عەمار عەزیز دوای رزگاركردنی شەنگال بابە شێخ بۆ یەكەمجارە سەردانی قەزای شەنگال دەكات و لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و سەرۆك عەشرەتەكان كۆدەبێتەوە و لایەنەكانیش دەڵێن بۆ یەكڕیزی ئێزیدیەكان هاتووەو باوكی رووحی ئێزیدیانە. عەلی شێخ ئەلیاس ، بابەشێخی هەموو ئێزیدییەكان بۆ یەكەمجار دەچێتە قەزای شەنگال، لەكاتێكدایە كەئێستا گەرمەی بانگەشەی هەڵبژاردنە، بۆیە بەشێك لەئێزیدییەكان بەگومانن كە مەبەستی سیاسی لەپشتەوە بێت. رۆژی 17ی ئەیلولی 2021 سەردانەكەی بۆ قەزای شەنگال دەستپێكرد و بڕیارە هەفتەیەك بمێنێتەوە، زۆرینەی  هێزو لایەنە سیاسیەكانی لەشێوازی هەڵبژاردنی بابەشێخ ناڕازیبوون ، سەرباری ناڕەزایی ئەوان لە 18 _ 11_ 2020 دەستبەكار بووە. حەسۆ ئیبراهیم، جێگری ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شەنگال لەلێدوانێكدا بە وت: « بابەشێخ سەردانی بارەگای هاوسەرۆكی هاوبەشی مەجلیسی خۆسەری دیمۆكراتی كرد وەكو مەرجەعی باڵای ئایینی و بابی رووحی ئێزیدییەكان پێشوازییەكی گەرممان لێكرد، بابە شێخ جەختی لەوە كردەوە كە ئەو هاتووە بۆ شەنگال تەنها بۆ یەكگرتنی هەموو ئێزیدییەكان، هەروەها چارەسەركردنی كێشە كۆمەڵایەتییەكان». حەسۆ ئیبراهیم هێمای بۆ ئەوەكرد پرسی سیاسییان لەگەڵ بابە شێخ تاووتوێ‌ نەكردووە، وتیشی:»بەهیچ شێوەیەك دەستتێوەردان لەكاروباری سیاسیدا ناكات تاشوێن و مەكانەتی هەر پیرۆز بێت لای تەواوی چین و تووێژەكانی كۆمەڵگای ئێزیدی، پێویستە پارتی هیچ فشارێك لەسەر بابە شێخ نەكات و بەكارینەهێنێت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن یان هەر پرسێكی سیاسی، چونكە كاری ئەو تەنها ئاینییە». هەروەها خودێدا چوكی ، بەڕێوەبەری ناحیەی سنون سەر بەقەزای شەنگال، كە لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر بووە بە بەڕێوەبەری ناحیە بۆ ، ئاماژەی بەوەكرد كە لایەنە سیاسییەكان دەستتێوەردان لەكاروباری ئەودا دەكەن ، چونكە لایەنە سیاسییەكان دەستتێوەردان لەكاروباری هەموو ئایینەكاندا دەكەن، وتیشی:» بابە شێخ بۆ یەكگرتوویی و تەوافقی ئێزیدییەكان هاتووە، چونكە پێش 3ی ئابی 2014و دوای ئەوە كۆمەڵێك رووداوی كوشتن و كێشەی كۆمەڵایەتی روویداوە، بۆیە ئەو هاتووە تا ئەو كێشانە چارەسەر بكات». بەرپرسی راگەیاندنی بابە شێخ ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە هیچ مەرامێكی سیاسی لەپشت سەردانەكەی بابە شێخەوە نیەو تەنها ئامانجی یەكخستنی ئێزیدییەكانە. سەباح سەمیر، بەرپرسی راگەیاندنی بابە شێخ  لەلێدوانێكدا بە  وت: «سێ‌ رۆژە لەقەزای شەنگالین بابە شێخ لەگەڵ سەرۆك عەشیرەت و پیاوانی ئایینی و خەڵكی ناوچەكە كۆدەبێتەوە و سەردانی مەزارگەو شوێنە پیرۆزەكانی ئێزیدی دەكات». سەباح سەمیر وتیشی: « بابە شێخ بابی رووحی ئێزیدییەكانە، جگە لەكاری ئایینی دەستتێوەردان لەكاروباری سیاسیدا ناكات، سەردانەكەشی هیچ پەیوەندی بەبانگەشەی هەڵبژاردنەوە نیە، چونكە ئەو هیچ ئاڵایەكی سیاسی بەرزنەكردووەتەوە». «راستە هەندێك لایەنی سیاسی هاتوونەتە دیدارەكەی بابە شێخ و پێكەوە قسەیان كردووە، بەڵام دڵنیایی دەدەینە هەموو لایەك لەدانیشتنەكەدا باسی هیچ پرسێكی سیاسی نەكراوە، تەنیا قسە لەسەر ئەوە كراوە كە پێویستە ئێزیدییەكانی شەنگال و شێخان و هەموو ناوچەیەك یەكڕیز و یەكگرتوو بن» بەرپرسی راگەیاندنەكەی وا دەڵێت. سەباح سەمیر ئەوەشی دووپاتكردەوە كە «كێشەمان لەگەڵ ئەوە نیە هەر ئێزیدییەك سەر بەحزبێك و لایەنێك بێت، ئێزیدییەكان ئازادن لەوە، بەڵام بۆ پرسی ئایینی و كۆمەڵایەتی دەبێت یەكڕیزو یەكگرتوو بن، لەژێر فشاری هیچ لایەنێكی سیاسی سەردانی شەنگالی نەكردووە».      

هاوڵاتى نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ باڵیۆزی نەمسا لە ئوردن و عێراق کۆبووەوە و باسیان لە برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و نەمسا لە بوارى ئاڵوگۆڕى بازرگانى و ده‌رفه‌تى كار و وه‌بەر‌هێنان کرد. ئەمڕۆ چوارشەممە 22-09-2021 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە‌ ئۆسكار ڤوستنگه‌ر باڵيۆزى نه‌مسا له‌ ئوردن و عێراق كرد. بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، "له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا باس له‌ په‌يوه‌نديى دۆستانه‌ و له‌مێژينه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ نه‌مسا كرا و خواستى هاوبه‌شيان بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا دووپاتكرده‌وه". بەپێی راگەیێندراوەکە، باڵيۆزى نه‌مسا خۆشحاڵيى خۆى به‌ ئاوه‌دانى و پێشكه‌وتنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕیوە و ستايشى رۆڵى پێشمه‌رگه‌ى له‌ تێكشكاندنى داعشدا كرد. لە کۆبوونەوەکەدا هه‌ردوولا تيشكيان خستووتەسه‌ر كۆبوونه‌وه‌ى شاندێكى بازرگانيى نه‌مسايى كه‌ به‌ ياوه‌ريى باڵيۆزى نه‌مسا سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستانيان كرد و دوێنێ له هۆتێل دیڤان لە‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ ژماره‌يه‌ك له‌ بازرگانان و كۆمپانياكانى هه‌رێمى كوردستان كۆبوونه‌وه، بڕیاریشە ئەمڕۆ شاندی 13 کۆمپانیای نەمسایی سەردانی دهۆک بکەن.

هاوڵاتى وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان رایگەیاند:" دوو ملیۆن ئاوارەی عێراقی و سووری رویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و ئێستا یەك ملیۆن ئاوارە و پەنابەر تا ئێستا لە كوردستان ماون". ئەمڕۆ چوارشەممە  22ی ئه‌یلوولی 2021، بەئامادەبوونی ژمارەیەك وەزیری حكومەتی هەرێم و پارێزگاری هەولێر، بەردی بناغەی پڕۆژەی سەنتەری تۆماركردنی ئاواره ‌و پەنابەران، دانرا. رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لەساڵی 2014، دوو ملیۆن ئاوارەی عیراقی و سووری روویان لە هەرێمی كوردستان كرد‌، كە یەك ملیۆن ئاوارە و پەنابەر تا ئێستا لە كوردستان ماون، كە جێی داخە بەهۆی خراپی باردودۆخی ئەمنی ناوچەكانیان، ئەوان ناتوانن بگەڕێنەوە. وتیشی:" هیوادارین ئاسایشی ئەو شوێنانە بەرقەرار بن، بۆ ئەوەی تەواوی ئاوارە و پەنابەرەكان ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە شوێن و پێگەی خۆیان، كە بەهاوكاری رێكخراوەكان و نەتەوەیەكگرتووەكان، هان بدرێن، بگەڕێنەوه." وەزیری ناوخری هەرێم روونیكردەوە:" تا یەك ئاوارە رازی بێت لەم كەمپانە ژیان بەسەر ببات، دەرگای كەمپەكان داناخەین،  كە تا ئێستا‌ (250) هەزار پەنابەری سووری لە هەرێمی كوردستان ژیان بەسەر دەبەن، بەهیواین ئەوانیش بە سەربەرزی بگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان، حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیە یارمەتیان بدات تاوەكو بگەڕێنەوە، كە ماوەیەكە هەست بەوە دەكرێت وڵاتانی كۆمەك بەخش بە رەچاوكردنی دۆخی بلاوبوونەوەی نەخۆشی  كۆرۆنا لەبەرچاو گرتنی دۆخی ئابووری و هاوكاری هەرێمی كوردستان ناكەن." جەختیشیكردەوە، پێویستە حكومەتی فیدڕاڵ و وڵاتانی كۆمەك بەخش و نەتەوەیەكگرتووەكان، یارمەتی هەرێمی كوردستان بدەن بۆ ئەوەی ئەركەكانمان بەرامبەر ئاوارەو پەنابەران جێبەجێ بكەین.

هاوڵاتى  وته‌بێژی‌ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی دژ به‌ داعش  رایگەیاند:" ئه‌مریكا پابه‌ند ده‌بێت به‌ هاوكارییه‌ ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كانیان له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی‌ كوردستان، بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش". ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ 22ی ئه‌یلوولی 2021، واین مارتو وته‌بێژه‌كه‌ی‌ هاوپه‌یمانی‌ دژ به‌داعش بە ڕۆژنامەی شه‌رقئلئه‌وسه‌تی راگەیاندووە:" ئه‌مریكا پابه‌ند ده‌بێت به‌ هاوكارییه‌ ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كانیان له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی‌ كوردستان، بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش. واین مارتو ستراتیجییه‌تی‌ هاوپه‌یمانی‌ روونكرده‌وه‌: "پاڵپشتی عێراقێكی سه‌قامگیر ده‌كات". ئه‌و لێدوانانه‌ی وته‌بێژی هاوپه‌یمانی دژ به‌ داعش، كه‌ ئه‌مریكا سه‌ركردایه‌تی ده‌كات، دوای ئه‌وه‌وه‌ دێت، كه‌ فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی عێراق، كشانه‌وه‌ی سێ یه‌كه‌ی سه‌ربازی دیكه‌ی ئه‌مریكی له‌ عێراق راگه‌یاند. ئه‌مریكا دوو هه‌زار سه‌ربازی فیرقه‌ی پیاده‌ی چواری، وه‌ك راهێنه‌ر له‌ شوێنی لیوای شه‌ڕكه‌ری 256ـی تایبه‌ت به‌ هێزی پاسه‌وانی نیشتیمانی ئه‌مریكا، بۆ ماوه‌ی (9) مانگ، له‌ عێراق بڵاوه‌ پێده‌كات، ئه‌میش له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و رێكه‌وتنه‌ی كه‌ حكومه‌تی عێراق و ئه‌مریكا تایبه‌ت به‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش له‌ عێراقدا به‌لای كه‌م (9) مانگ ده‌مێننه‌وه‌.

  شاناز حەسەن مامۆستایانی زانكۆی سلێمانی بەمەبەستی گەیاندنی داواكارییەكانیان، گردبوونەوەیەكی ناڕەزایی ئەنجام دەدەن و بە رێپێوان دەچنە بەردەم نوسینگەی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم. ​ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ 22ی ئه‌یلوولی 2021،  نوێنەرایەتی مامۆستایانی زانكۆی سلێمانی، رایانگەیاند:" بۆ داواكردنی داواكاریەكانمان زیاتر لە 450 مامۆستای زانكۆین بەرەو نوسینگەی قوباد تاڵەبانی كەوتنە ڕێ بۆ ئەوەی لەنزیكەوە بیبینن و داواكارەكانیان بگەیەنن". یەكێك لەو مامۆستایانەی كە زیاتر لە 12ساڵە مامۆستایە و تا ئێستا سودمەند نەبووە لەوەرگرتنی زەوی بۆ هاوڵاتی وتی:" ئێمە تەنیا داواكاریمان ئەوەیە ئەو زەویانەی كە داگیركراون و دراونەتە كۆمپانیا و موڵكی زانكۆن بدرێنەوە مامۆستایانی زانكۆ و ئێمەش هەقی خۆمانە بتوانین سودمەند بین". مامۆستا ساڵح محێدین، مامۆستا لە زانكۆی سلێمانی بە هاوڵاتی وت:" تەنیا داواكاریمان لە جێگری سەرۆكی حكومەت ئەوەیە بە بڕیاری ئەو زەویەكان دراوەتە كۆمپانیا و تەنیا ئەویش دەتوانێت بریارەكە هەڵبوەشێنێتەوە". جەختی لەوەشكردەوە:" ژمارەیەكی زۆر مامۆستای زانكۆ لەو زەویانە سودمەند بون وتی:" ئێمەش مافی خۆمانە و خزمەتی پێویستمان هەیە و داوادەكەین زەویەكانمان پێ بدرێت". پێشترو لەساڵی 2015وه‌ چەندینجار لەلایەن حکومەتەوە بەڵێنیان پێدراوە كه‌ زه‌ویان پێده‌درێت، بەڵام وه‌كو خۆیان ده‌ڵێن:"تائێستا وەرمان نەگرتوە، پێشتریش 700 مامۆستا زەویان وەرگرتوەو سودمەندبون ئێستا ته‌نها 450 مامۆستا ماوین كه‌ وه‌رى بگرین". ئەمەش لەكاتێكدا پێشتر بەچەندین شێوە مامۆستایانی زانكۆی سلێمانی داوای گەڕاندنەوەی زەویەكانی زانكۆیان كردووە و بەڵام تائێستا هیچ وەڵامێكیان وەرنەگرتووە.

  هاوڵاتى بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی رایگەیاند:" لەكاتی جێبەجێكردنی كاری خۆماندا لە تووەسپی  تەقە لەهێزەكانی پۆلیس كراو بە دار و بەرد رووبەروی مەفرەزەكان بوونەوە بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی و ( ٦ ) شەش لە كارمەندەكان برینداربوون". ​ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ 22ی ئه‌یلوولی 2021، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند:"  ئێوارەی سێشەممە دوای ئەوەی بڕیاری دادوەر وەرگیرا بۆ ڕێگریكردن لە دیاردەی زیادەڕۆیی و دروست كردنی خانوو بەشێوەی سەرپێچی و دوور لە یاسا ، مەفرەزەكانی پۆلیسی دارستان بەسەرپەرشتی  عەمیدی پۆلیس، ئاری ڕەئووف سابر، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی و چەند ئەفسەرێك چوونە سنوری گوندی ( تووە سپی ). ئەوەش روونكراوەتەوە:" لەكاتی ڕێگریكردن لە درووست كردنی چەند كۆگا و خانوویەكی تازە دروست كراو،  گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان سەپێچیكاران و مەفرەزەكانی پۆلیس ڕوویدا ، بەجۆرێك  كە لەناو قەرەباڵغییەكەدا  تەقە لەهێزەكانی پۆلیس كراو بە دار و بەرد رووبەروی مەفرەزەكان بوونەوە ." وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لەئەنجامی ئەو رووبەروو بونەوەیە، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی و ( ٦ ) شەش لە كارمەندەكان برینداربوون . پەڕاوی لێكۆڵینەوە ڕێكخراوە بۆ بەدواداچوون وەرگرتنی ڕێكاری یاسایی . ئێوارەی دوێنێ‌ سێشەممە، لە گەڕەكی تووەسپی شاری سلێمانی روبەروبونەوە لەنێوان خەڵكی گەڕەكەكە و پۆلیسی دارستان رویدا و لەئەنجامدا زیاتر لە 8كەس بریدنار بوون و خەڵكی ناوچەكە تا درەنگانی شەو رێگای سەرەكی سلێمانی- مێرگەپان یان داخست.

  هاوڵاتى پەرلەمانتارێكی گۆران زانیاری لەسەر خەرجكردنی دوو بڕە پارەی خەرجكراو بۆ دروستكردنی فڕۆكەخانەی دهۆك  لە ساڵانی رابردوودا ئاشكرادەكات  و دەڵێت:"ڕێگای دروست ئەوەیە ئەو پارە خەرجبکرێت کە لە ڕابردوو تەرخانکرا و چووەتە بانکێکی ئەھلی ! نەک ھەم دیسان لە داھاتی گشتی پارە تەرخانبکرێت!". عەلی حمە ساڵح، پەرلەمانتاری گۆران، لە فەیسبوكی تایبەتی خۆی نوسیویەتی:" پارەی فڕۆکەخانەی دھۆک! ساڵی ٢٠١٣ لە (بەخشین) شیرینی نەوت بڕی (٨٠ ملیۆن) دۆلار بۆ فڕۆکەخانەی دھۆک تەرخانکرا.. لە ژمارە حسابی ١٧٠٢ی بانکی کوردستانی ئەھلی دانرا..". زیاتر رونیكرۆدتەوە و وتویەتی:"  دواتر نەوترا چی لێھات! چەندین جار نوسراو بەدواداچونم کرد، وەڵام نادرێتەوە! ئایا دەکرێ لە داھاتی گشتی دیسان پارە تەرخانبکرێت! دوایەمین جار لە نێو دۆسیەی ٨٢ پرۆژەدا کە (٢ ملیار دۆلار)ی بۆ تەرخانکرا لە ٢٠٢٠/٨/٢٧ پارەکە ڕۆشتبوە بانکی کوردستانی ئەھلی و خەرجنەکرا ؛ ناردم بۆ ئەنجومەنی ھەرێمی نەوت و گازو داواکاری گشتی کە ئەو پارە چی لێھات! وەڵام نەبوو! ". عەلی حەمە ساڵە جەخت لەوە دەكاتەوە:" ڕێگای دروست ئەوەیە ئەو پارە خەرجبکرێت کە لە ڕابردوو تەرخانکرا و چووەتە بانکێکی ئەھلی ! نەک ھەم دیسان لە داھاتی گشتی پارە تەرخانبکرێت! ". ئەمە لەكاتێكدایە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ دوو شەممە، 21ئەیلولی 2021 سەردانی پارێزگای دهۆك ی كردو فڕۆكەخانەی شارەكەی بەسەر كردوەو رایگەیاند:" كاركردن لە فرۆكەخانەكەدا دەست پێدەكەینەوە".

هاوڵاتى فەرماندەی قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەدا لقی سوپای پاسداران رایگه‌یاند: "ئەگەر پێویست بکات بنکەی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ زەویدا تەخت دەکەین". ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 21ی ئه‌یلوولی 2021 محەممەد تەقی ئۆسانلوو، فەرماندەی قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەدا لقی سوپای پاسداران لە پارێزگای ورمێ لە رێوڕەسمێکدا لە ورمێ رایگه‌یاند: "ئەگەر پێویست بکات بنکەی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ زەویدا تەخت دەکەین". محەممەد تەقی ئۆسانلوو دەڵێت: هۆشداریمان بە "دژبەرانی شۆڕش" داوە کە "زۆر خێراتر ناوچەکە جێبێڵن، ئەگینا وەڵامێکی لێبڕاوانە بە گرووپە تیرۆریستی و دژەشۆڕشەکان دەدەینەوە، هیچ جیاوازیشی نییە لە هەر کوێ بن". لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا بەرپرسانی سیاسی، ئەمنی و سەربازیی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشەیان لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە و هەروەها داوایان لە بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە دەریانبکەن. فەرماندەی لقی ورمێی سوپای پاسدارن وتی: "بە هەوڵی پسپۆڕانی ئێرانی توانراوە مووشەکی زیرەک بەرهەمبێت". لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوودا سوپای پاسداران چەند جارێک ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان کە بنکەی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لێیە بۆردوومان و تۆپباران کردووە، بەڵام کوژراو و برینداری نەبووە. سوپای پاسداران لە هێرشەکانیدا کەڵکی لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراویش وەرگرت. بەپێی ئەو وێنانەی کە دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەربە حدکا بڵاوی کردەوە، بەشێک لە کەلوپەلی سەرەکیی درۆنەکان دروستکراوی وڵاتانی دیکەی وەک ئەمریکا و چین بوون. پەیوەندی نێودەوڵەتییەکان حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە رۆژی 19-9-2021 لە نامەیەکدا بۆ وەزارەتی دەرەوەی وڵاتانی ئەمریکا، چین، بەریتانیا و پۆڵۆنیا ناڕەزایەتی لەوە دەربڕی کە سەرەڕای گەمارۆکان کۆماری ئیسلامی ئێران چۆن توانیویەتی دەستی بە کەلوپەلی هەستیاری ئەوان بۆ دروستکردنی درۆن رابگات. محەممەد حوسین باقری، سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش پێشتر وتویەتی "گرووپە دژبەرەکان نابێت لە هەرێمی کوردستاندا بنکەی راهێنان، رادیۆ و تەلەفزیۆن و کەمپیان هەبێت و کۆنگرە بکەن". عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، 12-9-2021 لە کۆبوونەوە لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تاران، چالاکی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەجێی نیگەرانی لە قەڵەمدا و داوای "چەککردن و دەرکردنی بەپەلەی" ئەو حزبانەی لە هەرێمی کوردستان کرد. حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەی ئێران وەک نیگەرانی باسی دەکات، رەتیدەکەنەوە و دەڵێن، ئێران بە بیانووی ئەوانەوە دەیەوێ گوشار بۆ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بێنێت. ئەو حزبانە رەتیدەکەنەوە لە هەرێمی کوردستانەوە پێشمەرگە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان بنێرنەوە و نائەمنی لە ناوچە سنوورییەکاندا دروست بکەن.

شاناز حەسەن  هێزە ئەمنییەکانی سلێمانى بۆ روخاندنى ژمارەیەک خانوی زیادەڕۆ لە گوندی تووە سپی کە کەمتر لە ١٠ کیلۆمەتر لە شارەوە دوورە چوونە گوندەکە، بەڵام لەلایەن خاوەنى خانووەکان و ژمارەیەک هاوڵاتی دیکەوە روبەروى هێزە ئەمنییەکان بونەوە. هێزە ئەمنییەکان هەوڵی بڵاوەپێکردنى هاوڵاتیانیاندا، بەڵام دواتر شەڕ لەنێوانیاندا روویداو بەهۆیەوە پێنج کەس بریندار بوون کە یەکێک لەوانە عەمید ئاری رەئوف بەرێوەبەری پۆلسی دارستان بووە. محەمەد عەبدولرەحمان،  دانیشتووی تووەسپی بە هاوڵاتی وت:" ماوەی دو ڕۆژە هێزوە ئەمنیەكان نەرمیان نواندووە و خەڵكەكەش هەمووی فەقیر و هەژارە، دەستیان كردووە بە تەواو كردنی خانوەكانیان". زیاتر رونیكردەوە وتی:" ئێوارەی ئەمڕۆ هێزێكی ئەمنی زۆر هاتنە تووەسپی و بە هێز خەڵكەكانیان لەسەر كاركردن دەركردوو و لەنێوان خەڵك و هێزەكاندا شەڕ رویدا و زیاتر لە 5كەس بریندار بووە بە شەڕە بەرد و قۆناغە تفەنگ  و تەقە بریندار بوون". خاوەنی ئەو خانوانە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەوان هەژارو بێ دەرامەتن و بە چەند ساڵ کاروکاسبی توانیویانە ئەو خانوانە بۆخۆیان پێکەوە بنێن و دروستى بکەن، بەڵام ئێستا هێزە ئەمنیەکان دەیانەوێت لێیان تێکبدەن. لەئێستادا هێزێكی ئەمنی زۆر لە تووەسپی جێگیر كراوە و  دانیشتووی ناوچەكە رێگای سەرەكی سلێمانی_ مێرگەپان یان داخستووە و ئاماژە بەوە دەدەن:" ڕێگاكە ناكەنەوە تا بەرپرسان بەدەم داواكاریەكانیانەوە دێن"  

هاوڵاتى سه‌رۆكی ئه‌مریكا رایگه‌یاند: "ئاماده‌ین بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی ته‌واوی رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ ئه‌گه‌ر ئێران هه‌مان هه‌نگاو بنێت". ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 21ی ئه‌یلوولی 2021، كۆبونه‌وه‌كانی خولی 76ی كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان له‌ ئه‌مریكا ده‌ستیپێكرد و له‌ به‌شی گفتوگۆی سیاسیی كۆبونه‌وه‌كه‌دا، جۆ بادین، سه‌رۆكی ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه‌ ئه‌مریكا سوره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئێران نه‌بێته‌ خاوه‌نی چه‌كی ئه‌تۆم. وتیشی له‌ چوارچێوه‌ی روپی 5+1 و كاری دیپلۆماسییه‌وه‌ هه‌وڵی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئێران بۆ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ ده‌ده‌ن. ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجاره‌ بایدن وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ مینبه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان وتار ده‌دات و وتی "ئاماده‌ین بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی ته‌واوی رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ ئه‌گه‌ر ئێران هه‌مان هه‌نگاو بنێت".

  هاوڵاتى  وتەبێژی تاڵیبان رایگەیاند:" بەمزووانە کچان دەگەڕێنەوە قوتابخانەکان و لە ئێستاوە کار لەسەر ئەوە دەکەین و بەزووترین کات ئەمە روودەدات." ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 21ی ئه‌یلوولی 2021،  زەبیحوڵڵا موجاهید، وتەبێژی تاڵیبان لەكۆنگرەیەیك ڕۆنامەوانیدا رایگەیاند، بەمزووانە کچان دەگەڕێنەوە قوتابخانەکان و "لە ئێستاوە کار لەسەر ئەوە دەکەین و بەزووترین کات ئەمە روودەدات." لەگەڵ ئەوەی دەسەڵاتی کابوولی گرتەدەست، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گوشارەکانی بۆ سەر تاڵیبان زیادکردوووە  بەو مەرجە ئامادەن کاریان لەگەڵ بکەن کە دەبێت مافەکانی کچ و ژنان پارێزراوبن. بەڵام دوای گەڕانەوەی تاڵیبان زۆربەی قوتابخانەکانی پایتەخت بە داخراوی ماونەتەوە. لە کۆنگرەی جنێڤ بۆ کۆکردنەوەی کۆمەکیبۆ ئەفغانستان   کە هەفتەی رابردوو بەڕێوەچوو هۆشداریدرا کە هاوکاریکردنی ئەفغانستانی سەردەمی تاڵیبان و هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ ئەو حکومەتەی تاڵیبان سەرۆکایەتی دەکات، بە مەرجی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و مافی ژنان دەبێت. تاڵیبان پەیمانی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوە کە ناگەڕێنەوە بۆ سەر سیاسەتەکانی پێشوو، بەڵام دەڵێت بەرجەستەکردنی مافی ژنان بەگوێرەی شەریعەتی ئیسلام دەبێت، گەڕانەوەی کچانیش بۆ قوتابخانەکان بە مەرجی ئەوە دەبێت لەگەڵ کوڕان تێکەڵ نەبن.

هاوڵاتى لە ئەنجامی چالاکی گەریلاکان لە زاپ و ئاڤاشین دژی سوپای  تورکیا، مۆڵگەیەک ڕوخێندرا و سەربازێك كوژرا. ئەمڕۆ ناوەندی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، ڕاگەیەندراوێکی لەسەر چالاکیی گەریلا دژبە سوپای داگیرکەری تورک بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا وەها هاتووە: ” لە چوارچێوەی هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی هەڵۆکانی زاگرۆسدا؛ ڕۆژی ١٩ی ئەم مانگە کاتژمێر ٠٦:١٠ خولەکی ئێوارە، لە هەرێمی زاپ-دا هێزەکانمان بە چەکی قورس، چالاکییەکیان لە قەڵای بێدەوی ئەنجامدا، لە ئاکامی ئەو چالاکییەدا، مۆڵگەیەکی داگیرکەران ڕووخێندرا و لانیکەم داگیرکەرێک سزادرا. ڕۆژی ٢٠ی ئەم مانگە کاتژمێر ٠٩:٢٠ خولەک، سوپای داگیرکەری تورک لە هەرێمی زاپ، دووجار گۆڕەپانی بەرخۆدانی ‘جیلۆی بچووک’ی بە تەقەمەنیی کردە ئامانج، پاش ئەوە داگیرکەران هەوڵی پێشڕەوییاندا بەڵام کاتژمێر ٠٩:٤٠ خولەکی بەیانی هێزەکانمان بە چەکی قورس داگیرکەرانیان کردە ئامانج کە لە ئەنجامی ئەو چالاکییەدا گورزی قورس بەر داگیرکەران کەوت و نەیانتوانی پێشڕەوی بکەن. ڕۆژی ٢٠ی ئەم مانگە کاتژمێر ٠٢:٤٥ تا ٠٣:١٥ لە هەرێمی ئاڤاشین، هێزەکانمان لە گۆڕەپانی گردی سلێمان بە چەکی قورس داگیرکەرانیان کردە ئامانج، لەم چالاکییەدا ئامانجەکان سەرکەوتووانە پێکران. لە هەرێمی ئاڤاشین و گۆڕەپانی بەرخۆدانی وەرخەلێ ڕۆژی ٢٠ی ئەم مانگە کاتژمێر ٠٨:٥٥خولەکی ئێوارە سوپای داگیرکەری تورک گۆڕەپانی بەرخۆدانی وەرخەلێیان بە تەقەمەنی کردە ئامانج و پاش ئەوە هەوڵی پێشڕەوییاندا بەڵام ڕووبەڕووی چالاکیی سابۆتاژی گەریلا بوونەوە و بەناچاری کشانەوە. ڕۆژی ٢٠ی ئەم مانگە کاتژمێر ١٠:٣٠ تا ١١:٠٠ی شەو، چوارجار گۆڕەپانی وەرخەلێ بە تەقەمەنی کرایە ئامانج. ڕۆژی ٢٠ی ئەم مانگە لە هەرێمی ئاڤاشین هێلیکۆپتەر بە شەو لە ئاسمانی گۆڕەپانی مەرڤانۆس، تابوری عەرەبان، گردی سپی، گردی سۆر و گردی سلێماندا سووڕایەوە، هاوکات گۆڕەپانی دۆڵی بزنا، کارتاڵ، ستوون، گردی شەهید ڕزگار و دۆڵی باسیا، لەلایەن هێلیکۆپتری جەنگییەوە بۆردوومانکران، بەهۆی ئەو بۆردوومانانەوە ئاگر لە ناوچەکە کەوتەوە و ئاگرەکە هێشتا بەردەوامە. ڕۆژی ١٩ی ئەم مانگە لە ناوچەی زاپ کاتژمێر ١٢:٣٠ خولەکی نیوەڕۆ گۆڕەپانی چەمچۆ لە بنکەکانی سەر سنوورەوە تۆپباران کران. ڕۆژی ٢٠ی ئەم مانگە کاتژمێر ٠٦:٤٠ تا ٠٧:٣٠ خولەکی ئێوارە، لە هەرێمی مەتینادا هێلیکۆپتەر بەسەر هێڵی قاشورادا سووڕایەوە. ڕۆژی ٢٠ی ئەم مانگە کاتژمێر ٠٢:٠٠ نیوەڕۆ تا بەیانیی ڕۆژی ٢١ی مانگ، سوپای داگیرکەری تورک لە شارەدێی کانی ماسیی سەربە شارۆچکەی ئامێدی، نزیکی گۆڕەپانی قەڵای قومری، گوندەکانی ئێدن، دێشیش و سەراڕو، هەروەها نزیکی گوندی هرور، بە تۆپ و هێلیکۆپتەرە کرانە ئامانج. لە ئەنجامی ئەو هێرشە دڕندانانەدا کە سوپای داگیرکەری تورک دەکاتە سەر خەڵکی مەدەنی، کەسێکی مەدەنی لە گوندی هرور بە قورسی بریندار بوو و باخ و باخچەی خەڵکی گوندەکەش تووشی زیان بوو.

هاوڵاتى سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" لە کابینەکانی پێشتر بڕیار درابوو ئەم فڕۆکەخانەیە دروست بکرێت و بڕێک بودجەشی بۆ تەرخانکرابوو، کارێکی کەمیشی لەسەر کراوە، بەڵام بەداخەوە لەبەر قەیرانی ئابووری نەتواندرا تەواو بکرێت". ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 21ی ئه‌یلوولی 2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان شوێنی پرۆژەکە و نەخشە و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پرۆژەکەی بەسەرکردەوە کە پرۆژەیەکی ستراتیجییە و ئاسانکارییەکی زۆر بۆ گەشتکردنی هاووڵاتیانی پارێزگای دهۆک و بەستنەوەی بە پارێزگاکانی دیکەی هەرێم و عێراق و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و دەرەوە دەکات. بەپێی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، ئاماژەی بەوە کردووە کە "هاتووینەتە ئێرە بۆ سەردانی فڕۆکەخانەی دهۆک لە قەزای سێمێل، کە لە کابینەکانی پێشتر بڕیار درابوو ئەم فڕۆکەخانەیە دروست بکرێت و بڕێک بودجەشی بۆ تەرخانکرابوو، کارێکی کەمیشی لەسەر کراوە، بەڵام بەداخەوە لەبەر قەیرانی ئابووری نەتواندرا تەواو بکرێت."  فڕۆکەخانەکە لە ساڵی 2013 کارکردن تێیدا دەستیپێکردووە و بڕی130 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانکرا.  مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە، "سەردانی ئێمە ئەمڕۆ بۆ ئەوەیە، پێداچوونەوەیەک بەم پرۆژەیە و بەو گرێبەستانەی کراون بکەین، تاوەکو جارێکی دیکە دەست بکەینەوە بە دروستکردنی ئەم فرۆکەخانەیە کە گرنگە بۆ دهۆک و دەوروبەریش... ئەگەر خودا هاوکار بێت، دوای دیراسەکردنێکی جیددی کە دەستیپێکردووە، پرۆژەکە ئامادە دەکەین، تاوەکو ئەم فرۆکەخانەیە بە زووترین کات دەست بەکاربێت و بنیات بنرێت." سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکردووە، کاتی دەستپێکردنی پرۆژەکە "لە ماوەیەکی نزیکدا" دەبێت. هاوکات رەنگە "هەندێک گۆڕانکاریشی تێدا بکەین."

    هاوڵاتى ھاوسەرۆکی یەکێتی رایگەیاند:" لەچوارچێوەی ھەوڵەكانمان بۆ بونیادنانی ھەرێمێكی خۆشگوزەرانتر و پێشكەوتووتر، پێویستمان بە هاوكاری و پشتیوانی دۆستەكانمان دەبێت".  ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 21ی ئه‌یلوولی 2021، بەپێی راگەیاندراوی نوسینگەی  بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتی لە دەباشان پێشوازیکرد لە پراشانت پیسێ، باڵیۆزی ھیندستان لە عێراق. هه‌روه‌ك هاتووه‌: لە دیدارێكدا كە ئەمین بابە شێخ و سۆران جەمال تاهیر، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی ئامادەبوون، جەخت لە فراوانكردنی پەیوەندییەكان و ھەماھەنگی زیاتری هەردوولا كرایەوە بەجۆرێك خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاكان بكات بە تایبەت لە بوارەكانی ئابووری، پەروەردە و كلتووری. ئه‌وه‌ش هاتووه‌: بافڵ تاڵەبانی خواستی یەكێتی دووپاتكردەوە بۆ پەرەپێدان و بونیادنانی پەیوەندییەكی پتەو و دۆستانە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ھاوبەش و ھەموو پشتیوانی و كارئاسانییەكی یەكێتی بۆ ئەم مەبەستە دەربڕی. راشیگەیاند: "لەچوارچێوەی ھەوڵەكانمان بۆ بونیادنانی ھەرێمێكی خۆشگوزەرانتر و پێشكەوتووتر، پێویستمان بە هاوكاری و پشتیوانیی دۆستەكانمان دەبێت تاوەكو لەگەڵمانبن بۆ پێشخستنی ھەموو كایەكانی ژیان.

هاوڵاتى سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا داوای لە وڵاتانی خاوەن گەورەترین ئابووریی جیهان كرد بەڵێنەكانیان بۆ پێشكەشكردنی 100 ملیار دۆلار بە سندوقی ئاووهەوا بەرنەسەر بە مەبەستی هاوكاریكردنی ئەو وڵاتانەی لە بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی ئاووهەوادا لە گەشەسەندندان. بەریتانیا كە میوانداری كۆنفرانسی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ گۆڕانكاری ئاووهەوا دەكات كە ئەمساڵ لە مانگی تشرینی دووەمدا لە شاری گلاسكۆ لە سكۆتلاند بەڕێوەدەچێت، لەگەڵ سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەنتۆنیۆ گوتێرێس لە چوارچێوەی كۆبوونەوەكانی خولی حەفتا و شەشەمینی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ''لووتكەی ئاووهەوا''ی ساز كرد. دوای لووتكەكە كە تیایدا سەركردەكانی جیهان لە بەشێوەیەكی داخراو كۆبوونەوە، سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوەكرد، زۆرێك لە وڵاتان بەڵێنەكانیان نەبردووەتە سەر كە پێشتر دابوویان بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی ئاووهەوا. بۆریس جۆنسۆن داوای لە وڵاتانی خاوەن گەورەترین ئابووریی جیهان كرد بەڵێنەكانیان بۆ پێشكەشكردنی 100 ملیار دۆلار بە سندوقی ئاووهەوا بەرنەسەر بە مەبەستی هاوكاریكردنی ئەو وڵاتانەی لە بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی ئاووهەوادا لە گەشەسەندندان. هاوكات سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان باسی لەوەكرد، پێویستە وڵاتانی پێشكەوتوو بە تایبەتی وڵاتانی G20 پێشەنگ بن لە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانكاری ئاووهەوادا. پەیماننامەی چوارچێوەی نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر گۆڕانی ئاووهەوا لە دوایین راپۆرتیدا باسی لەوە كردووە كە زۆر دوورن لە گەیشتن بە ئامانجی هێشتنەوەی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما لەسەر گۆی زەوی لە خوار دوو پلەی سەدی كە لە رێككەوتنی ئاووهەوای پاریسدا ئاماژەی پێ كراوە، ئەوەش خراوەتەڕوو كە تا ٢٠٢٣ دەرچوونی غازی سەوز سەدا ١٦ بەرز دەبێتەوە. گوتێرێس دوای بڵاوكردنەوەی راپۆرتەكە هۆشداری دا و رایگەیاند ''جیهان لەسەر رێگای كارەساتێكە بەرەو بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما كە ٢،٧ پلەی سەدیە''. لە چوارچێوەی رێككەوتنی ئاووهەوای پاریسدا، نەتەوە یەكگرتووەكان داوا لە وڵاتان دەكات تا ساڵی ٢٠٥٠ دەردانی كاربۆن لە سەرانسەری جیهاندا دابەزێنن بۆ سفر بەو ئامانجەی بتوانرێت بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرمای سەر زەوی لە خوار دوو پلەی سەدییەوە راگرن.