هاوڵاتی بە پێی هەواڵێک کە ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لە کەناڵی تێلگرامی خۆی بڵاوی کردۆتەوە، ئەمڕۆ شەممە ٥ی ئاب، دوو ژینگەپارێز کە ئەندامی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان و ئەنجومەنی ژیوانی پاوەنن، لە کاتی ئاگرکوژاندنەوە لە دەورووبەری مەریوان بریندار بوونە و بە هۆی برینەکەیانەوە گەیەندراونەتە نەخۆشخانەو ئێستا تەندروستیان جێگیرە. لەم پەیوەندەدا یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی چیا بە هاوڵاتی راگەیاند، ئارمان شاکری ئەندامی ئەنجومەنی سەوزی چیایە، لە کاتی ئاگرکوژاندنەوە قاچی شکاوەو گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و چارەسەری وەرگرتووە. هەروەها عەدنان قادری ئەندامی ئەنجومەنی ژیوای پاوە، لە کاتی ئاگرکوژاندنەوەدا خشۆکێکی نەناسراو پێوەی داوەو باری تەندروستی تێکچووەو گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و دوای وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانە دەرکراوە. باسی لەوەشکرد" جێگەی ئاماژەیە ٣ رۆژە لە چەن شوێنەوە دارستانەکانی دەورووبەری مەریوان دەسووتێن و تیمە خۆبەخشەکانی ئاگرکوژاندنەوە لە شارەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ یارمەتی ژینگەپارێزانی شاری مەریوان، روویان لەو شوێنانە کردووە کە ئاگری تێدایە بە مەبەستی کوژاندنەوەی ئاگرەکە. بە پێی زانیارییەکانی هاوڵاتی لە شارەکانی، پاوە، سەقز، سنە و بانەوە ژینگە پارێزەکان پەیوەست بوون بە چالاکانی ژینگەپارێزی شاری مەریوانەوە و تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٥١ تیمی خۆبەخش بۆ ئاگرکوژاندنەوە بەرەو شوێنی ئاگرەکان رێکەوتوون. جێگەی ئاماژەیە چەند رۆژێک لەمەو پێش و رۆژی هەینی ٢١ی تەمموز لەكاتی كوژاندنەوەی ئاگر لەنزیك كانی میران حەوت ژینگەپارێز بەهۆی تەقینەوەی مین بریندار بوون.
هاوڵاتی زیاتر لە 10 مانگ بەسەر ناڕەزایەتییەكانی دوای مەرگی ژینا ئەمینیدا تێدەپەڕێت و تائێستاش مەرگی بریندارەكانی خۆپیشاندانەكان و كەسوكاری كوژراوان و خۆكوشتنی دەستگیركراوان چیرۆكی پڕژانی ئەو سەرهەڵدانەن و لەنوێترین حاڵەتیشدا گەنجێكی ئەشكەنجەدراو دوای ئازادكردنی خۆی كوشتووە. كۆماری ئیسلامی ئێران ترسشی لێ نیشتووە لەزیادبوونی ناڕەزاییەتییەكان بەتایبەت لەساڵیادی ژینا ئەمینیدا خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی گەورە دروست ببێت، بۆیە لەئێستاوە فشارەكانی بەتایبەت لەشارەكانی رۆژهەڵات توندتر كردووەتەوە لەڕێگەی دەستگیركردن و ئەشكەنجەدانیانەوەو ترساندنی كەسوكارەكانیان. چیرۆكی مەلیحە، ئەو دایكەی دوای كوژرانی رۆڵەكەی لەشاری سەقز جەڵتە لێیداو باری قورسی خەمی مەرگی كوڕەكەی وای كرد دوای حەوت مانگ بێهوشبوون لەنەخۆشخانە گیانی لەدەستبدات و ئەوەش بەشێكن لەچیرۆكە ئازاربەخشەكانی ئازادی لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران. گرتن و دەستبەسەركردنی كەسوكاری شەهیدانی ناڕەزایەتییەكان و گیانلەدەستانی ژمارەیەك لەبریندارەكانی رابردوو بووەتە هۆی تۆماركردنی زنجیرەیەك چیرۆك كە هەمووی ئاماژەیە بۆ قوڵبوونەوەی ناڕەزایەتییەكان. تراژیدی خۆكوشتنی ئەو كەسانەی لەزیندانەكان ئازاد دەكرێن بەچیرۆكی مەرگی گەنجێكی رۆژهەڵات دووبارە بووەوە، چونكە لەدوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكانەوە چەند گەنجێك هەوڵی خۆكوشتنیان داوە و لەزۆربەی حاڵەتەكاندا ئەو گەنجانە گیانیان لەدەستداوە. ئەو دایكەی بەرگەی ژانی مەرگی كوڕەكەی نەگرت گیانلەدەستدانی دایكی یەكێك لەكوژراوانی رۆژهەڵاتی كوردستان دوای حەوت مانگ لەبێهۆشبوون چیرۆكێكی دڵتەزێنی دایكێكی جەرگ سوتای رۆژهەڵاتی كوردستانە كە دوای مەرگی رۆڵەكەی جەڵتە لێیدابو.و مەلیحە حەسەنژاد، دایكی محەمەد حسێنی، گەنجێكی شاری سەقزە كە لەكاتی ناڕەزایەتییەكانی ئەو شارەدا تەرمەكەی لەناو ئۆتۆمبێلێكدا لەنزیك ناوچەی قەوخ دۆزرایەوە ئەو دایكە تەنها ماوەیەكی كورت لەدۆزینەوەی تەرمی كوڕەكەی بەئەشكەنجەكراوەی، تووشی جەڵتەی مێشك بوو و رەوانەی نەخۆشخانەیەك لەتاران كرا و پاش حەوت مانگ بێهۆشبوون دواجار گیانی لەدەستدا. تەرمی مەلیحە بە رێوڕەسمێكی جەماوەریی رەوانەی شاری سەقز كرایەوە و لەتەنیشت گۆڕی كوڕەكەی بەخاكسپێردرا و چیرۆكی مەرگی ئەو دایكەو كوژرانی رۆڵەكەی بەئەشكەنجە ئازارێكە لەهەوڵدان بۆ ئازادیی لە رۆژهەڵاتی كوردستان. محەمەد حسێنی لە 20 تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو دوای 24 كاتژمێر لە بێسەروشوێنبوونی تەرمەكەی لەدەرەوەی شاری سەقز دۆزرایەوە و پزیشكی دادی سەر بەدامودەزگای فەرمی كۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاندبوو كە ئەو گەنجە بەهۆی ژەهراویبوونەوە گیانی لەدەستداوە بەڵام دواتر رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ ئاشكرایان كرد كەئەو گەنجە ئەشكەنجە دراوەو چەندجارێكیش بەئۆتۆمبێل بەسەریدا رۆیشتون و ئەوەش هۆكاری مەرگی محەمەد بووە كە لە ناڕەزایەتییەكانی دوای مەرگی ژینا لەشاری سەقز دەستگیركرابوو. كوژران لەپێناو ئازادی خۆكوشتن بۆ رزگاربوون لە فشارەكان بریندارێكی ناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵات و ئێران دوای هەشت مانگ گیانی لەدەستداو گەنجێكیش كە پێشتر دەستگیركرابوو بەخۆهەڵواسین كۆتایی بەژیانی خۆی هێنا. یەكێك لەبریندارەكانی ناڕەزایەتییەكانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی، بەهۆی سەختی برینەكەی دوای هەشت مانگ و شەش رۆژ گیانی لەدەستدا. ئەبولفەزل ئەمیرعەتایی تەمەن 16 ساڵ كە لەناڕەزایەتییەكانی شاری (رەی) سەر بەتاران گوللـە بەر سەری كەوتبوو دوای زیاتر لە هەشت مانگ بەهۆی سەختی برینەكەی هەینی رابردوو گیانی لەدەستدا. پێشتر دایكی ئەبولفەزل ڤیدیۆیی كوڕەكەی بڵاوكردبووەوە كە تەنها دەیتوانی پەنجەكانی و پێڵوی چاوەكانی بجوڵێنێت و ئەوەش ببوە هۆی دڵخۆشیی و گەڕانەوەی هیوا بۆ دایكی بەڵام مەرگی ئەو لاوە خەون و هیواكانی دایكی لەگەڵ خۆی برد. هەر لەماوەی رابردوودا و لەدرێژەی چیرۆكە بێ كۆتاییەكانی ئازارەكانی ئازادی لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران گەنجێكی تەمەن 18ساڵ دوای سێ مانگ زیندان و ئەشكەنجە لەگەڵ ئازادبوونی خۆی هەڵواسی و گیانی لەدەستدا. ئیحسان جەواهیری، خەڵكی گوندێكی سەر بەشاری كامیاران لە رۆژهەڵاتی كوردستان بوو كە بەبیانوی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەكانی دوای مەرگی ژینا لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامی دەستگیركراو بەپێی زانیارییەكانی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ ئەو گەنجە ماوەی زیاتر لەسێ مانگ ئەشكەنجە دراوەو دوای ئازادكردنی لە رۆژی هەینی (21/7/2023) بە خۆهەڵواسین كۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە. پێشتر سەرچاوەكانی مافی مرۆڤ و تەنانەت تەلەفیزیۆنی سی ئێن ئێن كۆمەڵێك بەڵگەی ئەشكەنجەی دڕندانەو دەسترێژییان بۆ سەر دەستگیركراوانی ناڕەزایەتییەكان بڵاوكردبووەوە و ئاماژەیان بەوە كردبوو بەشێك لەقوربانیانی ئەو ئەشكەنجانە لەژێر فشاری دەروونیدا پەنایان بۆ خۆكوشتن بردووە و ژمارەیەكیان گیانیان لەدەستداوە. ترس لەشۆڕشی ژینا مستەفا رۆستەمی، سەرۆكی ناوەندنی نوێنەرایەتیی عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران، رایگەیاندووە؛ بەپێی پێشبنییەكانی ئەو ناوەندە ئەمنیی و هەواڵگرییەكانی وڵاتەكە، ئەگەر لەیەكەم ساڵیادی مەرگی ژینا ئەمینیدا خۆپیشاندانەكان دووبارە نەبنەوە لایەنگرانی دروشمی « ژن، ژیان، ئازادی» بەتەواوەتی شكست دەهێنن. بەوتەی ئەو دوژمنانی كۆماری ئیسلامی هەوڵدەدەن لەیادی مەرگی ژینادا خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان لەزانكۆكانەوە دەستپێبكەنەوە. رۆستمەمی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی بەكاری ئاژاوەگێڕانەو تێكدەرانە دژی كۆماری ئیسلامی ناوهێناوە و جەختی كردووەتەوە كە ئەگەر ناڕەزایەتییەكان لەیەكەم ساڵیادی مەرگی ژیناو سەرهەڵدانەكانی دوای مەرگی ئەو كچە دەستپێنەكەنەوە چیتر ناتوانن ناڕەزایەتیی دەربڕن چونكە لایەنگرانی ئەو خۆپیشاندانانە بەتەواوەتی شكست دەهێنن. لێدوانی ئەو بەرپرسەی كۆماری ئیسلامی لەكاتێكدایە نزیكەی دوو مانگی ماوە بۆ یەكەم ساڵیادی مەرگی ژینا ئەمینی كەدوای دەستبەسەركردنی بەبیانوی نەگونجاوبوونی باڵاپۆشیەكەی لە تارانی پایتەخت و دوای سێ رۆژ بێهۆشبون لە 16ی ئەیلولی ساڵی 2022 لەنەخۆشخانە گیانی لەدەستداو ئەوەش ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانی لە رۆژهەڵاتی كوردستان و سەرتاسەری ئێرانی لێكەوەتەوەو لەزۆربەی وڵاتانی جیهانیش بۆ پشتیوانیی لەو ناڕەزایەتییانە گردبوونەوەو خۆپیشاندان بەڕێوەچوو. لەماوەی رابردوودا بەهۆی ترس لەسەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییەكان دەیان گەنج و لاوی شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەستگیركراون كەئاماژەی ترسە لەبریسكەی دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندانی فراوان لەو بەشەی كوردستان و شارەكانی ئێران.
هاوڵاتی لەسنوری قەزای ئاکرێ زەڕەنگەرێک بەناوی دروستکردنی زێر 50 هەزار دۆلاری لە خەڵک وەرگرتووە و دواتر هەڵاتووە. سەرچاوەیەکی ئاگادار لەسەر کێشەکە تایبەت بە هاوڵاتی ی وت" لەسنوری قەزای ئاکرێ زاڕەنگەرێک بڕێکی زۆر پارەی هاوڵاتیانی بە ناوی ئاڵتون دروستکردنەوە بردووەو هەڵهاتووە" وتیشی، "هێشتا تاوانبارەکە دەستگیرنەکراوە و ئەوانەی پارەیان داوەتە ئەو کەسە داوا دەکەن بە زووترین کات پۆلیس دەستگیریبکات تا پارەکانیان وەربگرنەوە" لەم بارەیەوە ڕائید عیماد حسێن، ووتەبێژی پولیسی قەزای ئاکرێ بە هاوڵاتی وت " کەسێک پارەی بەناوی دروستکردنی ئاڵتون لە خەڵک وەرگرتووە دواتر وون بووە، چوار کەس بەرەسمی هاتوون بۆ لای ئێمە و سکاڵایان تۆمارکردوە،و فەرمانی دەستگیرکردنی لەلایەن دادوەرەوە دەرچووە" رائید عیماد حسێن دەشڵێت"ئێمە ناتوانین ئاماژە بە بڕی پارەکە بکەین، ئەو کەسەیە وون بووە لە ئاکرێ نەماوە، ئێمە بەدوای دەگەرێن ورێکاری پێویست ئەگرینە بەر"
هاوڵاتی زیاتر لە 20 ساڵە دەریاچەی ورمێ مەترسی وشكبوونی لەسەرە بەڵام ئەو مەترسییە لەئەمساڵدا زۆتر لەهەموو كاتێك خەریكە روودەدات و شارەزایان دەڵێن دەریاچەكە بووەتە زۆنگاو. بەوشكبوونی دەریاچەی ورمێ قەیرانی ژینگەیی لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ژمارەیەك لەشارەكانی سنوری هەزار كیلۆمەتریی ئەو دەریاچەیە و دۆخەكە بەجۆرێك كاریگەریی لەسەر خەڵك كردووە كە ژمارەیەك لە دانیشتوانی شیعەی ئەو پارێزگایە لەیادی چلەی ئیمام حسێندا شینیان بۆ ورمێ گێڕا. حكومەتی ئێران دەڵێت لەماوەی نۆ ساڵدا و تائەمساڵ حەوت ملیار مەتر سێجا ئاو رژاوەتەوە دەریاچەی ورمێ، بەڵام ئەوەی ئێستا بەدیدەكرێت هەست ناكرێت ئەو دەریاچەیە یەك لەسەدی ئەو بڕە لەئاوەی تێڕژابێت. بەڕێوبەرایەتی ژینگەی ورمێ بڵاویكردووەتەوە هۆكاری سەرەكیی وشكبوونی ئەو دەریاچەیە دەگەڕێتەوە بۆ بەردەوامبونی زیادەڕەوی لەبەكارهێنانی ئاوی دەریاچەكە بۆ كشتوكاڵ و هاوكات بوونی بیری ئاوی نایاسایی لەو ناوچەیە. گەورەترین دەریاچەی كوردستان دەبێتە مەترسی گەورە بۆ ژینگە موحسین موسەوی شارەزای ژینگە بەمیدیای فەرمی ئێرانی راگەیاند؛ بۆ بوژانەوەی دەریاچەی ورمێ پێویستە لە 27 هەنگاودا ئاوی كشتوكاڵی ناوچەی ورمێ و پارێزگای تەبرێز بە رێژەی 40% كەمبكرێتەوە، چونكە رووبەری كشتوكاڵی بەرئاوی ئەو دەریاچەیە دەگاتە دوو ملیۆن و 400 هەزار دۆنم». دەركەوتوە پلانێكی پێشوی حكومەت و پڕۆژەكانی سوپای پاسداران كەئاوی ناوچەكانی سەردەشت و پیرانشاری بەتونێل رەوانەی دەریاچەكە كردووە شكستی هێناوە و بەهیچ شێوەیەك ئاهێكی بەبەری ئەو دەریاچەیەدا نەكردووەتەوە. بەهۆی وشكبوونی دەریاچەی ورمێ لانیكەم ژیانی 14 ملیۆن كەس دەكەوێتە مەترسییەوە و رووبەری پێنج هەزار و 257 كیلۆمەتر زەویش لەنزیك ورمێ دەبێتە بیابانی خوێ كەئەوەش خوێبارینی لەشێوەی خۆڵبارین لێدەكەوێتەوە كە زۆر مەترسیدارە. بەوتەی شارەزایانی ژینگەیی ئەو دەریاچەیە كەگەورەترین دەریاچەی كوردستانە پێویستی بەدوو ملیار دۆلارە بۆ رزگاركردنی لەوشكبوون ئەگەرچی لە 10 ساڵدا 580 ملیۆن دۆلار بەناوی پاراستنی دەریاچەی ورمێ خەرجكراوە، بەڵام 95٪ی ئەو دەریاچەیە وشكبووە. ئاوی دەریاچەی ورمێ بۆ كەمترین ئاستی 60 ساڵی رابردوو كەمدەكات ئاوی دەریاچەی ورمێ بەشێوەیەكی بەرچاو كەمدەكات و بەرپرسێكیش دەڵێت ئەگەری بوون بە زۆنگاوی ئەو دەریاچەیە و وشكبوونی هەیە. بەپێی وێنەكانی مانگی دەستكرد لەدەریاچەی ورمێ لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەركەوتووە ئاستی ئاوی ئەو دەریاچەیە بۆ كەمترین ئاستی 60 ساڵی رابردو كەمی كردووە. لەنوێترین توێژینەوەدا دەركەوتووە ئەمساڵ كەمترین بڕی ئاو لەساڵی 1964 تا ئێستا رژاوەتە دەریاچەكەوەو سەرەڕای ئەوەی حكومەت بانگەشەی ئەوەی كردووە بەچەند پڕۆژەیەك ئاوی لەشارەكانی دیكەی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە بۆ ئەو دەریاچەیە گواستووەتەوە. عیسی كەلانتەری، بەرپرسی پێشووی پارێزگاری لەژینگەی ئێران و بەڕێوەبەری جێبەجێكاری بوژاندەوەی دەریاچەی ورمێ بە رۆژنامەی (ئیعتیماد)ی وڵاتەكەی راگەیاندوە؛ بە ئەگەری زۆر تاكۆتایی وەرزی هاوینی ئەمساڵ دەریاچەكە بەتەواویی وشك دەبێت. بەوتەی كەلانتەری لەئەگەری وشكبونی دەریاچەكە زیاترین مەترسیی رووبەڕووی دانیشتوانی پارێزگای ورمێ و تەبرێز دەبێتەوە چونكە خوێی ئەو دەریاچەیە لەشێوەی خۆڵبارین بڵاودەبێتەوەو ئەوەش مەترسیدارە. بڵاوبوونەوەی ئەو توێژینەوەیە لەكاتێكدایە پێشتر محەمەدسادق موعتەمیدیان، پارێزگاری ورمێ و ئەندامی ئێستای دەستەی بوژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ رایگەیاندبوو پڕۆژەی گواستنەوەی ئاوی كانی سێو بە بودجەی (150) ملیار تمەن لە رابردوودا كەدەكاتە نزیكەی سێ ملیۆن و 300 هەزار دۆلار لەماوەی حەوت مانگدا لەلایەن ناوەندی (خاتەمولئەنبیا)ی سەر بەسوپای پاسداران جێبەجێكراوە لەكاتێكدا ئەو پڕۆژەیە پێویستی بە (18) مانگ كات هەبووە بۆ تەواوبوونی. ئێران گواستنەوەی ئاوی لەبەنداوی كانی سێو لەسەردەشت بۆ دەریاچەی ورمێ بەگەورەترین پڕۆژەی ژینگەپارێزیی رۆژئاوای كیشوەری ئاسیا ناوبردووە لەكاتێكدا ئەو پڕۆژەیە بەهۆكارێك بۆ وشكبوونی سەرچاوەكانی ئاوی سەردەشت و پیرانشار لەقەڵەمدەرێت كە هاوسنورن لەگەڵ هەرێمی كوردستان. شكسی پڕۆژكەی سوپای پاسداران ئەمساڵ دوای 10 ساڵ دواجار ئێران بەكردنەوەی تونێلێكی 36 كیلۆمەتری رایگەیاند قەیرانی وشكبوونی دەریاچەی ورمێ چارەسەر دەكات و بڕیارە ساڵانە 300 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لەپیرانشار بەرەو دەریاچەكە بگوازێتەوە بەڵام ئەو پڕۆژە بە بانگەشەیەكی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی لەقەڵەمدەدرێت كە زیانەكانی لەسودەكانی زۆر زیاترە. زیانی ئەو پڕۆژەیە جگە لەناوخۆی رۆژهەڵاتی كوردستان بەرۆكی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە چونكە دەبێتە مایەی كەمبوونەوەی ئەو سەرچاوانەی كە دەڕژێنە زێی بچووك. ئەگەرچی بەرپرسانی ئێران رایانگەیاندووە تەنها لەو كاتانەدا ئاوی بەنداوی كانی سێو بۆ دەریاچەی ورمێ بەردەدرێتەوە كە كاتی كشتوكاڵ نەبێت و زیان بەدانیشتوانی ناوچەكە نەگەیەنێت و رەچاوی مافی ئاوی وڵاتانی دراوسێ دەكرێت بەڵام بڕیارە رێژەی ئەو ئاوەی كە رەوانەی دەریاچەكە دەكرێت بەپێی توانا و پێویستی بۆ دوو هێندە زیاد بكرێت كە ئەوەش دەبێتە مایەی كەمبوونەوەی زۆربەی سەرچاوە ئاوییەكانی سەر زەوی و ژێر زەوی لەسنوری نێوان رۆژهەڵات و هەرێمی كوردستان. محەمەدسادق موعتەمیدیان، پارێزگاری ورمێ و ئەندامی دەستەی بوژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ رایگەیاندووە پڕۆژەی گواستنەوەی ئاوی كانی سێو بە بودجەی (150) ملیارد تمەن لە رابردودا كەدەكاتە نزیكەی سێ ملیۆن و 300 هەزار دۆلار لەماوەی حەوت مانگدا لەلایەن ناوەندی (خاتەمولئەنبیا)ی سەر بەسوپای پاسداران جێبەجێكراوە لەكاتێكدا ئەو پڕۆژەیە پێویستی بە (18) كات هەبوو بۆ تەواوبوونی. ئێران گەیاندنی ئاو لەبەنداوی كانی سێو لەسەردەشت بۆ دەریاچەی ورمێ بەگەورەترین پڕۆژەی ژینگەپارێزیی رۆژئاوای كیشوەری ئاسیا ناودەهێنێت لەكاتێكدا ئەو پڕۆژەیە بە هۆكارێك بۆ وشكبوونی سەرچاوەكانی ئاوی سەردەشت و پیرانشار لەقەڵەمدەرێت كەهاوسنورن لەگەڵ هەرێمی كوردستان. گەورەترین دەریاچەی كوردستان دەبێتە زۆنگاو دەریاچەی ورمێ وەك گەورەترین دەریاچەی كوردستان كە لەساڵی 1998 بە 25ەمین دەریاچەی گەورەی جیهان ئەژماردەكرا لەئێستادا 95٪ی ئاوەكەی وشكبووەو بەرپرسانی ئێرانیش دەڵێن لە 10 ساڵدا 580 ملیۆن دۆلار بۆ رزگاركردنی دەریاچەكە خەرجكراوە. روحەڵڵا موتەفەكر ئازاد، نوێنەری پارێزگای تەبرێز لەپەرلەمانی ئێران رایگەیاندووە؛ وشكبوونی ورمێ بەواتای سەرهەڵدانی گەردەلولی خوێیە بە بازنەی 600 كیلۆمەترو ئەوەش ژیانی زیاتر لە 14 ملیۆن مرۆڤ دەخاتە مەترسییەوە. ئاستی ئاوی ئێستای دەریاچەی ورمێ دوو ملیارو 480 ملیۆن مەترسێجایە، ئەو بڕە لەساڵی رابردودا یەك ملیارو 440 ملیۆن سێجا بووە، لەكاتێكدا ئەو دەریاچەیە دەبێت لەحاڵەتی ئاسایی خۆیدا 13 ملیار مەترسێجا ئاوی تێدابێت و لەساڵێكدا لانیكەم سێ ملیار و 100 هەزار مەتر سێجا ئاو بڕژێتە ئەو دەریاچەیەوە. شارەزایانی ژینگە جەخت لەوە دەكەنەوە ئەگەر دۆخی ئێستای دەریاچەی ورمێ بەم شێوەیەی ئێستای بەردەوام بێت كە گەورەترین دەریاچەی كوردستانە لەپاییزی ئەمساڵدا دەبێتە زۆنگاو.
عەممار عەزیز لەسنوری پارێزگای دهۆك چوار كارگەی ریسایكلین هەن، بەڵام توانای وەرگرتنی هەموو زبڵ و خاشاكی پارێزگاكەیان نییە، بەشی زۆری دەكرێتە ژێر خوڵەوە كە نزیكەی 50%ی خۆراكە، پسپۆرێكی ژینگەش دەڵێت تەنها زیانە داراییەكان مانگانە دەگاتە 20 ملیۆن دۆلار. دیار حازم، بەرپرسی ژینگە و خزمەتگوزاری لەبەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانیەكانی دهۆك بەهاوڵاتی وت: زبڵ و خاشاكی قەزای ناوەندی دهۆك و سێمێل رۆژانە 700 بۆ 750 تۆنە، لەو بڕە 48%ی خۆراكە، كارگەكانمان دەرەقەتی ئەوە نایەن تەواوی زبڵ و خاشاك وەربگرن و ریسایكلینی بۆ بكەن. وتیشی: بۆ چارەسەری ئەم بابەتە دوو جۆر حاویە دابین دەكەین و لەقەزای سێمێل دەستمانپێكردوە، یەكێك بۆ زبڵی وشك و ئەوەی تر بۆ زبڵی تەڕ ، هەروەها بۆ ساڵی ئایندە لەقەزاكانی ئاكرێ و شێخان و بەردەڕەش جێبەجێ دەكرێت، بۆ قەزای ئامێدی و دەوروبەریش هەمان شت بەكاردەهێنێن، لەم رێگایەوە فشاری سەر كارگەكانی ریسایكلینیش كەم دەبێتەوە. «چوار كارگەی ریسایكلینمان هەیە، هەندێكجار كێشەی سیولەمان هەیە ئەوەش بابەتێكی گشتییەو پەیوەندی بەوەزارەتەوە هەیە نەك ئێمە» بەرپرسی ژینگە و خزمەتگوزاری لەبەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانیەكانی دهۆك وادەڵێت. بڵند رەزا، سەرۆكی شارەوانی ئاكرێ بەهاوڵاتی وت: كارگەی جیاكردنەوەی زبڵ و خاشاكی ئاكرێ لە2011ەوە دامەزراوە، هەر لەوكاتەوە تائێستا بەبەردەوامی ئیش دەكات، ئێستا رۆژانە 200 بۆ 230 تۆن زبڵ و خاشاك وەردەگرێت، لەم رێژەیە سەرووی 50%ی دەكرێتە ژێر خۆڵەوە. وتیشی: ئەوەی تر جیادەكرێتەوەو بەشێكی بۆ كشتوكاڵ بەكاردەهێنرێت و بەشێكی تر دەبێتە نایلۆن و كارتۆن و دووبارە بەكاردەهێنرێن، كارگەكە توانای وەرگرتنی 400 تۆنی هەیە. بڵند رەزا دەشڵێت: ئەو كارگەیەی ئێمە زبڵ و خاشاكی سێ قەزا وەردەگرێت ئەویش قەزاكانی ئاكرێ، بەردەڕەش و شێخان هەموویان 30 شارەوانیە، لەسنوری پارێزگای دهۆك 47 شارەوانی هەن، رۆژانە بەگشتی 1500و 1700 تۆن زبڵ و خاشاكیان هەیە، نزیكەی700 تۆنی خۆراكە. «چوار كارگەكە بەم شێوە دابەشكراون، دوو كارگە دەكەونە ناوچەی كواشێ سەر بەقەزای سێمێل رۆژانە نزیكەی 600 تۆن زبڵ و خاشاك دەگوازرێتەوە بۆ ئەو دوو كارگەیە، كارگەی سێیەم لەسنوری ناحیەی گردەسێن سەر بەقەزای ئاكرێ، رۆژانە 200 بۆ 230 تۆن زبڵی ئاكرێ و بەردەڕەش و شێخان ریسایكلین دەكات، كارگەی چوارەمیش دەكەوێتە قەدش سەر بەقەزای ئامێدی كە رۆژانە 150 بۆ 175 تۆن زبڵی ئەو سنورە ریسایكلین دەكات». سەرۆكی شارەوانی ئاكرێ وادەڵێت. ئەندازیار شێرزاد ئەمین، راوێژكاری زانستیی ژینگەیی لەشارەوانی دهۆك بە هاوڵاتی وت»لەسنوری پارێزگای دهۆك 47 شارەوانی هەن، رۆژانە 1500 بۆ 1700 تۆن زبڵ و خاشاكی هەیە، لەم رێژەیە 48% بۆ 50%ی خۆراكە، ئەمەش زیانی ژینگەیی و دارایی زۆر هەیە. وتیشی: لە رووی ژینگەییەوە كاریگەری لەسەر ئاوی ژێرزەوی دەكات، هاوكات خۆراك بەگشتی شەش مانگ دوای ئەوەی ژێر خوڵ دەكرێت دەڕزێت دوای ئەوە غازی میسانی لێی دەردەچێت، دواتر ئەم غازە كاریگەری زۆر خراپ دەكاتە سەر ژینگە. شێرزاد ئەمین دەشڵێت: لە رووی دارایییەوە ئەگەر حساب بكەین ئەو هەموو خواردنەی رۆژانە ئامادە دەكرێت و دواتر فڕێدەدرێت بەلایەنی كەمی مانگانە زیانەكەی دەگاتە 20 ملیۆن دۆلار. سەباح عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بەهاوڵاتی وت: ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لە 2015دا لیژنەیەكی تایبەتی پێكهێنا بۆ بەدواداچوون لەسەر كارگەكانی ریسایكلین، لیژنەكە بەمەیدانی سەردانی كواشێ و چەند ناوچەیەكی تریان كرد. وتیشی: دانیشتنیان كردووە لەگەڵ قایقمامی سێمێل و چەند بەرپرسێكی تایبەتمەند، هەر ئەوكات كۆمەڵێك بڕیار لەلایەن ئەنجومەنەوە دەركران بەشێك یان جێبەجێ كراون و بەشێكی تر تائێستا جێبەجێ نەكراون.
ڤانە بەهیر بەهۆی چالاكیەكانی مرۆڤ و شۆڕشی پیشەسازی راستەوخۆ لەلایەن وڵاتە پێشكەوتووەكانی جیهانەوە، چەندین دامەزراوەی جیهانی بەتایبەت دەستیان بەپاراستن و كاركردن لەپێناو لەناونەچوونی جۆرە جیاوازەكانی زیندەوەران دەستپێكردووە، لەكوردستانیش چەند رێكخراوێك كار بۆ ئەم مەبەستە دەكەن. هانا ئەحمەد، سەرۆكی رێكخراوی پڵنگانی بێسنوور لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی هاوڵاتی باس لەكەمبوونەوەی ئاژەڵی كێوی و بەتایبەتیش گۆشتخۆر دەكات و دەڵێت ئەگەر سەرنج بدەین هەندێك گیانەوەری كێوی، بەتایبەتی گۆشتخۆرەكان كەمیان كردووە لەوانەش پڵنگ، كەوایكردووە بەراز رێژەكەی زۆر بەرزبۆتەوە و ئەمەش لەسەر بەرهەمی جوتیاران بەڕوونی هەستی پێدەكرێت. هاوڵاتی: كاری سەرەكی رێكخراوەكەتان چیەو ئامانجتان چییە؟ هانا ئەحمەد: ریكخراوی (پڵنگانی بێسنوور) لەساڵی ٢٠٢٢ دامەزراوەو مەبەست لەڕێكخراوەكەمان پاراستن و پەرەپێدانی ژیانیی ئاژەڵە كێویەكانە، لەڕێی دروستكردنی هەماهەنگی و كاری پێكەوەیی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدارو هاووڵاتیان، لەڕێی دروستكردنی ناوچەی پارێزراوو چاودێری كردنی گیانەوەرە كێوییە دەگمەنەكان و كاریگەرییەكانیان لەسەر ژیانی هاووڵاتیان، لەڕێگەی هەوڵەكانمانەوە دەمانەوێت كار لەسەر گەنجان بكەین و بیانهێنینە بوارەكەوە، چونكە ئەوەی پێی دەوترێت « پاراستنی ئاژەڵ گیانەوەرو ژیانی كێوی لەكوردستان بابەتێكە كە زۆر پشتگوێخراوە، هیچ زانیاریەكیش لەبارەیەوە نیە. هاوڵاتی: چۆن ئەم كارە دەكەن؟ هانا ئەحمەد: بەڵێ ئەو كەسانەی خولیایان هەیە بەشداربن، ئێمە خولی تایبەتیان بۆ دەكەینەوە، ئاشنایان دەكەین بەو رێگایانەی پێویستە بیگرینە بەر لەپێناوی پاراستنی ئاژەڵی گیانەوەری كێوی. هاوڵاتی: بەگشتی كۆی پڕۆسەكە چۆن دەبینن لەهەرێمی كوردستان بەراورد بەوڵاتان؟ هانا ئەحمەد: وڵاتەكەمان تاڕادەیەك لەزۆر رووەوە دواكەوتووە، فریای هەموو شتێك ناكەوین، ئەمەش لەبەرئەوەی سەرقاڵكراوین بەبابەتی لاوەكی و هەندیك بابەتی سەرەتایی ژیانەوە. هاوڵاتی: تائێستا پەیوەندیتان چۆن بووە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لەسەر ئەم بابەتە؟ هانا ئەحمەد: بەدڵنیایی پەیوەندیمان هەیەو هەماهەنگیمان زۆر باشە لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانەی پەیوەندیدارن بەبابەتی ژینگەو هەروەها لەسەر ئاستی سەرۆكایەتی حكومەتیش، بەڵام ئەوانیش خۆیان كێشەیان زۆرە، هەم لەڕووی پسپۆڕی، هەم لەڕووی بودجەش، كێشەیەك كە زۆر زیانی لەژینگەپارێزی داوە ئەوەیە كەوەزارەتی ژینگە بچووك كرایەوە بۆ دەستەی ژینگە، بەشێكی سەرەكی كارەكانیان بووە بەچاودێریكردنی كارگەكان و سزادانیان. هاوڵاتی: رۆڵی پۆلیسی دارستان چۆن دەبینیت لەپاراستنی ژینگە وئاژەڵی كێوی؟ هانا ئەحمەد: پۆلیسی دارستان لەكوردستان كۆمەڵێك ئەركی گەورەو گران خراوەتەسەریان كە بەهیچ جۆرێك فریای ناكەون، رۆڵەكان بەباشی دابەش نەكراون و پێداویستیەكانیان بۆ دابین نەكراوە، بەشێكیان یان خوێندەوارییان نیە یان لەئاستێكی نزمی خوێندەواریدان، هەندێكیشان توانای جەستەییسیان گونجاو نیە بۆ ئەم كارە، پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكانیش هەندیك هەندێك جار وادەكەن كەسی سەرپێچیكار سزا نەدرێت، ئەویش لەبەر كەلتور و دابونەریت، بۆیە وا باشترە پۆلیسی دارستان لەنزیك ئەو ناوچانە جێگیرنەكرێن كە خۆیان خەڵكی ئەوێن. هاوڵاتی: گەورەترین مەترسی و كێشەی ئێوە چیە كە لەم بوارەدا رووبەڕووتان بووەتەوە؟ هانا ئەحمەد: گەورەترین كێشەی ئێمە «راوكردنە»، كۆمەڵگە وادەزانێت راوكردن كەمی كردووە بەڵام وانیە، بەشێك لەمیدیاكانیش رۆڵێكی خراپ دەگێڕن لەم بوارەدا و بەبێ هەبوونی زانیاری و بایەخدان بەخودی بابەتەكە، دەست دەدەنە بابەتێك. بۆ نموونە ئەوكاتەی پڵنگەكەی ناحیەی باتیڤا برینداربوو قاچی بوو بەتەڵەیەكی گورگەوە، زۆربەی میدیاكان هەمان سەردێڕیان بۆ هەواڵەكە داناو نوسیبوویان « پڵنگێك بوو بە تەڵەی گورگێكەوە»، ئەمە خۆی داپۆشینی راستیەكان بوو، چونكە گەرچی تەڵەكە بۆ گورگیش داندرابێت، بەڵام كڕین و هەبوونی ئەو جۆرە تەڵەیە خۆی بۆ خۆی نایاساییە، بەڵام هیچیان لەو بارەیەوە بەدواداچوونیان نەكرد. لەپاڵ ئەمانەشدا، بەكارهێنانی پێستی ئاژەڵانیش كەئێستا كۆمەڵێك خەریكی ئەو كارەن و مەترسییە لەسەر ئاژەڵە گیانەوەرە گەورە شیردەرەكان و كەحكومەت گوێی پێ نادات پێویستە ڕێكاری پێویست لەبەرامبەریان بگرێتە بەر. هاوڵاتی: چ ئاژەڵێكی كێوی لەكوردستان لەلیستی سوردایەو مەترسی لەناوچوون و كەمبوونەوەی لەسەرە؟ هانا ئەحمەد: گیانەوەرمان زۆرە كە لەسەر هێڵی سوری رێكخراوی « IUCN» پۆلینكراون، بۆ نموونە ئاژەڵەكانی وەك پڵنگ و كەمتیار و بزنی كێوی و ئاسك، لەسەر ئاستی جیهانی مەترسیان لەسەرەو لەسەر هێڵی سوورن، بەڵام لێرە مەترسیەكە لەسەریان زۆر گەورەترە، ئەگەر دۆخەكەش بەم جۆرە بەردەوام بێت بەرەو لەناوچوون دەچن. وەكچۆن زۆرێك لەگیانەوەرە كێویەكان كەساڵانێك لەوڵاتەكەماندا هەبوون ئێستا نەماون، بۆ نموونە جۆرە ئاسكێكمان هەبووە بەناوی» فیلە گێژە» كە لەكوردستان لەناوچەی دەوروبەری دهۆك و ناوچە سنوریەكان هەبووە، سورە ئاسك و وێز نەماون و بە نەبوو هەژمار دەكرێن. هاوڵاتی: ئێوە كار لەسەر پڵنگ دەكەن، تائێستا چەند پڵنگ لەناوچوون؟ هانا ئەحمەد: لەماوەی ئەم سێ ساڵەی رابردودا واتە لە ٢٠٢١ بەدواوە ئەوەندەی كە تۆمار كراون و ئاگادارین سێ پڵنگ كوژراون كە دوانیان لە بەمۆ بووە و ئەوی دیكەشیان لەپیرەمەگرونە، لەكاتیكدا ژمارەی پڵنگ زۆر كەمە لەكوردستان، ئەو پڵنگەی باتیڤاش كە قاچی بڕدرایەوە، دەكرێت هەر بەنەبوو دایبنێین، چونكە لە باخچەی ئاژەڵان دانراوەو بەهیچ جۆرێك نابرێتەوە ناو سروشت. هاوڵاتی: كەواتە بەپلەی یەكەم راوكردن گەورەترین مەترسییە لەسەر ئاژەڵانی كێوی؟ هانا ئەحمەدڕەزا: بەڵێ بەدڵنیاییەوە، بەتایبەت لەسەر ئاژەڵە گیانەوەرە شیردەرەكان، چونكە ژمارەیان كەمە، یەك دانەیان راوبكرێت یان بكوژرێت مەترسیە لەسەر هەموویان. هاوڵاتی: ئایا ئەو ئاژەڵە كێویانەی زیانیان پێدەگات، بەشێوەیەكی زانستی چارەسەر دەكرێن ؟ هانا ئەحمەد: بەداخەوە لەكوردستان پسپۆڕی چارەسەركردن و گەڕاندنەوەی ئاژەڵە گیانەوەرە كێویەكان نییە، بۆیە هەر ناتوانین بەشێوازی زانستی فریای هەر گیانەوەرێك بكەوین تەنانەت ئەگەر لەمەترسیشدا بێت. هاوڵاتی: واتە ئەگەر ئاژەڵێكی كێوی وەك پڵنگ تووشی كێشەی دەروونی یان رووداوێكی نەخوازراو ببێتەوە، ناتوانێت زیاد بكات؟ هانا ئەحمەد: بەدڵنیایی كاریگەری گەورەی هەیە، چونكە گیانەوەری كێوی وەكو مرۆڤ ئاڵۆزە، ئەوانیش تووشی نەخۆشی دەروونی دەبن، گیانەوەری كێوی تەنها بەو سروشتە ئاشنایە كە لێوەی هاتووە، بە بەندكردن و پەیوەست كردنی بەمرۆڤ و مامەڵەی ناتەندروست، بەدڵنیاییەوە تووشی چەندین نەخۆشی دەروونییان دەكات. هاوڵاتی: سەبارەت بەو ئاژەڵانەی لەناو باخچەكانی ئاژەڵاندان چی دەڵێیت؟ هانا ئەحمەد: لەهەموو عێراقدا هیچ كام لەباخچەكانی ئاژەڵان پسپۆڕیان نیە لەچاودێری ئاژەڵەكان، زۆربەیان دەستیان تێكەڵە لە بازرگانی نایاسایی بەئاژەڵە كێویەكان وهانی راوكردنیش دەدەن. ئەو راوچیانە كە ئاژەڵیكی دەگمەنیان دەستدەكەوێت دەیدەن بەم باخچانە كە نە خواردن و نە شوێنی مانەوەشیان گونجاو نیە، جگە لەوەش كەشارەزایی تەواو نیە بۆ چاودێری كردنیان، ئەگەر كەسی شارەزاش هەبێت كەرەستە و دەرمانی پێویست لەبەردەستدا نییە. هاوڵاتی: كاریگەری كەمبوونەوەی ئاژەڵی كێوی و راوكردنی لەسەر كارو ژیانی مرۆڤ چییە؟ هانا ئەحمەد: جووتیارەكانمان هاواریان لێ هەستاوە لەزیادبوونی لەڕادەبەدەری بەراز، لەساڵانی رابردوو بەهۆی ئاژەڵە كێوییە گۆشتخۆرەكانەوە ژمارەیان سنوورداربوو، بەڵام كاتێك ئاژەڵە كێویەكان لەڕادەبەدەر راوبكرێن، ئەوا ژمارەی ئاژەڵانی دیكە زیاد دەكات و ئەمەش هاوسەنگی ژینگەو گیانەوەران تێكدەدەن و كاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر ژیانی هەریەكەمان، بۆیە دەبێت چاودێری توند بخرێتەسەر راوكردن و چەكهەڵگرتن قەدەغە بكرێت، هاوكات دەبێت سەرچاوە سروشتیەكان بپارێزین و ناوچەی پارێزراویش بۆ ئاژەڵان دروستبكرێت.
هاوڵاتی بە پێی راپۆرتێک کە ماڵپەڕی هەنگاو بڵاوی کردۆتەوە، لە مانگی تەمووزدا لانیکەم ٢٢٥ کەس لە ئێران لە لایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراون. لەم ژمارەیە ١٣١ کەسیان کردن کە دەکاتە لە سەدا ٥٨ (٥٨٪) دەستبەسەرکراوەکان. ١٩ کەسیان بەلووچە . لە کۆی دەستبەسەرکراوەکان ٢٩ کەسیان ژن و ٧ کەسیان مناڵن. ١١ کەسیان سەر بە کەمایەتی ئایینی بەهاییەکانن کە لە ئێران بەردەوام لە ژێر چاودێریدان و ئاینێکی قەدەغەیە. لە مانگی ٦ی زایینی، ١٦٨ کەس لە ئێران دەستبەسەر کران و زۆربەی زۆری دەستبەسەرکراوانی مانگی ٦ هەر کورد و بەلووچ بوون. هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی کچە کوردێکی سەقز و دەستپێکی شۆڕشی (ژن، ژیان، ئازادی) لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، گوشاری لایەنە ئەمنییەکان بۆ سەر خەڵک زیاتر بۆتەوە. دەسەڵات دەیەوێت بەر بە هەرچەشنە ناڕەزایەتییەک بگرێت و بۆ دەستیکردووە بە گرتن و زیندانی کردنی بەکۆمەڵی خەڵک. ژینا ئەمینی رۆژی ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لە شاری تاران دوای سێ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، بەهۆی ئەوەی لە لایەن پۆلیس ئەخلاقی کۆماری ئیسلامییەوە لێیدرابوو، گیانی لە دەستدا و مەرگی ژینا ئەمینی شۆڕشی (ژینا)ی لێکەوتەوە کە چەند مانگ لە ئێران بەردەوام بوو.
هاوڵاتی تەنھا لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا لەسنوری سلێمانی پێنج کەس بە رووداوی ھاتووچۆ گیانیانلەدەستداوە و ١١ی دیکەش برینداربوون. لە چەند رۆژی رابردودا، لە سنوی پارێزگای سلێمانی چەند روداوێکی دڵتەزێنی هاتوچۆ رویاندا کە ژمارەیەک قوربانیی لێکەوتەوە و تەنیا لە ماوەی سێ رۆژی ئەم هەفتەیەدا لە چەند روداوێکی هاتوچۆ لە سنوری پارێزگاکە پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و 11 کەسی دیکەش برینداربون. بەھمەن عەبدوڵا وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی سلێمانی ڕایگەیاند، یەکێک لە ھۆکارە سەرەکییەکانی رووداوەکانی ھاتووچۆ پابەندنەبوونی شۆفێرانە بە رێنمایی و یاساکانی ھاتووچۆ، لەوانە تیژڕەوی و خواردنەوەی خواردنەوە کحولییەکان. وتەبێژی ھاتوچۆی سلێمانی وتیشی، ئەگەر پلانەکانی حکومەت و وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی ھاتوچۆ جێبەجێنەکرێن، کە لە رێنمایی و یاساکان و توندوتۆڵی ئۆتۆمبێلەکان پێکھاتوون، ئەوا رووداوەکانی ھاتووچۆ زیاتر دەبن. ئەو ڕوداوانەی لەم سێ ڕۆژەدا ڕویانداوە : یەکێک لە روداوەکان کە بەهۆی گەورەییەکەیەوە بوە پرسی میدیاکان، لەسەر شەقامی بازنەی مەلیک مەحمود رویدا. بارهەڵگرێک ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی راماڵی و زیانی زۆری پێ گەیاندن. ئەمە جگە لە برینداربونی پێنج هاوڵاتی کە برینی یەکێکیان سەختە. یەک رۆژ دوای ئەو روداوە، لەسەر رێگای بەرانان لە شارۆچکەی دەربەندیخان، بارهەڵگرێک ئۆتۆمبێلێکی کرد بە ژێرەوە کە شەش سەرنشینی تێدا بو، بەهۆیەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستدا و یەک کەسیش برینداربو. رۆژی پێنج شەممەی هەمان هەفتە، لە دو روداوی هاتوچۆی جیاوازدا لەسەر شەقامی سەرەکی سەرچنار، پێنج کەس برینداربون.
هاوڵاتی شەوی رابردو كەسێك بەهۆی ناكۆكی خێزانیەوە هێرشیكردە سەر ماڵی خەزوری لەیەكێك لەگەڕەكانی شاری كەركوك، دو كەس كوژران و سێ كەسی دیكەشی برینداركرد، بەیانی ئەمڕۆ یەکێکی دیکە لە بریندارەکان گیانی لەدەستدا. رووداوەکە لە گەڕەکی کەرامەی شاری کەرکوک ڕویدا و بە گوێرەی زانیارییەکان ،كەسێك چوەتە ماڵی خەزوری بۆئەوەی هاوسەرەكەی بباتەوە كە پێشتر ناكۆكی لەگەڵدا هەبوە، بەڵام هاوسەرەكەی رازی نەبوە لەگەڵیدا بڕواتەوە بەهۆی ئەوەی كە ئەشكەنجەیداوە . هاوکات لە ئەنجامی ئەمە دەمەقاڵێ لەنێوان زاوا و خەزوری و برای هاوسەرەكەی دروستبوە، لەئەنجامیشدا زاواكە بەچەكی جۆری كڵاشینكۆف دەستڕێژی گوللـەی لەماڵی خەزوری كردوە، خەزوری كوشتوە و پاشانیش چوار كەسی دیكەی برینداركردوە كە ئەوانیش هاوسەرەكەی و خەسوی و برای هاوسەرەكەی و خوشكی هاوسەرەكەی بون، پاش گەیاندنیشیان بۆ نەخۆشخانە هاوسەرەكەی گیانی لەدەستدا. بەیانی ئەمڕۆش خەسووی تاوانبارەکە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا، سەرچاوەیەکی ئەمنی بە هاوڵاتی وت، "ناسنامەی تۆمەتبارەكە ناسراوەتەوە و گەڕان و بەدواداچونی هێزە ئەمنیەكانیش لەبارەی ئەو روداوە دەستیانپێكردوە، تاوەكو ئێستاش دەستگیرنەكراوە."
راپۆرتی: میدڵ ئیست ئای وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا کاتێک خالید ئەحمەد رۆیشت بۆ سەرۆکایەتی ئەستەنبوڵ لەبەشی بەرێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەری بەمەبەستی تازەکردنەوەی ناونیشانەکەی، نەیدەزانی کەسەردانە رۆتینییەکەی چی بەسەردێنێت. دروستبونی دەمەقاڵێیەک لەنێوان ئەحمەدو فەرمانبەرێکی حکومی بووە هۆی ئەوەی دەستیگیربکرێت و رەوانەی بەندیخانە بکرێت لەشارێکی تری تورکیا. دوای مانەوە لەبەندیخانە بۆ ماوەی مانگێک لەشاری کیلیس لەباشوری تورکیا، ئەحمەد بەناچاری و بەزۆر بەڵگەنامەیەکی ئیمزاکرد کە بەپێی بەڵگەنامەکە رازیبوونی خۆی دەربڕی بۆ گەڕانەوەی «ئارەزوومەندانە» بۆ باکوری رۆژئاوای سوریا. ئەحمەد تەمەن 53 ساڵ باسی لەوە کردووە کە «لەلایەن پۆلیسێکی گەنجی تورکییەوە لەسەرو قاچی دراوە». ئێستا کە لەماڵی هاوڕێیەکی دەمێنێتەوە لەشاری عەزازی سوریا، کە 10 کیلۆمەتر لەسنوری تورکیاوە دوورە، ئەحمەد ترسی ئەوەی هەیە هەرگیز جارێکی دیکە خێزان و منداڵەکانی نەبینێتەوە. «ماوەی هەشت ساڵە لەئەستەنبوڵ دەژیم و کاردەکەم، منداڵەکانم لەئەستەنبوڵ دەچن بۆ قوتابخانە، هەموو بەڵگەنامەیەکی فەرمیمان هەیە بۆ مانەوەمان لەوێ، بەڵام ئێستا لەیەک جیابووینەتەوە، نازانم کەی دەیانبینممەوە»، ئەحمەد وای وت. بەگوێرەی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، نزیکەی هەزار سوری، کە لەنێویاندا ژن و منداڵ هەن، لەسەرەتای مانگی رابردووەوە بەشێوەی زۆرەملێ لەتورکیاوە دیپۆرت کراونەتەوە بۆ سوریا. هەڵمەتە زۆرەملێکە لەساڵی رابردووەوە دەستیپێکردووە، بەڵام دوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بردەوە لەحوزەیرانی ئەمساڵدا، هەڵمەتەکە زیاتر کرا. ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لەکاتێکدا بوو کە ئاستی جیاکاری و رقلێبوونەوە لەئاوارەکانی سوریا لە ئاستێکی بەرزدا بوو، لەگەڵ ئەوەی هەردوو کاندیدی هەڵبژاردنەکانیش بەڵێنی ناردنەوەی بەکۆمەڵی ئاوارەکانیان دەدا. کەمال کیلیچدارئۆغلۆ، کاندیدی ئۆپۆزسیۆن، چەندینجار بەڵێنی ئەوەیدا کە تەواوی ئاوارەکانی سوریا دیپۆرت بکاتەوە. هەرچەندە ئەردۆغان لەسەرەتاوە پاڵپشتی ئەو سوریانەی دەکرد کە لەجەنگ رادەکەن، بەڵام ئەمیش بەڵێنیدا «بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە» نزیکەی ملیۆنێک سوری بنێرێتەوە بۆ باکوری وڵاتەکەیان. دوای گەڕانەوە لەوڵاتانی کەنداو لەکۆتایی مانگی رابردوو، ئەردۆغان رایگەیاند کە حکومەتەکەی هەنگاوی باشی ناوە لەپلانەکەیدا. «دروستکردنی خانوو لەباکوری سوریا بەردەوامە، ئێستا گەیشتووین بە 100 هەزار بۆ 150 هەزار خانوی دروستکراو،» ئەردۆغان وای وت. قۆچی قوربانی بەشێوەیەکی بەرچاو ئاوارەکانی سوریا بوونەتە قۆچی قوربانی قەیرانی ئابوری تورکیا کە تێیدا خەڵکی تورکیا هێزی بازاڕکردنیان لەدەستداوە بەهۆی بەرزبوونەوەی لەڕابەدەری هەڵاوسان و خێرا دابەزینی بەرچاوی لیرەوە. ئاوارە سورییەکان ناویشیان بەوشککەرەوەی سەرچاوەکانی تورکیا دەهێنرێت و لۆمەش دەکرێن بۆ چەندین گرفت لەوڵاتەکەدا، هەر لەگێچەڵی سێکسسیەوە بگرە تا تاڵان کردن، ئەمەش دوای بومەلەرزە کوشندەکەی مانگی شوباتی ئەمساڵ. تەها ئەلغەزالی، شیکەرەوەیەکی سیاسی و چالاکوانێکی بواری مافی مرۆڤ، دەڵێت کە رێکارە توندەکانی ئەنقەرە بێئومێدکەرن بەڵام چاوەڕواننەکراو نین. «بەداخەوە، تەنگوچەڵەمەی ئاوارە سورییەکان بۆ بەرژەوەندی سیاسی بەکاردەهێنرێت لەلایەن پارتەکانەوە،» ئەلغەزالی ئەمەی وت و راشیگەیاند سەرۆککۆماری تورکیا دەیەوێت زۆرترین سوری بنێرێتەوە بۆ وڵاتی خۆیان پێش هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لەساڵی داهاتوودا چونکە «ئەو دەزانێت خەڵکی تورکیا دەیانەوێت ئاوارەکان بگەڕێنرێنەوە». بەپێی ئاماری نەتەوەیەگرتووەکان، تورکیا نزیکەی چوار ملیۆن ئاوارەی لەخۆگرتووە کە سێ ملیۆن و 600 هەزار کەسیان بەناچاری لەسوریاوە ئاوارە بوون. لەئێستادا، زیاتر لە 500 هەزار سوری ناویان تۆمارکراوە کە لەئەستەنبوڵ دەژین لەکاتێکدا شارەکانی باشوری وڵات وەک غازیعەنتاب، ئورفە، هەروەها هاتای هەریەکەیان هەزارەها ئاوارەیان لەخۆگرتووە. بەنزیکەیی، هەموو ئاوارەیەک کارتێکی پارێزگاری دراوەتێ کە بەتورکی بە «کیملک» ناسراوە و بەو کارتە دەتوانن لە تورکیا بمێننەوە هەتا ئەوکاتەی وڵاتی خۆیان بەسەلامەت لە قەڵەمدەدرێت یان خۆیان بیانەوێت ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە. بەڵام ئەلغازی دەڵێت ئەم هەڵمەتی دیپۆرتکردنەوەیە لەلایەن حکومەتی تورکیاوە پێچەوانە و سنوربەزاندنی رێککەوتننامەی 1951ی نەتەوە یەکگرتووەکانە لەسەر ئاوارەکان چونکە دۆخی سوریا چ لەژێر دەستی حکومەتی بەشار ئەسەد و چ لەژێر دەستی ئۆپۆزسیۆن بەرەوپێش نەچووە هەرچەندە شەڕو جەنگ لەنێوانیان دامرکاوەتەوە. دەرکردنی ئاوارە سورییەکان هاوتایە لەگەڵ ئەو هەوڵانەی لەسەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەراست دەدرێن بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ دیمەشق و گەڕانەوە بۆ پەیوەندییە دیبلۆماسییەکان بۆ پێش ساڵی 2011. هەرچەندە پێشتر ئەردۆغان، بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریای بە «بکوژ» ناودەبرد، بەڵام لەم دواییانەدا نیازی خۆی دەربڕیووە بۆ ئەنجامدانی لوتکەیەکی ئاشتی لەگەڵ ئەسەددا. سووکایەتی پێکردن و لێدان عەبدولڕەحمان عیسا کە تەمەنی 28 ساڵە و ئەمیش یەکێکە لەوانەی مانگی رابردوو دیپۆرتکراوەتەوە بۆ باکوری سوریا، دەڵێت بەپێچەوانەی ئەوەی کە مافی مانەوەی یاسایی لەتورکیا هەیە بەڵام لەوڵاتەکە دەرکراوە. «سوکایەتیم پێکراو لێشمدرا، پۆلیسێک دەستی گرتم و بەزۆر پەنجەمۆری پێکردم لەسەر پەڕەی قایلبوون بەدیپۆرتکردنەوەی ئارەزوومەندانە،» عیسا وای وت. عیسا دەشڵێت، «ژن و کچەکەم ئێستا لەهاتای دەژین بەبێ پاڵپشتی دارایی لەکاتێکدا من لە رەققە دەژیم کە شاری خۆشم نییە، من خەڵکی حەلەبم بۆچی ناردیانم بۆ رەققە؟» بەپێی وتەی قسەی لەهەندێک خەڵکی سوریا، پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەکان سوکایەتی و زۆرەملێی تێدا بووە کە بەشێکی زۆر لەئاوارەکان لەڕێگەی خاڵە سنورییەکانی ژێردەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ەوە بردراون. ئێستا کە لە رەققە گیریخواردووە، عیسا دەڵێت پێناچێت جارێکی تر بگەڕێتەوە سوریا. «لەئێستادا چاوەڕێی ئەوەم بەسەلامەتی بگەمە ئیدلیب کە ئەویش کارێکی قورسە، کە گەیشتم ئەوکات داوا لەژنەکەم دەکەم تورکیا بەجێبهێڵێت و پێکەوە شاد ببینەوە،» عیسا وای وت. وتەبێژێکی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ (هیومان رایتس وۆچ) باسی لەوە کرد کە رێکخراوەکەیان «زانیاری باوەڕپێکراوی بیستووە لەسەر جێگۆرکێکردنی سورییەکان بۆ سوریا لەکەمپی ئەلبیسی لە کیلیس لەکاتی جەژنی قورباندا لەمانگی حوزەیران». «بەڵام رێکخراوەکەمان لەئێستادا لێکۆڵینەوەی نوێی خۆی ئەنجام نەداوە، هەرچەندە ئەم راپۆرتانە هاوتەریبن لەگەڵ ئەو شتانەی بەشێوەیەکی سەرەتایی بۆمان ئاشکرا بوون،» وتەبێژەکە وای وت. لەمانگی نیساندا رێکخراوەکە لە راپۆرتێکیدا ئاشکرایکرد کە پاسەوانی سنوری تورکیا بەشێوەیەکی هەڕەمەکی تەقەیان لەهاووڵاتی سوری کردووە لەسەر سنور. لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە کە ئەوانەی هەوڵی مافی مانەوە دەدەن و کۆچبەرانیش کەدەیانەوێت سنوری تورکیا ببڕن دووچاری ئەشکەنجەو هێز بوونەتەوە. ‹تەواوی ژیانم تیاچوو› ئەحمەد یاسینی تەمەن 24 ساڵ کە لەئەنقەرە دەژیا ئەوەی ئاشکراکرد کە لەخەودا بووە کاتێک لە بەرەبەیانی 4ی کانونی یەکەمی 2022 هێزێکی پۆلیس لەدەرگاکەیانداوە. ئەو دەڵێت کاتێک دەرگاکەی کردووەتەوە، دەستبەجێ لەگەڵ خێزانەکەیدا دەستگیرکراون و بردراون بۆ بنکەی پۆلیس. «دواتر رەوانەی بەندیخانەی ئەنقەرە کراین کە لەوێ دوو رۆژ نانمان نەخوارد،» یاسین وای وت. یاسین دەشڵێت، «دواتر پۆلیسیك داوای لێکردین بەڵگەنامەیەک ئیمزا بکەین و وتی تەنها پەڕەیەکە بۆ ئەوەی شتەکانمان لەبۆکسێکی سەلامەتدا دابنێین، بەڵام خێزانم کە دەتوانێت تورکی بخوێنێتەوە زانی ئەوە بەڵگەنامەی قایلبوونە بۆ دیپۆرتکردنەوە». یاسین باس لەوە دەکات کە کاتێک رەتیکردووەتەوە بەڵگەنامەکە ئیمزا بکات، لێیدراوە و بەزۆر ئیمزای پێکراوە. «ئێستا لەحەلەب دەژیم، ئێرە سەلامەت نییەو لێرە کارم نییە، تەواوی ژیانم تیاچوو،» یاسین وای وت. لەسەرەتای ئەمساڵەوە، روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، مردنی 11 کەس و برینداربوونی 20 کەسی تری لەسەر دەستی پاسەوانی سنوری تورکیا تۆمارکردووە لەسەر سنوری سوریا-تورکیا. لەسەرەتای هەفتەی رابردوو، میدیاکانی ناوخۆی تورکیا رایانگەیاند، لەباکوری رۆژهەڵاتی سوریا چەندین سوری وەک دەربڕینی نارەزایی خێمەیان هەڵداوە «بەئامانجی ئەوەی بەرپرسانی تورکیا قایل بکەن رێ بەنەخۆشانی شێرپەنجە بدەن بچنە تورکیاوە بۆ وەرگرتنی چارەسەر». ئەم کەمپینە دوای ئەوە ئەنجامدرا کە لەمانگی شوباتی ئەمساڵەوە بەرپرسانی تورکیا رێگە دەگرن لە نەخۆشانی شێرپەنجە بچنە نێو تورکیاوە، ئەمەش بووەتە هۆی مردنی چەندان کەس.
هاوڵاتی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دیاریکرد و بەپێی مەرسومی سەرۆکایەتی هەرێم، رۆژی 25ی شوباتی ساڵی داهاتو هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت. دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ دوای سەردانیکردنی سەرجەم لایەنەکان و گفتوگۆکردن لەگەڵ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دواجار سەرۆکی هەرێمی کوردستان وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دیاریکرد. وتیشی: بەپێی مەرسومی سەرۆکایەتی هەرێم، بڕیاردرا رۆژی 25/2/2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت. وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، "دڵنیاتان دەکەمەوە هەموو لایەنەکان لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو رۆژەدا یەکدەنگن."
هاوڵاتی بە پێی ئامارێک کە ماڵپەڕی هەنگاو بڵاوی کردۆتەوە لە مانگی تەمووزی ٢٠٢٣، لانیکەم ٢٠ کۆڵبەر و کاسبکار لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون یان بریندار بوون کە ٨٥٪ی ئەو حاڵەتانەش بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوونەتە قوربانی. بە پێی ئامارەکانی ماڵپەڕی هەنگاو، لە کۆی ئەو ٢٠ کەسە ٢ کۆڵبەر کوژراون و ١٨ کۆڵبەر بریندار بوون، ٣ کەسیان مناڵی خوار ١٨ ساڵ بوون. بە پێی ئامارەکان، لە مانگی رابردوودا لە پارێزگای کرماشان ١٤ کۆڵبەر بوون بە قوربانی کە زۆرترین رێژەیە لە چاو پارێزگاکانی دیکەی کوردستان. هۆکاری گیانلەدەستدان یان برینداربوون: تەقەکردنی ڕاستەوخۆ: ١٧ کەس (١٦ بریندار و ١ کوژراو) کە دەکاتە ٨٥٪ی کۆی حاڵەتەکان. ڕووداوە سروشتییەکان: ٢ کەس (١ کوژراو و ١ بریندار) کە دەکاتە ١٠٪ی کۆی حاڵەتەکان. لێدان و بێڕێزیکردن: ١ کەس (بریندار) کە دەکاتە ٥٪ی کۆی حاڵەتەکان. جیاکردنەوەی ئامار بەپێی پارێزگاکان: پارێزگای ورمێ: ١ کەس (کوژراوە) پارێزگای سنە: ٥ کەس (١ کوژراو و ٤ بریندار) پارێزگای کرماشان: ١٤ کەس (بریندار) تەقەکردنی هێزە چەکدارەکان هێزە کانی بنکە سەربازییەکانی سەر سنوور: ١٧ کەس (١ کوژراو و ١٦ بریندار ) سوپای پاسداران: ١ کەس (١بریندار) بێکاری، نەبوونی دەرفەتی کار و نەبوونی ناوەندی پیشەسازی و کارگە و کۆمپانیا وایکردووە بەشێکی زۆر لە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانی خۆیان روودەکەنە کردنی کاری مەترسیدار و ئەستەمی کۆڵبەری.
شەنای فاتیح كێشە كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكان لەهەرێمی كوردستاندا پەرەی سەندووەو دەیان منداڵ لەزیندانەكاندا شەوو رۆژ دەكەنەوە بەهۆی ئەوەی كەدایكیان بەهۆی رووداوێكەوە لەزیندانەكاندایە. بەپێی نوێترین ئامار كەدەست رۆژنامەی هاوڵاتی كەوتووە لەهەرسێ چاكسازی سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان، ٣٠٧ ژن لەزیندانەكاندا دەمێننەوە لەگەڵ ٦٧ منداڵ. تاڤگە عومەر، بەڕێوبەری گشتی فەرمانگەی یاسایی و پاراستنی مافی مرۆڤ لەدەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: ئەو منداڵانە لەزۆربەی مافەكانیان بێبەشن و بەدڵنیاییەوە گەر بەوشێوەیە ژیان بەسەربەرن تاكێكی تەندروست دەرناچن و هەوڵدەدرێت گفتوگۆ لەگەڵ كەسوكاریاندا بكرێت بۆئەوەی وەریانبگرنەوە. هەروەها وتیشی:» بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاكسازی كۆمەڵایەتی و ئەنجومەنی چاودێری نەوجەوانان لەهەرێمی كوردستان و دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ، چاودێری ئەو بابەتە دەكەن، گەربێت و لەلایەن كەسوكاریانەوە رەتبكرێنەوە ئەوا ئەو منداڵانەی تەمەنیان سەروو سێ تاچوار ساڵە لەناو چاكسازییەكاندا لەدایكیان جیادەكرێنەوە. بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی یاسایی و پاراستنی مافی مرۆڤ لەدەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئاماژەی بەوەشكرد كەئەو منداڵانە دەخرێنە شوێنێكی تایبەت، یان شوێنێكیان بۆ دەكرێتەوەو لەناو خانەكانی چاودێری نەوجەواناندا بەجیا دادەنرێن. تاڤگە عومەر ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كەچەندین جار دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ نووسراوی ئاڕاستەی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی كردووە. دەشڵێت: وەزیری كار بەفەرمی لیژنەیەكی پێكهێناوە لەسەر كەیسی ئەو منداڵانەو تا بتوانن ئەو منداڵانەی سەروو سێ تا چوار ساڵان شوێنێكی تایبەتیان بۆ دابین بكرێت تاسەرجەم ئەو مافانەی بۆ منداڵان پێویستن بەتایبەت مافی خوێندن و بەرجەستەكردنی مافەكانیان وەك منداڵانی ئاسایی بۆیان دابین بكرێت. بەپێی ئاماری دەستەی مافی مرۆڤ كەدەست رۆژنامەی هاوڵاتی كەوتووە ٣٠٧ ژن لەچاكسازییەكانی هەرێمی كوردستاندان بەم شێوەیە: چاكسازی هەولێر ٥١ گیراو (سزادراو)، ١٥٢ راگیراو چاكسازی سلێمانی ٤٤ گیراو، هیچ بەندكراوێكی راگیراو نییە چاكسازی دهۆك ٣٧ گیراو، ٢٣ راگیراو بەپێی هەمان ئامار ژمارەی ئەو منداڵانەی لەنێو چاكسازییەكاندا لەگەڵ دایكیاندا دەمێننەوە ٦٧ منداڵن و تەمەنیان لەشیرەخۆرەوە تا 13 ساڵییەو زۆرترین منداڵ لەچاكسازی هەولێردا دەمێننەوە بەم شێوەیە چاكسازی هەولێر ١٩ منداڵی نێرو ٢٧ منداڵی مێ چاكسازی سلێمانی دوو منداڵی نێر چاكسازی دهۆك نۆ منداڵی نێرو ١٠ منداڵی مێ نوشار قاسم، توێژەری كۆمەڵایەتی و بەرپرسی هۆبەی توێژینەوە لەچاكسازی هەولێر لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئەوەی خستەڕوو كە لەلایەن خودی وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتییەوە لیژنەیەك پێكهاتووە بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئەو منداڵانەو هەوڵیش هەبووە تا لەپڕۆژەی (خێزانی جێگرەوە) بدرێن بەو خێزانانەی كەدەخوازن منداڵ بەخێوبكەن. هەروەها نوشار قاسم وتیشی:» ئەو قوتابخانەیەی لەچاكسازییەكەماندا هەیە بەپێی یاسا تایبەتە بەسزادراوان، تیایدا هاوكاری زۆری ئەو منداڵانە كراوەو كاتێك هەندێك لە ژنە سزادراوەكان دەچن بۆ قوتابخانە، منداڵەكانیشیان لەگەڵیاندایەو لەلایەن مامۆستایان و تیمی قوتابخانەكەمان یارمەتی دەدرێن و هەوڵیان لەگەڵ دەدرێت بۆ فێربوون و پێداویستییەكانیان بۆ دابیندەكرێت». «لەئێستادا چەند رێكخراوێكی نێودەڵەتی و ناوخۆیی كار لەگەڵ ئەو منداڵانە دەكەن بەپێی خشتەیەكی دیاریكراو رۆژەكانی هەفتە چالاكی هونەری، فێركردن، وەرزشی ئەنجام دەدەن». نوشار قاسم وادەڵێت. بەرپرسی هۆبەی تووێژینەوە لەچاكسازی هەولێر باسی لەوەشكرد كەپێداویستییە سەرەتاییەكانی وەك خۆراك، جلوبەرگ، شیر، پێداویستی تەندروستی، بەبەردەوامی چاكسازییەكەیان دابینی كردووە. نوشار قاسم هەروەها دەشڵێت:» تەنانەت لەسەختترین بارودۆخیشدا لەڕێگەی رێكخراوەكان و كەسانی خێرخوازیشەوە ئەو پێداویستیانە دابینكراون، بەڵام داوا دەكەین كە شوێنێكی تایبەت بۆ ئەو منداڵانە دروستبكرێت و نەهێنرێنە ناو چاكسازی، چونكە تێكەڵ بەكەسانی تر دەكرێن و چاویان لەژینگەیەك دەكرێتەوە كەنابێت ئاشنایەتییان هەبێت بەو شوێنە». ئەو تووێژەرە باس لەوەشدەكات بینای چاكسازییەكە باش نییەو قەرەباڵغە بەهۆی زۆری ژمارەی راگیراوان و سزادراوان، بۆیە داوا دەكەن ئەو منداڵانە لەشوێنێكی باشترو ئارامتر دابنرێن. پارێزەر نەریمان ئەحمەد، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» مانەوەی ئەو منداڵانە لەزینداندا یاساییە چونكە بەفەرمانی دادوەرەو پێش ئەوەی منداڵەكە رەوانەی زیندان بكرێت دادوەر كەسوكاری منداڵەكە بانگهێشتی دادگا دەكات بۆ ئەوەی بزانن كە ئەو منداڵە دەگرنەخۆ یان نا، لەحاڵەتی لەخۆنەگرتنی منداڵەكە لەلایەن كەسوكاریانەوە دەبرێنە زیندان». ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەکرد دۆخی ئەو منداڵەی لەنێوان چوار دیواردان وەك ئەوە نییە لەژینگەیەكی دیكەدا بژین و بێگومان بۆشایی دەبێت، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت كە هیچ شتێكیان بۆ دابین نەكراوە بەڵكو هەندێك پێداویستیان بۆ دابینكراوە هەرچەندە كەموكووڕی هەیە. «وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی پێویستە زیاتر بەدەم ئەم بابەتەوە بچێت و ژینگەیەكی تایبەت بەو منداڵانە دروستبكات، لەناو زیندانەكاندا لەژێر سەرپەرشتی دایكیان و رێكخراوەكانی تایبەت بەمافی منداڵان تا هەست نەكەن لەناو چوار دیواردان»، نەریمان ئەحمەد وای وت.
هاوڵاتی ئەمڕۆ نۆ ساڵ بەسەر هێرشی داعش بۆ سەر شەنگال و جینۆسایدکردنی ئێزدییەکاندا تێدەپەڕێت کە دوای کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەوناوچانە رویدا و بەهۆیەوە هەزاران ژن و کچ لەلایەن چەکدارانی ئەو رێکخراوەوە رفێران. بەرەبهیانى 3ی ئابی 2014 چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر شەنگال و ئێزدییەکان بەفریای راکردن و بەجێهێشتی ناوچەکەیان نەکەوتن ههزارانیان رفێندران و بێسهروشوێن کران، ئەو کارەساتەش هێشتا بەردەوامی و هەیە و هەزاران ژن و کچ رزگارنەکراون و چارەنوسیان نادیارە. بەگوێرەی وتەی ئەو کەسانەی لە نزیکەوە شاهێدحاڵی روداوەکە بون، هێرشەکەی چەکدارانی داعش لە دەوروبەری کاتژمێر 3:00ی بەرەبەیانی 3ی (ئاب/8)ی 2014 دەستیپێکردوە و سەرەتا لە بەرەکانی ناحیهی بلێ و قهزای بهعاج شەڕ لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و داعش رویداوە، بەڵام کشانەوەی هێزەکانیپێشمەرگە لەو ناوچانە هیچ رێگەیەکی لەبەردەم خەڵکی شەنگال نەهێشتەوە جگە لە هەڵهاتن و لەدوای شەش کاتژمێریش شەنگال بەتەواوی لەلایەن داعشەوە کۆنتڕۆڵکرا. لەگەڵ پێشڕەوییەکانی داعش و گەیشتنیان بە مەخمور، گوێر و خازر کە سێ هێڵن بە ئاراستەی هەولێر، مەترسییەکانی داعش زیاتر بو، تا دواجار ئەمەریکا هاتە سەر خەت و یەکەم گورزیان لە داعش وەشاند. دوای داگیرکردنی قەزاکە، کوردانی ئێزدی پەنایان بۆ چیای شنگال برد و دوای (10) رۆژ مانەوە، بە هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگە و شەڕڤانانی یەپەگە، توانرا رێگەی دەربازبون بۆ ئەو هاوڵاتیانە بکرێتەوە و بەشێکی زۆریان دوای گەیاندنیان بە رۆژئاوای کوردستان و بەشێکیان لەڕێگەی دەروازەی سێمێلکاوە گەیندرانەوە باشوری کوردستان و لە کامپی خانکێ لە دهۆک نیشتەجێکران. بەپێی ئامارەکان لەو تاوانەدا زیاتر لە (360) هەزار کوردی ئێزیدی ئاوارە بون و زیاتر لە شەش هەزار 400 ئێزیدی دیکەش کەوتنە ژێر دەستی داعش، تائێستاش چارەنوسی بەشێکى زۆرى هاوڵاتى و رفێنراوی ئێزدی نادیارە کە بە دوو هەزار و 713 کەس خەمڵێنراوە، ماوەى چوار ساڵیشە پەرلەمانى کوردستان ئەم کۆمەڵکوژییەى بە جینۆساید ناساندوە، بەڵام تا ئێستا هیچ قەرەبویەکیان بۆ نەکراوەتەوە. هاوکات، بەگوێرەی نوێترین ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش، تاوەکو ئێستا 83 گۆڕی بەکۆمەڵی کوردانی ئێزدی و ژمارەیەک گۆڕی تاکەکەسی لە شنگال دۆزراونەتەوە. بەپێی ئامارەکە، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی هێرشی داعشەوە لە 3ی ئابی 2014دا رفێندراون، 6417 کەس بوون؛ 3548 کەسیان لە رەگەزی مێ و 2869 کەسیان لە رەگەزی نێر بوون. لەو ژمارەیە 3570 کەسیان رزگار کراون؛ 1208 ژن، 339 پیاو، 1066 منداڵی کچ و 957 منداڵی کوڕن.
هەناو بابا رەسوڵ بەنزین لەهەولێر گرانترە بەراورد بەسلێمانی و جیاوازی نرخی لترێك بەنزینی نۆرماڵ 200 دینارە، وتەبێژی بەنزینخانەكانی هەولێر دەڵێت:» دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلارو جێبەجێنەكردنی یاسای بودجەی عێراق هۆكاری گرانبوونی نرخی بەنزینن». نرخی بەنزین جارێكی دیكە لەهەرێمی كوردستان بەرزبووەتەوە، لەكاتێكدا خەڵك چاوەڕێی دابەزینی نرخەكەی بوو، شۆفێران هاواریان لێهەستاوەو بازرگانانیش دەڵێن بەدەست ئەوان نییەو باس لەهۆكارەكانی گرانبوونی نرخی بەنزین دەكەن. ئێستا لەهەولێر و دهۆك لیترێك بەنزینی نۆرماڵ گەیشتووەتە هەزارو 100 دینار و لیترێك بەنزینی موحەسەن 1300 دینار و سوپەریش 1450 دینار لەزۆر بەنزینخانەش بەنزینی نۆرماڵ هەرزوو نامێنێ چونكە نرخەكەی لەدوو جۆرەكەی دیكە هەرزانترەو شۆفێران سەرەی بۆ دەگرن، لەسلێمانی و هەڵەبجەش لیترێك بەنزینی نۆرماڵ 900 دینارە. جەنگی مەجید، وتەبێژی ئەنجومەنی بەنزینخانەكانی هەولێر لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بەنزینی حكومی هەروەك خۆیەتی ٧٥٠ دینارە، بازرگانییەكەش بەپێی پێویستی كەم بێت گران دەبێت و زۆریش بێت دادەبەزێت». وتیشی:»هۆكاری كەمبوونەكەی ئەوەیە كەپێشتر رێگاكان نەبوو، سامانە سروشتییەكان لەچەندڕۆژی رابردوودا بڕیارێكی دەركرد كەڕێگاكان بكرێنەوە، هەروەها گرانبوونی دۆلار و نەكەوتنە بواری جێبەجێكردنی بودجەشەوە هۆكارن». وتەبێژی ئەنجومەنی بەنزینخانەكانی هەولێر دەشڵێت :»رەنگە رێگاكان بكرێنەوەو دۆلاریش وا دادەبەزێت ئەگەر هەیە نرخی بەنزین هەرزان بێت». «پاڵاوگەكانی لانازو كار بەنزینی حكومی بە ٧٣٠ دینار دەدەن و بە ٧٥٠ دەفرۆشرێتەوە، بازرگانییەكەش كە هەرئەوان بەشێكی دابین دەكەن ئەمڕۆ بە ١٠٨٠ دینار دراوە بەبەنزینخانەكان». جەنگی مەجید وای وت. نافز مستەفا ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» نرخی بەنزین زۆر گران بووە، هۆكارەكە بەتەواوی نازانرێت و زیاتر ئەوەیە كەبەرهەمهێنانی لەپاڵاوگەكان كەمبووەتەوە». وتیشی:»ئێمە بەردەوام لەسەر هێڵین و لێكۆڵێنەوە لەهۆكاری گرانبوونی نرخی بەنزین دەكەین، وەزارەتی سامانە سروشتیەكانیش رایگەیاندووە كەئاسانكاری دەكەن بۆ بازرگانەكان كەبەنزین بهێنن». لەساڵی 2019 ەوە نرخی بەنزین بەهەرسێ جۆرەكەیەوە لەهەرێمی كوردستان سێ هێندە بەرزبووەتەوە، لەكاتێكدا بەرپرسانی حكومی بەردەوام باس لەهەوڵی چارەسەركردنی كێشەكە دەكەن، بەڵام هێشتا چارەسەر نەكراوە. ئازاد كەریم، شۆفێری تاكسی لەسلێمانی، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»شۆك بووم كە هاتم بینیم بەنزین 75 دینار چووەتەسەر، لەكاتێكدا لە شارەكانی دیكەی عێراق بەنزین كەمترە لە 500 دینارو لێرە(سلێمانی) نۆرماڵ بە 900 یە». ئەو شۆفێرە داوای لەبازرگانەكان كرد «ویژدانیان بەكاربهێنن». وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی هۆكاری بەرزكردنەوەی نرخی بەنزین لەپارێزگای سلێمانی ئاشكرا دەكات. بەهمەن قادر وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «نرخەكان وەك خۆیانن، بەنزین لای ئێمە ٥٠ دینار بەرزبووەتەوە، ئەویش بەهۆی ئەوەی پاڵاوگەكان وەكو كارو بێجی زیاتر لەمانگێكە لەكاركەوتوون، پاشان ماوەی مانگێكە ئەو بەنزینەی عێراق بڕدراوە كە بە ٧٥٠ دینار بوو «. وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی پێشیوابوو كە دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلارو بەرزبونەوەی نرخی نەوت لەبۆرسەی جیهانی كاریگەری هەبوو، وتیشی:»هەموو بازرگانێك لەسنووری خۆماندا ئازاد بووەو كەس سوتەمەنی قۆرغ نەكردووەو كێ سوتەمەنی دەهێنێت و دیفرۆشێت ئازادە». «لەئێستادا بەنزینخانەكانمان لەزەرەردان و هەوڵمانداوە كۆنترۆڵی بارودۆخەكە بكەین، تا ئەو سنورەی بۆمان دیاریكراوە بەنزینخانەكان و بازرگانەكان هەوڵمانداوە نرخ گران نەبێت، بەڵام پاڵاوگەكانی كارو لاناز بەزین گران دەكەن و بەنرخێكی هەرزان نایدەنە بەنزینخانەكان، بەڵام پاڵاوگەیەكی دیكە كەزیاد لەمانگێكە كێشەی سیانەی هەبووە، بڕیارە دەستپێبكاتەوەو هاوكاری بەنزینخانەكان بكاتەوە « بەهمەن قادر وای وت. كەریم عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» هۆكاری یەكەم و سەرەكی گرانبوونی نرخی بەنزین قۆرغكارییە چ لەلایەن پاڵاوگەكانەوەو چ لەلایەن بازرگان و خاوەن وێستگەكانەوە، جگە لەوەی هیچ دەزگایەك لەهەرێمی كوردستاندا چاودێری نرخی بەنزین ناكات». وتیشی:» هەندێك هۆكاری تریش هەن وەك بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارو بەهای نەوت و ئەمانە دەكەنە بیانوو بۆ ئەوەی زیاد لەپێویست نرخەكەی گران بكەن، لەكاتێكدا پاڵاوگە بۆ خۆی نەوتی خاو پەیدا دەكات و بەنرخی بازرگانی دەیفرۆشێت ئیتر حكومەت چیبكات». «پێویستە حكومەت چاودێری بكات لەڕووی كوالێتییەوەو قازانجەكەی بۆ دیاری بكات و ناكرێت بەمشێوەیە بازاڕی بۆ ئازادبێت و خۆی قازانج بۆ خۆی دیاری بكات، رۆڵی حكومەت لەم پرسەدا خراپەو بووەتە لایەنگیریش ئەگەربێتو لەڕووی نرخ و كوالێتییەوە چاودێری بكرێت نرخی بەنزین كۆنترۆڵ دەكرێت، بەڵام حكومەت مەبەستی نییە». كەریم عەلی وادەڵێت. ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەشڵێت:» چەند چارەسەرێك بۆ ئەم پرسە هەیە، حكومەتی هەرێم خۆی نەوتی خاو بداتە پاڵاوگەكان بەنرخی پاڵپشتی بدرێتە هاووڵاتیان، هەروەها رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراقی كەخاڵێكی زۆر گرنگەو كوالێتی و نرخی بەنزین رێكبخەنەوە تاهەرێمی كوردستانیش لەڕووی سوتەمەنییەوە سەقامگیربێت». كەریم عەلی ئاماژە بەوەدەكات «هەروەها چاودێرییەكی چڕی پاڵاوگەكان و بازرگانەكان و خاوەن وێستگەكان بكرێت و نرخ و قازانجیان بۆ دابینبكرێت ئەوكاتە كۆنترۆڵی نرخی بەنزین دەكرێت و بەرزی و نزمی روونادات».
