هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنجشەممە بەهۆی دووکەڵی خەڵووزەوە، دایکێک و چوار منداڵی لە گوندێکی نزیک ئاکرێ خنکاون و ئێستا تەرمەکەیان لە نەخۆشخانەی ئاکرێیە. كەسێی نزیكی قوربانیەكان بە هاوڵاتی وت:" رووداوەکە لە گوندی قوپکی سەر بە شارۆچکەی گرەسێنی ئاکرێ روویداوە، دایکەکە و چوار منداڵەکەی لە خەودا بوون و بەهۆی ئەوەی خەڵووزیان کردووەتە نێو تەنەکەیەک و دواتر ئاگرەکەی کوژاوەتەوە و بووەتە دووکەڵ، خنکاون. وتیشی:" یەکێک لە منداڵەکان تەمەنی 28 ساڵە و خاوەنپێداویستیی تایبەتە، سێ منداڵەکەی دیکەش یەکیان لە پۆلی سێی بنەڕەتی بووە و ئەوی دیکەش لە پۆلی پێنج . بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە بۆ رووداو پیاوی خێزانەکە پێشمەرگەیە و لە دەوام بووە. ناو و تەمەنی دایک و منداڵەکانی 1- بیلمەس مستەفا، تەمەن 42 ساڵە 2- رەوان عوزێر خدر، تەمەنی 9 ساڵە  3- موراد عوزێر خدر، تەمەنی 11 ساڵە 4- سەعد عوزێر خدر، تەمەنی 28 ساڵە 5- خەلات عوزێر خدر، تەمەنی 12 ساڵە 

  هاوڵاتی نوێترین داھێنانەکانی ئاسیاسێڵ؛ “Yooz” لاوان دڵخۆش دەکات لە میانەی ئاھەنگی دەستپێکە گەورەکەی وئاشکراکردنی تایبەتمەندییە بێشومارەکانی بەغدا، 22 کانونی یەکەم (دیسەمبەر) 2021 – شاری بەغدا شەوی رابردوو ڕاگەیاندنی پلاتفۆرمی YOOZ ی بەخۆیەوە بینی لە میانەی بۆنەیەکی زۆر گەورە ودڵخۆشکەردا کە بۆ ئەو مەبەستە سازکرابوو وبووە مایەی سەرسامبوونی گەنجانى عێراق. بۆ یەکەمجار ولەلایەن ئاسیاسێڵەوە، کە پێشەنگی کۆمپانیاکانی پەیوەندییە لە عێراق وگەورەترین پاڵپشتی گەنجانە، پەردە لەسەر پلاتفۆرمی YOOZ لادرا. ئەم داھێنانە بێوێنەیە بە تازەترین پلاتفۆرمی بێهاوتا ھەژماردەکرێت کە ئاسیاسێڵ پێشکەشی لاوانی دەکات کە بە تایبەتی بۆ گەنجانی عێراق دیزاینکراوە. ئەوەی ئاهەنگەکەی ڕازاندبووەوە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆر بوو لە لێپرسراوانی حکومی ودیبلۆماسی وکەسانی بەناوبانگ وخاوەن کاریگەریی، سەرەڕای ئامادەبوونی 15000 میوان کە بە خزمەتگوزاریی YOOZ ئاشناکران؛ کە ئەویش سیمکارتێکی ئەلکترونییە بوار بۆ بەکارهێنەرانی دەڕەخسێنێت کۆنترۆڵی تەواوەتی ئەو خزمەتگوزارییانە بکەن کە لە بەرامبەریدا پارە دەدەن، ئەمە بێجگە لە چەندین تایبەتمەندی کە بێشومار لە پێناو دابینکردنی پێویستییەکانی گەنجانی عێراق. بەڕێز عامر سونناع، بەڕێوەبەری جێبەجێکار کۆمپانیای ئاسیاسێڵ خۆشحاڵی خۆی بەرانبەر بە دەسپێکی ڕاگەیاندنی خزمەتگوزاریی YOOZ دەربڕی و لە وتەیەکیدا بەو بۆنەیەوە وتی: "زۆر خۆشحاڵین کە لە ناوجەرگەی بەغدای پایتەختەوە خزمەتگوزاریی Yooz پێشکەش دەکەین. بە ڕادەی گرنگی بەغدای پایتەخت بۆ عێراق، پلاتفۆرمی Yooz نوێنەری ڕۆحی ئەو گەنجانەیە کە لە هەوڵدان بۆ شەفافیەت و کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی. لاوان توێژێکی هەمەچەشنن لە ڕووی حەز وئاوات وپێویستییەکانیانەوە، ئێستا سەربەستی تەواویان هەیە بۆ هەڵبژاردنی پاکێجەکانی تایبەت بە خۆیان وسوود وەرگرتن لەو بژاردە وتایبەتمەندییە بێسنوورانەی ئەو پاکێجانە دەستەبەری دەکەن بەوپەڕی شەفافیەتەوە، وە بەباشی دەزانن هەر دینارێك کە خەرجی دەکەن بۆ کوێ دەچێت. YOOZ بەڵێنی ئەوە دەدات کە پاڵپشتی هەمیشەیی لاوان دەبێت، ئەوان پاکێجگەلێكیان دەویست کە بە جۆرێك دزاینکرابێت لەگەڵ پێویستییەکانیاندا بگونجێت، ئێمەش گوێمان بۆ ڕاگرتن و ئەمڕۆ هەستاین بە پێشکەشکردنی. ئێستا گەنجان ئەتوانن کۆنتڕۆڵی خەرجکردنی ئەو پارەیە بکەن کە لە پاکێجەکاندا سەرفی دەکەن. لەم پلاتفۆڕمەدا گەنجان دەتوانن بە خواستی خۆیان پاکێجەکانیان بۆ پەیوەندی، ئینتەرنێت و کورتەنامە وهەروەها کارتی MOODی تایبەت بە خۆیان بەکاربهێنن وچێژ وەربگرن لە بەشداریکردنی بێبەرامبەر لە دڵخوازترین ئەپلیکەیشنەکانی فیلم و گۆرانی ویارییە تایبەتەکان لە فرۆشگەی Play Store، ئەمە بێجگە لە هەڵبژاردنی ژمارەی مۆبایلەکانیان! ئامانجمانە خزمەتی بەشداربووانمان بکەین لە ڕێی دابینکردنی پشتگیریی تەکنیکی وپڕۆژەکانی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی کۆمپانیاکان کە دەتوانێت ڕەوشی کۆمەڵگە باشتربکات وشارەزایی ومەعریفەش زیاتر بکات. لە داهاتووشدا دەستپێشخەری زیاترمان دەبێت کە شوێنپێی دەستپێشخەرییەکانی ڕابردوومان هەڵدەگرن لە ڕووی جوانی و نایابی وگشتگیرییەوە." لەم ڕووداوە مەزنەدا، کۆمپانیای ئاسیاسێڵ هەر تەنها تەکنەلۆجیای مۆدێرنی بواری پەیوەندییەکانی پێشکەش نەکرد، بەڵکو ڕووداوێکی سەرنجڕاکێش وگرنگی خستەڕوو ئەویش ئەوە بوو کە ئاهەنگەکە بە دەسپێکێکی سەرنجڕاکێش وپڕجۆش وخرۆش دەستیپێکرد؛ بە دەرکەوتنی شەش دەفژەن لە هەوادا کە دەستپێکردنی بۆنەکەیان ڕاگەیاند وچەند نمایشێکی ڕووناکی ڕەنگاوڕەنی لێزەریی لەخۆگرتبوو کە پێشتر لە وێنەی نەبووە. تایبەتمەندییە زۆرەکانی YOOZ لە ڕێگەی نمایشێکی سەرسوڕهێنەرەوە لە پێشەکی بۆنەکەدا ڕوونکرانەوە کە لەسەر ستەیجی شانۆکە پێشکەشکرا بە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای هۆڵۆگرام وسەماکارانی شاراوە کە بە تایبەتی هاتبوون بۆ پێشکەشکردنی نمایشەکان لەم بۆنە گرنگەدا وبە لۆگۆی YOOZ ـەوە. وە مەراسیمی ئاهەنگەکە بەردەوام بوو بە ئامادەبوونی هونەرمەندی عێراقی ستار سەعد کە بەدرێژای شەو جۆشوخرۆشی جەماوەری ئامادەی ئاهەنگەکەی زیاترکرد وجەوی ئاهەنگەکەی خۆشترکردبوو. مەراسیمی ڕاگەیاندنی پلاتفۆرمەکە ئەو ڕاستییەی سەلماند کە کۆمپانیای ئاسیاسێڵ وەکو کۆمپانیایەکی پێشەنگی تەکنەلۆجیا بەردەوامە لە بەخشین لە ڕووی دابینکردنی پێداویستییەکانی گەنجانەوە وتوانیویەتی بەدجیتاڵکردن بهێنێتە ناو سەرجەم کایەکانی ژیانەوە. YOOZ سەرەتای سەردەمی تەکنەلۆجیای دیجیتاڵی داهێنەرانەیە بۆ گەنجان. لە ئاهەنگەکەدا 15000 میوان کۆدی QR یان سکان کرد کە لەسەر شاشەیەکی زەبەلاح دەرکەوتبوو ودەستبەجێ ئەپلیکەشنی YOOZ یان دابەزاند وئەم ئەزموونە تازەیان تاقیکردەوە. سیمکاری YOOZ ئێستا بەردەستە بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت دەستبکات بەم ئەزموونە دیجیتاڵیە پێشکەوتووە نایابە. دەربارەی ئاسیاسێڵ ئاسیاسێڵ "کۆماندەکاتەوە"، دابینکەری سەرەکی خزمەتگوزاریى پەیوەندییەکانی مۆبایل و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانە لە عێراق وله‌ 1ى كانونى دووەمی 2021 ــەوە ژماره‌ى به‌شدرابووی ڕەزامەندی14.7 مليۆنی تێپەڕاندووە. ئاسياسێڵ وەکو یەکەم کۆمپانیاى خزمەتگوزاریى مۆبایل ناسێنراوە لە عێراق، وە یەکەم کۆمپانیاشە کە تۆڕەکەی هەموو بەشەکانی عێراق دابپۆشێت وخزمەتگوزای 4G بە کوالیتی یەکی بەرز لە سەرتاسەری سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دابینبکات. تۆڕى ئاسياسێڵ زیاتر 99% ى دانيشتوانى عێراق ده‌گرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات كه‌ تۆڕه‌كه‌ى ببێته‌ فراوانترين تۆڕى مۆبايل له‌ بەرامبەر دوو كۆمپانيایەکەی تری مۆبايل له‌ عێراقدا. ئاسیاسێڵ شانازی بەوەوە دەکات کە لە کانونی دووەمی 2015 ــەوە بە باشترین دابینکەری خزمەتگوزاری ئینتەرنێت دادەنرێت کە باشترین تۆڕی پەیوەندی بە بەرزترین کوالیتی لە عێراق دابیندەکات. لە ناوەڕاستی ساڵی 2021، ئاسیاسێڵ وەکو خێراترین خزمەتگوزاری 4G لە عێراق لەلایەن Speedchecker® وگشتگیرترین ڕووماڵی تۆڕی ئینتەرنێت لە Ookla ® ـەوە دەستنیشانکرا. بۆ زانیاری زیاتر سەردانی ئەم لینکە بکە: www.asiacell.com

کاکەلاو عەبدوڵا ئەو سیاسەتمەدارەی گوژمێکی گەورەی بە ئابوری تورکیاداو گەیاندییە ترۆپک بەجۆرێک ژیانی خەڵکی وڵاتەکەی بووژاندەوەو بەجۆش و خرۆشەوە ستایشیان دەکردو پێیان هەڵدەدا، ئێستا هەر هەمان سیاسەتمەدار بە سیاسەتە ئابورییەکانی دەستی خستووەتە بینەقاقای هاووڵاتیانی وڵاتەکەی و خەڵکی تورکیا گەشتوونەتە ئاستێک کە چەندین کاتژمێر سەرە دەگرن بۆ کڕینی نانی هەرزان. رۆژانە لەتورکیا خەڵک لەسەرەی ناندا چەندین کاتژمێر بەسەردەبەن تەنها بۆ ئەوەی بە پارەیەکی هەرزانتر بیکڕن و ئەو بڕە کەمەی دەمێنێتەوە لە شتێکی تردا خەرج بکەن بۆ ئەوەی بەرگە بگرن لەو دۆخە سەختە ئابورییەی تووشی بوون. تا دێت لیرەی تورکی بەهای خۆی لەبەرامبەر دۆلاردا لەدەستدەدات و ئەمەش ژیانی هاووڵاتیانی تورکیای سەخت کردووە چونکە ئیتر پێداویستییە سەرەتاییەکانی رۆژانەیان پێ ناکڕدرێت و رۆژ لەدوای رۆژ نرخ زیاتر بەرزدەبێتەوە. بەهۆی سیاسەتە ئابورییەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، لیرەی تورکی لەمساڵدا لەسەدا ٥٠٪ی بەهاکەی لەدەستدا کە بەشیکی زۆری لەمانگی رابردوودا بوو بە لەدەستدانی لەسەدا ٣٠٪ بەهاکەی لەبەرامبەر دۆلار، پێش ئەوەی لە رۆژی سێشەممەی رابردوودا لەسەدا ٢٥٪ی بەهاکەی بۆ گەڕایەوە دوای وتارەکەی سەرۆکی تورکیا کە داوای لە هاووڵاتیان کرد پارە هەڵگیراوەکانیان بە لیرە دابنێن و ئەمەش بووە هۆی فرۆشتنی یەک ملیار دۆلار لەبازاڕی ئاڵوگۆڕی دراودا و لەئەنجامدا یەک دۆلار لە ١٨ لیرەوە گەیشتە ١٢ لیرە. سەرە بۆ نانی هەرزان لە گەورە شاری ئەستەمبوڵ خەڵک بە کاتژمێر سەرە دەبەستن بۆ کڕینی نانی هەرزان، ئەو نانەی لەڕێی پرۆگرامی «نانی گشتی» حکومەتەوە دابین دەکرێت بۆ هاووڵاتیان. لە ئەستەمبوڵ هەزارو ٥٠٠ کۆشک ئامادەکراوە بۆ دابەشکردنی ئەم نان و سەمونە هەرزانانە کە هەر دانەیەک بە یەک لیرەو ٢٥ قروشە کە دەکاتە نۆ سەنت لەکاتێکدا نانێکی ئاسایی لە شوێنی تر بە دوو لیرەو ٥٠ قروشە واتە ١٨ سەنت. هەرچەندە جیاوازییەکە زۆر نییە، بەڵام ئەو پارەیەی دەمێنیتەوە زۆرە بۆ هەزار دانیشتووی ئەستەمبوڵ. نیازی تۆپراک یەکێکە لەو هەزارەها دانیشتووەی سەرەی بۆ نانی هەرزان گرتووە و دەڵێت: هەمووشتێک گرانە، هەر لە خواردنەوە بۆ نان، لەکراسەکەتەوە بۆ ئەو گۆرەوییەی لەپێی دەکەیت. تۆپراک خانەنشینێکی تەمەن ٧١ ساڵە و بۆ جەزیرەی ئینگلیزی قسەی کردووە و باس لەوە دەکات مووچەی خانەنشینییەکەی بەشی خێزانەکەی ناکات. «مووچەی خانەنشینییەکەم تەنها ٨٠٠ لیرە (٥٨ دۆلار)ە، بۆیە ئەوە بەس نییە بۆ ئەوەی لەم رۆژانەدا پێی بژیت»، تۆپراک وای وت. «ئێمە چوار کەسین لە ماڵەوەو کرێی خانوەکەمان دوو هەزار لیرە (١٤٠ دۆلار)ە، هەر یەکێکمان لانیکەم رۆژی نانێک دەخۆین، بۆیە بەنیازم چوار نان لێرە بکڕم، دەبێت ئەم ماوەیە چەنێک بتوانیت پارە خەزن بکەیت»، تۆپراک وا دەڵێت. لەساڵی ٢٠٠٣ەوە پارتەکەی ئەردۆغان لەدەسەڵاتدایە و سەرکەوتنتە یەک لەدواییەکەکانی بەشێکی زۆری بۆ ئەو گەشە ئابورییە دەگەڕێتەوە کە ئەردۆغان وەک سەرۆک وەزیران و سەرۆکی وڵات بۆ تورکیای بەدەستهێنا. قەدری تەستان، زانایەکی باڵای بانکی ئەڵمانی مارشال فەند بە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی راگەیاند، «تورکیا لەدەیەی یەکەمی حوکمی ئەردۆغاندا بە موعجیزە لێکدەدرایەوە.» هەژاری لەسەدا ٥٠% کەمی کرد، ملیۆنەها کەس لە چینی هەژارەوە هاتنە چینی مامناوەندو وەبەرهێنی دەرەکیش بەپەرۆش بوون کە پارە بخەنە قەرزەوە. بەڵام ئێستا هەڵئاوسان لەوڵاتەکەدا گەیشتووەتە سەروو لەسەدا ٢١٪ و لیرە هێزی خۆی لەدەستداوەو تا دێت هاووڵاتیان کەمتر شتیان پێ دەکڕدرێت. بەهۆی کەمکردنەوەی سوودی قەرزی بانەکەکانەوە ئەردۆغان رەخنەی زۆری لێدەگیرێت لەلایەن بازرگانان و ئۆپۆزسیۆنەوە بەڵام سەرۆکی تورکیا دەڵێت ئەم سیاسەتەی لەماوەی درێژخایەندا وڵاتەکەی وا لێدەکات لەسەر پێی خۆی بوەستێت و پشت بەکەلوپەلی دەرەوە نەبەستێت، هەروەها گەشەی ئابوریش زیاد دەکات. بانکی ناوەندی لە ماوەی سێ مانگدا سوودی قەرزی لە لەسەدا ١٩٪ەوە کەمکردووەتەوە بۆ لەسەدا ١٤٪ ئەمەش بەهای لیرەی تورکی بەتەواوی دابەزاندووە و بووەتە داڕمانی ئابوری وڵاتەکە. بە کەمکردنەوەی سوودی قەرزی بانکەکان، ئەردۆغان باس لەوە دەکات کە بەکاربەران بەپەرۆشتر دەبن بۆ بازاڕکردن و بزنسەکان زیاتر قەرز دەکەن لە بانەکەکان و زیاتر وەبەرهێنان بە پارەوە دەکەن و هەلی کاریش زیاتر دەبێت. ئەردۆغان دەشڵێت ئەگەر لیرە بەهاکەی لەبەرامبەر دۆلار لەدەستبدات، هەناردەی تورکیا هەرزانتر دەبێت و وا لە بەکاربەرانی دەرەوە دەکات زیاتر بکڕن. ئەوە تا رادەیەک راستە، بەڵام باجێکی قورسیشی لەگەڵە. تورکیا زۆر پشت بە هاوردەی وەک پارچەی ئۆتومبیل و دەرمان و سووتەمەنی و چەندین شتی تر دەبەستێت لە ماددە خاوەکانی تر. کاتێک لیرە بەهای لەدەست دەدات، ئەو بەرهەمانە پارەی زیاتریان تێدەچێت بۆ کڕین. لەهەمان کاتدا سیاسەتەکەی ئەردۆغان وا لە وەبەرهێنەرانی دەرەوە دەکات کە بترسن و وەک پێشتر قەرز نەدەنە بانکەکانی تورکیا چونکە متمانەیان بە لیرە نەماوە. لەچاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ئەردۆغان رایگەیاند، «درەنگ یان زوو، هەروەک چۆن کاتێک دەسەڵاتم وەرگرت هەڵئاوسانمان گەیاندە لەسەدا ٤٪، هەر بەو جۆرە جارێکی تر کەمی دەکەینەوە، بەڵام ناهڵێم هاووڵاتیان و گەلەکەم لەژێر سوودی قەرزدا تێکبشکێن.» هەڵئاوسان لەساڵی ٢٠١١دا کەمبووەوە بۆ لەسەدا ٤٪ ، کاتێک ئەردۆغان سەرۆک وەزیران بوو، بەڵام لەوکاتەوە بەرزی بەخۆیەوە بینیوەو تەنها لە مانگی رابردوودا بەهۆی نزمبوونەوەی بەهای لیرەوە هەڵئاوسان لەسەدا ٣.٥٪ بەرزبووەوە و بەپێی ئاماری حکومەت، بەکۆی گشتی گەیشتە سەروو لەسەدا ٢١٪، شارەزایانی ئابوریش دەڵێن ئەگەر ئەم دۆخەی تورکیا بەردەوام بێت هەڵئاوسان دەگاتە لەسەدا ٣٠٪. رەخنەگرانی حکومەت دەڵێن ئەو رێژەیە زۆر زیاترە کە حکومەت دایناوە. شارەوانی ئەستەمبوڵ، کە لەلایەن سەرۆک شارەوانی ئەکرەم ئیمامئۆغلۆی سەر بە پارتی ئۆپۆزسیۆنی گەلی کۆماری (جەهەپە)ەوە بەڕێوە دەبرێت، رێژەی خۆی لەسەر هەڵئاوسان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت خەرجی ژیانکردن لەشارەکەدا لەسەدا ٥٠٪ بەرزبووەتەوە لەساڵێکدا. بەپێی ئۆفیسی ئاماری ئەستەمبوڵ، نرخی گەنم لەسەدا ١٠٩٪، رۆنی گوڵەبەرۆژە لەسەدا ١٣٧٪، کلێنس لەسەدا ٩٠٪، شەکر لەسەدا ٩٠٪، هەروەها غازی سروشتی لەسەدا ١٠٢٪ بەرزبوونەتەوە. هاووڵاتییەکی تورکی کە لەسەرەی ناندا دەوەستێت و پیشەکەی کارەباچییە، دەڵێت: خەڵک لە ئازاردا دەژین، من ئێستا ناتوانم پارەی تەواوەتی بەدەست بهێنم بۆ ئەوەی پێی بژین. ئەو کارەباچییە بۆ رۆژنامەی نیویۆرک تایمز قسەی کردووە و باس لەوە دەکات مووچەی مانگانەی دوو هەزار و ٩٠٠ لیرە  (٢١٧) دۆلارەو کرێی خانووەکەی لەسەروو دوو هەزار لیرە (١٥٠ دۆلار)ەوەیە. نانەواخانەو سەمونخانەکان بوونەتە داردەستی سیاسەتمەدارەکان نان بەشێکی گرنگی ژیانی هاووڵاتیانی تورکیایە و بەپێی ئاماری یەکێتی پیشەوەرانی نانەواخانەکان هەر هاووڵاتییەک ساڵانە ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ کیلۆگرام نان یان سەمون دەخوات. ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ، سەرۆک شارەوانی ئەستەمبوڵ و سەر بەپارتی جەهەپە کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنە، بەرهەمهێنانی «نانی گشتی» زیادکردووە بۆ ٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزاری رۆژانە لەیەک ملیۆن ٥٠٠ هەزار نانی رۆژانەوە. خاوەنی سەمونخانەکان دەڵێن لە دوولاوە فشاریان دەکرێتە سەر و ئەگەر بەوجۆرە بەردەوام بێت تووشی مایەپووچی دەبنەوە لەسەر شەڕی سیاسی لایەنە جیاوازەکان. حکومەتی تورکیا فشار دەخاتە سەر نانەواخانە و سەمونخانەکان کە بەهەرزانتر نان و سەمون بفرۆشن لەکاتێکدا رۆژ لەدوای رۆژ نرخی ئاردو دانەوێڵەو غاز و کارەبا بەرز دەبنەوە. «من ناتوانم بزنسەکەم بەرەوپێش ببەم، نرخی ئارد تا دێت بەرز دەبێتەوە»، ئەحمەد ئوجار، خاوەنی سەمونخانەیەک لەئەستەمبول ئەمەی بە نیویۆرک تایمز وت. ئوجار دەشڵێت، «ئێمە لە دوو لاوە لێمان دەدرێت، شارەوانی نانی هەرزان دەفرۆشێت بۆ راکێشانی دەنگ، حکومەتیش نرخی نان بە دابەزیوی دەهێڵیتەوە بۆ هێشتنەوەی دەنگەکانی». جگە لەمانەش لە هەندێک کەرت و پیشەسازی تردا مووچەی کارمەندان دوادەخرێت و پاشەکەوت دەکرێت. گونای ئەکیل، هاووڵاتییەکی ئاسایی تورکیا بە رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی راگەیاندووە، هاوسەرەکەی لە کارگەیەکی دیزاینکردنی چێشتخانەدا کاردەکات و موچەیان بەنیوە پێدەدرێت. ئەکیل لەکاتی کڕینی شتومەک لە سوپەرمارکیتێک لەلایەن گاردیانەوە چاوپێکەوتنی لەگەڵ کراوەو ئاماژەی بۆ ئەو شاتنە کردووە کە کڕیونی کە ئەوانیش کیلۆیەک پیازو کەلەرمێکی گەورە بووە لەگەڵ ماست و نان. «بۆ ئێوارە ئەمەمان هەیە، نان و ماست و سوپی کەلەرم،» ئەکیل وای وت. «ئێستا هەموو شتێك گرانە، بەحاڵ دەتوانین خۆمان بژێنین، بۆ ئەوەی لە پارەی کرێچییەتی رزگارمان ببێت ئێستا لەگەڵ ماڵی خەزروم دەژین»، ئەکیل وادەڵێت. تەنانەت ئێستا بەشێکی زۆری لایەنگرانی ئەردۆغان بێهیوا بوون و دەڵێن چیتر دەنگ نادەن، ئەو لایەنگرانەی کە ١٠ ساڵ لەمەبەور بەهیواوە دەنگیان دەدا بۆ داهاتوویەکی رۆشنتر. «من ئێستا بۆ کار دەگەڕێم، ناتوانم قەرزەکانم بدەمەوە... هیچ چارەسەرێک نییە و خەڵک بێزاربوون، چەندین ساڵ بۆ (ئەردۆغان) دەنگمدا، بەڵام تەماشاکەن ئیتر ئەو ناتوانێت خۆی رزگار بکات»، هاووڵاتییەکەی شاری کۆنیا بەناوی سەریکایا ئەمەی بە ئاژانسی رۆیتەرز وت. بڕیارە لەساڵی ٢٠٢٣ هەڵبژاردنی گشتی لەتورکیا ئەنجامبدرێت و بۆ یەکەمجار لەمساڵدا لە چەند راپرسییەکی چەند ناوەندێکی باوەڕپێکراوی وڵاتەکە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان دەنگیان زۆرتر هێناوە یان پارتی دادو گەشەپیدان (ئەکەپە)ی ئەردۆغان دەنگەکانی بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە کەئەمە یەکەمجارە شتی لەوجۆرە رووبدات لەساڵی ٢٠٠٣ەوە. «هەرگیز هێندە پشتگیری  ئەوەندە کەممان نەدیوە بۆ ئەکەپە لە رابردوودا، بڕوایەکی بەهێز هەیە کە لە ٢٠٢٣دا گۆڕانکارییەکی سیاسی روودەدات»، سینان ئۆڵگن، لە ناوەندی تووێژینەوەی ئابوری و سیاسەتی دەرەوە  لەئەستەمبوڵ ئەمەی بە ئاژانسی رۆیتەرز وت.

سەركۆ جەمال وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ رێكخستنەوەو چاكسازی و دادپەروەری لەپێدانی كارەبا پێوەری زیرەكی وەك تاكە چارەسەر داناوە كە لەئێستادا لەكۆی یەك ملیۆن و 700 هەزار هاوبەشی كارەبا یەك ملیۆن و سەد هەزار هاوبەش تەنها 40 ئەمپێر كارەبایان پێدەدرێت. وەزارەتی كارەبا لەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا دەستی كرد بەدانانی پێوەری زیرەك بۆ هاوبەشانی كارەبا تا دادپەروەری لەدابەشكردنی كارەبادا بێتەدی. شاخەوان ئەحمەد، كە هاووڵاتیەكی دانیشتووی ناحیەی تەكیەیە بۆ هاوڵاتی وتی: "تائێستا پێوەرەكەمان هیچ كێشەیەكی نەبووە، بەڵام ماوەیەكی زۆر نییە لەناحیەكەمان خراوەتەكار". هاووڵاتیەكی دیكە بەناوی گۆران وەهاب لەگەڕەكی بەختیاری سلێمانی بۆ هاوڵاتی وتی:" پێوەرەكە هیچ كێشەیەكی نەبووە تائێستا بەڵام وەك ئەوەی بڵاوكراوەتەوە نابێت لە 40 ئەمپێر زیاتر بەكاربهێندرێت ئەگەرنا هەڵدەستێتەوە". بەڵام هاووڵاتیەكی دیكە بەناوی محەمەد عیزەدین، بۆ  وتی :"تائێستا چەند جارێك تووشی كێشەی پێوەری زیرەك بووین بەوەی چەند ئامێرێك پێكەوە كاربكات پێوەرەكە هەڵدەستێتەوە و بۆ ماوەی چەند دەقیقەیەك یاخود زیاتر هەڵنابێتەوە". پێوەری زیرەك دراوەتە سێ كۆمپانیاو ئەوانیش لەڕێگەی "مقاول" بەشێكی كارەكەیان ئەنجامداوە، حكومەتی هەرێمیش بەپێی چەند گرێبەستێكی جیاواز ئەو كارەی ئەنجامداوە. سەبارەت بەو كێشەیە پێشتر وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە كە تێیدا هاتووە: "ئەو هاوبەشانەی كارەبا كە پێوەری زیرەكیان بەهۆی بارزۆری (بەكارهێنانی زیاتر لە 40 ئەمپێر) یان هەر گرفتێی دیكە دەكوژێتەوەو  پاش 250 چركە ناگەڕێتەوە، لەبەر بوونی گرفت لەهێڵی ساردی كارەباكەیانە". وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم دەڵێت:" ئامانجمان لەدانانی پێوەری زیرەك بۆ دابینكردنی 24 كاتژمێر كارەبایە بەهاوبەشانی كارەبا". ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" ملیۆنێك و 100 هەزار پێوەری زیرەك بۆ هاوبەشانی كارەبا بەستراوە لەكۆی ملیۆنێك و 700 هەزار هاوبەشی كارەبا، ئەمە قۆناغی یەكەمە لەقۆناغی دووەمدا ئەو پێوەرانە كە بەستراون بەسەنتەری كۆنترۆڵەوە كۆمەڵێك تایبەتمەندی هەیە دەكەوێتەگەر كە چەند ئۆپشنێكی هەیەو دەتوانیت چەند كارێكی پێ ئەنجامبدەیت، ئێمە تائێستا تەنیا یەك كارمان پێكردووە كە ئەویش سنورداركردنی كارەبایە". ناوبراو باسی لەوەشكرد كە دانانی پێوەری زیرەك كاریگەری هەبووە كەساڵی رابردوو  350 فیدەر ئۆڤەرلۆدیان هەبووە، بەڵام ئەمساڵ بەشێوەیەكی بەرچاو كەمبووەتەوە، بەڵام ئەگەر پرۆژەكە تەواو ببێت ئەوكات هەموو شتێك رێكدەخرێت، وتیشی:"پلانەكە بۆ ئەوەیە كە وەزارەتی كارەبا 24 كاتژمێر كارەبای نیشتیمانی بەهاوبەشانی كارەبا جێبەجێ بكات". "هەركاتێك كارەبای نیشتمانی زیاتر بێت كاری مۆلیدە ئەهلیەكان كەمدەبێتەوە ئامانجەكەمان ئەوەیە كارەبای نیشتیمانی بكەینە 24 كاتژمێری تا كارمان بەمۆلیدەی ئەهلی نەمێنێت، بۆ ئەوەش ماستەرپلانمان هەیە، بەڵام كێشە گەورەكە ئەوەیە پلان دادەنێین و هەموو شتێك رێكدەخەین بەڵام بارودۆخی دارایی و نەبوونی پارە و سوتەمەنی هەموویت لێ تێكدەدات"، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم وا دەڵێت. هاوكات سیروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: "ئەو پێوەرانەی بۆ ماڵان دانراوە پێی دەوترێت تۆڕی زیرەك بۆ سەر فیدەرو گۆڕەر(محاویلە) و عەمودەكانیش دادەنرێت و 40 ئەمپێرە، تائێستا پرۆژەكە 70٪ ی جێبەجێكراوە و لەبەرئەوەش كە زستانە پێوەرەكە لەسەرەتاوە كێشەی دەبێت، زۆر كەس پەیوەندی بەوەزارەتی كارەباوە دەكات كە پێوەرەكانیان كێشەی هەیە". ئەندامێكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكان پێیوایە حكومەتی هەرێم لەدابینكردنی كارەبادا شكستی هێناوە. كاروان عەبدولڕەحمان، ئەندامی لیژنەی وزەو سامانە سروشتیەكان و پیشەسازی و بازرگانی لەپەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستی یەكێتی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: "وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان سێ هەزار و 200 مێگاوات كارەبا بەرهەمدەهێنێت، پێویستی هەرێم لەمانگی 11 بەدواوە كە وەرزی سەرمایە هەندێك جار دەگاتە حەوت هەزار مێگاوات كارەبا، راستە بەشێكی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كارەبا بەفیڕۆ دەچێت یاخود دەدزرێت، بەڵام بەشەكەی دیكەی تەكنیكییە، بۆیە حكومەت لەمەسەلەی كارەبادا شكستیهێناوە ". هەروەها ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی ئەوەشی دووپاتكردەوە كە پێوەری زیرەك سیستەمێكە كۆمپانیایەك بەناوی "ئێندرا" دەیكات كە ئەمریكییە سۆفتوێرەكەی دەكات و یەكسەر بەرنامەڕێژی دەكات، بەنیازن كۆبوونەوەیان لەگەڵ بكەن، وتیشی:"ئەگەر 40 ئەمپێر بێت كێشەی تێدایەو هەموو ساڵێك بەو شێوەیەیە لەسەرما و گەرمادا كارەبا كەمدەبێتەوە". كاروان عەبدلوڕەحمان پێشیوابوو وەزارەتی كارەبا مەسەلەی سووتەمەنی دەكەنە بیانوو بەبێ مانا وەسفی كرد، وتی:" ئێمە چەندین رێگەی دیكەمان خستووەتە بەردەم وەزارەتی كارەبا، بەڵام جێبەجێیان نەكردووە".

سازدانی: مەزهەر كەریم فەرماندەی هێزی 70ی یەكێتی ئاماژە بەوە دەدات كە بافڵ تاڵەبانی ئەوەی راگەیاندووە كە نابێت هەركەسەو بەهەوەسی خۆی هێزی هەبێت و دەشڵێت:»هێز هێزی یەكێتییەو  نابێت هەركەسەو بەهەوەسی خۆی هێزی هەبێت». مستەفا چاورەش، فەرماندەی هێزی 70ی یەكێتی لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی باسی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە دەكات و ئەوەش ئاشكرا دەكات كە» وەك یەكێتی ئێستا ئەوی كە هەمانە بیست‌و هەشت لیوامان هەیە بێجگە لەوەی وەزارەت‌و برادەرانی پارتیش رەنگە زیاتریان هەبێت». هاوڵاتی: یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە لەچی ئاستێكدایە واتا هێزەكانی 70‌و 80 دەڵێم چی بەسەرهات؟. مستەفا چاوڕەش: یەكخستنەوەی پێشمەرگە ئیشی رۆژو دوو رۆژو خەیاڵی‌و كۆمەڵێك قسە نیە، ئێمە دوو هێزی سەرەكین یەكێتی‌و پارتی دوو هێزی گەورەین كە چەكمان بەدەستەوەیە هەردوولا قیادەی خۆی هەیە. بۆ خۆم لەڕابردوودا یەكێك بووم لەوانەی لەگەڵ هێزەكانی برادەرانی فەلك‌و فەرماندەیی خۆمان لەساڵانەكانی دوای رووخانی سەدام حسێن دەیان كۆبوونەوەمان كردو وە بەحزوری مام جەلال‌و كاك مەسعود‌و هەردوو فەرماندەییەكە ئەوەی كە بۆمان كرا لەڕابردوودا چواردە لیوامان تەشكیل كردووە لەوەزارەتی پێشمەگە، ئێمەو برادەرانی فەلەك كەدادەنیشتین جارێك ئێمە دەچووین بۆ هەولێر جارێك ئەوان دەهاتن بۆ سلێمانی، ئەوكاتەی كاك كۆسرەتیش سیحەتی باش بوو بەشداری دەكرد لەگەڵماندا، زۆر لەو لیوایانەمان خستە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، ئەو چواردە پانزە لیوایەی خۆمان لەبەینی خۆماندا ئیتیفاقمان كردووە ئیشی خۆی دەكات. وەك یەكێتی ئێستا ئەوەی كە هەمانە بیست‌و هەشت لیوامان هەیە بێجگە لەوەی وەزارەت‌و برادەرانی پارتیش رەنگە زیاتریان هەبێت، ئێمە بەردەوامین لەسەر ئەوەی كە هاوپەیمانەكانیش هاتوون داوامان لێدەكەن چەند كۆبوونەوەیان بەحزور لەگەڵ هەردوولادا كردووە، داوامان لێدەكەن هێزی پێشمەرگە یەكبخرێتەوە، پێش هەموو شتێك دەبێت خۆمان قەناعەتی ویژدانی خۆمان هەوڵبەین ئەم هێزە بكەین بەهێزی هەموو خەڵك. پێنج شەش مانگ پێش ئێستا هێزەكانی پشتیوانیمان پێیان دەوت سەرۆك ئەركان‌و ئەوانە لەهەوەڵدا ئێمە نۆ هەزارمان هەبوو ناردمان، دوایی وتیان زۆرە، پێنج هەزارو تەقریبەن پێنج سەد كەس لەهێزی پشتیوانی ئەوەی تۆپ‌و  دەبابەیەو ناقیلەیەو سیلاحە قورسەكان هەموویمان خستۆتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە‌و كیتابمان كردووە چۆتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە لەوەزارەتی پێشمەرگە كیتابی بۆ كراوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران، بیستم دوێنێ‌ پێرێ‌ ئەوەشیان ئیمزا كردوە‌و برادەرانی پارتیش عەینی شتیان كردووە ئەمە بۆ یەكگرتنەوەیە. هەروەها لیوایی شانزەمان خستۆتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە ئێستا لەواجبدایە لە مەنتیقەی کوڵەجۆو لایی كەركوك لیوایی حەڤدەمان تازە ماوەی یەك دوو مانگە خستۆتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە لەواجبدایە، لیوای تریشمان خستۆتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، بەحزوری كاك بافڵ بەشداری كردووە لەهەندێك كۆبوونەوە لەگەڵماندا، رێنمایی كردووین لەگەڵ ئەو برادەرانەی كە مەعنین لەگەڵ فەرماندەیی‌و لیژنەكانیان چوون بۆ شوێنەكان لەبەرئەوە ئەمانەشمان هەمووی حازركردووە هەنگاو بەهەنگاو كارەكان دەكەین تا لەساڵی داهاتوودا بتوانین ئەو هێزە بكەین بەهێزی وەزارەتی پێشمەرگە. هاوڵاتی: یەكخستەوەی پێشمەرگە بەوشێوەیە دەبێت ئاخۆ ئامر لیوا پارتی بووە جێگرەكەی یەكێتی بووە یان بەپێچەوانەوە؟ مستەفا چاوڕەش: ئەوە نابێت بەكێشە، كێشەی ئێمە دوژمنەكانمانن، ئێمە دەبێت هەوڵبدەین بەیەك دڵ ئیش بكەین لەعەینی كاتدا لەمەودوا كەلیواكان دەكەین بەیەك لیواكەی یەكێتی بایەكێتی بێت، لیواكەی پارتی با پارتی بێت، بەڵام هەمووی سەر بە وەزارەت بێت، ئەمەش هەنگاوێكە بۆئەوەی ئەو ورتە ورتە نەمێنێت بۆ جێگرەكەی فڵانە بۆ جێگرەكەی تەرەفی ترە هەوڵدەدەین ئەو هێزانەی حازریان دەكەین هەمووی سەر بەوەزارەت بێت. هاوڵاتی: دواخستی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بەتەواوی  هۆكارەكەی سیاسیە یان لەڕووی داراییەوە گرفتتان بۆ دروست بووە؟ مستەفا چاوڕەش: خەڵك دەڵێت هێزی پێشمەرگە دەبێت یەكبخرێتەوە، ئەی مەسەلەی ئیقتیسادی لەهەموو شتێك گرنگتر نیە، پێشمەرگە معاشی دەوێت داعش لەمڕۆژانەدا بۆچی زەفەری پێبردین غەیری ئەوەی ئێمە ئەو ئیمكانیەت‌و شتەی مەفروز بوو ئەو پێویستیانەی كە هەیە بۆ هێزەكان، ئەو شتەی داعشێك بەو هەمووخراپیەی خۆیەوە هەندێك چەكی هەبێت ئێمە نەمانبێت ئەوان هەیان بێت، تۆ ئەو هەموو هێزە یەكدەخەیت نابێت مقەڕاتی باشی هەبێت، ئەوەی ئێستا هەیە دەبێت باشتری بكەین. هاوڵاتی: لەسكرتاریەتی مام جەلال چەند لیوایەك یەكدەخرێت قوباد تاڵەبانی سەرۆكایەتی دەكات ئەوە چۆنەو ئێوە ئاگادارن؟ مستەفا چاوڕەش: ئەوە ئیلاقەی بەسەر ئیشی پێشمەرگەوە نیە، ئیشی سكرتاریەتی مام جەلال‌و هەر هێزێك هەبێت هێزی مام جەلال یان هێزی هەر كاكێك لەكاكەكان سەر بە هێزی ئەم حەفتایەیە، بەڵام دیارە هەندێك تایبەتمەندی خۆی هەیە كاك كۆسرەتیش لیوایەك یان دوانی هەیە، بەڵام ئەوە جگەلەوەی پێویستیەكانی خۆیان دەكەن، بەڵام سەر بەهێزەكانی حەفتان، رۆژی دووشەمەی ئەم هەفتەیە كاك بافڵ دەڵێت دەبێت هەموو هێزەكان لەژێر ئەمری هێزەكانی حەفتادا بن نابێت هەركەسەو بەهەوەسی خۆی هێزی هەبێت. هاوڵاتی: بەكرداری قسەكانی بافڵ تاڵەبانی دەست بەجێبەجێكردنی كراوە كە هێزەكان لای بەرپرسان نەمێنن؟ مستەفا چاوڕەش: هێز هێزی یەكێتیە كەس لەپێشمەرگە قارەمانترنیە، ئەوانەی ئەو هێزانەیان هەیە هەموویان مولزەمن، ئەگەر هێز هەبێت  لەدەرەوەی یەكێتی تەمەننا دەكەم ئەوەش رێكبخەینەوە. هاوڵاتی: لەكۆبوونەوەتان لەگەڵ سەرۆكی هەرێم باسی لەوە كرد هەرچی لەتوانایدا بێت دەیكات بۆ هێزەكانی پێشمەرگە؟بەكرداری هیچ شتێك بۆ پێشمەرگە جێبەجێكرا؟ مستەفا چاوڕەش: لەوێ بووم بۆ رۆژی دواتر پەنجا دوربینی حەراریان هێنابوو دابەشی هەشت میحوەرەكە كراوە، چواریان لایی پارتیە‌و چواری لای ئێمەیە، وەعد دراوە ئەو كەموكوڕیەی دیكە كە هەیە چارەسەر بكرێن، هەر بۆ رۆژی دوایی تر دوو لیژنەیان ناردووە بۆ خوارەوەی جەبهەكان لەڕووی سەنگەرەوە لەڕووی پێویستیەكانەوە قسەی لێكراوە، تەمەنا دەكەین ئەوەی باسكراوە جێ‌بەجێ‌ بكرێت.

هاوڵاتی پەکەکە لەو کاتەوە خراوەتە لیستی تیرۆری یەکێتیی ئەوروپاو ئەمریکا گەورەترین گورزەکانی لە رووی یاسایی و سیاسی و دارایی و  راگەیاندن و رێکخراوەییەوە لێدراوە. هەر ئەو لیستە وایکردووە نەک تورکیا و وڵاتانی رۆژئاوایی، بەڵکو بەشێک لە هێزە کوردییەکانیش بە پاساوی تیرۆر دژایەتیی پەکەکە بکەن و هاوئاهەنگی لەگەڵ داگیرکەران بەتایبەتی تورکیادا بکەن. بەهۆی لیستی تیرۆرەوە ٧ کەناڵی ئاسمانیی نزیک لە پەکەکەو ژمارەیەک رۆژنامەو گۆڤار لە ئەوروپا داخراون. تەنانەت بەهۆی ئەو لیستەوە حەلیم دەنەری لایەنگری مەدەنیی پەکەکە لەلایەن پۆلیسی ئەڵمانیاوە تەقەی لێکراوەو کوژراوە. ژمارەیەکی زۆر لە ناوەند و رێکخراوەکانی پەکەکە، یان نزیک لە پەکەکە داخراون. لایەنگران و ئەندامانی پەکەکە بۆ خۆپاراستن لەداخستن و گرتن بە بەردەوامی کەناڵ و رێکخراوی نوێ دروستدەکەن و بەفۆرم و شێوەی تر درێژە بەکارەکانیان دەدەن.  تورکیا بە پاساوی تیرۆر هەموو ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی لە ناوخۆی تورکیا، باکووری کوردستان،  رۆژئاواو باشووری کوردستان لەدژی پەکەکە ئەنجام دەدات. هەر بەو پاساوە بەشێک لە رۆژئاوای کوردستان و بەشێک لە باشووری کوردستانی داگیرکردووە و دەیان بنکە و بارەگای سەربازی و هەواڵگری لەو بەشانەی کوردستاندا دروستکردووە. تورکیا بەپاساوی تیرۆر ٧ حزبی کوردی لەباکوری کوردستان داخستووەو هاوسەرۆک شارەوانیەکان، پەرلەمانتاران و چالاکوانان زیندانی دەکات. رێکخراوە جۆراوجۆرەکان مەدەنییەکان، کەناڵەکان و رۆژنامەکانی کورد دادەخات. جگە لەوانە بەهۆی لیستی تیرۆرەوە پەکەکە دونیای دیجیتاڵ میدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لێ قەدەغەیە و بەخێرایی پەیج و ئەکاونتەکانیان دادەخرێت. هەوڵێکی زۆر چڕ هەیە بۆ ئەوەی پەکەکە لە زمانی پەکەکەوە نەناسرێت، بەڵکو لەزمانی کەسانی تر، کە زۆربەیان نەیاری پەکەکەن، کار بۆ ناساندن و پێناسەو وێناکردنی پەکەکە دەکرێت، بەڵام لەو دونیا بەرفراوانەی دیجیتاڵ میدیادا رێگا نادرێت پەکەکە خۆی خۆی بناسێنێت. هەر ئەوەندەی سەکۆیەک و ئەژمارێک دەکەنەوە و ژمارەیەک کەسی لە دەور کۆدەبێتەوە بەخێرایی دادەخرێت، بەڵام ئەوانەی لە دژی پەکەکە بابەت دەنووسن، رێکخراوەکانیان، ئەژمارەکانیان و دونیای دیجیتاڵ میدیا بە روویاندا کراوەیە. ئەو لیستە بووەتە گەورەترین پاساو بۆ رێگریکردن لە کارەکانی پەکەکە لەزۆربەی هەرە زۆری وڵاتان بە تایبەتی وڵاتانی رۆژئاوا، بەڵام دیوی پشت ئەو لیستە چییەو چی دەگوزرێت. پەکەکە و دۆستەکانی چییان کردووە بۆ دەرهێنانی ناوی پەکەکە لەو لیستانەدا. چیرۆکی لیستی تیرۆر بۆ پەکەکە یەکەم قەدەغەکاریی فەرمی لە دژی پەکەکە لەوڵاتانی رۆژئاوادا لەلایەن ئەڵمانیاوە پەیڕەو کرا. ئەڵمانیا لە ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە لەساڵی ١٩٩٣دا پەکەکەی خستە لیستی رێکخراوە قەدەغەکانەوە. ئەمریکاش لەساڵی ١٩٩٧ پەکەکەی خستە لیستی تیرۆرەوە. لە دوای هێرشکردنە سەر تاوەرەکانی نیویۆرک لە ١١ی سێپتەمەری ٢٠٠١دا لیستی نوێی تیرۆر لەلایەن ئەمریکاو ئەوروپاوە دروستکران. سەرەتا پەکەکە لە هیچ یەک لەو لیستانەدا نەبوو، بەڵام دواتر لەسەر گوشار و داوای تورکیا پەکەکە خرایە لیستی تیرۆری یەکێتیی ئەوروپاو ئەمریکاوە. تورکیا بۆ دانانی ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر ٧٠ ئارگۆمێنتی پێشکەشی ناتۆو وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا کردووە، بەڵام دوای تێپەڕبوونی چەند ساڵ بەشێکی زۆر لەو ئارگۆمێنتانەی تورکیا خودی تورکیاو ئەڵمانیا و بەشێک لەوڵاتان و کۆمپانیاکانیشی پێ سزادران. دۆسیەی دوسلدۆرف یەکێک لەو ئارگۆمێنتانە رووداوە ناوخۆییەکانی رێکخستنەکانی پەکەکە بوون لە دوسلدۆرف، کە بە کەیسی دوسلدۆرف دەناسرێن. لەو کەیسەدا ئەڵمانیا بڕیاری گرتنی بۆ دوران کاڵکان و عەبدوڵا ئۆجالان دەرکرد. دوران کاڵکان لەسەر ئەو بڕیارە لە ئەڵمانیان گیرا و بەهۆی ئەوەی ئۆجالان لە بوقاع بوو ئەڵمانیا نەیتوانی بیگرێت. کاڵکان ماوەی ٦ ساڵ لەئەڵمانیا زیندانیکرا. دوای ئەوەی نزیکەی ٢٠ ساڵ لەئازادکردنی کاڵکان و رەخسانی دۆخی ئەوەی، کە پەکەکە بتوانێت بەرگری لە خۆی بکات، کاڵکان لە رێگەی پارێزەرەکانییەوە دۆسیەکەی خۆی بردە دادگای مافی مرۆڤی ئەڵمانیاو لەسەر ئەو دۆسیە ئەڵمانیا مەحکوم کراو بەوەش هۆکارو پاساوەکانی بڕیارەکە بۆ دەستگیرکردنی ئۆجالان و کاڵکان بە عەمەلی پووچ بوونەوە. دۆسیەی پاڵمە دۆسیەکی تری گرنگ، کە پەکەکەی زۆر پێ تۆمەتبار دەکراو کرابووە یەکێک لە ئارگۆمێنتە گەورەو بەهێزەکان بۆ ئەوەی پەکەکەی پێ بخرێتە لیستی تیرۆرەوە، تیرۆرکردنی ئۆلاف پاڵمە سەرۆک وەزیرانی سوید بوو لە ساڵی ١٩٨٦ دا لە شاری ستۆکهۆلمی پایتەختی سوید. راگەیاندنەکانی تورکیاو ئەڵمانیا و سوید زۆر بەخێرایی بە چەندین هەواڵ و راپۆرت پەکەکەیان کردە بەرپرسیاری تیرۆرکردنی پاڵمە. لەسەر داوای پۆلیسی ئەمنیی سوید (ساپۆ) داوا لە پۆلیسی ئەڵمانیا کرا وێنەی ئەو کەسە بکێشنەوەو بڵاوی بکەنەوە کە پاڵمەی کوشتوە، ئەوانیش وێنەی کەسێکی قژ رەش و ئەسمەر، کە هاوشێوەی کەسێکی کورد بوو کێشا و وتیان، بەپێی وتەی شایەتحاڵەکان ئەوە بکوژەکەی پاڵمەیە و پەکەکەیە. لە سوید لێکۆڵینەوە لە زیاتر لە ٣٠٠ کورد کرا. تەنانەت ٧٠ کەسی کوردو رێکخراو و حزبی کورد لە سوید لەو کاتەدا پەکەکەیان ئیدانە کرد. لەو نێوەندەدا کەس گوێ لە راگەیاندراوەکەی پەکەکە نەگرت، کە رایگەیاندبوو، هیچ پەیوەندییان بە تیرۆری پاڵمەوە نییە. جگە لەوەش هاوسەرەکەی پاڵمە، کە کاتی تیرۆرەکە لەگەڵیدا بوو چەند جارێک وتبوی ئەوەی پاڵمەی کوشتوە، کەسێکە سەروچاوی لە ئەوروپی و ئەسکاندیناڤی دەچوو، بەڵام دەسەڵاتەکانی سوید، ئەڵمانیا و ناتۆ گوێیان لە قسانە نەگرت و هاوسەرەکەی پاڵمە لە دوای ئەو لێدوانانە بە تەواوی گۆشەگیری و بێدەنگیی هەڵبژارد، یان بێدەنگ کرا، بەڵام دوای ٣٤ ساڵ داواکاری گشتیی سوید رایگەیاند، بکوژی پاڵمە کەسێکە بە ناوی ستیگ ئێنگسترۆم-ەوە کوژراوە. بەوەش تۆمەتی تیرۆری پاڵمە بەسەر پەکەکەوە نەما، بەڵام ئەو چالاکوان و هاووڵاتییە کوردانەی لە سوید راستەوخۆ بوونەتە قوربانی و ساڵەهای ساڵە نەیانتوانی لەگەڕەکەکەی زیاتر بۆ هیچ شوێنێک بڕۆن لەگەڵ چالاکوان و پەکەکە داوا دەکەن، سوید داوای لێبوردن لەگەلی کورد بکات و پەکەکەش لەلیستی تیرۆر دەربهێنێت. دادگاکانی بەلجیکا لە دوای داخستنی کەناڵی ئەسمانیی رۆژ تیڤی لەسەر داوای تورکیا داوا لە بەلجیکا کرا ٧٠ کەسایەتی و چالاکوان بە تۆمەتی تیرۆرو ئەندامی پەکەکە دەستگیر بکات و رادەستی تورکیایان بکاتەوە، کە ناوەکانی رەمزی کارتاڵ و زوبەیر ئایدار لەو لیستەدا بوو. پرۆسەی لێکۆڵینەوە و دادگایکردن دەستپێکرد، بەڵام ئەوەی روویدا پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی تورکیاو هاوپەیمانەکانی بوو. دادگای بەلجیکا راگەیاند، پەکەکە رێکخراوێکی تیرۆریستی نییە و ئەوەی روویداوە لە چوارچێوەی جەنگی ناوخۆ لە تورکیا روویداوە. ئەوە ململانێیەکی زۆری لێکەوتەوە، لە دادگای بەراییەوە تاوەکو دادگای ویلایەت لە ویلایەتەوە بۆ دادگای باڵا و لە ئەنجامدا دادگای دەستووری بە گشتی لە ماوەی ٤ ساڵی رابردوودا هەموو دادگاکانی بەلجیکا رایانگەیاند، پەکەکە رێکخراوێکی تیرۆریستی نییە و داواکەی تورکیای بۆ دەستگیرکردن و رادەستکردنی ئەو کەسانە رەتکردەوە. دیوانی دادپەروەریی ئەوروپا و دادگای لوکسەمبۆرگ لەبەردەوامیی هەوڵەکانی پەکەکە بۆ دەرهێنانی ناوەکەی لەلیستی تیرۆردا، موردا قەرەیلان و دوران کاڵکان بە ناوی پەکەکەوە سکاڵایان لەدژی ئەو بڕیارە و ئەو لیستە تۆمار کردووە و لە رێگەی پارێزەرەکان و ناوەندە یاساییەکانەوە کار بۆ دەرهێنانی ناوی پەکەکە لەو لیستەدا دەکەن. یەکێک لەو ناوەندانە پارککەن ئۆلیڤێرای هۆڵەندییە و لە رێگەی ئەو رێکخراوەوە تانەیان لە لیستەکە داوە. لەسەر ئەو تانەیە و دوای ٤ ساڵ لە تۆمارکردنی ئەو سکاڵایە لە ساڵی ٢٠١٨دا دیوانی دادپەروەریی ئەوروپا دانیشتنی خۆی بەڕێوەبردو رایگەیاند، ئارگۆمێنتەکانی بەریتانیاو ئەڵمانیا و فەرەنسا بۆ داوای مانەوەی ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆردا لاوازن. هەروەها سکاڵایەکیان لەدادگای لۆکسەمبۆرگ لە دژی لیستی تیرۆرەکە تۆمار کردو لە ئەنجامدا دادگای لوکسەمبۆرگ لەساڵی ٢٠١٧دا رایگەیاند، مانەوەی ناوی پەکەکە لە لیستەکەدا ناهەقییە. مەحکومکردنی وڵاتان بۆ داخستنی کەناڵەکانی نزیک لەپەکەکە لە ئەوروپا جگە لەوانەش لە ئەوروپاو لەسەر داوای تورکیا و بەبڕیاری حکومەتە ئەوروپییەکان و بڕیاری کۆمپانیاکانی مانگی دەستکرد کەناڵەکانی مەد تیڤی، میدیا تیڤی، میدیا خەبر تیڤی، رۆژ تیڤی، میزۆپۆتامیا تیڤی، رۆژنامەی ئۆزگور پولوتیکا و نەورۆز تیڤی داخران، بەڵام لەدوای پرۆسەی بە دواداچوون و تۆمارکردنی سکاڵا داخستنی هەموو ئەو کەناڵانە بە نایاسایی وەسفکراوە و مافی پەخشیان بۆ گەڕاوەتەوە و تەنانەت کۆمپانیای مانگی دەستکردنی یوتێل سات لەسەر داخستنی نەورۆز تیڤی سزای دارایی درا. بەپێی بەڵگەکانی ویکیلیکسیش لە دۆسیەی داخستنی رۆژ تیڤیدا تورکیا بەڵێنی بەسەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی دانیمارک ئاندرێس فو راسموس دابوو،  ئەگەر راسموس کەناڵی رۆژ تیڤی دابخات، تورکیاش پشتیوانی لێدەکات بۆ ئەوەی ببێتە سکرتێری ناتۆو ئەویش لەبەرامبەر داخستنی کەناڵێکی کوردی، کە بەپارەی ئابونە و هاوکاریی کرێکارانی کورد بەڕێوەدەچوو، بووە سکرتێری ناتۆ. لەو دۆسیەیاندا چەندجارێک ئەڵمانیاو وڵاتانی تر مەحکوم کراون.  کەمپەینەکان و هەوڵەکان بۆ دەرهێنانی ناوی پەکەکە لەلیستەکەدا پەکەکە جگە لەو هەوڵانە ژمارەیەک کەمپەین و هەوڵی رێکخراوەیی و مەدەنی و جەماوەریی لە ئاستی ئەوروپا جیهان خستووەتەگەڕ تاوەکو ناوخۆی لە لیستی تیرۆردا دەربهێنێت. تا ئیستا لە رێگەی پەرلەمانتارانی دۆستی کوردەوە لە پەرلەمانەکانی ژمارەیەک وڵاتی ئەوروپی لەوانە پەرلەمانی بەریتانیاو سوید داواکراوە پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێت. لەتازەترین هەوڵدا ١٠٠٣ (هەزار و سێ) کەسایەتی و فەیلەسوف و پەرلەمانتارو سیاسی رۆژی ١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ دەستپێشخەرییەکیان بە ناوی «دەستپێشخەریی دادپەروەریی نێونەتەوەیی بۆ کورد» راگەیاند. ئامانجی دەستپێشخەرییەکە ئەوەیە ناوی پەکەکە لەلیستی تیرۆر دەربهێنرێت. بەشێک لەو کەسانەی بەشدارن لەو کەمپەینەدا بریتین لە، ئێلفریدە جێلینک براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات و خەڵکی نەمسا، فەیلەسووفی سلۆڤینی سلاڤۆی ژیژێک، سەرنوسەرو هونەرمەندی ئەمریکی جانێت بیهل، وتەبێژی پارتی پشتیوانی ئەفغانی سیلای غەفار، پەرلەمانتاری ئیسپانیی پەرلەمانی ئەوروپا میگل ئوربان کریسپۆ، فەیلەسووفی کرواتی سرێچکۆ هۆرڤات، بەڕێوەبەری گشتیی ئینتەرناسیۆنالیستی پێشکەوتووخواز دەیڤد ئاڕ کەی ئەدلەر، پەرلەمانتاری ئەنجومەنی ئەوروپا و سیناتۆری ئیتالی رۆبێرتۆ رامپی، وەزیری پێشووی ئیتالیا پاولۆ فێرێرۆ، سیناتۆری باسک لە ئیسپانیا گۆرکا ئیلجاباریتا دیاز، پسپۆڕی مافە نێونەتەوەییەکان پرۆفیسۆر نۆرمان پائچ، سەرۆکی کۆمسیۆنی هاووڵاتیانی یەکێتی ئەوروپا - تورکیا (EUTCC)/ نەرویج پرۆفیسۆر کریان وێستەرهایم، نووسەر و سەرنووسەری فەرەنسی نیلس ئەندەرسۆن، ئەندامی دەستەی هەماهەنگیی پشتیوانی لەکوردستان لە فەرەنسا / جۆل دوتۆ، ئەندامی دامەزرێنەری ڕێکخراوی دایکانی پلازا دی مایۆی ئەرجەنتینی نورا کۆرتیناس، چالاکوانی ناوداری ئاشتی هیندی پرۆفیسۆر ئاچین ڤانایک، سکرتێری گشتیی کۆمسیۆنی هاووڵاتییانی ئەوروپا – تورکیا (EUTCC) پرۆفیسۆر میخائیل م. گیونتەری ئەمریکی، مافناسی ئەڵمانی بیرتهۆڵدا فریسینۆس، پرۆفیسۆری بۆلیڤیایی رائول پرادا ئەلکۆرێزا، وەزیری پێشووی پلاندانانی ڤەنزوێلا رۆلاند دێنیس، سەرۆک شارەوانیی پێشووی کۆپنهاگن ڤیللۆ سیگوردسۆن، پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی ئەوروپای  خەڵکی دانیمارک پێرنیل فراهم، داکۆکیکاری ناسراوی مافی مرۆڤ سویدی بێنی گوستاڤسۆن، ئێڕلینگ فۆلکڤۆرد پەرلەمانتاری پێشووی نەرویجی، پیا ماریا ڕۆڵ هونەرمەند و دەرهێنەری شانۆیی لە نەرویج، پەرلەمانتاری پارتی چەپی سویدی هاکان سڤینلینگ، دامەزرێنەری لوتکەی جیهانی نوێ د.جۆناس ستاڵی هۆڵەندی، پارێزەرو مافناسی ئەڵمانیا دکتۆر ڕۆلف گۆسنەر، وتەبێژی جوڵانەوەی ئاشتیی بەلجیکی لودۆ دی برابەندەر. دەرهێنەری ناوداری سینەمایی کێن لۆچ، پرۆفیسۆری فیزیای ناوکیی پاکستانی و شیکاری پاراستنی سیاسیی پرۆفیسۆر پەرویز هودبهۆی، نووسەری ئەمریکی لوسینا کاتمان، شاعیر و نووسەری مەکسیکی جودیت هیلک، فەیلەسوفی هەنگاری جی. ئێم تاماس، ئەندامی دامەزرێنەری رێکخراوەکانی وەک (Me Ra25 ve DiEM 25) و پرۆفیسۆری ئابوری یانس ڤارۆفاکیس، نووسەرانی سکۆتلاندی جەیمس کێلمان و پاول لاڤێرتی، سیناتۆرە فەڕەنسییەکان پیەر لۆرانت و لۆرێنس کۆهن، لە دامەزرێنەرانی پارتی چەپی ئەڵمانی دکتۆرگریگۆر گیسی، کاندیدی سەرۆکایەتی فەرەنسا بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٢ فیلیپ پوتو،  سەرۆکی چەپی ئەوروپا پرۆفیسۆر دکتۆر هاینز بیرباوم، کاریکاتوریست ئیتاڵی سفرکالیکر، کاندیدی سەرۆکایەتی فەرەنسا ژان-لوک مولنچۆن، ئەندامی بەرێوەبەرایەتیی کۆڕی کۆمەڵایەتیی جیهانی گوستاو ماسیا، سەرۆکی لیژنەی زمانی وەزارەتی پەروەردەی نیپال دکتۆر لاڤا دیۆ ئاواستهی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی یونان سۆفیا ساکۆرافا، نووسەر و رۆژنامەنووسی پۆڵۆنی تۆماس کۆنیکز،  بەڕێوەبەری بزووتنەوەی مافی چارەی خۆنووسینی گەلان (ماک / MAK) سورەیا سۆغ، یوف ئیلبیلاک، پەرلەمانتاری دانمارکی میشێل ڤانهورنی، ڕێکخەری کۆڕی ژینگەیی چەپی بەلجیکا، ریپۆرتەری تایبەتی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان و نووسەر پرۆفیسۆر ژان زیگلری سویسری، بەڕێوەبەری یەکێتی مامۆستایانی ئوسترالی جۆن گاوچی، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی ئەرمەنی لە فەرەنسا ئارا تۆرانیان، چالاکوانی ئاشتیی هیندی و بەڕێوەبەری بزووتنەوەی جیهانیی دژە ناوەکی پرۆفیسۆر ئاچین ڤانایک. پلانی کەمپەینی دەستپێشخەری دادپەروەریی نێونەتەوەیی بۆ کورد ئەو دەستپێخەرییە هاوکات لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئامانجی کەمپەینەکە لە رۆژنامەکانی سەرتاسەری ئەوروپاو ئەمریکادا، دەیەوێت لەسەرتاسەری ئەوروپا، ئەمریکا، کەنەدا، ئەمریکای باشوورو ئوستورالیا بە دانانی چادرو سەکۆو ستاند لەسەر شەقامەکان ٤ ملیۆن ئیمزا بۆ دەرهێنانی ناوی پەکەکە کۆبکەنەوە. بۆ ئەوەش داوای هاوکارییان لە کەسایەتییەکان و رێکخراوە جۆراوجۆرەکانی بواری مافەکانی مرۆڤ کردووە، کە پشتیوانییان بکەن. لە دوای ئەوەی ئیمزاکان کۆکرانەوە، هەر پەرلەمانتارێکی بەشداربووی کەمپەینەکە ئیمزاکان دەباتە پەرلەمانی وڵاتەکەی و داوا دەکات ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەر بهێنرێت. هەروەها ئیمزاکان و داوای کەمپەینەکە بۆ هەموو ناوەندەکان، دامەزراوەکان، دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی ئەمریکاو ناتۆو یەکێتیی ئەوروپاو حکومەتەکان دەنێرن و داوایان لێدەکەن ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆردا دەربهێنن.

فریشتە ئەحمەد ‎جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا ئاماژە بەوەدەدات كە لۆدێكی زۆریان لەسەرەو پێویستیان بە بینایەكی نوێ هەیە و دەشڵێت:»پێویستمان بەپزیشكی جێگرو كارمەند هەیە بۆ نەخۆشخانەكەمان». نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی تایبەت بەنەخۆشانی شێرپەنجە رۆژانە دەیان نەخۆش رووی تێدەكات. حكومەتی هەرێمی كوردستان لەماوەی چەند مانگی رابردوودا بڕیاریدا مانگانە بڕی ملیارێك و 700 ملیۆن دینار بۆ نەخۆشخانەكە تەرخان بكات تا پێداویستییەكانی دەرمان و ئامێری پزیشكی پێ دابین بكەن. ئامارەكانی تووشبوون بەشێرپەنجە ساڵانە گۆڕانكاری بەسەردا دێت، بەجۆرێك لەساڵی 2019 لەنەخۆشخانەی هیوا سێ هەزارو 118 نەخۆشی شێرپەنجە تۆماركراون كە لەسەدا 24% نەخۆشی پارێزگاكانی عێراق و هەولێرو دهۆك بوون.  هەروەها لەساڵی 2020دا، دوو هەزارو 561 نەخۆشی شێرپەنجە تۆماركراوەو لەسەدا 19.2% نەخۆشی پارێزگاكانی دیكەی عێراق و هەولێرو دهۆك بووە. ‎هاوكات لەمساڵدا 2021، دوو هەزارو 820 نەخۆشی شێرپەنجە تۆمار كراوەو لەسەدا 16.6% نەخۆشی پارێزگاكانی دیكەی عێراق و هەولێرو دهۆك بوون. ‎دەشتی لەتیف، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:»سەرەڕای هەبوونی كەموكورتییەكان نەهێڵدراوە هیچ چارەخوازێك لە وەرگرتنی چارەسەرە پێویستەكان بێبەش بكرێن،  بەهەبوونی یارمەتی بەردەوامی خێرخوازان و سندوقی كۆمەكی شێرپەنجە». ‎ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد هەموو ئەو پێویستیانەی بەكاردەهێنرێت بۆ نەخۆش  بەباشترین كوالێتی جیهانین بەكارهێنانی هەمان ئامێر و پێداویستی پزیشكی كە لەدەرەوەی وڵات بەكاردەهێنرێت بۆ چارەسەرپێشكەش بە نەخۆشەكانیانی دەكەن. ‎جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا وتیشی:» گەورەترین گرفتی نەخۆشخانەی هیوا نەبوونی بینای گونجاوو ستافی تەواوی كارمەندە، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین جار داوامان بەرزكردۆتەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانمان و لەهەوڵی بەردەوامداین بۆ گەورەكردنی هیوا لەئایندەدا. ‎هاوكات ئەوەشی ئاشكراكرد كار بۆ ئەوە دەكەن بەتەواوەتی بەشی منداڵان لەنەخۆشخانەكە جیابكرێتەوەو نەخۆشخانەیەكی تایبەت بەمناڵانی تووشبووی شێرپەنجە  دابنرێت. ‎جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی نەخۆشخانەی هیوا ئەوەشی دووپاتكردەوە كەدەستنیشانكردنی نەخۆشی  و ئاستی شێرپەنجە بەزوویی دەكرێت و نەخۆش لەكەمترین ماوەدا چارەسەری پێویست وەردەگرێت سەرەڕای ئەمە، پلان دانراوە بۆ كردنەوەی سەنتەری پێشوەختە دیاریكردنی شێرپەنجە لەم رێگایەوە، ئەو كەسانەی بۆماوەیی  یان گومانی  سەرهەڵدانی شێرپەنجەیان لەسەربێت بتوانن پشكنینی پێشوەخت بكەن بۆ ئەوەی بەزووترین كات كۆنترۆڵی نەخۆشیەكەی بكرێت لەئەگەری هەبوونیدا كە تائێستا ئەوەی لەهیوا چارە وەردەگرێت پاش تووشبوونی شێرپەنجەیە. بەئومێدی ئەوەی سنورێك بۆ زیاد بەرزبوونەوەی نەخۆشییە شێرپەنجەییەكان دابنرێت. ‎لەبارەی ئامارەكانی ئەمساڵ بەراورد بەساڵی رابردوو، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا ئەوەی روونكردەوە كە هۆكاری كەمبوونەوەی چارەخوازەكانی دەرەوەی سلێمانی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لەزۆربەی پارێزگاكان سەنتەری چارەسەركردنی شێرپەنجە كراونەتەوەو بەشێك لەنەخۆشەكانی دەرەوە كۆدی تایبەتی نەخۆشخانەی هیوایان بۆ ناكرێت، بەڵكو نەخۆش دەرمان و پڕۆتۆكۆڵی تایبەت بەجۆری نەخۆشییەكەی پێدەدرێت و لەشارەكەی خۆی بەپێی ئەو پڕۆتۆكۆڵە چارەسەر وەردەگرێت. « تۆمارەكانی تووشبوون بە  شێرپەنجەبە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوولە نەخۆشخانەی هیوا ڕووی لە زیادبوون كردووە، بەڵام هاوتا لەگەڵ زیادبوونی دانیشتوان نەگەیشتووەتە ڕێژەیەكی مەترسیدار و كۆنترۆڵ نەكراو، ئەم زیادبوونە پەیوەندی هەیە بە كۆمەڵێك هۆكاری بۆماوەیی و ژینگەیی، بێگومان  هۆكارە ژینگەییەكانی وەك پیسبوونی ئاو و هەوا وخۆراك و هەبوونی كارگەكان ڕۆڵی بەرچاویان هەیە لە زیادبوونی نەخۆشییە شێرپەنجەییەكان». د. دەشتی لەتیف وای وت.

  هاوڵاتی فەرماندەی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا رایگەیاند، لە شارۆچکەی ئایڤاجیکی سەربە پارێزگای چاناککا لە باکووری خۆرئاوای تورکیا، 43 کۆچبەری نایاسایی کە بزوێنەری بەلەمە پلاستیكییه‌كه‌یان تێکچووبوو، لەلایەن تیمەکانی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیاوە رزگارکران. تیمەکانی سەر بە فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکان ئاماژەیان بەوەکرد، دوای ئەوەی داواکاری ھاوکارییان لە لایەن گروپێک کۆچبەری نایاسایی کە لە نزیک کەناراوەکانی ئایڤاجیک پێگەشتووە بەمەبەستی هاوکاری کردن پاش ئەوەی بزوێنەری بەلەمە پلاستیكییه‌كه‌یان تێکچووبوو رزگارکران. ئاماژەیان بەوەشکردووە، ژمارەی ئەو کۆچبەرانە 43 کەس بوون و لەناویشیاندا ژن و منداڵ بوونی هەبووە و هەوڵیانداوە بەشێوەی نایاسایی لە دەریاوە گەشت بکەن. باس لەوەشکراوە، کۆچبەرە نایاساییەکان بەڕەچەڵەک بیانی بوون، دوای ئەوەی رزگارکراون گه‌یه‌ندرانه‌ وشکایی له‌ شارۆچکەی کوچوککویو و دوای تەواوبوونی رێکارەکان رەوانەی ناوەندی دیپۆرتکردنەوەی بیانییەکانی ئایفاجیک کراونەتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە شەوی 21ی ئەم مانگە، یەختێکی کۆچبەران بە 70 کۆچبەرەوە کە زۆرینەیان کوردن لە کەنارئاوەکانی یۆنان داوای فریاکەوتن و هاوکارییان کردووە و پەیوەندییەکانیان پچڕاوە. ‎رۆژی24ی مانگی رابردوو، بەلەمێکی کۆچبەران لە نێوان فەڕەنسا و بەرتانیا نوقوم بوو، بەهۆیەوە 27 کۆچبەر خنکان کە 16 کەسیان خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون و تا ئێستا تەرمەکانیان نەگەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان و بڕیار وایە هەینی داهاتوو بگەڕێندرێنەوە و کەسێکیشیان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو.

سەركۆ جەمال راپۆرتی رێكخراوێكی مەدەنی لەسەر ئەدای ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان زانیاری سەرنجڕاكێشی تێدایە كە 22% ی ئەندامانی پەرلەمان پسپۆڕییان لەیاسادا هەیە، بەڵام یاساكانی كوالێتییان لاواز بووەو زۆرترینیان كەمترین قسەیان كردووەو دوو پەرلەمانتاریش بەهیچ شێوەیەك لەماوەی ساڵێكدا قسەیان نەكردووە. ئینستیتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان، راپۆرتێكی تایبەت بەهەڵسەنگاندنی ساڵێكی كارەكانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لەماوەی نێوان یەكی ئازاری 2020 بۆ 28ی شوبانی 2021 بڵاوكردەوە. یەكەم راپۆرتی ئەو رێكخراوە لەسەرەتای ساڵی 2014 بڵاوبووەوە، لەسەر خولی چوارەمی پەرلەمان 13 راپۆرتی بڵاوكردووەتەوە، لەسەر خولی پێنجەمیش ئەمە حەوتەم راپۆرتە واتە كۆی گشتی 20 راپۆرتی لەبارەی پەرلەمان بڵاوكردووەتەوە. راپۆرتەكە لەلایەن هەریەك لەسەروەر عەبدولڕەحمان وەك سەرپەرشتیارو حەوت كەسی دیكە لە ئینیستیتوتی پەی ئامادەكراوە. ئینستیتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان لەتشرینی دووەمی 2013 لەفەرمانگەی رێكخراوە ناحكومیەكانی هەرێمی كوردستان تۆماركراوە. پرۆژەی چاودێری و هەڵسەنگاندنی كارەكانی پەرلەمانی كوردستان لەخولی چواری پەرلەمانەوە دەستیپێكردووە، ئەویش بەهاوكاری سندووقی نیشتیمانی بۆ پاڵپشتی دیموكراسی (نید) ی ئەمریكی. لە راپۆرتی ئەمجارەی ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان لەسەر پوختەی كارەكانی پەرلەمانی كوردستان هاتووە:» لەماوەی ساڵێكدا پەرلەمان تەنیا  61 كاتژمێر كۆبووەتەوەو تەنها چوار پرۆژە یاساشی پەسەندكردووە، لەو ماوەیەدا، ژمارەی دانیشتنەكانی پەرلەمان نۆ دانیشتن بووەو ژمارەی كۆبوونەوەی دواخراو چوار دانیشتن بووەو لەو 19 كۆبوونەوەیەش ژمارەی بڕگەكانی كار 45 برگە بووەو ژمارەی بڕگەی كارجێبەجێكراو 39و ژمارەی بڕگەی كارو جێبەجێنەكراو هەشت بووە. هەروەها راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، لەماوەی یەك ساڵدا پەرلەمان داوای لە 14 ئەندامی ئەنجومەنی وەزیران كردووە لەهۆڵی پەرلەمان ئامادەبن، كە بریتی بوون لەسەرۆكی حكومەت، جێگری سەرۆكی حكومەت، وەزیری دارایی، پەروەردە، خوێندنی باڵا، ناوخۆ، كاروكاروباری كۆمەڵایەتی،  تەندروستی، بەڵام پێنج وەزیری دیكە ئامادەنەبوون. لەبارەی ژمارەی كۆبوونەوەی لیژنەكانی پەرلەمان، بەپێی راپۆرتەكە لیژنەكان 204 كۆبوونەوەیان كردووەو ژمارەی راپۆرتی لیژنەكان لەسەر پرۆژە یاسا نووسراو چوار راپۆرت بووەو ژمارەی راپۆرتی لیژنەكانیش لەسەر پرۆژە یاساكان، كە پێویست بوو بنوسرێت و نەنووسراوە 15 بووە. بەپێی راپۆرتەكە، ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان بەراورد بەهەموو خولەكانی دیكەی پەرلەمان خراپترین خول بووە، خول لەدوای خول پەرلەمان لاوازتربووە بەوەی لایەنە سیاسییەكان كەمترین كەسانی بڕیار بەدەست دەنێرن بۆ پەرلەمان. لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوە یاساكانی پەرلەمان جێبەجێ ناكرێن و گوێ بەبڕیارەكانی نادرێت، لەپرسە نیشتیمانی و چارەنووسسازەكاندا كەمترین جێدەستی دیارە، هیچ كات لایەنە سیاسییەكان بۆ پرس و را بۆ لای پەرلەمان نەگەڕاونەتەوە. لەكاتێكدا پەرلەمانی كوردستان بەپێی راپۆرتەكە كوالێتی ئەو یاسایانەی دەریكردوون لاوازە، بەڵام 22%ی ئەندامانی پەرلەمان پسپۆڕییان لەیاسادا هەیە، دوای ئەو پسپۆڕییەش راگەیاندن دێت دواتر پسپۆڕیەكانی دیكە. هەر بەپێی راپۆرتەكە 92 ئەندامی پەرلەمان لەم خولەدا ئیمەیلیان نییە كە رێژەكەی دەگاتە 84% لەبەرامبەردا 17 ئەندام ئیمەیلیان لەسەر ماڵپەڕی پەرلەمانی كوردستان تۆماركراوە كە ئەویش 15%ی ئەندامانی پەرلەمان دەكات، 76 پەرلەمانتاریش تۆڕی كۆمەڵایەتییان لەسەر ماڵپەڕی پەرلەمان تۆمارنەكراوە. عەلی حەمەساڵح بەپێی راپۆرتەكە زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە كە 91 هەزارو 934 دەنگە، هیمداد سەباح بیلالیش لەنەتەوەی توركمان كەمترین دەنگی هێناوە كە 138 دەنگە، بەهۆی ئەوەش كە حزبەكان كەسێكیان كاندید كردووە بۆ دەنگ كۆكردنەوەو پاشان نەچووەتە پەرلەمان ژمارەی دەنگی قەوارە سەركەوتووەكانی پەرلەمان لەم خولەدا ملیۆنێك و 557 هەزار و 453 دەنگە بەڵام ژمارەی دەنگی ئەوانەی لەپەرلەمانن 738 هەزار و 721 دەنگەو جیاوازیەكە 818 هەزارو 732 دەنگە. لەكۆی 19 كۆبوونەوەی پەرلەمان لەماوەی ئەو ساڵەدا چوار پەرلەمانتار زۆرترین جار ئامادەنەبوونیان لەدانیشتنەكانی پەرلەمان تۆماركراوە كە شەش جار بووە، بەشێوەیەك 33%ی ئەندامانی پەرلەمان لەو ماوەیەدا ئامادەی دانیشتنەكانی پەرلەمان نەبوونە، تەنها 28% ئامادەی سەرجەم كۆبوونەوەكان بوون، هەردوو پەرلەمانتار بەختیار شوكری سلێمان لەفراكسیۆنی پارتی و هەژان حەسەن لەفراكسیۆنی یەكێتی لەهیچ دانیشتنێكی ئەو ساڵەدا قسەیان نەكردووە. هاوڵاتی چەندین جار پەیوەندی بەهەریەك لەو دوو پەرلەمانتارەوە كرد بۆ ئەوەی لەسەر راپۆرتەكە قسە بكەن، بەڵام ئامادەنەبوون لەسەر راپۆرتەكەش قسە بكەن. سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرپەرشتیاری ئینستیتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی  وت :»ئامانجی ئێمە وەكو رێكخراوێكی مەدەنی دروستكردنی فشارە بۆ سەر پەرلەمان كە دامەزراوەیەكی گرنگە تا بەئەركەكانی خۆی هەڵبستێت، بەپێی یاسا ئەو دامەزراوەیە دەبێت رێزی لێبنرێت نەوەك بێبایەخ بكرێت». هەروەها پێشیوابوو كە پەرلەمان تاكە دەزگایە هەموو خەڵكی كوردستان كۆبكاتەوە، «دەمانەوێت لەسەر ئەدای ئەندام پەرلەمانەكان یەكەم راپۆرتە بڵاوببێتەوە، مەبەستمان ئەوەیە بە دەنگدەری كوردستان بڵێین ئەو پەرلەمانتارەی هەڵتان بژاردووە تاچەند لەئاستی ئەو بەرپرسیارێتییەدا بووە، چونكە بەپێی پەیڕەو پەرلەمانتار ژمارەیەك ئەركی لەسەرە، مانای نییە پەرلەمانتار قسە نەكات، بەڵام مەرجیش نییە هەر پەرلەمانتارێك قسە نەكات ئەدای باش نەبێت، بەڵام ناكرێت قسەش نەكات و لەلیژنەكان ئامادە نەبێت». راپۆرتەكەی ئینستیتیوتی پەی بەكوردی و ئینگلیزی و عەرەبی بڵاودەكرێتەوە بۆ سەرجەم پەرلەمانتاران و حزبەكان و كونسوڵخانەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتیەكانی دەنێرن بۆ دروستكردنی فشاری مەدەنی. هاوكات، سەروەر عەبدولڕەحمان ئەوەشی دووپاتكردەوە كە «ژمارەیەك پەرلەمانتار تەلەفۆنیان بۆ كردووم و گلەییان كردووە لەوەی زیاتر قسەیان كردووە، بەڵام ئێمە لەداتاكانی خۆمان دڵنیاین». لەبەرامبەر ئەو راپۆرتەدا، رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: «رێكخراوێك كە من نامەوێت ناوی بهێنم ئەمە چەندەمین راپۆرتیەتی، ئێمە زۆر گوێمان پێنەدەدا، ئێستا تێگەیشتن لەو راپۆرتەدا ئینساف بوونی نییە». وتیشی: «پەرلەمانتار هەیە لەیەك پرۆژە یاسا 22 جار قسەی كردووە، بەڵام بەپێی راپۆرتەكە زۆر كەمتر لەوە قسەی كردووە، پێوانەكردنی پەرلەمانتار لەسەر بنەمای قسە نابێت، هەریەك لەلیژنەكانی پەرلەمان دەیان كاتژمێر قسەیان كردووە، هەر لەبەرئەوەی كامێرای لێ نەبووە هەڵنەسەنگێندراوە، بۆیە داواتان لێدەكەم لەكارەكانی خۆتان بەردەوام بن بێ ئەوەی گوێ بدەن بەو راپۆرتە».

هاوڵاتی 56 ئەندام له‌ 10 فراكسیۆنی په‌رله‌مانی داوا دەکەن بەزوترین کات لیژنەی پەرلەمانی بۆ دروستکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسیی لە هەرێمی کوردستان پێکبھێنرێت.    

شاناز حەسەن بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان رایگەیاند ئاوی بەنداوەكە زیاتر لەحەوت سانتیمەتر بەرز بووەتەوەو لێپرسراوی بەشی هایدرۆلۆجی لەبەنداوی دوكان دەڵێت:» ئاستی ئاوەكە 18 سانتیمەتر زیاتر زیادی كردووە». لەماوەی سێ مانگی پایزدا كە پێویستە لەسەدا 15 رێژەی باران بارینی ساڵ ببارێت، بەنداوی دەربەنیخان حەوت سانتیمەترو بەنداویش دوكانیش 18 سانتیمەتر ئاوی گلداوەتەوە، واتە بەكۆی گشتی نیوە كەمتری ئاوی پایزی گلداوەتەوە. پسپۆران بەپێی وەرزەكان رێژەی بارانبارینیان دیاریكرودووە، بەو پێیە لەسەدا 15 باران بارین بۆ وەرزی پایز دانراوەو لەسەدا 35ی بۆ وەرزی بەهارو لەسەدا 50ی بۆ وەرزی زستانە. رەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:»ئاستی ئاوی دەربەندیخان لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا حەوت سانتیمەتر بەرزبووەتەوە، لەكاتێكدا لە ماوەكانی رابردوودا ئاستی ئاوی بەنداوەكە لەنزمبوونەوەدا بووە». بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد بەراورد بەساڵی رابردوو ئێستا ئاوی بەنداوەكە حەوت مەترو نیو ئاستی ئاوەكە نزمترەو لەئێستادا بەنداوی دەربەندیخان 800 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە، كە تەنیا 500 ملیۆن مەتری بۆ خواردنەوە دەشێت. رەحمان خانی  پێشبینی ئەوە دەكات هاوشێوەی ساڵی رابردوو وشكەساڵی بێت وەك خۆی دەڵێت خراپتر دەبێت و وتیشی:»ئەمساڵ كە وشكەساڵی بێت بەسەر ساڵێكی وشكدا دێت، بەڵام ئەوەی پێشبینی دەكرا دەوترا ساڵێكی وشك دەبێت لەهەمانكاتدا گۆڕانكاری كەشوهەوا وایكردووە پێشبینیەكان زۆر ناسروشتی روودەدەن لەدەرەوەی پێشبینیەكان رووەدەن وەك لافاوەكانی ئەم ماوەیە». هاوكات، سەلام  نەجم، لێپرسراوی بەشی هایدرۆلۆجی لەبەنداوی دوكان، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» لەئێستادا ئاوی بەنداوەكە 18 سانتیمەتر بەرزبۆتەوە، واتە زیاتر لە دوو ملیار مەتر سێجا ئاوی تێدایە». هەروەها، وتیشی:» بەراورد بەساڵی رابردوو شەش مەتر ئاستی ئاوەكە كەمترەو لەئێستا یەك ملیار مەتر سێجا ئاوی لەساڵی رابردوو كەمترە». رێژەی بارانبارین لەدوكان لەئەمساڵدا 114 ملم بووە، لەكاتێكدا لەدەربەنیخان 2.6 ملم باران باریوە. بەگشتی لەسنوری پارێزگای سلێمانی 30ملم باران باریوە كە زۆربەی رێژەی لەگوندی یاخسەمەر بووە 142.8ملم بووە.

عەمار عەزیز گیراوانی بادینان لەدوای ئازادبوونیشیان سزادران، مامۆستا بەدەل بەرواری لەگەڵ دوو مامۆستای ترو ئەندازیارێك، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی دهۆك نووسراوێكیان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كردووە ئایا دەگەڕێنەوە سەر كارەكانیان یان فەسڵ دەكرێن. بەدەل بەرواری، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت: «ئەمە ئیجرائاتی یاسایی هەموو وەزارەتێكە، ئەگەر فەرمانبەرێك دەستگیركرا و حوكمدرا دوای ئەوە ( سحب الید )بۆی دەكرێت،  ئێمە چوار كەسین ئەندازیارێك لەگەڵ سێ‌ مامۆستا لەسەر میلاكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگای دهۆك، دوای دەرچوونی حوكمی ئێمە كە حوكمدراین بۆماوەی یەك ساڵ ، بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی دهۆك بەئێمەیان وت ئەگەر بگەڕێنەوە دەبێت ( سحب الید ) بكەن، ناچاربووین (سحب الید) مان كرد ، دوای  ئەوە نووسراوەكەی ئێمە رەوانەی بەشی یاسایی لەوەزارەتی پەروەردە كردووە «. «لەسەر دۆسیەكەی هەرسێ مامۆستاکە وەزارەتی پەروەردە نووسراوێكیان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كردووە، هێشتا ئێمە فەسڵ نەكراوین چاوەڕێ‌ی بڕیاری كۆتایی ئەنجومەنی وەزیران دەكەین كە ئایا دەگەڕێنەوە سەر كاری خۆیان یان بەیەكجاری لادەدرێن، بەپێی یاساش نابێت ئێمە فەسڵ بكرێین، هەر كاتی دەستگیركردنمان تائێستا تەنیا مووچەی بنەڕەتیمان وەرگرتووە» بەدەل بەرواری وا دەڵێت. بەرواری ئەوەشی خستەڕوو كە ماوەی 28 ساڵە خزمەتی مامۆستایی كردووەو وتیشی:» بەپێی زانیاریەكانم لەكۆتایی ئەم هەفتەیە چارەنووسی ئێمە دیار دەبێت، بەڵام دۆسیەكەی ئێمە سیاسییە و نابێت بەیەكجاری فەسڵ بكرێین، ئەگەر ئێمە فەسڵ بكرێین ئەوا بێدەنگ نابین و هەڵوێستمان دەبێت و كۆمەڵگای دەرەوە ئاگاداردەكەینەوە». عەبدولستار مەجید، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەلیژنەی پەروەردە لەلێدوانێكدا  بەهاوڵاتی وت: « ئێمە وەكو فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری هەر لەسەرەتاوە دەستگیركردن و زیندانكردنیان بەستەم دادەنێین و هیچ تاوان و تۆمەتێكیان لەسەر نەبووە ، لەهەمانكاتدا دوای ئازادبوونیشیان لەپیشەكانیان كە مامۆستا بوون دوورخراونەتەوە، هەرئەوەش نا، بەڵكو پێنج ساڵیش خراونەتە ژێر چاودێری وردی دەزگا ئەمنیەكانی دەسەڵات لەو سنورە، بەتایبەت لەهەریەكە لەمامۆستا بەدەل و مامۆستا جەمال». لای خۆیەوە بەڕێوەبەری گشتی پارێزگای دهۆك دەڵێت ئەوان تەنها رێكارە یاسایی و كارگێڕییەكانیان ئەنجامداوە. عومەر عەلی، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگای دهۆك لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «هەر فەرمانبەرێك دەوام نەكات ئێمە رێكاری یاسایی لە دژی ئەو كەسە دەگرینە بەر، ئەوەی مامۆستا بەدەل عەبدولباقی بەرواری هەمان شتە، زیاتر لەساڵێك دەوامی نەكردو خۆ ناكرێت هیچ رێكارێكی یاسایی لە دژی ئەو نەگرینە بەر». هەروەها ئەوەشی روونكردەوە كە نووسراوێكیان ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە كردووە چاوەڕێ‌ی ئەوان دەكەن كە ئایا ئەوانەی دەوامیان نەكردووە جارێكی تر دەگەڕێنەوە سەر دەوامی خۆیان یان بەیەكجاری فەسڵ دەكرێن.

هاوڵاتی ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند:" سوپای تورکیا لە دەوروبەری تل تەمر هێرشی زەمینی دەستپێکردووە و شەڕ و پێکدادان هەیە". ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە بڵاویکردەوە "هێزەکانمان رووبەڕووی هێرشێکی زەمینیی سوپای تورکیا دەبنەوە لە گوندی ئوم کێف". هەسەدە دەڵێت:" سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کە تورکیا پشتگیرییان دەکات "ئێستا هێرشێکی زەمینیی دەکەن بۆسەر گوندی ئوم کێف لە دەوروبەری تل تەمر و هێزەکانمان رووبەڕووی دەبنەوە". ئاماژە بەوەش دەکات کە :"شەڕ و پێکدانانی تووند" لە چەند میحوەرێکی دەوروبەری گوندەکە بەردەوامە".

  هاوڵاتی وتەبێژی وەزارەتی دادی حكومەتی هەرێم روونكردنەوە لەبارەی گشتاندنێك دەدات كە سەبارەت بەوەرگرتنی ڤاكسین بڵاویانكردووەتەوە، دەشڵێت:» رێوشوێنێكی نەرمەو ناگاتە ئەوەی هیچ فەرمانبەرێك لەكارەكەی دووربخرێتەوە». لەڕۆژی 15-12-2021 گشتاندنێك لەلایەن وەزارەتی دادی هەرێم بەواژۆی فەرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی هەرێم دەرچوو، بەپێی گشتاندنەكە، هەر فەرمانبەرێك لەهەر پلەو پۆستێك بێت ئەگەر تا 1/1/2022،  ڤاكسینی  وەرنەگرتبێت، ناتوانێت پابەندبێت بەدەوامی  فەرمی، هەروەها لەدوای 1/1/2022 ەوە  هیچ هاووڵاتییەك ناتوانێت سەردانی فەرمانگەكان بكات بەمەبەستی راییكردنی مامەڵەكانیان بەبێ وەرگرتنی ڤاكسین. نەریمان تاڵیب، وتەبێژی وەزارەتی دادی حكومەتی هەرێم، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت: «ئەو رێنماییە كارگێڕییە بە پشتبەستنە بە بەیانێكی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، لیژنەكەش پشتی بەستووە بە یاسای پاراستنی تەندروستی گشتی، بەپێی ئەو دوو یاسایەش ئەگەر یەكێك لەكاتی باری نائاساییدا، یاخود هەر پەتایەك كە بكوژە، رێنماییە تەندروستییەكان نەگرێتەبەر ئەو كەسە سزا دەدرێت». هەروەها وتیشی:» سزاكە بەپێی یاسای بەرزەفتكردنی فەرمانبەرانی دەوڵەتە، سزاكەش ئەوەیە كە ئاگادار دەكرێتەوە یاخود سەرنجی رادەكێشرێت یاخود غیابدانیەتی، ناگاتە هەڵوەشاندنەوەی راژەی فەرمانبەرەكەو پەیوەندی بە بەڕێوەبەری فەرمانگەكەوە هەیە». وتەبێژی وەزارەتی داد ئەوەشی دووپاتكردەوە كە» لەهەموو حاڵەتێكدا رێنماییەكی نەرمەو تەنیا بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیانە، نەرمیش دەنوێنرێت كە هاووڵاتیەك بۆی نەكراوە ڤاكسین وەربگرێت، مانای وانییە لەفەرمانگەكە كاری بۆ ناكرێت، بەڵام هاندەدرێت ڤاكسین وەربگرێت». هاوكات، ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بۆ ئەو رێنماییەی وەزارەتی داد، وەزارەتی تەندروستی ئەركی ئەوە دەبێت ڤاكسین بۆ هەر فەرمانگەیەك دابین بكات و هاوكاریان بێت لەوەی هەموو فەرمانبەران ڤاكسین وەربگرن».  

سەركۆ جەمال حكومەتی هەرێم بەپاساوی نەگەڕانەوەی داهات دوو مانگە دابەشكردنی مووچەی سست كردووە، دابەشكردنی مووچەی مانگی 12 ی 2021 یشی خستە مانگی یەكی 2022 و پەرلەمانتارانیش دەڵێن:» حكومەت و پەرلەمان، جیاوازییەكەیان 170 ملیار دیناری مانگانەیە». رۆژی سێشەممە 21/12/2021 لەپەرلەمانی كوردستان لەسەر داهاتی ناوخۆ دانیشتنێك بەڕێوەچوو، عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە دانیشتنەكە لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «خزمەتگوزاری سزاكانی شارەوانیەكان دراوە بە كەرتی تایبەت، ئەوەش لەكاتێكدایە پێشتریش چەندین سزا كە دەبێت حكومەت ئەنجامی بدات دراوە بەكەرتی تایبەت». هەروەها لەبارەی دواكەوتنی دابەشكردنی مووچەی مانگی 12ی ئەمساڵەوە، عەلی حەمەساڵح وتی:» حكومەت بەهاتنی 200 ملیارەكەی بەغدا لە25ی ئەم مانگەوە دەتوانێت دەست بەدابەشكردنی مووچە بكاتەوە». هاوكات، كاروان گەزنەیی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بۆ هاوڵاتی، ئاماژەی بەوەكرد تەنها داهاتی كارەبا بۆ یەك مانگ 100 ملیار دینار بووە، وتیشی:» فرۆشتنی نەوت لەشەش مانگی یەكەمی 2021 زیاتر لەچوار ملیار دینار بووە، لەشەش مانگی دووەمیشدا بەپێی راپۆرتەكانی خۆیان مانگانە داهاتی نەوت و ناوخۆ 700 ملیۆن دۆلار بووە». «بەبێ پارەكەی بەغدا حكومەتی هەرێم دەتوانێت مووچە بدات و لێشی دەمێنێتەوە»، كاروان گەزنەیی وای وت. هاوكات، زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «بەپێی راپۆرتی دارایی كە بەشێكی زانیاریەكان حكومەتی هەرێم پێی داوین مانگ لەدوای مانگ هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ دەرەوە كەمبووەتەوە كۆتاجار 434 هەزار بەرمیل بووە، جگە لەوەش رۆژانە 22 هەزار بەرمیل بۆ پڕكردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی تەرخان كراوە». «حكومەتی هەرێم لەفرۆشتنی نەوتدا هەندێك پێداچوونەوەی كردووە، نزیكەی دوو دۆلار لەهەر بەرمیلێك بۆ فرۆشتنەكەی زیادبووە، واتە جیاوازی فرۆشتنی نەوت كەم بووەتەوە لەگەڵ نەوتی برێنت، پێشتر لەگەڵ برێنت 11 دۆلارو 40 سەنت جیاوازی هەبووە، ئێستا نزیكەی 9 دۆلار جیاوازی هەیە»، زیاد جەبار وا دەڵێت. سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی دووپاتكردەوە، كۆی گشتی داهاتی نەوتی هەرێم لەمانگی 10ی ئەمساڵ 507 ملیار دینار بووەو بەداهاتی ناوخۆو پارەكەی بەغدا كە دووسەد ملیار دینارە، ترلیۆنێك دینار داهاتی حكومەت بووە. هەر سەبارەت بەو پرسە عومەر گوڵپی ئەندامی لیژنەی دارایی لەفراكسیۆنی كۆمەڵ بەهاوڵاتی وت: «حكومەتی هەرێمی كوردستان رێگرە لەوەی چاودێری چۆنیەتی فرۆشتنی نەوت بكرێت و لەكۆی ترلیۆنێك و 215 ملیار، مانگانە تەنیا 512 ملیار دینار داهات دەگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی حكومەت». هەروەها پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵ جەختلەوە دەكاتەوە كە داهاتی باجی ناوخۆ لەساڵی 2019 دا مانگانە 51 ملیار دینار بووە، بەڵام لەساڵی 2021 بووە بە 40 ملیار دینار، لەكاتێكدا بەرپرسانی حكومەت دەڵێن باجیان رێكخستووەتەوە بەڵام باج كەمیكردووە، لەكاتێكدا خۆیان دەڵێن زیادیكردووە، هەموو مانگێك لەمانگی پێنجی ئەمساڵەوە زیاتر لە 113 ملیار دینار لەحكومەت زیادبووە، بەڵام نادیارە، وتیشی:»جیاوازی نێوان ئێمەو زانیاریەكانی حكومەت 170 ملیار دیناری مانگانەیە». پێشتر بەفەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندبوو، رۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوتی خاو هەناردەی دەروە دەكات كە لەمانگێكدا 13 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی خاو دەكات، ئێستا كە نرخی نەوت 72 دۆلارە ئەگەر هەر بەرمیلێك نەوت 9 دۆلار كەمتریش بفرۆشن ئەوا لەمانگێكدا دەكاتە سەروو 850 ملیۆن دۆلار، ئەگەر ئەو 434 هەزار بەرمیلەش هەژمار بكرێت كەسەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمان باسی دەكات، مانگانە داهاتی نەوت سەروو 800 ملیۆن دۆلار دەكات. لەهەرێمی كوردستاندا یەك ملیۆن و 251 هەزارو 451 مووچەخۆر هەن، كە 751 هەزارو 805 كەسیان فەرمانبەری سەربازی و شارستانین، 242 هەزار و 269 كەسیان خانەنشینن، حكومەت بۆ پێدانی مووچە بێ لێبڕین مانگانە 895 ملیار دیناری پێویستە، كە ساڵانە 10 ترلیۆن و 740 ملیار دینار دەكات. راوێژكارێك لەئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم كە نەیویست ناوی بهێنرێت بەهاوڵاتی وت:»داهاتی پێویست لەبەردەستدایە و ئامادەكارییە سەرەتاییەكان بۆ دابەشكردنی موچەی مانگی 12 كراوە». ئەوەشی روونكردەوە كە بەهۆی راگەیاندنی پشووەوە دابەشكردنی موچە دەكەوێتە رۆژی 2ی كانوونی دووەمی 2022.