هاوڵاتی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، وادەی نوێ کردنەوەی کارتی بایۆمەتری لە کەرکوک بۆ ماوەی پێنج رۆژ درێژ کراوەتەوە. ئەمڕۆ سێشەممە، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە نوسراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، وادەی نوێ کردنەوەی کارتی بایۆمەتری لە کەرکوک و سەرجەم ناوچە کێشەلەسەرەکان بۆ ماوەی پێنج رۆژ درێژ کراوەتەوە. بڕیارەکە لەسبەینێوە دەستپێدەکات و رۆژانی پێنجشەممە، هەینی و شەممەش دەوامی فەرمییە هەروەها کاتی دەوامی سەرجەم ئۆفیسەکان زیادکراوە، لە کاتژمێر 8:00ـی بەیانییەوە بۆ کاتژمێر 8:00ـی شەو. لە کەرکووک رێژەی نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری گەیشتۆتە لەسەدا 78
هاوڵاتی نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو دەست بە خۆپیشاندان دەکەنەوە بەهۆی ئەوەی "هیچ بڕیارێک" دەرنەچووە بۆ دامەزراندنی وانەبێژان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە. عەلی رەئووف، نوێنەری گشتی وانەبێژان لە هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بە هاوڵاتی وت، " بەپێی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو سەبارەت بە دامەزراندنی هەمیشەیی مامۆستایانی وانەبێژان تاوەکو ئێسـتا هیچ بڕیارێکی یەکلاکەرەوە نەدراوە لەسەر دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ." نوێنەری وانەبێژان دەشڵێت، چارەسەری کێشەی وانەبێژان تەنها "خۆپێشاندانە لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران" بۆیە رۆژی یەکشەممەیان دیاریکردووە بۆ ئەنجامدانی گردبوونەوەکە و داوا لە مامۆستایانی وانەبێژ دەکەن کاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی ئامادەبن. ئەم هەڵوێستەی مامۆستایانی وانەبێژ لەکاتێکدایە کە چەندین جار بەرپرسانی حکومەتی هەرێم بەڵێنی دامەزراندنی هەمیشەییان پێداون بەڵام تا ئێستا ئەو بەڵێنانە جێبەجێنەکراون.
هاوڵاتی شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەغدا هیچ بیانویەکی لەبەردەم نەماوە کە پشکی هەرێم لە بودجە نەنێرێت چونکە حکومەتی هەرێم سەرجەم زانیارییەکانی لەبارەی داهاتەوە ناردووە. لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەری فەرمی پارتی، شاخەوان عەبدوڵا رایگەیاند، "حکومەتی ھەرێم ھەموو داتاو زانیارییەکانی لەبارەی داھاتی نەوت و نانەوتی رەوانەکردووە و تەنھا وردبینی کردنی ماوە" بۆیە هیچ بیانویەک نەماوە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە لەلایەن بەغداوە نەنێردرێت. بڕیارە ئەمڕۆ شاندی هەرێم سەردانی بەغدا بکاتەوە بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ ناردنی موچە و پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق. لەبارەیەوە شاخەوان عەبدوڵا دەڵێت، "لە ئێستادا بۆچوونێک ھەیە پشکی ھەرێم لە بەغدا بۆ ھەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت تاوەکو چاودێری دارایی وردبینی خۆیان تەواو دەکەن."
هاوڵاتی نازیلا مەعرووفیان، رۆژنامەنووسی شاری سەقز بۆ جاری سێیەم لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکرایەوە، ئەمەش دوای ئەوەی بۆ ماوەی رۆژێک ئازادکرا. رۆژی یەکشەممە 13ی ئابی 2023 نازیلا بەشێوەیەکی کاتی ئازادکرا بەڵام دوای تەنها رۆژێک و لە رۆژی دووشەممە دیسان دەستگیرکرایەوە و لە زیندانی قرچک لە ئێستادا دەستبەسەرە. رۆژنامەنوسەکە خوێندکاری زانکۆی تەباتەبایی تارانە و لەکاتی خۆیپیشاندانەکانی ساڵی رابردووی ئێران بەهۆی کوژرانی ژینا ئەمینییەوە لە 30 تشرینی یەکەمی 2022 دەستگیرکرا دوای ئەوەی گفتۆگۆیەکی تایبەتی لەگەڵ ئەمجەد ئەمینی باوکی ژینا بڵاوکردەوە. نازیلا مەعرووفیان رۆژی 11ی تەمموزی 2023 بۆ جاری دووەم لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستگیرکرا و لە زیندانی ئیڤین دەستبەسەربوو. لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا بە هۆکاری کێشەی هەناسەدان و لێدانی دڵ لە نەخۆشخانەی تاڵەقانی لە ژێر چاودێری پزیشکدا بوو. دوای زیاتر لە یەک مانگ دەستبەسەربوون، بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. لەگەڵ ئازادبوونی وێنەیەکی خۆی لە تویتەر بڵاوکردەوە کە گوڵێکی بە دەستەوەیە. لە ماوەی ساڵێکدا، ئەمە سێیەم جارە نازیلا مەعرووفیان دەستگیر دەکرێت. ئەم رۆژنامەنووسە سەقزییە، تۆمەتی هەوڵدان بە تێکدانی ئاسایشی وڵات و بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاستی دراوەتەپاڵ.
هاوڵاتی دەزگای ئاسایشی هەرێم ئەمڕۆ دوشەممە رایگەیاند"بەڕێوەبەرایەتی ئۆپراسیۆنەكانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی، سێ تیرۆریستی داعشیان دەستگیركرد". دەزگای ئاسایشی هەرێم لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "هێزەكانی ئاسایش لەدوای بەدەستگەیشتنی زانیاری هەواڵگری لەلایەن دەزگا ئەمنیەكانی حكومەتی فیدڕاڵ، لەسەر بونی سێ داواكراو بە ماددەی 4ی تیرۆر، بە مەبەستی دەستگیركردنی داواكراوان هێزەكانی ئاسایش بە بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوە، توانیان لە دو ئۆپراسیۆنی جیادا تیرۆریستان دەستگیربكەن". بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئۆپەراسیۆنی یەکەم، لە رۆژی 2ـی ئابی 2023 بووە و هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی، دوو "تیرۆریستی داواکراو" بە ناوەکانی ( م. ع. ع)، ( م. ج. م) دەستگیرکردووە. ئۆپراسیۆنی دووەمیش، وەکو دەزگای ئاسایش باسی دەکات، رۆژی یەکشەممە، 13ـی ئابی 2013 ئەنجامدراوە و بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی، "تیرۆریستی داواکراو" بە ناوی ( س. ح. ع) دەستگیرکردووە. بە گوێرەی ڕاگەیاندراوەکە یەکێک لە تیرۆرستەکان لە لە ڕیزەكانی داعشدا كاری بردن و گواستنەوە و دابەشكردنی ماڵ و سامانی كوردانی ئێزیدی بوە لە ناوچەی شەنگال. دەزگای ئاسایشی هەرێم ئەوەشی ئاشكراكردوە، "لەئێستادا هەر سێ تیرۆریستی داواكراو، ڕادەستی یاسا كراون"
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ دوشەممە رایگەیاند، "تۆمەتبارێكی ماددەی هۆشبەر بەرلەوەی تاوانێكی دڕندانە بەرامبەر بە هاوسەر و منداڵەكانی ئەنجامبدات، لەلایەن هێزەكانی ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیركرا". ئاسایشی هەولێر لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، تۆمەتبار (ن ،ن ، م) كە بازرگان و بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەرە، لەژێر كاریگەری بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر ئەشكەنجەی هاوسەر و منداڵەكانی داوە و بەنیاز بو منداڵێكی خۆی كە تەمەنی تەنها ساڵێك و شەش مانگە بەشێوەیەكی دڕندانە بكوژێت. " بەر لەئەنجامدانی ئەو تاوانە، بە بڕیاڕی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر لەلایەن هێزەکانیانەوە دەستگیرکرا و روبەڕوی یاسا کراوەتەوە." راگهیهندراوهكهی ئاسایش وادهڵێت.
هاوڵاتی ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە لە راگەیەندراوێكدا كوژرانی چوار سەربازی توركیای لە پێكدادانەكانی چیای جودی راگەیاند. ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە رایگەیاند "لە هەرێمی شەهید دەلیلی رۆژئاوای زاپ لە ١٣ی ئاب لە گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی جودی بە چەكی قورس لە سوپای توركیا درا و سەربازێك كوژرا". هەروەها دەڵێت "لە ١٣ی ئاب لە گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی جودی بە چەكی قورس لە سوپای توركیا درا و سەربازێك كوژرا". ئاشكراشیكردووە "لە١٣ی ئاب لە گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی جودی بە نیشانشكێن لە سوپای توركیا دراو لەو چالاكیانەدا كە لەلایەن هێزەكانی یەژاستارەوە ئەنجامدرا ٢ سەرباز كوژران ، یەكێكی دیكەش برینداربوو".
هاوڵاتی بڕیارە سبەینێ سێشەممە شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر پرسی مووچە و مەسرور بارزانیش ئەمڕۆ دووشەممە لەگوتاریكدا رایگەیاند گەشبینە بە رێككەوتنەكان لەگەڵ بەغدا و شایستەداراییەكان لە بودجە و مووچە دەنێردرێن. مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لە ڕێوڕەسمێكدا لە شاری زاخۆ، پڕۆژەی گەشتیاری كۆرنیشی دەلالی كردەوە و لەوتارێكیشدا رایگەیاند، "هەتا ڕێگری لە هەناردەكردنی نەوتی كوردستان كرا، حكومەتی هەرێم بە شانازییەوە هەمو مانگێك موچەی خەڵكی كوردستانی دابین كردوە، دەشڵێت، "گەشبینم بەوەی دەگەینە ئەنجامێكی باش لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی، تا بودجە لە كاتی خۆیدا بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان بنێرن". ئاماژەی بەوەشكرد، "ئێمە بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی پارێزگاری لە مافە دەستورییەكانمان بكەین، بەردەوامیش دەبین بۆ ئەوەی لەگەڵ حكومەتی عێراق بگەینە ئەنجامێكی ئاشتییانە و ئەو كێشانەی هەن، چارەسەر بكەین، لە ڕۆژانی داهاتوش جارێكی دیكە شاندی ئێمە دەچێتەوە بەغدا بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن لەسەر بابەتی ناردنی بودجە" هاوکات ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بۆ میدیای نزیك لە حیزبەكەی رایگەیاند "حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو ئەرك و پابەندییەكانی خۆی جێبەجێكردووە و سەردانەكەی سبەی شاندی حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا بۆ دڵنیابوونەوەیە لە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكان". لەم پەیوەندەدا، دوێنێ یەك شەممە ئێخلاس دلێمی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندبوو بەغدا مووچەی هەردوو مانگەكانی حەوت و هەشت بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت.
هاوڵاتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتوە، لە میانی کۆبونەوە لەگەڵ چەند بەرپرسێکی باڵای سەربازیدا ڕایگەیاندوە، وڵاتەکەی پێویستی بە هێزی شەڕکەری بیانی نییە. سەرۆکوەزیرانى عێراق لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانى سەربازیی عێراق کۆبووەوە کە بەشدارییان لە پرۆسەی کۆنترۆڵکردنەوەی پارێزگاى نەینەوا لە دەستى چەکدارانى داعش کردبوو. بەگوێرەى راگەیێندراوێکی نووسینگەى رۆژنامەوانی سودانی، لەو کۆبوونەیەدا رایگەیاندووە، عێراق پێویستى بە هێزى شەڕکەری بیانی نەماوە و ئاماژەی بەوەشکردووە، گەیشتوونەتە ئاستێکى پێشکەوتووى گفتوگۆ لەبارەى شێوازى پەیوەندى و هاریکاری داهاتوو لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتى دژی داعش بە سەرۆکایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. لە درێژەی قسەکانیدا سودانی ئاماژەی بەوەکردوە، هێزە چەکدرارەکان پێویستە پابەندی دەستور و یاسابن لە چوارچێوەی بەرەوپێشچون و سەپاندنی ئاسایش و ئاشتی و پارێزگاریکردن لە ژیانی ڕۆڵەکانی وڵات. لە حوزەیرانی 2014 چەکدارانى داعش شارى موسڵیان کۆنترۆڵکرد و دواتریش بەشێکی پارێزگاکانی سەڵاحەدین، کەرکووک و دیالە و ئەنبار، عێراق توانی لە ساڵى 2017، سەرکەوتن بەسەر ئەو رێکخراوەدا رابگەیێنێت و تا ئێستاش ئۆپراسیۆنەکانیان بەردەوامە بۆ لەناو بردنی پاشماوەکانی ئەو ڕێکخراوە.
هاوڵاتی پۆلیسی ئاکرێ رایگەیاند، ژنێکیان دەستگیرکردووە کە 14 هەزار و 700 دۆلاری لە هاوسەرەکەی دزیووە و بەنیاز بووە بچێتە دەرەوەی وڵات، بەڵام لە هەولێر دەستیگریان کردووە. رائید عیماد حسێن، وتەبێژی پولیسی ئاکرێ لە لێدوانێکدا بە هاوڵاتی راگەیاند، هاوسەری ژنەکە پێش چەند رۆژێک سکاڵای تۆمارکردووە کە 14 هەزار و 700 دۆلاری لێ دزیووە و هەڵهاتووە، بۆیە "دەستبەجی تیمەکانمان دەستیان بە لێکوڵینەوە کرد و هەر زوو لە رێکەوتی 9ی ئەم مانگە لەهوتێلێکی هەولێر توانیمان ژنەکە دەستگیربکەین." وتەبێژی پۆلیسی ئاکرێ وتیشی، ژنەکە تەمەنی 27 ساڵە و دانیشتووی گوندی خلانەیە لە ناحیەی گردەسێن، لەگەڵ تۆمەتبارێکی تر کە تەمەنی 24 ساڵ بووە کارەکەیان ئەنجامداوە و ئەویش دەستگیرکراوە. عیماد حسێن ئەوەشی ئاشکرا کرد کە کەسێکی تریش کە بەنیاز بووە بە قاچاخ ژنەکە بباتە دەرەوەی وڵات لە رۆژی 11ی ئەم مانگە دەستگیرکراوە.
هاوڵاتی ئیخڵاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند بڕیارە تا کۆتایی ئەم مانگە موچەی مانگی تەمموز و ئاب لە بەغدا رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت. ئیخلاس دلێمی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی و ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکدا دەڵێت، لەم هەفتەیەدا شاندی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەکاتەوە مەبەستی رادەستکردنی دواین داتا و زانیارییەکان سەبارەت بە داهات بە بەغدا. دلێمی باسی لەوەش کرد، تا کۆتایی ئەم مانگە "موچەی هەردوو مانگەکانی حەوت و هەشت رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت" و پرۆسەکە لە سەرەتایی هەفتەی داهاتووەوە دەستپێدەکات.
هاوڵاتی فرۆکەی بێ فرۆکەوان سەیرانگای گۆڵێی لە شارۆچکەی پێنجوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانی بۆردومان کرد. ئێوارەی ئەمڕۆ 13ی ئابی 2023، فرۆکەی بێ فرۆکەوان کێڵگەیەکی لە نزیک سەیرانگای گۆڵێ لە پێنجوێن بۆردومان کرد و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان هیچ زیانێکی گیانی نەبووە. ئەم بۆردومانە لەکاتێکدایە کە رۆژی هەیینی رابردوو، 11ی ئابی 2023، فرۆکەی بێ فرۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی لە سنوری شارۆچکەی پێنجوێن بە ئامانج گرت و تێیدا سێ هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا. دوای روداوەکە، کۆمپانیای ئاسیاسێڵ بڵاویکردەوە کە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە کارمەندی کۆمپانیاکەیان بووە و بە رەگەز عەرەب و خەڵکی موسڵ بووە.
هاوڵاتی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە کە بڕی 35 دەفتەر دۆلاری لە ماڵی باپیری دزیووە و لە نوسینگەیەک پارەکانی شاردووەتەوە، تا ئێستاش تەنها 165 ملیۆن دیناری پارەکە دەستی بەسەردا گیراوە. بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند ئەو تۆمەتبارە 300 هەزار و 500 دۆلار، واتە 35 دەفتەر دۆلاری لە ماڵی باپیری دزیووە و پارەکانی لە نوسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو شارددبووەوە. پۆلیسی هەولێر دەشڵێت، تا ئێستا تەنها دەستیان بەسەر 165 ملیۆن دیناری پارەکەدا گرتووە و لە هەوڵدان تەواوی پارەکەی تر بدۆزنەوە.
هاوڵاتی وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەونایدا رایگەیاند، پێوستە هەموان پشتگیری و هاوکاری نەخۆشخانەی هیوا بکەن و "پێداویستییەکانیان پڕ بکەینەوە جا وەزیر بین یان گزیر." ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا سەردانی نەخۆشخانەی هیوای کرد لە سلێمانی و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەردانەکەی بۆ دەربڕینی رێز و پیزانینە بۆ پزیشکان و کارمەندانی نەخۆشخانەکە و "نەخۆشخانەی هیوا تایبەتمەندی خۆی هەیە بۆیە پێویستە بە هەموومانەوە پشتیوان بین لە پڕکردنەوەی پێداویستییەکانیان و کەمتەرخەمی نەکەین ئینجا وەزیر بین یان گزیر." وەزیری خوێندنی باڵا داواشی کرد کە پاڵپشتی تەواوەتی لە نەخۆشخانەی هیوا و نانەکەلی بکرێت و وتیشی، "ئەرکی هەموو هاوڵاتییەکی کوردستانە هاوکاری ئەو نەخۆشخانانە بکەین بۆ ئەوەی لە رێگەی ئەو هاوکاریانەوە بە نەخۆشەکان بڵێین دڵمان لاتانە و ئەرکی ئێمەیە لە خەمیاندا بین". ئارام محەممەد داواشی لە سەرمایەداران کرد هاوکاری ئەو دوو نەخۆشخانەیە بکەن کە تایبەتن بە چارەسەرکردنی توشبوانی شێرپەنجە و وتی، "دەتوانن ئومێدی منداڵێک زیندوو بکەنەوە و خزمەتی نەخۆشێک بکەن."
هاوڵاتی بە پێی هەواڵێک کە ماڵپەڕی هەنگاو بڵاوی کردۆتەوە، حەسەن دەرئوفتادە، باوکی کۆمار دەرئوفتادە مێرمنداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵ کە لە خۆپیشاندانەکانی ئێران کوژرا،یادی مردنی کورە شانزە ساڵەکەی بکاتەوە. ماڵپەڕی هەنگاو بڵاویکردۆتەوە کە، بەڕێوەبەرێتی ئیتلاعاتی پیرانشار بانگی حەسەن دەرئوفتادە یان کردووە ودوای پێنج کاتژمێر لە راگیرانی هەڕەشەی لێکراوەو پێی وتراوە لە ساڵڕۆژی کۆچی دوای کوڕەکەیدا بۆی نییە هیچ ڕێوڕەسمێک بگێڕێت. هاوکات بە وتەی یەکێک لە بنەماڵەی دەرئۆفتادە، ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لەکاتێکدا ماوەی چوار ڕۆژ ماوە بۆ ٢٥ی گەلاوێژ(١٦ی ئاب)، ساڵڕۆژی لە دایک بوونی کۆمار دەرئۆفتادە، باوکیان ئاگادار کردۆتەوە کە بەڕێوەچوونی هەر جۆرە ڕێوڕەسمێک بەو بۆنەیەوە قەدەغەیە. کۆمار دەرئۆفتادەی تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی پیرانشار، لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی پیرانشار لە مەودای ٣ مەترییەوە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە درایە بەر دەستڕێژی گولە و گیانی لەدەست دا.
