هاوڵاتی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان ئەنجامی خولی دووەمی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی بڵاوکردەوە. دەتوانن لە ڕێگەی ئەم لینکەوە ئەنجامەکانتان وەربگرنەوە: https://www.azmwnakan.com/ کاتژمێر (٩)دەتوانن پەڕەی سۆما( پەڕەی وەڵامدانەوەکانتان ) بە دیجیتاڵی لەم لینکەوە سەیر بکەنەوە ، ئەگەر قوتابییەک پرسیارێکی بە هەڵە وەڵام دابێتەوە ڕەنگی سوور کراوە و وەڵامە ڕاستەکەشی بۆ داندراوە لەم لینکە : http://soma.azmwnakan.com/ وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاند،لە تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی پۆلی دوانزەی ئامادەی (١٠٣٩١٦) قوتابی و خوێندکار بەشداری (هەموو تاقیکردنەوەکانیان) کردوە ، لەو رێژەیەش(٤٧٦٩٢) قوتابی و خوێندکار بەهەردوو خولەکە دەرچوون، کە رێژەی دەرچوون (٤٥،٨٩٪) . لە ڕاگەیەندراوەکەی پەروەردەدا هاتووە، ماوەی پەڵپ گرتن تا ٢٢ی ٨ی ٢٠٢٣ دەبێت، لە پێش کۆتایی ئەم مانگە ، وەزارەتی پەروەردە داتا و کۆنمرەی هەموو قوتابیان و خوێندکاران پێشکەش بە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەکات .
ڤانە باهیر لەهەرێمی کوردستان یاسای سزادان هەیە بۆ پیسکردنی شەقام و شوێنە گشتییەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کەسێکی پێ سزا نەدراوە، چونکە هەتا ئیستا هیچ سکاڵایەک لەو بارەیەوە نەکراوەو لایەنی هۆشیاری خەڵکیش لەسەر بابەتەکە کەمە. رێگریکردن لە پیسکردنی شەقام و شوینە گشتییەکان بەپێی یاسا لەعێراق و هەرێمی کوردستان رێکخراوە لە بڕگەی دووەمی ماددەی ٤٩٧ یاسای سزادانی عێراقی. کەسێک کەسکاڵای لێبکرێت ئەوا بەپێی یاسا سزا دەدرێت بەجۆریک زیاترنەبێت لە ١٥ رۆژ بەندکردن یاخود پێ بژاردن و کەمتر نەبێ لە ٤٥٠ هەزار دیناری عێراقی. بەڵام یەکێک لەو دیاردانەی کەکۆمەڵگە بەدەستیەوە دەناڵێنێت پیسبوونی سەرجەم شوێنە گشتییەکانە، ئەمەش هەم لە بەرئەوەی کە یاساکە سستە و کەسی پێ سزانادرێت بەجۆرێک کە لەپارێزگایەکی وەک سلێمانیدا تاوەکو ئێستا هیچ سکاڵایەک تۆمار نەکراوە لەسەر کەسانێک کەهەڵدەستن بەپیسکردن و فڕێدانی پاشماوەکانیان بۆ سەر شەقام و شوێنە گشتییەکان، هەمیش لەبەرئەوەی لەکەرتی پەروەردەو لەلایەنی ئاینیش کەمترین بایەخی پێدەدرێت. لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای پیسکردنی ژینگەوە بەشی یاسایی شارەوانی سلێمانی بەهاوڵاتی وت، تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک سکاڵای لێنەکراوەو سزا نەدراوە بەهۆی پیسکردنی شەقام و شوێنە گستییەکانەوە، ئەوەی کەهەبووە تەنها بەهۆی» زیادەڕەویکردنەوە بووە». ئەحمەد زوهەیریش کە پیشەی پارێزەرە دەڵێت لەکوردستان و عێراقیش کێشەکە نەبوونی یاسایەک نیە کەئەو کەسانە سزا بدات کەوا ژینگەو شەقام و شوێنە گشتیەکان پیس دەکەن بەڵکو» کێشەکە جێبەجی نەکردنی یاساکەیە»، دەشڵێت تاوەکو ئێستا هیچ سکاڵایەکی لەوجۆرە نەهاتە بەردەمم وکارم لەسەر نەکردووە. لەگەڵ ئەوەی پرسەکە بەشێکی پەیوەندی بەیاسا و بەحکومەتەوە هەیە، بەڵام دیوێکی گرنگی دیکەی پەیوەستە بەپەروەردەی کۆمەڵگە کەئەویش کەموکورتیەکی بەرچاوی پێوە دیارە، بەجۆریک دوای « شازدە ساڵ» لەپڕۆسەی خوێندن و پەروەردە هێشتا بەپێی پێویست تاکێک بەرهەم ناهێندرێت کە پاکوخاوێنی ژینگەکەی رابگرێت، چین و تووێژە جیاوازەکانیش هەریەک بەشێوەیەک هۆکاری پشت ئەم هەڵسوکەوتەی کۆمەڵگا رووندەکەنەوە. نەبیل محەمەد کەچالاکوانێکی بواری ژینگەیەو چەندین ساڵە لەڕێکخراوێکی پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکاندا لەگەڵ چەندان خوێندنگاو زانکۆو گروپی جیاواز بەسەدان و هەزاران کیلۆ پاشەڕۆو خاشاکیان لەو دەریاچەو رووبارو سەرچاوە ئاویانە پاککردووەتەوە کە سەردانیان کردوون بەتایبەتیش ئەوانەی کەزۆرترین خەڵک لەوەرزی بەهاردا روویان تێدەدەکەن بەمەبەستی گەشت و سەیران. نەبیل محەمەد هۆکاری ئەو مامەڵە ناتەندروستەی بۆ ئەو گەڕاندەوە کە لەهەموو لایەنەکانەوە کەمتەرخەمی هەیە و بابەتی ژینگە» هێشتا نەبووەتە پرسی سەرەکی لەم هەرێمەدا»، هێشتا کۆمەڵگە نازانێت زیانەکانی پیسبوونی ژینگە کاریگەریەکەی چیەو چۆنە لەسەر تەندروستی و ژیانی، هەروەها ناشزانێت کە دەبێت چۆن مامەڵەی تەندروستی لەگەڵ بکات، بۆ نموونە ئەگەر بزانێت دەکرێت پیسبوونی ئاو کاریگەریەکەی لە خواردنی ماسییەکدا کە بەمایکرۆپلاستیک ژەهراوی بووە چۆن دەردەکەوێت ئەوا هەرگیز دەریاچەو کانیاوو رووبارەکان پڕ ناکات لەدەبەی پلاستیکی و پاشەڕۆ. هەر لەم روانگەیەوە کاوە شێخ عەبدوڵا رۆژنامەوان، لەڕێگەی پێگەی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی چەندان جار سەرنجی خوێنەرەکانی لەسەر پرسی ژینگە چڕکردووەتەوە، لەزیادەڕەوی نەکردن لەبەکارهێنانی کلێنسێکەوە هەتا مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ ژینگەکەت، شەقامەکەت. ئەو هۆکاری ئەو مامەڵە هەڵەو ناتەندروستەی تاکی کۆمەڵگە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە لەخۆ بەکەمزانینی تاکی کوردیەوەیە، بەجۆرێک کە ئەوە شێوەیەکە لەبێ بەهابوون یاخود نەبوونی بەها سەرچاوەی گرتووە.واتە کاتیک تاکێک ئەو زبڵ و خاشاکەی بەدەستیەوەیەتی و فڕێی دەداتە سەر شەقامەکەی و ناو ژینگەکەی ئەوە بێڕێزیکردنە بەخۆی پێش هەموو کەس و تەنانەت پێش ژینگەکەش. گەرچی بەشێکی گەورەی ئەم دیاردەیە لەکوردستاندا دەگەڕێتەوە بۆ کەرتی پەروەردەو یاسا، بەڵام ئاینیش کە یەکیک لەئەرکەکانی رێکخستن و ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگەیە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئەم دیاردەیە هەر لەبرەودایە، وەک عەبدولحەمید سیوەیلی زانای ئاینی، لەبارەی کاریگەری ئاینەوە دەڵێت، ئەو وتارانەی مامۆستا ئاینیەکان لەبارەی ژینگەوە دەیدەن بەڕای من» لاواز بووە «و نەیتوانیوە کاریگەری دروستبکات لەسەر کێشەکانی ژینگەو لەسەر تاکیش بۆ ئەوەی مامەڵەیەکی تەندروست لەگەڵ ژینگە بکات. لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت بۆ چارەسەری ئەم پرسە، بەڕاستی دەبێت بگەڕێینەوە بۆ خێزان و خێزانەکانیش پێویستیان بە بناغەیەکی پتەوە بۆ ئاڕاستەکردنی منداڵەکانیان، وتیشی لەسەر ئاستی دامەزراوەیی و حکومی ئەگەر وەک چۆن رۆژێک هەیە بەناوی رۆژی باوکان یان دایکان یا هەر پرسێکی دیکە، ئاواش گرنگە رۆژێک تایبەت دابنرێت بەناوی رۆژی پاراستنی ژینگەی کوردستان و لەو رۆژەدا هەوڵەکان و هەموو دامەزراوەکان بخرێنە خزمەتی هۆشیاری بۆ پاراستنی ژینگە. لەبارەی کەمتەرخەمی پەروەردەشەوە کیژان غەریب کە خوێندکارێکی زانکۆیە، دەڵێت کە ئەو پرسە دەبێت لە قۆناغەکانی سەرەتای تەمەنەوە فێری تاک بکرێت، واتە لە باخچەی ساوایان و خویندنگەی بنەڕەتیەوە چونکە ئەوە بابەتیکی زۆر گرنگ و بنەڕەتیە و بەتەنها لەزانکۆدا ناکرێت لەبەرئەوەی زانکۆ تەواوکەری پڕۆسەکەیە نەک دەستپێک و سەرەتا، کە ئەوەش یەکەم جار پێویستی بەوەیە سەرەتا دایکان و باوکان لەسەری رابهێندرێن تاوەکو بتوانن منداڵەکانیان فێر بکەن بەڵام دایک و باوکی کۆمەڵگەی کوردی تەنها منداڵەکانیان فێر دەکەن» لەسنوری ماڵەکانی خۆیاندا پاکوخاوێن بن و رێگەنادەن لەناو ماڵەکانی خۆیاندا پارچە کلێنسێک فڕێ بدرێت، بەڵام لەدەرەوەی ماڵەکەی زۆر جەختی لێناکەنەوە، ئەمەش لەبەرئەوەیە کەخێزان بەجۆرێک منداڵ رادەهینێت کە تەنها ناو چوارچێوەی ماڵەکەی خۆی بەموڵکی خۆی بزانێت «. هێرش رەسوڵ کە پرۆفیسۆرو مامۆستای زانکۆیە ، دەڵێت کەهێشتا پاکوخاوێنی ژینگە نەبووەتە کلتور لەلای تاکی کوردی ئەمەش بەهۆی پاشخانە خراپەکەیەتی کە من لەخێزان و کەرتی پەروەردەدا دەیبینمەوە، بەڕای من کێشەکە لەوەدایە کە منداڵ بەترس و تۆقاندن فێر دەکرێن، هەربۆیە تاک کە دەچێتە زانکۆش هەر بەو رق و توڕەییەوە مامەڵە دەکات. هەروەها دەشڵێت، دەبێت لەبری رق و چاوسورکردنەوە بەجۆرێک منداڵ فێربکرێن کە بەخۆشەویستیەوە بەبێ ئەوەی چاودێریش هەبێت ئەوا زبڵ و پاشماوەکانیان فڕێ نەدەنە سەر شەقام، بەم جۆرە دەبێتە بەشیک لە «بونیادی کەسەکە». لەکۆتایشدا وتی پێموایە کۆی پرۆسەکە پەیوەستە بەژینگەی کۆمەڵایەتی گەورەبوونی تاک و بابەتەکە فرەڕەهەندە. ئەی چارەسەر چییە؟ دکتۆر پەروین ئەبوبەکر محەمەد، کۆمەڵناس و مامۆستای زانکۆیە، دەڵێت ناجێگیری کۆمەڵایەتی و تێکچونی پێوەرەکانی کۆمەڵگە بۆ هەڵسەنگاندن و ئاڕاستەکردنی تاکەکان، لاوازی خۆشەویستی و ئینتمای نەتەوەیی، لاوازی بەهای پاکوخاوێنی لای تاک، نەبوونی مانایەک لەژیانی تاک، هۆکاری سەرەکی ئەم دۆخەیە، دەشڵێت « جگە لەوانە کاڵبوونەوەی هەستی کۆمەڵایەتی و زاڵبووونی هەستی تاکگەرایی ، کە وای لەتاکەکەس کردووە، تەنها لەبیری بەڕێکردنی کارەکانی خۆی بێت، وەک رەنگدانەوەیەکی لاوازی ئینتیمای نەتەوەیی» کاریگەری گەورەیان هەیە. دکتۆر پەروین ئاماژەی بەوەدا کە ئەو خاڵەی پێویستە گرنگی پێبدرێت ئەمانەیە: جەختکردنە لەسەر پەروەردەی کرداری، و راهێنان لەسێکتەری پەروەردە، و دامەزراوە پەروەردەییەکان، لەناو (خێزان، باخچە، خوێندنگەکان) و (سۆشیال میدیا، بەتایبەتی)، هەروەها لەڕێگەی هاندانی ئەو کەسانەی خزمەتی ژینگە دەکەن بەدەستخۆشی و رێزلێنان، لەهەمان کاتدا، لێپرسینەوە لەسەرپێچیکاران، رێکخستنی بەیاسا دەکرێت گۆڕانکاری دروستببێت. بەکورتی، شانبەشانی گرتنەبەری هۆکارە پەروەردەییەکان، پەروەردەکردنی ژینگەیی، سودوەرگرتن لەهەموو هۆکارەکانی کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵایەتی وەک (ئایین، نەریت، یاسا) بۆ دروستکردن و جێگیرکردنی ئەو بەها بنەڕەتییانەی رەفتاری تاکەکان ئاڕاستە دەکەن دەکرێت هەنگاوی گرنگ بنرێت.
هاوڵاتی گۆهدار زێباری یەکێک لە زیندانیانی بادینان بڕیاربوو دوێنێ چوار شەممە 16ی ئاب ئازاد بکرێت بەڵام براکەی ڕایگەیاند ئازادکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسە بۆ یەکشەممەی داهاتوو دواخراوە و پارێزەرەکەشی دەڵێت، دۆسیەیەکی دیکە بۆ گوهدار زێباری دەکرێتەوە. زێدان زێباری، برای گوهدار زێباری لە لێدوانێکدا بە هاوڵاتی وت"بڕیار بوو دوێنێ براکەم ئازاد بکرێت، بەڵام دواخرا بۆ یەکشەممەی داهاتوو، چاوەریێ دەکەین بزانین یەکشەممەش ئازاد دەکرێت یان دووبارە دوادەخرێت بۆ کاتێکی تر" زێدان زێباری ووتیشی"لەمەزیاتر هیچ نازانین، بڕیار بەدەستی ئەوانە، مافی گوهدار بۆ چوارشەممە ئازادکرابا بەڵام نەکرا" هاوکات بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەشدار حەسەن پارێزەری دەستگیرکراوانی بادینان ڕایگەیاند ،"دوای ئەوەی سزادراو گوهدار زێباری ماوەی زیندانیکردنەکەی تەواو کرد، وابڕیاربو دوێنێ ئازاد بکرێت، بەڵام بەهۆی هەبونی دۆسیەیەکی دیکە لەسەری بەپێی ماددەی (15) لە یاسای چەک، دوبارە راگیرایەوە.". جەختی لەوەشکردەوە کە لەگەڵ تیمەکەیان، هەوڵەکانیان چڕ کردۆتەوە بۆ ئازادکردنی ئەو ڕۆژنامەنوسە. دوێنێ چوارشەمەش، ئەیهان سەعید، نوێنەری سزادراوانی بادینان، رایگەیاند بڕیاری دادگا دراوە و دەبوو گۆهدار زێباری ئازاد بکرایە، بەڵام بەهۆی "بیانویەکی سەیر و پێکەنیناویی بەرێوبەری ئاسایشی گشتی هەولێر لەوێ ئامادە نەبوو بۆ واژۆکردنی ئازادکردنی بەهۆی ئەوەی چووەتە ساڵیادی دامەزراندنی پارتی و یادی لەدایکبونی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی." گۆھدار زێباری لە 16ی شوباتی 2021 بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" لەگەڵ هەریەکە لە شێروان شێروانی، ئەیاز کەرەم، گوهدار محەممەدئەمین، هاریوان عیسا و شڤان سەعیدی بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزادران.
هاوڵاتی لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی سەرھەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادیی”، ڕژێمی ئێران فشارەکانیان بۆ سەر چالاکوانانی مەدەنیی، سیاسیی و بە تایبەتی ژنان چڕ کردووەتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا ژمارەیەک ژنە چالاکوان دەستگیر کراون. سەرچاوەکانی ھەواڵی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، دوێنێ چوارشەمە ھێزەکانی دەوڵەتی ئێران لە شارەکانی تاران، ڕەشت، فومەن، بەندەر ئەنزەلی و لاھیجان ھەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ژمارەیەک لە چالاکوانانی بواری مافەکانی ژنان و دەست بەسەریان کردوون و بەرەو شوێنێکی نادیار بردوویانن. بە پێی زانیارییەکان، زوهرە و زەهرا دادڕەس، جلووە جەواهری، فرووغ سەمیع نیا، مەتین یەزدانی ( فۆتۆگرافەر) لە شاری ڕەشت و یاسەمین حەشدەری ( شاعیر) لە شاری ئەنزەلی و نگین رەزایی لە شاری فوومەن، دەستگیرکراون و تا ئێستە هۆکاری دەستگیرکردنی ئەم ژنە چالاکوانانە دیار نییە و نازانرێت بۆ کوێ گوێزراونەتەوە. ھەندێک لەو ژنە چالاکوانانە پێشتریش لەلایەن ھێزەکانی ئێرانەوە چەندین جاری تر دەستگیر کراون. لە16ی ئەیلولی 2022, دوای کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن ھێزەکانی پۆلیسی ئەخلاق لە تاران، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەرفراوان، کە بە سەرھەڵدانی ‘ژن، ژیان، ئازادیی’ ناسراوە، ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ئێرانی گرتەوە.
هاوڵاتی ژنێکی تەمەن 38 ساڵ، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لەلایەن بنکەی پۆلیسی سەرچنار لە سلێمانی لە ماڵەکەی خۆیدا بە 'خنکێنراوی' دۆزرایەوە. سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، تەرمی ژنێک لە یەکێک لە تەلارەکانی نزیک مزگەوتی شێخ سەعدی پیران لە گەڕەکی سەرچنار دۆزراوەتەوەو دوای گەیشتنی پۆلیس بۆ شوێنی رووداوەکە تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کراوە. وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە ئەو ژنە "لە کافتریایەکی سەرچنار کاری کردووە و لە تەلارێکی نزیک ئەو ناوەش ماوەتەوە، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانیش بێت، پێدەچێت خنکێنرابێت." هاوکات پۆلیسی سلێمانی دەڵێت ئەو ژنە ناوی (ش، ف، ع)ەو لە دایکبوی ساڵی 1985ەو عەرەبەو سەبارەت بە کاتی مردنەکەی، دەڵێن بەهۆی ئاوسانی تەرمەکەوە پێدەچێت نزیکەی دوو ڕۆژ بێت مردبێت .
عەممار عەزیز «ئەوەندەی لەبیرمە بۆ سەردانی پزیشک و وەرگرتنی چارەسەر دەبێت سەردانی دهۆک بکەم»، ئەمە وتەی دانیشتوویەکی سنوری قەزای ئامێدییە کە بێزاربووە لە نەبوونی پزیشکی پسپۆڕو پێداویستی پێویستی پزیشکی لەسنوری قەزاکەی. هەوار سدقی ئەو دانیشتوەی قەزای ئامێدییە کە بۆ هاوڵاتی قسەی کردووەو دەڵێت، نازانن کەی رزگار دەبن لەوەی بۆ وەرگرتنی دەرمان و چارەسەری پزیشکی روو لەشارەکانی تر بکەن، بەتایبەتی دهۆک. لەکاتێکدا ژمارەی دانیشتوانی ئامێدی دەگاتە130هەزار کەس، بەڵام ساڵانێکی زۆرە سنوری قەزاکە کێشەی کەمی پزیشکی پسپۆڕو چەند بەشێکی هەیە، بۆ سەردانی پزیشک و وەرگرتنی چارەسەری پێویست زۆرجار دەبێت دانیشتوان سەردانی دهۆک و ناوچەکانی تر بکەن. هەوار سدقی نارازییە لە خزمەتگوزاری پزیشکی قەزاکەی و دەڵێت، «دەیانجار پرسیارمانکردووە هەر دەڵێن بەمنزیکانە پزیشکمان بۆ دێت و هەروەک خۆیەتی، بێزاربووین لەم جورە قسانە، ئێمە بەڵێنمان ناوێت دەمانەوێت پزیشکی پسپۆڕمان بۆ دابین بکەن لەگەڵ پێداویستی پزیشکی، ناکرێت پزیشک دەرمانمان بۆ بنووسێت دواتر لەدەرەوە بیکڕین». کێشەی نەبوونی پسپۆڕی پزیشکی و نەبوونی دەرمانی پێویست بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانە گرنگە کەنەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، چونکە زوو زوو دەبێت دەرمان بکڕن و بچنە لای پزیشکی پسپۆڕ بۆ پشکنین. هەیفا رەمەزان، دانیشتوویەکی تری ناوەندی ئامێدییە کە نەخۆشی شەکرەی لەگەڵەو دەڵێت نەک خۆی بەڵکو کەسوکارو دراوسێکانیشی رووبەڕووی هەمان کێشە بوونەتەوە. «من مامۆستام، نەخۆشی شەکرەم هەیە، هەر ماوە ماوە پێویستم بەسەردانی پزیشک و دەرمانە، بەڵام زۆر جار لەئامێدی دەستمناکەوێت دەبێت سەردانی دهۆک و شارەکانی تر بکەم، جگە لەمەش نەک تەنها من بەڵکو کەسوکارەکەم و داروسێکانم هەمان کێشەیان هەیە، زیاتر لە15ساڵە ئەم کێشەیە هەیەو چارەسەر نەکراوە». هەیفا رەمەزانی تەمەن ٣٧ ساڵ دەڵێت بەدرێژایی ئەو ماوەیەی لەئامیدی ژیاوە بەڵێنیان پیدراوە کە کێشەکان چارەسەر دەکرێن، بەڵام «بێسوودە، لێرەوە داوا لەوەزارەتی تەندروستی ولایەنی پەیوەندیدار دەکەین بەزووترین کات ئەم کێشەیەمان بۆ چارەسەر بکەن، تا کەی ئێمە هەر سەردانی دهۆک و شارەکانی تر بکەین». لەبارەی کەموکورتییە پزیشکییەکانەوە، دکتۆر ئیبراهیم حەسەن، بەڕێوبەری تەندروستی ئامێدی ئەوەی بۆ هاوڵاتی ئاشکراکرد، پسپۆڕی ئێسک، کۆمەڵەی دەمارەکان و چاویان نییە، هەر نەخۆشێک پێویستی بەم جورە پزیشکانە بێت دەبێت سەردانی دهۆک و شارەکانی تر بکات. بەڕێوبەری تەندروستی ئامیدی دەڵێت، هەرچەندە پسپۆڕی منداڵ و ژنان وچەند پسپۆڕییەکی تریان هەیە لەئامێدی بەڵام «پێویستیمان بەژمارەیەک پزیشک و پەرستاری تازەیە». دکتۆر ئیبراهیم حەسەن لەبارەی بەڵێنەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانیان و ناردنی پزیشکی پسپۆڕ لەلایەن تەندروستی دهۆکەوە دەڵێت، هێشتا «چاوەڕوانن». لەسنوری قەزای ئامێدی تەنها دوو نەخۆشخانە هەیە لەگەڵ 23 بنکەی تەندروستی، نەخۆشخانەیەکی 100قەرەوێڵەیی تا ئێستا لەژێر جێبەجێ کردن دایە بەڵام هێشتا تەواو نەبووە. لەسەر کێشە تەندروستییەکان و کەموکورتییەکانی قەزای ئامیدی، ئەڤراسیاب موسا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگای دهۆک بەهاوڵاتی راگەیاند کە ئاگاداری کێشەکانی تەندروستی قەزای ئامێدین. ئەڤراسیاب موسا دەشڵێت، ئیشێکی باشمان لەسەرکردووەو کێشەکانیان چارەسەر دەکەین، سەرەتای مانگی ئەیلول پسپۆرێکی نەخۆشی ژنان لەگەڵ پسۆڕێکی قوڕگ و لوت هەروەها پسپۆڕێکی شکانیان بۆ دەنێرێن، تەنها چاوەڕێی ئەوەین فەرمانی ویزاری بۆ ئەو پزیشکانە دەربچێت کەڕاستکردنەوەی بڕوانامەکانیان پێویستە ئینجا دەست بەکاردەبن». بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆک لەسەر نەناردنی پزیشکی پسپۆڕ بۆ ئامێدی دەڵێت،»هەر پزیشکێک کە تازە دەستبەکاربێت دەبێت بەڵێننامەیەک پڕبکاتەوە کەئامادە بێت دووساڵ لەدەرەوەی شار واتە لەقەزایەک دەوام بکات ئینجا مافی هەیە بێتە ناو سەنتەری شار، هەوڵێکی جددی دەدەین کێشەکانی کەمی پسپۆڕ لەهەموو قەزاکانی سنوری پارێزگای دهۆک چارەسەربکەین نەک تەنها ئامێدی، چونکە داواکردنی پزیشکی پسپۆڕمان لەهەموو قەزایەکەوە بۆ دێت».
هاوڵاتی نوێنەری سزادراوانی بادینان رایگەیاند، بەبیانوی ئەوەی بەرێوبەری ئاسایشی گشتی هەولێر لە ساڵیادی پارتی و یادی لەدایکبوونی سەرۆکی پارتی ئامادەبووە، نەیتوانیووە واژۆی ئازادکردنی گوهدار زێباری بکات و بەوهۆیەوە رۆژنامەنوسەکە ئازاد نەکراوە. ئەیهان سەعید، نوێنەری سزادراوانی بادینان، رایگەیاند بڕیاری دادگا دراوە و دەبوو گۆهدار زێباری ئازاد بکرایە، بەڵام بەهۆی "بیانویەکی سەیر و پێکەنیناویی بەرێوبەری ئاسایشی گشتی هەولێر لەوێ ئامادە نەبوو بۆ واژۆکردنی ئازادکردنی بەهۆی ئەوەی چووەتە ساڵیادی دامەزراندنی پارتی و یادی لەدایکبونی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی." نوێنەری سزادراوانی بادینان باس لەوەش دەکات، "ئەمە کاری دامەزراوەی حکومی نییە و پێویست ناکات بەرێوبەری ئاسایشی هەولێر لە یادی حیزبێکدا بەشداری بکات." هاوکات بڕیاربوو تیمی پارێزەرانی بادینان و کەسوکاری گۆھدار زێباری کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەسەر ئازادنەبوونی رۆژنامەنوسەکە ساز بکەن، بەڵام ئاسایشی ھەولێر رێگەی بە ئەنجامدانی کۆنگرەکە نەدا. گۆھدار زێباری لە 16ی شوباتی 2021 بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" لەگەڵ هەریەکە لە شێروان شێروانی، ئەیاز کەرەم، گوهدار محەممەدئەمین، هاریوان عیسا و شڤان سەعیدی بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزادران.
هاوڵاتی ئێران ئاوی زێی بچوکی گرتەوە و بەهۆیەوە ئاستی ئاوەکە دابەزیووە، بەرپرسانی قەڵادزێش کێشەیان لە پێدانی ئاو بە هاوڵاتیان بۆ دروست بووە. مارف مەحمود، بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئاوی خاس لە سنوری پشدەر رایگەیاند، ئێران ئەمساڵ بەڕێژەیەکی بەرچاو ئاوی زێی بچوکی کەمکردووتەوە و ئەمەش وای لە ئەوان کردووە کە پێداچوونە بۆ دابینکردنی ئاو بکەن لە قەڵادزێ. ئێران نزیکەی 600 بەنداوی هەیە و لە شارە کوردییەکانی نزیک سنوری هەرێمی کوردستان نزیکەی 16 بەنداوی گەورەی هەیە. حکومەتی وڵاتەکە ساڵانە لە وەرزی هاویندا ئاوی ئەو روبارانە دەگرێتەوە کە دەرژێنە هەرێمی کوردستانەوە، بەمەش کێشەی کەمئاوی لە هەرێمی کوردستان دروست دەبێت. لەسەر گرتنەوەی ئاوی زێی بچوک، سەلام عومەر، بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی راپەڕین رایگەیاند، بەهۆی ئەو بەنداوەی ئێران دروستیکردووە لەسەر زێی بچوک، ماوەی سێ رۆژە ئاوی رووبارەکە کەمی کردووە. سەرچاوەی ئاوی زێی بچووك لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوەیە و دواتر بەناو هەرێمی کوردستاندا تێپەڕ دەبێت و دەرژێتە رووباری دیجلەوە.
دلێر عەبدوڵا لیستی مەشخەڵی كەركوك، كە بەلیستە ئیسلامخوازەكە ناسراوەو لەهاوپەیمانێتی كۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامی پێكهاتووە، كەوتۆتە بەر هێرشی رەخنەو گازندەی باڵێكی بزووتنەوەی ئیسلامییەوەو سەركردەی باڵێكی ئەو حزبە پێی وایە كە فێڵیان لێكراوە بۆیە ئامادەنین دەنگیان پێبدەن ئەگەر لەبەرامبەردا رێكەوتنێكیان لەگەڵ ئەنجامنەدرێت. هەفتەی رابردوو لەشاری كەركوك، هاوپەیمانێتیەكی نوێ بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەنێوان هەردوو حزبی كۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامی پێكهێنراو بەرپرسانی ئەو دوو حزبە لەو شارەدا لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایان كرد كە ئامانجیان لەپێكهێنانی ئەو لیستە، كۆكردنەوەی دەنگی ئیسلامخوازانی كوردە لە هەڵبژاردندا. بەڵام پاش راگەیاندنی ئەو هاوپەیمانێتیە، بزووتنەوەی ئیسلامی كە ئێستا بووەتە دوو باڵ، دەنگی ناڕەزاییەتیان بەرزكردەوەو لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی نێو سۆشیاڵ میدیاوە كەوتنە رەخنەگرتن لەو هاوپەیمانێتیە. ئەگەرچی بزووتنەوەی ئیسلامی لەئێستادا دوو باڵەو بەهۆی كێشەو ناكۆكی نێوخۆییەوە گرفتی یاسایی بۆ دروستبووەو ناتوانێت بەشداری هەڵبژاردن بكات، بەڵام سەركردەیەكی ئەو حزبە پێی وایە كە كۆمەڵ و یەكگرتوو فێڵیان لەبزووتنەوە كردوەو لەدانیشتنەكانی پێكهێنانی لیستەكەدا دووریانخستونەتەوە. مونیرە عەلی عەبدولعەزیز ئەندامی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی باڵی عیرفانی مەلا عەلی بەهاوڵاتی وت «ئەگەرچی پێشنیاری پێكهێنانی لیستی هاوبەشی ئیسلامییەكان لەلایەن ئێمەوە خرایەڕوو، بەهاوكاری كۆمەڵێك لەزانایان و كەسایەتی ئیسلامی ناوچەكە، بەڵام بەشێوەیەكی كتوپڕ ئێمەیان دوورخستەوەو بێ ئاگاداری ئێمە لیستەكەیان راگەیاند، ئەمەش جۆرێك بوو لەفێڵ كە لەئێمە كرا». بزووتنەوەی ئیسلامی كە بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانیەوە، بووەتە دوو باڵ، عیرفانی مەلا عەلی رابەری باڵێكەو كامیلی حاجی عەلی وەك رابەری باڵەکەی تر دەركەوتووە. ئەمەش گرفتی یاسایی بۆ ئەو حزبە دروستكردوەو كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان رێی بەهیچ یەكێك لەباڵەكانی بزووتنەوە نەداوە بەشداری ئەو هەڵبژاردنە بكات، هەربۆیە وتەبێژی كۆمەڵی دادگەری كوردستان لەوبارەوە بەهاوڵاتی وت «ئێمە لەهەوڵی ئەوەدابووین هەموو گروپ و پارتە ئیسلامییەكان لەناو هاوپەیمانێتیەكەماندا بن، بەڵام دیارە كە برایانی بزووتنەوە بەهۆی ئەو كێشەیەوە نەیانتوانی بەشداری بكەن، بۆیە خەتاكە لای ئێمەوە نیەو نیگەرانیشین بەوە دۆخەی كەهەیانە». لەسەرەتای هەوڵەكانی پێكهێنانی لیستی ئیسلامی، چەند پارت و گروپێكی تری دیاری كوردستان و عێراق لەگفتوگۆدا بوون، بەڵام دواجار تەنها كۆمەڵ و یەكگرتوو گەیشتنە رێكەوتن و ئەو لیستەیان پێكهێنا كە بەناوی مەشخەڵی كەركوكەوە رایانگەیاند، لەوبارەوە عیماد كەركوكی بەرپرسی مەڵبەندی بزووتنەوەی ئیسلامی لەباڵی عیرفانی مەلا عەلی بەهاوڵاتی وت «لەسەرەتاوە هەریەكە لەحزبی ئیسلامی عێراقی و بزووتنەوەی ئیسلامی بەهەردوو باڵەكەوەو كۆمەڵ و یەكگرتوو و چەندان كەسایەتی دیاری عێراقی و كوردستانی لەگفتوگۆدا بوون بۆ پێكهێنانی لیستی هاوبەش، بەڵام بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو حزبی ئیسلامی كشایەوەو بەدوایدا كۆمەڵ و یەكگرتوو بێ ئاگاداری ئێمە لیستەكەیان راگەیاند». بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، بەهۆی بوونی چەند كاندیدێك لەلایەن یەكگرتووی ئیسلامییەوە، حزبی ئیسلامی لەهاوپەیمانێتیەكە كشاوەتەوە، لەوبارەوە مونیرە عەلی بەهاوڵاتی وت «حزبی ئیسلامی پێیان باش نەبوو كە دكتۆر ئەحمەد كەركوكی كاندید بێت، بۆیە كشانەوەو لەهاوپەیمانێتیەكە دەرچوون، هەرچی بزووتنەوەی ئیسلامیشە بەداخەوە بێ ئاگاداری ئێمە كارەكەیان تەواو كرد». باڵەكەی تری بزووتنەوەی ئیسلامی، پێچەوانەی باڵەكەی عیرفانی مەلا عەلی بۆچوونی خۆیان دەخەنەڕوو، ئەوان پێیان وایە كە گرفت لە بزووتنەوەی ئیسلامیدا هەبووە. دكتۆر محمەد بازیانی وتەبێژی باڵەكەی كامیلی حاجی عەلی بەهاوڵاتی وت «ئێمە سوپاسی هەڵوێستی كۆمەڵ و یەكگرتوو دەكەین، راستەیەكەی گرفتە یاساییەكانی ئێمە رێگربوون لەوەی داخڵی هاوپەیمانێتیەكە ببین، ئەگەرچی حەزو ئاواتی ئێمە ئەوەبوو كە كورد بەیەك لیست بەشداری هەڵبژاردن بكات تا دەنگی كورد لەپارێزگاكە پارێزراو بێت و سەنگ و قورساییمان لەدەست نەچێت». لەئێستادا كەهیچ دەرفەتێك نەماوە بۆ هاوپەیمانێتی و بزووتنەوەی ئیسلامی لەدەرەوەی هاوكێشەكانە، بەڵام بەرپرسانی ئەو حزبە هیوابڕاو نین و دەیانەوێت لەسەر مێزی گفتوگۆ مامەڵە بەدەنگی لایەنگران و كادیرانیانەوە بكەن، مونیرە عەلی لەوبارەوە بەهاوڵاتی وت «بێ بەرامبەر دەنگ بەو لیستەی كۆمەڵ و یەكگرتوو نادەین، ئێمە كادرو لایەنگرێكی زۆرمان لەو پارێزگایە هەیەو لەچوارچێوەی رێكەوتنێكدا مامەڵە لەگەڵ لیستی مەشخەڵكی كەركوك دەكەین و بەمەرج ئاڕاستەی دەنگدەرانمان دەكەین بۆ ئەو هەڵبژاردنە دەنگی خۆیان بدەنە لیستەكەی كۆمەڵ و یەكگرتوو.» لەم بابەتەشدا باڵەكەی تری بزووتنەوە هەمان بۆچونیان هەیە بەلام نایانەوێت لەئێستادا رایبگەیەنن، لەوبارەوە دكتۆر محەمەد بازیانی بەهاوڵاتی وت «ئێمە لەكات و ساتی خۆیدا رای خۆمان دەردەبڕین و بەپێی ئەو سەنگ و قورساییەی كە هەمانە دەنگدەرانمان رادەسپێرین و بەهەموو جۆرێك بەشداری ئەو پرۆسەیە دەكەین، ئامانجمانە پارێزگاری لەنەتەوەكەمان بكەین». هاوڵاتی ئەوەی زانیوە كە بزووتنەوەی ئیسلامی لەگفتوگۆدایە لەگەڵ پارتی و رەنگە بەشداری هاوپەیمانێتی نێوان پارتی و حزبی ئیسلامی بكات، بۆ ئەوەش وتەبێژەكەی كۆمەڵی ئیسلامی دەڵێت «بیستومانە كە رەنگە ئەوان بەشداری ئەو هاوپەیمانێتیە بكەن.» بەڵام بەرپرسانی هەردوو باڵەكە ئەوە رەتدەكەنەوەو رایدەگەیەنن كەهیچ گفتوگۆیەكیان لەوبارەوە نەكردووە. بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق، كورد بەسێ هاوپەیمانێتی لەپارێزگای كەركوك بەشداری دەكات، هاوپەیمانێتی مەشخەڵی كەركوك، هاوپەیمانێتی پارتی و حزبی ئیسلامی، هاوپەیمانێتی یەكێتی و شیوعی. جگەلەوەش هەریەكە لە نەوەی نوێ و بزووتنەوەی گۆڕان و حزبی سۆسیالیست بەجیا بەشداری دەكەن. هەروەها هەریەكە لەحزبی زەحمەتكێشان و بزووتنەوەی دیموكراتی كوردستان بڕیاری بایكۆتی هەڵبژاردنەكەیان داوە.
هاوڵاتی کەمی بەنزین و سەرەگرتنی زۆر لە ئێران سەریهەڵداوە و میدیاکانی ئێران باس لەوە دەکەن، کێشەکە بەتەواوی کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵک داناوە. میدیاکانی ئێران ئاشکرایان کردووە، بەنزینخانەکانی تاران و بەشێکی زۆر لە شارەکانی تری ئێران بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 16ی ئاب، سەرەی دوور و درێژی تێا دەبینرا و هاوڵاتیانی ئێرانی چوونەتە سەرەی بەنزین و هەندێکیان بەنزینیان دەستناکەوێت. رۆژنامەی ئیعتمادی ئێرانی لە راپۆرتێکدا لەمبارەوە ئاماژەی بە قەرەباڵغی و سەرەی بەنزین، لە بەنزینخانەی "شەقامی دەوڵەت" لە تاران کردووە کە لە کاتژمێر 2ی بەرەبەیانەوە دەستی پێکردوە و نووسیویەتی، "دەنگۆی گرانبوونی بەنزیک بە تەواوەتی کاریگەری لەسەرخەڵک داناوەو نیگەرانن." دەنگۆی گرانبوونی بەنزین لە رۆژی شەممەوەو دوای قسەکانی عەلی ئەکبەر نژاد عەلی، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای نەتەوەیی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی تاران دەستی پێکرد کە باسی لەوە کرد، "ئاستێک بۆ پێدانی نەنزین بە ئۆتۆمبێلەکان لە بەنزیخانەکان دادەنرێت و لەو ئاستە بە سەرەوە ئەبێ هاوڵاتیان بەنزین بە نرخی ئازاد بکڕن و کۆبۆن ئەدرێت." ساڵی 2019 نرخی بەنزین بۆ یەک لیتر لە هەزار تمەنەوە بەرزبوویەوە بۆ سێ هەزار تمەن، ئەمەش نارەزایەتی لێکەوتەوە و خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە وڵاتەکە دەستیپێکرد. بەپێی راپۆرتی میدیا جیهانییەکان لەوانە ئاژانسی رۆیتەرز، لە خۆپیشاندانەکانی ئێران هەزار کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون. سەرەی بەنزین لە ئێستادا شارە کوردییەکانیشی گرتووەتەوە و هاوڵاتییەکی شاری مەریوان لەمبارەوە بە هاوڵاتی وت، " کێشەی بەنزین لە شاری مەریوان هەفتەیەک زیاترە هەیە. سەرەتا دەوترا بەهۆی ناردنی بەنزینەوەیە بۆ باشووری کوردستان و عێراق، بەڵام دواتر دەرکەوت بەنزین بە بەنزینخانەکان ناگات و بەشێکیان دایانخستووە". ئەم هاوڵاتییە مەریوانییە وتیشی، "رۆژی دووشەممە زیاتر لە یەک کاتژمێر لە سەرەدا بووم توانیومە 15 لیتر بەنزینم دەست بکەوێت". لە شاری بۆکانیش بە هەمانشێوە سەرەی بەنزین دەبینرێت. هاوڵاتییەکی بۆکانی لەم بارەوە بە هاوڵاتی راگەیاند،"دەنگۆی ئەوە هەیە بەنزین زۆر گران ئەبێت، ئەمە کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵک هەیە. هەر ئێستە کاریگەرییەکانی خۆی دەرخستووەو هەموو خەڵک نیگەرانن." لە بەرامبەر دەنگۆی گرانبوونی بەنزین جەواد ئەوجی وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند، " دەوڵەت لە بەرنامەیدا نییە کە نرخی بەنزین گران بکات و ئەوەی دەوترێت تەنها دەنگۆیە". لە لایەکی ترەوە ئاژانسی "رکنا"ی ئێرانی باسی لەوە کردووە کە بەنزین بە کارت (کۆبۆن) دەدرێت و هەرئۆتۆمبیلێک لە مانگێگدا 30 بۆ 40 لیتر بەنزینی پێ دەدرێت و باسی لەوەش کردووە سەرەی بەنزین بەهۆکاری ئەم رێنماییە نوێیەیە.
سەندیكای رۆژنامەنوسانی ئەڵمانیا رۆژی دووشەممە 14-8-2023 لەبەیاننامەیەكدا هۆشدارییدایە رۆژنامەنووسان كە نە بەهۆی كاری رۆژنامەوانی نە بەهۆكاری تایبەت سەردانی توركیا نەكەن، ئەو بەیاننامەیەش دوای ئەوەدێت لەمانگی ئابی ئەمساڵدا پەرلەمانتارێكی ئەو وڵاتە بەهۆی پۆستەكانی فەیسبووكی لەتوركیا دەستگیركرا. سەندیكای رۆژنامەنوسانی ئەڵمانیا ئەم لێدوانەی پاش ئەوە بڵاوكردەوە كە دەركەوت گۆكەی ئەكبولوت پەرلەمانتاری پارتی چەپی ئەڵمانیا، لەسەرەتای مانگی هەشتدا بەهۆی پۆستەكانی لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا لەتوركیا دەستگیركرا. سەبارەت بەو پرسە فرانك ئۆبێرال، سەرۆكی سەندیكای رۆژنامەنوسانی ئەڵمانیا رایگەیاند: رووداوەكەی ئەم دواییە جارێكی دیكە نیشانیدا كە خۆسەپێنی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا رەخنەگرانی خۆی وەك دوژمنی چەكداری دەوڵەت دەبینێت و هەركاتێك دەرفەت رەخسا، گۆشەگیریان دەكات. ئوبێرال وتیشی: بەپێی زانیارییەكانیان، پەرلەمانتار ئەكبولوت دوای فشارێكی زۆر لەلایەن حكومەتی ئەڵمانیاوە ئازادكراوە، ئەگەر تەنانەت پارێزبەندی پەرلەمانیش كەسێك لەدەستبەسەركردن لەتوركیا نەپارێزێت، مەترسی لەسەر رۆژنامەنووسان زۆر زۆرە. سەرۆكی سەندیكای رۆژنامەنوسانی ئەڵمانیا هۆشداریشی بەڕۆژنامەنووسان دا خۆیان لەچوون بۆتوركیا بپارێزن و وتی: ئەگەر رۆژنامەنووسێك لەهەواڵ و سۆشیال میدیاكانیدا رەخنەی لەتوركیا، سەرۆك ئەردۆغان یان پارتی دەسەڵاتداری ئاكەپە گرتبێت، پێویستە لەتوركیا دووربكەوێتەوە. دەستگیركردنی ئەو پەرلەمانتارە كوردە لەسەر پۆستەكانی فەیسبووكی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیای هێنایە دەنگ و حكومەتی فیدراڵی سەبارەت بەئاستی مەترسی بۆ رۆژنامەنووسان لەتوركیا بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە. لەو بەیاننامەیەی ئەڵمانیادا باس لەوەكراوە كە لەتوركیا گرتن و تۆمەتباركردن و دادگاییكردن و قەدەغەكردنی چوونەدەرەوەی وڵات زیاتر بەدیدەكرێت، بەتایبەتی بەرامبەر رەخنەگران و خەڵكی عەلەوی و بەڕەچەڵەك كورد. هەروەها حكومەتی فیدراڵی ئەڵمانیا راشیدەگەیەنێت هەندێك جار تەنها لایكێك لەسۆشیال میدیا بەسە بۆ تۆمەتباركردن و لەوانەیە تۆمەتی سوكایەتیكردن بەڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا بخرێتە پاڵ ئەو كەسانە. لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا دەركەوت كەپەرلەمانتار گۆكەی ئەكبولوت، لەسێی ئاب كاتێك چووە توركیا بۆ ماوەیەكی كورت دەستبەسەركراوە. ئەكبولوت كە بەڕەچەڵەك كوردو عەلەوییە، دوای ئازادكردنی لەژێر فشاری حكومەتی ئەڵمانیا وتی: لەسەر چوار پۆستی ساڵی 2019ی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەتۆمەتی پروپاگەندەكردن بۆ رێكخراوی تیرۆریستی دەستگیركراوە. ئەكبولوت كە لەساڵی 2017ەوە ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیایە، لەسۆشیال میدیا زانیاری لەسەر دەستگیركردنی بڵاوكردووەتەوەو دەڵێت «كێشە نییە ئێوە بەبڕیاری گرتن من ناترسێنن.» گۆكەی ئەكبولوت بەبەشێك لەمیدیاكانی راگەیاندووە كاتێك چووەتە توركیا بۆ سەردانی كەسوكارەكەی، لەفڕۆكەخانەی ئەنتاڵیا دەستبەسەركراوە. دەشڵێت تەنانەت دوای ئازادكردنیشی هەڕەشەی كوشتنی زۆری لێكراوە، هەربۆیە سەردانەكەی كورتكردووەتەوەو بۆ هەمیشە توركیای بەجێهێشتووە، بەڵام وەك خۆی دەڵێت ئەو دەستبەسەركردنە ناتوانێت بێدەنگی بكات. ئەو پەرلەمانتارە كۆڵی نەداوەو دەڵێت لەمانگی 10 بڕیارە لەگەڵ وەفدێكی پەرلەمانی سەردانی توركیا بكاتەوە. هەرچەندە ئەو پەرلەمانتارە بەزەحمەت لەتوركیا ئازادكراوەو وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لەئەنقەرەو كونسوڵخانەی ئەنتاڵیاش لەكاتی دەستبەسەركردنەكەدا لەگەڵیا لەپەیوەندیدا بوون. وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دەشڵێت: حكومەتی فیدراڵی لەئاستێكی بڵنددا كاری كردووە بۆ ئازادكردنی ئەو پەرلەمانتارەو حكومەتی فیدراڵی لەئاستێكی بەرزو شەڕانگێزی و بەشێوەیەكی جۆراوجۆر دەستتێوەردانی كردووە بۆ ئازادكردنی ئەكبولوت. ئەكبوڵوت هاووڵاتییەكی ئەڵمانی لەدایكبووی توركیایە، لەساڵی 2017ەوە ئەندامی پەرلەمانی ئەو وڵاتەیە. ئەڵمانیا گەورەترین رەوەندی كوردی و توركی تێدایە، بەڵام پەیوەندیەكانی بەرلین و ئەنقەرە لەم ساڵانەی دواییدا ئاڵۆزی تێكەوت بەهۆی ئەو رەخنانەی حكومەتی ئەڵمانیا ئاڕاستەی توركیای كرد بەهۆی هەڵمەتی دەستگیركردنی چالاكوانان و نەیارانی دەسەڵاتەوە، بەتایبەت دوای هەوڵی كودەتاكەی ساڵی 2016 كە بەهۆیەوە سەرۆك كۆماری توركیا هەڵمەتێكی گەورەی دەستگیركردنی نەیارانی سیاسی خۆی دەستپێكرد، هاوكات پەیوەندیەكانی ئەو دوو وڵاتە دوای هێرشی توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان لەساڵی 2019 جارێكی دیكە ئاڵۆزبووەوە. هۆكاری راستەقینەی دەستگیركردنی ئەكبوڵوت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كاتێك لە 2019 توركیا هێرشی كردەسەر رۆژئاوای كوردستان، ئەو پەرلەمانتارەی ئەڵمانیا كە بەڕەگەز كوردە لەفەیسبووكی خۆی پۆستێكی كردووەو هەڵمەتەكەی توركیای بەوەحشیگەرانە دژ بەكورد ناوبردووە لەناوخۆو دەرەوەی توركیا. گۆكەی ئەكبوڵوت یەكێكە لەو پەرلەمانتارانەی ئەڵمانیا كە لەڕابردوودا چەند جارێك داوای لەوڵاتەكەی كردووە پارتی كرێكارانی كوردستان لەلیستی تیرۆر دەربكات، هاوكات لەساڵی 2022 دا داوایكردووە رێكخراوی رێگری لەبەكارهێنانی چەكی كیمیایی لێكۆڵینەوە لەگەڵ توركیا دەستپێبكات بەهۆی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی دژ بەهێزەكانی سوریای دیموكرات و هێزە كوردیەكانی دیكەی رۆژئاوای كوردستان. ئەكبوڵوت باسی لەوەكردبوو بەڵگەی زۆری لەبەردەستدایە كە دەیسەلمێنێت توركیا چەكی كیمیایی دژ بە شەڕڤانانی كورد بەكارهێناوە، تەنانەت دەڵێت:»خۆم چەند شەڕڤانێكم بینیوە كەجەستەیان شوێنەواری چەكی كیمیایی پێوەبووە كاتێك لەگەڵ هێزەكانی توركیا لەشەڕدابوون». هاوكات ئەو پەرلەمانتارە كوردە لەساڵی 2018 داوای هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە دەكات و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ چەند رێكخراوێكی نێودەوڵەتی لەوكاتەوە لەشاری ستراسبۆرگی فەڕەنسا هەوڵەكانی دەستپێكردووە.
هاوڵاتی شاندی حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا تا ئێستا نەگەشتوون بە رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر پرسی بودجە و حکومەتی عێراقی پێی راگەیاندوون مانگی داهاتوو تەنها 546 ملیار دینار رەوانەی هەرێم دەکەن. دوای ئەوەی ماوەی دوو رۆژە شاندی هەرێم لە بەغدایە و لەگەڵ چەندین وەفدی حکومەتی عێراق کۆبووەتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ رێککەوتنێک نەکراوە. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، پێشتر رایگەیاند لە سەرەتایی هەفتەی داهاتووەوە بەغدا پشکی هەرێم رەوانە دەکات و تا سەرەتایی مانگی داهاتووش دوو موچە دەنێرێت. بەڵام بەپێی زانیارییەکان، حکومەتی عێراقی ئەوەی بە شاندەکەی هەرێم وتووە کە پشکی هەرێم لە بودجە 598 ملیار دیناری مانگانەیە و بۆ ئەم مانگە 57 ملیار دینار لەو بڕە پارەیە بۆ قەرزی بانکی تی بی ئایی عێراقی دەبڕدرێت، واتە 546 ملیار دەمێنێتەوە و دەنێردریت بۆ هەرێمی کوردستان. ئەمە لەکاتێکدایە کە شاندی هەرێم دەڵێت، مانگانە پێویستی بە 930 ملیار دینارە تا موچەی سەرجەم فەرمانبەران بدات. لەم هەفتەیەدا شاندێکی دارایی حکومتی عێراقی لە هەرێم بوو بۆ پاکتاوکردنی داهاتی حکومەتی هەرێم و بڕیارە هەر سێ مانگ جارێک پاکتاوکردنی حسابات ئەنجام بدرێت تا بزانرێت کە داهاتی هەرێم جەندە و موچەخۆران چەندن چونکە حکومتی عێراق بە شاندەکەی هەرێمیان وتووە کە مووچەخۆرتان زۆرە.
هاوڵاتی بڕیارە لەداهاتویهكى نزیکدا دادگای پێداچونەوەی هەولێر وەک پلەی کۆتایی حوکمەکەى، چاو بەدۆسیەى سزادانى شێروان شێروانیدا بخشێنێتەوەو بڕیاری کۆتایی لەبارەوە وەربگرێت، فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنوسانو نوسەرانی سەربەخۆ-ش لهبهیاننامهیهكدا ڕایانگەیاند، "تەواوی بەڵگەکانو شاهیدحاڵەکان دەیسەلمێنن ئهو سزایه هیچ بنەمایەکی ڕاستی تێدانییە كه سهپێنراوه بەسەر ڕۆژنامەنوس (شێروان شێروانی)دا" فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنوسانو نوسەرانی سەربەخۆ لهژێر ناوى (ئازادی بۆ دەنگە ئازاو ئازادەکان) ڕایگهیاندوه، "دوای چوار ساڵ زیندانیکردن، لەمانگی تەمموزی ئەمساڵدا، دادگای هەولێر جارێکی دیكه سزای چوار ساڵ زیندانی بەتۆمەتێک، کە تەواوی بەڵگەکانو شاهیدحاڵەکان دەیسەلمێنن هیچ بنەمایەکی ڕاستی تێدانییەو ئەنجامنەدراوە، بەسەر ڕۆژنامەنوس (شێروان شێروانی)دا سەپاند". دەشڵێن، "بڕیاروایە لەماوەیەکی نزیکی داهاتودا، دادگای پێداچونەوەی هەولێر وەک پلەی کۆتایی حوکمەکە، چاو بەدۆسیەکەدا بخشێنێتەوەو بڕیاری کۆتایی لەبارەوە وەربگرێت، بەر لەئەنجامدانی ئەم پرۆسەیەش، بەپێویستمانزانی وەک (فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنوسانو نوسەرانی سەربەخۆ)، ڕایبگهیهنین، لەڕێی هەوڵدانی بەیەکەوەییو دروستکردنی فشاری دەستەجەمعی، بتوانین کارێک بکەین، دادگا بەچاوی دادگەریو ویژدانی مرۆییانەوە، پێداچونەوە بە دۆسیەى شێروان شێروانیدا بکاتو بڕیاری ئەرێنیشی لەبارەوە بدات". دەقی بەیاننامەکە: بەیاننامە و داواکاری بۆ/ دەسەڵاتی دادوەری هەرێمی کوردستان دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان کونسوڵخانە و نوێنەرایەتی وڵاتان یۆنامی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ڕایگشتی لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان دوای چوار ساڵ زیندانیکردن، لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا، دادگای هەولێر جارێکی دی سزای چوار ساڵی دیکە زیندانی بە تۆمەتێک، کە تەواوی بەڵگەکان و شاهیدحاڵەکان دەیسەلمێنن هیچ بنەمایەکی ڕاستی تێدا نییە و ئەنجام نەدراوە، بەسەر ڕۆژنامەنووس (شێروان شێروانی)دا سەپاند. بڕیار وایە لە ماوەیەکی نزیکی داهاتوودا، دادگای پێداچوونەوەی هەولێر وەک پلەی کۆتایی حوکمەکە، چاو بە دۆسیەکەدا بخشێنێتەوە و بڕیاری کۆتایی لەبارەوە وەربگرێت. بەر لە ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە، بە پێویستمانزانی وەک (فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ)، ئەم بەیاننامە و داواکارییە بخەینە بەرچاوی ئەو دەسەڵات و ناوەندانەی لەسەرەوە ناویان هێنراوە، بە ئامانجی ئەوەی لە ڕێی هەوڵدانی بەیەکەوەیی و دروستکردنی فشاری دەستەجەمعی، بتوانین کارێک بکەین، دادگا بە چاوی دادگەری و ویژدانی مرۆییانەوە، پێداچوونەوە بە دۆسیەکەدا بکات و بڕیاری ئەرێنیشی لەبارەوە بدات. دەسەڵاتی دادوەری هەرێمی کوردستان، دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان، هیوادارین لە یەکلاکردنەوەی کەیسی (شێروان شێروانی) لە ئاستی ئەو چاوەڕوانییەدابن، کە بەشی هەرە گەورەی هاوڵاتیانی هەرێم، ئازادیخوازان، سەروەربوونی یاسا و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری، پێش هەموو کەسێک لە ئێوەی دادوەران و دادگاکانی هەرێمی کوردستانی دەخوازێت، هەوڵبدەن دوور لە کاریگەری شەخسی، سیاسی و حیزبی، بە چاوی دادپەروەری و ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ و ئازادی ئینسان، بەر لە (شێروان شێروانی)، لە بەرژەوەندی ناوی پیرۆز و گەورەی قانون و پیشەی دادوەری، بە دۆسیەکەدا بچنەوە و مرۆڤبوون و سەروەری یاسا بکەنە تاکە پێوەری بڕیارەکانتان. ئەم دۆسیەیە، کە چاوی دونیا و ناوخۆی لەسەرە، دەبێتە تاقیکردنەوەیەکی دیکە لەبەردەم ویژدان و ئەو سوێندەی کە خواردووتانە بۆ پاراستنی دادپەروەری، ڕێزگرتن و داکۆکی لە ماف و ئازادی هاوڵاتیان. هیوادەخوازین بە بڕیارێکی ئەرێنی و مرۆڤدۆستانە سەرەتایەک بۆ کۆتاییهێنان بەو بێ متمانەیی و نائومێدییەی هاوڵاتیان دەستپێبکەن، کە لە بەرامبەر ئەو دامەزراوە قانونییە گرنگەدا بۆیان دروستبووە و، سەرەتایەکی تازەش بێت بۆ سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێم. کونسوڵخانە و نوێنەرایەتی وڵاتان، یۆنامی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئێستا کاتی ئەوە هاتووە بەشێوازی جیاواز و کاریگەرتر، چالاکی و فشارەکانتان بۆ سەر دەسەڵاتی سیاسی و بڕیاربەدەستانی هەرێم و دەسەڵاتی دادوەری چڕتر بکەنەوە، هەم گفتوگۆ، هەم فشاری جددی لە ئاستی ناوەوە و دەرەوەی هەرێمدا دروستبکەن، تا چیتر ئازادی ڕادەربڕین وەک تابوویەک تەماشانەکرێت و ئەو پەراوێزەش لە بوونی ئازادی، کە هەیە، بچووکتر و بەرتەسکتر نەکرێتەوە. لێرەوە داواتان لێدەکەین لە ئاستی باڵادا ئامادەی بە دواداچوون، دانیشتن و گفتوگۆکانی بڕیاری کۆتایی پرۆسەی دادگایی ڕۆژنامەنووس (شێروان شێروانی) بن و بە وردی چاودێری پرۆسەی جێبەجێکردنی دادپەروەری لە کەیسەکەدا بکەن. چاودێری و فشاری ئێوە بۆ ئێستا و داهاتووی ئازادی و مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان گرنگ و پڕ بایەخ دەبێت. چاوەڕوانی ئەوەمان لە ئێوە هەیە، کاری جددی بکەن بۆ ڕێگری لە بڕیاری دووبارە سزادانەوەی ئەو ڕۆژنامەنووسە. ڕایگشتی لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان ئێستا و لەسەروبەندی پێداچوونەوە بە حوکمی ڕۆژنامەنووس (شێروان شێروانی)دا، کاتی ئەوەیە جارێکی دیکە چالاکی بەرفراوان و کاریگەر دەستپێبکەن. داوا دەکەین، بە ڕێگە و شێوەی جیاواز، ڕووبەری ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان گەورەتر بکەن بۆ داکۆکی لە ئازادی ڕدەربڕین و ئازادییە گشتییەکان. دڵنیابن هەر وشەیەک، هەنگاوێک و ناڕەزایەتییەکی مەدەنییانەی ئێوە، دەبێتە هۆکاری نە تەنیا پاراستنی ئەو پەراوێزە لە ئازادی کە هەیە، بەڵکو ئەو ڕووبەری ئازادییە فراوانتریش دەکات. بە هەماهەنگی ناوەوە و دەرەوەی هەرێم، دەتوانین بە کاری هاوبەش و بەیەکەوەیی، ببینە کارتێکی گرنگی فشار لە قازانجی دۆسیەکەی (شێروان شێروانی)، کە هەمانکات دۆسیەی هەموو دەنگ و ڕەنگێکی ئازاد و خاوەن ویژدانە لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێم، هەروەها بۆ ڕاگرتنی هەر ستەم و دەستدرێژییەک، کە ڕەنگە لە داهاتوودا بکرێتە سەر ئازادی و مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین، لەوەش خراپتر بە هۆی ئازادی دەربڕینەوە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی سیاسییانە ببینەوە. لە ئێستادا دۆسیەی (شێروان شێروانی)، دۆسیەی ئازادییە، دۆسیەی مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕینە، بۆیە هەر قسە و هەڵوێستێک لەبارەی ئازادی ئەو ڕۆژنامەنووسە، هاوکات هەوڵدانە بۆ داکۆکی لە ئازادی بە مانا فراوان و گشتییەکەی. ئازادی بۆ دەنگە ئازا و ئازادەکان فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ (ڕۆنووس) ١٦/٨/٢٠٢٣
هاوڵاتی بڕیارە ئەمڕۆ گوھدار زێباری یەکێک لە سزادراوانی بادینان ئازادبکرێت کە بەتۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی، سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرابوو. بەپێی ئەو ماوەیەی دادگای هەولێر دیاریکردوە گوهدار زێباری دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە زیندانی کردن دەبێت ئەمڕۆ ئازاد بکرێت و بگەرێتەوە ناو کەسو کاری خۆی. زێدان برای گوهدار زێباری لە لێدوانێکدا بە هاوڵاتی وت" بەرەبەیانی ئەمرۆ وەک کەسوکاری گوهدار روێشتووین بۆ هەولێر، مامەڵەکانی گوهدار لە چاکسازی تەواو بوونە، گوهدار براوەتە ئاسایش." وتیشی، "ئێستا ئێمە لەبەردەم ئاسایشی هەولێرین چاوەریێ ئەوەدەکەین مامەلەی ئاسایشیش تەواوبێت و بەیەکجاری ئازاد ببێت دواتر موژدەی ئازادکرنەکەی گۆهدار بۆ هەموو لایەک ڕادەگەینین". گوھدار زێباری رۆژنامەوان و چالاکوانێکی بادینانە و بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی بە ٦ ساڵ زیندانی سزادرا، بەڵام بە بڕیاری سەرۆکایەتی ھەرێم سزاکەی کەمکرایەوە. بە ئازادبوونی گوھدار زێباری، تەنھا شێروان شێروانی رۆژنامەنووسی بادینان لە زیندان دەمێنێتەوە، کە لە ماوەی رابردوودا ٤ ساڵی دیکە زیندانی بەسەردا سەپێندرا.
شەنای فاتیح ئاری هەرسین، کادری پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوکات ئەندامی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان لەچاوپێکەوتنێکدا لەسەروبەندی ٧٧ەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ رۆژنامەی هاوڵاتی دەڵێت، بارودۆخی ناوخۆی پارتی بەڕابەرایەتی مەسعود بارزانی زۆر باشە و «لەناو حزبی ئێمەدا بەرەڵایی، بێخاوەنی و بێسەروبەرەیی حوکم ناکات»، دەشڵێت، لەهەر کاتێکدا هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت پارتی ئامادەیەو لەگەڵ یەکێتیشدا پەیوەندیان وەک پێویست نییە و متمانەیان بەیەکتر نییە. لەوەڵامی ئەوەی ئاخۆ ترسیان لەوە هەیە نەوەی نوێ لەهەڵبژاردنی داهاتوودا دەنگی پارتی ببات، ئاری هەرسین باسی لەوە کرد، «هیچ کەس و لایەنێک دەنگی پارتی نابات، دەنگی پارتی بریتیە لە روئیایەکی دیراسەکراوی حوکمڕانی و پاراستنی ئەمنیەتی هاووڵاتیان و بەرنامەی ئاوەدانکردنەوەی کوردستان. لەسەر بۆردومانەکانی ئەم دواییەی تورکیاش بۆ سەر خاکی هەرێم و هێرشە درۆنییەکانی بۆ سەر سلێمانی، کادرەکەی پارتی حکومەتی عێراق تۆمەتبار دەکات و دەڵێت بێ مۆڵەتی حکومەتی عێراقی هیچ فرۆکەیەک ناتوانێت تاوەری چاودێری حکومەتی فیدڕاڵی لەسلێمانی و هەولیر بنیشێتەوە. دەقی چاوپێکەوتنەکەی ئاری هەرسین لەگەڵ رۆژنامەی هاوڵاتی. هاوڵاتی: پارتی دیموکراتی کوردستان پاش ٧٧ ساڵ گەیشتووە بەو ئامانجەی کە بۆی دروستبوو؟ ئاری هەرسین: ئامانجەکانی پارتی، وەک هەموو حزبێکی دیکە، دوو بەشن: بەشێکیان ستراتیژین و نەگۆڕن، بەشێکیترشیان پێداویستی قۆناغێکی دیاریکراون، حزبی داهێنەر پێویستە لەگەڵ قۆناغە جیاوازەکاندا پڕۆژە و بەرنامەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەو قۆناغە هەبێت و وەڵامدەرەوەی داخوازی و پێداویستیەکانی میللەت بێت، بەکورتی، پارتی بۆ خزمەتی گەل و پاراستنی سەروەری خاکی پیرۆزی کوردستان دروستبووە، ئەو ئامانجانەش وێستگەیەکی شەمەندەفەر نییە هەتا پێی بگەیت و دابەزیت، ئیشکردن بۆ ئامانجە نیشتیمانی و کۆمەڵایەتیەکان لەپڕۆژەدا جێبەجێ دەکرێن، بۆیە ئیشی پارتی تەواو نەبووە و هەر بەردەوامیش دەبێت : بارودۆخی ناوخۆیی پارتی لەئێستادا چۆنە؟ ئاری هەرسین: بارودۆخی ناوخۆی پارتی بەڕابەرایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی زۆر باشەو بنەمای حزبی لەوپەڕی رێکوپێکیدایە، بێگومان کەمو کوڕیش هەر دەبێت، بەڵام ئێمە غافڵ نین لەو کەموکوڕیانە و بەبەردەوام هەوڵی چارەسەرکردنیان دەدەین، لەهەموو شتێک گرنگتر ئەوەیە کە لەناو حزبی ئێمەدا بەرەڵایی، بێخاوەنی و بێسەروبەرەیی حوکم ناکات. هاوڵاتی: دوایین کۆبوونەوەی مەکتبەی سیاسی پارتی کەی بووە؟ ئاری هەرسین: ئەگەر هەڵەنەبم پێم وایە دوا کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی هەفتەی رابردوو بوو. هاوڵاتی: بارودۆخی کوردستان لەڕووی داراییەوە ناهەموارە، دەوترا پاش پەسەندکردنی بودجەی عێراق گرفتی دواکەوتنی مووچەو کێشە داراییەکان کۆتاییان دێت، بەڵام بەو شێوەیە نەبوو، هەوڵی ئێوە وەک پارتی سەبارەت بەم پرسە چییە چ لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان و چ لەگەڵ بەرپرس و لایەنە عێراقییەکان؟ ئاری هەرسین: بێگومان چارەسەری ئەم پرسە (وەک ئەرکێک) لەسەرشانی حکومەتە، نەک حزبەکان، هەروەک دەشزانن تیمی ئێمە لەناو حکومەت درێغیان نەکردووە، لیژنەکانی حکومەت بەردەوام لەگفتوگۆی جددیدان لە گەڵ حکومەتی فیدڕاڵ، لەڕاستیدا ئەو ئیشەش ئەرکی حکومەتە نەک حزبەکان، چونکە ئەگەر هەر حزبەو لەکەناڵێکەوە خۆی کردە دەمڕاستی هەموو خەڵکی کوردستان، ئەوا دەبێتە بەرەڵایی و فەوزاو هیچیشی لێ شین نابێت. هاوڵاتی: پەیوەندیتان لەگەڵ یەکێتی لەئێستادا لە چ ئاستێکدایە؟ ئاری هەرسین: پەیوەندیمان لەگەڵ یەکێتی وەک پێویست نیە، بەڵام بەتەواوەتیش لێک دانەبڕاوین. هاوڵاتی: لەسەر چ خاڵێک لەگەڵ یەکێتیدا ناکۆکن؟ ئاری هەرسین: مەسەلە ناکۆکی نیە لەسەر چەند خاڵێک، کێشەی ئێمەو یەکێتی ئەوەیە کەوەک پێویست متمانەمان بەیەکتر نیە، کە متمانەش لەرزۆک بوو، ئەوا قبوڵ کردنی یەکترو لێک تێگەیشتنیش لەرزۆک دەبێت. هاوڵاتی: ئایا کێشەو ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی هێندە گەورەیە کە بەچەندین کۆبوونەوەش لەسەر ئاستی باڵا چارەسەرنەبێت؟ ئاری هەرسین: ئەگەر متمانە دروست ببێت، هەموو کێشەکانی نێوانمان لەیەک کۆبوونەوەدا چارەسەر دەکرێت. هاوڵاتی: مامەڵەتان لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی چۆنە؟ دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر بەهاوسەرۆکی یەکێتی ناویدەبات، ئێوەش پێتانوایە هاوسەرۆکە؟ ئاری هەرسین: ئێمە رێگا بەخۆمان نادەین تەشکیلەی سەرکردایەتی بۆ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بکەین، ئەوە ئیشی کادرو ئەندامانی یەکێتی خۆیەتی و دەستیش لەکاروباری هیچ حزبێکەوە وەرنادەین. هاوڵاتی: لەسەر کەیسی هاوکار جاف، یەکێتی و پارتی کێشەیان زۆرە لەئێستادا ئەو کێشانە بەکوێ گەیشتوون؟ ئاری هەرسین: خۆی لەڕاستیدا ئەو کەیسە پەیوەندی بە لیژنەی لێکۆڵینەوەو دادگاوە هەیە، حەق وایە لێگەڕێین ئەوان یەکلایی بکەنەوە، ئێمەو یەکێتی دوو حزبی سیاسین، نابێت بمانەوێت رۆڵی دادگاو حکومەت ببینین، ئەی کەواتە دادگاو حکومەتمان بۆچیە؟ هاوڵاتی: پارتی ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن؟ ئاری هەسین: هەرکات پێویست بێت پارتی بەتەواوەتی ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن. هاوڵاتی: سەبارەت بەپرسی هەڵبژاردن لەگەڵ یەکێتیدا بە چ بڕیارێک گەیشتوون؟ ئاری هەرسین: لەسەر ئەو پرسە گفتوگۆکان لەگەڵ یەکێتی بەردەوامن. هاوڵاتی: پارتی لەسلێمانی چیکردووەو چیدەکات بۆ زیادکردنی رێژەی دەنگەکانی؟ ئاری هەرسین: ئەوەیان بەرنامەی ناوخۆی حزبەو نامەوێت قسەی لەسەربکەم، ئیشەڵا لەکاتی خۆیدا بۆتان دەردەکەوێت. هاوڵاتی: لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی ساڵی ٢٠٢١ دەوترا «پارتی لەسنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە هێندەی ژمارەی مووچەخۆرەکانی دەنگی نەهێناوە»، ئەم قسەیە تاچەند راستە؟ ئاری هەرسین:بەشێکی ئەم قسەیە راستە و ئەمەش مانای ئەوەیە کە پێویستە ئێمە بەخۆماندا بچینەوە و خۆمان باشتر رێکبخەینەوە. ئێمە لەسلێمانی پێویستمان بە تەوژم و نەفەسێکی کاراو تازەیە. هاوڵاتی: سەبارەت بەکەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، هەوڵتان داوە کورد بەیەک لیست بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بکات؟ ئەگەرهەوڵدراوە هەوڵەکان بەکوێ گەیشتوون؟ ئاری هەرسین: دابەزین بەیەک لیست لەکەرکوک و ناوچە کانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کاتێک دەکرێت کەئێمە لەناو هەرێمی کوردستان لێک تێگەیشتن لەنێوانماندا هەبێت، دواجارئەگەر هەموو لایەک بمانەوێت ئەوا یەک دەنگی و کۆدەنگی لەدوای هەڵبژاردنیش دەکرێت، بەڵام بەڵێ گفتوگۆیان لەسەرکراون. هاوڵاتی: بۆچی لەگەڵ نەوەی نوێ کۆنابنەوە؟ دەوترێت پارتی هێشتا نکوڵی لەبوونی ئەو جوڵانەوەیە دەکات و بەجوڵانەوەیەکی جددی نابینن، ئەمە راستە؟ یان ئەوان نایەنەوێ لەگەڵ ئێوەدا کۆببنەوە؟ ئاری هەرسین: ئێمە ڤیتۆمان لەسەر کەس نیە، بەڵام شەرتیش نیە ئینسان بەیەک مەسافە پەیوەندیەکانی خۆی لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان رێکبخات، کۆنەبوونەوەش لەگەڵ لایەنێکی سیاسی بە مانای دوژمنایەتی نایەت. هاوڵاتی: پێتانوایە لەم هەڵبژاردنەدا نەوەی نوێ دەنگی پارتی ببات؟ ئاری هەرسین: هیچ کەس و لایەنێک دەنگی پارتی نابات، دەنگی پارتی بریتیە لەڕوئیایەکی دیراسەکراوی حوکمڕانی و پاراستنی ئەمنیەتی هاووڵاتیان و بەرنامەی ئاوەدانکردنەوەی کوردستان سەروەری خاکی پیرۆزی کوردستان. هاوڵاتی: پەیوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ حزبی پارچەکانی دیکەی کورستان لەچ ئاستێکدایە؟ ئاری هەرسین: بەداخەوە جیوپۆلیتیکی کوردستان یاریدەدەرێکی باش نیە بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام بەگشتی لەم بارە ئاڵۆزەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بەگشتی پەوەندیەکانمان باشە. هاوڵاتی: سەبارەت بەبۆردومانەکانی سەرسنوورو دەستدرێژی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان زیان گەیاندن بەخەڵکی سڤیل لەلایەن هەردوو وڵاتی تورکیاو ئێران قسەتان چییە؟ ئاری هەرسین: ئێمە دەوڵەتێکی سەربەخۆ نین و باسیشم کرد کەجیۆپۆلیتیکی کوردستان چەند ئاڵۆزە، ئاسمانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵیەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت، تەنانەت هیچ فڕۆکەیەکی مەدەنیش ناتوانێت بێ ئیزنی تاوەری چاودێری حکومەتی فیدراڵی لەسلێمانی و هەولێر بنیشێتەوە، بۆیە حەق وایە ئەو پرسیارە ئاڕاستەی حکومەتی عێراق بکەن. هاوڵاتی: دەنگۆی ئەوە هەیە هاوپەیمانان بودجەی لیوا هاوبەشەکان ببڕن بەهۆی کێشەی یەکێتی و پارتی لەناو وەزارەتی پێشمەرگە، ئێوە وەک پارتی چیتان کردووە تاچاکسازی لەناو وەزارەتی پێشمەرگەدا بکرێت؟ ئاری هەرسین: ئێمە بەهەمو شێوەیەک پاڵپشتی چاکسازیەکانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە بووین و ئیشمان بۆ کردووەو پاڵپشتیش دەبین. ئەو دەنگۆیانەشی باست لێکردن لەسەر بڕینی بودجەی لیواکان، هەتا ئێستا نە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاو نە پێنتاگۆن هیچ شتێکی فەرمی نەگوتراوە.
