هاوڵاتی  حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەگەر ئاگربەستی نیوان حەماس و ئیسرائیل درێژ نەکرێتەوە ئەوا ئەگەری هەیە جەنگ پەرە بستێنێت و بەرەیکی تری جەنگ بکرێتەوە. حیزبوڵڵای لوبنان رۆژی پێنج شەممە ٢٣ی تشرینی دووەمی 2023، رایگەیاند حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ حەسەن نەسروڵڵا ، رێبەری ئەو حیزبە کۆبووەتەوە و لەدوای کۆبوونەوەکە عەبدوڵاهیان بە  کەناڵی مەیادینی لوبنانی راگەیاندووە، "ئەگەر ئاگربەست درێژە نەکێشێت، جەنگ پەرە ئەستێنێ و ناوچەکە ئەگرێتەوە." وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوەش کردووە، "پێشتر جیهانمان لەمە ئاگادار کردبوەوە ئەگەر تاوانەکان رانەگیرێن، گروپەکانی تری بەرەی بەرگری دێنە ناو جەنگەکەوە." راگرتنی کاتی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل بڕیاربوو رۆژی پێنج شەممە ٢٣ی تشرینی دووەم دەست پێبکات، بەڵام لە دوایین ساتەکاندا گۆڕانکاری بەسەردا هات و وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئاشکرایکرد کە ئاگربەستەکە سبەی هەینی دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە و دوانیوەڕۆی هەمان رۆژ 13 بارمتەی ئیسرائیل ئازاد دەکرێن. حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی پێنج شەممە دوای کۆبونەوە لەگەڵ حەسەن نەسروڵڵا لە لوبنان، بەیروتی بەرەو دۆحەی پایەختی قەتەر جێهێشت بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە. ئەمە پێنجەمین سەردانی ئەمیر عەبدوڵاهیانە بۆ وڵاتی قەتەر لەو کاتەوەی بووەتە وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە. عەبدوڵاهیان لە سەردانی پێشویدا لە دۆحە لەگەڵ ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەب سیاسی حەماس کۆبوەوە. حەماس یەکێکە لەو گروپانەی لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێت و ئەمریکا و یەکێتی ئەورووپا ئەم گروپەیان خستووەتە لیستی تیرۆرەوە.

عەممار عەزیز شەش ساڵە بینای بنكەی تەندروستی لەدایكبوون لەناحیەی رۆڤیای سەر بەقەزای بەردەڕەش لەپارێزگای دهۆك لەهەرێمی كوردستان تەواوبووە، بەڵام تائێستا نەكراوەتەوەو هیچ منداڵێكی تێدا لەدایك نەبووە. بنكەكە لە 1_ 7 _ 2017 بەفەرمی كراوەتەوە، بەڵام بەهۆی دابیننەكردنی پێداویستیە پزیشكییەكان و ستاف، دوای بڕینی شریتی كردنەوەكەی، تائەمڕۆ دەرگاكەی بەداخراوی ماوەتەوە، ئەمەش هاووڵاتیانی نیگەران كردووە . عیماد رەشید، دانیشتووی ناحیەی رۆڤیایە بەهاوڵاتی وت: باوەڕناكەم لەهیچ شوێنێكی دونیا هەبێت بنكەیەكی تەندروستی بەهەموو ئامێرو شتەكان دابین بكرێت و بەڕووی خەڵكدا نەكرێتەوە، پێش دروستكردنی بنكەكە داواو تكای ئێمە ئەوەبوو بنكەیەكی تایبەت بۆ لەدایكبوون دروستبكرێت، شەش ساڵە بنكەكە لەڕووی بیناوە تەواوبووە بەڵام هیچ هاووڵاتییەك سوودی لێوەرنەگرتووە. وتیشی : سەدان حاڵەتی لەدایكبوون لەسەنتەری ناحیەی رۆڤیاو دەوروبەری هەبووە، لەوانەش لەماڵی خۆمان، ناچاربووینە روو لەسەنتەری بەردەڕەش یان ئاكرێ‌ بكەین. «ئاكرێ‌ نزیكەی 22 خولەك بەئۆتۆمبێل لێمان دوورە بەهەمانشێوە سەنتەری بەردەڕەش 15 خولەك لێمان دوورە، دەیانجار داوامانكردووە بنكەكە بكرێتەوە بەڵام بێسوود بووە، لەكاتێكدا سەدان دەرچووی پزیشكی لەبوارە جۆراوجۆرەكان خوێندنی خۆیان تەواوكردووەو لەماڵ دانیشتوون بۆچی حكومەت ئەوانە بەگرێبەست یان بەهەمیشەیی لەو بنكەیە دانامەزرێنێت». عیماد رەشید وادەڵێت. بەڕێوەبەری ناحیەكە باس لەهۆكاری نەكردنەوەی ئەو بنكەیە بۆ هاوڵاتی دەكات مەنهەل سورچی، بەڕێوەبەری ناحیەی رۆڤیا  بەهاوڵاتی  وت: بنكەكە لەڕووی بیناوە هیچ كێشەی نیەو بەشێوازێكی  رێكوپێك دروستكراوە، بەڵام كێشەی سەرەكی ئەوەیە بنكەكە پێویستی بەزیاتر لە 30 پزیشك و كارمەندو پەرستار هەیە، تائێستا حكومەت هیچ كەسێكی بۆ ئەم بنكەیە دابین نەكردووە، بۆیە بەداخراوی ماوەتەوەو لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و تەندروستی دهۆك بەردەوام لەسەر خەتین تائەم كێشەیە چارەسەربكەن بەڵام تائێستا هیچ كەسێك بۆ ئەم بنكەیە دانەمەزرێندراوە. بەڕێوەبەری تەندروستی بەردەڕەش دەڵێت داوای  كارمەندیان كردووە دكتۆر خدر ساڵح، بەڕێوەبەری تەندروستی قەزای بەردەڕەش بەهاوڵاتی وت: لەگەڵ بەشی پلاندانانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆك قسەمان كردووەو بەنووسراوێكی فەرمی داوای دانانی كۆمەڵێك كارمەندمان كردووە، لەوانەش  سێ  كارمەندی ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن، كارمەندانی تەندروستی هەشت تا 10 كەس، پەرستار هەشت تا 10 كەس، لەگەڵ پاسەوان و دابینكردنی چەند ئۆتۆمبێلێكی فریاكەوتن، نووسراوەكەمان ئاراستەی ئیدارەی پارێزگای دهۆك كردووە بەڵام تائێستا وەڵامی نەبووە. بەڕێوەبەری تەندروستی قەزای بەردەڕەش وتیشی: هەموو هەوڵێك دەدەین ئەو بنكەیە بەزووترین كات بەڕووی خەڵكدا بكرێتەوە، چونكە لەئێستادا فشارێكی زۆر لەسەر سەنتەری بەردەڕەش و ناوەندی ئاكرێ‌ هەیە، ئەگەر ئەم بنكەیە بكرێتەوە هاووڵاتیانیش ئەو رێگا دوورە نابڕن. ناحیەی رۆڤیا سەر بەقەزای بەردەڕەشەو ژمارەی دانیشتوانی 52 هەزار كەسەو لە 48 گوند پێكهاتووە، 21 كیلۆمەتر لەناوەندی قەزای ئاكرێ-وە دوورە، هاووڵاتیانی ناحیە بۆ حاڵەتەكانی لەدایكبوون یان دەبێت بچنە سەنتەری قەزای بەردەڕەش یان ناوەندی ئاكرێ‌ و شارەكانی تر، سەرەڕای ئەوەی لەناحیەی رۆڤیا بنكەیەكی تری تەندروستی هەیە، بەڵام وەكو پێویست دەرمان و پزیشك و كارمەندی نیەو بیناكەشی كۆنە.

هاوڵاتی ژمارەیەك فەرمانبەری هەرێمی كوردستان لە  دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سكاڵایان لەسەر سەرۆك وەزیران‌و وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان تۆماركردووە. نۆ فەرمانبەری هەرێمی كوردستان لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سكاڵایان لەسەر مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی تۆماركردووە، رۆژی یەكشەممەی هەفتەی داهاتوو، دادگای فیدراڵی یەكەم دانیشتنی دادبینی لەسەر سكاڵای ئەم فەرمانبەرانە بەڕێوەدەبات.  سكاڵاكارەكان بریتین لە هەریەكە لە (ئەژی بەرزان عارف- محەمەد حسێن كەریم- خەبات لەتیف عارف- نەجمەدین محەمەد ساڵح- دلاوەر عەلی محەمەد- ئاوات ئازاد محەمەد تاڵ- دڵشاد محەمەد ئەمین- سامان عەلی ساڵح- رێبوار باهیر ئەحمەد). سکاڵاکە دوای ئەوە دێت کە فەرمانبەرانی عێراق مووچەی مانگی ١١ وەرگرتووەو  مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم هێشتا مووچەی مانگی نۆیان پێنەدراوە لە دوای بایکۆتکردن و خۆپیشاندانی بەردەوام بۆ دوا کردنی شایستە داراییەکانیان، بڕیاریاندا داواکارییەکانیان ببەنە بەغدا. لە سکاڵاکەدا کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو دانیشتنی لەسەر بکرێت، داوا دەکەن  دادگای فیدراڵی هەریەكە لە سەرۆك وەزیران‌و وەزیری دارایی هەرێم پابەند بكات بە جێبەجێكردنی دروستی یاسای موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت‌و كەرتی گشتی ژمارە (22)ی ساڵی 2008ی هەمواركراوی فیدراڵی، بەتایبەتی ماددەكانی (6-7-8-9)ی یاساكە.  هەروەها  بڕیارو رێنماییەكانی سەرۆك وەزیران‌و وەزیری دارایی هەرێم لەبارەی راگرتنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران هەڵبوەشێنێتەوە. 

هاوڵاتی درەنگانی رۆژی سێشەممە ٢١ی تشرینی دووهەم، ٩ کۆڵبەر لە سنووری هەنگەژاڵی بانە، بە  تەقەی راستەوخۆی هێزە سنوورییەکان بریندار بوون و رۆژی چوارشەممە یەکێک لەو کۆڵبەرانە بە ناوی ئەسعەد حەسەنپوور، خەڵکی ئاوایی جافرخانی سەقز، بە هۆی قووڵی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا. بە پێی هەواڵی ماڵپەڕی کۆڵبەر نیوز، ٩ کۆڵبەر بە ناوەکانی، ئیسماعیل ڕەحیمی، ئەسعەد حەسەنپوور، سەلام و جەوهەر، خەڵکی شاری سەقز، مەهدی جەمالی، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی بانە، سیامەند، موراد و شاهین، خەڵکی بۆکان و محەممەد، خەڵکی سنە بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری بانە بریندار بوون و یەکێک لەو کۆڵبەرانە بە ناوی ئەسعەد حەسەنپوور، کە فیشەک بەر سکی کەوتبوو گەیەندرابووە نەخۆشخانە و سەرەنجام رۆژی چوارشەممە بە هۆی قووڵی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا. هەروەها  رۆژی چوارشەممە ٢٢ی تشرینی دووهەمیش، تەرمی کۆڵبەرێک بە ناوی رەحمان مەعرووفی، خەڵکی "گزگسک"، سەر بە پیرانشار، دۆزرایەوە. دەوترێت ئەم کۆڵبەرە بە هۆی سەرماوە گیانی لەدەستداوە. جێگەیباسە لە دوای سەفەری ئیبراهیم رەئیسی لە رۆژی ٢ی تشرینی دووهەم  بۆ پارێزگای سنە، دەستڕێژی هێزەچەکدارەکان بە تایبەت لە کۆڵبەرەکان زیاتر بووە، رۆژی ١٨ی تشرینی دووهەم، ماڵپەڕی هەنگاو لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە دا کە لە ماوەی ٢ هەفتەدا دوای سەفەری رەئیسی بۆ کوردستان ٤٣ کۆڵبەر لە سنووری بانە کوژراون و بریندار بوون. هەر لەم پەیوەندەدا رۆژی ١٨ی تشرینی دووهەم ٣ کۆڵبەر لە سنووری بانە بریندار بوون و گەیەندرانە نەخۆشخانە. بە پێی ئەم زانیاریانە لە ماوەی ١٩ رۆژدا ٥٥ کۆڵبەر لە سنووری بانە کوژراون و بریندار بوون. بێکاری و نەبوونی دەرفەتی کار، وایکردووە خەڵک لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان روو بکەنە کۆڵبەری و  زۆرجار بە دەستڕێژی راستەوخۆی هێزەچەکدارەکان گیانیان لە دەست ئەدەن یان بریندار ئەبن. کۆڵبەریی تەنیا تایبەت بە خەڵکی ناوچە سنوورییەکان نییە، بەڵکو بەهۆی دۆخی خراپی ئابوورییەوە زۆر کەسی خەڵکی شار و گوندەکانی دوورتر لە سنووریش لە رێگەی کۆڵبەرییەوە هەوڵ بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانیان دەدەن.

هاوڵاتی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لەڕێگەی درۆنێكەوە هێرشکرایەسەر بنكەی هێزەكانی ئەمریكا لە ناو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرو بەڕێوەبەرایەتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێریش ڕەتیدەکاتەوە کە فڕۆکەخانە بۆ گەشتە ئاسمانییە ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتییەکان دابخات بەهۆی ئەو بۆردومانە ئاسمانییەوە کە ڕوبەڕوی بۆتەوە. گروپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌كردوه‌، لە "تۆڵه‌"ی ئه‌و هێرشه‌كانه‌ی دژی خەڵکی غەززە ئەنجامدەدرێن، ھێزەکانیان ھێرشیان کردوەتەسەر بنکەی سەربازی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی ھەولێر.  ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "ھێرشەکە لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانه‌وه‌ ئەنجامدراوە و ئامانجه‌كه‌ی پێكاوه‌"، به‌ڵام زانیاری دیكه‌ی نه‌خستوه‌ته‌ڕو. لە دوای هێرشەکان میدیا ناوخۆییەکان‌و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژەیان بەوەکردوە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بەهۆی بۆردومانی ئاسمانییەوە گەشتە ئاسمانییە ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتییەکان ڕاگرتوه‌ لەم بارەیەوە ئەحمەد هۆشیار بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بەئاژانسی هەواڵی شەفەقی وتوه‌، "هەواڵی ڕاگرتنى گه‌شته‌ ئاسمانیه‌كان له‌فڕۆکەخانەکانی هەولێر ڕاست نییەو هاتوچۆی ئاسمانی لەفڕۆکەخانە ئاساییەو به‌رده‌وامه‌". لەم پەیوەندەدا بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە ١٧ی مانگی رابردوەوە تا ئێستا نزیکەی ٧٠ ھێرش بۆ سەر ھێزەکانیان لە عێراق و سوریا ئەنجامدراوە و ٦٢ سەربازییان برینداربوون هاوکات ژمارەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق نزیکەی دوو ھەزار و ٥٠٠ و لە سوریاش ٩٠٠ سەربازە.  

شەنای فاتیح بەپێی ئامارێكی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە دەست هاوڵاتی كەوتووە، كارو چالاكییەكانی وەزارەتەكە لەسەرجەم سێكتەرەكانی تایبەت بەوەزارەتەكەی بڵاوكراوەتەوە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە، ئەو بەنداوانەی كەوەزارەتەكە دەڵێت كابینەی نۆیەم تەواوی كردوون زۆرینەیان لەسەردەمی كابینەكانی پێشوودا بودجەیان بۆ تەرخانكراوە، بەشێكی زۆریشیان هەر لەكابینەكانی پێشوودا تەواوكراون، بەڵام لەلایەن حكومەتەوە بەدەستكەوتی كابینەی نۆیەم لەقەڵەمدراون. کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ١٠ی تەمووزی ٢٠١٩ بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی پێکهێنرا و وەزیرەکانی کابینەکە سوێندنی یاساییان لە پەرلەمان خوارد و دەستبەکاربوون. وەک لە ئامارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ دەردەکەوێت، بەشێکی زۆر بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان لە کابینەکانی پێشتردا بەردی بناغەیان دانراوە و تەنانەت هەندێکیان لەپێش کابینەی نۆیەمەوە تەواو بوون بەجۆرێک ١٤ بەنداو لە پێش ساڵی ٢٠١٩ تەواو بووە کە پێش پێکهێنانی کابینەی نۆیەمە، بەڵام بە دەستکەوتی کابینەی نۆیەم هەژمار کراوە. لەو ١٤ بەنداوە لە سنوری پارێزگای هەولێر چوار بەنداو، لە سنوری پاریزگای سلێمانی سێ بەنداو، لە سنوری پارێزگای دهۆک یەک بەنداو و لە سنوری ئیدارەی گەرمیان شەش بەنداو بە دەستکەوتی کابینەی نۆیەم هەژمار کراون. بەشێك لەئامارەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ بەمشێوەیەیە كەتێیدا باس لەبەنداوەكان دەكات بەنداوەكانی سنووری پارێزگای هەولێر: ١- بەنداوی جەلی لەكۆیە، بەگوژمەی ١٠ ملیارو ٧٢٩ ملیۆن و ٢٦٢ هەزار دینار لە ٢٤ی ئاداری ٢٠١٠ بەردی بناغەی دانراوەو لە ١٥ی نیسانی ٢٠١٣ تەواوبووە. ٢- بەنداوی دێگەڵە لەكۆیە، بەگوژمەی شەش ملیارو ٢٣٧ هەزارو ١٨٥ هەزار دینار لە شەشی كانوونی یەكەمی ٢٠١٠ بەردی بناغەی دانراوەو لە ١٦ی شوباتی ٢٠١٤ تەواوبووە  . ٣- بەنداوی حەمادۆك لەكۆیە، بەگوژمەی چوار ملیۆن و ١٤٢ هەزارو ٤٢٥ دۆلار لە ٢١ی كانوونی دووەمی ٢٠٠٨ بەردی بناغەی دانراوەو لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٠ تەواوبووە. ٤- بەنداوی كۆدەڵە لەدەشتی هەولێر، بەگوژمەی دوو ملیارو ٧٧٤ ملیۆن و ٢٦٩ هەزار دینار لە ٢٨ی ئابی ٢٠١٣ بەردی بناغەی دانراوەو لە ١٥ی ئاداری ٢٠١٥ تەواوبووە ، لەسەردەمی كابینەی حەوتەمدا بەردی بناغەی دانراوەو لەسەردەمی كابینەی هەشتەمدا تەواوبووە. ٥- بەنداوی چەمرگە لەدەشتی هەولێر، بەگوژمەی سێ ملیارو ٧٥٧ ملیۆن و ١٩٢ هەزار دینار لەپێنجی كانوونی دووەمی ٢٠١١ بەردی بناغەی دانراوەو لە ١٦ی ئایاری ٢٠٢٢ تەواوبووە. بەنداوەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی: ١- بەنداوی شیوەسوور لەچەمچەماڵ، بەگوژمەی ١١ ملیارو ٥٨٥ هەزارو ١٦٠ دینار لەحەوتی نیسانی ٢٠١١ بەردی بناغەی دانراوەو لە ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٤ تەواوبووە ، لەسەردەمی كابینەی حەوتەمدا بەردی بناغەی دانراوەو لەسەردەمی كابینەی هەشتەمدا تەواوبووە. ٢- بەنداوی هەشەزینی لەچەمچەماڵ، بەگوژمەی سێ ملیارو ٨٦٤ ملیۆن و ١٣١ هەزارو ١٥٢ دینار لەسێی شوباتی ٢٠١٣ بەردی بناغەی دانراوەو لە ٢١ی كانوونی دووەمی ٢٠١٨ تەواوبووە لەسەردەمی كابینەی حەوتەمدا بەردی بناغەی دانراوەو لەسەردەمی كابینەی هەشتەمدا تەواوبووە. ٣- بەنداوی چەمی سمۆر لەقەرەداغ، بەگوژمەی حەوت ملیارو ٤٤٢ ملیۆن و ٨٢٣ هەزارو ٨٣٦ دینار لەسێی تەموزی ٢٠١٢ بەردی بناغەی دانراوەو لە ٢٥ی ئایاری ٢٠١٥ تەواوبووە. ٤-  بەنداوی دێوانە لەقەرەداغ، بەگوژمەی ٢٦ ملیارو ٢٨٠ ملیۆن و ١٠٠ هەزارو ٩٠٠ دینار لە ١٧ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٠ بەردی بناغەی دانراوەو تەواوبوونی تائێستا لەپڕۆسەدایە. بەنداوەكانی سنووری پارێزگای دهۆك: ١- بەنداوی بێدۆهی لەدهۆك، بەگوژمەی ١١ ملیارو ٧٨٧ ملیۆن و ٥٣٤ هەزار دینار لە ٢٣ی شوباتی ٢٠١٣ بەردی بناغەی دانراوەو لە ٢١ی ئابی ٢٠١٤ تەواوبووە ، لەسەردەمی كابینەی حەوتەمدا بەردی بناغەی دانراوەو لەسەردەمی كابینەی هەشتەمدا تەواوبووە. ٢- بەنداوی خەنەس لەشێخان، بەگوژمەی نۆ ملیارو ٢١٨ ملیۆن و ٤٨٦ هەزارو ٧٥٠ دینار لە١٢ی حوزەیرانی ٢٠١٠ بەردی بناغەی دانراوەو لە ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ تەواوبووە. بەنداوەكانی سنووری ئیدارەی گەرمیان: ١- بەنداوی باوە شاسوار لەكفری، بەگوژمەی هەشت ملیارو ١٩٠ ملیۆن دینار ساڵی ٢٠٠٨ بەردی بناغەی دانراوەو ساڵی ٢٠١١ تەواوبووە ، لەسەردەمی كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمدا بەردی بناغەی دانراوەو لەسەردەمی كابینەی حەوتەمدا تەواوبووە. ٢- بەنداوی حەسەن كەنووش لەگەرمیان، بەگوژمەی دوو ملیۆن و ٤٤١ هەزارو ١٤٥ دۆلار لە ١٤ی ئابی ٢٠١١ بەردی بناغەی دانراوەو لە ١٠ی شوباتی ٢٠١٣ تەواوبووە . ٣- بەنداوی هەڕاوە لەچەمچەماڵ، لەنۆی كانوونی یەكەمی ٢٠٠٩ بەردی بناغەی دانراوەو ساڵی ٢٠١١ تەوابووەو گوژمەی تەواوبوونەكەی نادیارە، لەسەردەمی كابینەی شەشەمی حكومەتی هەرێمدا بەردی بناغەی دانراوەو هەر لەسەردەمی كابینەی شەشەمیشدا تەواوبووە. ٤- بەنداوی قادركەرەم لەچەمچەماڵ، بەگوژمەی چوار ملیۆن و ٦٢٣ هەزارو ٢٠ دۆلار لە٢٧ی كانوونی یەكەمی ٢٠١١ بەردی بناغەی دانراوەو لەیەكی نیسانی ٢٠١٥ تەواوبووە. ٥- ئاوە سپی لەچەمچەماڵ، بەگوژمەی ١٥ ملیۆن و ٩٢٨ هەزارو ٩٧.١٠٢ دۆلار لەسێی تشرینی یەكەمی ٢٠١١ بەردی بناغەی دانراوەو لە ١٥ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٥ تەواوبووە. ٦- بەنداوی ویری قادركەرەم لەكفری، بەگوژمەی ٩٨٦ ملیۆن و ٧١٧ هەزار دینار لە حەوتی نیسانی ٢٠١٤ بەردی بناغەی دانراوەو لەنۆی تەمموزی ٢٠١٥ تەواوبووە. ٧- بەنداوی توەجار لەكەلار، بەگوژمەی پێنج ملیارو ٨٠٠ ملیۆن دینار لەپێنجی ئایاری ٢٠١٢ بەردی بناغەی دانراوەو لە ١٢ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٣ تەواوبووە. لەسەر ئەم پرسە هاوڵاتی پەیوەندی بەوەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وتەبێژی حكومەتی هەرێمەوە كرد تا لەهۆكاری ئەوە بپرسن بۆچی ئەم پڕۆژانە بەدەستكەوتی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم لەقەڵەمدراون، بەڵام هیچكامێكیان وەڵامیان نەدایەوە. هاوكات، چەند بەنداوێكیش كەژمارەیان ١٤ بەنداوە تائێستا لەژێر پڕۆسەی جێبەجێكردندان، بەڵام هیچكامێكیان بەرواری تەوابوونیان لەسەر نییە لەكاتێكدا لەكابینەكانی پێشوودا بەردی بناغەیان دانراوە، ئەوانیش: ئەو بەنداوانەی سنووری پارێزگای هەولێر كە لەژێر پڕۆسەی جێبەجێكردندان: ١- بەنداوی گۆمەسپان لەشەقڵاوە، بەگوژمەی ٩٥ ملیارو ٢٨ ملیۆن و ٧٨٢ هەزار دینار لە ٢٠ی ئابی ٢٠١٣ بەردی بناغەی دانراوەو تائێستا كاركردن لەپڕۆژەكەدا بەردەوامە. ٢- بەنداوی ئاقوبان لەشەقڵاوە، بەگوژمەی حەوت ملیارو ٩٥٥ ملیۆن و ١٨٤ هەزارو ٦٨٦ دینار لەپێنجی كانوونی دووەمی ٢٠١١ بەردی بناغەی دانراوەو تائێستا كاركردن لەپڕۆژەكەدا بەردەوامە. ٣- بەنداوی شەوگێر لەكۆیە، بەگوژمەی پێنج ملیارو ٦٣٠ ملیۆن و ١٦ هەزار دینار لە ١٨ی ئاداری ٢٠١١ بەردی بناغەی دانراوەو تائێستا كاركردن لەپڕۆژەكەدا بەردەوامە. ٤-بەنداوی بانووی تاڵەبان لەكۆیە، بەگوژمەی هەشت ملیارو ٩٨٦ ملیۆن و ٦١ هەزارو ٥٥٣ دینار لەشەشی كانوونی دووەمی ٢٠١١ بەردی بناغەی دانراوە، لەیەكی نیسانی ٢٠١٤وە كاركردن لەپڕۆژەكەدا وەستاوە. ٥- بەنداوی نازەنین لەكۆیە، بەگوژمەی حەوت ملیارو ٩٣٥ ملیۆن و ٩٠٨ هەزارو ٤٢٤ دینار لە ٢٥ی ئایاری ٢٠١٣ بەردی بناغەی دانراوە ، بەپێی نوسراوی ژمارە ٢٠١٣ لەیەكی ئاداری ٢٠٢٣ جەخت لەكۆمپانیا كراوە بۆ دەستبەكاربوونەوە لەنزیكترین ماوەدا.  ئەو بەنداوانەی سنووری پارێزگای سلێمانی كە لەژێر پڕۆسەی جێبەجێكردندان: ١- بەنداوی سورقاوشان لەدوكان، بەگوژمەی ١٣ ملیارو ٣٤٥ ملیۆن و ١٤٠ هەزارو ٨٨٠ دینار لەدووی حوزەیرانی ٢٠١١ بەردی بناغەی دانراوەو لە ٢٥ی كانوونی یەكەمی ٢٠١٤وە كاركردن لەپڕۆژەكەدا وەستاوە. ٢- بەنداوی زەلان لەشارباژێڕ، بەگوژمەی ٢٥ ملیارو ١٧٥ ملیۆن و ٢٨٠ هەزارو ٣٢٨ دینار لەدووی شوباتی ٢٠١٤ بەردی بناغەی دانراوەو لەیەكی ئابی ٢٠١٥وە كاركردن لەپڕۆژەكەدا وەستاوە. ٣- بەنداوی چەقچەق دوو لەناوەندی سلێمانی، بەگوژمەی ١٦ ملیارو ٨٩ ملیۆن و ٩٧٥ هەزارو ٧٠ دینار لە١٢ی كانوونی یەكەمی ٢٠١٣ بەردی بناغەی دانراوەو لەیەكی كانوونی دووەمی ٢٠١٦وە كاركردن لەپڕۆژەكەدا وەستاوە. ٤- چارەسەركردنی زیانەكانی بەنداوی دەربەندیخان، بەگوژمەی دوو ملیارو ٢٣٦ ملیۆن و ٤٥٨ هەزارو ٤٩٠ دینار لە ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ بەردی بناغەی دانراوەو لەنۆی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢وە كاركردن لەپڕۆژەكەدا وەستاوە. ئەو بەنداوانەی سنووری پارێزگای دهۆك كە لەژێر پڕۆسەی جێبەجێكردندان: ١- بەنداوی صینە دوو لەئامێدی، بەگوژمەی حەوت ملیارو ٢٦٣ ملیۆن و ٦٠ هەزارو ٧٠٠ دینار لەسێی تشرینی دووەمی ٢٠١٣ بەردی بناغەی دانراوەو تائێستا كاركردن لەپڕۆژەكەدا بەردەوامە. ٢- بەنداوی گەلی بەنداوا لەسێمێل، بەگوژمەی حەوت ملیارو ١٨٧ ملیۆن و ١٩٦ هەزارو ٧٥٠ دینار لە ٢٨ی كانوونی یەكەمی ٢٠١٣ بەردی بناغەی دانراوەو تائێستا كاركردن لەپڕۆژەكەدا بەردەوامە. ئەو بەنداوانەی سنووری ئیدارەی گەرمیان كە لەژێر پڕۆسەی جێبەجێكردندان: ١- بەنداوی باوەنوور لەكەلار، بەگوژمەی ٢٤٤ ملیارو ٢٣٢ ملیۆن و ٥٠ هەزارو ٦٦٦ دینار لە ٢١ی ئابی ٢٠١٣ بەردی بناغەی دانراوەو لەیەكی تەمموزی ٢٠٢٠ كاركردن لەپڕۆژەكەدا وەستاوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە. ٢- بەنداوی باسەڕە لەچەمچەماڵ، بەگوژمەی ٩٨ ملیارو ٦٠٥ ملیۆن و ٢٨٠ هەزارو ٦١١ دینار لە ٢١ی ئابی ٢٠١٣ بەردی بناغەی دانراوەو لە ٢٩ی ئابی ٢٠٢١ەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە كاركردن لەپڕۆژەكەدا وەستاوە. ٣- بەنداوی خۆرنەوازان لەكفری، بەگوژمەی ١٦ ملیارو ٥٠٨ ملیۆن و ٥٢٩ هەزارو ٧٩٥ دینار لە ٢٣ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٠ بەردی بناغەی دانراوەو لە ٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩وە كاركردن لەپڕۆژەكەدا وەستاوە. چەند پڕۆژەیەكیش تەنها دیراسەو دیزاینیان تەواوبووەو نەكەوتوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام وەك دەستكەوتی كابینەی نۆیەم هەژماركراوان، بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكاندا دابەشبوون: ١- پارێزگای هەولێر ١٦ پڕۆژە ٢- پارێزگای سلێمانی ١٣ پڕۆژە ٣- پارێزگای دهۆك پێنج پڕۆژە ٤- پارێزگای هەڵەبجە یەك پڕۆژە ٥- ئیدارەی گەرمیان چوار پڕۆژە ٦- ئیدارەی راپەڕین سێ پڕۆژە

هاوڵاتی  ئاسایشی هەولێر رایگەیاند دوو کەسیان دەستگیرکردووە کە خاوەنی چەناڵی "بەدڕەوشتی" بوون لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و "هەڕەشە"یان لە خەڵک کردووە. ئاسایشی هەولێر لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت بەبڕیاری دادوەری لیکۆڵینەوەی ئاسایش دوو تۆمەتبارییان دەستگیرکردووە کە خاوەنی چەند چەناڵێکن لە تۆڕی کۆمەڵەیەتی تیلیگرام "بەناوەکانی (ز ، م ، ع ) و ( أ ، ق ، أ) کە لە لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت کە خاونی چەند چەناڵێکن لە تۆڕی تیلیگرام بەناوەکانی (ڕیکۆردی هەڕەشەکان لێرەیە ، ڤیدۆی کچەکەی ک، ژنم هەیە بۆ…، CTS)هەروەها گرتەڤیدۆی چەندین ئافرەت و پیاویان لایەو لەبەرامبەر پارە یان کارتی مۆبایل بۆ کەسانی تریان ڕەوانە کردوە,هەروەها بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەریش بوون." ئاسایشی هەولێر باس لەوەش دەکات ئەو کەسانە "دور لەڕەوشت و داب و نەریت و بەها کۆمەڵایەتیەکان بەشێوەی (ڕاستەو خۆ /لایڤ) لەتۆڕەکۆمەڵایەتیەکانەوە بانگەشەیان بۆ کاری بەدڕەوشتی و هەڕەشەیان لە خەڵک دەکرد." هاوکات بەرێوبەرایەتی ئاسایشی هەولێر داوا دەکات هەرکەسێک سکاڵای یاسای لەسەر ئەو دوو تۆمەتبارە هەیە لەڕێگای دادگاوە دەتوانێت سکاڵایان لەسەر تۆمار بکات.     

هاوڵاتی  ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبوویەوە و رایگەیاند خشتەی مووچەخۆرانی هەرێم پێشکەش بە حکومەتی فیدڕاڵی کرا دوای ئەوەی کە پرۆسەی وردبینی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی عێراق و هەرێم لە کۆبونەوەکەدا خرایە ڕوو.  ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی تشرینی دووەمی 2023، ئەنجومەنی وەزیرانی بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم کۆبوویەوە و لە بڕگەی یەکەمدا سیراج بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی راژەی گشتی راپۆرتێکی سەبارەت بە میلاکی گشتی خستەڕوو.  لەمانگی رابردوودا لیژنەیەکی دیوانی چاودێری وەزارەتی دارایی عێراق بۆ وردبینیکردن لە ژمارەی مووچەخۆران و داهاتی هەرێمی کوردستان وردبینییان ئەنجامدا. بەپێی راگەیاندراوێکی حکومەتی هەرێم، لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیران"سەرۆکی ئەنجومەنی ڕاژەی گشتی، ئەنجامی پرۆسەی وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێمی خستەڕوو سەبارەت بە میلاکی گشتیی و ئاماژەیدا بەوە دا کە سەرجەم خشتە و زانیاریی و ژمارەکان خراونەتە بەردەم تیمی هاوبەشی وردبینی و لە ئەنجامدا دوای وردبینی، خشتەی مووچەخۆرانی هەرێم پێشکەش بەهەردوو حکومەتی فیدڕاڵیی وهەرێم کرا کە هەنگاوێکی گرنگە بە ئاراستەی دابینکردنی شایستەی دارایی مووچەخۆران."  لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە کە "ئەنجومەنی وەزیران چەند پێشنیار و ڕاسپاردەیەکی ئەنجومەنی ڕاژەی گشتیی پەسەند کرد لە پێناوی بە دامەزراوەییکردنی زیاتری کەرتی وەزیفەی گشتیی و هێزی کار لە دامەزراوەکانی هەرێم، هەروەها سەرجەم وەزارەتەکانیش ڕاسپێردران کە هاوکاری ئەنجومەنی ڕاژەی گشتی بکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی پەسەندکران، فەرمانگەی هەماهەنگیی و بەدواداچووونیش ڕاسپێردرا بۆ ڕەخساندنی هەماهەنگی بۆ ئەم مەبەستە."

دلێر عەبدوڵڵا پارتی دیموكراتی كوردستان، لەهەولێرەوە بانگەشە بۆ لیستەكەی كەركوكی دەكات و جیاواز لەحزبەكانی تر، لەدەرەوەی كەركوكەوە كاندیدەكانی ناساند، سەركردەیەكی ئەو حزبەش رایگەیاند كەزۆرینەی دەنگدەرانی كەركوكی پارتی لەشاری هەولێرن بۆیە ئاهەنگی ناساندنی كاندیدەكانیان لەو شارەدا كردووە، چاودێرێكی سیاسیش پێیوایە كە ئەوە عەیبەیەكی گەورەیە بۆ پارتی و نەدەبوو ئەو كارە بكات. بانگەشەی لیست و قەوارە سیاسییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق دەستیپێكردو جیاواز لەحزبەكانی تر، پارتی دیموكراتی كوردستان لەشاری هەولێرەوە ئاهەنگی ناساندنی كاندیدەكانی رێكخست و لەبری ئەوەی لەكەركوك كە بەدڵی كوردستان پێناسەی دەكات بانگەشە دەستپێبكات، لەشاری هەولێرەوە خۆی بۆ بەشداریكردن لەو هەڵبژاردنەدا ئامادەكرد. بڕیارە رۆژی 18ی مانگی كانونی دووەمی داهاتوو، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەڕێوەبچێت، كورد وەك پێكهاتەیەكی سەرەكی و گرنگی پارێزگاكە، بەچەند لیست و قەوارەیەك بەشداری ئەو هەڵبژاردنە دەكات، ئەوەش مەترسی لەسەر كەمبوونەوەی دەنگەكانی كورد دروستكردووەو رەنگە هۆكارێك بێت بۆ پەرتەوازەیی دەنگی كورد لەو هەڵبژاردنەدا. پارتی دیموكراتی كوردستان، وەك پارتێكی سەرەكی ركابەری لەسەر بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگەكان دەكات، بەڵام پێچەوانەی ئەوەی چاوەڕێ دەكرا. ئاهەنگی ناساندنی كاندیدەكانی لەدەرەوەی كەركوك ئەنجامداو لەشاری هەولێرەوە دەستی بەبانگەشە كرد، لەوبارەیەوە فازیل بەشارەتی سەركردەو كادیری پێشكەوتوی پارتی دیموكراتی كوردستان بەهاوڵاتی وت «بەو حوكمەی هەندێك دەنگدەری كەركوك لەهەولێرە، لەدوای شانزەی ئۆكتۆبەرەوە هاتوونەتە هەولێر لەكاتێكدا لەئەسڵدا كەركوكین و شەرعیەتی دەنگدانیان لەهەولێر هەیە، بۆ ئەوەی كاندیدەكانمان بەمانیش بناسرێن و روونكردنەوەیان پێبدرێت و هانبدرێن و بانگهێشتبكرێن. ئەگەرنا لەبنەڕەتدا مەركەزی بانگەشەكردن لەكەركوكە، بەڵام بەو حوكمەی لەدوای شانزەی ئۆكتۆبەر دەنگدەرێكی زۆرمان هاتووەتە هەولێر بۆیە لەوێ ئەو ئاهەنگە كراوە». ئەنجامدانی ئاهەنگی ناساندنی كاندیدەكانی پارتی لەهەولێر، ئەو حزبەی رووبەڕووی رەخنەیەكی زۆر كردووەتەوە، چاودێران پێیان وایە كە عەیبەیەكی گەورەیەو نەدەبوو پارتی ئەو كارە بكات، لەوبارەیەوە لەتیف فاتیح فەرەج رۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی بەهاوڵاتی وت «من پێمخۆشە لەكاوێزی مەلا پەروێز ببپرسیت كە لەم ماوەیەدا رەئی خۆی لەسەر سیاسەتی پارتی لەكەركوك خستەڕوو، چونكە زۆر بەڕاشكاوی دەڵێت پارتی وازی لەكەركوك هێناوە. ئەم سیاسەتە هەڵەیە، پارتی كە كەركوك بەدڵی كوردستان دەزانێت بۆ بەجێیهێشتووە؟ بۆیە من باوەڕم وایە ئەمە كارێكی خراپە، دەبوو لەقەڵای كەركوك ئەو ئاهەنگەی بكردایە نەك هەولێر، چونكە ئەوێ هیچ ئەرزشێكی نییە بۆ كەركوك». لەماوەی رابردوودا پارتی شەڕی گەڕانەوەی دەكرد بۆ كەركوك، بەهۆی داواكردنی بارەگای سەركردایەتی كەركوك كە پاش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 هێزێكی فەرماندەیی هێزە هاوبەشەكانی عێراق دەستی بەسەرداگرت، خۆپیشاندان و ناڕەزاییەتی ئەندامان و لایەنگرانی ئەو حزبە لەكەركوك ئەنجامدراو بەهۆیەوە چوار كەس كوژران و چەندانی تر برینداربوون، بەڵام دواتر بەبڕیارێكی ئەو حزبە پاشەكشە لەو داوایە كراو بارەگاكەی پێشكەشی زانكۆی كەركوك كرد. هاوڵاتی ئەوەی زانیوە كە بەهۆی بارودۆخی ئەمنی كەركوكەوە ئەو ئاهەنگە لەهەولێر سازكراوە، بەتایبەت پاش ئەوەی كە رۆژی دووشەممە تەقە لەنوسینگەی شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كرا، كە لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو پۆستەی پێدراوە، لەوبارەیەوە عیسمەت رەجەب بەرپرسی لقی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان بەهاوڵاتی وت «هۆكاری ئەمنی بەشێك بووە لەو بڕیارە، چونكە پارتی هێزێكی كاریگەرەو دوژمنان هەمیشە لەبۆسەدان بۆی، هەنگاوی داهاتوومان لەكەركوك دەبێت و متمانەی تەواومان بەدەنگدەرانی كورد هەیە». رۆژی دووشەممە 20/11/2023 چەند چەكدارێكی نەناسراو تەقەیان لەنوسینگەی شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كرد لەشاری كەركوك، ناوبراو لەڕوونكردنەوەیەكدا بڵاویكردەوە كەخەڵكی كەركوك لەوە دڵنیادەكەنەوە كەئەم هێرشە هاوشێوەی هێرشەكانی پێشوو لەخزمەتكردنی سەرجەم پێكهاتەكانی كەركوك رایانناگرێت. پارتی لەم هەڵبژاردنەدا دەیەوێت زۆرینەی دەنگەكان بەدەستبهێنێت، چاوی لەوەیە كورد متمانەی پێبدات و رووداوەكانی شانزەی ئۆكتۆبەر بكاتە دەرفەت بۆ كۆكردنەوەی دەنگی زۆرینەی كەركوكییەكان، لەوبارەیەوە فازیل بەشارەتی بەهاوڵاتی وت «لەدوای رووداوەكانی شانزەی ئۆكتۆبەرەوە، پارتی چەندین هەڵوێستی هەبووە كەخزمەت بووە بەكەركوكییەكان، بۆیە متمانەمان هەیە كەدەنگێكی زۆری كەركوكییەكان بۆ پارتیمان بێت. ئێمە پێمان وایە كورد پێویستی بەوەیە دەنگی یەك بێت، پێش پارتی ئێمە چاومان لەوەیە كورد زۆرینە بهێنێت، بەڵام هەڵوێستەكانی پارتی پاش رووداوەكانی شانزەی ئۆكتۆبەر ئەو راستییەمان بۆ رووندەكاتەوە كە پارتی دەتوانێت زۆرینەی دەنگەكان كۆبكاتەوە». لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق، كورد بەسێ هاوپەیمانێتی لەپارێزگای كەركوك بەشداری دەكات، هاوپەیمانێتی مەشخەڵی كەركوك، هاوپەیمانێتی پارتی و حزبی ئیسلامی، هاوپەیمانێتی یەكێتی و شیوعی. جگەلەوەش نەوەی نوێ بەجیا بەشداری دەكات. هەروەها هەریەكە لەحزبی زەحمەتكێشان و بزووتنەوەی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاری بایكۆتی هەڵبژاردنەكەیان داوە. 

هوڵاتی  بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند لە کاتژمیر 12ی ئەمشەوەوە کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ لەسەر رێگای هەولیر-کەرکوک وەک تاقیکردنەوە دەکەونە کار و دوای پینج رۆژ سەرپێچییەکان تۆمار دەکەن. ئەمڕۆ چوارشەممە، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر لە راگەیاندراوێکدا شۆفێران ئاگادار کردەوە کە لە کاتژمێر 12ی ئەمشەوەوە کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لەسەر رێگای هەولێر-کەرکوک بە شێوەی تاقیکاری بۆ ماوەی پێنج رۆژ دەکەونە کار و لە رۆژی 28ی ئە مانگە، واتە دوای پێنج رۆژ، دەست دەکەن بە تۆمارکردنی سەرپیچییەکان. هاوتوچۆی هەولێر باسی لەوەش کردووە، خێرایی رێگەپێدراو لەسەر رێگای هەولێر-کەرکوک لە رێگەی هێماکانی هاتووچۆوە بۆ شۆفێران دیاری کراوە.

هاوڵاتی  شەوی رابردوو هێزە ئەمنیەکان چالاکوانێکی شیلادزێیان بەناوی عەباس ئەشڤان دەستگیرکرد و دوای 24 کاتژمێر لەگرتنی هێشتا نازانرێت لەسەر چی گیراوە و له چ شوێنێک راگیراوە. سەرچاوەیەکی تایبەت لەناحیەی شیلادزێ کەپێی باش نەبوو ئاماژە بەناوەکەی بکرێت بە هاوڵاتی وت، "ئەو گەنجەی شەوی رابردوو دەستگیرکراوە ناوی عەباس ئەشڤانە  و دانیشتووی ناحیەی شیلادزێیە. سەرچاوەکە وتیشی، عەباس ئەشڤان "چالاکوانە و هێشتا نازانرێت لەسەر چی گیراوە.  ئەو چالاکوانە دوکانێکی هەیە لەسەنتەری شیلادزێ، هێزە ئەمنیەکان لەناو دوکانەکەی خۆی دەستگیریان کرد." وێنەی عەباس ئەشڤان:  

هاوڵاتی  بەزۆرینەی دەنگ تەمەنی کارکردنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە پەرلەمانی عێراق درێژکرایەوە و پەرلەمانتارێک دەڵێت، کارەکانی کۆمسیۆن تا کۆتایی راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوام دەبێت. ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی تشرینی دووەمی 2023 پەرلەمانی عێراق لە بڕگەی دووەمی دانیشتنی خۆیدا کۆبوونەوەی لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد و تێیدا بەزۆرینەی دەنگ بریاردرا کارەکانی بۆ ماوەی شەش مانگی تر درێژبکرێتەوە. لەو بارەیەوە بڕیار رەشید، پەرلەمانتاری عێراق لەسەر پشکی یەکێتی رایگەیاند، "دەنگدانی پەرلەمان لەسەر هەمواری یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان تەواو بوو، بەكۆی دەنگ پەسەند كرا، كارەكانی كۆمسیۆن درێژی دەبێت تاكو بە تەواوی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژارنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق‌ و هەڵبژارنی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی دێت."  بەپێی بڕیارەکە درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق تا 7ی تەمووزی 2024 دەبێت، کە پێش ئەو ماوەیە و لە 18ی مانگ داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوە دەچێت و دواتریش لە 25ی شوباتی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت.  درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆنەکە گرنگی خۆی هەیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی داهاتوودا بەوپێیەی ئەگەر درێژ نەکرایەتەوە، ئەوا بەپێی وتەی بەرپرسانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، نەیاندەتوانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببەن. 

شەنای فاتیح ٧٠ رۆژ بەسەر دەستپێکردنەوەی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ تێپەڕدەبێت و تائێستا چارەنووسی پڕۆسەکە لەسنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە نادیارە، مامۆستایان ئامادەنین بچنەوە ناوەندەکانی خوێندن، جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانیش باس لەوەدەکات  کاتی بایکۆت شکاندن نادیارە. بەپێی ساڵنامەی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان،  رۆژی ١٣ی ئەیلولی ٢٠٢٣ وەک یەکەم رۆژی دەستپێکردنەوەی وەرزی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ دیاریکرا، بەڵام بەهۆی پێنەدانی موچەکانیانەوە مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە، بەو هۆیەوە تائێستا چارەنووسی پڕۆسەی خوێندن لەو سنوورانەدا نادیارە. عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: تائێستا هیچ شتێک دیار نییە سەبارەت بەدەستپێکردنەوەی دەوام، حکومەت هیچ هەنگاوێکی نەناوەو هیچ بەڵێنێکیشی نەداوە، نە باسی پلە بەرزکردنەوەو نە باسی موچە نەدراوەکان ناکات. وتیشی: کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ کەیەکێکی دیکەیە لەکێشەکان و تائێستا هیچ وادەیەک دانەنراوە بۆ دامەزراندنیان، ئەمانە وایانکردووە کە مامۆستایان  هێشتا سووربن لەسەر بایکۆتکردن و نەچوونەتەوە ناو هۆڵەکانی خوێندن. « نازانین پڕۆسەکە چی لێدێت و هەفتەیەکی دیکە مانگێکی دیکە یان ئەم وەزرە هەمووی بایکۆت بێت کەس ئەوە نازانێت و روون نییە، ژمارەی ئەو مامۆستایانەی لەسنووری پارێزگای سلێمانی بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە نزیکەی ٦٠ هەزار مامۆستان». عەتا ئەحمەد وای وت. وتەكانی جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لەكاتێكدایە، بەشێکی قوتابخانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی خوێندکارانی پۆلی ١٢ دەوام دەکەن و دەنگۆی ئەوەش بڵاوکرایەوە کەهەڕەشە لەبەشێکی مامۆستایان کراوە. سەبارەت بەو پرسە عادل حەسەن، مامۆستای ناڕازی لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت:  ئاگادارنیم هەڕەشە لەمامۆستایان کرابێت، دەشگونجێت هەبێت بەڵام من ئاگاداری نیم. وتیشێ: تەنها هەندێک بەڕێوەبەر بەسەربەخۆیی بەمامۆستایانی پۆلی ١٢یان وتووە ئەگەر نەیەنەوە میلاکیان دەگوازنەوە، ئەمانە هەیە بەڵام وەک هەڕەشەی بەزۆر بردنەوەی مامۆستا بۆ ناو هۆڵەکانی خوێندن شتی وام نەبیستووەو ئاگادارنیم، هەڵوێستیشمان تا ئەم ساتەوەختە وەک خۆیەتی. مامۆستایەكی ناڕازیی دان بەوەدادەنێت فشاریان لەسەرە بەڵام دەشڵێت «فشارەكە جددی نییە». محەمەد کەمال، لەنوێنەرایەتی مامۆستایانی وانەبێژ لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: بەردەوامین لەبایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن، فشارەکە جدی نییە چونکە ناڕەزایەتییەکە زۆرترە بەبێ دەستکەوتیش کەجێبەجێکردنی داواکارییەکانمانە ئامادەنین بایکۆت بشکێنین. «داواکارییەکانمان بریتین لەدامەزاراندنی مامۆستایانی وانەبێژو دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەو پێدانی موچە لەکاتی خۆیدا، هەروەها دیاریکردنی چارەنووسی موچە فەوتاوەکان».محەمەد کەمال وای وت. هاوکات، رۆژی ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بڕیاری سزای هیچ کەسێکمان نەداوە تەنها داوای دەستپێکردنەوی پڕۆسەی خوێندنمان کردووە، ئەوەش وەک ئەرکێکی دڵسۆزانەی مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی رادەبینین. وتیشی: راستە دۆخی دارایی هەموومان بەو شێوەیەیەو مامۆستایان زیانیان پێگەیشتووە ئەوان شایەنی ژیانێکی باشترن، شایستەییەکانی مامۆستایان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە نەدراوە، بۆیە پشتگیری داوای مامۆستایانین و وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموومان پێکەوە کاردەکەین تامامۆستایان شایستە داراییەکانیان وەربگرن. « دەزانین مامۆستایان زیانیان بەرکەوتوە، بەڵام نامانەوێت ئەو زیانە لەخوێندکاران و پڕۆسەی خوێندندا قووڵتر ببێتەوە، هەرکاتێک بودجە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە بابەتی مامۆستایانی وانەبێژ بۆ گرێبەستکردنیان گرەنتییە و مافی مامۆستایانی میلاکیش جێبەجێ دەبێت و دڵنیایی دەدەینە خوێندکارانی پۆلی ١٢ش کەمافیان نافەوتێت».  وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان وای وت. وتەكانی ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكاتێكدایە تەنیا لەسنووری پارێزگای سلێمانی نزیکەی ١٥ هەزار مامۆستای وانەبێژ هەن و لەسەرجەم ناوچەكانی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 30 هەزار مامۆستای وانەبێژ هەن كە سەرجەمیان داوای دامەزراندن دەكەن. پێشتر ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی رایگەیاندبوو بەم نزیكانە گردبوونەوەو ناڕەزایەتیەكانیان دەبەنە بەغدادی پایتەختی عێراق و داوا لەحكومەتی عێراق دەكەن مووچەو بژێوی هاووڵاتیانی هەرێم نەكاتە قوربانی گەندەڵی و ناشەفافیەكانی دەسەڵاتدارانی هەرێم و حكومەتی عێراق راستەوخۆو لەڕێگەی كارتی بانكییەوە موچەی مووچەخۆرانی هەرێم دابەشبكات.

هاوڵاتی لەوەڵامی چەند فراكسیۆنێكی كوردستانیدا، سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕەزامەندی نیشانداوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاستەوخۆ و لەڕێگەی كارتی بانكیەوە بنێرێت، بەڵام چەند مەرجێكی دیاریكردووە. بە پێی نوسراوێك كە لە رۆژی 13/11/2023 نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاراستەی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی كردووە سەبارەت بە موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان هاتووە: سەرۆك وەزیرانی عێراق رەزامەندە لەسەر ئەوەی ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان لیستی موچەو زانیاری فەرمانبەرانی هەرێم بداتە حكومەتی عێراق ئەوا حكومەتی عێراق راستەوخۆ موچە دەخاتە سەر هەژماری بانكی موچەخۆرانی هەرێم. بەپێی نوسراوەكەی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق تەمویلی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە پشكی هەرێم لەناو یاسای بودجەدا دیاریكراوەو پێدانی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە بەشە بودجەی هەرێم دەبردرێت. لە مانگی ئۆكتۆبەری رابردوو دا بە واژۆی سەرۆكی فراكسیۆنەكانی (نەوەی نوێ، یەكێتی، یەكگرتوو، كۆمەڵ) داوا لە سەرۆك وەزیرانی عێراق كرا كە راستەوخۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بنێرێت، بەڵام حكومەتی هەرێم نیگەرانی دەربڕی و ڕایگەیاند دەبێت لەڕێگەی دامەزراوەكانیەوە بێت.    

هاوڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، تەشەنەسەندنی جەنگی غەززە، مەترسی لەسەر تەواوی ناوچەکە دروستدەکات و دەڵێت، "پێوسته‌ عێراق به‌ هه‌موو شێوه‌يه‌ک خۆى له‌ شه‌ڕ به‌دوور بگرێت."  به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ مارشاڵ سامی سامپسۆن گه‌وره‌ ڕاوێژكاری به‌رگریی بریتانی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكوری ئافریكا و شاندێكی سه‌ربازیی یاوه‌ری كرد. له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا دوایین پێشهاته‌كان و ئه‌گه‌ر و لێكه‌وته‌كانی شه‌ڕیان له‌ غه‌ززه‌ تاوتوێ كرد، له‌وباره‌یه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانی رایگه‌یاندوه‌، "ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی دۆخه‌كه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر ته‌واوی ناوچه‌كه‌ دروست ده‌كات‌، بۆیه‌ پێوسته‌ عێراق به‌ هه‌مو شێوه‌یه‌ك خۆی له‌ شه‌ڕ به‌دور بگرێت، چونكه‌ شه‌ڕ هیچ كێشه‌یه‌ك چاره‌سه‌ر ناكات و ته‌نیا ئاشتی چاره‌سه‌ره‌". لەبارەی دۆخى سياسيى عێراقيش، وەکو لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ پێويسته‌ ئارامى و سه‌قامگيريى سياسى و ئه‌منيى عێراق بپارێزرێت و هه‌موو لايه‌ك ده‌بێ به‌رپرسيارانه‌ ڕه‌فتار بكه‌ن و جه‌ختيان له‌ پێويستيى پاراستنى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان و نێرده‌ ديپلۆماتييه‌كان له‌ هه‌ر جۆره‌ هه‌ڕه‌شه‌يه‌ك له‌ عێراق كرده‌وه‌." دۆخی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌ بو، له‌مباره‌یه‌وه‌ هه‌ردولا دوایین كۆبونه‌وه‌ و دیداره‌كانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیان به‌ پێشهاتێكی ئه‌رێنی هه‌ڵسه‌نگاند.