هاوڵاتی  شاخەوان عەبدوڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند بڕیاری دەستبەکاربوونی لیوای 20ی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عیراق دراوە و بریارە لە سەرەتایی مانگی داهاتوو مووچە وەربگرن. شاخەوان عەبدوڵا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاندووە، لەگەڵ عەبدولئەمیر یارەڵلا، سوپاسالاری عێراق کۆبووەتەوە و سەبارەت بە لیوای 20ی هاوبەش بڕیاردراوە کە "تەواوی گرفتەکان وەلابنرێن و فەرمانی دەستبەکاربوونیان بۆ دەربچێت." جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە بڕیاردراوە لیوا هاوبشەکە تا 1ی 12 پەیوەندی بکەن و مووچەی ئەو مانگەشیان پێ بدرێت. لیوای 20 ئەو هێزە هاوبەشەیە کە لە ئابی 2021 لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق بڕیاری دروستکردنی درا بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییانەی کە لەنێوان هەردوولادا هەیە و چەکدارانی داعش دەیقۆزنەوە. هێزەکە سێ هەزار و 700 پێشمەرگەی تێدایە و مووچەکانیان لەسەر وەزارەتی بەرگری عێراق دەبێت. بەپێی وتەی شاخەوان عەبدوڵا، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ناوی پێشمەرگە و سەربازانی سوپای عێراق لە هێزەکە لەلایەن وەزارەتی بەرگرییەوە رادەگەیەنرێت و هەر کەموکورییەک هەبێت دوای دەستبەکاربوونیان چارەسەر دەکرێت.

هاوڵاتی  ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، دوو کەسیان دەستگیر کردووە کە تۆمەتبارن بە خستنەخوارەوەی ئافرەتێک لە شوقەکانی ئیسکان لە شاری هەولێر و هەردوو کەسەکە لەژێر کاریگەری ماددە کحولییەکاندا بوون.  لە راگەیاندراوێکدا ئاسایشی هەولێر باس لەوە دەکات، لە کاتژمێر 7:00ی بەرەبەیانی رۆژی هەیینی 17ی تشرینی دووەمی 2023، هەردوو تۆمەتبار لەگەڵ ئەو ئافرەتە لە یەکێک لە شوقەکانی ئیسکان کێشەیان بۆ دروست دەبێت و یەکێکیان ئافرەتەکە لە شوقەکە دەخاتە خوارەوە و بە سەختی بریندار دەبێت. ئاسایشی هەولێر دەڵێت، "لەئێستادا ئافرەتەکە لەنەخۆشخانە لەژێر چاودێری دایەو لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتباران بەردەوامە." ئاسایشی هەولێر راشیگەیاندووە، "دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر هەردوو تۆمەتبار بەناوەکانی(ف ، ز ، ص)و(م ، أ ، ع) دەستگیرکران."

هاوڵاتی  مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی، لەگەڵ وەزیری بەرگری عێراق کۆبوویەوە و لەسەر هەماهەنگی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق گفتوگۆیان کرد. ئەمڕۆ شەممە 18ی تشرینی دووەمی 2023 بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە کە مەسعود بارزانی لە سەڵاحەدین پێشوازی لە ثابت محمد سعید العباسي وەزیری بەرگریی عێراق کرد. بارەگای بارزانی دەڵێت، "لەدیدارەکەدا هەردوولا بیروڕایان لەبارەی بارودۆخی عێراق و شەڕی تیرۆر و هەماهەنگیی و کاری هاوبەشی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق ئاڵوگۆڕ کرد."

هاوڵاتی  رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، دوای سەردانی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ شاری بانە، تەقەکردن لە کۆڵبەران لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە زیادی کردووە بەجۆرێک لە ماوەی دوو هەفتەدا سێ کۆڵبەر کوژراون و ٤٠ کۆڵبەریش برینداربوون. رێکخراوی هەنگاو دەڵێت، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەفسەرێکی پلەباڵای هێزە چەکدارەکانی ئێران بە ناوی مەهدی محەممەدی، بڕیاری تەقەکردن لە کۆڵبەرانی داوە و لە جەند رۆژی رابردوو شەش کۆڵبەر بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی ئێران برینداربوون. بەپێی ئەو راپۆرتانەی دەست رێکخراوی هەنگاو کەوتووە؛ شەوی هەینی 17ی تشرینی دووەمی 2023، فەرزاد حوسێنی، کۆڵبەرێکی تەمەن 17 ساڵ و خەڵکی گوندی "ئالیار"ی سەر بە شاری سەقز، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی بانە بریندار بووە. هەر لەو شەوەدا حەمیدرەزا حافیزی، تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی شاری سەقزی و سولەیمان ئەمینی تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی شاری بانە، بە تەقەی راستەوخۆی هێزە سنوورییەکان بریندار بوون و بە هۆی قووڵی برینەکانیانەوە گواستراونەتەوە بۆ ناوەندە تەندروستییەکان و لە ژێر چاودێری پزیشکیدان. پێشتریش، واتە شەوی چوارشەممە، 15ی تشرینی دووەم، بارزان عوسمانی، کۆڵبەرێکی مێرمنداڵی تەمەن 17 ساڵ کە خەڵکی شاری سەقزە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران دیسان لە سنووری هەنگەژاڵ بریندار بووە. ئەم مێرمنداڵە کۆڵبەرە کە بە چەکی ساچمەیی سەر و مل و شانی پێکراوە و بریندار بوو، بە مەبەستی تیمارکردن و چارەسەریی پزیشکی بۆ ناوەندە تەندروستییەکان گواستراوەتەوە. هەروەها هەر لەو شەوەدا دوو هاوڵاتی تری خەڵکی شاری سەقز بە ناوەکانی دیاکۆ رەمەزانی تەمەن 25 ساڵ و حامید موحەممەدزادە تەمەن 22 ساڵ، خەڵکی گوندی ئالیاری سەر بە شاری سەقز، بە تەقەی راستەوخۆی هێزەچەکدارەکان بریندار بوون و باری تەندروستی حامید محەممەدزادە ناجێگیرە.

هاوڵاتی  لەکاتی چوونی بەرەو هەولێر، عەلی رەئوف، نونەری وانەبێژانی کوردستان لە بازگەی کەڵەک دەستگیرکرا و نوێنەری وانەبێژانەی سلێمانی دەڵێت، عەی رەئوف بەنیازبووە بچێتە هەولێر بۆ ئامادەکاری بۆ خۆپیشاندانەکەی سبەینێی وانەبێژان لە شارەکە. کاروخ عەبدوڵا، نوێنەری وانەبێژانی سلێمانی بە هاوڵاتی وت، "مامۆستا عەلی رەئوف، نوێنەری گشتی وانەببێژانی هەرێمی کوردستان لەکاتی چوونی بۆ هەولێر لەبازگەی کەڵەک دەستگیرکرا." کاروخ عەبدوڵلا ووتیشی، "کاک عەلی دەیویست بچێتە هەولێر تاوەکو ئامادەکاری بکەن بۆ گردبوونەوەی وانەبێژان کەبڕیارە سبەی لە هەولێر بکرێت، پێویستە بەزووترین کات ئازاد بکرێت ، بەپێچەوانەوە هەڵوێستمان دەبێت." 

هاوڵاتی  شەوی رابوردوو بارانێکی بەخوڕ سەنتەری ئاکرێ و ناحیەی قەسرۆکی گرتەوە کە بەهۆیەوە ئاو چووە ناو هەندێک ماڵ، هاوکات کۆمەڵێک بەردی گەورە لەچیاییەک لەسەر رێگای نێوان ناحیەی دینارتە و سەنتەری ئاکرێ کەوتنەخوارەوە و رێگای گەلی زەنتەیان گرت. عەقید ئیبراهیم فەریق، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی ئاکرێ بە هاوڵاتی راگەیاند، "شەوی رابوردوو بەهۆی بارانی بەخوڕ ئاو چووەتە چەند ماڵێک لەسەنتەری ئاکرێ، هەرزوو تیمەکانمان گەیشتنە شوێنەکە ، توانیان ئەو ماڵانە لەمەترسی بارانی بەخوڕ رزگاربکەن، زیانی گیانی وبرینداربوون نەبووە تەنها کەل وپەلەکانی تەڕبوونە هەروەک لەوێنەکان دیارە." لەبارەی رێگای گەلی زەنتە لەنێوان ئاکرێ و ناحیەی دینارتە کە چەند بەردێک لەچیا کەوتووبوونەتە سەر شەقام، سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتە بە هاوڵاتی راگەیاند،  "شەوی رابوردوو کۆمەڵێک بەرد لەچیا کەوتووبوونەخوار، بەردەکان جورا جۆر بوون گەورە و بچووک، هەر شەوی رابوردوو شارەوانی دینارتە جادەکەیان خاوێن کردوە و ئێستا هاتوچووکردن لەگەلی زەنتە ئاساییە."

هاوڵاتی هەسەدە ناسنامەی شەڕڤانێکی هێزەکانی کە لە گوندی بۆخاز لە باشووری کۆبانێ لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی  تورکیادا شەهید بوو ئاشکرا دەکات. لە ڕاگەیەنراوێکدا هێزەکانی هەسەدە ئاماژەی بەوە داوە، "هێزەکانی  تورکیا ڕۆژانە کۆمەڵکوژییەکان لە دژی گەلەکەمان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زیاد دەکەن و لە هێرشەکانیاندا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەکی قورس بەکار دەهێنن." باسی لەوەش کردووە، "فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورک گوندی بۆخازی لە باشووری کۆبانێ بۆردوومان کردووە و لە ئەنجامدا شەڕڤان (سەیوان عەفرین)ـی شەهید بوو."

هاوڵاتی دوای شەش رۆژ لە بێسەرشوێنبوونی پێشمەرگەیەک بەناوی هاریوان حسێن تەمەن 37ساڵ، ئەمرۆ تەرمەکەی دۆزراوەیەوە. شەوی رابوردوو هێمن سلێمان ووتەبێژی پولیسی دهۆک ڕایگەیاند :گەنجێکی تەمەن 37ساڵ بەناوی هاریوان عیسا، ماوەی شەش رۆژە بێسەرشوێن بووە، هەرکەسێک زانیاری لەسەر هەبێت ئاگادار مان بکاتەوە. سەرچاوەیەک کە ئاگاداری روداوەکەیە ئەمڕۆ هەینی بە هاوڵاتی  وت: بەیانی ئەمرۆ تەرمی هاریوان حسێن لەناوخانووەیەکی هەیکەلدا دۆزراوتەوە. وتیشی، جارێ نازانرێت خۆی کوشتووە یان کوژراوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ دیاریکردنی هۆکاری مردنەکەی. ئەو پێشمەرگەیە ناوی " هاریوان حسێنە و تەمەنی 37ساڵە، خێزاندارە و یەک منداڵی هەیە.

هاوڵاتی له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی هێرشه‌ ئاسمانییه‌كان بۆ سه‌ر بنكه‌ و باره‌گا و پێگه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عیراق و سوریا کە دواترینیان ئەمڕۆ هەینی بوو، وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا ئامارێكی نوێی هێرشه‌كانی له‌ ماوه‌ی مانگێكدا بڵاوكرده‌وه‌. شەوی پێنجشەممە، 16-11-2023، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا، سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاند، "لە رۆژی سێشەممەوە سێ جار هێرشکراوەتە سەر هێزەکانمان لە عێراق و سووریا، لە 17ی ئۆکتۆبەرەوە تائێستاش 58 جار". بەپێی ئاماری وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا (پنتاگۆن)، له‌ ماوه‌ی مانگێكدا (17-10-2023 بۆ 17-11-2023)، بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا 58 جار بۆردوومانكراون، به‌جۆرێك 27 جار له‌ عێراق و 31 جار له‌ سوریا. وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا دوپاتی دەکاتەوە کە وه‌ڵامی ئه‌و هێرشانه‌ له‌ كات و شوێنی خۆیدا ده‌ده‌نه‌وه‌. سابرینا لەبارەی وەڵامدانەوەی ئەمریکاش بۆ ئەو هێرشانە وتی، "تائێستا لە سووریا سێ جار بە تووندی هێرشمان کردووەتە سەر چەندین پێگە و کۆگای چەکی ئەوان، هێرشەکانمان بە شێوەیەکی بەرچاو بوونەتە هۆی ئەوەی ئەو میلیشیایانە دەستیان بە چەکەکانی خۆیان نەگات." لە بەشێکی کۆنفڕانسەکە لەبارەی هەڵوێستی حکومەتی عێراقیش وتی، "ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ حکومەت و سوپای عێراق بە مەبەستی پاراستنی هێزەکانمان لەو وڵاتە. سەربازانمان بە بانگهێشتی عێراق چوونەتە ئەو وڵاتە، بۆیە لەکارکردن و هاوئاهەنگی بەردەوام دەبین." ئەمڕۆش هەینی هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی هەریر کە پیشتر بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان بووە و بەوتەی شایەتحاڵەکان لە فڕۆکەخانە دوکەڵێکی زۆر بەرز دەبێتەوە و زانیاریەکان ئەوەن کۆمەڵێک خیوەتی ناو فڕۆکەخانەکەیە دەسوتێن.

هاوڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌ په‌یامێكدا له‌ رۆژی زمان و کولتوری تورکمانی رایگەیاند، هه‌مو پشتگیرییه‌ک له‌ مافه‌کانی پێکهاته‌ی تورکمان و ته‌واوی پێکهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌کانی کوردستان دوپاتده‌که‌نه‌وه‌. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌ په‌یامێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی "X" (پێشتر تویته‌ر) نوسیویه‌تی، "رۆژی زمان و کولتوری تورکمانی له‌ ته‌واوی خوشک و برایانی تورکمان له‌ هه‌رێمی کوردستان پیرۆز ده‌که‌م، هه‌مو پشتگیرییه‌ک له‌ مافه‌کانی پێکهاته‌ی تورکمان و ته‌واوی پێکهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌کانی کوردستان دوپاتده‌که‌ینه‌وه‌".  سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان دڵنیاییشی دا ده‌ڵێت: "هه‌مووان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ هه‌میشه‌ به‌ وڵاتی پێكه‌وه‌ ژیان ده‌مێنێته‌وه‌". لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستانی رۆژی25ـی کانوونی یەکەمی ساڵی 2019، رۆژی 25ـی شوبات وەکو رۆژی رۆژنامەگەریی تورکمانی و رۆژی 17ـی تشرینی دووەمیش وەکو رۆژی فەرمی زمان و کولتووری تورکمان ناسێندرا و بە دەنگی رەھای پەرلەمانتاران پەسەندکرا.‌ دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی:   رۆژی زمان و کولتووری تورکمانی له‌ ته‌واوی خوشک و برایانی تورکمان له‌ هه‌رێمی کوردستان پیرۆز ده‌که‌م.    هه‌موو پشتگیرییه‌ک له‌ مافه‌کانی پێکهاته‌ی تورکمان و ته‌واوی پێکهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌کانی کوردستان دووپات ده‌که‌ینه‌وه‌.    هه‌مووان دڵنیا ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ هه‌رێمی کوردستان بۆ هه‌میشه‌ به‌ وڵاتی پێکه‌وه‌ژیان بۆ هه‌مووان ده‌مێنێته‌وه‌.    

سەركۆ جەمال پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان چاوەڕێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراقن سەبارەت بەو سكاڵایانەی لەسەر لیستی تۆماری دەنگدەران هەن، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانیش جەختدەكاتەوە بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ دواخستنی نابن، سەرچاوەیەكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقیش دەڵێت ئەو سكاڵایە تۆماری حزب و هاوپەیمانیەكانی دواخستووە، شارەزایەكی هەڵبژاردنیش باس لەوەدەكات دەنگی ئەوە هەیە لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیش بكرێت. یەكێتی كێشەی لەگەڵ یاسای هەڵبژاردن هەیە رزگار حاجی حەمە، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئێمە كێشەمان لەگەڵ یاسای هەڵبژاردن هەیە، یەكێتی نایەوێت هەموو كوردستان یەك بازنەی هەڵبژاردن بێـت و ئەمە داواكاری زۆرێك لەلایەنەكانیشە، بەڵكو دەمانەوێت هەرێمی كوردستان ببێتە چوار بازنەی هەڵبژاردن و هیچ كەسێك لەپارێزگایەك دەنگی نەڕوا بۆ كاندیدی پارێزگایەكی دیكە». وتیشی:»دەمانەوێت یاسایەكی گونجاو بۆ هەڵبژاردن هەبێت و كۆتاكانیش نەخرێنە خزمەت هیچ لایەنێكی سیاسی و بتوانن نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن، ئەگەرنا كەس وەك یەكێتی بڕوای بەمافی پێكهاتەكان نییەو بگرە چەند جارێكیش داوامانكردووە لیستێكی تۆماری دەنگدەرانی تایبەت بەخۆیان هەبێت». بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی پێی وایە «ئەگەر لیستێكی پاكی دەنگدەران هەبێت ئەوا خەڵك زیاتر متمانەی بەهەڵبژاردن دەبێت». دەشڵێت:»سكاڵایەكمان لەدادگای فیدراڵی هەیە سەبارەت بەبازنەكانی هەڵبژاردن و لیستی تۆماری دەنگدەران و كۆتاكانیش بڕیارە 19-11-2023 دادگای فیدراڵی عێراق وەڵامی سكاڵاكە بداتەوە». رزگار حاجی حەمە جەختدەكاتەوە «یەكێتی بەهەموو شێوەیەك ئامادەی هەڵبژاردنەو ئەگەر ئەو سكاڵایەی تۆماریشی كردووە یەكلانەبێتەوە پابەندی ئەوكاتە دەبێت كە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دیاریكردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان». پارتی: دەبێت هەموو لایەنەكان پابەندی بڕیاری دادگای فیدراڵی بن بەسام عەلی، بەرپرسی لقی 12ی پارتی دیموكراتی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» هەموو لایەك چاوەڕێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق دەكەین كە 19ی ئەم مانگە دەردەچێت، دواتر كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بڕیاردەدات لەوكاتەی دیاریكراوە هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت یاخود نا». وتیشی:» ئێمە پێشتریش لەسەر لیستی تۆماری دەنگدەران و كۆتاكان لەگەڵ لایەنەكان لەگفتوگۆدابووین، بەڵام بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بەنایاسایی بوونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆكانی هەڵوەشاندەوە، بۆیە دواجار دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاردەدات لەسەر ئەو سكاڵایانەی لەسەر هەڵبژاردنی هەرێم هەن و دواتر دەبێت لایەنەكانی هەرێم پابەندی هەر بڕیارێك بن كە دادگاكە دەیدات». یەكگرتوو ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن هەر لەسەر ئەو پرسە، خەلیل ئیبراهیم، كارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەلای ئێمە گرنگە لەكاتی خۆیدا بكرێت، بەداخەوە كاتەكەشی زۆر بەسەرچووە، بەڵام ئەوكاتەی دیاریكراوە كە 25ی شوباتی 2024-ە بەزۆر گرنگی دەبینین، دەبێت كۆتایی بەنەریتی درێژكردنەوە لەكوردستان بهێنرێت، چونكە پێچەوانەی یاساو دەستورو ماف و ئیرادەی خەڵكە». وتیشی:»خەڵك بۆ چوارساڵ دەنگدەدات، دوای ئەوە خەڵك مافی هەیە هەڵسەنگاندن بكات، ئێمە وەكو یەكگرتوو ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەگرنگ دەبینین، بۆیە كاتێكیش تەمەنی پەرلەمانی كوردستان درێژكرایەوە سەرجەم فراكسیۆنەكەمان دەستیان لەكاركێشایەوە و بە ناشەرعیمان زانی». كارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دەشڵێت:»سوپاس بۆ خوا زۆر ئامادەین بۆ هەڵبژاردن و بەگەرموگوڕی بەشدار دەبین و لەگەڵ هیچ دواخستنێك نین، هەر هەوڵێكیش هەبێت بۆ دواخستنی ئێمە لەگەڵی نابین». «سەبارەت بەلیستی تۆماری دەنگدەران كاتی خۆی باسمان كردووە، ئێمە پشت بەلیستەكەی عێراق دەبەستین، ئەویش دەبێت پاكبكرێتەوە، ئەوە زۆر گرنگە بۆمان، كاتی خۆی بۆ یاسای هەڵبژاردنی كوردستان پرۆژەمان هەبوو سەبارەت بەكۆتاو فرە بازنەییش، لەگەڵ چۆنیەتی بژاردنی دەنگەكان، كۆتاكانیش حەزدەكەین خۆیان دەنگ بەخۆیان بدەن، تۆماری دەنگدەرانی خۆیان هەبێت، بۆ خۆشیان و هەرێمی كوردستانیش باش نییە». خەلیل ئیبراهیم وای وت. ئەو بەرپرسەی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان باس لەوەشدەكات «یەكگرتوو فرەبازنەیی بەگرنگ دەزانێت و زیاتر دادپەروەری تێدایە، بەپێی ژمارەی دانیشتوانی پارێزگایەك، بۆیە داوامان كردووە هەڵبژاردن بەفرە بازنە بێت و لەگەڵ هیچ لایەنێكیش نابین كە ئاستەنگ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دروستبكات». كۆمسیۆن: ئەگەر سكاڵاكان بڕیاریان لێبدرێت رێنمایی نوێ دەردەچێت سەرچاوەیەك لەكۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بۆ هاوڵاتی ئەوەی ئاشكراكرد:»لەڕاستیدا كاتی هەڵبژاردن دیاریكراوە بەڵام تائێستا دەست نەكراوە بەتۆماركردنی ناوی حزبەكان و هاوپەیمانی سیاسی ئەوەی پەیوەندی بەتۆماری دەنگدەرانەوە هەبێت كۆتایی هاتووەو لەدایكبوانی 2006 یش تۆماركراون». وتیشی:»رێوشوێنەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەر ئەوانە دەبن كە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق دەكرێن، بەڵام چەند سكاڵایەك هەن ئەگەر یەكلابنەوە كۆمسیۆن لەدوای ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی عێراق رێنمایی دەردەكات چونكە بڕیارێكی جیاواز هەموو شتێك دەگۆڕێت». شارەزایەكی هەڵبژاردن: لیستی تۆماری دەنگدەرانی عێراق لەوەی هەرێم پاكترە سەعید كاكەیی ئەندامی پێشووی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق و شارەزای بواری هەڵبژاردن، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»ئەو لیستەی تۆماری دەنگدەران كە لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە ئامادەكراوە پاكترە لەوەی كە كۆمسیۆنی هەرێم هەیەتی، چونكە پشتبەستە بەو داتایانەی كە بۆ كارتی بایۆمەتری كۆی دەكاتەوە، كارتی بایۆمەتریش هەركەسەو وێنەی خۆی لەسەرەو پەنجەمۆریشی هەیە ئەمە لیستێك دروستدەكات كە زۆر نزیك بێت لەواقیعەوە». سەعید كاكەیی وتیشی:»لیستی تۆماری هەرێم زۆر دوورە لەواقیعەوە لەیەك بنكە جاری واهەبووە 10 كارت بەشێوازی جیاواز دەرچووە، كەئەمەش رێگایەكە بۆ ساختەكاری و چەندین رێگای تر بەكارهاتووە بۆ ساختەكاری، بەشێوەیەك لە 2018ەوە ناوی مردووان لەلیستی تۆماری دەنگدەران دەرنەهێندراوە». «هیوادارین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەو وادەیەی خۆی دوانەكەوێت، چونكە بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر ئەو مەسەلەیە روون و ئاشكرایە، ئەنجومەنی پارێزگاكان ناشەرعین بەحوكمی ئەوەی وادەكەیان تەواو بووە، جا ئێستا دەنگی ئەوە هەیە لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیش بكرێت لەهەرێم بۆیە ئەگەر لەیەك كاتیشدا نەكرێ دەكرێت لەكاتێكی دواتر كەزۆر نەبێت ئەنجامبدرێت». سەعید كاكەیی وای وت. ئەو شارەزایەی هەڵبژاردن دەشڵێت:»تەنها لایەن كەئێستا بتوانێت هەڵبژاردنی هەرێم بكات كۆمسیۆنی عێراقە، بۆیە هیچ چارەسەرێكی دیكە نییە، تەواوبوونی وادەی ئەنجومەنی كۆمسیارانی عێراقیش هیچ كێشەیەك دروستناكات، چونكە كۆمسیۆنی عێراق ئەمینداری گشتی هەیە بۆ بەڕێوەبردنی كاروبارەكان و كارمەندەكانیشی كاری خۆیان دەكەن، پێشموایە بەزوویی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران دەنگیان پێدەدرێت و هیچ گرفتێك دروستنابێت». وتەكانی ئەو شارەزایەی هەڵبژاردن لەكاتێكدایە، پێشتر عیماد جەمیل بەرپرسی راگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاشكرایكردبوو لەئێستادا تەنها ناوی ئەو كەسانەی كە كارتی بایۆمەترییان هەیە لەلیستی تۆماری دەنگدەراندا هەن. بڕیارە لە ٢٥ی شوباتی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەژێر چاودێری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەسەرپەرشتی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەڕێوەبچێت.

هاوڵاتی  رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، پارێزەرێکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەولێر تەقەی لیکراوە و بریندار بووە.  رێکخراوی هەنگاو دەڵێت، ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی تشرینی دووەمی 2023، سوهراب رەحمەتی، کە چالاکوانێکی سیاسی بۆکانە و ئەندامی سەندیکای پارێزەرانە لە هەرێمی کوردستان، "لەلایەن بەرکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە هەولێر تەقەی لیکراوە." رێکخراوی هەنگاو باس لەوەش دەکات، کە سوهراب رەحمەتی بە سەختی برینداربووە و رەوانەی نەخۆشخانە کراوە بۆ ئەوەی نەشتەرگەری بۆ ئەنجام بدرێت. وێنەی سوهراب رەحمەتی:       

دلێر عەبدوڵڵا لیژنەی ئاشتەوایی بزووتنەوەی گۆڕان هەڵوەشایەوەو نەتوانرا هیچ بڕگەیەك لەداواكارییەكانی ناو پرۆژەكەی عوسمانی حاجی مەحمود جێبەجێ بكرێت، ئەندامێكی چڤاتی بزوتنەوەكەی گۆڕانیش ئەوەی راگەیاند كە هەوڵی زۆر دراوە بۆ ئەوەی گۆڕان لەم دۆخە بێتەدەرەوە بەڵام بەهۆی سەرقاڵی گۆڕان و سەرقاڵی ئەوانی تر نەتوانراوە كارەكان وەكخۆی بەڕێوەبچێت، سەرچاوەیەكیش لەناو بزووتنەوەی گۆڕان ئاشكرایكرد كە هیچ ویستێك نییە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاری و بزووتنەوەكە وەكخۆی دەمێنێتەوە، سەرچاوەیەكیش بەهاوڵاتی وت كەناڕازییەكان بەنیازی پێكهێنانی بەرەیەكی جەماوەرین. پاش پرۆژە 17 خاڵییەكەی عوسمانی حاجی مەحمودو هاوڕێكانی بۆ بزووتنەوەی گۆڕان، كارەكانی لیژنەی ئاشتەوایی بزووتنەوەكە كۆتایی هات و لیژنەكە هەڵوەشایەوە. بەو پێیەی لەماوەی نۆ مانگی رابردوودا بەهۆی ئاستەنگی و بوونی لەمپەرێكی زۆر لەبەردەم ئەنداماندا، نەتوانراوە هیچ هەنگاوێك بەئاڕاستەی چاكسازی لەناو بزووتنەوەكە ئەنجامبدرێت. پرۆژە حەڤدە خاڵییەكەی عوسمانی حاجی مەحمودو چەند هەڵسوڕاوێكی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان، بۆ یەكلایی كردنەوەی ناسنامەو دیدی گۆڕان و رێكخستنەوەی پەیوەندی گۆڕان بەكۆمپانیای ووشەو هەروەها رۆڵی كوڕانی نەوشیروان مستەفای دامەزرێنەری بزووتنەوەكەو كشانەوەی لەحكومەت و چەند پرسێكی تری تایبەت ئامادەكرابوو. بەڵام پاش ماوەیەكی زۆرو چەندان دانیشتن نەتوانرا پرۆژەكە قبوڵ بكرێت و ئامادەكارانی پرۆژەكە بێهیوابوونی خۆیان راگەیاند. بەپێی زانیارییەكانی هاووڵاتی، لیژنەی ئاشتەوایی بزووتنەوەی گۆڕان كە نێوەندگیر بووە لەنێوان عوسمانی حاجی مەحمودو بەرپرسانی ئێستای بزووتنەوەی گۆڕان، كۆتایی بەكارەكانی هێناوەو لیژنەكەش هەڵوەشاوەتەوە. لەوبارەوە هاوڵاتی پەیوەندی بە عوسمانی حاجی مەحمود كرد، بەڵام ئامادەنەبوو هیچ زانیارییەك لەوبارەوە بدات و ئەندامێكی لیژنەكەش بەناوی رۆڤان سەروەت بەهاوڵاتی وت كەئەوەی لەفەیسبووكی خۆی بڵاویكردووەتەوە هەموو زانیارییەكەو هیچ شتێكی تر لەوبارەوە باس ناكات. لەڕوونكردنەوەكەیدا، رۆڤان سەروەت ئەندامی لیژنەی ئاشتەوایی بزووتنەوەی گۆڕان بڵاویكردووەتەوە «لەدوای هەشت مانگ بەدیار ئاشتییەوە، دەیان كۆبوونەوەو سەردان و بینینی هاوڕێی ناڕازی، ئاڵنگارییەكان و تێپەڕاندنیان هێندە كارێكی ئاسان نەبوو، بەڵام ئەوانەی كاراكتەری بڕیارو هەژموونی سیاسی و دەسەڵاتیان لەناو گۆڕانە، ئەو هەوڵەشیان لەباربرد». هاوڵاتی ئەوەی زانیوە كەئێستا هیچ گفتوگۆیەك لەناو بزووتنەوەكە بەڕێوەناچێت و لیژنەی ئاشتەوایی كۆتایی بەكارەكانی هێناوەو عوسمانی حاجی مەحمودو هاوڕێكانیشی بێهیوا بوون، لەوبارەیەوە دڵشاد رەشید ئەندامی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بەهاوڵاتی وت «راستە ئێستا گفتوگۆكان وەستاوە، بەڵام هەردوولا خەریكی دیراسەكردنن و خوێندنەوە بۆ داواكارییەكانی یەكتری دەكرێت، پرۆژەكە هەر لەگفتوگۆو باسكردندایەو شتی باشی تێدایەو دەمانەوێت بگەینە رێكەوتن و ئاشتەوایی، جێبەجێكردنی خاڵەكانیش كاتی ئەوێ و بەكتوپڕ ناكرێت. ئێمە ئامادەین خاڵەكان جێبەجێ بكەین و لەسەر زۆرینەی موافقین. تا ئێستاش هەر قسە لەگەڵ كاك عوسمان كراوە، بەڵام جارێ نەگەیشتووینەتە نەتیجەی كۆتایی، جاری وا هەیە گۆڕان مەشغوڵە، جاری وا هەیە كاك عوسمان ئیتر ئاوا، وەختی ئەوێ ئەو جۆرە پرۆژانە.» بەپێی زانیارییەكانی هاووڵاتی، هۆكاری سەرەكی شكستهێنانی گفتوگۆكان و هەڵوەشاندنەوەی لیژنەكە، پرسی موڵك و ماڵی بزووتنەوەكەو تەوریسی سیاسی بووە، كە بەرپرسانی ئێستای گۆڕان نایانەوێت گۆڕانكاری لەخاوەندارێتی گردی زەرگەتە بكرێت كە لەئێستادا بەناوی كوڕانی نەوشیروان مستەفاوەیە، لەوبارەوە دڵشاد رەشید بەهاوڵاتی وت «خۆت ئەزانی ئەم جۆرە پرۆژانە كاتی ئەوێ و ئەو برادەرانە سەرقاڵن و لەگفتوگۆدان. ئەوەی زیاتر گرنگە مەسەلەی گردەكەو بابەتی كشانەوەی گۆڕانە لەحكومەت، بەڵام كشانەوە بڕیاری كۆتایی لەسەر نەدراوەو لەو زۆرێك پێیان باشە كە بكشێینەوەو لەحكومەت بێینەدەر، بەڵام ئەوەش بە بڕیاری كتوپڕ ناكرێت و پێویستمان بەوەیە قسەی زیاتری لەسەر بكەین.» لەئێستادا عوسمانی حاجی مەحمودو هاوڕێكانی، وازیان لەداواكارییەكانیان هێناوەو لەئەنجامدانی چاكسازی لەناو بزووتنەوەی گۆڕان بێهیوابوون، بۆیە لەهەوڵی ئەوەدان بەرەیەكی گەورەیی ناڕەزایی دروستبكەن و لەهەڵبژاردنەكانی داهاتوودا لیست و قەوارەی تایبەت بەخۆیان هەبێت، لەوبارەوە سەرچاوەیەك لەناو ناڕەزاییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان بەهاوڵاتی وت «دوایین پرۆژەمان بۆ ئەنجامدانی چاكسازی لەناو گۆڕان، شكستیهێنا، پێشتریش هەوڵی زۆرمانداو ویستمان وەك ئەمانەتێكی مێژوویی و بەرپرسیارێتی قۆناغەكە، هەوڵی چاكسازی بدەین. بەڵام بەداخەوە رێگری زۆر كراو هەوڵەكانمان لەباربرا. بۆیە قۆناغی داهاتووی كاركردنمان دەگۆڕین و لەئاستی قۆناغەكەدا بڕیارو هەڵوێستی خۆمان دەبێت.» بزوتنەوەی گۆڕان، كە لەدوایین هەڵبژاردنی عێراق نەیتوانی هیچ كورسییەكی پەرلەمانی بەدەستبهێنێت. رووبەڕووی كێشەو گرفتی ناوخۆیی بووەوەو بەبڕیارێك لە 13ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2021 رێكخەرو ئەندامانی خانەی راپەڕاندن دەستیان لەكاركێشایەوە. گرفتەكانی ناو بزووتنەوەكە بەردەوامی هەیەو زۆرێك لەهەڵسوڕاوان پەیوەندیان بەلایەنەكانی ترەوە كرد بەتایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان و بەشێكیشیان وازیان لەكاری سیاسی هێناو هەندێكیشیان لەهەوڵی ئەنجامدانی چاكسازی و گۆڕانكارین لەناو بزووتنەوەكەدا بەڵام نەیانتوانیوە هیچ یەكێك لەكێشەو گرفتەكان چارەسەر بكەن.

هاوڵاتی پرسی زیندانیکردنی هاووڵاتیانی بیانی، بەتایبەت هاووڵاتیانی رۆژئاوایی، لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، یەکێک لەو پرسانەیە کە لەمیدیا نیودەوڵەتییەکانەوە گرنگی زۆری پێدەدرێت، بەشێوەیەک کەوڵاتانی رۆژئاوا، بەتایبەت ئەمریکا، داوایان لەهاووڵاتییەکانیان کردووە بەهەموو شێوەیەک خۆیان لەوە بپارێزن سەردانی ئێران بکەن. زیندانیکردنی هاووڵاتیانی رۆژئاوایی زیاتر وەک بارمتەگرتن ناوی لێدەبرێت و شارەزایان دەڵێن، ئێران هاووڵاتیانی رۆژئاوایی بەمەبەستی سیاسی- ئابووری بەبارمتە دەگرێت. زۆرجار تاران بەمەبەستی دانوستانی سیاسی یان مامەڵەی بازرگانی کەڵکی لەبارمتەکان وەرگرتووە. مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٣، ئەمریکییەکان لەبەرامبەر ئازادکردنی پێنج هاووڵاتی ئەمریکی – ئێرانیدا، رەزامەندییان دەربڕی بەوەی حەوت ملیار دۆلاری ئێران کە لەبانکەکانی کۆریای باشوور بوو، ئازادبكرێت. ئازادکردنی ئەو حەوت میلیار دۆلارە ناڕەزایەتی زۆری لەناوخۆی ئەمریکاو دەرەوەی ئەمریکا لێکەوتەوە. کۆمارییەکان و لەسەرووی هەموویانەوە دۆناڵد ترامپ لەسەر ئەو باوەڕە بوون ئەم کارە لەڕاستییدا زیاتر ئێران هاندەدات بەوەی هاووڵاتیانی بیانی بەبارمتە بگرێت و بەرامبەر بەپارە ئازادیان بکات. مێژووی بەبارمتەگرتنی هاووڵاتیانی بیانی لەلایەن ئێرانەوە دەگەڕێتەوە بۆ بارمتەگرتنی ئەندامانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ٤ی تشرینی دووهەمی ١٩٧٩. بارمتەگرتنی هاووڵاتیانی رۆژئاوا هەندێجاریش بووەتەهۆی ئەوەی پەیوەندی تاران و ئەو وڵاتە تووشی ساردی و پچڕان بێت. رۆژی ١١ی تەمموزی ٢٠٠٣، هاووڵاتییەکی ئێرانی – کەندی بەناوی زەهرا کازمی لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستدا. مەرگی ئەم پەیامنێرە ئێرانی – کەنەدییە بوو بەهۆی ئەوەی پەیوەندی سیاسی نێوان ئێران و کەنەدا بۆ ماوەیەک تووشی ساردی ببێت.   هاووڵاتیانی فەرەنسی بارمتە لەئێران هاووڵاتیانی فەرەنسی و ئێرانی- فەرەنسی، لەچەند ساڵی رابردوودا زۆرجار تووشی کێشەی ئەمنی بوونەتەوە لەئێران و لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە کێشەیان بۆ دروستکراوەو بەمەبەستی مامەڵەی سیاسی و ماددی بەکارهێنراون. ساڵی ١٩٨٥ ژمارەیەک هاووڵاتی فەرەنسی لەلوبنان لەلایەن ئێرانەوە دەستگیرکران و ئێران لەبەرامبەر پارەدا ئازادی کردن. لەچەندساڵی رابردووشدا و بەتایبەت لەدوای ٢٠١٠ەوە ژمارەیەک هاووڵاتی فەرەنسی لەئێران بەتۆمەتی سیخوڕی و تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی و تۆمەتی تر دەستگیرکراون. ژمارەیەکیان ئازاد کراون و ژمارەیەکیان هێشتا لەزینداندان. تەنانەت دوو هاوڵاتی فەرەنسی زیاتر لەحەوت مانگە لەزینداندان و تائێستا چارەنووسیان نادیارەو بێ پارێزەرن.   سزای پێنج ساڵ بۆ هاووڵاتییەکی فەڕەنسی لۆیی ئارنۆ، هاووڵاتییەکی فەرەنسی کەسەرەتای پاییزی ساڵی رابردوو لەئێران دەستگیرکرابوو، دوای چەند دانیشتنی دادگا، بێ ئامادەبوونی پارێزەرەکانی، سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا. سیلوی ئارنۆ، دایکی لۆیی ئارنۆ رۆژی چوارشەممە ٨ی تشرینی دووهەم دوای بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە وتی :» ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ کوڕەکەی، لەوانە پڕوپاگەندە دژی دەسەڵات و هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵات، بەتەواوەتی بێ بنەمان و دوورن لەڕاستییەوە». بەرپرسانی ئێران تائێستا هیچ زانیارییەکیان بەشێوەی فەرمی دەربارەی ئەو سزایەی بەسەر ئەم هاووڵاتییە فەرەنسییەدا سەپاوە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ئێوارەی چوارشەممە لەڕاگەیاندنێکدا ئەم سزایەی بەناڕەوا ناوبردو شەرمەزاری کرد. لەڕاگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسادا هاتووە:» ئێمە خوازیاری ئازادی خێراو دەستبەجێی هەموو ئەو هاووڵاتیە فەرەنسیانەین کە لەئێران سەرەڕۆیانەو بێ هیچ پاساوێک دەستگیرکراون». دەستگیرکردنی ئەم هاووڵاتییە فەرەنسییە لەحاڵێکدایە کە بەوتەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، لۆیی ئارنۆی تەمەن ٣٥ ساڵ بەمەبەستی گەشتوگوزار، سەردانی ئێرانی کردووە. هەروەها دایکی لۆیی ئارنۆ لەڕاگەیاندنی رۆژی چوارشەممە ٨ی تشرینی دووهەمدا وتوویەتی:» لۆیی سەفەرەکەی خۆی بەئامانجی دۆزینەوەی جیوازییە کەلتوورییەکانی دونیا دەستپێکردو لەئێران دەستبەسەرکرا، ئەو وڵاتەی کە لەمێژبوو حەزی دەکرد سەردانی بکات و مێژووی دەوڵەمەندی ئەو وڵاتەو میوانداری دانیشتوانەکەی ببینێت». دایکی ئەم هاووڵاتییە فەرەنسییە هەروەها نووسیویەتی:» ئەم سزا قورسە، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و ئازادییە تاکەکەسییەکانە. بەپێی ئەم سزایە، بێ هیچ بیانووییەک کەسێکی بێ تاوان سزای زیندانی بەسەردا دادەسەپێت. ئەم سزایە، لایەنگرێکی کەلتوور، مێژوو و تێگەیشتن لەجیاوازییە کەلتوورییەکان سەرەڕۆیانە دەخاتە زیندانەوەو بێتاوانێک سزای قورسی زیندانی بەسەردا دادەسەپێت». مانگی ٢ی ٢٠٢٣، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا بۆ یەکەمجار ناوی لۆیی ئارنۆی برد کە یەکێکە لەو هاووڵاتییە فەرەنسیانەی لەلایەن ئێرانەوە بەبارمتە گیراوە. ئان کێلێر لێژاندێر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، ئەم هاووڵاتییە فەرەنسییە رۆژی ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ و لەسەردەمی خۆپیشاندانەکان لەئێران دەستگیرکراوە.   دوو چالاکی کەلتووری و سەندیکایی جگە لە لۆیی ئارنۆ، لەئێستادا سێ هاووڵاتی تری فەرەنسی لەئێران دەستبەسەرن و حکومەتی ئێران وەک بارمتەی دەوڵەتی ناویان دەبات. سیسیل کۆلێر و ژاک پاریس، ژن و مێردێکی فەرەنسی و هەرەوەها هاووڵاتییەکی تری فەرەنسی کەهێشتا ناسنامەی ئاشکرا نەکراوە، لەلایەن ئێرانەوە دەستبەسەرکراون و لەزینداندان. رۆژی ٣٠ی ئەیلولی ٢٠٢٣، دوو چالاکی کەلتووری و سەندیکایی کەژن و مێردن بەناوەکانی سسیل کولێر و ژاک پاریس، بەڤیزای گەردشگەرییەوە سەردانی ئێران دەکەن. ئەم دوو کەسە ئەندام سەندیکای FO  ن و مامۆستای زمانی فەرەنسین. ژاک خانەنشینە. سیسیل بەپرسی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی EI(Education International) و لەماوەی مانەوەیان لەئێران تاکاتی دەستگیرکردنیان لەڕۆژی ١٢ی ئایار، چەند دیداری دۆستانەو سەندیکاییان هەبووە لەگەڵ ئەندامانی شۆرای هاوکاری و رێکخراوە پیشەییە کەلتوورییەکانی ئێران و سەندیکای شۆفێری پاسەکان و کرێکارانی کۆمپانیای نەوت. هەردوو هاووڵاتییە فەرەنسییەکە رۆژی ١٢ی ئایار دەستگیرکران. لەبەشی ٢٠٩ی زیندانی ئەوین دەستبەسەرن و تائێستا دادگایی نەکراون. دۆسیەکەیان لەلقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاراندایە بەبەرپرسایەتی دادوەر سەڵواتی. ئێران رایگەیاندووە لێکۆڵینەوەکان دەربارەی ئەم دوو هاووڵاتییە فەرەنسییە تەواو بوون، بەڵام هێشتا دیاری نەکراوە کەی دادگایی دەکرێن. بەپێی ئەو زانیاریانەی دزەیان کردووەتە دەرەوە، ئەم دوو هاووڵاتییە فەرەنسییە لەدۆخێکی خراپی دەروونیدان. یەکێک لەئەندامانی سەندیکای مامۆستایانی ئێران کە بەوردی ئاگاداری دۆسییەی ئەم دوو هاووڵاتییە فەرەنسیەیە بەهاوڵاتی راگەیاند:» ئەم دوو هاووڵاتییە فەرەنسییە تۆمەتی سیخوڕیکردنیان دراوەتە پاڵ، تەنانەت براونەتە بەردەم تەلەفیزیۆن و ناچار بەدانپێدانانی زۆرە ملێ کراون». ئەو ئەندامەی سەندیکای مامۆستایان دەشڵێت، «بەڵام ئەم دوو هاووڵاتییە فەرەنسییە لەدیدار لەگەڵ مامۆستایان و چالاکانی کرێکاری و کەلتووری، جگە لەباسکردنی کێشەو کەڵکەکانی مامۆستایان  و کرێکاران لەدونیا بەگشتی و ئێران بەتایبەتی، هیچ شتێکی تایبەتیان باس نەکردووە. ئەوان دەیانویست ببن بەپردی پەیوەندی نێوان سەندیکای مامۆستایان و چالاکانی کەلتووری ئێران و فەرەنسا. بەڵام بێ بنەما تۆمەتی سیخوڕییان دراوەتە پاڵ. ئەوان بەڤیزەی فەرمی سەردانی ئێرانیان کردووە». ئەو هاووڵاتیانەی ئازادکراون بێرنارد فیلەن، هاووڵاتییەکی فەرەنسی – ئێرلەندی تەمەن ٦٤ ساڵ و بێنجیامین بریییەر، گەشتیاری ٣٨ ساڵەی فەرەنسی، کەهەردووکیان لەزیندانی وەکیل ئابادی مەشهەد دەستبەسەربوون، رۆژی ١٠ی ئایاری ٢٠٢٣ لەزیندان ئازادکران. بێرنارد فیلان بەتۆمەتی سیخوڕی سزای شەش ساڵ و نیو زیندانی بەسەردا داسەپابوو. هەروەها بێنجیامین بریییەر دوای سێ ساڵ زیندانیبوون ئازادکرا. ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رۆژی هەینی ١٢ی ئایار رایگەیاند بێرنارد فیلەن تەمەن ٦٤ ساڵ و بێنجیامین بریییەری تەمەن ٣٨ ساڵ، دوو هاووڵاتی فەرەنسی لەزیندانەکانی ئێران ئازادکران. کاترین کۆلۆنا وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەڕاگەیاندنێکدا وێڕای ئاماژە بەگفتوگۆی تەلەفۆنی لەگەڵ حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەوەی پشتڕاستکردەوە کەم ئەم دوو هاووڵاتییە فەرەنسییە ئازادکراون و لەڕێگان بەرەو فەرەنسا. لەڕاگەیاندنی وەزیری دەرەوەی فەرەنسادا وردەکاری زیاتر بڵاونەکرابووەوە، بەڵام هەر ئەوکات، چالاکانی مافی مرۆڤ باسیان لەمامەڵەیەکی ئەمنی- سیاسی کرد لەنێوان ئێران و فەرەنسا. لەسەرەتای دەستپێکی شۆڕشی ژیناوە حەوت هاووڵاتی فەرەنسی لەئێران دەستگیرکراون و فەرەنسا بەبارمتەی حکومەتی ناویان دەبات، دەستگیرکردنی ئەم هاووڵاتییە فەرەنسیانە ببوو بەهۆی ئەوەی  پەیوەندی سیاسی نێوان ئێران و فەرەنسا ساردی تێبکەوێت، تا ئەو ئاستەی هەر کامەیان چەند جار باڵیۆزی یەکتریان بانگکردو گازەندەکانی خۆیان پێ گەیاند. دوای ئازادی بیرنارد فیلەن و بێنجیامین بریییەر، ئێمانیۆل ماکرۆن  لەتویتێکدا رایگەیاند دەوڵەتی فەرەنسا هەموو هەوڵی خۆی دەدات بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی فەرەنسی لەزیندانەکانی ئێران ئازاد بکات. فەریبا عادلخواە، لێکۆڵەرێکی ئێرانی- فەرەنسی ١٦ ئایاری ٢٠٢٠ بەتۆمەتی سیخوڕی و رێکخستنی خەڵک دژی دەسەڵات دەستبەسەر کراو سەرەتا شەش ساڵ و نیو سزای بەسەردا داسەپا، پاشان سزاکەی کەمکرایەوە بۆ پێنج ساڵ و زستانی ٢٠٢٣ دوای نزیک پێنج ساڵ زیندانیبوون ئازادکرا، بەڵام دەست بەسەر پاسپۆرتەکەیدا گیرابوو و بۆی نەبووی بچێتە دەرەوە، سەرەنجام لەکۆتاییەکانی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ توانی بگەڕێتەوە بۆ فەرەنسا.   زیندانییەکان و فشاری دەروونی یەکێک لەو پرسانەی باسی دەکرێت، پرسی فشاری دەروونییە بۆ سەر ئەو هاووڵاتییە بیانیانەی لەزیندانەکانی ئێراندان. ئەشکەنجە و ئازاری دەروونی، نەگەیشتنی پێداویستی پزیشکی وهەڕەشە  بەشێکن لەو رێکارانەی وەک توندووتیژی دەروونی بەرامبەر بەهاووڵاتیانی بیانی لەزیندانەکانی ئێران دەگیردرێتە بەر. بێرنار فیلان، هاووڵاتییەکی فەرەنسی کاتێک لەمانگی ئایاری ئەمساڵ، ئازاد کرا، بەمیدیاکانی وت:» ئەوکاتەی بۆ یەکەمجار براوەتە دادگاو داوەرێکی بینیوە، دادوەر پێی وتووە لەزیندان دەمریت». ئەم زیندانییەی پێشتر هەروەها وتوویەتی :» ماوەیەکی زۆر لەژووری تاکەکەسی هێڵڕاوەتەوە. دەستی بەهیچ کەرەستەیەکی پەیوەندیکردنەوە نەدەگەیشت. خواردن و پێداویستی پزیشکیش لەدۆخێکی خراپدا بوو».

عەممار عەزیز «تەنها لەدەزگایەكی راگەیاندن داوای مووچەی خۆم كرد كەچەند مانگێك وەرماننەگرتبوو، كۆمپانیاكەم دەریکردم»، ئەمە قسەی ژینگەپارێزێكی ئاکرێیە کە بۆ داوای مووچەکەی ماوەی دوو مانگ لەلایەن بەڕێوەبەری ئەو کۆمپانیایەی کاری لێدەکات لەسەر کار لابراوەو بەمەرجی ئەوەی جارێکی تر قسە نەکات وەریدەگرنەوە. ئەمە تاکە نموونە نییەو هەر ماوە ماوە كرێكاران بە بیانووی جۆراوجۆر لەسنوری پارێزگای دهۆك دەردەكرێن. تەنها لەسنوری قەزای ئاكرێ‌ نزیكەی 10 كرێكار لادراون و كەسانی تر لە شوێنەكانیان دانراون . (ب، ك) ناوی ژینگەپارێزێكی قەزای ئاكرێیە‌ كە لەساڵی 2013وە لەگەڵ كۆمپانیای ئێم ئار ئێف كاری پاكکردنەوەی شەقام و شوێنە گشتییەكان دەكات و بەهۆی دواكەوتنی مووچەكەی لە دەزگایەكی راگەیاندن داوای كردبوو كە مووچەكەی پێبدەن، بەڵام كۆمپانیەكە بۆ ماوەی دوو مانگ سزای دەدات و رێگەی پێنادەن بگەرێتەوە سەر كار. «لەمانگی تەمموزی ئەمساڵ جارێك قسەم بۆ دەزگایەكی راگەیاندن كرد لەسەر دواكەوتنی مووچە كە ئەوكات مووچەی دوو مانگمان وەرنەگرتبوو، تەنیا وتم داوا لەكۆمپانیاكە دەكەم مووچەكەمان دابەش بكات و چیتر ناتوانین بەبێ‌ مووچە دەوام بكەین ، دوای چەند رۆژێك بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە دەریكردم»، ب.ک وای وت. ئەو ژینگەپارێزە دەڵێت، «مووچەكەم 410 هەزار دینارەو بۆ ئەو دوو مانگە تەنها 72 هەزار دیناریان پیداوم،  پێش سێ‌ هەفتە بەهەزار تكاو پارانەوە و بەكۆمەڵێك مەرجی تازە لەوانە جارێكی تر گلەیی نەكەم لەسەر دواكەوتنی مووچە ، ئەمە لەكاتێكدایە كە ئەمە سەرەتاییترین مافی خۆمانە، نەك من چەند كەسێكی تر بەهەمانشێوە بۆماوەیەك لەكار دەرکران «. کرێکارێکی تر کە بۆ هاوڵاتی قسەی کردووە باس لەوە دەکات تەنها لەسەر ئەوەی دایکی قسەی لەسەر پاڵاوگەکانی قەزای سێمێڵ کردووە لەکارەکەی دووریانخستووەتەوە. ج. ر تەمەن 25 ساڵ  كرێكاری یەكێك لەكارگەكانی دروستكردنی زەیت بووە لە كۆمەڵگای كواشێ‌ سەر بەقەزای سێمێل و رۆژانە بەشێوەیەكی رێكوپێك دەوامی خۆی کردووە، بەڵام لەناكاو لەسەر كارەكەی دەرکراوە. لەسەر دوورخستنەوەی ج.ر بەهاوڵاتی وت، «پێش چەند مانگێك یەكێك لە تەلەفزیونەكان راپۆرتێكیان هەبوو لەسەر پیسبوونی ژینگە کەناوچەی كۆاشی زیاتر لە 20 كارگەو پاڵاوگە هەن و دایكم قسە بۆ تەلەفزیۆنەكە دەكات و دەڵێت رۆژانە رووبەڕووی بۆنێكی پیس و دۆكەڵێكی رەش دەبینەوە هەمووشی لەڕێگای ئەو كارگە و پاڵاوگانەیە، لەسەر ئەم قسانە دوای چەند رۆژێك منیان لەكار دەركرد ، بیانوەكەی ئەوان ئەوەبوو كە ئیش كەمبووتەوە بەڵام هۆكارە سەرەكیەكە ئەوە بوو كە دایكم قسەی كردبوو». بەپێی ئاماری لقی دهۆکی سەندیکاری کرێکاران، لەسنوری پارێزگای دهۆك نزیكەی 125 هەزار كرێكار هەن بەئاوارەكانیشەوە، لەم ژمارەیە لەسەدا 20 ئاوارە و خەڵكی بیانییە ئەوەی تر كرێكاری ناوخۆیییە ، لە 10 مانگی رابوردوودا شەش كرێكار لەسنوری پارێزگای دهۆك گیانییان لەدەستداوە هەشت كەس برینداربوون. سەندیکای کرێکاران لەدهۆک باس لەوە دەکات کە زۆربوونی سەرپێچییەکان بەرامبەر کرێکاران بەشێکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کرێکاران سکاڵا تۆمارناکەن. «كرێكاران كەمتەرخەمن چونكە سكاڵا تۆمارناكەن، تەنها ئەمساڵ زیاتر لە 100 حاڵەتی پێشیلكردنی مافی كرێكاران هەبووە بەهەموو جۆرەكانیەوە تەنیا سێ كەس بە رەسمی سكاڵای تۆماركردووە»، وەڵات ئوزمانی، بەرپەرسی  لقی دهۆكی سەندیكای كرێكاران لەشاری دهۆك وای وت. وەڵات ئوزمانی دەشڵێت،  «سکاڵایەکمان بردووەتەوە وەكو سەندیكا دووانەكەی هێشتا ماون ، هەروەها هەندێك كەس هەبووە دوای تۆماركردنی سكاڵای خۆی جارێكی تر پەشیمان بووەتەوەو سكاڵاكەی كشاندوەتەوە ، تەنیا خۆم زیاتر لە 100 حاڵەتمان چارەسەركردووە، ئەگەر ئەوان داوای مافی خۆیان نەكەن ئێمە چۆن مافیان بپارێزین». وەڵات ئۆزمانی باس لەوە دەکات تۆمارکردنی سکاڵا لەلایەن کرێکارانەوە کارێکی «بەرهەم بەخش» دەبێت چونکە ئەوان دەتوانن لەڕێگای یاساوە دواتر مافەکانیان بۆ بگەڕێنینەوە، «بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ئەو هۆشیاریە لای كرێكاران دروست نەبووە لەهەمان كاتیشدا ترسیان لە دەستەڵاتی خاوەن كاریان هەیە». عەبدولكەریم حەماد، بەرێوەبەری كار لەپارێزگای دهۆك بە هاوڵاتی وت،  «دەركردنی كرێكار لەلایەن خاوەن كارەوە هەیە بەڵام هیچ داتایەكی رەسمی نیە چونكە لای ئێمە تۆمارناكرێن، ئەگەركرێكارێك دەركرابێت و پێشتر گرێبەستی هەبێت لای خاوەن كارو داوامان لێبكات بەدواداچوون بۆ سكاڵاكەی بكەین ئێمە ئامادەین بەرگری لەو كرێكارەیە بكەین». عەبدولكەریم حەماد وتیشی : پێش هەموو شتێك دەبێت بزانین ئەو كرێكارەی سكاڵای تۆماركردووە لای ئێمە بەفەرمی تۆماركراوە گرێبەستی ئەو لەگەڵ خاوەن كار هەیە یان بەپێچەوانەوە، ئەمانەو كۆمەڵێك رێكاری تر هەن كە پێویستە كرێكار بیكات ، ئەگەر هەموو ئەمانەش نەبوو ئەگەر داوامان لێكرا ئەوەندەی لەتواناماندا بیت بەرگری لەكرێكاران دەكەین «.