مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە رایگەیاند، گەیشتووینەتە لێگتێگەیشتنێکی هاوبەش بەمەبەستی رێککخستن و چوونەپاڵی هیزەکانمان بۆ نێو [سوپای سوریا.] عەبدی ئاماژەی بەوەشکرد، شێوازی سیستمەکە و بەشداری یەکە جیاوازەکان لە پایە سەرەکییەکانی لێکتێگەیشتنەکەن، ئەمەش پێویستی بە دیالۆگی قووڵتر هەیە تا بگەینە دەستوورێک کە رەنگدانەوەی خواستی هەموولایەک بێت. بەشێکى دیکە لە پەیامەکەى.. ــ گەیشتوینەتە لێكتێگەیشتنی هاوبەش سەبارەت بە یەكخستنی هێزە سەربازییەكان؛ بەوجۆرەی كە لەگەڵ بەرژەوەندی گشتیدا بگونجێت. ــ بابەتی دەستوری هەن كە پێویستیان بە كات هەیە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێك كە هەموو سوریا بگرێتەوە. ــ وای دەبینین چارەسەر لە سوریا دەبێت (لامەركەزی) بێت. ــ فۆرمی حوكمڕانی و بەشداری پێكهاتەكان لە پایە سەرەكییەكانەو، ئەمە پێویستی بە دیالۆگی قوڵتر هەیە بۆ گەیشتن بە دەستورێك كە رەنگدانەوەی هەموو خواستەكان بێت. ــ بەرەوپێشچوون هەیە لە دروستكردنی روانگەی هاوبەش سەبارەت بە رێڕەو و سنورەكان. ــ سامانی ژێرزەوی هی هەموو هاوڵاتیانی سوریایە. ــ نزیكبوونەوە لە بۆچوونەكاندا هەیە سەبارەت بە بابەتە سەرەكییەكان و، هیواخوازین لە ماوەی ئایندەدا بگەین بە هەموو رێككەوتنەكان. ــ دەمانەوێت رۆڵەكانی ناوچەكە لەچوارچێوەیەكی دەستوریدا خۆیان ناوچەكانی خۆیان بەرێوەببەن.
ئەندامی کۆنسەی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە ئاڵدار خەلیل ڕایگەیاند، دەسەڵاتی ساڵێکی حکومەتەکەى ئەحمەد شەرع سووریای لە چارەسەری دوورخستووەتەوە و درێژەپێدەرێکی ڕاستڕەوی ڕژێمی بەعسە. ئاڵدار خەلیل گوتی، شەرع و حکومەتەکەشى بەهۆی دەستتێوەردانەکانی تورکیاوە ناتوانێ بڕیاریش بدات. یەکێک لە کەسایەتییە گرنگەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ئەندامی کۆنسەی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە ئاڵدار خەلیل، لەبارەی ساڵێک لە دەسەڵاتی دیمەشق بە سەرۆکایەتیی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە)، بۆ ئاژانسی هەواڵیی فورات (ANF) کرد. ئاڵدار خەلیل گوتی: "ساڵێک تێپەڕی کە تێیدا ڕژێمی نوێی سووریا ڕووخێنرا و هەتەشە لە دیمەشق هاتە سەر دەسەڵات. هەتەشە خۆی نەهاتە سەر دەسەڵات و هێنایانە سەر دەسەڵات. ئەم هێزانە بەیەکەوە مامەڵەیان کرد. بەتایبەتی دوای ڕووداوەکانی غەززە و شەڕ و گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و هەندێک دەوڵەتی ناوچەکە، هاوسەنگییەکان لە ناوچەکەدا گۆڕانکاری بەسەرداهات. ئەم گۆڕانکارییە کاریگەری لەسەر بڕیاری گۆڕینی ڕژێم هەبوو. بەڵام ئەمڕۆ هەتەشە کە لە دیمەشق دەسەڵاتدارە، بە هیچ شێوەیەک نوێنەرایەتیی داخوازییەکانی گەلی سووریا ناکات. ئەم ڕێکخراوە نە نوێنەری شۆڕشە و نە هەڵگری ئیرادەی گەلانە. بەپێچەوانەوە، ئەو حکومەتەی کە دامەزراوە، لە ناوەڕۆکدا ڕووییەکی تری ڕژێمی بەعسە. تاکە شت کە گۆڕاوە، مەیلی ئایدۆلۆژییە. پارتی بەعس لە ڕابردوودا خۆی لەسەر هێڵێکی چەپ پێناسە دەکرد. ئەمڕۆ هەتەشە پشت بە هێڵێکی ئایدۆلۆژیی ڕاستڕەو و ڕادیکاڵ دەبەستێت. لەبری ئەوە، لە بواری ئابووری، سیستەمی دادوەری، تێگەیشتنی پەرلەمان، بەڕێوەبردنی دەوڵەت و شێوازی کارکردندا ئەو وێنەیەی هاتووەتە ئاراوە، نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی سووریا نیشان نادات. ئەو ڕێبازانەی کە لەمڕۆدا پەیڕەو دەکرێن، نیشانی نادەن کە چارەسەرییەک بۆ شۆڕش بەرهەمهێنراوە. دیمەشق خۆی وەکو پایتەختی سووریا پێناسەدەکات. بەڵام لە کرداردا پەیوەندیی ئەو لەگەڵ بەشێکی گەورەی وڵاتەکە دابڕاوە. لەو ناوچانە دەسەڵاتی سووریا نوێنەرایەتی ناکرێت. بۆ نموونە ناوچەکانی ژێر داگیرکاریی تورکیا. کاریگەریی دیمەشق لەو ناوچانە چەندە؟ ئەو حکومەتە ڕاگوزەرەی دامەزراوە، لە ماوەی ساڵێکدا لەو ناوچانە تا چەند توانی بوونی خۆی نیشان بدات، دامەزراوەکانی دابمەزرێنێت و بەڕاستی بڵێت "ئێرە خاکی سووریایە"؟ نەیتوانی. ئەو ناوچانە هێشتا لەژێر داگیرکاریی تورکیادان. دۆخی ناوچە کەناراوەکانیش بە هەمان شێوەیە. مەگەر لازقیە و تەرتووس بەشێک نین لە سووریا؟ لەو ناوچانەش دەسەڵاتی دیمەشق نەیتوانیوە نوێنەرایەتییەکی کاریگەری هەبێت. لە ئەنجامی گۆڕانکارییەکان لە باشووری سووریا، دیمەنێکی هاوشێوەی دوو دەوڵەتی دراوسێ هاتووەتە ئاراوە، کە لە تەنیشتی یەکن. لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاش بەڕێوەبەری و ڕێکخراوکردنێک هەیە. تاوەکو ئێستا هیچ دامەزراوەیەکی دەوڵەت لێرە کار ناکات. وێڕای ئەوەش ڕێککەوتننامە و هاوپەیمانیی جۆراوجۆر هەن. حکومەتەکەی هەتەشە نوێنەرایەتیی تەواوی سووریا ناکات لە ئەنجامدا ئەوەی ئەمڕۆ لە دیمەشق هەیە، لە بنەڕەتدا دیمەشق، بەشێک لە حەما و ناوچەیەکی سنووردار لە ئیدلیب دەگرێتەوە. بەدەر لەوە، ناتوانێت بڵێت "من نوێنەری تەواوی سووریا"م. بەڵام ڕژێمی کۆن، ئەگەرچی لەڕێی ڕێبازی ناوەندی و فشاریشەوە بوایە، لە ڕێی هەواڵگری، سوپا و ئامڕازەکانی دەوڵەتەوە توانیبووی لە تەواوی وڵات باڵادەستیی خۆی دابمەزرێنێت. ساڵێک تێپەڕی، ڕژێم ڕووخا. بەڵام لەو ماوەیەدا نە حکومەتێکی بەرفراوان دامەزرا، نە پەرلەمانێک کە نوێنەرایەتیی هەمووان بکات، نە لیژنەیەکی فراوان بۆ ئامادەکردنی دەستوور، نە ئەو ڕێککەوتننامانەش کەوتنە بواری جێبەجێکردنەوە، کە واژۆکراون." ئاڵدار خەلیل لە بارەی بەردەوامیی کوشتنی خەڵکانی مەدەنی لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا و ڕەشبگیری و کۆچبەرکردنی زۆرەملێوە لە سووریا ڕایگەیاند: "پێکهاتەیەک کە دیموکراتیک نەبێت، خاوەنی کەلتوورێکی پێشکەوتووی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە نەبێت، ناتوانێت نوێنەرایەتیی شۆڕشێک بکات. هەرخۆی ئەو شتانەی کە لە ساڵێکدا ڕوویاندا ئەمەیان بە ڕوونی نیشاندا. کۆمەڵکوژیی زۆر ڕوویاندا، ستەمی زۆر لە خەڵک کرا. لە سووریا خەڵکی تەنها لەسەر ناسنامەی خۆیان دەکوژرێن. لە کەسێک دەپرسن "ئایا تۆ عەلەویت؟"، تەنها گوتنی "من عەلەویم" بەسە بۆ سەربڕینی یان کوشتنی. ئەوەی لەوان نەبێت، قبووڵی ناکەن، بۆ نموونە لە ناوچە کەناراوەکان لە سەرەتای ساڵەوە دەستیان بە هێرش کرد. بەهەزاران مرۆڤ کوژران، هەزاران ژن ڕفێنران. هێشتا ئەم کردەوانە بەردەوامن. لە سوەیداش هێرشی لەم شێوەیە ئەنجامدران. لەوێ خەڵک بەرخۆدانی کرد و ئەم کردەوانەی قبووڵ نەکرد. بەڵام دەرفەتیان کەم بوو. ئەو هێزانەی دەستیان بەسەر دیمەشقدا گرتووە، مامەڵەیەکی زۆر توند لەگەڵ کۆمەڵگەی سووریادا دەکەن. لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەش هەمان ڕێبازیان بەکارهێنا. هێرشیان کردە سەر ئەم گەڕەکانە، ویستیان داگیری بکەن. بەڵام ئەوەی جێی دڵخۆشی بوو، بریتیبوو لە بەرخۆدانی گەل. ئەگەر ئەم بەرخۆدانە نەبووایە، ئەوەی لە ناوچە کەناراوەکان کردیان، لەوێش دەیانکرد. ئەمڕۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوام لەژێر هەڕەشەدایە. دەگوترێت "با سیستەمی بەرگریتان نەبێت"، "با قەسەدە کۆتایی پێ بێت". بە بیانووی ئەنتێگراسیۆنەوە دەیانەوێت خەڵک بێ پاراستن بهێڵنەوە. ئامانجیان ئەوەیە کە سیاسەتەکانی خۆیان بەئاسانی پەیڕەو بکەن." لە بەشێکی تری قسەکانیدا ئاڵدار ئاماژەی بەوە کرد، "دەسەڵاتی هەتەشە لە هەوڵدایە بۆ دروستکردنی جیاکاری و چینایەتی لەنێوان پێکهاتەکانی سووریادا، ئەوەی وەکو ئەوان بیرنەکاتەوە، دووری دەخەنەوە." گوتیشی، "سووریا لە مێژوودا بە دەوڵەمەندی و فرەڕەنگی ناسراوە. بەڵام ئەوانەی ئەمڕۆ هاتوون، بەر لە چارەسەرکردنی کێشە گشتییەکان و گەیاندنی پێکهاتەکانی کۆمەڵگە بە لێکتێگەیشتن، دەستیانکرد بە جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی کە دەسەڵاتی پیاو-ناوەندی بەهێزدەکەن و ئیرادەی ژن دەشکێنن. ئەو مافەی ژن زەوتدەکەن، کە ببێتە پەروەردەکاری منداڵە بچووکەکەی." شەرع و حکومەتەکەی گوێڕایەڵی تورکیان لە بارەی هەڕەشەکانی تورکیاوە ئاڵدار ڕایگەیاند: "ڕۆڵی تورکیا لە سووریا ئاشکرایە. لە ساڵی ٢٠١١ و لە دەستپێکی شۆڕشەوە، تورکیا ڕاستەوخۆ هاتە ناو سووریاوە. ئەو گرووپانەی کە خۆیان وەکو "ئۆپۆزیسیۆن" پێناسەدەکرد، خستنیە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و بەناوی ئەوانەوە دەستی وەردەدایە سووریا. ئەم دەستوەردانانە تەنها لە گۆڕەپانی سیاسی، ئابووری و دیپلۆماسیدا نەمایەوە. گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا لە گۆڕەپانەکەدا چالاکن و بەشێک لە جوگرافیای سووریایان بەکردەیی داگیرکردووە. دەوڵەتی تورک گەیشتووەتە ئاستێک کە لە سووریا هەر گۆڕانکارییەک ڕووبدات، تەنها بە "بەڵێ"ـی خۆی قبووڵی دەکات. لە بنەڕەتدا خۆی وەک قەیومێک لە سووریا جێگیرکردووە و سووریا بەڕێوەدەبات. بەڵێ، ئەمڕۆ شەرع و گرووپەکەی دیمەشق بەڕێوەدەبەن؛ بەڵام ناتوانن سەربەخۆ بڕیاری چارەنووسساز بدەن. تاوەکو تورکیا نەڵێت "ئەمە بکەن"، ناتوانن هەنگاو بنێن. تورکیا هەر لە گۆڕەپانی سەربازییەوە بیگرە تا دەگاتە ژێرخانی تەکنیکی، لە گەلێک بابەتدا ڕاستەوخۆ دەستوەردان دەکات. دەڵێت "ئێمە سەربازان و سوپاکەتان پەروەردە دەکەین". سیستەمی ئینتەرنێت و تەلەفۆنی خستووەتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە. میکانیزمە ئەمنییەکان کۆنترۆڵ دەکات، دەستێوەردانی ئابووری دەکات. هەرخۆی بەشێک لە جوگرافیاکەی خستووەتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە. تورکیا دەیەوێت سووریا بگۆڕێت بۆ سیستەمێک کە درێژکراوەی خۆی بێت. کاتێک گەلی سووریا هەوڵدەدات کێشە ناوخۆییەکانیشی چارەسەر بکات، ڕێگری دەکات. بۆ نموونە، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی سووریا نییە، کەچی لە وەزیری دەرەوەی سووریا زیاتر لێدوان لەسەر سووریا دەدات. کاتێک سەیری لێدوانەکانی ڕۆژانەی دەکەین، ئەگەر لێدوانێک لەسەر ڕۆژەڤی ناوخۆی تورکیا بدات، دوو لێدوان لەسەر سووریا دەدات. ئەم دۆخە بە ڕوونی ئاستی دەستوەردانەکە نیشاندەدات. لە لایەکی ترەوە ئاشکرایە کە تورکیا خۆشی لە پرۆسەیەکدایە. ڕێبەر ئاپۆ لە باکووری کوردستان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و کێشەی نێوان کورد و تورک دەستپێشخەرییەکی کردووە. ئەم پرۆسەیە تا ئاستێک چووتە پێشەوە. دەوڵەتی تورکیش لەناوخۆیدا دەڵێت کە بەرامبەر بەم پرۆسەیە هەستیارە و دەیەوێت بچێتە پێشەوە. بەڵام لێرەدا ناکۆکییەکی جددی هەیە. لە لایەکەوە دەگوترێت، "من ئامادەم پرسی کورد لەگەڵ کورد چارەسەر بکەم"، لە لایەکی ترەوە لە سووریا ڕێنادرێت کە پرسی کورد چارەسەر بکرێت. ئەگەر بەڕاستی خواستی چارەسەری ئەم پرسە لە باکوور هەبووایە، ئەوا پشتیوانی لەو یەکێتییەش دەکرا کە لە سووریا هەوڵدەدرێت بنیات بنرێت، هاوکارییان دەکرد و هەوڵی تێکدانی ئەم پرۆسانەیان نەدەدا." 'هەموو گۆڕانکارییە هەرێمییەکان، کاریگەرییان لەسەر سووریاش دەبێت' وتیشی: "ئەمڕۆ چەندن هێزی جیهانی لە سووریادا هەن. هاوپەیمانی نێونەتەوەیی لە ٧٠ دەوڵەت زیاتر پێک دێت. ڕووسیا، ئیسرائیل و تورکیا لە گۆڕەپانەکە چالاکن. لە سووریا گرووپی جیاواز هەیە و هەر یەکێک لەوانەش پەیوەستە بە هێزێکی جیاوازەوە. ئەم تابلۆیە ئەوە نیشان دەدات کە ئەوەی لە سووریا ڕوودەدات سەربەخۆ نییە لە پێشهاتە گشتییەکانی هەرێمەکە. لە ئیسرائیل، لوبنان، عێراق و سعودیە گۆڕانکاری ڕوودەدات. هەموو ئەم گۆڕانکارییانە کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەیە و ڕاستەوخۆش ئەم پڕۆسانە کاریگەری لەسەر سووریاش دادەنێت. لەم پڕۆسەیەدا لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی چ بڕیارێک دەدرێت با بدرێت؛ کاتێک پرسە دەبێتە بڕیارەکان بۆ قوبرس، ئیسرائیل، میسر، ئوردن، سعودیە، تورکیا، ئێران و عێراق، یان تەنانەت بۆ یەمەنیش، بە دڵنیاییەوە دەبێت دۆخی سووریا لەبەرچاو بگیرێت. هەربۆیە ئەمڕۆ هەر گۆڕانکارییەک لە هەرێمەکەدا ڕووبدات، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر سووریا دەبێت. بە هەمان شێوە ڕووداوەکانی سووریاش لەسەر هەموو ئەم دۆسیانە کاریگەری یەکلاکەرەوەی دەبێت". 'دەوڵەتی تورک مەرج بەسەر سووریا دەسەپێنێت' ئاڵدار خەلیل سەرنجی خستەسەر دوایین سەردانەکەی هاکان فیدان بۆ دیمەشق و گوتی: "هاتنی هاکان فیدان بۆ دیمەشق و ئامانجی شاندی یاوەری ڕوونە: مەرجەکانی تورکیا بەسەر دیمەشق دەسەپێنن و دەبێت پلانەکانی داهاتووی تورکیاش قبوڵ بکەن. پەیامەکەیان ئەوەیە: "ئەگەر ڕێککەوتن لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بکرێت، ئەوا بەپێی مەرجەکانی ئێمە دەبێت". تورکیا مەرجەکانی خۆی بەسەر هەموو کەسێکدا دەسەپێنێت. بۆ بەدیهێنانی ئەمە فشاری سەربازی لەسەر ئیدارەی خۆبەڕیوەبەریی درووست دەکات، بە ئاشکرا لە میدیاکاندا هەڕەشە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکات". 'پڕۆژەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی لە پراکتیکدا جێبەجێکراون' ئاڵدار خەلیل باسی لەوەشکرد پڕۆژەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ٢٠١١ـەوە لە جێبەجێکردندایە و گوتی: "ئەوەی باسی دەکەین پڕۆژەیەکی تیوری نییە؛ لە پراکتیکدا جێبەجێکراوە، سیستەمێکی دامەزراوەییە. بە تایبەتی لە دوای ساڵی ٢٠١٤ـەوە ئەم تیۆرەمان گۆڕا بۆ پراکتیک و تا ئێستاش بەردەوامە. ئەم سیستەمە ئەوە نیشان دەدات: کۆمەڵگەیەک، بە شێوەیەکی ناناوەندی و بە ئیرادەی کۆمەڵایەتی خۆیەوە، چۆن دەتوانێت خۆی بەڕێوە ببات؟ چۆن دەتوانێت ئابووری، بەرگری، پەروەردە، تەندرووستی، ڕێکخستن و پێوانە سەرەتاییەکانی دیاری بکات؟ ئەو سیستەمەی ئێمە پێشنیاری دەکەین ئەمە نیشان دەدات. ئەم سیستەمە ئەو سیستەمەیە کە یەکێتی سووریا دەهێنێتە ئاراوە".
هادی عامری و شاندی دانوستانکاری پارتی جەختیان لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق لە زووترین کاتدا کردەوە. عامری دەڵێت "هیوایەکی زۆرمان هەیە 29ـی ئەم مانگە سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانی هەڵبژێردرێن." بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ـی کانوونی یەکەمی 2025، شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح، لە بەغدا کۆبووەوە. هادی عامری دوای کۆبوونەوەکە کە نزیکەی کاتژمێرێکی خایاند؛ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "بەڕێزان لە پارتی شاندێکیان پێکهێناوە بۆ سەردانی بەغدا بەمەبەستی گفتوگۆکردن، نەک تەنیا لەسەر پێکهێنانی حکوومەت، بەڵکوو بۆ چۆنیەتیی چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق. شاندەکە بە سەرۆکایەتیی برای بەڕێزم فازڵ میرانی بوو و سەردانی هەموو لایەنە شیعەکانیان کردووە، ئەمڕۆش سەردانی ئێمەیان کرد." لەبارەی ناوەڕۆکی دیدارەکەیان، عامری ئاماژەی بەوە دا "گفتوگۆکانمان لەسەر چۆنیەتیی پێشخستنی عێراق بوو. یەکێک لە گرنگترین بابەتەکان، پەلەکردن بوو لە پێکهێنانی حکوومەتێکی توانا کە بتوانێت کێشەکانی عێراق چارەسەر بکات." لەبارەی دیاریکردنی کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح دووپاتی کردەوە "کاندیدی سەرۆک وەزیران بابەتێکی تایبەتە بە چوارچێوەی هەماهەنگی و ئینشائەڵڵا دەگەینە ڕێگەچارەیەک." عامری جەختی کردەوە، پێویستە سیمای حکوومەتی داهاتووی عێراق بە شێوەیەک بێت "هەمووان تێیدا بەشداربن و هەمووان بەرپرسیارێتییەکەی لە ئەستۆ بگرن. نابێت حکوومەتی ئیمتیازات بێت، بەڵکو حکوومەتی بەرپرسیارێتییە و هەمووان بەرپرسیارێتیی تەواو لە ئەستۆ دەگرن بۆ سەرکەوتنی ئەم حکوومەتە. سەرکەوتنی ئەم حکوومەتە، سەرکەوتنە بۆ عێراق و بۆ هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراق، بە عەرەب و کورد و سوننە و شیعە و کەمینەکانییەوە." لەبارەی پێکهێنانی حکوومەت لە وادەی دەستووری خۆیدا، ناوبراو جەختی کردەوە "هیچ بژاردەیەکمان نییە جگە لەوەی فشار لە خۆمان بکەین و ڕێز لە وادە دەستوورییەکان بگرین و پابەند بین پێیانەوە کە دەستوور دیاری کردوون." لەبارەی یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق و هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح ڕوونیکردەوە "دادگای فیدراڵی پێشتر دانیشتنی کراوەی هەڵوەشاندووەتەوە، ئیتر دانیشتنی کراوە و بەردەوام بوونی نییە. دانیشتنێک دەبێت و دەبێت یەکلایی بکرێتەوە." عامری گوتی "ئێمە هیوایەکی گەورە و متمانەیەکی زۆرمان بە هەموو برایان هەیە کە سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانی لە ڕۆژی ٢٩ی مانگدا یەکلایی بکرێنەوە. دوای ئەوەش بابەتی دیاریکردنی سەرۆک کۆمار و هەڵبژاردنی دێتە پێشەوە. دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، کاندیدی گەورەترین کوتلە بۆ پێکهێنانی حکوومەت ڕادەسپێردرێت."
سۆزدار حاجی، فەرماندەی گشتی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)، رەشبینی خۆی لە بارەی دانوستانەكانی ئێستا لەگەڵ دیمەشق دەربڕی و رایگەیاند: رێککەوتنە راگەیەندراوەکان وەرنەگێڕدراون بۆ هەنگاوی کرداری لەسەر زەوی، لە کاتێکدا ترس لە نوێبونەوەی گرژییە سەربازییەکان لە چەند بەرەیەک لە باکوری سوریا ل هەڵكشاندایە. سۆزدار حاجی، کە هاوکات ئەندامی فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەندامی تیمی دانوستانکارە لەگەڵ حکومەتی سوریا، لە لێدوانێكدا بە پێگەی هەواڵی "theamargi"ی وتووە: گفتوگۆکان لەگەڵ دیمەشق هیچ پێشکەوتنێکیان بەخۆوە نەبیینوەو پەیوەندییەکانیش بواری گفتوگۆ تێنەپەڕاندووە. ئاماژەی بەوەشکرد: وادەی دیاریكراو بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی ١٠ی ئازار نزیک دەبێتەوە بەبێ ئەوەی هیچ پێشکەوتنێکی بەرجەستە لە ئاردابێت و، دۆخی سەر زەوییش رەنگدانەوەی كەشوهەواوی هێوربونەوەی راستەقینە نییە، بە لەبەرچاوگرتنی بەردەوامی پێکدادانە بچڕپچڕەكان لە بەرەكانی روباری فورات. فەرماندەی گشتی پەپەژە باسی لەوەشكرد: ئەوەی ئێستا لە ئارادایە ناتوانرێت بە دانوستان وەسف بکرێت، بەو پێیەی لایەنی بەرامبەر هەوڵدەدات دیدگای خۆی سەبارەت بە تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموكرات لە پێکهاتەیەکی سەربازی نوێدا بسەپێنێت، بەبێ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی سیاسی روون، کە گەرەنتی هاوبەشی و نوێنەرایەتی بکات. رونیشی کردەوە: ناکۆکی سەرەکی لە بارەی میکانیزمی مامەڵەکردنە لەگەڵ هەسەدە، ل بەر رۆشنایی پێشنیازێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی و تێکەڵکردنی ئەندامەکانی بە تاک لە سوپای نوێدا، لەبری ئەوەی پێکهاتەی ئێستای بپارێزێت.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەڵێت: كۆمەڵێك گروپی توندڕەو لەناو حكومەتی دیمەشق چارەسەرو رێككەوتنیان ناوێت، بە تایبەت ئەو گروپانەی كە پێشتر بۆ دەوڵەتی توركیا كاریان كردووەو ئێستا تێكەڵاوی هێزەكانی حكومەت بوون، لە نمونەی، ئەوانەی ناویان لە خۆیان نابوو "سوپای نیشتمانی" ئەوانەی عەفرینیان و عەزازو ناوچەكانی تریان داگیركرد. مەزڵوم عەبدی لە چاوپێكەوتێندا لەگەڵ كەناڵی " aryen tv" وتیشی: ئەوانە ئێستا بوون بە بەشێك لە دەوڵەت و دژی ئێمەو دژی گەلانی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا دۆخەكە ئاڵۆز دەكەن. وێڕای ئەوەی كۆمەڵێك گروپی جیهادی هەن، ئەوانیش دیسان دژایەتیمان دەكەن و نایانەوێت ئارامی بەرقەراربێت. فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات ئاماژەی بەوەشكرد: زۆرێك لە نەیارەكانمان دەڵێن: رێككەوتنی (10)ی ئازارو كۆتایی ئەمساڵ، كۆتایی شۆڕشی رۆژئاواو هەسەدەیە، بەڵام ئێمە دەڵین، كۆتایی ئەمساڵ بۆ ئێمە سەرەتایە نەك كۆتایی، سەری ساڵی 2026 دەستپێكی نوێیەو پێشكەوتن و ئاوەدانكردنەوە دەبێت. ساڵی (2026) بۆ كوردان دەبێتە ساڵی یەكێتی نەتەوەیی، ئێمە لەهەموو كات زیاتر نزیكتر دەبین لەوەی كورد لە هەر چوارپارچەی كوردستان و دیاسپۆرا یەكێتی خۆیان رێكبخەن و كۆنگرەی نەتەوەیی خۆیان ببەستن و سیاسەتێكی هاوبەشیان هەبێت، بۆ رۆژئاوای كوردستان (2026) دەبێتە ساڵی ئازادی و ساڵی مسۆگەركردنی ستاتیۆی خۆی لە دەستوری سوریادا.
ئالدار خەلیل، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆكایەتی پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە)لە وەڵامی هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا كە وتى، دان بەخۆگرتنیان بەرەو كۆتایی دەڕوات رایگەیاند: لەبنەمادا ئەگەر قسە لەسەر كۆتایهاتنی دان بەخۆگرتن بێت، ئەوا ئێمە جەخیتدەكەین لەوەی خەریكە دان بەخۆگرتنمان كۆتایی دێت، ئێمە دەیان ساڵە روبەڕوبەڕی ستەم و چەوساندنەوە دەبینەوە، دەمانەوێت سەرلەنوێ وڵاتەكەمان بونیادبنێینەوە. ئالدار خەلیل، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "الحدث" رایگەیاند: وەزیری دەرەوەی توركیا وەزیری دەرەوەی كۆماری توركیایە نەك وەزیری دەرەوەی توركیا، هێندەی ئەو دەستوەردان لەم پرسەدا دەكات و باس لە كۆتایهاتنی دانبەخۆداگرتن دەكات، وەزیری دەرەوەی سوریا قسەی لەسەرناكات. وتیشی: ئێمە هاوڵاتی سورییاین و دەتوانین لەنێوان خۆماندا كێشەكانمان چارەسەربكەین، بۆچی ئەو دەستوەردان دەكات، بۆچی دان بەخۆداگرتنی كۆتایی دێت، ئەو دەتوانێت وەك وڵاتێكی دراوسێتی رای خۆی بخاتەڕوو ئەگەر مەترسی هەبێت، بەڵام قسەكردن بەوشێوازە دەبێتە هۆی دروستكردنی بەربەست لەبەردەم چارەسەر، ئێمە دڵنیاین لەوەی ئەگەر دەستوەردانی توركیا نەبوایە تائێستا هەنگاوی گەورەمان بڕیبوو لە جێبەجێكردنی بڕگەكانی رێككەوتنی (10) ئازار، بەڵام ئەوان دەستوەردان دەكەن بەشێوەیەكی نەرێنی.
جوان رۆژبەیانی لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی کۆمیتەی ناوەندنی پارتی دەڵێت: دوو شاندی دانوستانکاری جیاواز بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستنیشانکران. شێوازی گفتوگۆی شاندەکە بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی دەستکەوتەکانی هەڵبژاردن دەبێت. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی کانوونی یەکەمی 2025، کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی و بە ئامادەبوونی جێگران و ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی بەڕێوەچوو. لەوبارەوە جوان ڕۆژبەیانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتوێ کران و دوو شاندی دانوستانکاری جیاواز بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دیاری کران. سەبارەت بە شێوازی دانوستانەکان، جوان ڕۆژبەیانی ئاماژەی بەوە دا، ئەمجارە بەگوێرەی دەستکەوتەکانی هەڵبژاردن، شێوازی گفتوگۆی شاندەکە بۆ پێکهێنانی حکوومەت جیاوازتر دەبێت لەوەی پێش هەڵبژاردن. لەسەر پرسە سیادییەکان، ڕۆژبەیانی ڕوونی کردەوە: "پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی کوردە، بەڵام مەرج نییە ئەو پۆستە تەنیا بۆ پارتی یان یەکێتی بێت، بۆیە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت کە بەر چ لایەنێکی کوردی دەکەوێت." لە کۆتاییدا ڕایگەیاند، گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەردەوام دەبێت و باس لە دابەشکردنی پۆستەکانیش دەکرێت. جەختیشی کردەوە: "ئەگەر پێشتر پارتی سازشی لەسەر هەندێک پۆست کردبێت بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی ، ڕەنگە ئەمجارە شێوازی گفتوگۆکان گۆڕانکارییان بەسەردا بێت.
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، حکومەت بەرەو جێگیرکردنی نرخی دراو هەنگاو دەنێت نەک ناوەناوە گۆڕینی، جەختیش دەکاتەوە کە یەدەگی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ 108 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە و قەرزە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی سەر عێراقیش 47 تریلیۆن دینارە. محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی عێراقییەی حکومی ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا یەدەگی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ 108 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە، یەدەگی زێڕی عێراقیش لە 130 تۆنەوە بۆ 172 تۆن بەرزبووەتەوە، کۆی قەرزی دەرەکی عێراقیش 10 ملیار و 56 ملیۆن دۆلارە، کۆی قەرزی ناوخۆش 34 تریلیۆن دینارە. محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ كەناڵی عێراقیە: 🔹پێشبینی دەکەم چیتر پەنا بۆ بودجەی سێ ساڵە نەبەین. 🔹بودجەی عێراق لە ساڵی 2024دا 24 ملیار دۆلار بووە. 🔹ژمارەی فەرمانبەران لە ساڵی 2025دا چوار ملیۆن و 550 هەزار فەرمانبەرە. 🔹ژمارەی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی دوو ملیۆن و 960 هەزار کەسە. 🔹 (43)ملیۆن هاوڵاتی سودمەندن لە پسوڵەی بەشە خۆراکی. 🔹 چوار ملیۆن و (500) هەزار کەسی ناشایستە بەشە خۆراکیان وەرگرتبوو. 🔹 ساڵانە زیاتر لە 22 ترلیۆن دینار بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا خەرج دەکرێت. 🔹 ساڵانە 6 ترلیۆن دینار بۆ چاودێری کۆمەڵایەتی تەرخان دەكرێت. 🔹 لە بودجەی ساڵانە بڕی 12 ترلیۆن دینار بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان تەرخان دەکرێت. 🔹چاکسازی بەرچاومان كردووە بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان و بەفیڕۆدانی دارایی. 🔹 پێداچوونەوە بە گرێبەستەکانی پێشووی کارەبادا بووە هۆی پاشەکەوتکردنی 43%ی تێچووی پێشوو. 🔹هەندێک رێکخستنی دامەزراوەیی رەتدەکەنەوە، چونکە لەسەر ئاژاوە دەژین. 🔹 سیستەمی ئەسیكۆدا بە ڕوونی جێبەجێ کراوەو کۆنترۆڵی دەروازەو گومرگی هەیە. 🔹 کارمان کرد بۆ کاراکردنەوەی سیستمی باج بە شێوەیەک کە زیان بە هاووڵاتیان نەگەیەنێت. 🔹 هیچ وڵاتێکی جیهانی نییە قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی نەبێت. 🔹هەموو ئەو بودجانەی لەلایەن حکومەتەکانی پێشووەوە پەسەندکرابوو، کورتهێنانی دارایی هەبووە. 🔹 کۆی قەرزی دەرەکی 10 ملیارو (56) ملیۆن دۆلارە. قەرزی دەرەکی عێراق لە نێو وڵاتانی ناوچەکەدا کەمترین ئاستە. 🔹 قەرزی ناوخۆ نزیکەی ٣٤ ترلیۆن دینار. 🔹 حکومەتی داهاتوو بەهۆی کورتهێنانەوە ناچار دەبێت قەرز بکات. 🔹 دەكرێت قەیرانی دارایی بە بێ زیانگەیاندن بە هاووڵاتیان تێپەڕێنرێت. 🔹 دۆخی دارایی عێراق جێگیرەو یەدەگی دراوی بیانی بۆ 108 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە. 🔹 یەدەگی زێڕی عێراق لە 130 تەنەوە بۆ 172 تەن زیادی کردووە. 🔹 رێژەی هەڵاوسان لە 7.5% بۆ 2.7% دابەزیوە. 🔹 حکومەت توانیویەتی کەلێنی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو کەم بکاتەوە. 🔹خواستی سەقامگیریمان هەیە لە جێگیرکردنی نرخی ئاڵوگۆڕ و نەگۆڕینی هەموو كاتە نا كاتێك. 🔹پشتگیریمان لە چاکسازی لە بانکە ئەهلییەکان و گەڕانەوەیان بۆ بازاڕ کرد.. 🔹کاتی ئەوە هاتووە پێداچوونەوە بە نایەکسانیەکانی پێوەرەکانی مووچەی کەرتی گشتیدا بکرێت. 🔹 (34)یاسا و فەرمانی تایبەت بە مووچەی کەرتی گشتی هەیە. 🔹 یاساکانی تایبەت بە دەرماڵەی زیادە کە زیاتر لە 60%ی مووچە پێکدەهێنن، دەبێت هەموار بکرێتەوە. 🔹 (50%) کاتەکانم بۆ چاودێریکردن و پەرەپێدانی کەرتی تایبەت تەرخانکراوە. 🔹مۆڵەتی وەبەرهێنانمان بەخشیوە بە بەهای 100 ملیار دۆلار بۆ پڕۆژەکانی ئێستا. 🔹 وەبەرهێنان هەیە کە لە گفتوگۆدایە کە زیاتر لە ١٠٠ ملیار دۆلارە. 🔹 (66)شەقام لە شاری سەدر پەرەپێدەدرێت لە بەرامبەر مۆڵەتی وەبەرهێنان بە بڕی 200 دۆنم. 🔹 پرۆژەی پەرەپێدانی چوار کێڵگەی نەوتی کەرکوک بەهای 26 ملیار دۆلارە. 🔹 بەهۆی شەفافیەتی ئەو ڕێکارانەی کە حکومەت پەسەندی کردبوو، کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل گەڕایەوە. 🔹 کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل و شیڤرۆن و هالیبێرتۆن خاوەنی تەکنەلۆژیا و تەکنیکە مۆدێرنەکانن. 🔹 شارە نیشتەجێبونەکان بژاردەی جێگرەوە بۆ هەموو چینە کۆمەڵایەتییەکان دابین دەکەن. 🔹 سوتانی غازی هاوەڵ دەبووە هۆی زیانی ساڵانەی ٥ ملیار دۆلار.
هاوسەرۆکی پەیەدە رایگەیاند: تورکیا دەستوەردان لە کاروباری سوریا دەکات و وەک ویلایەتێکی خۆی سەیری دەکات، هەر ئەویش رێگرە لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئادار، سەرەڕای ئەوەی رێککەوتنەکە گەرەنتی ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە، بەڵام تورکیا سورە لەسەر ئەوەی هەسەدە بێ چەک بێت. غەریب حەسۆ، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند: ماوەی ساڵێک بەسەر تەمەنی حکومەتی کاتی سوریادا تێپەڕیوە، بەڵام خەڵکی سوریا بەدەر لە ئازار هیچ شتێکی لەم حکومەتە نەچنیوەتەوە، چونکە باوەڕی بە فرەڕەنگی نییە. هەموو گروپە توندڕەوەکان بە داعشیشەوە لە خۆیدا کۆکردوەتەوە. نازانین حکومەتی راگوزەر چی سودێک لەم کارانەدا دەبینێت. لەو چاوپێکەوتنەیدا لەگەڵ ئاژانسی فوراتنیوز، غەریب حەسۆ رایگەیاند: بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانر 10ـی ئادار لە نێوان حکومەتی کاتی سوریا و ئیدارەی خۆبەرێوەبەرییدا واژۆ کراوە و کاریگەرییە ئەرێنییەکانیشی دەرکەوتن، بەڵام دیمەشق هەنگاوی پێویستی نەگرتوەتەبەر. بەوتەی حەسۆ، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ئامادەن بۆ چارەسەر، بەڵام تورکیا رێگرە، وتیشی: "بۆ جێبەجێکردنی ماددەکانی رێککەوتنی 10ـی ئادار شاندەکانمان ئامادەن، چونکە بە تەنها بابەتی بەرگری ناگرێتەوە، بەڵکو لایەنی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابوری، ژن و گەنجانیش لە خۆ دەگرێت، بەڵام لایەنی بەرانبەر تەنها جەخت لەسەر لایەنی سەربازی دەکەنەوە." ووتیشی: "کورت و پوخت تورکیا رێگرە لە بەرکاربوونی رێککەوتنی 10ـی ئادار، قسەی سەر زمان و بن زمانی تورکیا بچووکردنەوەی هەسەدەیە، هەسەدە لەگەڵ دیمەشقدا گەیشتە ئاستێک لە رێککەوتن، بەڵام تورکیا و دیمەشق رێگرن لە کردەیبوونی رێککەوتنەکە. هاکان فیدان هەڕەشە لە ئیدارەکەمان دەکات، وتەبێژی ئاکەپە هەمانشێوە. ئەم دۆخە لە سوودی گرووپە توندڕە و نەژادپەرستەکانە. لە دژی ئێرادەمان دەوەستنەوە و پەرە بە گوتاری رقئامێز دەدەن، تورکیا دەستوەردان دەکات، بەڕاستی بەم شێوەیە هاوپەیمانی درووست نابێت." سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی، غەریب حەسۆ نیگەرانی خۆی نیشاندا و رایگەیاند: تورکیا دەستی داوەتەوە پرۆسەیەک و تاوتوێی چارەسەری دەکات. بێگومان ئێمەش پشتگیری دەکەین و هیوادارین بگات بە ئامانج، بەڵام راستییەکی تاڵە، ئەو سیاسەتەی تورکیا لە سوریادا بەڕێوەی دەبات مەترسییەکی گەورەیە لەسەر پرۆسەکە." غەریب حەسۆ، هاوسەرۆکی گشتی پەیەدە جەختی لەوەکردەوە چارەسەری لە سوریادا بە دیالۆگ دێتە ئاراوە ووتی: “ترسی تورکیا لە کشانی مۆدێلی ئیدارەی خۆبەڕیوەبەریە بەسەر هەموو سوریادا. گەر تورکیا دەیەوێت رۆڵی هەبێت لە ئاشتییدا دەبێت لەگەڵ هەموو لایەنەکان دیالۆگ بکات. دەبێت دەرگای دیالۆگ لەگەڵ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریدا بکاتەوە و کۆتایی بە داگیرکارییەکانی لە سوریادا بهێنێت و لەم وڵاتە بچێتە دەرەوە.”
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت: هێزەكانی سوریای دیموكرات، كە رێكخراوی پەکەکە/یەپەگە بڕبڕەی پشتی پێكدەهێنن، بوێری و پشتیوانی راستەوخۆ لە ئیسرائیلەوە وەردەگرێت و هەرگیز شانبەشانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دژی رژێمی ئەسەد جوڵەی نەکردووە. وتیشی: چارەسەری دۆخی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا دەبێت لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکرێت نەک هێز، وەک لە رێککەوتنی 10ی ئازاردا هاتووە، بەردەوامی دۆخی ئێستا هەڕەشە لە ئاسایشی سوریا و تورکیا و وڵاتانی دراوسێ دەکات. وەزیری دەرەوەی توركیا، لە میانی چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لە " تیڤی نێت"ی توركی، بەپێویستی زانی دەستبەجێ هێزەکانی سوریای دیموكرات دەستبەرداری تاکتیکی دەستی دەستی بێت و بەرەو یەکگرتن و جێبەجێکردنی رێککەوتنی ١٠ی ئازار هەنگاو بنێت. ئاماژە بەوەشكرد: بیانوی بەرەنگاربونەوەی داعش چیتر پاساوێک نییە بۆ درێژکردنەوەی هەژموون و دەسەڵاتی هەسەدە. سەبارەت بە پڕۆسەی داماڵینی چەک لەلایەن پارتی كرێكارانی كوردستانیشەوە وتی: تورکیا بە شەفافیەتێکی بەرز و زۆر باش مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتە دەکات و هیچ شتێكیشمان نەبیستووە لەبارەی ئەوەی رێکخراوەکە بەنیازە چی بکات. هاكان فيدان جەختیشی کردەوە: کێشەی باشوری سووریا لە خودی قەبارەكەیدا نییە، بەڵکو لەوەدایە ئیسرائیل بووەتە لایەنی دەستوەردانەكەر، کە ژینگەیەکی مەترسیدار دروست دەکات و، دۆخی باشوری سوریا رەنگە لە ئێستادا گەورەترین ناوچەی مەترسیداربێت بۆ ئێمە.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، لە وتەیەكدا بە بۆنەی یادی (١٠) ساڵەی دامەزراندنی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات، جەختى کردەوە کە دەبێت رێککەوتنی ١٠ی ئازار بناغەی سوریای نوێ بێت. هەروەها وتیشى: ئێمە وەک هێزەکانی سوریای دیموكرات و هێزە سەربازییەکانی باکوری رۆژهەڵاتی سووریا، پابەندین بە رێککەوتنی ١٠ی ئازار. بەشێکى دیکەى پەیامەکە.. ــ کێشەکانمان لە سوریا لەچەند رۆژێکی كەمدا چارەسەر نابن. ــ وڵاتانی دراوسێ وەک جاران دوژمنایەتیمان ناکەن و گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە. ــ کارکردن لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بە حەسەکە، دێرزور و رەقە بەردەوامە، پێویستە ئەم شارانە بە پێی پرەنسیپی نا ناوەندی خۆیان بەڕێوەببەن. ــ ئەنجومەنی سوریای دیموکرات رۆڵێکی گرنگی هەیە لە سوریای نوێدا، بەو پێیەی چەتری سیاسی هێزەکانی سوریای دیموكراتە. ــ زۆر بابەتی تر هەیە کە کاری لەسەر دەکرێت، چ لە ڕووی ئیداری و چ لە ڕووی دیکەوە.
دوران کاڵکان ئەندامی ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکانی عەبدوڵا ئۆجالان ئاماژەی بە گرنگی قۆناغی ئێستای پرۆسەکە کرد و گوتی: "پرۆسەیەکی یەکلاکەرەوەیە، مرۆڤ دەبێت زۆر ئاگاداربێت، چونکە پرۆسەیەکی کاتیی نییە بەڵکو پرۆسەیەکی ژیانییە." دوران کاڵکان ئەندامی ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکانی عەبدوڵا ئۆجالان دوێنێ ئێوارە لە بەشداری بەرنامەیەکی تایبەتی مەدیا خەبەر تیڤییدا هەڵسەنگاندنی بۆ بابەتەکانی؛ قۆناغی ئێستای پرۆسەکە و گرنگی کۆبوونەوەکەی ئیمراڵیی کۆمیسیۆن کە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا ئەنجامدرا و پێشهاتە سیاسییەکانی تورکیا و هەرێمەکە کرد. 'پێویستە بە گرنگ تەماشای کۆبوونەوەکەی ئیمراڵی بکرێت' دوران کاڵکان سەرنجی خستە سەر ئەو ڕەخنانەی پەیوەست بە کۆتایهاتنی کارەکانی کۆمیسیۆنەوە لە ئارادان و گوتی: "لە کۆتاییدا شاندێک ڕۆشتنە ئیمراڵی و لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ کۆبوونەوە. بەشێک لە تێبینی و کۆنووسەکانی کۆبوونەوەکەدا بۆ ڕای گشتی بڵاوکرایەوە. پوختەی کۆبوونەوەکە لە کۆمیسیۆنی پەرلەماندا ئاشکرا کرا و لە ڕێگەی میدیاکانەوە لە ناو ڕای گشتییدا بڵاوبووەوە. هەموو ئەمانە هەنگاوی گرنگن. بەشداری پەرلەمان لەم ئاستەدا بە کۆیی کارەکانییەوە، بە کۆبوونەوەیشی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ هەموو هەنگاوی گرنگ بوو، پێویستە مرۆڤ بە گرنگییەوە لەم کارانە بروانێت." 'پرۆسەیەکی ژیانییە، نەک کاتی' کاڵکان لە بەردەوامییدا ئەمەی گوت: "ئەنجامی کۆبوونەوەکەی شاندەکەی کۆمیسیۆن و ڕێبەر ئاپۆ، ڕاگەیاندنی ئەنجامەکەی لە کۆمیسیۆندا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت. بێگومان ئاساییە مشتومڕ و بۆچوونی جیاواز هەبێت. ئەم گفتوگۆیانە دەرخەری دۆخێکی تەندرووستە. دەگوترێت، کارەکانی کۆمیسیۆن لەسەر ئەم بنەمایە گەیشتووە بە خاڵێکی گرنگ و کاریگەر. خودی سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەم خاڵە دا و بە ڕای گشتی ڕاگەیاند. لە ئێستادا ڕاپۆرتی لایەنەکانی کۆمیسیۆن وەدەگیرێت. کۆمیسیۆن دەڵێت، لەسەر شێوەی چوارچێوەی سیاسی و یاسایی پرۆسەکە، ڕاپۆرتێکی بەرفروان پێشکەشی پەرلەمان دەکات. بەڕاستی ئەمە گرنگە. یانی ئەنجامی کارەکانی خۆی ڕادەگەیەنێت و کۆمیسیۆن پێشنیارەکانی ڕادەستی پەرلەمان دەکات. خاڵێکی یەکلاکەرەوەیە کە پەرلەمان سیاسەتی پرۆسەکە بەڕێوەدەبات، پێویستییەکانی پرۆسەکە جێبەجێ دەکات. چۆن دەبێت؟ چ ڕاپۆرتێک ئامادە دەکرێت و پێشکەش دەکرێت؟ ناوەڕۆکەکەی چۆنە؟ بێگومان ڕاوەستە لەسەر ئەمانە دەکەین و بەدواداچوونی بۆ دەکەین و دەیبینین. درووست نییە لە ئێستاوە هیچ شتێک لەسەر ئەم بابەتە بگوترێت، باشترە لە کاتی خۆییدا بۆچوونمانی لەسەر دەربرین. بۆیە لە ئێستادا ئێمە و ڕای گشتیش سەیری دۆخەکە دەکەین. بێگومان کاتێک هەنگاوێ نوێمان بینی بۆچوومانی لەسەر دەڵێیین، هەموو کەسێک هەڵوێستی خۆی دەردەبڕێت. قۆناغێکی یەکلاکەرەوەیە، دەبێت مرۆڤ زۆر ئاگاداربێت. پێویستە بە هەستیارییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. هەمیشە جەختمان لەمە کردووەتەوە؛ ئەم پرۆسەیە پرۆسەیەکی کاتیی نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی هەمیشەیی و ژیانییە. ڕێبەر ئاپۆیش چەندین جار جەختی لەمە کردووەتەوە. پرۆسەکە بۆ تورکیا و داهاتووی کورد و هەموو ناوچەکە و مرۆڤایەتیش گرنترین پرۆسەیە. ئەوانەی بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ پرۆسەکەدا ناکەن زۆر بە هەرزانی هەڵسەنگاندی بۆ دەکەن. بێگومان مرۆڤگەلێکی لەم شێوەیەش هەیە. پلانسازی سەد ساڵی، هەزار ساڵی بەڵام دەبێت مرۆڤ گوێ لەوانە نەگرێت. دەبێت مرۆڤ جددیەت و مانای پرۆسەکە ببینێت، بزانێت پرۆسەکە ڕێگری لە چ جۆرە کارەساتێک دەکات، چ جۆرە ئاییندەیەک درووست دەکات، چ ئاییندەیەکی دیموکراتیک درووست دەکات. ڕێبەر ئاپۆ گوتی: 'پلانسازی سەد ساڵ، هەزار ساڵە دادەڕێژین. لەسەر بنەمای خوشک-برایەتی و گەلانی تورک-کورد و گەلان، جیهانێکی نوێ بنیات دەنێین کە پشت بە خوشک-برایەتی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و یەکێتی دیموکراتیک دەبەستێت.' بە واتایەکی تر ئێمە دەڵێین سیستەمێکی جیهانی هەیە. خەریکە هەموو جیهان دەبێتە گوندێک. هەمووان ئیدی بە شێوەیەکی جیهانیی مامەڵە دەکەن. سیستەمی سەرمایەداری پێکهاتەیەکی هەژموونخوازی جیهانیی درووست کردووە. دەبینرێت سەد ساڵە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان خستۆتە چ حاڵێکەوە. ئەم دۆخە نەرێنییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەری لەسەر هەموو جیهان داناوە. فشار و داگیرکاری ئەزموونکردووە. ئەوەندە خراپەکاری، شەڕ، برسێتی، قەیران لە جیهاندا هەیە، لە ئێستادا کە کێشەی ئاو سەرهەڵدەدات و ڕێشەکەی لە سەختبوونی شەڕەکاندایە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان گەیاندووەتە دۆخێک، کە پرسی کورد بنکەکەیەتی. ڕێبەر ئاپۆ گوتی، 'هەوڵ دەدەین هەموو ئەمانە چارەسەر بکەین'. دەبێت مامەڵەیەکی درووست نیشان بدرێت لەم دواییانەدا شاندی دەم پارتی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ کۆبوونەوەی ئەنجام دا. لەسەر بۆچوونەکانی وی ڕاگەیاندراوێک بە میدایاکان درا. ڕاگەیاندراوەکان زۆر گرنگ بوون. ڕێبەر ئاپۆ جگە لەوەی جەختی لەسەر گرنگی پرۆسەکە بۆ ئاستی نێونەتەوەیی کردەوە، بانگەوازی لە ڕای گشتیی ناوخۆیی و کۆمەڵگەش کرد. بە واتایەکی دیکە جەخت لەوە دەکرێتەوە کە دەبێت هەمووان بە درووستی لە پرۆسەکە نزیک ببنەوە. ڕاشیگەیاند، دەبێت کۆمەڵگە بە درووستی درکی پێ بکات. هەموو ئەمانە بانگەوازی یەکێتی و یەکگرتووین. پەیامی زۆر گرنگ بوون. بێگومان ئەگەر دەرفەتی بەهێزتری بۆ بڕەخسێت پەیامی گرنگتر بە ڕاگشتیی دەدات". 'دەزانین پڕۆسەکە سەختی و دژواری خۆی هەیە' کاڵکان ئاماژەی بەوەشدا، هەمووان پەرلەمان وەک ناونیشانی چارەسەریی نیشان دەدەن و گوتی: "لەو کاتەدا دەبێت پەرلەمان ئەم ئیرادەیە نیشان بدات، توانای خۆی دەرخات. هەربۆیە دەبێت بتوانێت زیاتر خاوەنداری لە پرۆسەکە بکات. بە واتایەکی تر شەڕ هەیە ڕێگەی چارەسەری دادەڕێژرێتەوە. ئەو لایەنانەی شەڕیان کردووە کۆدەبنەوە. دەبێت ئەم کۆبوونەوەیە بە جدی هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت و بەشداری تیدا بکرێت. ئەمە سەرەتاییترین شت بوو، هەندێک فشار هەیە. لە ڕاستیدا لە پرۆسەکەدا سەختی و دژواری هەیە، هەست بەمە دەکەین. بە واتایەکی تر بۆ هەموو کەسێک سەختی هەیە. سەختی و دژوارییەکان لایەنێکن، بەردەنگمان هەیە، بەڵام هەبوونی ئەم سەختییانە نابێت بکرێتە بیانوویەک بۆ ئەوەی سیاسەت بێدەنگ بکرێت و بە لاوازی نزیک ببنەوە. سیاسەتی تورکیا لەم چوارچێوەیەدا ڕووبەڕووی ئەزموونێکی مێژوویی و جدی بووەتەوە. نەیتوانی ئەزموونێکی باش لە پرۆسەی ڕابردوودا نیشان بدات. ئێستا دەتوانێت ئەزموونێکی باش نیشان بدات و هەنگاوێک بنێت یا نا؟ گرنگترین لایەن ئەم پرسیارەیە. واتە دەبوو ئەزموونێکی درووست دەرکەوتایە بەڵام وانەبوو." 'جەهەپە بەم ئەزموونەوە خاڵێکی لەدەستدا' کاڵکان سەبارەت بەو لایەنانەی نەچوونە ناو شاندەکە و ڕەخنەدانی خۆیانیان دایەوە وتی: "ئەو لایەنانەی نەچوونە ناو شاندەکە دواتر ڕەخنەدانی خۆیانیان نیشاندا، بەڵام بۆ هەندێک کەس دەتوانین بڵێین 'داوای لێبوردنیان لە کەموکورتیەکانیان گەورەتر بوو'. کردەوە و قسەکانی جەهەپە لە گەڵ یەک نەهاتنەوە. جەهەپە بۆ ئەمە وڵامێکی دەبێت. یانێ ئێستا مشتومڕ لە نێوانیان هەیە و دەڵێن لە نێوان هاوڕیانماندا دەستوەردان هەیە. باسی ئەوە دەکەن هەم لەناو فراکسیۆنی یەنی یۆل و هەم لە ناو جەهەپەدا دەستوەردان هەیە. ڕێبەر ئاپۆش هۆشداریی دابوو و وتبووی؛ 'دەتوانرێت میکانیزمی کودەتا لە هەر کاتێکدا بەکار بهێنرێت، لە ژێروە کار دەکرێت'. بۆیە دەبێت کاریگەری ئەوانەش هەبێت. بەڵام قسە و کردەوەیان یەکی نەگرت، یانێ بەو ئەزموونەوە خاڵێکیان لەدەستدا. لەوانەیە هێشتا یەکگرتوو بن بۆ نموونە، لایەنەکانی فراکسیۆنی یەنی یۆل زۆر قسەیان دەکرد. تەنانەت ئەگەر بۆچوونەکەشیان لە پەرلەمان پەسەند نەکرا، کاتێک شاند پێکهێنرا، دەبوو ئامادە بووان بۆ ڕۆیشتن بۆ ئیمراڵی. پاشان جەهەپە باسی لە چارەسەری دیموکراسیانەی پرسی کورد دەکرد. ئەگەر بەڕاستی یەکگرتوو ببووان، بێگومان بەردەنگی چارەسەری پرسی کورد ڕێبەر ئاپۆیە. ئۆزگور ئۆزەل لە ئامەد بەڵێنێکی بە ڕای گشتی دا و وتی؛ 'گەلی کورد هەرچییەک بڵێت، لەلای ئێمەش پەسەندکراوە. گەل دەڵێن 'ئیرادەمان لە ئیمراڵییە' بەڵام ئێوە ئەو ئیرادەیە قبوڵ ناکەن، دەڵێن ئێمە ئیرادەی کورد دیاری دەکەین. ئەی لە کۆێیە دیموکراسی؟ ئەی کوا چارەسەری دیموکراسی؟ زۆر و گوشارەکانی جەهەپە هێشتا گەورەترن. گۆڕانکاری شەڕی دەسەڵاتداری دەکرێت. بەڵام ئەگەر بەهەمان شێوەش بەردەوام بێت دیسان ناتوانێت شتێکی جیاواز بخوڵقێنێت، بۆیە دەبێت وریاتر بێت. بە کورتی دەبێت یەکدەنگ و یەکگرتوو بێت. هەروەها دەبوو ئەنجامی کۆبوونەوەکەی ئیمراڵی بەشێوەیەکی دروست و ڕەزامەندانە پێشکەشی کۆمسیۆنی پەرلەمان بکرێت. لەبەر ئەوە هیچ شتێکی شاراوە نییە. بۆچی لە بۆچوونەکانی رێبەر ئاپۆ دەترسن؟ من لەمە تێناگەم." 'دەبێت پەرلەمان نەترسێت' دوران کاڵکان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی کە پێشکەشی کۆمیسیۆن کرا، لە قسەکانی ڕێبەر ئاپۆ زیاتر، قسەکانی شاندەکە بۆ خۆیان بوون و وتی: "بۆچوونەکانی ڕێبەر ئاپۆ ڕانەگەیەندراون. ئێوە چوون بۆ کۆبوونەوە، ئێوە پێویستتان بە کۆبوونەوە بینی، بۆیە دەبوو لەو کاتەدا کارێک بکرایە. ئیمە چۆن باسی بکەین؟ دەبوو باسی ئەو بۆچوونانە بکرایا. بەڵام لەوە دەترسن. ئەمە ڕاستیەکەیە، ئایا دەکرێت بەمە بوترێت شۆڤێنیزم؟ دەتوانین بڵێین ئەمە نزیکبوونەوەیەکی نەتەوە پەرەستانەیە. جەهەپە لەبری ئەوەی بچێت بۆ ئیمراڵی، بەدوای بەردەنگێکی جیاوازدا دەگەڕا. ئەوانەی لەبری گواستنەوەی بۆچوونەکانی ڕێبەر ئاپۆ، بۆچوونەکانی خۆیان پێشکەش کرد. وەک ئەوەی بڵێن ئەوەی ئێمە بڕیار دەدەین جێبەجێ بکرێت، بەردەنگێکی جیاواز نییە. نا بەو شێوەیە ڕوونادات. لەلایەک دەڵێین شەڕ هەیە، تیرۆر هەیە. دەوڵەت دەچێت کۆبوونەوە ئەنجام دەدات، بەڵام سیاسەت لەوە دەترسێت ببێتە بەردەنگ. ئەی پەرلەمان بۆچی دەترسێت؟ نابێت ئەوەندە بترسێت. ئەم کۆبوونەوانە بەناوی دەوڵەتەوە ئەنجام دەدرێن. هەروەها مەهەپەش وتی؛ 'پڕۆژەیەکی دەوڵەتە'. سەرۆککۆمار ئەردۆغانیش ڕایگەیاند، ئەوەی دەکرێت پڕۆژەیەکی دەوڵەتە. باشە جەهەپە و پارتەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن بۆ دەترسن؟ بۆ لە بەشداربوونیان لە پرۆژەی دەوڵەتدا ترسیان هەیە؟ ڕاپۆرتی کۆمیسیۆن پێویستە خاوەن ناوەڕۆکی چارەسەری بێت لە ڕاستیدا ئەم هەڵوێستە دروست و بەپێی پێویست نییە. ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت، 'ئێمە لە سێدارەوە بەرەو مێزی گفتوگۆمان هێنا' کاتێک لەگەڵ شاندەکەی دەم پارتی دیداری کرد. ئێمە هەوڵدەدەین دیدار لەگەڵ دەوڵەتتدا بەرەو ئاستی دیدار لەگەڵ سیاسەتدا ببەین. ئەمانە هەنگاوی زۆر گرنگن، ئێمە دەمانەوێت چارەسەری لە ڕێی سیاسەتەوە ئەنجام بدرێت. هەمووان باس لەوە دەکەن کە سیاسەت بە گرنگ دەبینن. ئێمەش باوەڕمان بەوە هەیە، هەمیشە ویستوومانە باوەڕمان پێی هەبێت. بەڵام دامەزراوەی سیاسی هێشتا لاوازە. پێویستە بەدڵنیاییەوە ئەم لاوازییە بنبڕ بکات. ڕاپۆرتەکەی کۆمیسیۆن، هەربۆیە ئەو کارەی کە پەرلەمان دەیکات، پێویستە خاوەن ناوەڕۆکی چارەسەریی ڕاستەقینە بێت. واتا پێویستە درێژە بە کێشەکە نەدات. لەم چوارچێوەیەدا یاسا پێویستە. باسی یاساکانی ئازادی، یاساکانی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک، یاساکانی قۆناغی ڕاگوزەر دەکرێت. ئەگەر کێشەکە تەنها لە ئاستی 'تیرۆر' و 'کۆتاییهێنان بە تیرۆر'دا هەڵبسەنگێنرێت و ڕێوشوێنی کۆتاییهێنان بە سەرچاوەکانی 'تیرۆر'، هۆکارەکانی نەدۆزرێتەوە، یاسا و سیاسەت دەستوەردان نەکات، ئەوا چارەسەریش نایەتە دی. بێگومان لێرەدا مامەڵەیەکی دروست، چارەسەریی ڕاستەقینە دێنێتە دی. بەڕاستی پێویستە گوێ لە مشتومڕەکانی ئەم لایانانە نەگیرێت. مشتومڕی سەیرن، قسەی سەیر دەکرێت. هەرخۆی ئێمە بە هەندێک لایەنمان گوت کە ڕانتخۆرن، دوژمنانی سوێندخواردوون، هێرش دەکەن. ڕاگەیاندنیش وەک بڵێی بەقووڵی خزمەتییان دەکات. بەشێکی گرنگی ڕاگەیاندنە. پێویستە بەم شێوەیە نەبێت. بەرامبەر ئەوە پێویستە درێژە بە تێکۆشانێکی بەهێز بدرێت. ڕۆژنامەیەک دەڵێت، 'لە ئەڵمانیا ١٤ هەزار پەکەکەیی هەن. لە ٢٦ـی تشرینی دووەمی ١٩٩٣ـەوە پەکەکە لە ئەڵمانیا قەدەغەیە. کاتێک پەکەکەییەک دێتە سنوورەکەیەوە دەستگیری دەکات. چەند لە هاوسۆزانی پەکەکە لە ئەڵمانیا دەستگیرکران؟ هێشتا زۆرێکیان دەستبەسەرن. هەرخۆی پەکەکەیی نین، لایەنگرن.لە ئێستادا ١٤ هەزار وڵاتپارێزی کورد، بە هەرحاڵێک بێت کۆمەڵەیان دامەزراندووە، چالاکیی کەلتووری ئەنجام دەدەن. مەگەر بەم شێوەیە دەبێت؟ کورد نەبێت، کوردی ڕێکخراو نەبێت. پێویستە ئەم زیهنییەتە کۆتایی پێبێت. هەڕەشەکانی تورکیا لەسەر ڕۆژئاوا لە سووریا گیری خواردووە. بەهەموو هێزی خۆی تورکیا هەموو ڕۆژێک هەڕەشە دەکات. هەرچۆنێک بێت ئەو زانیاریانەی پێمان دەگات ئەوەیە کە دەگوترێت، خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا خوازیاری بەجێهێنانی ڕێکەوتننامەی ١٠ـی ئادارە. لایەنەدەرەکییەکانیش وا دەڵێن. واتا هیچ شتێکی وا لە ئارادا نییە کە شتێک ڕەتدەکاتەوە، ئەوان بۆچوونیان ئاشکرایە. لە ڕاستیدا دەسەڵاتی جۆلانی لەژێر فشاری زۆر هێزدایە، کاریگەریی هێزی دەرەکی و ناوچەییشی لەسەرە. هەوڵدەدات هەمووان بەڕێوەبەرێت. تورکیا خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وەکو بەرپرسیاری هەموو شتێک دەبینێت. بۆچی؟ لەبەرئەوەی کورد لەناویدا کاریگەری هەیە. ئەگەر تۆ ئەوەندە دوژمنایەتی کورد بکەیت، ئایا دەتوانی پرسی کورد چارەسەر بکەیت؟ بە کوردی بێهێز، کوردی لەناوچوو، تورکبوون بەرەو کوێ دەچێت؟ تۆ لە لایەکەوە بڵێیت، 'تورک بێ کورد، کوردیش بێ تورک نابێت'، لە لایەکی ترەوە بتەوێت کورد لەناوبەریت. ئەو کاتە تۆ تورک لەناودەبەیت. ئایا ئەمە ئاشکرا نییە؟ مەگەر ئەوەی ١٠٠ ساڵە تورکیای لاوازکردووە، ئەو سیاسەتە نییە بەرامبەر کورد؟ مەگەر ئەو سیاسەت و زیهنییەتە نییە کە نکۆڵی لە کورد دەکات؟ ئاشکرایە کە ئەمە هۆکارە. هەمووان دەزانن. جەهەپە بیوری لە قاچی خۆیدا پێویستە درێژە بەم پارادایمە نەدرێت. پێویست بە گۆڕانی پارادایم هەیە. چۆن؟ پێویستە ئەو سیاسەت و زیهنییەتە بگۆڕێت کە نکۆڵی لە کورد دەکات. پێشتریش گوتم. ئەگەر سیاسەت و زیهنییەتێکی دروست سەبارەت بە پرسی کورد هەبێت، ئەوا چارەسەری ئاسانە. لە ڕاستیدا چارەسەری هێندە زەحمەت نییە. ئەگەر سیاسەت و زیهنییەتێکی دیموکراتیک بوونی نەبێت، ئەگەر تۆ بە سیاسەت و زیهنییەتێکەوە مامەڵە بکەیت کە نکۆڵی لە بوونی کورد دەکات، ناتوانی چارەسەر بکەیت. ئەمە چەندە کورد لاواز دەکات، هێندەش تورک لاواز دەکات. جەهەپە نەچووە ئیمراڵی بۆ دیدارەکە، چی کرد؟ بیوری لە قاچی خۆیدا. سەرچاوەکانی هێزی خۆی وشککرد. مەگەر بەهێزتر بوو؟ لەوانەیە دڵی یەک، دوو دانە شۆڤێنی، نەتەوەپەرستی خۆش کردبێت. ئایا سوودیان لێ دەبینیت؟ بەم شێوەیە دەبیتە دیموکرات؟ نابیت. هەربۆیە هێشتا لاوازی لە گۆڕانی پارادایمدا هەیە. هەندێک لایەن هەوڵدەدەن ئەنجامی بدەن. لەناو مەهەپە، لەناو ئاکەپە هەندێک هەوڵدەدەن بەم پێیە مامەڵە بکەن، بەڵام هی دژبەریش هەن. پێویستە سیاسەت کراوەتر و بوێرانەتر بێت. واتا پێویستە پێکهاتەی سیاسەت و زیهنییەتی دیموکراتیک بەهێزتر بکرێت. پێویستە بەهێزانە دەست بە دیموکراسییەوە بگرێت. بوونی خۆی، خزمەتکردنی بەخۆی، پێشبینیکردنی داهاتوویەکی باشتر بۆ تورکیا بەستراوەتەوە بەمەوە. بەهۆی ئەم لاوازییەوە، وەک بڵێی دەچنە شوێنێکی شاراوە، چوونە ئیمراڵی. دواتریش قسە دژبەرەکان هێندە زۆر و بەرز بوون. هیچ سیاسەتێکی دیموکراتیک نییە کە وەڵامدەرەوەی ئەوانە بێت. کەسیش خاوەندارێتی لێ ناکات. پێویستە ئەمە نەهێڵدرێت. 'پێویستە گۆشەگیری بەتەواوی لاببرێت' بەڕاستی ئەمە پێویستە. بەم مەبەستەش پێویستە دەرگاکانی ئیمراڵی زیاتر بکرێنەوە. بەر لە هەر شتێک پێویستە دەرفەتەکانی ڕاگەیاندنی ڕێبەر ئاپۆ زیاد بکرێن. ئەگەر خۆیان نایکەن، هیچ نەبێت، با ڕێ بە خۆی بدەن. با ڕێبەر ئاپۆ ئەم شتانە بکات. خۆی دەڵێت، 'دەیکەم'. بەڵێ، وەکو وتمان، دیدار دەکرێن. بەڵام هێشتا بە تەواوی گۆشەگیری لانەبراوە، هەلومەرجەکانی کار و ڕاگەیاندنی ئازاد دەستەبەر نەکراون. ڕاگەیاندنێکی زۆر کەم هەیە. بە چوون و هاتنی شاندان نابێت. بەم شێوەیە پرۆسەکە سەرناکەوێت. هەربۆیە پێویستە هەلومەرجەکانی ئازادیی جەستەیی، ژیانی ئازاد، مەرجەکانی کارکردنی ئازاد دەستەبەر بکرێن، کە بەردەنگی پرۆسەکە ئەوە، ئەو پێشەنگایەتی و ڕێبەرێتی پرۆسەکە دەکات. لە هەمان کاتدا مکوڕ و پێداگرە. دەڵێت، 'دەرفەت بدەن، من سەری دەخەم'. مادام ئێمە لایەنگری ئەمەین، ئەوا پێویستە دەرفەت بڕەخسێنین. با ئەم کارە بکات و سەری بخات. پێویستە ئەم شتانە بنبڕ بکرێن، کە ئاستەنگن لەبەردەم کارکردن. لەبەرئەوە هێشتا هەنگاوی زۆر کەم دەنرێن. لە ڕاستیدا ئەوانەی کراون، تەنانەت ناشێت ناوی هەنگاویشیان لێ بنرێت. ئێمە بە گرنگی دەبینین، بەڵام پێویستە ئەمە دوانەخرێت."
دوای ئەوەی بە مەیدانی سەردانی قەزای چەمچەماڵی کرد، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ هۆکارەکانی لافاوەکەی چەمچەماڵ و لێکۆڵینەوە لە کەمتەرخەمییەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان، قوباد تاڵيبانی رایگەیاند، ئەمڕۆ رۆژی تۆمەتبەخشینەوە نییە و رۆژی ئەوەیە هەموومان چەمچەماڵی بین، جەختیکردەوە کاری لەپێشینەیان پاراستنی ژیانی خەڵکی چەمچەماڵە و دواتر یارمەتیدانی ئەو کەسانەی زیانیان پێگەیشتوە. ئەمرۆ چوارشەممە، لە کۆنفرانسکی رۆژنامەوانیدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، هاوخەمی کەسوکاری قوربانیانن و بەڵێن بەخەڵکی چەمچەماڵ دەدەن لەگەڵیاندان و ناهێڵن لەوە زیاتر توشی نارەحەتیی ببنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش یەکەیەکی فریاگوزاری خێرایان پێکهێناوە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی چەمچەماڵ. قوباد تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو، دوو لیژنەیان پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لە روداوەکە، یەکیان بۆ فریاگوزاری خێرا و لیژنەیەکیش بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری روداوەکە و دوپاتیکردەوە هەرکەسێک کەمتەرخەم بووبێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت و بە کاتیش شوێنی گونجاو بۆ مانەوەی ئەو کەسانە دابین دەکەن، کە زیان بە ماڵەکانیان گەیشتووە. ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ پرسی خوێندنیش، لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە لەسەر هێڵن تا زیانەکان کاریگەریی لەسەر خوێندکاران دروست نەکات، جەختیشیکردەوە. جەختیشیکردەوە سندوقێکی هاوکاریی بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ دروست دەکەن، چونکە روبەڕوبوونەوەی ئەم جۆرە روداوانە پێویستی بەکاری هەرەوەزییە. لە کۆتاییشدا قاوباد تاڵەبانی وپاسی هێزە ئەمنییەکان و تیمە فریاگوزاریەکانی کردو رایگەیاند هەر ئەو کارانە لەوان چاوەروان دەکرێت و سواپای هەموو ئەو لایەنانەی کرد کە دەستی هاوکارییان بۆ چەمچەماڵ درێژ کردوە.
ئەحمەد شەرع سەرۆكی قۆناغی راگوزەری سوریا لە دیبەیتێكدا لە چوارچێوەی كارەكانی گۆڕبەندی دەوحە 2025: ـ سوریا لەماوەی 60 ساڵی رابردوودا بە قۆناغی مەترسیداردا تێپەڕیوە، لە دابڕانێكی گەورەو ئابڵوقەیەكی خنكێنەری ئابوریدا دەژیا. سیاستەكانی رژێمی لەناوچوو وایكرد زۆرێك لە لایەنە نێودەوڵەتییەكان لە سوریا بكشێنەوە، لەدوای ئازادییەوە سوریا زۆرێك لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی گەڕاندەوە. ـ دنیا بەڕووی سوریادا كراوەتەوە بۆ ئەوەی سود لە هەڵكەوتە گرنگەكەی و كاریگەرییە ناوچەییەكەی ببینێت، لەپێناو سەقامگیریی ناوچەییدا. ـ ئیسرائیل كار بۆ هەناردەكردنی قەیران بۆ وڵاتانی ترو هەڵاتن لەو رەشەكوژییانە دەكات كە لە غەززە دەیكات، بە مەترسی ئەمنیی بەهانە بۆ هەموو شتێك دەهێنێتەوە، لەكاتێكدا سوریا لەدوای ئازادییەوە پەیامی ئەرێنیی ناردووە لەپێناو سەقامگیریی ناوچەییدا. ـ ئیسرائیل بە توندوتیژیی زۆر وەڵامی سوریای دایەوەو زیاتر لە هەزار هێرشی ئاسمانی و 400 هێرشی زەمینی كردووە، دواین دەستدرێژیش ئەو رەشەكوژییە بوو كە لە شارۆچكەی (بێت جن) لە ریفی دیمەشق ئەنجامیداو دەیان قوربانی لێكەوتەوە. ـ لەگەڵ وڵاتانی كاریگەر لەسەر ئاستی جیهان كاردەكەین بۆ فشاركردن لە ئیسرائیل بەمەبەستی كشانەوەی لەو ناوچانەی كە لەدوای 8ی كانونی یەكەمی 2024وە داگیریكردوون، هەموو وڵاتانیش پشتیوانی ئەم داواكارییەی ئێمە دەكەن. ـ سوریا سورە لەسەر پابەندبوونی ئیسرائیل بە رێككەوتنی راگرتنی شەڕ لە 1974، داواكاری دروستكردنی ناوچەی لەچەكداماڵراو پرسیاری زۆری لەسەرە، كێ ئەم ناوچەیە دەپارێزێت ئەگەر سوپای سوریا بوونی نەبێت (مەبەستی لە داواكاری ئیسرائیلە بۆ دروستكردنی ناوچەیەكی لەمجۆرە لەناو سوریادا). ـ دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل هەیەو ویلایەتە یەكگرتووەكانیش بەشدارە لەگەڵمان، هەموو وڵاتان پشتیوانی داواكاری ئێمە دەكەن بۆ كشانەوەی ئیسرائیل بۆ بەر بلە 8ی كانونی یەكەم. ـ هەر رێككەوتنێك دەبێت زامنی بەرژەوەندییەكانی سوریا بكات، چونكە سوریا روبەڕووی هێرشی ئیسرائیل دەبێتەوە، كێ دەبێت داوای ناوچەی دابڕاو و كشانەوە بكات؟ ـ خەڵك لە سوریا هەست بە ترس ناكەن، ئەم رۆژانە ملیۆنان كەس دەرژێنە سەر شەقامەكان بۆ دەربڕینی خۆشی خۆیان بە كەوتنی رژێمی لەناوچوو، سوریا ئەمڕۆ لە باشترین دۆخی خۆیدا دەژی. ـ رژێمی لەناوچوو ململانێی زۆری بۆ بەجێهێشتووین، تائیفەی دژی تائیفەیەكی تر بەكاردەهێنا، بەڵام ئێمە لەدوای شەڕی (رێگری لە دەستدرێژیی) لێبوردنمان كرد بە كاری لەپێشینە لەپێناو ئایندەیەكی ئارام بۆ گەلی سوریا. ـ لەدوای سەركەوتنی شۆڕشی میللییەوە سوریا لە سیستەمێكی حوكمڕانییەوە گواستراوەتەوە بۆ سیستەمێكی تر كە لە ئەو ناچێت، سەرباری ئەو كێشانەی روویانداوە سوریا لەسەر ئاڕاستەیەكی ئەرێنی بەرەو سەقامگیریی و گەشەی ئابوری دەڕوات. ـ بوژانەوەی ئابوری بەشێوەیەكی گەورە یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەدیهاتنی سەقامگیریی، بۆیە بەردەوامین لە كاركردن بۆ قایلكردنی ئەمریكا بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای (قەیسەر) كە لە بنەڕەتەوە بەمەبەستی لێپێچینەوە لەرژێمی لەناوچوو دانراوە بەهۆی ئەو تاوانانەی كە بەرامبەر بە گەلی سوریا كردویەتی. ـ ئیدارەی سەرۆك ترەمپ پشتیوانی ئاڕاستەی هەڵگرتنی سزاكانی سەر سوریا دەكات، زۆرینەی وڵاتانی جیهانیش لەسەر ئەم ئاڕاستەیە دەڕۆن، نابێت چارەنوسی گەلی سوریا بە ئیرادەی ئەو كەسانەوە ببەسرێتەوە كە نایانەوێت سزاكان هەڵگیرێت. ـ سوریا بووە كە بەدرێژایی مێژووی خۆی مانای پێكەوەژیانی ناساندووەو وانەی ئاشتی كۆمەڵایەتی وتوەتەوە، هەموو پێكهاتەكانی گەلی سوریاش بەشدارییان لە شۆڕشدا كردووە. ـ كاردەكەین بۆ دادگایكردنی ئەوانەی تاوانەكانی ساحل و سوەیدایان ئەنجامداوە، لیژنەمان دروستكردووەو پێشوازیمان لە لیژنە نێودەوڵەتییەكانیش كردووە. ـ ئەوەی ئەم ململانێیانەی دەستپێكرد، پاشماوەكانی رژێمی پێشوو بوون و دواتر پەرەی سەند بۆ ئەوەی كە روویدا، بەڵام سوریا دەوڵەتی یاسایەو مافی هەمووان دەپارێزێت. ـ هەمووان ئەمڕۆ لەسەر بنەمای لێهاتوویی نەك پشك پشكێنە نوێنەرایەتی دەكرێن لەناو حكومەتدا، لەمەشدا سوریا رێگایەكی نوێ دەگرێتەبەر كە خەڵكی تر لێوەی فێردەبن كە چۆن دوای قەیران و جەنگەكان كاروبارەكان بەڕێوەدەبرێن. ـ سوریا وڵاتێكی پێشكەوتووەو لەسەر بنەمای هەڵبژاردن راوەستاوە، سەرباری ئەوەی ئامادە نەبووین بۆی، بەڵام هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەلمان بەجۆرێك ئەنجامدا كە لەگەڵ قۆناغی راگوزەردا بگونجێت، بنەمای هەڵبژاردنی گەل بۆ ئەو كەسانەی كە حوكمی دەكەن كرا بە بنەمای سەرەكی. ـ بنیادنانی سوریا نابەستینەوە بە كەسەكانەوە، بەڵكو بە دامەزراوەكانەوە بەستراوەو ئەمە گەورەترین ئاڵنگاریی قۆناغی راگوزەرە كە پێیدا تێدەپەڕین.
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، لە میانی بەشداریكردنی لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە، لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کرد کە لە ئەستەنبوڵ بەڕێوەدەچێت: گرنگترین وتەکانى ئیلهام ئەحمەد.. ـ دەخوازین گفتوگۆ لەگەڵ تورکیا بكەین لەسەر پرسەکانی ئاشتی و دیموکراسی و سەقامگیری. ـ ئاشتی لە سوریا بە واتای ئاشتی دێت لە تورکیا. ـ بەستنی ئەم کۆنفرانسە ئەرکێکی جوامێرانەیە. ـ دەمانەوێت سوریایەکی ئازاد بونیاد بنێین. ـ پێویستمان بە دیالۆگ هەیە و لەگەڵ شەڕدا نین ـ ئیدارەی خۆسەر ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە بەدیهێنانی ئاشتی لە سوریا ـ سوریایەکی ئازاد بەبێ کورد مەحاڵە. ـ حکومەتی تورکیا توانای پشتیوانیكردنی ئاشتی هەیە. ـ ئەگەر رێبەر ئاپۆ ئازاد بکرێت، ئەم پرۆسەیە بە ئاسانی بەرەوپێش دەچێت ـ ڕێبەر ئۆجالان ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە پرۆسەی ئاشتیدا و سڵاوی بۆ دەنێرم ـ ئاستتەنگی گەورە هەیە لە بنیاتنانەوەی سوریای نوێ ـ دەرفەت هەیە لە سوریادا هەموو پێکهاتەکان پێمەوە بە ئاشتی بژین ـ ئارامی سوریا گرێدراوە بە ئارامی تورکیاشەوە ـ پێویستە کێشەکانمان لەگەڵ تورکیا بە گفتوگۆ چارەسەر بگەین ـ حکومەتی تورکیا و ڕاگەیاندنی تورکیا ئەتوانن ڕۆڵی باش بگێڕن لە پرۆسەی ئاشتیدا ـ لە دانانی چەک گرنگتر ئەویە گفتوگۆی پرۆسەی ئاشتی پێکەوە بکەین ـ داوا لە سەرۆکی ئەمریکا دەکەم ڕۆڵی زیاتری هەبێت لە ئاشتی لە سوریا و تورکیا ـ ڕێبەر ئۆجالان ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕێت، سەرکردایەتی ئەم پرۆسەیە دەکات لەکاتێکدا لە گۆشەگیری تەواودایە.
