هاوڵاتی ئێوارەی ئەمڕۆ مێرمنداڵێکی تەمەن 16 ساڵ لە رووباری خابوور لە نزیک گوندی دولا لە زاخۆ خنکا. دوای رووداوەکە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی تەرمەکەیان دەرهێنا. لەسەر ڕوداوەکە ئەڤیندار عزەت، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەرگری شارستانی زاخۆ بە هاوڵاتی وت" ڕوداوەکە کاتژمێر4 و20 خولەکی ئەمڕۆ ڕویداو دوای ئاگادارکردنەوەمان دەستبەجێ تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی روداوەکە". وتیشی، " ئەو مێرمنداڵەی گیانی لەدەستداوە تەمەنی 16ساڵە و کاتژمێرشەشی ئێوارە توانیمان تەرمەکەی لەژێر ئاوەکەدا دەربهێنین و لە ئێستادا رەوانەی پزیشکی دادی زاخۆ کراوە". ئەو مێرمنداڵەی خنکاوە ناوی ساڵح سەربەست رەمەزانە و تەمەنی 16 ساڵ بووە، دانیشتووی گوندی ئاڤا بووە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و بەگوتەی بەرگریی شارستانیی شارەکە، لەگەڵ کەسوکارەکەی بۆ گەشت چووبوونە ئەو شوێنە.
هاوڵاتی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ بە گەرمترین رۆژی ساڵ دادەنرێت و لە خانەقین 53 پلەی سیلیزی تۆماركراوە. وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێم بڵاویكردەوە، 11ی ئاب واتە ئەمڕۆ بە گەرمترین رۆژی ئەمساڵ دادەنرێت، بە تایبەت لە گەرمیان و هەولێر و كەركوك و دەوروبەری. لە خانەقین پلەی گەرمی 53 پلەی سیلیزی تۆماركراوە، لە كەركوكیش 51 و هەڵەبجە 46 و هەولێر 48 و دهۆك 45 و سلێمانی 44 پلەی سیلیزی تۆماركراوە. نزمترین پلەش لە حاجی ئۆمەران بووە كە 35 پلەی سیلیزی بووە. كەشناسی هەرێم لە راگەیەندراوێكیشدا بڵاویكردبووەوە، پلەكانی گەرما لە هەرێمی كوردستان روو لە دابەزین دەكات و لە سبەینێوە پلەكانی گرەما یەك تا دوو پلە دادەبەزێت.
هاوڵاتی ئۆتۆمبێلێک لەسنوری ناحیەی ناڵپارێز لە پێنجوێن لەلایەن درۆنێکەوە کرایە ئامانج و رووداوەکەش قوربانی لێکەوتووەتەوە. ئەمڕۆ 11ی ئابی 2023، ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا-کامری لە نزیک ناحیەی ناڵپارێز لە پێنجوێن لەلایەن درۆنێکەوە کرایە ئامانج و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان سێ کەس گیانیان لەدەستداوە. هێمن ئیبراهیم، بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز دەڵێت، قوربانییەکان ناسنامەیان دیار نییە و ناتوانرێت بزانرێت کە ژنن یان پیاو چونکە بەتەواوی جەستەیان سووتاوە. چەند رۆژێک لەمەوبەریش ئۆتۆمبێلێکی دیکە لە قەزای دوکان بە درۆن کرایە ئامانج و تێیدا کەسێک گیانی لەدەستدا.
هاوڵاتی هەڵمەتێکی فراوان بۆ ئازادکردنی شێروان شێروانی لە هەرێمی کوردستان و دەرەوەی وڵات بە هاشتاگی #ئازادی_بۆ_شێروانی #الحریة_لشیروانی #freedom_for_sherwani دەستیپێکردووە بەمەبەستی فشارخستەنەسەر سەر دادگا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ماوەی سزای رۆژنامەنوسەکە. ژمارەیەک لە چالاکوان، رۆژنامەنوسان و نوسەران لە هەرێمی کوردستان و دەرەوەی وڵات هەڵمەتەکەیان دەستپێکردووە بە ئامانجی ئەوەی فشار لەسەر دادگای تەمیز دروست بکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی زیندانیکردنی شێروانی لەلایەن دادگای هەولێرەوە. لە 20ی مانگی رابردوو شێروان شێروانی بە تۆمەتی ساختەکاری سزای چوار ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا. بڕیارەکە کاردانەوەیەکی گەورەی بەدوایخۆیدا هێنا و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و رۆژنامەنوسان و چالاکوانان بە "نادادپەروەرانە" وەسفیان کرد کە بەپێی تۆمەتەکە شێروان شێروانی لەبری هاوڕێکانی پەنجەمۆری ساختەی کردووە. ئەم بڕیارە وایکرد کە شێروان شێروانی ماوەی زیندانییەکەی درێژببێتەوە بەوپێیەی دەبوو مانگی داهاتوو ئازاد بکرایە. لە مانگی ئابی 2020 شێروان شێروانی و چەندین رۆژنامەنوس و مامۆستا لە پارێزگای دهۆک بەتۆمەتی سیخوڕیکردن سزای شەش ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێنرا. ئەو هەڵمەتە فراوانەی دروست بووە مەبەست لێی ئەوەیە تەواوی نوسەران و ئازادیخوازان و چالاکوانان لە بڵاوکردنەوە و بەرفراوانکردنیدا بەشداربن بۆ ئەوەی فشارێکی ڕاستەقینە دروست ببێت و دەسەڵاتی دادوەریی پێداچوونەوەی جدی بە دۆسیەکەی شێروان شێروانیدا بکات.
هاوڵاتی وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند شەش سەربازیان لە هێرشێکی پەکەکەدا کوژراون لە ناوچەی زاپ کە تێێدا ئۆپەراسیۆنی چنگ-قوفڵ بەڕێوەدەچێت. وەزارەتی بەرگری تورکیا لە تویتەری فەرمی خۆی لە رۆژی پێنجشەممە 10ی ئابی 2023 کوژرانی پێنج سەربازی راگەیاند و ئەمڕۆش هەیینی کوژرانی سەربازیكی تری راگەیاند کە لە ناوچەی زاپ لە هێرشێکی پەکەکەدا کوژراون. لەکاتێکدا تورکیا تەنها کوژرانی ئەم شەش سەربازەی راگەیاندووە، بەڵام پەکەکە بڵاویکردەوە کە 32 سەربازی تورکیا بەدەستی گەریلاکانی پەکەکە کوژراون و حەوتی تریش بریندارکراون لەماوەی 48 کاتژمێری رابردوودا.
هاوڵاتی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە ئەو کەسەی تۆمەتبارە بە کوشتنی سێ ئەندامی یەک خێزان لەلایەن ئاسایشی پارێزگای سلێمانییەوە دەستگیرکراوە. لە راگەیاندراوێکدا دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بەرێوبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش تۆمەتباری روداوی کوشتنی سێ هاوڵاتی یەک خانەوادە و بریندارکردنی دوو کەسی دیکەی دەستگیرکرد." بەپێێ وتەی بەکر عەبدولکەریم، بەرێوبەری ناحیەی پیرەمەگرون، تۆمەتبارەکە لە نزیک گوندێکی ناحیەی پیرەمەگرون دەستگیرکراوە و رادەستی پۆلیس دەکرێت تا ئەوەی بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە کەسێک بە چەک سێ ئەندامی یەک خێزانی لە ناحیەی پیرەمەگرونی سەر بە قەزای دوکان کوشت. ئەو کەسانەی لە روداوەکەدا کوژران دوو برا و کوڕی یەکێک لە براکان بوون.
هاوڵاتی ئەمشەو لەناحیەی پیرەمەگرونی شاری سلێمانی لەڕوداوێكی تەقەكردندا سێ كەس كوژران كە ئەندامی یەك خێزانن و كەسێكی دیكەش لەڕوداوەكە برینداربو. بە پێی زانیارییەکان ، لەڕوداوێكی تەقەكردندا لە ماڵێكی ناحیەی پیرەمەگرون، سێ كەس كوژراون كە هەرسێكیان ئەندامی یەك خێزانن و کوژراوەکان دوو برا و کوڕی یەکێک لە براکانن و ژنێکی ماڵەکەیە کە بریندارە. هاوکات تۆمەتبارەکە ئەندامی ئەو خێزانە نییە و هەڵهاتووە وتەرمی کوژراوەکان گەیەندراوەتە پزیشکی دادی سلێمانی و بریندارەکەش رەوانەی نەخۆشخانەی شار کراوە. لە ئێستادا هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەکان دەستیپێکردووە بۆ دۆزینەوەی تەقەکەرەکە و دەستگیرکردنی.
نیگار عومەر لەسنوری گەرمیاندا تائێستا نزیکەی 3500 یەکە تەواوبوون و رادەستی خاوەنەکانیان کراوەتەوەو نزیکەی 12هەزار یەکەی دیکە لەبواری جێبەجێکردندایەو لەداهاتوشدا مۆڵەت بۆ نزیکەی 10 هەزار یەکەی دیکە دەکرێت هەندێکیان کارەکانیان بەرەو تەواوبون دەچێت، بەڵام بەشداربوانی پرۆژەکان ناڕازین لەیەکەکان و چەندین جار لەبەر جێبەجێنەکردنی کارەکانی کۆمپانیادا گردبونەتەوەو باس لەوە دەکەن کۆمپانیاکان بەگوێرەی گرێبەستەکان کارناکەن. یەک لەو پرۆژانەی کە تەواوبووە پرۆژەی نیشتەجێبوونی لانە ستی-یە کە لەلایەن کۆمپانیای روناکیەوە جێبەجێدەکرێت پێش تەواوکردنی کارەکانی یەکەکانی جێهێشت و بەشداربوان یەکەکانیان وەرگرتوە، بێ تەواوکردنی هەندێ لەخزمەتگوزرایەکانی وەک قوتابخانە و داینگە، رەوزەو ئاوەڕۆ بۆ پرۆژەکە، جگە لەوەش پرۆژەی بان ستی یەکێکی دیکەیە لەپرۆژە تەواوبوەکان خاوەنی یەکەکان ئاماژە بەوەدەکەن کە کۆمپانیا دیسانەوە بەشێکی خزمەتگوزاریەکانی تەواو نەکردووە. مامۆستایەکی بەشداربوی پرۆژەکان ئاماژە بەوە دەکات کۆمپانیاکان لەبەرژەوەندی خۆیان کاردەکەن نەک هاووڵاتی سنورەکەو بۆ خەڵکی کەمدەرامەت سودی لێ نابینێت. سەباح حوسێن، بەشداربوی پرۆژەی لانە ستی بۆ هاوڵاتی وتی،» ئەو کومپانیایەی کە کاری یەکەکانی بەدەست بوو پێش تەواوکردنی کارەکانی یەکەکانی جێهێشت و رۆشت بەشداربوانی پرۆژەکان بێ رادەستکردنی کلیلی یەکەکان هاتن بۆ ناو خانوەکان، بەبێ ئەوەی بەشێکی خزمەتگوزاریەکان تەواوبکات وەک داینگە و قوتابخانە رەوزە و ئاوەڕۆ، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئەو کارانەی کەکردویەتی بۆ خانوەکان هەموو مەواد و پێداویستی خانوەکان شتی خراپن و کوالیتی باش نیە». وتیشی،» ئێمه سەدا 60ی پارەی یەکەکانمان رادەست کردوە کە پرۆژەکەی ئێمە بەپرۆژەی نیشتەجێبون لەقەڵەمدەدرێت دەبێ سەدا پەنجای بۆ کۆمپانیا بێ و سەدا پەنجای بۆ حکومەت، سەرەڕای ئەوەی سەدا 60 پارەمان داوە، کۆمپانیا دیسان داوای پارەمان لێ دەکات لەبەشداربوان و شکاتی لێکردوین لەدادگا، دوو جارمن چووم بۆ دادگا پێیانم وتووم خاوەن کۆمپانیا هەقی لای ئێمە نەماوەو وەبەرهێنانی گەرمیانیش دەڵێ ئەو بڕە پارەی کە ماوە دەبێ بۆ حکومەت بێ نەک کۆمپانیا». ئەوەش دەڵێ،» نەک هەر ئەم پرۆژەیە، پرۆژەکانی دیکەش بەتەنیشتی لانە ستیەوە بان ستی هەیە کەکەسی خۆم وەریگرتوە دیسان ئەویش گرفتی خزەتگوزاری هەیەو بەشێکی کارەکانی تەواونەکردوە، لایەنی پەیوەندیداری ئێرەش کە سەردان دەکەین دەڵێن ئێمە چاری کۆمپانیامان پێناکرێ «. مامۆستا کاروان بەشداربوی بەهەشتی شار کە بە پرۆژەی مامۆستایان ناسراوە بۆ هاوڵاتی وتی ، «ئەم پرۆژەیە لەساڵی 2018ەوە دەستکراوە بەکارکردن تێیدا بڕیار بوو لەساڵی 2022 تەواوبکرێت بەڵام تائێستا 67 کارەکانی تەواو بووەو بەکۆمەڵێ بیانوو ماوەی تەواوکردنەکەی بۆ درێژکراوەتەوە و بۆ ساڵی 2024 هەرچەندە نائومێد بووین لەو کارەش بەڵام جگە لەوەش دیسان دوای کات زیادکردنیان کردووە بۆ ساڵێکی دیکە کە دەبوایە بۆ ساڵی2022 تەواوبوایە ئێمەش زۆر ناڕازین لەم پرۆژەیە چونکە دەستی دەستیکردنە بەمامۆستا». وتیشی، «لەسەر ئەم کارە هیچ لایەنێکی دیکە بەرگری لەچینی مامۆستا ناکات بۆیە کۆمپانیا بەدڵی خۆی کاردەکات، چەندین جار سەردانی لایەنی پەیوەنیدار کردوە هیچ کەس خۆی بەخاوەنی نازانێت و شێوازی پارەدانیش زیاتر دراوە لەکارکردن، زۆر جار یەکەکان نرخیان زۆرەو بۆ خەڵکی کەم دەرامەت نابێت«. هونەر مەحمود بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی گەرمیان بۆ هاوڵاتی وتی،»نزیکەی 20هەزار یەکە لەدروستکردندایە یان مۆڵەتی بۆ وەگیراوە وە سێ هەزارو 500 یەکەش تەواو بوونەو یەکەکان بۆ بەشێکی زۆری هەموو چین و توێژێک سودی لێوەگرتوە نرخی یەکەکان لە پێنج دەفتەرەوە دەستپێدەکات تا 35دەفتەر ئەمەش بەگوێرەی شوێن و کوالێتی یەکەکان دەکەوێت». ئەوەشی وت،» هەر کۆمپانیایەک کەدێت بۆ داواکردنی زەوی بۆ یەکەی نیشتەجێبون بەگوێرەی یاسای وەبەرهێنان زەوی پێدەدرێت و ئێمەش چاودێری کارەکانیان دەبیت و پێویستە بەگوێرەی گرێبەستەکەی کارەکانی تەواو بکات و ئەو کۆمپانیایانەی کەکارەکانیان بەباشی نەکردوە ئێمە ئیجرائاتمان لەگەڵیان کردوە، سەبارەت بەگرفتی لانە ستی کێشەکەیان چووەتە دادگاو ئێمەش قسەی خۆمان کردوە لەداگاو داواشمان لەکومپانیا کردوە هەر خزمەتگوزاریەک لەسەر ئەوە جێبەجێ بکات، سەبارەت بەگرفتی بان ستی بەهەمان شێوە دەبێ کۆمپانیا هەرچ خزمەتگوزاریەکی نەکردبێت جێبەجێ بکات». وتیشی، « هەر کۆمپانیایەک کارەکانی وەک خۆی جێبەجێ نەکات کارەکانی رادەگرین و ئیجرائاتیشمان لەگەڵیان کرد، سەبارەت بەگرفتی پرۆژەی مامۆستایان درێژکردنەوەی ماوەکەی بەگوێرەی ئەوە بوە کە رۆژانی پشوو بەگوێرەی گرێبەستی کارکردن بووە کەڕۆژانی پشوو قەرەبوکراونەتەوە جگە لەوە هیچی دیکە نەبووە «.
شەنای فاتیح لەكاتێكدا خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگەكان كێشەی دەرماڵەو دانەمەزراندنیان هەیە بەڵام وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێم بەردەوامە لەكردنەوەی بەشی نوێ لەزانكۆكان، سەرەڕای ئەوەی زانكۆ ئەهلیەكانیش خەریكە لەژمارەدا پێش زانكۆ حكومیەكان دەكەون. بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی کوردستان عێراق بەشی (زانستی هەنگ) لەپەیمانگای تەکنیکی بەکرەجۆ سەر بەزانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەکرێتەوە ئەویش بەوتەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بەئامانجی پەرەپێدان و پێشخستنی پیشەسازی هەنگ لەناوچەکەدا. زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لەشەش کۆلێژو هەشت پەیمانگاو ٧١ بەش پێکدێت، بەڵام بۆ ساڵی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ ژمارەکە بۆ پێنج کۆلێژو حەوت پەیمانگاو ٦٣ بەش کەمدەبێتەوە بەهۆی کردنەوەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان، ١٤ هەزارو ٩٠٥ خوێندکار لەسەرجەم قۆناغەکاندا لەزانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەخوێنن. ئیبراهیم مەجید، سەرۆکی بەشی زانستی هەنگ لەپەیمانگای تەکنیکی بەکرەجۆ لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: بەشی زانستی هەنگ بۆ ساڵی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ کارا دەبێت و خوێندکار وەردەگرێت و بڕیاردراوە کە ٦٠ خوێندکار وەربگیرێت کە ٤٠یان لەسەر دەوڵەت و ٢٠یشیان بەشێوازی پارالێڵ بن. وتیشی ئەو خوێندکارانەشی لەم بەشەدا وەدەگیرێن مەرجە دەرچووی بەشی زانستی بن و خوێندکارە یەکەمەکانی ئامادەیی کشتوکاڵێش وەردەگیرێن. وتیشی: ئامانج لەکردنەوەی ئەم بەشە بەزانستی کردنی بواری هەنگە کە لەوڵاتاندا پشتی پێدەبەسترێت و بەرهەمی باشی لێبەرهەم دەهێندرێت بەو هیوایەی بتوانرێت کوردستان بگەینە ئەو ئاستە بەبەکارهێنانی زانستە پێشکەوتووەکان لەو بوارەدا. «دەرچووانی ئەم بەشە ناونیشانی رابەری کشتوکاڵی و رابەری زانستی هەنگ و رابەری پەروەردەکردنی هەنگ وەردەگرن، هەروەها دەتوانن هەنگ پەروەردە بکەن و هەنگوین بەرهەمبهێنن لەگەڵ بەرهەمهێنانی شانەو پورەی هەنگ، دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان و دوژمنانی هەنگ و کۆنترۆڵکردنیان و بەشداریکردن لەدامەزراندنی هەنگەڵان و دروستکردن و چاککردنی پێداویستییەکانی هەنگەوانی» سەرۆکی بەشی زانستی هەنگ لەپەیمانگای تەکنیکی بەکرەجۆ وای وت. بەپێی بەدواداچوونی هاوڵاتی تێچووی کردنەوەی بەشی نوێ لەزانکۆیەکەوە بۆ زانکۆیەکی دیکە دەگۆڕێت بەڵام بەشێوەیەکی گشتی نزیکەی ٥٠ ملیۆن دینار رسوماتی پێویستە، ئەمە لەکاتێکداتە تێچووی کردنەوەی بەشی نوێ لەزانکۆ یایبەتەکاندا زیاترە لەزانکۆ حکومییەکان. لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا هەشت بەشی نوێ لەزانکۆو پەیمانگاکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانیدا کراونەتەوە ئەوانیش بەشەکانی (زانستی تاقیگەی پزیشکی و پڕۆژە کشتوکاڵییەکان لەکۆلێژی زانستە پراکتیکییەکانی هەڵەبجە، تەکنەلۆجیای زانیاری لەپەیمانگای تەکنیکی دوکان، پڕۆژە کشتوکاڵییەکان لەپەیمانگای تەکنیکی کەلار، میکانیک و تەندروستی گشتی لەپەیمانگای تەکنیکی سلێمانی، تەکنەلۆجیای زانیاری لەپەیمانگای تەکنیکی هەڵەبجە، زانستی هەنگ لەپەیمانگای تەکنیکی بەکرەجۆ). د.بەختیار شەریف، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لەپلانیدایە بەپێی بازاڕی کار بەشی نوێ بکاتەوە تابتوانرێت دەستی کاری ناوخۆیی بەرهەم بهێندرێت، زانکۆمان لەپلانیدایە دبلۆمی تەکنیکی پیشەیی یەک ساڵی بکاتەوە. وتیشی: ئامانج لەم جۆرە خوێندنە و پێدانی ئەم بڕوانامەیە دروستکردنی کادری کارامەو شارەزا لەبوارە جیاجیاکاندا کە بازاڕی کاری کوردستان پێویستی پێیەتی و دروستکردنی دەستی کاری پێویست و کادری ناوەندیە لەبازاڕی کاری کوردستاندا ئەم بڕوانامەیە بەهیچ شێوەیەک بەکارناهێنرێت بۆ تەواوکردنی خوێندنی سەرووتر یان باڵاتر بەڵکو تەنها بۆ فێربوون و شارەزاییە. سەبارەت بەکێشەکانی زانکۆ بەختیار شەریف باسی لەوەشکرد کە گیروگرفتەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی خۆی لەکەمی بیناو هۆڵی خوێندن تاقیگەی زانستی و کۆنی کەمپی خوێندن و کەمی بینای تایبەت بە بەشەناوخۆییەکان، کەمی ستافی ئەکادیمی وانە وتنەوە دەبینێتەوە بە بەراورد بەزۆری ژمارەی خوێندکار لەزانکۆدا. بەپێی ئامارێكی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، لەهەرێمی كوردستان 18 زانكۆی حكومی و 18 زانكۆی ئەهلی بوونیان هەیە. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری كارگێڕی و دارایی لەوەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: ساڵانە بەشی نوێ لەزانكۆو پەیمانگەكان دەكرێنەوە یاخود دادەخرێن، داخرانەكان بەهۆی ئەوەیە كەخوێندكار یان بازاڕی کاری کەمە. وتیشی: هیچ ئامارێكی وردەمان لانییە سەبارەت بەوەی چەند بەشی نوێ كراونەتەوە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا یاخود داخراون بەڵام هیچ بەشێك دانەخراوە مەگەر خوێندكاری نەبووبێت وەكو پێویست. سەبارەت بەدەرماڵەش بۆ ساڵی نوێی خوێندن هیچ خوێندكارێكی زانكۆ كێشەی دەرماڵەی نابێت چونكە لەئەنجومەنی وەزیرانەوە رەزامەندی دراوە كە بۆ خوێندنی 2023 -2024 دەرماڵەی خوێندكاران خەرج بكرێت و وەزارەت مانگانە پێویستی بەنزیکەی پێنج ملیار دینار هەیە بۆ دابینکردنی دەرماڵەی خوێندکاران.توانا نەجەف وای وت.
هاوڵاتی مەلاکەریم شکور ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند بە پلانێکی بۆ دارێژراو دوو گەنج لیی نزیک بوونەتەوە بەمەبەستی بانگێشتکردنی بۆ جێیەک بەڵام دواتر بە دەمانچە تەقەیان کردووە و سێ فیشەکیان رووبەرووی تەقاندووە. مەلاکەریم شکور دەڵێت، لە کاتژمیر 1:00ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دوای کۆبونەوەیەک لە مەڵبەندی حەمرین لە دووزخورماتوو هاتووەتەوە دەرەوە و دوو گەنج نزیکی بونەتەوە، پاشان بانگێشتیان کردووە بۆ کردنەوەی مەڵبەندێک و ئەو پێی راگەیاندوون کە ناتوانێت بێت، بۆیە بووەتە دەمەقاڵێیان و دوو گەنجەکە سێ فیشەکیان رووبەرووی تەقاندووە. مەلاکەریم باس لەوەش دەکات، گەنجەکان تەمەنیان کەم بوو، دوای ئەوەی "من رەتم کردەوە بچم لەگەڵیان کە نەمدەنایسن، دواتر ئەوان چوونە دواوە و دەمانەچەیان راکێشا و سێ فیشەکیان نزیک من تەقاند بەڵام پاسەوانەکانم نەیانهێشت و دەمانچەکانیان لیوەرگرتن." ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی ئاماژە بەوە دەکات، ئەم کردەوەیە بە "موئامارە دەزانم و لێی بێدەنگ نابم چونکە کارێکی پلان بۆدارێژراو بووە و رێکاری یاسایی دەگرمەبەر." لە ئێستادا هێزە ئەمنییەكان دەستیان بە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە كردووە و هەوڵی دەستگیركردنی تۆمەتباران دەدەن کە یەکێکیان بریندارە.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، ژنێک لە ماڵی باوکیدا لە قەڵادزێ لەلایەن براکەیەوە بە سێ فیشەک کوژراوە و لەدوای روداوەکەش تۆمەتبار خۆی رادەستی پۆلیس کردووە. پۆلیسی ڕاپەڕین لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت، بەیانی ئەمڕۆ تەرمی ژنێک کە لەدایکبوی ساڵی 1991، گەیەندرایە نەخۆشخانە کە شوێنەواری سێ فیشەکی جۆری دەمانچە بەسەر جەستەیەوە هەبووە و بەپێی زانیارییەکان لەلایەن براکەیەوە کوژراوە. پۆلیسی راپەڕین باسی لەوەش کردووە ژنە تەمەن ٣٢ ساڵەکە لە ماڵی باوکیدا لەلایەن براکەیەوە کوژراوە و هەر دوای روداوەکەش تۆمەتبار خۆی رادەستی هێزەکانی پۆلیس کردووە. ئاماژە بەوەشکراوە کە تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەر راگیراوە و دەستیش گیراوە بەسەر چەکەکەیدا.
ڤانە باهیر باوەڕ ئاگری، نووسەرو مامۆستای زمانی کوردی، کەخەڵکی باکوری کوردستانە، ماوەی دوو ساڵە لەتورکیا هەڵهاتووە بەهۆی ئەوەی لەلایەن حکومەتی تورکیاوە هەڕەشەی لێکراوە لەسەر ئەوەی وانەی کوردی وەکو زمانی دایک وتووەتەوە، بەڵام لەئێستادا لەهۆڵەندا درێژە بەکارەکەی دەدات و لەنێو خوێندکارەکانیشدا کەسانی تورکی و بیانی هەن کەدەیانەوێت فێری زمانی کوردی ببن. باوەڕ ئاگری لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ هاوڵاتی باسی ئەو گرفتانە دەکات لەتورکیا هاتوونەتە بەردەمی و دەڵێت، حکومەتی تورکیا لەڕێگەی هەڕەشەوە دەیەوێت کوردانی «هۆشیارو پێشەنگ بترسێنن و بێدەنگیان بکەن»، تەنانەت ئەگەر مرۆڤی کورد سەربەخۆش بێت، بێ ئەوەی سەر بەڕێکخراوێکی کوردی بێت و رەخنە لەدەوڵەت بگرێت، تووشی هێرش دەکرێت. هاوڵاتی: چۆن بڕیارتدا دەست بەوتنەی زمانی کوردی بکەیت لەتورکیا؟ باوەڕ ئاگری: لەساڵی ٢٠١٤ چوومە خولی زمانی کوردی لەپەیمانگای کوردی لەئەستەنبوڵ، پاشان لەساڵی ٢٠١٩ بڕوانامەی مامۆستاییم بەسەرکەوتوویی وەرگرت و دەستم کرد بەو کارە. هاوڵاتی: ئەزموونی ئێوە وەک مامۆستایەکی کورد لەتورکیا چییە؟ باوەڕ ئاگری: نزیکەی ماوەیەک لەپەیمانگای کوردی ئەستەنبوڵ وانەی زمانی کوردیم وتەوە. لەو کاتەدا ڤایرۆسی کۆرۆنا تازە دەرکەوتبوو. پێشتر رووبەڕوو وانەی کوردیمان دەوتەوە، دوای ئەوەی ڤایرۆسەکە لەهەموو شوێنێک بڵاوبووەوە، ناچار بووین وەک هەموو کەسێک ئەو کارە بکەین و بەئۆنلاین وانەی کوردیمان دەوتەوە. بەم شێوەیە بۆ ماوەیەک لە ژێر چەتری پەیمانگای کوردی ئەستەنبوڵ وانەی کوردیم بەئۆنلاین دەوتەوە. پاشان بەتەنیا وانەی تایبەتم دەدا. ئەمە نزیکەی ساڵێک بوو. لەو نێوەندەدا ڤیدیۆی وانەکانی کوردیشم دروستکردو لەکەناڵی کوردی تایبەت بەخۆم بڵاوم کردەوە کەبینەرەکانی زیاد لە «دە هەزار» کەسی تێپەڕاندووە لەماوەیەکی کورتدا. هەندێک جار ڤیدیۆ دروستدەکەم و لەکەناڵەکەم دایدەنێم. ئەوانەی دەیانەوێت دەتوانن لە یوتیوب کەناڵەکەم بدۆزنەوەو بینەری وانەی کوردی بن. هاوڵاتی: ئایا خوێندکارەکان تەنها کوردن؟ باوەڕ ئاگری: لەم دواییانەدا بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، زمانی کوردی سەرنجێکی زۆری بۆ دێت. هەردوو کورد و تورک دەیانەوێت فێری خوێندنەوە و نووسینی کوردی بن و بیانییەکان دەیانەوێت فێری زمانی کوردی بن. کاتێک بە شێوەی ئۆنلاین وانەم دەگوتەوە، لەنێو خوێندکارەکانمدا خوێندکاری تورک و ئەوروپیم هەبوو. هەندێک لەتورکەکان لەیوتیوب فۆڵۆی کەناڵەکەم دەکەن . هەندێک جار پرسیار دەکەن و منیش وەڵامیان دەدەمەوە. بەکورتی دەکرێ بڵێین جگە لەکورد، بێگانەکان دەیانەوێت فێری زمانی کوردی ببن. هاوڵاتی: ئاستەنگەکانی حکومەتی تورکیا چین بۆ ئەوکەسانەی لەبواری زمان و کولتوری کوردی کاردەکەن؟ باوەڕ ئاگری: دەوڵەتی تورکیا هەرگیز نەیهێشتووە کورد بەئاسانی فێری زمانی کوردی ببێت و لەژیان یان بڵاوکراوەی خۆیدا بەکاری بهێنێت. پێشتر فشار لەسەر کورد هەبووەو ئێستاش فشار لەسەر کورد هەیە. زۆرێک لەو دامودەزگایە کوردیانەی کەپۆلی کوردییان دەوتەوە لەسەردەمی ئەم حکومەتەی ئێستادا داخران یان قەدەغە کران. بۆ نموونە دەوڵەتی تورک گۆرانی کوردی قەدەغە دەکات، رێگە نادات ئەکتەرە کوردەکان شانۆگەری کوردی پێشکەش بکەن، رێگە نادات کتێبی کوردی چاپ بکرێت، رێگە نادات فیلمی کوردی فیلم بگیرێت، رێگە نادات کەناڵێکی تەلەفزیۆنی کوردی بکرێتەوە. رەنگە لەبیرتان بێت کە دەوڵەتی تورکیا چەند ساڵێک لەمەوبەر تەلەفزیۆنی زارۆکی قەدەغە کردو لەمانگی دەستکردی تورک-سات لایبرد. کەناڵی زارۆک، وەک لە ناوەکەیەوە دەردەکەوێت، تەنها کاریکاتێری بۆ منداڵان بەرهەم دەهێناو هیچ کارێکی سیاسی نەدەکرد بەڵام حکومەتی تورکیا قەدەغەی کرد. هاوڵاتی: چ ئەزموونێکی خۆتان هەیە کەحکومەتی تورکیا هێرشی کردبێتە سەر پەیمانگای کوردی لەئیستەنبوڵ بۆ خوێندنی کوردی؟! باوەڕ ئاگری: ساڵی ٢٠١٧ لەپەیمانگای کوردی لەئەستەنبوڵ کە لەوکاتەدا خەریکی وانە خوێندنی کوردی بووین، رۆژێک وەک هەمیشە چوومە پۆل سەیرم کرد مامۆستا سامی تان و هاوڕێکانی تر لە دەرگاکەدان. لەو کاتەدا پۆلیسی تورکیا دەرگای پەیمانگاکەیان شکاند و کاغەزەکانیان لێسەندەوە و دەرگاکەیان مۆر کرد. ئەمەم بەچاوی خۆم بینی ئەمەش بەبێ هیچ روونکردنەوەیەک، بۆیە مرۆڤ ناتوانێت بڵێت حکومەتی ئاکەپە لەوانی تر باشترە. هاوڵاتی: بەبەراورد لەگەڵ ٢٠ ساڵی رابردوو بەربەستەکان کەم بوونەتەوە یان گۆڕانکاریان بەسەرهاتووە؟! باوەڕ ئاگری: وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، دەوڵەتی تورک هەمیشە ئاستەنگی لەدژی کورد داناوە. بەڵام لەتۆڕه کۆمەڵایەتیەکاندا بەرپرسانی ئاکەپه دەڵێن ئێمه هیچ ئاستەنگێک له بەرامبەر کورد دروست ناکەین و کورد ئازاده بەڵام راست نیە. هاوڵاتی: لەئێستادا لەهۆڵەندا دەژیت، بۆچی تورکیات بەجێهێشت؟ باوەڕ ئاگری: دەوڵەتی تورک دەوڵەتێکی فاشیستە، جگە لەتورک و زمانی تورکی هیچ گەلێک و هیچ زمانێک ناناسێت. سەد ساڵە بەم شێوەیە بووە. بەتایبەت ئەگەر مرۆڤی کورد سەربەخۆ بێت، بێ ئەوەی سەر بەڕێکخراوێکی کوردی بێت و رەخنە لەدەوڵەت بگرێت، تووشی هێرش دەکرێت. لەئێستادا جگە لە کوردە سیاسییەکان، بەسەدان مامۆستا و ئەکادیمیست و پرۆفیسۆری کورد لەزیندانەکانی تورکیا زیندانی کراون، چونکە خەبات بۆ دۆزی کورد دەکەن. ئەمەش ئەوە دەردەخات کەکورد ناتوانێت لەتورکیا بژی. من یەکێکم لەو کەسانەی کە هێرشم کراوەتەسەرو هەڕەشەم لێکراوە. بۆیە، ناچار بووم بڕۆم. هاوڵاتی: چەند جار هەڕەشەتان لێکراوە و لەسەر چی بووە؟! باوەڕ ئاگری: لەژێر ماڵەکەماندا چایخانەیەک هەبوو. پۆلیس هەمیشە لەوێ بوو. ئەوان تەنها بۆ من نەبوون، بەڵکو زۆرجار لەڕێگامدا وەستابوون. رۆژێک تەلەفۆنیان بۆ کردم و داوایان لێکردم بچمە بنکەی پۆلیس و پێیان نەگوتم بۆچی بانگم دەکەن، بەڵام چوومە بنکەی پۆلیسەکە، پێیان وتم گلەیی لەتۆ هەیە. پرسیم کێ گلەیی کردووەو هۆکارەکەی چییە؟ بەڵام وەڵامێکی روونیان نەدایەوە، دواتر پرسیارێکی هاوشێوەم لێکرا، پێت وایە لەتورکیا مافی کورد رێزی لێدەگیرێت یان نا؟ پێکەنیم و پێم وتن ئەگەر رێز لەمافی کورد نەگیرێت، کەواتە بۆ پەیوەندیتان پێوەکردم و منتان هێناوەتە بنکەکە؟ بۆ ئەم پرسیارەش بەپێی بۆچوونی خۆم چەند وەڵامێکم دایەوەو پێم وتن بۆچی ئەو کەسانە ناهێنن کە بەئینگلیزی و عەرەبی یان زمانێکی تر دەنووسن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا ناکەن؟ دیسان وەڵامێکی روونیان نەدایەوە، زۆر روونە کە ئەوان دەیانەوێت کوردانی ئاگادار یان پێشەنگ بترسێنن و بێلایەنیان بکەن. هەموو هەوڵەکانیان بۆ ئەمەیە.
هاوڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا، رایگەیاند نایەوێت کۆبونەوە لەگەڵ سەرۆکی تورکیا ئەنجام بدات تاوەکو هێزەکانی تورکیا لە خاکی وڵاتەکەی نەکشێنەوە، دەشڵێت، گروپە تیرۆرستییەکانی ناو سوریا دەستکردی ئەنقەرەن و هەوڵی ئەنجامدانی کۆبونەوە لەگەڵ سوریا بۆ ئەوەیە رەوایەتی بدات بەو "گروپە تیرۆرستیانە". لەدوای هەڵبژاردنەوەی وەک سەرۆککۆماری تورکیا لە حوزەیرانی ئەمساڵدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان چەند جارێک ئاماژەی بەوە داوە کە ویستی کۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی سوریا هەیە، بەتایبەت لەگەڵ بەشار ئەسەد و رەنگە لوتکەیەکی ئاشتی ببەستن. لەسەر ئەم لوتکەی ئاشتییە بەشار ئەسەد لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سکای نیوز رایگەیاند، کۆبونەوە لەگەڵ سەرۆکی تورکیا ئەنجام نادات چونکە "هەوڵی ئەردۆغان بۆ بەستنی کۆبونەوەیەکی لەو جۆرە تەنها ئامانج لێی پێدانی رەوایەتییە بە بوونی هێزەکانی تورکیا لە سوریا." سەرۆکی سوریا ئەوەشی خستەڕوو بەشداری لە هیچ لوتکەیەک ناکات تاوەکو تورکیا هێزەکانی خۆی نەکشێنێتەوە لە سوریا و پاڵپشتی خۆی نەوەستینێت بۆ "گروپە تیرۆرستییەکانی وەک بەرەی نوسرە و ئەحرار شام و گروپەکانی تر کە ناوی تریان هەیە." ئەسەد دەشڵێت، "تیرۆرستان دەستکردی تورکیان و تورکیا هەتا ئێستاش هاوکارییان دەکات" بۆیە نابێت تورکیا بڵێت تیرۆرستان هەڕەشەن بۆ سەر خاکەکەی.
هاوڵاتی پارتی بەنیگەرانییەوە مامەڵە لەگەڵ حكومەتە لەرزۆكەكەی سودانیدا دەكات بەهۆی جێبەجێنەكردنی یاسای بودجەی عێراقەوە، لەكاتێكدا بڕیارە پاكتاوی دارایی لەنێوانیان حكومەتی هەرێم و عێراق ئەنجامبدرێت كە چوارچێوەی هەماهەنگی تەدخولی تێدا كردووە. دوای بڵاوكردنەوەی رێنماییەكانی بودجەی 2023 و 2024 و 2025، پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق پاكتاوی دارایی لەنێوانیاندا ئەنجام بدەن. تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق پاش بڵاوكردنەوەی رێنماییەكانی بودجەی عێراق رایگەیاند:» جێبەجێكردنی بودجە لە 1/1/2023 وە دەستپێدەكات و ئەسەری رەجعی هەیەو پێویستە پاكتاوی دارایی ئەنجامبدرێت. لە 4ی نیسانی ئەمساڵدا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و محەمەد شیاع سودانی رێككەوتنێكیان پەیوەست بە دۆسیەی دارایی و نەوت واژۆ كرد كە لەپرۆژەی بودجەدا رەنگبداتەوە، بەڵام رێككەوتنەكە لەیاسای بودجەدا بەدڵی مەسرور بارزانی نەبوو. بەپێی یاسای بودجەی عێراق هەرێم چەندین پابەندی لەسەرە كە تەسلیمكردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیە لەگەڵ نیوەی سەرجەم داهاتە نانەوتییەكان، هەروەها پێویستە مانگانەو سێ مانگ جارێك و شەش مانگ جارێك وەزارەتی دارایی هەرێم كۆی خەرجییەكانی هەرێم رەوانەی بەغداد بكات تادیوانی چاودێری دارایی حكومەتەكەی سودانی پێداچوونەوەی تێدا بكات و ئەگەر هەر تێبینی یان گرفتێكی تێدا بێت بێ گەڕانەوە بۆ هەرێم بەپێی ئەو بڕەی دیاری دەكەن لەپشكی هەرێم دەبڕدرێت. دوای جێبەجێكردنی سەرجەم پابەندییەكان، حكومەتی عێراق 12.67% پشكی هەرێمی كوردستان رەوانە دەكات دوای دەركردنی خەرجی حاكیمەو سیادی كە مانگانە ترلیۆنێك و 250 ملیار دینار دەكات. بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی كە لەئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەلیژنەی دارایی و وزە دەستی كەوتووە، حكومەتی هەرێمی كوردستان لەئێستادا رۆژانە 55 هەزار بەرمیل نەوت دەداتە عێراق بۆ پاڵاوتن و دەكرێتە بەنزین و گازوایل و نەوتی سپی و رەوانەی موسڵ و كەركوك دەكرێت. هەروەها بڕیارە پاش سەردانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا بۆ عێراق دۆسیەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم كە لە 25ی ئازاری ئەمساڵ بەبڕیاری دادگای پاریس لەسەر داوای عێراق راگیرا گفتوگۆی لەسەر بكرێتەوە تا رۆژانە هەرێم پابەندییەكانی لەبارەی وزەوە جێبەجێ بكات و ئەوەی بەغداد داوای دەكات هەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان دەستپێبكاتەوە. وەفدی حكومەتی هەرێم چەندین جار سەردانی بەغدادیان كردووە تا عێراق پابەند بێت بە یاسای بودجەوە و شایستە داراییەكان بەتەواوی و بێ لێبڕین رەوانەی هەرێم بكات. بەغدا ئامادەی دەربڕیوە پارەی مووچە بدات پاش پابەندییەکانی هەرێم لەكۆبوونەوەی كۆتایی هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق گەیشتە رێككەوتنێك و ئومێد سەباح، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئەوەی بڵاوكردەوە كە رۆژی شەممە رێكەوتی 5ی ئابی 2023، وەك وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەربارەی پڕۆژە یاسای نەوت غاز سەردانی شاری بەغدایان كرد،و كۆبوونەوەمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ سەبارەت بەپڕۆژە یاساكە ئەنجامدا و لە ئەنجامی كۆبوونەوەكە بە هاوبەشی ئەم راگەیەندراوەمان بڵاوكردەوە: لەسەر بنەمای پاكێجی چاكسازییە یاساییەكان كە لەلایەن كارنامەی حكومەتەوە پێشكەشكراون، بەتایبەتی ئەوەی لە تەوەرەی بیست و سێیەمدا باسكراوە سەبارەت بە ئامادەكردنی پڕۆژە یاسای نەوت و گاز و لەسەر بنەمای فەرمانی بەڕێز سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی بۆ خێراكردنی تەواوكردنی ئەم پڕۆژەیە و بەبەشداریكردنی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان لەم پڕۆژە نیشتمانییە ستراتیژییەدا. بەغداد ئامادە نییە سەرجەم پابەندییەکانی یاسای بودجە جێبەجێ بکات كۆبوونەوەكە لە رێكەوتی 5/8/2023 بە ئامادەبوونی هەردوو جێگری سەرۆك وەزیران (وەزیری دەرەوە - وەزیری نەوت) و شاندی هەرێم و پارێزگارانی پارێزگاكانی بەرهەمهێنەری نەوت و راوێژكارانی سەرۆك وەزیران و ستافی وەزارەتی نەوت بەڕێوەچوو لەكۆبوونەوەكەدا باس لە گرنگی و ئامانجەكانی ئەم یاسایە و پێویستی تەواوكردنی بە زووترین كات و بە بەشداری هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرانی نەوت و نوێنەرانی نووسینگەی سەرۆك وەزیران كرا و كەشی كۆبوونەوەكە ئەرێنی بوو و رەنگدانەوەی بەرژەوەندی و پەرۆشی هەموو لایەنەكان بوو بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكە چونكە بەشێكە لە پابەندبوونی بەرنامەی وەزارەتی كە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دەنگی لەسەر دراوە. هەروەها وەك كۆڵەگەیەكی سەرەكی بۆ وەبەرهێنانی سامانی نەوت و گاز لە باشترین كردارە نێودەوڵەتییەكان و بە شێوەیەك كە بەرژەوەندی هەموو گەلی عێراق مسۆگەربكات. لەكۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر ئەم پێشنیازانەی خوارەوە كرا: 1- پێكهێنانی لیژنەكان بۆ بەدواداچوون لەسەر ئەم بابەتەو رێكخستنی كۆبوونەوەكانی دواتر 2- نووسراوێكی كاركردن لەڕێگەی لیژنەكان پێشكەش دەكرێت لەسەر بنەمای ئەو تێڕوانینەی كە لەلایەن وەزارەت و حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكانەوە پێشكەشكراوە لەبەر ڕۆشنایی ئەو گفتوگۆیانەی كە لەكۆبوونەوەكەدا بەڕێوەچوون و گفتوگۆكانی پێشوو كە لەڕێگەی ئەم لیژنانەوە دیراسەتی لەسەر دەكرێت بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەی كۆتایی یاسای نەوت و گاز. داوای سەركەوتن لەخودای گەورە دەكەین بۆ جێبەجێكردنی ئەم ئەركە نیشتمانییە كە خزمەت بە وڵاتە ئازیزەكەمان و هەموو گەلی عێراق دەكات. هاوكات، رۆژی دووشەممە ٧ـی ئابی ٢٠٢٣ ، وەفدێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری بەغدا لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی شیعی كۆبووەوە، بەئامادەبوونی بەڕێز محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق. لەو كۆبوونەوەیەدا پارتی نیگەرانی خۆی دەربڕیوە لە نەناردنی پشك و شایستەی دارایی هەرێم و پەیامی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمیان گەیاندووەتە چوار چێوەی هەماهەنگی، لایەنە شیعییەكان لەسەرو هەموویانەوە محەمەد شیاع سودانی بەڵێنی چارەسەركردنی سەرجەم كێشەکانی داوە بەو مەرجەی هەرێم ئەوەی لەیاسای بودجەدا هەیە وەك خۆی جێبەجێی بكات. واتا چوارچێوەی هەماهەنگی ئەوەیان دووپاتكردووەتەوە كە حكومەتی هەرێم پێویستە سەرجەم داهاتە نانەوتییەكان لەسەر هەژماری بانك لە 31 ی ئاب بخاتەڕوو و 50% بۆ هەرێم دەبێت و ئەوی دیكەی بۆ بەغداد دەبێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا ڕۆژانە 55 هەزار بەرمیل نەوت دەداتە عێراق بۆ پاڵاوتن و دەکرێتە بەنزین و گازاوایل و نەوتی سپی و ڕەوانەی موسڵ و کەرکوک دەکرێت ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم لەسەرەتای ئەم مانگەدا ئەوەی دووپاتكردەوە كە داهاتە نانەوتییەكان خراونەتە سەر یەك هەژماری بانكی تا بەغداد لای روون بێت كە داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم چەندن. كابینەی حكومەتی عێراق كە محەمەد شیاع سودانی سەرۆكایەتی دەكات، وا دەردەكەوێت مامەڵەیەكی تەندروست لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، بەڵام لەبنەمادا لەڕێگەی لێدان لە جومگە ئابوورییەكانی هەرێم هەنگاوی جددی ناوە ئەوەش لە رێگەی نەناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم و دروستكردنی رێگای شەمەندەفەری بازرگانی لەنێوان عێراق و توركیا تا داهاتی گومرگی ئیبراهیم خەلیل وشك بكات كە یەكێكە لەسەرچاوە سەرەكییەكانی داهاتی نانەوتی بۆ حكومەتی هەرێم. چوارچێوەی هەماهەنگی بیركردنەوەو مامەڵەكردنی بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان گۆڕاوەو چیدیكە لەڕێگەی میلیشیا شیعەكانی خۆیانەوە كاتوێشاو مووشەك نانێن بەهەرێمەوە، بەڵكو لەڕێگەی یاساو رێنماییەكانی خۆیان كە زۆر بە رێكخستێكی ورد سەرپەرشتی دەكەن كار لەسەر كەمكردنەوەو وشككردنی سەرچاوە داراییەكانی هەرێم دەدەن. عێراق لەئێستادا لەقازانجیدایە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەستپێنەكاتەوەو كۆمپانیا بیانییەكان لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم دووربخاتەوەو كەمترین نەوتی خاو لەهەرێم وەربگرێت و تۆمەتباری بكات بەوەی پابەندی یاسای بودجەی عێراق نەبووە، بەڵام هێشتا سەركردایەتی سیاسی كورد یان بەڕوونی پارتی و یەكێتی دركیان بەو مەترسیە گەورەیە نەكردووە كە دروستبووە بۆ كیان و قەوارەی دارایی هەرێم. هەریەك لە پارتی و یەكێتی بەجیاو دوور لەیەكتر بەردەوام سەردانی بەغداد دەكەن، هێشتا كێشەكانیان چارەسەر نەكردووە ئەوەش بووەتە گرفتێكی گەورە لەبەردەم پاراستنی قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستاندا، سەرەڕای ئەوەی لایەنەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی بەردەوام هۆشداری دەدەنە پارتی و یەكێتی كە كێشە سیاسی و ئینكاریە شەخسییەكانیان وەلابنێن لەپێناو بەرژەوەندی خەڵكدا. بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەئێستادا ستراتیژی كارەكانی زۆربەی بردووەتە بەغدادو بەردەوام لەگەڵ سەركردە شیعەكان كۆبوونەوە ئەنجام دەدات و ئەوەشی چەند جار دووپاتكردووەتەوە لەپێناو هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان ئامادەن قوربانی بدەن. مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم پەیوەندییەكانی تا رادەیەك لەگەڵ قوباد تاڵەبانی ئاساییكردووەتەوە، بەڵام هێشتا لەگەڵ سەرۆكی یەكێتی خاڵی ناكۆك و دژ بەیەكیان هەیە، سەرەڕای ئەوەی یەكێتی هاوبەشی سەرەكیە لەكابینەی نۆیەمدا. لەدوایین سەردانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی پارتی بۆ دەباشان و گفتوگۆكانیان لەگەڵ سەرۆكی یەكێتی، تەنها لەسەر ئەوە رێككەوتوون كەهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامبدرێت، هەرچەندە سەرۆكایەتی هەرێم 25ی شوباتی 2024 دیاری كردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان، بەڵام هەموو بۆچوونەكان ئەوەیە كە بەهۆی بەسەرچوونی كۆمسیۆنی باڵای عێراقەوە جارێكی دیكە هەڵبژاردنی پەرلەمان دوادەخرێت بۆ مانگی ئایارو حوزەیران، بەڵام نەگەیشتوونەتە هیچ دەرئەنجامێك بەهۆی باڵا دەستی مەسرور بارزانی لەناو پارتی و حكومەتی هەرێمدا. فۆكەسی ئێستای بەغداد لاوازكردنی پێگەی هەرێمی كوردستانە لەئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیشدا و بڕیارە بەپێی یاسا، فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم هەڵبوەشێننەوەو چیتر نابێت حكومەتی هەرێم لەئاستی دبلۆماسیدا لەڕێگەی ئەو فەرمانگەیەوە پەیوەندییەكانی رێكبخرێت، بەڵكو دەبێت هەمووی بێتەوە بۆ بەغداد. ئەو هەویرەی بەغداد بەرنامەڕێژی بۆ كردووە ئاو زۆر دەكێشێت و دەرئەنجامەكانی كاریگەری راستەوخۆی لەسەر پێگەو ئابووری هەرێمی كوردستان دەبێت. هەرچەندە لە دەیان ساڵی رابردوو بەتایبەت پاش پێكهێنانی ئەنجومەنی حوكم لەعێراق و پێكهێنانی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكان، نەتوانرا مافە سەرەتاییەكانی هەرێمی كوردستان جێگیر بكرێت، سەرەڕای ئەوەی سەركردایەتی كورد رۆڵی سەرەكیان هەبوو لەپێكهێنان و سفرەی ئاشتكردنەوەی سەركردە عێراقییەكان لەشیعەو سوننە، بەڵام ئەوان بێ نمەك دەرچوون بەرامبەر داخوازی و شایستە رەواكانی هەرێمی كوردستان.
