هاوڵاتی ئێوارەی ئەمڕۆ لە ڕاگەیەندراوێکی ڤیدیۆیدا لاهور شێخ جەنگی لیستێکی نوێی ڕاگەیاند  و پەیامێکی لەبارەی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی بڵاوکردەوە  لە ڤیدیۆکەدا لاهور شێخ جەنگی ڕایگەیاند: "ەمەوێت پێتان ڕابگەیەنم وەک یەکەم هەنگاومان بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پارلەمانی کوردستان دەکەین و لیستێکی گەل پەسەند ڕادەگەیەنین کە خۆی دەبینێتەوە لە بەرەیەکی فراوانی ڕزگاریی نیشتمانیی بە بەشداریی سەرجەم دەنگە ئازا و دلێر و ناڕازییەکانی خەڵکی کوردستان لەناوە و دەرەوەی یەکێتی."   دەقی پەیامەکەی لاهوور شێخ جەنگی: پەیامی لاهور شێخ جەنگی لەبارەی بەستنی پێنجەم کۆنگرەی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان. کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان هەڤاڵان و ئەندام و کادر و لایەنگرانی دڵسۆزی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشمەرگە و تێکۆشەرە دێرینەکان و زیندانییانی سیاسی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. دەمەوێت بۆ مێژوو هەڵوێستی خۆم لە بارەی بەستنی پێنجەم کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بخەمە ڕوو. ئاشکرایە سەرانی ئێستای یەکێتی بڕیاریانداوە بە ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی بەزۆر سەپێندراوی نایاسایی و ناپەیڕەوی و بە پێشلکردنی هەموو پرەنسیپ و ڕێکارە حیزبییەکان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرەو لێکترازانێکی گەورە و هەژانێکی ناوخۆیی بەرن کە هەرگیزاو هەرگیز لە مێژووی یەکێتیدا کۆنگرەیەکی لەم جۆرە ئەنجام نەدراوە، کە ‌‌حیزبەکە بەرەو لەناوچوون و وێرانبوونی زیاتر بەرێت. کۆنگرەیەک کە بێباکانە گوێ بە سەرکردە و خەباتی چەندین ساڵەی تێکۆشەرە ماندووەکانی نەدات و ئەزموون و پەرۆشییان بۆ داهاتووی حیزبەکە پەراوێز بخات، کۆنگرەیەک لە ئاست خواست و چاوەڕوانییەکانی کەسوکاری شەهیدان و زۆرینەی ئەندام و کادیرەکانیدا نەبێت و گوێ بە نیگەرانییەکانیان نەدات، کۆنگرەیەک کە کەسانێک بەڕێگەی ناشەرعی دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست و بیانەوێت مەرامەکانی خۆیان بەزۆر بسەپێنن و بە ویستی خۆیان و تاکڕەوانە ژمارەیەک ئەندامی دڵخوازی خۆیان لە لیستێکی چەند سەد کەسیدا پەلکێشی هۆڵی کۆنگرە بکەن بۆ چەپڵە لێدان، کۆنگرەیەک کە پێشوەختە هەڵسەنگاندنی هەلومەرجی دۆخی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی بۆ نەکرابێت و هەناسەی ئازادی و دیموکراسی لەناو حیزبەکەدا بخنکێنێت و شەنوکەوی نەکردبێت بۆ ئەو شکستانەی کە بە کاریگەریی سیاسەتی هەڵە لە ماوەیەکی کەمدا ڕووبەڕووی بۆتەوە و دوو هەڵبژاردنی چارەنووسسازیشی لەبەردەمدا بێت، ئەنجامەکەشی ڕوونە، کە چ ماڵوێرانییەک بەسەر ئەم ‌‌حیزبەدا دێنێت. تەنگەتاوبوون و ئەو پەلە پەلەش لەم کات و ساتەدا ئامانجەکەی تەنیا و تەنیا بۆ ئەوە بێت کە بەخەیاڵی خۆیان مافی یەکێتیبوون لە من و هەڤاڵەکانم و هەزاران هەڤاڵ و تێکۆشەر و ئەندامی یەکێتی وەربگرنەوە، بێ ئەوەی بیر لە لێکەوتە و زیان و مەترسییەکانی بکەنەوە. هەڤاڵانی دڵسۆزی یەکێتی ئێمە چاوەڕوانبووین لە دوای کەتن و کودەتاکەی ٨ی تەمووزەوە، کودەتاچییەکان بەخۆیاندا بچنەوە و هەڵە گەورەکەیان ڕاستبکەنەوە و چیتر ئەم ‌حیزبە تێکۆشەرە، پارچە پارچە نەکەن کە بەخوێنی زیاتر لە ٢٠ هەزار شەهید و خەبات و تێکۆشانی دەیان هەزار پێشمەرگەی قارەمان و تێکۆشەران هاتۆتەدی، بەڵام بەداخەوە وا دیارە دەرسیان لە هەڵەکانی ڕابردوویان وەرنەگرتووە و بڕیاریانداوە کە بەردەوام بن لەو هەڵانەیان. هەمووتان ئەو ڕاستییە دەزانن کە لە دوای ئەنجامدانی کەتنەکەیان لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا کە جگە لەو تۆمەتە دروستکراو و بێبنەمایانەی کە بۆ ڕەوایەتیدان بە کودەتاکەیان ئاراستەی ئێمەیان کرد و سەرباری ئەوەی کە دەیان کاری نایاسایی و ناپەیڕەوی و ناحیزبییان بەرامبەر بە ئێمە و هەزاران کادر و تێکۆشەر و کەسوکاری شەهیدان ئەنجامدا، تەنانەت لەسەر بیروڕای جیاواز دەستیان چووە خوێنی چەند هەڤاڵێکی خۆیان و کەوتنە گرتن و ئازار و ئەشکەنجەدان و دەرکردن و نانبڕینی زۆرێک لە کادیر و ئەندامەکانی یەکێتی، کە بەمەش ناو و ناوبانگ و مێژووی یەکێتیشیان وەک حیزبێکی سۆشیال دیموکرات خستە ژێر پرسیارەوە، نەشیانتوانی ‌حیزبەکە لە ئاست خواست و چاوەڕوانییەکانی زۆرینەی یەکێتییەکان بەڕێوە بەرن، نەیانتوانی لە ئاست کێشە و قەیرانەکاندا ڕۆڵی مێژوویی یەکێتی وەک هێزێکی گەورە و یەکلاکەرەوە بۆ چارەسەری کێشەکان لەناو حکومەتدا لە بەرژەوەندیی خەڵک پیشان بدەن، لە جیاتی ڕاگرتنی هاوسەنگی لە پەیوەندییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و ڕاستەقینە، خۆیان تەسلیمی ئەجێندای ئیقلیمی کرد و چەندین کاری ناپەسەندیان ئەنجامدا و لە ناوخۆشدا کەس نازانێ کێ دۆستە و کێ نەیار. خۆشبەختانە ئێستا ڕاستییەکان ئاشکرابوون و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و هەڤاڵانی دڵسۆزی یەکێتی بۆیان دەرکەوت کە ئامانج و مەرامەکانی ئێوە چی بوو، دەرکەوت کە بە چەواشەکاری و دروستکردنی هەندێک سیناریۆی داتاشراو و تۆمەتی بێبنەما و بە زەبری هێز و ترس و تۆقاندن و پەنابردنە بەر ڕێگای ناشەرعی هەوڵتاندا دەستبگرن بەسەر یەکێتیدا، هەموو هەوڵێكتان بۆ خۆ دەوڵەمەندکردن و برسیکردنی کادیر و جەماوەر بوو، هەوڵی ئێوە بۆ خۆ بەهێزكردن و لاوازكردنی هەڤاڵان و تێكۆشەران و خەمخۆرانی یەكێتی و خودی یەكێتی بوو. دەرکەوت کە كێ ویستی یەكێتییەكەی کۆمەڵانی خەڵک دەستەمۆ بكات و دەنگی ئازادی تێدا کپ بکات بە كۆمەڵێك خەڵكی بەرژەوەندیخواز و و دوورخستنەوەی دەنگە ئازا و دلێرەكان. لە دوای ٨ی تەمووزە یەک دەستکەوتمان پێبڵن کە بۆ یەکێتی و بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان تۆمارتان کردبێت، ڕۆژ بەڕۆژ شکستتان کردە گەردنی حیزبەکە، پاشەکشەی یەکێتی لە ئەنجامی دەنگەکانی و خراپیی دۆخی هەرێم و دۆخی بازاڕ و سەرانەسەندن لە بازرگانەکان و دەستگرتن بەسەر داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەکان و بێ ڕۆڵکردنی دادگاکان و بەسەربازگەکردن و داگیرکردنی زەوییە گرانبەهاکان و هەڕاجکردنیان و دەیان چەوتی ترتان دەریخست کە خەڵکی کوردستان و کەسوکاری شەهیدان و یەکێتییەکان چەند لێتان نیگەران و تووڕەن، ئێستاش بەم کۆنگرەیە دەتانەوێت سەرکردایەتییەکی دەستەمۆ و گوێڕایەڵ دابمەزرێنن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا نەتوانن ڕەخنە لە شکست و هەڵەکانتان بگرن و لێپرسینەوەتان لەگەڵ بکەن و یەکێتی لە حیزبێکی دیموکراسیخوازەوە بکەن بە قەولی خۆیان بە حیزبێکی مەرکەزی و تەنیا قسەی یەک کەس جێبەجێ بکرێت، ئەمە لەناو یەکێتیدا نە جێگەی بۆتەوە و نە قبوڵکراویش بووە، دڵنیابن ئەمە تاسەر نابێت و لە داهاتوویەکی نزیکدا بەقورسی باجی ئەو هەڵانەتان دەدەن كە بەرامبەر بە شکاندنی کەرامەتی سیاسی كادیر و سەركردە و خوێنی شەهیدانی ئەم حزبە دەیکەن. برادەرانی ئازیز، بە بیرتان دەهێنمەوە کە ئەگەر مێژووی یەکێتیتان خوێندبێتەوە دەزانن کە بەم کۆنگرەیە حیزبەکە بە تەواوی دادەبڕن لە مێژووەکەی خۆی و بەها گرنگەكانی دیموكراسی و ئازادی و بنەما نەگۆڕەكانی ژیانی حیزبایەتی كە یەكێتی لەسەر دامەزرابوو، ئەم كۆنگرەیە، دابڕاندنی یەکێتییەکانە لە خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی مام جەلال، کە کاریگەریی بەسەر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە هەبوو، ئەم یەکێتییە حیزبێكی دیكە دەبێت كە لەسەر بەرئەنجامی کودەتا و سەپاندنی ئیرادەی گرووپێكی دیاریكراو بنیات دەنرێت. هەڤاڵانم لە سەرەتای کەتنەکەی ٨ی تەمووزەوە تا ئەمڕۆ، هەمووتان پرسیاری ئەوەتان لادروست بووە کە لاهور بۆ هیچ هەڵوێست و پەرچەکرداری نییە لە ئاست ئەو هەموو کارە قێزەونە، چونکە ئێمە بەڵێنمان بەخۆمان و خوێنی شەهیدان و ڕۆحی مام دابوو کە یەکێتی لەسەر دەستی ئێمە تووشی لێکترازان نەبێت، دانبەخۆداگرتن و بێدەنگیمان بۆ ئەوەبوو کە لەسەر پۆست و دەسەڵات خوێن لە پەنجەی هیچ کەسێک نەیەت، تەنانەت بەشدارینەکردنیشمان لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە پێناو کورد و ڕەچاوکردنی دۆخی یەکێتی و دابەشنەبوونی دەنگەکان بوو لە شاری کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان، دەمانویست ڕۆژگار ڕاستییەکان بۆ هەموولایەک بسەلمێنێت و ڕووی ڕاستەقینەی کودەتاچییەکانیش دەرکەوێت، ویستمان دەرفەتێک بدەینە کوڕەکانی مام جەلال، هەوڵماندا کە بە دڵێکی گەورەوە لێخۆشبوونمان هەبێت بەرامبەر کودەتاچییەکان و پێکەوە بەگیانێکی هەڤاڵانە یەکێتی بەهێز بکەینەوە و پایەکانی بۆ درووست بکەینەوە و لەو پارچە پارچەبوونە ڕزگاری بکەین و بیخەینەوە سەر شاڕێی ژیانی حیزبایەتی خۆی، کە وەک چۆن لە ڕابردوودا لەگەڵ هەڤاڵەکانمان هەوڵماندا ڕۆڵ بگێڕینەوە بۆ ئەندام و کادیر و ئۆرگانەکان و ئەنجوومەنی سەرکردایەتیشمان کردبوو بە ناوەندی بڕیاردان، بەڵام دەرکەوت کە ئەوان مەبەستیانە لە دوای بەستنی ئەم کۆنگرەیەوە یەکێتی توشی لێكترازانی گەورەی ناوخۆیی بکەن و حیزبەکە بە تەواوی بکەن بە موڵکی تاکە کەسێک. هەڤاڵان ئەوەی دەگوزەرێت لە ئێستادا لە نێوخۆی یەكێتی و هەرێمیش كوڕەكانی مام جەلال لێی بەرپرسن كە بانگەشەی چاكسازییان دەکرد، بەڵام ئێستا خۆتان دەیبینن، بەویژدانەوە بڕیاربدەن کە چییان لە یەكێتی كردووە، ڕۆژ نییە یەكێتی تووشی شكستی سیاسی و دیبلۆماسی و دیموكراسی نەكرێت. خۆشەویستانم من و هەڤاڵەکانم کە پەرۆش و خەباتگێڕی ڕێگا ڕاستەکەی یەکێتین، بە داخێکی زۆرەوە لەم دۆخە نامۆیە دەڕوانین کە بەسەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا سەپێنراوە، بە دیدی ئێمە یەکێتی بەر لەوەی حیزبێک بێت بکرێتە موڵکی کەسێک و خێزانێک حیزبی شەهیدان و کۆمەڵانی خەڵک و هەموو یەکێتییەکانە، یەکێتی بەرلەوەی حیزبیش بێت فیکر و ئامانجی باڵای تێکۆشانە بۆ ماف و ئازادییە گشتییەکانی گەلی کوردستان، بە داخەوەین کە لە ئێستادا لە هەموو ئەو بەهایانە داماڵراوە و گرووپێک ئامانجەکانیان بەلاڕێدا بردووە و لە حیزبێکی کاریگەرەوە کردوویانە بەدامەزراوەیەک بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی کەمینەیەکی مشەخۆر، کردوویانە بە گیرفانێکی گەورەی بەرژەوەندی.   ئێمە لە پرۆسەی سیاسی دانابڕێین و بەردەوام دەبین تا بەدیهێنانی ئامانجە سەرەکییەکانمان، هەڵگری شاڕێگاکەی یەکێتیی گەل و پاراستنی ئازادی و دیموکراسی و دادپەروەی دەبین. دەمەوێت لێرەوە سوپاسی هەموو ئەو هەڤاڵانە بکەم کە ماوەی ئەم دوو ساڵە دانیان بەخۆیاندا گرت و پێشێلکردنی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتییان پێ قبووڵنەکرا و دژی ئەو ناهەقییە وەستانەوە و تەسلیمی پۆست و ئیمتیازات نەبوون، سوپاسی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و هەموو ئەو خەڵکە تێکۆشەرە و فەرماندە و پێشمەرگە قارەمان و ئەندامانی ناو هێزە ئەمنییەکان دەکەم کە هەمووکات ئامادەبوون خۆبەخشانە پشتیوانیمان بکەن. جێی خۆیەتی سوپاسی کاک مەلا بەختیار و هەڤاڵانی هاوڕێی بکەم لە ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی، کە بە پەرۆشن بۆ یەکێتی و وەک بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی خۆیان، بێدەنگ نەبوون لە ئاست مەترسییەکان و دید و ڕوانین و چاوەڕوانیی خۆیان بۆ شکستەکانی یەکێتی لەسەر دەستی ئەم گرووپەی ئێستای یەکێتی و دوای بەستنی ئەم شانۆگەرییەی کۆنگرە خستەروو. هەر بۆیە لێرە بەدواوە ئێمە خاوەنی بڕیاری خۆمانین و درێژە بە کاری سیاسیی خۆمان دەدەین لەسەر بنەمای پرەنسیپە نەگۆڕەکانمان کە خۆی لە ئازادی و دیموکراسی و مافی مرۆڤ و مافی چارەی خۆنووسین و دادپەروەری دەبینێتەوە، ئێمە ئاواتمان بەوە نەدەخواست بگەینە ئەم ڕۆژە و یەكێتی بەم جۆرە ببینین، بەڵام ئۆباڵی کارکردنمان لە دەرەوەی یەکێتی دوای کۆنگرەی پێنجەم دەکەوێتە ئەستۆی ئەوانەی کە دوو ساڵە لە جیاتی ڕێکخستنەوەی ناوماڵی یەکێتی و پێکەوە کارکردن، مەشغوڵبوون بە بێدەنگی و سێبەری ئێمەوە، ئۆباڵی ئەو لێکترازانەش هەڵناگرین و بەرپرسیارێتی مێژوویی شکستی ئەم یەکێتییە لە ئەستۆی ئەوانەیە کە یەکێتییان بەم ڕۆژە گەیاند. مێژوو شاهیدە و دەیسەلمێنێت كێ ئەم دۆخەی خوڵقاند، دەشبێت شان بدەنە بەر دەرئەنجامەكانی هەر شكست و دۆڕان و ماڵوێرانییەك كە لە ئایندەدا لە نێو یەكێتی ڕووبدات. دەبێت ئەوانەشی بەشداری پێکراون ئاگاداربن کە دەبنە بەشێک لە لاوازکردنی یەکێتی کە لەداهاتوودا چاوەڕوان دەکرێت و بەکاردەهێنرێن بۆ ئەو مەرامە و بەرپرسیارێتییەکی گەورە و مێژووییش دەکەوێتە سەر شانیان. دڵنیاتان دەکەمەوە کە بە بەرگێکی نوێ و بە شێوازێکی سەردەمیانە یەکێتییەکی ڕاستەقینەی گەل دووبارە دێتەوە مەیدان، ئەو یەکێتییەی کە ئێستا ناو و ناونیشانەكەی بە زۆر و بە زەبری هێز زەوتكراوە، بەڵام لەڕاستیدا وەك فیكر و فەلسەفە هەر زیندووە و بەمزووانە چەكەرە دەكاتەوە و ئەو مەشخەڵەی لە سەرەتای شۆڕشی نوێوە هەڵگیرساوە کە شەوەزەنگی نا ئومێدییان ڕووناک کردەوە، دڵنیابن هەڤاڵەکانتان درێژە بە هەمان ڕێگا و ڕێباز دەدەن. کوردستانیانی خۆشەویست، هەڤاڵانی دڵسۆز دەمەوێت پێتان ڕابگەیەنم وەک یەکەم هەنگاومان بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پارلەمانی کوردستان دەکەین و لیستێکی گەل پەسەند ڕادەگەیەنین کە خۆی دەبینێتەوە لە بەرەیەکی فراوانی ڕزگاریی نیشتمانیی بە بەشداریی سەرجەم دەنگە ئازا و دلێر و ناڕازییەکانی خەڵکی کوردستان لەناوە و دەرەوەی یەکێتی بۆ ڕزگاربوون لەم دۆخە ناهەموار و قەیرانە قووڵانەی کە بەرۆکی هاووڵاتییانی گرتووە، بەرەیەک کە دەنگ و ڕەنگی سەرجەم ئەوانە دەبێت، کە خواستی گۆڕانکاری و چاکسازیی ڕاستەقینەیان هەیە لە سەرجەم جومگەکانی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان، دەنگی هەموو ئەوانە دەبێت کە تینووی ژیانێكی باشتر و ئازادی و عەدالەتی كۆمەڵایەتین، ئەوانەی شەیدای سەروەریی یاسان بە نەفەسێكی نوێوە و بەدیدگای نوێوە خۆمان یەكدەخەین و یەكدەگرین و ئەزموونێكی نوێی دیموكراسی دەكەین. ئێمە لە سۆنگەی پەرۆشیمان بۆ باشکردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان و گەڕانەوەی شکۆ بۆ تاکی کورد شان دەدەینە بەر ئەم ئەرکە قورسە و هەموو تواناکان لەو پێناوەدا دەخەینەگەڕ. دەمەوێت لە کۆتایی ئەم پەیامەدا ئاماژە بە دۆخی ناهەمواری هەرێمی کوردستان و ئەو مەترسییانە بکەم کە ڕووبەڕووی هەرێمەکەمان بۆتەوە، بەداخێکی زۆرەوە دۆخی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان و مووچەخۆرانیش لەوپەڕی خراپیدایە و گەنجەکانمان بە تەواوی نا ئومێدبوون لەوەی کە ژیانێکی ئارام و شایستە و ئاسۆیەکی ڕوونیان هەبێت لەم هەرێمەدا. کە بەش بەحاڵی خۆم پێم وایە جگە لە حیزبە دەسەڵاتدارەکانی تر یەکێتی پشکی شێری بەردەکەوێت لەم دۆخە نەخوازراوەی لە ئارادایە لەسەر دەستی ئەو کەسانەی کە تاکڕەوانە لەناو حکومەت و لەناو حیزب بڕیار دەدەن و هیچ دنیابینییەکیان نییە بۆ سیاسەتکردن. بۆیە یەکێک لە ئەرکە لە پێشینەکانمان ڕاستکردنەوەی ئەو بارە لارە دەبێت کە هێناویانەتە کایەوە، کارکردن دەبێت بۆ ڕێکخستنەوەی ناوماڵی کورد و پێکەوە کارکردن دەبێت لەگەڵ سەرجەم کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان تا هەرێمەکەمان لەم قەیرانانە ڕزگار بکەین و ژیانێکی شەرەفمەندانە و شایستە و خۆشگوزەران و یەکسان بۆ هاووڵاتییان دابین بکەین. سیاسەتی چەوتی حیزبەکان و ئەم دەسەڵاتە وایکردووە کە خەڵکی کوردستان و گەنجەکانمان ڕۆحی نیشتمانپەروەرییان تێدا کاڵ بێتە بۆ خاک و نیشتمان، ئێمە ئەو مەشخەڵە دەبین کە ئەو ڕۆحیەتە زیندوو دەکەینەوە، هەر بۆیە داوا لە خەڵکی کوردستان و گەنجە خوێنگەرمەکانمان دەکەم لە زاخۆوە تا خانەقین، دەست لەناو دەست پشتیوانیی لەم پرۆژە فراوان و نیشتمانییە بکەن کە تا خۆیان و هەرێمەکەمان لەم هەموو قەیران و نەهامەتییە ڕزگار بکەین، لەسەر دەستی ئێمە خۆری هیوا بگەڕێنینەوە بۆ گەلەکەمان. هەر شاد و سەربەرز و سەرکەوتوو بن. لاهور شێخ جەنگی ٢٦ی ٩ی ٢٠٢٣    

هاوڵاتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌هێشتنی مادده‌هۆشبه‌ره‌كانی هه‌رێم ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ رایگه‌یاند، دوای ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی بڕی 11 كیلۆ و 650 گرام مادده‌ی هۆشبه‌ر، هێزه‌كانیان توانیویانه‌ له‌ شاری سلێمانی و شارۆچكه‌ی قه‌ڵادزێ پێنج تۆمه‌تبار ده‌ستگیربكه‌ن.    به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌هێشتنی مادده‌هۆشبه‌ره‌كان له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "دوای ده‌ستبه‌رداگرتنی بڕی 11 یانزه‌ كیلۆ و 650 گرام له‌ مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌جۆری كریستال له‌شاری هه‌ولێر و ته‌واوكردنی رێكاره‌یاساییه‌كان و وه‌رگرتنی بڕیاری دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاسایش بۆ ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تباران، لێكۆڵینه‌وه‌ و به‌دواداچونیان ده‌ستپێكرد". لە ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە کە" توانرا (5) تۆمەتبار لە شاری سلێمانی و شارۆچکەی قەڵادزێ دەستگیربکرێن لەگەڵ بڕێکی تر لەهەمان جۆری ماددەی هۆشبەر." ئاماژە بەوەشکراوە، تۆمەتباران پەڕوای لێکۆڵینەوەیان بۆکراوەتەوەو بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددەهۆشبەرەکان و کارتێکەرەئەقڵیەکان ڕووبەڕوی یاسا دەکرێنەوە.

هاوڵاتی وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، سبەی چوارشەممە لە دامودەزگا فەرمییەکان پشوی فەرمییە، بەڵام لەو بانکانەی موچەی فەرمانبەران دابەش دەکەن دەوام ئاسایی دەبێت، هەروەها پرۆسەی دابەشکردنی موچەش بەردەوام دەبێت. وەزارەتی دارایی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٣/٩/٢٧  لە سەرجەم دامودەزگا حکومییەکان پشووی فەرمییە، بەڵام دەوامی سەرجەم ئەو بانکانە ئاسایی دەبن کە ئەرکی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانیان لە ئەستۆدایەو دابەشکردنی مووچە بە پێی خشتەی ڕاگەیەنراوی وەزارەت بەردەوام دەبێت. ئەوەش لە کاتێکدایە فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند، بەبۆنەی ساڵیادی رۆژی لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام، رۆژی چوارشەممە 27ـی ئەیلوولی 2023، کە هاوکاتە لەگەڵ رۆژی (12ربيع الأول)، لە سەرجەم دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان دەبێتە پشووی فەرمی. راشیگەیاندووە، پێویستە وەزارەتەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووری پابەندی خشتەی دابەشکردنی مووچە بن. دو رۆژ لەمەوبەر وەزارەتی دارایی هەرێم خشتەی موچەی مانگی (تەمموز/7)ی بڵاوکردەوە، بەپێی خشتەکە لە رۆژی 27ی ئەیلول کە دەکاتە سبەی چوارشەممە، فەرمانبەرانی وەزارەتی دارایی، وەزارەتی ناوخۆ، بەرێوەبەرایەتی دامودەزگا نەوتییەکان و بەرێوەبەرایەتی گشتی رەگەزنامە موچە وەردەگرن.  

هاوڵاتی د.بڕیار رەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر پشکی یەکێتی رایگەیاند نوسینگەیەکی بانکی ناوەندی عێراق لە سلێمانی دەکرێتەوە بۆ ئەوەی هاوڵاتیان سوودمەندبن لە قەرز و پیشینە جیاوازەکان.  د.بڕیار رەشید لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی، لە مانگی رابردووەوە بانکی ناوەندی رەزامەندی دەربڕیووە نوسینگەکە بکرێتەوە و جێبەجێکردنی بڕیارەکە و ئەو رێکارانەی ماوە بۆ کردنەوەی نوسینگەکە لە ئەسۆتی بەرپرسانی پارێزگای سلێمانییە.  پەرلەمانتارەکەی عێراق لە لیژنەی ئابوری وتیشی، هاوڵاتیان لەرێی نوسینگەکەوە دەتوانن سوودمەند بن لە قەرز و پێشینەی خانوبەرە، هاوسەرگیری، قەرزی بچوک و مامناوەند کە هەموو ئەمانە لە پارێزگاکانی تری عێراق بۆ هاوڵاتیانی عێراق بەردەستە و تەنها بۆ هاوڵاتیانی هەرێم نەبێت.  

هاوڵاتی  بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، لەبارەی کۆنگرەی پێنجەمی حزبەکەیەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەپێناو "بەهێزتربوونی" یەکێتی کۆنگرە دەبەسترێت، دەشڵێت، "قوڵایی ستراتیژیی کورد لە بەغدایە، بۆیە دەمانەوێت لەو رێگەیەوە هەوڵ بۆ بەهێزترکردنی پێگەی هەرێم بدەین." دەقی پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی:  هەڤاڵە سەربەرزەکانم یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەگەر لە رابردوودا لەڕێگەی شۆڕشی چەکداری و بەخشینی زیاتر لە 26 هەزار شەهید بە خاکی کوردستان خەباتی کردبێت، ئەمڕۆ بە پابەندبوون بە پێداویستییەکانی خەڵک و تێگەیشتن لە دۆخەکە، پێمانوایە باشترین رێگای خەبات بریتییە لە خەباتی سیاسی لەپێناو پاراستنی دەستکەوتەکان، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و بونیادنانی داهاتوویەکی گەشتر و سەقامگیرتر. یەکێتی بە دیدگا و ستراتیژێکی بەهێزەوە سیاسەتی خۆی لە ناوەندی فیدراڵ پەیڕەو دەکات، سیاسەتێک کە پێش هەموومان سەرۆک مام جەلال پەیڕەوی دەکرد، ئەویش بریتییە لە ئاشتی، پێکەوەژیان و هاوبەشیی راستەقینە. ئێمە دەزانین قوڵایی ستراتیژیی کورد لە بەغدایە، بۆیە دەمانەوێت لەو رێگەیەوە هەوڵ بۆ بەهێزترکردنی پێگەی هەرێم، بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەکان و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکە خۆشەویستەکەمان بدەین. هەروەها جەخت لە درێژەدان بە سیاسەتی نیشتمانی و نەگۆڕی یەکێتی دەکەمەوە سەبارەت بە پرسە نەتەوەییەکان و پشتگیریکردن لە مافەکانی گەلی کورد لەهەرشوێنێکی جیهان بێت. خوشک و براکانم هەموومان پێکەوە بەرەو قۆناغێکی نوێی خەباتی رێکخراوەییمان هەنگاودەنێین و کۆنگرەی پێنج لەپێناو بەهێزتربوونی یەکێتییەکەمان ساز دەکەین، دڵنیام بە پشتیوانیی خودا و دڵسۆزیی ئێوەی خۆشەویست سەرکەوتوو دەبین و مژدەی یەکێتییەکی پتەوتر بە خەڵکی کوردستان دەدەین. دەمەوێت لای ئێوەی خۆشەویست و هەموو خەڵکی کوردستان روونبێت، ئێمە بڕوای تەواومان بە نوێگەری و نوێبوونەوە هەیە، لەگەڵ گۆڕانکارییەکان هەنگاودەنێین و خۆمان نوێ دەکەینەوە، ئەمەش راستییەکی مێژووییە و هەمیشە خوێنێکی نوێ بە دەمارەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا دەگەڕێت. خۆشەویستان مێژوو سەلماندوویەتی یەکێتی سەنگەری پتەوی کوردایەتی و قەڵای بەرزی خۆڕاگرییە، مێژووی خەباتمان هێندە زێڕینە کە هیچ هێزێک لە خۆمان بە دڵسۆزتر بۆ کوردستان نازانین. ئەمڕۆش هێز و کاریگەریی یەکێتی لە هەرێم و ناوەندی فیدراڵ لای هەمووان روونە و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیشمان لە ئاستێکی باڵادایە، ئاشکراشە بەهێزیی یەكێتی واتە بەهێزیی هەرێم و عیراق. بۆیە دەبێت هەموو هەڤاڵێکمان ئەوەی لەیادبێت کە یەکێتیبوون بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی، نیشتمانی و ئەخلاقییە. دەبێت هەموو هەوڵ و هەنگاوێکتان هاوتابێت لەگەڵ سیاسەتی نیشتمانییانەی یەکێتی و ئامانجەکەتان خزمەتکردنی کورد و کوردستان بێت. کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە دێرینەکان، زیندانیانی سیاسی و کەمئەندامانی سەنگەر ئێوە زۆرتان بەخشی بە کوردستان و یەکێتییەکەتان، دەزانین دڵسۆزی و خۆڕاگریی ئێوەی تێکۆشەر بوو یەکێتی گەیاندە ئەم حزبە گەورە و کاریگەرەی کوردستان و ناوچەکە. دڵنیاتان دەکەم و بەڵێنتان پێدەدەم یەکێتی هەمان ئەو یەکێتییە دەبێت کە ئێوە قوربانیتان لەپێناودا و لەبەرامبەر هەوڵ و خۆڕاگریتان وەفادار دەبێت. دڵنیابن یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەمانەتی سەرۆک مام جەلال و ئێوەیە و وەک رۆحمان دەیپارێزین. هەڤاڵان ئەوانەی یەکێتیتان لە دڵتاندا هەڵگرتووە و بەهیواوە بەرەو داهاتوویەکی گەشتر دەڕوانن، پێکەوە بە یەک رۆحیەت و یەک ئامانج بەرەو کۆنگرەی پێنج.. بەرەو یەکێتییەکی بەهێزتر و نوێگەر هەنگاو دەنێین و مێژوویەکی درەوشاوە و پڕ لە شانازی بۆ حزبی شەهیدان دەنووسینەوە. شاد و سەرفرازبن برا و دڵسۆزتان بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

هاوڵاتی  هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) قەدەغەی هاتوچۆی لە چەند ناوچەیەکی پارێزگای دێرەزوور راگەیاند دوای ئەوەی کە شەڕ لەنێوان هێزەکانی هەسەدە و هۆزە عەرەبەکان رویداوە کە تێیدا 22 کەس کوژراون.  روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، لە پێکدادانی هەسەدە و هۆزە عەرەبەکان 64 قوربانی بوونی هەیە و 22 کەس کوژراون کە 18 کەسیان سەر بە هۆزە عەرەبەکانن و سێ کەسیان سەر بە هەسەدەن، ئەمە جگەلەوەی 42 کەسی مەدەنی، 26 چەکلداری هۆزە عەرەبەکان و 12 ئەندامی هەسەدە برینداربوون.  بەپێی هەواڵی میدیا ناوخۆییەکانی سوریا، هەسەدە لە چەند شارۆچکەیەکی پارێزگای دێرەزوور، بەتایبەتی شارۆچکەی زیبان، قەدەغەی هاتووچۆی راگەیاندووە بەبێ ئەوەی وادەی کۆتایی هاتنی دیاری بکات.  ئەمە لەکاتێکدایە کە رۆژی دووشەممە شەڕ لەنێوان هەردوولا دەستیپێکردەوە دوای ئەوەی کە هەسەدە لە سەرەتایی ئەم مانگەدا کۆتایی بە شەڕ و پێکدادانەکان هێنا.  بەهۆی دەستگیرکردنی فەرماندەیەکی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزوور بەناوی ئەبو خەولە لەسەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و گەندەڵی لەلایەن هەسەدەوە، لە کۆتایی مانگی ئاب شەڕ لەنیوان هەسەدە و هۆزە عەربەەکان دروستبوو کە تێیدا چەکدارە عەرەبەکان بەهاوکاری سوپای سوریا چەند ناوچەیەکیان داگیر کرد بەڵام دواتر هەسەدە لە ئۆپەراسیۆنێکدا سەرجەم ناوچەکانی گرتەوە.

هاوڵاتی  لێپرسراوی مه‌كته‌بی رێكخستنی یه‌كێتی لەسەر گۆڕانکارییەکانی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی رایگەیاند کە سێ ئەنجومەن پێکدەهێنن و ژمارەی ئەندامانی مەکتەب سیاسی کەم دەکرێنەوە بۆ 10 کەس، ئەنجومەنی سەرکردایەتیش دەبنە 51 ئەندام. سه‌ركه‌وت زه‌كی، لێپرسراوی مه‌كته‌بی رێكخستنی یه‌كێتی بە میدیای فەرمی حزبەکەی راگەیاند، پیشنیار کراوە کە سێ ئەنجومەن دروست بکرێن کە پێک دێن لە ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکان، ئەنجومەنی سەرکردایەتی، هەروەها ئەنجومەنی پشتیوانی. سەرکەوت زەکی لەسەر گۆڕانکاری لە ئەنجومەنی باڵای سیاسی وتی، "ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان، كه‌ ره‌نگه‌ رێڕ‌ه‌وه‌كه‌ی و شێوازی كاركردنی بگۆڕدرێت و چالاكتر بێت، كه‌له‌ كۆنگره‌دا بڕ‌یاری لێده‌درێت و دواتر ئه‌ندامه‌كانی له‌لایه‌ن سه‌رۆكه‌وه‌ ده‌ستنیشان ده‌كرێن و بڕ‌یاری لێده‌درێت، هاوكات ره‌نگه‌ له‌كۆنگره‌دا ناوی بگۆڕدرێت به‌ ئه‌نجومه‌نی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی." بەرپرسەکەی یەکێتی لەسەر دوو ئەنجومەنەکەی تریش رایگەیاند، "ئه‌نجومه‌نێكی دیكه‌ ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تییه‌، كه‌ پێكدێت له‌ 51 هه‌ڤاڵ كه‌ یه‌ك سه‌رۆك و 50 ئه‌ندامی ده‌بێت، هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ی تر ئه‌نجومه‌نی پشتیوانییه‌و راسته‌وخۆ سه‌رۆك خۆی سه‌رپه‌رشتی ده‌كات، كه‌ ڕ‌ه‌نگه‌ 100 ئه‌ندامی هه‌بێت، ئه‌مه‌ش ئه‌نجومه‌نێكه‌ بۆ هێنانه‌ پێشه‌وه‌ی كادری نوێ و گه‌نجان و ژنان، كه‌ده‌بێته‌ ناوه‌ندێك بۆ دروستكردنی سه‌ركردایه‌تی له‌ داهاتوودا و ده‌سته‌یه‌كی كارا ده‌بێت و به‌پێی راسپارده‌كانی سه‌رۆك ئه‌ركه‌كانیان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن." سەرکەوت زەکی ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەندامانی مەکتەب سیاسی کەمدەکرێنەوە بۆ 10 کەس و پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیش هەموار دەکرێتەوە، "مه‌ركه‌زییه‌ت له‌ناو حزبه‌كه‌دا ده‌چه‌سپێت و له‌دوای كۆنگره‌وه‌ هه‌موو بڕ‌یارێك به‌ كۆده‌نگی ده‌بێت و یه‌كێتی ده‌بێته‌وه‌ به‌ یه‌كێتی خه‌ڵكانی ره‌نجده‌ر و زه‌حمه‌تكێش."

هاوڵاتی دەیان کۆچبەری نایاسایی لە دەریای ناوەڕاست گیریان خواردووە، لە نێویاندا ژمارەیەک هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان هەن. پێنج رۆژە زیاتر لە 80 کۆچبەری نایاسایی لە دەریای ناوەڕاست و نزیک سنوورە ئاوییەکانی ئیتاڵیا گیریانخواردووە و داوای بە هاناوەچوون دەکەن. رەنج پشدەری چالاکوانی بواری پەنابەران رایگەیاند، بەلەمێکی کۆچبەران کە 83 کۆچبەری تێدایە ماوەی پێنج رۆژە لە ئاودایە ئێوارەی ئەمرۆ لە ئاوەکانی ئیتاڵیا پەکی کەوتووە. وتیشی، بەلەمەکە ژن و منداڵی بچوکی تێدایە و داوای فریاگوازاری بەپەلە دەکەن. ئاژانسی کۆچبەرانی سەربەنەتەوەیەکگرتووەکانیش پێشتر ئاشکرایکردبوو، چارەگی یەکەمی ئەمساڵ 2023 بە بەراورد لەگەڵ شەش ساڵی رابردوودا زۆرترین ژمارەی مردن لە ئاوەکانی دەریای ناوەڕاست تۆمارکراوە، بە جۆرێک لە سێ مانگی یەکەم زیاتر لە 441 گیان لەدەستدانی کۆچبەران لە دەریای ناوەڕاست تۆمارکراوە.  

هاوڵاتی ئه‌مشه‌و له‌ گه‌ڕه‌كێكی شاری هه‌ولێر له‌ رووداوێكدا برایەک، برایەکی خۆی كوشت و بكوژه‌كه‌ش ده‌ستگیركرا. رووداوه‌كه‌ لە گەڕەکی گولانی شاری هەولێر بووه‌ و تیایدا برا گەورەیه‌ك برا بچوکه‌كه‌ی خۆی بە چەقۆ كوشتووه‌.و سه‌رچاوه‌كانی پۆلیسیش ده‌ڵێن: "رووداوه‌كه‌ کێشەکی کۆمەڵایەتی بووە". هاوکات بەپێی زانیارییەکان بکوژەکە  بە شەش چەقۆ براکەی کوشتووە کە تەمەنی ٥٠ ساڵە و خێزاندارە، ھێزەکانی پۆلیسی ھەولێریش لێکۆڵینەوەیان لە روداوەکە دەستپێکردووە.    

هاوڵاتی ئێوارەى ئەمڕۆ گوندێکی سنووری شارباژێر بەھۆی ژەھراوی بوونەوە هەشت کەس ژەهراوی بوون و یەکێک لەوانیش کە منداڵێکە گیانی لەدەستداوە. بەپێی زانیارییەکان ئێوارەی ئەمڕۆ لە گوندی وڵانەی ناوچەی شارباژێڕی سەربە پارێزگای سلێمانی بەھۆی ژەھراوی بوونەوە منداڵێک گیانیلەدەستدا و حەوت کەسی دیکەش کە ئەندامی دوو خێزانن ژەھراوی بوون. لەوبارەیەوە سامان لەتیف بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، ئەو کەسانە بەھۆی خواردنی قارچکەوە ژەھراوی بوون، بەھۆیەوە منداڵێکی یەک  ساڵ  گیانی لەدەستداوە، حەوت کەسی دیکەش ژەھراوی بوون کە سیانیان منداڵن و ئەوانەی دیکە بەتەمەن گەورەن.

هاوڵاتی ئەندامێکی دیکەی سەرکردایەتی یەکێتی ڕایگەیاند بەشداری کۆنگرەی حزبەکەی ناکات لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، " چیتر لەناو سەرکردایەتییەکی بێڕۆڵ و لاواز ناکاریگەر نابم و بەشداری کۆنگرەی پێنجەم ناکەم". چەتۆ ساڵح ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند "وەك ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بەشداری لە كۆنگرەی پێنجی یەكێتی ناكات". دەشڵێت: ئێستا یەكێتی لەهەوڵی دوورخستنەوەی رەمز و كەسە دەركەوتووەكانیدایە و ئەركی ئێمەیە یەكێتی راستەڕێبكەینەوە.

هاوڵاتی وەزارەتی كارەبای هەرێم رایگەیاند، چەند گەڕەك و زۆنێك لە سەنتەری پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان دەستنیشان كراون بۆ دەستپێكردنی جێبەجێكردنی سیستەمی پریپەید بۆ هاوبەشانی كارەبا، نرخەكەیشی هەمان نرخی پێشو دەبێت.  بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی كارەبا، ئەمڕۆ دوشەممە، ئەردەڵان دۆسکی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی کارەبا سەرپەرشتیی کۆبونەوەیەکی فراوانی پڕۆسەی سیستمی پریپەیدی کردوە. کارەبای هەرێم ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی میکانیزمی جێبەجێکردنی سیستەمی پریپەید لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بە هەمان نرخی پێشووی کارەبا کرا. ئاماژەی بەوەشکردوە، شوێنەکانی جێبەجێکردنی سیستەمی پریپەید بۆ هاوبەشانی کارەبا دیاری دەکات و لەسەر بنەمای داواکاریی شوێنەکان نابێت. وەزارەتی کارەبا دەشڵێت: چەند گەڕەک و زۆنێک لە سنووری سەنتەری پارێزگاکان و سەنتەری ئیدارە سەربەخۆکان وەک پلانی دەستپێکردنی پرۆسەکە دەستنیشان کراون.  

هاوڵاتی دوای ئەوەی كه‌ریم عه‌لی،  له‌ به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌فزیۆنیدا باسی له‌ بونی حاڵه‌تی نایاسایی و قاچاخی له‌ ده‌روازه‌ی (په‌روێزخان) كرد بەهۆی قسەكانی، لەسەر سكاڵایەكی وەزارەتی دارایی، بە فەرمانی دادوەر دەستگیركرا. كاوە لەتیف پارێزەری كەریم عەلی  ڕایگەیاند "لەسەر سكاڵاكەی وەزارەتی دارایی، ئەمڕۆ كەریم عەلی چووە بەردەم دادگای لێكۆڵینەوەی كەلارو لەلایەن دادوەرەوە بڕیاری راگرتنی درا هەتا تەواوكردنی لێكۆڵینەوەكان‌و ئێستا لە گرتووخانەی ئاسایش راگیراوە". به‌وتی‌ پارێزه‌ره‌كه‌ی، سكاڵاكه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی به‌ پشتبه‌ستن به‌ ماده‌ی  (2)ی یاسای خراپ به‌كارهێنانی ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندیكردن تۆمار كراوه‌. به‌پێی یاسا ته‌وقیفكردن تاوه‌كو 15 رۆژه‌، به‌ڵام پارێزه‌ره‌كه‌ی كه‌ریم عه‌لی ده‌ڵێ:" سبه‌ی هه‌وڵده‌ده‌ین به‌ كه‌فاله‌ت ئازادی بكه‌ین، بڕیار لای دادوه‌ره‌ ئازادی ده‌كات یاخود نا". كه‌ریم عه‌لی، پێشتر له‌ به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌فزیۆنیدا باسی له‌ بونی حاڵه‌تی نایاسایی و قاچاخی له‌ ده‌روازه‌ی (په‌روێزخان) كرد كه‌ ده‌روازه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی نێوان ئێران و هه‌رێمه‌ له‌ گه‌رمیان، له‌دوای به‌رنامه‌كه‌ وه‌زاره‌تی دارایی له‌ كۆنگره‌كه‌ی رۆژنامه‌وانیدا وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و چه‌ند رۆژێك دواتر سكاڵای له‌ دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاسایش له‌سه‌ر تۆماركرد و فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ ده‌ركرا.

هاوڵاتی  مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی، رایگەیاند بەشداری لە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی ناکات چونکە پرۆژەی دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی باڵای قبوڵ نییە، دەشڵێت، "سێ هەفتە لەمەوبەر لەگەڵ هەڤاڵ بافل تاڵەبانی کۆبومەوە و نەگەشتینە هیچ رێککەوتنێک." لە گرتە ڤیدیۆیەکدا مەلا بەختیار بەشداری نەکردنی لە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی راگەیاند و چەند هۆکارێکی خستەڕوو بۆ بەشداری نەکردنی کە یەکێك لەوانە هەڵبژاردنی ئەندامەکان بوو کە بە وتەی خۆی ئەم کۆنگرەیە "هەڵبژاردنی تێدا نییە و دەستنیشانکردنە، راسپاردنە و راسپێردراون کێ دەربچێت و کێ دەرنەچیت و گوێ نەدراوەتە ئەوەی کە خاوەن هەڵوێستەکان دەربچن و تەنانەت بە خەڵک وتراوە دەنگ نەدرێت بە هەندێک کەس."  مەلا بەختیار لە بەشێکی تری قسەکانیدا دەڵێت، کۆنگرەکانی پێشوو پێش شەش مانگ ئامادەکاری بۆ دەکرا و کادران و ئەندامان رەخنەیان دەگرت و هەموو ئەو رەخنانە کۆدەکرانەوە و هەڵدەسەنگێنران، دواتر کۆنگرە دەبەسترا.  مەلا بەختیار باس لەوەش دەکات کە سەرکردایەتی یەکێتی بەنیازە 21 بۆ 31 کەس ببنە ئەندام لە ئەنجومەنی باڵا و داوای ئەوەی کردووە کە پرۆژەکەی بۆ بنێردرێت ئنجا بڕیار بدات بەڵام بۆی نەنێردراوە.  ئەندامەکەی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەکێتی دەشڵێتت، سێ هەفتە لەمەوبەر لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، بۆ ماوەی کاتژمێرێک و 35 خولەک کۆبووەتەوە و بافڵ تاڵەبانی پێیوایە "دۆخی یەکێتی زۆر باشە، یەکگرتووە و لە هەڵبژاردن سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست دەهێنێت و هەموو دەوڵەتان لێی رازین و سیاسیەتی تەواوە، واشی بۆ من باسکرد کە دوو مانگی تر ئەچێت بۆ تورکیا و کێشەکان لەگەڵ تورکیا چارەسەر دەکات، بەڵام ئەنجامێکی پێچەوانەمان بینی، بۆیە ئەو کۆبونەوەیە هیچ ئەنجامی نەبوو تا من بتوانم بڕیار بدەم." مەلا بەختیار ئەوەشی خستەڕوو کە ئۆباڵی رێککنەکەوتون و ئۆباڵی نەچوونی ئەو و ئەندامانی تری ئەنجومەنی باڵای سیاسی حزبەکە دەکەوێتە ئەستۆی مەکتەب سیاسی یەکێتی و بەتایبەتی بافڵ تاڵەبانی.  

هاوڵاتی  لقی دهۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی کوردستان داوا دەکات کە دروستکردنی خواردن لە پرسەکاندا قەدەغەبکرێت چونکە دەبێتە "بارگرانییەکی زۆر لەسەر خاوەن پرسە." ئەمرۆ 25ی ی ئەیلول، لقی دهۆکی یەکێتی زانایانی کوردستان بەرێگای نوسراوێکی فەرمی داوا لە ووتاربێژانی ئایینی دەکات کە هانی خەڵک بدەن چیتر لە پرسەدا خواردن دروست نەکەن چونکە دەبێتە بارگرانیەکی زۆر لەسەر خاوەنی پرسە. نوسراوە فەرمییەکە ئاراستەی پارێزگاری دهۆک و وەزارەتی ئەقاف کراوە کە ئەو دیاردەیە قەدەغە بکرێت. دکتور جیهاد دوسکی، سەرۆکی لقی دهۆکی یەکێتی زانایان بە هاوڵاتی راگەیاند،"ماوەیەکی زۆرە سەرقاڵی ئەم بابەتەین، ڕاوێژ و گڤتۆگۆمان لەگەڵ لایەنی ئیداری پیاو ماقوڵان و زۆر کەسی تر کردووە، دیاربوو هەموویان پێیان خۆشبوو کە ئەم دیاردەیە نەمێنێت، هیچ لایەنێک ناڕەزایی خۆی دەرنەبڕیوە." دکتور جیهاد دوسکی دەشڵێت، "بەخۆشحاڵیەوە دەمێکە هەندێک شوێن دروستکردنی خواردنیان قەدەغەکردووە، لێرەوە داوا لە وتابێژانی ئایینی دەکەین کە هانی خەڵک بدەن چیتر خواردن بۆ پرسە دروست نەکەن، چونکە بارگرانیەکی زۆر بۆ خاوەن پرسە و هەموو لایەک دروست دەکات."