سەركۆ جەمال گفتوگۆكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵیی عێراق بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی توركیاوە بەردەوامن، بەڵام هێشتا بەهۆی گرێبەستە نەوتیەكانی هەرێمەوە نەگەیشتوونەتە ئەنجام، توركیاش لەهەوڵدایە بۆ ئەوەی بەزووترین كات هەناردەی نەوتی هەرێم لەخاكەكەیەوە دەستپێبكاتەوە بەهۆی ئەو قازانجەی دەیكات. رۆژی 27-11-2023 وەفدێكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كردەوەو لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆبوونەوە، هاوكات لەگەڵ سەردانی وەفدەكە باڵیۆزی توركیاش لەعێراق گەیشتە هەرێم و دەستی بەكۆبوونەوە كرد لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان، پرسی سەرەكییش دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بوو. لەدوایین سەردانیدا وەفدی هەرێم لەبەغدا كە (ئاوات شێخ جەناب) وەزیری دارایی سەرۆكایەتیی دەكرد، پێكهاتبوو لەهەریەكە لە (ئومێد سەباح) سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانو (ئامانج رەحیم) سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانو (عەبدولحەكیم خەسرۆ) سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگیو بەدواداچوونو (خالید هادی چاوشلی) راوێژكار لەئەنجومەنی وەزیران. بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی هەرێم، ئەم وەفدە بۆ سێ تەوەری سەرەكی چووەتە بەغداد كەئەوانیش پرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، هەمواركردنەوەی یاسای بودجەو پرۆسەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانن. مانگی 11ی ئەمساڵ وەفدی عێراق بەسەرۆكایەتی وەزیری نەوت سەردانی هەولێری كرد بۆ تاووتوێكردنی پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە كە لە 25ی ئازاری رابردوەوە راوەستاوە، وەفدی حكومەتی عێراق لەهەولێر چەند پێشنیازێكی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت گەڵاڵەكردووە، بەڵام تائێستا بڕیار لەوبارەیەوە نەدراوە، بەوتەی ئەندامێکی وەفدەكە كەهاوڵاتی قسەی لەگەڵ كردووە پرسی دەستكاریكردنی گرێبەستی كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێم یەكێك لەبابەتە گرنگەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتە، وەزارەتی نەوتی عێراق دەیەوێت گرێبەستی ئەو كۆمپانیایانە لەهەرێم لەگرێبەستی «هاوبەشی لەبەرهەم»ەوە بگۆڕێت بۆ «هاوبەشی لەقازانج»، ئەمەش بابەتێكە كە كۆمپانیاكانی نەوت رەتیدەكەنەوە، بۆیە وەك سەرچاوەكە باسی دەكات دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم كاتی دەوێت و پێویستە دانوستانی زیاتری لەبارەوە بكرێت. وەك پشتڕاستكردنەوەیەك بۆ وتەی ئەو سەرچاوەیەی هاوڵاتی قسەی لەگەڵ كردووە، باسم محەمەد، بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق بەمیدیا عێراقیەكانی وتووە:» بەرپرسەكانی كەرتی نەوتی عێراق لەسەرەتای مانگی ئایندە لەگەڵ نوێنەرانی كۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەكان و بەرپرسانی كوردی عێراق كۆدەبنەوە، بڕیارە گفتوگۆی هەمواری گرێبەستەكان بكرێتەوە كە تیشك دەخاتەسەر دوایین هەوڵەكان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی باكور لەڕێگەی توركیاوە. ئەو بەرپرسە عێراقییە ئەوەشی خستووەتەڕوو:» دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت كە لەمانگی ئازارەوە راگیراوە، پەیوەستە بەگفتوگۆكان لەسەر گرێبەستەكان كەگرێبەستی بەشداریكردنە لەبەرهەم و دەبێت بگۆڕدرێت بۆ مۆدێلی دابەشكردنی قازانج، لەكاتێكدا ئەگەر بگەینە رێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیاكان بۆ گۆڕینی گرێبەستەكان ئەوە هەناردەكردنی نەوت لەڕێگەی توركیاوە دەستپێدەكاتەوە». بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق پێشبینی دەكات لەگەڵ كۆمپانیاكان بگەنە رێككەوتن، دەشڵێت «كۆمپانیاكان خواستیان لەسەر بەردەوامیی كاركردن لەهەرێمی كوردستان بەبێ گرفت هەیە». رۆژی 27-11-2023 عەلی رەزا گوینای باڵیۆزی توركیا لەعێراق سەردانی هەرێمی كوردستانی كردو سەرەتا لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبوەوە، دواتر مەسرور بارزانی رایگەیاند: هاوڕابووین لەسەر گرنگیی هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان لەزووترین كاتدا. پاشانیش باڵیۆزی توركیا لەعێراق لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە، دواتر سەرۆكایەتی هەرێم رایگەیاند: دەربارەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كورستانیش، باڵیۆزی توركیا ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ هەناردەكردنەوە دووپات كردەوە، دواتر سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوپاسی هەڵوێستی توركیای كردو ئاماژەی بەوەدا كە بۆ ئەم مەبەستە ئێستا هەولێرو بەغدا خەریكی گفتوگۆی تەكنیكین. مەسرور بارزانی رۆژێك دوای كۆبوونەوە لەگەڵ باڵیۆزی توركیا لەعێراق رایگەیاند: وەفدی حكومەتی هەرێم بۆ چارەسەركردنی كۆمەڵێك لەو گرفتانەی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی ماون، لەبەغدادن، بۆ ئەوەی بتوانن رێگەچارەی گونجاو بەتایبەتی بۆ بابەتی بودجەو دواكەوتنی موچەی خەڵكی هەرێم بدۆزنەوەو بگەنە ئەنجامێكی ئەرێنی. وتیشی: بۆ بابەتی نەوتو غاز پێویستمان بەداڕشتنی یاسایەكی فیدراڵی پێشكەوتوو، لەسەر بنەمای دەستور هەیە، بۆ ئەوەی بتوانین جارێكی تر مەسەلەی بەرهەمهێنانو هەناردەكردنی نەوت دەستپێبكەینەوە، ئەمە هەمووی دەبێت بەدەستكەوت، نەك تەنیا بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان، بەڵكو بۆ هەموو خەڵكی عێراق. 23 ی ئەم مانگە كەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتیەكانی هەرێمی كوردستان بەوەكالەت، رایگەیاند:» لەڕووی تەكنیكیەوە كێشەیەكی وانییە بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم، بەڵام ئەوەی كێشەیە لەبودجەی عێراقدا هەشت هەزارو 690 دینار بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێك نەوت دیاریكراوە، كۆمپانیاكانی نەوت لەهەرێم ناتوانن بەو بڕە پارەیە نەوت بەرهەمبهێنن». وتیشی:»بۆیە داوای زیادكردنی ئەو پارەیە كراوە تاكۆمپانیاكان بتوانن دەست بەبەرهەمهێنانی نەوت بكەنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی نەوتی عێراق داوای چەند داتایەكیان لەئێمە كردووە ئێمەش ئەو داواكاریەمان جێبەجێكردووە، چاوەڕوان دەكەین پێش سەرەتای مانگی 12 ی ئەمساڵ گفتوگۆ لەوبارەیەوە دەستپێبكاتەوە». بەوتەی وەزیری سامانە سروشتیەكانی هەرێم، وەزارەتی نەوتی عێراق داوای گرێبەستی كۆمپانیا نەوتیەكانیان لەهەرێم كردووە لەگەڵ زانیاری لەبارەی كێڵگەكانی نەوت لەهەرێم و ئەوەشیان رادەستكراوەو هیواخوازن تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە چارەسەر بكرێت. كەمال محەمەد باس لەوەشدەكات «لە 25ی 6ی ئەمساڵەوە تائێستا بەردەوام 80 بۆ 85 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رادەستی حكومەتی عێراق كراوە لەسەر ئەو بنەمایەش بڕێك پارە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بەقەرز بۆ هەرێمی كوردستان نێردراوە». بەوتەی ئەو ئەندامەی وەفدی هەرێم بۆ بەغدا محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم بەدوای «رێگەچارە»یەكدا دەگەڕێن، هاوكات باس لەوەشدەكات لەكۆبوونەوە لەگەڵ وەفدی هەرێم، وەفدەكەی عێراق تێبینی تەكنیكییان زۆربووە لەسەر هەناردەی نەوتی هەرێم، سەرچاوەكە بۆ هاوڵاتی ئاشكرایكرد داوایان لەمحەمەد شیاع سودانی كردووە شێوازی خەرجكردنی شایستە داراییەكانی كۆمپانیاكانی نەوتیی لەهەرێم گۆڕانكاری تێدا بكرێت. مەسرور بارزانی لەدوایین راگەیەندراودا لەبارەی كۆبوونەوەكەی رۆژی 11-12-2023 لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند:» ئەگەر هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم هەیە، وەفدی عێراق گەڕاوەتەوە بۆ بڕیاردان لەسەر پێشنیارەكان، كۆبوونەوەیەكی باشمان هەبوو لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق، ئەوەی لەسەر هەرێم بووە لەڕووی كاری تەكنیكی یان یاسایی، هەرچی ئەركی سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە جێبەجێ كراوە». وتیشی:»لەقسەكردندا گەیشتینە زۆر تێگەیشتنی باش، ئەوان گوتیان دەگەڕێینەوە بۆ ئەوەی دوا بڕیار لەسەر پێشنیارەكان بدەین، من ئومێدم زۆرە ئینشاڵا بگەینە ئەنجامێكی باشو وەڵامێكی باشیش بۆ خەڵك هەبێت، ئەگەری هەناردەكردنەوەی نەوت هەیە». لەپێش كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی حكومەت و وەفدی هەرێم، حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند:»هەنگاوی یەكەم دەبێت هەوڵی دووبارە وەبەرهێنانەوەی نەوت بدەین، پاشان لەهەنگاوی دووەم ئێمە لەگەڵ بەرپرسانی توركیا لەگفتوگۆداین بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی هێڵی عێراق- توركیا. وتیشی:» بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم گفتوگۆو لێكتێگەیشتنی باشمان لەگەڵ بەرپرسانی توركیا هەیە. رۆژی دووشەممە 13-11-2023 دووەمین كۆبوونەوەی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ لەڕۆژی دووەمی سەردانی وەزیری نەوتی عێراق بۆ هەولێر بەڕێوەچوو. لەدوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ نوێنەری كۆمپانیاكان، وەفدەكەی عێراق سەردانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان كرد. سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بڵاویكردووەتەوە: لەكۆبوونەوەكەدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەختی لەپشتگیریی خۆی بۆ گفتوگۆو هەنگاوەكانی حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و دووبارە ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان كردووەتەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەكرد وەستانی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان زیانێكی گەورەی بەداهاتی گشتیی عێراق گەیاندووە، بۆیە دەستپێكردنەوەی هەرچی زووتری ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی كورستانی، بەگرنگ و پێویست زانی. بەشێك لەمیدیا عێراقییەكان ئاشكرایانكردووە كە جگە لەكێشەی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە، یەكێكی دیكە لەگرفتەكانی بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، ئەوەیە توركیا مەرجی هەیە بۆ رێگەدان بەدەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بەندەری جەیهان، مەرجەكانیش یەكێكیان لێخۆشبوونە لەو سزا ماددیەی كەدادگای پاریس بەسەریدا سەپاندووەو بڕەكەی یەك ملیارو 500 ملیۆن دینارە، هاوكات مەرجێكی دیكەی ئەوەیە كەئەو نەوتەی پێیدەفرۆشن و نەوتی هەرێمە بەهەمان نرخی پێشوو بێت كە 19 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێك، لەبەرامبەردا عێراق بەوە رازی نییەو وەك فشارێك بۆ رازیكردنی توركیا باس لەنۆژەنكردنەوەی بۆری هەناردەی نەوتی نێوان عێراق- سوریا دەكات. تا 25-3-2023 حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەفەرمی رۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوتی دەفرۆشت، كە لەمانگێكدا دەكاتە زیاتر لە 13 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت، ئەگەر بۆ هەر بەرمیلێك نەوت 72 دۆلار هەژمار بكرێت ئەوا لەمانگێكدا كردوویەتیە سەروو یەك ملیار دۆلاری مانگانە. زانیاریەكانی هاوڵاتی ئەوە دەردەخات، زۆرترین تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لەعێراق گەیشتووەتە نزیكەی شەش دۆلار بۆ بەرمیلێك، بەڵام لەهەندێك ناوچەی هەرێم بەخەرجی بەرهەمهێنان و گواستنەوەش هەندێك جار گەیشتووەتە سەروو 30 دۆلار، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەك سەرچاوەیەك لەوەزارەتی سامانە سروشتیەكان بەهاوڵاتی وت: تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لەهەرێم لەهەندێك ناوچە زیاتر دەبێت لەعێراق ئەگەر كۆمپانیای سۆمۆی عێراقیش سەرپەرشتی بكات، ئەو زانیارییانە لەكاتێكدایە پێشتر وەزیری نەوتی عێراق ئەوەی ئاشكراكردبوو كەتێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم سێ هێندەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی عێراقە. هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە 25ـی ئاداری 2023ەوە لەسەر بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتیی لەپاریس لەئەنجامی سكاڵایەكی عێراق لەدژی توركیا راگیراوە.
هاوڵاتی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند، نایانەوێت خاکەکەیان ببێت بە گۆڕەپانی جەنگی نێوان ئەمەریکا و گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، دەشڵێت، پرسی فەڵەستین و کورد وەک گەورەترین سەرچاوەی ناسەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ماوەتەوە. لەگەڵ بەردەوامبونی ململانێکانی غەززە بۆ مانگی دوەم، نیگەرانییەکان لە زیادبوندایە کە رەنگە توندوتیژییەکان ناوچەكانی دەوروبەری بگرێتەوە، میلیشیاکانی سەر بە ئێران هێرشەکانیان بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەکانی ئەمریکا پەرەپێداوە، ئەوەش وهك بەشێک لە هەوڵێکی درێژخایەن بۆ دورخستنەوەی ئەمریکا لەو شوێنەی تاران وەک ناوچەی نفوزی خۆی سەیری دەکات. مەزڵوم کۆبانێ كه سهركردایهتی شهڕی دژی داعش له سوریا كرد و به یهكێك له متمانەپێکراوترین هاوپەیمانەکانی پنتاگۆن هەژمار دەکرێت، له چاوپێكهوتنێكدا لهگهڵ ماڵپهڕی ئەلمۆنیتۆر رایگهیاند، گەلەکەی نایەوێت خاکەکەیان ببێتە گۆڕەپانی شەڕی نێوان "ئەمریکا و میلیشیا شیعهكان" کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، چونكه "تاقمەکانی سەر بە ئێران دەستیان کردوە بە کردنە ئامانجی پێگە سەربازییەکانی هێزەکانی ههسهده". وتیشی، شکستهێنان لە هێنانەدی چارەسەرێکی دادپەروەرانە و بەردەوام بۆ پرسی فەڵەستین و کورد وەک گەورەترین سەرچاوەی ناسەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ماوەتەوە. مەزڵوم کۆبانێ جەختی لەوەکردەوە، هێرشی حەماس لە 7ی (تشرینی یەکەم/10) بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی ئیسرائیل "پەسەندكراو نییە"، هەروەها بەکارهێنانی هێزی ناڕێژەیی لەلایەن ئیسرائیلەوە دژی مەدەنییە فەڵەستینییەکان رهتدهكهنهوه، هۆشداریشیدا لهوهی كه تاکتیکی قۆڵی بەهێزی ئیسرائیل پێدەچێت خولگەیەکی نوێی توندوتیژیی لێبكهوێتهوه و گروپی توندڕهو سهرههڵبدهنهوه.
هاوڵاتی شەش بەندکراوی کورد لە گرتووخانەکانی ئیلام و کەرەج کە بە تۆمەتی جیاواز دەستگیرکرابوون و لە لایەن دەسەڵاتی دادی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرابوو، لەسێدارەدران ئەو بەندکراوە کوردانە چوار کەسیان خەڵکی پارێزگای ئیلام و دوو کەسەکەی دیکەیان خەڵکی شاری مهاباد لە پارێزگای ورمێ و شاری کۆهدەشت لە پارێزگای لوڕستانن. بە پێی راپۆرتی هەنگاو، بەرەبەیانی رۆژی سێ شەممە ٣ هاوڵاتی کورد لە زیندانی ناوەندی ئیلام لە سێدارە دراون بە ناوەکانی شەهرام محەممەدبەیگی، عەلی ئاغامحەممەدی و ناسر مەقسوودی .، هاوکات یەکێک لەو ٣ کەسە پێشتر پاڵەوانی راکردن بووە بە ناوی شارام محەممەد بەیگی کە خاوەنی مەدالیای زیوی ئاسیایە لە راکردندا، بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست لە سێدارە درا. هەر بە پێی زانیارییەکانی ئەم ماڵپەڕە، رۆژی سێ شەممە دوو هاوڵاتی کورد بە ناوەکانی ئێقباڵ فەتحوڵڵاهی خەڵکی ئیلام و موحسین ئەمرایی خەڵکی شارۆچکەی گەڕاوەندی سەر بە شاری کۆهدەشت لە پارێزگای لوڕستان، رۆژی سێشەممە لە گرتووخانەی قزڵ حیساری شاری کەرەج لە سێدارەدراون.،کە بە تۆمەتی بازرگانی بە ماددە سڕکەرەکان دەستبەسەرکرابوون. ئەم دوو بەندکراوە پێنج ساڵ لەمەوبەر لە دۆسیەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوون و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرا بوو. هاوکات بەرەبەیانی ئەمرۆ چوارشەممە، ئەیووب کەریمی، خەڵکی شاری مهاباد دوای 14 ساڵ زیندانیکردن، لە زیندانی قزڵ حیساری شاری کەرەجی ئێران لەسێدارەدرا. ئەو هاوڵاتییە لە 07-12-2009، لەگەڵ شەش هاونیشتمانیی دیکە بە ناوەکانی قاسم ئابستە، داود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی، ئەنوەر خزری، خەسرەو بەشارەت و کامەران شێخە لەسەر دۆسیەی کوژرانی عەبدولڕەحیم تینا، مەلای مزگەوتێکی مهاباد دەستگیر کران. لە کۆتاییەکانی ئاداری 2016 دادگایی کران و لە 25-05-2016 بە فەرمی پێیان راگەیێندرا کە سزای سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.
هاوڵاتی وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئاشکرایدەکات کە بۆ ئەوەى هاوڵاتی زیاتر بتوانن سودمەند ببن، پڕکردنەوەى فۆڕمى یەکەکانى نیشتەجێبون بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان بۆ ماوەى مانگێک درێژکراوەتەوە. وهزارهتی ئاوهدانكردنهوه و نیشتهجێكردن لهڕاگهیهندراوێكدا بڵاویكردهوه،پێشتر رۆژی 30ی (تشرینی دوهم/11)ی 2023 وهك دوا واده بۆ پڕكردنهوهی فۆرمهكه دیاریكرابو، بهڵام بهبڕیاری دانا عهبدولكهریم وهزیری ئاوهدانكردنهوه و نیشتهجێكردن پرۆسهكه بۆ ماوهی مانگێك و تا كۆتایی ئهمساڵ درێژكراوهتهوه، ئهمهش وهك ههلی زیاتر و كارئاسانی بۆ ئهو كهسانهی تاوهكو ئێستا بهههر هۆكارێك بێت دهرفهتیان لهبهردهستدا نهبوه فۆرمهكه پڕ بكهنهوه. رۆژی 8/8/2023، لە دوای تەواوکردنی رێکار و ئامادەکارییەکان، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە رێوەرەسمێکدا پرۆسەی دابەشکردنی فۆڕمی یەکەی نیشتەجێبونی بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان راگەیاند، لەوکاتەوە زیاتر لە 22 هەزار خێزان لەسەرجەم ناوچەکان فۆرمەکەیان پڕکردوەتەوە. یەکەکان زیاتر لە نۆ هەزار زیاتر یەکەی نیشتەجێبونە و لەچوارچێوەی یاسای نیشتەجێبوندا دروستکراون، کە بەشێکیان تەواوکراون و بەشێکیان کارکردن تیایاندا بەردەوامە.
دلێر عەبدوڵڵا بڕیارە ساڵی ئایندە كێشەو گرفتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكرێت و هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق كۆكن لەسەر ئەو پرسە، بەپێی زانیارییەكان حكومەتی عێراقی پرۆژە یاسایەك پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیران دەكات بۆ هەمواری یاسای بودجە، تا لەڕێیەوە شایستە داراییەكانی هەرێم دیاری بكرێت، پەرلەمانتارێكی عێراق رایگەیاند كە تاكە رێگەی چارەسەری كێشەو گرفتەكان، هەمواری یاسای بودجەیەو هەمووان هەوڵی ئەوە دەدەن ساڵی ئایندە كێشەی مووچە بنەبڕ بكەن. حكومەتی هەرێمی كوردستان لەهەوڵی ئەوەدایە كە بۆ ساڵی ئایندە كێشەی موچەی فەرمانبەران چارەسەربكات و گرفتەكانی بەردەم دابینكردنی موچەی مانگانە نەهێڵێت، بۆ ئەوەش داواكاری پێشكەشی حكومەتی ناوەندی كردووەو لەڕێی فراكسیۆنە كوردییەكانیشەوە لەهەوڵی ئەوەدایە كۆدەنگی دروستبكات دەربارەی رەشنوسی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی نوێ، جگەلەوەش حكومەتی هەرێم دەیەوێت بابەتی مووچە لەململانێ سیاسییەكان دووربخاتەوەو بیكاتە بابەتێكی یاسایی و لەپشكی هەرێم جێگیری بكات. لەئێستادا حكومەتی هەرێمی كوردستان موچەی مانگی ئەیلولی فەرمانبەرانی دابەشنەكردووەو داواكاری پێشكەشی بەغدا كردووە بۆ ناردنی 700 ملیار دینارەكە، بەڵام تائێستا وەڵامنەدراوەتەوە، ئەگەرچی رۆژی دووشەممە شاندێكی حكومەتی هەرێم لەبەغدا لەگەڵ محەمەد شیاع سۆدانی كۆبوونەوەو بەڵێنی ئەوەیان پێدرا لەكۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق قسە لەوبارەوە بكرێت و وەڵامی داواكەی حكومەتی هەرێم بدرێتەوە، بەڵام بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی، لەكۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا باسی كێشەی مووچەو ناردنی 700 ملیار دینارەكە نەكراوە. یەكێك لەكێشە سەرەكیەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و بەغدا كە تائێستا بەهەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، پرسی نەوتە. ئەمەش وایكردووە حكومەتی ناوەندی نەتوانێت بەپێی خواستی هەرێم موچەو پشكی هەرێمی كوردستان دابین بكات، لەوبارەیەوە سۆران عومەر پەرلەمانتاری عێراق لەسەر لیستی كۆمەڵی دادگەری بەهاوڵاتی وت: «بەرهەمی رۆژانەی نەوتی هەرێم 250 هەزار بەرمیلە، عێراق نرخێكی بۆ دەرهێنانی نەوتی هەرێم داناوەو حكومەتی هەرێمیش نرخێكی زیاتر كەپێنج هێندەی ئەوەیە حكومەتی عێراق دەیداتە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت، بۆیە عێراق ناچێتە ژێرباری ئەمەوە، پێی وایە نەوتەكە نەڕوات یان دەرنەهێنرێت باشترە لەوەی ئەو كرێ زۆرە بدات، بەشێكی تری كێشەكان پەیوەندی بەیاسای ئیدارەی دارایی و قەرزی گشتییەوە هەیە كەساڵی 2019 دەرچووە، ئەوكاتە هەرێم زۆر گوێی پێنەداوە. پێی وابووە عێراق ناتوانێت ئەو یاسایە بەسەر هەرێمدا جێبەجێ بكات». بەپێێ زانیارییەکانی هاوڵاتی زۆرترین تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لەعێراق گەیشتووەتە نزیكەی شەش دۆلار بۆ بەرمیلێك، بەڵام لەهەندێك ناوچەی هەرێم بەخەرجی بەرهەمهێنان و گواستنەوەش هەندێك جار گەیشتووەتە سەروو 30 دۆلار سەرباری ئەم كێشە هەڵپەسێراوانە، حكومەتی عێراقی مانگانەو بەشێوەی قەرز بڕی 700 ملیار دینار رەوانەی هەرێم دەكات بۆ دابەشكردنی موچەی فەرمانبەران، هەربۆیە بەرپرسانی حكومەتی هەرێم دەیانەوێت ئەم قۆناغە تێبپەڕێنن و بۆ ساڵی ئایندە گرەنتی دابینكردنی موچە بكەن، پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە بۆ ساڵی ئایندە چارەسەری كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكرێت و بەهەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی عێراقیدا رێگاچارەی دەربازبوون لەم دۆخە تاوتوێ دەكەن. ئەوەی هاوكارە لەتێپەڕاندنی ئەو دۆخەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی تێكەوتوە، هەمواركردنەوەی یاسای بودجەیە بۆ ساڵی 2024 بەتایبەت ئەو بڕگانەی پەیوەستە بەدیاریكردنی شایستە داراییەكانی هەرێم، لەوبارەیەوە مستەفا گەرعاوی بەهاوڵاتی وت «كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم تەنها لەڕێگەی هەمواری یاسای بودجەوە دەكرێت، كەشایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانی تێدا دیاری بكرێت». بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، حكومەتی عێراقی لەڕێی داواكارییەكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، دەیەوێت پڕۆژە یاسایەك پێشكەشی پەرلەمان بكات بۆ هەمواری یاسای بودجە، تا لەڕێیەوە موچەو شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان دیاری بكرێت و ئەو قەرزانەش كە لەساڵی 2023 بۆ دابینكردنی مووچە دراوەتە هەرێم، لەشایستە داراییەكاندا ببڕدرێت، لەوبارەیەوە سەرچاوەیەكی ئاگادار لەگفتوگۆكانی هەرێم و بەغدا بەهاوڵاتی وت: «پرۆژە یاساكەی حكومەتی عێراق لەساڵی نوێدا پێشكەشی پەرلەمان دەكرێت و هەوڵی ئەوە دەدرێت كەپشكی هەرێم بەپێی خەرجی كردەیی پارێزگاكان دابین بكرێت». پێشتر حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە كەداواكارییان پێشكەش بەسەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە بۆ ئەوەی موچەی سێ مانگی كۆتایی هەرێم رەوانە بكەن، بەڵام تائێستا هیچ بڕیارێك لەوبارەیەوە نەدراوەو نەتوانراوە تەنانەت 700 ملیارەكەی مانگی ئەیلول دابین بكرێت كەبڕیاربوو پێش كۆتایی هاتنی ئەم مانگە رەوانەی هەرێم بكرێت. بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەكە بۆ هاوڵاتی، لەكۆبوونەوەی وەفدی هەرێم بەسەرۆكایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان لەگەڵ محەمەد شیاع سۆدانی سەرۆكوەزیرانی عێراق، وەفدی هەرێم داوای ناردنی سێ 700 ملیار دیناری دیكەیان كردووە لەمساڵدا بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، بەڵام سەرۆكوەزیرانی عێراق پێی وتوون ئەوە لەدەسەڵاتی ئەودا نییەو دەبێت ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لێبدات. وەك ئەو سەرچاوەیە باسیكرد تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق جگە لەسێیەم گوژمەی 700 ملیارەكە ئاستەنگ بۆ هەر بڕە پارەیەكی دیكە دروستدەكات كە لەمساڵدا رەوانەی هەرێمی كوردستان بكرێت.
هاوڵاتی عەممار حەکیم پشتیوانی خۆی بۆ مامۆستایانی ناڕازیی لە پارێزگای سلێمانی رادەگەیەنێت و دەڵێت، پێویستە ھەرێم و بەغداد کار بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان بکەن. عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتیمانی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس باسی لەوەشکردوە، لەنزیکەوە چاودێری خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازی لە پارێزگای سلێمانی دەکات و ھاوسۆزی خۆی بۆ داواکارییەکانیان دەردەبڕێت، داواش لە حکومەتی ھەرێم دەکات شایستە داراییەکانیان بۆ خەرج بکات. سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی عێراق دەشڵێت، "هانی حکومەتی فیدراڵی دەدەین لە هەوڵەکانی بەردەوام بێت بۆ لەخۆگرتنی داواکارییەکانیان و بەدواداچوون بۆ دۆزەکەیان بکات لەگەڵ حکومەتی هەرێم". نزیكهى سێ مانگه بایكۆت لهسنورى پارێزگاكانى سلێمانىو ههڵهبجهو ئیدارهكانى گهرمیانو ڕاپهڕینو هاوكات قهزاى كۆیهش بهردهوامهو مامۆستایانیش سورن لهسهرئهوهى، تائهوكاتهى داواكاریهكانیان جێبهجێنهكرێت، نهچنهوه هۆڵهكانى خوێندن. داواکاریی مامۆستایانی دامەزراو و وانەبێژان بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن چەند خاڵێکە؛ خاڵە سەرەکییەکان پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، پێدانی مووچەی 30 رۆژ جارێک و دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکانە.
هاوڵاتی دەزگای هەواڵگری ناوخۆی ژاپۆن لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی ڕایگەیاند کە پەکەکەی لە لیستی "ڕێکخراوە قەدەغەکراوەکان" لابردووە. پێشتر لە ئەنجامی فشارەکانی دەوڵەتی تورکیا، دەزگای هەواڵگری ناوخۆی ژاپۆن (PSIA) پارتی کرێکارانی کوردستانی خستبووە لیستی "ڕێکخراوە قەدەغەکراوەکان." بەڵام لە نوێترین بڵاوکراوەیدا لەسەر ماڵپەڕی فەرمییان دوولیستی نوێیان بە ناوەکانی (Major international terrorist organizations ) و (International terrorist organizations around the world) بڵاوکردەوەو لە هیچکام لە لیستەکاندا ناوی پارتی کرێکارانی کوردستانی تێدا نییە. لیستى ڕێکخراوە قەدەغە کراوەکان لە ژاپۆن هەریەکە لە ڕێکخراوی قاعیدە و داعش و چەندین ڕێکخراوی دیکەى لە خۆی گرتووە، هاوکات پەکەکەش لە ڕیزبەندی ١٧ی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە قەدەغە کراوەکاندا بوو. بەگوێرەی نوێکردنەوەی ماڵپەڕەکە، پەکەکە لە هەردوو لیستی ڕێکخراوە “ناوخۆییەکان” و ڕێکخراوە قەدەغەکراوەکانی نێودەوڵەتییەکاندا” نییە، بەم شێوەیە دەزگای هەواڵگیری ژاپۆن پارتى کرێکارانى کوردستان- پەکەکەی لە لە لیستى رێکخراوە قەدەغە کراوەکان دەرهێناوە.
هاوڵاتی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانى عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئامانجی ستراتیژی ئێستای عێراق داخستنی کەمپی هۆڵی سوریایە، چونکە مانەوەی ئەو کەمپە مەترسی لەسەر ئاشتی جیهانی دروست دەکات. نوسینگەی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لەگەڵ نەسیر مەمدوف باڵیۆزی ئازەربایجان لە بەغدا کۆبونەوە. لە کۆبونەوەکە قاسم ئەعرەجی ئەوەی خستەڕو، ئامانجی ستراتیژی ئێستای حکومەتی عێراقی داخستنی کەمپی "هۆل"ی سوری تایبەت بە خێزان و منداڵەکانی چەکدارانی داعشە، چونکە مانوەی ئەو کەمپە مەترسی راستەقینە لەسەر ئاشتی جیهانی دروست دەکات. راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانى عێراق هۆشداری داوە لە مانەوەى کەمپەکە و جەختیکردووەتەوە، کە مانوەی ئەو کەمپە مەترسی راستەقینە لەسەر ئاشتی جیهانی دروست دەکات. لە بەرامبەردا باڵیۆزی ئازەربایجان رایگەیاند، ئەوان خاوەنی ئەزمونێکی باشن لە بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و سپیکردنەوەی پارە، ئارەزومەندن لەو بوارەنە لەگەڵ عێراق هەماهەنگ بن، بۆ ئەوەی زانیاری و شارەزایی ئاڵوگۆڕ بکەن، بە شێوەیەک لە پتەوکردنی سەقامگیری جیهانی هاوکاربێت. کەمپی هۆڵ دەکەوێتە سنورى شارى حەسەکە لە رۆژئاواى کوردستان و نزیکەى ٧٠ هەزار ژن و منداڵى ئەمیر و چەکدارانى داعشی تێدایە کە خەڵکى چەندین وڵاتى جیاوازن و زۆرینەیان عێراقین.
هاوڵاتی دادگای فیدڕاڵیی عێراق سكاڵایەكی رەتکردەوە کە داوای دەکرد شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێم لەکاتی خۆیدا خەرج بکرێت بەپاساوی ئەوەی کە لایەنی سکاڵاکار کورد نییە و "هیچ بەرژەوەندییەکی لە سکاڵاکەدا نییە و زەرەرمەند نابێت." سكاڵاكە لەلایەن مەحمود عگێلی ئەمینداری گشتیی حزبی ئوومەی عێراقییەوە لە دژی محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق تۆماركرابوو کە تێیدا داوای دەكرد، حكومەتی عێراق پابەند بكرێت بە خەرجكردنی شایستە داراییە دواكەوتووەكانی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، وەك ئەوەی لە یاسای بودجەی 2023دا هاتووە. سکاڵاکە حكومەتی عێراقیش پابەند دەکرد بەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە وادەی خۆیدا وەك فەرمانبەرانی پارێزگاكانی تری عێراق خەرج بکرێت. بەپێی وتەی مەحمود عگێلی دادگای فیدڕاڵی پاساوی رەتکردنەوەی سکاڵاکەی ئەوە بووە کە لایەنی سکاڵاکار لە نەتەوەی کورد نییە و لە نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و پێنەدانی مووچەی فەرمانبەرانی زەرەرمەند نابێت.
هاوڵاتی سەرچاوەیەک لە ئەندامی شاندەکەی هەرێم ئاشکرایکرد کە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق رازی نییە جگە لە گوژمەی سێیەمی 700 ملیار دینارەکە، هیچ پارەیەکی تر بنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان. ماوەی دوو رۆژە شاندێکی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پرسی مووچە و بودجە و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەبەغدایە و بەپێی زانیارییەکان شاندەکە داوای ئەوەی کردووە کە حکومەتی عێراق بەپێی میکانیزمی پێشوو سێ گوژمەی تری 700 ملیار دیناری وەک قەرز بۆ مانگەکانی 10 و 11 و 12ی مووچەخۆرانی هەرێم دابین بکات. بەوتەی ئەندامێكی شاندەکە کە بۆ هاوڵاتی ئاشکرا کردووە، وەزیری دارایی عێراق ڕازی نییە جگە لەگوژمەی سێیەمی 700 ملیارەكە هیچ پارەیەكی دیكە بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت. وەك ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، بەپاساوی داخستنی ژمێرەی ئەمساڵی خەرجی عێراق، حکومەتی عێراق ناتوانێت هیچ پارەیەكی دیكە بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت جگە لە گوژمەی سێیەمی 700 ملیارەكە كە پێشتر بڕیاری ناردنی دراوە. هەر بەوتەی سەرچاوەكە ناردنی پارەی دیكە بۆ هەرێم دەكەوێتەوە سەر كۆبوونەوەی ئەمرۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و بریاریشە ئەمرۆ بڕیاری یەكلاكەرەوە لەوبارەیەوە بدرێت. تا کاتی نوسین و ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدایە.
هاوڵاتی نێچیرڤانی بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کۆبوویەوە و رایگەیاند، هەولێر و بەغدا لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی "گفتوگۆی تەکنیکین." سەرۆکایەتی هەرێم لە راگەیاندراوێکدا دەڵیت، ئەمڕۆ سێشەممە نیچیرڤان بارزانی پێشوازی لە عهلى ڕزا گويناى، باڵيۆزى توركيا له عێراق و شاندێكى ياوهرى كرد و لە کۆبوونەوەیەکدا هەردوولا جەختیان "له برهودان به پهيوهندييهكان و هاريكاريى هاوبهش بهتايبهتى له بوارى بازرگانى و ئابووريدا كردهوه." لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم کراوە و باڵیۆزی تورکیا لە عێراق ئامادهييى وڵاتهكهى بۆ ههناردهكردنهوهی نەوتی هەرێم دووپات كردهوهتەوە. هاوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کردووە کە "ئێستا ههولێر و بهغدا خهريكى گفتوگۆى تهكنيكين" سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم. لە 25ی ئازاری 2023 هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لەلایەن تورکیاوە راگیراوە بەهۆی دۆسیەیەکی یاسایی لەنیوان ئەنقەرە و بەغدا. تا ئیستا زیانەکانی راگرتنی نەوتی هەرێم نزیکبووەتەوە لە هەشت ملیار دۆلار.
هاوڵاتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، داواکارییان گەیاندووەتە وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ دابینکردنی نەوتی سپی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و لەکاتی گەشتنی بەشە نەوتی هەرێم بە هەر نرخێک بەغدا بینێرێت "وەزارەتمان بە هەمان نرخ بەسەر هاوڵاتییان دابەشی دەکات." ئەمڕۆ سێشەممە 28ی تشرینی دووەمی 2023، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە کۆبونەوەی وەزارەت لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لە 12ی تشرینی دووەم جەخت کراوەتەوە لەسەر "دابینكردنی نەوتی سپی بۆ هاوڵاتیانی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەهەمان نرخی پارێزگاكانی دیكەی عێراق، ئەمەش دوای ئەوەی وەزارەتمان لەمانگەكانی (تەموز و ئەیلول و تشرینی یەكەمی) ئەمساڵ بە سێ نووسراو و بەناردنی شاندی وەزارەتمان داواكاری گەیاندووەتە وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ بەمەبەستی دابینكردنی نەوتی سپی بەهەمان نرخی عێراق." لە روونکردنەوەکەدا وەزارەتی سامانە سروستییەکان دەشڵێت، لەکاتی دەستپێکردنی ناردنی بەشە نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە "بەهەر نرخێك بێت كە دیاری كرا بێت لەلایەن حكومەتی عێراقی فیدراڵەوە، وەزارەتمان بە هەمان نرخ بەسەر هاوڵاتییان دابەشی دەکات."
هاوڵاتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند شاندی هەرێم لە بەغدا بەردەوامە لە گفتوگۆکانی لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی ئەرێنی، دەشڵێت، "بەشێوەیەکی ناگونجاو مامەڵە لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کراوە." ئەمڕۆ مەسرور بارزانی لەکاتی مەراسیمی کردنەوەی کارگەی ڤان ستیل وتارێکی پێشکەش کرد و لەسەر کێشەکانی حکومەتی هەرێمی و عێراق وتی، "شاندی ئێمە بۆ چارەسەرکردنی کۆمەڵێک لەو کیشانەی هێشتا لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی ماون، لە بەغدان و بۆ ئەوەی بتوانن رێگەچارەی گونجاو بەتایبەتی بۆ بابەتی بودجە و دواکەوتنی مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بدۆزنەوە و بگەنە ئەنجامێکی ئەرینی." سەرۆکی حکومەتی هەرێم وتیشی، "دوێنێ شاندەکە گفتوگۆی باشیان هەبووە و ئەمڕۆش درێژەی ئەم گفتوگۆیانە دەبێت، بەداخەوە بەشێوەیەکی ناگونجاو مامەڵە لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کراوە و پێویستە ئەمە چارەسەر بکرێت."
هاوڵاتی خوێندنکارێک لە قەزای سێمێل لەناو خوێندنگا خوێندکارێکی هاوڕێی بە دەمانچە دەکوژێت و دواتر لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر دەکرێت. خەلیل مەحمود، قایمقامی قەزای سێمێل لەسەر روداوەکە بە هاوڵاتی راگەیاند، "روداوەکە لەیەکێک لەخوێندنگاکانی قەزای سێمێل روویداوە و لەلایەن خوێندکارێکی 11ی ئامادەیی ئەنجامدراوە، پۆلیس دەستیان بە لێکوڵینەوە کردوە وهێشتا هۆکاری روداوەکە دیارنییە." سەرچاوەیەکی تایبەت لە قەزای سێمێل بە هاوڵاتی راگەیاند، ئەمرۆ سێشەممە لە یەکێک لەخوێندنگاکانی سنوری قەزای سێمێل خوێندکارێکی پولی 11ی ئامادەیی لەکاتی دەوام و لەناو پولدا خوێندکارێکی تری کوشتووە. ئەو کەسەی کۆژراوە ناوی مستەفا فەهمییە تەمەنی 16 ساڵە و تۆمەتباریش لە هەمان تەمەندایە. هاوکات هەردووکیان دانیشتووی یەک گەڕەکن لە سەنتەری قەزای سێمێل. شایەتحاڵێک کە نەیویست ئاماژە بە ناوەکەی بکرێت بە هاوڵاتی راگەیاند، "ئەو دوو خوێندنکارە دوێنێ لە دەرەوە شەڕەقسە لەنێوانیاندا رویداوە، ئەمرۆ بۆ تۆڵەسەندنەوە یەکێکیان بەدزییەوە دەمانچەیەک لەگەڵ خوی دەهێنێتە خوێندنگا و بەدەمانچە هاورێیەکی خوی دەکۆژێت." بەپێی زانیارییەکان، دوای روداوەکە پۆلیس گەیشتووەتە شوێنی روداوەکە و بکوژەکەیان دەستگیرکردووە، تەرمی خوێندکارە کوژراوەکەش رەوانەی پزیشکی دادی دهۆک کراوە بەمەبەستی لێکوڵینەوە لە روداوەکە. وێنەی مستەفا فەهمی:
هاوڵاتی پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند حکومەتی هەرێم هیچ هەوڵێکی نەداوە بۆ رێگریکردن لە مامۆستایانی ناڕازی لە چوونیان بۆ بەغدا و ئەوەی دەوترێت "راست نییە"، دەشڵێت، "ئەگەر حکومەتی هەرێم ڕێگری بکردایە لە بازگەکانی خۆیەوە دەیکرد." رۆژی یەکشەممە 26ی تشرینی دووەمی 2023، کۆمەڵێکی زۆر لە مامۆستایانی ناڕازی بەرێکەوتن بەرەو بەغدا بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان و داواکردنی مافەکانیان، بەڵام لە بازگەی چیمەن لە نزیک کەرکوک رێگرییان لێکرا و بەرپرسانی بازگەکە نەیانهێشت تێپەڕن. مامۆستایانی ناڕازی هەرزوو رایانگەیاند کە رێگرتنەکە "رێککەوتنی نیوان هەرێم و بەغدا بووە." دواتر چەند پەرلەمانتارێکی کورد لە عێراق لەوانە موسەنا ئەمین و دارا سێکانیانی رایانگەیاند کە حکومەتی هەرێم داوای لە لایەنی پەیوەندیداری عێراقی کردووە رێگری لە مامۆستایان بکات. وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم وتانە رەتدەکاتەوە و بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، "ڕاست نییە و هیچ هەوڵێکی وانییە. هیچ هەولێک لە نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق نییە بۆ ڕێگری لە مامۆستایان، ئەگەر حکومەتی هەرێم ڕێگری بکردایە لە بازگەکانی خۆیەوە دەیکرد، چ پێویست بوو لە بازگەکانی عێراقەوە بیکات." پێشەوا هەورامانی باس لەوەش دەکات، هەوڵی ئەوان بۆ گەیشتنە بە رێککەوتن و "ئەگەر هەوڵێک هەبێت بۆ ڕێکەوتنی مووچەیە بۆ مامۆستایان و توێژەکانی تر نەک ڕێگری کردنیان، ئەسڵەن ڕوونە کە هەوڵی مامۆستایان هەوڵی ئێمەشە. ئێمەش هەمان بۆچوونمان هەیە کە ماف و ئیمتیازاتی موچە و حەقی خەڵکی هەرێم لای حکومەتی عێراقە."
