هاوڵاتی بۆ جارێ سێیەم رۆژنامەنوس گۆهدار زێباری لە لە دادگای هەولێر دادگایی کرا و سزای شەش مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنرا بەهۆی "هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت." ئەمڕۆ 1ی تشرینی یەکەمی 2023 گۆهدار زێباری لەسەر "هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت" لە دادگای هەولیر بۆ ماوەی شەش مانگی تر سزادا. زێدان زێباری، برای گۆهدار زێباری بە هاوڵاتی راگەیاند،" ئەمرۆ براکەم جارێکی تر بە ناحەق سزادرا و بوماوەی شەش مانگی تر لەچاکسازی گەوران دەمێنێتەوە ئینجا ئازاد دەکرێت، بڕیارەکە ناحەقییەکی گەورەیە و ستەمێکی گەورە لەبەرامبەر ئێمە و گۆهدار کرا." زێدان زێباری وتیشی، "بڕیارەکە لەسەر ئەو تاپڕە دەرکراوە کە لەو شوێنەی گۆهدار دەستگیرکراوە دۆزراوەتە بەڵام تاپرەکە هی ئەو نەبوو، بەهەموو شێوەیەک بڕیارەکە ڕەت دەکەینەوە." رۆژنامەنوس گۆهدار زێباری لە 22ی مانگی تشرینی یەکەمی 2020 بە تۆمەتی تێكدانی ئاسایشی ناوخۆ دەستگیرکرا سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا. بواتر بە فەرمانێكی سەرۆكی هەرێم سزاكەی كەمكرایەوە، بەڵام دوو كەیسی دیكەی لە دژ تۆماركرا بەر لەوەی ماوەی زیندانیكردنەكەی لە 16 ی مانگی ئازاری 2023 تەواوببێت و جارێكی دیكە حوكمی زیندانی درایەوە بە تۆمەتی گۆڕینی "لۆگۆی ئۆتۆمبیلەكەی". پاشان ڕۆژێك بەر لەوەی ماوەی زیندانیكردنەكەی لە 16 ی مانگی ئابی 2023 تەواوببێت و ئازادبكرێت، ئەم جارەیان گۆهدار گواسترایەوە بۆ زیندانی ئاسایشی گشتی بە تۆمەتی "هەڵگرتنی چەك بەبێ مۆڵەت."
هاوڵاتی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی روداوی ئاگرەکەی حەمدانییەی ئاشکرا کرد و دەڵێت ئاگرەکە بەهۆی یارییە ئاگرینەکانەوە بووە و روداوەکە "بەئەنقەست نەبووە بەڵکو کەمتەرخەمی بووە." لیوا کازم سەلمان بورهان، راوێژکاری وەزیری ناوخۆی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند هۆکاری روداوەکەی حەمدانییە بەهۆی یارییە ئاگرینەکان بووە و لە بنمیچ (سەقف)ی هۆڵەکە چەند ماددەیەک هەبووە کە بەشێوەیەکی خێرا گڕ دەگرن کە بریتین لە ماددەی ئەزبێز و ساندویچ پەناڵ و ماددەی پلاستیکی. لیوا کازم ئەوەشی خستەڕوو تەشەنەکردنی ئاگرەکەش بەهۆی جۆرە قوماشێک بووە و لەناو هۆڵەکەشدا دەرگای تایبەت نەبووە بۆ حاڵەتی لەناکاو تا ئامادەبووان لێیەوە دەربچن. لە کۆنگرەکەدا ئەوەش خرایەڕوو کە دوای ئاگرەکە، 600 کەس لەنێو هۆڵەکە رزگار کراون و 21 ئۆتۆمبێل بەشدارییان لە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدا کردووە، 107 کەسیش لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە و 82 برینداریش هەن. لیژنەکە باسی لەوەش کرد کە روداوەکە "بە ئەنقەست نەبووە و کەمتەرخەمی هەبووە" و ناوی هەندێک بەرپرس خوێندرانەوە کە "کەمتەرخەم بوون" و لێکۆلینەوەیان لەگەڵ دەکرێت. روداوەکە لە درەنگانی شهوی سێشەممە 26ی ئەیلولی 2023 له هۆڵێكی ئاههنگگێڕانی هاوسهرگیری له قهزای حهمدانییهی سەر بە پارێزگای نەینەوا رویدا.
هاوڵاتی شاندێکی باڵای ئەمنی عێراق، بەئەندامێتی بەرپرسانی هەرێم، بەمەبەستی تەواوکردنی جێبەجێکردنی رێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوان عێراق و ئێران بەرەو تاران بەرێکەوت. ئەمڕۆ یەکشەممە 1ی تشرینی یەکەمی 2023، نوسینگەی راگەیاندنی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند، "بەیانی ئەمڕۆ لەسەر فەرمانی محەممەد شیاع سودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، شاندێکی باڵای ئەمنی عێراق بە سەرۆکایەتیی قاسم ئەعرەجی بەرەو ئێران بەڕێکەوت." لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە کە ئامانج لە سەردانەکە تەواوکردنی رێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوان عێراق و ئێرانە سەبارەت بە چەکداماڵینی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان و جێگیرکردنیان لە بنکە و بارەگاکانی عێراق. رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هیوا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە شاندەکەدا ئەندامن. ئەمە لەکاتێکدایە کە بەغدا رایگەیاندووە رێککەوتنەکە وەک خۆی جێبەجێکراوە و حزبەکانی رۆژهەلات لە سنوری ئێران دوورخراونەتەوە، بەڵام بەشێک لە بەرپرسانی ئێران دەڵێن رێککەوتنەکە هێشتا وەک خۆی جێبەجێنەکراوە.
هاوڵاتی سبەینێ یەکشەممە بۆ جاری سێیەم رۆژنامەنووس گۆهدار زێباری لەسەر هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت دادگایی دەکرێت و خانەوادەکەشی داوا دەکەن چالاکوانان لە دادگاییکردنەکەی ئامادەبن و رێکخراوە نیودەوڵەتییەکان داکۆکی لە ئازادکردنی بکەن. گۆهدار زێباری ماوەی 15 رۆژە مانی گرتووە بەهۆی ئەوەی لە 16ی مانگی رابردوو تۆمەتێکی درایە پاڵ کە ئەویش "هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت" بوو و بەێێ وتەی خانەوادەکەی ئەو چەکەی گیراوە "تاپرێکی باپیری بووە کە لەکاتی دەستگیرکردنیدا دەست بەسەردا گیراوە." گۆهدار زێباری بڕیاربوو ١٦ی ئاب ئازاد بکرێت بەڵام بەهۆی ئەو تۆمەتەوە ئازاد نەکرا و دادگایی کردنی خرایە ١ی تشرینی یەکەم. زێدان زێباری برای گۆهدار بە هاوڵاتی راگەیاند، "سبەی بۆ جاری سێیەم براکەم دادگایی دەکرێت لەسەر ئەو کەیسەی کە تاپرێک لەوشوێنەی گوهدار دەستگیرگراوە دەستی بەسەرداگیراوە، لێرەوە داوا لە ئازادیخوازان و هەرکەسێکی بەرگریکار لەکەیسی ئازادی و کەیسی زیندانیانی بادینان دەکەین وەک پاڵپشتیەک سبەی ئامادەبن لەدادگا، هیوادارین سبەی دادوەران و دادگا بێ لایەنی خۆیان بسەلمێنن و بڕیارێکی ڕاست و دروست دەربکەن." زێدان زێباری دەشڵێت، "داوکارین نوێنەری وڵاتان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ھەموو خەڵک و لایەنەکان ئەم پرسە بە قەزیەی خۆیان بزانن و بەرگری لە گۆھدار زێباری و هاورێیەکانی بکەن."
هاوڵاتی کۆمەڵێک هاوڵاتیانی شاری سلێمانی سکاڵایان لەسەر بەڵێندەرێکی عەرەب تۆمارکردووە کە بەناوی خانوو دروستکردنەوە پارەی هاوڵاتیانیان بردووە و خۆیان دەڵێن کە مەزندە دەکەن زیاتر لە یەک ملیار دیناری بردبێت. لە بەیاننامەیەکدا کۆمەڵێک هاوڵاتی شاری سلێمانی دەڵێن، ئەو کەسەی پارەکەی بردووە ناوی فەواز فەرحانە و لە ئێستادا ئاسایشی سلێمانی دەستگیریکردووە، داواش دەکەن حکومەتی هەرێم بەهانایاناەوە بچێت و "نەهێڵێت ئەم بەڵێندەرە لە سلێمانی هەڵبێت هەتا ماف و پارەکانمان بۆ دەگەڕێنێتەوە." دەقی بەیاننامەکە: بۆ ڕای گشتی کوردستان و بەرپرسانی حکومەتی هەرێم، بەڵێندەرێکی عەرەب بەناوی فەواز فەرحان مونسی (ناسراو بە ئەبو مستەفا) کە ئێستا لە لایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیرکراوە، پارەی ئێمەو دەیان هاوڵاتی تری دانیشتووی سلێمانی خواردووە، لە ئێستادا زۆربەمان سکاڵامان لەسەر تۆمارکردووە لەبەر ئەوەی پارەیەکی زۆری لێوەرگرتووین تا خانوومان بۆ دروست بکات، یان خانوومان بۆ نۆژەن بکاتەوە. بەڵام نە خانوەکەی بۆ دروست کردووین و نە پارەکەشمان بۆ دەگەڕێنێتەوە. وا مەزەندە دەکرێت ئەبومستەفا بە بەهای زیاتر لە یەک ملیار دینار (هەزار ملیۆن) پارەی خەڵکی سلێمانی خواردبێت بەم جۆرە، بەشێکی کەمی ئیشی خانوەکانی کردووە، کە زۆربەی هەر بنچینەکەی بۆ دروستکردوون، جێی هێشتووە. ئەبو مستەفا، جگە لەوەی پارەی خانوەکانی خواردووە، هاوکات ئەو کرێکارو کاسبکارانەش کە هێناویەتی بۆ ئەوەی بەشێکی ئیشەکانیان پێ بکات، بە قەرز هێناونی و پارەی بە کەسیان نەداوە. ئەندازایار وکرێکارو نەخشەسازی بیناو شارەزای بواری کارەبایی و بۆڕی ئاوی هێناوەو کاری پێکردوون بە قەرز، هێشتا پارەی هیچیانی نەداوە بەگوێرەی وتەی ئەو کەسانەیان کە سکاڵایان تۆمارکردووە لە سەری. هاوکات چیمەنتۆو شیش و لم و بلۆک هەموو کەرەستەکانی تری بیناسازی بە قەرز لە سلێمانی کڕیوە و پارەی نەداوە، لە ئێستادا دەیان کەس سکاڵایان لەسەر تۆمار کردووە و داوای پارەی کەرەستەکانیان دەکەن. ئێمە کە ناوو ژمارە تەلەفۆنمان لە خوارەوە هاتووە، داوا لەحکومەتی هەرێم دەکەین بەهانامانەوە بێت و یاسا سەروەربکات لەم کەیسەدا و نەهێڵێت ئەم بەڵێندەرە لە سلێمانی هەڵبێت هەتا ماف و پارەکانمان بۆ دەگەڕێنێتەوە. لای خوارەوە ناوو ژمارە تەلەفۆنی هەندێک لەو کەسانەی کە سکاڵایان لەسەر ئەبو مستەفا هەیە لە سەر ئەوەی کە پارەی خواردوون. مامۆستا دارا، خاوەنی خانوو : ٠٧٧٥٨٤٩٠٩٠٤ کاک سیروان، خاوەنی خانوو: ٠٧٧٠١٩٤٧٠٠٧ کاک کاوە، خاوەنی خانوو: ٠٧٧٣٥٩٩٩٥٨٤ کاک هەڵۆ خاوەنی خانوو: ٠٧٧٠١٤٢٣٤٨٩ محەمد، خاوەنی خانوو: ٠٧٧٠١٣٠٣١٠٥ کاک بەهادین، خاوەنی خانوو: ٠٧٧١٩٧١٣٠٢٨ کاک بەختیار، خاوەنی خانوو: ٠٧٧٠١٢٥٢٥٣٥ کاک کارزان، خاوەنی خانوو: ٠٧٧٠١٥٤٦٧٥٦ کاک کاروان، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری خانوو: ٠٧٧٠٧٧٠١١٢٦ کاک ئەحمەد، خاوەن کۆمپانیای کۆنکرێتی ئامادە: ٠٧٥٠١٥٠٨٨٨٨ سوارە، وەستای دیکۆری بیناسازی: ٠٧٧٣٢٦٤٣٢١٢ کاک عوسمان عەبدولله، وەستای بەننا: ٠٧٧٠٩٤٠٠٣٥٧ کاک عیماد، دارتاشی بیناسازی: ٠٧٥١٧٥٨٥٥٣٧ کاک ئازاد، وەستای دامەزراندنی بۆڕی و سیستەمی ئاوەڕۆ: ٠٧٧٠١٤٣٩٦٥٨
هاوڵاتی لە کارنامەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بڕگەی دەنگدان لەسەر بە پارێزگابوونی هەڵەبجە هەڵگیرا و بۆ کاتێکی نادیار دواخرا. شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق راگەیاند، بریادرا بڕگەی دەنگدان لەسەر بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان لاببرێت، ئەویش دوای گفتوگۆی سەرۆکی فراکسیۆنە کوردییەکان و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان. ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەشکرد کە هێشتا دیار نییە کەی بڕگەکە دەخرێتەوە دەنگدان و بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە. بەپێی زانیارییەکان، لابردنی ئەو بڕگەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بەشیکی فراکسیۆنە شیعە و سوننەکان تەنها بە مەرج دەیانەوێت دەنگ بدەن بە پرۆژەیاساکە
هاوڵاتی بەهۆی تەواونەبونوی رێژەیی یاسایی کۆنگرەی بزوتنەوەی ئیسلامی دواخرا. وابڕیاربوو ئەمڕۆ شەممە 30 ئەیلولی 2023، کۆنگرەی بزوتنەوەی ئیسلامی بەرێوەبچێت، بەڵام بەهۆی هەبوونی کێشە و ناکۆکی لەنێوان دوو باڵەکەی بزوتنەوەکەدا کە نەیانتوانی رێژەیی یاسایی تەواو بکەن، کۆنگرەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا. ئەندامانی کۆنگرەی بزوتنەوە دوو هەزار ئەندامن و بۆ ئەوەی رێژەیی یاسایی تەواو ببێت دەبێت هەزار و 300 ئەندام بەشداری بکەن، بەڵام ئەمڕۆ ژمارەکە کەمتر بووە، هەر بۆیە کۆنگرەکە دواخراوە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ باڵی کامیلی حاجی عەلی، باڵی عیرفان عەبدولعەزیزی بەوە تۆمەتبار کرد کە پێشێلکارییان لە کۆنگرە کردووە و کامیلی حاجی عەلی رایگەیاند، "بەهۆی زیاد کرنی زیاتر لە 170 کەس لەلایەن باڵی حاجی عیرفانەوە بایکۆتی کۆنگرە دەکەین." ساڵێک لەمەوبەر و لە مانگی شوباتی 2022 بزوتنەوەی ئیسلامی دوانزەهەمین کۆنگرەی خۆی بەست کە دواتر ناکۆکییەکی زۆری لێکەوتەوە و عیرفان عەبدولعەزیز و کامیلی حاجی عەلی هەریەکەیان لە رێوڕەسمی جیادا خۆیان وەکو رابەری بزوتنەوەکە ناساند و لەوکاتەوە ناکۆکییەکان بەردەوامن.
هاوڵاتی دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی رایگەیاند لەگەڵ ئهندامانی لیژنهی دارایی پهرلهمانی عێراق كۆبونهتهوه و هەوڵ دەدەن موچەی مامۆستایانی هەرێم بخەنەسەر سەر بەغدا و 200 هەزار واژۆی پێویستە. لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دەستەکە باسی لەوە کرد لە سەردانەکەیاندا بۆ بەغدا لە رۆژی سێشەممە 26ی ئەیلولی 2023، لەگەڵ قەیس خەزعەلی، ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی حەق و ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبونەوەتەوە و داواكاری دامهزراندنی وانهبێژان، یهكخستنی سیستمی موچه له زاخۆوه تا بهسره و گرفتی مامۆستایانی خوێندنی كوردی له كهركوك، ههروهها خواستی موچهخۆران له دابهشكردنی راستهوخۆی موچهكانیان بە بهغداوه بهكارتی بانكی باسكران و داوای چارهسهری كێشهكانیان كردووە. لە بەیاننامەکەی دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان کە لەلایەن دڵشاد میرانییەوە خوێندرایەوە باس لەوەش کراوە کە قهیس خهزعهلی "بهڵێنیدا چیتر رێگهنادهن موچهی فهرمانبهرانی ههرێم دوابكهوێت... و دهبێته زمانحاڵ و بهرگریكاری فهرمانبهرانی ههرێمی كوردستان." هەر لە کۆنگرەکە رۆژنامەوانییەکەدا دڵشاد میرانی رایگەیاند تا ئێستا 60 هەزار ئیمزا کۆکراوەتەوە و ئەگەر ببێتە 200 هەزار ئیمزا ئەوا لەماوەی 15 رۆژدا بەشێوەیەکی یاسایی کار دەکرێت بۆ ئەوەی موچەی مامۆستایانی هەرێم بخرێتە سەر بەغدا.
هاوڵاتی باڵی کامیلی حاجی عەلی لە بزوتنەوەی ئیسلامی بایکۆتی کۆنگرەی بزوتنەوەکەیان کرد بەهۆی ئەوەی کە وەک خۆیان دەڵێن باڵی بەرامبەر، کە باڵی عیرفان عەبدولعەزیزە، 170 کەسی بۆ کۆنگرە زیاد کردووە. کامیلی حاجی عەلی لە پەرەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک باڵی عیرفان عەبدولعەزیزی بە پێشێلکاری لە کۆنگرە تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، "بەهۆی زیاد کرنی زیاتر لە 170 کەس لەلایەن باڵی حاجی عیرفانەوە بایکۆتی کۆنگرە دەکەین." کامیلی حاجی عەلی دەشڵێت، تا ئەو کاتەی پێشیلکارییەکان راست نەکرێنەوە لە بایکۆت بەردەوام دەبن. بایکۆتی ئەو باڵە لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ سیانزەهەمین کۆنگرەی بزوتنەوەکە دەستیپێکرد. ساڵێک لەمەوبەر و لە مانگی شوباتی 2022 بزوتنەوەی ئیسلامی دوانزەهەمین کۆنگرەی خۆی بەست کە دواتر ناکۆکییەکی زۆری لێکەوتەوە و عیرفان عەبدولعەزیز و کامیلی حاجی عەلی هەریەکەیان لە رێوڕەسمی جیادا خۆیان وەکو رابەری بزوتنەوەکە ناساند و لەوکاتەوە ناکۆکییەکان بەردەوامن.
حکومەتی هۆڵەندا رایگەیاند 120 سەربازی دیکە و سێ هەلیکۆپتەری چینووک رەوانەی عێراق دەکات. حکومەتی هۆڵەندا لە بەیاننامایەکدا بڵاویکردەوە کە 120 سەرباز و سێ هەلیکۆپتەری چینووک دەنێرێت بۆ عێراق لە چوارچێوەی ئەرکی هاوپەیمانی ناتۆ بۆ عێراق. ئەمە لەکاتێکدایە کە لە مانگی تەمووزدا هۆڵەندا رایگەیاند 145 سەرباز لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە دەنێرێت بۆ عیراق. هۆڵەندا ئەندامێکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعشە کە لە ساڵی 2014 بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش دامەزرا و حکومەتی وڵاتەکە لە رێگەی ناردنی سەرباز و راوێژکاری سەربازییەوە یارمەتی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراقی لە رووبەڕووبوونەوەی داعش دا، ئەمە جگەلەوەی لە پڕۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەش رۆڵێکی کارای هەیە.
هاوڵاتی سەرکردەیەکی داعش لە سنووری رەققەی سوریا، لە ئۆپراسیۆنێکی ھاوبەشی ھاوپەیمانان و ھەسەدەدا دەستگیرکرا. روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، ھێزەکانی سوریای دیموکرات-ھەسەدە، لە ئۆپراسیۆنێکدا بە بەشداری ھێلیکۆپتەری ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، دابەزینێکی ئاسمانییان لە یەکێک لە کیڵگەکان لە رۆژئاوای پارێزگای رەققە ئەنجامداوە. راشیگەیاند، ھێزەکەی ھەسەدە لەگەڵ تیرۆریستانی داعشدا دووچاری پێکدادان بوون و دواتر سەرکردەیەکی داعشیان دەستگیرکردووە، بەڵام وردەکاریی لەبارەی ئەو تیرۆریستەوە ئاشکرا نەکراوە.
هاوڵاتی بڵاوبوونەوەی گرتەڤیدیۆییەکی ساتی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی قەزای حەمدانییە، کە کەسێک بە دەموچاوی بەستراوەوە، دەستی بەرزدەکاتەوە و بە پەنجەکانی هێمای سەرکەوتن نیشان دەدات گوماندەخاتە سەر ڕوداوەکە. وەک لە گرتە ڤیدیۆکەدا دیارە کە لە ساتی ئاگرکەوتنەوەکە تۆمارکراوە، چەند گەنجێک کۆبوونەوەتەوە و لە پشتیانەوە ئاگر لە هۆڵەکە کەوتووەتەوە و هیچ یەکێکیان وادەرناکەون کە هاوکاری ئەو کەسانە بکەن کە بەهۆی ئاگرەکەوە برینداربوون یان لەناو هۆڵەکە گیریان خواردووە. هاوکات یەکێک لەو کەسانەی لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، رووخساری خۆی داپۆشیوە و دەستی بەرزکردووەتەوە و بە دوو پەنجەی دەستەکانی هێمای سەرکەوتن نیشان دەدات، بەبێ ئەوەی روونبێتەوە، هۆکاری ئەو کارەی چییە. ئەم گرتە ڤیدیۆییە بووەتە هۆی توڕەیی کەسوکاری قوربانییانی رووداوەکەی حەمدانییە و گومانی ئەوە دەکەن کە دەستێک هەبێت لە پشتەوەی ئەنجامدانی ئەو رووداوە و داوایان لە دەزگا ئەمنییەکان دەکەن لۆکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت. درهنگانی شهوی 26ی ئهم مانگه، ئاگرێکی بەرفراوان لەناو هۆڵێکی بۆنە و ئاهەنگەکان لە حەمدانییە لە پارێزگای کەوتەوە و بەهۆیەوە سەدان قوربانی لێکەوتەوە، دوای روداوهكهش سەدان هاوڵاتی عێراقی ماتەمینییان گێڕا و له ههرێمی كوردستانیش سێ رۆژ ماتهمینی راگهیهندرا. ئەو ڕوداوە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 100 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 150ی دیکە. هاوکات تا ئێستا بەپێی لێکۆڵینەوەکانی بەرگریی شارستانی، هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە پابەندنەبوون بووە بە رێنوێنییەکانی بەرگریی شارستانی لەکاتی دروستکردنی هۆڵەکەدا و خراپیی کوالێتیی ئەو کەرەستانە بووە لە دروستکردنیدا بەکارهاتوون. بەوهۆیەشەوە تاوەکو ئێستا خاوەنی هۆڵەکە و زیاتر لە 10 کەسی دیکە دەستگیرکراون.
عەممار عەزیز لەگەڵ دەستپێكردنەوەی خوێندن خوێندكارانی سەنتەری قەزای شەنگال، رووبەڕووی كێشەی كەمیی كتێب دەبنەوە ، بەوتەی بەڕێوەبەری قوتابخانەیەك نۆ ساڵە ئەم كێشەیە چارەسەر نەكراوەو خوێندنكارانی 12ی ئامادەیی بەبێ كتێب دەچنە هوڵەكانی خوێندن . بەڕێوەبەری قوتابخانەیەكی كوردی لەناوەندی قەزای شەنگال باس لەكێشەكانی خوێندنی كوردی دەكات لەسنورەكە كەمال حەسەن ، بەڕێوەبەری ئامادەیی سەركەوتن لەناوەندی شەنگال بەهاوڵاتی وت: كێشەی كەمیی كتێب هی ئەمساڵ نیە ، هەر لەدوای ئازادكردنی شەنگال لەژێر دەستی داعش تاوەكو ئێستا بەیەكجاری چارەسەرنەكراوە ، وتیشی 225 خوێندكار لەئامادەیی سەركەوتن دەوام دەكەن تائەم ساتە خوێندكارانی 12ی ئامادەیی یەك كتێبیان وەرنەگرتووەو خوێندكارانی قوناغی 10 و 11ی ئامادەییش 85٪یان كتێبیان وەرگرتووە، ئەو كتێبانەش كەپێیان دراوە كۆنن. « مامۆستایان پڕۆگرامی خوێندن زیاتر لەسەر تەختەی سپی ( سەبورە) دەنووسنەوەو خوێندكاران دەیخەنەسەر دەفتەرو بەشێكیشی بەكۆپیكراوی وەردەگرن ، بەرپرسانی پەروەردە بەڵێنیان داوە هەفتەی داهاتوو كتێبی نوێ رەوانەی شەنگال بكەن، ئەگەر بەدەستیشمان نەگات ئەوا هەر لەسەر شێوازەكەی خۆمان بەردەوام دەبین « بەڕێوەبەری ئامادەیی سەركەوتن لەناوەندی شەنگال وای وت. دیار ماڵلا، خوێندكاری قۆناغی 12ی ئامادەییە لەشەنگال، تائێستا هیچ كتێبێكی وەرنەگرتووە، رۆژانە بەبێ كتێب دەوام دەكات. ئەو خوێندكارە بەهاوڵاتی وت: دوو هەفتەیە دەوام دەكەین تائێستا یەك كتێبم وەرنەگرتووە، رۆژانە مامۆستاكان هەموو بابەتەكان لەسەر تەختەی سپی دەنووسنەوە ئێمەش بەشێكی لەسەر دەفتەرەكانی خۆمان دەنووسینەوە ئەوەی مایەوە لەدەرەوە كۆپی دەكەین، یان لەڕێگای یوتیوب لەماڵەوە دەخوێنین. دیار وتیشی: نازانم بۆچی جیاوازی لەنێوان ئێمەو خوێندكارانی 12ی ئامادەیی لەكەمپەكان و ناوچەكانی تر دەكرێت، ئەوان هەموو كتێبیان وەرگرتووە، ئەوە سەرەتایترین مافی ئێمەیە كە بەداخەوە تائێستا لێی بێبەش بووین، داوا لەبەرپرسان دەكەم بەزووترین كات كتێبمان بۆ بنێرن تا لەم كێشەیە رزگاربین . لەسەنتەری قەزای شەنگال و دەوروبەری دوو پەروەردە هەیە، پەروەردەی عەرەبی لەگەڵ كوردی، ئەمساڵ ژمارەی خوێندكارانی بەشی كوردی 15 هەزار خوێندكارن كە لە 63 خوێندنگای بنەڕەتی و ئامادەیی دەخوێنن . سەبارەت بەكێشەی قوتابخانە كوردییەكان، شەهاب ئەحمەد ، جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی شەنگال بەهاوڵاتی وت: پێش 10 رۆژ بەفەرمی لەڕێگای ئیدارەی پارێزگای دهۆك نووسراوێكی فەرمیمان ئاراستەی ئیدارەی پارێزگای نەینەوا كردووە تاهاوكارمان بن بۆ رەوانەكردنی كتێب، كێشەی سەرەكی بازگەكانی نێوان شەنگال و نەینەوایە تا ئەوان رازی نەبن ناتوانین كتێبەكان رەوانەی قەزاكە بكەین، هەموو ساڵێك ئەوە حاڵمانە. شەهاب ئەحمەد، وتیشی: بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی دهۆك ژمارەیەكی زۆر كتێبیان بۆ دابینكردووین و هەمووی ئامادەن، هەركاتێك بەرپرسانی بازگەكان رازی بوون ئێمەش كتێبەكان دەنێرین، بۆ ئێمەش ناخۆشە كەخوێندكارەكانمان بێ كتێبن، بەڵام ئەوە لەدەسەڵاتی ئێمەدا نییە، چونكە تائێستا نەگەڕاوینەتەوە بۆ سەنتەری شەنگال، ئەوەش بەهۆی چارەسەرنەكردنی كێشە ئیداری و سەربازییەكانی قەزاكە.
نیگار عومەر لەسنوری گەرمیان رۆژانە زیاتر لە 350 تۆن خۆڵ و خاشاک و پاشماوەی ماڵان لەلایەن کۆمپانیایەك کودەکرێتەوەو ژێرخاک دەکرێت، ئەمەش چەندین مەترسی ژینگەیی دروستدەکات، شارەوانی و ژینگەپارێزانی سنورەكەش هۆشداری دەدەن بەهۆی ئەوەی لەکاتی باراندا بەشێك لەخاشاكەكان تێکەڵ بەسەرچاوەکانی ئاو دەبێت. بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی، كۆمپانیای (گەردین) کەخاشاک کۆدەکاتەوە گرێبەستەکەی لەلایەن حزبێکەوە بۆ کراوەو حکومەت بوجەی بۆ سەرف ناکات، ئەمەش وایکردووە نەتوانرێت بەشێوەیەکی باشتر دەستی بگات بەگوندە دوورەکان و ئەو گوندانەی کەنزیکی سەرچاوەکانی ئاون تێکەڵی ئاوەکەی دەکەن یان بەسوتان پاشماوەکان لەناودەبەن، ئەوەش لەكاتێكدایە، شارەوانی گەرمیان و پسپۆرێکی ژینگەش كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاكی سنورەكە بەکارەساتی ژینگەیی ناودەبەن کەمەترسی دروستدەکات بۆ ژیانی هەموو تاکێکی گەرمیان ئەگەرچی تاوەکو ئێستا هیچ کارگەیەکی ریسایکلین لەسنورەکە بوونی نیە. عەبدولموتەلیب رەفعەت، مامۆستای زانکۆو پسپۆری ژینگەو سەرچاوەکانی ئاو لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی وتی: ئەو رێگایەی کە بەکاردێت لەگەرمیاندا بۆ کۆکردنەوەی زبڵ و خۆڵ و خاشاک زانستی نیە، ئەو شوێنەش کە بۆی دیاریکراوە لەسنوری ناحیەی رزگاری و کەلار دوو کیلۆمەتر دوورە لەسنوری شارەوە کەدەبێت 10 کیلۆمەتر دووربێت و زۆر نزیکە لەسەرچاوەکانی ئاوەوە کەئەمەش مەترسی ژینگەیی هەیە. وتیشی: لەکاتی باراندا زبڵ و خاشاکەکان دەچنە ناو رووبارەکان و ئەو ماددە زیانبەخشانەی کەتێیدایە تێکەڵ بەئاوی ژێرزەوی دەبێت و تێکەڵ بەخاک دەبێت و ئەگەر ئەمە بەردەوام بێت لە 10 ساڵی دیکەدا کوالێتی ئاوی سنورەکە دەگۆڕێ و کاریگەری لەسەر گەرمبوونی زەوی هەیە. ئەو پسپۆڕەی ژینگە دەشڵێت: زۆرجار دەبینین خۆڵ و خاشاکەکان فڕێدەدرێتە نێو سەرچاوەکانی ئاوەوە ئەمەش کاریگەری زۆر خراپی لەسەر ژیانی مرۆڤ و ئەو ئاژەڵانەی کە لەئاودا دەژین هەیە، زۆر جار بەهۆی ئەو کارانەوە ماسی لەڕووبارەکاندا کەمدەبێتەوە جگە لەوەش ئەو ماددانەی کەتێکەڵ دەبێت بەئاوەكە چەندین ساڵ و مانگ دەمێننەوە. « لەهەر شوێنێک ئەم پاشماوانە بسووتێنرێت زیانەکانی زۆر زیاترەو ماددە زیانبەخشەکان تێکەڵی هەوا دەبێت کەپێویستە حکومەت بیر لەوەبکاتەوە کارگەی ریسایکلین دابمەزرێنێت و پاشماوەکان جیابکاتەوەو بۆ ئەوەی کاریگەری ژینگەیی پاشماوەکان کەمبکرێتەوە، هەوڵیش بدرێت هاووڵاتی لەپاراستی ژینگەدا بەشداربن چونکە گەر ئەمە نەکرێت بۆ چەند ساڵێكی دیکە بەشێوەیەکی خراپتر پیسبوونی ژینگە هەڕەشە لەئاوی ژێرزەوی و تەندروستی هاووڵاتیان دەکات». عەبدولموتەلیب رەفعەت، مامۆستای زانکۆو پسپۆری ژینگەو سەرچاوەکانی ئاو. بەوتەی ئەنجومەنی یەكێك لەگوندەكانی گەرمیان، بەهۆی بەدەمەوەنەهاتنی شارەوانی خەڵكی سنورەكە خۆیان خۆڵ و خاشاك فڕێدەدەن ئیبراهیم حەسەن، ئەنجومەنی گوندی گاکول سەر بەناحیەی قۆرەتوو بۆ هاوڵاتی وتی: جاری واهەیە مانگی جارێک یان 20 رۆژ جارێک شارەوانی خۆڵ و خاشاك كۆدەكەنەوە، بۆیە خەڵک ناچاردەبێت پاشماوەکان فڕێبدات لەچەمەکان یان بیکاتە ناو سەرچاوەکانی ئاوەوە یان بیسووتێنێت. وتیشی: ئەگەرچی گوندەکەی ئێمە چاڵێک کراوە بەهاوکاری رێکخراوی وادی، گوندەکەی ئێمە بەهۆی ئەوەی نزیکین لەسەرچاوەی ئاوی باڵاجۆوە کە لەڕووباری سیروانەوە دروستکراوە بۆ سنوری گوندەکانی ئەوبەری کەلار تاخانەقین و خەڵکەکە بەزۆری هەرچی هەبێت فڕێیدەداتە نێو ئاوەکەوە». ئەنجومەنی گوندی گاكول دەشڵێت: ئەم سەرچاوەی ئاوە کە بەشێوەی پرۆژە دروستکراوە سەر کراوەیە هەموو شتێکی تێ فڕێدەدەن، سەرچاوی ئاوی ئەو گوندانەیە کە لەو سنورەدان جاری واهەیە بەهۆی پیسبوونی ئەم ئاوە رەنگ و بۆنی دەگۆڕێت و ناتوانین بیخۆینەوە. « ئەگەرچی دەزانین سووتانی پاشماوەکان و فڕێدانیان بۆ نێو سەرچاوەکانی ئاو زیانی زۆرە، بەڵام خەڵک ناچاردەبێت ئەمە بکات، چونکە بۆنی پیسی ژیانمان لێ تاڵ دەکات، هۆكارەكەش ئەوەیە کۆمپانیاکان کەمتەرخەمن و نایەن، هەندێک لەگوندەکان کە دوورە دەستن کۆمپانیاکان هەر ناچن بەلایانا». ئیبراهیم حەسەن، ئەنجومەنی گوندی گاکول وادەڵێت. شارەوانی گەرمیان ڕێگای كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك بە نازانستی ناودەبات بەرزان کەریم، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەکانی گەرمیان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: لەڕێگەی کۆمپانیای گەردینەوە رۆژانە زیاتر 350 تۆن خۆڵ و خاشاک لەگەرمیاندا کۆدەکرێتەوەو دەكرێتە ژێرخاک، کە هەر رۆژێک یان چەندڕۆژێک جارێک نزیکەی دوو دۆنم زەوی پێویستە بۆ ئەوەی هەموو پاشماوەکان ژێر خاک بکرێت. وتیشی: شوێنێکمان بۆ دیاریکردووە رۆژانە لەوێ ژێر خاک دەکرێت، ئەگەرچی ئەم شوێنە هیچ زانستی نیەو کارەساتی ژینگەیی دروستدەکات لەکاتی باراناودا ئەو مەوادانەی کە لەپاشماوەکاندا هەیە تێکەڵ بەسەرچاوەکانی ئاو دەبێت و مەترسی ژینگەیی هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا هەر دەتوانین بەو رێگەیە پاشماوەکان لەناوبەرین . بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەکانی گەرمیان دەشڵێت: رۆژ ناڕۆژێک پاشماوەکان کۆدەکرێتەوە لەنێو شاردا، بەڵام لەگوندەکان بەهۆی ئەوەی حکومەت هیچ بودجەیەک بۆ کۆکردنەوەی خاشاک سەرف ناکات ئەوەی کەهەشە لەلایەن یەکێتیەوە بۆمان دابینکراوە. « ناتوانین وەک پێویست بەدەم گوندەکانەوە بچین ئەو گوندانەی کەنزیکترن زووتر تیمەکانی پێدەگات بەڵام هەندێ گوندیش هەیە مانگی جارێک کۆمپانیا دەتوانێت بۆی بڕوات، زەویمان دیاریکردووە بۆ ئەوەی رێگەیەکی زانستی بەکاربهێنین بۆ جیاکردنەوەی خاشاک و کارگەی ریسایکلین دروستبکرێت، بەڵام هیچ وەبەرهێنێک ئامادەنیە تائێستا ئەو کارە بکات، سەرەڕای ئەوەش داوامان لەحکومەت كردووە ئەو کارە بکات، بەڵام ئەوەش نەكراوە». بەرزان کەریم، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەکانی گەرمیان وادەڵێت
هاوڵاتی ئهمڕۆ كۆتا رۆژی پێنجهمین كۆنگرهی یهكێتی له شاری سلێمانی بهڕێوهدهچێت و دوای ئهوهی كارهكانی دهنگدان لهسهر پهیڕهوی ناوخۆ تهواودهكرێت کە پەیڕەوەکە 15 دەسەڵاتی بە سەرۆکی یەکێتی داوە و ئهندامانی سهركردایهتی ههڵدهبژێردرێن و ئهنجومهنهكان یهكلایی دهكرێنهوه. بەشی پێنجەمی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، کە رۆژی پێنجشەممە،28-9-2023 لە دووەم رۆژی کۆنگرەی پێنجەمی ئەو حیزبە بڵاوکرایەوە و بڕیارە ئەمڕۆ هەینی، 29ـی ئەیلوولی 2023 پەسندبکرێت، تایبەتە بە ئەرک و دەسەڵاتەکانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان هاوکات هەر ئەمڕۆ ئهندامانی سهركردایهتی ههڵدهبژێردرێن و ئهنجومهنهكان یهكلایی دهكرێنهوه. تهلار لهتیف، وتهبێژی پێنجهمین كۆنگرهی یهكێتی ڕایگەیاندووە هەر ئهمڕۆ دهنگ لهسهر ناوی ئهنجومهنهكان و ژمارهی ئهندامانیان دهدرێت كه سێ ئهنجومهنن، پێكهاتون له (ئهنجومهنی سهركردایهتی، ئهنجومهنی باڵا، ئهنجومهنی پشتیوانی)، بهڵام یهكهمجار ئهندامانی ئهنجومهنی سهركردایهتی ههڵدهبژێردرێن كه ژمارهیان له نێوان 50 بۆ 60 ئهندامن. بەگوێرەی ئەو پەیڕەوەی دوێنێ پێنجشەممە بڵاوکرایەوە "هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی لە کۆنگرە، لەسەر بنەمای لیستی داخراو دهبێت ، ئەو لیستەی زۆرترین دهنگی هێنا سەرجەم كورسییەكان دهباتەوه. ئەگەر تەنها یەك لیست هەبوو بە دهنگدانی ئاشكرا دهنگی پێدهدرێت. دوای کۆنگرە سەرۆكی یەكێتی بانگهێشتی ئەندامانی ئەنجومەن دەکات و سەرپەرشتی یەکەم کۆبونەوە دەکات. بەڵام لهبارهی ئهوهی كه لهناو كۆنگرهدا لیستی سهركردهكان ههیه، وتهبێژی پێنجهمین كۆنگرهی یهكێتی باسی لهوهكرد، "ئهو شتانه له كۆنگرهدا نییه و ههر شتێك روبدات به رێككهوتنه و رهزامهندی ههمو لایهنهكانی لهسهره، بهڵام بۆ پرسی ههڵبژاردن دهبێت بهپڕۆسهیهكی دیموكراسیانه بێت بهپێی پهیڕهوی ناوخۆ، واتا پهیڕهو چ بڕگهیهكی لهسهر ههڵبژاردن پهسهندكرد دهبێت بهوشێوهیه بێت، ئهسڵن كاك بافڵ خۆشی حهزی بهو شتانه نییه و لیست و لیستكاری نییه". هاوکات سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکی یەکێتی لە رەشنووسی پەیڕەودا، لە پێناسەی سەرۆکدا هاتووە: "سەرۆک، راگری یەکدەنگی و یەکڕیزی یەکێتییە و کاردەکات بۆ پاراستن و جێبەجێکردنی پەیڕەوی ناوخۆ و یەکڕیزی و یەکگوتاری و یەکهەڵوێستی سەرجەم ئۆرگانەکان و نوێنەرایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکەن لە ناوەوە و لە دەرەوە و لەبەردەم دامودەزگا حکومی و یاساییەکاندا." پەیڕەوەکە 15 دەسەڵاتی بە سەرۆکی یەکێتی داوە، لە نێویاندا سەرپەرشتیکردنی کاروباری دارایی و پەیوەندییەکان، سەرپەرشتیکردنی کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی، دەستنیشانکردنی گوتەبێژ و هاوئاهەنگیکردن لە نێو ئەنجوومەنەکە. ئەوەی دەبێتە سەرۆکی یەکێتی دەبێت چوار مەرجی تێدا بێت: - تەمەنی لە 40 ساڵ کەمتر نەبێت. - ناو و ناوبانگی باشی هەبێت و شارەزا بێت لە سیاسەتدا. - لانیکەم 10 ساڵ خەباتی سیاسیی و رێکخراوەیی لە ریزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەبێ دابڕان هەبێت. - بەهیچ تاوانێکی ئابڕووبەر حوکم نەدرابێت. مادەی 28ـی پەیڕەو باسی هەڵبژاردنی سەرۆکی یەکێتی دەکات کە لە کۆنگرە دەبێت و ئەگەر تاکە بەربژێر بێت ئەوا دەنگدان بە ئاشکرا دەبێت، بەڵام ئەگەر لە بەربژێریک زیاتر بۆ ئەو پۆستە هەبێت، هەڵبژاردن بە نهێنی و ئازاد و زۆرینەوەی دەنگەکان دەبێت. مادەی 29ـی پەیڕەو کە باسی راسپاردنی کەسێک بۆ راپەڕاندنی کارەکانی سەرۆک دەکات ئەگەر سەرۆک ئامادەنەبوو، هەروەها دەستلەکارکێشانەوەی بە دەنگی زۆرینەی رەهای ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پەسند دەکرێت. ئەگەر سەرۆک لە پۆستەکەیدا نەما، مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبە لە 60 رۆژدا سەرۆکێکی دیکە بە کاتی هەڵدەبژێرێت. ئەرک و دەسەڵاتەکانی سەرۆکی یەکێتی: مادەی 30ـی پەیڕەوەکە باسی ئەرک و دەسەڵاتەکانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دەکات، کە بە گوێرەی پەیڕەوەکە 15 دەسەڵاتی دەبێت: - بەرپرسیارە لە جێبەجێکردنی بڕیار و سیاسەتەکانی یەکێتی. - سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسیی دەکات و لەکاتی وەک یەکبوونی دەنگەکان، دەنگی سەرۆک یەکلاکەرەوەیە. - سەرپەرشتی کاروباری دارایی و پەیوەدنییەکان و هەر کاروبارێکی دیکە دەکات، کە لەچوارچێوەی دەسەڵاتەکانی بێت. - نوێنەرایەتیی یەکێتی لە دەرەوە و ناوەوە دەکات. - هاوئاهەنگی لەنێوان ئەنجوومەنەکانی سەرکردایەتی، پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی و ئەنجوومەنی پشتیوانی دەکات. - رێککەوتنە سیاسییەکان دوای پەسندکردنی لە سەرکردایەتیی یەکێتی واژۆ دەکات. - گشتاندنی رێسا پەسەندکراوەکانی سەرکردایەتی دەکات. - ئامادەکردنی راپۆرتی ساڵانەی سیاسی و رێکخراوەیی بۆ پێشکێشکردنیان لە کۆنگرە و دیدارەکان. - مەکتەبێکی بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری رۆژانەی پێکدەهێنێت، بەرپرسە لە رێکخستنی کارە کارگێڕییەکانی سەرۆک، بە رێسایەک پێکهاتە و بەشەکانی دیاریدەکرێت. - دەزگای دارایی، مەڵبەندی دیراساتی گشتی، ناوەندی کاروباری یاسایی، پەیوەندییەکانی بەغدا و عێراق، پەیوەندییەکانی دیکەی یەکێتی راستەوخۆ بە سەرۆکەوە دەبەسترێنەوە. - لەنێو سەرکردایەتیی یەکێتی گوتەبێژ دیاریدەکات. - فەرمانی دامەزراندن لە پۆست بۆ ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و بەرپرسی یەکەمی سەرجەم دامودەزگاکانی مەکتەبەکانی یەکێتی دەردەکات. - پارێزەری سامان و موڵک و داهاتی یەکێتی دەبێت و نابێت بۆ بەرژەوەندیی خۆی و کەسوکارەکەی بەکاریانبهێنێت. - پابەند دەبێت بە پەیڕەوی ناوخۆ و بەرپرسیارە لە جێبەجێکردنی. - هەر ئەرک و دەسەڵاتێکی دیکە لەم پەیڕەوەدا بۆی دیاری بکرێت.
