هاوڵاتی بەیانی ئەمڕۆ دانیشتوانی 11 گوند خۆپیشاندانیان دەستپێکرد و داوای چاککردنی رێگەی گوندەکانیان دەکەن و دەڵێن، سێ ساڵە کۆمپانیایەک رێگەی گوندەکانیان تێکداوە و چاکی ناکاتەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە دانیشتوانی 11 گوند خۆپیشاندانیان لەسەر رێگەی نوێی هەڵەبجە- سلێمانی دەستپێکرد و رێگریان لە هاتوچۆی هاوڵاتیان کرد و دەڵێن، ماوەی سێ ساڵە مەودوای دو کیلۆمەتر رێگەی گوندەکەیان بۆ قیر نەکراوە. بە گوتەی یەکێک لە جوتیارە ناڕازییەکان،  ئەوان جوتیارن و کاریان لەو رێگایەدایە، خراپی دۆخی ئەو رێگایە زیانی زۆری پێگەیاندوون. لەو بارەیەشەوە قائیمقامی سەیدسادق باسی لەوەکرد، درێژی شەقامەکە دوو کیلۆمەترە و ئەرکی زۆری لەسەرە و جوتیاران هاتوچۆی لێوەدەکەن. هاوکات خۆپیشاندەران دەڵێن، "ئەو کۆمپانیایەی کە رێگەکەی تێکداوە ماوەی سێ ساڵە سەرقاڵی رێگەکەیە و تائێستا چاکی نەکردوە، پێشتریش چەندجارێک وەکو ئەنجومەنی گوندەکان چونەتە لای پارێزگاری هەڵەبجە و قائیمقامی سەیدسادق بەڵام بەڵێنەکەیان جێبەجێ نەکردوە". هەروەها ئەوەشیان خستەڕو، ساڵی رابردو دوایینجار کۆمپانیاکە بەڵێنیدا کە کارەکانی رێگاکە تەواوبکات بەڵام تائێستا تەواونەکراوە، ئەوانیش خاوەنی رەز و باخن و تۆز و خۆڵ زیانی زۆری پێگەیاندون و لە زستانیشدا بەهۆی بونی قوڕەوە هاتوچۆکردن تیایدا ئاسان نیە.  

بەرپرسانی پێشوی ئەمریکا و بەریتانیا و کەنەدا جەخت لە پشتیوانیی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران دەکەنەوە و رایدەگەیەنن کۆماری ئیسلامی بەهۆی شۆڕشی ژینا کەوتوەتە لاوازترین قۆناغی دەسەڵاتی خۆیەوە. مایک پێنس، جێگری سەرۆکی پێشوی ئەمریکا لە کۆبونەوەی ساڵانەی (ئەنجومەنی بەرگریی نیشتیمانی ئێران) سەر بە رێکخراوی موجاهیدنی خەلق لە شاری پاریس، وتی: کۆماری ئیسلامی هیچ کاتێک هێندەی ئەمڕۆ لاواز نەبوە و کوژرانی ژینا ئەمینی شۆڕشێکی گەورەی بۆ ئازادیی لە ئێران لێکەوتوەتەوە. هاوکات لیزا تراس، سەرۆک وەزیرانی پێشوی بەریتانیا و ستێڤان هارپێر، سەرۆک وەزیرانی پێشوی کەندا هەر لەو کۆبونەوەیەدا پشتیوانیان بۆ ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی دەربڕی. ئەو سێ بەرپرسەی پێشوی ئەمریکا و کەنەدا و بەریتانیا لە وتارەکانیاندا ئاماژەیان بە رێککەوتن و چاوپۆشیی وڵاتانی رۆژئاوا لە کۆماری ئیسلامی کرد و ئیدانەی ئەو چاوپۆشیانەیان کرد کە بوەتە هۆی سەرکوتی توندتری خەڵک و خۆپیشاندەران. وتەکانی ئەو بەرپرسانە لە کاتێکدایە دانوستانە نهێنی و ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمریکا و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئاشکرا بوە و هاوکات یەکێتی ئەوروپا تا ئێستا سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی نەخستوەتە لیستی تیرۆری ئەوروپا.

پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی ئێران رایدەگەیەنێت ژمارەیەکی بەرچاو لە گوندەکانی پارێزگای سنە کێشەی کەمیی ئاوی خواردنەوە و چۆنیەتی گەیاندنی ئاویان هەیە. بەهزاد رەحیمی، نوێنەری شارەکانی سەقز و بانە لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند؛ لە کۆی 205 گوند سەر بە شاری بانە لە پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لانیکەم 120 گوندی سەر بەو شارە روبەڕوی کێشەی کەمئاویی بونەتەوە و دەبێت کێشەی چۆنیەتی گەیاندن و دابەشکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ ئەو گوندانە چارەسەر بکرێت. بە وتەی رەحیمی: کێشەی کەمیی ئاوی خواردنەوە تا ئێستا 690 گوندی سەر بە پارێزگای سنەی گرتوەتەوە کە حکومەت بەڵێنی چارەسەرکردنی داوە. لێدوانی  نوێنەری سەقز و بانە بۆ کێشەکی کەمئاویی لە گوندەکانی رۆژهەڵات لە کاتێکدا رێژەی بارانبارینی ئەمساڵ بەراورد بە رابردو زیادی کردوە و ئەوەش بوەتە هۆی زۆربونی بەروبومە کشتوکاڵییەکان.

هاوڵاتی دایکانی شەممە لە گۆڕەپانی گالاتاسارای ئەستەنبوڵ کۆبونەوە و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، بەڵام رووبەرووی دەستوەردانی هێزە ئەمنیەکان بوونەوە و ٢٢ کەس دەستگیرکران. دایکانی شەممە لە ٩٥٣مین حەفتەدا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا کە داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەو کەسانە دەکەن لە ماوەی نزیکەی ٣٠ ساڵی رابردوودا لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتی تورکیاوە بێسەروشوێن کراون. دایکانی شەممە لە گۆڕەپانی گاڵاتاسارای ئەستەنبوڵ کۆبونەوە و لەگەڵ ئەوەی دادگای دەستوری تورکیا رێگەی بە چالاکی دایکان داوە، بەڵام پۆلیسی تورکیا رێگەی نەدا چالاکیەکە ئەنجام بدرێت. ئاژانسی میزۆپۆتامیا رایگەیاند، بەهۆی دەستوەردانی هێزە ئەمنیەکانەوە، ٢٢ ئەندامی دایکانی شەممە دەستگیرکراون کە ئەرەن کەسکین هاوسەرۆکی گشتی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤیشی تێدایە. دایکانی شەممە کێن؟ سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، حکومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتی "تانسوو چیللەر" دەستی بە تیرۆرکرن و بیسەروشوێنکردنی سیاسەتمەداران و هونەرمەندان، لایەنگرانی پارتە کوردیەکان و چەپەکانى تورکیا و کەسایەتیە ڕیفۆرمخوازەکانی باکووری کوردستان و تورکیا کرد. بە پێی ئامارە فەرمیەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی تورکیا لەو هەڵمەتە ڕەشەدا نزیکەی ١٧ هەزار کەس تیرۆر و بێسەروشوێنکران کە زۆربەیان هاوڵاتیی کورد بوون، تا ئێستاش تەرمی زۆربەیان نەدۆزراوەتەوە. لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا کەسوکاری بێسەروشوێنکراوەکان دەستیانکرد بە لێپرسینەوە و گەڕان بەدوای کەسوکارەکانیاندا. لە ١٢ی ئازاری ١٩٩٥دا ژمارەیەک چەکدار کە دواتر ئاشکرا بوو سەر بە هەواڵگریی جەندرمەی تورکیان، هەڵیانکوتایە سەر چایخانەیەکی کوردە عەلەویەکانی گەڕەکی "گازی" شاری ئیستانبوڵ و ژمارەیەک هاوڵاتی کوردیان کوشت، دواتر شەڕ و ئاڵۆزی لە ناو چەند گەڕەکێکی ئەو شارەدا بڵاوبووەوە و بەهۆیانەوە ٢٢ کەس کوژران و سەدان کەس برینداربوون، حکومەتیش دەستی کرد بە دەستگیرکردنی هاوڵاتیانى کوردى شارەکە. دوای ڕووداوەکان، هێزەکانی پۆلیسی تورکیا گەنجێکی کوردیان بە ناوی "حەسەن ئۆجاک" بە تۆمەتی 'تیرۆر' دەستگیرکرد و دوای ٥٨ ڕۆژ تەرمەکەی لە ناو گۆڕستانی بێکەسەکان دۆزرایەوە. خانەوادەی "حەسەن ئۆجاک" دوای هەوڵێکی زۆر بۆ ئاشکراکردنی بکوژانی کوڕەکەیان، بەڵام هیچ ئەنجامێکیان بە دەست نەهێنا. دایکی "حەسەن ئۆجاک" و ژمارەیەک لە کەسوکارەکەی لە گۆڕەپانی گاڵاتاسارای لە ئیستانبوڵ دەستیان بە چالاکی دانیشتنکرد و ڕایانگەیاند، تا بکوژانی کوڕەکەیان نەدۆزرێتەوە دەست لە چالاکیەکانیان هەڵناگرن. چالاکی دانیشتنی خانەوادەی "حەسەن ئۆجاک" لەلایەن ژمارەیەک پارت و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە پشتگیری لێکرا و ڕۆژ بە ڕۆژ فراوان بوو، کەسوکاری ئەو کەسانەى لەلایەن حکومەتەوە بێسەروشوێنکرابوون چوونە پاڵ خانەوادەی "حەسەن ئۆجاک" و داوای ئاشکراکردنى بکوژانی کەسوکارەکانیان کرد. دوای فراوانبوونی چالاکیەکان، بە ئیلهاموەرگرتن لە گروپی "دایکانی پلازا دی مایۆی ئەرجەنتینی" گروپی "دایکانی شەممە" دامەزرێنرا و هەموو ڕۆژانی شەممە لە مەیدانگی گاڵاتاسارای ئیستانبوڵ دەستیان بە چالاکی کرد. دوای کودەتای سەربازی ساڵی ١٩٧٦ لە ئەرجەنتین و بێسەروشوێنبوونی نزیکی ٣٠ هەزار کەس. کۆمەڵێک ژن بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی ڕۆڵەکانیان لە مەیدانی "پلازا دی مایۆی" شاری بۆیننس ئایرسی پایتەخت کۆبوونەوە و داوای ئاشکراکردنی چارەنووسیان کرد و دایکانی شەممەش ئیلهامیان لە دایکانی " پلازا دی مایۆی" وەرگرت و کۆمەڵەکەیان دامەزراند.

هاوڵاتی شەپۆلێکی خۆڵبارین عێراق و ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە پلەکانی گەرما لە ئیدارەی گەرمیان دەگاتە 45 پلەی سلیزی. وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی ھەرێمی کوردستان، کەشی پێشبینیکراوی ٤٨ سەعاتی داھاتووی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ دەبێت، بەڵام ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆزێکی سوک لە کاتەکانی ئێوارەدا ھەیە، ھەروەھا پلەکانی گەرما کەمێک بەرزدەبنەوە، راشیگەیاند، سبەینێ یەکشەممە پلەکانی گەرما بەبەرزیی دەمێننەوە، ھەروەھا پلەی گەرما لە ئیدارەی گەرمیان دەگاتە ٤٥ پلە و گەرمترین ناوچەی ھەرێمی کوردستان دەبێت. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر : 41 سلێمانی : 39 دهۆک : 38 کەرکوک : 43 هەڵەبجە : 41 زاخۆ : 41 سۆران :39 گەرمیان : 45 ھاوکات دەستەی کەشناسیی عێراق، پێشبینییەکانی بۆ کەشی چوار رۆژی داھاتوو بڵاوکردەوە و رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە پلەکانی گەرما لە بەغداد دەگاتە ٤٤ پلە و لە پارێزگاکانی کەربەلا و نەجەف و میسان دەگەنە ٤٦ و لە بەسرەش دەگاتە ٤٧ پلە. دەشڵێت، رۆژانی دووشەممە و سێشەممە و چوارشەممە شەپۆلێکی کەمی خۆڵبارین ھەندێک لە ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەگرێتەوە و پلەکانی گەرماش بەبەرزیی دەمێننەوە.  

هاوڵاتی هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند کە ئەوان لە هەڵبژاردنی شارەوانیەکاندا، لە هەموو پارێزگاکانی باکوری کوردستان و تورکیا کاندیدی خۆیان دەبێت و وتی، " هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین کە لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەوین." پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە و پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز ، لە وان لەگەڵ لایەنگرانی کۆبووەوە و باسی لە کەموکورتی پارتەکەی لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ و ٢٨ی ئایاردا کرد و وتی، " لەم رووەوە بڕیاری نوێمان داوە. بڕیارمان داوە کۆنگرە ئەنجام بدەین. لە کۆنگرەکەدا پلانسازیەکی نوێ و بۆچوونێکی نوێ و پرۆسەیەکی نوێ دەست پێدەکات." بوڵدان ئاشکرای کرد کە لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا کۆنگرە ئەنجام دەدەن و لە کۆنگرەکەدا بڕیار دەدرێت ئایا لەگەڵ هەدەپە بەردەوامی بە خەبات دەدەن یاخود لەگەڵ پارتی چەپی سەوزەوە بەردەوامی بە خەبات دەدەن. کۆمسیۆنێکیش دامەزرێنراوە کە لەبارەی کەموکورتیەکان کار دەکات. بوڵدان لەبارەی هەڵبژاردنی شارەوانیەکاندا وتی، " هەڵبژاردنەکانی شارەوانی بێگۆمان زۆر گرنگن. دەسەڵات هەموو تواناکانی بەکار دەهێنێت کە سەربکەوێت. ئێمەش لە هەموو شار و شارۆچکەکان کاندیدی خۆمان دەبێت. هەموو هەوڵێک دەدەین کە سەرکەوتن بەدەست بهێنین." هەدەپە بەهۆی مەترسی داخستنی لە رێگەی پارتی چەپی سەوزەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا کردبوو و پشتگیریشی لە کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی ئۆپۆزسیۆن کرد لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی بڵاویکردەوە، چوار هاووڵاتییان بە تۆمەتی سووتاندنی پووش و پاوانی ناوچەکانی وێڵەیەر، بەکرەجۆ و دێکۆن دەستگیرکردووە کە دووانیان بە "ئەنقەسەت" ئاگریان لە زەوییەکان بەرداوە. بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی ئەمڕۆ هەینی 30ـی حوزەیرانی 2023،  رایگەیاند، "چوار تۆمەتباری سووتاندنی پووش و پاوانی ناوچەکانی وێڵەیەر، بەکرەجۆ و دێکۆن دەستگیرکران". ئاسایشی سلێمانی ئاماژەی بەوەکردووە، دوای لێکۆڵینەوە و دەستکەوتنی زانیاری، دوێنێ پێنجشەممە بە فەرمانی دادوەر چوار تۆمەتبارەکەیان دەستگیرکردووە. بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئاسایش، تۆمەتباران وەکو تۆمەتباری دروستکردنی سێ رووداوی ئاگرکەوتنەوە دەستگیرکراون، کە یەکێکیان لە ناوچەی وێڵەیەر روویداوە و دوو لە تۆمەتباران "دانیان بەوەدا ناوە دوای بەسەربردنی کات بە ئەنقەست ئاگریان لەو ناوچەیە بەرداوە و ئەوەش بووەتە هۆی سووتانی چەندین دۆنم پووش و پاوان". بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هەروەها لە ناوچەی عەزیزئاوا کەسێک کە باری دەروونی "جێگیر نییە" بووەتە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرێک؛ ئاگرێکی دیکەش هاووڵاتییەک هۆکار بووە کە ویستوویەتی باخەکەی لە گوندی دێکۆن لە ناحیەی بەکرەجۆ پاکبکاتەوە بۆ ئەوەش ئاگری کردووەتەوە و بووەتە هۆی سووتانی چەندنین دۆنم پووش و پاوان. ئاسایش ئاماژەی بەوەکردووە، دادوەر دۆسیەی لێکۆڵینەوەی بۆ هەر چوار تۆمەتبارەکە کردووەتەوە. ئەمساڵ لەکاتی پێگەیشتنی گەنمی جووتیاراندا، چەندین دۆنم زەوی بە گەنم چێندراو بە ئاگر سووتان و زیانێکی زۆری مادی بە خاوەن زەوییەکان گەیاند.  

هاوڵاتی دوای ئاڵۆزییەکانی نێوان کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی کوردستان، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان  سکرتێری نوێی ھەڵبژارد. بەپێی راگەیەنراوی  کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، پلێنۆمی ١٦  لە ھەلومەرجێکی تایبەت بەڕێوەچووە، کە تێیدا رەزا کەعبی بە سکرتێری گشتی کۆمەڵە و فەریبا محەمەدی وەک وتەبێژی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵەی زەحەتکێشانی کوردستان دیاریکران. ئاماژە بەوەشکراوە، دوابەدوای ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بۆ درێژەپێدانی ژیان و تێکۆشانی سیاسی خۆی و شکستی پرۆسەی یەکگرتنەوە، پلێنۆم جارێکیتر جەختی کردەوە، راگەیاندنی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بۆ درێژەدان بە تێکۆشانی ڕێکخراوەیی و سیاسی و ھەڵوێستێکی پێویست و بە جێ بووە. ئەوە لە کاتێکدایە ٢١ی ئەم مانگە دوای حەوت مانگ، یەکگرتنەوەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشان ھەڵوەشایەوە، رۆژی ٢٢ی مانگیش شەڕ لەنێوان پێشمەرگەکانی ھەر دوو کۆمەڵە روویدا و دوو پێشمەرگەی زەحمەتکێشان گیانیانلەدەستدا.

ئەمڕۆ ساڵیادی لەسێدارەدانی شێخ سەعیدە و هەدەپە پەیامێکی بڵاوکردەوە  ئەمڕۆ ٩٨ ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی شێخ سەعید و ٤٦ کەس لە سەرکردە و هاوڕێکانی تیدەپەڕێت و هەدەپەش دەڵێت، پلانی رەتکردنەوەی کورد لە سەردەمی شێخ سەعیدەوە و تاوەکو ئیستا بەردەوامە. شێخ سەعید و ٤٦ کەس لە هاوڕێکانی لە ٢٩ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٢٥ لە ئامەد لە سێدارەدران و ئەمڕۆ ٩٨ ساڵ بەسەر لەسێدارەدانیان تێدەپەڕێت و تاوەکو ئێستا گۆڕەکانیان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ئاشکرا نەکراوە. ئەمڕۆ پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و یادی شێخ و سەعید و هاوڕێکانی کردەوە. هەدەپە وتی، " ئێمە بە ڕێز و خۆشەویستیەوە یادی شێخ سەعید و هاوڕێکانی دەکەینەوە کە لەلایەن دادگای ئیستقلالەوە لە ٢٩ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٢٥ لە ناوەڕاستی ئامەد لەسێدارەدران. ٩٨ ساڵ لەمەبەر هێرش کرایەوە لە داواکاری ئازاد و مافی رەوای گەلی کورد. دەوڵەتی تورکیا بە پلانی شەرق ئیسلاحات ( گۆڕانی رۆژهەڵات) دەستی بە پاکتاوکردنی کورد کرد و لە ئێستاشدا حکومەتی ئاکەپە و مەهەپە بە پلانی تواندنەوە هەمان سیاسەتی لەدژی گەلی کورد بەڕێوە دەبەن."

هاوڵاتی بەشی پێشبینییەکانی کەشناسی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاند، پێشبینییەکانی کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتووی راگەیاند. بەگوێرەی پێشبینییەکان ئەمڕۆ ئاسمان بە گشتی ساماڵ دەبێت و پلەى گەرما نزم دەبێتەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ. سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی کەشناسی رایگەیاندووە، ئاسمان ساماڵ دەبێت، لە ناوچە شاخاوییەکان پەڵە هەور دەبێت لەگەڵ بوونی تۆزێکی سووک، لە کاتەکانی ئێوارەدا کەمێک کاریگەری زیاد دەبێ بەتایبەتی لە ناوچەکانی باشووری هەرێمی کوردستان. پلەی گەرما کەمێک نزم دەبێتەوە بە (1-2) پلە  بە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی پێشوو. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی: هەولێر: 40 پلەى سیلیزى سلێمانی: 38 پلەى سیلیزى دهۆک: 40 پلەى سیلیزى کەرکووک:  41 پلەى سیلیزى هەڵەبجە: 40 پلەى سیلیزى حاجی ئۆمەران: 27 پلەى سیلیزى زاخۆ:  41 پلەى سیلیزى سۆران :  37 پلەى سیلیزى گەرمیان:  43 پلەى سیلیزى

هاوڵاتی دوای ئەوەی شەوی یەکشەممە 25-06-2023 بازاڕچەی ئەمین و بەشێک لە بازاڕچەی هیدایەت لە نێوشاری نەغەدە بە هۆی کێشەی کارەباوە ئاگریان گرت داواکاری گشتیی نەغەدە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی بازاڕی ئەمینی شارەکە سنووردار دەکات رووحوڵڵا سادقیان، داواکاری گشتیی نەغەدە لە راگەیێندراوێکدا  دەڵێت، تاکە ناوەندی رێگەپێدراو بۆ کۆکردنەوەی هاوکارییەکانی خەڵک بۆ زیانلێکەوتووانی ئاگرگرتنی بازاڕەکانی ئەمین و هیدایەتی ئەو شارە، ئەو ئەژمارە بانکییەیە کە لەلایەن ناوەندی خێرخوازیی نیکان و لەژێر چاودێریی پێشنوێژ و گوتارخوێنی هەینی شارەکە و بە بەشداری پیاوماقووڵانی شارەکە راگەیێندراوە. داواکاری گشتیی نەغەدە دەڵێت، بەدواداچوونی یاسایی بۆ هەر چەشنە خراپ بەکارهێنانێکی بابەتی ئاگرگرتنی بازاڕەکانی شارەکە دەکەن و رێگە نادەن هەرکەسێک ویستی، دەست بە کۆکردنەوەی هاوکاری بکات. تاوەکو ئێستا نزیکەی دوو ملیار و 500 ملیۆن تمەن کۆکراوەتەوە.

هاوڵاتی داعش لە رێگەی ناسێنەرەکانی نزیک لە خۆیەوە بەرپرسیارێتی خۆی لە ئۆپراسیۆنێکی لە دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) راگەیاند. دوێنێ دو چەکداری نەناسراو کە بە سواری ماتۆڕسکیلێکەوە بون، بە چەکی ئۆتۆماتیکی، خاڵێکی پشکنینی "هەسەدە"یان کردە ئامانج، بەئامانجگرتنەکە لەسەر رێگای گشتی لە دەروازەی شارۆچکەی ئەبریحە بوە، کە سەر بە ناحیەی ئەلبەسیرەیە لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزور. لەم بارەیەوە دەزگای ئەلیکترۆنی "ئەعماق" کە نزیکە لەو رێکخراوە، بڵاویکردەوە، چەکدارانی رێکخراوەکە، بە چەکی ئۆتۆماتیکی، خاڵێکی پشکنینی "هەسەدە"یان کردوەتە ئامانج، لە نزیک ناحیەی ئەلبەسیرە لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزور. هاوکات لایخۆیەوە سەرچاوەیەکی سەربازی لە "هەسەدە" بۆ نۆرس پرێس، هێرشەکەی پشتڕاستکردەوە، هەروەک گیانلەدەستدان و برینداربونی ئەندامێکی دیکەیانی پشتڕاستکردەوە، وتی، "باری تەندروستی بریندارەکە زۆر ناجێگیرە، کە بە گوللە بریندارکراوە و دواتر گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی مەیدانی شارەکە". سەرەڕای هەڵمەتە ئەمنییەکانی بەردەوام بۆ بەدواداچونی شانەکانی رێکخراوەکە لە سوریا و عێراق، لەم دواییانەدا رێکخراوی "داعش" ئۆپەراسیۆنەکانی لە سوریا و عێراق چڕتر کردوەتەوە.  

هاوڵاتی پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لە 19ی ئەم مانگەوە تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار سەردانی هەولێریان کردووە. پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کاتی سەردانکردنی بازگەی شێراوا لەنێوان هەولێر و کەرکووک ڕایگەیاند سەردانی بازگەکەیان کردووە و لە چۆنێتی پێشوازیی گەشتیارانیان کۆڵیوەتەوە. وتیشی ، بەراورد بە رابردوو پێشوازی لە گەشتیاران گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە و لە بازگەکان مامەڵەیەکی باشیان لەگەڵدا دەکرێت و تیمەکانی گەشتوگوزاریش بە شیرینی پێشوازی لە گەشتیاران دەکەن. ئاماژەی بەوەشدا  لە 19ی حوزەیرانەوە تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار سەردانی هەولێریان کردووە. گوتیشی، "پێشبینیمان وایە سبەی و دوو سبەی کە رۆژانی جەژنە، ژمارەی گەشتیاران زیاتر ببن." سبەی لە هەرێمی کوردستان و بەشێکی عێراق یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە؛ ساڵانە لە جەژن و بۆنەکاندا گەشتیارێکی زۆری پارێزگاکانی دیکەی عێراق سەرانی هەرێمی کوردستان دەکەن.

هاوڵاتی دەروازەى نێودەوڵەتى پەروێزخان رایدەگەیەنێت؛ بۆ ماوەى 24 کاتژمێر، جوجۆڵى بازرگانى لە دەروازەکە رادەگیرێت. بەپێى راگەیەنراوى دەروازەکە،  بەهۆی هاتنی جەژنی قوربانەوە، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی(28/6/2023) بۆ ماوەی(24) کاتژمێر جموجوڵێکی بازرگانی لە دەروازەی نێودەوەڵەتی پەروێزخان ڕادەگیرێت. دەشڵێت: ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی(29/6/2023) کە دەکاتە دووەم ڕۆژی جەژنی قوربان جموجوڵی بارزگانی دەستپێدەکاتەوە و دەروازەکە بەڕوی شۆفێران و بازرگاناندا دەکرێتەوە.

هاوڵاتی کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری بانە بە ناوی شێرکۆ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنوری "هەنگەژاڵ"ی شارە بەسەختی برینداربو. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، "نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە کۆڵبەرێک بە ناوی شیرکۆ و خەڵکی گوندی حەوتاش-ی شاری بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەسەختی بریندار بو". هاوکات ڕان و سمتی ئەو کۆڵبەرە بەسەختی برینداربوە و بەمەبەستی چارەسەریی پزیشکی و تیمارکردن بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی شاری بانە گواستراوەتەوە. بە گوێرەی ئامارەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی سێ مانگی ئەمساڵدا لانیکەم 44 کۆڵبەر لە سنورەکانی کوردستان کوژراون یان برینداربون، کە 34 کەسیان 77% بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بونەتە قوربانی.