هاوڵاتی دادگاى فیدڕاڵی عێراق رایگەیاند، خەرجکردنی پشکی هەرێمی کوردستان بە رەزامەندی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق "نادەستورییە"، دەشڵێت، "یەکلایی کردنەوەی کێشەی هەرێم و بەغدا لە پەرلەمان نادەستورییە". دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، ئەمڕۆ لەبارەی ژمارەیەک سکاڵای یاسایی کۆبۆوە، کە دووان لە سکاڵاکان تایبەتبوون بە حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق لە دژی چەند بڕگە و ماددەیەکی یاسای بودجە. لە کۆبونەوەکەدا دادگاکە بڕیاریدا کە کە ئەو دەقەی نوسراوە (بە رەزامەندی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق) کە لە ماددەی (11/یەکەم)دا و بڕگەی (لە کاتێکدا نەگەیشتنە چارەسەر ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری پێویست دەدات) کە لە ماددەی (13/حەوتەم) هاتوە، "نادەستورییە". یەکێک لەو دەستەواژانەى دادگا بە نادەستوریى زانی، تایبەتە بە خەرجکردنى پشکى هەرێمى کوردستان بە رەزامەندیى سەرۆکوەزیرانى عێراق، کە لە بڕگەى یەکى مادەى 11ـی بودجەدا هاتووە، بەوەش وەزارەتى دارایی عێراق لایەنى بەرپرس دەبێت لە ناردنی پشکەکە. دەستەواژەی دووەم لە بڕگەى حەوتى مادەى 13ـدا هاتووە، کە تایبەتە بە بڕیاردانى کۆتایی لەسەر کێشەى نێوان هەولێر و بەغدا لە پەرلەمانی عێراق، ئەگەر ئەو دوو لایەنە نەگەیشتنە رێککەوتن. لە سەر ئەو بنچینەیە، هەر کێشەیەکی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لە بواری بودجەدا لەلایەن لیژنەی هەردوو حکومەتەوە یەکلایی دەبێتەوە، نەوەک ئەوەی پەرلەمانی عێراق بڕیاری لەبارەوە بدات.
هاوڵاتی ئەنجامى لێکۆڵینەوەکان لە کوژرانى موقەدەمێکی وەزارەتى پێشمەرگە لە شارى هەولێر راگەیانرا و بە وتەى پۆلیس،" خۆى خۆى کوشتووە". پۆلیسى هەولێر، ئەنجامى لێکۆڵینەوە لە کوشتنى موقەدەمێکى وەزارەتى پێشمەرگە بڵاوکردەوە و دەڵێت: عەقید فواد زرار، موقەدەمی وەزارەتی پێشمەرگە لەژێر کاریگەریی خواردنەوە کحولییەکان خۆی بە شۆستەی شەقام و بارهەڵگرێکدا داوە و دواتر بە چەکی کڵاشینکۆڤ گولـلەیەکی لە قاچی چەپی خۆی داوە. پۆلیس دەشڵێت: بەڵگەکانی کامێرکانى چاودێرى و پزیشکی داد پشتڕاستی دەکەنەوە کە ئاراستەی گولـلەکە لە ناوەوە بۆ دەرەوەیە و یەک قەوانی بەتاڵی کڵاشینکۆڤ لەنێو ئۆتۆمبێلەکە دۆزراوەتەوە؛ تووشی خوێنبەربوون بووە و گیانی لەدەستداوە
هاوڵاتی بە پێی هەواڵێک کە ماڵپەڕی "هەنگاو" بڵاوی کردۆتەوە، رۆژی شەممە ٥ی ئاب، هێزە چەکدارەکانی ئێران، کۆڵبەرێکی ٥٠ ساڵ تەمەنیان بە ئەنقەست کردووە بە ژێر ئۆتۆمبیلەوەو بە هۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لە دەست داوە. ماڵپەڕی هەنگاو ڕایگەیاند، ڕەسووڵ گاگەشی، خەڵکی گوندی "کانی زەرد" ی سەردەشت، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە بە ئەنقەست و بە ئۆتۆمبێل لە سنووری شێڵمان کرایە ژێرەوە و لەکاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. بەوتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕەسووڵ گاگەشی، کۆڵبەری کوژراو، تەمەنی ٥٠ ساڵ و باوکی پێنج منداڵ بووە. تەرمی ڕەسووڵ گاگەشی هێشتا لە نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیووبی بانە ڕاگیراوە و ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە. هاوکات لەگەڵ تەقەکردن لە کۆڵبەر و کاسبکارەکانی سەرسنوور، رۆژی پێنج شەممە ٤ی ئاب، لە سنووری بانە، کۆڵبەرێک بە ناوی "هوشیار ئەمینی دۆسینە"، کوڕی محەممەد و خەڵکی گوندی "دۆسینە"، سەر بە شاری بانە، بە تەقەی هێزەکانی ئێران گیانی لەدەست دا. سەرچاوەیەک لەم بارەوە بە ماڵپەڕی "کوردپا"ی راگەیاندووە: ئەم کۆڵبەرە لە کاتی گەڕانەوە لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی بانە، لە خاڵی پشکنینی "خوریاوا"، کراوەتە ئامانج و تەوەی لێکراوە.
هاوڵاتی بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی شەپۆلێکی گەرما روو لە کوردستان دەکات و لە هەندێک ناوچە بەرزترین پلەی گەرما دەگاتە سەرووی ٥٠ پلەی سیلیزی. بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، "شەپۆلێکى گەرما ڕو لە ناوچەکەمان دەکات سبەى دوشەممە کاریگەرى ئەم شەپۆلە دەستپێدەکات و تاوەکو هەفتەى داهاتو ئەو بارستە هەوایە گەرمە لەسەر ناوچەکەمان دەمێنێتەوە". ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەم بەرزبونەوەیە لە پلەکانى گەرما رۆژى پێنجشەممە دەگاتە ئەوپەڕى بەهێزى خۆى. پلەی گەرمای شارەکانی باشووری کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت: - هەولێر: 47 پلەی سیلیزی - سلێمانی: 45 پلەی سیلیزی - دهۆک: 46 پلەی سیلیزی - کەرکووک: 50 پلەی سیلیزی - هەڵەبجە: 47 پلەی سیلیزی - گەرمیان: 51 پلەی سیلیزی - راپەڕین: 45 پلەی سیلیزی سەبارەت بە پلەی گەرما لە ناوچە شاخاوییەکان کەشناسی ئاماژەی بەوەکردووە، لە ناوچە شاخاوییەکان پلەی گەرما لە سەرووى ٤٢ پلەى سیلیزى دەبێت ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان لە سەرووى ٣٤ پلەى سیلیزى دەبێت. باسی لەوەشکردووە، ئەم شەپۆڵی گەرمایە ماوەی مانەوەی بۆ چەند ڕۆژێک درێژدەبێتەوە بۆیە جیاوازە لە شەپۆڵەکانی تر ئەمەش وا دەکات هەرێمی کوردستان و ناوچەکە لە ژێر شەپۆڵێکی گەرمای چەند ڕۆژە بێت .
هاوڵاتی بەیانى ئەمڕۆ یەکشەممە، بە فڕۆکەى بێفڕۆکەوان گوندى چنارتوو لە سنورى ناحیەى ئاغجەلەر بۆردومانکرا. بەگوێرەی زانیارییەکان لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا، بە ئاسمانی ناوچەکەدا سوڕاونەتەوە، نزیک کاتژمێر هەشتی بەیانی گوندی چنارتوویان بۆردوومان کردووە، لە سنووری شارەدێی ئاغجەلەری سەربە شارۆچکەی چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی. هاوکات بەرێوەبەرى ناحیەى ئاغجەلەر ڕایگەیاند، ئاگر لە سنورەکە کەوتووەتەوە و لەلایەن تیمەکانى بەرگرى شارستانییەوە کۆنتڕۆڵکراوە، بەڵام ئامادەنەبوو هیچ زانیارییەکى دیکە لەبارەى بۆردومانەکەوە ئاشکرا بکات.
هاوڵاتی ئەبولفەزل قەدیانی، یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی پێشتری کۆماری ئیسلامی و کەسایەتییەکی دیاری بزووتنەوەی سەوز و نزیک بە میرحسێن مووسەوی، لە وتارێکدا لە ماڵپەڕی " سحام نیوز" نووسیویەتی :" شەپۆلی دووهەمی بزووتنەوەی گۆڕان خولقێن و پڕخێر و بەرەکەتی ژن، ژیان، ئازادی" بەم زوانە سەر هەڵدەداتەوە. ئەم کەسایەتییە دیارەی پێشتری کۆماری ئیسلامی دوای ٢٠١٠ و سەرهەڵدانی بزووتنەوەی سەوز، یەکێکە لە رەخنەگرەکانی دەسەڵات دەربارەی رەشنووسی نوێ بۆ داسەپاندنی حیجابی زۆرەملێ لە مەجلیس نووسیویەتی :" ئەم گەڵالە و رەشنووسە هەر لە ئێستاوە شکستی هێناوەو ژنان و پیاوانی ئازادیخواز دژی دەوەستنەوەو عەلی خامنەیی سەرکوتگەر ناتوانێ بە ئامانجەکانی بگات". دوای چەند مانگ لە بانگەشە و پڕووپاگەندە حکوومەتییەکان دەربارەی شێوە نوێکانی کۆنتڕۆڵی جل پۆشینی ژنان، ئێران رەشنووسی یاسایەکی نوێی ناردۆتە پەڕلەمانی ئێران بۆ پەسەندکردن، کە بە پێی ئەو یاسا نوێیە کۆمەڵێک سزای نوێ بە سەر ئەوانەدا دادەسەپێنرێت کە حیجابی زۆرەملێ رەچاو نەکەن و نەیپارێزن. لەو سزایانەی کە ئاماژەی پێدراون ئەمانەن:" بێبەبەری بوون لە خزمەتگوزاری حکوومەتی، دەست بەسەرداگرتنی سەیارە، داخستنی شوێنی کار و سزای نەختی قورس". لە رەشنووسی ئەم یاسایەدا کە دراوەتە پەڕلەمان بۆ پەسەندکردن، بە چەندین جۆر دەرکەوتنی قژی ژنان بە بێ حیجابی پێناسە کراوەو سزای قورسی لەسەرە. ژمارەیەک لە نوێنەرەکانی پەڕلەمانی کۆماری ئیسلامی ئەم رەشنووسە یاساییە بە توندڕەوانە ناو دەبەن و لایان وایە زێدەڕۆیی تێدا کراوە. لەگەڵ نزیکبوونەوە لە سالڕۆژی دەستپێکی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" و مەرگی "ژینا ئەمینی" کچە کوردی سەقزی لە شاری تاران بە هۆی ئەشکەنجەی پۆلیسی ئەخلاقەوە، دەسەڵات هەوڵ دەدات گوشارەکان لە کۆمەڵگا زیاتر بکات و دوای چەند مانگ بە دانانەوەی "پۆلیسی ئەخلاق" لە سەر شەقامەکان، گوشار بۆ سەر کۆمەڵگا زیاتر ئەکات. ئەبولفەزل قەدیانی، کەسایەتی دیاری بزووتنەوەی سەوز و یەکێک لە بەرپرسانی پێشتری کۆماری ئیسلامی، لەگەڵ رەخنەگرتن لەم رەشنووسە یاساییە، لای وایە ژنان و پیاوانی ئێرانی بەردەوام ئەبن لەم شۆڕشە و شەپۆلی دووهەمی ئەم شۆڕشە زۆر نزیکە.
هاوڵاتی بەشێک لە چالاکوان و گەنجانی کورد لە وڵاتی ئەڵمانیا بەتایبەت لە شاری میونخ؛ بە چەندین شێوەی جیاواز تاوانەکانی شەڕی دەوڵەتی تورکیا دەخەنەڕوو و بانگەوازیی ئەوەیان کرد گەشتیاریی یەکێکە لە گەورەترین سەرچاوەکانی داهات بۆ دەوڵەتی تورک، بۆیە بایکۆتی گەشتەکان بۆ تورکیا بکەن و مەبنە پشتیوانیی ئەو شەڕە. لە چالاکییەکاندا گەنجان بەشێوەی زارەکی و نووسراو، هۆشیارییان بڵاوکردەوە کە، دەوڵەتی تورکیا هێرشی داگیرکاریی و جینۆساید بە تایبەت بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و باشووری کوردستان ئەنجام دەدات. ئاماژەیان بەوەشکرد، گەشتیاریی یەکێکە لە گەورەترین سەرچاوەکانی داهات بۆ دەوڵەتی تورک، هەربۆیە گەشتەکانتان بۆ تورکیا هەڵبوەشێننەوە و بایکۆتی بکەن و مەبنە لایەنگریی ئەو شەڕە. بە وردەکاریشەوە باسیان لە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا کردووە کە چۆن زیانی گەورەی بە سرووشتی کوردستان گەیاندووە.
هاوڵاتی دوایین كۆبوونەوەی یەكێتی و پارتی لەسەر ئاستی باڵا لەسلێمانی رۆژی یەكشەممە 30-7-2023 ئەنجامدرا، بەڵام تەنها لەسەر ئەوە رێككەوتوون كەهەڵبژاردن ئەنجامبدرێت و ناكۆكیەكانیشیان لەناو حكومەت كەمبكەنەوە، جگە لەوەی لەسەر یەك لیستی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق رێكنەكەوتوون. بڕیاربوو لەكۆبوونەوەی 30-7-2023 پارتیو یەكێتیدا، تەوەرێكی سەرەكی گفتوگۆكان تایبەت بێت بەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق لەناوچە جێناكۆكەكان، لەكاتێكدا هەمان رۆژ دوا وادەی تۆماركردنی ناوی هاوپەیمانێتییەكان بۆ ئەم هەڵبژاردنە كۆتایی هات، بەڵام كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ماوەی هەفتەیەك مۆڵەتی درێژكردەوە. پارتیو یەكێتییو لایەنە سیاسییەكانی تر كەمتر لەهەفتەیەك دەرفەتیان لەبەردەستدا ماوە بۆ ئەوەی خۆیان وەكو هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەدیاریكراویش لەكەركوك تۆمار بكەن، بەڵام وەك مەسعود مەلا پەروێز بەرپرسی پەیوەندیەكانی پارتی لەكەركوك لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی وتی:»تائێستا یەك لیستی كورد لەكەركوك و ناوچە كێشەلەسەرەكان ئەگەرێكی دوورە». وتیشی:»تائێستا هیچ رێككەوتنێك لەنێوان پارتی و یەكێتی نییە بۆ ئەوەی بەیەك لیست لەكەركوك و ئەو ناوچانە بەشداری هەڵبژاردن بكەن». بەڵام وەك ئەو بەرپرسەی پارتی لەكەركوك دەڵێت «ئەگەر دوو لیستی بەهێزیش هەبێت لەكەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكان دەنگی كورد نافەوتێت». هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بڕیارە لە 18ی كانونی یەكەمی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت و كورد كێبڕكێی زۆرترین كورسی دەكات بۆ ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە 16 كورسیە و ئەگەر كورد نۆ كورسیی كەمتر بەدەستبێنێت ناتوانێت پۆستی پارێزگار لەبەرژەوەندی خۆی یەكلایبكاتەوە. بەپێی یاسای ژمارە چواری ساڵی 2023ی هەمواری سێیەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاكانی ژمارە (12)ی ساڵی 2018، ژمارەی كورسی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق كە ژمارەیان (15) پارێزگایە جگە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان. هیچ پارێزگایەك نابێت كورسییەكانی لە (12) كورسی كەمتربێت و هەر پارێزگایەك ژمارەی دانیشتوانی بۆ هەر كورسییەك زیاتر بوو لە (200 هەزار) كەس ئەوا بەپێی یاساكە كورسییەكانی بۆ زیاد دەكرێت لەسەر بنەمای ئاماری وەزارەتی پلاندانی عێراق لە ساڵی (2019).
هاوڵاتی هەپەگە ڕایگەیاند، لە چالاکییەکی گەریلاکاندا حەوت سەربازی سوپای تورکی داگیرکەر لە زاپ و حەفتانین کوژران. ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانى پاراستنى گەل- هەپەگە ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی چالاکییەکانی گەریلا و هێرشەکانی سوپای تورکیای لە ڕۆژانى ٤ و ٥ی ئاب بڵاوکردەوە. دەقی زانیارییەکانی لە ڕاگەیەندراوەکەدا خراوەتەڕوو: هەرێمی شەهید دەلیل لە ڕۆژئاوای زاپ؛ ٤ی ئاب کاتژمێر٦:٣٠، لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی، بە تاکتیکی نیشانەشکێنی داگیرکەران کران بە ئامانج، لەو چالاکییە، ئەم چالاکییە لەلایەن هێزەکانی یەژاستارەوە گورز لە سەنگەرێک درا. ٤ی ئاب کاتژمێر ١١:١٥، لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی، سەنگەرێکی داگیرکەران کرایە ئامانج، لەم چالاکییەدا گورز لە سەنگەرێک درا، کە لەلایەن هێزەکانی یەژاستارەوە ئەنجامدرا. ٤ی ئاب کاتژمێر ١٥:٠٠، لە دژی داگیرکەران لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی کۆببوونەوە، لەلایەن تیمە گەڕۆکەکانمانەوە چالاکییەکی هەماهەنگی گەریلایی ئەنجامدرا، لە دوو قۆڵەوە لە داگیرکەران درا و لانیکەم سێ داگیرکەر سزا دران، ئەم چالاکییە لەلایەن هێزەکانی یەژاستارەوە ئەنجامدرا. ٤ی ئاب کاتژمێر ١٦:٣٠، لە کاتێکدا کە داگیرکەران لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی لە جموجوڵدا بوون، بە چەکی قورس لێیاندرا و گورز لە داگیرکەران وەشێندرا، بەهۆی ئەوەی داگیرکەران گورزیان بەرکەوت، جموجوڵیان ڕاگیرا. ٤ی ئاب کاتژمێر ١٨:٣٠، لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی، بە چەکی نیمچە ئۆتۆماتیک لە داگیرکەران درا و لە ئەنجامدا ٢ داگیرکەر سزادران. ٤ی ئاب کاتژمێر ١٩:٣٠، لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی، بە تاکتیکی نیشانشکێنی لە داگیرکەران درا و لە ئەنجامدا داگیرکەرێک سزا درا، ئەو چالاکییە لەلایەن هێزەکانی یەژاستارەوە ئەنجامدرا. داگیرکەران بە تاکتیکی نیشانشکێنی تەقەیان لێکرا و لە ئەنجامدا داگیرکەرێک سزا درا، ئەو چالاکییە لەلایەن هێزەکانی یەژاستارەوە ئەنجامدرا. ھەرێمی زاپ: ٥ی ئاب کاتژمێر ٠٨:٣٠، کاتێک حەفارەیەک لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی سیدا هەوڵیدەدا سەنگەرەکانمان بڕوخێنێت، بە چەکی قورس لێیدرا و هێرشی حەفارەکە وەستێنرا، ئەو چالاکییە لەلایەن هێزەکانی یەژاستارەوە ئەنجامدرا. هەرێمی هەفتانین: ٣ی ئاب کاتژمێر ٠٥:٠٠، بە چەکی قورس سەنگەرەکانی داگیرکەران لە گۆڕەپانی شاخی کۆردینەی سەر بە بەکتۆریا کرانە ئامانج. هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر: ٤ی ئاب، گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی لە ھەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ ٢ جار، گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئامێدی ٢ جار و گۆڕەپانی گوندی بازێی مەتینا جارێک، بە گشتی ٥ جار لەلایەن فڕۆکەی شەڕ بۆردومان کران. ھەرێمەکانی زاپ، شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ و مەتینا تۆپباران کران.
هاوڵاتی تەرمی ئەو دو برا خنکاوەکەی دوکان دەرهێنرانەوە کە ئێوارەی دوێنێ هەینی گیانیان لەدەستدا، تەرمەکانیشیان دەگەڕێنرێتەوە بۆ کەرکوک. سیروان لالە سەرحەد، قائیمقامی دوکان رایگەیاند، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ تەرمی یەکێک لە براکان لەلایەن تیمە ژێر دەریاییەکانەوە دۆزرایەوە و دەرهێنرا، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆش تەرمی دوەم دۆزرایەوە و دەرهێنرانەوە کە ئێوارەی رۆژی هەینی لە ئاوی دوکاندا گیانیان لەدەستدا. ئێوارەی رۆژی هەینی دو کەس کە لە کەرکوکەوە بۆ گەشتکردن لەگەڵ خێزانەکەیان سەردانی دوکانیان کردوە کەوتونەتە نێو دەریاچەکە و خنکاون، سەرەتا یەکێک لە براکان کەوتوەتە ناو ئاوەکەوە و دواتر براکەی بۆ رزگارکردنی چوە بەڵام هەردوکیان گیانیان لەدەستداوە. ئەو دوو کەسەی لە دەریاچەی دوکان خنکابوون خەڵکی شاری کەرکوک بوون و بە مەبەستی گەشتیاری روویان لە سەیرانگای دوکان کرد و لە کاتەکانی شەو لە نێو ئاوی دەریاچەی دوکان خنکان.
هاوڵاتی بە پێی هەواڵێک کە ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لە کەناڵی تێلگرامی خۆی بڵاوی کردۆتەوە، ئەمڕۆ شەممە ٥ی ئاب، دوو ژینگەپارێز کە ئەندامی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان و ئەنجومەنی ژیوانی پاوەنن، لە کاتی ئاگرکوژاندنەوە لە دەورووبەری مەریوان بریندار بوونە و بە هۆی برینەکەیانەوە گەیەندراونەتە نەخۆشخانەو ئێستا تەندروستیان جێگیرە. لەم پەیوەندەدا یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی چیا بە هاوڵاتی راگەیاند، ئارمان شاکری ئەندامی ئەنجومەنی سەوزی چیایە، لە کاتی ئاگرکوژاندنەوە قاچی شکاوەو گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و چارەسەری وەرگرتووە. هەروەها عەدنان قادری ئەندامی ئەنجومەنی ژیوای پاوە، لە کاتی ئاگرکوژاندنەوەدا خشۆکێکی نەناسراو پێوەی داوەو باری تەندروستی تێکچووەو گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و دوای وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانە دەرکراوە. باسی لەوەشکرد" جێگەی ئاماژەیە ٣ رۆژە لە چەن شوێنەوە دارستانەکانی دەورووبەری مەریوان دەسووتێن و تیمە خۆبەخشەکانی ئاگرکوژاندنەوە لە شارەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ یارمەتی ژینگەپارێزانی شاری مەریوان، روویان لەو شوێنانە کردووە کە ئاگری تێدایە بە مەبەستی کوژاندنەوەی ئاگرەکە. بە پێی زانیارییەکانی هاوڵاتی لە شارەکانی، پاوە، سەقز، سنە و بانەوە ژینگە پارێزەکان پەیوەست بوون بە چالاکانی ژینگەپارێزی شاری مەریوانەوە و تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٥١ تیمی خۆبەخش بۆ ئاگرکوژاندنەوە بەرەو شوێنی ئاگرەکان رێکەوتوون. جێگەی ئاماژەیە چەند رۆژێک لەمەو پێش و رۆژی هەینی ٢١ی تەمموز لەكاتی كوژاندنەوەی ئاگر لەنزیك كانی میران حەوت ژینگەپارێز بەهۆی تەقینەوەی مین بریندار بوون.
هاوڵاتی زیاتر لە 10 مانگ بەسەر ناڕەزایەتییەكانی دوای مەرگی ژینا ئەمینیدا تێدەپەڕێت و تائێستاش مەرگی بریندارەكانی خۆپیشاندانەكان و كەسوكاری كوژراوان و خۆكوشتنی دەستگیركراوان چیرۆكی پڕژانی ئەو سەرهەڵدانەن و لەنوێترین حاڵەتیشدا گەنجێكی ئەشكەنجەدراو دوای ئازادكردنی خۆی كوشتووە. كۆماری ئیسلامی ئێران ترسشی لێ نیشتووە لەزیادبوونی ناڕەزاییەتییەكان بەتایبەت لەساڵیادی ژینا ئەمینیدا خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی گەورە دروست ببێت، بۆیە لەئێستاوە فشارەكانی بەتایبەت لەشارەكانی رۆژهەڵات توندتر كردووەتەوە لەڕێگەی دەستگیركردن و ئەشكەنجەدانیانەوەو ترساندنی كەسوكارەكانیان. چیرۆكی مەلیحە، ئەو دایكەی دوای كوژرانی رۆڵەكەی لەشاری سەقز جەڵتە لێیداو باری قورسی خەمی مەرگی كوڕەكەی وای كرد دوای حەوت مانگ بێهوشبوون لەنەخۆشخانە گیانی لەدەستبدات و ئەوەش بەشێكن لەچیرۆكە ئازاربەخشەكانی ئازادی لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران. گرتن و دەستبەسەركردنی كەسوكاری شەهیدانی ناڕەزایەتییەكان و گیانلەدەستانی ژمارەیەك لەبریندارەكانی رابردوو بووەتە هۆی تۆماركردنی زنجیرەیەك چیرۆك كە هەمووی ئاماژەیە بۆ قوڵبوونەوەی ناڕەزایەتییەكان. تراژیدی خۆكوشتنی ئەو كەسانەی لەزیندانەكان ئازاد دەكرێن بەچیرۆكی مەرگی گەنجێكی رۆژهەڵات دووبارە بووەوە، چونكە لەدوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكانەوە چەند گەنجێك هەوڵی خۆكوشتنیان داوە و لەزۆربەی حاڵەتەكاندا ئەو گەنجانە گیانیان لەدەستداوە. ئەو دایكەی بەرگەی ژانی مەرگی كوڕەكەی نەگرت گیانلەدەستدانی دایكی یەكێك لەكوژراوانی رۆژهەڵاتی كوردستان دوای حەوت مانگ لەبێهۆشبوون چیرۆكێكی دڵتەزێنی دایكێكی جەرگ سوتای رۆژهەڵاتی كوردستانە كە دوای مەرگی رۆڵەكەی جەڵتە لێیدابو.و مەلیحە حەسەنژاد، دایكی محەمەد حسێنی، گەنجێكی شاری سەقزە كە لەكاتی ناڕەزایەتییەكانی ئەو شارەدا تەرمەكەی لەناو ئۆتۆمبێلێكدا لەنزیك ناوچەی قەوخ دۆزرایەوە ئەو دایكە تەنها ماوەیەكی كورت لەدۆزینەوەی تەرمی كوڕەكەی بەئەشكەنجەكراوەی، تووشی جەڵتەی مێشك بوو و رەوانەی نەخۆشخانەیەك لەتاران كرا و پاش حەوت مانگ بێهۆشبوون دواجار گیانی لەدەستدا. تەرمی مەلیحە بە رێوڕەسمێكی جەماوەریی رەوانەی شاری سەقز كرایەوە و لەتەنیشت گۆڕی كوڕەكەی بەخاكسپێردرا و چیرۆكی مەرگی ئەو دایكەو كوژرانی رۆڵەكەی بەئەشكەنجە ئازارێكە لەهەوڵدان بۆ ئازادیی لە رۆژهەڵاتی كوردستان. محەمەد حسێنی لە 20 تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو دوای 24 كاتژمێر لە بێسەروشوێنبوونی تەرمەكەی لەدەرەوەی شاری سەقز دۆزرایەوە و پزیشكی دادی سەر بەدامودەزگای فەرمی كۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاندبوو كە ئەو گەنجە بەهۆی ژەهراویبوونەوە گیانی لەدەستداوە بەڵام دواتر رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ ئاشكرایان كرد كەئەو گەنجە ئەشكەنجە دراوەو چەندجارێكیش بەئۆتۆمبێل بەسەریدا رۆیشتون و ئەوەش هۆكاری مەرگی محەمەد بووە كە لە ناڕەزایەتییەكانی دوای مەرگی ژینا لەشاری سەقز دەستگیركرابوو. كوژران لەپێناو ئازادی خۆكوشتن بۆ رزگاربوون لە فشارەكان بریندارێكی ناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵات و ئێران دوای هەشت مانگ گیانی لەدەستداو گەنجێكیش كە پێشتر دەستگیركرابوو بەخۆهەڵواسین كۆتایی بەژیانی خۆی هێنا. یەكێك لەبریندارەكانی ناڕەزایەتییەكانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی، بەهۆی سەختی برینەكەی دوای هەشت مانگ و شەش رۆژ گیانی لەدەستدا. ئەبولفەزل ئەمیرعەتایی تەمەن 16 ساڵ كە لەناڕەزایەتییەكانی شاری (رەی) سەر بەتاران گوللـە بەر سەری كەوتبوو دوای زیاتر لە هەشت مانگ بەهۆی سەختی برینەكەی هەینی رابردوو گیانی لەدەستدا. پێشتر دایكی ئەبولفەزل ڤیدیۆیی كوڕەكەی بڵاوكردبووەوە كە تەنها دەیتوانی پەنجەكانی و پێڵوی چاوەكانی بجوڵێنێت و ئەوەش ببوە هۆی دڵخۆشیی و گەڕانەوەی هیوا بۆ دایكی بەڵام مەرگی ئەو لاوە خەون و هیواكانی دایكی لەگەڵ خۆی برد. هەر لەماوەی رابردوودا و لەدرێژەی چیرۆكە بێ كۆتاییەكانی ئازارەكانی ئازادی لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران گەنجێكی تەمەن 18ساڵ دوای سێ مانگ زیندان و ئەشكەنجە لەگەڵ ئازادبوونی خۆی هەڵواسی و گیانی لەدەستدا. ئیحسان جەواهیری، خەڵكی گوندێكی سەر بەشاری كامیاران لە رۆژهەڵاتی كوردستان بوو كە بەبیانوی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەكانی دوای مەرگی ژینا لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامی دەستگیركراو بەپێی زانیارییەكانی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ ئەو گەنجە ماوەی زیاتر لەسێ مانگ ئەشكەنجە دراوەو دوای ئازادكردنی لە رۆژی هەینی (21/7/2023) بە خۆهەڵواسین كۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە. پێشتر سەرچاوەكانی مافی مرۆڤ و تەنانەت تەلەفیزیۆنی سی ئێن ئێن كۆمەڵێك بەڵگەی ئەشكەنجەی دڕندانەو دەسترێژییان بۆ سەر دەستگیركراوانی ناڕەزایەتییەكان بڵاوكردبووەوە و ئاماژەیان بەوە كردبوو بەشێك لەقوربانیانی ئەو ئەشكەنجانە لەژێر فشاری دەروونیدا پەنایان بۆ خۆكوشتن بردووە و ژمارەیەكیان گیانیان لەدەستداوە. ترس لەشۆڕشی ژینا مستەفا رۆستەمی، سەرۆكی ناوەندنی نوێنەرایەتیی عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران، رایگەیاندووە؛ بەپێی پێشبنییەكانی ئەو ناوەندە ئەمنیی و هەواڵگرییەكانی وڵاتەكە، ئەگەر لەیەكەم ساڵیادی مەرگی ژینا ئەمینیدا خۆپیشاندانەكان دووبارە نەبنەوە لایەنگرانی دروشمی « ژن، ژیان، ئازادی» بەتەواوەتی شكست دەهێنن. بەوتەی ئەو دوژمنانی كۆماری ئیسلامی هەوڵدەدەن لەیادی مەرگی ژینادا خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان لەزانكۆكانەوە دەستپێبكەنەوە. رۆستمەمی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی بەكاری ئاژاوەگێڕانەو تێكدەرانە دژی كۆماری ئیسلامی ناوهێناوە و جەختی كردووەتەوە كە ئەگەر ناڕەزایەتییەكان لەیەكەم ساڵیادی مەرگی ژیناو سەرهەڵدانەكانی دوای مەرگی ئەو كچە دەستپێنەكەنەوە چیتر ناتوانن ناڕەزایەتیی دەربڕن چونكە لایەنگرانی ئەو خۆپیشاندانانە بەتەواوەتی شكست دەهێنن. لێدوانی ئەو بەرپرسەی كۆماری ئیسلامی لەكاتێكدایە نزیكەی دوو مانگی ماوە بۆ یەكەم ساڵیادی مەرگی ژینا ئەمینی كەدوای دەستبەسەركردنی بەبیانوی نەگونجاوبوونی باڵاپۆشیەكەی لە تارانی پایتەخت و دوای سێ رۆژ بێهۆشبون لە 16ی ئەیلولی ساڵی 2022 لەنەخۆشخانە گیانی لەدەستداو ئەوەش ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانی لە رۆژهەڵاتی كوردستان و سەرتاسەری ئێرانی لێكەوەتەوەو لەزۆربەی وڵاتانی جیهانیش بۆ پشتیوانیی لەو ناڕەزایەتییانە گردبوونەوەو خۆپیشاندان بەڕێوەچوو. لەماوەی رابردوودا بەهۆی ترس لەسەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییەكان دەیان گەنج و لاوی شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەستگیركراون كەئاماژەی ترسە لەبریسكەی دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندانی فراوان لەو بەشەی كوردستان و شارەكانی ئێران.
هاوڵاتی لەسنوری قەزای ئاکرێ زەڕەنگەرێک بەناوی دروستکردنی زێر 50 هەزار دۆلاری لە خەڵک وەرگرتووە و دواتر هەڵاتووە. سەرچاوەیەکی ئاگادار لەسەر کێشەکە تایبەت بە هاوڵاتی ی وت" لەسنوری قەزای ئاکرێ زاڕەنگەرێک بڕێکی زۆر پارەی هاوڵاتیانی بە ناوی ئاڵتون دروستکردنەوە بردووەو هەڵهاتووە" وتیشی، "هێشتا تاوانبارەکە دەستگیرنەکراوە و ئەوانەی پارەیان داوەتە ئەو کەسە داوا دەکەن بە زووترین کات پۆلیس دەستگیریبکات تا پارەکانیان وەربگرنەوە" لەم بارەیەوە ڕائید عیماد حسێن، ووتەبێژی پولیسی قەزای ئاکرێ بە هاوڵاتی وت " کەسێک پارەی بەناوی دروستکردنی ئاڵتون لە خەڵک وەرگرتووە دواتر وون بووە، چوار کەس بەرەسمی هاتوون بۆ لای ئێمە و سکاڵایان تۆمارکردوە،و فەرمانی دەستگیرکردنی لەلایەن دادوەرەوە دەرچووە" رائید عیماد حسێن دەشڵێت"ئێمە ناتوانین ئاماژە بە بڕی پارەکە بکەین، ئەو کەسەیە وون بووە لە ئاکرێ نەماوە، ئێمە بەدوای دەگەرێن ورێکاری پێویست ئەگرینە بەر"
هاوڵاتی زیاتر لە 20 ساڵە دەریاچەی ورمێ مەترسی وشكبوونی لەسەرە بەڵام ئەو مەترسییە لەئەمساڵدا زۆتر لەهەموو كاتێك خەریكە روودەدات و شارەزایان دەڵێن دەریاچەكە بووەتە زۆنگاو. بەوشكبوونی دەریاچەی ورمێ قەیرانی ژینگەیی لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ژمارەیەك لەشارەكانی سنوری هەزار كیلۆمەتریی ئەو دەریاچەیە و دۆخەكە بەجۆرێك كاریگەریی لەسەر خەڵك كردووە كە ژمارەیەك لە دانیشتوانی شیعەی ئەو پارێزگایە لەیادی چلەی ئیمام حسێندا شینیان بۆ ورمێ گێڕا. حكومەتی ئێران دەڵێت لەماوەی نۆ ساڵدا و تائەمساڵ حەوت ملیار مەتر سێجا ئاو رژاوەتەوە دەریاچەی ورمێ، بەڵام ئەوەی ئێستا بەدیدەكرێت هەست ناكرێت ئەو دەریاچەیە یەك لەسەدی ئەو بڕە لەئاوەی تێڕژابێت. بەڕێوبەرایەتی ژینگەی ورمێ بڵاویكردووەتەوە هۆكاری سەرەكیی وشكبوونی ئەو دەریاچەیە دەگەڕێتەوە بۆ بەردەوامبونی زیادەڕەوی لەبەكارهێنانی ئاوی دەریاچەكە بۆ كشتوكاڵ و هاوكات بوونی بیری ئاوی نایاسایی لەو ناوچەیە. گەورەترین دەریاچەی كوردستان دەبێتە مەترسی گەورە بۆ ژینگە موحسین موسەوی شارەزای ژینگە بەمیدیای فەرمی ئێرانی راگەیاند؛ بۆ بوژانەوەی دەریاچەی ورمێ پێویستە لە 27 هەنگاودا ئاوی كشتوكاڵی ناوچەی ورمێ و پارێزگای تەبرێز بە رێژەی 40% كەمبكرێتەوە، چونكە رووبەری كشتوكاڵی بەرئاوی ئەو دەریاچەیە دەگاتە دوو ملیۆن و 400 هەزار دۆنم». دەركەوتوە پلانێكی پێشوی حكومەت و پڕۆژەكانی سوپای پاسداران كەئاوی ناوچەكانی سەردەشت و پیرانشاری بەتونێل رەوانەی دەریاچەكە كردووە شكستی هێناوە و بەهیچ شێوەیەك ئاهێكی بەبەری ئەو دەریاچەیەدا نەكردووەتەوە. بەهۆی وشكبوونی دەریاچەی ورمێ لانیكەم ژیانی 14 ملیۆن كەس دەكەوێتە مەترسییەوە و رووبەری پێنج هەزار و 257 كیلۆمەتر زەویش لەنزیك ورمێ دەبێتە بیابانی خوێ كەئەوەش خوێبارینی لەشێوەی خۆڵبارین لێدەكەوێتەوە كە زۆر مەترسیدارە. بەوتەی شارەزایانی ژینگەیی ئەو دەریاچەیە كەگەورەترین دەریاچەی كوردستانە پێویستی بەدوو ملیار دۆلارە بۆ رزگاركردنی لەوشكبوون ئەگەرچی لە 10 ساڵدا 580 ملیۆن دۆلار بەناوی پاراستنی دەریاچەی ورمێ خەرجكراوە، بەڵام 95٪ی ئەو دەریاچەیە وشكبووە. ئاوی دەریاچەی ورمێ بۆ كەمترین ئاستی 60 ساڵی رابردوو كەمدەكات ئاوی دەریاچەی ورمێ بەشێوەیەكی بەرچاو كەمدەكات و بەرپرسێكیش دەڵێت ئەگەری بوون بە زۆنگاوی ئەو دەریاچەیە و وشكبوونی هەیە. بەپێی وێنەكانی مانگی دەستكرد لەدەریاچەی ورمێ لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەركەوتووە ئاستی ئاوی ئەو دەریاچەیە بۆ كەمترین ئاستی 60 ساڵی رابردو كەمی كردووە. لەنوێترین توێژینەوەدا دەركەوتووە ئەمساڵ كەمترین بڕی ئاو لەساڵی 1964 تا ئێستا رژاوەتە دەریاچەكەوەو سەرەڕای ئەوەی حكومەت بانگەشەی ئەوەی كردووە بەچەند پڕۆژەیەك ئاوی لەشارەكانی دیكەی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە بۆ ئەو دەریاچەیە گواستووەتەوە. عیسی كەلانتەری، بەرپرسی پێشووی پارێزگاری لەژینگەی ئێران و بەڕێوەبەری جێبەجێكاری بوژاندەوەی دەریاچەی ورمێ بە رۆژنامەی (ئیعتیماد)ی وڵاتەكەی راگەیاندوە؛ بە ئەگەری زۆر تاكۆتایی وەرزی هاوینی ئەمساڵ دەریاچەكە بەتەواویی وشك دەبێت. بەوتەی كەلانتەری لەئەگەری وشكبونی دەریاچەكە زیاترین مەترسیی رووبەڕووی دانیشتوانی پارێزگای ورمێ و تەبرێز دەبێتەوە چونكە خوێی ئەو دەریاچەیە لەشێوەی خۆڵبارین بڵاودەبێتەوەو ئەوەش مەترسیدارە. بڵاوبوونەوەی ئەو توێژینەوەیە لەكاتێكدایە پێشتر محەمەدسادق موعتەمیدیان، پارێزگاری ورمێ و ئەندامی ئێستای دەستەی بوژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ رایگەیاندبوو پڕۆژەی گواستنەوەی ئاوی كانی سێو بە بودجەی (150) ملیار تمەن لە رابردوودا كەدەكاتە نزیكەی سێ ملیۆن و 300 هەزار دۆلار لەماوەی حەوت مانگدا لەلایەن ناوەندی (خاتەمولئەنبیا)ی سەر بەسوپای پاسداران جێبەجێكراوە لەكاتێكدا ئەو پڕۆژەیە پێویستی بە (18) مانگ كات هەبووە بۆ تەواوبوونی. ئێران گواستنەوەی ئاوی لەبەنداوی كانی سێو لەسەردەشت بۆ دەریاچەی ورمێ بەگەورەترین پڕۆژەی ژینگەپارێزیی رۆژئاوای كیشوەری ئاسیا ناوبردووە لەكاتێكدا ئەو پڕۆژەیە بەهۆكارێك بۆ وشكبوونی سەرچاوەكانی ئاوی سەردەشت و پیرانشار لەقەڵەمدەرێت كە هاوسنورن لەگەڵ هەرێمی كوردستان. شكسی پڕۆژكەی سوپای پاسداران ئەمساڵ دوای 10 ساڵ دواجار ئێران بەكردنەوەی تونێلێكی 36 كیلۆمەتری رایگەیاند قەیرانی وشكبوونی دەریاچەی ورمێ چارەسەر دەكات و بڕیارە ساڵانە 300 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لەپیرانشار بەرەو دەریاچەكە بگوازێتەوە بەڵام ئەو پڕۆژە بە بانگەشەیەكی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی لەقەڵەمدەدرێت كە زیانەكانی لەسودەكانی زۆر زیاترە. زیانی ئەو پڕۆژەیە جگە لەناوخۆی رۆژهەڵاتی كوردستان بەرۆكی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە چونكە دەبێتە مایەی كەمبوونەوەی ئەو سەرچاوانەی كە دەڕژێنە زێی بچووك. ئەگەرچی بەرپرسانی ئێران رایانگەیاندووە تەنها لەو كاتانەدا ئاوی بەنداوی كانی سێو بۆ دەریاچەی ورمێ بەردەدرێتەوە كە كاتی كشتوكاڵ نەبێت و زیان بەدانیشتوانی ناوچەكە نەگەیەنێت و رەچاوی مافی ئاوی وڵاتانی دراوسێ دەكرێت بەڵام بڕیارە رێژەی ئەو ئاوەی كە رەوانەی دەریاچەكە دەكرێت بەپێی توانا و پێویستی بۆ دوو هێندە زیاد بكرێت كە ئەوەش دەبێتە مایەی كەمبوونەوەی زۆربەی سەرچاوە ئاوییەكانی سەر زەوی و ژێر زەوی لەسنوری نێوان رۆژهەڵات و هەرێمی كوردستان. محەمەدسادق موعتەمیدیان، پارێزگاری ورمێ و ئەندامی دەستەی بوژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ رایگەیاندووە پڕۆژەی گواستنەوەی ئاوی كانی سێو بە بودجەی (150) ملیارد تمەن لە رابردودا كەدەكاتە نزیكەی سێ ملیۆن و 300 هەزار دۆلار لەماوەی حەوت مانگدا لەلایەن ناوەندی (خاتەمولئەنبیا)ی سەر بەسوپای پاسداران جێبەجێكراوە لەكاتێكدا ئەو پڕۆژەیە پێویستی بە (18) كات هەبوو بۆ تەواوبوونی. ئێران گەیاندنی ئاو لەبەنداوی كانی سێو لەسەردەشت بۆ دەریاچەی ورمێ بەگەورەترین پڕۆژەی ژینگەپارێزیی رۆژئاوای كیشوەری ئاسیا ناودەهێنێت لەكاتێكدا ئەو پڕۆژەیە بە هۆكارێك بۆ وشكبوونی سەرچاوەكانی ئاوی سەردەشت و پیرانشار لەقەڵەمدەرێت كەهاوسنورن لەگەڵ هەرێمی كوردستان. گەورەترین دەریاچەی كوردستان دەبێتە زۆنگاو دەریاچەی ورمێ وەك گەورەترین دەریاچەی كوردستان كە لەساڵی 1998 بە 25ەمین دەریاچەی گەورەی جیهان ئەژماردەكرا لەئێستادا 95٪ی ئاوەكەی وشكبووەو بەرپرسانی ئێرانیش دەڵێن لە 10 ساڵدا 580 ملیۆن دۆلار بۆ رزگاركردنی دەریاچەكە خەرجكراوە. روحەڵڵا موتەفەكر ئازاد، نوێنەری پارێزگای تەبرێز لەپەرلەمانی ئێران رایگەیاندووە؛ وشكبوونی ورمێ بەواتای سەرهەڵدانی گەردەلولی خوێیە بە بازنەی 600 كیلۆمەترو ئەوەش ژیانی زیاتر لە 14 ملیۆن مرۆڤ دەخاتە مەترسییەوە. ئاستی ئاوی ئێستای دەریاچەی ورمێ دوو ملیارو 480 ملیۆن مەترسێجایە، ئەو بڕە لەساڵی رابردودا یەك ملیارو 440 ملیۆن سێجا بووە، لەكاتێكدا ئەو دەریاچەیە دەبێت لەحاڵەتی ئاسایی خۆیدا 13 ملیار مەترسێجا ئاوی تێدابێت و لەساڵێكدا لانیكەم سێ ملیار و 100 هەزار مەتر سێجا ئاو بڕژێتە ئەو دەریاچەیەوە. شارەزایانی ژینگە جەخت لەوە دەكەنەوە ئەگەر دۆخی ئێستای دەریاچەی ورمێ بەم شێوەیەی ئێستای بەردەوام بێت كە گەورەترین دەریاچەی كوردستانە لەپاییزی ئەمساڵدا دەبێتە زۆنگاو.
عەممار عەزیز لەسنوری پارێزگای دهۆك چوار كارگەی ریسایكلین هەن، بەڵام توانای وەرگرتنی هەموو زبڵ و خاشاكی پارێزگاكەیان نییە، بەشی زۆری دەكرێتە ژێر خوڵەوە كە نزیكەی 50%ی خۆراكە، پسپۆرێكی ژینگەش دەڵێت تەنها زیانە داراییەكان مانگانە دەگاتە 20 ملیۆن دۆلار. دیار حازم، بەرپرسی ژینگە و خزمەتگوزاری لەبەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانیەكانی دهۆك بەهاوڵاتی وت: زبڵ و خاشاكی قەزای ناوەندی دهۆك و سێمێل رۆژانە 700 بۆ 750 تۆنە، لەو بڕە 48%ی خۆراكە، كارگەكانمان دەرەقەتی ئەوە نایەن تەواوی زبڵ و خاشاك وەربگرن و ریسایكلینی بۆ بكەن. وتیشی: بۆ چارەسەری ئەم بابەتە دوو جۆر حاویە دابین دەكەین و لەقەزای سێمێل دەستمانپێكردوە، یەكێك بۆ زبڵی وشك و ئەوەی تر بۆ زبڵی تەڕ ، هەروەها بۆ ساڵی ئایندە لەقەزاكانی ئاكرێ و شێخان و بەردەڕەش جێبەجێ دەكرێت، بۆ قەزای ئامێدی و دەوروبەریش هەمان شت بەكاردەهێنێن، لەم رێگایەوە فشاری سەر كارگەكانی ریسایكلینیش كەم دەبێتەوە. «چوار كارگەی ریسایكلینمان هەیە، هەندێكجار كێشەی سیولەمان هەیە ئەوەش بابەتێكی گشتییەو پەیوەندی بەوەزارەتەوە هەیە نەك ئێمە» بەرپرسی ژینگە و خزمەتگوزاری لەبەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانیەكانی دهۆك وادەڵێت. بڵند رەزا، سەرۆكی شارەوانی ئاكرێ بەهاوڵاتی وت: كارگەی جیاكردنەوەی زبڵ و خاشاكی ئاكرێ لە2011ەوە دامەزراوە، هەر لەوكاتەوە تائێستا بەبەردەوامی ئیش دەكات، ئێستا رۆژانە 200 بۆ 230 تۆن زبڵ و خاشاك وەردەگرێت، لەم رێژەیە سەرووی 50%ی دەكرێتە ژێر خۆڵەوە. وتیشی: ئەوەی تر جیادەكرێتەوەو بەشێكی بۆ كشتوكاڵ بەكاردەهێنرێت و بەشێكی تر دەبێتە نایلۆن و كارتۆن و دووبارە بەكاردەهێنرێن، كارگەكە توانای وەرگرتنی 400 تۆنی هەیە. بڵند رەزا دەشڵێت: ئەو كارگەیەی ئێمە زبڵ و خاشاكی سێ قەزا وەردەگرێت ئەویش قەزاكانی ئاكرێ، بەردەڕەش و شێخان هەموویان 30 شارەوانیە، لەسنوری پارێزگای دهۆك 47 شارەوانی هەن، رۆژانە بەگشتی 1500و 1700 تۆن زبڵ و خاشاكیان هەیە، نزیكەی700 تۆنی خۆراكە. «چوار كارگەكە بەم شێوە دابەشكراون، دوو كارگە دەكەونە ناوچەی كواشێ سەر بەقەزای سێمێل رۆژانە نزیكەی 600 تۆن زبڵ و خاشاك دەگوازرێتەوە بۆ ئەو دوو كارگەیە، كارگەی سێیەم لەسنوری ناحیەی گردەسێن سەر بەقەزای ئاكرێ، رۆژانە 200 بۆ 230 تۆن زبڵی ئاكرێ و بەردەڕەش و شێخان ریسایكلین دەكات، كارگەی چوارەمیش دەكەوێتە قەدش سەر بەقەزای ئامێدی كە رۆژانە 150 بۆ 175 تۆن زبڵی ئەو سنورە ریسایكلین دەكات». سەرۆكی شارەوانی ئاكرێ وادەڵێت. ئەندازیار شێرزاد ئەمین، راوێژكاری زانستیی ژینگەیی لەشارەوانی دهۆك بە هاوڵاتی وت»لەسنوری پارێزگای دهۆك 47 شارەوانی هەن، رۆژانە 1500 بۆ 1700 تۆن زبڵ و خاشاكی هەیە، لەم رێژەیە 48% بۆ 50%ی خۆراكە، ئەمەش زیانی ژینگەیی و دارایی زۆر هەیە. وتیشی: لە رووی ژینگەییەوە كاریگەری لەسەر ئاوی ژێرزەوی دەكات، هاوكات خۆراك بەگشتی شەش مانگ دوای ئەوەی ژێر خوڵ دەكرێت دەڕزێت دوای ئەوە غازی میسانی لێی دەردەچێت، دواتر ئەم غازە كاریگەری زۆر خراپ دەكاتە سەر ژینگە. شێرزاد ئەمین دەشڵێت: لە رووی دارایییەوە ئەگەر حساب بكەین ئەو هەموو خواردنەی رۆژانە ئامادە دەكرێت و دواتر فڕێدەدرێت بەلایەنی كەمی مانگانە زیانەكەی دەگاتە 20 ملیۆن دۆلار. سەباح عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بەهاوڵاتی وت: ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لە 2015دا لیژنەیەكی تایبەتی پێكهێنا بۆ بەدواداچوون لەسەر كارگەكانی ریسایكلین، لیژنەكە بەمەیدانی سەردانی كواشێ و چەند ناوچەیەكی تریان كرد. وتیشی: دانیشتنیان كردووە لەگەڵ قایقمامی سێمێل و چەند بەرپرسێكی تایبەتمەند، هەر ئەوكات كۆمەڵێك بڕیار لەلایەن ئەنجومەنەوە دەركران بەشێك یان جێبەجێ كراون و بەشێكی تر تائێستا جێبەجێ نەكراون.
