هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوای دیدارەکەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێم لە کۆمکاری جیهانی داڤوس لەگەڵ ئیدانە کردنی هێرشەکانی سەر هەولێر هەرێمی کوردستانی وەک هاوبەشی نزیکی ئەمریکا ناوبرد. وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەمڕۆ چوارشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، تویتەری پێشوو نووسیویەتی: "دوای هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان، لە داڤۆس قسەم لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، جەختم کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی نزیکی ئێمەیە. ئەمەریکا بەڕوونی هێرش و شەڕەنگێزییەکانی ئێران سەرکۆنە دەکات". سوپای پاسداران بەرەبەیانی رۆژی سێ شەممە هێرشی مووشەکی کردە سەر هەولێر و باسی لەوە کرد کە بنکەیەکی سیخوڕی ئیسرائیلی لە ناو بردووە، لە کاتێدا حکوومەتی هەرێم ئەوە رەت ئەکاتەوە هیچ بنکەیەکی ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستان ببێت. مەسروور بارزانیش بە ئاماژە بە دیداری خۆی لەگەڵ ئانتۆنی بلینکین لە تۆڕی کۆمەڵآیەتی ئێکس نووسیویەتی، هەر دوو لا هاودەنگ بوون لەسەر ئەوەی ئەم هێرشە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری عێراق و هەرێمی کوردستانە. مەسروور بارزانی باسی لەوەش کرد داوایان لە ئەمریکا و کۆمەڵی نێودەوڵەتی کردووە بێدەنگ نەبن لە بەرامبەر کوشتنی کەسانی مەدەنی. پێشتریش مەتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر هەولێر شەرمەزار کردبوو و وتیبوو ئەم جۆرە هێرشانە ئەبنە هۆی لاوازی عێراق. بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە ١٦-١- ٢٠٢٤ هێرشی مووشەکی کرایەسەر ناوچەیەکی نزیکی هەولێرو هەروەها چەند ناوچەیەک لەئەدلیبی سووریا. سوپای پاسداران دەستبەجێ بەرپرسریاریەتی هێرشەکەی گرتەئەستۆو ڤیدیۆی کاتی هاوێشتنی مووشەکەکانی بڵاوکردەوەو رایگەیاند بنکەیەکی سیخوڕی ئیسرائیل لەهەرێمی کوردستان و شوێنی کۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵای فەرماندەکانی پەیوەندیدار لەگەڵ تاوانەکانی کرمان لەسووریا کراوەتە ئامانجی مووشەکی بالستیکی. .
هاوڵاتی ئەمرۆ چوارشەمە، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عیراق لە چاوپێکەوتنێکیدا لە گەڵ کەناڵی "سی ئێن ئین" ی ئەمریکی بوونی بنکە و بارەگاکانی ئیسرائیلی لەناو هەرێمی کوردستان رەت کردەوە . هەرەوەها ئەوەشی ووت: کە کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران لەسەر خاکی عیراق رەنگی داوەتەوەو لەبەر ئەوەی ئێران توانای هێرش کردنە سەر ئیسرائیلی نییە ، ئەوا لە چوار دەوری خۆی بە دوای قوربانییەکدا دەگەرێت و هەرلەبەر ئەمەش هێرشی کردە سەر هەولێر و عیراقییەکان باجی ئاڵوزی و ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل لەلایەک و ئێران و ئەمریکا لەلایەکی ترەوە دەدەن. هەروەها وەزیری دەرەوەی عیراق بە تووندی ئیدانەی ئەو هێرشانەی کرد و وتی : سەرجەم قوربانییەکانی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر کوردی عیراقی بوون . لە درەنگانێکی شەوی 15 لەسەر 16 ی یەکی 2024دا ، سووپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بیانووی خاپوورکردنی بنکە سیخورییەکانی ئیسرائیل لە ناو خاکی هەرێمی کوردستاندا، بە چەند مووشەکێکی بالیستی زیرەکی جۆری "خەیبەرشکێنی 3" هێرشی کردە سەر هەولێر و لە ئەنجامدا چوار هاوڵاتی گیانیان سپارد و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون. دوای هێرشەکانیش وەزارەتی دەرەوەی عیراق لەسەر هێرشەکانی سەر هەولێر ، نامەیەکی نارەزایی و شکایەتییان بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی جیهانی و نەتەوە یەکگرتووەکان نارد
هاوڵاتی بڕیارە ئەمرۆ چوارشەمە 17/1/2024، دوو هەواداری نزیک لە پەکەکە بە ناوەکانی "بێریتان" و "مارک کامبل"ی بە رەگەز بەریتانی بە تاوانی بەرز کردنەوەی ئاڵای پەکەکە لە بەریتانیا ، بە یاسای تیرۆری ساڵی 2000ی بەریتانیا دادگایی بکرێن . دوێنی سێشەمەش "بێریتان " لە پارچە ڤیدیۆییەکیدا داوای لە کوردانی بەریتانیا کرد کە لە رۆژی دادگایی کردنەکەدا بە مەبەستی پشتیوانی لە خۆی و "مارک کامبڵ" لەبەردەم دادگاکە ئامادە بن . "ئەوە تەنها دادگایی کردنی من و مارک کامبڵ نییە، بەڵکو دادگایی کردنی گەلی کوردە و هەر سزایەک بە سەر من و مارکدا بسەپێنرێت ، ئەوە بەسەر گەلی کوردیشدا سەپێنراوە" ، (بێریتان) وای ووت. هەروەها بێریتان "مارک کامبڵی" بە هەوادار و پشتیوانێکی سەرسەختی کورد لە بەریتانیا ناساند کە هەمیشە بەرگری لە دۆزی کورد و مافەکانی دەکات. لە یاسای تیرۆری بەریتانیا بۆ ساڵی2000 هاتووە کە هەموو ئەو کەسانەی کە ئەندام یا هەوادارن لەو گروپانەی کە تیرۆریستن یان گومانی تیرۆریان لێدەکرێت یان خود یونیفۆرم یا ئاڵای ئەو گروپانە لەبەر دەکەن یا بەرز دەکەنەوە ئەوا بە یاسای تیرۆر دادگایی دەکرێن.
هاوڵاتی بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە ١٦-١- ٢٠٢٤ هێرشی مووشەکی کرایەسەر ناوچەیەکی نزیکی هەولێرو هەروەها چەند ناوچەیەک لەئەدلیبی سووریا. سوپای پاسداران دەستبەجێ بەرپرسریاریەتی هێرشەکەی گرتەئەستۆو ڤیدیۆی کاتی هاوێشتنی مووشەکەکانی بڵاوکردەوەو رایگەیاند بنکەیەکی سیخوڕی ئیسرائیل لەهەرێمی کوردستان و شوێنی کۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵای فەرماندەکانی پەیوەندیدار لەگەڵ تاوانەکانی کرمان لەسووریا کراوەتە ئامانجی مووشەکی بالستیکی. بەپێی وتەی هەندێ سەرچاوە لەناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە مووشەکەکان لەنزیک کرماشانەوە هاوێژراون و دوێنێ شەو دەنگی تەقینەوەی گەورە لەکرماشان و کامیاران بیستراوەو هەروەها وێنەی مووشەکەکان کەئاسمانی شاری کامیارانیان رووناککردووەتەوە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە. ماڵپەڕی رووداو لەم بارەوە بڵاویکردووەتەوە کە لەهێرشەکانی بەرەبەیانی سێشەممە ١٦مانگی ١ دا، ماڵی سەرمایەداری هەولێری پێشڕەو دزەیی کراوەتە ئامانج و پێشڕەو دزەیی و سێ کەس بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە. پێشڕەو دزەیی سەرمایەداری کوردو خاوەنی کۆمپانیا فاڵکۆن و کچە بچووکەکەی لەم هێرشەدا گیانیان لەدەستداوەو شەش کەسی تریش برینداربوون. یەکێکیتر لەکوژراوەکان میوانێکی ئەو ماڵە بووە بە ناوی کەرەم میخائیل کەبازرگانێکی عێراقی دانیشتووی دۆبەیە. کەرەم میخائیل ساڵی ١٩٨١ لەبەریتانیا لەدایکبووە، یەکێک بوو لەخاوەن پشکەکانی کۆمپانیای سامسۆنگ،هەروەها لەدوبەی کاری خانووبەرەی کردووە. کەرەم میخائیل خێزاندارەو دووساڵ وەک بەڵێندەر لە پرۆژەی بۆلیڤارد کاریکردووە. بەپێی راگەیاندنی نووسینگەی سەرۆکایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەم هێرشەدا کەسانی مەدەنی کراونەتە ئامانج و گیانیان لە دەستداوەو بریندار بوون. جگە لەماڵی پێشڕەو دزەیی، بەپێی هەواڵێک کە رووداو بەرەبەیانی سێشەممە بڵاویکردووەتەوە بارەگای هێزێکی سەر بە ئەژی ئەمین، کراوەتە ئامانج بەڵام ئەژی ئەمین و هێزەکەی زیانی گیانیان پێنەگەیشتووە. بەپێی زانیارییەکان بنکەی هێزەکانی ئەژی ئەمین لەهەورازە نەفتەی نزیک هەولێر کراوەتە ئامانج، بەڵام مووشەکەکان لەلایەن سیستەمی بەرگری مووشەکییەوە خراونەتە خوارەوە. حکوومەتی هەرێم چی ئەڵێت؟ سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەبارەی هێرشەكانی شەوی رابردووی سەر هەولێر رایگەیاند بەتوندی ئەم تاوانە بەرامبەر بەخەڵكی كوردستان شەرمەزار دەكەم و داوا لەحكومەتی فیدراڵی دەكەم هەڵوێستی توندیان هەبێت بەرامبەر بەم پێشێلكارییەی دەكرێتە سەر سەروەریی عێراق و بەتایبەتی هەرێمی كوردستان. ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لەبانگەوازێکدا وێڕای شەرمەزارکردنی ئەم هێرشە، داوا لەگەورەو بچووك و چین و تووێژەكانی هەولێر دەكات بۆ گەیاندنی دەنگی مەزڵومیەت و ریسواكردنی بكەرانی هێرشەكانی سەر هەولێر لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان گردبوونەوەی جەماوەری بكەن. پارێزگاری هەولێر لەم بانگەوازەیدا ئاماژەی بەناوی ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە نەداوە ئەمە لەحاڵێکدایە سوپای پاسداران بەفەرمی لەماڵپەڕەکانەوە ئەم هێرشەی گرتووەتە ئەستۆو وەک تۆڵەی کوشتنی رەزا مووسەوی و هەروەها تەقینەوەکانی کرمان و راسک ناوی بردووە. مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەمبارەوە راگەیاندنێکی بڵاوکردەوەو تووڕەیی و نیگەرانی خۆی لەم بارەوە دەربڕیوەو نووسیویەتی:» هەموو لایەک ئاگادارن، هەر لەساڵی 2020ـەوە هەتا ئێستا بەدەیانجار شاری هەولێر کەوتۆتە ژێر هێرشی ناڕەوای موشەک و درۆنەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و هێزە هاودەستەکانیان. ئەو هێرش و پەلامارانە زوڵم و ناحەقییەکی ئاشکرایە بەرانبەر خەڵکی کوردستان. ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە و ئەوانەی لەپشتەوەی هێرشەکانی سەر هەولێرن، خۆیان زۆر چاک دەزانن کەبوختان و بیانوو و ئیدعاکانیان هیچ بنەمایەکی نیەو بۆ داپۆشینی کێشەو گرفتەکانیان ئەو دەستدرێژی و زوڵمە لەدژی هەولێرو خەڵکی کوردستان ئەنجامدەدەن. ئیتر دانبەخۆداگرتنمان سنووری هەیە، ئەوەتا لەدوایین پەلامارو تاوانیاندا شەوی رابردوو خێزانێکی بێتاوانی هەولێریان کۆمەڵکوژ کردووە کەزۆر بەتوندی ئیدانەی ئەو تاوانە دەکەین. گومانی تێدا نییە ئەو پەلامارە نە مەردایەتییە و نە شەهامەت، بەڵکو ئەوپەڕی شەرمەزارییە بۆ تاوانباران. لێرەدا رووی قسەم بۆ گەلانی ئێرانەو هەمیشە رێزو حورمەتمان بۆ گەلانی ئێران هەیەو دەستی دۆستایەتی و برایەتیمان بۆ درێژ کردووە. دەمەوێ دڵنیایان بکەمەوە ئەو بیانوانەی پەلاماردەران بۆ تاوانەکانیان لەدژی هەولێرو خەڵکی کوردستان دەهێننەوە هیچ ئەسڵ و ئەساسێکی نیەو دوورە لەڕاستی. داواتان لێدەکەم ئەگەر پەلاماردەران رێگەتان پێبدەن، خۆتان وەرن بەچاوی خۆتان لەهەولێر راستییەکان ببین و بزانن کە تاوانباران و پەلاماردەران چۆن چەواشەکاری دەرهەق گەلی کوردستان دەکەن و ئیدعاکانیان بێ بنەمان. ناکرێ هەتاسەر ئەوان لەو زوڵمە بەردەوام بن و ناشکرێ چیتر لەبەرانبەر ئەو ستەم و ناحەقییە بێدەنگ بین. پەیامیشم بۆ ئەنجامدەرانی پەلاماری موشەک و درۆنەکانی ئێرانی ئەوەیە، شەهیدکردنی ژن و منداڵ و خەڵکی سڤیلی ئێمە هیچ شانازی و سەربڵندی بۆ ئێوە تێدا نیە. دەتوانن بمانکوژن بەڵام دڵنیابن ناتوانن ئیرادەمان لێ بستێنن .گەلی کوردستان پشتی بەخواو رەوایەتیی دۆزەکەی قایمەو خودا لەهەموو زاڵم و هێزێک گەورەترە. کۆماری ئیسلامی چی دەڵێت؟ سوپای پاسداران بەرەبەیانی سێشەممەو ماوەیەکی کەم دوای هێرشەکان بەرپرسایەتی ئەم هێرشەی گرتەئەستۆ. لەڕاگەیاندنێکدا کە لەماڵپەرە ناوخۆییەکاندا بڵاوکراوەتەوەو هەروەها لەکۆمەلێک گرتە ڤیدیۆی کورتی کاتی تەقاندنی مووشەکەکاندا بەرپرسایەتی ئەم هێرشانەی گرتووەتەئەستۆ. لەڕاگەیاندنێکدا سوپای پاسداران دەڵێت بەمووشەکی بالستیک هێرش کراوەتەسەر بنکە سیخوڕییەکانی ئیسرائیل لەکوردستانی عێراق. سوپای پاسداران لەڕاگەیاندنەکەی خۆیدا دەربارەی هێرش بۆ سەر هەریمی کوردستان نووسیویەتی:» ئەم هێرشە وەڵامدانەوە بووە بەکوژرانی فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران و «بەرەی بەرگری» و لەم هێرشانەدا « یەکێک لەبنکە سەرەکییە سیخوڕییەکانی ئیسرائیل» لەناوچووە. لەم راگەیاندنەدا هەروەها هاتووە کەئەو بنکەیەی لەناوبراوە « شوێنی پەرەپێدانی چالاکییە سیخوڕییەکان و دانانی پلانی تیرۆریستی بووە لەناوچەکە بەتایبەت وڵاتی ئازیزمان». لەدرێژەدا لەم راگەیاندنەدا بێ ئەوەی بەدروستی باس لەشوێنی ئەو بنکەیە بکات، نووسیویەتی هێزەکانمان زانیاری وردیان دەربارەی ئەم بنکەیەی ئیسرائیل لەبەردەستدا بوو و بەپێی زانیارییەکان لەئامانجەکەیان داوە. بەڵام هەواڵنێری روەیتەرز لەڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی کەئەو شوێنەی کراوتە ئامانج لە ٤٠ کیلۆمەتری باکووری رۆژهەڵاتی هەولێرو نزیک کۆنسوڵگەری ئەمریکا بووە. ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەڕاگەیەندراوێکدا کەئەمڕۆ سێشەممە 16-1-2024 بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت، «ئەو هەنگاوە سەربازییەی ئێران بەرگرییکردنی بەهێز بووە لەدەسەڵات و ئاسایشی وڵاتەکەمان و بەرەنگاربوونەوە بووە دژی تیرۆر. ئەوەی کراوە بەشێکە لەسزادانە دادپەروەرانەکانی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر دەستدرێژیکارانی ئاسایشی وڵات». ناسر کەنعانی دەشڵێت، «ئێران بەردەوام پشتیوانی ئاشتی، ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەیەو رێز لەسەرەوەری خاکی هەموو وڵاتان دەگرێت، بەڵام دوو دڵیش نییە لەسوودوەرگرتن لەمافی یاسایی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی سەرچاوەکانی هەڕەشەی سەر ئاسایشی نیشتمانیی وڵات و بەرگری لەئاسایشی دانیشتووانی و سزادانی تاوانکاران». وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها لەبەشێکیتری راگەیاندنەکەیدا ئەڵێت: «دوژمن بەلێکدانەوەی هەڵەی خۆی، دەستی بەتاوانکردن بەرامبەر گەلی ئێران و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کردووەو کۆماری ئیسلامیش بەو توانا باڵایەی بۆ دەستڕاگەیشتن بەزانیاری هەیەتی، لەئۆپەراسیۆنێکی وردو ئامانجداردا بنکەکانی تاوانکارانی دەستنیشان کردو بەبەکارهێنانی مووشەکی دوورمەودا کردنیە ئامانج و ئەمەش بەشێک لەوەڵامدانەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانە بۆ ئەوانەی دژی ئاسایشی نیشتمانی و دانیشتووانی ئەم وڵاتە هەنگاو دەنێن». ئەمریکا چی دەڵێت؟ ماوەیەکی کەم دوای هێرشە مووشەکیەکە، بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاند بیناو بنکەکانی ئەوان نەکراوەتە ئامانج. بەشێکی زۆر لەچالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەم راگەیاندنەی یەکەمی بەرپرسانی ئەمریکایان بەوە لێکدایەوە کەئەمریکا ئەم هێرشەو ئەنجامەکانی بەلاوە گرنگ نییەو هەرئەوەی کەهێزەکانی خۆی پارێزراو بوون بەو مانایە کەپەرچەکرداری نابێت. لەلایەن خۆیەوە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: ئەمریکاو سەرۆک جۆ بایدن هێرشەکانی سەر خەڵکی هەرێمی کوردستان بەهەڕەشەی جددی وەردەگرن. مەتیو میللەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەم هێرشەی شەرمەزار کردو سەرەخۆشی لەبنەماڵەی کوژراوەکان کرد. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەم بارەوە وتی :» ئێمە دژی ئەو هێرشە مووشەکییە بێ بیانوانەین کەدەبێت بەهۆی لاوازی سەقامگیری عێراق، پشتیوانی هەوڵەکانی عێراق و حکومەتی هەریمی کوردستانین بۆ جێبەجێکردنی خواستەکانی خەڵکەکەیان». ئادرین ڤاتسۆن وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی کوشکی سپی بەئاماژە بەهەندێک دەنگۆ کەدەوترا بنکەکانی ئەمریکا لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کراوەتە ئامانجی مووشەکی وتی :» ئەمریکا بەوردی چاودێری هێرشە مووشەکییەکانی سوپای پاسدارانی کردووە بۆ باکووری عێراق و باکووری سووریاو هەموو لایەک دڵنیادەکەینەوە کەدامەزراوەو شوێن و کەسەکانمان لەم هێرشەدا نەکراوەتە ئامانج. هەروەها بەرپرسانی ئەمریکایی رایانگەیاند کە بیناو شوێنەکانی ئەمریکا لەهەولێر نەکراوەتە ئامانج و مووشەکەکان بەو ئاراستەیەدا نەهاوێژراون. لەوەڵامی ئیمەیڵێکی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لەواشنتۆن، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن رایگەیاندوە، ئاگاداری هێرشە مووشەکییەکانی سوپای پاسدارانن بۆ سەر چەند پێگەیەک لەباکووری رۆژهەڵاتی هەولێر، بەڵام دەڵێت لەم کاتەدا زانیاریی وردیان لەبەر دەست نییە تاوەکو بیخەنەڕوو. هەڵوێستی عێراق چی بووە؟ وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەڕاگەیەندراوێکدا نیگەرانی خۆی لەپەیوەند لەگەڵ هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێر دەربڕیوەو باسی لەپێکهێنانی لیژنەیەک کردووە دەربارەی چۆنیەتی رووداوەکە. لەڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا هاتووە: «هێرشەکەی ئێران، شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیانی بەمووشەکی بالیستی کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە خەڵکی مەدەنیی بێتاوان بوونەتە قوربانی. لەو شوێنانەی هێرشی کراوەتەسەر ماڵی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری کورد کەبەهۆیەوە شەهید بوو و ئەندامانی خێزانەکەشی بریندار بوون.» هەروەها لەم راگەیەندراوەدا ئاماژە بەوە دراوە کەئەم هێرشە مووشەکیانە دەستدرێژییە بۆ سەر ئاسایش و گەلی عێراق و زیانی بۆ ئاسایشی ناوچەکە هەیە. لەم راگەیاندنەی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا هاتووە، کەعێراق بەرامبەر بەم هێرشانەی ئێران هەموو رێکارێکی یاسایی دەگرێتەبەرو لەئەنجومەنی ئاسایشی نێونەتەوەیی دژی ئێران سکاڵا تۆمار دەکات. هەروەها محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لێژنەیەکی پێنج کەسی پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لەم رووداوەو بڕیار وایە ئەم لێژنەیە لەماوەی ٤٨ کاتژمێردا زانیارییەکانیان بگەیەننە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق. پێشڕەو دزەیی کێیە؟ پێشڕەو دزەیی سەرمایەدارو ملیاردرێکی کوردە، سەرمایەکەی نزیک بە ٢.٥ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت و خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی فاڵکۆن و ئیمپایەرە. یەکێکە لەو سەرمایەدارانەی نزیکایەتیەکی زۆری لەگەڵ پارتی بووە. ئێرانییەکان لەڕاگەیاندنەکەی خۆیاندا باسیان لەوە کردووە کە پێشڕەو دزەیی کاری بۆ مووساد کردووەو ئەرکی پاراستنی مووسادی لەکوردستان لەئەستۆ بووە. بەپێی ئەو زانیارییانەی سوپای پاسداران بڵاویکردووەتەوە، بنکەی سەرەکی کۆمپانیای فاڵکۆن لەمیسرەو ئەم کۆمپانیایە لەگەڵ کۆمپانیاکانی تر ئەرکیان ئەوەیە زانیاری ورد کۆبکەنەوە بۆ مووساد. ئەمە لەحاڵێکدایە لەو زانیارییانەی کە لەماڵپەڕە کوردییەکان دەربارەی ئەم سەرمایەدارە کوردە لەبەردەستە ئەوە دەردەکەوێت کەناوبراو زیاتر بەکاری بیناسازییەوە سەرقاڵ بووەو هەروەها وەک سەرمایەدارێکی کورد، هەوڵیداوە لەناوخۆو دەرەوەی کوردستان سەرمایەگوزاری بکات. هێرشی مووشەکی بۆ ماڵی شێخ باز بارزانی شەوی ١٣ ئازاری ٢٠٢٢ ئێران بە ١٢ مووشەک هێرشی کردەسەر ماڵی شێخ باز بارزانی، سەرمایەداری ناوداری کەرتی وزەو لەهێرشەکەیاندا رایانگەیاند ئەو شوێنەی موشەكباران كراوە، بارەگای دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل «مۆساد» بووە. لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە لەسەر ئەو رووداوەو پەیوەندی شێخ باز لەگەڵ ئیسرائیل پێکهێنرا، دواتر لیژنەکە لە ٢٥-٤-٢٠٢٢ رایگەیاند هیچ بەڵگەیەک دەستنەکەوتووە کە ئەوە بخاتەڕوو کە شێخ باز پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل بووە یان ئیسرائیل بنکەو شوێنی لەهەولێرە هەیە. دواتر شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەربارەی کۆتایی هاتنی کاری لیژنەکە رایگەیاند:» هێرشەكە ماڵێكی سڤیلی كردۆتە ئامانج و لەلایەن هیچ دەزگایەك بەكارنەهێندراوە، لیژنەی لێكۆڵینەوە لەو هێرشە مووشەكییە ئیدانەی هێرشەكە دەكات و پێشێلكارییەكی ئاشكرای سەروەری عێراقەو پێویستە ئێران قەرەبووی زیانلێكەوتووان بكاتەوە». بەئامانجگرتنی سەرمایەدارەکان لەکوردستان ئەو بیانوانەی سوپای پاسداران دەیهێنێتەوە بۆ هێرش بۆ سەر ماڵی پێشڕەو دزەیی، زۆر لەو بیانوو و تۆمەتانە دەچێت کەئاداری ٢٠٢٢ هێنایەوە بۆ مووشەکبارانکردنی هەولێرو ماڵی شێخ باز بارزانی. لەحاڵێکدا دواترو دوای لێکۆڵینەوەی لیژنە راسپێردراوەکەی پەرلەمانی عێراق ئەوە دەرکەوت کە شێخ باز بەهیچ شێوەیەک پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل نەبووە. ئاخۆ ئەمە بەئەنقەست بەئامانجگرتنی بازرگان و سەرمایەدارە کوردەکان نییەو سەرەنجام ناچارکردنی سەرمایەدارەکان بێت بەوەی کوردستان جێبهێڵن و سەرمایەکەیان ببەنە دەرەوە؟
هاوڵاتی دوێنێ شهو بۆ دووەم جار لەسەریەک لە گوندهواری دێرەزوور لە ڕۆژهەڵاتی سوریا، ژمارەیەک چەکدارانی نەناسراو هێرشیان کردە سەر بارەگا و خاڵەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات، لەوڵامدا هێزەکانی سوریای دیموکرات چوار کەسیان بە تۆمەتی بەشداری لە هێرشەکاندا دەستگیرکرد. سهرچاوهیهكی سهربازی له هێزهكانی سوریای دیموكرات به نۆرس پرێسی راگهیاند، ژمارەیەک چهكدارانی نهناسراو هێرشیان کرده سهر بارهگای ههسهده له شارۆچکهی جمه له گوندهواری رۆژههڵاتی دێرهزوور، بهبێ ئهوهی زیانی گیانی لێبکهوێتهوه . ئاماژەی بەوەشکرد، دوو هێرشی دیکە لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە دژی هێزەکانی ههسهده ئەنجامدراون، كه خاڵی پشکنینی پردی شارۆچکەی دەرەنجی لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور و خاڵێکی پاسەوانی نزیک بیابانی سوهیدان لە رۆژهەڵاتی دێرەزووریان کردە ئامانج، هێرشهكانیش تهنیا زیانی ماددییان لێكهوتووهتهوه. لەلایەکی دیکەوە، بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، هێزهكانی سوریای دیموكرات لە وڵامی هێرشەکاندا هەڵیکوتایە سەر ماڵی بەشداربووانی هێرشەکان لە شارۆچکەی زیبان لە گوندهواری ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور و چوار کەسیان دەستگیرکرد.
هاوڵاتی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان ئیدانەی هێرشەکانی دوێنێ شەوی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکات و دەڵێت،"داگیرکەرانی کوردستان بەهەموو شێوەیەک پیلانی لەناوبردنی دەستکەوتەکانمان و سڕینەوەی بوونی نەتەوەییمان بەڕێوەدەبەن". ئەمڕۆ سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا كۆنسهی بهڕێوهبهری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، لەبارەی هێرشەکانی سەر شاری هەولێر ڕایگەیاند،داگیرکەران و دوژمنانی کورد لەباکوروڕۆژهەڵات سیاسەتی نکۆڵیکردن و توانەوە،لەناو بۆتەی نەتەوەی سەردەستدا پەیڕەوەکەن و لەڕۆژئاواوباشوریش پیلانی لەناوبردنی خۆسەری ڕۆژئاواوقەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان جێبەجێدەکەن. دەشڵێت، بەهۆی سیاسەتی "پەرتکەوزاڵبە" ی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانەوە ئیرادەی خەڵکی لەبەرانبەر دوژمنانی کورددا لاوازبووە ، و سەڕەڕای ئیدانەکردنی هێرشەکان سەرەخۆشی خۆیان بۆ بنەماڵەی شەهیدەکان ڕاگەیاند. هاوکات کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، لە چەند خاڵێکدا ژمارەیەک داوایان لە هاوڵاتیان و دەسەڵاتداران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد: ١- لەهەموو شارەکان خەڵک بەهەموو جیاوازی و چین وتوێژەکانەوەناڕەزیی دەرببڕن و دژی هەرهێرش و پەلامارێک بوەستنەوە. ٢- دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لەهیچ ناوچەیەک ڕێگری لەدەربڕینی ناڕەزایی گەل نەکات،کەدژی داگیرکەرانی ئێران و تورکیا بێت،داوالەڕەوەندی کوردیش دەکەین ناڕەزایی فراوان دەرببڕن و وەک هەمیشە پشتیوانی ناوەوەبن. ٣- داوالەکۆمەڵگای نێودەوڵەتی وهاوپەیمانان دەکەین بێنەدەنگ و سنورێک بۆئەم هێرش و پەلامارانەدابنێن. ٤- بەپێی دەستوورئەرکی سەرۆکایەتیەکانی عێراقی فیدڕاڵ و دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کورستانە،سەروەری خاک وخەڵک بپارێزن و ڕێگەنەدن،لەژێر هیچ پاساوێکدا پێشێلبکرێت و ناوچەکە بکرێتە مەیدانی شەڕویەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان ولاوازکردن و لەناوبردنی دەستەکەوتەکانی گەلەکەمان،پێویستە سەرۆکایەتییەکانی عێراق و حکومەتی ئیتیحادی،لەناوخۆودەروە ئەرکی دەستووری خۆیان جێبەجێبکەن. دەقی ڕاگەیەنراوی كۆنسهی بهڕێوهبهری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، لەبارەی هێرشەکانی سەر شاری هەولێر: داگیرکەرانی کوردستان بەهەموو شێوەیەک پیلانی لەناوبردنی دەستکەوتەکانمان و سڕینەوەی بوونی نەتەوەییمان بەڕێوەدەبەن،لەباکوروڕۆژهەڵات سیاسەتی نکۆڵیکردن و توانەوە،لەناو بۆتەی نەتەوەی سەردەستدا پەیڕەوەکەن و لەڕۆژئاواوباشوریش پیلانی لەناوبردنی خۆسەری ڕۆژئاواوقەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان جێبەجێدەکەن. لەوچوارچیوەیەدا دەوڵەتی تورکیاوئێران ڕۆژانە، لەهێرش و داگیرکاری بەردەوامن، شەوی ڕابووردوو بۆچەندەمین جار،لەلایەن ئێرانەوەبەموشەک هێرش کراوەتە سەر پایتەختی هەرێمی کوردستان و شوێنی مەدەنی بەئامانج گیراوەو بەوهۆیەشەوە ژمارەیەک قوربانی لێکەوتەوە. ئێمە لەکۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ئیدانەی هەموو جۆرە هێرش و پەلامارێکی سەرگەلەکەمان ودەستکەوتەکانی دەکەین، بەداخەوە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان تەواوکەری پیلانی دەوڵەتانیداگیرکەرن، بەوەی سیاسەتی پەرتکەوزاڵبە وخوڵقاندنی ناکۆکی نێون شارەکانیان پەیڕەوکردووە وئیرادەی خەڵکیان لەبەرانبەر دوژمنانی کورددا لاوازکردووە، کەتەنیا بەوئیرادە ویەکگرتووییە دەتوانیین، ڕووبەڕووی داگیرکەران ببینەوە وپیلانەکانیان شکست پێبهێنرێت، بۆیە ئێمە داوادەکەین: ١- لەهەموو شارەکان خەڵک بەهەموو جیاوازی و چین وتوێژەکانەوەناڕەزیی دەرببڕن و دژی هەرهێرش و پەلامارێک بوەستنەوە. ٢- دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لەهیچ ناوچەیەک ڕێگری لەدەربڕینی ناڕەزایی گەل نەکات،کەدژی داگیرکەرانی ئێران و تورکیا بێت،داوالەڕەوەندی کوردیش دەکەین ناڕەزایی فراوان دەرببڕن و وەک هەمیشە پشتیوانی ناوەوەبن. ٣- داوالەکۆمەڵگای نێودەوڵەتی وهاوپەیمانان دەکەین بێنەدەنگ و سنورێک بۆئەم هێرش و پەلامارانەدابنێن. ٤- بەپێی دەستوورئەرکی سەرۆکایەتیەکانی عێراقی فیدڕاڵ و دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کورستانە،سەروەری خاک وخەڵک بپارێزن و ڕێگەنەدن،لەژێر هیچ پاساوێکدا پێشێلبکرێت و ناوچەکە بکرێتە مەیدانی شەڕویەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان ولاوازکردن و لەناوبردنی دەستەکەوتەکانی گەلەکەمان،پێویستە سەرۆکایەتییەکانی عێراق و حکومەتی ئیتیحادی،لەناوخۆودەروە ئەرکی دەستووری خۆیان جێبەجێبکەن. پارت و لایەنە دەسەڵاتداردوئۆپۆزسێۆنەکانی کوردستان دەبێت ئەوڕاستییەباش بزانن هیچیان بەپشتیوانی دەوڵەتانی دراوسێ ناتوانن بمێنەوە،بۆیە دەبێت یەک و یەکگرووتووبن ولەناوخۆدا کێشەکانی خەڵک چارەسەربکەن و بنەماکانی دیموکراسی و حوکمی ڕەشیدپەیڕەوبکەن، هاوکات،لەسەر ستراتیژێکی نیشتمانی نەتەوەیی ڕێکبکەون،ئەگەر وانەکەن دەبنە هۆکاری لەناوچوونی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان و پیلانی دوژمنان تەواودەکەن. ئێمە لەکۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لەهەموو کارێکی نیشتمانی و نەتەوەییدا، وەک هەمیشەهاوکاروپشتیوان دەبین. ڕۆحی قوربانییەکان شادبێت. هیوای چاکبوونەوە بۆبریندارەکان دەخوازین. کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان كۆنسهی بهڕێوهبهریی 16/01/2024 بروكسل
هاوڵاتی سوپای پاسدارانی ئێران لەدوای هێرشەكانی سەر هەولێر سێ راگەیەنراوی بڵاوكردووەتەوە، بەڵام زانیاری ناو راگەیەنراوەكان دژبەیەك و ناكۆكن. سوپای پاسدارانی ئێران لە 12 كاتژمێری دوای هێرشەكەی سەر هەولێر سێ راگەیەنراوی بڵاوكردوەتەوە، راگەیەنراوی یەكەم و سێیەمیاندا كە تایبەتن بە هێرشەكەی سەر هەولێر. لەڕاگەیەنراوی یەكەمدا سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت " هێرشەكەی هەولێر لەكاردانەوەی هێرشەكەی كرماندا ئەنجامدراوە و بنكەی سیخوڕیی و كۆبوونەوەی دژبەرانی ئێرانی تێدا كراوەتە ئامانج". بەڵام سوپای پاسداراندا لەراگەیەنراوی سێیەمیدا ئەوەی خستوەتەڕوو " ئەو شوێنانەی لە هەولێر بەئامانجیان گرتوون، بنكەی سەرەكی هەواڵگری ئیسرائیل ناسراو بە مۆسادیان تێدا بووە بەموشەكی بالیستی كراونەتە ئامانج، هێرشەكەش لەكاردانەوەی كوژرانی سەركردەكانی سوپای پاسداران و بەرەوی مقاوەمەدا ئەنجامدراون".
هاوڵاتی سەرۆكایەتی هەرێم ئیدانەی هێرشكەی سەر هەولێر دەكات و رایگەیاند هەرێمی كوردستان هەرگیز بۆ هیچ لایەنێك سەرچاوەی هەڕەشە نەبووەو نابێت، بەهانەی سوپای پاسدارانی ئێرانیش بۆ هێرشەكە بێ بنەماو دوورە لەڕاستییەوە. سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی هێرشەكەی سەر هەولێر راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند "زۆر بەتوندی سەركۆنەی ئەو هێرشە دوژمنكارییە دەكەین كە سوپای پاسدارانی ئێران شەوی ڕابردوو بە مووشەكی دوورهاوێژ كردیە سەر هەولێرو لە ئەنجامدا ژمارەیەك هاووڵاتی شەهید و بریندار بوون". "بەردەوامی بەئامانجگرتنی هەرێمی كوردستان و شەهیدكردنی هاووڵاتییان، تاوانكارییەكی بێ پاساو و دژ بە یاسا نێودەوڵەتییەكان و دراوسێیەتی و بەها مرۆیییەكانە، هەروەها پێشێلكردنێكی زەقی سەروەری و ئارامی و سەقامگیریی عێراقە" سەرۆكایەتی هەرێم وا دەڵێت. ئەوەشی خستوەتەڕوو "هەرێمی كوردستان هەرگیز بۆ هیچ لایەنێك سەرچاوەی هەڕەشە نەبووەو نابێت، بەهانەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ هێرشەكە بەتەواوی بێ بنەماو دوورە لەڕاستییەوە" سەرۆكایەتی هەرێم داواش لە حكومەتی فیدراڵیی عێراق دەكات بەپەلە دەست بەلێكۆڵینەوە بكات بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان و ئەركی خۆی لە پاراستنی هەرێمی كوردستان بەجێ بگەیەنێت و ڕێ لەو هێرشانە بگیرێت.
هاوڵاتی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند هێرشەكەی سەر هەولێر لەچوارچێوەی بەرگریكردندایە لە سەروەری و ئاسایشی ئێران و بەهەموو توانای زانیاری و هەواڵگری لە ئۆپەراسیۆنێكی وردو ئامانجداردا شوێنی نەیارانمان كردە ئامانج. ناسر كەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی هێرشەكانی سەر هەولێر راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند "هەنگاوەكانی شەوی رابردوو لە پێناو بەرگری لە دەسەڵات و ئاسایشی وڵات بووەو هێرشەكان بەشێك لە سزای ئێرانە بۆ تێكدەرانی وڵات". وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەوەشی وتوە "ئێران بەردەوام پشتیوانی ئاشتی و سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەكە بووەو بەمافی یاسایی و شەرعی خۆمانی دەزانین رووبەڕووی سەرچاوەكانی هەڕەشە ببێتەوە".
مەسعود بارزانی رایگەیاند دەیانجار شاری هەولێر كەوتۆتە ژێر هێرشی ناڕەوای موشەك و درۆنەكانی سوپای پاسدارانی ئێران و هێزە هاودەستەكانیان و ئیتر دانبەخۆداگرتنمان سنووری هەیەو ناكرێ چیتر لەبەرانبەر ئەو ستەم و ناحەقییە بێدەنگ بین. مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی هێرشەكەی شەوی رابردوی سەر هەولێر یەپامێكی بڵاوكردەوەو تیایدا رایگەیاند"لەساڵی 2020ەوە هەتا ئێستا بە دەیانجار شاری هەولێر كەوتۆتە ژێر هێرشی ناڕەوای موشەك و درۆنەكانی سوپای پاسدارانی ئێران و هێزە هاودەستەكانیان، ئەو هێرش و پەلامارانە زوڵم و ناحەقییەكی ئاشكرایە بەرانبەر خەڵكی كوردستان". ئەوەشی وتوە "ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانەو ئەوانەی لەپشتەوەی هێرشەكانی سەر هەولێرن، خۆیان زۆر چاك دەزانن كە بوختان و بیانوو و ئیدعاكانیان هیچ بنەمایەكی نیەو بۆ داپۆشینی كێشەو گرفتەكانیان ئەو دەستدرێژی و زوڵمە لە دژی هەولێرو خەڵكی كوردستان ئەنجام دەدەن". بارزانی دەشڵێت "ئیتر دانبەخۆداگرتنمان سنووری هەیە، ئەوەتا لە دوایین پەلامارو تاوانیاندا شەوی ڕابردوو خێزانێكی بێتاوانی هەولێریان كۆمەڵكوژ كردووە كە زۆر ب توندی ئیدانەی ئەو تاوانە دەكەین. گومانی تێدا نییە ئەو پەلامارە نە مەردایەتییەو نە شەهامەت، بەڵكو ئەوپەڕی شەرمەزارییە بۆ تاوانباران". "لێرەدا ڕووی قسەم بۆ گەلانی ئێرانەو هەمیشە ڕێزو حورمەتمان بۆ گەلانی ئێران هەیەو دەستی دۆستایەتی و برایەتیان بۆ درێژ كردووە. دەمەوێ دڵنیایان بكەمەوە ئەو بیانوانەی پەلاماردەران بۆ تاوانەكانیان لەدژی هەولێرو خەڵكی كوردستان دەهێننەوە هیچ ئەسڵ و ئەساسێكی نیە و دوورە لە ڕاستی، داواتان لێ دەكەم ئەگەر پەلاماردەران ڕێگەتان پێ بدەن، خۆتان وەرن بەچاوی خۆتان لە هەولێر ڕاستییەكان ببینن" سەرۆكی پارتی وا دەڵێت. مەسعود بارزانی لەبەشَكی تری پەیامەكەیدا رایگەیاندوە "ناكرێ هەتاسەر ئەوان لەو زوڵمە بەردەوام بن و، ناشكرێ چیتر لەبەرانبەر ئەو ستەم و ناحەقییە بێدەنگ بین، پەیامیشم بۆ ئەنجامدەرانی پەلاماری موشەك و درۆنەكانی ئێرانی ئەوەیە، دەتوانن بمانكوژن بەڵام دڵنیا بن ناتوانن ئیرادەمان لێ بستینن".
هاوڵاتی ئەو لیژنەی لێكۆڵینەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاریدا لەبارەی هێرشەكەی سەر هەولێر بۆ لێكۆڵینەوەكانیان لەبەغداوە بەرەو هەولێر كەوتنەڕێ. محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاریدا لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لەبارەی هێرشەكەی شەوی رابردوی سەر هەولێر پێكبهێنرێت و دوای بڕیارەكەش قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق بەسەرۆكایەتیی لیژنەیەكی ئەمنی بەرەو هەولێر بەڕێكەوت بۆ لێكۆڵینەوە لەبارەی هێرشە مووشەكییەكەی سەر هەولێر. وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەنراوێكیدا ئیدانەی هێرشەكەی سەر هەولێر دەكات و رایگەیاند"حكومەتی عێراق ئیدانەی خۆی بۆ دەستدرێژییەكانی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر دەردەبڕێت، كە بۆردومانكردنی شوێنە سەلامەتەكانی نیشتەجێبون بە موشەكی بالیستیك دەكرێت، لەئەنجامیشدا بوە هۆی زیانی گیانی لەنێو هاوڵاتیانی مەدەنیدا". ئەوەشی خستوەتەڕوو "لەبەرچاوگرتنی ئەو وێرانكارییەی كە بەهۆی بۆردومانەكەو كەوتنەوەی ژمارەیەك قوربانی بێتاوان لە ئەنجامی بۆردومانی شوێنەكانی نیشتەجێبون، لەوانەش شوێنی نیشتەجێبونی سەرمایەداری كورد پێشڕەو دزەیی و ئەندامانی خێزانەكەی، حكومەتی عێراق ئەم هەڵسوكەوتە بەدەستدرێژی بۆ سەر سەروەری عێراق و ئاسایشی گەلی عێراق و زیانگەیاندن بە دراوسێیەتی باش و ئاسایشی ناوچەكە دەزانێت". "هەموو ڕێوشوێنە یاساییەكان بەرامبەر بە ئێران دەگیرێتەبەر، لەوانەش پێشكەشكردنی سكاڵا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش" وەزارەتی دەرەوەی عێراق وا دەڵێت.
هاوڵاتی لاهور شێخ جەنگی ئیدانەی هێرشەكەی سەر شاری هەولێر دەكات، راشیگەیاند ناكۆكی و دووبەرەكی نێوان لایەنەكان لە هەرێمی كوردستان ئەوەندەی تر دەستی دوژمنانی كوردی واڵاكردوە پێشێلكارییەكانیان لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدەن. لەبارەی هێرشەكانی شەوی رابردوی سەر هەولێر پەیامێكی بڵاوكردەوەو تیایدا هاتوە "دڵمان لای هەولێرو هەولێرییەكانە، بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشە ترسنۆكانەی سەر شاری هەولێری خۆشەویست دەكەم كە تیایدا هاووڵاتییانی مەدەنی بوونە قوربانی، سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانییەكان دەكەم، هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ بریندارەكان دەخوازم". لاهور شێخ جەنگی راشیگەیاند "داوا لە وڵاتانی دراوسێ دەكەم ڕێز لە سەروەریی خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان بگرن، ئەركی حكومەتی فیدراڵییە كە رێگە لەم پێشێلكارییانە بگرێت". لەبەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا ئەوەشی وتوە "بەداخەوە ناكۆكی و دووبەرەكی نێوان لایەنەكان لە هەرێمی كوردستان ئەوەندەی تر دەستی دوژمنانی كوردی واڵاكردووە كە زۆر بەئاسانی بتوانن پێشێلكارییەكانیان لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدەن، پێویستە لایەنە سیاسییەكان چیتر نەبنە داردەستی وڵاتان و جێبەجێكردنی ئەجندای ئیقلیمی بۆ لەناوبردنی ئەزموونەكەمان".
هاوڵاتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئیدانەی هێرشەكەی هەولێر دەكات و دەڵێت هێرشەكانی ئێران سەقامگیری عێراق تێكدەدات. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەبارەی هێرشكەی شەوی رابردوی سەر هەولێر، راگەیەنراوێكی بڵاویكردەوەو رایگەیاند "واشنتۆن ئیدانەی هێرشەكانی ئێران بۆسەر هەولێر دەكات و دژایەتی خۆشی بۆ هێرشە بێباكەكانی ئەو وڵاتە دەردەبڕێت كە دەبنە هۆی دروستكردنی ناسەقامگیری لە عێراقدا". "بۆ بەرقەراركردنی سەقامگیری و بەدیهێنانی خواستەكانی گەلی عێراق، بەردەوام دەبین لە پشتگیریكردنی یەوڵەكانی حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان" وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا وا دەڵێت. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بۆئەوانەی لە ھێرشەكەشدا گیانیانلەدەستداوە، پرسەنامە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی بنەماڵەكانیان كرد.
هاوڵاتی پارێزگاری هەولێر داوا لەگەورەو بچووك و چین و توێژەكانی هەولێر دەكات بۆ گەیاندنی دەنگی مەزڵومیەت و ڕیسواكردنی بكەرانی هێرشەكانی سەر هەولێر لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان گردبوونەوەی جەماوەری بكەن. ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رایگەیاند "لەپێناو ئیدانەكردن و شەرمەزاركردنی ئەو هێرشە ناڕەوایەی دوێنێ شەوی سەر هەولێری هەمیشە سەربەرزو كردەوە تیرۆریستیەكانی پێشوتریش، ئەمڕۆ ژمارەیەك هاوڵاتی شارەكەمان داوای مۆڵەتی خۆپیشاندانیان كردوە". پارێزگاری هەولێر ئەوەشی خستوەتەڕوو" بڕیارە كاتژمێر 10:30 خولەكی ئەمڕۆ گەورەو بچووك چین و توێژەكان، بۆ گەیاندنی دەنگی مەزڵومیەت و ڕیسواكردنی بكەرانی ئەوتاوانە لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان لەسەر شەقامی 100 مەتری گردبوونەوەی جەماوەری بكەن و مۆڵەتیان پێدراوەو ئێمەش پشتیوانیان لێدەكەین و لەگەڵیان دەبین". "بۆیە داوا لەجەماوەری هەمیشە سەربەرزی هەولێرو دەووربەری دەكەین، بۆ گەیاندنی دەنگی هەولێرو پڕۆتستۆكردنی ئەو تاوانە، بەشداری فراوان بكەن" ئومێد خۆشناو وا دەڵێت.
هاوڵاتی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەبارەی هێرشەكانی شەوی رابردووی سەر هەولێر رایگەیاند بەتوندی ئەم تاوانە بەرامبەر بەخەڵكی كوردستان شەرمەزار دەكەم و داوا لە حكومەتی فیدراڵی دەكەم هەڵوێستی توندیان هەبێت بەرامبەر بەم پێشێلكارییەی دەكرێتە سەر سەروەریی عێراق و بەتایبەتی هەرێمی كوردستان. مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی هێرشەكانی شەوی رابردووی سەر هەولێر پەیامێكی بڵاوكردەوەو ئاماژەی بەوەداوە "جارێكی دیكە هەولێری سەربەرز كرایەوە ئامانجی هێرشی موشەكیی سوپای پاسدارانی ئێران، بەداخەوە لە ئەنجامی ئەم هێرشە بێ پاساوە، شەهید و برینداری سڤیل هەیە، بە توندی ئەم تاوانە بەرامبەر بە خەڵكی كوردستان شەرمەزار دەكەم" سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەشڵێت "داوا لە حكومەتی فیدراڵی دەكەم هەڵوێستی توندیان هەبێت بەرامبەر بەم پێشێلكارییەی دەكرێتە سەر سەروەریی عێراق و بەتایبەتی هەرێمی كوردستان". "داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەم لە سەر ئەو ستەمكاریەی بەرامبەر بە خەڵكی كوردستان دەكرێت بێنە دەنگ، لەڕۆژانی داهاتوودا لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پەیوەندیی بەردەوامدا دەبین لە پێناو كۆتایی هێنان بەم هێرشە دڕندانانەی دەكرێنە سەر خەڵكی بێ تاوانی كوردستان" سەرۆكی حكومەت لەپەیامەكەیدا وا دەڵێت.
