هاوڵاتی دواى ئەوەى سەر لە بەیانى ئەمڕۆ، شەڕ لەنێوان دو لایەنى کۆمەڵەدا رویدا، دوو پێشمەرگە کوژران و چەند پێشمەرگەیەکى دیکەیش بریندار بون، هەردو کۆمەڵە لەبارەى شەڕەکەوە راگەیەنراویان بڵاو کردەوە. لە راگەیەنراوێکدا، کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان دەڵێت: لە لایەنی کۆمەڵەی شۆڕشگێر و بە سەرپەرشتی عەبدوڵای ئازەربار هێرش کراوە سەر فێرگە و ئوردوگا و بە قەناسە تەقە لە پێشمەرگە کراوە. ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە لە دوێنێەوە و دوای راگەیاندنی کۆتایی پڕۆسەی یەکگرتنەوە لە لایەن کۆمەڵەکەیانەوە، کۆمەڵەى شۆڕشگێڕان ئاژاوەیان دروست کردوە و هاوارى رشتنى خوێنیان کردوە. لەلایەکى دیکەوە، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت: لەدوای ئەوەی دوێنێ 21ی جونی 2023 هاوڕێ عومەر ئیلخانیزادە لەلایەن دەستەیەک دژی یەکگرتنەوەی کۆمەڵە، لە ئوردوگای بانەگەوەرە گەمارۆ درابوو و بە نێوانگیری هێزەکانی ئاسایش بارودۆخەکە ئارام بوەوە، بەڵام بەداخەوە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 22ی جون، سەر لە نوێ چەند کەسێکیان لە شاخ هێناوەتەوە و لە نێو ئوردوگای بانە گەورە و دەستیان کردوەتەوە بە تەقە لەو شوێنەی ماڵی هاوڕێ عومەر ئێلخانیزادەی لێ بوە. دەڵێت: بۆ ماوەی یەک ساعەت لە ناو ئوردوگای بانەگەورە تەقەیەکی زۆر کراوە و "کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران هەمو بەرپرسیاریەتی گیانی هاوڕێ عومەر ئێلخانیزادە و سەرجەم پێشمەرگەکانی کۆمەڵە دەخاتە ئەستۆی، ئەم گروپە کە نابەرپرسانە هەڵسوکەوت دەکەن.
هاوڵاتی لەنێوان پێشمەرگەی دوو لایەنی کۆمەڵەدا شەڕ روویدا و بەم هۆیەوە دوو پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان کوژران و ژمارەیەک پێشمەرگەی دیکەشیان بریندار بوون. بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە کاتژمێر 7:50 خولەک شەڕ لەنێوان کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕان رویداوە و بەهۆیەوە دو پێشمەرگە کوژراون و سێ پێشمەرگەش برینداربون". هاوکات کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "لەدوای ئەوەی دوێنێ عومەر ئیلخانیزادە لەلایەن دەستەیەک دژی یەکگرتنەوەی کۆمەڵە، لە ئوردوگای بانەگەوەرە گەمارۆ درابو و بە نێوانگیری هێزەکانی ئاسایش بارودۆخەکە ئارام بوەوە، بەڵام بەداخەوە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سەر لە نوێ چەند کەسێکیان لە شاخ هێناوەتەوە و لە نێو ئوردوگای بانە گەورە و دەستیان کردوەتەوە بە تەقە لەو شوێنەی ماڵی هاوڕێ عومەر ئێلخانیزادەی لێ بوە". بەپێی راگەیێندراوەکەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، لایەنی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ "بە سەرپەرشتیی عەبدوڵڵای ئازەربار" هێرشیان کردووە، دەشڵێت، "بە داخێکی زۆرەوە تائێستا دوو پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بە ناوەکانی سامان ئیبراهیمی و هیوا سادقی گیانی لەدەستداوە." وێنەی ئەو دوو پێشمەرگەیەی گیانیان لەدەستداوە
هاوڵاتی دوای ئەوەی ئەمڕۆ لە ڕاپۆرتێکدا هاوڵاتی لە زاری راوێژكارێكی یاسایی پەرلەمانی كوردستانەوە بڵاویکردەوە کە مووچەو ئیمتیازاتی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم كۆتایی هاتووە، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ڕایگەیاند فراکسیۆنەکەیان لە یەکی شەشەوە هیچ بڕە پارەیەکی وەرنەگرتووە. زانا مەلا خالید سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە پۆستێکدا دوای بڵاوبونەوەی ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی هاوڵاتی وتی، "له (١ی٦ی٢٠٢٣) هوه فراكسیۆنی پارتی له پهرلهمانی كوردستان هیچ بڕه پارهیهكی مانگانهی وهرنهگرتیه و به نوسراوی فهرمی ڕهتكراوهتهوه ." دەشڵێت، "جیاوازی پارتی لهگهڵ لایهنی تر كرداره نهوهكو دروشم و قسهی بریقهدار ". لە ڕاپۆرتەکەی هاوڵاتیدا هاتووە، مووچەو ئیمتیازاتی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم كۆتایی هاتووە، لەكاتێكدا پێدانی مووچەكانیان بەردەوامە. لێرەوە تەواوی ڕاپۆرتەکە بخوێنەرەوە: کلیک لێرە بکە
شەنای فاتیح بەهۆی هاتنی وەرزی هاوین كەئەمڕۆ یەكەم رۆژیەتی دڵەراوكێ لای بەشێك لەهاووڵاتیانی هەرێم دروستبووە كە لەهەفتەیەكدا دوو جار ئاوی خواردنەوەیان بۆ بەردەدرێتەوە، بەڕێوەبەری ئاوو ئاوەڕۆی هەرێمیش دەڵێت خواستێكی زۆر لەسەر ئاوی ماڵان هەیە. بەڕێوەبەری گشتی ئاوی هەرێم ئاشكرایدەكات شوێن هەیە لەهەرێم 24 كاتژمێر ئاوی هەیە بەڵام شوێنیش هەیە رۆژ ناڕۆژێك ئاوی دەدرێتێ. ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ئاوو ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بەشێوەیەكی گشتی لەسنوری هەرێمی كوردستاندا هەندێك كێشەمان هەیە كەڕۆژ ناڕۆژێك ئاو بدرێتە ماڵان، بەڵام هەندێك شوێنیش رەنگە 24 كاتژمێر ئاویان هەبێت، ئەوە بەپێی جێبەجێكردنی ئەو پلانانەی هەیە لەشارو شارۆچكەو كۆمەڵگاكان دەگۆڕێت و بوون و نەبوونی كارەباش رۆڵی هەیە. هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد كە تائێستا ئەو بڕە ئاوەی كە بەرهەمدەهێندرێت ئەگەر بەتێكڕا حساب بكرێت زیاترە لەبڕی ئاوی ستاندارد كە بوونی هەیە، وتیشی:» لەهەندێك شوێن كێشەمان هەیەو بەرهەمهێنان كەمترە بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی و نەبوونی كارەبا». «لەچەند گەڕەكێك یان چەند كۆڵان و گەڕەكێكی شاری هەولێر كێشەمان هەیە، چونكە نیوەی بیرەكان ئاوەكەی دابیندەكات و نیوەكەی دیكەشی پڕۆژەكان دابینی دەكەن، هەروەها لەقەزای قوشتەپەو چەند گەڕەكێكی شاری سۆرانیشدا كێشە هەیە، لەپارێزگای سلێمانیش لەشارۆچكەی چەمچەماڵ كێشەی كەمی ئاو هەیە» ئاری ئەحمەد وای وت. بەڕێوەبەری گشتی ئاوو ئاوەڕۆی هەرێم ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد بۆ چارەسەركردنی كەمئاوی چەند پلانێكیان هەیە، ئەوانیش ئاوی بیرەكان چارەسەربكەن بەوەی كەئەو بیرانەی كێشەی دابەزینی ئاستی ئاویان هەیە پێویستە پەمپ و ماتۆڕەكانیان زیاتر شۆڕبكرێتەوە، ئەو بیرانەش كە وشكبوون لێبدرێنەوە، هەروەها رێكخستنی تۆڕەكانی ئاوو نۆژەنكردنەوەی پڕۆژە ستراتیژییەكان. بەڕێوبەری گشتی ئاوی هەرێم: ئاستی ئاوی ژێر زەوی دابەزیوە هەروەها بەرێوەبەرایەتی ئاوی هەرێم بۆ دابینكردنی ئاو بەتانكەر، لەسنوری بەڕێوبەرایەتی ئاوی هەولێرو ئاوی سۆران و ئاوی ئاكرێ و ئاوی دەوروبەری سلێمانی و ئاوی راپەڕین پڕۆژەیەكیان هەیە كەتیایدا ئاو بەتانكەر دابەشدەكرێت. هاوكات، بەختیار ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» تائێستا ئەو ئاوەی دەدرێتە ماڵان لەئاستی پێویستدایەو هەموو ئامادەكارییەكمان كردووە كەهاووڵاتیانی سلێمانی بێ ئاو نەبن، ئەگەر بێت و حاڵەتی نەخوازراو روونەدات وەك بۆری شكان یان كارەبا تێكچوون». وتیشی:»گرتنەوەی ئاو لەلایەن توركیاو ئێرانەوە كاریگەری لەسەر ئاوی دوكان هەیەو كەمێكیش كاریگەری كردووەتەسەر ئاوی خواردنەوە». لەبەشێكی شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستاندا هاووڵاتیان رۆژانە رووبەڕووی كەمی ئاو دەبنەوەو گەڕەك هەیە ماوەی سێ یان چوار رۆژ تێپەڕدەبێت و ئاویان بۆ بەرنادرێتەوە. مینا مستەفا هاووڵاتییەكی دانیشتووی گەڕەكی كارێزەوشكە لەسلێمانی بەهاوڵاتی وت: جاری وا هەبووە یەك هەفتە بێ ئاو بووین بەتایبەت لەهاویندا، بۆیە ئاومان بەتەنكەر كڕیوە». شكانی بۆری كێشەیەكی دیكەیە كە بەهۆیەوە هاووڵاتیان بێ ئاو دەبن، حسێن ئەحمەد دانیشتووی چەمچەماڵ بەهاوڵاتی وت:» بەهۆی شكانی بۆرییەوە ساڵی وا هەبووە چەند جارێك بەتەنكەر ئاومان كڕیوە، جگە لەوەی زۆربەی كات هاوینان بەچەند رۆژێك ئاوی بەلوعەمان بۆ بەردراوەتەوە، بۆیە زۆرێك لەهاووڵاتیان ناچارن ئاوی بیر بەكاربهێنن».
هاوڵاتی قوباد تاڵەبانی لەچەند رۆژی رابردوودا سەردانی پارێزگای هەڵەبجەو دوێنێ سێشەممەش چووەتە ئیدارەی گەرمیان بۆ دەستپێكردنەوەی چەندین پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی كە ئەولەویەتن لای هاووڵاتیان و جێگیری سەرۆكی حكومەت فەرمانی كردووە دەست بەجێبەجێكردنی بكرێت. بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی، هەوڵەكانی قوباد تاڵەبانی، جێگیری سەرۆكی حكومەتی هەرێم دوای چەندین گلەیی و ناڕەزایەتی یەكە ئیدارییەكان و بەشێك لەكۆمپانیاكان بووە كە رۆژانەو هەفتانە بەشێكیان دەبینێت و بەڵێنی داوە بەچڕی لەسنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین پڕۆژەكان دەستپێبكرێتەوە. قوباد تاڵەبانی، بڕیارە سەردانی ئیدارەی راپەڕین و چەندین قەزای دیكە بكات كە داواكارییەكانیان گەیاندووەتە نوسینگەكەی بۆ چەندین پڕۆژەی ستراتیژی و خزمەتگوزاری كەداواكاری یەكە ئیدارییەكان و هاووڵاتیانی ناوچە جیاوازەكانە. بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی، كە لەتیمی یەكێتی لەحكومەتی هەرێم دەستی كەوتووە، ئەوەی خستەڕوو كە سەدان پڕۆژە كە بەهۆی قەیرانی دارایی لە 2014و دواتر راگیراون یان بەشێكیان تەواو نەكراون بەپێی ئەولەویەت و گرنگی بۆ هاووڵاتیان دەستپێدەكاتەوە، بەتایبەت كەهەرێمی كوردستان شایستە داراییەكانی لەبەغدادەوە بۆ دێت و بەشێك لەو بودجەیە بۆ پڕۆژەكان دابین دەكرێت. هەروەها ئەوەشی دووپاتكردەوە كە قوباد تاڵەبانی لەگەڵ سەرمایەداران و كۆمپانیاو بەڵێندەرانی خۆماڵی گفتوگۆ دەكات بۆ ئەوەی جێبەجێكردنی پڕۆژەكان دەستپێبكرێتەوە. هاوكات ئەوەشی روونكردەوە جێگیری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران» رژدە» لەسەر ئەوەی كەچیتر نابێت پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین جێبەجێكردنی پڕۆژەی تێدا دوابخرێت. هەرێمی كوردستان و حكومەتەكەی سودانی لەسەر بنەمای بودجەی 2023 و 2024 و 2025 رێككەوتن و بڕیارە لەسەرەتای مانگی داهاتوو بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە. هەرێمی كوردستان پشكی 12.67% بۆ دیاریكراوەو مانگانە ترلیۆنێك و 250 ملیار دیناری كاشی پێدەگات، بێجگە داهاتی نانەوتی كەمانگانە زیاترە لە 200 ملیار دینار.
هاوڵاتی لە سەنتەری قەزای شێخان لە نێوان دوو خێزان شەڕ روویدا و بەهۆیەوە کەسێک کوژراوە و کەسێکی دیکەیش بریندارە. پەیامنێری هاوڵاتی لە دهۆک ڕایگەیاند ، " دوای نیوەرۆی ئەمرۆ شەڕ لە نێوان دوو خێزاندا ڕووی داوە کە ئامۆزای یەکترن وبە هۆیەوە گەنجێک کوژراوە". وتیشی ، " جارێ دیارنیە هۆکاری کۆشتنەکەی چی یە، پێدەچێت بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی کۆنەوە بووبێت" . بە پێی زانیارییەکان ئەو گەنجەی کوژراوە ناوی فورات عەبدولکەریمەو تەمەنی 23 ساڵە ، و ئەو هاوڵاتییەی برینداربووە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە لە دهۆک.
هاوڵاتی هاوڵاتییەکی دیکە لە قەزای ئاکرێ کە گومانی توشبوون بە تای خوێنبەربونی لێدەکرێت لەنەخۆشخانەی ئاکرێ خەوێندراوە. نێچیرڤان فەخرەدین، بەرپرسی ڕاگەیاندنی تەندروستی قەزای ئاکرێ بە هاوڵاتی وت" نەخۆشێکی تر سەرەدانی نەخۆشخانەی گوڵانی کردوە، بەهۆی ئەو نیشانانەی هەیەتی گومانی لێدەکرێت توشی تای خوێنبەربوون بوبێت." وتیشی" پشکنینەکانمان ناردووە بۆ بەغدا و ڕەنگە ئەمرۆ تا سبەی ئەنجامی پشکنینەکان دەربچێت" بەپێی ئەوزانیاریانەی دەست هاوڵاتی کەوتووە ئەو هاوڵاتییە لەرەگەزی نێرە و تەمەنی 40 ساڵە، دانیشتووی ناحیەی دارەتووە سەر بەقەزای بەردەڕەش و پیشەی بەخێوکردنی مەڕو ماڵاتە. ئەمەشلەکاتێکدایە دوێنێ سێشەممە هاوڵاتییەکی دیکە لە ئاکرێ توشبوونی بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون پشتڕاستکرایەوەو بەوەش بووە یەکەم حاڵەت لە سنووری قەزای ئاکرێ و سێیەم حاڵەت لە پارێزگای دهۆک.
هاوڵاتی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامە لەهەڕەشەكانی بۆ سەر حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەسنووری هەرێمی كوردستان، بەرپرسێكی سەربازی كۆمەڵەی شۆڕشگێران ئاشكرایدەكات» ئێران شەش مانگ مۆڵەتی پێداون». كۆماری ئیسلامی ئێران هاوشێوەی توركیا هەنگاو دەنێت بۆ ئەوەی چالاكییەكانی حزبەكانی رۆژهەڵات كۆنترۆڵ بكات، ئەوەش دوای رووداوەكەی ژینا ئەمینی كەخۆپیشاندانی فراوانی لێكەوتەوەو سەدان كەس كوژران و برینداربوون. حزبەكانی رۆژهەڵات بەهۆی بەهێزبوونی رێكخستنەكانیان لەشارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، كۆماری ئیسلامی ئێرانی نیگەران كردووە. ئەندامێكی سەركردایەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشان ئاماژە بەوەدەكات بەوریاییەوە چاودێری دۆخەكە دەكەن نەوید میهرئاوەرد، ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» تائێستا وەكو كۆمەڵە هیچیان بەئێمە نەوتووە، هیچ كەسێكیشمان بانگ نەكراوین، بەڵام قسەمان بیستووەو كۆكردنەوەی هێزیش لەسەر سنورەكان هەیە». ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد كەهاتوچۆی قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق بۆ ئێران و سەردانی هەرێم دیارە شتێك هەیە. «توركیا و ئێران ستراتیژی هاوبەشیان هەیە پەیوەست بەكورد سەرەڕای جیاوازیەكانیان لەسەر دژایەتی كورد هاوڕان، چەند شتێك پێشبینی دەكرێت یەكێكیان ئەوەیە بیانوو بێت بۆ هێرش بۆ سەر ئێمە، دووەم لەم رۆژانە سكرتێری حزبی دیموكرات و كۆمەڵەو كۆمۆنیست و هاوسەرۆكی پژاك لەئەوروپا كۆبوونەوە، رەنگە ئێران بەوە هەستیاری هەبێت و بیەوێت بەوە فشاربكات و جیاوازی دروستبكات»، نەوید میهرئاوەرد وادەڵێت. هەروەها بەرپرسێكی سەربازی كۆمەڵەی شۆڕشگێری ئێران كەنەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت بەهاوڵاتی وت:»حكومەتی هەرێم مۆڵەتی شەش مانگیان پێمان داوە كەبچینە دوو كەمپی سلێمانی و هەولێر یاخود هەرێمی كوردستان جێبهێڵین، وتیان ئێمە دەسەڵاتمان نییەو یەك ساڵە خەریكین لەبەر ئێوە تاران و بەغدا دەكەین». وتیشی:»پێیان وتین دەبێت خۆتان رادەستی نەتەوەیەكگرتووەكان بكەن و سەركردەكانی رۆژهەڵات و هەرێم تائێستا لەوبارەیەوە خۆیان بێدەنگ كردووە، بەڵام بەرپرسانی سەربازی هەردوو كۆمەڵەو دیموكرات ئەوە رەتدەكەنەوە، لەكاتێكدا یەكێتی هەردوو كۆمەڵەكەی بانگ كردووە بۆ سلێمانی و پارتیش دیموكرات و پاكی بانگ كردووە بۆ هەولێر». «پێیان وتوون ئێران دوو مانگ مۆڵەتی داوە بەیەكێتی و پارتی كە دەبێت حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان هەرێم چۆڵ بكەن یاخود بكرێنە كەمپەوە، بەڵام یەكێتی و پارتی داوای شەش مانگیان كردووەو ئێرانیش بەوە رازی بووە»، ئەو بەرپرسە سەربازییەی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕان وای وت. سوپای پاسدارانی ئێران لەچەندین ناوچەی سەر سنوری هەرێمی كوردستان و رۆژهەڵاتی كوردستان هێزێكی زۆری هێناوەو چەندین جۆری چەكی ئامادە كردووەو سەكۆی موشەكی لەچەندین شوێن جێگیركردووە. یەكێك لەفەرماندەكانی پژاك دەڵێت ئێران و توركیا زانیاری هەواڵگری ئاڵوگۆڕ دەكەن لەبارەی كوردەوە لەهەر چوار پارچەی كوردستان. شیار شەڤگەر، یەكێك لەفەرماندەكانی یەكینەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان باڵی سەربازی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» هەواڵگریی ئێران زانیاری لەبارەی پژاكەوە دەداتە دەوڵەتی توركیاو هێزەكانی دەوڵەتی توركیا لەو چوارچێوەداو پاڵپشت بەو زانیاریانە هێرش دەكەن و ئەوەش رێككەوتنێكی نێوان ئەو دوو وڵاتەیە». شیار شەڤگەر ئەوەشی خستەڕوو جوڵانەوەیەك كەبانگەشەی تێكۆشانی شۆڕشگێڕی دەكات، ئەگەر دەستبەرداری چەك بێت، ئەمە بەواتای مردنیەتی، وتیشی:» لەم سەدەیەی ئێمەی تێداین ئەگەر خاوەنی هێزی سەربازیی و بەرگریی نەبیت، بەئیرادەو هێزی خۆبەڕێوەبەری خۆی نەتوانێت كۆمەڵگاكەی بپارێزێت، هیچ واتایەك بۆ تێكۆشانی شۆڕشگێڕی نامێنێتەوە». ئەو فەرماندەیەی پژاك دەشڵێت: «ئێمە بەپێی ئاگربەستەكە دەجوڵێینەوە، دەبێت دەوڵەتی ئێرانیش بەو جۆرە بجوڵێتەوەو مامەڵە بكات، ئێمە لایەنگری دیالۆگ و چارسەرین و لایەنگری شەڕ نین، بەڵام ئەگەر هێرش بكرێتەسەر گەلەكەمان وەڵامیان دەدەینەوە.» سوپای پاسداران نیازی هەیە كە لەسەر چەند گردو شاخێكی رۆژهەڵاتی كوردستان و سنوری هەرێمی كوردستان جێگیر ببێت. فەرماندە سەربازییەكەی پژاك دەڵێت:» نابێت ئەوە لەبیربكەن ئێمە گەریلاین و لەهەموو شوێنێكی كوردستانین، ئەوان ئەگەر هەندێك گردو شوێن بەدەستبهێنن، گەریلا ئیتر ناتوانێت لەوێ بمێنێتەوە، دەستبەسەرداگرتنی ئەو شاخانە هەڵەیە، دەبێت ئێران ئاگربەست وەك دەرفەتێك نەقۆزێتەوە ئێستا هەڤاڵانمان دانیان بەخۆیاندا گرتووە كەهێرش نەكەن». زیاتر لە 10 رۆژە سوپای پاسدارانی ئێران هێرشی كردووەتەوە سەر ناوچەكانی كۆساڵان و بەهۆیەوە پێكدادان لەنێوان سوپای پاسداران و گەریلاكانی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) دەستیپێكردووە، بەو هۆیەشەوە چەند ئەندامێكی سوپای پاسداران كوژراون و برینداربوون. هاوڵاتی پەیوەندی بەچەندین بەرپرسی وەزارەتی ناوخۆو دەزگای ئاسایشی هەرێمەوە كرد، لەوانەش عەبدوڵا حەسەن مزوری بەڕێوەبەری حزب و كۆمەڵەكان لەوەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، بەڵام ناوبراو رەتیكردەوە هیچ لێدوانێك لەوبارەیەوە بدات و وتی»ئاگاداری هیچ شتێكی لەوشێوەیە نیم». هاوكات هاوڵاتی پەیوەندی بەعەبدوڵا حەسەن زادە سكرتێری پێشووی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانەوە كرد، ناوبراو بێئاگایی خۆی نیشاندا لەهەر وادە دانانێك بۆ حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەهەرێمی كوردستان كە یان بچنە كەمپەوە یاخود هەرێم جێبهێڵن. سوپای پاسداران لەدوای هێرشەكەی 28ی ئەیلولی 2022 كە بەدەیان درۆن و موشەكەوە كردیەسەر هەرێمی كوردستان كە بەهۆیانەوە 18 كەس شەهیدبوون و 50 كەسی دیكەش برینداربوون كەزۆربەیان كەسوكاری پێشمەرگەی حزبەكانی رۆژهەلاتی كوردستان بوون، باسی راگرتنی مەرجداری هێرشەكانی كردبوو، هەرچەند لەدوای هێرشەكان، پێشمەرگەی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، لانیكەم لەچوار خاڵی نزیكی سنوور نەماون كەئێران پێیان هەستیار بوو، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، جارێكی دیكە هێرشی ئەنجامدایەوە. دواتریش چەندین بەرپرسی ئێران لەوانەش ئیسماعیل قائانی بەرپرسی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران سەردانی بەغدای كردووەو لەگەڵ قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق باسیان لەحزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران لەهەرێمی كوردستان كردووە، لەو رێگەیەشەوە فشاریان كردووە ئەو حزبانە هەرێمی كوردستان جێبهێڵن ئەگەرنا هێرشی سەربازی دەكەنەسەر بارەگاكانیان. بەپێی ئەو ئامارانەی لەبەردەستدان لەساڵی 2015وە تائێستا نزیكەی 160 هاووڵاتی سڤیل بەبۆردوومانەكانی توركیاو ئێران بەتایبەت لەگوندەكانی ناوچە سنورییەكان شەهیدبوون و زیاتر لە 220 هاووڵاتیش برینداربوون.
سەركۆ جەمال راوێژكارێكی یاسایی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات كە:" مووچەو ئیمتیازاتی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم كۆتایی هاتووە"، لەكاتێكدا پێدانی مووچەكانیان بەردەوامە. لەدوای بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە 30-5-2023 كەدرێژكردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستانی بەنایاسایی ناوبرد، مشتومڕی زۆر لەسەر وەرگرتنەوەی مووچەو ئیمتیازاتی پەرلەمانتاران دروستبووە. دانا دارا راوێژكاری یاسایی پەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" كاری ئەندام و راوێژكاری پەرلەمان جیاوازە، كاری ئەندام بەهۆی بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵیەوە بیست رۆژە ئەو خولەی هەڵوەشاندووەتەوە لەڕووی دادوەریەوە، واتا خولەكەی هەڵوەشاندووەتەوە نەك دامەزراوەكە". وەك ئەو راوێژكارە یاساییەی پەرلەمان دەڵێت :"مادام خولەكە درێژبكرێتەوە كەواتە مافە داراییەكەیان بەزۆر وەریاننەگرتووەو پێیان دراوە، ئێمە باوەڕمان وابوو هەر لەڕووی یاساییشەوە بەردەوامیدان بەخولەكە نایاساییە كەواتە خولەكە كۆتایی بێت ئیمتیازاتەكانیشی (لەمووچەو دەرماڵە) كۆتایی پێدێت". راوێژكارە یاساییەكەی پەرلەمانی كوردستان پێشیوابوو بەشێوەیەك لەشێوەكان یەكلاكردنەوەی باشە، دەشڵێت "راستگۆیانە بڵێم وەرگرتنەوەشی دەكرێت بخرێتە بری ئەو مووچە كۆكراوەی كە بەیەكەوە وەریدەگرن و " ئیكرامی"ە، كە هی شەش مانگە یان لەبری موچەكانیان ببڕدرێت، چونكە رەنگە وەرگرتنەوەی مووچەكانیان كێشەیەك دروستبكات كەخەرجیان كردبێت". هاوكات، دانا دارا كە راوێژكاری یاساییە لەسەر پشكی كۆمەڵی دادگەری، باسی لەوەشكرد كەدامەزراوەی پەرلەمان بەپێی ماددەی 17ی دەستوری عێراق هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی هەیەو درێژكردنەوە یان بەردەوامیدان بەخولەكەی نایاسایی راگرتووە،"ئەندامەكان ئەندامی خولەكەن، ئەندامەكان دەڕۆن راوێژكارو فەرمانبەرەكان هەریەكەیان ئیشی خۆی هەیە ئەوە تایبەتە بەسەرۆكایەتی پەرلەمان ئەگەر كارێكیان پێبسپێرێت". "بەشێكیان پەیوەندی بەكاروباری لیژنەكانەوە هەیە كەئەم بڕیارە كاری لیژنەكانیشی وەستاندووە لەم رووەوە دەمێنێتەوە دەوامكردنی رۆژانە یان پێشكەشكردنی هەندێ پرس كەهەنووكەیی و گرنگ بێت، چونكە دامەزراوەكە راستگۆیانە بڵێم درێژكردنەوەی خولەكەی وەستاندووە " دانا دارا وادەڵێت.
گروپێکی هاککەر بەڵگەنامە نهێنییەکانی هەوڵەکانی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئاشکرا دەکات. گروپی هاککەر بە ناوی سەرهەڵدان تا روخان (قیام تا سەرنگونی) نامە نهێنییەکانی نێوان هێزە چەکدارەکان و دامودەزگاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاو دەکاتەوە و ئاشکرای دەکات لە سەرەتای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی، سەرۆک کۆماری ئێران رەزامەندیی دەربڕیوە بۆ تەرخانکردنی بودجە و پارە بۆ هێزە ئەمنییەکان بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان. لە بەڵگەنامەیەکدا کە ئەو گروپە هاککەرە بڵاوی کردوەتەوە ئاماژەی بەوە کراوە ؛ هێزە ئەمنیی و سەربازییەکان لە قۆناغی یەکەمدا و بە ئامانجی کۆنتڕۆڵ و دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتییەکان داوای 220 ملیۆن دۆلاریان کردوە کە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران رەزامەندیی دەربڕیوە بۆ تەرخانکردنی ئەو بڕە پارەیە. گروپەکە دەقی ئەو نامانەی کە ناوەندی (ساروڵڵا)ی سەر بە سوپای پاسداران بۆ نوسینگەی سەرۆک کۆماری ئێرانی ناردوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کردوەتەوە. لە نامەکاندا دەرکەوتوە سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی داوای شەش ملیارد دۆلاری کردوە بە ئامانجی تۆکمەکردنی هێزە ئەمنیی و سەربازییەکان بەڵام بڕیار دراوە لە چەند قۆناغێکدا ئەو بڕە پارە و بودجەیە رادەستی هێزە چەکدارەکان بکرێت.
هاوڵاتی بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی كە لەحكومەتی هەرێم دەستیكەوتووە، تا سبەینێ پێنجشەممە پارە بوونی هەیە بۆ دابەشكردنی مووچە، ئەگەر بەغداد پارەی دیكە نەنێرێت دابەشكردنی مووچە رادەگیرێت. هەروەها حكومەتی هەرێم هەماهەنگی لەگەڵ بەغداد ئەنجامداوە بۆ ئەوەی پێش جەژنی قوربان 400 ملیار دیناری دیكە بگات بۆ تەواوكردنی دابەشكردنی مووچەی مانگی ئایار. هاوکات هەرێمی كوردستان مانگانە 912 ملیار دینار دەداتە مووچە، ئەمڕۆ چوارشەممە مووچەی وەزارەتی دارای و ئابووری دابەش دەکرێت.
هاوڵاتی لە پارێزگای جۆلەمێرگی باکوری کوردستان، هەموو چالاکیەکی مەدەنی قەدەغەکرا و باری نائاسایی راگەیەندرا. لە شارەکانی باکوری کوردستان بە بیانوی جیاواز، قەدەغەکان کۆتاییان پێنایەت ئەمڕۆ لە پارێزگای جۆلەمێرگ جارێکی دیکە باری نائاسایی راگەیەندرا. پارێزگاریی جۆلەمێرگ رایگەیاند، هەموو جۆرە چالاکیەکی مەدەنی وەک خۆپیشاندان، رێپێوان، مانگرتن، کردنەوەی چادر و ستاند لە ئەمڕۆ بەدواوە تاوەکو ٥ی تەمووز قەدەغەیە. پارێزگاریی جۆلەمێرگ باسی ئەوەی کرد کە ئامانجی راگەیاندنی باری نائاسایی، پاراستنی پرەنسیپەکانی دەوڵەت و یەکپارچەیی دەوڵەت و نەتەوەیە. بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، قەدەغەکردنی چالاکیەکان چالاکیە فەرمیەکان ناگرێتەوە کە قایمقام رێگەی پێبدات. قەدەغەی چالاکیەکان لە جۆلەمێرگ لە ساڵی ٢٠١٦ەوە بەردەوامە و هەموو ١٥ رۆژ جارێک درێژ دەکرێتەوە. قەدەغەکردنی چالاکیەکان لە کاتێکدایە کە دوو رۆژ لەمەوبەر شەڕێکی گەورە لە ناوچە سنوریەکانی پارێزگاکە لەنێوان گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیا روویدابوو.
هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم کۆدەبێتەوە، جگە لە خستنەڕوى دواین پێشهاتەکانى پەیوەندیدار بە پەسەندکردنى یاساى بودجە، چەند بابەتێکى دیکە تاوتوێ دەکات. وەک لە راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی دواپێشهاتە پەیوەندیدارەکانی پەسندکردنی یاسای بودجەی عێراق و لێکەوتەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان. لە تەوەری دووەمدا، باس لە ڕەشنووسی ئەو پرۆژەیاسا و پەیڕەوانە دەکرێت کە تاکوو ئێستا دەنگدانی کۆتاییان لەسەر نەکراوە. تەوەری سێیەم تایبەت دەبێت بە بابەتی کاراکردنەوەی لیژنەی جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠ لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق. لە تەوەری چوارەم و کۆتاییدا، بابەتی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون و ڕێکارەکانی خۆپارێزیی لەلایەن هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەخرێنە ڕوو.
هاوڵاتی درەنگانی شەوی رابردو هێزێکی فیرقەی 8ی سوپای عێراق لە گوندی پەلکانە و سنوری ناحیەی سەرگەڕان هەڵیانکوتاوەتە سەر ژمارەیەک جوتیاری کورد. کاتێک هێزەکە زانیویانە جوتیارە کوردەکان خەریکی ئاودێرین هەڵیانکوتاوەتە ساریان و کەرەستەی ئاودێری و ئامێرە کشتوکاڵییەکانیان بردوە، بەڵام هیچ کەسێکیان دەستگیر نەکردوە. بەشێک لەجوتیارانی کورد و تورکمان لەسەردەمی رژێمی پێشوتری عێراق، لەڕێگەی دروستکردنی تاپۆوە زەوییەکانیان لێسەندراوەتەوە ، لەدوای پرۆسەی ئازادی و لەساڵی 2003 کورد و تورکمان چونەوە شوێنەکانی خۆیان ئەمەش کێشەی دروستکردوە. لەچەند رۆژی رابردوشدا، سوپای عێراق ژمارەیەک لە جوتیارانی کوردی لەسنوری ناحیەی سەرگەڕان ئاگادارکردەوە، نابێت هیچ بەروبومێکی کشتوکاڵی لەو زەویانە بچێنن و دەبێت کارەکانیان رابگرن، بۆئەوەش بەڵێننامەیان بەژمارەیەک جوتیار پڕکردەوە.
هاوڵاتی لە ناحیەی دینارتە سەر بە قەزای ئاکرێ لە سنوری پارێزگای دهۆک حاڵهتێكی تووشبوون به تای خوێنبهربوون تۆماركرا. نێچیرڤان ههركی وتهبێژی تهندروستی ئاكرێ رایگهیاند: ئهمڕۆ ئهنجامی پشكنینی كهسێك كه ماوهی ههفتهیهكه وهكو گومانلێكراوی تای خوێنبهربوون لهژێر چاودێریی پزیشكیدایه، له بهغدا گهڕایهوه. وتیشی :بهپێی ئهنجامی پشكنینهكه دهركهوتووه كه ناوبراو تووشی تای خوێنبهربوون بووه. وتەبێژی تەندروستی ئاکرێ دەشڵێت: ئهو كهسهی تووشی نهخۆشییهكه بووه دانیشتووی شارۆچكهی دینارتهیه و كاری كڕین و فرۆشتنی ئاژهڵی كردووه. نێچیرڤان هەرکی باسی لەوەشکرد لە ماڵهوه چاودێری دهكرێت و تهندروستیی زۆر باشه؛ زۆر باش نهبوایه رهوانهی ماڵهوهمان نهدهكردهوه. هاوکات سەربەست سەبری، بەرێوەبەری ناحیەی دینارتە بە هاوڵاتی وت" ئەو هاوڵاتیە تەمەنی سەروو 60 ساڵە دانیشتووی گەڕەکی برایەتی یە لەسەنتەری دینارتە، رۆژی پێنج شەممەی رابوردوو دوای نەخۆش کەوتنی دەستبەجێ ڕەوانەی نەخوشخانەی گوڵان لە ئاکرێ کراوە، بەشی زۆری نیشانەکانی نەخۆشی تای بەربوونی تێدابووە". ئەمە دەبێتە یەکەم حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە سنووری قەزای ئاکرێ و سێیەم حاڵەت لە پارێزگای دهۆک.
