هاوڵاتی وەزیری تەندروستیی ڕایگەیاند: تائێستا لە هەرێمی کوردستان 23 گومانلێکراوی تای خوێنبەربوون هەبوون کە 11یان پشتڕاستکراونەتەوە و پێنج کەسیان گیانیان لەدەستداوە. ئەمڕۆ دوو شەممە دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئامارەکانی تای خوێنبەربوونی بڵاوکردەوە و وتی، "تاوەکو دوێنێ لە پارێزگاکانی عێراق 865 گومانلێکراو هەبوون و 265ـیان پشتڕاستکراونەتەوە و 69 کەسیش بە نەخۆشییەکە مردوون." سەبارەت بە ئامارەکانی هەرێمیش ڕایگەیاند، "لە هەرێمی کوردستانیش 23 گومانلێکراو هەبوون کە 11یان پشتڕاستکراونەتەوە و پێنج کەسیش گیانیان لەدەستداوە؛ یەکەم کەس لە سۆران بوو؛ دووەم لە خەلیفان؛ سێیەم لە مێرگەسۆر؛ چوارەم لە سەنتەری شاری هەولێر و دوایین کەس لە کۆیە گیانی لەدەستدا کە خەڵکی گوندی سماقووڵی بوو." باسی لەوەشکرد، لەو پێنج کەسەی گیانیان لەدەستداوە یەکێکیان ژن بووە کە خەڵکی سۆران بوو و مامەڵەی لەگەڵ ئاژەڵی ماڵی هەبوو و دەشڵێت، "ئەوانی دیکەش مامەڵەیان لەگەڵ ئاژەڵ هەبوو؛ کەسێکیان گۆشتفرۆش بوو و مامەڵەی لەگەڵ سەربڕینی ئاژەڵ بووە." بەوتەی وەزیری تەندروستی، هەر کەسێک لە ماوەی سێ بۆ شەش رۆژ نیشانەکانی تێدا دەرکەوتن پێویستە سەردانی نەخۆشخانە بکات و دەڵێت، "ڤایرۆسەکە دەبێتە هۆکاری خوێنبەربوون لە هەموو بەشەکانی لەشی مرۆڤ لەگەڵ تایەکی تووند و پێویستە لەو کاتانەدا راستەوخۆ نەخۆش رەوانەی نەخۆشخانە بکرێت، چونکە رێژەی مردن و پەککەوتن لە نەخۆشییەکە زۆرە؛ رێژەی مردن گەیشتووەتە 50٪ بۆ 60٪، بەڵام ئەوەش دەکەوێتە سەر ئەوەی تا چەند زووتر سەردانی نەخۆشخانە دەکەیت؛ پەککەوتنیش بە مانای ئەوەیە رەنگە بەشێک لە ئەندامانی لەشی مرۆڤ لە کاتی خوێنبەربوون تووشی لەکارکەوتن بن".
هاوڵاتی تۆمەتبارێکی بیانی بەناوی هەلیکارەوە کۆمپانیایەک دادەنێت و دەستدرێژی دەکاتە سەر دوو کچ. بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان و خێران لەسلێمانی ڕایگەیاند:ڕۆژی 25/6/2023 تۆمەتبارێك بە ناوی (د.ب.ع) تەمەن (35) ساڵ خەڵكی دەرەوەی هەرَیمە دەستگیرکرا. ئەوەشی خستووەتەڕوو: تۆمەتبار بەناوی هەلی كارەوە كۆمپانیایەكی داناوە لە سلێمانی پاش ئەوەی دەست درێژی دەكاتە سەر دوو کچ و بڕێك پارەشیان لێ وەردەگرێت، دوێنێ هەردوو کچەکە سەردانی نوسینگەی(ڕۆژهەڵات)ی سەر بەبەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتانو خێزانیان كردبە مەبەستی تۆماركردنی سكاڵا، دەست بەجێ بەفەرمانی (دادوەری لێكۆڵینەوەی توندوتیژی خێزانی ) ناوبراو دەستگیركراو بەپێی ماددەی (393) لەسەر فەرمانی دادوەر ڕاگیراوە.
دەزگای دادی ئێران ئاشکرای دەکات بەهۆی لێبوردنەکانەوە ژمارەیەک زۆر لە بەندکراوانی ئەو وڵاتە ئازاد کراون و زیاتر لە 500 کەسیش لە سزای سێدارە رزگاریان بوە. غوڵامحسێن موحسین ئێژەی، سەرۆکی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئەمڕۆ دوشەممە رایگەیاند؛ بەهۆی لێبوردنەکانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی لانیکەم 98 هەزار بەندکراوی زیندانەکانی ئێران ئازاد کرابون کە بە وتەی ئەو دوژمنانی دەسەڵات پلانیان بۆ داڕشتبون. بە پێی وتەکانی ئێژەیی پێدەچێت سەرجەم ئەو کەسانەی کە ئازاد کراون بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی زیندانیی کرابن بەڵام رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هەواڵی ئازادکردنی زۆربەی زیندانیانی ناڕەزایەتییەکانیان پشتڕاست نەکردوەتەوە. ئێژەی وتیشی: دۆسیەکانی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی 120% زیادی کردوە و لێکۆڵینەوە لە 20 هەزار دۆسیەی تایبەت بە بەندکراوانی ناڕەزایەتییەکانی وڵاتەکە کراوە. تا ئێستا هیچ دەزگایەکی کۆماری ئیسلامی ژمارەی راستەقینەی دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی ئاشکرا نەکردوە و تەنها بە پێی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لانیکەم 10 هەزار کەس لە رۆژهەڵات و 60 هەزار کەس لە شارەکانی ئێران دەستگیرکراون. سەرۆکی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئاماژەی بەوەش کردوە: 551 بەندکراو کە بە تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست لە زیندانەکاندا بون بە هەوڵی چالاکوانان و کەسانی خێرخواز بە رەزامەندیی سکاڵاکارەکانیان سزای سێدارەیان هەڵوەشێنراوەتەوە. رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران ئاشکرای کردوە؛ لە نزیکەی شەش مانگی ئەمساڵدا 352 بەندکراو لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەسێدارە دراون. لە ئێران 268 زیندانی ئاشکرا هەیە کە لەو ژمارەیە تەنها 108زیندان لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە چاودێریی و بەڕێوەدەبرێن چونکە 51 زیندان سەر بە دەزگای هەواڵگریی کۆماری ئیسلامی ئێران (ئیتلاعات) و 29زیندان لە ژێر دەسەڵات و چاودێریی سوپای پاسداران-دایە.
هاوڵاتی سبەی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆدەبنەوە. بەگوێرەی زانیاریانەکان، سبەینێ كاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە هەولێر، مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی كۆدەبنەوە. هەر بەگوێرەی زانیاریەكان، بەشێك لە ئامانجی سەردانەكانی ئەمڕۆی شاندی یەكێتی بەسەرۆكایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی و كۆبونەوەی لەگەڵ هەریەك لە بزوتنەوەی گۆڕان، یەكگرتوی ئیسلامی پەیوەست بوە بەوەرگرتنی بۆچونەكانیان سەبارەت بەكۆبونەوەكەی سبەینێی نێوان هەردو مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی. هاوکات چاوەڕواندەكرێت كۆبونەوەكە لەسەر چەند پرسێكی گرنگ و پەیوەست بە بارودۆخی هەرێمی كوردستان گفتوگۆ بكرێت.
هاوڵاتی یەكەم حاڵەتی گیانلەدەستدان بە تای خوێنبەربوون لە سنووری كۆیە تۆماركرا. کەسوکاری هاووڵاتییەکە دەڵێن "ئاژەڵدار نین". ئەمڕۆ یەکشەممە 25ـی حوەزەیرانی 2023 هاووڵاتییەكی دانیشتووی گوندی سماقوڵییە و لە "چوار رۆژ لەمەوبەر" لە نەخۆشخانەیەکی هەولێر گیانی لەدەستداوە، بەڵام بەهۆی درەنگ هاتنەوەی پشکنینەکەی لە بەغدا ئەمڕۆ دڵنیابوونەتەوە، کە بەهۆی تای خوێنبەربوونەوە بووە گیانی لەدەستداوە. ئەو هاوڵاتییە تەمەنى زیاتر لە حەفتا ساڵە و بە وتەى کەسوکارەکەى هیچ ئاژەڵێکیان نیە، بەڵام کێشە لە تەندروستى گورچیلەکانیدا بووە. هاوکات جێگرى بەڕێوەبەرى تەندروستى کۆیە ڕایگەیاند" کەسوکارى ئەو هاوڵاتییە رەتى دەکەنەوە کە بەتاى خوێنبەربون گیانى لەدەستدابێت و لەسەر ئەوە سکاڵا لەسەر وەزارەتى تەندروستى تۆمار دەکەن" ئەمساڵ لە 01-01-2023 تائێستا لە پارێزگاکانی عێراقدا، زیاتر لە 250 تووشبووی تای خوێنبەربوون تۆمارکراون کە زیاتر لە 35 کەسیان گیانیان لەدەستداوە. هەروەها لە هەولێر 8 تووشبوو تۆمارکراون کە 4 یان گیانیان لەدەستداوە، لە سلێمانی هیچ کەسێک تووشی نەخۆشییەکە نەبووە، لە دهۆکیش سێ تووشبوو تۆمارکراون .
هاوڵاتی لە هەولێر سێ منداڵ، کە یەکێکیان تەمەنی پێنج مانگانە دۆزرانەوە و بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان دەڵێت، لەلایەن باپیریانەوە فڕێدراون. منداڵەکان لە دوو کوڕ و کچێک پێکهاتوون، یەکێک لە کوڕەکان تەمەنی نۆ ساڵە و ئەوەی دیکەیان 10 ساڵانە، كچەکەش تەمەنی پێنج مانگە. بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە هەولێر رایگەیاند، منداڵەکان لە رۆژی 25.6.2023 لە گەڕەکی نوسەرانی شاری هەولێر لەسەر شەقام فڕێدرابوون هێنراونەتە نوسینگەکەیان لە منارە. بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، لەدوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە کە ئەم منداڵانە پێش ماوەیەک باوکیان دەستگیرکراوە و دایکیشیان لەلای باپیری منداڵەکان (باوکی هاوسەرەکەی) بەجێیهێشتوون و ئەمڕۆ باپیریان ئەوانی هێناوە و لەسەرشەقام فڕێیداون. بەپێی راگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتییەکە، "دادوەری توندوتیژی خێزانی بڕیاریداوە دوو منداڵە کوڕەکان ببرێن بۆ خانەی نەوجەوانانی هەولێر و منداڵە کچە پێنج مانگەکەش ببریت بۆ خانەی چاودێری منداڵان لەناو نەخۆشخانەی لەدایکبوونی هەولێر."
هاوڵاتی هاتوچۆى دەربەندیخان رایدەگەیەنێت؛ بۆ ماوەى 24 کاتژمێر تونێلى دەربەندیخان بەڕوى شۆفێراندا دادەخرێت و هاتوچۆى تێدا ناکرێت. بەپێى راگەیەنراوێکى بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆى دەربەندیخان، بەمەبەستی هێڵکاری لە شەقامی ناو تونێڵی دەربەندیخان کاتژمێر( 12:00)ی ئەمشەو، تونێلى دەربەندیخان بۆ ماوەى 24 کاتژمێرى تەواو دادەخرێت. دەشڵێت: رێگاى جێگرەوە بۆ هاتوچۆکردن شاخى بەرانان دەبێت و پێویستە شۆفێران لەوێوە هاتوچۆ بکەن.
هاوڵاتی چەکدارانی توندڕەوی سەر بە تورکیا لە عفرین هاوڵاتیەکی کوردیان رفاند و ئاگریان لە زەوی و باخی زەیتونەکانی هاوڵاتیان بەردا. ئاژانسی هەواڵی هاوار (هاوارنیوز) رایگەیاند، چەکدارانی گروپی فەیلەق شامی سەر بە دەوڵەتی تورکیا لە گوندی بەعیەی سەر بە ناوچەی شێراوای عەفرین، هاوڵاتیەکی کوردیان رفاند. بەگوێرەی زانیاریەکانی ئاژانسەکە، ئەو کەسە بۆ زیندانێک لە گوندی ئیسکا براوە و تاوەکو ئیستا چارەنووسی نادیارە. هەروەها باسی ئەوەش کرا کە لە گوندی کبێشینێین ناوچەی شێراوا، چەکدارەکان هەڵیان کوتاوەتە سەر گوندنشینان و ئاگریان لە زەوی و باخی زەیتونەکانی هاوڵاتیان بەردەواوە. لەلایەکی دیکەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای تورکیا گوندی عەقیبی شێراوای بۆردومان کردووە. باسی ئەوە دەکرێت کە 10 گولە تۆپ بەر گوندەکە کەوتوون، بەڵام زیانی تۆپبارنەکە ئاشکرا نەکراوە. دوێنێش تۆپخانەکانی تورکیا گوندی سەیدای عەین عیسا و رێگەی ئێم4ی لە ناوچەکە تۆپباران کرد و بو هۆیەوە ئاگر کەوتەوە و بەشێک لە گژوگیای ناوچەکە و گەنمی هاوڵاتیان سووتا.
هاوڵاتی لەنزیک پردی سەرچنار لە سلێمانی شەڕ لەنێوان هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی سلێمانی روویدا زیاتر لە 15 خولەک رێگایەکی سەرەکی داخرا ئەمڕۆ یەکشەممە لە دەوروبەری کاتژمێر 8:15 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ تەقەیەکی زۆر لە نزیک هۆتێل ئەبوسەنا لە لەسەر شەقامی 60 مەتری سلێمانی کراوە و لێکۆڵینەوە دەستپێکردوە. بە گوێرەی زانیارییەکان، یەکێک لە هێزەکان ئۆتۆمبێلەکەی بە ئاراستەی پێچەوانە لە شەقامەکە رۆشتووە و هێزەکەی دیکە رێگریی لێکردووە، لەسەر ئەوەش بووە بە شەڕەتەقە لەنێوانیاندا.
بڕی هەناردەی کاڵا و بەروبومە کشتوکاڵییەکان لە کرماشان بۆ هەرێمی کوردستان و شارەکانی عێراق بەرزبونەوە بەخۆیە دەبینێت. عەلی ئەسغەر عەباس زادە، سەرپەرشتیاری گومرگەکانی کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند؛ هەناردەی کاڵا و بەروبومە کشتوکاڵییەکان لە ماوەی سێ مانگی بەهاری ئەمساڵدا بۆ هەرێم و عێراق لە روی کێشەوە زیاتر لە 19% بەرز بوەتەوە. ئاماژەی بەوە کراوە جگە لەوەی کە لە روی کێشەوە بەراورد بە سێ مانگی بەهاری ساڵی رابردو هەناردە زیادی کردوە، هەناردەی سێ مانگی بەهاری ئەمساڵ بەهاکەی بە رێژەی 10% بەرز بوەتەوە. بە پێی ئامارەکانی گومرگی کرماشان لە سێ مانگی بەهاری ئەمساڵدا یەک ملیۆن و829 هەزار و 688 تۆن کاڵا و بەروبومی کشتوکاڵی لە مەرزەکانەوە هەناردەی هەرێم و عێراق کراوە کە بەهاکەی گەیشتوەتە 716 ملیۆن و 234 هەزار 877 دۆلار. زۆرینەی هەناردەکانی سنوری کرماشان بۆ هەرێم و عێراق شیرەمەنی و بەربومە کشتوکاڵییەکان و کەرەستەی بیناسازیی وەک کاشی و ئاسن بوە. لە ئامارەکاندا دەرکەوتوە لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا بە بڕی 635 تۆن کاڵا بە بەهای پێنج ملیۆن و 686 هەزار و 653 دۆلار لە رێگەی پەروێزخان و سنورەکانی دیکەی کرماشان کاڵا هەناردە ئەو پارێزگایەی رۆژهەڵات و شارەکانی ئێران کراوە کە بەراورد بە سێ مانگی بەهاری ساڵی رابردو لە روی کێشەوە 78% و لە روی بەهاکەیەوە 48% دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.
هاوڵاتی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای کەرکوک ڕایگەیاند، شەڕ و دەمەقاڵێی نێوان دوو کەس کە ئامۆزای یەکترن رویداوە و بەوهۆیەوە یەکێکیان کوژراوە، بکوژەکەش بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتوە، بەپێی زانیاریەکانیش، سەرەڕای ئەوەی ئامۆزای یەکترن، خوشکی کوژراوەکە هاوسەری بکوژەکەیە. عامر نوری، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای کەرکوک ڕایگەیاند، ئێوارەی دوێنێ هەینی لەگەڕەکی نەسڕی شاری کەرکوک، دو کەس کە ئامۆزای یەکترن، یەکێکیان لەدایکبوی ساڵی ٢٠٠٠ و ئەوی دیکەش ١٩٩٥ە، بوەتە شەڕ و دەمەقاڵێیان، لەئەنجامیشدا یەکێکیان کە لەدایکبوی ٢٠٠٠ە، گوللـەیەک بەر سینگی کەوتوە و بەوهۆیەوە گیانی لەدەستداوە. وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای کەرکوک ئاماژەی بەوەشدا، بکوژەکە پاش تاوانەکە بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتوە، لەئێستاشدا گەڕان و بەدواداچونی هێزە ئەمنییەکان دەستیپیکردوە بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباری سەرەکی.
هاوڵاتی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، ژنێک و دوو منداڵی تیرۆریستانی داعشی رادەستی حکومەتی دانیمارک کردەوە. بەگوێرەی سایتی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندیەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، شاندێکی حکومەتی دانیمارک سەردانی بەرێوەبەرێتیەکە کردووە لە شاری قامشلۆ. شاندی حکومەتی دانیمارک بە سەرۆکایەتی نیکۆلاس هاریس نوێنەری حکومەتی دانیمارک بۆ کاروباری سوریا، لەگەڵ خەلیل ئیبراهیم ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندیەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەرایەتی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کۆبووەتەوە. بەگوێرەی هەواڵەکە، هەردوولایەن قسەیان لەسەر دۆخی سوریا و هەرێمەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاوای کوردستان) کردووە و ئاماژەیان بە بەیاننامەی چارەسەری ئاڵۆزی سوریا داوە کە لەلایەن خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریاوە ئامادە کرابوو. هەروەها دۆخی ئابوری و مرۆیی لە سوریا و دۆخی تیرۆریستانی داعش و خانەوادەکانیان لە کەمپەکانی هۆل و رۆژ بەشێکی دیکەی پرسی کۆبونەوەکە بوون. خالید ئیبراهیم لە کۆبونەوەکەدا رایگەیاندووە، بەیاننامەکەیان لەسەربناگەیەکی نیشتیمانی ئامادە کراوە و بەگوێرەی پرۆژەکە پێویستە هەموو گەلانی سوریا بەشداری لە دیالۆگی چارەسەرکردنی ئاڵۆزیەکانی سوریا بکەن کە بەیاننامەکە لە نۆ خاڵ پێک دێت. خالید ئیبراهیم ئاماژەی بە گرنگی بەردەوامی شەڕی دژی داعش کردووە و رایگەیاندووە کە پێویستە وڵاتانی جیهان هاوڵاتیەکانیان کە لەنێو داعشدا بوون بگەڕێننەوە و ئەم هەنگاوەش بەشێکی بچووکی چارەسەری کێشەی داعشە. نیکۆلاس هاریس نوێنەری حکومەتی دانیمارک بۆ کاروباری سوریاش لە کۆبونەوەکەدا باسی ڕۆڵی رۆژئاوای کوردستان و بە تایبەتی هەسەدە کردووە کە هاوپەیمانی نێدەوڵەتی دژی داعشدا و وتوویەتی، دانیمارک بە وردی چاودێری دۆخی، سیاسی، ئابوری، مرۆیی و ئەمنی هەرێمەکە دەکات و لەگەڵ نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە ئەوروپا لە پەیوەندیدایە. لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندیەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بەگوێرەی پرۆتۆکۆلێک ژنێک و دوو منداڵی تیرۆریستانی داعشی رادەستی شاندی دانیمارک کردەوە.
هاوڵاتی کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی پلەی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ بەرزتر دەبێتەوە و لە هەندێک ناوچە دەگاتە 45 پلەی سلیزی. کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی کەشوهەوای بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند سبەی پلەی گەرما یەک بۆ دوو پلە بەرز دەبێتەوە . بە گوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی ئەمڕۆ شەممە ئاسمان ساماڵ دەبێت پلەکانی گەرما بەم شێوەیە دەبن: هاوکات سبەی یەک شەممە 25- 6- 2023 پلەکانی گەرما بەرز دەبێت بە (١ - ٢) پلەی سیلیزی بە بەراوورد لە تۆمارکراوی ئەمرۆو ئاسمان ساماڵ دەبێت. بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرما بۆ سبەی بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت: - هەولێر؛ 40 - سلێمانی؛ 39 - دهۆک؛ 39 - کەرکووک؛ 43 - هەڵەبجە؛ 42 - زاخۆ؛ 40 - سۆران؛ 38 - گەرمیان؛ 45
هاوڵاتی لە پارێزگای دیلۆکی باکوری کوردستان لە روداوێکی هاتوچۆدا ٦ کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێک بریندار بوو. درەنگانی شەوی رابردوو لە ناوچەی شەهیتکەمالی پارێزگای دیلۆکی باکوری کوردستان بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبیڵێکی مەدەنی لێکیاندا. لە روداوەکەدا، ٦ کەس هاوڵاتی کوردی دیلۆک گیانیان لەدەستدا و هاوڵاتیەکیش بە قورسی بریندار بوو. بریندارەکە بۆ نەخۆشخانەی دیلۆک گواستراوەتەوە و باسی ئەوە دەکرێت کە مەترسی لەسەر ژیانی بریندارەکە هەیە. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ساڵی 2022 لە باکووری کوردستان و تورکیا 485 هەزار و 48 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و بەو هۆیەوە دوو هەزار و 282 کەس گیانیان لەدەستداوە و 291 هەزار و 151 کەسی دیکەش برینداربوون. ساڵی 2021ش لە باکووری کوردستان و تورکیا یەک ملیۆن و 186 هەزار و 353 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و لە ئەنجامدا پێنج هەزار و 362 کەس گیانیان لەدەستدابوو و 274 هەزار و 615 کەس بریندارببوون.
ناوەندی چاودێریی بومەلەرزە لە ئێران ئاشکرای دەکات لە حەوت رۆژدا هەشت بومەلەرزە لە ورمێ رویداوە. لە ئامارەکانی هەفتەی رابردوی ناوەندی چاودێریی بومەلەرزەی ئێران دەرکەوتوە لە حەوت رۆژی ئەو هەفتەیەدا لانیکەم هەشت بومەلەرزە لە پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار کراوە. لەو هەفتەیەدا تەنها لە شاری خۆی سەر بە پارێزگای ورمێ حەوت بومەلەرز بە گوڕەکانی 2.6 تا 4 بە پێوەری ریختەر رویداوە. بەهێزترین بومەلەرزەی پارێزگای ورمێ بە گوڕی 4 لە ناوچەی زۆراواە سەر بە شاری خۆی رویداوە. لە (17/2/2023) بومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.9 پلە بە پێوەری ریختەر شاری خۆی هەژاندا زیانی گیانی و ماددی لێکەوتەوە. پێشترناوەندی چاودێریی بومەلەرزە لە ئێران بڵاوی کردبوەوە؛ لە یەکەم هەفتەی سەرەتای ئەم مانگەدا هەشت جار بومەلەرزە ناوچەکانی پارێزگای کرماشانی گرتوەتەوە کە گوڕەکەیان لە نێوان 2.5 بۆ 4.7 پلە بە پێوەری ریختەر بوە. ئەو بومەلەرزانە ناوچەکانی قەسری شیرین و داڵاهۆ-ی لە کرماشان گرتوەتەوە و رۆژی یەکشەممەی هەفتەی رابردو کاتژمێر 8:21 بومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.7 پلە بە پێوەری ریختەر لە داڵاهۆ رویدا و وتەبێژی مانگی سوری کرماشان رایگەیاند؛ بومەلەرزەکە زیانی گیانی لێنەکەوتوەتەوە و تەنها تیمەکانیان کەوتونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
