بەهۆی ژەهراویبونی خوێندکاران ژمارەیەک خوێندکاری شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و چەند شارێکی ئێران رەوانەی نەخۆشخانە کران. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردەوە؛ ئەمڕۆ سێشەممە لە شارەکانی کامیاران و کرماشان زیاتر لە 82 خوێندکاری کچ بەهۆی ژەهراویبونەوە رەوانەی نەخۆشخانە کراون. لە شاری کامیاران سەر بە پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان 12 خوێندکاری کچ کە لە خوێندگەکەیاندا ژەهراویبونەوە رەوانەی نەخۆشخانەی سینا لەو شارە کراون. لە شاری کرماشان زیاتر لە 60 خوێندکاری کچ رەوانەی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان کراون و بە پێی زانیارییەکانی سەرچاوەکانی هەواڵ دۆخی تەندروستیی دوو خوێندکار ناجێگیرە و لە ژێر چاودێریی وردی پزیشکیدان. لە لایەکی دیکەوە هەر ئەمڕۆ سێشەممە روداوی ژەهراویبون لە ژمارەیەک خوێندگەی شارەکانی ئەسفەهان ، تەبرێز، مەشهەد و گەناوە دوبارە بوەتەوە و دەیان خوێندکاری كچ رەوانەی نەخۆشخانە کراون. ژەهراویبونی خوێندکاران زیاتر لە سێ مانگە بوەتە دیاردە لە رۆژهەڵات و ئێران و چالاکوانانی سیاسی، دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی تۆمەتبار دەکەن بەوەی لە رێگەی چەند ماددەیەکی ژەهراویی بۆندار هێرش دەکرێتە سەر خوێندگەکان و قوربانییانیش زۆربەیان خوێندکارانی کچن. تا ئێستا جگە لە رەوانەکردنی دەیان خوێندکاری کچ بۆ نەخۆشخانەکان، مێرمنداڵێکی کورد لە شاری تاران بە ناوی کارۆ پەشابادی بەهۆی ژەهراویبون گیانی لەدەستدا و تەرمەکەی رەوانەی شاری کامیاران لە رۆژهەڵاتی کوردستان کرایەوە. رۆژنامەی (هەم میهەن) لە ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ لە چەند خوێندگەیەک شتێک هاوشێوەی تۆپی یاریی لە دەرەوە خراوەتە ناو حەوشە و بینای خوێندگەکان و دواتر بۆنی میوەی رزیو و پرتەقاڵ و نارنگیی بڵاو بوەتەوە و لە ئەنجامدا خوێندکاران بەو بۆنە ژەهراویی بون. چەند سەرچاوەیەک لە ناو ئێران ئاماژەیان بەوە کردوە کە ئەو کچانە لە رێگەی سپرا ژەهراویی کراون و پێشتر گروپێک بە ناوی فیداییانی ویلایەت وەک ئاماژەیەک بە پشتیوانیی لە بازنەی دەسەڵاتی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو روداوانەیان گرتوەتە ئەستۆ بەڵام لە ئێستا تەنها گروپی هێزارەگەرا تۆمەتباری سەرەکیی ژەهراویکردنی خوێندکارانی کچە. پزیشکێک ئاشکرای کردوە لە روداوی بەکارهێنانی ماددەی کیمیایی دژی خوێندکارانی کچ، چەند ماددەێک بە تێکەڵکراوی بەکار هێنراون کە دەست کەسانی ئاسایی ناکەوێت. محەمەدڕەزا هاشمیان، پسپۆڕی بواری چاودێریی وردی پزیشکی لە نەخۆشانەیەکی تاران رایگەیاندوە لە نزیکەوە چاودێریی ژمارەیەک خوێندکاری کچی کردوە کە ژەهراویبون و هۆکارەکەشی هەڵمژینی چەند جۆرێک ماددەی کیمیاییە کە تێکەڵکراوە و کەسانی ئاسایی ناتوانن ئەو ماددە کیمیاییانە دەستخەن و یان بەکاری بهێنن.
هاوڵاتی ماڵپەڕی واشنتۆن ئێکزامیینەری ئەمریکی ڕۆژی دووشەممە ڕاپۆرتێکی لەسەر هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی بڵاوکردەوەوتیایدا هاتووە،پێش هێرشەكە، دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیای لە ناوچەکە دەستنیشانکردووە و توركیا ئاگاداركراوەتەوە كە جێپێی ئەمریكییەكانیان هەڵگرتووە و کاربەدەستانی تورکیا گرنگیانپێنەداوە. لە ڕاپۆرتێكدا ماڵپەڕی واشنتۆن ئێگزامینەری ئەمریكی کە لە لایەن مایكل ڕۆبن، ڕۆژنامەنووس و لێكۆڵەرلەو ماڵپەڕەوە نوسراوە لەسەر هێرشەکەی حەوتی مانگی دەوڵەتی تورک بۆ سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی و بە ئامانجگرتنی مەزڵوم عەبدی بڵاو کردووەتەوەو تیایدا هاتووە : رۆژی ٧/٤/٢٠٢٣، ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات و هاوپەیمانی سەرەكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە شەڕی داعش لە سلێمانی كۆبوونەوەیەكی ئەنجامدا. مەزڵوم عەبدی لەگەڵ سەرکردایەتی ناوخۆیی کورد و بەرپرسانی ئەمریکا کۆبووەوەتەوە گروپەکە بەیەکەوە بە کاروانێکەوە ڕۆیشتون بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی، بۆ ئەوەی لە وێوە بۆ سوریا بگەڕێتەوە. مایكل ڕۆبن وەک خۆی دەڵێت: سەیری ڤیدیۆی كامێراكانی چاودێرییەكانی كردووە، كە پێنج ئۆتۆمبێلی جۆری سی یو ڤی تێدەپەڕن، دوای سێ چركەش مووشەكێك لە فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانەوە تەقێندراوە. باسلەوەشدەکات کە پێشڕودانی هێرشەکە دەزگایهەواڵگری ئەمریکا شوێنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی دەستنیشانکردووە و داوایان لە تورکیا کردووە کە پاشەکشەی پێبکات بەڵام سودی نەبووە، هاوکات لە کاتێکدا هەندێک لە ڕۆژنامەنووسان پێیان وابوو هێرشەکەی تورکیا بە مەبەست شکستی هێناوە و تەنها ئاگادارکردنەوەیەک بووە بۆ واشنتۆن . بەڵام ڕۆبن دەڵێت ،ڕاستییەکان ئەم تیۆرییە ڕەتدەکەنەوە وبە پێی ڕاپۆرتەکان بەهۆی باران بارینی زۆرەوە، زەوییەکە توند و قوڕاوی بووە ئەمەشبۆتە هۆی ئەوەی موشەکەکە بچەقێتە قوڵای زەوییەکە ئەمەش تەقینەوەکەی دواخستووەو بۆتە هۆی ڕزگارکردنی گیانی ئەمریکییەکان و مەزڵووم کۆبانیش. لە ڕاپۆرتەكەی ماڵپەڕی واشنتۆن ئێگزامینەردا هاتووە کە لە كۆشكی سپیدا ئارەزویەكە هەیە، بۆ ئەوەی ئەم ڕووداوە بشاردرێتەوە و پەردەپۆش بكرێت و دەشڵێت: وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پێیوایە کە هەر كاردانەوەیەك پێش هەڵبژاردنەكانی توركیا ڕەنگە سوودی بۆ ئەردۆغان هەبێت. باسلەوەشکراوە ڕەنگە بایدن سزا بەسەر كۆمپانیای بایرەكتاردا بسەپێنێت، كە فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بۆ توركیا دروستكردووە،کە بۆتە هۆی بڵاوکردنەوەی ترس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا. هاوکات مایکڵ ڕۆبن دەشڵێت، دەبێت كۆشكی سپی سنورێک بۆ پڕوپاگەندەکانی تورکیا دابنێت کە دەڵێن فڕۆكەی بایراكتار ڕۆڵی سەرەكی لە شەڕی ئۆكرانیا هەبوو، تەنانەت ڤلادیمێر زێلێنسكی سەرۆكی ئۆكرانیاش دەڵێت: میدیاكانی ڕۆژئاوا قەبارەی كاریگەرییەكانی توركیایان لەسەر شەڕەكە گەورە کردووە. ڕاپۆرتەكە جەخت لەوە دەكاتەوە، کە دەبێت كۆشكی سپی ڕێككەوتنی فرۆشتنی فڕۆكەی ئێف ١٦ بە توركیا ڕەت بكاتەوە، ئەمە جگە لەوەی كۆتایی بە گرێبەستەكە بهێنرێت بۆ دابینكردنی كەرەستەی یەدەگ بۆیان، هەروەها ڕاگرتنی هەموو مامەڵەی هەواڵگری و هەماهەنگی هاوبەش لەگەڵ توركیا، چونكە توركیا ڕەتكردنەوەی هۆشدارییەكانی ئەمریكا سەبارەت بە بوونی ئەوان لە كاروانە ئامانجدارەكەدا جێگەی شەرمەزارییە. لە درێژەی ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، پێویستە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا سزای هاكان فیدان، سەرۆكی دامەزراوەی هەواڵگری توركیا بدات و ڕێگری لە سەفەركردنی بكات، چونكە دەستی هەبووە لە بەئامانجگرتنی فڕۆكەخانە، ئەمە جگە لەوەی پاڵَپشتییە بۆ لۆجستی و سەربازی توركیا، هەروەها پشتیوانی لە ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش دەكات. لە ڕاپۆرتەكەدا داوا لە ئەمریكا دەكات، كۆبوونەوەیەكی نائاسایی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ئەنجام بدات بەبێ ئەوەی توركیا بانگهێشت بكات، چونكە سەركەوتن بەسەر تیرۆردا پێویستی بە پاككردنەوەی ناوخۆییە. ڕاپۆرتەکەی ماڵپەڕی واشینگتۆن ئێکزامینەر
هاوڵاتی کۆمەڵەی ئازادیخوازانی بادینان ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پەیامێکی پشتگیرییان ئاڕاستەی خەڵکی سلێمانی کردودژی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی وەستانەوە. لە پەیامەکەیاندا ڕایانگەیاند،" ئێمە وەک کۆمەڵەی ئازادیخواز و ڕیفراندۆمخوازی بادینان هێرشی تیرۆرستی ئەردۆغان و تورکیا بۆسەر فڕۆکەخانەی سلێمانی شەرمەزاردەکەین". هاوکات داوایەکیان ئاڕاستەی حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە،"سنورێک بۆ هێرشی دوژمنکاری بەردەوامی تورکیا بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی باشوری کوردستان دابنێن کە تیایدا سەدان هاوڵاتی سیڤیل بونەتە قوربانی دەستی ڕەشی تیرۆری ئەردۆغان". باسیانلەوەشکرد کە سلێمانی هەمیشە پەناگەیەکی ئارام بووە بۆ کوردان لە هەرچوارپارچەی کوردستان. دەقی ڤیدیۆی پەیامەکەی کۆمەڵەی ئازادیخوازانی بادینان:
ژەهراویکردنی خوێندکاران لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە و مانگرتن لە شاری سەقز بەڕەێوچو. ئەمڕۆ دوشەممە وەک ناڕەزایەتیی بەرامبەر ژەهراویکردنی خوێندکاران، دوکان و بازاڕەکانی شاری سەقز نەکرانەوە و داوا دەکرێت مانگرتنی سەرتاسەریی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕێوبچێت. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردەوە؛ ئەمڕۆ خوێندکارانی ژمارەیەک خوێندگەی کچان لە شارەکانی سنە و ورمێ و خۆی ژەهراویبون و بەهۆی تێکچونی دۆخی تەندروستی خوێندکارانەوە ئامبوڵانس رەوانەی ئەو خوێندگەیانە کراون. دوێنی یەکشەممە بەهۆی ژەهراویبونەوە زیاتر لە 50 خوێندکاری شاری سەقز رەوانەی نەخۆشخانەکان کران و ئەوەش ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانی لێکەوتەوە.
هاوڵاتی بهڕێوهبهرایهتی كهشناسی و بومهلهرزهزانی ههرێمی كورستان رایگهیاند، ئهمڕۆ ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ دابارین بەشێوەی نمەباران لەناوچە جیاجیاکانی کوردستان هەندێكجار بەشێوەی تاوەباران بروسکە دەبێت، سبهینێش هەندێكجار بەشێوەی تاوەباران و بروسکە دەبێت لەکاتەکانی شەودا کاریگەری دابارین زیاد دەبێت. بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ دابارین بەشێوەی نمەباران لەناوچە جیاجیاکانی کوردستان، هەندێک جار بەشێوەی تاوە باران بروسکە هەور دەبێت لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم بۆ کاتەکانی ئێوارە .پلەی گەرما نزیک دەبێتەوە بە بەراورد بە تۆمارەکانی دوێنێ تەنها ناوچە شاخاوییەکانی باکووری خۆرئاوا و پارێزگای دهۆک نزم دەبنەوە بە (4 -5 ) پلە. سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی کەشناسی پێشبینی دەکات، سبەی سێشەممە ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ نمە باران لەناوچە جیاجیاکانی هەرێم هەندێک جار بەشێوەی تاوە باران و بروسکە دەبێت لە کاتەکانی شەودا کاریگەری دابارین زیاد دەبێت لە زۆربەی ناوچەکاندا. پلەی گەرما بە گشتی نزم دەبێتەوە بە (4-5) پلە بەراورد بە تۆمارەکانی ئەمڕۆ. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی: هەولێر: 19 پلەى سیلیزى سلێمانی: 20 پلەى سیلیزى دهۆک: 18پلەى سیلیزى کەرکوک: 23 پلەى سیلیزى هەڵەبجە: 23پلەى سیلیزى زاخۆ: 19 پلەى سیلیزى سۆران: 15 پلەى سیلیزى گەرمیان: 26 پلەى سیلیزى
خوێندکارێکی کوردی تەمەن 16 ساڵ بەهۆی ژەهراویبون لە تاران گیانی لەدستدا و 50 خوێندکاری شاری سەقز لە رۆژهەڵاتی کوردستان رەوانەی نەخۆشخانەکان کران. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردەوە؛ کارۆ پەشابادی تەمەن 16 ساڵ، خەڵکی کامیاران لە پارێزگای سنە و دانیشتوی تاران بەهۆی ژەهراویبون لە خوێندگەیەکی پایتەختی ئێران دوای سێ هەفتە مانەوە لەژێر چاودێریی پزیشکی رۆژی هەینی رابردو لە نەخۆشخانەیەکی ئەو شارە گیانی لەدەستداوە. تەرمی کارۆ رۆژی رابردو لە تارانەوە بۆ ناوچەی (پەشاوا) لە کامیران بەڕێکرا و لە گوندێکی ئەو ناوچەیە بەخاک سپێردرا . لە لایەکی دیکەوە ئەمڕۆ یەکشەممە بەهۆی ژەهراویکردنی خوێندکارانی خوێندگەی (مێعراج) لە گەڕەکی (شاناز) لە شاری سەقز لە رۆژهەڵاتی کوردستان ناڕەزایەتیی بەڕێوچو و دروشم دژی دەسەڵات وترایە و هێزە ئەمنییەکانیش تەقەیان لە خەڵک کرد. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژەیان بەوە کردوە چەند کەسێک لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە برینداربون کە ناسنامەیان ئاشکرا نەکراوە. ماوەی زیاتر لە سێ مانگە روداوەکانی ژەهراویبون لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە و دەیان کەس رەوانەی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییان کراون بە بێ ئەوەی هۆکاری سەرەکیی روداوی ژەهراویکردنەکان ئاشکرا بکرێن.
سەرۆک کۆماری پێشوی ئێران هۆشداریی دەدات لە دۆخی ناڕەزایەتییەکان لە وڵاتەکە و داوا دەکات بۆ چاکسازیی لە بواری ئابوریی و سیاسیی، ریفراوندۆم بکرێت. حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری پێشوی ئێران لە دیدارێکیدا لەگەڵ بەرپرسانی کابینیەی پێشوی حکومەت رایگەیاند؛ دۆخی ناڕەزایەتیی وڵاتەکە لە ئاستێکدایە کە پێویستە باڵاترین قۆناغی یاسای دەستور جێبەجێ بکرێت چونکە وڵاتەکە پێویستی بە گۆڕانکاریی هەیە. رۆحانی ئاماژەی بەوە کردوە؛ دەبێت بە پێی یاسای 59ی دەستوری کۆماری ئیسلامی ئێران راپرسی و ریفراندوم سەبارەت بە سێ پرسی سیاسەتی ناوخۆیی و سیاسەتی دەرەوە و ئابوریی لە وڵاتەکە بکرێت. بە وتەی رۆحانی هەندێک لە ماددە و بڕگەکانی دەستور کەمترین سەرنجیان لەسەر بوە و جێبەجێ نەکراون بە تایبەت وەرزی سێیەمی دەستور کە ئاماژەی رون بە مافەکانی دانیشتوانی ئێران دەکات. سەرۆک کۆماری پێشوی ئێران وتوشیەتی: ناڕەزایەتییەکانی رابردو روداوێکی ناخۆش بون بۆیە بۆ گەڕانەوەی هیوا بۆ خەڵکی ناڕازی و دانیشتوانی وڵاتەکە پێویستە هەنگاوی گەورە بنرێت. داواکارییەکەی حەسەن رۆحانی لە کاتێکدایە زیاتر لە دوو مانگ پێش ئێستا میرحسێن موسەوی، یەکێک لە سەرکردەکانی باڵی ریفۆرمخوازی کۆماری ئیسلامی ئێران جەختی لە نوسینەوەی دەستور و گۆڕانکاریی ریشەیی لە دەسەڵات و حوکمڕانیی وڵاتەکە کردوەتەوە. لەگەڵ سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی و خۆپیشاندانی بەرفراوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ناکۆکییەکانی نێوان بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی قوڵتر بوەتەوە و ژمارەیەکی بەرچاو لە سەرکردەکانی باڵی ریفۆرمخواز داوای بەڕێوچونی ریفراندۆم و راپرسییان لە ئێران کردوە.
هەدەپە رایگەیاند، پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەغدا و هەولێر لەبەرامبەر هێرشەکەی فڕۆکەخانەی سلێمانی هەڵوێستی روونیان هەبێت. دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لەبارەی هێرشەکەی فڕۆکەخانەی سلێمانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە هێرشەکە لە بەرامبەر مەزلۆم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) ئەنجامدرابوو. هەدەپە رایگەیاند، هێرشی سەر خاکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکی مەدەنی، بۆ هەموو هەرێمەکە دۆخێکی مەترسیدارە. هێرشی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی ئاستی مەترسیەکانی زیاتر کردووە. هەدەپە دەڵێت، " هەرچەندە لە هێرشەکەدا کە هەموو ساڵێک بە ملیۆنان خەڵکی مەدەنی فڕۆکەخانەکە بەکار دەهێنن و هیچ قوربانیەکی لێنەکەوتەوە، بەڵام گرنگە رای گشتی و بە تایبەتی خەڵکی سلێمانی هێزەکانی پشت هێرشەکە ئاشکرا و شەرمەزار بکەن. هەدەپە لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە پێشتریش چەندین هاوڵاتی مەدەنی لە هێرشەکاندا کوژراون و ئەنجامدەران ئاشکرا نەکراون کە ئەمەش رێگە بۆ هێرشی نوێ دەکاتەوە. ئاشکرایە ئەو لایەنەی هێرشی کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی، دەیەوێت توندوتیژی لە هەرێمی کوردستان دروست بکەن و لەم ناکۆکیانە سوود وەربگرن. بۆیەش بانگەوازی لە نەتەوە یەکگرتووەکان، حکومەتی بەغدا و هەولێر دەکەین کە لەبەرامبەر ئەم هێرشانە کە خەڵکی مەدەنی دەکرێنە ئامانج، هەڵوێستی روونیان هەبێت و بانگەوازی لە خەڵکی سلێمانی دەکەین کە لەم دۆخەکە لەگەڵ ئەوانین.
هاوڵاتی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات ئەمڕۆ یەکشەممە لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا ڕایگەیاند ڕۆژی هەینی لە کاتی هێرشە درۆنییەکەی تورکیا بۆ سەر فڕۆکەخانە ئەو لە سلێمانی بووە و ئامانج لە هێرشەکە ئەوو هاوبەشە ئەمەریکییەکانی بووە. مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ، لە گوتارێکی ڤیدیۆییدا باسی لە وردەکارییەکانی هێرشی درۆنیی رۆژی هەینی بۆ سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی کرد و گوتی "لەدوای ئەوەی کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە شەڕی دژی داعش لە شاری سلێمانی کۆتاییهات، دوای نیوەڕۆ کاتێک دەگەڕاینەوە، ئەو کاروانەی ئێمەی تێدابوو، هاوبەشە ئەمریکییەکانمان و هێزی دژەتیرۆریشی تێدابوو. ئەوکاتە درۆنی چاودرێریی تورکیا هاتنە شوێنەکە، بەڵام هێرشەکەیان بێ ئەنجام بوو و شکستی هێنا". وتیشی،"دەوڵەتی تورکیا بەم هێرشانە دەیەوێت ئەم شەڕە هاوبەشە کە ئێمە لەگەڵ هاوبەشەکانمان دەیکەین، چ هاوبەشە هەرێمییەکانمان، هێزە کوردستانییەکان، دەوڵەتی عێراق بێت، یانیش هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان بێت، دەیەوێت شکست بەم تێکۆشانە بهێنێت." باسی لەوەشکرد، "تورکیا بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هێزە کوردستانییەکان سەخڵەت بووە. هەر شتێکیش کە لەدەستی بێت، دەیکات بۆ ئەوەی گورز لەم پەیوەندییانە بدات و نەیهێڵێت، بەتایبەتیش بۆ پچڕاندنی پەیوەندیی نێوان گەلی رۆژئاڤا لەگەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستان. هەر لەسەر ئەم بنەمایە، لە شاری سلێمانی کاروانی ئێمەیان بە ئامانج گرت". هاوکات بەرپرسێکی ئەمەریکی بۆ ئاژانسی ڕیوتەرزی پشتڕاست کردەوە کە هێرشێک بۆ سەر کاروانێک لە ناوچەکە هەبووە و کارمەندانی سەربازی ئەمەریکا لەوێ بوون، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە. لای خۆشیەوە، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکاش لەبارەی هێرشەکە رایگەیاندبوو سێ هاووڵاتیی ئەمریکی لەگەڵ ئەو کاروانەدا بوون کە کراوەتە ئامانج و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە. هێزەکانی سوریای دیموکراتیش کە ئەمەریکا پشتیوانی لێدەکات ڕۆژی شەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند سەرۆکی هێزەکانی سوریای دیموکرات مەزڵوم عەبدی لە فڕۆکەخانەکە بووە لە کاتی هێرشەکەدا بەڵام "هیچ زیانێکی پێنەگەیشتووە." سەبارەت بە هێرشەکە بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری تورکیا بە ڕۆیتەرزی وت هیچ ئۆپەراسیۆنێکی هێزە چەکدارەکانی تورکیا ڕۆژی هەینی لەو ناوچەیەدا ڕووی نەداوە. هەروەها حکومەتی عێراق ڕۆژی شەممە داوای لە تورکیا کرد داوای لێبوردن بکات بەهۆی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی لە باکوری عێراق و دەڵێت پێویستە ئەنقەرە واز لە دوژمنکاری لەسەر خاکی عێراق بهێنێت. سەرۆکایەتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند تورکیا هیچ پاساوێکی یاسایی نییە بۆ بەردەوامبوون لە "تۆقاندنی خەڵکی مەدەنی بە بیانووی ئەوەی هێزە دوژمنکارانەکان لەسەر خاکی عێراق بوونیان هەیە." باسلەوەشدەکات، "لەم بارەیەوە داوا لە حکومەتی تورکیا دەکەین بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت و داوای لێبوردنی فەرمی بکات."
هاوڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە کۆبووەوە و هەردوولا جەختیان لە پشتگيريى لايهنه سياسييهكان له ئهنجوومهنى نوێنهران بۆ تێپهڕاندنى پڕۆژەياساى بودجهى گشتيى عێراق کردەوە. ماڵپهڕی سهرۆكایهتی ههرێمی كوردستان راگهیهندراوێكی بڵاوكردهوه، تێیدا هاتووه نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان له بهردهواميى ديدار و كۆبوونهوهكانيدا له بهغدا، لهگهڵ محهممهد شياع سوودانى، سهرۆكوهزيرانى عێراقى فيدراڵ كۆبووهوه و"پشتگيريى ههرێمى كوردستانى بۆ سهرۆك وهزيران و حكوومهتى فيدراڵيى عێراق و جێهجێكردنى كارنامهكهى دووپات كردهوهوەتەوە." بە پێی ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێم "ههردوولا هاوڕا بوون لهسهر پێويستيى جێبهجێكردنى ڕێككهوتننامهى دهسپێكردنهوهى ههناردهكردنى نهوتى ههرێمى كوردستان و پشتيگيريى لايهنه سياسييهكان له ئهنجومهنى نوێنهران بۆ تێپهڕاندنى ياساى بودجهى گشتيى عێراق. ههروهها داكۆكييان له بهردهواميى هاريكاريى هاوبهشى نێوان ههولێر و بهغدا له ههموو بوارهكاندا كردهوه." لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەشهاتووە،" لاى خۆيهوه سوودانى سوپاس و پێزانينى بۆ رۆڵى نێچيرڤان بارزانى و ههوڵه بهردهوامهكانى بۆ لێكنزيككردنهوهى لايهنهكان و چارهسهركردنى كێشهكان دهربڕى و جهختى له گرنگيى بهردهواميى گفتوگۆى حكومهتى ههرێمى كوردستان و حكومهتى فيدراڵيى عێراق بۆ چارهسهركردنى كێشهكان كردهوه."
هاوڵاتی ژمارەیەک لە چالاکوانان و ڕۆشنبیرانی سلێمانی ئەمڕۆ شەممە لە بانگەوازێکدا ڕایانگەیاند سبەینێ لە شەقامی سالم سەهۆڵەکە گردبونەوەیەک ئەنجام دەدەن لە بەرامبەر ئەو هێرشەی کرایە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی. دوای ئەوەی دوێنێ هەینی هێرشێکی ئاسمانی کرایە سەر فڕۆکە خانەی سلێمانی و خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نەبوو مشتومڕو ناڕەزایەتییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا لەناو چینە جیاجیاکانی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا هەربۆیە ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی سلێمانی بۆ وەستانەوە بەرامبەر ئەو هێرشە بڕیاریاریان داوە سبەی یەکشەممە کاتژمێر 3ی پاشنیوەڕۆ لە شەقامی سالم کۆببنەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا باسلەوەشکراوە کە لە گردبونەوەکەدا تەنها ڕێگە بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان دەدرێت. دەقی ڕاگەیەندراوەکە : بانگەوازێک لە خەڵکی سلێمانییەوە هێرشەکەی سەر فرۆکەخانەی سلێمانی لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا کە هەموو کوشتار و شەڕ و ئاژاوەیەکی تێداحەرامکراوە، بە سەرەتای هەڕەشەیەکی مەترسیدار دەزانین و بە هێرش و پەلاماری سەر کەرامەت و شکۆی کوردستان بە گشتی و سلێمانی و خەڵکەکەی بە تایبەت دەزانین. ئێمە وەک کۆمەڵێک لە کەسایەتی و خەڵکی سلێمانی بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم هێرش و پەلامارە، داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەین بە یەکدەنگ بەرپەرچی ئەم پەلامارە بدەنەوە و ڕێگە نەدەن دوژمنان لەژێر هەر ناو و پاساوێکدا بێت شکۆی خەڵکی کوردستان بشکێنن. سبەینێ ڕۆژی یەکشەممە ٩-٤-٢٠٢٣ هەموومان لە شەقامی سالمی(سەهۆڵەکە) شاری سلێمانییەوە کاتژمێر ٣ پاشنیوەڕۆ کۆدەبینەوە و بە یەک دەنگ دژی ئەم دەستدرێژییانە دەوەستینەوە. داوا لە خەڵکی تەواوی کوردستان دەکەین و هەر ئەوەشیان لێ چاوەڕێ دەکەین کە پشتیوانی سلێمانی بن. تێبینی : لە کۆبونەوەو گردبونەوەکەماندا تەنها ڕێگە بە هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان دەدرێت. دەستەیەک لە خەڵکی شاری سلێمانی ٨-٤-٢٠٢٣
ئەمریکا ژێردەریاییەک بە 154 موشەکەوە رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات و هێرشەکانی چەکدارانی سەر بە ئێران لە رۆژئاوای کوردستان و سوریا بە هۆکاری رەوانەکردنی ئەو ژێردەریاییە لەقەڵەم دەدرێت. تیم هاوکینز، وتەبێژی یەکەی پێنجەمی هێزە دریاوانییەکانی سوپای ئەمریکا بە ئاژانسی هەواڵی (ئەسۆشیەیتدپرێس)ی راگەیاندوە؛ ژێردەریایی (یو ئێس ئێس فلۆریدا) رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت. ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردوە؛ لێدوانی هاوکینز لە کاتێکدایە هیچ کاتێک ئەمریکا شوێنی ژێردەریاییەکان و گەشتەکانیان بەو شێوەیە ئاشکرا ناکات و تەنانەت پنتاگۆن وێنەی رەوانەکردنی یو ئێس ئێس فلۆریدای بڵاو کردوەتەوە. بە پێی زانیارییەکانی ئەسۆشیەیتدپرێس؛ هێرشەکانی ئەم دواییانەی چەکدارانی سەر بە ئێران لە رۆژئاوای کوردستان و سوریا و جموجۆڵە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە هۆکاربوە بۆ بڕیاری وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) بۆ رەوانەکردنی ئەو ژێردەریاییە بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. یو ئێس ئێس فلۆریدا هەڵگری 154 موشەکی جۆری (تۆماهۆک)ە و ئامانجەکانی بە وردی دەپێکێت و لە ئەگەری روداوانی مەترسیی بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ئەو ژێردەریاییە جوڵەی پێدەکرێت. رۆژنامەی (وۆڵستریت جۆرناڵ) بڵاوی کردوەتەوە پنتاگۆن زانیاریی بەدەست گەیشتوە کە ئەگەری هێرش و جموجۆڵی سەربازیی ئێران لە ناوچەکە هەیە و ئەو هێرشانەش کاتی دەبێت لە بەرامبەردا ئەمریکا دەیەوێت وەڵامدانەوەی توندی بۆ هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکان و هێزەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبێت. دوای چەند هێرشێک بۆسەر بنکە سەربازییە هاوبەشەکانی ئەمریکا و هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا سەبارەت بە هێرشە ئاسامنییەکەی ئەمریکا بۆسەر چەکدارانی سەر بە ئێران لە سوریا کە 19 کەسی تێدا کوژرا،وتی: ئەو هێرشە کاردانەوە هێزی سەربازیی وڵاتەکەمان بو بەرامبەر ئەو پەلامارانەی چەکدارانی نزیک لە ئێران لە دێرزۆر و چەند ناوچەیەکی سوریا کردیانە سەرهاوپەیمانانی نێودەوڵەتیی جەنگ لە دژی رێکخراوی داعش.
هاوڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە لە رێوڕەسمی 42 ساڵەی دامەزراندنی رێکخراوی بەدر لە بەغدا گوتارێکی پێشکێش کردو گوتی پێویستە هەموو لایەنە عێراقییەکان بەیەکەوە هەوڵی چارەسەری کێشەکان بدەن و ناکۆکییەکانیان وەلابنێن. دەشڵێت، "عێراقی هەمەڕەنگ سەردەکەوێت، عێراقی یەکڕەنگ سەرناکەوێت." نێچیرڤان بارزانی، لە بەغدا بەشدارى له ڕێوڕەسمی چل و دوو ساڵەی دامەزراندنی ڕێكخراوی بەدردا كرد كە هەریەك لە سەركۆمار، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدراڵ و ژمارەیەك وەزیر و بەرپرسانی حكوومی و لایەنە سیاسییەكانی عێراق ئامادەى بوو وتەیەكی پێشكەش كرد و رایگەیاند، رێگەی راست ئەوەیە کە لایەنە سیاسییەکانی عێراق لە ناوخۆدا چارەسەری کێشەکانیان بکەن، چونکە ئەوە متمانەی نێوخۆ زیاتر دەکات. دەشڵێت، "چارەسەری عێراقی" باشترین چارەسەرە. دەقی گوتارەکەی نێچیرڤان بارزانی: بە ناوی خوا، ئامادەبووانی بەڕێز.. سەرەتا بەبۆنەی یادی چل و دوو ساڵەی دامەزراندنی ڕێکخراوی بەدر، پیرۆزبایی لە بەڕێز حاجی هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر و ئەندامان و جەماوەری رێکخراوهكهيان دەکەم. هیوادارم رێکخراوی بەدر رۆڵێکی کاریگەر بگێڕێت لە پاراستنی سەقامگیری و چەسپاندنی دیموکراسیەت و فیدراڵی لە عێراق. هەروەها رێگەم بدەن بە ناوی جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانییەوە پیرۆزبایيی یادی دامەزراندن لە سەرکردایەتيی رێکخراوی بەدر بکەم و جەنابیان رێز و پیرۆزبایی تایبەتی هەيه بۆ بەڕێز حاجی هادی عامری و هەموو ئەندامان و لایەنگرانی رێكخراوی بەدر. بەڕێزان.. مێژووی بەدر دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بەرەنگاربوونەوەی رژێمی دیکتاتۆری. لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی عێراق ئەوکات خەباتێکی زۆر سەختیان کرد بەرامبەر رژێمی پێشوو. هاوکاريی نێوان هێزە سیاسییەكانى عێراقی و کوردستان وایانکرد پێکهاتەکانی عێراق باوەڕیان بە سەرکەوتن بەهێز ببێت. لەبەرئەوەش خەڵک ساڵی 1991 به باوەڕەوه دژی رژێم راپەڕین و ئەو باوەڕە هەر بەردەوام بوو تاکو رووخانی رژێم لە ساڵی 2003. هەر ئەو پێکەوەبوونەش وایکرد لایەنەکان سەرکەوتوو بن لە قۆناخی گرنگی نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیيی عێراق کە قۆناخێکی زۆر گرنگ بوو لە مێژووی هاوچەرخی وڵاتەكەماندا. لەم رۆژەدا کاتێک یادی دامەزراندنی رێکخراوی بەدر و بەرەنگاربوونەوەی زوڵم و زۆرداری دەکەینەوە، پێویستە یادی سەرکردەی مقاومەی ئیسلامی و شەهیدی میحراب، سەید محەممەد باقر ئهلحەكیم، بەیاد بێنینەوە. ئەو سەرکردە شەهیدە، هەوڵێکی سەرکەوتووانەی دا، بۆ یەکخستنی مقاوەمەی ئیسلاميی شیعە و عێراق بەگشتی دژی زۆرداری. هەروەها لەگەڵ باوکم و سەرۆک مەسعوود بارزانی و خوالێخۆشبوو مام جەلال، پەیوەنديی نێوان مقاوەمەی ئیسلامی و بزووتنەوەی رزگاریخوازيی کوردیان زیاتر پەرەپێدا. جگە لەوەی کە بەردەوام پەیوەندییەکی بەهێز هەبووە لەنێوان بنەماڵەی بارزان و بنەماڵەی ئهلحەکیم و مەرجعیەتی باڵای شیعە لە نەجەف، ئێستاش بە هەموو شێوەیەک دەمانەوێت ئەو پەیوەندییە لەگەڵ مەرجەعیەتدا، هەر بەهێز بمێنێتەوە. ئامادەبووانی بەڕێز .. سبەی 9ی نیسانە و 20 ساڵ بەسەر رووخانی رژێمى دیکتاتۆریدا تێدەپەڕێت. ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ ئەوەی بیر لەو سەرکەوتنانە بکەینەوە کە لە ئەنجامی یەکگرتوویی بەدیهاتوون. بیر لە هەردوو کۆنگرەی ئۆپۆزیسیۆنی عێراق لە لەندەن و سەلاحەدین بکەینەوە کە تێیاندا بەرنامە بۆ عێراقێکی دیموکراسی و فیدراڵی دانرا. لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا، هەڵبژاردن بووەتە بەشێکی ژیانی سیاسی، ئەويش پێشکەوتنێکی گرنگە، چونکە لە هەموو شوێن و وڵاتێکدا هەڵبژاردنی ئازاد رووحی دیموکراسییە. هەروەها نوێنەرایەتيی پێکهاتەکان لە پەرلەمان دابین کراوە و عێراق چیدیکە هەڕەشە نییە بۆ سەر دراوسێیەکانی. عێراق بووەتە خاوەنی دەستوورێکی دیموکراسی و فیدراڵیی هەمیشەیيی قبووڵكراو. ئەمانە هەموویان خاڵی گرنگ و سەرەکین لە گۆڕانی سیستەمی حوکمڕانی لە عێراقدا. بێگومان لەم 20 ساڵەدا هەڵەی زۆریش كراون کە پێویستە راستیان بکەینەوە. هەر بەو شێوەیەش دابەزینی بەشداريی دەنگدەران لە پرۆسەی هەڵبژاردندا، دەبێت چارەسەر بكرێت. هەموومان بەشدار بووین لە سەرکەوتندا، هەروەها هەمووشمان بەپێی ئاستی هاوبەشیمان، بەرپرسیاريهتيی هەڵە و کەموکوڕییەكانمان دەخەینە سەر شان. تا ئێستا زۆر لەو یاسایانە دانەنراون کە بەپێی دەستوور دەبێ دابنرێن، چونکە ئەم یاسایانە دەبنە میکانیزمی سەرکەوتنی عێراقی نوێ و جێگیربوونی سیستەمی فیدراڵی لە عێراق. ئێمە لە عێراق زۆر پێویستە هەمیشە ئەو ڕاستییەمان لەبەرچاو بێت کە تاکڕهوی و جیاکاريی نەتەوەیی و مەزهەبی، هەمیشە مایەی شەڕ و وێرانی بووە بۆ وڵات. لەبەرئەوەش هەبوونی سیستەمێکی تەواو فیدراڵ و یەکسان لەنێوان نەتەوەکاندا، تاکە رێگەی سەقامگیری و پێشکەوتنی عێراقە. ئەزموونە تاڵەکانی ڕابردوو زۆر زیانی بە خەڵکی عێراق گەیاندووە. لەپێناو هەموو پێکهاتەکانی عێراقدا، دەبێ پەند لەو ئەزموونانە وەربگرین. عێراقێك سەقامگیر و سەرکەوتوو دەبێت کە شیعە و سوننە و کورد و مەسیحی و تورکمان و پێکهاتەکانی دیکە، خۆیان تێدا به هاوبەش و سەرکەوتوو بزانن. عێراقی هەمەڕەنگ سەردەکەوێت، عێراقی یەکڕەنگ سەرناکەوێت. مێژووی 102 ساڵەی رابردوو، بە روونی ئەوەمان پێدەڵێت كە دهبێت هەموومان پێكهوه بەشدار بین. بەڕێزان.. زۆر دڵخۆشم کە دەبینم برای بەڕێزم محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقى فيدراڵ، هەوڵی جددی دەدات و كار دەكات بۆ جێبەجێكردنی كارنامەی حكومەت، ئەوەش مایەی پشتیوانيی هەموو لایەکە. ئێمە لە هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردن لەو ئاراستەیەی سەرۆک وەزیران، ئەوەشمان بە هەموو دۆست و هاوبەشانمان ڕاگەیاندووە. رێککەوتنی هەناردەکردنى نەوتی هەرێمی کوردستان، هەنگاوێکی گەورەیە بە ئاراستەی چارەسەرێکی فراواندا. لێرەدا دەستخۆشی لە سەرۆک وەزیرانی عێراقى فیدراڵ و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کاک مەسروور بارزانی و تیمی هەردوولای حکوومەت و لایەنەکانی هاوپەیمانيی بهڕێوهبردنى دەوڵەت دەکەم. ئێمە هەر لە سەرەتاوە گوتوومانە "چارەسەری عێراقی" باشترین چارەسەرە. ئەگەر هەموومان بگەڕێینەوە بۆ ئهو چارەسەره، دەتوانین گشت کێشەکان چارەسەر بکەین. هەموو لایەک دەمانتوانی بەدوای ڕێگەی دیکەدا بگەڕێین، بەڵام ڕێگەی ڕاست بۆ هەموو لایەک ڕێگهى ناوخۆی عێراقە. چارەسەری عێراقی، سەروەری و پێشکەوتنی عێراق بەهێز دەکات. متمانەی خەڵک بە دەسەڵات بەهێز دەکات، متمانەی نێوان پێکهاتەکانی عێراق بەهێز دەکات. ئەگەر چارەسەری عێراقیانە بکەینە نیاز و ئامانج، دەتوانین دڵنیا بین لە سەقامگیريی ئێستا و لە سەرکەوتنی داهاتوومان. چارەسەری عێراقی، بە هاوبەشی و گفتوگۆ سەردەکەوێت، چونکە ئێمە ڕووحی ئەم هاوبەشییەمان هەیە کە ئەویش دەستووری عێراقە. بەر لە 10 ساڵ، سەرۆک بارزانی، بە نیازێکی پاک و روانگەیەکی ستراتیژی، داوای لە هەموو لایەنە عێراقییەکان کرد پێکەوە دابنیشین بۆ رێگرتن لە رووداو و کارەساتی گەورە و داوای كرد بگەڕێینەوە بۆ دەستوور. بەداخەوە ئەوە نەکرا، رووداو و کارەساتی زۆر ناخۆش روویان لە عێراق و ناوچەکە کرد. ئەمڕۆ دۆخێکی تازەی دڵخۆشکەر لە عێراق دروستبووە، لەو باوەڕەداین ئێستا زەمینەی گفتوگۆ لەسەر هەموو کێشەکان هەیە. بۆیە گرنگە بە دڵێکی پاک و روانگە و چارەسەرێکی نيشتمانييانه دەستی پێبکەین. عێراق رووبهڕووى زۆر ئاڵنگاريی تازەی ناوخۆ و ناوچهكە دهبێتهوه، بۆیە پێویستە چیتر کێشەکان بە هەڵواسراوی نەهێڵینەوە بۆ ئەوەی بتوانین بە سەر کێشەکاندا زاڵ ببین. یەکێک لەو کێشانە، مەترسیی گۆڕانی کەشوهەوایە. عێراق یەكێکە لەو پێنج وڵاتەی کە گۆڕانی کەشوهەوا لە جیهاندا، زۆرترین کاریگەری لەسەر دەبێت، ئەمەش پێویستی بە پڕۆژەی ستراتیژی و گەورە هەیە لەلایەن حکوومەت و پەرلەمانی عێراقەوە. جارێکی دیکە پیرۆزبایی لە ڕێکخراوی بەدر و هەموو ئەندامان و لایەنگرانیان دەكەم دەکەم، داوا لە هەموو سەرکردە و لایەنە سیاسییەکان دەکەم لەم ڕەمەزانەدا بە دڵێکی پاکەوە گفتوگۆ بکەن لەپێناو چارەسەری هەموو کێشەکان و ژیانێکی باشتر بۆ هەموو گەلی عێراق كە شایستەیەتی. زۆر سوپاستان دهكهم، هيواى كاتێكى خۆشتان بۆ دهخوازم. زۆر سوپاس بۆ بانگهێشتهكهتان.
لە رۆژهەڵاتی کوردستان و چەند شارێکی ئێران ژمارەیەک خوێندکاری کچ بەهۆی ژەهراویبون رەوانەی نەخۆشخانەکان کران. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردەوە؛ ئەمڕۆ شەممە ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکارانی خوێندگەکانی (سەعدی) لە ورمێ و (بێنت ئەلهودا) لە دیواندەرە و (شاهید) و (فەدک) لە نەغەدە بەهۆی ژەهراویبونەوە رەوانەی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان کراون. هاوکات هەر ئەمڕۆ لە شارەکانی کەرەج و ئەردەبیل و ئەسفەهان ژمارەیەک خوێندکاری کچ لە چەند خوێندنگەیەکی ئەو شارانە ژەهراویبون و رەوانەی نەخۆشخانە کراون. دیاردەی ژەهراویکردنی خوێندکارانی کچ زیاتر لە سێ مانگە لە شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دوبارە دەبێتەوە و بە وتەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە 100 کەس بە تۆمەتی ژەهراویکردنی كچان دەستگیر کراون. پێشتر وەزارەتی ناوخۆی ئێران لە بەیاننامەکەدا رایگەیاندبو؛ ژمارەیەک لەو دەستگیرکراوانە بە بەکارهێنانی ماددەی کیمیایی بۆندار و بە بێ مەترسیی ئامانجیان بوە خوێندگەکان داخرێت و پڕۆسەی خوێندن راگێرێت و ژمارەیەک لەو تۆمەتبارانەش لە ژێر کاریگەریی کەشی دەرونیی زاڵ بەسەر دۆخی ئێستای وڵاتەکە تەنها بە ئامانجی سەرکێشی ئەو کارانەیان کردوە.
هاوڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكرات رەتیكردەوە، مەزڵوم كۆبانێ لە سلێمانی كرابێتە ئامانج و رایگەیاند، "ئەو هەواڵانەی باس لە ئامادەیی مەزڵوم كۆبانێ لە سلێمانی دەكەن دورن لەڕاستیەوە" هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لەڕونكردنەوەیەكدا بڵاویكردەوە، "ئەو زانیاریانەی باس لە بەئامانجگرتنی مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتی دەكەن، دورن لە راستیەوە". هەسەدە ئاماژەی بەوەشكردوە، "هەمو ئەو هەواڵانەی كە بانگەشەی ئەوە دەكەن كە فەرماندەی گشتی هێزەكانمان مەزڵوم عەبدی لە شاری سلێمانی كراوەتە ئامانج، دورن لە راستیەوە، فەرماندەی گشتی لە ئەركدایە". ئەوەشیخستۆتەڕو، "ئەو هەواڵە ساختانە بە ئامانجی ڕەشبگیری سیاسی بەرامبەر هەندێك هێز لە باشوری كوردستان ئەنجام دەدرێن". هاوکات فەرهاد شامی وتەبێژی هێزەکانى قەسەدە هەموو ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە کە باس لە بە ئامانجگرتنى مەزڵوم عەبدی فەرماندەى گشتى قەسەدە دەکات لە سلێمانى. لە ڕاگەیەنراوێکدا فەرهاد شامی دەڵێت: هەموو ئەو هەواڵانەی کە دەڵێن فەرماندەی گشتی هێزەکانمان مەزڵوم عەبدی لە سلێمانی کراوەتە ئامانج ڕاست نییە. شامی ڕاشیگەیاندوە: فەرماندەی گشتی لە ئەرکدایە ئەم هەواڵە ناڕاستانە بە ئامانجی ڕەشکردنەوەی سیاسی لە دژی هەندێک لە هێزەکانی باشووری کوردستان ئەنجام دەدرێن.
