هاوڵاتی زۆزان سەڤەن کچێکی کورد و مامۆستای خەڵکی پارێزگای جۆلەمێرگی باکوری کوردستان کە باوکی بەرپرسە لەنێو پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار، داواکاری بۆ کاندیدی پەرلەمان پێشکەش بە پارتی چەپی سەوز کرد کە هەدەپە لەو رێگەیەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکات و رایگەیاند، لەم رێگەیەوە دەست بە تێکۆشان بۆ ئازادی دەکەم." زۆزان سەڤەن وتی، " هەرچەندە باوکم داوای لێکردووم کە داواکاریەکەم بۆ کاندیدبوون لەسەر لیستی پارتی چەپی سەوز بکشێنمەوە، بەڵام ئەمە هەڵوێست و بیروبۆچوونی خۆمە و دەست لەم تێکۆشانە هەڵناگرن." محەمەد سەڤەن باوکی زۆزان سەڤەن کە لەنێو رێکخستنەکانی ئاکەپەدا لە جۆلەمیرگ چالاکە لەبارەی کاندیدبوونی کچەکەی لەسەر لیستی پارتی چەپی سەوز راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. محەمەد سەڤەن دەڵێت، " کچەکەم بێ ئەوەی ئێمە ئاگادار بکاتەوە، ئەم بڕیارەی داوە. ڕای کچەکەمە. هیچ پەیوەندیەکی بە خانەوادەکەمانەوە نییە. ٢٠ ساڵە لەنێو ئاکەپەدا سیاسەت دەکەم. کچەکەم لە جۆلەمێرگ ناژی. ئەم هەنگاوەی منی زۆر نیگەران کردووە." زۆزان سەڤەن هەروەها لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا لەبەرامبەر قسەکانی باوکی نووسیویەتی، " خەڵک پێم دەڵێن ئایا داواکاریەکەت بۆ کاندیدبوون دەکشێنیتەوە یان نا؟ پێویستە بوو روونکردنەوە بدەم. بۆیەش لێرەوە رایدەگەیەنم، راستە پشتگیری باوکم گرنگ بوو بۆ من، بەڵام بەداخەوە کە لەدژی منە، بەڵام ئەمە نابێتە هۆکار کە لە تێکۆشانم بۆ ئازادی بکشێمەوە." لەلایەکی دیکەوە، پارتی چەپی سەوز لە تویتەکەیدا نووسیویەتی، " زۆزان خان، بەخێر بێیت، رێگەیەکی دروستت هەڵبژاردووە."

هێزەكانی پاراستنی گەل-هەپەگە، ناسنامەی پێنج گەریلای بڵاوكردەوە، كە ساڵی ٢٠١٧ لە هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا شەهید بوون. ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل- هەپەگە، لە ڕاگەیەندراوێكدا ناسنامەی پێنج شەهیدی بڵاوكردەوە، كە ساڵی ٢٠١٧ لە هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا شەهید بوون. لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، گەلی کورد لە ڕێگەی ڕۆڵە بەنرخ و شکۆدارەکانی بۆ ئازادی بە هەموو شێوەیەک تێدەکۆشێت و هەبوونی خۆی دەپارێزێت و گەلی کورد بە ڕێپێوان و بەرخۆدانی فیدایی ڕۆڵەکانی هەنگاو بە هەنگاو ئازادی خۆی بەدەست دەهێنێت و بۆ پاراستنی هەبوونی گەلەکەمان لە قڕکردن، بۆ ئەوەی ڕێگری لە هێرشی دوژمن بکات گەلەکەمان پێویستی بە تێکۆشانی گەورە هەیە. ئاماژەبەوەشکراوە، لەم دۆزەی ئازادیدا ڕۆڵە جوانەکان، شکۆدار و قاڕەمانەکانی گەلەکەمان بێ دوودڵی تێدەکۆشن و بەرەو شەهیدبوون ڕێدەکەن و هەر قارەمانێکمان تێکۆشان گەورەتر دەکات، باوەڕمان زیاتر دەکات و زیاتر نزیکی سەرکەوتنمان دەکاتەوە. دەشڵێن، لە ساڵی ٢٠١٧دا، کە یەکێک لە ساڵە هەرە سەختەکانی مێژووی تێکۆشانمان بوو، قارەمانەکانمان، کە هێرشەکانی دوژمنیان بێوەستان پووچەڵ کردەوە، هیوای ئازادیمانیان زیندوو کردەوە و بە فیداکاری بەرخۆدانیان کرد، تێکۆشانی ئێمەیان تاوەکو ئەمڕۆ هێنا. ئەوەشخراوەتەڕوو، هاوڕێکانمان دەروێش، ئازاد، ئوزگور، سیدار و خەلیل لە ساڵی ٢٠١٧دا وەک شەهیدانی خۆپاراستنی ئاپۆیی، کە پێشەنگایەتیان بۆ بەرخۆدان کرد، بە قارەمانێتی بەرخۆدانیان کرد و شەهید بوون. لە کۆتاى ڕاگەیەندراوەکەدا باسلەوەکراوە، ئێمە بە ڕێز و خۆشەویستیەوە یادی ئەو هەڤاڵە بەنرخانە دەکەینەوە و بەڵێنی خۆمان لە بەرامبەر یادەوەرى و ئامانجیان دووبارە دەکەینەوە و سەرەخۆشی لە خانەوادە وڵاتپارێزەکانیان و گەموو گەلی کوردستان دەکەین. هەپەگە زانیاری لەبارەی ناسنامەی ئەو شەهیدانە بەم جۆرە بڵاوكردەوە: ناسناو: دەروێش تەتۆیی ناو و پاشناو: دۆغوکان بۆزدەمیر شوێنی لەدایکبوون: وان دایک و باوک: حەنیفە و موخلیس کات و شوێنی شەهیدبوون: لە ساڵى ٢٠١٧ لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا شەهیدبووە. ناسناو: ئازاد گەڤەر ناو و پاشناو: عەزیز تاتلی شوێنی لەدایکبوون: روحا دایک و باوک: سدیقا و عیزەت کات و شوێنی شەهیدبوون: لە ساڵى ٢٠١٧ لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا شەهیدبووە. ناسناو: ئوزگور جیلۆ ناو و پاشناو: ئیلهان ئاکدۆغان شوێنی لەدایکبوون: جۆلەمێرگ دایک و باوک: زەینەب و خالید کات و شوێنی شەهیدبوون: لە ساڵى ٢٠١٧ لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا شەهیدبووە. ناسناو: سیدار بۆتان ناو و پاشناو: رەجەب ئەسین شوێنی لەدایکبوون: وان دایک و باوک: هەردەمجان و سەلمان کات و شوێنی شەهیدبوون: لە ساڵى ٢٠١٧ لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا شەهیدبووە. ناسناو: خەلیل داغ ناو و پاشناو: محەمەد ئەمین داکمان شوێنی لەدایکبوون: ئامەد دایک و باوک: بەسرا و ئەسەد کات و شوێنی شەهیدبوون: لە ساڵى ٢٠١٧ لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا شەهیدبووە.

بەرپرسێکی ئێران لە بەغداد رایگەیاند؛ کۆماری ئیسلامی ئێران پلانی هێرشکردن بۆسەر هەرێمی کوردستانی نەبوە ئەوە بانگەشەیەکە دژی ئێران کراوە. محەمەدکازم ئال سادق، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (ئەلئەخباریە) رایگەیاندوە؛ بەرپرسانی بەغداد و تاران رێککەوتنی ئەمنیی و ئاسایشییان واژۆ کردوە و پێشتر هیچ پلانێک نەبوە کە ئێران لە رێگەی وشکانییەوە هێرش بکاتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان. بە وتەی ئەو: هێرشەکانی رابردوە بۆسەر بنکە و بارەگاکانی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێم مافی کۆماری ئیسلامی بوە بۆ پاراستن و بەرگریی لە خۆی. ئال سادق وتویەتی: ئەوان هیوایان وایە بە رێککەوتنی ئەمنی و ئاساییشیی ئەم دواییانەی نێوان بەغداد و تاران پارتە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی هێرشەکانیان بۆ سەر خاکی ئێران کۆنتڕۆڵ بکرێت. لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ، سوپای پاسداران لانیکەم چوار جار بە درۆنی خۆکوژ و موشەک و تۆپخانەکانی بنکەکانی پارتەکانی رۆژهەڵاتی لە هەڵگورد و برادۆست و بارەگاکانی ئەو پارتانە لە کۆیە و زرگوێز-ی کردوەتەوە ئامانج و بەهۆیەوە 21 کەس کوژران و نزیکەی 90 کەسیش برینداربون. باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی جەختی لەوە کردوەتەوە: کە ناڕەزایەتییەکان و خۆپیشاندانەکانی دوای مەرگی ژینا لە ژێر کاریگەریی ژمارەیەک نەیاری کورد لە هەولێرەوە بوە و کۆماری ئیسلامی توانیویەتی هەوڵەکانی گروپێک لەو کەسانە هەڵوەشێنێتەوە کە لە هەولێر ئامادەکارییەکانیان کردوە. ئەو بەرپرسە وتوشیەتی: ئەمریکا خاکی هەرێمی کوردستان بەکار دەهێنێت و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەو وڵاتە کاری هەواڵگریی لە سنورەکانی هەرێم و خاکی عێراقەوە دژی کۆماری ئیسلامی دەکەن و تا ئێستا 18 نوسراوی ناڕەزایەتیی لە لایەن ئێرانەوە رادەستی وەزارەتی دەرەوەی عێراق کراوە. محەمەدکازم ئال سادق باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران ئاماژە بەوە کردوە کە بڕیارە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات چونکە پەیوەندیی مێژویی لە نێوان ئەوان و کورد و هەرێمی کوردستان هەیە.  

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی وێڕای جەختکردنەوە لە پاراستی ماف و ئازادییەکان و برەودان بە کولتووری پێکەوەژیان، هاوکات دڵنیایی دایە سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان كه‌ هه‌رێمى كوردستان وەک هەمیشە به‌ نيشتمانى هه‌مووان ده‌مێنێته‌وه‌. ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی نێچیرڤان بارزانی بڵاوکردەوە کە بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی بابلی و جەژنی ئەکیتۆی پێکهاتەی کلدانی، سریانی و ئاشووری بڵاوی کردووەتەوە. لە پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "سەری ساڵی نويێ بابلیى ئاشووری و جه‌ژنى ئەکیتۆ، به‌ گه‌رمى لە خوشک و ‏برایانی کلدانی، ئاشوورى و سریانی لە هه‌رێمى كوردستان و عێراق و له‌ هه‌ر كوێى جیهان ‏بن پیرۆز دەكه‌م. هيواى سه‌ركه‌وتن و جه‌ژن و پشوويه‌كى شاد و ئاراميان بۆ ده‌خوازم". نێچیرڤان بارزانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا جەختی لە پاراستی ماف و ئازادییەکان و برەودان بە کولتووری پێکەوەژیان کردووەتەوە و رایگەیاندووە، "له‌م ياده‌دا داكۆكى له‌ پاراستنى يه‌كسانى و ماف و ئازادييه‌كان و بره‌ودان به‌ كولتوورى پێكه‌وه‌ژيان و يه‌كترقبووڵكردن و لێبورده‌يى له‌نێو هه‌موو پێكهاته‌ ئايينى و نه‌ته‌وه‌يييه‌كانى كوردستاندا ده‌كه‌ين". سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هاوکات دڵنیایی داوەتە کریستیان و سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی دیکە كه‌ هه‌رێمى كوردستان وەک هەمیشە به‌ نيشتمانى هه‌مووان ده‌مێنێته‌وه‌.

هاوڵاتی لە پارێزگای خارپێتی باکووری کوردستان پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ کەسێک دوای کوشتنی پێنج ئەندامی خێزانەکەی، خۆیشی کوشت.  بەگوێرەی زانیارییەکانی کە میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردۆتەوە ،ئەمڕۆ هاوڵاتییەک لە باکوری کوردستان بەهۆی دروستبەنی دەمەقاڵێ لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی دایک و باوک و خوشک و براکانی دەکوژێت و خۆشی دەکوژێت. ئەوەشبڵاوکراوەتەوە کە ئەو هاوڵاتییە ناوی حوسێن فورات  بووە و قەرزی زۆری قوماری بەسەردا کەڵەکەبووە و داوای لە باوکی کردووە هاوکاری بکات بۆ دانەوەی قەرزەکانی، بەڵام بەهۆی ئەوەی باوکی رەتیکردووە و پارەی پێنەداوە، دەمەقاڵی لەنێوانیاندا روویداوە و لە ماڵدەرکراوە. دواتر حوسێن  بە چەکی کلاشینکۆف گەڕاوەتەوە ماڵەوە و تەقەی لە تەواوی ئەندامانی خێزانەکەی کردووە و هەموویانی کوشتووە و هەر لەوێش بەگوللـەیەک خۆی کوشتووە.   هاوکات دوای ئاگادارکردنەوەی پۆلیس لەلایەن دراوسێکانییەوە، لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە و تەرمی هەر شەش کەسەکە رەوانەی نەخۆشخانەی فێرکاری زانکۆی فورات کراوە. 

هاوڵاتی بەرهەمی نەوتی ئۆپیک لە مانگی ئازاردا بەهۆی چاکسازی لە  کێڵگەی نەوتی لە ئەنگۆلا و وەستانی هەندێک لە هەناردەکانی عێراق بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەر ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردەوە ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) لەم مانگەدا 28.90 ملیۆن بەرمیلی لە ڕۆژێکدا بەرهەمهێناوە ، بە گوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕێژەی بەرهەمهێنان بە بڕی  70 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لەچاو مانگی شوباتدا  دابەزیوەهاوکات بەرهەمهێنان لەچاو مانگی ئەیلولەوە زیاتر لە 700 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزیوە. ئۆپیک و هاوپەیمانەکانی ناسراو بە ئۆپێک+، ڕازی بوون لە کۆتایی ساڵی 2022دا بڕی بەرهەمهێنان کەمبکەنەوە  بۆ پشتگیریکردنی بازاڕ بەو پێیەی کە ئابووری خراپتر دەبوو و نرخەکان بەرەولاوازبوون دەچوو. ئۆپیک پڵەس بڕی بەرهەمهێنانی بە بڕی 2 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمکردەوە کە بڕیاربوو نزیکەی 1.27 ملیۆنی لە 10 وڵاتی بەشداربووی ئۆپیکەوە بێت . لەگەڵ کەمبوونەوەی بەرهەمی ئەنگۆلا و عێراق لەم مانگەدا پابەندبوون بە ڕێککەوتنەکە زیادی کردووە بۆ 173٪ ی بەڵێندراوی کەمکردنەوەکان بەپێی ڕاپرسییەکە لە بەرامبەر 169٪ لە مانگی شوباتدا. ئەو بڕەی کە بەرهەمدەهێنرێت لە ئێستادا بە بڕی  930  هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمترە لەوەی کە دانراوە  چونکە زۆرێک لە بەرهەمهێنەرەکان - بە شێوەیەکی بەرچاو نایجیریا و ئەنگۆلا - توانای بەرهەمهێنانیان لەو ئاستەدا نییە  . ئەنگۆلا، عێراق: یەکەم هۆکار بۆ کەمبونەوەی بەرهەمهێنان بە بڕی 100هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ئەنگۆلا بوو بەهۆی چاکسازی لە کێڵگەی دالیادا. دووەم گەورەترین دابەزین لەعێراقەوە هات کەکۆمپانیاکان بەرهەمهێنانی نەوتیان لەڕۆژی شەممەوە لە هەرێمی کوردستان کەمکردۆتەوە و بەشێکیان تەواو وەستاندویانە بەڵام زیادکردنی ڕێژەی هەناردەکردن لە باشوری عێراقەوە کاریگەری ئەو کەمبونەوەیەی سنوردار کردووە. بە گوێرەی ئامارەکانی ڕۆیتەرز بەرهەمهێنەرانی کەنداوی ئۆپیک سعودیە و کوێت و ئیمارات پابەندی باڵایان هەبووە بەو بڕەی کە ئامانجبووە بەرهەمیبهێنن .

هاوڵاتی ئێران كەچەقی گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەكانە لەجیهان، خاوەنی مێژوویی 500 ساڵەیە لەگەڵ ماددەی هۆشبەری تریاك و لەئێستاشدا 12 ملیۆن دانیشتوی ئەو وڵاتە بەشێوازی كاتی یان هەمیشەیی ئالودەی ماددە هۆشبەرەكان بوون و تەنها لەساڵێكدا دەست بەسەر 600 تۆن ماددەی هۆشبەردا گیراوە. لەنوێترین زانیاریی ناوەندی كارو كاروباری كۆمەڵایەتیی ئێران دەركەوتووە 50%ی ئالودەبوانی ماددە هۆشبەرەكان ماددەی تریاك و و دوای تریاك، ماددەی جۆری گوڵ و كریستاڵ(كراك) زیاترین بەكارهێنانی هەیەو زۆرینەی كچان و ژنانی ئالودەبوو ماددەی هۆشبەری جۆری گوڵ بەكاردەهێنن. كریستاڵ یان كراك كە لەئێستادا لەشارەكانی سەردەشت و مەهابادو ورمێ و چەند شارێكی دیكەش لەڕۆژهەڵاتی كوردستان دروستدەكرێت و بووەتە دیاردەو دانیشتوانی ئەو بەشە لەكوردستان ئەو دیاردەیە بەدەستی دەسەڵات بۆ گیرۆدەكردنی گەنجان و لاوان بەماددە هۆشبەرەكان ناودەبەن چونكە ئەو ناوچانە لەئامارەكاندا بەبەردەوامیی بەپاكترین ناوچەی جوگرافیای ئێران لەقەڵەمدراون كەكەمترین بازرگانی یان بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكانی تێدا بەدیكرابێت. ساڵی 2021 ژمارەی ئالودەبوانی ماددە هۆشبەرەكان لەئێران گەیشتووەتە 12 ملیۆن كەس كە لەو ژمارەیە چوار ملیۆن و 500 هەزار كەسیان بەكارهێنی بەردەوامی ماددە هۆشبەرەكان ئەژماردەكرێت و ژنان (10%)ی كۆی ژمارەی ئالودەبوان بەماددە هۆشبەرەكان لەو وڵاتە پێكدێنن. ساڵی 2009 بەپێی راپۆرتێكی نهێنیی نەتەوەیەكگرتووەكان كۆماری ئیسلامی ئێران بەگەورەترین بازرگانی ماددە هۆشبەرەكان لەجیهان لەقەڵەمدراوەو تەنانەت ناوی سوپای پاسداران لەو راپۆرتەدا وەك هێزێكی سەربازیی هێنراوە كەسەرقاڵی گواستنەوە و بازرگانیی بەماددە هۆشبەرەكانەوەیە. بەپێی زانیارییەكان لەماوەی ساڵی رابردوودا 182 بەلوچ لەسێدارە دراون كەتۆمەتی (81%)یان بازرگانیی بەماددەی هۆشبەرەوە بوووە. پارێزگای سیستان و بەلوچستان كە بەهەژارترین پارێزگای ئێران لەكۆی 31 پارێزگای ئەو وڵاتە ئەژماردەكرێت و ژمارەیەكی زۆری كاسبكاران و گەنجانیان ناچارن بۆ دابینكردنی بژێوی كاری گواستنەوەی سوتەمەنی و كاڵاو ماددە هۆشبەرەكان  لەنێوان ئێران و ئەفغانستان و پاكستاندا بكەن. دەسەڵاتی ئێران جەخت لەوە دەكاتەوە 70%ی جێبەجێكردنی سزای سێدارە سەرتاسەری وڵاتەكە پەیوەندیی بەتۆمەتبارانی بازرگانیی بەماددەی هۆشبەرەكانەوە هەیە. دوستعەلی جەلیلی، فەرماندەی پۆلیسی ئێران لەسیستان و بەلوچستان ئاماژەی بەوە كردووە كە لەیەك سالدا 71 باندی گەورەی بازرگانیی بەماددە هۆشبەرەكان لەو پارێزگایە دەستگیركراون و دەستگیراوە بەسەر 95 تۆن و 177 كیلۆگرام ماددەی هۆشبەر. رەزا بەنی ئەسەدیفەر، سەرۆكی پۆلیسی پێشگیریی ئێران لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بەمیدیای وڵاتەكەی راگەیاندووە؛ تەنها لەساڵی رابردووداو لەئەنجامی 12 هەزار هەڵمەتی هێزەكانی پۆلیس، دوو تۆن و 622 كیلۆ لەجۆرەكانی ماددەی هۆشبەر لەفڕۆكەخانەكانی ئێراندا دەستی بەسەردا گیراوە. ئیسكەندەر موئمینی، ئەمینداری ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان لەئێران رایگەیاندووە؛ لەساڵی 2022 دەستگیراوە بەسەر 600 تۆن لەجۆرە جیاوازەكانی ماددە هۆشبەرەكان و بەو پێیە ئێران بووەتە یەكەم وڵاتی جیهان كەدەستی بەسەر زیاترین بڕی ماددەی هۆشبەردا گرتووە. موئمینی وتوویەتی: ئێران لەیەك ساڵدا دەستی بەسەر 92%ی تریاكی هەموو جیهان و 59%ی مۆرفین و 27%ی هیرۆئینی جیهاندا گرتووەو هەر بەو هۆیەوە لانیكەم 12 پۆلیس و هێزی ئەمنیی كوژراون. ئاماژە بەوە كراوە 70%ی ئەو بڕە لەماددە هۆشبەرەكان لەحەوت پارێزگای رۆژهەڵاتی ئێران دەستی بەسەرداگیراوەو 20%یشی لە پارێزگاكانی دیكەی وڵاتەكە بووە. ئەفغانستان كەنزیكەی 95%ی هەموو تریاكی جیهان بەرهەمدەهێنێت ئەو ماددەیە بۆ ئێران دەگوازێتەوەو لەئێرانیشەوە بەرەو وڵاتانی دیكەی جیهان بەڕێدەكرێت و بەپێی ئامارەكانی دەسەڵاتی ئێران بێت دەبێ تەنها 3%ی تریاك لەو وڵاتەوە گوازرابێتەوە چونكە بانگەشەی ئەوەدەكرێت كە 92%ی تریاكی جیهان لەوڵاتەكەدا دەستی بەسەردا گیراوە.

هاوڵاتی كۆمپانیای نەوتی گۆڵف كی ستۆنی كەندی، كە لە كێلگە نەوتییەكانی شێخان كاری دەكرد، ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، كارەكانی خۆی لە هەرێمی كوردستان ڕاگرت، ئەمەش دوای بڕیارەكەی دادگای نێودەوڵەتی لە پاریس بۆ ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دێت. ئاژانسی هەواڵی  بلومبێرگ بڵاویکردەوە کۆمپانیای گۆڵف کی ستۆن ئێوارەی ئەمڕۆ کارەکانی لە کێڵگەی نەوتی شێخان ڕادەگرێت دەشڵێت، ڕۆژانە نەوت لە عێراقەوە بە هۆی بڕیارەکەی دادگای پاریسەوە 400هەزار بەرمیل کەمتر بەرهەمدێت. هاوکات كۆمپانیای نەوتی گەڵف كی ستۆنی كەندی لە ڕاگەیاندراویكدا بڵاویكردوەتەوە، بەتەواوی كاركردنمان لە كێڵگەكانی شێخان وەستاندووە، بەڵام كارەكان بەردەوامن بۆ گواستنەوەی ئەو نەوتەی، كە ماوەتەوە بۆ عەمباركردن. ئەوەشخراوەتەڕوو، بەردەوامی چاوەڕوانییەكان بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت وایكردووە، حكومەتی ئەمریكا داوا لە بەغدا و هەولێر بكات، بە زووترین كات ئەو ناكۆكییە هەڵپەسێردراوانەی لەسەر هەناردەكردنی نەوت هەیانە چارەسەرى بكەن. ڕۆژی شەممەی ڕابردوو دادگای نێوبژیوانی ژوری بازرگانی پاریس فرۆشتنی نەوتی هەرێمی بە بۆری لە بەندەری تورکیاوە بە نایاسای ناوبرد و عێراق توانی کەیسەکە بباتەوە. لە دوای بڕیارەکەی دادگای پاریسیش ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند، حکومەتی عێراق هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی بۆ بەندەری جیهانی تورکی ڕاگرتووە.  

بێدار محەمەد   تووشبووانی نەخۆشیەكانی گورچیلە لەسنوری ئیدارەی گەرمیان بەدەست نەبوونی چارەسەرو نەبوونی دەرمانەوە دەناڵێنن، ژمارەی تووشبوان لەگەرمیان زیاتر لە 170 نەخۆشە تائێستا ئامێری شكاندنی بەردی گورچیلە لەگەرمیان نیەو ئامێرێكیان بۆ كڕاوە ئیش ناكات و پارچەشی دەستناكەوێت، نەخۆشانی گورچیلە بۆ زۆربەی چارەسەرەكانیان روودەكەنە سلێمانی، هاونیشتمانیەك دەڵێت بۆ چاندنی گورچیلە 50 ملیۆن دینارم لەسلێمانی خەرجكردو بۆ چاودێریكردن و چارەسەریش هەر بەڕێگاوەم بۆ سلێمانی. ئیبراهیم عەبدوڵا  سەرۆكی لقی گەرمیانی رێكخراوی گورچیلە پارێزی كوردستان، بەڕۆژنامەی  هاوڵاتی  راگەیاند:»ئێمە لەڕوانگەی هەستكردن بەبەرپرسیارێتی و بۆ كەمكردنەوەی ئەو ئازارو مەینەتیانەی كەتووشبوانی نەخۆشیەكانی گورچیلە بەدەستیەوە دەناڵێنن لقێكی كۆمەڵەی گورچیلە پارێزی كوردستانمان لەم هەفتەیەدا لەسنوری ئیدارەی گەرمیان كردووەتەوە بۆ ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەكان بەتایبەت تەندروستی گەرمیان بچێت بەهانایانەوە». وتیشی:»تادێت ژمارەی تووشبوانی نەخۆشیەكانی گورچیلە لەزیادبووندایە لای ئێمە تائێستا 130 تووشبوو تۆماركراون و زانیاریمان هەیە 40  تووشبووی تر لەم نزیكانە لامان تۆماردەكرێن، سەرباری ئەوەی بەدووری نازانین تووشبوی تر هەبێ و لای ئێمە ناوی تۆمار نەكردبێت». «لەگرنگترین داواكاریەكانی ئەوان لەپێوستی تەندروستی گەرمیان ئەوەیە كەچارەسەری بنەڕەتی بۆ كێشەكانیان بكەن، ئەوان بۆ دەرمان و چارەسەر سەردانی سلێمانی دەكەن، بۆیە داواكارن دەرمانی پێویست بۆ تووشبوانی نەخۆشیەكانی گورچیلە دابین بكرێ، هەروەها پزیشكی پسپۆری نەخۆشیەكانی گورچیلە لەگەرمیان دابین بكرێت . تاوەكو ئێستا ئامێری تایبەت بەشكانی بەردی گورچیلە لەگەرمیاندا نیە بۆ ئەوەش دەبێ تووشبووانی نەخۆشییەكانی گورچیلە سەردانی سلێمانی بكەن»، سەرۆكی لقی گەرمیانی رێكخراوی گورچیلە پارێز كوردستان وای وت. هاوكات كاروان محەمەد بەرپرسی سەنتەری گورچیلەی دەستكرد لەگەرمیان كەتاكە سەنتەرە لەسنوری ئیدارەی گەرمیان و سەر بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیانە، بۆ رۆژنامەی  هاوڵاتی دواو وتی: « گرفتی كەمی دەرمان تەنیا بەرۆكی ئەوانی نەگرتووە، بەڵكو تەندروستی گەرمیان بەشێوەیەكی گشتی گرفتی نەبوونی دەرمانی هەیە». كاروان محەمەد دەڵێت:»بۆ چارەسەری گرفتی كەمی دەرمان مانگی رابردوو لەڕێگەی سۆزان مەنسور پەرلەمانتاری عێراق، بڕی 300 شروبی تایبەتمان لەحكومەتی عێراقەوە بۆ تووشبووانی گورچیلە دابینكرد كە بایی 200 ملیۆن دینارە». وتیشی:» پزیشكێكی تایبەتیان بۆ چارەسەرو بینینی تووشبوانی گورچیلە لەگەرمیان دابینكردووە، بەڵام بۆ هەندێك پشكنین تووشبوانی گورچیلە دەبێت بچنە كەرتی تایبەت». لەبارەی نەبوونی ئامێری تایبەت بەشكانی بەردی گورچیلە، بەرپرسی سەنتەری گورچیلەی دەستكرد لەگەرمیان  رایگەیاند:» بڕیاربوو لەلایەن كۆمپانیایەكەوە ئەوئامێرە  بكڕدرێت بەڵام پاشتر بەهۆی دابەرزینی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار كۆمپانیا پاشەكشەی كرد لەو هەنگاوەی». ئاشكراشیكرد: لە 2013 ئەو ئامێرەمان بۆ دابینكرا، بەڵام جۆرەكەی باش نەبوو پاشتر پارچەی یەدەكی نەمابوو، بۆیە سودی لێنەبینرا لەهەوڵداین ئەو ئامێرە  دابین بكەین». هاووڵاتی كارزان عوسمان كەتووشبویەكی نەخۆشی گورچیلەیە لەگەرمیان دواندو ئەو وتی:»بۆ چاندنی گورچیلە لەگەرمیانەوە چوومەتە سلێمانی و بڕی 50 ملیۆن دینارم خەرجكردووە، ئێستا ئەوەی بیەوێت گورچیلە بچێنێ دەبێ ئەو بڕە پارە خەیاڵیە خەرجبكات، لەسلێمانی-یش لەكەرتی تایبەت دەكرێت چونكە دراوەتە نەخۆشخانەی ئەهلی . «كەپشكنینی بەرگری لەگەرمیان ناكرێت دەبێت بچینە سلێمانی، پزیشكیش هێنرابێ بۆ كەلار ئامێری تاقیگەیی پێشكەوتووی بەردەست نیە. تووشبوانی نەخۆشیەكانی گورچیلە لەگەرمیان رێژەی پەككەوتنی گورچیلەیان لە 85%ەو ناتوانن كاربكەن، دەبوو وەك خاوەن پێداویستی تایبەت ناویان تۆماربكرایە كەچی لەهاوكاریكردنی وەزارەتی كار بێبەشكراون»، كارزان عوسمان وای وت.    

هاوکات لەگەڵ ساڵیادی لەسێدارەدانی قازمی محەمەد و هاوڕێکانی، بە رێوڕەسمی جەماوەریی لە گۆڕستانی شاری مەهاباد و سقز و چەند شارێکی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان یادی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی شەهیدانی خاکەلێوەی کوردستان کرایەوە. بەهۆی لەسێدارەدانی قازی محەمەد و هاوڕێکانی لەو رێککەوتەدا لە مەهاباد، ئەمڕۆ 30 ئازار کە بە 10 خاکەلێوە ناودەهێنرێت بە رۆژی شەهیدانی کوردستان لەقەڵەم دەدرێت. لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی لانیکەم شەش گەنج و لاوی شاری مەهاباد لە ناڕەزایەتییەکاندا کوژران. یادی شەهیدانی کوردستان لە سەقز بەڕێوەچو سەرەڕای رێگریی هێزە ئەمنییەکانی ئێران ئەمڕۆ پێنجشەممە بە بەشداریی خەڵک لەسەر گڵکۆی ژینا ئەمینی لە گۆڕستانی ئایچی لە شاری سەقز یادی شەهیدانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ناڕزایەتییەکانی ئەو شارە کرایەوە. لە تۆمارە ڤیدیۆییەکاندا دەردەگەوێت هێز ئەمنییەکان بە چەکی نیمچە قورس و ئۆتۆمبێلی سەربازیی لە شوێنی رێوڕەسمەکەی سەر گڵکۆی ژینا ئەمینی دەسوڕێنەوە و بەشداربوانیش دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) دەڵێنەوە.  

پرسی كورد لەتوركیا، هەرچەندە بەسەرەكیترین پرس دادەنرێت، بەڵام هەموو كاتێك لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكاندا، بەكارهێنراوە، تاوەكو ئێستاش بەچارەسەرنەكراوی ماوەتەوە، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەو وڵاتەش نزیكبوونی دەنگەكانی كەمال كلیچدار ئۆغلۆو رەجەب تەیب ئەردۆغان هەردوو كاندیدە بەهێزەكە، دەنگی هەدەپە یەكلاكەرەوە دەبێت بۆ بردنەوەی یەكێك لەكاندیدەكان و جارێكی تریش پرسی كود دەبێتەوە بەباسی سەر مێزی دانوستانەكان. باسكردنی چارەسەری پرسی كورد لەلایەن دەسەڵاتدارانی توركیاوە، تاوەكو دروستبوونی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)و بەتایبەتی تاوەكو سەردەمی تورگوت ئوزاڵ لەنەوەتەكانی سەدەی رابردوو، بەهیچ شێوەیەك نەبینراوەو یەكەم جار كەدەسەڵاتی توركیا لەگەڵ لایەنی كوردی بەمەبەستی چارەسەری پرسی كورد دەستی بەدانوستان كرد، حكومەتەكەی تورگوت ئوزال بوو كەدواتر بەمردنی گوماناوی ئوزاڵ، كۆتایی بەدانوستانەكان هێنراو سەردەمێكی رەش و تاریك لەگەڵ هاتنەسەر دەسەڵاتی تانسۆ چیللەر دەستیپێكرد. دوای ئەوە سولەیمان دەمیرئەل لەساڵی ١٩٩٢ كەیەكەم كۆبوونەوەی وەزیرانی خۆی لەشاری ئامەدی باكوری كوردستان ئەنجامدا رایگەیاند: لەو شارەدا واتە ئامەد «دان بەڕاستی كورد دەنێین». بەڵام دواتر هەنگاوێكی بەرەو چارەسەری پرسی كورد نەناو رۆژنامەنووس «فیكرەت بیلا» لە ١٧ی ئابی ٢٠٠٥، دوای مردنی دەمیرئەل، چاوپێكەوتنێكی خۆی لەگەڵیدا بڵاوكردەوە كە دەمیرئەل دەڵێت» مەبەستم لەڕاستی كورد ئەوە بووە، واتە مرۆڤێك بەناوی كورد هەیە، ئێمە ئەوە قبوڵ دەكەین، لەنێو گەلی توركدا، كوردیش هەیە». واتە دەمیرئەلیش ئاشكرا بوو كەپرسی كوردی بۆ بەهێزكردنی خۆی و راكێشانی دەنگی كورد بەكارهێناوە. پاشان هیچ حكومەتێك هەوڵی نەداوە پرسی كورد لەڕێگەی سیاسییەوە چارەسەربكات و هەمووان پەنایان بۆ رێگەچارەی سەربازیی بردووە، تاوەكو حكومەتی دادو گەشەپێدان (ئاكەپە) بەسەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان هاتەسەر دەسەڵات. ئەردۆغان لە ١٢ی ئابی ٢٠٠٥دا لەشاری ئامەد بۆ یەكەم جار وتی: « كێشەی كورد كێشەی منە»و دوای ئەوە لەشاری ئەستەنبوڵ لەكۆبوونەوەیەكی جەماوەریدا رایگەیاند:» ١٥ ساڵ لەمەوبەر ئوزاڵ و دەمیرئەلیش هەوڵی چارەسەریان داوەو ئێمەش لەهەوڵەكانمان بەردەوام دەبین». لەساڵی ٢٠٠٥ەوەو تاوەكو ساڵی ٢٠١٥، چەندین كۆبوونەوەی نهێنی و ئاشكرا لەنێوان حكومەتی توركیاو پەكەكە، بەنێوەندگیری پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) بەڕێوەچوون و جۆرێك لەكرانەوە بەڕووی كورددا هاتەئاراوە كە لەمێژووی توركیادا بێوێنە بوو. رادیۆو كەناڵی فەرمی سەر بەحكومەت بەزمانی كوردی كرانەوە، زمانی كوردی لەزانكۆكاندا وەك زمانی هەڵبژاردە دەخوێندرا. چەندین شاندی ئاشتی لەقەندیل، مەخمورو ئەوروپاوە گەڕانەوە توركیاو لەو ١٠ ساڵەدا، توركیا پێشكەوتنێكی گەورەی لەڕووی، سیاسی، ئابوری، كۆمەڵایەتی، گەشتیارییەوە بەخۆیەوە بینی و زیاتر ئاشكرابوو كەئەگەر كێشەی كورد لەو وڵاتە چارەسەربكرێت، كاریگەری لەسەر چارەسەركردنی هەموو كێشەكانی دیكە هەیە، لەسەروبەندی ئەوەی  داری چارەسەر بەربگرێت، مێزی دیالۆگ قڵپكرایەوەو ئیدی حكومەتی ئاكەپە ١٨٠ پلە گۆڕاو جگە لەشەڕی ناوخۆ، دەستی بەئۆپراسیۆنەكانی دەرەوەی سنور بۆ نێو باشورو رۆژئاوای كوردستان كرد، تائێستاش كەنزیكەی مانگ و نیوێك بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی ئەو وڵاتە ماوە، دۆخی شەڕو ئاڵۆزی بەردەوامە. لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكان، جارێكی دیكەو لایەنێكی دیكە بۆ سەركەوتن لەهەڵبژاردنەكاندا، خۆی لەكورد نزیككردووەتەوە كەئەویش هاوپەیمانی گەلە بەسەرۆكایەتی كەمال كلچدارئۆغلۆ. كلچدارئۆغلۆ كەكوردێكی عەلەوی خەڵكی شاری دەرسیمەو كاندیدی هاوبەشی پارتەكانی نێو (هاوپەیمانی گەل)ە بۆ سەرۆكایەتی لە ٢٠ی ئازاردا (ئەم مانگە) دوای چاوەڕوانییەكی زۆر سەردانی هەدەپەی كردو لەگەڵ پەروین بوڵدان و میدحاد سانجار هاوسەرۆكانی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) كۆبووەوە. دوای كۆبونەوەكە كەنزیكەی كاتژمێرێكی خایاند، كلچدارئۆغلۆ بەڕۆژنامەنووسانی راگەیاند، تاوەكو ئاشتی هەبێت، هیچ واتایەكی شەڕ نییە. پرسی كورد لەپەرلەمان چارەسەر دەكەن. هەروەها ئاماژەی بەقەدەغەی سەر زمانی كوردی كرد كەبۆچی وەك زمانێك كە «لێی تێناگەن» پێناسەی بۆ دەكرێت، لەكاتێكدا كە بەهەزاران ساڵە ئەم زمانە هەیەو رادیۆو كاناڵی فەرمی دەوڵەتیش بەكوردی پەخشی خۆیان دەكەن. قسەكانی كلیچدارئۆغڵۆ لەشەقامی توركیاو سیاسەتی ئەو وڵاتەدا، هەڵسەنگاندن و شیكردنەوەی زۆری بۆكراو چەند رۆژ دوای ئەوەش، هاوپەیمانی رەنج و ئازادی (هەدەپە و پێنج پارتی چەپ) رایانگەیاند: كەكاندیدیان بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی نابێت. هەرچەندە ئاماژەیان بەوەنەكرد كەدەنگ بەكلچدارئۆغلۆ دەدەن، بەڵام هەموو ئاماژەكان ئەوە دەردەخەن كە رێككەوتنی ژێربەژێر ئەنجامدرابێت و  بەرەی كوردو چەپەكانیش لەدژی ئەردۆغان، هەوڵی سەرخستنی كلچدارئۆغلۆ دەدەن. ئاماژەیەكی دیكەش بۆ راستی ئەم بۆچوونە ئەوەیە كە پەروین بوڵدان هاوسەرۆكی هەدەپە، لەكۆنفڕانسێكی رۆژنامەنووسیدا ئەوەی خستەڕوو كەهەموو هەوڵێكیان كۆیاییهێنانە بەدەسەڵاتی ئەردۆغان و هاوپەیمانی كۆمار. لەكاتێكدا كەدیارە كێشەی كورد لەتوركیا، كێشەیەكی دەستووریەو چوار خاڵی سەرەتای دەستووری بنەڕەتی توركیا كەباسی « یەك وڵات، یەك نەتەوە، یەك ئاڵاو یەك زمان» دەكات، رێگرە لەوەی زمان و نەتەوەی كورد بەفەرمی لەو وڵاتەدا دانی پێدابنرێت، بەڵام لایەنی كوردی، بەناچاری و بەهۆی فشارەكانی چەندساڵی رابردووی ئاكەپە لەسەر كوردو نەبوونی هیچ پرۆژەیەكی دەسەڵات بۆ چارەسەری كێشەی كورد، دەنگ بەكلچدارئۆغلۆ دەدەن، كەئەویش بەفەرمی هیچ پرۆسەیەكی بۆ چارەسەری نییە و لەكارنامەی حكومەتی هاوپەیمانی گەلیشدا كەساڵی رابردوو بڵاوكرایەوە، دەست بۆ هیچ خاڵێكی دەستووری نەبراوە كەپەیوەندی بەكێشەی كوردەوە هەبێت. بەو پێیەش وەها دەردەكەوێت كە هەدەپەو هاوپەیمانەكانی، بیانەوێت لەقۆناغی سەرەتای نەمانی دەسەڵاتی ئەردۆغان و هاوپەیمانی كۆماردا، هەناسەیەكی ئازاد هەڵمژن و دواتر خۆیان بۆ كێبڕكێیەكی گەرموگوڕ لەگەڵ هاوپەیمانەكانی كلچدارئۆغلۆ ئامادە بكەن كەیەكێكیان پارتی باشە بەسەرۆكایەتی مەڕال ئاكشەنەر. ئاكشەنەر كەیاریدەدەرێكی باوەڕپێكراوەی دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی سەرەكیترین دوژمنی كورد بوو، لەئێستادا بەشێكی سەرەكی هاوپەیمانی گەلەو بەئاشكرایی رایگەیاندووە كە بەهیچ شێوەیەك نابێت كلچدارئۆغلۆ داواكاری هەدەپە بێنێتە سەر مێزێك كەئەوانی لەسەربن. لەئێستادا، پرسە سەرەكییەكە، پرسی هەڵبژاردنە لەتوركیا كەئیدی پارتە سیاسییەكان بەرەكانیان یەكلایی كردووەتەوەو رێژەی دەنگی هاوپەیمانێتیەكانیش، لەبەر رۆشنایی ئەو راپرسیانەی كە لەماوەی دوو مانگی رابردوودا ئەنجامدراون، دیارە. دوایین زانیاری لەسەر رێژەی دەنگی لایەنەكان لەلایەن محەمەد عەلی كولات سەرۆكی كۆمپانیای ماك-ی تایبەت بەڕاپرسییەكان ئاشكراكرا. محەمەد عەلی كولات لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (سوزجو)ی نزیك لەپارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) رایگەیاند، رێژەی دەنگەكانی هاوپەیمانی كۆمارو هاوپەیمانی گەل نزیكن لەیەكەوە، واتە هەردووكیان نزیكەی ٤٥٪ بەدەستدەهێنن و ١٠٪ی دیكەش دەنگی هەدەپەیەو هاوپەیمانەكانیانە. بەپێی قسەكانی كولات بێت، هەدەپە لەم نێوەندەدا، دەتوانێت بەئارەزووی خۆی، ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بەقازانجی لایەنێك یەكلایی بكاتەوە. یەكەم مەرجی هەدەپەش، چارەسەری پرسی كوردو دیموكراسییە لەتوركیا كەدەسەڵات هیچ پرۆژەیەكی بەو شێوەیەی نییەو وەها دەردەكەوێت كەهەدەپە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بەقازانجی ئۆپۆزسیۆن بەسەرۆكایەتی كلچدارئۆغلۆ یەكلایی بكاتەوە كە بەزارەكیش بێت، بەڵێنی چارەسەری پرسی كورد لەپەرلەمان و هەڵگرتنی قەدەغەی لەسەر زمانی كوردی و هەنگاونان بەرەو دیموكراسی داوە.  

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، لەکاتێکدا هەناردەی نەوتەکەی ڕاگیراوە، هەرێمی کوردستان لەبری ئەوەی پێشوەختە وەک قەرزی وەرگرتووە، دەبێت بایی 6 ملیار دۆلار نەوت بداتە ژمارەیەک کۆمپانیا  ئاژانسەکە لە زاری چەند سەرچاوەیەکی بازرگانییەوە ئەمڕۆ پێنج شەممە رایگەیاندووە، راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان مانای ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان "ناتوانێت بە دابینکردنی نەوتی خاو قەرزەکانی بداتەوە، کە شەش ملیار دۆلارە" دەشڵێت: پلانی جێگرەوە بۆ دانەوەی قەرزەکان دانەنراوە.  ئاژانسەکە دەشڵێت، هەریەکە لە کۆمپانیاکانی ڤیتۆلی بازرگانی جیهانی و پێتراکۆ کە بەشێکن لە کۆمپانیاکان، نزیکەی 750-800 ملیۆن دۆلاریان پێشوەختە داوەتە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لە بەرامبەردا هەرێمی کوردستان نەوتی خاویان پێبدات.    کۆمپانیای ڤیتۆل، کۆمپانیایەکی بواری وزەی هۆڵەندییە کە بنکەی سەرەکیی لە ژنێڤی سویسڕایە. داهاتی لەسەر ئاستی جیهاندا، لە ساڵی 2022 دا 505 ملیار دۆلار بووە. هەرچی کۆمپانیای پێتراکۆ یە، کۆمپانیایەکی بواری نەوتە و لە هەریەکە لە سویسڕا و سەنگاپوور بنکەی هەیە. جێگای باسە رۆژی شەممەی ڕابووردوو، 25ـی ئادار، بە بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کورستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا راگیرا، کە رۆژانە 450 هەزار بەرمیل بوو.

هێمن مەحموود لەساڵیادی كیمیابارانی هەڵەبجەدا، محەممەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی بڕیاری بەپارێزگاریكردنی هەڵەبجەی رەوانەی پەرلەمانی عێراق كرد، ئەم بڕیارەی بەپارێزگاركردنی هەڵەبجە وەك وەفایەك بۆ خەڵكی شارەكە وەسفكرا، ئەمە لەكاتێكدایە كە لەكۆتایی ساڵی 2013 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر داوای هەرێمی كوردستان هەڵەبجەی وەك پارێزگا ناساندبوو، بڕیاری پارێزگا درووستكردن لەعێراقدا لەساڵانی پێشووتریشدا هەبووەو بڕیار لەسەر چەندین قەزای دیكە دراوە كەبكرێت بەپارێزگاو بڕیارەكەش رەوانەی پەرلەمانی عێراق كراوە، بەڵام تاوەكو ئێستا لەپەرلەمان دەنگی لەسەر نەدراوەو وەك خۆیان ماونەتەوە. لەمانگی 1ی ساڵی 2014، (نوری مالیكی) سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق بڕیاریدا كە چوار پارێزگای نوێ لەعێراق درووستبكرێت كەئەوانیش (قەزای دووزخورماتوو لەپارێزگای سەڵاحەدین) و (قەزای تەلەعفەر لەپارێزگای نەینەوا)  و (دەشتی نەینەوا) و (فەلوجە لەپارێزگای ئەنبار) بكرێنە پارێزگاو بەمەش ژمارەی پارێزگاكانی عێراق لە 19 پارێزگاوە (بەهەڵەبجەشەوە) دەبێتە 23 پارێزگا، هاوكات چەندین داواكاریش بەرزكرانەوە بۆ كردنی قەزای زوبێر لەپارێزگای بەسرەو قەزای مەدینە سەدر لەبەغدا بكرێنە پارێزگاو قەزای شامیەو سویرە لەپارێزگاكانی دیوانیەو واست بكرێنە پارێزگا. جگە لەبەپارێزگاكردنی قەزای هەڵەبجە كەهیچ رێگری و ناڕەزایەتییەكی لەدژ سازنەكراو تەواوی عێراقییەكان قبوڵیان بوو، بەپارێزگاكردنی شارەكانی دیكە بوو بەمایەی ناڕەزایی و هەڕەشەی درووستكردنی هەرێمی سەربەخۆی لێكەوتەوە، ئەویش بەهۆی جیاوازی مەزهەبی و نەتەوەیی و گۆڕینی دیمۆگرافی دانیشتوانەوە. پارێزگاری ئەوكاتی نەینەوا رایگەیاند ئەگەر بێت و تەلەعفەرو دەشتی نەینەوا (كەزۆرینەی شیعەو مەسیحییە) بكرێنە پارێزگا ئەوا هەرێمێكی سەربەخۆ رادەگەیەنێت، پارێزگای سەڵاحەدینیش رەتیكردەوە رازی ببێت دووزخورماتوو (كەتوركمان و كورد زۆرینەن) بكرێتە پارێزگاو رایگەیاند پاڵنەری سیاسی لەپشت بڕیارەكەوەیە، پارێزگای ئەنباریش رەتیكردەوە فەلوجە (بەهۆی ململانێی عەشایەرییەوە) بكرێتە پارێزگا، كوردیش رەتیكردەوە تەلەعفەرو دەشتی نەینەواو دووزخورماتوو (بەهۆی ئەوەی دەكەونە ناوچەی جێناكۆكەوە) بكرێنە پارێزگا. درووستكردنی هەر پارێزگایەكی نوێ لەعێراقدا پێویستی بەچەندین رێوشوێنی ئیداری و یاسایی هەیە كەدەبێت ئەنجامبدرێت و دەستووری عێراقی رێگەیداوە دوای تەواوكردنی هەموو رێكارەكان، قەزاكان دەتوانن ببنە پارێزگا.  وەزارەتی پلاندانانی عێراق بەرپرسی وەرگرتنی داواكارییەكان و هەڵسەنگاندنی مەرجە هونەری و یاساییەكانی هەر قەزایەكە كەدەیەوێت ببێتە پارێزگا پێش ئەوەی رەوانەی سەرۆك وەزیران بكرێت، بەپێی راپۆرتەكانی وەزارەتی پلاندانان بۆ ئەوەی قەزایەك بكرێتە پارێزگایەك ئەوا دەبێت مەرجەكانی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2008ی پارێزگاكانی تیادابێت. پارێزگاری ئەو قەزایەی بڕیارە بكرێتە پارێزگا، یاخود زۆرینەی رەهای ئەنجومەنی پارێزگا قەزاكە هەڵدەبژیرن كەبكرێتە پارێزگا، هاوكات دەبێت رەزامەندی ئەو قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەیانە وەربگیرێت كەدەخرێنە سەر پارێزگا نوێیەكەو دەبێت پشتگیری نوێنەرانی پارێزگا لەپەرلەمانی عێراق و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا و كەسایەتی  سەرۆك عەشیرەتەكانی گوندو شارەكانی بۆ وەربگیرێت.دواتر داواكارییەكە رەوانەی حكومەت دەكرێت و پێویستە پارێزگا پێشنیازكراوەكە لێكۆڵینەوەیەكی هونەری و ئابووری و گەشەپێدان بۆ ژمارەی دانیشتوان و توانا ئابوورییەكانی لەڕووی كشتوكاڵ و پیشەسازی و پرۆژەكانی ئاوو ئاوەڕۆو ژێرخانی ئابوورییەوە ئامادەبكات، هاوكات دەبێت نەخشەی قەزاو ناحیەو گوندەكانی ئامادەبێت تاوەكو قەزایەك بكرێـتە ناوەندی پارێزگاكە بەمەرجی ئەوەی دەبێت ئەو قەزایە شارەوانییەكی دانپیانراوی بەپێی یاسای 1964ی شارەوانییەكان هەبێت. دەربارەی بەپارێزگا بوونی هەڵەبجەش، غەنی غەسبان، چاودێری سیاسی رایگەیاندووە ئەوە مافی راستەقینەی شارەكەیە بۆ ئەوەی ببن بەپارێزگای ژمارەی 19ی عێراق و چوارەمی هەرێمی كوردستان ئەویش لەپای ئەو زوڵم و ستەمەی كە لەم شارە كراوە، ئاماژە بەوەشدەكات بڕیارەكە هیچ ناڕەزایەتی و رەخنەیەكی ئاراستە ناكرێت نە لەناو عێراقداو نە لەناو هەرێمی كوردستانداو هەموو لایەنە سیاسییەكانی عێراق و هەرێم پشتگیری دەكەن. بەپێی بڕوای سەلام سمیسمی شارەزای ئابووریش بڕیاری درووستكردنی پارێزگای هەڵەبجە وادەكات لەبودجەی عێراقدا جیاواز لەبودجەی پارێزگای سلێمانی بودجەی سەربەخۆی بۆ تەرخانبكرێت. لیژنەی هەرێمەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش داوادەكات كەپارێزگای نوێ لەعێراقدا درووستبكرێت بەتایبەت لەناوچەكانی باشووری عێراقدا، لیژنەكە دەڵێت بەهۆی زۆربوونی دانیشتوان و گەشەی سیستەمی كارگێڕییەوە وا پێویست دەكات چەند پارێزگایەكی باشووری عێراق دابەشبكرێت و پارێزگای نوێی لێ درووستبكرێـت وەك باكووری پارێزگای واست و ناوچەی نێوان پارێزگاكانی كەربەلا و بابل و نەجەف، هەروەها بەسرەش. بەبڕوای چاودێرانیش پێش درووستكردنی هەر پارێزگایەكی نوێ پێویستە چەند مەرجێك هەبێت و كاریگەری نەكاتەسەر تێكچوونی پێكهاتەی كۆمەڵایەتی دانیشتوانی هەندێك پارێزگا، هاوكات دەبێت پارێزگاكە هەر بەتەنیا پشت بەحكومەتی ناوەند نەبەستێت بۆ بودجەو خۆی خاوەنی داهات بێت جا دەروازی سنوری بێت یاخود فڕۆكەخانە یاخود هەر داهاتێكی دیكە. داواكردنی درووستكردنی پارێزگای نوێ لەعێراقدا دیاردەیەكە زۆربەی ناوچەكانی عێراق بەهۆی زۆربوونی دانیشتوان و سیستەمی كارگێڕییەوە داوای دەكەن و ئەمەش پێویستی بەگۆڕینی نەخشەی ئیداری وڵاتەوە هەیە كە لەساڵی 1977ەوە (46 ساڵە) لەدوای درووستكردنی پارێزگای دهۆكەوە نەگۆڕدراوە، پێشتریش نەخشەی عێراق لەهەشت ویلایەتەوە گۆڕاوە بۆ 13 ویلایەت و دواتریش بۆ 14 و دوایین جاریش بۆ 18 پارێزگا. لەعێراقی دوای 2003شدا، بەهۆی ململانێ سیاسی و مەزهەبی و تائیفی و نەتەوەییەكانەوە هەرچەندە چەندین جار باس لەدرووستكردنی پارێزگای نوێ كراوە بەڵام هەمیشە لەپەرلەمان نەتوانراوە گفتوگۆی لەسەر بكرێت و لەبەرامبەر داوكاریی پارێزگایەكدا لایەنی بەرامبەر پارێزگایەكی دیكەی خستووەتەڕوو كە بەمەرجەكانی خۆیان درووستیانكردووەو لەئەنجامدا هیچ پارێزگایەكی نوێ درووستنەكراوە، بەڵام ئەوەی لەئێستادا دەبێت كاری بۆ بكرێـت پارێزگای هەڵەبجەیە كەهیچ ناكۆكییەكی لەسەر نییەو پێویستە بەزووترین كات نوێنەرانی كورد لەبەغدا بیخەنە كاری پەرلەمانەوەو دەنگی لەسەر بدرێت و هەڵەبجە ببێتە 19یەمین پارێزگای عێراق.

زانکۆی هارڤارد خەڵاتی وێژدان دەبەخشێتە تە ئەو دوو رۆژنامەنوسەی کە بێهۆشبون و مەرگی ژینا  ئەمینیان ئاشکرا کرد و هەر بەو هۆیەوە تا ئێستاش لە زیندانن. دامەزراوەی نەیمەن بۆ رۆژنامەگەری کە سەر بە زانکۆی (هارڤارد) ئەمریکایە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ خەڵاتی ویژدان دەبەخشرێتە ئیلاهە محەمەدی و نیلوفەر حامیدی کە سەرەڕای ئەوەی ئاگاداربون کە ژیانی و ئازادیی خۆیان دەکەوێتە مەترسییەوە بەڵام بە ئەمانەتەوە روداوەکانی مەرگی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵیان روماڵ کرد و گواستەوە. لە بەیاننامەکەدا هاتوە: دامەزراوەی نەیمەن خەڵاتی ویژدان دەبەخشێت بە ئەو دوو خانمە رۆژنامەنوسە بەهۆی پابەندبون بە راستگۆیی و ویژدان لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی بێهۆشبون و مەرگی ژینا ئەمینی. ئاماژە بەوەکراوە تەنها چەند رۆژێک دوای مەرگی ژینا ئەمینی هەردوو رۆژنانوس ئیلاهە محەمەدی و نیلوفەر حامیدی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراون و لە ئێستادا لە زیندانی قەرچەک لە وەرامین بەند کراون. پێشتر ساڵح نیکبەخت، پارێزەری خانەوادەی ژینا ئەمینی لە بابەتێکدا لە رۆژنامەی (شەرق) لە ئێران ئاماژەی بەوە کردوە؛ بە پێی یاسای کۆماری ئیسلامی ئێران، زۆرترین ماوەی دەستبەسەرکردن تەنها شەش رۆژە بەڵام ئەو دوو خانمە رۆژنامەنوسە نزیکەی شەش مانگە لە زیندانەکاندا دەستبەسەرن. ئیلاهە محەمەدی بەهۆی روماڵکردنی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینی لە سەقز و نوسینی بابەتێک بە ناونیشانی (نیشتیمانێک لە خەم) لە رۆژنامەی (هەم میهەن) تەنها رۆژێک دوای بەخاکسپاردنی ژینا دەستگیر کرا و تا ئێستاش لە زیندانە. نیلوفەر حامیدی کە روماڵی روداوی بێهۆشبونی ژینا ئەمینی و مانەوەی لە نەخۆشخانەی کەسرا لە شاری تاران کردبو و دواتر باسی مامەڵەی خراپی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لەگەل سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان لە بەردەم ئەو نەخۆشخانە ئاشکرا کرد، ئەویش پێنج رۆژ دوای مەرگی ژینا دەستگیرکرا. ئەو دوو خانمە رۆژنامەنوسەی رۆڵی بەرچاویان لە ئاشکراکردنی دەستگیرکردن و مەرگی ژینا ئەمینی هەبو و پێشتر لە لایەن وڵاتی کەنەدا-وە خەڵاتی نێودەوڵەتیی ئازادیی رۆژنامەگەریان پێبەخشرا. ئیلاهە محەمەدی و نیلوفەر حامیدی تا ئێستاش کە نزیکەی شەش مانگە لە زیندان بەندکراون و سوپای پاسداران و دەزگا ئەمنییەکان تۆمەتباریان کردون بە تێکدانی ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بێ ئەوەی تۆمەتەکەیان لە لایەن هیچ دادگایەکەوە یەکلایی کرابێتەوە.      

هاوڵاتی فەرماندەیی هێزەكانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە)  رایگەیاند: لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی رژێمی سوریاوە هێرش دەكرێتەسەر خەڵكی مەدەنی و قوربانی هەیە، هاوكات لەچەند رۆژی رابردوودا دوای هێرشەكانی سەر بنكەیەكی سەربازی هاوبەشی هەسەدەو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لەدەوروبەری پارێزگای حەسەكە، ئەمریكا وەك وەڵامدانەوەیەك هێرشی كردەسەر ئەو گروپانەی سەر بەسوپای پاسدارانی ئێرانن لەڕۆژهەڵاتی سوریاو 19 چەكدار كوژران، ئەوە لەكاتێكدایە فەرماندەیەكی باڵای لەسوپای  پاسدارانی ئێران دەڵێت: تاران هیچ فەرمانێكی نەداوە بۆ هێرشكردنەسەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لەڕۆژهەڵاتی سوریا. رۆژی ٢٢ی ئازار، سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دەرەوەی روسیا بەمیدیاكانی وڵاتەكەی راگەیاند، ئیسرائیل بەموشەك هێرشی كردووەتەسەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی حەلەب و فڕۆكەخانەی سەربازی نەیرەب. هەرچەندە، ئەو سەرچاوەیە ئاشكرای نەكرد كەئایا جگە لەزیانی ماددی هیچ سەربازێكی سوریا، یاخود میلیشیاكانی سەر بەئێران كوژراون یان نا، بەڵام هەندێك رێكخراوی نێودەوڵەتی ئاماژەیان بەوەكرد كەئەگەری هەیە لەهێرشەكەدا كوژراوو برینداریش هەبن.   واشنتۆن: ئێران هێرشی كردووە رۆژێك دوای هێرشەكەی ئیسرائیل، بنكەیەكی سەربازی هاوبەشی هێزەكانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە)و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لەدەوروبەری پارێزگای حەسەكە بەدرۆن كرایەوە ئامانج. وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) لەڕاگەیەندراوێكدا، ئاماژەی بەوەكرد كەدرۆنەكە ئێرانییەو بەهۆی هێرشەكەوە كارمەندێكی ئەمریكی گیانی لەدەستداوەو كارمەندێك و پێنج سەربازی ئەمریكیش برینداربوون. لەڕاگەیەندراوەكەی پنتاگۆندا باسی قسەكانی لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریكا كراوە كەدەڵێت، “لەسەر فەرمانی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا، هێرشێكی ورد لەڕۆژهەڵاتی سوریا لەدژی ئەو بنكانە ئەنجامدراون كە لەلایەن ئەو گرووپانەوە بەكارهاتوون كەسەر بەسوپای پاسدارانی ئێرانن». لوید ئۆستن رایگەیاند: هێزەكانیان زنجیرەیەك هێرشیان ئەنجامداوە وەك وەڵامێك بۆ سوپای پاسدارانی ئێران و هەموو رێكارێك دەگرنەبەر بۆ بەرگریكردن و پاراستنی گەلەكەمان و وتیشی: بەشێك لەبریندارەكانیان رەوانەی عێراق كراون و چارەسەریان بۆ دەكرێت. لەلایەكی دیكەوە، جۆن كێربی رێكخەری پەیوەندییە ستراتیژییەكانی كۆشكی سپی لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی «سی ئێن ئێن» رایگەیاند، جۆ بایدن سەرۆكی وڵاتەكەی سوپای پاسدارانی ئێرانی وەك بەرپرسیاری هێرشەكەی حەسەكە دەزانێت و وتی: جۆ بایدن زۆر بەخێرایی فەرمانی كردووە كەوەڵامی هێرشەكان بدەنەوە. دوای وەڵامە خێراكەی ئەمریكا بۆ سەر بنكەو بارەگاكانی، میلیشیاكانی سەر بەسوپای پاسدارانی ئێران لەدەوروبەری دێرەزۆرو هەندێك ناوچەی باشوری رووباری فورات، جارێكی دیكە بارەگاكانی هاوپەیمانان كرانە ئامانج. جۆن كێربی پشتڕاستی كردەوە كە بەدوو مووشەك جارێكی دیكە، هێرش كراوەتەسەر بارەگای هێزەكانیان لەباكوری رۆژهەڵاتی سوریا، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتووەتەوە. ئەوە لەكاتێكدایە رۆژنامەی (الجریدە)ی كوەیتی لەزاری سەركردەیەكی باڵای فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویكردەوە: كەئێران هیچ فەرمانێكی نەداوە بۆ هێرشكردنەسەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لەڕۆژهەڵاتی سوریا، كە بەهۆیەوە بەڵێندەرێكی ئەمریكی كوژراو  پێشهاتە ئەمنییەكان لەو ناوچەیە بۆ ئێران كتوپڕ بووەو هەینی رابردوو تاران پەیامێكی بەپەلەی ناردووە بۆ واشنتۆن و تیایدا بێبەریبوونی خۆی لەهێرشەكردنەسەر بنكە سەربازیەكەی ئەمریكا دەربڕیوە.   هەسەدە: هێرش دەكرێتەسەر خەڵكی مەدەنی لەو بارەیەوە، فەرماندەیی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە) راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو ئاماژەی بەوەكرد، دوای گرژییەكانی ناوچەكە كەسەرەتا بەدرۆنێك هێرشكرایەسەر بارەگای هاوبەشی هێزەكانیان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەحەسەكە، گوندەكانی ناوچەی زیبانی سەر بەڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر موشەكباران كراون و موشەكەكانیش لەو ناوچانەوە هاوێژراون كە لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی سەر بەڕژێمی سوریان. بەهۆی هێرشەكانیشەوە، ژنێك و كچەكەی برینداربوون. هەسەدە سەرەخۆشی لەهاوپەیمانی نێودەوڵەتی كرد بەهۆی گیانلەدەستدانی كارمەندێكی ئەمریكی، رایگەیاند: « ئێمە ئەم جۆرە هێرشانەو بەتایبەت هێرشكردنەسەر خەڵكی مەدەنی ئیدانە دەكەین و رایدەگەیەنین كەگرژییەكان ئاڵنگاری بۆ شەڕی دژی داعشدا دروستدەكات كەئێمە سوورین لەسەر ئۆپراسیۆنەكانمان لەدژی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە. دوابەدوای راگەیەندراوەكەی هەسەدە، چەند چەكدارێكی نەناسراو، لەڕۆژئاوای شاری دێرەزۆر هێرشیان كردەسەر كاروانی ئۆتۆمبیلەكانی شەڕڤانانی هەسەدە. سەرچاوەیەكی سەربازی بەئاژانسی «نۆرس پرێس»ی راگەیاند، هێرشەكە لەشارۆچكەی حەوایج ئەنجامدراوەو بەو هۆیەوە دوو شەڕڤان برینداربوون كەبرینی شەڕڤانێكیان سەختە.   كوژراوانی ئێران لەسوریا مەرسەدی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤیش لەبارەی ئاماری شەڕو گرژییەكانی ئەم دواییەی نێوان هێزەكانی هاوپەیمانان و میلیشیاكانی سەر بەسوپای پاسدارانی ئێران دوو راگەیەندراوی بڵاوكردەوە. مەرسەدی سوری دەڵێت، بەگشتی لەهێرشەكانی ئەمریكا ١٩ چەكداری سەر بەئێران كوژراون و هەورەها كارمەندێكی ئەمریكی كوژراوەو شەش ئەمریكیش برینداربوون. ئەمەش لەكاتێكدایە كەسەرچاوەیەكی سەربازی بۆ كەناڵی پرێس تی ڤی ئێران بەئامانجگرتنی بارەگا سەربازییەكانی ئێرانی بەدرۆخستەوەو وتی، هێزەكانی ئەمریكا كۆگایەكی هەڵگرتنی تۆوی دانەوێڵەی لەناوچەی حەرابیشی نزیك لەفڕۆكەخانەی سەربازیی دێرەزۆری بۆردوومان كردوەو هیچ زیانێك بەهێزەكانی سەر بەئێران نەگەیشتووە.   ئێران هەڕەشە دەكات حكومەتی ئێرانیش لەبارەی ئاڵۆزی و پێكدادانەكانی ئەم دواییە لەنێو خاكی سوریا هاتە دەنگ و ناسر كەنعانی  وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەكۆنفڕانسێكی رۆژنامەنووسیدا، بانگەشەی ئەوەی كرد كەسوپای ئەمریكا لەنێو خاكی سوریا خەڵكی مەدەنی دەكاتە ئامانج و وتی: « سوپای ئەمریكا كە بەشێوەیەكی نایاسایی لەنێو خاكی سوریایەو بەشێك لەخاكی ئەو وڵاتەی داگیركردووە، هێرش دەكاتەسەر ئامانجە جۆراوجۆرەكان و ئەمەش پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكانە». كەنعانی باسی لەوەكرد كەبەرپرسانی ئەمریكا تۆمەتی ناڕاست دەدەنە پاڵ جمهوری ئیسلامی و پێویستە ئەمریكا بزانێت، رۆڵی سەردار سلێمانی لەشەڕی دژی داعش لەسوریا فەرامۆش ناكرێت و لەئێستاشدا راوێژكارە ئێرانییەكان، كاریگەریەكی بەرچاویان لەنێو خاكی سوریا هەیەو لەهاوكاریكردنی سوریا بەردەوام دەبن. هەروەها كەیوان خوسرەوی وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بۆ میدیاكانی وڵاتەكەی رایگەیاند، ئەمریكا دەیەوێت بەهێرشەكانی، پرۆسەی داگیركاری نێو خاكی سوریا بشارێتەوەو ئێران تاوانبار بكات و وتی: « ئێران وابەستەی شەڕی دژی تیرۆرە لەسوریاو لەدژی هەموو جۆرە هەنگاوێك بووە كەئارامی ناوچەكە تێكدەدات. بەڵام وەڵامی هەموو جۆرە هێرشێك لەدژی هێزەكانمان لەنێو خاكی سوریا دەدەینەوە».