هاوڵاتی پارێزگاری هەولێر رایگەیاند:"بڕی شەش ملیار و 500 ملیۆن دینار بۆ قەرەبووی زیانبەرکەوتووانی لافاوەکەی 17-12-2021 کۆکراوەتەوە". دەشڵێت:" 2ملیارەكەی حكومەتی عێراقمان رەتكردۆتەوە و هیوادارم جارێكی دیكە بە بریارەكەیاندا بچنەوە و هاوكاریمان بكەن". ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" تاوەکو ئێستا نزیکەی سێ ملیار دینار هاوکاریی سەرەتایی بە خەڵکە زیانلێكەوتووەکان گەیشتووە، وەکو نەوت و چەند کەلوپەلێکی ناو ماڵ کە ئەوانە وەکو قەرەبوو هەژمار ناکرێن و تەنیا هاوکاریی سەرتایین". پارێزگاری هەولێریش دەڵێت، هاوکارییە سەرەتاییەکان لەلایەن ناوەندی قەیرانەکان، کەمپەینی ئیدارە سەربەخۆکان و پارێزگاکان، دەزگای روانگە و دەزگای خێرخوازیی بارزانی بووە. بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکانی پارێزگای هەولێر، قەبارەی زیانەکانی لافاوەکە 20 بۆ 21 ملیار دینار بووە. بە وتەی پارێزگاری هەولێر سێ هەزار و 276 فۆرم پڕکراوتەوە کە سێ جۆر زیانمەندبوونی تێدایە، بەشێکیان تەنیا کەلوپەلی ناوماڵ بووە، بەشێکیان دیوار و دەرگەی خانووەکانیان زیانی بەرکەوتووە، هەروەها 1026 ئۆتۆمبێلیش وەکو لە فۆرمەکان تۆمارکراون. ئەمساڵ لە هەولێر دووجار لافاو دروستبوو کە لە رۆژانی 30-10 و 17-12 بوون، ئەمڕۆ پرۆسەی قەرەبووکردنەوە زیانبەرکەوتووانی لافاوەکەی رۆژی 30-10-2021 کۆتاییدێت. پارێزگاری هەولێر لەو بارەوە رایگەیاند، بەپێی خەمڵاندنەکان لافاوەکەی یەکەم زیانی پێنج ملیار و 853 ملیۆن هەبووە، ئەو پارەشی بۆ قەرەبووی ئەو زیانلێکەتووانە کۆکراوەتەوە چوار ملیار و 460 ملیۆن دینار بووە و ئەوەی دیکەشی کە ملیارێک و 393 ملیۆن دینارە لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە. لەبارەی ئەو خێزانانەی لە لافاوەکەی یەکەم زیانیان بەرکەوتووە، پارێزگاری هەولێر دەڵێت، 826 خێزان زیان بەر ماڵ و کەلوپەلەکانیان کەوتووە، هەروەها 314 ئۆتۆمبێلیش زیانیان بەرکەوتووە.  بە وتەی پارێزگاری هەولێر بەشێکی زۆری ئەو پارەیەی کە کۆکراوەتەوە بەمشێوەیە بووە: سێ ملیار دینار لەلایەن حکومەتی عێراق، 500 ملیۆن دینار لەلایەن سەرۆکایەتیی دیوانی وەزارەت، دەزگای خێرخوازیی بارزانی 220 ملیۆن دینار، شێخ باز 450 ملیۆن دینار، دەزگای خێرخوازیی نانەکەلی 100 ملیۆن دینار، گرووپی کۆمپانیاکانی جیهان 100 ملیۆن دینار. رۆژی هەینی 17-12-2021، لافاو لە چەند گەڕەک و شارۆچکەیەکی هەولێر دروستبو کە بەهۆیەوە 12 کەس مردن

هاوڵاتی سه‌رۆكى ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان له‌هه‌رێم ڕایگه‌یاند:" له‌ساڵى 2021 مۆڵه‌ت به‌68 پڕۆژه‌ى وه‌به‌رهێنان دراوه‌و 902 پڕۆژه‌ په‌سه‌ندكراوه‌ كه‌ گوژمه‌ى وه‌به‌رهێنانیان زیاتر له‌20 ملیار دۆلار بوه‌". دەشڵێت:" بۆساڵى 2022 یش نه‌خشه‌ى وه‌به‌رهێنان دروستده‌كه‌ن‌و داواى دابینكردنى زه‌وى پێویست ده‌كه‌ن‌و 50 پڕۆژه‌ ئاماده‌كراوه‌ بۆ سه‌رتاسه‌رى هه‌رێم‌و 9 ناوچه‌ى پیشه‌سازى گه‌وره‌ دروستده‌كرێن". ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، محه‌مه‌د شوكرى سه‌رۆكى ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنانى هه‌رێم له‌كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند:" له‌مساڵدا 68 پڕۆژه‌ مۆڵه‌تدراون‌و بۆساڵى 2022یش نه‌خشه‌ى وه‌به‌رهێنان دروستده‌كه‌ن‌و داواى دابینكردنى زه‌وى پێویست ده‌كه‌ن‌و 50 پڕۆژه‌ ئاماده‌كراوه‌ بۆ سه‌رتاسه‌رى هه‌رێم‌و 9 ناوچه‌ى پیشه‌سازى گه‌وره‌ دروستده‌كرێن". وتیشى:"ئه‌و پڕۆژانه‌ى له‌ساڵى 2006وه‌ مۆڵه‌تیان پێدراوه‌ 1086 پڕۆژه‌ بوه‌و 150 پڕۆژه‌ مۆڵه‌ته‌كانیان هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌و 1016 پڕۆژه‌ى مۆڵه‌تدراو ئێستا له‌كاردان‌و ئه‌وانه‌ش هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌ دراونه‌ته‌ وه‌به‌رهێنه‌رى ترو هه‌وڵه‌كان به‌رده‌وامه‌ بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌ى ئه‌و پڕۆژانه‌ى نیشته‌جێبون كه‌ هاوڵاتیان كێشه‌یان له‌گه‌ڵیان هه‌بوه‌". ناوبراو باسى له‌وه‌شكرد، بۆ ساڵى 2022 دوو كۆنفرانسى گه‌وره‌ى ژینگه‌یی‌و كشتوكاڵى له‌هه‌رێم ده‌به‌سترێت. له‌ساڵانى ڕابردوو گه‌وره‌ترین كێشه‌ى هاوڵاتیان له‌گه‌ڵ ئه‌و پڕۆژانه‌ى وه‌به‌رهێنان بوه‌ كه‌ پڕۆژه‌ى نیشته‌جێبون بون‌و تائێستاش به‌شێك له‌هاوڵاتیان له‌چوارچێوه‌ى پڕۆژه‌كانى ده‌شتى به‌هه‌شت‌و فلۆریا ستى‌و چه‌ندان پڕۆژه‌ى تر زیاتر له‌100 هه‌زار دۆلاریان داوه‌و هیچ یه‌كه‌یه‌كیان بۆ دروستنه‌كراوه‌.

  شاناز حەسەن ئەندامێکی‌ لیژنەی‌ دارایی‌ لە پەرلەمانی‌ کوردستان ڕایگه‌یاند:" هەڵەی‌ گەورەی‌ حکومەت ئەوەیە کە بە پێچەوانەی‌ دەستور، بەبێ یاسا دەستکاری‌ باجی‌ کرد، لە کاتێکدا نابێت بەبێ بوونی‌ یاسا نە کەس لە باج ببەخشرێت نە کەس باجی‌ زیاتری‌ بخرێتە سەر!هەر ئەمەش وایکرد کە وێڕای‌ ئەوەی‌ باج بووەتە بارگرانی‌ لەسەر هاووڵاتیان، بەڵام نەبووەتە داهاتێکی‌ گەورە بۆ باشکردنی‌ ژیانی‌ خەڵک.". عومەر گوڵپی‌ ئەندامی‌ لیژنەی‌ دارایی‌ لە پەرلەمانی‌ کوردستان لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:" هەڵەی‌ گەورەی‌ حکومەت ئەوەیە کە بە پێچەوانەی‌ دەستور، بەبێ یاسا دەستکاری‌ باجی‌ کرد، لە کاتێکدا نابێت بەبێ بوونی‌ یاسا نە کەس لە باج ببەخشرێت نە کەس باجی‌ زیاتری‌ بخرێتە سەر! بەڵام حکومەت تەنها بە بڕیاری‌ خۆی‌، دەستی‌ بۆ زیادکردن و سەپاندنی‌ باج برد، وەک باجی‌ ڕاستەوخۆی‌ سەر فرۆشتن لە ئۆتێل و ڕیستورانت و شوێنە گەشتیارییەکان، ئەمە لە کاتێکدا باجی ساڵانەیان لە قازانج لێ وەردەگیرێت". "پیشەیەک بە سەرمایەی‌ (دوو ملیۆن دینار) باجی لێ دەسەنرێت، بەڵام دوو ملیار دۆلار بەخشراوە لە دانی باج!" هەڵەی‌ کوشندەی‌ حکومەت لە بواری‌ ( باج) بوویە هۆی‌ گرانی‌ زیاتری‌ بازاڕو کەمبوونەوەی‌ هەلی‌ کار بە پێی‌ ژمارەو داتاکانی‌ حکومەت خۆی‌، تێکڕای‌ داهاتی‌ باج بۆ هەر مانگێک لە ساڵی‌ (٢٠١٩) بریتی‌ بووە لە (٥١) ملیار دیناری‌ مانگانە، بۆ ساڵی‌ (٢٠٢٠) بریتی‌ بووە لە (٤٥) ملیار دیناری‌ مانگانە، تێکڕای‌ داهاتی‌ باج بۆ هەر مانگێک لە ساڵی‌ (٢٠٢١) کەمبووەتەوە بۆ (٤٠) ملیار دینار! واتە وێڕای‌ ئەوەی‌ حکومەت بانگەشەی‌ ئەوە دەکات کە باجیان ڕێکخستووەتەوەو داهاتیان زیادکردووە، بەڵام ساڵ بە ساڵ داهاتی‌ باج کەمی‌ کردووە! بە پێی‌ بنەما زانستیەکان، ئەو وڵاتانەی‌ بە قەیرانی‌ ئابوریدا تێدەپەڕنن، پێویستیان بەوە هەیە ڕێژەی‌ وەرگرتنی‌ باج کەم بکەنەوە، بەتایبەت لە بازرگانی و پیشە بچوک و مامناوەندییەکان، ئەو کەمکردنەوەیەی‌ باجیش بۆ ئەوەیە چالاکی‌ و جموجوڵی‌ بازاڕ زیاتر بێت وهەلی‌ کاری‌ زیاتر بڕەخسێت و ڕەوڕەوەی‌ ئابوری‌ خێراتر بێت، بەڵام لە سێ ساڵی‌ ڕابردوودا حکومەت تەواو بە پێچەوانەوە هەنگاوی‌ هەڵگرت، هەر ئەمەش وایکرد کە وێڕای‌ ئەوەی‌ باج بووەتە بارگرانی‌ لەسەر هاووڵاتیان، بەڵام نەبووەتە داهاتێکی‌ گەورە بۆ باشکردنی‌ ژیانی‌ خەڵک. هەڵەی‌ گەورەی‌ حکومەت ئەوەیە کە بە پێچەوانەی‌ دەستور، بەبێ یاسا دەستکاری‌ باجی‌ کرد، لە کاتێکدا نابێت بەبێ بوونی‌ یاسا نە کەس لە باج ببەخشرێت نە کەس باجی‌ زیاتری‌ بخرێتە سەر! بەڵام حکومەت تەنها بە بڕیاری‌ خۆی‌، دەستی‌ بۆ زیادکردن و سەپاندنی‌ باج برد، وەک باجی‌ ڕاستەوخۆی‌ سەر فرۆشتن لە ئۆتێل و ڕیستورانت و شوێنە گەشتیارییەکان، ئەمە لە کاتێکدا باجی ساڵانەیان لە قازانج لێ وەردەگیرێت، هەروەها باج لەسەر ئاستەکانی‌ خوارەوەو پیشەو بازرگانی‌ بچوک بچوکی‌ نێوبازاڕ یان زیاد کرا یان توند کرا، لە کاتێکدا سەدان کۆمپانیاو بازرگانی‌ گەورە گەورە بەخشراون لە باج و باجیان لێ وەرناگیرێت! یاخود خۆیان لە باج دەدزنەوە بەهۆی‌ نفوسیان لە حزبەکانی‌ دەسەڵات کە بەشێکی زۆریان یان کۆمپانیای‌ بەرپرسانی حزبەکانی‌ دەسەڵاتن. لە کوردستان، ئەوەی‌ خاوەنی‌ پیشەیەکی‌ بچوکە باجی‌ لێ وەردەگیرێت، بەڵام نزیکەی‌ (٨٠٠) کۆمپانیای‌ بواری‌ نەوت باج نادەن، یاخود چالاکی‌ ئابوری‌ گەورە هەیە باج نادات، بە هەمانشێوەش کۆمپانیاکانی‌ بواری‌ گەیاندن و ئینتەرنێت، تۆمارکردنی‌ پرۆژە بازرگانیەکان لە چوارچیوەی‌ یاسای‌ وەبەرهێناندا یەکێک لە رێگەکانی‌ خۆ دزینەوە بووە لە باج و گومرگ و ڕسومات، لەم بوارەدا هەردوو پاڵاوگەی‌ نەوتی‌ (کەڵەک) بە سەرمایەی‌ (1.9) ملیار دۆلارو پاڵاوگەی‌ نەوتی‌ (بازیان) بە سەرمایەی‌ (1.2) ملیار دۆلار، دووان لەو پرۆژانەن کە لە چوارچێوەی‌ یاسای‌ وەبەرهێناندا تۆماکراون و بەمەش بەخشراون لەهەموو باج و ڕسوماتێک بۆ ماوەی‌ دە ساڵ سەڕەڕای‌ داهات‌و جموجوڵی‌ گەورەی‌ ئابوریان! بەهەمانشێوە بۆری‌ نەوتی‌ کوردستان کە بۆ ماوەی‌ (٢٠ ساڵ!) دراوە بە کۆمپانیای‌ کارو ڕوس نەفت، تەنها داهاتی‌ شەش مانگی‌ یەکەمی‌ ئەمساڵی‌ ئەم بۆریە بریتی‌ بووە لە (٤٥٠) ملیۆن دۆلار، یەک دینار باجیشی‌ نەداوە! حکومەت وا لە باج تێگەیشتووە کە تەنها بۆ زیادکردنی‌ داهاتە، لە کاتێکدا باج بۆ بەدیهێنانی‌ دادپەروەرییە لەنێوان هەژارو دەوڵەمەندەکان، هەربۆیە سیاسەتی‌ هەڵەی‌ باجی‌ حکومەت لە سێ ساڵی ڕابردوو بووەتە هۆی‌ بارگرانی‌ لەسەر خەڵک و گرانبوونی‌ زیاتری‌ شت و مەک، لە بەرانبەردا نەبووەتە هۆی‌ زیادبوونی‌ داهات بەو ڕێژەیەی‌ بانگەشەی‌ بۆ دەکرێت، هەروەهاش ژیانی‌ هەژارەکان وەکخۆیەتی‌ و لەم سیاسەتە هەڵانەی‌ حکومەت هەژارەکان سودمەند نەبوون، هەموو ئەم ڕاستیانەشمان لە ماوەی‌ ساڵێکی‌ ڕابردوودا بەڕێگەی‌ جۆراو جۆر ئاراستەی‌ حکومەت کردوون. عومەر گوڵپی‌ ئەندامی‌ لیژنەی‌ دارایی‌ لە پەرلەمانی‌ کوردستان ٢٩ی‌ ١٢ی‌ ٢٠٢١

   هاوڵاتی کۆنسوڵی ئێران لە سلێمانی رایگەیاند:"  پێشبینی دەکەین تاکوو کۆتایی زستان هەناردەی ئێران لە 6 دەروازەی سنووریی پارێزگای سلێمانییەوە بگاتە 9 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار لە ماوەی یەک ساڵدا. ئه‌مڕۆ سێشەممە 28ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، مەهدی شوشتەری، کۆنسوڵی ئێران لە سلێمانی، لەگەڵ بازرگانەکانی پارێزگای سنە کۆبووەوە و وتی: "حکومەت پلان و بەرنامەی باشی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان ئێران و عێراقدا هەیە". بەپێی راپۆرتی ژووری هاوبەشی بازرگانی ئێران و عێراق، لە 8 مانگی رابردوودا ئێران بڕی 6 ملیار و 100 ملیۆن دۆلار کاڵا و کەلوپەلی هەناردەی عێراق کردووە. سەرەڕای پەیوەندیی نزیکی ئێران لەگەڵ عێراق، بەڵام ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئەو دوو وڵاتە، بەراورد بە ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و تورکیا زۆر کەمە. کەماڵ حوسێنی، سەرۆکی ژووری بازرگانی سنە، کۆتایی بەهاری ئەمساڵ گوتی: "پێشتر بازاڕی هەرێمی کوردستان بە دەست ئێرانەوە بووە، بەڵام تورکیا لێی وەرگرتووە، کە هۆکاری ئەمەش بۆ پشتیوانی حکومەتی تورکیا لە بازرگانەکانی و روانگەی ئابووری ئەنقەرە دەگەڕێتەوە". حوسێنی هەروەها هەندێ هۆکاری دیکەی بۆ دابەزینی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئێران باس کرد، لەوانە نزمی کوالێتی کاڵا و کەلوپەلە ئێرانییەکان، گەڕاندنەوەی کاڵا ئێرانییەکان و نەبوونی پلانێکی رێکوپێک بۆ هەناردە. هاوینی ئەمساڵ ئێران بڕیاریدا ناوەندێکی بازرگانی بۆ پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ عێراق بکاتەوە. بەڕێوەبردنی ئەم ناوەندەش بە پارێزگای کرماشان دراوە.

هاوڵاتی بودجەی ئەمریكا بۆ ساڵی 2022 پەسەندكراو و  لە ناویدا بڕی 345 ملیۆن دۆلار بۆ هاوکاری هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی پێشمەرگە و 177 ملیۆن دۆلاریش بۆ هاوکاری هێزەکانی سووریای دیموکرات و مغاویر ئەلسەورە دابینکراوە.  کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند:" جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا یاسای بودجەی ساڵانەی بەرگریی ئەمریکای ناسراو بە یاسای رێگەپێدانی خەرجییەکانی بەرگریی نیشتیمانی NDAA بۆ ساڵی 2022 واژۆکرد. بەپێی یاساکە مووچەی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا بەرزکراوەتەوە". لە پرۆژە بودجەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکادا هاتووە کە "بەغدا مووچەی هێزی پێشمەرگە دابین ناکات، بۆیە پشکی شێری هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ پێشمەرگەیە"، ده‌شڵێت كه‌ هێزەکانی پێشمەرگە رۆڵێکی گرنگیان هەیە لە روبەڕوبونەوەی داعش و پێکهاتەیەکی سەرەکی هێزە ئەمنییەکانی عێراقیشە. لە سەرەتای ئەم مانگەدا، ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بە 363 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 70 دەنگی نەخێر یاساکەی پەسندکردبوو. دواتریش ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لە 15ی مانگدا بە 89 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 10 دەنگی نەخێر یاساکەی تێپەڕاند.  خەرجییە سەربازیەکانی ئەمریکا لە ساڵی 2022 بە بەراورد بە ساڵی 2021 بە رێژەی 5٪ زیادکردووە. هاوکات بە رێژەی 2.7٪ مووچەی سەربازانی بەرزکردووەتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا رێگە بە سوپا دەدات فڕۆکەی زیاتر و کەشتیی دەریایی زیاتر بکڕێت.  

 هاوڵاتی وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ى هه‌رێم ڕایگه‌یاند:" هه‌وڵیانداوه‌ هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ یه‌كبخه‌نه‌وه‌و تائێستاش 20 لیواى پێشمه‌رگه‌و هێزه‌كانى پشتیوانى یه‌ك‌ و دویان خستۆته‌وه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌. ئه‌مڕۆ سێشەممە 28ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، شۆڕش ئیسماعیل وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ له‌كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند:" سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم 60 كامێراى حه‌رارى بۆ دابینكردون‌و خۆشیان به‌رده‌وامن له‌كڕینى، داوایان له‌هاوپه‌یمانان كردوه‌ درۆنى چاودێریان بۆ دابین بكه‌ن. وتیشى:"چاكسازیه‌كانمان به‌رده‌وامه‌و توانیومانه‌ نزیكه‌ى 20 لیواى یه‌كگرتوو دروستبكه‌ین‌و هێزه‌كانى پشتیوانى یه‌ك‌و دوو بخه‌ینه‌وه‌ ژێر ڕكێفى وه‌زاره‌ت". سه‌باره‌ت به‌دوو لیواى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ سوپاى عێراق وتى:"ئه‌و دوو لیوایه‌ى بڕیاره‌ دروستبكرێت ته‌شكلیه‌ى ته‌واوبوه‌و ته‌نسیقكراوه‌و لیوایه‌كى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌ سه‌ر وه‌زاره‌تى به‌رگرى عێراق". وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ ئه‌وه‌شى وت:"باشترین هه‌ماهه‌نگیمان له‌گه‌ڵ سوپاى عێراق هه‌یه‌".

    هاوڵاتی فەرەنسا دوو قاچاخچی كورد بە زیاتر لە دوو ساڵ زیندانی سزا دەدات بە تۆمەتی بەقاچاخبردنی کۆچبەران لە فەرەنساوە بۆ بەریتانیا. ئه‌مڕۆ سێشەممە 28ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، میدیای بەریتانی ناوی قاچاخچییەکانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، محەممەد فاتیح تەمەنی 22 ساڵە و خەڵکی سووریایە؛ دوو قاچاخچییەکەی دیکە تەمەنیان 25 ساڵە و کوردن کە یەکێکیان ناوی شارام شۆڕش و ئەوی دیکەیان ناوی عەلی هەلدینە. ئەو سێ کەسە بە تاوانی بەقاچاخبردنی خەڵک لە رێگەی زیاتر لە 500 بەلەمەوە بە ماوەی جیاواز زیندانیکران.  میدیای بەریتانی وێنەی هەریەکە لە محەممەد فاتح و شارام شۆڕشی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، محەممەد فاتح وەکو تاوانباری سەرەکی، چوارساڵ زیندانی دەکرێت؛ داواکاری گشتی داوای 7 ساڵ زیندانیکردنی بۆ شارام شۆڕش دەکرد، بەڵام دوو ساڵ بەند دەکرێت. میدیای بەریتانی لە زاری پۆلیسی فەرەنساوە بڵاویکردەوە، ئەو کەسانە بۆ هەر کەسێک 2 هەزار بۆ 3 هەزار یۆرۆ کە دەکاتە 2 هەزار و 250 بۆ 3 هەزار و 400 دۆلاریان وەرگرتووە. بەمەش لەکۆی گەشتە بە قاچاخبراوەکانیاندا زیاتر لە 1 ملیۆن و 345 هەزار دۆلاریان دەستکەوتووە، بەڵام پارەکە بۆ شوێنی دیکە گوازراوەتەوە و پۆلیس دەستی بەسەردا نەگرتووە. پۆلیس لە ئۆتۆمبێلی قاچاخچییەکاندا دەستی بەسەر پەرتووکێکی ناودا گرت و تێیدا ناوی سەتان کۆچبەری تێدا بوو و تەنانەت هەندێکیان وەک منداڵ تۆمارکرابوون. بەڵگەنامەکانی دادگە پیشانیدەدەن کە پەڕاندنەوەی هەرە سەرکەوتووی کۆچبەران بەنێو نۆکەندی ئینگلیزدا لە 19ی مانگی تەممووزدا بووە لە لایەن ئەو سێ کەسەوە کاتێک لە یەک بەلەمدا 83 کۆچبەریان پەڕاندووەتەوە.  بەرپرسانی هێزی سنووریی بەریتانیا توانیویانە ناسنامەی 327 کەس بدۆزنەوە کە لە لیستی قاچاخچییەکاندابوون  توانیویانە بە سەرکەوتووی بگەنە بەریتانیا و ناسنامەی 200 کەسی دیکەشیان لایە، کە گوماندەکرێت پەڕیبنەوە.    

  هاوڵاتی ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند:" یەکێکی تر لە دیاردە قێزەونەکان و دیوێکی تری بێدەنگ کردن،بریتیە لە پاکانە کردن وپەشیمان کردنەوەی ناچاری بەو هاوڵاتیانەی کە ڕەخنە لەحکومەت دەگرن". ئه‌مڕۆ سێشەممە 28ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ نوسینێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی بڵاویكردوه‌ته‌وه‌ و رایگه‌یاند:" یەکێکی تر لە دیاردە قێزەونەکان و دیوێکی تری بێدەنگ کردن،بریتیە لە پاکانە کردن وپەشیمان کردنەوەی ناچاری بەو هاوڵاتیانەی کە ڕەخنە لەحکومەت دەگرن، لەم میانەدا کەناڵە حزبیە دەستەمۆ ودابەستەکانی حزب ڕۆڵێکی پێسپێراوی یەکجار ناشیرین دەبینن،کە لەماوەی شەوو ڕۆژێکدا دوو دیوی هاوڵاتی بەشمەینەتی هەرێم نیشانی خەڵک دەن". دەقی راگەیاندراوەكەی ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی:... سیاسەتی پاکانە پێکردن وپەشیمان کردنەوەی بەزۆر !؟ یەکێکی تر لە دیاردە قێزەونەکان و دیوێکی تری بێدەنگ کردن،بریتیە لە پاکانە کردن وپەشیمان کردنەوەی ناچاری بەو هاوڵاتیانەی کە ڕەخنە لەحکومەت دەگرن، لەم میانەدا کەناڵە حزبیە دەستەمۆ ودابەستەکانی حزب ڕۆڵێکی پێسپێراوی یەکجار ناشیرین دەبینن،کە لەماوەی شەوو ڕۆژێکدا دوو دیوی هاوڵاتی بەشمەینەتی هەرێم نیشانی خەڵک دەەن. بەعس و سەدامیش لەجەنگی قادسیەی دۆڕاوو شەڕی داسەپاویان دژ بەخەڵکی کوردستان زوو زوو دەستیان بۆ ئەم چڵە پوشانە دەبرد تا لە زۆلکاوی ستەمکاریدا دەریان بێنێت بەڵام نەچەک وجبەخانەکەی ونەسوپا ملیۆنیەکەی و نەشایەری ڕاگەیاندنە چەواشەکاریەکەی نەک هەر فریای نەکەوت بەڵکو نغرۆی کرد وکردیە پەندی زەمانە. ئاخر دەسەڵاتێکی حزبی بەم هەموو وابەستەو دابەستەیە تێر نەخوات کەڕۆژانە خەریکی پیرۆزکردنی بتەکان و هەڵاکردنن لەمەیدانی کۆیلە فرۆشان و ترست لەهاواری هاوڵاتیەک بێت کەداعش جگەر گۆشەکەی لێکردو پڕۆژەی گەندەڵە تێر نەخۆرەکان بوە وەیشومەی ئەوەی بەکولەمەرگی پێکیەوە ناوە کەچی بەڕەخنەو هاوارێک قەڵس بیت وگورج مایک بەدەستەکانی حزب بەر بەیتە گیانی هاوڵاتی وناچار بە پەشیمان بوونەوەی بکەی ،ئەم ڕەفتارە ناشارستانیە ڕویەکی تری ئەو دەسەڵاتە شکستخواردوەیە کە بڕیاری داوە پەندو عیبرەت وەر نەگرێت و هەر ڕۆژەی بە دەردی سەریەک میلەتەکەی بفلیقێنێتەوە.

  هاوڵاتی هاوسەرۆکی هەدەپە رایگەیاند:" ئەمڕۆ تورکیا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە هەڵبژاردنی پێشوەختە هەیە. هەمان ئەو پەیامە بە سەرۆکی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان دەگەیێنین و بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ کۆتایی هێنان بەو گوشارە داپڵۆسێنەرانەی لەلایەن ئاکپارتی و مەهەپەوە دەکرێتە سەر کۆمەڵگەی تورکیا". لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا. پەروین بوڵدان رایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی پڕ بایەخمان کرد. جەختی لەوەشکردەوە، داواکاری هەدەپە بۆ  هەڵبژاردنی پێشوەختە بە سەرۆکی پارتی ئایندە راگەیێندراوە و بەرنامەی کاریان لەمبارەیەوە پێشکێش کردووە.  پەروین بوڵدان راشیگەیاند، تاوتوێی قوڵبوونەوەی زیاتری قەیرانی ئابووری و چاوەڕوانییەکانی گەلیان کرد، هەروەها باسیان لە دەستپێشخەری و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک کردووە.  هاوکات بیروبۆچوون و بەرنامەی کاری هەدەپە پێشکێشی داودئۆغڵو کراوە لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە.  پەروین بوڵدان وتی: "ئەمڕۆ تورکیا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە هەڵبژاردنی پێشوەختە هەیە. هەمان ئەو پەیامە بە سەرۆکی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان دەگەیێنین و بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ کۆتایی هێنان بەو گوشارە داپڵۆسێنەرانەی لەلایەن ئاکپارتی و مەهەپەوە دەکرێتە سەر کۆمەڵگەی تورکیا".  هاوسەرۆکی هەدەپە هێرشی کردە سەر ئاکپارتی و مەهەپە، رایگەیاند: "لە سایەی دەسەڵاتی ئاکپارتی و مەهەپە، نادادپەروەری و نایەکسانی و ستەم هەموو سنوورەکانی بەزاندووە و بۆ کۆتاییهێنان بەم ستەمانە، خواستی گەل لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت دایە". 

هاوڵاتی ژمارەیەک نوسەر و رۆشنبیر لە رۆژئاوای کوردستان کاتژمێر 7:00ی ئیوارەی ئەمرۆ کەمپینێک بۆ گرنگیدان و بەرەوپێشبردنی زمانی کوردی دەستپێدەکەن بۆ ئەمەش داوایان وایە بڵاوکردنەوەی گشت بڵاوکراوە و بڕیارەکانی ئیدارەی خۆسەر لەڕۆژئاوا بەزمانی کوردی بن.  ئەمڕۆ دووشەممە 27ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هاوار نیوز، ڕێکخەرانی کەمپینەکە داواکارن لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێ زمانی کوردی لە هەموو شوێنێکی ڕۆژئاوا جێگیر ببێت و بەرەو پێشببردرێت، بۆ ئەمەش داوایان وایە بڵاوکردنەوەی گشت بڵاوکراوە و بڕیارەکانی ئیدارەی خۆسەر لەڕۆژئاوا بەزمانی کوردی بن. هاوکات ه ئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان پاڵپشتی بۆ کەمپیەنکە دابینکردووە و کۆمەڵێک لە نووسەران و ڕۆشبیرانی ڕۆژئاوای کوردستان دەستیانکردووو بە ڕاگەیاندنی کەمپینەکەیان بەناوی "زمانی کوردیی"  ئەوەش بە ئامانجی جێگیربوون و بەرەوپێشبردنی زیاتری زمانی کوردی لە ناوچە کوردییەکانی سوریا. هەروەها، لەپێناو گرنگیدانی زیاتر بەزمانی کوردی لەڕۆژئاوای کوردستان ڕێکخەرانی کەمپینەکە داواکارن سەرجەم بڵاوکراوە و بڕیارەکانی ئیدارەی خۆسەر لە ڕۆژئاوا بکرێن بە زمانی کوردی، بڕیاریشە کەمپینەکە بەفەرمی کاتژمێر 7:00ی ئێوارە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕابگەیەندرێت.

هاوڵاتی نوێترین داھێنانەکانی ئاسیاسێڵ؛ “Yooz” لاوان دڵخۆش دەکات  لەلایەن سیمکارتێکی ئەلکترونییە بوار بۆ بەکارهێنەرانی دەڕەخسێنێت کۆنترۆڵی تەواوەتی ئەو خزمەتگوزارییانە بکەن کە لە بەرامبەریدا پارە دەدەن. ئەمڕۆ دووشەممە 27ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، كۆمپانیای ئاسیاسێل کە پێشەنگی کۆمپانیاکانی پەیوەندییە لە عێراق لە نوێترین داهێنانیدا راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند:" بۆ یەکەمجار و لەلایەن ئاسیاسێڵەوە، کە پێشەنگی کۆمپانیاکانی پەیوەندییە لە عێراق و گەورەترین پاڵپشتی گەنجانە، پەردە لەسەر پلاتفۆرمی YOOZ لادرا. ئەم داھێنانە بێوێنەیە بە تازەترین پلاتفۆرمی بێهاوتا ھەژماردەکرێت کە ئاسیاسێڵ پێشکەشی لاوانی دەکات کە بە تایبەتی بۆ گەنجانی عێراق دیزاینکراوە".  ئاسیاسێڵ لەلایەن سیمکارتێکی ئەلکترونییە بوار بۆ بەکارهێنەرانی دەڕەخسێنێت کۆنترۆڵی تەواوەتی ئەو خزمەتگوزارییانە بکەن کە لە بەرامبەریدا پارە دەدەن، ئەمە بێجگە لە چەندین تایبەتمەندی کە بێشومار لە پێناو دابینکردنی پێویستییەکانی گەنجانی عێراق.  عامر سونناع، بەڕێوەبەری جێبەجێکار کۆمپانیای ئاسیاسێڵ رایگەیاند:" زۆر خۆشحاڵین کە  لە ناوجەرگەی بەغدای پایتەختەوە خزمەتگوزاریی Yooz پێشکەش دەکەین. بە ڕادەی گرنگی بەغدای پایتەخت بۆ عێراق، پلاتفۆرمی Yooz نوێنەری ڕۆحی ئەو گەنجانەیە کە لە هەوڵدان بۆ شەفافیەت و کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی. بەڕێوەبەری جێبەجێکار کۆمپانیای ئاسیاسێڵ وتیشی:" YOOZ بەڵێنی ئەوە دەدات کە پاڵپشتی هەمیشەیی لاوان دەبێت، ئەوان پاکێجگەلێكیان دەویست کە بە جۆرێك دزاینکرابێت لەگەڵ پێویستییەکانیاندا بگونجێت".  YOOZ سەرەتای سەردەمی تەکنەلۆجیای دیجیتاڵی داهێنەرانەیە بۆ گەنجان. لە ئاهەنگەکەدا 15000 میوان کۆدی QR یان سکان کرد کە لەسەر شاشەیەکی زەبەلاح دەرکەوتبوو ودەستبەجێ ئەپلیکەشنی YOOZ یان دابەزاند وئەم ئەزموونە تازەیان تاقیکردەوە. سیمکارتی YOOZ ئێستا بەردەستە بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت دەستبکات بەم ئەزموونە دیجیتاڵیە پێشکەوتووە نایابە. دەقی راگەیاندراوەكەی كۆمپانیای ئاسیاسێڵ:... "تۆ خاوەن بڕیاریت" - پەیامی “Yooz” بۆ لاوانی عێراق لە میانەی ئاھەنگی دەستپێکە سەرسوڕھێنەرەکەی     نوێترین داھێنانەکانی ئاسیاسێڵ؛ “Yooz” لاوان دڵخۆش دەکات لە میانەی ئاھەنگی دەستپێکە گەورەکەی وئاشکراکردنی تایبەتمەندییە بێشومارەکانی بەغدا، 22 کانونی یەکەم (دیسەمبەر) 2021 – شاری بەغدا شەوی رابردوو ڕاگەیاندنی پلاتفۆرمی YOOZ ی بەخۆیەوە بینی لە میانەی بۆنەیەکی زۆر گەورە ودڵخۆشکەردا کە بۆ ئەو مەبەستە سازکرابوو وبووە مایەی سەرسامبوونی گەنجانى عێراق.  بۆ یەکەمجار ولەلایەن ئاسیاسێڵەوە، کە پێشەنگی کۆمپانیاکانی پەیوەندییە لە عێراق وگەورەترین پاڵپشتی گەنجانە، پەردە لەسەر پلاتفۆرمی YOOZ لادرا. ئەم داھێنانە بێوێنەیە بە تازەترین پلاتفۆرمی بێهاوتا ھەژماردەکرێت کە ئاسیاسێڵ پێشکەشی لاوانی دەکات کە بە تایبەتی بۆ گەنجانی عێراق دیزاینکراوە. ئەوەی ئاهەنگەکەی ڕازاندبووەوە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆر بوو لە لێپرسراوانی حکومی ودیبلۆماسی وکەسانی بەناوبانگ وخاوەن کاریگەریی، سەرەڕای ئامادەبوونی 15000 میوان کە بە خزمەتگوزاریی YOOZ ئاشناکران؛ کە ئەویش سیمکارتێکی ئەلکترونییە بوار بۆ بەکارهێنەرانی دەڕەخسێنێت کۆنترۆڵی تەواوەتی ئەو خزمەتگوزارییانە بکەن کە لە بەرامبەریدا پارە دەدەن، ئەمە بێجگە لە چەندین تایبەتمەندی کە بێشومار لە پێناو دابینکردنی پێویستییەکانی گەنجانی عێراق. بەڕێز عامر سونناع، بەڕێوەبەری جێبەجێکار کۆمپانیای ئاسیاسێڵ خۆشحاڵی خۆی بەرانبەر بە دەسپێکی ڕاگەیاندنی خزمەتگوزاریی YOOZ دەربڕی و لە وتەیەکیدا بەو بۆنەیەوە وتی: "زۆر خۆشحاڵین کە  لە ناوجەرگەی بەغدای پایتەختەوە خزمەتگوزاریی Yooz پێشکەش دەکەین. بە ڕادەی گرنگی بەغدای پایتەخت بۆ عێراق، پلاتفۆرمی Yooz نوێنەری ڕۆحی ئەو گەنجانەیە کە لە هەوڵدان بۆ شەفافیەت و کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی. لاوان توێژێکی هەمەچەشنن لە ڕووی حەز وئاوات وپێویستییەکانیانەوە، ئێستا سەربەستی تەواویان هەیە بۆ هەڵبژاردنی پاکێجەکانی تایبەت بە خۆیان وسوود وەرگرتن لەو بژاردە وتایبەتمەندییە بێسنوورانەی ئەو پاکێجانە دەستەبەری دەکەن بەوپەڕی شەفافیەتەوە، وە بەباشی دەزانن هەر دینارێك کە خەرجی دەکەن بۆ کوێ دەچێت.  YOOZ بەڵێنی ئەوە دەدات کە پاڵپشتی هەمیشەیی لاوان دەبێت، ئەوان پاکێجگەلێكیان دەویست کە بە جۆرێك دزاینکرابێت لەگەڵ پێویستییەکانیاندا بگونجێت، ئێمەش گوێمان بۆ ڕاگرتن و ئەمڕۆ هەستاین بە پێشکەشکردنی. ئێستا گەنجان ئەتوانن کۆنتڕۆڵی خەرجکردنی ئەو پارەیە بکەن کە لە پاکێجەکاندا سەرفی دەکەن. لەم پلاتفۆڕمەدا گەنجان دەتوانن بە خواستی خۆیان پاکێجەکانیان بۆ پەیوەندی، ئینتەرنێت و کورتەنامە وهەروەها کارتی MOODی تایبەت بە خۆیان بەکاربهێنن وچێژ وەربگرن لە بەشداریکردنی بێبەرامبەر لە دڵخوازترین ئەپلیکەیشنەکانی فیلم و گۆرانی ویارییە تایبەتەکان لە فرۆشگەی Play Store، ئەمە بێجگە لە هەڵبژاردنی ژمارەی مۆبایلەکانیان! ئامانجمانە خزمەتی بەشداربووانمان بکەین لە ڕێی دابینکردنی پشتگیریی تەکنیکی وپڕۆژەکانی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی کۆمپانیاکان کە دەتوانێت ڕەوشی کۆمەڵگە باشتربکات وشارەزایی ومەعریفەش زیاتر بکات. لە داهاتووشدا دەستپێشخەری زیاترمان دەبێت کە شوێنپێی دەستپێشخەرییەکانی ڕابردوومان هەڵدەگرن لە ڕووی جوانی و نایابی وگشتگیرییەوە." لەم ڕووداوە مەزنەدا، کۆمپانیای ئاسیاسێڵ هەر تەنها تەکنەلۆجیای مۆدێرنی بواری پەیوەندییەکانی پێشکەش نەکرد، بەڵکو ڕووداوێکی سەرنجڕاکێش وگرنگی خستەڕوو ئەویش ئەوە بوو کە ئاهەنگەکە بە دەسپێکێکی سەرنجڕاکێش وپڕجۆش وخرۆش دەستیپێکرد؛ بە دەرکەوتنی شەش دەفژەن لە هەوادا کە دەستپێکردنی بۆنەکەیان ڕاگەیاند وچەند نمایشێکی ڕووناکی ڕەنگاوڕەنی لێزەریی  لەخۆگرتبوو کە پێشتر لە وێنەی نەبووە. تایبەتمەندییە زۆرەکانی  YOOZ لە ڕێگەی نمایشێکی سەرسوڕهێنەرەوە لە پێشەکی بۆنەکەدا ڕوونکرانەوە کە لەسەر ستەیجی شانۆکە پێشکەشکرا بە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای هۆڵۆگرام وسەماکارانی شاراوە کە بە تایبەتی هاتبوون بۆ پێشکەشکردنی نمایشەکان لەم بۆنە گرنگەدا وبە لۆگۆی YOOZ ـەوە. وە مەراسیمی ئاهەنگەکە بەردەوام بوو بە ئامادەبوونی هونەرمەندی عێراقی ستار سەعد کە بەدرێژای شەو جۆشوخرۆشی جەماوەری ئامادەی ئاهەنگەکەی زیاترکرد وجەوی ئاهەنگەکەی خۆشترکردبوو. مەراسیمی ڕاگەیاندنی پلاتفۆرمەکە ئەو ڕاستییەی سەلماند کە کۆمپانیای ئاسیاسێڵ وەکو کۆمپانیایەکی پێشەنگی تەکنەلۆجیا بەردەوامە لە بەخشین لە ڕووی دابینکردنی پێداویستییەکانی گەنجانەوە وتوانیویەتی بەدجیتاڵکردن بهێنێتە ناو سەرجەم کایەکانی ژیانەوە.  YOOZ سەرەتای سەردەمی تەکنەلۆجیای دیجیتاڵی داهێنەرانەیە بۆ گەنجان. لە ئاهەنگەکەدا 15000 میوان کۆدی QR یان سکان کرد کە لەسەر شاشەیەکی زەبەلاح دەرکەوتبوو ودەستبەجێ ئەپلیکەشنی YOOZ یان دابەزاند وئەم ئەزموونە تازەیان تاقیکردەوە. سیمکارتی YOOZ ئێستا بەردەستە بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت دەستبکات بەم ئەزموونە دیجیتاڵیە پێشکەوتووە نایابە. -کۆتایی- دەربارەی ئاسیاسێڵ ئاسیاسێڵ "کۆماندەکاتەوە"، دابینکەری سەرەکی خزمەتگوزاریى پەیوەندییەکانی مۆبایل و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانە لە عێراق وله‌ 1ى كانونى دووەمی 2021 ــەوە ژماره‌ى به‌شدرابووی ڕەزامەندی14.7  مليۆنی تێپەڕاندووە. ئاسياسێڵ وەکو یەکەم کۆمپانیاى خزمەتگوزاریى مۆبایل ناسێنراوە لە عێراق، وە یەکەم کۆمپانیاشە کە تۆڕەکەی هەموو بەشەکانی عێراق دابپۆشێت وخزمەتگوزاری 4G بە کوالیتی یەکی بەرز لە سەرتاسەری سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دابینبکات.‌ تۆڕى ئاسياسێڵ زیاتر 99% ى دانيشتوانى عێراق ده‌گرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات كه‌ تۆڕه‌كه‌ى ببێته‌ فراوانترين تۆڕى مۆبايل له‌ بەرامبەر دوو كۆمپانيایەکەی تری مۆبايل له‌ عێراقدا. ئاسیاسێڵ شانازی بەوەوە دەکات کە لە کانونی دووەمی 2015 ــەوە بە باشترین دابینکەری خزمەتگوزاری ئینتەرنێت دادەنرێت کە باشترین تۆڕی پەیوەندی بە بەرزترین کوالیتی لە عێراق دابیندەکات. لە ناوەڕاستی ساڵی 2021، ئاسیاسێڵ وەکو خێراترین خزمەتگوزاری 4G لە عێراق لەلایەن Speedchecker®  وگشتگیرترین ڕووماڵی تۆڕی ئینتەرنێت لە Ookla ® ـەوە دەستنیشانکرا. ئاسیاسێڵ بۆ پەیوەندییەکان "PJSC"، بەشی پەیوەندییە گشتییەکان [email protected] بۆ زانیاری زیاتر سەردانی ئەم لینکە بکە: www.asiacell.com  

    هاوڵاتی هاتوچۆی سلێمانی دەڵێت: "هەڵمەتی دەست بەسەراگرتنی ماتۆرسکیل بەردەوامە"، ئاماژە بەوەشدەکات، " ئەوانەی کاری دلیڤەری دەکەن دەبێت خاوەنی مۆڵەتی لێخوڕینی ماتۆڕ سکیل بن". ئەمرۆ سێشەممە 27ی کانوونی یەکەمی 2021 لە ڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاندووە: "هەڵمەتی دەست بە سەراگرتنی ماتۆرسکیل بەردەوامە و ژمارەیەک ماتۆرسکیل دەستی بە سەردا گیراوە و هەڵمەتەکەش بەردەوام دەبێت". بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردووە: "هاتوچۆی سلێمانی ئاگاداری شۆفێرانی ماتۆڕسکیل دەکات بەتایبەت  شۆفێری ئەو  ماتۆرسکیلانەی کاری دلیڤەری دەکەن پێویستە پابەندی سەلامەتی بن و هۆکارەکانی سەلامەتی لە دەست کێش و کڵاو و سەرئەژنۆ  بەکاربهێنن،  وە خۆیان دوور بگرن لە ڕۆیشتن بە پێچەوانەی شەقام و بێزارکردنی هاوڵاتیان و دەبێت خاوەنی مۆڵەتی لێخوڕینی ماتۆڕ سکیل بن". ئەوەشی خستۆتەروو: "هەر شۆفێرێکی ماتۆرسکیل مۆڵەتی لێخورینی نیە بە زووترین کات سەردانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بەشی مۆڵەت بکات بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری ماتۆڕسکیل بە پێچەوانەوە هەر شۆفێرێکی ماتۆڕسکیل پابەند نەبێت دەست بە سەر ماتۆرسکیلەکەیدا دەگیرێت". دەقی ئاگادارییەکە:... ئاگادارییەک لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانییەوە بۆ شۆفێری ئەو ماتۆرسکیلانەی کاری دلیڤەری دەکەن هەڵمەتی دەست بە سەراگرتنی ماتۆرسکیل   بەردەوامە و ژمارەیەک ماتۆرسکیل دەستی بە سەردا گیراوە و هەڵمەتەکەش بەردەوام دەبێت  ‏‎هاتووچۆی سلێمانی ئاگاداری شۆفێرانی ماتۆڕسکیل دەکات بەتایبەت  شۆفێری ئەو  ماتۆرسکیلانەی کاری دلیڤەری دەکەن پێویستە پابەندی سەلامەتی بن و هۆکارەکانی سەلامەتی لە دەست کێش و کڵاو و سەرئەژنۆ  بەکار بهێنن ،  وە خۆیان دور بگرن لە ڕۆیشتن بە پێچەوانەی شەقام و بێزارکردنی هاوڵاتیان و ە دەبێت خاوەنی مۆڵەتی لێخوڕینی ماتۆڕ سکیل بن  یاخود هەر شۆفێرێکی ماتۆرسکیل مۆڵەتی لێخورینی نیە بە زووترین کات سەردانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بەشی مۆڵەت بکات بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری ماتۆڕسکیل بە پێچەوانەوە هەر شۆفێرێکی ماتۆڕسکیل پابەند نەبێت دەست بە سەر ماتۆرسکیلەکەیدا دەگیرێت و رەوانەی گەراجی دەست بە سەراگرتن دەکرێت توندترین سزا دەدەرێت .  هەروەها داواکارین لە هاوڵاتیانی خۆشەویستی شارەکەمان  لەئەگەری هەبوونی حاڵەتی لەو شێوەیە  پەیوەندی بکەن  بە  ژمارە (۱٠٠) سەنتەری ڕێکخستنی پەیوەندییەکان (JCC) یان  پەیوەندی بە ژمارە (۱۸۸) ی کۆنترۆڵی هاتووچۆی  بکەن بەمەبەستی ناردنی مەفرەزە و لێپێچینەوە لە شۆفێرانی سەرپێچیکار.

هاوڵاتی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ داعش به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه‌ هیچ هێزێكی شه‌ڕكه‌ریان له‌ناو خاكی عێراقدا نه‌ماوه‌. ئەمڕۆ دووشەممە 27ی كانوونی یه‌كه‌می 2021،هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی رۆژنامه‌وانیدا ئه‌وه‌ی دوپاتكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ 9ی ئه‌م مانگه‌وه‌ هیچ هێزێكی شه‌ڕكه‌ری ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانی له‌ عێراقدا نه‌ماوه‌ و له‌و كاته‌وه‌ ئه‌و هێزانه‌ خزمه‌تگوزاریی جه‌نگی پێشكه‌ش به‌ عێراق ناكه‌ن. "پێش واده‌ی دیاریكراو پابه‌ندبووین به‌ كشانه‌ویه‌ هێزه‌كان و ئه‌و به‌ڵێنه‌مان جێبه‌جێكرد كه‌ له‌ ناو گفتوگۆی ستراتیژیی نێوان به‌غدا و واشنتن له‌ مانگی حوزه‌یرانی رابردوو باس كرابوون". هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ وا ده‌ڵێت. له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌ كه‌ "به‌هۆی به‌رزبونه‌وه‌ی توانای هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌شه‌وه‌، پرۆسه‌ی كشانه‌وه‌ی هێزه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كان زووتر له‌ واده‌ی خۆی جێبه‌جێ كراوه‌. ده‌رباره‌ی مانه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌ش كه‌ ئێستا له‌ عێراقن، هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی ده‌ڵێت كه‌ ئه‌و هێزانه‌ راوێژكارین و هاوكاریی هێزه‌ عێراقییه‌كان ده‌كه‌ن بۆ شكستهێنان به‌ رێكخراوی داعش. له‌چوارچێوه‌ی گفتوگۆی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئه‌مریكا بڕیاربوو كۆتایی ئه‌مساڵ هێزه‌ بیانییه‌كان له‌ عێراق بكشێنه‌وه‌، له‌ چه‌ند رۆژی رابردووشدا هێزه‌ شه‌ڕه‌كه‌ بیانییه‌كان بنكه‌ سه‌ربازییه‌ گه‌وره‌كانی عێراقیان چۆڵ كرد. گروپه‌ شیعه‌ چه‌كداره‌كانی عێراقی نزیك له‌ ئێران دڵنیان نین له‌ كشانه‌وه‌كه‌ی ئه‌مریكا و هێزه‌ بیانییه‌كان، پێشتر هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان كردبوو كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه‌ نه‌كشێته‌وه‌، ئه‌وا ده‌ست به‌ هێرشه‌كانیان بۆسه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا و هێزه‌ بیانییه‌كان ده‌كه‌نه‌وه‌.

  هاوڵاتی پۆلیسی فەرەنسا کەسێکی سوری  دەستبەسەر دەکات کە گومانی ئەوەیان لێکردووە کەرەستەی دروستکردنی چەکی کیمیایی لە رێگەی کۆمپانیایەکی گواستنەوەوە لە فەرەنساوە بردووەتە سوریا. ئەمڕۆ دووشەممە 27ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کەیسەکە رایانگەیاند، ئەو کەسە رۆژی شەممە 25-12-2021 لە باشووری فەرەنسا دەستگیرکراوە و ئاماژەیان بەوەش کرد، ئەو کەسە لەدایکبووی ساڵی 1962ە و لە دەرەوەی فەرەنسا ژیاوە، "بەڵام بۆ پشووی سەری ساڵ لەگەڵ خێزانەکەی گەڕاوەتەوە وڵات". دەستگیرکردنەکەشی بەگوێرەی سەرچاوەیەک لە دادگای فەرەنسا، بەهۆی ئەوە بووە کە گومان دەکرێت "پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی تاوانی دژی مرۆڤایەتی، هاوکاربوون تێیدا و هاوکاربوون بۆ ئەنجامدانی تاوانی جەنگ" ئەنجامدابێت. بەگوێرەی سەرچاوەکە، ئەو تاوانانەی ئەو کەسەی لەسەری دەستبەسەر کراوە، دەگەڕێتەوە بۆ ئاداری ساڵی 2011 کە ئەو کات تازە جەنگی ناوخۆی سووریا دەستیپێکردبوو، تاوەکو لانیکەم مانگی کانوونی دووەمی 2018 لەسەر ئەو کارانە بەردەوام بووە کە پێی تۆمەتبار کراوە. ئەو سەرچاوە ئەوەی خستووەتەڕوو کە ئەو کەسە کۆمپانیای لە شوێنی جیاواز هەبووە و "بەشداریی لە دابینکردنی کەرەستەی جیاواز بۆ حکومەتی سووریا بۆ دروستکردنی چەکی نائاسایی کردووە"، ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەمە دەبێتە جاری یەکەم کەسێک بەهۆی گومانی پاڵپشتیکردنی حکومەتی سووریا دەخرێتە ژێر لێکۆڵینەوەی فەرمییەوە" لە فەرەنسا. جەنگی سووریا تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی نزیکەی نیو ملیۆن کەس، کە بە گەورەترین جەنگ لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە دادەنرێت. حکومەتی سووریا رەتیدەکاتەوە چەکی کیمیایی بەکارهێنابێت و دەڵێت، لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی ساڵی 2013دا چەکە کیمیاییەکەی لەنێوبردووە.

هاوڵاتی فەرماندەی ھێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) داوا لە نەتەوە یەکگرتوەکان دەکات کاربکات بۆ راگرتنی هێرشەکانی تورکیا کە هاوڵاتیانی مەدەنی بەئامانج گرتوە ، هەروەها هێرشەکەی ئەنقەرە لێدانە لەهەوڵەکانی بەرقەرارکردنی ئاسایش لە ناوچەکەدا. ئەمڕۆ دووشەممە 27ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، مەزڵوم کۆبانی، فەرماندەی ھێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەهەژماری فەرمی خۆی لەتویتەر ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئەو هێرشەی تورکیا کە لە یەکێک لە ماڵەکانی کۆبانیدا بارەگای رێکخراوێکی لاوانی کردە ئامانج، بەهۆیەوە پێنج کەس شەهیدبون و چوار کەسی دیکەش برینداربون، ئەو هێرشەش بەردەوامیی هەڵسوکەوتی داگیرکارییە و سەلماندنی چۆنیەتی مامەڵەی تورکیایە لەگەڵ پرسی کورد لەسوریا". شەوی 25ی ئەم مانگە فڕۆکەیەکی تورکیا بارەگای رێکخراوی (لاوانی شۆڕشگێر)ى له‌ شاری كۆبانی رۆژئاڤای کوردستان بۆردومانکرد و هێرشەکەش شەهید و برینداری لێکەوتەوە. فەرماندەی ھێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئاماژەی بەوەشکردوە، "بەردەوامی هێرشەکان لێدانە لەئاسایش و ئارامی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، بۆیە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی شەهیدان دەکەین". مەزڵوم کۆبانی، داوا لە نەتەوە یەکگرتوەکان دەکات کاربکات بۆ راگرتنی هێرشەکانی تورکیا کە هاوڵاتیانی مەدەنی بەئامانج گرتوە ، هەروەها هێرشەکەی ئەنقەرە لێدانە لەهەوڵەکانی بەرقەرارکردنی ئاسایش لە ناوچەکەدا.