هاوڵاتی ٢٣ی ئەم مانگە پیاوێکی تەمەن ٦٩ ساڵی  بە ڕەگەز فەڕەنسی بەناوی ویلیام، بە چەکەوە هێرشی کردە سەر ناوەندی کلتوری ئەحمەد کایا و سەرتاشخانەیەک وڕێستۆرانتیکی کوردی لە زۆنی دەیەمی پاریس، بەهۆیەوە ٣ هاوڵاتی کورد  کە هونەرمەند میر پەروەر و عەبدول رەحمان کزل کە چالاکوانێکی لاوی کرد بوو، لەگەڵ ئەندامێکی کەجەکە بەناوی ئەڤین گۆیی " ئەمینە کارا" شەهیدبوون. دوابەدوای ڕووداوەکە ناڕەزایی وخۆپیشاندانی ڕەوەندی کوردی لە پاریس درووست بوو، هەرزوو پەنجەی تۆمەت بۆ تورکیا ڕاکێشرا بەوەی کە تورکیا دەستی هەیە لە ڕووداوە تیرۆریستیەکە، سەرەڕایی بوونی مێژووی تاوانی کەسی تۆمەتبار بە کردەوەی ڕەگەزپەرستی و نەبوونی بەڵگەی پێویست، لەگەڵ ئەوەشدا کە لێکۆڵینەوەکان لەسەرەتادا بوون و تۆمەتبارهیچی لەبارەی هۆکاری پشت هێرشەکەوە نەدرکاندبوو. لە چاوپیکەوتنێکی هاوڵاتیدا، لەسەر ڕووداوەکە  ڕێباز مەجید ڕۆژنامەنوس وخوێندکاری ماستەر لە لێکۆڵینەوە لە زانستەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئازادی بەرلین،  دیوێکی تری هێرشەکەی سەر ناوەندی کلتوری ئەحمەد کایای لە پاریس خستە ڕوو. دەقی چاوپێکەوتنەکە: هاوڵاتی:ئایا هێرشەکە بە هێرشێکی تیرۆریستی دەبینن یاخود کردەیەکی تیرۆریستی دژی کورد؟ ڕێباز مەجید: لە ڕاستیدا بۆ ئەوەی بڵێین هێرشەکە تیرۆریستیە یاخود ڕەگەزپەرستیە کەمێک قورسە بڕیار لەسەر ئەوە بدەیت ، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە مێژووی هەیە لە کردە ڕەگەزپەرستیەکانی دەکرێت پەیوەندی بە ڕەگەزپەرستیەوە هەبێت، یەکێک لە هۆکارە گرنگەکان کە  بەکردەیەکی تیرۆر دژی کورد دائەنرێت  ئەوەیە کە هەموو ئەو شوێنانەی هێرشەکەی بۆسەر ئەنجامدراوە شوێنی کوردەکان بوون. هاوڵاتی: بۆچی سەرەڕای نەبوونی بەڵگە، ڕاستەوخۆ تۆمەتەکان ئاڕاستەی تورکیا کرا لەسەر هێرشەکەی پاریس؟ ڕێباز مەجید: هۆکاری پشت ئەوەی کە بۆچی ڕاستەوخۆ پەنجەی تۆمەت بۆ تورکیا ڕاکێشرا وتۆمەتبار کرا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە وادەی هێرشەکە ماوەیەکی کەمی فەرق بوو لەگەڵ یادی هێرشەکەی ساڵی ٢٠١٣ دا کە لە مانگی کانوونی دووەم دا ڕوویدا وبەهۆیەوە سێ ژنە چالاکوانی کورد تیرۆرکران کە یەکێک لەوانە ساکینە جانسز بوو. یەکێکی تر لە هۆکارەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە وڕۆژەی ئەم هێرشە روویدا باس لەوە کراوە کە ڕێکخستنێک هەبووە  لە ناوەندی کلتوری ئەحمەد کایا بۆ ئامادەکاری بۆ یادکردنەوەی ڕووداوە تیرۆریستیەکەی ساڵی ٢٠١٣، ئەمەش زیاتر گومانەکانی خستە سەر تورکیا، هەروەها ئەمەش یەکەمین هێرشی تیرۆریستی نیە بۆ سەر کوردەکان لە پاریس؛ هەرچەندە تورکیا سەبارەت بە هێرشەکەی ١٠ ساڵ لەمەوبەر بە فەرمی ئەو کارە تیرۆریستیەی نەگرتە ئەستۆ، بەڵام لە میدیاکانی سەر بە حوکمەتی تورکیا ئاماژە بەوە کرا کە هێرشەکە تورکیای لە پشتەوە بووە. هاوڵاتی: ئایا تاچەند هێرشەکە پلان بۆداڕێژراو وتیرۆریستی بووە؟ ڕێباز مەجید: ئەگەر باس لەوە بکەین کە ئایا ئەمە تاچەند هێرشێکی تیرۆریستی بووە، بەپێی ئەو زانیاریانەی تا ئێستا هەیە هۆکاری یەکەم بۆ ئەوەی کە هێرشەکە بە هێرشێکی تیرۆریستی بناسێنین ئەوەیە کە هێرشەبەرەکە پێش ڕووداوەکە  بە ئۆتۆمبێلێک گەێندراوەتە شوینی ڕووداوەکە وکەسێکی لەگەڵدا بووە، واتە کەسێک هاوکاری کردووە ئەمەش  دەری ئەخات کە پلان بۆ داڕێژراو بووە وکەسێک هاوکاری کردووە، دووەم هۆکار بۆ ئەو گومانانە بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە کە لەو کاتەدا بڕیاربووە  نزیکەی ٥٠ ژنی چالاکوانی کورد کۆببنەوە و چالاکیەک ئەنجام، بدەن، بەڵام  کۆبونەوەکە بۆ ماوەی کاتژمێرێک دواخراوە، بۆیە ئەگەر کۆبونەوەکە دوانەخرایە ئەوا دەکرا ئەو هێرشە قوربانیەکی زۆرتری لێبکەوتایەتەوە. ئەمانەش زیاتر گومانەکان چڕتردەکەنەوە لەسەر ئەوەی کە هێرشیکی پلان بۆ داڕێژراو بووە دژی کورد. هاوڵاتی: بۆچی هێرشەکان بۆسەر کوردەکان زۆربەی لە وڵاتێکی وەک فەڕەنسا ئەنجام ئەدرێت، لەگەڵ ئەوەی کوردەکان لە زۆربەی وڵاتەکانی ئەوروپا پەنابەرن؟ ڕێباز مەجید: ئەمە یەکەم هێرشی سەر کورد نیە لە وڵاتانی ئەوروپا، لە وڵاتەکانی دیکەش هێرش کراوەتە سەرکورد، بەڵام هۆکاری ئەوەی کە بۆچی زیاتر ئەم هێرشانە دەکرێتە سەرکورد لە وڵاتی فەڕەنسا بۆ ئەگەڕێتەوە کە هێزە سیاسیە کوردەکان لە فەڕەنسا ئازادیەکی زیاتریان هەیە بۆ کارو چالاکیەکانیان بەبەراورد بە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا بۆ نمونە ئەڵمانیا، ئەوەس وادەکات ببنە جێی ئامانجی هێرشە تیرۆریستیەکانی وڵاتێکی وەک تورکیا. هاوڵاتی: ئایا پێت وایە تا چەند کورد پارێزراوە لەو وڵاتە ئەوروپیانەی کە کۆچیان بۆکردووە؟ ڕێباز مەجید: بە دڵنیای کاتێک کورد وەک هەر پەنابەرێکی دیکەی ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاست کاتێک کۆچ دەکات بۆ وڵاتە ئەوروپیەکان ڕووبەڕووی سەختی ودژواری و هەڕەشە دەبێتەوە، وە بەتایبەتی هەموو پەنابەرەکان کە پێستیان ڕەشە یان قاوەییە بە سەر ڕەش ناوەبرێن، بەدڵنیای لەلایەن گروپە ڕاستڕەوەکانی وڵاتە ئەوروپیەکانەوە توشی ڕەگەزپەرستی وجیاکاری دەبنەوە. ئەم جیکاریە ڕەگەزی  و کردە ڕەگەزپەرستیانە دژی پەنابەرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم ١٠ ساڵەی دواییدا زۆر زیادی کردووە، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی لێشاوی کۆچی پەنابەران و بەریەککەوتنی زیاترهەروەها گۆڕانکاریەکان زۆر خێرا ڕوودەدەن؛ ئەمەش بووەتە هۆکارێک بۆ بەهێزتربوونی هێزە سپی پێستە ڕاستڕەوەکان، هەروەها وایکردووە لە پەرلەمانی ئەوروپا ئەو هێزانە دەنگێکی زیاتر بێنن کە دژی کۆچی پەنابەرانن. هاوکات بۆ کورد جگە لەم  مەترسی وجیاکاریە لەلایەن وڵاتانی ئەوروپاوە، مەترسیەکی دیکەش لەلایەن نەتەوە سەردەستەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ سەر کورد هەیە وەک تورک و فارس، هەربۆیە بۆ کورد مەترسیەکە دوو جار زیاترە، بەڵام ئەمەش بەپێی بونیادی سیاسی و کۆمەڵایەتی وئابوری لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تری ئەوروپا جیاوازی هەیە، بۆیه کوردەکان ڕووبەڕووی سەختی زیاتر ئەبنەوە.

سازدانی: هیوا ناسیح  پێشەكییەكی پێویست، ئەم چاوپێكەوتنە ساڵی ٢٠٠٢دا رێك بیست ساڵێك لەمەوبەر و لە شاری سەتگالنی وڵاتی سویسرا لە‌و شوقەیەی مامۆستا خالید دلێری نەمر تیایدا دەژیا، بە چەند جارێك و بە شێوەی دەستنوس ئەنجام دراوە. ئەو كات من پەناخواز بووم لەو وڵاتە، هێشتا جێگیر نەبووبووم و نەمدەزانی شەپۆلەكانی ژیان بەرەو كام كەناری ئاوارەیی پاڵم پێوە دە‌نێت و لە كوێ لەنگەر دەگرم و چارەنوسم چی لێ دێت، بۆیە دواتر پەڕە كاغەزەكانی چاوپێكەوتنە‌كە لە نێو كتێب و كاغەز و ئەرشیفی خۆمدا وون بوون، پێش چەند ساڵێك چەند دانەیەك لە‌و پەڕانەم دۆزیەوە، بەو هیوایەی كە لە داهاتوودا ئەوانی تریش بدۆزمەوە، ئەمساڵ كاتێك خەریكی رێكخستنەوەی كتێبخانەكەم بووم، بە ڕێكەوت سەرجەم پەڕە‌كانی تریشم دۆزیەوە، بۆیە دواكەوتنی بڵاوبوونەوەی لەدەست خۆمدا نەبووە و داوای لێبوردن لە خوێنەر دەكە‌م. پیشەكیەكەش هەر هی ئەوكاتەیە‌. دیارە ڕووداوەكان و گۆڕانكارییە‌كان لە بیست ساڵی ڕابردوودا زۆرن و شتی نوێ و ڕووداوی تر هاتونەتە ئاراوە، بەڵام من نەمویستوە، وەك ئەمانەتێكی مێژوویی، دەستكاری ناوەڕۆكی چاوپێكەوتنەكە بكەم. بۆیە مرۆڤ دەبێت بە پێی بارودۆخ و هەلومەرجی ئەوكات هەڵسەنگاندن بۆ بیروڕا و بۆچوون و پرسیار و وڵامەكان بكات. بەداخەوە مامۆستای ناوبراو دوای ئەوەی گەڕایەوە كوردستان  و لە ١٦/١٢/٢٠١١ لە كۆیە كۆچی دوایی كرد و هەر لە كۆیە بەخاكسپێردرا.   لە نهۆمی دووەمی باڵەخانەیەكی ناوەندی شاری سەتگالنی سویسرادا مامۆستایەكی سەرسپی بە ئەزموون و دنیادیدەی شاعیر، هونەرمەند، نوسەر و سیاسەتمەدار، قاڵبوی جیهانی ئەدەب، سیاسەت و كوردایەتی، بە تەنیا و بێ هاودەم و كەس و كەنەفتی نەخۆشی و پیری و (دەردە ‌كورد) بێدەنگ و دڵ پڕ لە هیوا و كەسەر ژیان بەسەر دەبات. كێ بێت لە ئێمە رۆژێك لە رۆژانی خەباتی شاخ گوێچكەی بە سرودی (پێشمەرگەی بە هەڵمەتین/ پاڵەوانی میللەتین) زاخاو نەدابێت، كە ببوە مارسلیزی كوردایەتی... ئەی كێ بێت گەر بۆ تەنها رۆژێكیش ئەڤینی لە گەڵ (حەبیبە)یەكدا كردبێت و گوێی لە گۆرانی (وەی وەی، گیانە خوا بتكا بێوەی) بوو بێت، هەستی نەكردبێت ئەم دەقە بۆ دولبەرەكەی ئەو وتراوە... كێ بێت هەر تۆزێك حەزی بە خوێندنەوە كرد بێت، رۆژێك لە ڕۆژان لە یەكێ لە ڕۆژنامە و گۆڤارە كوردییەكاندا وتارێكی پڕ لە هەڵوێستی چاونەترسی و بوێرانە و دژ بە خیانەت و كۆنەپەرستی ئەم مامۆستا بەڕێزەی نەخوێندبێتەوە. ئەم دەروێشەی ڕێگای پێشكەوتوخوازی و كوردایەتییە، كە خەرمانی بەرهەمەكانی بریتین لە دە كتێب و دە دەستنوسی چاپنەكراو. با پێكەوە لە نزیكەوە (خەرمان بەرە‌كەت)ێك لە‌م مرۆڤە تێكۆشەر و ماندوە بكەین و گوێ لە ڕاز و نیاز و وتە بەنرخەكانی بگرین و دەرگای دڵی بكەینەوە تا بزانین ئایا (دەردی دووری و وشیاری و سەبوری) وزە و هەست و بیری لاواز نەكردوە؟ ئەی نامۆیی و نەخۆشی لێگەڕاوە ئە‌م مرۆڤە مەزنە لە داهێنان بەردەوام بێت؟ دەقی چاوپێكەوتنی مامۆستا خالید دلێر؛ پرسیار: پێشەكی حەز دەكەین (خالید دلێر) لە دەمی خۆیەوە بناسین؟ خالید دلێر: من لە ٢٠ ئابی ساڵی ١٩٣٣دا لە گەڕەكی بەفری قەندی كۆیە لە دایكبووم، كوڕی پیاوێكی سۆڵدروە بووم، باو و باپیرم لە كۆیە ژیاون و گەورەبوون و مردون، دایكم ناوی ئامینە چاوشین بوو، ژنێكی هێمن و لەسەرخۆی جوان، دڵسۆز، كەیبانوی ماڵ و مناڵی خۆی بوو. خالد ناوی خۆمە، دلێر نازناوی شاعیرێتییە، حوجرەی مەلایان خوێندوومە، سەرەتایی و ناوەندیم لە كۆیە تەواوكردوە. ئامادەیی بەشی ئەدەبی-یم لە ‌بەغدا و كەركوك بەشەو تەواو كردوە. هەر لە مناڵییەوە لە ساڵی ١٩٦٤ ەوە لە رێكخستنی قوتابیان كە سەر بە پارتی دیموكراتی كورد بوو بەشداریم كردوە، ناوی رێكخستنەكە كۆمەڵەی پێشكەوتنی خوێندەواریی (KPX)بوو. هەر لە ڕێبازی كوردایە‌تی و پێشكەوتوخوازایانە و چەپدا ژیاوم و خەباتم كردوە و تا ئێستاش لەو رێگایە‌دام. خوێندنی باڵام بۆ ڕێككەوت بەڵام دەرچوونی ناوم بۆ دەسگیركردن ساڵی ١٩٦١ ماوەی نە‌دا لەو خوێندنە بەشدارم. بە درێژایی تەمە‌نم لە پلەكانی سەركردایەتی پارتیدا خەباتم كردوە، بە نوسین و بەرێكخستن و هۆشیاركردنەوەی ئەندامانی پارتی و جەماوەرەكەی ڕۆڵم هەبووە، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان بووم/ باڵی مەكتەبی سیاسی. هەر كە ئەو پارتە هەڵوەشایەوە هەندێ لە سەركردەكانی چوونەوە‌ لای سەرۆكی پارتی مەلا ماستەفا، هەندێكیان بە هەر رێگایەك بێت پاكانەیان بۆی كرد، هەندێكی تریان وڵاتیان جێهێشت و چوونە هەندەران، من تاكە ئەندامێكی كۆمیتەی ناوەندی بووم، كە هیچ پەیوەندییەكم بە مەلا مستەفاوە نەكردەوە. لەوساوەش لە هیچ رێكخستنێكی سیاسییدا بەشدارم نەكردوە، ئەوە نەبێت ماوەیەك ئەندامی لیژنەی هاریكاریی چەپە كوردستانییەكان بووم، كە ساڵی ١٩٩٣ پێك هات لە سێ حزب و رێكخراوێكی چەپی كوردستانی، پاش ماوەیەك بە بنبەست گەیشت. بەڵام خالد دلێر لە كوردایەتی و بڵاوكردنەوەی بیروباوەڕی چە‌پ و ئەدەب و هونەرێكی شۆڕشگێرانە درێغی نەكرد، بەڵكو لە جاران زیاتر لەم بوارەدا قوڵتر بۆمەوە. لە بارەی ئەدەبەوە هە‌ر لە پۆلی چواری سەرەتاییەوە دەستم لە دانانی هۆنراوەدا هە‌بوو، تا نیسانی ١٩٤٥ یەكەمین شیعرم لە رۆژنامەی (هەولێر)دا بڵاوكراوەتەوە بەناوی (بەهاری ساڵی تازە) كە ئەوساكە تەمەنم هەژدە ساڵی تەواو نەكربوو.‌ تا ئێستا بیست كتێبم لە سیاسەت و فۆلكلۆر و هونەر و شیعر نوسیوە، لەبەر ئەوەی دەوروبەری ماڵەوەمان تاڕادەیە‌ك نزیك بە هونەری گۆرانی بوو بە گۆرانی ئاشنا بووم. باوك و مام و ئامۆزا و پورزایەكیشم كە تایەر تۆفیقە گۆرانیبێژ بوون، خالید دلێر لە مناڵییەوە ئارەزووی گۆرانی گوتنی لە مێشك و دەرووندا جێگیر بوو. هەتا ئێستا (٣٠) دانە سرود و گۆرانی بەشیعر و ئاوەزی خۆم داناوە. هەندێكیان لە ئیزگەكان و هەندێكیان بە دەنگی هونەرمەندەكان بڵاوكراونەتەوە. بەم جۆرە لە مندا سیاسەت و هونەر و وێژە یەكتریان تەواو كردوە و یەكتریان جێنەهێشتوە، لەلای ئەم پیاوە پێكەوە هەنگاویان ناوە و بەرەو پێشەوە چوون. بە لای ئەم پیاوەوە هەڵوێستی سیاسی و نیشتمانپەروەری و پێشكەوتووخوازیانە لەگە‌ڵ هونەر و وێژە نابێت جیابكرێنەوە، بە پێویستی دەزانێ شاعیر و هونەرمە‌ند بەلای كەمیەوە نیشتمانپەروەر بن. ئەگەر ئەم خەسڵەتانە لە هونەرمەند و شاعیردا نەبێت ئەوا شاعیر و هونەرمەند نین.  لە مانگی مایسی ساڵی ١٩٥٤ دا یەكەمین كەس بوون داوای دامەزراندنی یەكێتی نوسەرانی كورد و كۆڕی زانیاری بۆ كورد كردوە، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی نوسەرانی كورد بووم لە هەردوو دەورەكەیدا لە ١٩٦٨ و ١٩٩١.  ئەندامی دەستەی نوسەرانی رۆژنامەی (نور) بووم، ئەم رۆژنامەیە ئۆرگان و زمانحاڵی پارتی دیموكراتی كوردستان / باڵی مەكتەبی سیاسی بوو. ئێستا ئەندامی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (KNK ) م. لە ئێستادا بە تاكوتەنیا لە هەندەران دەژیم لە ژێر باڵی كۆمەڵێ نەخۆشی گرانەوە، لە وڵاتی سویسرا لە شاری سەتگالن لە ١٩٩٨ەوە، خەمی دوورە وڵاتی پرزەی لێ بڕیوم. پرسیار: مامۆستا یەكێك لە ئەندامانی خێزانەكەتان پاشناوی (بابان)ی بۆ خۆی داناوە، ئایا ئێوە دەچنەوە سەر بابانەكان؟ خالید دلێر: خێزانی ئێمە لە باپیرانی كەسوكاری باوكم و دایكم لە كۆیە ژیاون لە گەڕەكی بە‌فری قەندی ئێستاش خانوە‌كەیان ماوە، باپیرم باوكی دایكم هەروەك لە پێشدا گوتم ناوی ئەمین چاوشین بووە و هیچ نازناوی دیكەی نەبووە. هەتا لە باوكیشمەوە هەتا باوكی باوكم كەسیان نازناویان نەبووە، باوكیشم لە پێشدا نازناوی سۆڵدروی پیشەكەی خۆی هەبوو، دوایی بووبە كوێخای گەڕەك، نازناوی بووە واحیدی موختار، ئەمن لەبەر ئەوەی پیشەكە‌ی لام پیشەیەكی كرێكاری پیرۆزە و ڕەنجی شانی لەگەڵدایە، ئەو نازناوەم بۆ هەڵبژاردوە، ئیدی ئێمە هیچ نازناوی دیكەمان نەبووە، و هیچ پەیوەندییەكی خزمایەتیمان بە (بابانییەكان)ی نیشتمانپەروەرەوە نەبووە و نییە. من لەگە‌ڵ زۆر كەسی ناوداری خێڵی بابان پەیوەندی برایانە و دۆستانەم هەیە و شانازی پێوە دەكەم، وەك كاك تەها بابانی پارێزەر و ئەكتەر، دكتۆر فوئاد ئەحمەد بابان، كاك عەبدوڵا بابان سیاسەتمەداری خەڵكی سنە و هی تریش. پرسیار: ئایا مامۆستا دلێر چۆن هونەر و سیاسەت و شیعری كۆكردۆتەوە؟ خالید دلێر: ئەمن بە منداڵی لە (قوتابخانەی سەرەتایی یەكەمی كۆیە)‌ لەگەل سرود راهاتم، مامۆستاكانمان سرودی نیشتمانیان فێردەكردین، ئیزگەی كۆماری مەهابادیش سرودی ئەی رەقیب و خوایە وەتەن ئاواكەی زۆر بڵاودەكردەوە، لەبەر ئە‌وەی لە رێكخراوێكی سیاسی سەر بە ڕێبازی كوردایەتیدا ئیشم دەكرد لە‌ ساڵی ١٩٤٦دا حەزم لەو سرودانە بوو، زوو فێریان دەبووم، لە تیپەكانی سرودی قوتابخانە دەستی باڵام هەبوو، لە ڕیزی پێشەوەی قوتابییەكان، مومارەسەی سرود و گۆرانی گوتن دەنگیان كردمەوە، دەنگم خۆش دەرچوو. پرسیار: مامۆستا چەند سرودتان هەیە و یەكەم سرودتان كەی و لە كوێ چڕیوە؟ خالید دلێر: لەبەر ئەوە‌ی كاتی خۆی سرود نەمابوو فێری نەبم حەزم دەكرد سرود دابنێم، بەڵام سەرنەكەوتم تا ساڵی ١٩٥٦ لەو ساڵەدا یە‌كەم سرودم دانا، كە دەڵێ: كە ئێمە كوڕی شاخ و كێو و كەژین    وڵات فێری كردوین بە مەردی بژین بەدەرسێ كە هەوڵ و خەباتە لە ژین    قەڵای سەختی دوژمن دەخەینە هەژین ئەم سرودەم ساڵی ١٩٥٦ دا لە كەركوك دانا، كە ماڵمان لە گەڕەكی ئیمام قاسم بوو، یەكەمجار سرودەكەم بۆ كاك عەبدولرەحمانە ڕووتە خوێندەوە، ئیتر مایەوە و بڵاونەكرایەوە تا شۆڕشی ١٩٥٨ لە عێراق بە سەرۆكایەتی عەبدولكە‌ریم قاسم ڕویدا، بە پێی گۆڕانی ئەو وەختە، هەندێك دەسكاریم لە شیعرەكەدا كرد، لەگەڵ سرودی سەربازانی ئازادی كە دوای شۆڕش داماننا، لە ئیزگەی بەغدا بەشی كوردی بڵاومكردەوە، ئێستا لەو ئیزگەیە‌ سڕاوەتەوە و نەماوە، لە هیچ جێگەی دیكەش تۆمار نەكراوە، بە هەمووی نزیكەی پانزە سرود و گۆرانی سیاسیم هەیە‌. یەكێك لە برادەر‌ە نزیكەكانم ناوی لێناوم (باوكی سرودی كوردی) جا نازانم شایەنی ئەو نازناوەم یان نا، لە بارەی سرودەوە هەندێك قسەی دیم هەیە، ئەویش ئەوەیە كە من سرود و گۆرانییە سیاسییەكانم  بە شیعر و ئاوازەوە بۆخۆم داناون، لەبەر ئەوە وا پێدەچێت، كە من چاكترین دانەری سرود و گۆرانی كوردی سیاسی كوردی بم، لێكۆڵینەوە‌م لەوبارەوە نە‌كردوە، دەزانم دانەری شیعری سرود زۆرن وەك بێكەس و بەختیار زێوەر بەڵام شیعر و ئاوازدانان بەیەكەوە لە لایەن یەككەسەوە زۆر كەمە. وابزانم كەس ناگاتە ئەو ژمارە‌یەی من دامناوە. پرسیار: بیرەوریتان لەگەڵ دامەزراندنی یەكێتی نوسەرانی كورددا چییە، ئەی پێشتنیازتان بۆ داهاتووی ڕێكخراوەكە چییە؟ خالید دلێر: پێشەكی ئاماژەمدا، كە یەكەم كەس بووم داوای دامەزراندنی یەكێتی نوسەرانی كوردم كردوە و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەریشی بووم لە هەردوو دەورەكەیدا، پێشنیازم ئەوەیە كە یەكێتی نوسەران بكرێ بە ڕێكخراوێكی پیشەیی، لەوەی كە نیشتمانپەروەر بێ و خزمەتی مەسەلەی كورد بكات زیاتر سەر بە هیچ حزبێك نەبێت، نوسەری هەموو لایەنەكان لە نێو یەكێتییەكەدا خزمەتی بیروبڕوای خۆیان بكەن، شاعیر و نوسەر لە نێو یەكێتییەكەدا سەربەستی تەواویان هەبێت، یەكێتی هەوڵدا ژیانی نوسەر و وێژەوانی كورد دابین بكات. پرسیار: ئەم وشانە لای مامۆستا چی دەگەیەنێت؛  (كوردستان، ئازادی، غوربەت، هونەر، مرۆڤی رۆشنبیر، ئەنفال، كەركوك)؟ خالید دلێر: كوردستان؛ بێشكەی باووباپیر و دایكان و كەسوكار و برادەر و خۆشەویستەكانم، گۆڕەپانی زۆرانی سەخت و خەباتی چینەكانی كوردستانە لەلایەك بەرامبەر داگیركەران. باخچە‌ی گوڵ و گوڵزار و گیابۆنخۆشەكان.  ئازادی؛ یەكەمین هۆی ژیانی مرۆڤی تێكۆشەر،  غوربەت (ئاوارەیی)؛ هەڵكێشانی داری تەمەن لە جێگەی خۆی و هەوڵدانی چاندنەوەی لە ئاووهە‌وایەكی نامۆدا. هونەر؛ یە‌كێ لە خۆراكە پێویستیەكانی گیانی مرۆڤی هەستیار. مرۆڤی ڕۆشەنبیر؛ چرای رێگای ئازادی و دیموكراسییەت و بەختیاری مرۆڤ. ئەنفال؛ تاوانی هەرە گەورەی بەعس لە سەدەی بیستدا.  كەركوك؛ ئەو دارخورمایەی كورد چاندویەتی و خزمەتی دەكا و هەتا ئێستاش د‌ەنكێكی لێ نەخواردوە.  پرسیار: مامۆستا خۆشترین و ناخۆشترین ڕۆژی ژیانتان؟ خالید دلێر: خۆشترین رۆژی ژیانم رۆژی رودانی شۆڕشی ١٤ی تەموزی ١٩٥٨ بوو، ئەو روداوە روینەدایە، هەر ئەو رۆژە لەسەر پاكانە ‌نەكردن لە شویعیەت لە شەریكەی نە‌وت دەردەكرام، ماڵۆكەمان لێ تێكدەچوو، منیش دەكرامە سەرباز، ئیتر نازانم چیم بەسەر دەهات. ناخۆشترین رۆژی ژیانم، بە درێژایی ژیانم هەر لە ناخۆشیدا ژیاوم، بەڵام ناخۆشترینیان رۆژی جاڕدانی ئاشبەتاڵ لە شەوی ١٩/٢٠ ی ئاداری ١٩٧٥ بوو. پرسیار: وەك نوسەر و سیاسەتمەدارێك چ وتەیەكتان بۆ سەركردەكانی كورد هەیە؟ خالید دلێر: بەرژەوەندی پێشكەوتنی كوردایەتی و كۆمەڵایەتی بخەنە پێش بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان و بنەماڵەكەیانەوە، ئەمە‌یە ڕێگەی هەمیشە مان و نەمردن.  پرسیار: سەرەڕای ئە‌وەی مێرگی گوڵاڵە سورەی شەهیدانی كورد هەر سور بووە، كەچی كورد نەگەیشتوە بە ئاواتەكانی، بەڕای مامۆستا هۆی سەرەكی ئەمە چییە؟ خالید دلێر: هۆی سەرە‌كی كە میللەتەكەمان تا ئێستا بە ئاواتی خۆی نەگەیشتوە زۆرن، لەوانە، دەوڵەمەندی كوردستان و شوێنە ستراتیژییەكەی كە وایكردوە هێزەكانی سەردەمە جیاجیاكان چاویان تێبڕیوە و داگیریانكردوە، ئێستاش هەر ئەنجامی ئەو هۆیانە لە نێوان چوار پێنج داگیركەر دابەشكراوە، هەر ئەو هۆیە وایكردوە رژێمی دەرەبەگایەتی و هۆز و بنەماڵە و تیرەپەرستی لە كوردستان تا ئێستاش درێژەی كێشاوە، نەیانهێشتوە میللەتەكە یەكبگرێت، میللەتی كوردیان دوور لە شارستانی و ڕۆشنگەری سەردەم گرتوە، هۆشیاریی سیاسی نێوان ریزەكانی نەگەیشتۆتە رادەی پێویست، چینی كرێكار نەشونمای نەكردوە. پرسیار: بەڕێزتان كە ئەندامی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (ك ن ك)ن، بۆچی ئەم دەزگایە نەیتوانیوە سەرجەم پارتەكانی هەموو پارچەكانی كوردستان بگرێتە‌خۆ و وەك پێویست ئەركە نیشتمانی و نەتەوایەتییەكی باشتر جێبەجێ بكات؟ خالید دلێر: دابەشكراوی كوردستان وایكردوە كە حزبە كوردییەكان هەریەكە بە جۆرێ پەیوەندی تایبەتییان بەو داگیركەرانە‌و‌ە هەبێت، چ لە پەیوەندییە هەرێمایەتییەكان و چ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، ئەمە كار دەكاتە سەر ئەو پەیوەندییانەوە بە كۆنگرەی نەتەوەیی، كە دەیەوێت بە راستی و بەواقعی نوێنەرایەتی هەموو میللەتی كورد بگرێتە خۆیەوە، لەم بوارەشدا هەندێ هەنگاوی ناوە و سەركەوتنی بەدەستهێناوە، كۆنگرە ئێستا گەورەترین كۆبونەوە‌ی سیاسیی كوردە، كە تا ئێستا لە مێژووی كورددا رویدا بێت. پرسیار: هەر یە‌ك لە‌م شاعیرانە (نالی، حاجی قادری كۆیی، شێركۆ بێكەس، پەشێو، مەهاباد قەرەداغی، كەژاڵ ئەحمەد) لای مامۆستا چی دەگەیەنێت، چۆن پێناسەیان دەكەی؟ خالید دلێر: نالی، هێندە گەورەیە نازانم چۆن باسی بكەم، پیاوێكی وا گەورە بە رستەیەك و دوو رستە باسی ناكرێت، مامۆستای ئەدەبی كوردییە، عاشقترین شاعیر بووە. حاجی قادری كۆیی، یەكەمین شاعیری شۆڕشگێری كوردە، من لە حەفتاكاندا ئەمەم گوتوە و ئێساش هەر وا دە‌ڵێم. شێركۆ بێكەس، شاعیری وشەی جوان و وێنەی جوان. پەشێو، شاعیرێكە رەخنەی زۆرە، بەڵام ئەلتەرناتیڤێكی پێ نییە بەرامبەر رەخنەكانی بیداتە خەڵك. مەهاباد قەرەداخی؛ شاعیرێكی پێشكەوتوخوازە.  كەژاڵ ئەحمەد؛ شاعیرێكی چاكە. پرسیار: مامۆستا دوا ئاواتت چییە لە ژیاندا؟ خالید دلێر: كوردستانێكی ئازاد و سۆسیالیست، كە هەر كەس هەقی خۆی پێ بگات. پرسیار: داهاتوی میللەتی كورد چۆن دەبینن، گەشبینن یان ڕەشبینن پێی؟ خالید دلێر: داهاتوی كورد ڕوناك دەبینم، بەرەو ئاسۆیە‌كی فراوان هەنگاو دەنێین، هۆشیاری نەتەوایەتی و شۆڕشگێڕی لەنێو ڕیزەكانی میللەتدا لە گەشەكردندایە، ڕیزەكانی كۆمەڵ خێراتر لە جاران بەرەو یەكگرتن دەڕۆن، ئەمانەن دەستەبەركەری پاشەڕۆژێكی ڕوناكتر بۆ میللەتی كورد. پرسیار: لە ژیانی حزبی و سیاسییدا تا چ پلەوپۆستێك ڕۆیشتون؟ خالید دلێر: لە پارتی دیموكراتی كوردستاندا، مەبەستم باڵی مەكتەبی سیاسییە، بە پلەی ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی گەیشتم. لەم دواییەشدا (نەوەدەكان) ئەندامی لیژنەی هاریكاریی چەپە كوردستانییەكان بووم و وەك حزبێك قبوڵكرابووم، مافی من وەك مافی هەر حزب و رێكخراوێكی ئەندامی لیژنەی هاریكاریی چەپە ‌كوردستانییە‌كان وا بوو. ئێستاش ئەندامی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستانم. پرسیار: مامۆستا وەك هونەرمەند و ئاوازدانەرێك ئەم هونەرمەندانە (شیڤان پەروەر، بەهجەت یەحیا، مەرزیە رەزازی، عەزیز شاروخی، محەمەد رەوف كەركوكی، شەهرەبان كوردی) بە كورتی چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ خالید دلێر:  شڤان، هونەرمەندێكی بەتوانایە، بەڵام لە ‌سیاسەتدا توشی سەرلێشێوان بووە. بەهجەت یەحیا، هونەرمەندێكی تازەیە، زوو وڵاتی بەجێهێشت، ناسیاریشم لەگەڵیدا نییە، هەڵەیەكی لەبارەی منەوە لە چاوپێكەوتنێكدا بڵاوكردۆتەوە، وەكو بۆمیان گێڕایەوە، دیارە بۆخۆم چاوپێكەوتنەكەم نەدیوە، لە بارەی خەڵاتی كچمەوە گویا گوتویەتی" چاكترین دەنگی ئافرەتی كوردی هەیە، بەڵام مامۆستای نییە" لەبارەی هەڵنانی كچەكەمەوە هەڵنانەكە ڕاست بێت یان هەڵە، سوپاسی دەكەم، بەڵام لەبارەی ئەوەوە، كە مامۆستای نییە، ئەوە گلەییەكە ئاڕاستەی من كراوە، من بە گلەییلێكردن دڵگران نیم، كاك بەهجەت هەقی خۆیەتی چۆن تێدەگات یان باسم بكات و منیش مافی خۆمە، گەر بە هەڵە باسم بكەن، هە‌ڵەكانیان بۆ ڕاست بكەمەوە، بۆیە دەڵێم كچەكەم بە هۆی ئەوەی شوی كرد، مێردەكەی گۆرانی گوتنی لێ قەدەغە كرد، دەنا من حەزم دەكرد بەردەوام بێت، چۆنیش توانای هونەرییەكەیم بەدەرخست، ئەگەر وردە وردەش بوایە، دەمتوانی پێشی بخەم و مومارەسەش یارمەتی دەدات، بۆ پێش خستنی.  مەرزیە ڕەزازی، هونەرمەندێكی ئازایە، لەگەرمەی بەندوباوی كۆنەپەرستیدا پەردەی گۆرانی وتنی دڕی، هاتە كۆڕی هونەری كوردییەوە، دەنگی خۆشە، گۆرانی دەربڕینەكانیشی جوانە داوای سەركەوتنی زیاتری بۆ دەكەم. عەزیز شاروخی، بولبولی كوردستانە، من ئەو بە حەزرەتی داود بانگ دە‌كەم، تایەربەگی جاف دەڵێت: ( حەڵقەیی زوڵفت لەگەڵ حەڵقەی زرێ نابێ بدەی/ لەحنی داودی چ دەخلێكی بە دەنگ و سەوتەوە) بەڵام هەندێك لەخۆباییبوونی تێدا بەدی دەكەم، هیوادارم بەسەریدا زاڵ ببێ و نەیهێڵێت، گرنگی زیاتریش بە ڕۆشەنبیری گشتی خۆی بدا.  محەمەد ڕەوف كەركوكی،  كوڕێكی باشە، لە دوكانەكەی چایەكم خواردۆتەوە، هونەرمە‌ندێكی باشە، دەركەوتنێكی باش بەدەركەوت، حەزم دەكرد ئاوازێكی خۆمی بدەمێ، بەڵام بارودۆخ ماوەی نەدام، هیوادارم سەركەوتنێكی باش سەركەوێ.  شەهرەبان كوردی، بەلای منەوە ئێستا چاكترین گۆرانیبێژی ئافرەتی كوردە، بەدڵ و دەرون و دڵنیایی و توانایەكی تەواوەوە گۆرانی دەچڕێ، سرود و گۆرانییەكانی كۆڕی خەباتی نەتەوایەتی بەتایبەت لە باكور جۆش دەدەن. پرسیار: زۆر بە كورتی بۆچی هاتنە دەرەوە كوردستان و وڵاتتان جێهێشت؟ خالید دلێر: زۆر هەوڵمدا وڵاتەكەم جێنەهێڵم بەڵام نەخۆشی و هەندێ هۆی تر ناچاریان كردم، كە بەداخ و خەفەتێكی زۆرەوە وڵاتەكەم جێبهێڵم. پرسیار: چ ئامۆژگاری یان رێنوێنییەكتان هەیە بۆ خەباتگێڕان و تێكۆشەرانی كورد؟ خالید دلێر: با هەموومان وەكو كورد ڕەفتار بكەین، نەك وەكو ئەندامی ئەو حزب و ڕێكخراوانەی تێیاندا ئەندامین، وەك كورد داوای مافی كورد بكەین، هەر شتێ جیاوازی دەخاتە نێوانمانەوە بۆخۆمان هەڵیگرین، حزبایەتی بۆ حزبەكان بەكاربهێنین، لە سنوری كوردایەتیدا نەتەوەیی بین، بەدڵ و بەگیان و‌ەكو كورد بۆ كورد ئیش بكەین، بۆ یەكتر باوك و برا و كەس بین. پرسیار: چ یادگارییەكتان لەگەڵ مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەددا هەیە؟ خالید دلێر: یادگارییەكانم لەگەڵ م. برایم كۆتاییان نایەت، لەشیعرەكانی، وتارەكانی، لەو كردەوانەی بەكردەوە لێم دیون، وزە و تینی خەباتكردنم وەرگرتوە، خۆم بە قەرزاری دەزانم.  پرسیار: ‌ڕوداوی ساڵی ١٩٧٥ی شۆڕشی كورد چی ناودەنێن، نوشست، نسكۆ یان ئاشبەتاڵ، وە بۆچی؟ خالید دلێر: لەبارەی كارەساتی ئاداری ١٩٧٥ دوو بۆچوونی لەیەكجیام هەی، یەكێكیان؛ بزوتنەوەی كوردایەتی چەند ساڵ بوو بە هۆی بوونی سەركردایەتی مەلا مستەفاوە توشی هەڵدێر و بنبەستی گەورە ببوو، هەتا مەلا مستەفا لەسەركردایەتی بزوتنەوەكە بمایە، ئەو هەڵدێر و بنبەستانە كۆتاییان نەدەهات، هەر قوربانیدان و خوێنڕشتن و ئارەق ڕشتنە تا كۆتایی بەردەوام دەبوو، لەبەر ئەوە رزگاربوونی بزوتنەوە لەسە‌ركردایەتی ئەو سە‌ركەوتنێكی گەورەی كوردایەتی بوو. بزوتنەوەی كوردایەتی بە هۆی سەركردایەتییەكە‌‌یەوە وەكو لاشەیەكی مردوی لێهاتبوو، نەهەڵد‌ەستایە سەرپێ و نەدەشنێژرا، كورد بەدیاریەوە دەستەوئەژنۆ دانیشتبوو، چاوەڕوانی ئەوە بوو بنێژرێت. بە ‌ڕزگاربوونی بزوتنەوەكە لە سەركردایەتیەكەی، جۆش و خرۆشێكی دیكەی تێگەڕا، میللەتی كورد لە ناخەوە هەژا، دۆست و دوژمنی زیاتر بۆ دەركە‌وت، ڕاپەڕینە پیرۆزەكانی ساڵی ١٩٩١ زادەی ئەو هەژان و ئەزمونە بوو. دووەمیان؛ گەورەترین ئاشبەتاڵی مێژوویی بوو لە مێژووی كوردایەتی، ئاشبەتاڵ لە مێژووی كوردایەتی زۆربووە، لەوانە، بزوتنەوەی بارزان ساڵی ١٩٤٥ كە بە یارمەتی حزبی هیوا و مەلا بەڕێوەدەچوو، دوایی باشوریان بەجێ هێشت و چوون بۆ كۆماری مەهاباد، پاشان ئاشبەتاڵی هەڵوەشاندنەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، مەبەستم ئەو باڵەیە، كە بە باڵی مەكتەبی سیاسی ناسرابوو، دیارە ئەمە ئاشبەتاڵێكی ئەوەندە گەورە نەبوو خەڵك هەستی پێ بكات، بەڵام لە لایەنی سیاسییەوە كاریگەریەكی قوڵی خستە سەر كۆمە‌ڵگە و پاشەڕۆژی بزوتنەوەی كوردایەتی. بزوتنەوەی كوردایەتی كە دەبوو بە سەركردایەتی كۆمەڵ بەڕێوە ببرێت، مەلا مستەفای كردە تاكە سەرچاوەی بڕیار، لەبارەی مەسەلە چارەنوسسازەكانی میللەتی كوردەوە. ئەوەبوو بارزانی توانی رۆژی ١٩/٢٠ی مانگی سێی ١٩٧٥ ئەو ئاشبەتاڵە گەورەیە بە بزوتنەوەی كوردایەتی و شۆڕشی ئەیلول بكات، بە حزبەكەی خۆشیەوە، بەبێ ئەوەی تەنانەت هەر بۆ ڕواڵەتیش بێت كۆنفرانسێكی بچكۆلە ببەستێ و ئەو بڕیارەی ئاشبەتاڵەی بەسەردا بسەپێنێ. لەبیرمان نەچێت بڵێین ئاشبەتاڵی ١٩٧٥ گەورەترین ئاشبەتاڵ بوو لە مێژووی میللەتی كورددا، كە بوو بە هۆی وێرانبوونی كوردستان و لەناوچوونی سەدان هەزار كورد. پرسیار: تیرۆر لای ئێوە مانای چی دەگەیەنێت، بە كێ دەكرێت بڵێین تیرۆریست؟ خالید دلێر: تیرۆر بەلایەنی منەوە، یانی كوشتنی كەسانێك، كە خاوەن مەسەلەی ڕەوان یان خەڵكی بێتاوانن، یان بێبەشكردنی میللەتێكی چەوساوە و زۆرلێكراو لە ‌بەكارهێنانی هۆیەكان و شێوازەكانی خەباتكردن بە ناهەق. پرسیار: ئێستا دەبینین لە باشور دوو حكومەتی نایەكگرتومان هەیە، ئەگەر ئێستا هەردوو حكومەتەكەی باشور یەكبخرێن و بەرێزت بكەنە سەرۆكی هەرێم، ئایا یەكەم كارێك پێی هەڵدەستن چی دەبێت؟ خالید دلێر: هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، هەڵبژاردنێكی دیموكراتییانە‌، هەڵبەت دوای هەڵسان بە ئامارێكی خەڵكی هەرێمی كوردستان. پرسیار: پاشەڕۆژی سۆسیالیزم چۆن دەبینن، ئایا پێتان وایە كۆمۆنیزم رابوونێكی نوێ بە خۆیەوە دەبینێ و جارێكی تر جەمسەرێكی دژ بە سەرمایەداری دروست دەبێتەوە، بەتایبەت پاش دەركەوتنی سەرەتای ڕۆچوونی ئیسلامی سیاسی؟ دلێر: ئەمن پاشەڕۆژی سۆسیالیزم ڕوناك دەبینم، هەموو كردەوەیەك كە دادپەروەری تێدا بێت بەشێكە لە سۆسیالیزم، حزبە سۆسیالدیموكراتەكان پێشكەوتووخوازییەكەیان لە بەشە سۆسیالیستییەكەیاندایە، زۆر و كە‌می بوونی سۆسیالیزم لە ناویاندا رێژەی دادپەروەری كۆمەڵایەتی‌ تیایاندا دیاری دەكات. دادپەروەریی كۆمەڵایەتی خاسیەتێكی مرۆڤانەی ڕەسە‌نە، رۆژ بەرۆژ لە ناو ریزەكانی مرۆڤایەتی زیاتر جێگیر دەبێت، هەمووشیان بەرەو بنەمای (هەر كەس بە پێی پێویستی و  هەر كەس بە پێی جۆری كاری) ئەڕوا، جا حەز بكەن یان نا، كە ئەمەش جەوهەری سۆشیالیزمی زانستییە.  

هاوڵاتی ئاریان لەتیف، هونەرمەندێکی شیوەکاری کوردە بەشداری لە پێشانگای نێودەوڵەتی لە شاری بوسان کرد لە کۆریای باشور ، لە پێشانگاکەدا هونەرمەندانی ٤٩ وڵات بەشداریان کردبوو. پێشانگاکە لەلایەن زانکۆی تانگیمۆنگەوە سپۆنسەرکرابوو، لە ڕۆژی ٥ی ئەیلول بۆ ١١ی کانونی یەکەم بەردەوام بوو، کە یەکێک لە بەشداربووەکان هونەرمەندێکی کورد بوو بە وێنەیەکی سروشتی کوردستان بەشداری کردبوو. ئاریان لەتیف لە چاوپێکەوتنێکی دا بۆ هاوڵاتی لە بارەی کارە هونەریەکانیەوە و بەشداریکردنی لەو پێشانگا نێودەوڵەتیە وتی، لە ساڵی ٢٠١٤ وە دە ستم کردووە بەکاری هونەری لەپاڵ پیشەکەمدا کە بواری پزیشکیە، بەڵام وەک خولیایەک هەوڵم داوە پەرە بە توانا هونەریەکانم بدەم وتائیستا بەشداریم لەچەندین پێشانگای نێوخۆیی ونێودەوڵەتیش کردووە لە عێراق و هەرێمی کوردستان وڵاتانی تورکیا ویۆنان کردووە.  باسی لەوەشکرد، بڕوام وایە مرۆڤ دەتوانێ لەچەند کارێکی جیاوازدا سەرکەوتوبێت وهەربۆیە من پەرەم بە تواناکانم لەبواری شێوەکاری داوە. لەبارەی بەشداریکردنی لە پێشانگاکە کە لە شاری بوسانی کۆریای باشور بوو، ئاریان لەتیف باسی لەوەش کرد کە لەسەر ئەرکی خۆی بووە و ئەمە دووەم جارە کە لەکۆریای باشور بەشداری دەکات لەپێشانگا نێودەوڵەتیەکان و جاری یەکەم لە شاری ئینچیان بەشداری کردبوو. لە بارەی کارەکانیەوە  وتی، من زیاتر وێنە وکارەکانم لەسەر سروشتی کوردستانە و هەربۆیە بە وێنەیەکی سروشتی کوردستانیش بەشداریم کردبوو لە پێشانگاکە، وە هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە بۆچونەکان وکاردانەوەکان زۆرباشبوون لەسەر کارەکانی هەرچەندە سەرنجێکی زۆرتر لەسەر کارەکانی هونەرمەندە کۆریەکان بوون. ئاریان لەتیف، هونەرمەندێکی کوردی باشوری کوردستانە و لەشاری سلێمانی دادەنێشێت، لەساڵی ٢٠١٤دەستی کردووە بە کاری هونەری و دەرچووی بەشی تیشکە لە پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی،بەڵام وەک خۆی دەڵێت وەک خولیایەک پەرەی بە توانا هونەریەکانی داوە؛ لەگەڵ ئەوەی کە بەشداری چەندین پێشانگای ناوخۆیی کردووە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، تاوەکوئێستا بەشداری لە ٦ پێشانگای نێودەوڵەتیش کردووە لە تورکیا ویۆنان، کۆریای باشور. ئاریان لەکۆتایی وتەکانیدا بۆ هاوڵاتی وتی، بەداخەوە بایەخێکی کەم ئەدرێ بە کارە هونەریەکان هەم لەلایەن هاوڵاتیانەوە وهەمیش لەلایەن حوکمەتی هەرێمەوە. ئەو وێنەیەی بەشداری پێکردووە

هاوڵاتی " پێویستە بەڕادەی پێویست جلوبەرگ بپۆشین، چونکە کاتیک هەست بەسەرما ئەکەین لەشمان خانەی بەرگری درووست دەکات و سیستەمی بەرگریمان بەهێزتر دەبێت"  لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی سەرمادا جۆری نەخۆشیەکانیش دەگۆڕێن و پێویست ئەکات بەشێوازێکی زانستی مامەڵە لەگەڵ نەخۆشیە وەرزیەکان بکەین ئەمەش لەبەرئەوەی چارەسەری نازانستی لەنەخۆشیە وەرزیەکانەوە سەرنەکێشێت بۆ نەخۆشیە درێژخایەن و مەترسیدارەکان. لە بارەی باوترین نەخۆشیە وەرزیەکان ومامەڵەیەکی تەندرووست لەگەڵیان، دکتۆر ڕامی،پزیشکی گشتی لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ڕۆژنامەی هاوڵاتی باسی لەوە کرد کاتیک بەرەو وەرزی سەرما دەڕۆین ئەوە بزانین کە پێداویستیەکانی لەش دەگۆڕین لە وەرزی زستاندا و بۆ ئەمەش گرنگە ئاگامان لە شێوازی جوڵە وچالاکیەکانمان و سیستەمی خۆراکیمان بێت، هەروەها کات وشێواز و بڕی دەرمانەکانیش کارێکی یەکجار هەستیار وپەیوەستە تەندرووست مانەوەمان. دکتۆر ڕامی لە درێژەی قسەکانیدا وتی، باوترین نەخۆشیەکانی وەرزی سەرما کۆکە وسەرمابوون، حەساسیەت و ئەنفلۆنزایە کە زۆربەیان نزیکەی هەفتەیک دەخاێنن وگرنگە لەکاتی تووشبونمان لەسەرەتاوە یەکسەر پەنا نەبەینە بەر دەرمان بەتایبەت وەک ئەوەی باوە لە کوردستان کە یەکسەر پەنا دەبەنە بەر دەرزی و دەرمانە دژە زیندەییەکان، ئەو پزیشکە باسی لەوە کرد کە لە وڵاتە پێشکەوتووەکان %٩٠ لەسەدی خەڵک بەبێ وەرگرتنی چارەسەر ئەم نەخۆشیانە تێدەپەڕێنن و لەئەگەری درێژەکێشانی حاڵەتەکەیان بۆ زیاتر لە هەفتەیەک ئەوکات دەچنە سەردانی پزیشک. هاوڵاتی: دکتۆر ڕامی،جگە لە هەڵە بەکارهێنانی دەرمان، ئەو هەڵە باوانە چیە کە نابێ بیانکەین لە وەرزی سەرمادا؟ لە ڕاستیدا زۆر گرنگە ئاگاداری پۆشینی شێوازی جلوبەرگمان بین، وەک دەزانین لە وەرزی سەرمادا گرنگە لەشمان بە گەرمی بهێڵینەوە بەڵام گرنگە بەڕادەی پێویست جلوبەرگ بپۆشین و زیادەڕەوی نەکەین چونکە کاتێک کاریگەری لەسەر سیستەمی بەرگریمان دەبێت ئەمەش لەبەرئەوەی کاتێک هەست بەسەرما دەکەین وزیادەڕەوی ناکەین لە جلوبەرگدا ئەوا جەستەمان خانەکانی بەرگری درووست دەکات کە زۆر گرنگە لە پاراستنی لەش لە هۆکارەکانی نەخۆشی ( مایکرۆبەکان)؛ جگە لەوە پەیوەست بە جلوبەرگ بۆ ئەوەی خەوێکی تەندرووستمان هەبێت و خەوێکی پچڕ پچڕمان نەبێت باشترە قاچەکانمان بەگەرمی بهێڵینەوە ولەکاتی خەودا گۆرەوی لەپێ بکەین. هاوڵاتی: دکتۆر خەڵکی لە وەرزی سەرمادا بڕێکی زۆر کافاین ئەخۆنەوە ولەبەرامبەردا ئاوێکی یەکجار کەم دەخۆنەوە، ئەمە تاچەند ناتەندرووستە؟ لە ڕاستیدا لە وەرزی زستان مرۆڤ بەشێوەیەکی ئاسای حەزێکی زۆری بۆ خواردن دەچێت وبەمەش زۆرجار زیادەڕەوی تێدادەکەن ئەمەش تاڕادەیەک ئاساییە چونکە لەش لە وەرزی سەرمادا بڕێکی زۆرتر کالۆری دەسوتێنێت، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە بایەخێکی زۆرتر بدەین بە خواردنە ڕیشاڵیەکان چونکە وادەکات بەشێوەیەکی تەندرووست بۆماوەیەکی زۆر بەتێری بمێنینەوە وبەم جۆرەش کێشمان لە وەرزی سەرمادا زیاد ناکات. لەبارەی کەم خورادنەوەی ئاو ئەوە ڕوونە کە بەهۆی جوڵەی کەمتر وکەمبونەوەی چالاکیەکان ودەرچونمان لە وەرزی سەرمادا کەمتر هەست بە تونێتی دەکەین و ئاوێکی کەمتر ئەخۆینەوە ئەمەش زۆر کارێکی هەڵەیە چونکە دەبێتە هۆی تێکدانی سیستەمی هەرس و زیانگەیاندن بە گورچیلە و قەبزی. هاوڵاتی: دکتۆر ئایا وەک ئەوەی لەناو هەندێک لە هاوڵاتیاندا ئاماژەی پێدەکرێت، خواردنەوە کحولیەکان تەندرووستە بۆ مانەوەی لەش بەگەرمی؟ هەرچەند بەپێی هەندێک توێژینەوە خواردنەوەی بڕێک لە خواردنەوە کحلویەکان دەبێتە هۆی فراوانبوونی مولولەکانی خوین و زیادکردنی پێداڕۆیشتنی خوێن و بەوەش وادەکات هەست بە گەرمی لەشمان بکەین، بەڵام بەجۆریک زیادخواردنەوەیان دەبێتە هۆی کێشەی گورچیلە، جگەر، دابەزاندنی بەرگری لەش. هاوڵاتی: ئایا درووستە زۆربەی کاتەکانمان بەمانەوە لەماڵەوە بەسەربەرین لە وەرزی سەرمادا؟ لە وەرزی سەرمادا بەهۆی نزمبونەوەی پلەکانی گەرما و کورتبونەوەی کاتەکانی ڕۆژ، مێشکمان بڕێکی زیاتر لە هۆرمۆنی میلاتۆنین دەرئەکات وبەمەش هەست بە خەواڵویی دەکەین و وادەکات کاتیکی زۆرتر لەماڵەوە بەسەربەرین، بەڵام گرنگە لە وەرزی سەرماشدا چالاکیمان هەبێت بەتایبەت وەرزش و چوونە دەرەوەیەکی کورت، چونکە زۆر مانەوە لەماڵەوە و سستی لەش دەبێتە هۆی لاوازبوونی بەرگری وقەڵەوی. هاوڵاتی: دکتۆر ئایا خۆشتن بە ئاوێکی گەرم وبۆماوەیەکی درێژ کاریگەری ئەرێنی هەیە لەسەر تەندرووستیمان یاخود ناتەندروستە؟ لەڕاستیدا ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆرنەبێت ئەوا تەندرووستە و یارمەتی ئارامبونەوەی مێشک و لەش دەدات، بەڵام گرنگە سنورداری بکەین چونکە بۆ ماوەیەکی درێژ مانەوە لە ناو دوشێکی گەرمدا دەبێتە هۆی وشک بونەوەی پێست ودرووستبونی حەساسیەت و زیانگەیاندن بە کیراتینی پێست، لەگەڵ ئەوەشدا گرنگە مەڵهەمی تایبەت بە شێدارکردنەوەی پێست لە زستاندا بەکاربێت. هاوڵاتی: دکتۆر کۆتا ڕێنمایت چیە بۆ هاوڵاتیان؟ لە ئەگەریی توشبون بە پەتا وەرزیەکان ودەرکەوتنی نیشانەکانی وەک، بەرزی پلەی گەرمی، کۆکە، هەناسەتوندی هەتا هەفتەیەک ئاساییە وباشترە بەبێ چونە پزیشک بەخۆپارێزی وخواردنەوەی چای سەوزی شلەتێن چارەسەری خۆتان بکەن، لە ئەگەری درێژەکێشانی گرنگە ئەوکات سەردانی پزیشک بکەن؛ بەپێچەوانەوە نابێت دەستبەجێ پەنا ببەنە بەر دەرمان ودەرزی وبەتایبەت وەک دەرزی تێكەڵە کە لەکوردستان باوە.

هاوڵاتی  ساڵح موسلیم دەڵێت: ئەو ئاڵۆزییەی لەباشوری كوردستان هەیە دەستی توركیای تێدایەو لەدژی یەكتری بەكاریاندەهێنێت. ساڵح موسلیم هاوسەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكراتی (پەیەدە) لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ هاوڵاتی رایگەیاند: بەداخەوە دەبینین لەباشور ئاڵۆزیەكی زۆر هەیە، هەم لەنێو یەكێتی نیشتمانی كوردستان  و هەم لەنێو پارتی دیموكراتی كوردستاندا ئاڵۆزی هەیە، پێویستە ئەوانیش باش بزانن، ئەو ناكۆكیانەی كە لەباشوریش روودەدەن، دەستی توركیای تێدایەو لەدژی یەكدی بەكاریاندەهێنێت. ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: توركیا دەستی بەهێرشی ئاسمانی كردووەو هەرێمەكانی رۆژئاوا تۆپباران دەكات، دەیەوێت خەڵكی ناوچەكە ماڵ و حاڵیان چۆڵ بكەن و دواتر هێرشی زەمینی ئەنجامبدات، ئەوەی كە بەرگری دەكات، لەكۆتاییدا ئێمەین، ئێمە ئامادەكاریمان كردووەو ئەزموونیشمان هەیە. «هەرێمەكانی كۆبانێ، منبج و تەلرەفعەت دەكەونە نێوان گرێ سپی و سەرێكانی و عەفرین، پیشتر ئەو سێ هەرێمە داگیركراون و منبج و تەلرەفعەت و كۆبانێ دەكەونە نێوانیان و دەیانەوێت، ئەم سێ هەرێمەش داگیربكەن و بیكەنە یەك هەرێم و بكەوێتە ژێر كۆنتڕۆڵیان، ئەگەر هەیە ئەو ناوچانە بەتەواوی لەسوریا داببڕێنێت و بیخاتە سەر ئەسكەندەرون. لەڕاستیدا دۆخەكە نائاساییەو بەهۆی هێرشەكانەوە لەهەندێك ناوچە جاری واهەیە قەیرانی نانیش دروست دەبێت، لە زرگان، گرێ سپی و تەل تەمر، هاووڵاتیان بەهۆی تۆپبارانەوە ناوێرن منداڵەكانیان نێرن بۆ قوتابخانە، لەلایەكی دیكەوە، لەكەمپەكانیشدا كێشەی تەندروستی هەیە. توركیا دەیەوێت پرۆژەی «میساقی میللی» جێبەجێ بكات، میساقی میللی لەعەفرینەوە تاوەكو حەلەب و هەموو رۆژئاوای كوردستان تاوەكو كەركوك و سلێمانی دەگرێتەوە، ئەو هەر كەهەلی بۆ دەڕەخسێت، بەشێكی كوردستان داگیردەكات، بەم شێوەیە دەیەوێت لەسەرێكانی تاوەكو عەفرین بخاتە سەر توركیا». ساڵح موسلیم وای وت. دەقی چاوپێكەوتنی ساڵح موسلیم: هاوڵاتی : ئامانجی توركیا چیە كەهێرش دەكاتەسەر خۆرئاوای كوردستان، دەوڵەتی توركیا چی لەخۆرئاوا دەوێت؟ ساڵح موسلیم: پێشەكی سڵاوو رێزم هەیە بۆ ستافی رۆژنامەی هاوڵاتی، سەبارەت بەپرسیارەكەتان، ئەمە یەكەم هێرش نییە كەتوركیا دژی خۆرئاوای كوردستان ئەنجامی دەدات، هەروەها هێرشێكە بۆ سەر هەموو گەلی كورد، دەیەوێت هەموو كورد لەناوببات، دەیەوێت پرۆژەی «میساقی میللی» جێبەجێ بكات، میساقی میللی لەعەفرینەوە تاوەكو حەلەب و هەموو رۆژئاوای كوردستان تاوەكو كەركوك و سلێمانی دەگرێتەوە، لەساڵی ٢٠١٥ەوە هەوڵی جێبەجێكردنی پرۆژەكە دەدەن، هەر كە هەلی بۆ دەڕەخسێت، بەشێكی كوردستان داگیردەكات، ئامانجەكەی بەم شێوەیەیە، لەساڵی ٢٠١٨دا عەفرین و لەساڵی ٢٠١٩دا گرێ سپی و سەرێكانی داگیركرد، ئیستاش دەیەوێت هەرێمەكانی وەك كۆبانێ و منبج داگیر بكات، بەم شێوەیە دەیەوێت لەسەرێكانی تاوەكو عەفرین بخاتەسەر توركیاو بەم شێوەیە بەشێك لەپرۆژەی میساقی میللی جێبەجێ بكات، بەهۆی شەڕی ئۆكرانیاو دۆخی ناوچەكە، هەلێكی بۆ رەخساوەو دوولایەنە یاری دەكات، دەیەوێت دەستكەوت لەڕوسیا و ئەمریكا بەدەستبهێنێت و شەڕی ئوكرانیا بەكاردەهێنێت، لەڕاستیدا، لەساڵی ٢٠٠٧ەوە دەستی بەجێبەجێكردنی پرۆژەی میساقی میللی كردووە. هاوڵاتی: لە ٢٠ی تشرینی دووەمەوە توركیا هێرشێكی چڕی بۆ سەر خۆرئاوای كوردستان دەستپێكردووە،  دەوڵەتی توركیا باسی هێرش و پەلاماری زەمینی دەكات، مەترسییەكان لەچ ئاستێكدان، ئامادەكاری ئێوە بۆ ئەگەری هێرشی زەمینی توركیا چییە؟ ساڵح موسلیم: توركیا لە ٢٠١٦ەوە بە بەردەوامی هێرش دەكاتەسەر خۆرئاوای كوردستان، وەك ئاماژەم پێكرد، دەیەوێت پرۆژەكەی جێبەجێ بكات، پێشتر لەڕێگەی داعشەوە هەوڵیدا ئەو كارە بكات، بەڵام داعش نەیتوانی ئامانجەكەی بەدیبهێنێت، ئەگەر سەرنج بدەین، دەبینین كە لەساڵی ٢٠١٥ەوە، دوای داعش هێرشەكانی بۆ سەر باكور، رۆژئاواو باشوری كوردستان دەستپێكردووە، ئێستاش دەستی بەهێرشی ئاسمانی كردووە، هەروەها هەرێمەكانی رۆژئاوا تۆپباران دەكات، دەیەوێت خەڵكی ناوچەكە ماڵ و حاڵیان چۆڵ بكەن و دواتر هێرشی زەمینی ئەنجامبدات. هێرشی زەمینیش پەیوەندی بەدوو بابەتەوە هەیە، یەكەم: هێزی بیانی لەخۆرئاوای كوردستان هەیە، هێزی روسیا، ئەمریكاو هەتاوەكو ئێرانیش هەیە، نازانێت كەهەڵوێستی ئەم هێزانە چی دەبێت؟ دووەمیش: بەرخۆدانی گەل و هێزەكانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە) هەن، توركیا بیر لەم بابەتەش دەكاتەوە و لێكۆڵینەوە دەكات كەئایا تاوەكو چ رادەیەك خۆرئاوای كوردستان بەرگری دەكات، لەلایەكی دیكەوە، هێزە بیانیەكانی وەك ئەمریكاو روسیا، دژایەتی ئۆپراسیۆنی زەمینیان كرد، لەبەرئەوەی بەهێرشەكانی پشتگیری لەچەتەكانی داعش و گروپەكانی دیكە دەكات و ئەمەش زیان بەشەڕی دژی داعش دەگەیەنێت، چونكە دەزانرێت كە توركیا هێرشیكردەسەر كەمپەكانی داعش و هەشت هەڤاڵمان شەهیدبوون، هەروەها هێرشیانكردە سەر زیندانەكان كە ئەندامانی داعشیان تێدایە و ویستیان ئازادیان بكەن، بۆیەش ئامانجەكە دیار بوو و هەموو لایەنەكان دژی هێرشەكە وەستانەوە، بەڵام بەرپرسە باڵاكانی توركیا دەڵێن كە گوێ لەوڵاتانی دیكە ناگرن و ئەمەش دەریدەخات كەهەموو كاتێك مەترسی هێرشی زەمینی هەیە، دەشزانێت، نە ئەمریكا و نە روسیا دژی توركیا ناوەستنەوەو بۆیەش ئەگەری شەڕو هێرشكردن هەیە، ئەوەی كەبەرگری دەكات، لەكۆتاییدا ئێمەین، ئێمە ئامادەكاریمان كردووەو ئەزمونیشمان هەیە، لەبەرئەوەی چەندین ساڵە لەنێو شەڕداین و گەلی خۆرئاوای كوردستانیش، ناوچەكانیان چۆڵنەكردووە و ئەمە وەڵامێكە بۆ توركیا كەئێمە و گەل بەرگری دەكەین. هاوڵاتی: لەمیدیاكاندا دەوترێت، توركیا چاوی بڕیوەتە كۆبانێ، منبج و تەلرەفعەت، ئەم شارانە چ گرنگیەكیان هەیە كە خودی ئەردۆغانیش باسی دەكات؟ ساڵح موسلیم: هەرێمەكانی كۆبانێ، منبج و تەلرەفعەت دەكەونە نێوان گرێ سپی و سەرێكانی و عەفرین، پیشتر ئەو سێ هەرێمە داگیركراون و منبج و تەلڕەفعەت و كۆبانێ دەكەونە نێوانیان و دەیانەوێت، ئەم سێ هەرێمەش داگیربكەن و بیكەنە یەك هەرێم و بكەوێتە ژێر كۆنتڕۆڵیان، بەم شێوەیەش لەنزیك قامشلۆوە تاوەكو حەلەب دەكەوێتە ژێر دەستیان، وەك پێشتریش وتم بەم شێوەیە دەتوانێت، بەشێك لەپرۆژەی میساقی میللی جێبەجێ بكات، ئەگەر هەیە ئەو ناوچانە بەتەواوی لەسوریا داببڕێنێت و بیخاتەسەر ئەسكەندەرون، بەم شێوەیە دەتوانێت بەشێوەیەكی ئازادانە جموجووڵ و سیاسەت بكات، بەم شێوەیەش خۆرئاوای كوردستان بەتەواوی دەكەوێتە ژێر كۆنتڕۆڵیان، جگە لەقامشلۆو حەسەكە، دواتر بەیاریەكی دیكە، دەست بۆ قامشلۆ و حەسەكەش دەبات و ئەمەش دەبێتە هۆكارێك كەخۆی بگەیەنێتە، موسڵ، كەركوك، هەولێرو سلێمانی، بەم شێوەیە نەخشەی میساقی میللی دروست بكات. هاوڵاتی: هیچ ئامارێكی تەواوی گیانی و ماددی هێرشەكانی توركیاتان لەلایە، دەوڵەتی توركیا زیاتر كوێ دەكاتە ئامانج، بەگشتی دەكرێت بۆمان باس بكەی ئەو زیانانەی توركیا لەو هێرشانەی دوایی لەخۆرئاوای كوردستانی داوە چیە؟ ساڵح موسلیم: ئێمە بەشێوەیەكی روون و ئاشكرا ئامارێكی زیانە ماددی و گیانییەكانمان لەبەردەستدا نییە، بەڵام بەگشتی لەكۆبانێ نەخۆشخانەیەك كرایە ئامانج، لەگوندی قەرەموخ بنكەیەكی تەندروستیان تۆپباران كرد، هەندێك قوتابخانەو كارگەیان كردە ئامانج، كارگەی غازی سوێدای كردە ئامانج كەنزیكەی ٨٠ كیلۆمەتر لەسنوری توركیاوە دوورە، چەندین كێڵگەی نەوت بۆردومان و تۆپباران كران، هەروەها دوو نانەوایان كردە ئامانج و بورجی پەیوەندیەكانی ئینتەرنێت و تەلەفونیان وێران كرد، بەگشتی ماڵ و موڵكی هاووڵاتیان تۆپباران دەكرێن و زیانێكی زۆری ماددی دروست بووە، بەهۆی ئەوەی هێرشەكان بەردەوامن، ئامارێكی روون و ئاشكرامان بەدەست نەگەیشتووە، لەدێرك وێستگەی كارەبا كرایە ئامانج و ١١ كەس لەوێ شەهید بوون، هێرشی چڕ لەسەر شارۆچكەی زرگانی سەر بەحەسەكە هەیە، دەتوانم بڵێم زیاتر لەنیوەی شاروچكەكە وێران بووە، هاووڵاتیان ماڵ و حاڵیان بەجێهێشتووە، توركیا گوندەكان دەكاتە ئامانج، ئامانجەكە ئەوەیە كە هاووڵاتیان، ناوچەكانیان چۆڵ بكەن و ئاوارە ببن، لەڕووی زیانی گیانییەوە، ئەوەندەی من بزانم، نزیكەی ١٩ شەڕڤانی هەسەدەو هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆو نزیكەی ٢٠ هاووڵاتی مەدەنی شەهیدبوون، هەروەها زیاتر لە ٢٥ سەربازی حكومەتی سوریا گیانیان لەدەستداوە، واتە بەگشتی ژمارەی شەهیدەكان ناگاتە ١٠٠ كەس، بەڵام رۆژانە تۆپباران هەیەو زیانی گیانیش دروست دەبن، بۆ نموونە لە ١٢ی مانگدا هاووڵاتیەك لەگرێ سپی لەسەر تراكتۆرەكەی كرایە ئامانج و شەهیدكرا، گوندەكانی ئاشوری و سریانیەكان لە زرگان بە بەردەوامی دەكرێنە ئامانج، وەك وتم گەورەترین زیان لەدێرك بوو كە ١١ كەسمان بە یەكجار شەهید بوون كە رۆژنامەوانێكیشیان تێدابوو. هاوڵاتی: باسی ئەوە دەكرێت، پێداویستییە سەرەتاییەكانی وەك نەوت و غاز زۆر كەمبووەتەوە، لەهەندێك كەمپ نەخۆشی بڵاوبووەتەوەو قۆتابخانەكان پەكیانكەوتووە، ئایا وڵاتانی جیهان لەم دۆخە ئاگاداركراونەتەوە، رایان چییە؟ پلانی رۆژئاوا بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخەكە و خزمەتگوزاری چییە؟ ساڵح موسلیم: راستە كێڵگەكانی نەوت و كارگەی غازی سوێدایان كردە ئامانج، ئەمەش لەراستیدا قەیرانێكی خوڵقاندووە، هەوڵیش هەیە كەكارگەكان نۆژەن بكرێنەوە، كەموكوڕیش دەبێت، لەئێستادا لەڕووی سوتەمەنی كێشە هەیە، پێشتریش قەیرانی غاز هەبوو، بەشێك لەغازی هەرێمەكە لەدەرەوە دەهات، لەكەمپەكانیشدا كێشە هەیە، وڵاتێك كە لەشەڕدا بێت، رێكخراوە مرۆییەكان، ناتوانن سەردانیان بكەن، ناتوانن بە ئازادانە بگەڕێن و بچنە كەمپەكان، لەڕووی پرۆسەی خوێندنیش، لەهەندێك ناوچەی وەكو زرگان نەبێت، پرۆسەی خوێندن بەردەوامە، ناوچەكانی وەك قامشلۆ، حەسەكە، تربەسپی، گركێ لەگێ و زۆر ناوچەی دیكە، كێشەی خوێندنیان نییە، بەڵام كە تۆپبارانەكان دەستپێبكەن، بەناچاری پێویستە رێوشوێن بگیرێتەبەر، ترسێك هەیە، لە زرگان، گرێ سپی و تەلتەمر، هاووڵاتیان بەهۆی تۆپبارانەوە ناوێرن منداڵەكانیان بۆ قوتابخانە بنێرن، لەلایەكی دیكەوە، لەكەمپەكانیشدا كێشەی تەندروستی هەیە، رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، ناتوانن بەهۆی هێرشەكانەوە خزمەتگوزاری پێشكەش بكەن، راستە كەموكورتی هەیە، بەڵام لە ئاستێكی زۆر گەورەدا نییە و هەوڵی چارەسەری دەدرێت، خۆبەڕێوەبەری باكورو رۆژهەڵاتی سوریاش بەگوێرەی تواناكانی هەوڵدەدات كێشەكان چارەسەر بكات، هەوڵدەدرێت لەڕووی پزیشك و دەرمانەوە، پێداویستیەكان دابین بكرێن، بەڵام لە راستیدا دۆخەكە نائاساییەو بەهۆی هێرشەكانەوە لە هەندێك ناوچە جاری واهەیە قەیرانی نانیش دروست دەبێت، بۆ نمونە لە زرگان فڕنەكانی نانیان كردە ئامانج كە پێداویستی هەزاران كەسیان دابین دەكرد، بۆیەش لەناوچەكانی دیكەوە، نان رەوانەی زرگان دەكرا، تاوەكو ئێستاش ئەم جۆرە كێشانە هەیە، ناتوانین بڵێین كێشەو كەموكوڕی نییە، بەڵام هەوڵی چارەسەری دەدرێت. هاوڵاتی: لەتوركیا هەڵبژاردن بەڕێوەیە، ئێوە پێشتر باسی ئەوەتان كردبوو كەهێرشەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوا بۆ ئەوەیە كە ئاكەپەو مەهەپە لەهەڵبژاردنەكاندا سەربكەون، هێرشەكان چ جۆرە پەیوەندیەكیان لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی توركیا هەیە؟ ساڵح موسلیم: ئەگەر سەرنجی هەڵبژاردنەكانی رابردوو بدەین، لەساڵی ٢٠١٦دا كە جارێكی دیكە ئەردۆغان هاتەوە سەر دەسەڵات، كاری لەسەر نەتەوەپەرستی كرد، نەتەوەپەرستیەكەشی دژی گەلی كورد بوو، نەتەوەپەرستی تورك دژی كورد شۆڤێنیزم و فاشیزمە، بەمشێوەیە حەوت ساڵە لەسەر دوژمنایەتی كوردو نەتەوەپەرستی كار دەكات، ئەمەش واییكرد كەتوركیا لەڕووی ئابوری، سیاسی و دیپلۆماسیدا تەنگەتاو ببێت، دەسەڵاتی توركیا هیچ رێگایەكی دیكەی نەماوەو دەیەوێت بەردەوامی بەم سیاسەتەی بدات، بۆ ئەوەی هیچ نەبێت پێگەی خۆی لەنێو چینی نەتەوەپەرستی توركدا بەهێز بكات، ئەمەش پەیوەندی بەهەڵبژاردنەوە هەیە كەبڕیارە لەمانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوودا ئەنجامبدرێت، شەش مانگێكی ماوە، بۆیە دەیەوێت فشاری سەر كورد زیاتر بكات، لەناوخۆی توركیادا دەیەوێت هەدەپە دابخات، بۆ ئەوەش پرسی داخستنی هەدەپەی بردووەتە دادگا، بەم شێوەیە دەستی بەدەستگیركردنی ئەندامان و لایەنگرانی كردووەو هەرچەند زیاتر دەستگیریان بكات، نەتەوەپەرستەكان بەو ئەندازەیە لەدەوری خۆی كۆدەكاتەوە، بەم شێوەیە سەربكەوێت، بۆیە دەستی بەهێرشكردووە، لەباشوری كوردستانیش دژی هێزەكانی گەریلا دەستی بەهێرشكردووە، لە رۆژئاواش هێرش دەكات، بەم شێوەیە دەڵێت، توركیا لە «تیرۆریزم» رزگار دەكەم، بەڵام بەم شێوەیە ناتوانێت گەلی كورد لەناوببات، رۆژانە لەمیدیاكاندا دەردەكەون و دەڵێن، «كۆتاییمان بەتیرۆ هێنا، لەباشور كۆتاییان هات، نازانم لەناوخۆ كەسیان نەماوە، لەرۆژئاوا كۆتاییمان پێهێنان، سنوورمان بۆ داناوە» بەم جۆرە بانگەشانە دەیانەوێت، هۆكارێك دروستبكەن و لەسەر دەسەڵات بمێننەوە، ئەگەری زۆریش هەیە كەهەدەپە دابخەن، یان پارتەكانی دیكەی باكوری كوردستانیش دابخەن كەباسی دۆزی كورد دەكەن، واتە پلانێكی بەم شێوەیەیان هەیە، لەڕاستیدا دەیانەوێت بەم شەڕە تەمەنیان درێژ بكەنەوە، بەم شێوەیە هاوپەیمانی دەسەڵات، هەم دوژمنایەتی كورد جێبەجێ دەكات و هەمیش دەیەوێت ماوەی تەمەنی دەسەڵاتەكەی درێژ بكاتەوە، بەكۆمەڵگا دەڵێن «چوار-پێنج ساڵی دیكەمان بدەنێ لەڕیشەوە دەریاندەهێنن و لەناویان دەبەین» سەركەوتن و سەرنەكەوتنیان، گرێدواری تێكۆشانی ئێمەیە كە رێگە نەدەین دەوڵەتی توركیا بگاتە ئامانجەكانی، باش دەزانن كەدۆخەكە بەم شێوەیە بێت، لەهەڵبژاردنەكاندا شكستدەهێنن، ئەگەرێكی دیكەش هەیە، كەدۆخی نائاسایی لەهەموو توركیا رابگەیەنن و هەڵبژاردنەكان دوابخەن، ئەگەرێكی بەم شێوەیەش هەیە، فشارو شەڕو هێرشەكانی بۆ ئەوەیە كە لەهەڵبژاردنەكاندا دەنگێكی زۆر بەدەستبهێنێت و سەربكەوێت. هاوڵاتی: رای ئێوە لەبارەی هەڵوێستی پارتە سیاسییەكانی باشورو گەلی باشور لەبەرامبەر هێرشەكانی سەر رۆژئاوا چییە؟ دەبێت باشور لەم دۆخەدا چی بۆ رۆژئاوا بكات؟ ساڵح موسلیم: لەبارەی هەڵوێستی باشوری كوردستان و پارتە سیاسییەكانی باشور، بەڕاستی هیوامان وابوو، پارتە سیاسیەكان یەكگرتوو بوونایە، بۆ ئەوەی بە یەكدەنگ پشتگیریان لەئێمەو لەخۆشیان بكردایە، لەبەرئەوەی ئەم شەڕە تەنیا شەڕی ئێمە نییە، ئێمە بۆ هەموو گەلی كورد شەڕ دەكەین، بەڵام بەداخەوە دەبینین لەباشوریش ئاڵۆزیەكی زۆر هەیە، هەم لەنێو یەنەكەداو هەم لەنێو پەدەكەدا ئاڵۆزی هەیە، پێویستە ئەوانیش باش بزانن، ئەو ناكۆكیانەی كە لەباشوریش روودەدەن، دەستی توركیای تێدایە، توركیا بەشێوەیەك خۆی خزاندووەتە نێوانیان، فیتنە دروستدەكات و لەدژی یەكدی بەكاریاندەهێنێت، هەوڵدەدات كە لایەنەكانی باشور بخاتە دۆخێكەوە كە دژی یەكدی شەڕیش بكەن، بێگۆمان دۆخێكی خراپە، بەڵام بێهیوا نین، هیوادارو خوازیارین كە پارتە سیاسییەكانمان لەباشور خۆیان كۆبكەنەوەو یەكدەنگ بن، بۆ ئەوەی بتوانن لەبەرامبەر هێرشەكانی دەوڵەتی توركیاش بوەستنەوەو هەمیش پشتگیری لەخۆرئاوای كوردستانیش بكەن، لە راستیدا چاوی هەموومان لەباشوری كوردستان بوو، هەرێمێكی فیدڕالەو كورد تێیدا دەسەڵاتدارە، هیوامان وابوو، هەم هاوكاری خۆرئاواو هەم هاوكاری خۆرهەڵات بكەن، پێویستە بەم شێوەیە سیاسەتیان بكردایە، بەڵام بەداخەوە، هەوڵ بۆ خۆیان دەدەن و دەڵێن، با ئێمە هیچمان لێنەیەت، پێویستە لەناوخۆیاندا یەكگرتووبن و ئاگاداری یارییەكانی توركیابن كەدەستی خستووەتە نێوانیان و ئەوكاتە بتوانن هاوكاری پارچەكانی دیكەی كوردستانیش بكەن، ئۆمێدمان بەم شێوەیە بوو و بێئومێدیش نین، لێرەوە جارێكی دیكە دووبارەی دەكەمەوە، پێویستە كۆنگرەیەكی نەتەوەییمان هەبێت، مەرجەعێكی كوردیمان هەبێت، هەموو لایەنێكی كورد بەشداری بكات، بۆ ئەوەی راوێژ بەیەكدی بكەین، بەپێچەوانەوە ئەگەر یەك بەیەك دەوڵەتی توركیا شەڕی ئێمە بكات و لایەنەكانی دیكە بێدەنگ بن، بەڕاستی كۆتاییمان دێت، هیوادارین هەرچی زووە، مەرجەعێكی خۆمان دروستبكەین و پێكەوە رێوشوێن بگرینەبەرو ئەمە لەسوودی هەموومان دەبێت.  

هاوڵاتی كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان لەنیویۆرك (CPJ) خەڵاتی ئازادیی رۆژنامەوانیی نێودەوڵەتی بەخشییە رۆژنامەنووس نیاز عەبدوڵا كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان CPJ لەساڵی 1991ەوە كەبنكەی سەرەكی لەنیویۆرك-ە،‌ بەشێوەی ساڵانە خەڵاتی ئازادی رۆژنامەوانی نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی جیهان دەبەخشێتە ئەو رۆژنامەنووسە ئازایانەی سەرەڕای سەختی و رێگرییە زۆرەكان،‌ بەردەوامن لەبەرگریكردن لەبەهاكانی دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ و ئاشكراكردنی راستییەكان لەڕێگای كارەكانیانەوە. ئەمساڵیش لە خولی 32مینی دابەشكردنی خەڵاتەكەدا، بۆ یەكەمجارە رۆژنامەنووسێكی كورد خەڵات دەكات. بەو بۆنەیەوە هاوڵاتی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ رۆژنامەنووس نیاز عەبدوڵا ئەنجامداوەو تیایدا دەڵێت: لەخەڵاتكردنی ئێمەدا چەندین پەیامی گرنگ هەیە بۆ حكومەتی هەرێم و كابینەی نۆ، تا رێز لەئازادییەكان بگرن و دەست لەسەركوتكارییەكان هەڵبگرن. 🔻دەقی چاوپێكەوتنەكە لەگەڵ نیاز عەبدوڵا: هاوڵاتی: لەلایەن كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان لەنیویۆرك (CPJ) خەڵاتی ئازادی رۆژنامەوانی نێودەوڵەتی-ت پێبەخشرا، چۆن بوو ئەم رێكخراوە لەپاڵ چەند رۆژنامەنووسێكی تری جیهانیدا رۆژنامەنووسێكی هەرێمی كوردستانی هەڵبژارد بۆ ئەو خەڵاتە؟ نیاز عەبدوڵڵا: كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی چاودێری دۆخی رۆژنامەنووسان و رەوشی ئازادی رادەربڕین دەكەن، دەبینن رۆژنامەنووسان لەچ دۆخێكی سەختدا سەرەڕای ئاڵنگاری زۆر، بەردەوامن لەكارەكانیان. پەیام و ناوەڕۆك و شێوازی كاری رۆژنامەنووسان پێوەرن بۆ كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان، بۆیە بەبایەخ و گرنگییەوە دەڕواننە ئەو رۆژنامەنووسە سەربەخۆیانەی كارەكانیان ئازایانە تەرخانكردووە بۆ ئاشكراكردنی گەندەڵییەكان و پێشێلكارییە سیاسی و مەدەنییەكان، بەتایبەت لەو پانتاییەی رۆژنامەنووس تیایدا رووماڵی رووداوە گرنگەكانی كردووە. هاوكات CPJ، بەردەوام بایەخی گەورەی بۆ دۆخی رۆژنامەوانی لەهەرێمی كوردستان هەبووە، وەك یەكێك لەو ناوچانەی بۆتە شوێنێكی مەترسیدارو بێ ئاسایش بۆ رۆژنامەنووسانی سەربەخۆ. CPJ جگە لەپێزانینی بۆ كاری ئەو رۆژنامەنووسانەی خەڵاتەكەیان پێدەبەخشێت، دەیەوێت ئەو رۆژنامەنووسانە بكات بەنموونە و ئیلهام بۆ رۆژنامەنووسانی دیكە كە لەبارودۆخی سەخت و هاوشێوەدا كاردەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا پەیام و دۆزی ئەم رۆژنامەنووسانە لەسەر ئاستێكی فراوان كاری لەسەر دەكرێت، بۆیە لەخەڵاتكردنی ئێمەدا چەندین پەیامی گرنگ هەیە بۆ حكومەتی هەرێم و كابینەی نۆ، تا رێز لەئازادییەكان بگرن و دەست لەسەركوتكارییەكان هەڵبگرن؛ ئەو رۆژنامەنووسانەی لەلایەن حكومەتی هەرێم دژایەتی دەكرێن، لەناوەندە نێودەوڵەتییەكان كارەكانیان رێزلێگیراوو پڕ بایەخە. هاوڵاتی: لەكاتێكدا لەلایەن رێكخراوەكان و وڵاتانی جیهانەوە چاودێری رەوشی ئازادی و مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان دەكرێت، بەڵام ماوەی چەند ساڵێكە دەبینن دەسەڵات رەوشی ئازادی و مافی مرۆڤی زیاتر بەرتەسك كردووەتەوە، هۆكاری ئەمە بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟ نیاز عەبدولڵا: رۆژنامەوانی سەربەخۆو ئازاد لەهەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەوەی لەدوای رووخانی رژێمی بەعس لەعێراق لەساڵی 2003 گەشانەوەی بەخۆیەوە بینی، یاسای كاری رۆژنامەگەری دەركرا و چەندین هەوڵدرا بۆ مسۆگەركردنی ئازادییەكان و مافەكانی رۆژنامەنووسان، بەڵام كاتێك دەسەڵات زانی ئەم بوژانەوەیە لەخزمەتی ئەو نییەو رۆژانە گەندەڵییەكان و تاوان و خراپەكارییەكانی حوكمڕانییەكەی‌ ئاشكرا دەكرێت، دەستی بە تیرۆركردن و ترساندنی رۆژنامەنووسان كردو كاری بۆ پەرەپێدانی رۆژنامەوانی حزبی و سێبەركرد، بەشێكی دەزگا رۆژنامەوانییە ئەهلییە سەربەخۆكانی پوكاندەوە، ئەو رۆژنامانەی ماشنەوە رووبەڕووی جۆرەها ئابڵوقە كرانەوە. بەڵام كابینەی نۆ-ی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە رابەرایەتی مەسرور بارزانی بوێرانەترو ئاشكراتر تاوانی لەبەرامبەر رۆژنامەنووسان ئەنجامدا، هەرچەندە ناوبراو پێشتریش بەوە ناسرابوو كە تێوەگلاوە لەچەندین تاوان بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان و رۆڵی گەورەی هەبوو لەسەركوتكاری ئازادییە رۆژنامەوانییەكان. رۆژنامەنووسان ویژدانی زیندووی كۆمەڵگان لەكوردستان، رۆڵی گەورەیان هەبووە لەئاشكراكردنی گەندەڵییەكان و بەرزكردنەوەی ئاستی هوشیاری سیاسی و ئابووری و خستنەڕووی ئەو تاوانانەی پارتەكانی دەسەڵات ئەنجامیان داوە، بۆیە دوای دەركەوتنی ئەم گرنگییەی میدیا بۆ دەسەڵات، هەموو رێگایەكی ستەمكارانەیان خستەكار‌ بۆ كوشتنی ئەو ویژدانە زیندووەو شوێنگرتنەوەی بەمیدیایەكی پڕوپاگەندەكاری دەسەڵاتخواز. هاوڵاتی: رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان بەردەوام بەخراپی باس لە رەوشی رۆژنامەنووسی لەهەرێمی كوردستان دەكەن، بە بڕوای تۆ ئەمە چی كاریگەریەكی لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت؟ نیاز عەبدوڵڵا: یەكێك لەپێوەرەكانی دیموكراسیبوونی هەر وڵاتێك، دەستەبەری ئازادی كاری رۆژنامەوانی و دەستخستنی زانیاری و ئازادی رادەربڕینە، توانای چاودێریكردنی دەسەڵاتەكانی دادوەری و جێبەجێكردن و یاسادانانە لەلایەن دەزگا رۆژنامەوانییەكانەوە. حكومەتی هەرێم و پارتەكانی دەسەڵات راستەوخۆ تێوەگلاون لەشاردنەوەی زانیارییەكان و ئەشكەنجەدان و زیندانیكردنی رۆژنامەنووسان، لەنموونەی زیندانیانی بادینان. ئازادی رۆژنامەوانی رەنگدانەوەی هەموو جۆرەكانی دیكەی ئازادییە لەوڵات و كۆمەڵگادا، بۆیە بەرپرسەكانی هەرێم رێزلێگیراونین و لە راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان و پێوەرەكانی دیموكراسیدا لەئاستی خوارەوەن. هاوڵاتی: پێتوایە میكانیزم و رێگاكانی فراوانكردنی ئازادی رۆژنامەنووسی لەهەرێمی كوردستاندا چیە؟ نیاز عەبدوڵڵا: دەبێت خواست هەبێت بۆ رێزگرتن و پابەندبوون بەبنەماكانی دیموكراسی و بڕوابوون بەگرنگی ئازادی رۆژنامەوانی. هەرێمی كوردستان بەهۆی بوونی یاسا گرنگەكانی وەك یاسای رۆژنامەگەری و یاسای دەستخستنی زانیاری، خاوەن ژێرخانی یاسایی رۆژنامەوانییە. بۆیە جێبەجێكردنی یاساكانی رۆژنامەوانی لەگەڵ بنەماكانی نێو یاسا نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە رۆژنامەوانی، هەنگاوێكی جددی و گرنگە بۆ فراوانكردنی ئازادی رۆژنامەوانی؛ هاوشانی دەستەبەركردنی شەفافییەت و بەخشینی زانیاری لەدامودەزگا فەرمی و گشتییەكان. هاوكات مافەكانی رۆژنامەنووس رێزلێگیراوبێت لەلایەن دەزگا رۆژنامەوانییەكان و دەسەڵاتەكانەوە. لەبەرامبەریشدا رۆژنامەنووسان و دەزگا رۆژنامەوانییەكان ئەرك و بەرپرسیارێتییان لەئەستۆدایە، وەك ئەوەی ئەوانیش پابەندبن بەبنەما یاسیاییەكان و ئەخلاقی كاری رۆژنامەوانی و كاركردن لەچوارچێوەی بنەماكانی دیموكراسی. هەڵبەت ئەمە بابەتێكە قسەی زۆرو وردەكاری پێویستە. هاوڵاتی: بەخوێندنەوەی تۆ لەململانێی نێوان ئازادیخوازان لەگەڵ دەسەڵات و ئەو كەسانەی دەیانەوێت ئازادی سنوردار بكەن، كام بەرەیان سەركەوتوو دەبێت؟ نیاز عەبدولڵا: لە رواڵەتدا هەموو حكومەتێكی ستەمكار هەست بەسەركەوتن دەكات، بەڵام لەناوەڕۆكدا ئەو حكومەتە هەمیشە لەبەردەم كەوتن و ناڕەزایەتی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیدایە. بۆ نموونە ئێستا كابینەی نۆ-ی حكومەتی هەرێم هەست بەسەركەوتن دەكات، چونكە زۆرترین رۆژنامەنووسی زیندانیكردووەو سەركوتكاری زۆری ئەنجامداوە وەك ئەوەی نەخشەی بۆ داڕشتبوو، لەواقعیشدا حكومەتەكە هەرەسی هێناوە و ناڕەزایەتییەكی گەورە هەیە؛ ئازادیخوازان لەسەر ئاستی دونیا پشتیوانی دەكرێن و حكومەتیش لەسەر ئاستی دونیا دژایەتی ستەمكارییەكانی دەكرێت. حكومەتێك سەركوتكردنی ئازادییەكان و درێژەدان بەگەندەڵی ستراتیژی بێت، بەدڵنیایی لەشوێنێكدا هەرەس دەهێنێت و دەكەوێت. رۆژنامەنووسانی سەربەخۆو ئازادیخوازان پێویستیان بەیەكانگیری و نزیكی و هەماهەنگییە.  

هاوڵاتی عومەر ئیلخانیزادە دەڵێت: رووداوەكانی ناوخۆی ئێران كاریگەری لەسەر یەكگرتنەوەی هەردوو حزبی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕو كۆمەڵەی زەحمەتكێشان هەبووە، بەڵام ئێمە پێشتر یەكمان گرتبووەوە. عومەر ئیلخانیزادە جێگری سكرتێری كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵا رۆژنامەی هاوڵاتی، رایگەیاند: ئێران لەهێرشەكانیدا بۆ سەر ئێمەی هیچ دەستكەوتێكی نەبووە، بەو هێرشانە دەیەوێت بمانكێشێتە مەیدانی شەڕو بەربەرەكانێیەكی نیزامی و جۆری خەباتی كوردستان لەگەڵ باقی شوێنەكانی ئێران جیابكاتەوەو بەو شێوە بتوانێت سەركوتێكی خوێناوی لەكوردستان بكات. ئاشكراشیكرد: رۆژهەڵاتی كوردستان دەورێكی سەرەكی لەو بزوتنەوەیەی كە ئەمڕۆ لەئێراندا هەیە پەیداكردووەو كورد بۆ یەكەمجار لەمێژووی هەموو كوردستاندا لەلایەن خەڵك و نەتەوەكانی دیكەی وڵاتێك كەكوردی تێدایە پشتیوانی لێدەكرێت. وتیشی: ئێمە ئاڵای سەردەمی كۆمارمان قبوڵ نیەو ئاڵای سەردەمی كۆماریش دەكرێ گۆڕانی تێدا بكرێت. هاوڵاتی: هەردوو حزبی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕو كۆمەڵەی زەحمەتكێشان بەڕەسمی یەكگرتنەوەتان راگەیاند، پاڵنەری سەرەكی ئەم یەكگرتنەوەیە چی بوو؟ عومەر ئیلخانیزادە: ئێمە ساڵ و نیوێكە دیالۆگی یەكگرتنەوەمان هەیە لەباری سیاسی و گوتاری سیاسی و لەباری روانین بۆ كاری حزبی و كاری رێكخستن،   روانین بۆ كۆمەڵگای كوردستان و ئەركەكانی كۆمەڵە لەو بوارانەدا هەمووی یەكبووین و زۆر چووبووینە پێشەوە، بەڵام یەك دوو كاری بچووك مابوون بەهۆی ئەو گیروگرفتانەی كە لەكوردستانی باشوور هاتەپێشێ بۆ ئێمە و  هەم بەهۆی ئەم بزووتنەوە جەماوەرییەوە كات نەبوو تا لەكۆتاییدا لیژنەكەمان هەموو كارەكانی خۆی بردبووە پێشێ ئەو یەك دوو گیروگرفتە بچووكەش سپێردرا بەمن و بەڕێز كاك عەبدوڵای موهتەدی لەدانیشتەكانیدا ئەوانەش چارەسەركراو پێمانوابوو كەئێستا كاتێكی زۆرباشە ئەگەر ئەو هەلومەرجەش نەهاتبایەتە پێشەوە زووتریش ئێمە دەمانتوانی ئەوە رابگەیەنین، ئێمە دوای جیابوونەوەی ساڵی ٢٠٠٧یش لەباری گوتاری سیاسییەوە هەر لەیەك دانەبڕاین. هاوڵاتی: هۆكاری چیبوو لەدەرەوەی وڵات یەكگرتنەوەكەتان راگەیاندو لەناوخۆی كوردستان نەبوو؟ عومەر ئیلخانیزادە: چونكە من هاتبوومە دەرەوە بۆ هەندێك كار تەمدیدكردنەوەی پاسپۆرتەكەم و كاك عەبدوڵاش لەدەرەوە بوو، نەماندەتوانی بڵێن با بووەستین و با بچینەوە كوردستان و پێمانوابوو دوای ئەوەی هەموو شتێك جێبەجێبووەو لیژنەكەش كاری خۆی رادەستی لیژنەی هاوبەشەكە كردبوو، باشترین كات ئەوەیە ئێستا مزگێنییەكی باشیشە بەخەڵكی كوردستان و بەهەموو ئەڵقەی كۆمەڵەش. یەكگرتنەوەكە لەستۆكهۆڵم بوو لەسیمینارێك كەبەشێكی زۆری كادرەكانی هەردوولامانی لێبوو و بەشێكیش لەوانەی كە لەگەڵ حزب نەماون بەڵام كۆمەڵە لەوێبوون و خەڵك و میوانی دیكەو نوێنەری حزبە سیاسییەكانیش بوون . هاوڵاتی: یەكگرتنەوەكەتان تاچەند پەیوەندی بەم ناڕەزایەتییانەی ئێستای رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێرانەوە هەیە؟ عومەر ئیلخانیزادە: عەرزم كردیت ئێمە یەك دوو جاری تریش دیالۆگمان هەبووە پتر لەساڵ و نیوێكە لیژنەیەكی هاوبەشمان بۆ داناوە، حەوت كەس لەهەردوو لاوە بەسەرپەرشتی هاوڕێ عەبدوڵای موهتەدی و ساڵ و نیوێكە گفتووگۆ دەكەین، ئەسڵەن ئەو بزوتنەوەیەی ئێستا سەریهەڵنەدابوو  زۆربەی شتەكانیشمان پێش ئەو رووداوانە بردبووە پێشێ، ئەركی یەكخستنەوەی كۆمەڵە ئەركی پێكهێنانەوەی كۆمەڵەیەكی گەورە لەكوردستانی ئێران، دەورێكی مێژوویی كەكۆمەڵە بوویەتی هەردوولامان بەئەركی خۆمانمان زانیوەو بەهەموو وجودیشەوە كاری بۆ دەكەین و دڵنیاشم لەو ماوەیەداو چ لەناوەندی هاوكاری حزبەكانی كوردستانی ئێران یەك گوتار بووین چ لەمەسەلەی ئەو رووداوە شۆڕشگێڕانەیەی كە لەهەموو كوردستان و ئێراندا هاتووەتە ئاراوە یەكدەنگ بووین و ئەوەش پاڵنەر بووە. هاوڵاتی: واتە رووداوەكانی ئێران پاڵنەر بوو بۆ یەكگرتنەوەتان؟ عومەر ئیلخانیزادە: دڵنیام لەم بابەتەوە تەئسیری دەبێت ئێمە پێش ئەوە یەكمان گرتبوو، بەڕاستی باپێت بڵێم ئێمە یەكمانگرتبوو لەخوارەوەو لەنێو هەموو ریزەكانمان لەسەرەوە لەكۆمیتەی ناوەندییەوەو لەكادیرەكانەوەو لەئەندامانمان و لەكەسانمان و لەشارەكانی كوردستان و لەناوخۆو لەدەرەوەی وڵات ئێمە بەهەموو شێوەیەك یەكمانگرتووبوو و نزیك یەكبووین و كاری هاوبەشمان كردووەو رۆژی كۆمەڵەمان نۆ مانگ لەوەوپێش پێكەوە كردو پێكەوە كارمانكردو لەئەنجامدا بەشی زۆری كاری ئێمە تەواوبوو و عەرزمكردیت یەك دوو گرێكوێرە مابوو رایی بكرێت. هاوڵاتی: دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران فشاری زۆری بۆ خۆپیشاندەران هێناوەو شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان ئێستا رووبەڕووی هەڵمەتی سوپای پاسداران بوونەتەوەو ژمارەی شەهیدەكان زۆر زیاتربوون، ئێوە وەك حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان رۆڵتان لەم بارودۆخەدا چییە؟ عومەر ئیلخانیزادە: با عەرزت بكەم رۆژهەڵاتی كوردستان دەورێكی سەرەكی لەو بزوتنەوەیەی كەئەمڕۆ لەئێراندا هەیە پەیداكردووەو كورد بۆ یەكەمجار لەمێژووی هەموو كوردستاندا لەلایەن خەڵك و نەتەوەكانی دیكەی وڵاتێك كەكوردی تێدایە پشتیوانی لێدەكرێت وەك ئولگو (نمونە) چاوی لێدەكرێت ئەو شۆڕشە لەكوردستانەوە بەدروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) و لەمەرگی ناجوامێرانەو كوشتنی ناجوامێرانەی كچێكی كوردەوە بەناوی ژینا ئەمینی سەقزی دەستیپێكرد، دەتوانم بڵێم كچێكی كورد گیانیلەدەستدا، بەڵام گیانی كرد بەبەر هەموو خەڵكی ئێرانداو كوردستان ٤٣ ساڵ بوو بەدژی ئەو رژێمە راوەستاوە نای گوتووە بەكۆماری ئیسلامی و خوازیاری سكۆلاریزم بووە، فرەچەشنی قبوڵكردووە  لەكوردستاندا، تاك كەوتبووینەوە، ئێمە تەنها لایەن بووین، بەڵام ئێستا شۆڕشەكە پەڕیوەتەوە بۆ هەموو ئێران و تەنانەت لەجیهانیش پشتیوانی نێونەتەوەیی پەیداكردووە. هاوڵاتی: پێتانوایە دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێگای سەركوتكردن دەتوانێت كۆتایی بەخۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان بهێنێت، ئایا بەبڕوای ئێوە خۆپیشاندانەكان بەرەو كوێ دەڕوات؟ عومەر ئیلخانیزادە: من لام وایە كۆماری ئیسلامی ئێران هەر بەهۆی سەركوت و كوشتارو میلیتالیزم و دژە ژنی هەر هاتووەو ئیعتیرازات بەرەو رووی زۆرتر بووەتەوە ئینجا لەگەڵ خەباتێكی بێوێنە و بوێرانەی سەرانسەری لەگشت ئێراندا رووبەڕوو بووە، ئینجا پێشی وایە هەوڵی ئەوەدەدات كەكوردستان داببڕێت لەشوێنەكانی دیكە كوردستان بە مەكۆو سەنگەرێكی گەورەی ئەم ئیعتیرازو بزوتنەوانە دەزانێت هەر دەیەوێت وا بنوێنێت كە ئەوە حزبە كوردییەكانن خەباتی چەكداری ئەوەیان دەستپێكردووە و بەو شێوەیە كاردەكەن ئەو پیلانەی پوچەڵبووەوە ئەم لەنەزەر خەڵكی ئێران هەم لەوەی ئێمە بڕیارماندا خەباتی مەدەنی وەك خەباتی مەدەنی بۆ خۆی بكرێت هیچ هێزێكی چەكداری تێكەڵ نەكەین ئەو پیلانەی شكستی خواردووە، هەربۆیە بەهەموو شێوەیەك چەندجار بۆمبارانی كردووین بەموشەك و درۆن، بەڵام جوابەكەی وەرگرتووەتەوە دوای هەر هێرشێكی كۆماری ئیسلامی خەباتەكە گەرموگوڕتر بووە، ئەم بەشەی كوردستان مەكۆیەكی شۆڕش و سەنگەرێكی قایمی شۆڕشی كوردستانە كە هەموو خەڵكەكەی لەگەڵ حزبە سیاسییەكان هاوتەریب و یەكدەنگ و هاوپەیوەندین، لەلایەكی ترەوە من پێموایە لەسەرەتای مانگی سێی ئەو خەباتەداین هیچ كات لەئێران وانەبووە كە هەموو رۆژێك ئیعتیرازو موبارەزە و هاتنە خیابان بەردەوام بێت و دیتمان لەباقی شوێنەكانی دیكەی ئێرانیش لەچەند رۆژی رابردوودا مانگرتنە گشتییەكان دەستیپێكردو ئەوە نیشاندەدات كەئیتر ئەو ئولگوەی لەكوردستان بوو ئەو یەكپارچەییەی لەكوردستان بوو چووەتە تاران، چووەتە تەورێز، ئازەربایجان بەگشتی بەلوجستان و هەموو جێگەیەك، بۆیە ئەو مانگرتنە گشتییانە ئەوە نیشاندەدات كە یەكگرتووییەكی گشتی خەڵك و بەشدارییەكی گشتی خەڵك لەبزوتنەوەكەدا هەیەو من ناڵێم كۆماری ئیسلامی توانای سەركوتی نەماوە، بەڵام بەدڵناییەوە ئەو شۆڕشە نانیشێتەوەو بەدڵنیاییەوە ئێران تازە ناچێتەوە پێش دۆخی مەرگی ژیناو شۆڕشی ژینا بەردەوام دەبێت. هاوڵاتی: بەبڕوای ئێوە ئێران ئامانجی چییە لەهێرشەكانیدا، یاخود دەیەوێت چ پەیامێك بگەیەنێت لەماوەی كەمتر لەدوو مانگدا ئەوە سێیەمین جارە هێرش بكاتەسەر بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵات لەهەرێمی كوردستان؟ عومەر ئیلخانیزادە: یەكەم دەیەوێت ئێمە دنە بدات و تەحریكمان بكات كە بۆ بەربەرەكانێ و بمانكێشێتە مەیدانی شەڕو بەربەرەكانێیەكی نیزامی و بەو شێوەیە جیامان بكاتەوە، جۆری خەباتی كوردستان لەگەڵ باقی شوێنەكانی ئێران و بەو شێوەیە بتوانێت سەركوتێكی خوێناوی لەكوردستان بكات، من بەنموونە پێت دەڵێم لەبزوتنەوەی سەوزدا ئەوكات كوردستان زۆركەم بەشداربوو، بەڵام وەختێك بزوتنەوەكەی خەواندەوە زۆرترین كوشتاری لەكوردستان كرد زۆرترین ئیعدامەكان لەكوردستان بوون، بۆیە ئەو دەزانێت كوردستان ئەڵتەرناتیف بووە بەرامبەر كۆماری ئیسلامی ئێران، كوردستانە لەئەوەڵەوە نای وتووە كوردستانە مەكۆی دیموكراسیخوازی و فرەچەشنی و ئێستا لەلایەن گەلانی ئێرانیشەوە ئەوە قبوڵكراوە ئەوەش دووەمین دەلیلە، سێیەمین دەلیل ئەوەیە كە ئەو ئیحتیاجی بەوەیە كە بڵێ ئەوە لەدەرەوەی سنوورەكان شەڕێك و كێشەیەك سازبكات و ئاژاوەیەك بنێتەوە، كەمن پێموایە لەوەشدا سەركەوتوو نابێت هەموو ئەمانە من بەپەلەقاژێی كۆماری ئیسلامی دەبینم دەزانم دەتوانێت خەسارمان بگەیەنێ و گەیاندوشیەتی، دەزانم دەتوانێت گوشاری زیاتر بخاتەسەر هەرێمی كوردستان، بەڵام بەهەموو مەنتیقێك و بەهەموو روانینێك كە لەعێراق و هەرێمی كوردستانیش دەیبینن ئێمە هیچ جوڵەیەكی چەكداریمان نەكردووە، ئێمە لەخاكی ئەو هەرێمەوە هیچ شتێكمان لەدژی كۆماری ئیسلامی ئێران نەبووەو نەكردووەو هیچ بیانوویەكمان نەداوەتە دەست و وەزعی ئەو هەرێمەو خەڵكەكەی و ئاسایشی هەمیشە بۆ حزبەكانی كوردستانی ئێران بەتایبەتی بۆ كۆمەڵە لەهەموو دەورەكاندا مەسەلەیەكی گرنگ بووە. هاوڵاتی: ئێران دەڵیت ئەگەر حزبەكانی رۆژهەڵات چەك نەكرێن هێرشی زەمینی دەكەینەسەر هەرێمی كوردستان، حكومەتی هەرێم داوای لەئێوە كردووە چەك دانێن؟ عومەر ئیلخانیزادە: نەخێر داواكاری لەئێمە نەكراوە، پێشم وانییە قەد هەرێمی كوردستان تەسلیمی ئەوەبێت، ئێمە پێش رووخانی سەدام حسێنیش لێرە بووین و لەنێو ئەو گەلەدا بووین، ئێمە پشتیوان بووین لەڕاپەڕیندا پشتیوان بووین لەدروستكردنی هەرێمی كوردستاندا و گەلی ئێمە لەڕۆژهەڵات بەهەموو قودرەتی خۆیەوە پشتیوانی كردووە لەهەموو پێشكەوتنێك لەو هەرێمە، بۆیە ئەو داوایە لەلایەن هەرێمیشەوە دڵنیام ناتوانرێت قبوڵبكرێت لەلایەن رووناكبیران و خەڵكی ئەو هەرێمە، پەیوەندییەكی مێژوویی نێوانی كوردستانی رۆژهەڵات و باشوور هەیە، پێموایە ئەو داواكارییە ناتوانرێت قبوڵبكرێت و تائەو جێیەی ئێمە مەعلوماتمان هەیە دەوڵەتی عێراقیش بۆی ئاسان نییە هەر لەو رۆژانەشدا قەرارە پەرلەمانی عێراق كۆبێتەوە، جیا لەوە من بەفڕوفیشاڵی دەزانم ئێرانێك كە دەیەوێت لەكوردستانی عێراق هێرشبكاتە سەر ئێمە، لەنێو خاكی ئێرانداو لەنێو كوردستانی ئێراندا لەژێر پالامارو زەبری شۆڕش و ئاخێزێكی جەماوەری گەورەدایەو لەباری نێونەتەوەییەوە تڕۆو ریسوا بووەو تەریك كەوتووەتەوە، من پێموانییە ئەوە كارێكی ئاسان بێت و ئەگەر ئەو كارەبكات كارێكی شێتانەیە كەمەرگی خۆی بەدواوە دێت، ئەو كوردستانی ئێرانی بۆ رانەگیراوە قابیلە بتوانێت ئەو كارە لێرە بكات و ئەوە كارێكی شێتانەو ئەحمەقانەیەو بەزیانی خۆی سەد لەسەد هەڵدەگەڕێتەوە، هەروەك چۆن هێرشەكانی بۆ ئێمەی كردووە هیچ شتێكی دەستكەوت بۆ ئەو نەبووە ئەگەر زەربەیەكی لەئێمە دابێت شۆڕشی ئێمەی پتەوتر كردووەو یەكگرتوویی زۆرتر كردووە. هاوڵاتی: پژاك بڕیاریداوە ئاڵای كۆماری كوردستان لەمهاباد وەكو ئاڵایەكی هاوبەش لەگەڵ حزبە كوردییەكان بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان قبووڵ بكات، ئێوە چ ئاڵایەكتان پێباشە بۆ ئەم قۆناغە؟ هاودەنگن لەگەڵ ئەمە یاخود رای جیاوازتان هەیە؟ عومەر ئیلخانیزادە: نەخێر ئێمە هاودەنگ نین و خەڵكی كوردستانیش لەگەڵ ئەمە هاودەنگ نییە، ئێمە دەبینین لەهەموو دەرەوەی وڵات لەهەموو جێیەك لەئەوروپا خەڵك ئەو ئاڵایە هەڵدەدات، ئەوە بەمانای ئەوە نییە دواجار رۆژهەڵاتی كوردستان ئاڵای خۆی نابێت، چاو لەوڵاتانی ئەسكەندەنافی بكە هەموو ئاڵاكەیان سەلیبە ئەو سور و سپییە یەك زەردو شینە، یەك جۆرێكی دیكەیە، بەڵێ هەر ئەو شێوازە لەئاڵا هەر ئەو سێ رەنگە بۆ ئێمە دەمێنێتەوە و ئەوە ئاڵایەكە كەدەسەڵاتێكی كوردی پەرلەمانێكی كوردی دەنگی بۆ داوەو ناسراویشە، بەڵام بەدڵنیاییەوە رۆژهەڵاتی كوردستان دەبێت ئاڵای خۆی هەبێت و ئێمە دەست لەوەهەڵناگرین، پێمانوایە ئەوە جۆرێك دووبەرەكی سازكردنەو ئێمە چ وەك كۆمەڵە چ وەك ناوەندی هاوكاری نەكەوتووینەتە ئەو داوەوەو ناكەوین. هاوڵاتی: بەڵام ئەوە ئاڵای سەردەمی كۆمارە ئێوە بۆچی پێتان باش نییە؟ عومەر ئیلخانیزادە: قەیناكا ئەی ئاڵای سەردەمی كۆماریش دەكرێ گۆڕانی تێدا بكرێت، ئاڵای عێراقیش گۆڕانی تێدا كراوە، ئێرانیش تیایدا كراوەو وڵاتانی جۆراوجۆر ئاڵاكەیان گۆڕانی تێدا كراوەو دەبێت بچینەوە دەسەڵاتێكی یاسایی، ئەوە بگۆڕێت ئەمە كاری حزب نییە. هاوڵاتی: ئێوە تەنها لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی ناوەندی هاوكاری حزبەكانی رۆژهەڵات پەیوەندیتان هەیە، یاخود لەگەڵ حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی تری ئێران بەگشتی پەیوەندی و هەماهەنگیتان هەیە؟ عومەر ئیلخانیزادە: ئێمە لەناوەندی هاوكاریداین و لەوێدا هاوپەیمانێتییەكمان هەیە كەپێشی وەفادارین و پێمانوایە دەبێت گەشەشی پێبدەین، لەهەمانكاتدا چ وەك ناوەندی هاوكاری چ وەك كۆمەڵە ئێمە خوازیاری هاوئاهەنگی لەگەڵ حزبەكانی دیكەش هەین و هەر لەو ماوەیەشدا هاوئاهەنگیمان هەبووە بۆ راییكردنی ئەركەكانی ئەو بزوتنەوەیەو سیاسەتێك كەدەیگرینەبەرو ئەوەش پەرە پێدەدەین و دیالۆگ و دانیشتنیشمان بڕیارداوە لەگەڵ هەموو ئەوانەی لەكوردستاندا هەن دانیشتن و دیالۆگ دەكەین كە كاردەكەین رێگەچارەیەك ببینینەوە بۆ هاوئاهەنگی زۆرتر ئەگەر نەمانتوانی بەتەواوی هاوپەیمان بین و بەرەیەكی كوردستانی پێكبهێنین، كەهیوادارم بتوانین، بەڵام دەتوانین جۆرێك چەتری نزیكی و هاوكاری و هاوئاهەنگیمان هەبێت و ئێمە چ وەك ناوەندی هاوكاری حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانی ئێران، چ وەك كۆمەڵە لەو بوارەدا گرفتێكمان نییە. لەكۆتاییدا هیوادارم كەخەڵكی كوردستانی عێراق ئەو وتووێژە دەخوێنێتەوە بەهەموو وجودیەوە وەك هەموو جاران پشتیوانی رۆژهەڵات بن لەو قۆناغە سەختەدا، كەدەزانم سەختە، بەڵام دڵنیام سەركەوتوویی هەر بۆ گەلی كوردە

هاوڵاتی ئیبراهیم عەلیزادە رایگەیاند: ئەو شۆڕشەی ئێران كەچەغماغەكەی لەڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە لێدراوە دەتوانێت دەستكەوتی گەورە بەدەستبهێنێت. ئیبراهیم عەلیزادە، سكرتێری كۆمەڵە (رێكخراوی كوردستانی حزبی كۆمۆنیستی ئێران) لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی هاوڵاتی، دەڵێت: ئێران بیانوو دەگرێت، ئێمە زۆر دەمێكە پێمان وانییە هەرێمی كوردستان ئەو جێگایە بێت كەوەكو سەنگەرێكی سەربازی پێشمەرگانە بتوانین كەڵكی لێوەربگرین. وتیشی: ئێمە لەگەڵ هەموو حزبەكانی رۆژهەڵات بەیەك ئاست هاوكاریمان هەیە، هەم لەگەڵ پژاك و هەم لەگەڵ بەرەی ناوەندی هاوكاری، لەواقیعدا ئێمە پردی پەیوەندین لەنێوان پژاك و ناوەندی هاوكاریدا. ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: كۆماری ئیسلامی دەیەوێت لەڕۆژهەڵاتی كوردستان هێزە كوردستانییەكان پەلكێش بكات بۆ شەڕێكی مەیدانی و واقیعی و بەو جۆرە جیایان بكاتەوە لەخەباتی شوێنەكانی دیكەی ئێران و بەو شێوەیە سەرنجی خەڵك بەرەو مەیدانی شەڕ  بەرەو كوردستان رابكێشێت،  لەژێر ئەو سیاسەتەدا بزوتنەوەی سەرتاسەری وردە وردە سەركوت بكات. دووپاتیشیكردەوە: هیچ گۆڕانكارییەك یان هیچ دەستكەوتێك لەكوردستان سەقامگیرنابێت بۆ ماوەیەكی درێژ تاگۆڕانكاری لەدەسەڵاتی ئێراندا روونەدات.   دەقی چاوپێكەوتنەكە لەگەڵ ئیبراهیم عەلیزادە: هاوڵاتی: دوو مانگە خۆپیشاندانەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بەردەوامە بەبڕوای ئێوە خۆپیشاندانەكان بەرەوكوێ دەڕوات؟ ئیبراهیم عەلیزادە:  ئەوەی كەزۆر گرنگە ئەوەیە یەكەمجارە كە بۆ ماوەی دوو مانگ سەرهەڵدانێك لەئێران بەردەوام دەبێت، ئەم بەردەوامییە زۆر جێگای ئومێدەو نیشانی دەدات كەقەزیەكە لەسەرهەڵدانێكەوە دەچێت بەرەو شۆڕشێكی سیاسی گەورە، تا ئەم لەحزەیە كۆمەڵێك دەستكەوت بەدەستهاتوون كە قابیلی هەڵگەڕانەوە نییە یانی كۆمەڵگەی ئێران چووەتە قۆناغێكەوە كەبەهیچ شێوەیەك كۆماری ئیسلامی ناتوانێت ئەو كۆمەڵگایە بگەڕێنێتەوە پێش دوو مانگ لەمەوپێش، جورئەت و جەسارەت و هۆشیاری خەڵك زیادیكردووەو بەرێكخراوبوون و كاری رێكخراوەیی وردە وردە خەریكە جێدەكەوێت، بزوتنەوەكە لەئاستی نێونەتەوەییدا خۆی ناساندووە و پشتیوانییەكی بەرینی كۆمەڵایەتی بۆ خۆی دەستەبەركردووە، ئەوانە هەمووی بارودۆخێكی باشیان پێدەداو پێشبینیم ئەوەیە بۆ رۆژانی داهاتوو لەگەڵ ئەوەشدا كە رۆژانێكی ئاسانمان لەبەردەم نییە، بەڵام لەهەمان كاتدا بەردەوام دەبین و ئەو بزوتنەوەیە بەردەوام دەبێت لەسەر رێچكەكەی خۆی، پێموایە كە دەستكەوتی دیكەش بەدەست دێنێت و تائێستا ئیتر كەس ناتوانێت بیر لەوە بكاتەوە كە رۆژێك لەرۆژان باڵاپۆشی زۆرەملێ دەكات بەسەر ژنان و كچانی ئەو وڵاتە. هاوڵاتی: پێتانوایە هۆكار چییە دوای دوو مانگ لەناڕەزایەتی و فشاری شەقام دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی بەهەمان میتۆدی ساڵانی رابردوو رووبەرووی شەقام دەبێتەوەو ئامادەی سازش نییە؟ ئیبراهیم عەلیزادە: هۆكاری سەرەكی ئەوەیە كە كۆماری ئیسلامی رێگایەكی دیكەی نییەو ریفۆرم ناتوانێت بكات، چونكە ئەو شتانەی كەخەڵك ئێستا دەیەوێت هیچی لەتوانای كۆماری ئیسلامییەكی ئیدۆلۆژیكدا نییەو كۆماری ئیسلامی هەركام لەو سەنگەرانەی كەئێستا خەڵك داوای دەكات بكشێتەوە ئیتر هەبوونی خۆی نەفی كردووەتەوە، یانی دەتوانێت بەبڕوای من پاشەكشە بكات، بەڵام ناتوانێت سازش بكات، دەتوانێت لەژێر فشاردا چارەیەكی نەمێنێت لەسەنگەرێكی بەرگریەوە بكشێتەوە بۆ سەنگەرێكی دیكە، بەڵام ناتوانێت لەبنەماكانی فیكری و ئیدۆلۆژیكی خۆی بەڕەسمی چاوپۆشی بكات، بۆیە تەنیا شتێك كە بۆی دەمێنێتەوە هەر بەكارهێنانی زۆرو سەركوتە كەئەویش ئەوە بەكاردێنێت بەبەربڵاوی. هاوڵاتی: خاڵی بەهێزی خۆپیشاندانەكان چییە؟ بەواتایەكی تر پێتانوایە هێزی خۆپیشاندانەكانی ئەمجارە لەكوێدایەو جیای دەكاتەوە لەخۆپیشاندانەكانی رابردووی ئێران؟ ئیبراهیم عەلیزادە: لەساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی (2018ی زایینی) تائەمڕۆ گۆڕانكارییەك بەئامانجی خۆپیشاندان و سەرهەڵدانی جەماوەردا روویداوە لەو ماوەیەدا دوو سەرهەڵدانی گەورە كە زستانی ٩٦و پایزی ٩٨ هەروەها سەرهەڵدانەكان لەسەر مەسەلەی ئاوو ناڕەزایەتی كشاوەرزان لە ١٤٠٠ی  هەتاوی (2021ی زاینی) ئەوانە لەهیچ كامیاندا لایەنی جەماوەر ئەوە نەبووە كە داخوازییەكی دیاریكراویان لەدەوڵەت بێت، بەڵكو نەفیكردنەوەی سەرجەمی دەسەڵات و دەوڵەت بووەو ئەو جیاوازییەی ئێستا بەشێوەیەكی دیار دەكەوێتە بەرچاو، دووەمین جیاوازی ئەوەیە بەناوەڕۆك ئەو داخوازیانە چەپە، دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) كەحەماسیترین دروشمەو داخوازیەكانی جەماوەر لەچەند وشەیەكی سادەدا فۆرمەلە دەكات، دروشمێكە كە ئەگەر لێیبكۆڵیتەوە هیچ كامیان لەچوارچێوەی تواناییەكانی هیچ ئیسلامییەك و هیچ ریفۆرمخوازێكی دەوڵەتدا ناگونجێت، بۆیە بەناوەڕۆك هەمووی چەپ و سكۆلارەو بەروە پێشەوەیە كەئەوە سیمایەكی زۆر دڵخۆشكەری بەو بزوتنەوەیە داوە. هاوڵاتی: بۆچی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان هاودەنگ نین و هەمامەنگیتان نییەو بەگشتی دابەشبوون بەسەر دوو بەرەدا، ئێوەو پژاك لەبەرەیەكن و كاری هاوبەش و هەماهەنگیتان هەیە، ناوەندی هاوكاری حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانیش لەبەرەیەكی دیكەن، ئەمە بۆچی وایە؟ ئیبراهیم عەلیزادە: پێموانییە ئەوەی كەئێمە لەدوو بەرەدا بین ئێمە و پژاك بین و ئەوانیش بەرەیەك بن ئەوە تەعبیرێكی تەواوبێت لەبزوتنەوەكەو لەو بارودۆخەی كەئێستا حزبە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی تێدان، ئێمە لەگەڵ هەموویان بەیەك ئاست هاوكاریمان هەیە، هەم لەگەڵ پژاك و هەم لەگەڵ بەرەی ناوەندی هاوكاری، بەڵام رەنگە جیاوازییەكە لەوەدا بێت كە تانها ئێمە لەگەڵ پژاك پەیوەندیمان هەیەو ناوەند پەیوەندی نییەو لەواقیعدا ئێمە پردی پەیوەندین لەنێوان پژاك و ناوەندی هاوكاریدا، ئێمە هەوڵمانداوە هاوسەنگییەك رابگرین لەو پەیوەندییەداو راگرتنی ئەو هاوسەنگییە بەمانای ئەوە نییە كە ئێمە هەڵوێستی خۆمان نییە لەنێوان هەڵوێستی ئەو دوو رێكخراوەدا، بەڵكو مەسەلەكە ئەوەیە ئێمە نامانەوێت بارودۆخێك بخوڵقێت كەهێزێك وا پەراوێز بخرێت و بخرێتە گۆشەوە كە لەدواییدا كرداری كاردانەوەكانی بەرامبەر ئەو بارودۆخە هەم قابیلی پێشبینی نەبێت و هەمیش مەترسیداربێت. هاوڵاتی: مەبەستتان كێیە كە بخرێتە پەراوێزەوە؟ ئیبراهیم عەلیزادە: ئەو هێزە لەواقیعدا پژاكە كەناوەندی هاوكاری و حزبەكانی دیكە مەیلێكیان بەهاوكاریكردن لەگەڵیدا نییە. هاوڵاتی: هۆكارەكەی چییە؟ ئیبراهیم عەلیزادە: هۆكارەكە دەبێت لەخۆیان بپرسیت، بەڵام بەشێكی كەئێمە لێمان بیستوون ئەڵین حزبێكی رەسەن نین، واتە سەرچاوەی بڕیاریان لەجێگایەكی دیكەوەیەو لەلایەن پەكەكەوەیە ئەوەش زۆر لەجێی خۆی نییەو هەر پەیوەندییەكی ئایدۆلۆژی و سیاسیان لەگەڵ هەر حزبێكی دیكە هەبێت ئەوان رێكخستنیان هەیەو هێزی گەریلایان هەیەو هەمیش میدیاو هەموو شتێكی تایبەت بەخۆیان هەیەو بەئاڕاستەی رۆژهەڵاتی كوردستان كراوەو ئینجا دەزانین كە ئەو پەیوەندیانە ئاساییە و دەبێت ئاسایی بێت چونكە كورد میلەتێكە لەچوارپارچەی كوردستاندا دەچەوسێتەوە و هەر حیزبێكی سیاسی كەسی نزیكی خۆی لەپارچەیەكی دیكەی كوردستان بێت ئەوە شتێكی سەیر نییەو ئەوەتا دەبینی حزبی دیموكراتی كوردستان هەیەو پارتی دیموكراتی كوردستانیش هەیە یەك ناویان هەیەو لەرۆژئاواو باكور و باشور ئەو پەیوەندیانە هەیە و زۆریش ئاساییە. هاوڵاتی: پێتوایە ئەم هەڵوێستانەی ناوەندی هاوكاری حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەژێر كاریگەری هەژموونی (پارتی دیموكراتی كوردستان)دایە بۆیە ئامادەنین لەگەڵ پژاكدا هەماهەنگیان هەبێت؟ ئیبراهیم عەلیزادە: من نازانم تاچەند لەژێر كاریگەری ئەوەدان، بەڵام ئەوە دەزانم كەدەبێت ئەو كێشەیە چارەسەربكەن و دەبێت لەوە تێپەڕبن كە كێ رەسەنە و كێ ناڕەسەنە. هاوڵاتی: چی كاتێك بەپێویست دەزانن هێزی سەربازی خۆتان (پێشمەرگەو گەریلا) دەستوەردان بكات لەڕۆژهەڵاتی كوردستان؟ ئیبراهیم عەلیزادە: یەكێك لەدەستكەوتەكانی هەماهەنگی ئەو دەورەیە، كەشانازی پێوەدەكەین كەتوانیومانە لەنێوان حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستاندا ئەو هەماهەنگییە دابین بكەین، ئەوە بووە كە هەموو ئەو لایەنانەی كە لەگەڵ یەكتر دانەنیشتوون و گفتوگۆیان نەكردووە بێینە سەر ئەو قەناعەتە  كەئێستا نابێت جۆرێك لەجۆرەكان دەستتێوەردانی سەربازی بكرێت لەو بزوتنەوەیەی كە لەئارادایەو بەخۆشحاڵییەوە لەو رووەوە هەموومان هاودەنگین و پێمان وایە كەئێستا ئەو  بزوتنەوە كۆمەڵایەتییە گەورەیەی كە كەوتۆتەڕێ دەبێت بەهێزی خودی جەماوەر بەئاكامە دیاریكراوەكانی خۆی بگات نەك بەدەستتێوەردانەكانی هێزی پێشمەرگە، بەڵام شارەكانی هەموو كوردستان بەهێزی جەماوەر رزگار بوو و دەستكەوت گەلێك بەدەستهات ئەوكات جەماوەر پێویستە ئەو دەستكەوتانەی خۆی بپارێزێت. هاوڵاتی: لەحاڵەتێكدا كۆماری ئیسلامی ئێران فشاری زۆری كردو گەیشتە قۆناغێك هیچ دەست نەپارێزێت و كوشتارێكی زۆر ئەنجامبدات، ئێوە لەو كاتەشدا دەستوەردانی سەربازی ناكەن؟ ئیبراهیم عەلیزادە: بەوە چارەسەر ناكرێت چونكە كۆماری ئیسلامی دەیەوێت كۆمەڵكوژییەكی گەورە بكات لەكوردستاندا و ئامرازی سەركوتگەری زۆر بەدەستەوەیە و پێموایە كاری دروست ئەوەیە كە نابێت بهێڵین بگاتە ئەو قۆناغە و ناهەماهەنگی نێوانی بزوتنەوەكە لەتاران و شارە گەورەكانی ئێران و هەروەها لەكوردستانی ئێران وایلێبێت كە كوردستان ببێتە مەیدانیكی شەڕ، كۆماری ئیسلامی ئەوەی دەوێت هەم لە بەلوجستان و هەم لەكوردستانیش دەیەوێت و تەنانەت بەفشاری جەماوەر بەهەر شیوەیەك لەشێوەكان هێزە كوردستانییەكان پەلكێش بكات بۆ شەڕێكی مەیدانی و واقیعی و بەو جۆرە جیایان بكاتەوە لەخەباتی شوێنەكانی دیكەی ئێران و بەو شێوەیە سەرنجی خەڵك بەرەو مەیدانی شەڕ و بەرەو كوردستان رابكێشێت، و لەژێر ئەو سیاسەتەدا بزوتنەوەی سەرتاسەری وردە وردە سەركوت بكات، بۆیە پێموایە ئێمە دەبێت هەوڵبدەین نەچینە ئەو قۆناغەوە و ئەوە پیلانی كۆماری ئیسلامییە و پێموایە كەئەگەر ئێمە پشتیوانی بكەین لەتاران و لەشارە گەورەكان بەگەرموگوڕی و هەروەها خۆشمان بزانین كە بەسیاسەتێكی ژیرانە بزانین چۆن بزوتنەوەكەمان  هەنگاو بەهەنگاو ببەینە پێشەوەو ئەو پیلانە پوچەڵ دەبێتەوە. هاوڵاتی: ئامادەیی ئێوە لەناو ئەم ناڕەزایەتییانەدا چییە؟ ئیبراهیم عەلیزادە: ئێمە بەهەموو شێوەیەك تیایدا بەشدارین و ئێمە هەر ئەو تەشكیلاتە نین كەئێستا لەدەرەوەی وڵات دوورخراوەین، كۆمەڵە یەكێك لەو رێكخراوانەیە كە ریشەی لەناو كۆمەڵگای كوردستاندا هەیە، رێكخستنی هەیە نفوسی كۆمەڵایەتی هەیە، دروشمەكانی گوێی پێدەدرێت، بانگەوازەكانی وەڵام وەردەگرێتەوە، لەڕێگای میدیایەكی نیسبەتەن بەهێزەوە  لە رادیۆو تەلەڤزیۆن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە هەوڵدەدەین كاریگەری لەسەر دانێین و هەڵەكان راستبكەینەوەو دەستكەوتەكان بكەینە بەرچاوو هاوڕێیانیشمان و تەشكیلات و رێكخستنەكانیشمان لەناوەوە بەشی هەرە چالاكی ئەو حەرەكەتەن. هاوڵاتی: خەباتی ئێوە بۆ رزگاری رۆژهەڵاتی كوردستانە بەدیاریكراوی یاخود حزبەكەی ئێوە وەك كۆمەڵە خواستتان تەنها گۆڕانی رژێم و رزگاركردنی هەموو ئێرانە؟    ئیبراهیم عەلیزادە: خەباتی ئێمە خەباتێكە سەرانسەرییەو لەواقیعدا دوو باڵمان هەیە باڵێكمان باڵی سەرانسەریمانە ناوی حزبی كۆمۆنیستی ئێرانە لەو ئاستەدا ئێە هەوڵدەدەین كاریگەری دابنێین لەسەر رەوتی رووداوەكان، خەباتێكیشمان هەیە لەكوردستان دیارە بەهۆی بەهێزبوونی بزوتنەوەی كوردستان و پێشینەیەكی شۆڕشگێڕانە كەهەیەتی تەشكیلاتی ئێمە لەكوردستان بەهێزەو بەراورد ناكرێت لەگەڵ تواناكانمان لەئاستی سەرانسەری، بەڵام ئێمە پێمانوایە هیچ گۆڕانكارییەك یان هیچ دەستكەوتێك لەكوردستان سەقامگیرنابێت بۆ ماوەیەكی درێژ جێگیرنابێت مەگەر ئەوەی كە گۆڕانكاری لەدەسەڵاتدا لەئێراندا پێكبێت نموونەشمان دیت لەساڵی ١٩٨٠ كەبەشیكی زۆری كوردستانمان بەدەستەوە بوو و لەساڵانی دواتر بەهۆی ئەوەی بزوتنەوەی سەرانسەری دامركاوەو بەو هۆیەوە كۆماری ئیسلامی لەمەیدانەكانی دیكەدا سەركەوتوو بوو لەسەقامگیركردنی خۆی و كورستانیش وردە وردە ئەو دەستكەوتانەی لێسەندرایەوە و دەبێت هەردوو لایەنیمان هەبێت. هاوڵاتی: لەحاڵەتی گۆڕینی رژێمی ئێراندا ئێوە وەكو كۆمەڵە لەگەڵ چ جۆرە سیستەمێكن و چ جۆرە سیستەمێكتان پێباشە؟ ئیبراهیم عەلیزادە: ئێمە پێمان وایە ئەو شۆڕشە لەقۆناغی یەكەمدا شۆڕشێكی سیاسییەو دەیەوێت دەسەڵات بگۆڕێت لەسەر بنەمای كۆمەڵێك دەستكەوتی دیموكراتی، ئێمە لەبەرنامەیەكدا كە لانی كەمی خۆمان فۆرمەلەمان كردووە، ئەمانە هەم هەموو ئازادییە دیموكراتییەكانی تێدایە و دەبێت هەمووی دابین ببێت، ئازادی بەیان و ئازادی رێكخراوبوون و ئازادی بێمەرجی سیاسی و ئازادی بیروباوەڕ و عەقیدە و كۆمەڵێك دەستكەوت و گۆڕانكاری لەژیانی ئابووری و ژیانی خەڵكدا تێدایە وەكو خزمەتگوزاری و مافی كرێكاران و مەسەلەی خوێندنی بەخۆڕایی تا زانكۆ و هەموو ئەوانەمان فۆرمەلەكردووە لەبەرنامەیەكدا، بۆ كوردستانیش هەر ئەوانەمان هەیە بە ئیزافەی ئەوە كە مەسەلەی ستەمی نەتەوایەتی لەكوردستان لەبەرچاو گیراوەو تیایدا مافی دیاریكردنی چارەنووس تەئكیدی لەسەركراوە، كەمانای ئەوەیە خەڵكی كوردستان ئازادبن بۆ ئەوەی كە لە ریفراندۆمێكی تەواو ئازاددا كە هەلومەرجێكی تەواوی بۆ خولقابێت و لەو ریفراندۆمەدا بڕیار بدەن كەوا دەمێننەوە لەگەڵ ئێران یاخود نا. هاوڵاتی: لەدوو بەشی كوردستاندا ئەزموونی حوكمی كوردی هەیە واتە لەباشور و رۆژئاوای كوردستان، ئێوە پێشبینی دەكەن ئەزموونی كامیان لەرۆژهەڵاتی كوردستاندا دووبارە ببێتەوە؟ ئیبراهیم عەلیزادە: ئەوەی ئێمە دەمانەوێت ئەزموونی بكەین لەواقیعدا دەبێت ئەزموونی تایبەت بەخۆمان هەبێت، بەڵام ئەگەر بێت و قەزاوەتێكیش بكەین لەسەر ئەو دوو ئەزموونە كە لەو دوو بەشەی كوردستاندا هەیە ئێمە ئەزموونە كۆمەڵایەتییەكانی رۆژئاوای كوردستان وەكو ئەو مافانەی كە بۆ ژنان دەستەبەر كراوە وەكو ئەو ئیمكاناتەی كە بۆ بەشداری ژنان لەهەموو ئاستەكانی دەسەڵاتدا دابینكراوە وەكو خۆبەڕێوەبەری واتە ئەنجومەن و شوراكانی محەلی كەتیایدا خەڵك بەئازادی دەتوانێت بڕیاربدات لەسەر ئیدارەی ئوموری خۆی و چارەنووسی خۆی، وەكو چارەسەركردنی ناكۆكی نێوان نەتەوەكان ، نەتەوەی عەرەب و ئاشووری و كورد و هەموو ئەوانە، ئەمە كۆمەڵێك ئەزموونە كە نیشانی دەدات لە كوردستان عەمەلییە و ئێمە پێمانخۆشە كە لەو ئەزموونانە سوود وەربگرین بەڵام من پێموایە كە ئەو شۆڕشەی كە لەئێستادا لەئێران هەیەو چەغماغەكەی لەكوردستانی رۆژهەڵاتەوە لێدراوە دەتوانێت ئەو دەستكەوتانە گەلێك قوڵترو واقیعیترو بەكرداریتر بێنێتە ئاراوە. هاوڵاتی: ئێران بەردەوام هەڕەشە لەحزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكات بەشێك لەحزبەكانی رۆژهەڵاتیش ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە كەئەوان لەسەر داخوازی حكومەتی هەرێمی كوردستان هێزەكانیان لەسەر سنووری ئێران گواستۆتەوە، ئایا ئێوە وەكو كۆمەڵە هێزی خۆتان لەسەر سنووری ئێران دوورخستووەتەوە؟ ئیبراهیم عەلیزادە: ئێمە زۆر دەمێكە پێمان وانییە كە هەرێمی كوردستان ئەو جێگایەیە كەوەكو سەنگەرێكی سەربازی پێشمەرگانە دەتوانین كەڵكی لێوەربگرین، ئێمە پێمان وابووە كە دەبێت لێكتێگەیشتنێكمان هەبێت لەنێوان بەرژەوەندییەكانمان و بەرژەوەندییەكانی حكومەتی هەرێم كە نایەوێت لەگەڵ دەوڵەتێكی دراوسێی خۆی بخرێتە حاڵەتی شەڕەوە، بۆیە ئێمە ئێستا خەباتی چەكداریمان لەرووی زەروریەتێكی دیكەوەیە نەك لەو رووەوە كە بەكاریبێنین دژی كۆماری ئیسلامی و كۆماری ئیسلامی بەهانەگیری دەكات ئەگینا دەزانێت ئێمە سیاسەتمان ئەوە نییە كەهێزی چەكدار دژی كۆماری ئیسلامی لێرەوە لەسنوورەكانی هەرێمی كوردستانەوە بەكاربێنین. هاوڵاتی: ئەمریكاو وڵاتانی خۆرئاوا تائێستا ئەوەی تێبینی دەكرێت بەڕوونی پەیامیان نەگەیاندووە كە لەگەڵ رووخانی رژێمی ئێرانن، ئایا ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هێشتا ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بەگشتی وەكو بەدیلی دەسەڵات بوونی خۆیان نەسەلماندووە یاخود خۆرئاواو ئەمریكا بەدیلێكیان نەدۆزیوەتەوە بۆ سیستەمی حوكم لەدوای كۆماری ئیسلامی ئێران یاخود هۆكارەكە چییە؟ ئیبراهیم عەلیزادە: ئەوانەی باستكرد هەمووی هۆكارن واتە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی خۆی وەكو بەدیلێكی مسۆگەری دەسەڵات نەناساندووە بۆ هیچ وڵات و دەوڵەتێكی زلهێز ئەمە خاڵی یەكەم، خاڵی دووەم ئەوەیە بەشێوەیەكی گشتی بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێز بەتایبەتی ئەوروپا و ئەمریكا لەوەدانییە كە كۆماری ئیسلامی بڕوخێت ئەگەر خۆیان نەكەونە بارودۆخێكەوە كەناچاربن هەڵبژێرن لەنێوان كۆماری ئیسلامی و ئۆپۆزسیۆنەكەی ئەوەی كەبژاردەیانە هەر ئەو رژێمەیە، لەبەرئەوەی ئەو رژێمە دوو كاری زۆر گرنگی بۆ كردوون  یان بۆیان دەكات یەكێكیان ئەوەیە كە ئینسیجامی وڵاتێكی بۆ راگرتوون یان نەیهێشتووە پارچە پارچە بێت وەكو عێراق و لیبیاو لەژێر سایەی ئەو ئینسیجامەدا ئەوان دەتوانن بەرژەوەندییە درێژ ماوەكانی خۆیان باشتر بپارێزن، دووەمین شت كە بۆی دابینكردوون  ئەوەیە كە ململانێی ناوچەیی دروستكردووە كەتیایدا ئەوان بەئارەزووی خۆیان چەك دەفرۆشن و بەملیارەها چەكیان بە عەرەبستانی سعودی و بەوڵاتانی خەلیج و بەشوێنی دیكە فرۆشتووە و بەردەوامیشن  لەژێر راگرتنی هەڕەشەی ئێراندا، لەهەمانكاتدا كە زەرەرێكی گەورە بە ئابووری ئەوان ناگەیەنێت و دەرگایەكی گەورەی بۆ كردوونەتەوەو تەنانەت ژێر بەژێر معامەلاتیان لەگەڵ ئێرانیش بەردەوامەو بۆیە ئەگەر چاو لەبەرژەوەندیەكانیان بكەین بەهیچ جۆرێك بەرژەوەندی ئەوان لەگەڵ مانەوەی كۆماری ئیسلامی ناتەبا نییەو ئەگەر بەئارەزووی ئەوان بێت هەر كۆماری ئیسلامی هەڵدەبژێرنەوە بەڵام بۆچی ئێستا جاروبار هەڵوێست دەردەبڕن لەبەرئەوەی ئەوانیش دەزانن كە ئەگەر شەپۆل بەشەپۆل ئەو خەباتە بچێتە پێشەوە دەكرێت رێی هەڵوێست گۆڕین ئاسان نەبێت، بۆیە لەئێستاوە گۆشەنیگایەكیان بەرەو ئۆپۆزسیۆنە بۆ ئیحتیات بەرامبەر ئەو بارودۆخەی مومكینە لەكۆنترۆڵی ئەوان و كۆنترۆڵی كۆماری ئیسلامیش دەربچێت. هاوڵاتی: هۆكار چییە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بەشێوەیەكی گشتی خۆتان وەك بەدیل نەناساندووە؟  هەروەها لەو ماوەیەی كە خۆپیشاندانەكان دەستیپێكردووە هیچ كۆبوونەوەیەكی فراوانی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان كراوە؟ ئیبراهیم عەلیزادە: من پێموایە بەدیل لەدەرەوەی وڵات شكڵناگرێت‌ و بەدیل لەناو جەرگەی خەباتی جەماوەردا وردە وردە سەرهەڵدەدات، ئەگەر قسە لەسەر گۆڕانكارییەكی شۆڕشگێڕانە یان دراماتیك لەدەزگای سیاسی ئێراندا بێت ئەوە لەئاكامی گەشەكردن و بەرەوپێشچوونی قوڵبوونەوەی ئەو خەباتەیە كەلەناوەوەیە، هۆكاری ئەوەی كە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی تائێستا نەیتوانیوە هێشتا ئەو لەحزەیەش لەڕووی رێكخراوەیی و لەڕووی نفوسی سیاسیشەوە لەگەڵ ئەو بزوتنەوەیە بێگانەیە، هۆكارەكەشی سەركوتی ٤٣ ساڵەی كۆماری ئیسلامی ئێرانە ٤٣ساڵ كوشتن و بڕین و سەركوت و زیندان و رێگای نەدا كە ئۆپۆزسیۆن رێگای خۆی بۆ ناو جەماوەر بكاتەوە، ئێستا بارودۆخەكە كەمێك گۆڕاوە و ئۆپۆزسیۆن كەوتۆتە خۆی هێشتا زووە بۆ ئەوەی بزانین ئۆپۆزسیۆنی دوورخراوەو دوورە وڵات چەندە پێگەو جێگەیان لەناو جەماوەر هەیەو چەندە دروشمەكانیان لێرە رەنگدانەوەی هەیە، سەبارەت  بەكوردستان جیاوازی هەیەو كوردستان لەو ٤٣ ساڵەدا هەر بەرگری كردووەو حزبی سیاسی بەهێزو پەروەردە كردووەو حزبەكان كەم تازۆر متمانەی خەڵكیان راكێشاوە، بەڵام لەئاستی ئێراندا ئەو پێگەیەمان نیە. سەبارەت بە بەشی دووەمی پرسیارەكەتان، تائێستا ئەوەندەی ئێمە بزانین هیچ كۆبوونەوەیەك لەلایەن بەرەی چەپ و بەرەی راستی ئەو  ئۆپۆزسیۆنەی دەرەوەی وڵات پێكنەهاتووە، بەڵام لەنێو خۆیاندا هەردوولا بەرەی راست و بەرەی چەپ، بەرەی راست كەوتووەتەخۆ و پەلەیەتی كۆبوونەوەو دانیشتن دەكەن و بڕیار دەدەن، ئەو پەلەیە بەبڕوای من لە جێگەی خۆیدا نیە، مەبەست لەبەرەی راست وەكو لیبراڵییەكانی ئێران و وەكو موجاهیدینی خەڵق و سەڵتەنە تەڵەبەكان و گروپی تری درورو نزیك لەوان، تەنانەت بەشێك لەكوردەكانیش ئەمانە بەناو كۆبوونەوە دەكەن بۆ شكڵپێدانێك بە بەدیل، بەڕای من ئەمە بە سادەیی خوێندنەوەی بارودۆخەكەیە كە پێت وابێت بەدیل ئاوا دروستدەكرێت، ئەوە لەوێناكردنێكدایە كە ئێمە چاوەڕوانی دووپاتبوونەوەی ئەزموونی عێراق بكەین لەئێران، بەڵی ئەگەر قسە لەسەر ئەزموونی عێراق بكەین دەستتێوەردانی ئەمریكا هۆكار بوو بۆئەوەی ئەو ئەزموونە بەو عاقارەدا بەرێت، چونكە ئەگەری نییە ئەزموونی عێراق لەئێران دووبارە ببێتەوە، بۆیە ئەو هەوڵانەی ئەوانیش بێ سوودە و تائەوكاتەی جەماوەر لەناوەوە رەهبەرانی خۆی و رێكخراوەكانی خۆی پێكنەهێنێت و وردە وردە دەموچاوەكان نەناسرێن و ناوەندەكانی رێكخستنی ئەو خەبات و سەرهەڵدانە خۆیان دەرنەخەن هیچ بەدیلێك بۆ داهاتووی ئێران شكڵناگرێت. هاوڵاتی: بۆ ئەوەی ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزاییانە سەركەوتوو بێت دەكرێت چی بكرێت؟ ئیبراهیم عەلیزادە: ئێمە بۆ سەركەوتن پێویستیمان بەچەند شتێكە، یەكەم پێویستیمان بەكاتە بۆ ئەوەی خەڵك بتوانێت خۆی رێكبخات و بۆ ئەوەی هێزەكانی دوژمن ماندوو بكەین و بەئەوەی كەسایەتییەكانمان و حزبە سیاسییەكانمان لەسەر ئاستی ئێران متمانەی خەڵك بۆ خۆیان رابكێشن، دووەم نابێت خەڵك چاوەڕوانی سەركەوتنێكی ئاسان بێت واتە بڵێین ئەمڕۆ و سبەینێ ئەم قەزیەیە تەواو دەبێت، دەبێت بڵێین  بۆ ئەوەی ئەم سەركەوتنە بەدەستبێت دەبێت گەلێك لەوەی ئێستا هەیە جەماوەری دیكە بەشداری بكات و دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) دروشمێكی سەرنجڕاكێشە بەڵام هەموو نیازو ئاواتەكانی سەركوتكراوو هەموو مافە پێشێلكراوەكانی جەماوەری ئێران نوێنەرایەتی ناكات خەڵك مەعێشەتی دەوێت، خەڵك نانی دەوێت، ژیانی ئابوورییەكەی داڕماوە دەبێت ئێمە رێگایەك نیشان بدەین كە بڵێین ئەو دەسەڵاتەی دوای كۆماری ئیسلامی دێت دەتوانێت لەو بوارانەدا ئاڵوگۆڕی جددی لەژیانی خەڵكدا پێكبهێنێت، ئێمە پێمان وایە  ئەگەر ئەو زەمانەمان بەدەستەوە بێت و ئەگەر لە رەوتی رووداوەكان نە پێش كەوین و نە دوابكەوین داهاتوویەكی روون بۆ ئەو سەهەڵدانەی ئێستا بەدیدەكرێت.

هاوڵاتی سیامەند موعینی دەڵێت: درەنگ یان زوو دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران مەجبورە تەسلیم بەئیرادەی گەل بێت و ناتوانێت بەو شێوازە سەركوتكارییە بەردەوام بێت. سیامەند موعینی هاوسەرۆكی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان–پژاك لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی هاوڵاتی، رایگەیاند: گەلی ئێمە هەنگاوێكی بەرەوپێشەوە ناوە بۆ ژیانێكی ئازادو پژاك لەو بوارەدا بۆ ئازادی گەلەكەی هەر هەنگاوێكی پێویست بێت دەینێت. وتیشی: ئاڵای كۆمار لەگەڵ ئاڵای باشور تێكەڵ بكەنەوە غەدرێكی مێژوویی دەبێت لەگەلی ئێمە بەگشتی و ئێستا پێویستە گەلی كورد لەهەموو ساتێك زیاتر هەماهەنگ بێت. ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: ئامانجی ستراتیژی ئێمە دامەزراندنی كۆمەڵگایەكی ئازادو دیموكراتیكەو لەگەڵ هەموو حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانیش چی ئێرانی چی كوردی، پەیوەنیدمان هەیە. ئاماژە بەوەش دەكات: دەسەڵات  قەت چاوەڕوانی ئەو هێزەی نەدەكرد لەپەنگخواردووی كۆمەڵگای ئێراندا هەموو بەدژی ئەو رابێتەوە، ئێستا لەنێو سیستمی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە وردە وردە هەڵوەرین دەستیپێكردووە،   دەقی چاوپێكەوتنی سیامەندی موعینی: هاوڵاتی: لەدوای هاتنی كۆماری ئیسلامی ئێران ئەم خۆپیشاندانانە، بەدوورودرێژترین خۆپیشاندن و ناڕەزایی دادەنرێت، بەبڕوای ئێوە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكانی ئەمجارە بەرەوكوێ‌ دەڕوات، ئایا وەكو خۆیان بەردەوام دەبن یاخود گۆڕانكاری لەشێوازی ناڕەزاییەكان روودەدات؟ سیامەند موعینی: راستە سەرهەڵدان و خۆپیشاندان لەدەستپێكی هاتنی كۆماری ئیسلامی ئێرن بەردەوام هەبووە بەتایبەتی گەلی كورد لەسەرتاوە ئەو سیستمەی قبوڵنەكردووە، بەڵام ئێستا دەبینین هەموو گەلان و پێكهاتەكانی ئێران بەگشتی و بەهۆكاری جیاوازو پەنگخواردوویی ئەو ویست و خواستانەی كەهەیانبووەو كۆماری ئیسلامی ئێران نەیتوانیوە وەڵامدەرەوەی بێت  بەردەوامن لەخۆپیشاندان، بەڵام ئەمجارە دەتوانین ئەو خۆپیشاندانانە نوێیە وەك رێنسانسێكی فیكری و وەك ئاڵوگۆڕییەكی بنچینەیی لەشێوازی خۆپیشاندان پێناسەی بكەین، ئەوەی ژن پێشەنگیەتی بۆخۆی دەتوانێتت ببێتە هۆكارێك كەبنكەیەكی ئەو رێنساسە فیكرییەی باسمكردو بنكەكەی سازبكات و پێكیبهێنێت، ژن پێشەنگە بۆچی؟ چونكە ژن بەدروشمی (ژن، ژیان ئازادی) توانی پێشانگایەتی ئەو شۆڕشە بكات، بەڵام گرنگی هەرەبەرچاوی ئەوەیە ئەو شۆڕشە كەدەستیپێكردووە «وەك شۆڕش پێناسەی دەكەم» پێشەنگەكەی لەكوردستانەوە بووە، بەشەهادەتی ژینا كە لەتاران بەشێوازێكی زۆر وەحشیانە كە شەهیدیان كرد، گەلی ئێمە لەڕۆژهەڵاتی كوردستان بەتایبەت لەشاری قارەمانی سنە خاوەندارێتیان لێیكردو لەسەر گۆڕی ژینا دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) وترایەوەو هێندەی پێنەچوو ئەوە لەپرۆسەی خۆیدا گەیشتە شارەكانی دیكە و لەتاران دەستیپێكردو خۆپیشاندان لەدژی كۆماری ئیسلامی كرا و بەردەوامبوو لەهەموو شارەكانی ئێران، ئەوە نیشانەی ئەوەیە ئەو خۆپیشاندانانەی ئەم جارە لەبواری كارەكتەری خۆیدا جیاوازە، پێشتر خۆپیشاندان هەبووە بەشێكیان ویست و خواستی جیاوازبووە، بەڵام ئەمجارە خۆپیشاندانەكان ویست و خواستێكی سیاسییان هەیە و تەنانەت خوازیاری لابردنی ئەو سیستمە دیكتاتۆرەن كە زیاتر لە 40 ساڵە حكوم دەكات، خاڵێكی دیكەی گرنگ لەو شۆڕشەدا ئەوەیە لەئازەربایجانەوە، لەشاری تەورێزەوە پەیام دێت و دەڵێت ئازەربایجان وشیارەو پشتیوانی كوردستانە، لەلایەكی دیكەوە لەئەهاوەزو تارانەوە هەمان پەیام بۆ یەكتر دەنێردرێ‌، ئەوەش رێنسانسێكە و لەچوارچێوەی ئەو ئاڵوگۆڕی فكریەدایە كە سەد ساڵە سیستمی داگیركەری كوردستان لەناوچەكە بەشێوازی دەوڵەت نەتەوە، كۆمەڵگای ئێمە بەتایبەت كوردستان و نەتەوەكانی دیكەش دەچەوسێنێتەوە، هەوڵی ئەوان بۆ كێشە دروستكردن لەناو نەتەوەو پێكهاتە جیاوازەكان نەیتوانیوە سەركەوتوو بێت، ئەو پەیامانە  ئاڵوگۆڕ لەگەڵ خۆی دێنێ‌ و ئیتر گەلانی ئێران فریوی دەسەڵات ناوەند ناخۆن و بەبڕوای من ئەو شۆڕشە كە دەستیپێكردووە ئەنجام دەگرێت و تاكۆتایی دەڕوات. هاوڵاتی: مامەڵەی دەسەڵات لەگەڵ خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكان چۆن دەبینی، ئایا شڵەژان و سەرلێشێواوی پێوە دیارە، پێتوایە دەسەڵات عەقڵا و كۆنترۆڵی خۆی لەدەستداوە؟ سیامەند موعینی: خەسلەتی دەسەڵاتی دیكتاتۆر هەمیشە لەسەر هێزو سەركوتی بیری جیاوازە، هەركەسێك دژی ئەوان بێت بەشێوازی فیزیكی هەوڵی لەناوبردنی دەدەن، بەڵام ئەمجارە شڵەژانێك بەسیستمەوە دیارە، چونكە قەت چاوەڕوانی ئەو هێزەی نەدەكرد لەپەنگخواردووی كۆمەڵگای ئێراندا هەموو بەدژی ئەو رابێتەوە، ئێستا لەنێو سیستمی پووك و پوچەڵی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە وردە وردە هەڵوەرین دەستیپێكردووە لەنێوخۆیاندا، ئەوانەی كە باوەڕییان پێ هەبووە، ئەوانەی كە پایەی سەرەكی و پارێزەری ئەو سیستمە بوون هێدی هێدی دەنگی ناڕەزایی دەردەبڕن، ئەوە بووەتە هۆكارێك كە هێزو توانای ئەو سیستمە ئەوەندە نیە كەبتوانێت هەموو كۆمەڵگا سەركوت بكات، بۆیە لەكۆتاییدا راستە ئەوان هەوڵی كۆتایی خۆیان دەدەن بەڵام بەقەناعەتی من ئەو هێزو توانایەیان نابێت لەبەرامبەر گەلدا، چونكە كاتێك گەل راپەڕی هیچ دەسەڵات و هێزو چەكێك ناتوانێت پێشی پێبگرێت و بەتەئكید سەركەوتن هەر بۆ گەل دەبێت. هاوڵاتی: چاودێران باوەڕیانوایە لەگەڵ شەهیدكردنی هەر خۆپیشاندەرێك و رێورەسمی ناشتنیداو دواتر لەڕێوڕەسمی چلەی شەهیدەكەشدا ناڕەزاییەكان فراوانتر سەرهەڵدەدەنەوە، رای تۆ چیە لەوبارەیەوە؟ سیامەند موعینی: ئەوە راستی تێدایە، سەرهەڵدان یان خۆپیشاندانەكان بەقۆناغێكی نوێدا تێدەپەڕین و دەگاتە قۆناغێك كە بەربەرەكانێكە دەستەویەخە دەبێت لەبەرامبەر دەسەڵاتدا، رەنگە دەسەڵات بەباوەڕی خۆی پێیوابێت بۆ ماوەیەكی كورت سەركوتی بكات، بەڵام ئەوانە تەنها فیكرو خەیاڵن دەسەڵات پێوایە بتوانێت سەركەوتیان بكات، بەڵام هەر گەنجێك كەگیانی خۆی بەخت دەكات لەو رێگایەدا بەدەیان و سەدان گەنج و ئینسانی تێكۆشەری دیكە جێگای ئەوانە دەگرێتەوە و دەبێتە هۆكار كە بازنەی ئەو سەرهەڵدانانە بەرفراوانتر بیت. لەپەیوەست بەشۆڕشی ژینا ئێمە راستەوخۆ دەبینین هەموو گەلان و هەموو بیروبۆچوونە جیاوازەكان لەو شەڕەدا بەشدارن، 20 هەزار كەس دەستگیركراون، بەسەدان كەس گیانی خۆیان بەختكردووە و بەهەزارانی دیكەش بریندارن، بەڵام ئەمانە نەبووەنەتە هۆی پاشەكشەكردن، دەبینین گەنجان پێشەنگی دەكەن، بەتایبەتی ژنان پێشەنگی ئەو شۆڕشە دەكەن، بە قەناعەتی من كلیلی لەناوچوونی ئەو سیستمە لێدراوە و درەنگ یان زوو ئەو دەسەڵاتە مەجبورە تەسلیم بەئیرادەی گەل بێت و ناتوانێت بەو شێوازە سەركوتكارییە بەردەوام بێت. هاوڵاتی: دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) چەمكێكە عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ یەكەمجار بەكاریهێناوەو ئێستا باڵی كێشاوە بەسەر سەدای خۆپیشاندانەكاندا، بەڕێزیشتان لەلێدوانێكدا دەڵێیت: «دەمێكە ئێمە كار بۆ ئەوە دەكەین هێزی پشتیوان بۆ كوردستان دەستەبەر بكەین»، پێتوایە ئێستا بەوتنەوەی دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) لەهەموو ئێران، مانای وایە لەكاركردنتان بۆ كۆكرنەوەی پشتیوانی بۆ كوردستان سەركەوتوو بوون؟ سیامەند موعینی: بەتەئكید دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) و دروشمی (پێكەوەژیانی گەلان) ئەوە دوو دروشمی سەرەكین كەئێمە هەوڵمانداوە كاری بۆ بكەین، ئێستاش لەئەنجامی ئەو سەرهەڵدان و شۆڕشەدا دەبینین كە گەلانی ئێران بەگشتی ئەو خواستەیان هەیە، (ژن، ژیان، ئازادی) تەنها دروشمێك نیە بەڵكو فەلسەفەیەكە كە چۆن مرۆڤەكان بەخواست و ویستی خۆیان ژیان بكەن، ئەوەی جەنابت فەرمووت بۆ پشتیوانی شۆڕشی گەلی كورد سەرهەڵدان و دۆستایەتی و پێكەوە هاوخەباتبوونی گەلانی دیكەی ئێرانیش بۆ گەلی كورد گرنگیەكی سەرەكی هەیە، چونكە لەمێژووی سەد ساڵەی ئێراندا داگیركەرانی كوردستان هەمیشە كەڵكیان وەرگرتووە لەو پۆتانسێڵانەی كە لەنەتەوەكانی دیكەن بەدژی گەلی ئێمەن، نەتەوەكانی دیكەیان بەكارهێناوە بۆ ئەوەی دژی ئێمە شەڕبكەن و سەركوتی گەلی ئێمە بكەن، ئەمڕۆ ئەو چەكە لەدەسەڵات وەرگیراوەتەوەو ئەوەش هەنگاوێكی گرنگە كە گەلی كورد بتوانێت بەشێوازێكی باشتر و بەهێزتر رووبەرووی دەسەڵاتێك بێتەوە كەوڵاتەكەی و گەلەكەی داگیركردووە، ئەو دوو دروشمەی كە دراون پێناسەیەكن كە ئێمە هەوڵمانداوە كاری بۆ بكەین، ئەوەی گرنگی هەیە (ژن، ژیان، ئازادی) ئەوەیە كە لەكوردستانەوە ژنی كورد پێشەنگی ئەو دروشمەیان كردووە و لەبەشەكانی دیكەی ئێرانیش بگوترێتەوە، ئەو دروشمانە نەك تەنها لەئێران بەڵكو لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەتوانێت ببێتە بنەمایەك بۆ گەیشتن بەئازادی و بە دیموكراتیزەكردنی كۆمەڵگا كەئینسانەكان بتوانن بەئازادی ژیانێكی بەكەرامەت بژین. هاوڵاتی: پشتیوانی ئێوە بۆ خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكان لەچی ئاستێكدایە، میتۆدی گونجاوو زانستیانەی پژاك چیە لەو ناڕەزاییانەی لەئێران سەریهەڵداوە؟ سیامەند موعینی: رەنگە نەتوانم بەئاشكرا بڵێم پژاك رۆڵی ئەساسی چی بووە، بەڵام لە 15 ساڵی رابردوو پژاك بەهەزاران ئینسانی تێكۆشەری پەروەردە كردووەو بەشێكی هەرەزۆری ئەوانە لەناو كۆمەڵگادان و پژاك ناكرێت تەنها وەك هێزێكی نیزامی سەیر بكرێت، هێزێكی سیاسی ئیدۆلۆژیكە و لەسەر ئەو بنەما فەلسەفیە توانیوێتی بەشێكی زۆر لەكۆمەڵگای خۆی ئۆرگانیزە بكات و بەشێوازی جیاواز پەروەردەی بكات و بتوانێت كەرامەتی خۆی بپارێزێت، گرنگ ئەوەنیە حزبێك یان رێكخستنێك چی كردووە یان چی نەكردووە، گرنگ ئەوەیە كەگەلی ئێمە هەنگاوێكی بەرەوپێشەوە ناوە بۆ ژیانێكی ئازاد، پژاك لەوبواردا بۆ ئازادی گەلەكەشی هەر هەنگاوێكی پێویست بێت دەینێت تا گەیشت بەسەركەوتنی كۆتایی گەلەكەمان و پژاك پشتیوانی شۆڕشی ئازادییە، بەتایبەت ئەو شۆڕشە كەشۆڕشی ژنە، شۆڕشی كوردستان لەئێران، ئەوە بەتەئكید هەم لەئێستاو هەم لەداهاتووشدا پشتیوانی سەرەكی و بزوێنەری سەرەكی لەو شۆڕشەدا هەر پژاك دەمێنێ‌.   هاوڵاتی: ئێوە لەبارەی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكان لەڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران لە راگەیەنراوێكدا بەناوی «رێگەچارەی شۆڕشی نوێی گەلانی ئێران» دەڵێن: ئاڵای كۆماری كوردستان لەمهاباد وەكو ئاڵایەكی هاوبەش لەگەڵ حزبە كوردییەكان بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان قبووڵ دەكەن، لەسەر چیی بنەمایەك ئەم بڕیارەتان دا، لەكاتێكدا حزبی دیموكرات ئەو ئاڵایەی لەهەرێمی كوردستان هەڵدەكرێت بەگونجاو دەزانێت، رای تۆ چیە لەوبارەیەوە؟ سیامەند موعینی: ئێمە باوەڕمان بەپلورالیزم و ئازادی كەسایەتی هەیە، هەر ئینسان و هەر رێكخستنێك ئازادە چۆن بیردەكاتەوەو چی شتێك دەستنیشان دەكات بۆ سونبولێك بۆ خۆی، ئێمە دوای ماوەیەكی زۆر لە گفتوگۆو راگۆڕینەوە لەناو خۆماندا لەكۆتاییدا بڕیارماندا كە ئاڵای سەردەمی كۆمار وەك ئاڵای سەردەمی تێكۆشان بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان دەستنیشان بكەین، ئەوەش سروشتیەو مافی خۆمانە ئاڵایەك بۆ گەلی خۆمان لەڕۆژهەڵاتی كوردستان دەستنیشان بكەین، هەر حزبێكی ترش ئاڵایەكی تر بۆخۆیان دەستنیشان دەكەن ئەوە بابەتێكی سروشتییە. ئەوەی بیروباوەڕی كۆمار درێژەپێدەدات لەبواری ئازادی كوردستان، لەبواری ناسنامەی نەتەوەیی و دیموكراتیك ئێمە خۆمان بەخاوەنی دەزانین، ئەوەی كە ئاڵای باشور بەئاڵای كۆمار پێناسەبكرێتەوە ئەوە نەوعێكە لەچەواشەكاری و  ئاڵای كۆمار لەگەڵ ئاڵای باشور تێكەڵبكەنەوە غەدرێكی مێژوویی دەبێت لەگەلی ئێمە بەگشتی. ئێمە كە ئەو بڕیارەمانداوە وتوومانە تا كۆنگرەیەكی نەتەوەیی رێكدەخرێت كورد بەگشتی لەڕۆژهەڵاتی كوردستان بەئازادی دەتوانێت بۆخۆی دەنگبدات و بڕیاربدات كە ئەو ئاڵایە قبوڵا دەكات یان قبوڵی ناكات، هەركاتێك میللەتی ئێمە رەتیكردەوەو ئاڵایەكی نوێیان دانا ئەوە مافی گەلەو دەتوانن بیگۆڕن، بەڵام تا ئەوكاتە ئێمە بۆ یەكگرتوویی هێزەكانی رۆژهەڵات ئەو ئاڵایە بەڕەسمی دەناسێنین و لەئێستا بەدوا ئێمە ئەو ئاڵایە هەڵدەكەین. هاوڵاتی: لەگەڵ كۆمەڵە (سازمانی كوردستانی حزبی كۆمۆنیستی ئێران) لێكگەیشتن و كاری هاوبەشتان پێكەوە هەیە، لەگەڵ ناوەندی هاوكاری حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بۆچی ئەم لێكگەیشتن و هەماهەنگیەتان نیە،  بەگشتی هاوكاری هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران چۆنە؟ سیامەند موعینی: ئێمە لەگەڵ هەموو حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان چی ئێرانی چی كوردی، پەیوەنیدمان هەیە، بەڵام ئەوەی هاوكاری بێت زۆرتر لەگەڵ كۆمەڵە هاكارییمان هەیەو گەیشتووەتە قۆناغی پراكتیكی و ئەنجامی باشی هەبووە، بەڵام ناوەندی هاوكاری ئێمە نە ئاگاداری ناوەڕۆكەكەیان و نە دەزانین لەسەر چی بنەمایەك ئەو ناوەندە كاردەكات، سەرەتا باوەڕم وایە شەش حزب بوون ئێستا تەقریبەن سێ حزبیان ماوەتەوە، ئەوان پێویستە پلاتفۆرمێكی دروستیان هەبێت بۆ شێوازی تێكۆشان و شێوازی كاركردن لەدژی كۆماری ئیسلامی ئێران، هەركەسەو هەستا چوارچێوەیەكی دانا ئەوە نابێت، پێویستە بۆ قۆناغی یەكەم لێكتێگەیشتن هەبێت، بۆقۆناغی دووەم پێویستە دانیشتن و سمینار هەبێت لەچوارچێوەی پرۆژەو بەرنامەیەكی دیاریكراوو كۆنكرێتی بەیەكەوە، ئەگەر تەنیا یەك خاڵیش بێت پێویستە ئەو حزبانە بەلێكگەیشتن بگەن، تۆ ناتوانی گروپێك سازبكرێت و بڵێت تۆش وەرە ناوی،  ئێمە بەهیچ شێوەیەك هیچ ئیعتیبارێك بۆ رێككەوتنێكی ئاوا دانانێن، ئێمە پێمانخۆشە ئەگەر لەداهاتوودا شێوازێكی هاوكاری بێتە پێشەوە پێویستە ئەو شێوازە هاوكارییە بەشێوازێكی كۆلەكتیڤ بێت، هەموو ئەو هێزانەی لەگۆڕەپانی رۆژهەڵاتی كوردستان ئەكتیڤن بێن بەشدار بن، ئێستا پێویستە گەلی كورد لەهەموو ساتێك زیاتر هەماهەنگ بێت، چونكە قۆناغێكی مێژوویی و هەستیارە ئەگەر ئەو سیستمە تۆتالیتارەی ئێرانیش نەمێنێ‌ مەترسی شۆڤێنیزمی ناوەندگەرا هەر دەمێنێ‌ و پێویستە كورد ئامادەكاری بۆ ئەو كاتەش بكات و لەداهاتووی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان رۆڵی سەرەكی هەبێت، رێگە نەدات ئیتر داگیركاری بەرەو كوردستان بێتەوە، رێگە نەدات سیستمی دیكتاتۆرو تۆتالیتار دیسان لەئێران سەرهەڵبداتەوە ئەوە بۆچوونی ئێمەیە، لەسەر بنەمای ئەو بۆچوونە دیموكراتیكە هەوڵ و خەباتمان دەبێت و ئامادەی هاوكاری هەموو هێزێكین بۆ ئەوەی كۆمەڵگایەكی ئازاد لەڕۆژهەڵاتی كوردستان دابمەزرێت. هاوڵاتی: ئێوە لەو راگەیەنراوەتاندا بەناوی «رێگەچارەی شۆڕشی نوێی گەلانی ئێران» داوا دەكەن هێزەكان خۆیان لەچەمكی (نەتەوەپەرستی و ئەتنیگەرایی) بەدووربگرن، مەبەستان لەم داواكارییە چیە؟ سیامەند موعینی: هەڵە لەوە تێنەگەین كە باسی نەتەوەپەرستی یان نیشتمانپەروەریی دەكرێت، ئێمە كوردین و  بۆ ئازادی كوردستان تێكۆشان دەكەین، بەڵام ئەو رەگەزپەرستیەی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەد ساڵی كۆتایی سەریهەڵداوەو دوای دامەزراندنی سیستمی دەوڵەت نەتەوە كەپرۆژەیەكی كۆڵۆنیالیستی ئەوروپا بوو بەسەر كۆمەڵگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەپێنرا، ئەو جۆرە بیكردنەوەیە كە رەگەزی خۆت پێگەورەتر بێت لەڕەگەزی ترو ئەوەش دەبێتەهۆی ئەوەی كە بەدژی نەتەوەو پێكهاتەكانی دیكە هەوڵبدەی، بەڵام لەبنەمادا پێناسەی سیستمی دەوڵەت نەتەوە كەڕەگەزپەرستیە، ئەو سیستمە سیستمێكی عەربی یان فارسی یان توركی یان كوردی بێت هیچ جیاوازییان نیە، لەكارەكتەرو شێوازی قڕكردن و ئەوەش هەمیشە كێشەو بەربەرەكانی لەو كۆمەڵگایەدا دروستدەكات، كەهەڵگری ئەو پێناسەیەیە، ئێمە ئەڵتەرناتیڤی ئەوەمان وەك كۆنفیدراڵیزمی دیموكراتیك داناوەو خۆبەرێوەبەری دیموكراتیك كە هەر پێكهاتەو ئیتنیكێك كخوازیاری ئەو ئازادییە بێت بتوانێت لەچوارچێوەی دیاریكراوی خۆیدا بەئازادی بژی، لەسیستمی كۆنفیدراڵدا هاوبەش بێت لەئیدارەكردنی وڵات و سیستمدا، لەڕێگاچارەی  شۆڕشی ئێراندا كە لە 11 خاڵدا پێشكەشمان كرد رێگاچارەیەك بۆ داهاتووی بارودۆخی ئێران بێت، هەر حزبێك ئەگەر لێكدانەوەیەكی دروستی نەبێت بۆ سیستمك كە تێكۆشانی لەبەرامبەردا دەكات،  پرژەو پلانێكی بۆ داهاتوو نەبێت مێژووی بەسەردا دووپاتدەكرێتەوە، ئەو سەرهەڵدانانەی كورد كە تائێستا نەیانتوانیوە دەستكەوتی بنەڕەتی بەدەستبهێنن بۆ گەلەكەیان هۆكاری ئەوەبووە كە پرۆژەیەكی دروستیان نەبووە بۆ ئەوەی بتوانن لەداهاتووی كۆمەڵگاكەیاندا ئیدارەی خۆیان بكەن، ئەوە بەو واتایە نیە كە دووژمن سەرسەخت نیەو  بەهەموو هێزی خۆی سەركوت ناكات، بەڵام لەبەرامبەر ئەو سەركوت و دوژمنكاریەی زیهنیەتی نەتەوەپەستی پێویستە ئەو زیهنەتە بگۆڕدرێ‌، ئێمە لەوچوارچێوەیەدا دژایەتی ئەوە دەكەین، لەگەڵ ئەوە نین بەزیهنیەتی نەژادپەرستیەوە بكەوینە ناو ململانێیەك كەداهاتووی گەلەكەمان بخاتە مەترسییەوە. هاوڵاتی: ئایا هێزی چەكداری كوردی (گەریلاو پێشمەرگە) ئامادەن بۆ هەر رووداو و پێشهاتێكی لەناكاو، بۆ نموونە ئەگەر دەوڵەت بڕیاری بەكارهێنانی هێزی چەكداری بدات لەسەركوتكردنی خۆپیشاندانەكان و دەستنەپارێزێت، لەو حاڵەتەدا ئێوە هەوڵدەدەن هێزی چەكدار بەكاربهێنن بۆ بەرگری لەخەڵك؟ سیامەند موعینی: من دەتوانم وەك پژاك وەڵام بدەمەوە، هێزی گەریلا هێزی پاراستنەو پاراستنی گەل بەبنەما دەگرێت و بۆ پاراستنی گەلەكەی دورستكراوە، لەپێشووتریش پێشمەرگە ئەو رۆڵەی هەبووە و گەلەكەی پاراستوە لەبەرامبەر هەر هێزێكی دوژمنكارانەدا گەلی خۆی پاراستووە، دوژمن ئێستا كەوتووەتە شەڕێكی دەستەویەخە لەگەڵ گەل، شەڕی گەل و دەسەڵات دەستیپێكردووە، گەل میكانیزم و شێوازی جیاواز بەكاردەهێنی بۆ ئەوەی ئەو دەسەڵاتە دیكتاتۆرە بەچۆكدا بدات و تا رادەیەكیش سەركەوتوو بووە، چونكە دەوڵەت بەهەموو هێزی داپڵۆسێنەری خۆی نەیتوانیوە ئەو شۆڕشە سەركووت بكات، بەو واتایە كەهێزی گەل ئامادەترە كە دەسەڵات بتوانێت بەهێز سەركوتی بكات، راستە ئێستا كۆماری ئیسلامی هەموو هێزەكەی نەخۆستووەتە مەیدانەوە، بەڵام ئەوەش بەو واتایە نیە كەگەلی ئێمە هەموو هێزی خۆی خستبێتە مەیدانی شەڕەوە، وەختێك پێویست بێت بەباوەری من هەموو هێزێك هەموو مرۆڤێكی بەویژدان تواناكانی خۆی بەكاردێنێ‌ بۆ ئەوەی پێش لەكۆمەڵكوژی گەلی خۆی بگرێت و پێش لەوە بگرێت كە جینۆسایدێكی دیكە بەسەر گەلی ئێمە بسەپێ‌، بۆیە ئەوە پرسێكە داهاتوو بۆخۆی وەڵامی دەداتەوە هیوادارم بەشێوازێكی هێمنانەتر چارەسەری ئەو دۆخە بكرێت، بەڵام ئەگەر نەشكرێت بەقەناعەتی من گەلی ئێمە لانی كەم ئامادەی ئەوەیە دەستكەوتەكان و گەلی خۆی بپارێزێت. هاوڵاتی: ئامانجی ستارتیژی پژاك لەبەرامبەر رژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران چیە، ئایا ئێوە كار بۆ رووخانی رژێم دەكەن؟ سیامەند موعینی: ئامانجی ستراتیژی ئێمە دامەزراندنی كۆمەڵگایەكی ئازادو دیموكراتیكە، كۆمەڵگایەك كەمرۆڤەكان بەپێناسەی خۆیانەوە ژیانێكی بە كەرامەت بكەن، ئێمە فۆرمۆلێكمان هەیە، پێیدەڵێین (دەوڵەت و دیموكراسی) لەچوارچێوەی دەوڵەت و دیموكراسیدا دەكرێ‌ بەهەبوونی دەوڵەتێك «ئێستا پێناسەی ئەو دەوڵەتە ناكەم» بەڵام تاگەیشتن بەكۆمەڵگایەكی دیموكراتیك پێویستە ئەو فۆرمۆڵە كاری خۆی بكات، بنەمای رێكخستنی كۆمەڵگایەك كە دەیەوێت ژیانێكی ئازادی هەبێت، تێگەیشتنێكی زیهنیەتی ئەوەی هەبێت ئازادی بنەمای كۆمەڵگایەكی تەندروستە، ئێستا ئامانجی ستراتیژی ئێمە دامەزراندنی كۆنفیدراڵیزمی دیمكراتیكە، ئەوەش بەمانای ئەوە نیە دوای نەمانی دەزگا داپڵۆسێنەرەكانی كۆماری ئیسلامی لەكوردستان یان لەئێران بەو مانایە بێت كە كۆنفیدرالیزم دامەزراوە، ئەوە پرۆژەیەكە پێویستە كاری لەسەر بكرێت، پێویستە گەلان بەگشتی بەشێك بن لەو پرۆسەیە، چونكە لەپرۆسەدا یەكخستنی خۆی پەیدادەكات، بەئیرادەگەراییانە ناتوانی كاری سیاسی بەریتە پێشەوە، لەچوارچێوەی ئەو پرۆژانەدا ئێمە هەوڵ و تێكۆشان دەكەین، ئەو سەرهەڵدان و شۆڕشە كەئێستا لەئێران دەستیپێكردووەو دەگاتە ئەنجام ئەوە بەو واتایەیە كە ئەو پرۆسەیە دەستیپێكردووە، هیوادارین كە بەخەسارێكی زۆر كەم و مەودایەكی زۆر كورتتر بگاتە ئەنجام و خەڵك بەئاسودەیی و كەرامەتەوە بژین. هاوڵاتی: باس لەوەدەكرێت گەورەترین گرفت لەبەردەم ناڕەزایی و خۆپیشاندانەكانی  خۆرهەڵاتی كوردستان و ئێران بریتیە لەنەبوونی پرۆژەی بەدیل بۆ سیستمی حوكم و دەسەڵات لەئێران، لەئەگەری رووخانی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران، ئایا پرۆژەیەك بۆ سیستمی جێگرەوە هەیە؟ سیامەند موعینی: ئەوە حەقیقەتێكە كەئێستا لەئێران ئۆپۆزسیۆنێكی هاودەنگ و كارا نیە، ئۆپۆزسیۆن هەیە بەڵام بەشێوازی جیاجیا و ئێستا هەوڵی ئەوە دەدرێت هەماهەنگی لەنێوان ئۆپۆزسیۆن دروستبكرێت، ئێمە لەبەشی خۆمان كارمان بۆ كردووە، هەم لەگەڵ حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، هەم لەگەڵ حزبەكانی تری ئێران لەچوارچێوەی هەندێك پرۆژەدا كاربكەین، لە 2016دا پرۆژەیەكمان پێشكەشكرد بەهەموو حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و تیایدا لە 10 خاڵدا داوامانكرد وەكو پرۆژەی پژاك بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان، هەم لەبواری سیاسی، هەم لەبواری دیبلۆماسی، هەم لە بواری جیاوازدا چی كۆمەڵایەتی و چالاكی سیاسی و لەكۆتاییدا هەماهەنگی بەشی رێكخستن، كەئێمە لەشكرێكی نیزامی و هێزێكی لەشكری بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان كەپێكهاتووە لەهێزی شەڕڤان و هێزی پێشمەرگە و هێزی گەریلا كەبتوانن ئازادییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بپارێزن، ئەوە پێناسەیەكی كوردیەو لەچوارچێوەی رۆژهەڵاتی كوردستاندا ئەو پرۆژەیە پێشكەش بەهەموو حزبەكانی رۆژهەڵات كرا، هاوكات لەچوارچێوەی ئێرانیشدا پرۆژەیەكی بە دیموكراتیزەكردن پێشكەشكراو درایە هەموو حزبەكان لەسەر بنەمای ئەوەی هەوڵی ئەوەماندا كە بتوانین لەژێر چەترێكدا بەشێكی زۆر لەگەلانی ئێران هاوخەبات بكەین، پلاتفۆرمی گەلانی ئێرانمان پێشكەشكردو یەكەم كۆنفرانسی خۆی لە پەرلەمانی ئەوروپا رێكخست و توانی تاڕادەیەك لەگەڵ هێزو گەلانی دیكە هەنگاو بەرەوپێشەوە بنێن، بەتایبەت ئێمە پرۆژەیەكی تایبەتمان هەیە لەگەڵ گەلی بەلوچ و لەگەڵ گەلی عەرەب و ئازەری و هەوڵدەدەین لەو چوارچێوەیەدا خەبات بكەین، ئەوەی كە هەموو ئێران دەگرێتەوە پرۆژەی بەدیموكراتیزەكردن تەنها چارەسەری كێشەكان و نەمانی ئەو كێشانەی ئێستا لەئێران هەیە، پێویستە سیستمی ناوەندگەرا نەمێنێت، سیستمی ناوەندگەرا بووەتە هۆكاری دوژمنی و رقەبەرایەتی لەنێوان گەلاندا، بەڵام ئەگەر ئەو سیستمە نەمێنێ‌ تێگەیشتن زۆرتر دەبێت و لەپرۆسەی بەدیموكراتیزەكردنیشدا ئەو مرۆڤ و رێكخستنانەی باوەڕیان بەدیموكراسی هەیە ئەوكاتە دەتوانن بەپرۆژەی جیاوازەوە بەرەوپێشەوە بڕۆن و كۆمەڵگای خۆیان دیموكراتیزە بكەن. هاوڵاتی: ئایا پژاك لەناو لیستی تیرۆردایە، مەبەستم لەم پرسیارە ئەوەیە ئایا لەقۆناغی داهاتوودا دەتوانن بەشداری لەو كۆنگرە نێودەوڵەتیانە بكەن كە بۆجێگرتنەوەی حكوم لە ئێران رێكبخرێت؟ سیامەند موعینی: پژاك هیچ كاتێك لەلیستی تیرۆردا نەبووە، ئەوە شەڕێكی تایبەتە كە بەدژی پژاك دەكرێت، مێزێكی تایبەت، هاوكارییەكی تایبەت لە نێوان ئیتڵاعاتی ئێران و میتی توركیاو پاراستنی ماڵی بارزانیدا هەیە، هەموو هەوڵێك دەدەن پژاك لەڕوانگەی سیاسی و دیبلۆماسی  تەنانەت لەناو خودی گەلی كوردیشدا وای نیشانبدەن كە پژاك لەگەڵ ئەو گەلە نیەو ئەو بەشێك نیە لەو گەلە، ئەوەش لەچوارچێوەی شەڕی تایبەتە، ئێمە ساڵانە بەدەیان كۆنفرانس و سمینارو خۆپیشاندان بەناوی پژاك لەزۆربەی وڵاتانی ئەوروپا دەكەین، هیچ كاتێك بەربەستمان لەلایەن هیچ وڵاتێكی ئەوروپاو ئەمریكاوە تەنانەت هیچ وڵاتێكی دنیاوە نەبووە. باسكردنی ئەوەی كە پژاك لەلیستی تیرۆردایە لەچوارچێوەی ئەو شەڕە تایبەتەدایە، پژاك لەلستی تیرۆردا نیە، بۆیە لەگەڵ هەر دانیشتن و لەگەڵ هەر حزورێكی گشتیدا بۆ رێكخستنی ئۆپۆزسیۆن لەئێران پژاك لەگەڵی دەبێت بەناسنامەی خۆیەوە، دەتوانم زۆر بە راشكاوی بڵێم نەبوونی پژاك لەنێو رێكخستنێكی وادا دەبێتە هۆكاری ئەوەی ئەو ئۆپۆزسیۆنە نەتوانێت سەركەوتوو بێت، چونكە پژاك هێزێكی مەیدانیە و ئەو شۆڕشەی لە ئێران دەستیپێكردووە ئەوە نیشاندەری ئەوەیەو بۆ دۆست و دوژمن ئاشكرابوو كەهێزی ئەو فەلسەفەیە چەند بەهێزەو چەند دەتوانێت بەخێرایی بچێتە ناو جەماوەر و دەتوانێت ئاڵوگۆڕ دروست بكات. پژاك ئەو هێزەیە كە دەتوانێت لەداهاتوودا ببێتە بەشێك لەهێزێك كە بۆ ئازادی لەئێران و بەتایبەت لەڕۆژهەڵاتی كوردستان تێكۆشان دەكات، هیچ سازشێك لەگەڵ هیچ هێزێك ناكات و ئەگەر بیەوێت رۆژهەڵاتی كوردستان و كوردستان بەگشتی بەكۆیلەتی بهێڵێتەوە، بەداگیركراوی بهێڵێتەوە، بۆیە ئێمە شەڕو تێكۆشان بەدژی ئەو زیهنیەتەش دەكەین. هاوڵاتی: ئێران بەردەوام هەڕەشە لەحزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكات، بەشێك لەحزبەكانی رۆژهەڵاتیش دەڵێن: لەسەر داخوازی حكومەتی هەرێم هێزەكانیان لەسنوری ئێران گواستووەتەوە، ئایا ئێوە وەكو پژاك داواتان لێكراوە ئاڵوگۆڕ بەشوێنی هێزەكانتان بكەن؟ سیامەند موعینی: حزبەكانی تر چۆن هەڵسوكەوت دەكەن خۆیان بەرژوەندی خۆیان دەزانن، ئێمە بە رووخسەتی هیچ كەس نەهاتووین لەچیاكانی كوردستان جێگیر بین و بەهەڕەشەی هیچ هێزێكیش پێگەو چیاكانی كوردستان بەجێناهێڵین، چونكە چیاكانی كوردستان بەشێكن لەناسنامەی ئازادیخوازی گەلی ئێمە، بۆیە ئێمە ئیزن بەهیچ هێزێك نادەین كە بیەوێت بەهەر شێوازێك فیكری تەسلیمبوون و لاوازبوون بەسەر هێزی ئێمەدا بسەپێنێت، هیچ هێزێكیش داوای لەئێمە نەكردووە بۆ فۆرمۆلێكی جیاوازتر لەوەی ئێستا كەهەیە، ئامانجی ئێمە لەبنەمادا جگە لەوەی ئەو چیایانە وەك بنكەیەكی بنەڕەتی ئێمەیە، بەڵام ئێمە لەنێو دڵی گەلەكەشماندا لەڕۆژهەڵاتی كوردستان تەنانەت لە بواری زیهنیەتی فیكریەوە لە هەر چوار بەشی كوردستان لەبواری رووحییەوە لەگەڵ جوڵانەوەی شۆڕشگێری ئێمە هاوفیكرن و هاوسۆزن، گەلی شۆڕشگێری ئێمە لەبەشەكانی دیكەی كوردستانە، ئێمە هەمیشە بەهاو ئەرزشێكی زۆر زۆر گەورەمان داوە بەوەی گەلی ئێمە لەبەشەكانی دیكە پشتیوانی خەبات و تێكۆشانی ئێمەبوون، ئەوەش سەرچاوەی فیكری ئێمە فیكرێكی نەتەوەیە لەئەساسدا، لەهەر خاڵێكی كوردستان كەپێویستبووە، كۆبانی پێویستی بووە ئامادەیی هەبووە، باكوری كوردستان پێویستی بەهێزی پژاك هەبووبێ‌ ئامادەیی هەبووە، لەباشوری كوردستانیش بەهەمان شێوە، ئەمڕۆ رۆژهەڵاتی كوردستان پێویستی بەخەبات و تێكۆشانێك هەیە ئێمە چاوەڕوانی ئەوە دەكەین لەجیاتی ئەوەی بەشەكانی دیكە پشتگیری ئەو رەوتە پێشكەوتنخوازە بن، بەپێچەوانەوە ئەوانە ببن بەهێزو  پشتیوانییەك بۆ خەبات و تێكۆشانی گەلی ئێمە لەڕۆژهەڵاتی كوردستان، یانی ئێمە چاوەڕوانی لەگەلی خۆمان لەباشور، لەباكورو لەڕۆژئاوا دەكەین كەوەك خەباتێكی سەرانسەری گەلی خۆیان بیبینن، هەموومان وەك گەلی كورد پێناسەمان یەكەو رووحمان لەیەك لەشدایە.

هاوڵاتی لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هاوڵاتی، رەحمان خانی بەڕێوەبەری گشتی بەنداوو كۆگاكانی ئاو لەوەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو رایگەیاند: «ئاستی ئاوی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان باشترە گەرچی وشكەساڵیش بووە، بەنداوی دەربەندیخان لەساڵی پار یەدەگی ئاوی زیاترەو بەنداوی دوكان-یش نزیكەی مەترێك ئاستی ئاوەكەی لەساڵی پار كەمترە، ئەوەش دەخاتەڕوو لەئێستادا بەنداوی دەربەندیخان مەترسی پڕكردنی ئاوو كارپێكردنی نەماوە». دەقی چاوپێكەوتنەكە: هاوڵاتی: لەئێستادا دۆخی ئاستی ئاوی هەردوو بەنداوی دەربەندیخان و دوكان چۆنە؟  رەحمان خانی: «لەچاو بەنداوەكانی تری عێراق بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان ئاستی ئاویان باشترە، گەرچی وشكەساڵی بووە، بەنداوی دەربەندیخان لەساڵی پار یەدەگی ئاوی زیاترەو دوكان-یش نزیكەی مەترێك ئاستی ئاوەكەی لەساڵی پار كەمترە، بەنداوی دهۆك كە بەنداوێكی بچووكترە دیسان ئەویش لەساڵی پار نزیكەی 1.5م كەمترە». هاوڵاتی: سەبارەت بە بوومەلەرزەكەی ساڵی 2017 كە زیانی بەبەنداوی دەربەندیخان گەیاند، زیانەكە چۆن بوو، چیكراوە بۆ نۆژەنكردنەوەی بەنداوەكە، هاوكارییەكانی بەغداد چی بوون؟ رەحمان خانی: «بوومەلەرزەكە زیانی بەبەنداوی دەربەندیخان گەیاند، لەكاتی خۆیدا هەم حكومەتی هەرێم لەسەر ئاستی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و حكومەتی عێراقیش دیسان هاتنە سەرخەت بۆ بەپەلە چاككردنەوەی، حكومەتی هەرێم سەرەتا یەک ملیار دینارو دواتریش 2.2 ملیار دیناری بۆ تەرخانكرد، تائێستاش كاركردن بەردەوامە لەچاككردنەوەو نۆژەنكردنەوە، بەنداوەكە مەترسی پڕكردنی ئاوو كارپێكردنی نەماوە، بەڵام گرفتی تری هەیە كە لەشەستەكانەوەو لەدوای دروستكردنی بەنداوەكەوە دروستبووە ئەویش كێشەی داخلیسكان و داڕووخانی بەردە لەشانەكانی بەنداوەكە، بەردەوامین لەپشكنین و چاككردنەوە، بەسوپاسەوە رێكخراوی یونیسێف بودجەیەكی بۆ تەرخانكردوین لەكاركردندایە، لەهەوڵداین رێكخراوی UNIDO  بۆ دابینكردنی ئامێری پێویست و پلانی ئیمێرجنسی و سەلامەتی بەنداوەكەو ئەو كارانەی لەبەنداوی موسڵ بیكات بۆ دەربەندیخان و دوكان و دهۆك ئیش بكات». هاوڵاتی: بەنداوی دێوانە لەدەربەندیخان و چەندین بەنداوی دیكەی تەواونەكراو هەن، چیكراوە بۆ ئەوەی ئەو بەنداوانە تەواوبكرێن و كێشەو گرفتەكانی بەردەم تەواونەكردنی ئەو بەنداوانە چین؟ رەحمان خانی: «بەنداوی دێوانە لەتەواوبوندایە، گرفتێكی تەكنیكی هەبوو، وا دەست بەچارەسەركردنی كراوە، ئەمساڵ خوا یاربێ دەست بەخەزنكردنی ئاو دەكرێ، دەمێنێتەوە گرفتی تێڕژانی ئاوەڕۆكانی دەربەندیخان لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و ئیدارەی شاری دەربەندیخان لەپەیوەندین و لەسەر هێڵین بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتەش، چونكە ئێمە دەمانەوێ گرفتەكە بەتەواوی چارەسەر بێت نەك لەدێوانەی لادەین و بیڕێژینە سیروانەوە. بۆ ئەو بەنداوانەی تریش كە كاركردن تیایاندا وەستاوە، ئەوانەی بودجەی زۆریان پێویستە، حكومەتی هەرێم لەهەوڵی دابینكردنی بودجەدایە، ئەوانەشی بچووكن وا بەشیكیان كاریان تێدادەكرێت و لەهەوڵداین بۆ دەستپێكردنەوەی ئەوانی تریش. بەنداوەكان پێویستە بودجەی تەواویان هەبێت بۆ ئەوەی بەبێ وەستان تەواو بكرێن، دەنا بەتمویلی پچڕ پچڕو وەستاندنی كار تێیاندا زیانی زۆر بەر پرۆژەكان دەكەوێت بەهۆی باران و لافاوەوە». هاوڵاتی: ئایا گرتنەوەی رێڕەوی ئاو لەلایەن ئێران و توركیاوە هێشتا بەردەوامە، حكومەتی هەرێم چیكردووە بۆ ئەوەی ئەو كێشەیە كۆتایی بێت؟ رەحمان خانی: «بەڵێ گرتنەوەی ئاوی رووبارە هاوبەشەكان لەگەڵ وڵاتانی ئێران و توركیا درێژەی هەیە، راستە شەپۆلی وشكەساڵی تەواوی وڵاتانی ناوچەكەی گرتۆتەوە بەو وڵاتانەشەوە، بەڵام عێراق پێویستە گرفتەكانی لەگەڵ ئەو وڵاتانە بەئاشتیانەو دۆستانە چارەسەربكات، چونكە عێراق بەهۆی وشكەساڵی و كەمئاوییەوە تووشی گرفتی ژینگەیی كۆمەڵایەتی و ئابوری بووەتەوە، كوالێتی ئاو تادێت خراپتر دەبێت، كۆچكردن بۆ سەرچاوەكانی ئاو دەستیپێكردوە، ناكۆكی لەسەر بەشە ئاو لەنێوان پارێزگاكان و جووتیاران دروستبووە، بەپێی دەستوری عێراق مادەی 110 ئەركی سەرەكی حكومەتی فیدراڵیە ئەو كێشە ئاوییە سنورییانە چارەسەر بكات، ئەگەرچی تەواوی ئەو هەوڵانە دراون ئەنجامێكی وایان نەبووەو تائێستا هیچ رێككەوتنێك نەكراوە». هاوڵاتی: دۆخی بەنداوەكانی دیكە لەهەرێمی كوردستان چۆنە؟  بەنیازن چەند بەنداوی نوێ درووستبكرێت؟ رەحمان خانی: «لە هەرێمی كوردستان جگە لەو بەنداوە گەورانەی سەرەوە، چەند بەنداوێكی بچووك دروستكراون لەناوچە جیاجیاكان دابەشبوون، هێشتا بەهەموویان نزیكەی 30 ملیۆن مەترسێجا ئاویان تێدایە، بۆ ئەو ناوچانەی كە بەنداوەكانیان لێیە گرنگی خۆیان هەیەو كاریگەری وشكەساڵی كەمكردووەتەوە. سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان بایەخی زۆر بەسەرچاوەكانی ئاو دەدەن و پلانیان هەیە لەو شوێنانەی زۆر پێویستن بەنداو دروست بكەن، لەمەش هەماهەنگیمان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی هەیەو داوامان لێكردوون ئەو بەنداوانەی لەهەرێمن و لەناو دیراسەی ستراتیژی ئەوانیشدا هەن بودجەیان بۆ تەرخان بكەن و هاوكارمان بن لەدروستكردنی، كە بۆ سوودی هەموانە».  

هاوڵاتی عەلی كەریمی دەڵێت: سەركردەكانمان هیچیان لەئاست ئەمڕۆی شۆڕشی رۆژهەڵاتی كوردستاندا نین و ئەوان بەدەیان هەنگاو لەدوای میللەتەكەوەن. عەلی كەریمی نووسەر و سیاسەتمەداری رۆژهەڵاتی كوردستان لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی هاوڵاتی رایگەیاند: «لەئەمڕۆی ئێراندا بەكوردستانیشەوە كێشەی گەورەی ئێمە كەكاریزماییەكی پاك و بێگەردو قبوڵكراوە، ئەمە نە لەئێران و نە لەكوردستاندا نیە». وتیشی: «تائێستا یەك حزب و رێكخراویش پێی نەوتووین كەستراریژی میللەتی كورد چییە، ویست و داخوازییەكانی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان نەتەوەییەو ئەوەی دەڵێت داخوازی كورد نەتەوەیی نییە راست ناكات». عەلی كەریمی ئاماژە بەوەشدەكات: «هەرچی باشوری كوردستان كردوویەتی رۆژهەڵاتی كوردستان دووبارەی نەكاتەوە سەركەوتوو دەبێت.   دەقی چاوپێكەوتنی عەلی كەریمی؛   هاوڵاتی: دوای زیاتر لەمانگ و نیوێك لەبەردەوامی خۆپیشاندانەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران، بەڕای تۆ خۆپیشاندانەكان لەئێران بەرەو كوێ‌ دەڕوات و چی ئەنجامێكی لێدەكەوێتەوە؟ عەلی كەریمی: ئەوەی راستی بێت خۆپیشاندانەكانی ئەمجارەی ئێران كەنزیكەی ٤٥ رۆژە دەستی پێكردووە جیاوازییەكی زۆر گەورەی هەیەو بەدرێژایی ئەم ٤٤ ساڵە كە كۆماری ئیسلامی لەسەر دەسەڵاتە خەڵكی ئیران بەردەوام ناوە ناوە ناڕەزایەتی و بەربەرەكانی خۆی لەگەڵ ئەو رژێمە دەربڕیوە، بۆ نموونە لەو ساڵانەی دوایدا خۆپیشاندانی لایەنگرانی سەوز دروستبوو و ریفۆرمخوازەكان هاتن داوای هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردیان كردو زیاتر لە 10 ملیۆن خەڵك هاتنە سەر شەقامەكان، بەڵام ئەوەی ئەم جارە دەیبینین حەقیقەت ئەوەیە جیاوازی هەیە لەگەڵ ئەوانەی پێشوو، جیاوازییەكە لەوەدایە كە بەڕاستی توڕەیی و ئیعتیرازاتی خەڵك لەماوەی ئەو ٤٤ ساڵەدا گەیشتۆتە ترۆپكی خۆی و زۆر پەنگی خواردۆتەوە و گەیشتۆتە ئەوەی كە بتەقێتەوە و  ئەگەر تێبینی بكەین ئیتر خەڵك گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی كە دوای ٤٤ ساڵ ئیتر ئەم رژێمە كاتی رۆیشتنیەتی، هەروەها دنیای میدیای خێراو دونیای خێرایی ماس میدیاو دنیای مەجازی وایكردووە كە لەمسەر و لەوسەری دنیادا زۆر بەخێرایی ئاگامان لەیەكتر بێت، بۆنموومە مەرگی ژینا ئەمینی زۆر ئێشێنەر بوو، جاری واهەیە ١٠ هەزار كەس لەجەنگێكدا دەمرن و هەشت تا نۆ هەزار كەس ئاوارە دەبن و ١٠ تا ١٥ كەس پێكەوە لەسێدارە دەدرێن بەڵام خاڵێك هەیە لەهەموو تراژیدیایەكدا كەزۆر هەژێنەرە، مەرگی ژینا هەژێنەر بوو و زۆر مەزلومانە بوو، كچێكی ٢٢ ساڵە هاتووە بۆیەكەمجار بچێتە تاران و پایتەختی وڵاتەكەی خۆی ببینێت لەگەڵ كەسوكاری و دەبینیت زۆر بەنامەردی و تەحەداوە ئەو كارەساتەی بەسەردا هێنرا، ئەمە خەڵكی تووڕە كرد. هاوڵاتی: خۆپیشاندانەكان سەرتاسەری ئێرانی گرتووەتەوە، ئامانجی خۆپیشاندەرانی رۆژهەڵاتی كوردستان جیاوازی هەیە لەناوچەكانی تری ئێران، وا تێبینی دەكرێت ئەم خۆپیشاندانانە سەرتاسەری بن و هەموویان یەك ئامانجیان هەبێت رای تۆ چیە؟ عەلی كەریمی: حەقیقەت ئەوەیە ئەم هەستان و خرۆشانەی ئەمجارەی ئێران سەرچاوەكەی لەكوردستانەوە بوو و ئێستاش دەبینین دروشمەكان لەكوردستان و لەشارێكی وەكو سەقزەوە هەموو ئێرانی گرتۆتەوە ئەمە بۆ خۆی جێگەی تێڕامان و تێفكرینە و بەدڵنیایی دەڵێم راستە دەڵێن ٩٠ ملیۆن خەڵكی ئێرانی، بەڵام ئەو ٩٠ ملیۆنە چەندین نەتەوەن، نەتەوەی بلوچمان هەیە نەتەوەی ئازەریمان هەیە نەتەوەی عەرەبمان هەیە نەتەوەی كوردمان هەیە، كە لەماوەی ئەم ١٠٠ساڵەی رابردوودا گەورەترین كێشەی ئێران لەبارەی نەتەوەكانەوەو لەبارەی فەرهەنگی نەتەوەكانەوە نەتەوەی كورد بووە، ئێمە مێژوویەكی دوورودرێژمان هەیە هەر لەزەمانەی سمكۆی شكاكەوە تا دەگاتە كۆمەڵەی ژێ كاف و تادەگاتە كۆماری كورستان لەساڵی ١٩٤٦وە ئێمە هەرگیزاو هەرگیز لەگەڵ دەسەڵاتی مەركەزی ئێراندا نەمانتوانیوە هاوڕێگا بین. هاوڵاتی: بەڵام ئێستا دەبینین نەتەوەكانی تریش بۆ مەرگی ژینا ئەمینی هاودەنگن؟ عەلی كەریمی: حەقیقەت پێت بڵیم ویست و داخوازییەكانی كورد نەتەوەییە و ئەوەی دەڵێت داخوازی كورد نەتەوەیی نییە راست ناكات، راستە ئێمە لەگەڵ هەموو گەلانی ئێران ویست و داخوازی فەرهەنگی و دژی گەندەڵیمان هەیە بەڵام لەسەرووی ئەوانەوە و بەدرێژایی ١٠٠ ساڵی رابردوو كە لەمێژووی مۆدێرنەوە دەوڵەت لەسەر دەستی رەزا شا دروست بووە ئێمە هەر ئەوكات پێشیان لێگرتین كەبەزمانی خۆمان بنووسین و بخوێنین و پێشیان پێگرتین كەجلوبەرگی كوردی لەبەربكەین، ئەم ستەمی نەتەوایەتییە بەدرێژایی مێژوو هەورێكی چڵكن بووە بەسەر گەلی كوردستاندا. هاوڵاتی: بەڵام لەخۆپیشاندانەكانی ئەمجارەدا وا دەردەكەوێت جیاوازی ئەتنی و ئاینی و مەزهەبی بوونی نەبێت، ناڕەزاییەكان سەرتاسەرییە؟ عەلی كەریمی: ئێمە زۆر بەژیرانە هەم نوخبەو هەم حزبەكان وتیان ئەمڕۆ با كێشەی پێشمەرگە و گەریلاو مەسەلەی نەتەوایەتی نوێ نەكەینەوەو لەگەڵ نەتەوەكانی ئێران بڕۆین بەڵكو دەستكەوتێكمان هەبێت لەگەڵ سەرجەم گەلانی ئێران، ئەمە سیاسەتێكی ژیرانەبوو و ئێستاش سیاسەتێكی ژیرانەیە هەرچەند تموحی خەڵك پاش ئەو هەموو كوشتارە لەسەقزو سنە بەتایبەت ئەوەی دوێنێ و پێرێ‌ لەمهاباد كراوە،  حەقیقەت ئەوەیە كە بەسیاسەتێكی داڕێژراو وتمان ئێمە جارێ با لەگەڵ گەلانی ئێران بین، ئەگینا ویست و داخوازییەكانی كوردانی رۆژهەڵات لەئێران ئێجگار گەورەترە لەگەلانی ئێران، ئێمە و ئەوانیش بۆ داپەروەری خەبات دەكەین بەڵام لەسەروی ئەمانەشەوە ستەمیكی میللی هەیەو ستەمێك هەیە بەدرێژایی ئەم ساڵانە لەكورد كراوەو لەماوەی ٤٤ ساڵی رابردوودا خەباتی گەلی كورد لەرۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران یەك خولەكیش نەوەستاوە. هاوڵاتی: لەگریمانەی رووخانی رژێمی كۆماری ئیسلامی ئێراندا، كورد پێویستە خەباتی بەردەوام بێت بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەكانی خۆی؟ عەلی كەریمی: ئەوە دەگەڕێتەوە سەر خۆمان و دەگەڕێتەوە سەر ئەو هێزو كەس و لایەنەی كەئەمڕۆ سەركردایەتی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكات، كەئایا ئەو سەركردایەتی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكەن بێ بناغەن یان واقیعەن لەوە تێگەیشتوون ستراتیژیەتی میللەتی كورد بەرەو كوێ بەرن، بەرەو كەنارێكی ئارام كەتەواوی داخوازییەكانی ئەم ١٠٠ ساڵەی رابردووی تێدا دەستەبەربكەن و من پێموایە ئەمە بەزوویی لەناوجەرگەی ئەو شۆڕشەی لەناو كوردستاندا دەستیپێكردووە بەدیاردەكەوێت. هەروەها دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی كە دەسەڵاتدارو سیاسەتمەدارانی كورد چۆن بەرەو پیری ئۆپۆزسیۆن دەچن، ئایا لەڕووی دیپلۆماسییەوە ئێمە لەو ئاستەداین كە ئەو شەڕەمان بۆ بكەن!. هاوڵاتی: حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان هەماهەنگی و هاوكارییان لەچی ئاستێكدایە، وادەردەكەوێت ناوەندی هاوكاری حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەگەڵ (پارتی ژیانی ئازادی كوردستان – پژاك و سازمانی كوردستان حزبی كۆمۆنیستی ئێران) هەماهەنگیان نیە، بۆچی؟ عەلی كەریمی: كورد هەمیشە نیفاقی هەیەو هەمیشە خۆی دوژمنی خۆی بووە و لەئاشتیدا دۆڕاندوویەتی و لەشەڕدا ئازا بووە ئەگەر بێینە سەر ئەرزی واقیع تائێستا نەك تەنیا رۆژهەڵاتی كوردستان هەر چوار پارچەی كوردستان بە تەحەداوە دەیڵێم تائێستا ستراتیژێكی روون و واقعیان لەخەباتی گەلی كوردستان لەهەر چوار پارچەی كوردستان نەبووە و نەیانوێراوە یان جوگرافیای كوردستان وایكردووە كەسەركردەكانی كورد لەخۆیان رانەبینن، كە ئەمەش كێشەی گەورەی ئێمەیە لەرۆژهەڵات و باكورو باشورو رۆژئاوا. تائێستا یەك حزب و رێكخراویش پێی نەوتووین كەستراتیژی میللەتی كورد چییە، ئایا چوار پارچە دەبێتە یەك یان چوار دەوڵەت دروست دەبێت؟ ئەسڵەن دەوڵەت و نەتەوە لەبەرنامەی هیچ حزبێكی كوردیدا هەیە؟ ئەو ریفراندۆمەی لە باشوریش بەزۆر كردیان شتێكی زۆر رواڵەتیانەبوو، ئەوە نەبوو ستراتیژی میللەتی كورد بكاتە نیزامێكی دەوڵەت نەتەوە. هاوڵاتی: پارتی ژیانی ئازادی كوردستان-پژاك لەڕاگەیەندراوێكدا لەبارەی خۆپێشاندان و ناڕەزاییەكان لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بەناوی «رێگەچارەی شۆڕشی نوێی گەلانی ئێران»  رایگەیاند ئاڵای كۆماری كوردستان لە مهاباد وەكو ئاڵایەكی هاوبەش لەگەڵ حزبە كوردییەكان بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان قبووڵ دەكات، رای تۆ لەسەر ئەم هەنگاوەی پژاك چیە؟ عەلی كەریمی: ئەمە ئاڵایەكی نوێ نییە هەر لەسەردەمی كۆمەڵەی ژێ كافەوە ئەم ئاڵایە هاتۆتە ناو بزافی كوردییەوەو لەسەر بناغەی ئەو ئاڵایەو لەسەر بنەمای كۆمەڵەی ژێ كاف لە١٩٤٢ەوە ئەم ئاڵایە لەنەشیاتی كۆمەڵەی ژێ كافدا هەبووەو دواتر لەساڵی ١٩٤٦ هەموو ئاسمانی موكریان و رۆژهەڵاتی كوردستان لەژێر هەژموون و دروشمی كۆمەڵەی ژێ كافدا بوو، قازی محەمەد هات كۆماری كوردسیانی دامەزراندو ئەو دەمە كۆماری كوردستان فیرقەی ئازەربایجانیش لەتەورێز دامەزرابوو پێویستیان بەئاڵایەك هەبوو و كە رۆشنبیرانی كۆمەڵەی ژێ كاف بەهی خۆیانیان دەزانی و سودیان لێوەرگرتبوو و چەند گۆڕانكاریەكیان لەناوەڕاستەكەیدا كردو بووە ئاڵای یەكەمین كۆماری كوردستان. بەڕای من پژاك كارێكی باشی كرد لەبەرئەوەی ئەو هەموو بیانوەی كەدەڵێن پژاك حزبێكی كوردی نییەو حزبیكی باكوری كوردستانەو لەژێر كۆنترۆڵی عەبدوڵا ئۆجەلاندا دروستبووە و هەژموونی پەكەكەی لەسەرەو هاتن وتیان باهیچ نەبێت ئەو ئاڵایە حزبی دیموكرات بەهی خۆی دەزانێت و هی كۆماری كوردستانە كەحزبی دیموكرات پێشەوایەتی دەكرد ئیتر بۆچی دژایەتی دەكەن؟ هاوڵاتی: حزبی دیموكرات دژایەتی ئەو ئاڵایە دەكەن؟ عەلی كەریمی: ئەوان پێیان وایە كەدەبێت ئاڵاكەی هەرێمی كوردستان بەكاربێنین كە باكور بەكاریناهێنێت و رۆژهەڵاتیش دەبێت ئاڵایەكی هەبێت تا ئەو رۆژەی كەئێمە وەك نەتەوەیەك و خەباتێكی یەكگرتووی نەتەوەیەك بچین بەرەو پیری ئەو خەباتە ئەوكات دەبێت نەتەوەیەكی ٤٠ ملیۆنی دانیشتوانی و دووبارە خۆی نوێ بكاتەوە. هاوڵاتی: حزبی دیموكرات بۆچی ئاڵاكەی هەرێمی كوردستانی پێ باشترە؟ عەلی كەریمی: ئەو سێ هێزەی كە لەناوەندی هاوكاریدان ناوەندی هاوكاری شتێك بوو پارو پێرار دروستیانكرد بەڵام تائێستا لەئەرزی واقعدا قاچی لەسەر زەوی نییەو هەریەكەو ئەسپی خۆی تاودەدات واتە گفتوگۆیەكی سیاسی و نەتەوەیی و فەرهەنگی و شۆڕشگێڕانە لەنێوان ئەم سێ حزبەدا نییە كە تامانگێك پێش ئێستا چوار حزب بوون (حدك و حزبی دیموكراتی كوردستان- حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران حدكا- كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ- كۆمەڵەی زەحمەتكێشان) ئەمانە لەڕووی ناچاری و ویست و داخوازی لایەنگرو ئەندامەكانیان هاتن شتێكیان دروستكردووە بەناوی ناوەندا هاوكاری و ئەم ناوەندی هاوكارییە چەند قاچی لەعەرزە؟؟ من دەڵێم هیچ. هاوڵاتی: خۆپیشاندانەكانی سەرتاسەری ئێران بەڕۆژهەڵاتی كوردستانیشەوە رابەرێكیان نییە، ئێوە ئەمە بۆچی دەگەڕێننەوە؟ عەلی كەریمی: بێگومان وایەو  ئەگەر  ئێستا رابەرو كاریزمایەك هەبووایە ماندێلایەك هەبوایە، جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفایەك هەبوایە لەڕۆژهەڵاتی كوردستان،  كەخاوەنی هەژموونێك بوایە و جێپێیان لەناو خەڵكدا دیار بێت ئەوەمان نیە، خۆپیشاندانەكانی تری ئێران هەر نییەتی،  ئێران دوو دانەی هەیە كەیەكێكیان فاسیدو مەفلوكە كە موجاهیندنی خەلقە كە رابردوویەكی زۆر پیس و خراپیان هەیەو دەستیان بەكڵاوەكەیانەوە گرتووە با نەیبات و لەم ساتەدا هەڵوێستیان نیە،  ئەوەشی ئیدعای هەبیت لەئێستادا وەك ئۆپۆزسیۆن كوڕی محەمەد رەزا شایە ئەمیش لەگەڵ ئەمڕۆی گەنجی ئێران مەگەر بەحاڵە حاڵ بگاتە هەڵبژاردن و بێتە سەر ئەوەی لەهەڵبژاردنی ئێرا ١٠-١٥ كورسی بهێنێت بەڵام ئەوە نییە بڵێن كە كاریزما دروستبووە. لەئەمڕۆی ئێراندا بەكوردستانیشەوە كێشەی گەورەی ئێمە كەكاریزماییەكی پاك و بێگەردو قبوڵكراوە، ئەمە نەلەئێران و نە لەكوردستانی ئێران نیە. هاوڵاتی: دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) كە دروشمی پەكەكەو عەبدوڵا ئۆجەلانە باڵی بەسەر ناڕەزاییەكاندا كێشاوە، بە رای تۆ ئەمە ئاماژەی ئەوە دەدات هەژموونی پەكەكە باڵی بەسەر ناڕەزاییەكاندا كێشاوە؟ عەلی كەریمی: ناڵێم هەژمونی پەكەكە هەبێت یان نا و ئەمە دواڕۆژ دیاری دەكات، بەڵام ئەوەی كەزانراوە ئەم دروشمە دروشمێكی ئەوەندە جامع و فەلسەفییە كە ٨٥-٩٠ ملیۆن خەڵكی ئێران دەیڵێتەوە و خۆشییەكەی لەوەدایە بەزمانی كوردیش دەیڵێنەوە و هاوكات بەزمانی فارسی و زمانەكانی دیكەش، راستییەك لەوەدایە كەئەم دروشمە ئەوەندە باڵی فەلسەفی و كۆمەڵایەتی بەسەر هەموو جیهاندا كێشاوە كەئێمە ناتوانین ئینكاری بین و بە رای من زۆر گرنگ نییە ئەم دروشمە كێ داینا بەڵام ئەم دروشمە كاتێك گەورە بوو كە لەناو كۆمەڵگەی خەتێك بەناوی خەتی پەكەكە و خەتی ئاپۆچی هاتە بزافی شۆڕشەكەی رۆژئاوا بەتایبەت لە هەموو كۆبوونەوەكانی پەكەكە لەشاخ و شارو ئەورپا ئەو دروشمەمان گوێ‌ لێبووە، لەكاتی خۆیشی كە لەسەر گۆڕی ژینا ئەمینی ئەو دوروشمەی وت كاتێكی دروستبوو، دیاریكردنی زەمان و مەكان شوێنی خۆی ئەو دروشمەی كردە ئەوەی كە لەهەموو شوێنێكدا  هەیە، ئەوەی كاك خالیدی عەزیزی دێت و لەدەنگی ئەمریكا بەشی فارسی دەڵێت ئەوە هی عەبدوڵا ئۆجەلان نیە، ئەمە عەیبەیە دەبێت بڵیی ئەمە شیعارێكی كوردییە، ئۆجەلان سەركردەی بەشێكی زۆری كوردستانە، دروشمی (ژن، ژیان ئازادی)  سیاسییەو دەبێت لە رووی سیاسی و فەلسەفیەوە بیبینین. هاوڵاتی: لەسەر ئەو قسەو لێدوانانەی ئەمدواییەی مستەفا هیجری بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران سەبارەت بە گۆڕانكارییەكانی ئێران كردوویەتی، رای تۆ چیە؟ عەلی كەریمی: دیارە ئەمڕۆ سەركردەكانمان هیچیان لەمستەوای ئەمڕۆی شۆڕشی رۆژهەڵاتی كوردستاندا نین و ئەوان بەدەیان هەنگاو لەدوای میللەتەكەوەن، میللەت زۆر شۆڕشگێڕانەتر دەڕواتە پێشەوە، سەركردەكان بەهەموویانەوە لەشۆڕشەكە دووركەوتوونەتەوەو بەتەواوی لەناوەڕۆكی خواست و ویستی خەڵك تێنەگەیشتوون، حەقە پێش ئەوەی لێدوان بدەن و خەڵك خەتابار بكەن كەتوندوتیژی نەكەن دەبێت ئاگاداری ویست و داخوازیەكانی خەڵكی خۆیان بن دواتر لێدوان بدەن بەداخەوە سەركردەكانی ئەمڕۆی هەم دیموكرات و هەم كۆمەڵەش بەتایبەت ناوەنی هاوكاری حزبەكانی رۆژهەڵات زۆر لەدواوەوەی میللەتن و تێنەگەیشتوون لەداخوازییەكانی گەلی كوردستان  لەڕۆژهەڵات. هاوڵاتی: پێتوایە ئەزموونی باشوور یان رۆژئاوای كوردستان لەڕۆژهەڵاتی كوردستان دووبارە دەبێتەوە؟ عەلی كەریمی: ئێران سوریا نییەو رۆژهەڵاتیش رۆژئاوا نییە، رۆژئاوا لەڕووی مێژووییەوە خەباتی تێدا نەبوو، بەڵام بەهۆی ئەم شێوە سیاسەتەی پەكەكەوە لەسوریا بەشی زۆری شۆڕشگێرانی رۆژئاوا حكومەتەكان پێیان ناخۆش نەبوو لەكۆڵ خۆیان ببنەوە بچن لەناو پەكەكەدا بن، بۆیە نیوە زیاتری سەركردەو فەرماندە سەربازیی و سیاسییەكانی پەكەكە لەڕۆژئاواوە هاتوون و جوگرافیا و سیاسەت و كەلتوری رۆژئاواو باكوور لێكەوە نزیكە، بەڕاستی لەگەڵ هاتنی بەهاری عەرەبی پەكەكە زۆر زوو فریای براكانیان لەخۆرئاوا كەوتن و هێزێكی زۆریان بردو خۆیان تەركیزیان خستەسەر رۆژئاوای كوردستان ئەمە جیاوازییەكی زۆر گەورەیە، ئەمڕۆ من پێموایە جیاوازییەكی زۆر هەیە بەڵام ئایا ئەزموونی كوردی باشوور ناشیرینترین و ناحەزترین ئەزموونی كوردی نییە لەو ٣٢ ساڵەیدا؟ ئایا ئەزموونی رۆژئاوای كوردستان و كانتۆنەكان و خۆسەری دیموكراتیك ئەزموونێكی جوان نییە؟ دەبێت ئێمە هەوڵبدەین ئەزموونێكی جوان پیادەبكەین. هاوڵاتی: پێشبینی دەكەی ئەزموونی باشوور یان رۆژئاوای كوردستان دووبارە ببێتەوە یان جیاوازتر دەبێت؟ عەلی كەریمی: من دەخوازم خەڵك بەڕاستی هەرچی باشوور كردوویەتی نەیكات ئێمە سەركەوتوو دەبین هەم لەبارەی كاریزمای سەركردەكانەوە و لەڕووی بەڕێوەبردنی وڵاتەوە و هەم لەڕووی سیستەمی پەرلەمانییەوە، هەرچی باشوور كردی و رۆژهەڵات دووبارەی نەكاتەوە باش دەبێت. هاوڵاتی: لەڕووی هەرێمی و نێودەوڵەیتیەوە، بارودۆخەكە گونجاوە بۆ رووخانی كۆماری ئیسلامی ئێران، یاخود نەخێر رووخانی رژێمی ئێران ئەگەرێكی نزیك نیە؟ عەلی كەریمی: بەدڵنیاییەوە لەماوەی ئەم ٤٥ رۆژەدا ئێران كەوتۆتە قۆناغی شۆڕشەوە واتە سەرهەڵدان و خۆپیشاندانی بەجێهێشت، ئەمڕۆ گەلانی ئێران بە رۆژهەڵاتی كوردستانیشەوە لەقۆناغی شۆڕش و  راپەڕیندان و ئەم شۆڕش و راپەڕینەش ناكوژێتەوەو پێموایە ئەم شۆڕشە سەردەكەوێت و بەوە تەواو دەبێت كەكۆماری ئیسلامی بڕووخێت و ئەگەر كۆماری ئیسلامی برووخێت، وەكوو پولی دۆمینە بەدوایدا عێراق و سوریا دەڕووخێن و لوبنان و ئیسرائیل دەكەونە قۆناغێكی تر، یەمەن و لیبیاو حزبوڵاش دەڕووخێن و هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێتەوە و پاشان حزبە دەسەڵاتدارەكانی كوردستانیش دەڕووخێن، رووخانی ئێران زۆر شتی باشی بەدوادا دێت و نەمانی ئیسلامی سیاسی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆشبەختی و ئاسوودەییە بۆ گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەراست.

هاوڵاتی مستەفا هیجری رایدەگەیەنێت: سەركوتی رژێمی كۆماری ئیسلامی لەخۆپیشاندانەكانی كوردستان زۆر توندوتیژترە لەسەركوتكردن لەناوچە فارسنشینەكان. مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ هاوڵاتی باس لەپەیوەندی حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران دەكات و دەڵێت: ئێمە وەك ناوەندی هاوكاری حزبەكانی كوردستانی ئێران هاوكاری و هاوفكریمان هەیە لەپەیوەندی لەگەڵ ئەو ئاڵوگۆڕانەی كەچاوەڕوان دەكرێ لەئێران رووبدا، لەگەڵ بەشێكی زۆر لەحزبەكانی دیكەی نەتەوە بندەستەكان هاوپەیمانی و هاوفكریمان هەیە، سەبارەت بەچۆنیەتی حكومەتێك كەدوای كۆماری ئیسلامی لەئێران دەبێ پێكبێ، لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی دوورو نزیك لەپێوەندیداین، بەڵام بۆ دوای كۆماری ئیسلامی جیاوازی بۆچوون لەنێو ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیدا هەیە. سەبارەت بەچۆڵكردنی سنورەكانی خۆرهەڵاتی كوردستان، وتی: لەبەر رێزدانان بۆ داخوازی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاڵوگۆڕمان بەشوێنی هێزەكانمان لەسنوور كردووە. دەقی چاوپێكەوتنی مستەفا هیجری: هاوڵاتی: ئایا ئێوە خۆپیشاندانەكانی ئەمجارەی خۆرهەڵاتی كوردستان و ئێران، بەجیاوازتر لەخۆپیشاندانەكانی پێشتری ئێران دەبینن؟ مستەفا هیجری: بەڵێ، خۆپیشاندانەكانی ئەمجارە لەباری چەندی و چۆنییەوە جیاوازی بەرچاویان لەگەڵ خۆپیشاندانەكانی پێشوو هەیە، لەباری چەندییەوە ئەگەر پێشتر هەرجارەو لەشارێك یان چەند شارێك ژمارەیەك لەخەڵكی ناڕازی دژی رژێم دەهاتنە سەر شەقام، ئەمجارەیان لەدەیان شارو شارۆچكە خەڵك هاتوونەتە سەرشەقام یان مانیانگرتووە، بەتایبەت لەپایتەخت و شارە گەورەكانی وڵاتانی رۆژئاوا هەرجارەو بەدەیان و سەدان هەزار كەس رژاونەتە سەر شەقامەكان و سەرنجی میدیاكان و دەوڵەتەكانیان راكێشاوە و شوێندانەریان لەسەر بەشێك لەئەندام پەرلەمانەكان تەنانەت هەندێك بەرپرسی حكومی وڵاتانی رۆژئاوا داناوە سەبارەت بەهەڵوێست و بڕیارەكانیان لەپەیوەندی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران. خاڵێكی دیكە لەو پەیوەندییەدا یەكگرتوویی و یەكدەنگی خەڵكی سەر شەقامە، لەهەموو ئەو خۆپیشاندانانەدا، گشت نەتەوەكان، هەڵگری بیروباوەڕی ئایینی جۆراوجۆرو تووێژە جیاوازەكانی حەشیمەتی ئێران، هونەرمەندان، سینەماكاران، یاساناسان و ... بەیەكدەنگی دێنە سەر شەقام. بێجگە لەوانە دەكرێ ئاماژە بە بەردەوامبوونی ماوەیەكی زۆری بەشداری خەڵكەكە بكەین لەمانەوەیان لەسەر شەقامەكان، ئێستا زیاتر لەمانگێكە بە بەردەوامی خەڵك لەسەر شەقامن و سەرەڕای شەهیدكردنی زیاتر لە ٢٠٠ كەس و برینداربوون و دەستبەسەركردنی هەزاران كەس، بەڵام رژێم نەیتوانیوە خەڵك بنێرێتەوە ماڵەكانیان. بەڵام گرنگترین خاڵ لەباری چۆنی یان چۆنیەتی ئەو خۆپیشاندانەیە، بەبۆچوونی من لەو راستیەدا خۆی دەبینێتەوە كە ئەگەر لەخۆپیشاندانەكانی پێشوو، تووێژە جیاوازەكان دەهاتنە سەر شەقام و داوای مافە زەوتكراوەكانیان دەكرد وەك مووچەی دواكەوتوویان، بێكاری، گرانی و ... ئەمجارەیان دروشمی خەڵك بۆ رووخان و نەمانی كۆماری ئیسلامیە و داخوازیەكانیان تەنیا رووخانی رژێمەو هەر ئەوەشە كە دەبینین ئەمجارە وێنەو سیمبولەكانی رژێم وەك خومەینی، خامنەیی، قاسم سولەیمانی لەدیوارەكان دادەگرن و دەیانخەنە ژێرپێ و دەیانسووتێنن و هەیكەلەكانیان دەڕووخێنن.  ئەمانە و زۆر دیاردەی دیكە پێمان دەڵێن كەخەڵك بەو راستییە گەیشتوون كە تاكاتێك ئەو رژێمە لەدەسەڵاتدایە ئەوان بەهیچكام لەداخوازیەكانیان ناگەن، كەوایە بۆ گەیشتن بەخواستەكانیان لەپێشدا دەبێ رژێمەكە لابەرن. هاوڵاتی: حزبی دیموكرات لەناو خۆپیشاندانەكاندا ئامادەیی هەیە؟ مستەفا هیجری: بەڵێ، حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لەخۆپیشاندانەكاندا ئامادەیەو دەورێكی چالاك دەگێڕێ. هاوڵاتی: لەدوای هێرشەكانی كۆتایی مانگی ئەیلول بۆ سەر حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی ئێوە ئێستا چۆنە؟ مستەفا هیجری: لەدوای ئەم هێرشانە، ژیانی سیاسیمان لەناوخۆی رۆژهەڵات و شوێنەكانی دیكەی دنیا ئێستا بەربڵاوتر لەپێش بۆمبارانەكە بەردەوامە. لەباری ژیانی كۆمەڵایەتیشەوە ئێمە بەو هێرشانە راهاتووین هەرچەند ئەمجارەیان هێرشەكە بەربڵاوتر بوو و ئەو چەكانەی كە لەو هێرشەدا لەدژی ئێمە بەكارهاتن زۆر پێشكەوتووترو نوێتر لەو چەكانە بوو كەپێشتر لەدژی ئێمە بەكاریانهێناون. هاوڵاتی: دەوڵەتی ئێران بەردەوام هەڕەشە دەكات، ئێوە سنورەكانی خۆرهەڵاتی كوردستانتان چۆڵكردووە؟ ئایا حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای لەئێوە كردووە، لەسنوری خۆرهەڵاتی كوردستان دووربكەونەوەو چالاكییەكانتان سنوردار بكەن؟ مستەفا هیجری: ئێمە نەك لەترسی هەڕەشەكانی كۆماری ئیسلامی و بۆمباران و تۆپبارانكردنی سنوورەكان، بەڵكو لەبەر رێزدانان بۆ داخوازی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاڵوگۆڕمان بەشوێنی هێزەكانمان لەسنوور كردووە. هاوڵاتی: لەدوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكانەوە، دەوڵەتی ئێران داوای دانوستان و گفتوگۆی لەحزبی دیموكرات كردووە؟ مستەفا هیجری: لەدوای خۆپیشاندانەكان كۆماری ئیسلامی هیچ داوایەكی لەو شێوەیەی لەحزبی دیموكرات نەكردووە. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەزموونی دانوستاندنەكانی پێشووش، بۆمان دەردەكەوێ كەمەبەستی رژێم لەهێنانە ئارای دانوستان پیلانگێڕی بووە لەژێر ناوی دانوستان، ئەوەش لەبنەمای فكری و ئایدۆلۆژی رژێم سەرچاوە دەگرێ كە رێگاچارەی پرسەكان لەگەڵ خەڵكی ئازادیخوازی ئێران بەگشتی و كوردو باقی نەتەوە ستەملێكراوەكان بەتایبەتی، تەنیا لەپیلانگێڕی بەدژیان و سەركووت و تیرۆر دەزانێ نەك دانوستاندنێكی راستەقینە بۆ چارەسەری كێشەكانیان. هاوڵاتی: وەكو هێزە سیاسییە كوردییەكانی خۆرهەڵاتی كوردستان، هەماهەنگی و گفتوگۆتان هەیە بۆ ئامادەكاری روودانی هەر گۆڕانكارییەك لەئێران؟ مستەفا هیجری: ئێمە وەك ناوەندی هاوكاری حزبەكانی كوردستانی ئێران هاوكاری و هاوفكریمان هەیە لەپەیوەندی لەگەڵ ئەو ئاڵوگۆڕانەی كەچاوەڕوان دەكرێ لەئێران رووبدا. لەگەڵ بەشێكی زۆر لە حزبەكانی دیكەی نەتەوە بندەستەكان هاوپەیمانی و هاوفكریمان هەیە، سەبارەت بەچۆنیەتی حكومەتێك كەدوای كۆماری ئیسلامی لەئێران دەبێ پێكبێ و لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی دوورو نزیك لەپەیوەندیداین. هاوڵاتی: خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكانی خۆرهەڵاتی كوردستان بەجیاوازتر لەناوچەكانی تری ئێران دەبینن، یاخود پێتان وایە خۆپیشاندانەكانی هەموو شارەكانی ئێران یەك خواست و ئامانجیان هەیە؟ مستەفا هیجری: ئامانجی خۆپیشاندانەكان لەسەرتاسەری ئێران بە خۆرهەڵاتیشەوە لابردنی رژێمی كۆماری ئیسلامییە، بەڵام بۆ دوای كۆماری ئیسلامی جیاوازی بۆچوون لەنێو ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیدا هەیە، گرووپ و حزبی وا هەیە كە پێی وایە بۆ خۆی بەتەنیا حكومەت دەرووخێنێ و دەبێتە جێگرەوەی كۆماری ئیسلامی، بۆچوونێك هەیە كە لایەنگری لەزیندووكردنەوەی پاشایەتی دەكاو ... ئەو جیاوازیانە ئەڵقەی لاوازی ئۆپۆزسیۆنە كە بەقازانجی كۆماری ئیسلامی تەواو بووە، لەبەرامبەردا ناوەندی هاوكاری حزبەكانی كوردستانی ئێران و بگرە زۆرێك لەحەشیمەتی خۆرهەڵات خوازیاری پێكهاتنی حكومەتێكی دیموكراتیی فیدراڵ و سیكۆلارین كەیاسا سەروەر بێ و كوردو باقی پێكهاتە نەتەوەییەكانی كە لەسەر جوگرافیای دیاریكراوی خۆیان دەژین بەپێی یاسایەكی دیموكراتی ناوچەی خۆیان بەڕێوەبەرن. بەڵام سەركوتی رژێمی كۆماری ئیسلامی لەخۆپیشاندانەكانی كوردستان زۆر توندوتیژترە لەسەركوتكردن لەناوچە فارسنشینەكان، بەجۆرێك تائێستا ژمارەی شەهیدو بریندار، هەروەها زیندانیە سیاسییەكانی ئەو یەك مانگەی دوایی خۆرهەڵات و باقی ناوچە غەیرە فارسنشینەكان وەك بلوچستان، ناوچەی عەرەب و توركماننشینەكان و ... زۆرترین ژمارە پێكدێنن. هاوڵاتی: دروشمی هاوڵاتی ژن، ژیان ئازادی) باڵی بەسەر سەدای خۆپیشاندانەكانی هەموو ئێران و ئەو خۆپیشاندانەش كە بۆ پشتیوانی دەكرێن لەدەرەوەی وڵات، ئاشكرایە ئەمە دروشمی پەكەكەو عەبدوڵا ئۆجەلانە، بەبڕوای ئێوە ئەمە چۆن بووەتە دروشمی هەموو خۆپیشاندانەكان؟ مستەفا هیجری: ژن، ژیان، ئازادی چەمك گەلێكن كە لەمێژ ساڵە لەنێو بزووتنەوەی كوردی خۆرهەڵاتدا باو بووەو تەنانەت لەشیعری هەندێك لەشاعیرەكانیشدا رەنگیداوەتەوە. بۆ وێنە مەرحووم هێمن موكریانی لەشیعرێكیدا دەفەرموێ: با هەزار زێ و گادەر و لاوێنی رونیشمان هەبێ تاكوو ژن ئازاد نەبێ سەرچاوەكەی ژین لیخنە بۆیە دەڵێم لە رابردوودا هەركەس ئەم وشانەی بەكارهێنا بێ، بەڵام كاتێك ژینا ئەمینی، كچە كوردی سەقزی بەدەستی گەشتی ئیرشادی كوماری ئیسلامی لەتاران لە رێكەوتی ٢٥ی خەرمانانی ئەمساڵدا شەهیدكراو تەرمەكەیان ناردەوە بۆ بنەماڵەكەی، ناوەندی هاوكاری حزبەكانی كوردستانی ئێران لە راگەیەندراوێكدا داوای لەخەڵكی خۆرهەڵاتی كوردستان كرد كە رۆژی ٢٨ی خەرمانان بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بەشەهیدكردنی ژیناو هەموو لاوەكانی دیكە، لەمانگرتنێكی سەرتاسەری بەشدار بن و دوانیوەڕۆكەی هەموو بەیەكگرتوویی بێنە سەرشەقام و دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان بەگوێی دنیا بگەیەنن، خەڵكی خۆرهەڵات پێشوازییان لەو داخوازیە كرد، دروشمی ژن ، ژیان ، ئازادی گوترایەوەو رۆژانی دواتر بەپشتیوانی لەخۆرهەڵات شارەكانی دیكەی ئێران رژانە سەر شەقامەكان و ئەو دروشمەیان گوتەوەو ئێستا لەخۆپیشاندنی ئێرانیەكان لەناوخۆ و دەرەوەیش، ئەم دروشمە یەكێك لەدیارترین دروشمەكانە.  

عه‌مار عه‌زیز به‌ده‌ل به‌روارى ده‌ڵێت: به‌رده‌وامم له‌خه‌باتى مه‌ده‌نى و له‌ده‌ستگیرکردن ناترسم، به‌ڵکو ئێمه‌ له‌زوڵم و زۆردارى ده‌سه‌ڵات ده‌ترسین، وتیشى: ماوه‌ى زیاتر له‌دوو هه‌فته‌یه‌ له‌گه‌ڵ‌ ژماره‌یه‌ک که‌سایه‌تی و خاوه‌ن ماف له‌چین و تووێژه‌ جیاوازه‌کانی کۆمه‌ڵی کوردستان گروپی گێڕانه‌وه‌ی پاشکه‌وت و لێبڕینی مووچه‌مان پێکهێناوه‌و من وه‌کو نوێنه‌ری پارێزگاى دهۆک به‌شداریم کردووه‌. به‌ده‌ل به‌رواری چالاکى کۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى که‌ وه‌کو نوێنه‌ری پارێزگای دهۆک به‌شدارى له‌گروپى گێڕانه‌وه‌ی پاشکه‌وت و لێبڕینی مووچه‌ کردووه،‌ له‌چاوپێکه‌وتنێکیدا له‌گه‌ڵ‌ هاوڵاتى رایگه‌یاند: « له‌ساڵانی 2017 و 2018 گروپێک دامه‌زرابوو به‌ناوی کوا پاشکه‌وتی من، که‌ ئه‌مه‌ش یه‌که‌م گرووپ بوو که‌ داوای پاشکه‌وت بکات، له‌پلانی ئێمه‌دابوو ئه‌و گرووپه‌ بکه‌ینه‌ گروپێکی سه‌رانسه‌ری کوردستان به‌ڵام له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی چه‌ند که‌سێک له‌ھەولێر و سلێمانی سه‌رینه‌گرت، له‌ 2018 له‌شاری دهۆک ده‌ستمانکرد به‌گه‌وره‌ترین گردبوونه‌وه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پاشکه‌وت، دواتر ده‌زگا ئه‌منیه‌کان ئێمه‌یان ده‌ستگیرکرد، ماوه‌یه‌کی زۆر له‌زیندان بووین دواتر ئازادکراین». وتیشى: «یه‌که‌م کۆبوونه‌وه‌مان له‌شاری هه‌ولێر له‌ 24ی ئه‌یلولی 2022 بوو، به‌هۆی ئه‌و دۆخه‌ی ئێستای عێراق و هه‌روه‌ها پرسی بۆردومانکردنی ناوچه‌ سنورییه‌کان له‌لایه‌ن ئێران و تورکیاو پرسی درێژکردنه‌وه‌ی ماوه‌ی په‌رله‌مانی کوردستان، ئه‌مانه‌ هه‌موو وایانکرد که‌مێک دوابکه‌وین، ئێمه‌ نامانه‌وێت ئه‌مجاره‌ په‌له‌ بکه‌ین هه‌روه‌ها نامانه‌وێت کارێک بکه‌ین دواتر هیچ ئامانجێکی نه‌بێت، به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ رێکخراوی ئێن پی ئه‌ی که‌ رێکخراوێکی نه‌رویجییه‌، پشتگیریمان ده‌کات». له‌باره‌ی ئامانجی سه‌ره‌کى دامه‌زراندنی گروپه‌که‌، به‌ده‌ل به‌رواری وتى:»چه‌ند ئامانجێکمان هه‌یه‌ له‌وانه‌ کارکردن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پاشکه‌وتی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، هه‌روه‌ها  پرسی جیاوازی مووچەی‌ فه‌رمانبه‌ران به‌تایبه‌ت خانه‌نشینان له‌گه‌ڵ عێراق و هاوتاکردنیان، هه‌روه‌ها پله‌به‌رزکردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌گه‌ڵ‌ دابه‌شکردنی مووچه‌ له‌کاتی خۆیدا، هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌چوارچێوه‌ی چالاکی مه‌ده‌نی و ئاشتیانه‌ ده‌بێت، جیاوازی گروپی ئه‌مجاره‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌م گروپه‌ سه‌رانسه‌رییه‌و نوێنه‌رانی هه‌موو پارێزگایه‌ک له‌گروپه‌که‌دا به‌شدارن». سه‌باره‌ت به‌میکانیزمى کارکردن و چۆنیه‌تی دروستکردنی فشار له‌سه‌ر حکومه‌ت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پاشکه‌وتی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، به‌ده‌ل به‌روارى ده‌لێت: «چالاکییه‌کانمان به‌شێوه‌ی مه‌ده‌نی ده‌بێت، به‌دواداچوونی یاسایی ده‌که‌ن و کۆمه‌ڵێک دادوه‌رو پارێزه‌ر له‌گه‌ڵ ئێمه‌ ده‌بن تاوه‌کو له‌ڕێگای یاسایی پاشکه‌وتی مووچه‌ بکه‌ینه‌ ماڵ له‌سه‌ر حکومه‌ت و ئه‌وان دانپێدانان بکه‌ن و دواتر بۆ فه‌رمانبه‌رانی بگێڕنه‌وه‌.»  له‌وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌ى ئایا مه‌ترسى نیه‌ به‌هۆى ئه‌م چالاکییانه‌وه‌ جارێکى تر رووبه‌ڕووى ده‌ستگیرکردن ببیته‌وه‌، وتى: «من له‌ده‌ستبه‌سه‌رکردن ناترسم، به‌ڵکۆ ئێمه‌ له‌زوڵم و زۆرداری ده‌سه‌ڵات ده‌ترسین، به‌داخه‌وه‌ له‌سه‌ر ماف و داواکارییه‌کانی خۆت ده‌ستگیربکرێی و دواتر تۆمه‌تی ئه‌خلاقی و ته‌قینه‌وه‌ یان په‌یوه‌ندی به‌پارتی کرێکارانى کوردستان (په‌که‌که‌) دروستده‌کرێن که‌هه‌موو ئه‌مانه‌ دوورن له‌ڕاستی، من له‌ 1993 تاوه‌کو ئێستا به‌رده‌وامم له‌کارکردن، ئامانجی سه‌ره‌کی من ته‌نها خزمه‌تکردنه‌ به‌کوردستان و لای من هه‌ر چوارپارچه‌ی کوردستان زۆر پیرۆزه‌ و به‌رده‌وام ده‌بم له‌سه‌ر خه‌باتی مه‌ده‌نى.».  «به‌ده‌ل به‌روارى ده‌ڵێت: «رێکخراوی پاو که‌ ته‌مویلی دارایی له‌ڕێکخراوی ئێن پی ئه‌ی نه‌رویجی وه‌رده‌گرێت ، ئه‌مانه‌ پرۆژه‌یه‌کیان هه‌یه‌ به‌ناوی (تعزیز الدیموقراتیه‌) بۆماوه‌ی چوار ساڵ، پێکهێنانی گروپه‌که‌ی ئێمه‌ به‌شێکه‌ له‌و پرۆژه‌یه‌و من گه‌شبینم که‌پێکه‌وه‌ ده‌توانین شتێکی باش بۆ مووچه‌خوران به‌ده‌ستده‌هێنین، به‌مه‌رجێک خه‌ڵک له‌گه‌ڵ ئێمه‌ هاوکاربێت و له‌پشته‌وه‌ خیانه‌تمان لێنه‌کات».

هاوڵاتی بەڕێوەبەری فەرمانگەی تۆماری خانووبەرەی سلێمانی دەڵێت: هەزاران هاووڵاتی عەرەب و بیانی خانوو و زەوییان لەپارێزگای سلێمانی كریوە، و تەنها ناسنامەی باری كەسێتی یاخود كارتی نیشتیمانییان هەبێت دەكرێت بەناویانەوە. لوقمان عومەر بەڕێوەبەری فەرمانگەی تۆماری خانووبەرەی سلێمانی بەهاوڵاتی راگەیاند: هەموو هاووڵاتییەكی عێراقی ئازادە لەكوێ خانوو دەكرێت یاخود بەكرێی دەگرێت، تەنها ناسنامەی باری كەسێتی یاخود كارتی نیشتیمانییان هەبێت دەكرێت بەناویانەوە. وتییشی: هەزاران هاووڵاتی عەرەب و بیانی خانوو و زەوییان لەپارێزگای سلێمانی كریوەو هیچ رێگرییەك نییە لەوەی هەر هاووڵاتییەكی عێراقی ببێتە خاوەنی زەوی و خانوو و تەنانەت زەوی كشتوكاڵیش لەسەرجەم پارێزگاكانی هەرێم تەنها هەندێك وردبینی دەكرێت لەو كەسانەی زەوی یاخود موڵك دەكڕن.

هاوڵاتی بەرپرسی لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبەغداد دەڵێت: هەوڵی جددی هەیە رەوتی سەدر پەراوێز نەخرێن و بوونی ئەوان لەناو حكومەتدا پێویستیەو حكومەتەكە زیاتر سەقامگیرتر دەبێت، لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیش ئێمە نامانەوێت دابەشبوون هەبێ، بەڵام لەناو ئەوان دابەشبوون هەیە لەسەر زۆر بابەت كەپەیوەستە بەخۆیانەوە».. شوان محەمەد تەها بەرپرسی لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبەغداد لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ هاوڵاتی سەبارەت بەپرسی نەوت لەڕێككەوتنی پارتی و یەكێتی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی، رایگەیاند: «لێکتێگەیشتن هەیەو ئەوان دەڵێن با بەپێی دەستوورو یاساو ئێمەش لەگەڵ ئەوەین و با یاسای نەوت و غاز دەربكرێت، ئەو پرسانە بە لێكتێگەیشتنی سیاسی چارەسەردەكرێن و من پێموانییە ئەگەر لێكتێگەیشتنی سیاسی هەبێت بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی ببێتە بەربەست». وتیشی: «خواستی ئێمە ئەوەیە لەگەڵ یەكێتی بگەینە رێككەوتن سەبارەت بەدانانی كوردێك بۆ پارێزگاری كەركوك، بەڵام ئەو بارودۆخەی لەكەركووك هەبووە ئیعتیرافمان پێنەكردووە، بۆیە نەچووینەتە ژێرباری ئەوەی پارێزگاری كەركوك كورد بێت یان كورد نەبێت». هاوڵاتی: مەرج و داواكاری سەرەكی ئێوە چیە بۆ رێككەوتن لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی؟ شوان محەمەد تەها: «داواكاری سەرەكی ئێمە داواكارییەكانی هەرێمی كوردستانەو تائێستا هیچ لایەنێكی سیاسی كوردی بەدیاریكراوی پارتی و یەكێتی شتێكی تاكلایەنەیان پێشنیارنەكردووەو تەنها ئەو بابەتانەن كە رەهەندی كوردستانیبوونیان هەیە وەك ناوچە جێناكۆكەكان و پرسەكانی هەرێم و پێشمەرگەو پرسی شەنگال». هاوڵاتی: سەبارەت بەپرسی نەوت لێكتێگەیشتن لەنێوانتاندا هەیەو گەیشتوون بەڕێككەوتن؟ شوان محەمەد تەها: «ئەوان دەڵێن با بەپێی دەستوورو یاسا بێت و ئێمەش دەڵێین بەڵێ بەپێی دەستوورو یاسا بێت و با یاسایەك بۆ نەوت و غاز دەربكرێت كەچەندین ساڵە دواخراوە، ئێمە دەمانەوێت یاساكە دەربكرێت». هاوڵاتی: لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر ئەو بڕیارانەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بەپرسی نەوتی هەرێمی كوردستان دەریكردوون لێكتێگەیشتنتان هەیە؟ شوان محەمەد تەها: «ئەو پرسانە بەلێكتێگەیشتنی سیاسی چارەسەردەكرێن و من پێموانییە ئەگەر لێكتێگەیشتنی سیاسی هەبێت دادگای فیدڕاڵی ببێتە بەربەست». هاوڵاتی: هەفتەی رابردوو هەواڵی ئەوە بڵاوكرایەوە كە محەمەد شیاع سودانی كاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ سەرۆك وەزیران سەردانی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانی كردووەو بەڵێنی داوە ئەگەر ئەو ببێتە سەرۆك وەزیران رێگانادات پرسی نەوت ببێتە كێشە لەنێوان هەرێم و بەغداد، زانیاری تۆ لەم بارەیەوە چیە؟ شوان محەمەد تەها: «زانیاریم لەسەر ئەو سەردانە نییە». هاوڵاتی: لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا دابەشبوون و رای جیاواز هەیە سەبارەت بەداواكارییەكانی ئێوە؟ شوان محەمەد تەها:  تائێستا نەخێر، ئێمە نامانەوێت دابەشبوون هەبێت، بەڵام لەناو ئەوان دابەشبوون هەیە لەسەر زۆر بابەت كەپەیوەستە بەخۆیانەوە». هاوڵاتی: لەسەر بابەتی سەرۆك كۆمار یەكێتی و پارتی لێكتێگەیشتنیان چۆنە؟ شوان محەمەد تەها: «تائێستا ماویەتی، لێکتێگەیشتن هەیە نەگەیشتووە بەرێككەوتن». هاوڵاتی: پارتی دیموكراتی كوردستان سوورە لەسەر كاندیدەكەی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار؟ شوان محەمەد تەها: «تائێستا رێبەر ئەحمەد كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستانە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار». هاوڵاتی: لەگریمانەی رێکكەوتنی پارتی لەگەڵا چوارچێوەی هەماهەنگی، پارتی دەگەڕێتەوە بۆ كەركوك؟ شوان محەمەد تەها: «بێگومان ئەوە یەكێكە لەبابەتەكانی ئێمە بۆ رێككەوتن لەگەڵا چوارچێوەی هەماهەنگی و  بەپێی رێككەوتن دەمانەوێت ئاڵای كوردستان و پارتی لەكەركوك هەبێت و نامانەوێت لەبەردەم رەحمەتی كەسدا بین». هاوڵاتی: سەبارەت بەپارێزگاری كەركوك، لەگەڵا یەكێتی نیشتمانی كوردستان گفتوگۆتان هەیە بۆ ئەوەی كە پارێزگارێكی كورد دابنرێت؟ شوان محەمەد تەها:» ئەوە هەمیشە خواستی ئێمە بووەو نامانەوێت بگەڕێینەوە سەر چوارگۆشەی یەكەم، دیارە كێ هۆكاری ئەوە بووە بارودۆخی كەركوك بەچ ئاقارێكدا بكەوێت و ئێمە ئەو بارودۆخەی لەكەركوك هەبووە ئیعتیرافمان پێنەكردووە، بۆیە نەچووینەتە ژێرباری ئەوەی كورد بێت یان كورد نەبێت، بەقەد ئەوەی ئیعتیرافمان بەو واقیعەی كەركوكی ئێستا نەكردووەو ناشیكەین». هاوڵاتی: بەڵام رەخنەتان لێدەگیرێت كەپارتی دوای 16ی ئۆكتۆبەر گەڕاوەتەوە بۆ موسڵ و ناوچەكاتی تر بەڵام ناگەڕێتەوە بۆ كەركوك؟ شوان محەمەد تەها:» ئەوە رەخنە نییە ئەوە تەبریراتی نامەنتقییەو خەڵك دەزانێت بابەتی كەركوك بۆ ئێمە گرنگەو ئێمە نەمانوتووە موسڵ كوردستانەو نەشمانوتووە بەغدا كوردستانە، كێشەی ئێمە لەسەر ناوچە كوردستانییەكانەو هەڵوێستی نیشتیمانی لەسەر كوردستان دەبێت لەسەر شوێنەكانی دیكە نابێت». هاوڵاتی: دەمانەوێت رات بزانین لەسەر هەڵوێستی رەوتی سەدر، پێشبینی دەكەیت  بۆ ئەو هاوپەیمانێتیەی لەنێوان یەكێتی و پارتی و سوننەكان و چوارچێوەی هەماهەنگی دروستدەكرێت، رەزامەندی سەدر وەربگیرێت، ئایا سەدر رەزامەندی دەبێت؟ شوان محەمەد تەها:» هەوڵی جددی هەیە رەوتی سەدر پەراوێز نەخرێن و بوونی ئەوان لەناو حكومەتدا پێویستییەكە حكومەتەكە زیاتر سەقامگیرتر دەبێت، ئێمە وەكو پارتی هەمیشە هەوڵمانداوە، كاتی خۆیشی كە لەگەڵ سەدر بووین هەوڵمانداوە لایەنەكان پەراوێز نەخرێن و لەسەر ئەو بۆچوونەی سەرەتا بەردەوامین تاوەكو ئێستاش». هاوڵاتی: پارتی ئێستا لەگەڵا چوارچێوەی هەماهەنگی لەگفتوگۆو هەوڵی رێككەوتندان، لەكاتێكدا پێشتر لەگەڵا رەوتی سەدر هاوپەیمانیتان هەبوو، ئەمە گرفتی بۆ دروستنەكردوون لەگەڵا هاوپەیمانە نوێیەكەتان (چوارچێوەی هەماهەنگی)؟ شوان محەمەد تەها:» ئێمە ئەوكاتەی لەگەڵ سەدریش بووین، بەربەستێكی ئەوتۆمان لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی نەبوو و تەنها كێشەكەی ئێمە لەسەر ئەو بابەتانە بوو كە پەیوەست بوون بەهەرێمی كوردستان و خەڵكی كوردستانەوە». هاوڵاتی: ئایا دوای رێككەوتنتان لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی وەكو لقی پارتی دەگەڕێنەوە بەغدادو بارەگاكەتان دەكەنەوە، لەكاتێكدا پێشتر وەكو ناڕەزاییەك دژی ئەو هێرشانەی كرایەسەرتان، بارەگەكەتان تەخت كرد؟ شوان محەمەد تەها:» من بەغدام جێنەهێشتووەو ئێمە ئیشی خۆمان هەر دەكەین، ئۆرگانەكانی پارتی وەك خۆیان لەبەغداو باشووری عێراق كاردەكەن. هاوڵاتی: واتە ئێستا بەرچاوتان روونە بۆ رێككەوتن لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی؟ شوان محەمەد تەها:» زۆر، چاوەڕێدەكەین پتەوتریش بێ». هاوڵاتی: سەركردەیەكی چوارچێوەی هەماهەنگی باسی دابەشكاری ژمارەی وەزارەتەكانی لەنێوان پێكهاتەكان كردووە، لە 22 وەزیر دەڵێت چوار وەزیر دەدرێت بەكورد، ئێوە ئەو پشكە بەكەم نازانن؟ شوان محەمەد تەها:»ئێمە مەسەلەی وەزارەتەكانمان زۆر بەلاوە گرنگ نییە بەقەد ئەوەی گرنگە ئەو بابەتانەی پەیوەستە بەهەرێمی كوردستانەوە جێبەجێبكرێن». هاوڵاتی: لەو هاوپەیمانێتیە نوێیەدا پرسی بودجەی هەرێم چارەسەركراوە؟ شوان محەمەد تەها:» بەڵێ ئەوەش یەكێكە لەو بابەتانە» هاوڵاتی: ئێوە داوای بودحە دەكەن، یان تەنیا بەهاتنی 200 ملیار دینار رازین؟ شوان محەمەد تەها:» نەخێر 200 ملیار بۆ كاتی قەیرانە، ئێمە داوای بودجەی هەرێمی كوردستان دەكەین».