بەهۆی زۆربونی ژمارەی لەسێدارەدان لە ئێران نەتەوەیەکگرتوەکان دژی کۆماری ئیسلامی بریارێک پەسند دەکات و رایگەیاند مەترسیی لەسێدارەدانی ئەو کەسانە هەیە کە لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر کراوەن. لە دانیشتنی ئەمڕۆ سێشەممەی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بڕیارێک دژی پێشێلکارییەکانی ئێران و زۆربونی ژمارەی لەسێدارەدان بە 23 دەنگی بەڵی پەسندکرا. لە کۆی 47 وڵاتی ئەندامی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ 16 وڵات لە وانە چین و پاکستان و کوبا و ڤێتنام دژی بڕیاکە وەستانەوە. ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاردانەوەی ئەو بڕیارە رایگەیاند؛ ئەو بڕیارە لە ژێر کاریگەریی وڵاتانی رۆژئاوا و بە مەبەستی دژایەتیی کۆماری ئیسلامی دراوە بۆیە قورسایی نابێت. بە پێی ئامارەکان لە ماوەی سێ مانگەی ئەمساڵدا لانیکەم 144 کەس لە سەرتاسەری ئێران لەسێدارەدراون و 34% سەرجەم لەسێدارەدراوانی زیندانەکانی ئێران کورد بون. لە راپۆرتی جاوید رەحمان، رێپۆرتەری نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران ئاشکرا بوە لە کاتی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی 71 کەس کوژراون کە تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمتر بوە و لە 75 رۆژی سەرەتای ساڵی 2023 لانیکەم 143 کەس لەسێدارە دراون.
هاوڵاتی سەرچاوە فەرمییەکان ئەمڕۆ سێشەممە بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاند، حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتنێکیان واژۆکرد بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی تورکیاوە. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز دەڵێت، بەرپرسێکی حکومەتی بەغدا ڕایگەیاندووە داوایەکی فەرمی نێردراوە بۆ تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆرییەکانی عێراق و تورکیاوە و "لە چەند کاتژمێری داهاتوودا دەستپێدەکاتەوە." تورکیا لە 25ی مانگی سێدا نزیکەی 450 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەرێمی ڕاگرت لە ڕێگەی بۆرییەکەوە لە ناوچەی سنووری فیش-خابوورەوە بۆ بەندەری سەیهان پاش ئەوەی عێراق دۆسیەیەکی دادوەری بردەوە لە دادگای پاریس بۆ ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم بردەوە. ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، هەرچەندە ئەو نەوتە نزیکەی 0.5٪ی دابینکردنی نەوتی جیهانی پێکدەهێنێت، بەڵام بڕیارەکە کۆمپانیا نەوتییەکانی ناوچەکەی ناچارکرد بەرهەمهێنان ڕابگرن یان بەرهەمهێنان بگوازنەوە بۆ تانکی خەزنکردنی خێرا، هەروەها یارمەتیدەر بوو بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوت لە هەفتەی ڕابردوودا بۆ نزیکەی 80 دۆلار. مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە گەشتی بۆ بەغدا کرد بۆ یەکلاکردنەوەی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ محەمەد ئەلسودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق. هاوکات سەرچاوەیەکی ئاشنا بە هەناردەی نەوتی هەرێم کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بەو ئاژانسەی گوتووە کە فەرمانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن و بەرهەمهێنان بە کۆمپانیاکانی نەوت لە ناوچەکە نەگەیشتووەتە دەستیان. هەروەها لە بارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمەوە بەغدا ڕایگەیاند تورکیا ڕێککەوتنێکی هاوبەشی پێشێلکردووە بەوەی ڕێگە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات بەبێ ڕەزامەندی ئەو نەوت هەناردەی جیهان بکات. دوو بەرپرسی عێراق بەو ئاژانسەیان گوتووە،بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە، کۆمپانیای بازاڕکردنی دەوڵەتی عێراق سۆمۆ دەسەڵاتی بازاڕکردن و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی دەبێت و داهاتەکەی لە هەژمارێکدا لە بانکی ناوەندی عێراق لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان دادەنرێن و بەغدا چاودێری هەژمارەکە دەکات. هەر ئەمڕۆش دوای واژۆکردنی ڕێکەوتننامەکە سودانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ بارزانی وتی. "پێویستە هەموو کەسێک پابەندی ئەم ڕێککەوتنە بێت و جێبەجێی بکات"، وتیشی "ڕێککەوتنەکە کاتییە هەتا یاسای بودجە لە پەرلەمان پەسەند دەکرێت و هەموو کێشەکان چارەسەر دەکات."
هاوڵاتی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە دوای واژووکردنی ڕێکەوتنامەیەک بۆدوبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم رایگەیاند، "رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ هەموو عێراق گرنگە و دوای واژووکردنی راستەوخۆ جێبەجێدەکرێت". سودانی وتیشی "لەسەر بنەمای بڕیارەکەی دادگەی پاریس، هەناردەکردنی نەوت راگیرابوو. راگرتنی هەناردەکردنی نەوت زیانی بە هەرێمی کوردستان و عێراق گەیاندووە". راشیگەیاند، "رێكەوتنەكەمان لەگەڵ بەغدا لەچوارچێوەی دەستوردایە و سودی دەبێت بۆ هەمو پێكهاتەكانی عێراق و دڵنیاشم ئەمجارە رێكەوتنەكە جێبەجێدەكرێت". باسیلەوەشکرد، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ هەموو عێراق سوودی دەبێت و راگرتنی لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێکدا نەبووە. ئەوەشی خستەڕوو: لە ئێستادا کار لەسەر ئامادەکردنی یاسای نەوت و گاز دەکەین. لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا سوودانی گوتی "ئێمە لە خەمی ئەوەداین کورتهێنان لە بودجە زیاتر نەبێت". هاوکات مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ بە سەرۆکایەتی شاندێک چووە بەغدا بەمەبەستی واژۆکردنی رێککەوتنەکە، لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییە هاوبەشەدا رایگەیاند "نییەتی ئێمە رێککەوتن بووە. بە هەوڵی بەرێز سوودانی ئەم رێککەوتنە وەک خۆی جێبەجێ دەکرێت و دەبێتە دەستپێکی هاوئاهەنگی زیاتر لەنێوان هەردوولا". وتیشی، "هیوادارم ئەم رێکەوتنە ببێتە بنەمای چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، هەروەها ببێتە هۆی پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکانی بودجە و نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق". مەسرور بارزانی ئەوەشیخستەڕو، "دوای راوەستاندنی نەوتی هەرێمی کوردستان زیان تەنها بە خەڵکی هەرێمی کوردستان نەگەیشتوە، بەڵکو زیان بە هەمو خەڵکی عێراق گەیشتوە، ئەم شێوازە نوێیەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمیش، داهاتی عێراق زیاتر دەکات و هەمومان تێیدا سودمەند دەبین". ئاماژەی بەوەشكرد، "نیازی ئێمە رێککەوتن بوە، بە هەوڵی سودانی ئەم رێککەوتنە وەک خۆی جێبەجێدەکرێت و دەبێتە دەستپێکی هاوئاهەنگی زیاتر لەنێوان هەردولا، بۆیە دڵنیام ئەمجارەیان جێبەجێدەكرێت" سەبارەت بە گرنگیی رێککەوتنەکەش جەختی کردەوە لەوەی "ئەم رێککەوتنە گرنگە بۆ هەموو خەڵکی عێراق و دەبێتە بنەمایەک بۆ بودجە و یاسای نەوت و گاز".
هاوڵاتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری ئەمڕۆ سێشەممە دەچنە بەغدا بۆ واژۆکردنی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لەلایەن كۆمپانیای سۆمۆی عێراقەوە. فەرمانگەی میدیاو زانیاری هەرێمی کوردستان سەبارەت بەكۆبونەوەكەی مەسرور بارزانی و محەمەد شیاع سودانی بڵاویكردۆتەوە: لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گفتوگۆ لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، بەتایبەتی قۆناخە کۆتاییەکانی رێککەوتنی تایبەت بە دۆسیەی نەوت و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرێت. بەگوێرەی زانیاریەكان، لەسەردانەكەیدا بۆ بەغدان مەسرور بارزانی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی كۆدەبێتەوە، پاشانیش رێكەوتنەكەی نێوان هەولێر و بەغدا لەنێوان وەزیری سامانە سروشتیەكانی هەرێم و بەڕێوەبەری كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نیشتمانی نەوتی عێراق (سۆمۆ) واژۆدەكرێت. مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە توویتێکدا گوتی "بە ڕێگاوەم بەرەو بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی قۆناغەکانی کۆتایی رێککەوتنمان سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت". بەگوێرەی رێكەوتنی هەولێر و بەغدا، لەمەودوا نەوتی هەرێمی كوردستان لەلایەن كۆمپانیای سۆمۆی عێراقەوە دەفرۆشرێت و هەژمارێكی بانكی تایبەتیش بۆ داهاتەكەی دەكرێتەوە، هەروەها كڕیارانی نەوتیش راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ بەغدا دەكەن بۆ كڕینی نەوتەكەی هەرێم.
هاوڵاتی محەمەد شەیاع سودانی بۆ کەناڵی جەزیرە: هەرێمی کوردستان کاتی خۆی بە ناچاری و دوای بڕینی بۆدجەکەی، نەوتی خۆی فرۆشت. سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شەیاع ئەلسودانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرەی قەتەری ئەو راستییەی درکاند کە هەرێمی کوردستان دوای بڕینی بۆدجەکەی لە لایەن بەغداوە لە ساڵی 2014 بە ناچاری دەستی بە فرۆشتنی نەوت کردوە. وتیشی ،هەرێم سەرباری بێ بودجەیی، تووشی شەڕی سەختی داعش بوو، و لە هەمان کاتیشدا ژمارەیەکی یەکجار زۆری ئاوارە و پەنابەر روویان لە هەرێم کرد و ئەوانیش بوونە بارگرانییەکی گەورە و هۆکاری کەمبوونەوەی خزمەتگوزاری، بۆیەش هەرێم بە ناچاری دەستی بە نەوت فرۆشتن کرد.. سودانی کە یەکەم گەورە بەرپرسی عێراقە کە ئەو راستییە دەدرکێنێ. باسی لەوەش کرد کە هەرێم بە هۆی فرۆشتنی ناچارییەوە هەندێ مەرجی ناڕەوای گرێبەستی کۆمپانیاکانی قبوڵ کردووە، هیواشی خواست بە دەرچواندنی یاسای نەوت و غاز هەموو کێشەکانی نەوت و غاز و ناکۆکییەکان لەو بارەیەوە کۆتاییان بێت. سوودانی باس لە رێککەوتنی لەسەر بودجەش دەکات و دەڵێت: "ئەم رێککەوتنەی لەسەر یاسای بودجە کراوە دەتوانێت کۆتایی بەم کێشانە بێنێت و بودجەیەکی گشتگیربێت بۆ هەموو عێراقییەکان. لە هەمان کاتیشدا خۆمان بۆ دەرچوواندنی یاسای نەوت و گاز ئامادە دەکەین." جەخت دەکاتەوە کە بەشێک لە رێککەوتنی سیاسی نێوان لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەتی فیدراڵیی عێراق چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێرە کە یەکێکیان پرسی نەوت و گازە و دەڵێت: "گەیشتووینەتە رێککەوتن و خراوەتە نێو یاسای بودجەوە، کە ئەوەش بەشێکە لە رێککەوتنە سەرەکییەکە. ماوەی شەش مانگیشمان دانابوو، هەرچەندە کەمێک دوادەکەوین، بۆ ئەوەی یاسای نەوت و گاز دەربچێت، کە پەیوەندییەکە بەشێوەیەکی تەواو رێک دەخات." محەمەد شیاع سودانی دەڵێت ئەو ئاڵنگارییەی رووبەڕووی عێراق دەبێتەوە گەندەڵییە نەک داعش، "داعش کۆتایی هات، گەندەڵی ئەو ئاڵنگارییەیە کە رووبەڕووی دەوڵەت دەبێتەوە". هەروەها "بەشێک لە گەندەڵی پارێزراوە، لەلایەن رووە سیاسی و فەرمییەکانەوە و ئەمەش ئاڵنگارییەکەیە. لە قۆناخی رابردوودا ئیرادەیەکی راستەقینە نەبووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، ئەگەرنا رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی قورس نییە". سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژە بەوەش دەکات کە عێراق پێویستی بە فەلسەفەیەکی نوێی ئابووریی هەیە و دەڵێت: "دەبێت ئابووریمان لەسەر روانین و فەلسەفەیەکی نوێ بێت، نەک روانینی دیکتاتۆریانە کە لە رژێمی پێشوودا هەبوو".
ئێران رایگەیاند موشەکبارانی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوەتە هۆی ئەوەی حکومەتی عێراق پابەندنی چەک کردن و دورخستنەوەی ئەو پارتانە بێت. محەمەد باقری، سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ دوشەممە لە وتارێکدا رایگەیاند؛ لە ئەنجامی موشەکبارانەکانی پارتەکانی نەیاری کۆماری ئیسلامی(پارتەکانی رۆژهەڵات) لە هەرێمی کوردستان حکومەتی عێراق بەڵێنی داوە ئەو پارتانە لە چەک داماڵێت و دوریانخاتەوە. بە وتەتی باقری: لە سێ مانگی پاییز-ی ساڵی رابردو هەستیارترین کات بوە بۆ کۆماری ئیسلامی بەڵام بە توانای هێزە چەکدارەکان و سوپای پاسداران بارودۆخەکە کۆنتڕۆڵ کراوەتەوە. لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان سوپای پاسدارانی ئێران لانیکەم چوار جار بە چڕی موشەکبارانی بنکە و بارەگاکانی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە هەرێم و ناوچە سنورییەکان کردوە و هاوکات بە درۆنی خۆکوژ پەلاماری ئەو بنکانەی داوە کە بەهۆیە 22 کەس کوژراون کە کەسێکیان خەڵکی شاری کۆیە بوە لە هەرێمی کوردستان. پێشتر رۆژنامەی هاوڵاتی ئاشکرای کرد کە بە فەرمی داوا لە پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێم کراوە کە چەک دابنێن و بنکە و بارەگاکانیان لە زرگوێز و کۆیە لە ژێر چاودێریی نەتەوەیەکگرتوەکاندا ببێتە کامپی کەسانی مەدەنی و بە بێ چەک. فشارەكانی ئێران بۆ دوورخستنەوەو دەركردنی پارتەكانی رۆژهەڵات لەهەرێمی كوردستان گەیشتووەتە قۆناغی جێبەجێكردن و رۆژنامەی هاوڵاتی ئاشكرای دەكات پارتەكانی رۆژهەڵات سەرجەم داواكارییەكانی ئێرانیان كە لەڕێگەی شاندێكی هەرێمەوە پێوتراوە رەتكردووەتەوە.
پەروەردەی ئێران خوێندن لە کچانی بێسەرپۆش قەدەغە دەکات و لە خوێندنگەیەکی رۆژهەڵاتی کوردستانیش ژمارەیەک خوێندکاری کچ ژەهراویکران. ئەمڕۆ دووشەممە وەزارەتی پەروەردەی ئێران لە بەیاننامەیە 16 خاڵیدا رایگەیاند؛ رێگە بەو کچانە نادرێت کە پابەندی سەرپۆش و باڵاپۆشی بە شێوازی کۆماری ئیسلامی نەبن. لە بەیاننامەکەدا هاتوە: ئەگەرچی ژمارەی ئەو کچانەی پابەندی یاسا و رێساکانی باڵاپۆش لە خوێندنگاکانی ئێراندا نابن کەمە بەڵام وەزارەتی پەروەردە هیچ خزمەتگوازرییەک بۆ ئەو کەسانە تەرخان ناکات و لە پڕۆسەی خوێندن بێبەش دەکرێن. بەیاننامەکەی وەزارەتی پەروەردەی ئێران لە کاتێکدایە تا ئێستاش ناڕەزایەتیی لەسەر سەپاندنی یاسا توندەکانی تایبەت بە سەرپۆش لەو وڵاتە بەردەوامە و لە بەرامبەریشدا دەسەڵاتی ئەو وڵاتە رێوشوێنەکانی توند کردوەتەوە و دەیان شوێنی گەشتیاریی داخراون بە بیانوی بونی کچان و ژنان بە بێ سەرپۆش. لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵات بڵاویان کردەوە رۆژی دووشەممە ژمارەیەک خوێندکاری کچ لە خوێندنگەی( 22ی بەهمەن) لە شاری نەغەدە لە پارێزگای ورمێ بەهۆی ژەهراویکردنەوە رەوانەی نەخۆشخانە کراون. نزیکەی سێ مانگە روداوی ژەهراویکردنی کچانی خوێندکار لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە و وەزارەتی ناوخۆی کۆماری ئیسلامی رایگەیاندوە زیاتر لە 100 کەسی بە تۆمەتی ژەهراویکردنی کچانی خوێندکار دەستگیر کردوە.
هاوڵاتی کۆمپانیایەکی راپرسی لە تورکیا، راپرسیەکی لەبارەی بۆچوونی هاوڵاتیان ئەنجامدا، لەبارەی وێنەیەک کە دەردەکەوێت کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی هاوپەیمانی گەلی ئۆپۆزسیۆن لەسەر بەرماڵێک لەگەڵ ژمارەیەک کەسی دیکەدا وەستاوە، زۆربەی بەشداربووانی راپرسیەکە دەڵێت، کلچدارئۆغلۆ بە بێئاگایانە لەسەر بەرماڵەکە وەستاوە. راپرسیەکە لەلایەن کۆمپانیای ئاکسۆیەوە ئەنجامدراوە و رای دەنگدەرانی چەند پارتێکی سیاسی لەم بارەیەوە وەرگرتووە و ئەنجامەکەی بەم شێوەیەی خوارەوە بووە: ئایا کلچدارئۆغلۆ بە ئەنقەست لەسەر بەرماڵەکە وێنەی گرتووە؟ لایەنگرانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە): بەڵێ ٥٥.٨٪، نە ٤٤.٢٪ لایەنگرانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە): بەڵێ ٤.٨٪، نە ٩٥.٢٪ لایەنگرانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە): نە ١٠٠٪ لایەنگرانی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە): بەڵێ ٥٤.٩٪، نە ٤٥.١٪ لایەنگرانی پارتی باش: بەڵێ ٩.٨٪، نە ٩٠.٢٪
هاوڵاتی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەستی پێکرد و بڕیارە ئەمشەو خوێندنەوەی یاسای بۆ پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بکرێت. ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمشەو تایبەت بە خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە کۆدەبێتەوە و بەگوێرەی رەشنوسی پرۆژەیاساکەش، لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران، سنوری ئیداری پارێزگاکە دیاریدەکرێت. پرۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە لە چوار ماددە پێکدێت و دەبێتە 19ەمین پارێزگای عێراق و پاش کۆبونەوەکەی ئەمشەوی ئەنجومەنی نوێنەران و پەسەندکردنی لە کۆبونەوەکانی داهاتودا، لە وەقایعی فەرمی بڵاودەکرێتەوە و بەفەرمی رادەگەیەندرێت بەگوێرەی پرۆژەیاساکە، لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمەوە سنوری ئیداری و قەزاو ناحیەکانی هەڵەبجە دیاریدەکرێت، لەماددەی سێیەمیشدا هاتوە، لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکان پێویستە ناوەڕۆکی یاساکە وەکو خۆی جێبەجێبکەن. لەکۆبونەوەی 13ی مانگی رابردو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رێکارە کارگێڕییەکانی بۆ بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەشی پەسەندکرد و وەک 19هەمین پارێزگای عێراق ناساندی و پاشانیش پرۆژەکەی رەوانەی پەرلەمانی عێراق کرد.
ناوەندێکی مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکرای دەکات رێژەی لەسێدارەدانی بەندکراوانی کورد نزیکەی سێ هێندە زیادی کردوە و لە سێ مانگدا نزیکەی 50 کەس لەسێدارە دراون کە سێ کەسیان بەندکراوی سیاسیی بون. ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە؛ لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 48 بەندکراوی کورد لە زیندانەکانی ئێران لەسێدارەدراون کە بەراورد بە ساڵی رابردو رێژەی لەسێدارەدانی بەندکراوانی کورد 270% زیادی کردوە. ناوەندەکە ئاماژەی بەوە کردوە لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا لانیکەم 141 کەس لە سەرتاسەری ئێران لەسێدارەدراون و 34% سەرجەم لەسێدارەدراوانی زیندانەکانی ئێران کورد بون. بە پێی ئامارەکان لە سێ مانگی ساڵی رابردو 13 کورد لە ئێران لەسێدراەدراون بۆیە رێژەی لەسێدارەدانی بەندکراوانی کورد لە سێ مانگی ئەمساڵدا 270% واتە نزیکەی سێ هێندە بەرزبوەتەوە. هەنگاو ناوی سێ بەندکراوی سیاسیی بڵاو کردوەتەوە کە لەو سێ مانگەدا لە زیندانەکانی کەرەج و کرماشان و ورمێ لەسێدارەدراون. لە زیندانی ورمێ 19 بەندکراوی کورد لەسێدارە دراون و لە زیندانی سنە سێ بەندکراو و لە زیندانی ئیلام دوو بەندکراو و لە کەرەج و بەندەرعەباس و ئەراک و چەند شارێکی دیکە 16 بەندکراوی کورد لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا لەسێدارە دراوە.
هاوڵاتی زۆزان سەڤەن کچێکی کورد و مامۆستای خەڵکی پارێزگای جۆلەمێرگی باکوری کوردستان کە باوکی بەرپرسە لەنێو پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار، داواکاری بۆ کاندیدی پەرلەمان پێشکەش بە پارتی چەپی سەوز کرد کە هەدەپە لەو رێگەیەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکات و رایگەیاند، لەم رێگەیەوە دەست بە تێکۆشان بۆ ئازادی دەکەم." زۆزان سەڤەن وتی، " هەرچەندە باوکم داوای لێکردووم کە داواکاریەکەم بۆ کاندیدبوون لەسەر لیستی پارتی چەپی سەوز بکشێنمەوە، بەڵام ئەمە هەڵوێست و بیروبۆچوونی خۆمە و دەست لەم تێکۆشانە هەڵناگرن." محەمەد سەڤەن باوکی زۆزان سەڤەن کە لەنێو رێکخستنەکانی ئاکەپەدا لە جۆلەمیرگ چالاکە لەبارەی کاندیدبوونی کچەکەی لەسەر لیستی پارتی چەپی سەوز راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. محەمەد سەڤەن دەڵێت، " کچەکەم بێ ئەوەی ئێمە ئاگادار بکاتەوە، ئەم بڕیارەی داوە. ڕای کچەکەمە. هیچ پەیوەندیەکی بە خانەوادەکەمانەوە نییە. ٢٠ ساڵە لەنێو ئاکەپەدا سیاسەت دەکەم. کچەکەم لە جۆلەمێرگ ناژی. ئەم هەنگاوەی منی زۆر نیگەران کردووە." زۆزان سەڤەن هەروەها لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا لەبەرامبەر قسەکانی باوکی نووسیویەتی، " خەڵک پێم دەڵێن ئایا داواکاریەکەت بۆ کاندیدبوون دەکشێنیتەوە یان نا؟ پێویستە بوو روونکردنەوە بدەم. بۆیەش لێرەوە رایدەگەیەنم، راستە پشتگیری باوکم گرنگ بوو بۆ من، بەڵام بەداخەوە کە لەدژی منە، بەڵام ئەمە نابێتە هۆکار کە لە تێکۆشانم بۆ ئازادی بکشێمەوە." لەلایەکی دیکەوە، پارتی چەپی سەوز لە تویتەکەیدا نووسیویەتی، " زۆزان خان، بەخێر بێیت، رێگەیەکی دروستت هەڵبژاردووە."
هێزەكانی پاراستنی گەل-هەپەگە، ناسنامەی پێنج گەریلای بڵاوكردەوە، كە ساڵی ٢٠١٧ لە هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا شەهید بوون. ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل- هەپەگە، لە ڕاگەیەندراوێكدا ناسنامەی پێنج شەهیدی بڵاوكردەوە، كە ساڵی ٢٠١٧ لە هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا شەهید بوون. لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، گەلی کورد لە ڕێگەی ڕۆڵە بەنرخ و شکۆدارەکانی بۆ ئازادی بە هەموو شێوەیەک تێدەکۆشێت و هەبوونی خۆی دەپارێزێت و گەلی کورد بە ڕێپێوان و بەرخۆدانی فیدایی ڕۆڵەکانی هەنگاو بە هەنگاو ئازادی خۆی بەدەست دەهێنێت و بۆ پاراستنی هەبوونی گەلەکەمان لە قڕکردن، بۆ ئەوەی ڕێگری لە هێرشی دوژمن بکات گەلەکەمان پێویستی بە تێکۆشانی گەورە هەیە. ئاماژەبەوەشکراوە، لەم دۆزەی ئازادیدا ڕۆڵە جوانەکان، شکۆدار و قاڕەمانەکانی گەلەکەمان بێ دوودڵی تێدەکۆشن و بەرەو شەهیدبوون ڕێدەکەن و هەر قارەمانێکمان تێکۆشان گەورەتر دەکات، باوەڕمان زیاتر دەکات و زیاتر نزیکی سەرکەوتنمان دەکاتەوە. دەشڵێن، لە ساڵی ٢٠١٧دا، کە یەکێک لە ساڵە هەرە سەختەکانی مێژووی تێکۆشانمان بوو، قارەمانەکانمان، کە هێرشەکانی دوژمنیان بێوەستان پووچەڵ کردەوە، هیوای ئازادیمانیان زیندوو کردەوە و بە فیداکاری بەرخۆدانیان کرد، تێکۆشانی ئێمەیان تاوەکو ئەمڕۆ هێنا. ئەوەشخراوەتەڕوو، هاوڕێکانمان دەروێش، ئازاد، ئوزگور، سیدار و خەلیل لە ساڵی ٢٠١٧دا وەک شەهیدانی خۆپاراستنی ئاپۆیی، کە پێشەنگایەتیان بۆ بەرخۆدان کرد، بە قارەمانێتی بەرخۆدانیان کرد و شەهید بوون. لە کۆتاى ڕاگەیەندراوەکەدا باسلەوەکراوە، ئێمە بە ڕێز و خۆشەویستیەوە یادی ئەو هەڤاڵە بەنرخانە دەکەینەوە و بەڵێنی خۆمان لە بەرامبەر یادەوەرى و ئامانجیان دووبارە دەکەینەوە و سەرەخۆشی لە خانەوادە وڵاتپارێزەکانیان و گەموو گەلی کوردستان دەکەین. هەپەگە زانیاری لەبارەی ناسنامەی ئەو شەهیدانە بەم جۆرە بڵاوكردەوە: ناسناو: دەروێش تەتۆیی ناو و پاشناو: دۆغوکان بۆزدەمیر شوێنی لەدایکبوون: وان دایک و باوک: حەنیفە و موخلیس کات و شوێنی شەهیدبوون: لە ساڵى ٢٠١٧ لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا شەهیدبووە. ناسناو: ئازاد گەڤەر ناو و پاشناو: عەزیز تاتلی شوێنی لەدایکبوون: روحا دایک و باوک: سدیقا و عیزەت کات و شوێنی شەهیدبوون: لە ساڵى ٢٠١٧ لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا شەهیدبووە. ناسناو: ئوزگور جیلۆ ناو و پاشناو: ئیلهان ئاکدۆغان شوێنی لەدایکبوون: جۆلەمێرگ دایک و باوک: زەینەب و خالید کات و شوێنی شەهیدبوون: لە ساڵى ٢٠١٧ لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا شەهیدبووە. ناسناو: سیدار بۆتان ناو و پاشناو: رەجەب ئەسین شوێنی لەدایکبوون: وان دایک و باوک: هەردەمجان و سەلمان کات و شوێنی شەهیدبوون: لە ساڵى ٢٠١٧ لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا شەهیدبووە. ناسناو: خەلیل داغ ناو و پاشناو: محەمەد ئەمین داکمان شوێنی لەدایکبوون: ئامەد دایک و باوک: بەسرا و ئەسەد کات و شوێنی شەهیدبوون: لە ساڵى ٢٠١٧ لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا شەهیدبووە.
بەرپرسێکی ئێران لە بەغداد رایگەیاند؛ کۆماری ئیسلامی ئێران پلانی هێرشکردن بۆسەر هەرێمی کوردستانی نەبوە ئەوە بانگەشەیەکە دژی ئێران کراوە. محەمەدکازم ئال سادق، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (ئەلئەخباریە) رایگەیاندوە؛ بەرپرسانی بەغداد و تاران رێککەوتنی ئەمنیی و ئاسایشییان واژۆ کردوە و پێشتر هیچ پلانێک نەبوە کە ئێران لە رێگەی وشکانییەوە هێرش بکاتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان. بە وتەی ئەو: هێرشەکانی رابردوە بۆسەر بنکە و بارەگاکانی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێم مافی کۆماری ئیسلامی بوە بۆ پاراستن و بەرگریی لە خۆی. ئال سادق وتویەتی: ئەوان هیوایان وایە بە رێککەوتنی ئەمنی و ئاساییشیی ئەم دواییانەی نێوان بەغداد و تاران پارتە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی هێرشەکانیان بۆ سەر خاکی ئێران کۆنتڕۆڵ بکرێت. لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ، سوپای پاسداران لانیکەم چوار جار بە درۆنی خۆکوژ و موشەک و تۆپخانەکانی بنکەکانی پارتەکانی رۆژهەڵاتی لە هەڵگورد و برادۆست و بارەگاکانی ئەو پارتانە لە کۆیە و زرگوێز-ی کردوەتەوە ئامانج و بەهۆیەوە 21 کەس کوژران و نزیکەی 90 کەسیش برینداربون. باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی جەختی لەوە کردوەتەوە: کە ناڕەزایەتییەکان و خۆپیشاندانەکانی دوای مەرگی ژینا لە ژێر کاریگەریی ژمارەیەک نەیاری کورد لە هەولێرەوە بوە و کۆماری ئیسلامی توانیویەتی هەوڵەکانی گروپێک لەو کەسانە هەڵوەشێنێتەوە کە لە هەولێر ئامادەکارییەکانیان کردوە. ئەو بەرپرسە وتوشیەتی: ئەمریکا خاکی هەرێمی کوردستان بەکار دەهێنێت و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەو وڵاتە کاری هەواڵگریی لە سنورەکانی هەرێم و خاکی عێراقەوە دژی کۆماری ئیسلامی دەکەن و تا ئێستا 18 نوسراوی ناڕەزایەتیی لە لایەن ئێرانەوە رادەستی وەزارەتی دەرەوەی عێراق کراوە. محەمەدکازم ئال سادق باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران ئاماژە بەوە کردوە کە بڕیارە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات چونکە پەیوەندیی مێژویی لە نێوان ئەوان و کورد و هەرێمی کوردستان هەیە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی وێڕای جەختکردنەوە لە پاراستی ماف و ئازادییەکان و برەودان بە کولتووری پێکەوەژیان، هاوکات دڵنیایی دایە سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان كه ههرێمى كوردستان وەک هەمیشە به نيشتمانى ههمووان دهمێنێتهوه. ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی نێچیرڤان بارزانی بڵاوکردەوە کە بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی بابلی و جەژنی ئەکیتۆی پێکهاتەی کلدانی، سریانی و ئاشووری بڵاوی کردووەتەوە. لە پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "سەری ساڵی نويێ بابلیى ئاشووری و جهژنى ئەکیتۆ، به گهرمى لە خوشک و برایانی کلدانی، ئاشوورى و سریانی لە ههرێمى كوردستان و عێراق و له ههر كوێى جیهان بن پیرۆز دەكهم. هيواى سهركهوتن و جهژن و پشوويهكى شاد و ئاراميان بۆ دهخوازم". نێچیرڤان بارزانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا جەختی لە پاراستی ماف و ئازادییەکان و برەودان بە کولتووری پێکەوەژیان کردووەتەوە و رایگەیاندووە، "لهم يادهدا داكۆكى له پاراستنى يهكسانى و ماف و ئازادييهكان و برهودان به كولتوورى پێكهوهژيان و يهكترقبووڵكردن و لێبوردهيى لهنێو ههموو پێكهاته ئايينى و نهتهوهيييهكانى كوردستاندا دهكهين". سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هاوکات دڵنیایی داوەتە کریستیان و سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی دیکە كه ههرێمى كوردستان وەک هەمیشە به نيشتمانى ههمووان دهمێنێتهوه.
هاوڵاتی لە پارێزگای خارپێتی باکووری کوردستان پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ کەسێک دوای کوشتنی پێنج ئەندامی خێزانەکەی، خۆیشی کوشت. بەگوێرەی زانیارییەکانی کە میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردۆتەوە ،ئەمڕۆ هاوڵاتییەک لە باکوری کوردستان بەهۆی دروستبەنی دەمەقاڵێ لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی دایک و باوک و خوشک و براکانی دەکوژێت و خۆشی دەکوژێت. ئەوەشبڵاوکراوەتەوە کە ئەو هاوڵاتییە ناوی حوسێن فورات بووە و قەرزی زۆری قوماری بەسەردا کەڵەکەبووە و داوای لە باوکی کردووە هاوکاری بکات بۆ دانەوەی قەرزەکانی، بەڵام بەهۆی ئەوەی باوکی رەتیکردووە و پارەی پێنەداوە، دەمەقاڵی لەنێوانیاندا روویداوە و لە ماڵدەرکراوە. دواتر حوسێن بە چەکی کلاشینکۆف گەڕاوەتەوە ماڵەوە و تەقەی لە تەواوی ئەندامانی خێزانەکەی کردووە و هەموویانی کوشتووە و هەر لەوێش بەگوللـەیەک خۆی کوشتووە. هاوکات دوای ئاگادارکردنەوەی پۆلیس لەلایەن دراوسێکانییەوە، لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە و تەرمی هەر شەش کەسەکە رەوانەی نەخۆشخانەی فێرکاری زانکۆی فورات کراوە.
