستان دروست بكەن. ــ هیچ كەسێك لە لاجان دەستگیرناكرێت و ئەو دەنگۆیانە ناڕاستن. ــ تەنها لێپرسینەوە لە خەڵكی ئاژاوەگێڕ دەكرێت لە خەڵكی ئاسایی ناكرێت. ــ پیلانەكە لای ئێمە ئاشكرایەو هی ئەمڕۆ نییە. ــ هەندێك لە دەزگا ئیلامییەكان دەیانەوێت كارە شەرمەزراییەكەی كۆرمۆر بزر بكەن. ــ دەیانەوێت بیشوبهێنن بەو رووداوە ناشرینەی لە لالەزار بووەو ئەوەی پێ پەردەشۆش بكەن، ئەوە مەحاڵە لە بیروەری خەڵكی كوردستان ونبێت. ــ ئەئەوانەی دەیانەوێت كۆرمۆر لەبیرببنەوە، بە گروپی تیرۆرست و لە یاسا دەرچوەكان و بەوانەی كە لە هەرێمی كوردسانیشەوە چاوساغیان بۆ دەكەن دەڵیین، كۆمۆر بە سەرتاندا تێناپەڕێت. ــ هیوادارین وەزارەتی رۆشنبیری بێلایەنانە كاری خۆی بكات و یاسا بەسەر دەزگاكانی راگەیاندن جێبەجێبكات، چونكە بەشێكن لە فینەگێڕییەكە.

فەرماندەی هەپەگە رایگەیاند: بەشێوەیەکی سیمبوڵی چەکەکانمان سووتاند، بۆ ئەوەی پێکدادان روونەدات هێزەکانمان لە باکوری کوردستان کشاندەوە، ئەو ئەرکەمان بەجێهێنا کە لە ئەستۆی پەکەکە بوو، بەڵام تاکوو ئێستا دەوڵەت هەنگاوێکی روونی نەناوە، لەبەرئەوەی لەمەودوا ئێمە هیچ هەنگاوێک نانێین. ئەگەر دەوڵەتی تورک بە ڕاستی باسی خوشک-برایەتیی کورد و تورک دەکات، پێویستە ئەویش هەنگاو بنێت. بە بۆنەی 47ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە، لە قەندیل مەراسیمێک رێکخرا، تیایدا ئامەد مەلازگرد فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) باسی لە هەنگاوەکانی پەکەکە کرد لە چوارچێوەی ئەو پرۆسەیەی دەستیپێکردووە و لە سەر داواکاریی ئۆجەلان کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوەیان بەستووە و دواتر چەکەکانیان بە سیمبوڵی سوتاندووە، بەڵام تورکیا هەنگاوی پێویستی نەناوە. مەلازگرد، ئاماژەی بەوەکرد، پەکەکە کۆبووەوە و کۆنگرەی خۆی بەست، کۆتایی بە هەموو کار و چالاکییەک لەژێر ناوی خۆی هێنا. ماوەی پێنج ساڵ بەدژواری شەڕ لە هەرێمی زاپ بەڕێوەچوو، دەوڵەت هەموو دەرفەتەکانی خۆی بەکارهێنا تاکوو هێزی گەریلا لەو شوێنە کۆتایی پێبهێنێت، بەڵام نەیتوانی. ئۆجەلان ووتی بۆ رێگرییکردن لە ئاژاوەگێڕی، پاشەکشە بکەن لەو هێڵانەی کە ئەگەری پێکدادان تێیاندا هەیە، هێزەکانیشمان لەو ناوچەیە کشاندەوە. ووتیان چەکەکانتان رادەست بکەن، ووتمان چەکەکان رادەست ناکەین، بەڵام بۆئەوەی مانادار ببێت بە شێوەیەکی سیمبولی چەکەکانمان سووتاند. لە کۆتاییدا بۆ ئەوەی پێکدادان روونەدات هێزەکانمان لە باکووریش کشاندەوە. فەرماندەی هەپەگە ئەوەی خستەڕوو، ئەو ئەرکەمان بەجێهێنا لە ئەستۆی پەکەکە بوو. بەڵام تاکوو ئێستا دەوڵەت هەنگاوێکی روونی نەناوە. ئێمە لە نزیکەوە چاودێریی دەوڵەت دەکەین، چاوەڕێین ئەوانیش هەندێک هەنگاو بنێن. لەبەرئەوەی لەمەودوا ئێمە هیچ هەنگاوێک نانێین. ئەگەر دەوڵەتی تورک بە ڕاستی باسی خوشک-برایەتیی کورد و تورک دەکات، پێویستە هەنگاو بنێت.  بەووتەی مەلازگرد چاوەڕاوانی دوو هەنگاوی کردەیین لە دەوڵەتی تورکیا ئەوانیش: "هەنگاوی یەکەم بریتییە لە ئازادیی ئاپۆ، پێویستە ئەمە لە یاسادا چارەسەر بکرێت. هەنگاوی دووەم، پێویستە کورد لەناو دەستووری بنەڕەتیی تورکیادا جێی بکرێتەوە." فەرماندەی هەپەگە ووتیشی: “تاکوو ئێستا ئاپۆ هەنگاوی ناوە، ئێمە چاومان لەسەر دەوڵەتی تورکیایە، ئەو هەنگاوانەی دەینێت گرنگە.”

پارێزەری لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل دەڵێت، لاهور شێخ جەنگی پێشنیاری دانوستان و بەشداریکردنی لە حکومەت بۆ کردوون، ئەگەر ئاراستەی دانوستەکانیان لەگەڵ پارتی باش بێت. بورهان ڕەشید، پارێزەری لاهور شێخ جەنگی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: هەفتەی پێشوو سەردانی کاک لاهورم کرد، دۆخی تەندروستی باش بوو، لەسەر زۆر بابەت قسەمانکرد، یەکێکیان بەشداریکردن بوو لە حکومەت. وتیشی: کاک لاهور پێشنیاری بەشداریکردنی لە حکومەت بۆ کردین، ئەگەر ئاقاری گفتووگۆکانمان لەگەڵ پارتی بەدڵ بوو، ئەگەر گفتووگۆکانیشمان بەدڵ نەبوو ناچینە حکومەتەوە. بەرەی گەل کە لاهور شێخ جەنگی سەرۆکایەتی دەکات، خاوەنی دوو کورسییە لەکۆی ١٠٠ کورسی پەرلەمانی کوردستان.