بەگوێرەی راپۆرتێکی NBCـی ئەمریکی, نەتانیاهۆ بەنیاز ترەمپ لەپلانی هێرشکردنە سەر سەکۆ مووشەکییەکانی ئێران ئاگادار بکاتەوە و پلانەکە هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیلیش لەخۆدەگرێت. راپۆرتەکە دەڵێت: نەتانیاهۆ نۆژەنکردنەوەی سەکۆ مووشەکییەکان لەلایەن ئێرانەوە بە مەترسیی بۆ سەر ئیسرائیل ناودەبات و دەڵێت: پێویستە دەستبەجێ کاردانەوەمان هەبێت. بەرپرسانی ئیسرائیل نیگەرانیی قووڵی خۆیان نیشان دەدەن لەوەی ئێران خەریکی فراوانکردنی بەرنامە مووشەکییەکەیەتی و هەوڵی چاککردنەوەی سیستەمە بەرگرییەکانی دەدات، بۆ ئەو مەبەستەش خۆیان ئامادە دەکەن بژاردەی هێرشکردنە سەر ئەو وڵاتە بخەنە بەردەم دۆناڵد ترەمپ. شەممە 20ـی کانوونی یەکەمی 2025، تۆڕی هەواڵی ئەی بی سی نیووزی ئەمەریکی لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکەی ئاشکرای کردووە؛ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەوڵی قایلکردنی سەرۆکی ئەمەریکا دەدات بۆ دەستپێکردنەوەی گەڕێکی نوێی هێرش هاوبەش بۆ سەر ئێران. بەگوێرەی ئەی بی سی نیووز، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل نیگەرانە لەوەی تاران خەریکی بنیاتنانەوەی ئەو بنکە ئەتۆمییانەیە کە لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوو لەلایەن ئەمریکاوە بۆردوومان کران، بەڵام لە ئێستادا ترسی سەرەکیی تەلئەڤیڤ بریتییە لە هەوڵەکانی ئێران بۆ چاککردنەوەی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و زیادکردنی بەرهەمهێنانی مووشەکە بالیستییەکان. بڕیارە لە 29ـی ئەم مانگە، ناتانیاهۆ، لە پەراوێزی کۆبوونەوەیەکدا لە فلۆریدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، کۆببێتەوە. ئامانجی سەرەکیی ئەوەیە ترەمپ تێبگەیەنێت کە فراوانبوونی بەرنامە مووشەکییەکەی ئێران پێویستی بە وەڵامی خێرا هەیە. بەپێی زانیارییەکان، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە نیازە چەند بژاردەیەک بخاتە بەردەم سەرۆکی ئەمەریکا، کە خۆی دەبینێتەوە لە بەشداریکردنی ئەمەریکا لە هێرشێکی نوێدا یان پشتیوانیکردن لە ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل. پێشتر دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندبوو لە هێرشەکانی پێشوودا توانای ئەتۆمیی ئێرانیان بە تەواوی لەناوبردووە، بەڵام زانیارییە هەواڵگرییەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئەگەر ڕێگری لە ئێران نەکرێت، توانای بەرهەمهێنانی مووشەکە بالیستییەکانی دەگاتە 3000 مووشەک لە مانگێکدا، ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا.

 

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە میسر و بڕیارە لەو سەردانەدا لەگەڵ عەبدولفەتتاح ئەلسیسی، سەرۆک کۆماری میسر و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی میسری کۆ دەبێتەوە. ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 12/20 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی، گەیشتە قاهیرەی پایتەختی میسر و لەلای ئەحمەد فوئاد هنو وەزیری ڕۆشنبیریی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی میسری پێشوازی لێکرا. بەپێی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکوومەت لە سەردانەکەیدا، لەگەڵ سەرۆک کۆماری میسر عەبدولفەتتاح ئەلسیسی و بەرپرسانی باڵای دیکە، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و میسر و دوایین گۆڕانکارییەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە دەکات .  

مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە هەولێر وەڵامی قسەکانی میران بەکری دایەوە و دەڵێت، لە ژێر کاریگەری ماددە کحولییەکان هاتۆتە لای مەکتەبی سیاسی و سوکایەتی بە ئومبیلێک کردووە، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە. ڕاگەیاندنی بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان – هەولێر، لەبارەی ڕووداوەکەی کارمەندی وەزارەتی پێشمەرگە، میران بەکر ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ناوبراو لەژێر کاریگەریی ماددە کحولییەکاندا سوکایەتیی بە پاسەوانانی بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کردووە و لە دوای ڕوونبوونەوەی ناسنامەی ناوبراو داوای لێبوردنی لە هێزەکان، بە ڕێزەوە بارەگای مەکتەبی سیاسیی بەجێهێشتووە. لە ڕوونکردنەوەکەی ڕاگەیاندنی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دا هاتووە، میران بەکر کاتژمێر 12:30 ی شەو چووەتە کۆڵانی مەکتەبی سیاسیی و لە ژێر کاریگەریی ماددە کحولییەکاندا، سوکایەتیی بە پاسەوانانی مەکتەبی سیاسیی کردووە. بەگوێرەی ڕوونکردنەوەکە، لەلایەن مەفرەزەی مەکتەب سیاسییەوە ناوبراو براوەتە ژووری ئەفسەری بەرپرس و لە دوای دڵنیابوونەوە لە ناسنامەکەی و داوای لێبوردنکردنی، بەرێزەوە بارەگای مەکتەب سیاسیی بەجێهێشتووە. لە بەشی کۆتایی ڕوونکردنەوەکەدا باسی ئەوەکراوە، جگە لەوەی بەشکێک لە خەڵکی گەڕەکەکە شاهیدی ڕووەداوەکەن،   بەڵگەی ڤیدیۆیی ڕووداوەکەش لەلایان پارێزراوە و هەموو بەڵگەکەکان دەدەنە دەست لیژنەی لێکۆڵینەوە و بەپێی یاسای سەربازی رێککاری پێویست ئەنجام دەدرێت.

بەپێى هەواڵى میدیاکانى یەکێتى، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق لە بەغداد کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا کە نزار ئامێدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و د. خالید شوانی، وەزیری دادی عیراق بەشداربوون، جەخت لە یەکخستنی هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز کرایەوە کە دیدگاکەی خزمەتکردنی خەڵک و بەهێزکردنی پایەکانی دەوڵەتداری بێت. بافڵ جەلال تاڵەبانی داوای لە محەمەد شیاع سودانی کرد لە ناردنی موچە پەلە بکرێت و مافی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بپارێزرێت. لای خۆیەوە، سەرۆک وەزیرانی عیراق پابەندبوونی بە رێککەوتنەکان دووپاتکردەوە و وتی، جەخت لە پاراستنی مافی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکەینەوە.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی رایگەیاند، چاوەڕێن سبەی وەزارەتی دارایی عێراق بە فەرمی داوای 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی بکات و ئەوکات ئەوانیش راستەوخۆ پارەکە دەخەنە سەر هەژماریان. رۆژی شەممە، 20ی کانوونی یەکەمی 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە رووداوی وتووە، ئەگەر سبەی بە فەرمی داوای داهاتی نانەوتی بکرێت، "راستەوخۆ 120 ملیار دینار دەخەینە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی فیدراڵ." بە گوتەی سەرچاوەکە: "ئەگەر سبەی دوای ئاگادارکردنەوەمان رێکارەکان تەواو بوون، ناردنی پارەکە دەکەوێتە هەمان رۆژ، ئەگەرنا رۆژی دووشەممە بە دڵنیاییەوە دەینێرین." ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی گوتی: "بە ئەگەری زۆرەوە لەم یەک دوو رۆژە ئاگادار دەکرێینەوە و داهاتی نانەوتی دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی عێراق و مووچەی مانگی 10 دەنێردرێت و دواتر راستەوخۆ دابەش دەکرێت." 16ـی ئەم مانگە لیستی مووچەی مانگی 12 بۆ بەغدا نێردرا و رۆژی 7-12-2025یش لیستی مووچەی مانگی 11 رادەستی بەغدا کرا؛ رۆژی 25-11-2025یش لیستی مووچەی مانگی 10 رادەستی بەغدا کرا. 29ی تشرینی دووەمی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی بڵاوکردەوە و رۆژی دواتر و لە سێ رۆژدا مووچەکەی دابەش کرد.

عەتا محەمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی بوژانەوەی چەمچەماڵ ڕایدەگەیەنێت  تاوەکو ئێستا زیاتر لە 11 ملیار دینار بۆ قەرەبووی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ کۆکراوەتەوە. کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بووژانەوەی چەمچەماڵ، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، میکانیزمی دابەشکردنی هاوکارییەکان بەسەر زیانلێکەوتووانی کارەساتەکەی چەمچەماڵدا ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، لە ڕۆژی دووشەممەوە دەست بە قەرەبووکردنەوەی هاوڵاتیان دەکرێت. ئەحمەد ئەنوەر، کە وەک سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی هاوکارییەکان دیاریکراوە، ڕایگەیاند: "ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە قەرەبووی ئەو خێزانانە دەکرێتەوە کە ماڵەکانیان زیانیان بەرکەوتووە." ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆسەکە بە سێ هەنگاو بەڕێوەدەچێت و هیوای خواست ئەو پارەیەی کۆکراوەتەوە بتوانێت ئەرکی سەرشانی زیانلێکەوتووان کەم بکاتەوە. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەحمەد ئەنوەر، ئاشکرایکرد، "بەڕێز قوباد تاڵەبانی بڕیاریداوە ئەوانەی لە ڕووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە، یەکەی نیشتەجێبوونیان بۆ دابینبکرێت."هەروەها جەختی کردەوە، ئەو هەژمارە بانکییەی بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری دانراوە، دانەخرێت. لەلایەن خۆیەوە، عەتا محەممەد، ئەندامی لیژنەکە، ڕایگەیاند: "هاوکارییەکانی عێراق هێشتا نەگەیشتوونەتە دەستمان و چەند ڕێکارێک ماون تەواو بکرێن." ناوبراو دڵنیایی دایە هاونیشتمانییان و وتی: "سەرجەم ڕێکارەکانی دابەشکردنی هاوکارییەکان بە وردبینی و بە چاودێریی لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەنجام دەدرێن."

جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ دەڵێ، رێککەوتنی نەوتی نێوان هەولێر و بەغدا هیچ کێشەیەکی نییە و نوێ دەکرێتەوە. د. حەمدی شنگالی، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) ئەمڕۆ شەممە 20-12-2025  لەبارەی رێککەوتنی نەوتی نێوان هەولێر و بەغدا و کۆتاییهاتنی کاتەکەی لە کۆتایی ئەم مانگەدا رایگەیاند: "رێککەوتنەکە نوێ دەکرێتەوە و هیچ کێشەیەکی تێدانییە. نەوتی هەرێمی کوردستان هەر وەک خۆی دەڕوات. ئێستا هەناردەکردن رۆژانە  200 هەزار بەرمیلی تێپەڕاندووە  و پشتیوان بەخوا بڕی هەناردەکراو زیاتریش دەبێت". د. حەمدی شنگالی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە رۆژی 13-10-2025  بڵاوکرایەوە لەبارەی ماوەی رێککەوتنەکە گوتی: "رێککەوتنەکە بۆ سێ مانگ دیاریکراوە و لە 31ی کانوونی یەکەم کۆتایی دێت، بەڵام بەپێی یاسای بودجە و بۆ دڵنیابوونەوە لە بەردەوامی، دواتر نوێ دەکرێتەوە تاوەکو کێشەکان بە تەواوی چارەسەر دەبن." حەمدی شنگالی ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا نەوتی هەرێمی کوردستان لە پێشابوور رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق دەکرێ، ئەوانیش لە رێگەی بۆرییەوە نەوتەکە دەگەیێننە بەندەری جیهان.  کۆمپانیای سۆمۆ نەوتەکە دەداتە ئەو کۆمپانیایانەی گرێبەستیان لەگەڵ کراوە و زۆربەی بۆ وڵاتانی ئەورووپا هەناردە دەکەن، چونکە بەهۆی نزیکیی شوێنی جوگرافییەوە، تێچووی گواستنەوە کەمترە و نەوتەکە بە خێرایی دەگاتە دەست کڕیار. جێگری بەڕێوەبەری سۆمۆ گوتی، دوای گفتوگۆیەکی زۆر و هەوڵێکی زۆری حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆمپانیاکانی نەوت رازی بوون بە رێککەوتنەکە و سەرجەم داواکارییەکانیان جێبەجێ کراوە. حەمدی شنگالی ئاماژەی بەوەدا، گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان جیاوازن لە گرێبەستەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق، چونکە لە گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستاندا کۆمپانیا خۆی پارە خەرج دەکات بۆ گەڕان و بەرهەمهێنان و دواتر قازانجی خۆی وەردەگرێ، بەڵام لە باشووری عێراق حکومەت پارە خەرج دەکات؛ گوتیشی: "تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بەرزترە، چونکە ناوچەکە شاخاوییە و کێڵگەکان دژوارترن. بۆیە ئەو 16 دۆلارەی بۆ هەر بەرمیلێک دیاریکراوە، بۆ دابینکردنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەیە."

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئاشکرای دەکات، لە ئەنجامی هێرشە چڕەکەی شەوی ڕابردووی هێزەکانی ئەمریکا بۆ سەر پێگەکانی داعش لە سووریا، ژمارەیەک چەکدار کوژراون کە سەرکردەیەکیان تێدایە. ڕامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، لە بۆردوومانەکانی ئەمریکادا لە پارێزگای دێرەزوور، لانی کەم پێنج چەکداری داعش کوژراون. ئاماژەی بەوەش داوە کە یەکێک لە کوژراوەکان سەرکردەی شانەیەک بووە و "بەرپرسی درۆن" بووە لە ناوچەکە. سەرچاوەیەکی ئاسایشی سووریا ڕوونی کردووەتەوە، هێرشەکان ئاسمانی بوون و ئۆپەراسیۆنی زەمینی تێدا نەبووە. ناوچە بەئامانجکراوەکان بریتی بوون لە بیابانی "بەدیعیە" لە پارێزگاکانی (حومس، دێرەزوور و ڕەقە). زۆربەی ئامانجەکان لە ناوچەیەکی شاخاوی لە باکووری تەدموور بوون کە بەرەو دێرەزوور درێژ دەبنەوە. ئەم هێرشە لە چوارچێوەی "ئۆپەراسیۆنی چاوی هەڵۆ"دایە کە ڕۆژی هەینی دەستیپێکرد. بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە تۆڵەی کوژرانی دوو سەرباز و وەرگێڕێکی ئەمریکی لە هەفتەی ڕابردوودا، 70 پێگەی داعش لە سووریا کراونەتە ئامانج. لەبارەى بکەری ئەو هێرشەی لە تەدموور هێزەکانی ئەمریکای کردە ئامانج، دوو گێڕانەوەی جیاواز هەیە: واشنتن: جەخت دەکاتەوە کە هێرشەکە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ئەنجامدراوە. دیمەشق: حکومەتی سووریا دەڵێت هێرشەکە لەلایەن سەربازێکی سوپای سووریاوە کراوە کە "بیری توندڕەویی هەبووە" و بەنیازبوون لە ڕیزەکانی سوپا دووری بخەنەوە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە)، ڕاگەیەندراوێکی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە و تێیدا ناسنامەی چوار شەڕڤانی ئاشکرا کرد، دووپاتی کردەوە کە هێزەکانیان بەردەوام دەبن لە تێکۆشان تا بەدیهێنانی خەونەکانیان. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "هەڤاڵی شەهیدمان 'شوکری حامی بەشار'، بەردەوام دەستپێوەگری بەها نیشتمانی و شۆڕشگێڕییەکانی بووە و ئەمەی بۆ ئەندامانی بنەماڵەکەشی گواستەوە، بەجۆرێک کە چەندین ڕۆڵەی لە ڕێڕەوی شۆڕشگێڕیماندا شەهید بوون، یەکێکی تریان لە یەکێک لە شەڕەکاندا بریندار بوو و بووە برینداری جەنگ، و ژمارەیەکی تریشیان هێشتا بەوپەڕی دڵسۆزییەوە لە ناو ڕیزەکانی هێزەکانماندا بەردەوامن لە کارەکانیان. هەروەها هەڤاڵمان 'ئەبو حەجی/ محەمەد حەنان بیلال'، ئەویش باوکی چەندین شۆڕشگێڕە کە لە سەرەتای شۆڕشەوە چوونەتە ناو ڕیزەکانەوە. ئەو ڕۆحیەتە نیشتمانییەی لە ناو خێزانەکەیدا چاندبووی بووە نموونە بۆ هەموو ئەوانەی دەیناسن. سەرەڕای تەمەنە گەورەکەی، لە هەڵمەتی ڕزگارکردنی ناوچەکانی شەهبا لە ساڵی ٢٠١٦دا بەشداری کرد و بە ئازایەتییەوە ڕووبەڕووی چەتەکان بووەوە، لە کاتێکدا خۆی و کوڕەکانی پێکەوە لەو هەڵمەتەدا بەشداربوون و هەمیشە سەرچاوەی ورە و ئیلهام بوو بۆیان. هەروەها هەڤاڵمان 'عەلی / حوسێن عەلی حوسێن'، لە سەرەتای دامەزراندنی هێزەکانمانەوە پەیوەندی پێوە کرد و لێهاتوویی خۆی لە کار و خەبات بۆ بەدەستهێنانی ئەزموونی سەربازی سەلماند. ئەو ڕاستگۆ بوو لەگەڵ ئەو پرەنسیپانەی باوەڕی پێیان هەبوو بۆ ڕزگارکردنی ناوچەکانمان لە تیرۆر و داگیرکاری. هەروەها هەڤاڵمان 'عەگید تۆڵهەڵدان'، هەرچەندە بەم دواییانە پەیوەندی بە هێزەکانمانەوە کردبوو، بەڵام بەرگرییەکی گەورەی لە بەنداوی تشرین کرد و لە هێزی دوژمن و چەتەکان نەترسا، بەڵکو هێزی خۆی لە باوەڕبوونی بە دۆزە ڕەواکەی وەردەگرت. ئەزموونێکی فراوانی لە کاتی کارکردنی لە ناو هێزەکانی پاراستن لە چەندین شاردا هەبوو و لە تاکتیکەکانی شەڕی ناو شاردا شارەزا بوو. ئەوەی باوەڕی ئەوی بە شۆڕش قووڵتر کردەوە، کاریگەریی براکانی و خزمەکانی بوو کە لە ناو ڕیزەکانی شۆڕشدابوون". لە کۆتاییدا قەسەدە سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی هەر چوار شەهیدەکە هەموو بنەماڵەی شەهیدان کردووە و بەڵێنی دووپاتکردۆتەوە کە تێکۆشان بەردەوام بێت تا بەدیهێنانی ئامانجەکانیان و پاراستنی دەستکەوتەکانیان.

رائید سەربەرز عومەر، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لەسەر روداوەکەی دوێنێ پێنج کەس دەستگیرکراون. وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان روونیکردەوە، لەو پێنج کەسە؛ سێ کەسیان لەلایەن هێزەکانەوە دەستگیرکراون و دوو کەسەکەی دیکەشیان خۆیان رادەست کردووە. جێگەی ئاماژە پێدانە، دوێنێ بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى گەرمیان لەڕاگەیێنراوێکدا لەبارەى روداوەکەوە رایگەیاند، لەسەر کێشەى زەوى و زار دوو بنەماڵە بووەتە شەڕیان و چوار کەس لەلایەک کوژراون و یەکێکی دیکەیان برینداربووە و شەش کەسى دیکەش لە بنەماڵەى بەرامبەر برینداربوون.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتووی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات پلەکانی گەرما لە ئاستێکی جێگیردا دەمێننەوە. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی کەشناسی، پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ شەممە، 20-12-2025، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور بێت و خێرایی با لەسەرخۆ دەبێت، ئاراستەکەشی بەرەو باکووری خۆرهەڵاتە، سەبارەت بە پلەکانی گەرما، پێشبینی دەکرێت نزیکبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ. کەشناسی ئاماژەی بەوەش کردووە، پێشبینی دەکرێت کەشی سبەی یەکشەممە، 21-12-2025، سەرەتا ئاسمان ساماڵ و نیمچەهەور دەبێت، بەڵام لە کاتەکانی ئێوارەدا دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو، هەروەها پلەکانی گەرماش نزیک دەبنەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ بە پلەی سیلیزی هەولێر : 17 پلەی سیلیزی سلێمانی : 14 پلەی سیلیزی دهۆک : 16 پلەی سیلیزی زاخۆ : 17 پلەی سیلیزی کەرکوک : 17 پلەی سیلیزی  هەڵەبجە : 16 پلەی سیلیزی گەرمیان : 18 پلەی سیلیزی

 میران بەکر کە کادری یەکێتییە و بەڕێوەبەری نووسینگەی رۆژنامەوانی وەزیری پێشمەرگەیە لە پەیجی تایبەتی خۆی نووسیویەتی: هێزێکی بەڵتەجی و هەمەجی، کاتژمێر یازدە و نیوی شەو، لەنزیک مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی لە هەولێر تورەگەی رەشییان خستەسەرم، دوای کەلەبچە کردنم بۆ ماوەی سێ کاتژمێر بەشەق و بۆکس تێیانهەڵدام،  هەموو کەلوپەلەکانی ناو ئۆتۆمبێلەکەیان بردم و پاشان وتیان: هەڵەمان کردووە. میران بەکر، سکرتێری وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هێزێکی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی یەکێتی" لە شاری هەولێر دەستبەسەریان کردووە و ئەشکەنجەیان داوە و سووکایەتییان پێکردووە و دواتر گوتوویانە هەڵەبوون. پارێزگاری هەولێر دەڵێ، بەدواداچوون بۆ رووداوەکە دەکەن. میران بەکر، سکرتێری وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "شەوی رابردوو لە ماڵی شەهیدان بووم، نزیک مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر، لەکاتی گەڕانەوەدا لەیزەرێکی بەهێزی سەوزیان لە ئۆتۆمبێلەکەم گرت و منیش تەنیا گوتم لایبەن، لەپڕ سێ ئۆتۆمبێل دەوریان گرتم و تورەکەیان کردە سەرم". بەگوتەی میران بەکر، "هێزەکە بەبێ لێپرسینەوە تاوەکو توانایان هەبوو سووکایەتییان پێکردم؛ جنێوی زۆریاندا و لێیاندام. چەند کەسێکیان دەناسم و ئەو ئاسایشانە نین کە لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتین لە هەولێر، بەڵکو هێزی دژەتیرۆر[ـی سلێمانی]یان ئۆپەراسیۆنی ئاسایش{ـی سلێمانی}ن کە لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتین لە هەولێر، چونکە ئەو هێزەی لە بنەڕەتدا لەوێن دەیانناسم و کاری وا ناکەن". سکرتێری وەزیری پێشمەرگە گوتی: "دوای سووکایەتی و لێدانی زۆر، هێزەکە پێیان گوتم هەڵەمان کردووە و هەڵەتێگەیشتن روویداوە، بەڵام پێمگوتن ئێوە بێتاوانن و دەزانم ئاراستە کراون". بە گوتەی میران بەکر، ئەوانەی هێرشیان کردووەتە سەری خۆشیان نیگەران بوون و دەشڵێت: "من مەکتەبی سیاسی و ئەو سنوورەم بە ماڵی خۆم زانیوە، ئەگینا هیچ کاتێک بەبێ چەک ناسووڕێمەوە". بەرپرسێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی گوت: "بەدواداچوون بۆ رووداوەکە دەکەین و بزانین چی روویداوە". ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێریش بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کاک میران هیچ لایەنێکی فەرمی لە ئاسایش و پۆلیس ئاگادار نەکردووەتەوە. بابەتەکە پەیوەندی بە هێزێکی ئەمنیی هەولێرەوە نییە و زیاتر لەنێو [یەکێتی] خۆیانە".

بەهۆی سەرقاڵبوون بە پێکهێنانی حکومەتی نوێوە، پێشبینی دەکرێت عێراق بۆ ساڵی 2026 یاسای بودجەی نەبێت و کار بە سیستەمی 1/12 بکرێت، لەم دۆخەشدا هەرێمی کوردستان داوای هەموو پشکەکەی دەکات نەک تەنیا مووچە. بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، بەهۆی ئەوەی حکومەت بووەتە کاربەڕێکەر، هیچ ئامادەکارییەک بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2026 نەکراوە. بۆیە خەرجییەکانی ساڵی داهاتوو لەسەر بنەمای 1/12ـی بودجەی ساڵی 2025 دەبێت، کە ژمارەکان بەم شێوەیەن: کۆی گشتیی بودجە: 211 تریلیۆن و 86 ملیار دینار. بودجەی بەکاربردن: 156 تریلیۆن دینار. بودجەی وەبەرهێنان: 55 تریلیۆن دینار. لە چوارچێوەی ئەو بودجەیەدا، پشکی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی %12.67 دیاری کراوە، کە دەکاتە 20 تریلیۆن و 910 ملیار دینار. هەرێمی کوردستان پێیوایە هەموو لەمپەرەکانی بەردەم ناردنی بودجە و مووچەی چارەسەر کردووە و دەبێت ساڵی داهاتوو پشکی تەواوەتی بۆ بنێردرێت، بەو پێیەی: ئامادەیە هەموو نەوتی بەرهەمهێنراو ڕادەست بکات. تەنیا 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ ناوخۆ گلدەداتەوە. لە ئێستادا هەناردەی نەوت نزیک بووەتەوە لە 300 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. لەژێر ڕۆشنایی ئەم دۆخەدا، پەیوەندیی دارایی هەولێر و بەغدا بۆ ساڵی 2026 لەبەردەم دوو ئەگەردایە: سیناریۆی یەکەم: بەردەوامبوونی دۆخی ئێستا (ناردنی تەنیا مووچە)، کە هەرێمی کوردستان ئەمەی ڕەت کردووەتەوە. سیناریۆی دووەم: جێبەجێکردنی تەواوی مەرجەکان و وەرگرتنی پشکی تەواوەتی (12.67%)، کە ئەمە ئامانجی هەرێمی کوردستانە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هێرشێکی سەربازیی بەرفراوان زیاتر لە 70 ئامانجی رێکخراوی داعشی لە نێوەڕاستی سووریا بۆردوومانکرد. دۆناڵد ترەمپ ئەم ئۆپەراسیۆنەی بە "تۆڵەسەندنەوەیەکی زۆر تووند" ناوبرد لە بەرامبەر ئەو سێ ئەمریکییەی هەفتەی رابردوو لە نزیک تەدموور کوژران.   هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە لەبارەی هێرشەکەوە رایگەیاند، ئەم پاڵپشتییە ئاسمانییە بەردەوامە "ئامرازێکی یەکلاییکەرەوەیە" بۆ ئەوەی رێگری لە رێکخستنەوەی شانەکانی ئەو رێکخراوە بکرێ. بەرەبەیانی شەممە 20-12-2025، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانی بە هاوئاهەنگی سوپای ئوردن، ئۆپەراسیۆنێکی گشتگیری بۆ سەر ژێرخانی چەک و تەقەمەنیی داعش ئەنجام داوە. لەو هێرشانەدا کە چەندین ناوچەی جیاوازی نێوەڕاستی سووریای گرتووەتەوە، زیاتر لە 100 مووشەکی وردپێکێن بەکارهێندراون. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکدا لە کارۆلاینای باکوور سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکەی راگەیاند و گوتی: "تەنیا دوو کاژێر پێش ئێستا، گورزێکی کوشندەمان لە چەتەکانی داعش لە سووریا وەشاند. ئەوان هەوڵیان دەدا ریزەکانیان رێکبخەنەوە، بەڵام ئێمە زۆر بە تووندی لێمان دان." سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارەکەیدا، ئەم هێرشە نوێیانەی وەک بەشێک لە سەرکەوتنە دیپلۆماسی و سەربازییەکانی نیشان دا و رایگەیاند: "لە 10 مانگدا کۆتاییم بە 8 جەنگ هێنا، هەڕەشەی ئەتۆمیی ئێرانم تێکشکاند و کۆتاییم بە جەنگی غەززە هێنا. ئێستا بۆ یەکەمجار لە سێ ساڵدا، ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەدیهاتووە." ترەمپ لە پەیامێکی هەڕەشەئامێزیشدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ نووسی: "هەر کەسێک هێرش بکاتە سەر ئەمریکییەکان، زۆر بە تووندی لێی دەدەین، هێندە بە سەختی کە پێشتر گورزی وای بەرنەکەوتبێت." هاوکات سێنتکۆم ئاشکرای کرد، لە دوای هێرشەکەی تەدموور، لە 10 ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە سووریا و عێراق، 23 چەکداری "تیرۆریست" کوژراون یان دەستگیرکراون. هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایانگەیاند: "ئەم هێرشانە بۆ پەکخستنی کارە تێکدەرانەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لەم قۆناخەدا زۆر گرنگن." هەسەدە جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەزموون دەریخستووە شەڕی دژ بە تیرۆر نابێت بووەستێت یان خاو ببێتەوە، چونکە "داعش هێشتا وەک هەڕەشەیەکە لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە ماوەتەوە." لەم چوارچێوەیەدا فەرماندەیی هەسەدە رایگەیاند، رێکخراوی داعش هەوڵ دەدات سوود لە هەر بۆشاییەکی سەربازی یان سستییەک لە هەوڵە ئەمنییەکاندا وەربگرێ، بۆیە پێداگری دەکات لەسەر بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان تاوەکو "لەنێوبردنی تەواوەتیی تواناکانی ئەو رێکخراوە." ئەم ئۆپەراسیۆنەی ئەمریکا وەڵامێک بوو بۆ کەمینێکی رۆژی 13ـی کانوونی یەکەم لە شاری تەدموور لە پارێزگای حومسی سووریا.  لەو هێرشەدا ئەم سێ ئەمریکییە گیانیان لەدەستدا: - ویلیام هاوارد (29 ساڵ): ئەندامی پاسەوانی نیشتمانیی ویلایەتی ئایۆوا. - ئێدگار تۆرێس تۆڤار (25 ساڵ): ئەندامی پاسەوانی نیشتمانیی ویلایەتی ئایۆوا. - ئەیاد مەنسوور: وەرگێڕێکی سڤیلی دانیشتووی میشیگن. رۆژی چوارشەممەی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ و گەورە بەرپرسانی وەزارەتی جەنگ لە بنکەی ئاسمانیی دۆڤەر لە ویلایەتی دێلاوێر بەشدارییان لە رێوڕەسمی گەڕانەوەی تەرمی ئەو سێ کەسە بۆ ئەمریکا کرد. یەکێک لە وردەکارییە جێی سەرنجەکان لەم رووداوەدا، لێدوانەکەی وەزارەتی ناوخۆی سووریا بوو. نورەدین بابا، گوتەبێژی وەزارەتەکە رایگەیاند، ئەو کەسەی لە تەدموور هێرشی کردە سەر ئەمریکییەکان، ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی سووریا بوو؛ گوتیشی: "ئەو کەسە بڕیار بوو بەهۆی هەڵگرتنی بیرۆکەی ئیسلامیی تووندڕۆ لە ریزەکانی سوپادا دەربکرێ." لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە پۆستێکدا لە ئێکس جەختی لەسەر پابەندبوونی دیمەشق کردەوە بۆ جەنگی دژی داعش و رایگەیاند: "رێگە نادەین هیچ پەناگەیەکی ئارام بۆ داعش لەسەر خاکی سووریا بمێنێت."