باكور بۆتان لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی توركیا، كەبڕیارە ١٤ی مانگی ئایاری ئەمساڵ بەڕێوەبچن، پارتە سیاسییەكان بەرەكانیان یەكلایی دەكەنەوە، هەدەپە لەگەڵ ئەوەی ئەردۆغان رەتدەكاتەوە بەڵام هێشتا كەمال كلیچدار ئۆغڵۆشی پەسەند نەكردووە، كلیچدار ئۆغلۆ سەردانی هەدەپەی كردو باسی چارەسەركردنی پرسی كوردی لەپەرلەمانەوە كرد، هاوكات داخستنی هەدەپەو قەدەغەی سیاسی لەسەر ٤٥٠ سیاسەتمەداری لەمانگی داهاتوودا ئەگەرێكی كراوەیەو ئەو پارتەش پلانی بی خۆی ئاشكرادەكات، ئەوە لەكاتێكدایە گومانی ئەوەدەكرێت ئاكەپەو مەهەپە ئامادەنەبن لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە دەسەڵات رادەست بكەن و لێكدانەوەی ئەوە دەكرێت لەدواساتدا ئەردۆغان سیناریۆیەك دروستبكات و كورسیەكەی جێنەهێلێت. دوای یەكلاییبوونەوەی، كاندیدی هاوبەشی هاوپەیمانی گەل كە كەمال كلیچدار ئۆغلۆیە، دواجار هاوپەیمانی كۆماریش بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆش بێت، كاندیدەكەی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی ئاشكراكرد. فراكسیۆنەكانی پارتی دادوگەشەپێدان و پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست لەپەرلەمانی توركیادا، بەفەرمی رایانگەیاند كەئەوان دەیانەوێت، كاندیدەكەیان بۆ سێیەم جار رەجەب تەیب ئەردۆغان بێت، هەرچەندە تێبینیش لەسەر كاندیدكردنی هەیە، بەهۆی ئەوەی دەستووری توركیا رێگە نادات، كەسێك سێ جار ببێتە سەرۆككۆماری وڵات. ئەوەی ماوەتەوەو تاوەكو ئێستا، كاندیدی خۆی ئاشكرا نەكردووە، هاوپەیمانی رەنج و ئازادییە كە لەپارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)و شەش پارتی دیكەی چەپ و كۆمۆنیستی پێكهاتووە. هاوپەیمانی رەنج و ئازادی لەدوایین كۆبوونەوەیاندا كە، سەرۆك و هاوسەرۆكانی هەموو پارتەكانی بەشدار لەهاوپەیمانێتیەكە بەشداریان تێیدا كرد، رایانگەیاند، ئەوان لەسەر ئەوە رێككەوتوون كەهەر پارتێك و بەلۆگۆی خۆی بەشداری لەهەڵبژاردنەكاندا بكات. هەرچەندە هەدەپە لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا نەبوو، بەڵام پارتەكانی دیكەو بەتایبەتی پارتی كرێكارانی توركیا (تیپ) پێداگیری كردو پارتەكانی دیكە لەسەر ئەم پلانە رازی بوون. پرسێكی دیكەی كۆبوونەوەكە، دیاریكردنی كاندیدی هاوبەشی لایەنەكانی نێو هاوپەیمانێتیەكە بوو بۆ پۆستی سەرۆكایەتی توركیا، بەڵام لەكۆبوونەوەكەدا پرسەكە یەكلایی نەكرایەوەو راگەیەندرا كە لەچەند رۆژێك داهاتوودا، پرسەكە یەكلایی دەكەنەوە. كەمال كلیچدار ئۆغلۆ بۆ سەركەوتنی لەهەڵبژاردنەكاندا، پێویستی زۆری  بەدەنگی هاوپەیمانی رەنج و ئازادیە كەدەنگی هاوپەیمانێتیەكە وەك كلیلی دەرگای سەركەوتنی ئەردۆغان یاخود كلیچدار ئۆغلۆ دادەنرێت. لەڕاستیدا یەكلایی بووەتەوە كەهاوپەیمانێتیەكە بەهیچ شێوەیەك لەئەردۆغان نزیك نابێتەوە، بەڵام تاوەكو ئێستاش كلیچدار ئۆغلۆیان پەسەند نەكردووە. كلیچدار ئۆغلۆ: شوێنی چارەسەری پرسی كورد پەرلەمانە دوای چاوەڕوانییەكی زۆر ٢٠ی ئازار، كەمال كلیچدار ئۆغلۆ كاندیدی هاوپەیمانی گەل بۆ پۆستی سەرۆكایەتی توركیاو میدحاد سانجارو پەروین بوڵدان هاوسەرۆكانی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لەباڵەخانەی پەرلەمانی توركیا كۆبوونەوە. دوای كۆبونەوەكە كەمال كلچدارئۆغلۆ رایگەیاند كە لە كۆبونەوەكەدا باسی پرسی كوردیان كردووە و پرسی كورد لە پەرلەمان چارەسەر دەكرێت. كلچدار ئۆغلۆ هەروەها باسی زمانی كوردیشی كردو وتی: « لەپەرلەمانی توركیا نووسینی فەڕەنسی و ئینگلیزی دێتە بەردەستیان كێشە نییە، بەڵام كاتێك وشەیەكی كوردی دەبیستن دەڵێن تێناگەین، لەكاتێكدا كە بەهەزاران ساڵە ئەم زمانە هەیەو لەتوركیاش كەناڵی تەلەفزیۆنی تی ئاڕ تی كوردی هەیە. پەروین بوڵدان و میدحاد سانجاریش دوای كۆبوونەوەكە بۆ میدیاكان قسەیان كردو ئاماژەیان بەپرسی كوردو كێشەكانی توركیا كردو ئەوانیش تەئكیدیان لەچارەسەری پرسی كوردو هەموو پرسەكانی توركیا لەپەرلەمانی توركیا كردەوە. هاوسەرۆكانی هەدەپە، رایانگەیاند كەكۆبوونەوەیەكی زۆر باش بووەو دواتر بەوردی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە ئاشكرا دەكەن، بەبێ ئەوەی ئاماژە بەوە بكەن كەدەنگ بە كلیچدار ئۆغلۆ كاندیدی ئۆپۆزسیۆن دەدەن یان نا؟. لەلایەكی دیكەوە هەدەپە لەدۆخێكی ئاڵۆزدایەو مەترسی داخستنی لەسەرەو دوایین دانیشتنی دادگاییكردنیشی، بڕیارە ١١ی مانگی نیسان بەڕێوەبچێت. رۆژێك بەر لەدادگاییكردنەكەش كەدەكاتە ١٠ی نیسان، دوا وادەی وەرگرتنی ناوی كاندیدەكانی پارتە سیاسییەكانە لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیاوە. بۆیە مەترسی ئەوە هەیە، ئەگەر هەدەپە بەناوی خۆیەوە كاندید تۆمار بكات، ئەوا مەترسی هەیە رۆژێك دوای رادەستكردنی ناوی كاندیدەكان لەلایەن دادگای دەستوورییەوە دابخرێت و بەمەش، ئیدی ناتوانێت بەشداری لەهەڵبژاردنەكاندا بكات و بۆ ماوەی چوار ساڵ لەدەرەوەی پەرلەماندا دەمێنێتەوە. بۆ ئەوەی هەدەپە مەترسیەكە بڕەوێنێتەوە، پلانی بی ئاشكرا كردووە كەئەویش بەشداریكردنی هەڵبژاردنەكانە لەڕێگەی پارتی چەپی سەوزەوە. ئەو پارتە لەساڵی ٢٠١٠ەوە دامەزراوە و لەساڵی ٢٠١٢دا یەكەم كۆنگرەی خۆی ئەنجامداوەو بەفەرمی لەتوركیا دەستی بەكار كرد. پارتەكە هیچ سەرۆك و هاوسەرۆكێكی نییە، تەنیا هاووتەبێژی پیاوو ژنی هەیە كەئەگەرێكی زۆرە، هەدەپە لەو رێگەیەوە بەشداری لەهەڵبژاردنەكاندا بكات. بەرپرسانی پارتەكە ئاشكرایانكردووە كەپێشوازی لەهەدەپە بكەن، بەڵام كێشەیەكی دیكەش كەڕووبەرووی هەدەپە بووەتەوە، ئەوەیە كە لەسكاڵاكەی دژیدا، باسی ئەوە دەكرێت، پێویستە قەدەغەی سیاسی لەسەر ٤٥٠ سیاسەتمەداری پارتەكە دابنرێت و ئەوەش وادەكات كە لەو كەسانە ئاگادار بێت كە كاندیدی دەكات. بەم شێوەیە، ئیدی پارتە سیاسییەكان بەرەكانیان یەكلایی دەكەنەوەو ئامادەكاری بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن دەكەن كە لەناوەڕاستی مانگی نیساندا دەستپێدەكات. لەهەفتەی رابردوودا، چەندین كۆمپانیای گەورەی راپرسی توركی وەك كۆمپانیاكانی (ئەلفا، ئۆ ئاڕ جی، پییارو ئاكسوی)، راپرسیان لەبارەی دەنگی كەمال كلیچدار ئۆغلۆو رەجەب تەیب ئەردغان ئەنجامداوە، لەهەموو راپرسیەكانیشدا بەجیاوازی لەسەدا پێنج بۆ لەسەدا ١٠ كەمال كلیچدار ئۆغلۆ لەپێشەوە دەبێت. بەڵام پرسێكی دیكە ئەوەیە كە لەزۆربەی راپرسیەكاندا، هیچ كاندیدێك ناتوانێت لەخولی یەكەمدا دەنگی پێویست بۆ سەركەوتن بەدەستبهێنێت كەپێویستە كاندیدی سەرۆكایەتی لەسەدا ٥١ی دەنگەكانی هەبیت، بۆیە هەدەپە ئەنجامەكە  یەكلایی دەكاتەوە، ئەگەر لەگەڵ كلیچدار ئۆغلۆ رێكبكەوێت كە بەئەگەرێكی زۆر رێكدەكەوێت. هەرچەندە زۆربەی ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن كە هاوپەیمانی كۆمار بەسەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆككۆماری توركیا، لەم هەڵبژاردنەدا، دوای ٢٠ ساڵ لەحوكمڕانی شكست بهێنێت، بەڵام گۆمانی ئەوەش دەكرێت كەئەردۆغان دەست بەسیناریۆ بكات و كورسی دەسەڵات بەجێنەهێڵێت. لەم بارەیەوە، موراد قەرەیلان ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەری پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ میدیاكانی نزیك لەپارتەكەی رایگەیاند، هەڵبژاردنەكانی ١٤ی ئایار وەك گەلانی توركیا بۆ گەلی كوردیش زۆر گرنگە. لەبەرئەوەی نەك تەنیا سەرۆك كۆمار بەڵكو سیستم گۆڕانكاری بەسەردادێت. هێزە قوڵەكانی نێو دەوڵەت بۆ ئەوەی بتوانن شەڕ بەڕێوەبەرن ئەم سیستمەیان دروستكردووە. بەڵام سیستمەكە زۆر ئۆتۆریتەرە. ئەمەش كۆمەڵگای توركیای زۆر لاواز كردووە. بێگۆمان لایەنێك دەیەوێت بەردەوامی بەسیستمەكە بدات. بەڵام گەل دەیەوێت سیستم بگۆڕدرێت و هەڵبژاردن لەسەر ئەم بناغەیە بەڕێوەببرێت. واتە هەڵبژاردن لەسەر سیستم ئەنجامدەدرێت. قەرەیلان وتی: « پرسە گرنگەكە ئەوەیە ئایا حكومەتی ئاكەپەو مەهەپە رازی دەبێت بەهەڵبژاردنەكان كۆتایی بەدەسەڵاتەكەیان بهێندرێت؟ ئەمە جێگەی گۆمانە. ئاشكرایە كەفێڵ و تەڵەكەبازی زۆر بەكاردەهێنن. لەم رووەوە خوی ئاكەپە بەباشی دەناسرێت. لەهەڵبژاردنەكانی ئەستەنبوڵدا بینراو  زۆر نموونەی بەرچاوی دیكەی بەم شێوەیە هەیە. بەبەردەوامی سەرقاڵی فێڵ و تەڵەكەبازیە؛ هەموو شتێك بەگوێرەی بەرژەوەندی خۆی رێكدەخات. واتە ئاكەپەو مەهەپە هەموو شتێك سەرلەنەوێ بۆ بەرژەوەندی خۆیان بنیاتدەنێن و نایانەوێت دەست لەكورسی دەسەڵات هەڵبگرن».

تەرمی 9 ئەندامی یەکینەکانی دژە تیرۆر (یات)ی سەر بە هەسەدە کە لە روداوی هەلیکۆپتەردا گیانیان لەدەستدا، گەیشتنە حەسەدە. سبەینێ بە ڕێورەسمێک بەڕێدەکرێن ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرتای (هەسەدە) بە راگەیەندراوێک ئاماژەی بەوەکرد کە تەرمی شەڕڤانانی یەکینەکانی دژە تیرۆر (یات) ئەمڕۆ گەیشتوونەتە حەسەکە.  لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، " دوای چەندین پەیوەندی، هێزەکانمان تەرمی 9 شەهیدی فەرماندە و شەڕڤانی یەکینەکانی دژە تیرۆر (یات)یان گەڕاندەوە کە لە ئەنجامی کەوتنی دوو هەلیکۆپتەردا شەهید ببوون. تیمێکی هێزەکانمان لەگەڵ فەرماندەیی گشتی، تەرمی شەهیدانیان گەیاندە شاری حەسەکە. رۆژی چوار شەممە (22ئازار)، هێزەکانمان بە رێورەسمێک، شەهیدەکان بەڕێ دەکەن. رێورەسمەکە کاتژمیر 11:00 بە بەشداری گەل لەبەردەم نەخۆشخانەی شەهید ساریا لە گەڕەکی خوێران دەست پێدەکات، دواتر تەرمی شەهیدان لەسەر شان دەگوازرێنەوە بەرەو یاریگای سەردەم لە گەڕەکەکە و لەوێ رێورەسمێک ئەنجام دەدرێت." رووداوەکە چۆن روویدا و چی کاردانەوەیەکی بەدوای خۆیدا هێنا؟ پرسی کەوتنەو خوارەوەی 'هەلیکۆپتەرێک یاخود دوو هەلیکۆپتەر' لە نزیک گوندی بێرکیاتی سەر بە ناحیەی چەمانکێی پارێزگای دهۆکی هەرێمی کوردستان، لە شەوی ١٥ی ئازار، مشتومڕێکی زۆری لێکەوتووەتەوە، کە تاوەکو ئێستا چۆنیەتی رووداوەکە بە تەواوی روون نەبووەتەوە کە بەو هۆیەوە 9 بەرپرسی گەورەی دژە تیرۆری رۆژئاوای کوردستان گیانیان لەدەستدا کە یەکێکیان شەڕڤان عەبدی، خوشکەزای مەزلۆم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) بوو. سەرەتا، دژە تیرۆری هەرێمی کوردستان لەم بارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە هەلیکۆپتەرێک کەوتووەتە خوارەوە و تەرمی حەوت شەڕڤانی هەسەدە کە ئەو بە پەکەکە ناوی هێنا، لەنێویدا دۆزراونەتەوە. دوابەدوای رووداوەکە، هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) لەم بارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، لەو دوو هەلیکۆپتەرەی كە ١٥ ئەم مانگە لە دهۆك كەوتە خوارەوە، 9شەڕڤانیان شەهید بوون. هەسەدە وتی، هەلیكۆپتەرەکان لە رۆژئاوای كوردستانەوە بەرەو شاری سلێمانی هەرێمی كوردستان، بە مەبەستی گواستنەوەی ئەندامانی دژە تیرۆری رۆژئاوا بۆ مەشق و راهێنان روویشتوون، بەڵام بە هۆی دۆخی خراپی كەشوهەواوە کەوتووەنەتە خوارەوە. هەسەدە بانگەوازی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە لە رادەستكردنەوەی تەرمی شەڕڤانانیدا ئاسانكاری بكات. هەرچەندە، هەسەدە ئاماژەی بەوەکرد کە دوو هەلیکۆپتەر کەوتووەنەتە خوارەوە، بەڵام دژە تیرۆر و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان (پارتی دیموکراتی کوردستان) رایانگەیاند، تەنیا هەلیکۆپتەرێک کەوتووەتە خوارەوە و ئەوەی دیکە، لە ناوچەکە دوور کەوتووەتەوە. هەرچەندە دژە تیرۆری هەرێمی کوردستان سەرەتا وتی، تەنیا حەوت تەرمیان دۆزیوەتەوە، بەڵام 19ی ئەم مانگە، سەرچاوەکانی هەواڵی باسی ئەوەیان کرد کە دوو تەرمی دیکەی شەڕڤانان لە ناوچەیەکی دیکەی نزیک لە رووداوەکە دۆزراونەتەوە. بەمەش پشتڕاست بووەوە کە 9 شەڕڤان لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە. هەسەدە جگە لەو راگەیەندراوە و ئاشکراکردنی ناسنامەی شەڕڤانان هیچ راگەیەندراوێکی دیکەی لەبارەی رووداوەکە بڵاونەکردووەتەوە و وڵامی هیچ لایەنێکی نەداوەتەوە، بەڵام مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەبارەی رووداوەکە و هەلیکۆپتەرەکان زانیاری نوێی بڵاوکردەوە. مەسرور بارزانی رایگەیاند، تەنها یەک هەلیکۆپتەر بووە و ئەو هەلیکۆپتەرە لەلایەن گروپێکی ناو یەکێتییەوە کڕدراوە و نازانن چۆن گەیشتووەتە دەست دەستی هێزەکانی هەسەدە. فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە تایبەتە هاوبەشەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییش بە راگەیەندراوێک، سەرەخۆشی لە هەسەدە و خانەوادەی شەڕڤانان کرد و وتی، "فیداکاریان لە پاراستنی سوریادا لەبیر ناکرێت." بەڵام هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی هەلیکۆپتەرەکان نەدا. کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لەم بارەیەوە بێدەنگی شکاند و زاگرۆس هیوا وتەبێژی کەجەکە بۆ ئاژانسی ئەسوشێدت پرێس رایگەیاند، پێدەچێت هەلیکۆپتەرەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ئەمریکا بن و هێزەکانی سوریای دیموکراتیان لە رێگەیەوە گواستبێتەوە. هەرچەندە میدیاکانی تورکیا، بە چڕی باسی رووداوەکەیان کرد و ئاماژەیان بەوەکرد کە هەلیکۆپتەرەکان لەلایەن چ دەوڵەت و گروپێکەوە رادەستی هەسەدە کراون، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی دەوڵەتی تورکیا یاخود سوپای ئەو وڵاتە، هیچ راگەیەندراوێکی بڵاونەکردووەتەوە و پێدەچێت، لە لێکۆلینەوەکانیاندا بەردەوام بن، چونکە بە گوێرەی زانیاریەکان، هەلیکۆپتەرەکان لە جۆری (ئەی ئێس 320ی یۆرۆکۆپتەرن و لەلایەن کۆمپانیایەکی هاوبەشی ئەڵمانی و فەڕەنسیوە بەرهەم هێناون و تورکیاش گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیاکەدا هەیە. لەم بارەیەوە، سەرچاوەیەکی نزیک لە خانەوادەی شەڕڤان عەبدی، فەرماندەی گشتی دژە تیرۆری رۆژئاوا کە لە رووداوەکەدا گیانی لەدەستداوە و هاوکات، خوشکەزای مەزلۆم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدەیە، بە هاوڵاتی راگەیاند، خانەوادەی شەڕڤان عەبدی گۆمانیان لەوە نییە کە هەلیکۆپتەرەکان یاخود هەلیکۆپتەرەکە بەهۆی ناجێگیری کەشوهەواوە کەوتووەتە خوارەوە و ئامادە نەبوون هیچ قسەیەکی دیکە لەسەر رووداوەکە بکەن. لە بەرامبەر قسەکانی مەسرور بارزانی کە راگەیاندبوو، هەلیکۆپتەرەکان لەلایەن گروپێکی نێو یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە کڕدراون، بەڵام نازانرێت، بۆچی رادەستی هەسەدە کراون، ستران عەبدوڵلا ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، بە ئاژانسی رۆژنیوزی راگەیاند، وەک 'مام جەلال' دەڵێت، هاوکاریکردن بۆ یەکێتی شەرەفە و تۆمەتەکان رەت دەکەنەوە.

هاوڵاتی نەورۆزی شاری ئامەدی باکوری کوردستان بە بەشداری سەدان هەزار کەس بەردەوامە، لە ئاهەنگەکەدا پەیامی سیاسی بۆ چارەسەری پرسی کورد دەدرێت و پۆلیسی تورکیا گۆڕەپانی نەورۆزی گەمارۆداوە. سەرلەبەیانی ئەمڕۆ جەماوەرێکی زۆر روویکردووە پارکی نەورۆز لە ناوچەی رەزانی ئامەد. ئەوەی سەرنج رادەکێشێت زۆری بەشداربوونی ژنان و گەنجانە. لە پێنج قۆڵەوە خەڵکی ئامەد دەچنە ناو پارکی نەورۆز. گەڕەکی باغجلاریش ٦ خاڵی پشکنینی جیاجیای پۆلیس دانراون. لە ئاهەنگەکەدا پۆستەری ژینا ئەمینی بە نوسراوی "بە تاڵی قژی ژینا ئەمینی ئێمە گوڕ بە تێکۆشانی ژنان دەدەین" و پۆستەرێکی کەمال کورکوت بە نوسراوی "کەمال کورکوت نامرێ" لە گۆڕەپانەکە هەڵواسراوە. ژنان و گەنجان بە ئاڵاکانی یانەی ئامەد، سەوز و سور و زەرد چوونە ناو گۆڕەپانەکە و دروشم بۆ ئازادی عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری پەکەکە و دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' وترانەوە. بەگوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵی، پۆلیسی تورکیا کە دەوروبەری گۆڕەپانی نەورۆزیان گەمارۆداوە و تەلبەندێکی پێنج مەتر بەرزیان داناوە، رێگەیان نەداوە زۆرێک لە هاوڵاتیە کوردەکان کە جلوبەرگی کوردیان لەبەر کردووە بچنە نێو گۆڕەپانی نەورۆز.

هێزە ئەمنییەکانی ئێران هێرشیان کردە سەر بەشداربوانی رێوڕەسمی نەورۆز لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بەهۆیەوە ژمارەیەک گەنج و لاو و ژن و منداڵ بریندار دەبن. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردەوە؛ شەوی دوشەممە هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شارەکانی مەهاباد و سەقز و مەریوان و دێولان تەقەیان لە بەشداربوانی رێوڕەسمەکانی نەورۆز لەو شارانە کردوە و بەهۆیەوە لانیکەم 40 کەس بریندار بون. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژەیان بەوە کردوە تەنها لە شاری مەهاباد بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانەوە نزیکەی 30 کەس برینداربون. هاوکات هێزە ئەمنییەکان لە شاری سنە بە ماتۆڕ و ئۆتۆمبێل بڵاویان بە بەشداربوانی رێوڕەسمی نەورۆز لەو شارە کردوە و ژمارەیەک کەسیش دەستگیر کراون. بە پێی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییانەی لە نەورۆزی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو کراوەتەوە بەشداربوانی رێوڕەسمی نەورۆز لەو بەشە لە کوردستانی یادی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان دەکەنەوە. نەورۆزی ئەمساڵ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی نەورۆزی ژینا ناونراوە و زۆربەی ئاهەنگەکانی نەورۆزیش لەو بەشە لە کوردستان بە ناوی ژینا و کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان دەستی پێکرد.

هاوڵاتی سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند ویستیان ئەوەیە نەورۆز بۆنەیەک بێت بۆ بەهێزکردنى پەیوەندیى رۆحى و مادى و یەکگرتوویی، گوتیشى "نەورۆزى هەموو ساڵێک، ئومێد بۆ ئەوانە دەهێنێت، کە بەهۆیەوە ئاهەنگ دەگێڕن". محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 21ى ئادارى 2023، رایگەیێندراوێکى بەبۆنەى جەژنى نەورۆز بڵاوکردەوە و پیرۆزبایی ئەو جەژنەى لە گەلى کورد لە هەرێمى کوردستان و گەلى عێراق و گەلانى ناوچەکە کرد، کە بە بۆنەى جەژنى نەورۆزەوە ئاهەنگ دەگێڕین. محەمەد شیاع سودانی ڕایگەیاند، "بە جوانترین و گەشاوەترین دەربڕینی هیوا، پیرۆزبایی دڵسۆزانەم ئاراستەی گەلی کوردمان لە هەرێمی کوردستانی عێراق و سەرجەم هەمو گەلی عێراقیمان و هەمو گەلانی ناوچەکە دەکەم کە ساڵانە ئاهەنگی نەورۆز دەگێڕن". ئاماژەی بەوەشکردوە، "نەورۆز ئەمساڵ لەکاتێکدا تێدەپەڕێت کە عێراق هەنگاوی گرنگ دەنێت بەرەو بەردەوامبون و ڕەگداکوتانی ئاشتی کۆمەڵایەتی، سوڕاندنی شەمەندەفەری ئابوری و کارکردن و دەستپێکردنی بەرنامەی چاکسازیی گەورە و واقیعی، کە ئەولەویەتەکان لە بەرژەوەندی هاوڵاتی و پێداویستییەکان دەبێت، ئەمەش ئەوەیە کە ئێمە لە یەکەم ڕۆژی کارکردنی ئەم حکومەتەوە دەستمان پێکردوە". سودانی دەشڵێت، "هەروەک چۆن ئاواتەخوازین ڕۆژی نەورۆز ببێتە بۆنەیەک کە ئێمە وەک عێراقییەکان یەکڕیزی و پەیوەندیی و هەماهەنگی خۆمان بەهێز بکەین و ئاهەنگ بگێڕین بۆ هەمەجۆریی کە سامانی بەردەواممانە، دیدگاکەشمان بۆ ڕون دەبێتەوە کە ڕابردومان و ڕەگ و ریشەمان بەیەکەوە گرێدراون، هەروەک چۆن داهاتومان و چارەنوسمان هەمو بەیەکەوە گرێدراون". سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردوە، "نەورۆز هەمو ساڵێک هیوا بۆ ئەو کەسانە دەهێنێت کە ئاهەنگ دەگێڕن و لەگەڵیدا بەهاکانی کار و نیشتمانپەروەری تێدەپەڕێنن، ئەمساڵ پڕە لە هیوا، و پڕە لە کار بۆ وڵاتەکەمان، لەم ڕۆژەدا دوپاتیدەکەینەوە کە چاومان لە عێراقێکە کە پێکەوە بنیادی بنێین و هەمومان شانازی پێوەبکەین". ئەو راگەیێندراوەى محەممەد شیاع سوودانى له دواى رۆژێک دێت لە پەیامێکى دیکەى نووسینگەى رۆژنامەوانیەکەى کە تێیدا ئاماژە بەوەکرابوو، لە دەستپێکى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق لە 20ـی ئادار، سەرۆکوەزیران پیرۆزبایی جەژنى نەورۆزى کردووە و هیواى خواستووە نەورۆز ببێتە مایەى خێر و ئاشتى و پێشکەوتن بۆ هەمووان.

هاوڵاتی لە شارۆچکەی جندرێسی رۆژئاوای کوردستان هێرشێکی چەکداری کرایە سەر ژمارەیەک هاووڵاتی کە ئاگری نەورۆزیان کردبووەوە و بەهۆیەوە سێ هاووڵاتی کورد کوژران. بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی تۆڕی میدیای ڕوداو بڵاویکردۆتەوە  لە شارۆچکەی جندرێسی سەر بە شاری عەفرین دراونەتە رووداو، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 20-03-2023 گرووپی ئەحرار شەرقییە کە سەر بە ئۆپۆزیسۆنی سووریان، لە کاتی کردنەوەی ئاگری نەورۆزدا، تەقەیان لە هاونیشتمانییانی کورد کردووە. بەهۆی تەقەی گرووپەکەوە چوار کەسی یەک خێزان بەناوەکانی (فەرەحەدین محەممەد محەممەد، شەرەفەدین محەممەد محەممەد، نەزمی محەممەد محەممەد و حەمودە فەرەحەددین محەممەد) گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.  لەلای خۆشیەوە، روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردۆتەوە، لەئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکەی شەقامی 16ی جندرێس، شەش کەس بونەتە قوربانی، لەکاتێکدا ئەو کەسانە سەرقاڵی کردنەوەی ئاگری نەورۆز و یادکردنەوەی سەری ساڵی کوردی بون.

کەشناسی، کاریگەری شەپۆلی بارانبارین لەسەر هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت. بەشی پێشبینی له بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت، لە کاتەکاتەکانی دوای نیوەڕۆدا بارین بەشێوەی نمە باران و کە هەندێک کات بۆ شێوەی تاوە باران و بروسکە دەبێت کە سەرەتا لە ناوچەکانی رۆژئاوای هەرێم و بادینان دەست پێدەکات پاشان زۆربەی ناوچەکانی تری هەرێم دەگرێتەوە بەشێوەی پچڕ پچڕ لە کاتەکانی ئێوارە دابارین  لە زۆربەی ناوچەکان کەم دەبێتەوە. کەشناسی بۆ  کەشوهەوای سبەی کەشناسی پێشبینی بڵاویکردۆتەوە، سبەی سێشەممە ئاسمان لەنێوان نیمچە هەور و هەور دەبێت  لە کاتەکانی بەیانی نمە بارانى کەمی پچڕ پچڕ دەبارێت لە ناوچە شاخاوییەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم، بۆ کاتەکانی دوای نیوەڕۆ و ئێوارە نمە بارانی پچڕ پچڕ لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێم دەبارێت کە هەندێک جار بەشێوەی تاوە باران و بروسکە دەبێت، پاشان کاریگەری کەم دەبێتەوە لە کاتەکانی شەودا. کەشناسی ، بەرزترین پلەکانی گەرما بەم شێوەیە دەبێت: هەولێر:  15 پلەى سیلیزى سلێمانی: 13 پلەى سیلیزى دهۆک:  15 پلەى سیلیزى کەرکووک: 19 پلەى سیلیزى هەڵەبجە : 14 پلەى سیلیزى زاخۆ:   17 پلەى سیلیزى سۆران:  10 پلەى سیلیزى گەرمیان:  20 پلەى سیلیزى

لە کۆى 15 مادەى پڕۆژەیاسای هەموارى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق حەوت مادەى پەسند کرد و  6ـی تشرینى دووەمى 2023 دیایکرا بۆ بەڕێوەچونی ئەو هەڵبژاردنە.    پەرلەمانى عێراق بەرەبەیانی ئەمڕۆ 20ی3 بەسەرۆکایەتی محەمەد حەلیبوسی و ئامادەیی 171 پەرلەمانتار دەنگى لەسەر حەوت مادەى پڕۆژەیاسای هەموارى یاساى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە کۆى 15 مادەى پڕۆژەکە دا و کۆبوونەوەکەی بۆ رۆژى 25ى 3 دواخرا.   لەکۆبوونەوەکەدا پەرلەمان 6ى تشرینى دووەمى 2023ى وەک رۆژی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان پەسند کرد.  دوایین هەڵبژاردن بۆ ئەو ئەنجوومەنانە کرابێت لە ساڵى 2013بوو.   هەردوو هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە پڕۆژەیاساکەدا کراون بە یەک و بەگوێرەى ئەو مادانەى پەسندکراون، ژمارەى کورسییەکانى پەرلەمانى عێراق وەک خۆیان دەمێننەوە کە 329 کورسین و ژمارەى کۆتاى پێکهاتەکانیش گۆڕانکاریان تێدا نەکرا کە 9 دانەن.    پەرلەمان  بەشێکى دیکەى ئەو مادانەی پەسەندکرا ، لەبارەی شێوازى هەژمارکردنى دەنگەکان بوو ، بڕیاردرا  سەرجەم بنکەکانى دەنگدان ژماردنى دەنگەکان بە دەستى و ئەلیکترۆنیش بێت. ئەگەریش ژمارەکان جیاواز بوون، ئەو کاتە پشت بە ژماردنى دەستى دەبەسترێت. هەروەها دەبێە لەماوەى 24 سەعات ئەنجامى سەرەتایی دەنگدانى تایبەت و گشتى لەلایەن کۆمیسیۆنەوە رابگەیێندرێت.   ئەم دەنگدانە لەسەر هەموارى پڕۆژەیاسای هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان ناڕەزایی بەشێک لیستەکانی ئۆپۆزیسیۆن و پەرلەمانتارانی سەربەخۆکایی لێکەوتەوە، ئەوان دژى ئەوەن بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق هەر پارێزگایەک بکرێتە یەک بازنە لە برى فرەبازنە، هەروەها نایانەوێت سیستمى سانت لیگۆ بۆ ژماردن و دابەشکردنى دەنگەکان بەسەر بەربژێرەکاندا پەیڕەو بکرێت بۆ دیاریکردنى براوەى هەڵبژاردن. بەپیی هەمواری مادەی (15)ی یاسای هەڵبژاردنەكان: یەكەم: ئەنجومەنی نوێنەران لە (329) كورسی پێكدێت كە بەمجۆرە دابەشكراوە:  ا-(320)كورسی بەسەر پارێزگاندا دابەش دەكرێت, وەك ئەوەی لەخشتەی ژمارە(1)هاوپێچی یاساكەدا هاتووە. ب-ئەم پێكهاتانەی خوارەوە پشكی (كۆتا)یان پێدەدرێت لەتێكڕای كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران, ئەگەر لەلیستەكانی تریش بەشداریبكەن كاریگەری لەسەر پشكەكانیان ناكات, پێكهاتەكان ئەمانەن:  1-پێكهاتەی مەسیحی (5) كورسی, دابەشدەكرێت بەسەر پارێزگاكانی بەغدادو نەینەواو كەركوك و دهۆك و هەولێر. 2-پێكهاتەی ئێزدی (1) كورسی لەپارێزگای نەینەوا. 3-پێكهاتەی سابئەی مەندائی (1) كورسی لەپارێزگای بەغداد. 4-پێكهاتەی شەبەك (1) كورسی لەپارێزگای نەینەوا. 5-پێكهاتەی كوردی فەیلی (1) كورسی لەپارێزگای واست. ج- ئەو پارێزگایانەی كورسیەكانیان لەكورسیەكانی كۆتا بۆ تەرخانكراوە, یەك بازنەی هەڵبژاردن دەبن بۆ نوێنەرایەتی كورسی كۆتای تەرخانكراو, لەچوارچێوەی كورسیەكانی ئەنجومەنی نوێنەران بەپێی سنورە ئیدارییەكەی.   پەرلەمانی عێراق مادەی (16) لەیاسای هەڵبژاردنەكان پەسەندكرد كە بەمشێوەیەیە:  یەكەم: ا-كۆمیسیۆن پشت بە ئامێری ئەلەكترۆنی دەبەستێت بۆ خێراكردنی ئەنجامەكان و پرۆسەی ژماردن و جیاكردنەوەی دەستی بۆ سەرجەم وێستگەكان كە لەناو هەمان وێستگەدا ئەنجامدەدرێت, پێویستە كۆمیسیۆن لەماوەی (24) كاتژمێردا ئەنجامی هەڵبژاردنی تایبەت و گشتی ڕابگەیەنێت.  ب-لەحاڵەتێكدا ئەنجامی بژاردنی دەستی و ئەلەكترۆنی هاوتان نەبوون لەهەمان وێستگە كە ڕێژەكەی 5% كەمتر بوو, ئەوا ئەنجامی بژاردن و جیاكردنەوەی دەستی حساب دەكرێت. ج- لەحاڵەتێكدا ڕێژەكە (5%) زیاتر بوو, وێستگەكە دەگوازرێتەوە بۆ سەنتەری وردبینی ناوەندیی لەپارێزگاكەو كۆمیسیۆن لەرێی بژاردن و جیاكردنەوەی دەستییەوە ئەنجامەكان یەكلادەكاتەوە. د-ئەگەر ئەنجامەكان لەڕێی ئامێری خێراكردنی ئەنجامەكان نەنێردران بۆ سەنتەری پۆلێنكردنی ئەنجامەكان بۆ ماوەی (6)كاتژمێر, ئەو سندوقانەی ئەنجامەكانیان نەنێردراون لەڕێی گوێزەوەی نێوەندەوە دەبرێنە سەنتەرەكانی وردبینی ناوەندیی لەپارێزگاكان و كۆمیسۆن بۆ یەكلایكردنەوەی ئەنجامەكانی پشت بە بژاردن و جیاكردنەوەی دەستی دەبەستێت.  پەرلەمانی عێراق بڕگەی (ئەلف)ی لە بەندی دووەم پەسەندكرد: ا- پێویستە كاندید هەڵگری بڕوانامەی بەكالۆریۆس یاخود هاوتای ئەو بڕوانامەیە بێت, جگە لەكۆتاكان كە بڕوانامەكانیان لە ئامادەیی و بەرەوژوور دەبێت. ب-لیسەتەكانی هەڵبژاردن ڕێژەیەك كە (20%)زیاتر نەبێت بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی دبلۆم و ئامادەیی و بڕوانامەكانی هاوتای تەرخان بكەن.  بەندی سێیەم: كاندید سزا نەدرابێت بەتاوان و كەتنی لەكەداركردنی ناموس, بەئەنجامدانی گەندەڵی ئیداری و دارایشەوە بەبڕیاری دادگا, لێخۆشبون بیگرێتەوە یان نا.

هاوڵاتی وەزارەتى دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، دۆسیەی چوار هه‌زار و 189 فەرمانبەرو خانەنشین ڕەوانەی دیوانی چاودێری دارایی دەکات کە بەشێوەی نایاسایی دو موچەیان هەبوە. وەزارەتى دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ له‌ رونكردنه‌ویه‌ه‌كدا بڵاویكرده‌وه‌، "بەپێی بڕیاری کۆتایی لیژنەی وردبینی و لێکۆڵینەوەی تایبەت بەلیستی فەرمانبەران و خانەنشینان کە ژمارەیان ( 10819) موچەخۆر بو، لە سیستەمی بایۆمەتری دووجار یان زیاتر تۆمارکراون".  مووچەکانیان  بەم جۆرە بووە: - هەزار و 973 کەس بە نایاسایی دوو مووچەی خانەنشینیان وەرگرتووە. - هەزار و 849 کەس بە نایاسایی دوو مووچەی فەرمانبەری و خانەنشینیان وەرگرتووە. - 367 کەس بە نایاسایی دوو مووچەی فەرمانبەریان وەرگرتووە. وەزارەتی دارایی و ئابوری ده‌ڵێت، دۆسیەی سەرجەم ئەو موچە خۆرە نایاساییانە بە داتاو زانیاری تەواو ئاڕاستەی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان دەکات تا لە ڕێگای دەستەکانیانەوە وردبینی لە ڕێکارەکانی بڕین و گێڕانەوەی ئەو بڕە موچانە بکەن کەلە دوای 1ی 7ی 2020 بەدواوە بە نایاسایی وەرگیراوە، پێویستە بەزوترین کات لێیان وەربگیرێتەوەو بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی. هاوکات راگەیاندنی وەزارەتەکەش دەڵێت: "ئەمە قۆناخی یەکەمە و وەزارەت بەردەوام دەبێت لە جیاکردنەوەی ناوی ئەو کەسانەی بە نایاسایی دوو مووچەیان هەیە."

هاوڵاتی دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجام دەدرێت کە لە میانیدا، پێشنیازەیاسای ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەخرێتە دەنگدانەوە. فەرمانگەی راگەیاندن لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا کارنامەی دانشتنەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بڵاوکردووەتەوە ،بەپێی کارنامەکە، دانیشتنەکەی ئەمڕۆیەکشەممەی ئەنجوومەنی نوێنەران، دوو تەوەر لەخۆدەگرێت کە یەکێکیان بریتی دەبێت لە دەنگدان لەسەر پێشنیازەیاسای ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان. هاوکات رۆژی چواری ئەم مانگە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ پێشنیازەیاسای ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەنجام دابوو. بەپێی ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، یاساکانی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکرێن بە یەک یاسا، ھەروەھا ژماردنی دەنگەکان بەدەستی و ئەلیکترۆنی دەبێت، بەڵام ئەگەر ئەنجامەکەی جیاواز بوو، ئەوا ژماردنی دەنگەکان بەدەستی یەکلایی دەکرێتەوە و رێگا بە ھیچ ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەران و پارت و فراکسیۆنەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران نادرێت بچنە ناو ھاوپەیمانێتیی دیکە تا ئەو کاتەی حکوومەت پێکدەھێندرێت. گرنگترین ئەو گۆڕاکارییانەى لە یاساکەدا کراون بریتین لەوەى هەردوو هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان و پەرلەمان، یەک یاسایان دەبێت، تەمەنى خۆبەربژێرکردن لە 28 ساڵەوە دەکرێتە 30 ساڵ بۆ پەرلەمان، دوو پێشنیاز بۆ بازنەکانى هەڵبژاردن هەن کە دەخرێنە دەنگدانەوە، یەکەمیان یەک بازنەیی نێو یەک پارێزگا بە پەیڕەوکردنی سیستمى سانت لیگۆ بۆ ژماردنى دەنگەکان، دووەمیان دابەشکردنى عێراق بەسەر 83 بازنە. سیستمى سانت لیگۆ تایبەتە بە هەژمارکردنى دەنگى بەربژێرەکان و دابەشکردنى بەسەریاندا بۆ یەکلاییکردنەوەى براوەى هەڵبژاردنەکان.   یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەھۆی خۆپیشاندانی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ ھەڵپەسێردرابوو و یەکێک لە داواکارییەکانی خۆپیشاندەران، ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بوو، چونکە ئەو کات وەک خۆپیشاندەران رایانگەیاندبوو ئەنجوومەنی پارێزگاکان، خزمەتگوزاری پێشکەش بە خەڵک ناکەن و لە گەندەڵی تێوەگلاون. دوای پێکھێنانی کابینەکەی محەمەد شیاع سودانی بڕیاردرابوو کە لە ماوەی ساڵێک و شەش مانگدا، ئامادەکاری بکرێت بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختی ئەنجوومەنی نوێنەران، بەڵام ئێستا ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەوەی لە بری ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران، ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکرێت. دوایین هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە 2013 کرا، ئەم خولەى پەرلەمانیش نزیکەى سێ ساڵ تەمەنى ماوە، وادەى ئەنجامدانیان لەسەر بڕیارى حکومەت و ئامادەیی کۆمسیۆن وەستاوە، کە بەم یاسا نوێیە دەکرێت، ئەگەر وەک خۆى پەسەند بکرێت.

نوێنەری رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراقە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە و هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و بڕیار رێککەوتنی ئەمنیی نێوان تاران و بەغداد لە دژی پارتەکانی رۆژهەڵات واژۆ بکرێت. پێگەی (نورنیوز) سەر بە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ عەلی شەمخانی، ئەمینداری ئەو ئەنجومەنە و نوێنەری عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی واژۆکردنی رێککەوتنی ئەمنیی و ئاسایشیی نێوان تاران و بەغدا و ژمارەیەک گرێبەستی ئابوریی سەردانی عێراقی کردوە. سەرچاوەیەکی بەرپرس لە عێراق بە ئاژانسی هەواڵی (ئیرنا)ی راگەیاندوە؛ شەمخانی لەو گەشتەدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە دەستی پێکردوە سەرەڕای کۆبونەوە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانەی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پاراستنی ئاسایشی نێوانیان و واژۆکردن و جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنی و ئاسایشیی کۆدەبێتەوە. ئاماژە بەوە کراوە گەشتەکە لەسەر داوای قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق بوە و ئامانجی سەرەکیی واژۆکردن و تاوتوێکردنی ئەو رێککەوتنە ئاسایشی و ئەمنییەوە بوە کە چەند مانگێک پێش ئێستا لە نێوان تاران و بەغدا دژی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و پرسی پاراستنی سنورەکانی نێوان ئێران و عێراق ئامادەکاریی بۆ کراوە. میدیای زمانحاڵی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی کۆماری ئیسلامی ئێران جەختی لەوە کردوەتەوە کە ئامانجی سەرەکیی گەشتەکەی شەمخانی یەکلاکردنەوەی رێککەوتنی ئەمنییە دژی پارتەکانی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان و هاوکات ئەنجامدان و جێبەجێکردنی ژمارەیەک گرێبەستی ئابورییە و لەو چوارچێوەیەشدا شاندێکی ئابوریی یاوەریی ئەو بەرپرسەی کۆماری ئیسلامی دەکەن. کۆماری ئیسلامی داوای کردوە پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێم چەک بکرێن و ئەندامانیان رادەستی ئێران بکرێنەوە و تا ئێستاش سوپای پاسداران لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی ئەو وڵاتە چەندجارێک بنکە و بارەگاکانی پارتەکانی رۆژهەڵاتی بە موشەک و درۆن و تۆپخانەکانی کردوەتەوە ئامانج کە 22 کوژراو و نزیکەی 100 برینداری لێکەوتەوە.

ئاهەنگەکانی نەورۆز لە شارەکانی باکوری کوردستان و تورکیا دەستیان پێکرد و لەگەڵ ئەوەی بارانێکی بەخوڕ لە زۆربەی شارەکان دەبارێت، بەڵام هاوڵاتیان روو لە گۆڕەپانەکانی ئاهەنگی نەورۆز دەکەن. ئاهەنگەکانی نەورۆزی ئەمساڵ، لەلایەن کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتی (دەتەکە)، کۆنگرەی کۆمەڵگەی گەلان (هەدەکە)، بزووتنەوەی ژنانی ئازاد (تەژەئا)، پارتی دیموکراتی هەرێمەکان (دەبەپە)، پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و پارتی چەپی سەوزەوە رێکخراون. یەکەم ئاگری نەورۆزی ئەمساڵ، لە ناوچەی شەمزینانی جۆلەمێرگ لەلایەن پارت و رێکخراوەکانی کوردیوە هەڵکرا. ئەمڕۆش لە ٢٣ شاری باکوری کوردستان و تورکیا، ئاهەنگی نەورۆز بەڕێوە دەچن کە بەشێکیان ئەمانەن: دێرسم، چەولیک، ئێلح، سێرت، ئیدر، وان، موش، ئەنقەرە، مێرسین، ئەنتاڵا، ئیزمیر، ئایدن، موغلا، دەنیزلی، مانیسا، بورسا، ئەستەنبوڵ، کزلتەپە، تراکیا، بالیکەسیر، ئایڤالک، کۆجائەلی، تاتوان، گەڤەڕ و ساکاریا. دروشمی ئەمساڵی نەورۆز لەلایەن کوردانی کوردستان بە دروشمی ' هەموو شوێنێ نەورۆز، هەموو کاتێک ئازادی' بەرێوە دەچێت و هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار. پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ئەمڕۆ پەیامی نەورۆزی بە تویتێک بڵاوکردەوە و نووسیویەتی " هاتنی بەژار، بینی ئازار و نەورۆز، لە گەلەکەمان و هەموو مرۆڤایەتی پیرۆز بێت! نەورۆز پیرۆز بێت!" گولتەن کشاناک هاوسەرۆکی پێشووی گەورە شارەوانی ئامەد کە لە ئیستادا لە زینداندایە، پەیامێکی لەبارەی ئاهەنگەکانی نەورۆزەوە بڵاوکردەوە و وتی، " واتای نەورۆز لە ١٤ی ئایاردا کە رۆژی هەڵبژارنە دەبینرێت." لە شارەکانی ئەستەنبوڵ و وان، لەگەڵ ئەوەی بارانی بەخوڕ دەبارن، بەڵام خەڵکێکی زۆر کۆبووەتەوە و زۆربەی هاوڵاتیان ئاڵای پارتی چەپی سەوزیان بە دەستەوەیە کە بڕیارە هەدپە لە رێگەی ئەو پارتەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکات. بڕیارە ئاهەنگە گەورەکەی نەورۆز ٢١ی ئازار لە شاری ئامەد ئەنجام بدرێت و چاوەڕێ دەکرێت، بە سەدان هەزار کەس وەک ساڵانی رابردوو بەشداری لە ئاهەنگەکەدا بکەن.

هاوڵاتی گۆڤاری 'Forbes' ـی نێودەوڵەتی فاروق مستەفا ڕەسوڵ وەکو یەکێك لە 100 کەسایەتی سەرکردەی بواری چاودێری تەندروستیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستنیشاندەکات بۆ ساڵی 2023 سلێمانی، عێراق – بەڕێز فاروق مستەفا ڕەسول، سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی شاری پزیشکیی فاروق لەلایەن گۆڤاری 'Forbes' ــەوە وەکو یەکێک لە 100 کەسایەتی سەرکردەی بواری چاودێری تەندروستیی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەڵبژێردرا بۆ ساڵی 2023. ئەم ڕێزلێنانە لەم ئاستە بەرزەدا تیشک دەخاتەسەر بەشداری و دەستکەوتە ناوازەکانی بەڕێز ڕەسوڵ کە ڕەنگدانەوەی ئەرێنییان هەبووە لە پێشکەوتنی بواری تەندروستییدا لە ڕێی شاری پزیشکیی فاروق 'FMC'ـەوە. شاری پزیشکی فاروق نەخۆشخانەیەکە لە ئاستی نەخۆشخانە جیهانییەکاندایە و لەسەر ڕووبەری 70,000 مەتر چوارگۆشە بیناکراوە؛ 210 قەرەوێڵە و زیاتر لە 190 پزیشک لەخۆدەگرێت کە دابەشبوون بەسەر 37 بەش و 11 ژووری نەشتەرگەرییدا. لە کانونی یەکەمی 2022، نەخۆشخانەکە ڕێکەوتننامەیەکی لەگەڵ کۆمپانیای ئەستەر 'DM' بۆ چاودێریی تەندروستیی لە دوبەی واژۆکرد بە مەبەستی بەهێزکردنی خزمەتگوزارییەکانی چاودێری تەندروستیی لە عێراق. وەکو بەشێک لەم ڕێکەوتننامەیە، پزیشکانی کۆمپانیای ئەستەر 'DM' هەڵدەستن بە سەردانکردنی شاری پزیشکیی فاروق بۆ پێشکەشکردنی ڕاویژ و خزمەتگوزاریی نەشتەرگەریی و خزمەتگوزاری تر. سەبارەت بەم ڕێزلێنانە، بەڕێز ڕەسوڵ وتی: "وەرگرتنی ئەم ڕێزلێنانە لەلایەن 'Forbes'ــەوە شەرەفێکی گەورەیە بۆ من، زۆر سوپاسی هاوەڵ و هاوبەشەکانم و کارمەندان دەکەم بۆ پشتگیریی و لەخۆبوردوویی بەردەوامیان لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجەکەمان". "ئەم دانپێدانانە هەر شایەتییەک نییە لەسەر کاری جددییمان، بەڵکو هانی زیاترمان دەدات تا بەردەوامبین لە باشترکردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی بە کوالیتییەکی بەرز بە نەخۆشەکانمان". شاری پزیشکی فاروق و گروپی کۆمپانیاکانی فاروق بۆ وەربەرهێنان پابەندن بە پشتگیریکردنی تازەگەریی، داهێنان و پەرەپێدان لە کەرتەکانی چاودێری تەندروستی و بزنسدا. دانپێدانانی 'Forbes' بە دەستکەوتەکانی بەڕێز ڕەسوڵدا شایەتییە لەسەر ئەو پێشکەوتنە پزیشکییە گەورەیەی لە شاری پزیشکیی فاروق 'FMC' بەدەستهاتووە.    لەبارەی شاری پزیشكیی فاروقەوە شاری پزیشكیی فاروق كە دەكەوێتە سلێمانییەوە، بە نەخۆشخانەیەكی پێشەنگ لە عێراق دادەنرێت، خزمەتگوزاری چاودێری تەندروستیی پلە یەك پێشكەشی نەخۆشەكان دەكات لە عێراق‌ و ناوچەكەدا. لەسەر رووبەری 70,000 مەتر چوارگۆشە دروستكراوە، ئەوەش رووبەرێكی گەورەیە كە وادەكات نەخۆشخانەكە بتوانێت ژمارەیەكی زۆری نەخۆش لەخۆبگرێت‌ و باشترین خزمەتگوزارییان بۆ فەراهەم بكات لە ژینگەیەكی گەشەكردوو و ئاسودەدا، بەجۆرێك سەلامەتی‌ و ئاسودەیی نەخۆش لە پێشینەی كارەكانن. شاری پزیشكی فاروق بە یەكێك لە باشترین پێشكەشكارانی خزمەتگوزاری چاودێری تەندروستی دادەنرێت لە عێراقدا، كە خزمەتگوزاری پزیشكی پلە یەك پێشكەش دەكات لە ئاستی ستانداردە جیهانییەكان، نەخۆشخانەكە 210 قەرەوێڵە‌ و زیاتر لە 190 پزیشكی بەتوانا و خاوەن بڕوانامەی بەرز و 120 ژووری تاكەكەسی بە كەلوپەلی تەواوەتییەوە لەخۆدەگرێت ئەمە لەپاڵ 21 هۆڵی پێشكەوتوو بە نوێترین دیزاین‌ و تەكنەلۆژیای پزیشكیی‌ و 11 ژووری نەشتەرگەریی پێشكەوتوو ‌و ئامادەكراو بە نوێترین تەكنەلۆژیای پزیشكی لەگەڵ زیاتر لە 25 كلینیكی نەشتەرگەری دڵ ‌و بۆری خوێن‌ و نەشتەرگەری دەمار و ئێسك ‌و بڕبڕەی پشت‌ و سەنتەری تایبەتمەندی خزمەتگوزاری منداڵبوون‌ و دایكایەتی ‌و نەشتەرگەریی شێرپەنجە ‌و كلینیكی نەشتەرگەریی مەمك ‌و پسپۆڕییە پزیشكییە هەستیارەكانی تر. شاری پزیشکیی فاروق نەخۆشخانەیەکی پێشەنگە لە عێراق و دەکەوێتە شاری سلێمانییەوە، هەرێمی کوردستان کە خزمەتگوزارییەکانی چاودێری تەندروستی پلەیەک پێشکەش نەخۆشان دەکات لە عێراق  و ناچەکەدا.   گۆڤاری فۆربس گۆڤارێکی بازرگانی ئەمریکیە دوو هەفتە جارێک بڵاودەکرێتەوە بابەتەکانی تایبەتن بە هەواڵ و زانیاری لەسەر بابەتی دارایی، پیشەسازی، وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکاندا،هەروەها ڕاپۆرت لەسەر بابەتە پەیوەندیدارەکانی وەک تەکنەلۆجیا و پەیوەندیی و زانست و یاسا بڵاودەکاتەوەو بارەگای سەرەکی لە نیویۆرکە.

هاوڵاتی دوو ئۆتۆمبێلی لاهوور شێخ جەنگی لە سلێمانی دەستیان بەسەردا دەگیرێت. گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت، تاوەکو ئێستا کەس سکاڵای تۆمارنەکردووە.  تۆڕی میدیای ڕوداو بڵاویکردەوە، بەیانی ئەمڕۆ دەستبەسەر دوو ئۆتۆمبێلی لاهوری شێخ جەنگیدا گیراوەو پاساوی ئەو کارەی یەکێتی ئەوە بووە کە ئۆتۆمبێلەکان خاوەندارێتییان بۆ ئیدارەی گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەگەڕێتەوە. سەرچاوەیەکیش لە ئیدارەی گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی گوتووە، پێشتر چەند جارێک لاهوور شێخ جەنگییان ئاگادارکردووەتەوە کە ئەو ئۆتۆمبێلانە خاوەندارێتییان بۆ ئیدارەی گشتیی یەکێتی دەگەڕێتەوە، بەڵام نەگەڕێندراونەتەوە و هەربۆیە ئەمڕۆ دەستیان بەسەردا گرتوون.  وتوشێتی، ئەو دوو کەسە هاتووچۆیان بە منداڵەکانی لاهوور شێخ جەنگی کردووە و منداڵەکانیان گەیاندووەتە قوتابخانە و دواتر لە بەنزینخانەیەک لایانداوە و لەوێ هێزەکە قۆڵبەستی کردوون.  هاوکات سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانیی ڕایگەیاندووە  "ئاگاداری رووداوی لەو جۆرە نین و تائێستاش هیچ سکاڵایەک تۆمار نەکراوە".

هاوڵاتی دوای ئەوەی ئێوارەی رۆژی 15ی ئەم مانگە دوو هێلیکۆپتەر لە نزیک گوندی بێرکیان لە سنووری ناحیەی چەمانکێ لە پارێزگای دهۆک کەوتنەخوارەوەو بەهۆیەوە 9 شەڕڤانی ڕۆژئاوای کوردستان گیانیان لەدەستدا، هەریەکە لەموراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکەو بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پەیامیان بڵاوکردەوە. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات(هەسەدە) ئەو 9 شەڕڤانە کە شەهیدبوون بریتی بوون لە هەریەکە لە شەڕڤان کۆبانێ فەرماندەی هێزەکانی دژە تیرۆری ڕۆژئاوای کوردستان و هۆگر دێریک، کۆچەر دێریک، خەبات دربێسیێ، فاراشین باران، رۆژەنگ رەفات، دیدار دێریک، دۆغان عەفری و هاروون رۆژاڤا بەرەو سلێمانی چوون، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی هەسەدەش رایگەیاند، ئەو شەڕڤانانەی لەكاتی كەوتنە خوارەوەی هێلیكۆپتەرەكەی دهۆك گیانیان لەدەستدا لە رێگەدابوون بۆ هەرێمی كوردستان بۆ بەشداری كردن لە بەرنامەیەكی هاوبەشی دژی داعش. هاوکات داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات كە هاوكاربن لە گەڕاندنەوەی تەرمەكانیان بۆ باكور و رۆژهەڵاتی كوردستان. لەپەیامێکدا بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سەبارەت بەشەهیدبوونی ئەو 9 شەڕڤانە ڕایگەیاند"‏‎یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان شانازی بەو مێژووە درەوشاوەیەوە دەكات كە هێزەكانی دژەتیرۆر (CTG) هاوشانی یەكینەكانی دژەتیرۆری رۆژئاوا لەپێناو پاراستنی خاكی كوردستان و خەڵكە تێكۆشەرەكەیدا خەباتیان كردووە و داستانی قارەمانانەیان تۆماركردووە". موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکەش ڕایدەگەیەنێت: "لەم دواییەدا هاوسەرۆکی کەنەکە بەڕێز ئەحمەد کاراموس سەردانی باشووری کوردستانی کرد و هەندێک چاوپێکەوتنی ئەنجامدا، ئێمە ئەم کارە زۆر بە مانادار دەزانین، بێگومان لەم کاتەدا شتێکی زۆر بەنرخ و پێویستە، هەروەها بەڕێز بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بانگەوازی بۆ یەکێتیی نەتەوەیی کرد، ئێمە ئەم بانگەوازەش بە واتا دەزانین و بەڕاستیش لەم کاتەدا گرنگترین پێویستی یەکێتیی نەتەوەیی گەلی کوردستانە." قەرەیلان دەشڵێت: ئێمە وەک بزووتنەوە، لەلای خۆمانەوە هەوڵ بۆ ئەوە دەدەین، لەسەر ئەم بنەمایە داوا دەکەم نەورۆزی ٢٠٢٣ بکەنە سەرەتای یەکێتیی نەتەوەیی، پێویستە یەکێتیی نەتەوەیی پێکبهێنن، ئەگەر هەندێک ناتوانن شان بدەنە بەر ئەوە با شانی نەدەنە بەر، نابێت ئێمە بەهۆی هیچ کەسێکەوە خۆمان سنوردار بکەین، نابێت بڵێین: "‘ئەگەر فڵان کەس نەیەت کارەکە نابێت’ نەخێر ئێمە وەک هێز و کەسانی کوردستانی لەسەر هێڵ و بنەمای نیشتمانپەروەری و وڵاتپارێزی لە بەرامبەر جینۆساید و داگیرکاری و پاکتاوکاریدا دەوەستینەوە، بە دڵنیاییەوە پێویستە یەکێتیی نەتەوەیی پێکبهێنین."